نەستژەنیی ٢٢
نەستژەنیی بیست و دووەم: تەندروستی
باش و خراپیی خستنەڕووی بەرهەم
باش و خراپیی خستنەڕووی بەرهەم1
خۆم ئالوودەی بەرهەمهێنانم
من خۆم بە کەسێکی بەرهەمدار دەزانم. نەک تەنها ئەوە، بەڵکو ئەوەندەی بتوانم بە یادم بێتەوە، لە منداڵییمەوە تووشی جۆرە ئالوودەییەک بووم بە بەرهەمدارییەوە. لە ٢٠٠٦یشەوە ئەم ئالوودەییەم خەستتر بووەتەوە. گرنگ ئەوەیە لە ڕۆژێکمدا، لە ڕابوونمەوە بۆ نووستم، هیچ نەبێت بەرهەمێکم هەبێت. ئیتر ئەگەر پێنج دێڕ نووسینیش بێت هەر ئاسوودەم دەکات و وەک بەرهەم دەیبینم.
خۆیشم فێری چەند بوارێکی جیاوازی بەرهەمداری کردووە، تا ئەگەر لە بوارێکدا تووشی ڕاوەستان بووم، لە بوارێکی تردا خەریک بم. کاتێکیش زیاتر لە حەفتەیەک، ئەوپەڕی دوو حەفتە تێبپەڕێت و بەرهەمێکم نەبێت، کە هەندێک جار شتی وا ڕوو دەدات، تووشی خەمۆکییەکی زۆر سەخت دەبم و بیر لە خۆکوشتن دەکەمەوە. لەم کاتەشدا هەر چۆنێک بێت شتێک بەرهەم دەهێنم. زۆربەی کاتیش ئەو بەرهەمە بڵاو ناکەمەوە. بەڵام هەندێک جار لە ماڵپەڕەکەم و ئێستاش کە وا فەیسبووکم داناوەتەوە، لە فەیسبووکیشدا دایدەنێم.
تەنانەت کە هیچ شتێکم بۆ ناکرێت، دەفتەرێکی تایبەتم هەیە تەنها بۆ خۆم، بیر و بۆچوونی شقڵیوپقڵیی خۆمی تێدا تۆمار دەکەم. باسی ڕۆژەکەم، یان شتێکی ئەو ڕۆژەم دەکەم بۆ لاپەڕەیەکی پاک. بۆیە ئەوەی لە پەرەگرافی داهاتووەوە دەیخوێنیتەوە سەرنجی منە وەک کەسێکی ئالوودەی بەرهەمداری و کەسێک کە، بە سوپاسەوە، ژیان هەلی ئەوەی پێم داوە ئەزموونێکی شازدە ساڵیم لە بەرهەمداریدا هەبێت. بابەتەکەش سەبارەت بە پرسی خستنەڕووی بەرهەمە.
ئایا خستنەڕووی بەرهەم نەخۆشییە؟ ئەوانە نەخۆشن کە داوا دەکەن بەرهەمەکانیان بخرێنە ڕوو؟
هاوڕای ئەو بەڕێزانە نیم کە پێیان وایە خستنەڕووی بەرهەم نەخۆشییە و ئەو کەسانەی داوای خستنەڕووی بەرهەمەکانیان دەکەن نەخۆشن. هەر وەک چۆن هاوڕای ئەوانەش نیم کە پێیان وایە بەرهەمی باش ئەوەیە خەڵک بە دوایدا دەگەڕێت. زۆربەی خەڵکان هەر نازانن کە بەرهەمی باش هەیە، تا ئەوان بۆی بگەڕێن. یان دەشێت ئەو بەرهەمەی لای بەڕێزێک باشە، لای ئەوان بەرهەمێکی باش نەبێت. یان لەو جۆرە نموونەیە بێت کە بە دوای زێڕدا دەگەڕێت، بەڵام ئەڵماسی دەست دەکەوێت، بەڵام نەیزانیوە بەهای ئەڵماسەکە چییە و چەندە و فڕێی داوە و کەوتووەتەوە گەڕان بە دوای زێڕەکەی خۆیدا. زۆر جاریش هەبووە کەسێک تەنەکەیەکی زەردکراوی دۆزیوەتەوە و وای زانیوە زێڕە. لێرەدا مەبەستەکە ئەوەیە کە تەنها دۆزینەوەی شتێک لای خەڵکان یەکسان نییە بە مەزنێتیی ئەوەی دۆزراوەتەوە.
بەرهەم هەر چییەک بێت بەرهەمە!
دواجار نووسین، هۆنراوە، گۆرانی، موزیک، تابلۆ، فیلم و ئاوها تا دوایی، بەرهەمن. وەک هەر بەرهەمێکی تر وان لەم دونیایەدا. بە ڕاستی بڵێم، لە ڕووی واتاییەوە هیچ جیاوازییەک نابینم لە نێوان جوتیارێکدا کە تەماتەیەک دەچێنێت و دەیدورێتەوە، لەگەڵ هونەرمەندێکدا کە تابلۆیەک دەکێشێت.
بەرهەم هەر شتێک بێت پێویستی بە خستنەڕوو هەیە. ئەو خستنەڕووەش پشت بە هەوڵی چواردەور دەبەستێت. هەندێک جاری کەم هەیە کە چواردەور خۆیان خۆڕسکانە ئەو خستنەڕووە بۆ بەرهەمانێک دەکەن. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو بەرهەمەی خۆڕسکانە خراوەتە ڕوو باشە، ئەوەشی خۆڕسکانە نەخراونەتە ڕوو خراپە.
دواجار زۆری و کەمیی ئامادەیی بەرهەمێک لە بازاڕدا بەڵگەی نایابی و خراپیی بەرهەمەکە نییە. بەڵام لە هەموو بارێکدا باشترە هەر بەرهەمێک کاری خستنەڕووی بۆ بکرێت تا بگاتە بەر دیدەی کەسانی تر.
خۆم (ئێستا) چوار ساڵی خۆمم داوەتە وەرگێڕانی پەڕتووکێک کە ڕەنگە چوار ساڵی تریشی مابێت. ئێ دە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم پەڕتووکە کەسێک پێی ناساندووم، لە شوێنێکی تردا بینیم. ئەو پەڕتووکەم نەناسیایە دێڕێکیشیم لێ نەدەخوێندەوە، نەشمخوێندایەتەوە وەرمنەدەگێڕا، وەریشمنەگێڕایە کەسانێکی زۆر جوان و گرنگم نەدەناسی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ناسیومن.
پاشڕام بدەوە
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئەو کەسانەی بەرهەمهێنن نەبوونی پاشڕایە (فیدباک). ئەمە بە پلەی سەرەکی کێشەی خۆمە و دەیان جار ئەم گلەییەم ئاراستەی کەسە نزیکەکانی خۆم کردووە. پاشڕا بە واتای تێڕوانین و ڕەخنە و سەرنجی بینەر و بیسەر و خوێنەری بەرهەمەکە دەڵێم.
کاتێک تۆ پاشڕات پێ نەگاتەوە کەموزۆر لە شوێنێکی چەسپاودا خول دەخۆیت. بەڵام سەرنجی کەسانی تر وا دەکەن لە هەندێک چەقبەستوویی ڕزگارت ببێت و بەرهەمەکەت لە دیدی ترەوە ببینیت. جا چەند دیدی تر زۆرتر بن، بۆ بەرهەمهێن باشترە. ئەم دیدە زۆرانەش سەرەیان نەگرتووە بۆ بەرهەمی هیچ بەرهەمهێنێک، بەڵکو دەبێت بەرهەمەکە بخرێتە بەر دیدەیان.
بە گشتی ئەو پاشڕایانەی دەدرێنەوە بە بەرهەمداران زۆربەی هەرە زۆری کاتەکان یەکێکە لەم دوو جۆرە: یان سووکایەتی و جنێو و گاڵتەپێکردن و قێزلێهاتنەوەیە. یان بە سادە و ساکاری دەوترێت: «دەستخۆش».
یان ئەم ماوەیەی ڕابردوو ئەم وشە ناشیرینەی تریش بووەتە باو، دەوترێت: «تایبەت بوو»، یان «تایبەتە». ئەگەرچی هێشتا دەستخۆشەکە لە سووکایەتییەکە کەمتر مەزاجت تێک دەدات، بەڵام هیچ کامێک لەو دوو جۆرە پاشڕایانە هیچ زانیارییەکی زۆر بە بەرهەمهێنەکە نادات. وتارێکی کورتیشم سەبارەت بە «تایبەت» نووسیوە بە ناونیشانی بێواتاترین پەسنی سەردەم.
هێڵی نێوان ڕا و دوژمنایەتی تەنکە!
دەبێت ئەوەش بڵێم کە لەو کەسانە تێدەگەم کە ڕا و سەرنجیان هەیە، بەڵام بە بەرهەمهێنەکەی نادەن. خۆم دەیان جار ڕا و سەرنجم لەسەر بەرهەمی کەسانی تر هەبووە، بەڵام ئەوەندە ترساوم لەوەی دڵی کەسەکە بریندار بکەم، یان لەوە دڵنیا نەبووم کە بەرهەمهێنەکە چۆن سەرنجەکانم وەردەگرێت، ناچار بێدەنگیم لێ کردووە و قسەم نەکردووە. بۆیە تێدەگەم لەوەی کە زۆر کەس ڕەخنە و پێشنیار و سەرنجیان هەیە، بەڵام نایدرکێنن، چونکە لە دوژمنداری دەترسن!
بەڵام خۆم تا ئەو کاتەی نەگاتە زۆرلەخۆکردن و هەوڵدان بۆ بەزۆرسووککردنی بەرهەمەکە و هەوڵدان بۆ شکاندنم، زۆربەی هەرە زۆری سەرنجەکانی بەرانبەرم بە هەند وەردەگرم. هەندێک جار نا! کە دواتر پێتان دەڵێم کەی. زۆر جار هەبووە کە بەرانبەرەکەم سەرنجێکی بە من وتووە زادەی ئەوە بووە کە خۆی لەو شوێنەی بەرهەمەکەم تێنەگەیشتووە. بەڵام تەنانەت ئەو تێنەگەیشتنەی ئەویش بۆ من زانیارییەکی گرنگە. چونکە وام لێ دەکات بچمەوە بە بەرهەمەکەمدا، بە تایبەتی ئەگەر نووسینێک بێت، هەوڵ دەدەم بزانم ئایا هۆی تێنەگەیشتنەکە لە هەڵەی منەوە بووە، یان بەرانبەرەکەم خۆی لێی تێنەگەیشتووە.
دوو نموونەی ڕەخنە لە نووسینی من
با بە نموونە پاشڕای دوو کەسی جیا بخەمە ڕوو کە لەسەر چیرۆکی میهرەبانەکان دراون. میهرەبانەکان بەشێکە لە هۆنوسیاس، لە نووسینی خۆم و بە دەنگی خۆیشم لە یوتیوبەکەم بڵاوم کردووەتەوە. یەکێکە لە نزیکترین چیرۆکەکان لە هەست و سۆزی خۆمەوە. لە ڕاستیدا زۆربەی جار لە کاتی خوێندنەوەکەیدا دڵم پڕ دەبێت. لەو چیرۆکەدا هاوڕێیەکم پێی ڕاگەیاندبووم کە: هەڵەی خاڵبەندیی زۆرە و هەندێک جار تەنها وشەیەکم داناوە و خاڵێکم بە تەنیشتیەوە داناوە، کە نەبووەتە ڕستە. هەروەها ئاگاداری کردبووم کە هەڵەی ڕێنووسی زۆرە، بۆ نموونە هەندێک جار «هۆنوس» بە دوو (ن) نووسراوە و کراوە بە «هۆننوس».
لێرەدا من زۆر سوپاسی ڕەخنەگرەکەم کردووە کە ڕا و سەرنجی خۆی بە ڕاشکاوی خستووەتە ڕوو. بۆ خاڵبەندییەکە: لە نووسینی وێژەییدا مەرج نییە خاڵ تەنها لە کۆتایی ڕستەدا بێت، بەڵکو لە شەپۆلی هۆشدا هەندێک جار تەنانەت پیتێک یان دوو پیتیش بە خاڵ سنووردار دەکرێت. وەک: «مامی وتی: حیزبەکان. خخ. گوێگرەکە ڕووی وەرگێڕا.»، لەوێدا: ئەوەی دەڵێت: «مامی وتی» و ئەوەی دەڵێت: «گوێگرەکە ڕووی وەرگێڕا» گێڕەرەوەی چیرۆکەکەن. «خخ»ەکە لەوانەیە شەپۆلی هۆشی گوێگرەکە بێت. لە میهرەبانەکانیشدا نموونەی لەم چەشنە زۆرن. کە ئەو وشەیە، یان ئەو ڕستە تەواونەکراوە شەپۆلی هۆشی هۆنوسە.
سەبارەت بە ڕەخنەکەی تری کە «هۆننوس» هەڵەی چاپە، ئەڵبەت تێدەگەم کە بۆچی وا بزانێت کە هەڵەی چاپە، بەڵام هەڵەی چاپ نییە. لە جێیەکی جیاوازدا لەسەر وشەی «هۆن»م نووسیوە، کە ڕەگی «هۆنینەوە»یە. لەوێدا «هۆننوس» بە واتای ئەوە دێت کە وشەی هۆنراو دەنووسێتەوە، وەک «هۆنەر». بەڵام «هۆنەر» دەشێت بیانڵێت، «هۆنوس» هۆکە و «هۆننوس» هۆنەکە دەنووسێتەوە.
هەندێک جار ڕەخنە بونیادنەرە!
بەڵام کەسێکی تر لێی پرسیم کە لە چیرۆکەکەدا مەبەستم چییە لەوەی کە دەڵێم: «شەتەکێکی دا»؟ چونکە لە شوێنێکی چیرۆکەکەدا وا دەڵێت. ئەو بەڕێزە پرسیی: «چیی شەتەک دا؟». کە چوومە بنجوبناوانی پرسیارەکەی ئەوەوە، بۆم دەرکەوت من چەندێکە وشەی شەتەک بە هەڵە بە کار دەهێنم. شەتەک-م بە واتای جووڵەیەکی خێرا بە کار هێنابوو، کە شەتەک ئەو واتایەی نییە. ناشزانم بۆچی وام زانیوە ئەو واتایەی هەیە.
لەوەیاندا بۆم دەرکەوت من هەڵە بووم و لە نووسینەکەمدا چاکم کردەوە. بەڵام تا ئێستاش لە دەنگە تۆمارکراوەکەی ناو یوتیوب هەر هەڵەیە و بۆم چاک ناکرێت. بەڵام زوو بێت یان درەنگ، لە ئایندەدا خوێندنەوەیەکی تری ئەم چیرۆکەم تۆمار دەکەمەوە و بڵاوی دەکەمەوە. چونکە دوو سێ هەڵەی تریشی تێدایە کە چاکم کردوونەتەوە.
نەزانین کاتییە!
من بەو پێیەی لە بەرکارهێنانی وشەی ناباودا جەربەزەیی زۆر دەکەم، بۆیە زۆریش دەکەومە هەڵەوە. بەڵام دواجار وشە وەک ئوتومبێلێک دەبینم، زۆر جار دەبێت بیخەیتە کار و تاقیکردنەوە تا بزانیت بەرگەی ڕۆیشتن دەگرێت یان نا. چونکە ڕاستە من دەنووسم و وەردەگێڕم، بەڵام لە هەمان کاتیشدا تا ئەوەندەی بۆم بکرێت زمان تاقی دەکەمەوە. بە نزیکی ئەمەم کردووە بە خوو و خۆیشم سوودم زۆر لێی بینیوە.
لە بەرانبەر ئەو ڕەخنانەشدا، کاتێک کەسێک ڕەخنەیەک دەگرێت و دواجار دەردەکەوێت کە لە ئەنجامی پەیپێنەبردنی خۆی بووە، ئەوە ناگەیەنێت ئەو کەسە دەبەنگە و نەزانە، بەڵکو پەرلەیەک هەبووە و ئەو پێی نەکراوەتەوە. ئەگەر نەزانیش بێت، تەنها ئەو شتەی نەزانیوە، ئەوە ناگەیەنێت کە لە دونیادا هیچ شتێکی تر نازانێت. بۆیە هیچ شوورەیی نییە شتێک نەزانیت، هەموومان بە نەزانی دێینە دونیاوە و وردەوردە فێر دەبین. لای من نەزانین سرووشتێکی هەمیشەیی نییە، وەک ئەوەی زۆر کەس وا وێنای دەکەن و کە دەڵێن: «فڵان کەس نەزانە» مەبەستیان ئەوەیە لە لەدایکبوونیەوە تا هەزار ساڵی تریش هەر نەزان دەبێت. من ئەوە بە هەڵە دەزانم. نەزانین سرووشتێکی کاتیی هەیە، لە شوێنێکدا دەزانیت، ئیتر تەواو. من نەمزانیبوو تا ئێستا، بەڵام لە ئێستا بە دواوە دەیزانم، ئیتر کێشەکە چییە؟
هەندێک جاریش ڕەخنەگرەکە گەمژەیە
بەڵام جاری واش هەبووە ڕەخنەگرەکە بابەتەکەی نەزانیوە، پێشنیاری گۆڕانکارییەکی بۆم کردووە، کە بۆم ڕوون کردووەتەوە بۆچی پێشنیارەکەی ئەو جێبەجێ ناکەم، ئەو هەر سوور بووە لەسەر ئەوەی ئەوەی خۆی ڕاستەکەیە. بە نموونە، لە بارەی «تەپڵەسەری نەتاشراو»ەوە، کە لە لاپەڕەی یەکەمی ئەڵقەی یەکەمی ئولیسدا هەیە (بەرگی یەکەمی ئولیس و ڕاڤەکانی)، کەسێک سوو بوو لەسەر ئەوەی ئەوە بگۆڕم و بیکەم بە «قژی نەتاشراو»، پاش ئەوەی کە زۆر بۆم ڕوون کردەوە بۆچی «تەپڵەسەر»ە و «قژ» نییە، کە وشە ئینگلییەکەم بۆی هێنایەوە کە تۆنشەر – tonsureە، بەڵام ئەو هەر سوور بوو لەسەر ئەوەی من هەڵەکەم و دەبێت بیکەم بە «قژی نەتاشراو»، بێ ئەوەی هیچ پاساوێکی تری پێبێت، جگە لە تێگەیشتنی ئەو ساتەی خۆی. ئەم بەڕێزە تەنانەت وەرگێڕانەکەی ئولیسی بە خراپ دانابوو، یەکێک لە پاساوەکانیشی ئەم بابەتی تەپڵەسەرە بوو، کە بەخێرێ، ڕاڤەش کرابوو! بۆیە کاتێک ڕەخنە دەکەوێتە ئەم کۆڵانی کوتین و لێدان و ئەتککردنەوە، من بە هەندی وەرناگرم.
بەرهەم لە بازاڕدایە، نەک ئەشکەوت!
هەر چۆنێک بێت، پێناساندن کارێکی چەوت نییە، هەموو جیهان وا دەکات. قورئان و کتێبی پیرۆز بە سەدان ملیۆن دۆلاریان تێدا سەرف دەکرێت تا یەکبینە لە پێش چاو و گوێی بینەران و بیسەراندا بن و بخرێنە ڕوو. بە سەدان دەزگا لە جیهاندا یەکبینە خەریکی خستنەڕووی بەرهەمەکانی شێکسپیر و گۆتە و کێ و کێی ترن. هەمان شت بۆ بێتهۆڤن کراوە و بەردەوامیش دەکرێت، بۆ زۆربەی هەرە زۆری فیلمە ئەمەریکییەکان، بۆ ئەلبوومی هەر گۆرانیبێژێک و تا دوایی. بە ڕێکەوت نییە کە تۆ ناوی ئەوانت بیستووە و ناوی کەسێکی ترت نەبیستووە!
پێناساندن بۆ نووسەرە هەرە بەناوبانگەکانی جیهان دەکرێت. لە دەرئەنجامی ئەمەشدا بەرهەمهێنەکە جگە لە پاداشتی ماددی، کە تەواو شایستەی خۆیەتی بە دەستی بهێنێت لە بەرانبەر ماندووبوونەکانیدا، پاشڕا و ڕەخنە و سەرنجیشی پێ دەگاتەوە، کە وا دەکات بەرهەمهێنێکی چەقبەستوو نەبێت. هەروەها خەڵکانێکیش بە چواردەوریەوە کە کاری لەبازاڕنانەکەی بۆ دەکەن سوودی ماددیی لێ دەبینن. ئەمە جگە لەوەی ئەم خستنەڕووانە وا دەکەن کەسانی تر بە بوونی ئەو بەرهەمە بزانن، کە ڕەنگە بەرهەمێک ژیانی کەسێک بگۆڕێت. خستنەڕوو پەیوەندیی بە هونەری لەبازاڕنانەوە هەیە و لەبازاڕنانیش کارێکی چەوت نییە. دواجار خەڵکان لە بازاڕەکاندا شت دەکڕن و شوێنی ساغکردنەوەی بەرهەم بازاڕەکانە، نەک ئەشکەوتەکان!
ئاساییە (باشیشە!) بەرهەمەکەت ساغ بکرێتەوە
بۆچی ئاسایی بێت تەماتەفرۆشێک بە کۆڵاناندا بگەڕێت و هاوار بکات: «وەرنەوە بۆ تەماتە» و نەخۆشی نەبێت، بەڵام ئەگەر کەسێک کە خۆی تەرخان کردووە بۆ بەرهەمداری داوای نووسین لە کەسێک بکات پێی دەوترێت نەخۆشی؟ نووسەرێک ئەگەر داوا بکات پەرەگرافێک لەسەر پەڕتووکێکی بنووسرێت، کە ساڵێک پێوەی ماندوو بووە، ئەمە نەخۆشییە؟ بۆچی؟
پاشان هەر بەڕاست، ئێمەی کورد چیمان بۆ نووسەر و هونەرمەند و بەرهەمدارەکانمان کردووە؟ گۆرانیبێژێکی ئەمەریکی تەنها سمتی دەردەخات دەکرێت بە ملیاردێر، ئێمەش یەکبینە وەک بڵێیت بەرهەمدارەکانمان بە نانی خۆمان بە خێو دەکەین، بەردەوام سەرزەنشتیان دەکەین.
دواجار مرۆڤ ئازادە بەرهەمی کەسێکی تر ساغ دەکاتەوە یان نا، لەسەری دەنووسێت یان نا، بەڵام ئەوەی کە ئەو شتە نەخۆشی بێت، نەخێر وا نییە، نەخۆشی نییە. ئەگەر نەخۆشیش بێت، نەخۆش شایستەی ئەوە نییە سووک بکرێت و سەرزەنشت بکرێت، شایستەی ئەوە نییە قێزی لێ بکرێتەوە، بەڵکو نەخۆش شایستەی چارەیە.
- لە ١٦ و ١٧ی ئایاری ٢٠٢٢دا نووسیومە؛ لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
نەستژەنیی ٢١
نەستژەنیی بیست و یەکەم: گەشتی بێ جووڵە
نەستژەنیی ٢٠
نەستژەنیی بیستەم: هاوسۆزی
وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان
وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان
وێڵگەی یادەوەرییە گریمانکراوەکان ڕۆمانێکە لە نووسینی یوسف عزەدین. بە ئاگاداری و ڕەزامەندیی نووسەر خۆی، لە ١٩-٢٥ی نیسانی ٢٠٢٢دا چاپێکی پێشووتری ئەم ڕۆمانەم بە دەنگی خۆم، وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ تۆمارێکی پاکتر و باشتر، خوێندەوە و تۆمارم کرد و لە خوێندنەوەگاکەمدا لە کەناڵی تیلیگرام بڵاوم کردەوە (لە خوارەوە ناونیشانی خوێندنەوەگاکەم دانراوە). هەندێ تێبینیم بۆ دروست بوو، بۆیە داوام لە کاک یوسف کرد کە هەندێ دەستکاریی بچکۆلەی دەقەکە بکا بە مەبەستی ئەوەی بۆ «بیستن»، نەک تەنها بۆ «خوێندنەوە و بینین» ڕەوان بێ، بۆیە بەڕێزیان لە ڕێکەوتی ٣ی ئایاری ٢٠٢٢دا بە ئیمەیل خامی دەقەکەیان بۆ من نارد و ڕێگەیان دام هەندێ دەستکاریی بچووکی دەقەکەیان بکەم، بەو مەرجەی لە خزمەتی دەقەکەدا بێ. پاش ئەوەی کەمێک دەستکاریی کەمی دەقەکەم کرد، کە لە پێشەکییەکەیدا ئاماژەم بە دەستکارییەکان داوە، لە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٢دا دیسان، ئەمجارە لە ستودیۆ، خوێندمەوە و دەنگەکەم تۆمار کرد. لەو ڕۆژەوە تا ئەم بەیانییە، واتە ٢٥ی ئایار، خەریکی مۆنتاژ و پاککردنەوەی دەنگی ئەم پەڕتووکە بووم و ئەم ڤیدیۆیەم لێی پێکهێنا. ئەم پەڕتووکە دەنگییە موڵکی تایبەتیی منە، بە دیاری و بە خۆڕایی پێشکەشی هەر کەسێکی دەکەم لە گەردووندا کە بتوانێ لانیکەم یەک وشەی کوردی ببیستێ.
بۆ ئاگاداری: پەڕتووکە دەنگییەکەی بۆت دەخوێنرێتەوە لە نووسینی بەڕێز یوسف عزەدینە، بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە بۆچوون و تێڕوانین و دونیابینیی نەوا موکرجی ناکا، بەڵکو نووسەر لە وەڵامی ڕەخنە و پێشنیار و بۆچوونی ئێوە بەرپرسیارە. ئەگەر تێبینیت لەسەر چۆنێتیی خوێندنەوە و کێشەی بیستن هەبێ، ئەوەیان دەکەوێتە ئەستۆی من، کە خوێنەری ڕۆمانەکە بووم، هەروەها تۆمارکەری دەنگەکە، کە کاک میر شەماڵە. هەروەها، لەبەر سروشتی ناوەرۆکی ئەم نووسین و خوێندنەوەیە، باشتر وایە لە بەردەم مناڵ و نەوجەوان و کەسێک کە شەرمی لێ بکەی، گوێی لێ نەگری. ئیتر ئەوەی ئاگادار کراوەتەوە گلەیی لێ وەرناگیرێ.
ئازادیت لە بڵاوکردنەوەی ئەم ڤیدیۆیە، بەڵام تکایە ئەم بەرهەمە دووبارە ئەپلۆدی ئینتەرنێت مەکەرەوە.
بۆ دابەزاندنی دەقی خوێنراوەی ئەم ڕۆمانە بە پی دی ئێف لێرەدا کلیک بکە.
ناونیشانی کەناڵی خوێندنەوەگای نەوا موکرجی لە تیلیگرام: https://t.me/readinghouse
سێ مەردومی جوامێر
سێ مەردومی جوامێر[1]
لە پاش تەثنیە و ئیستیعانە بە کاتیبی کوللی ئومور، لە ئیبتیداوە تا ما لا نیهایە، خالیقی زەویی پان و بەرین و پەردەی ئاسمانی ساحەی ڕەجمی شەیاطین، خودای تەبارەک و تەعالا؛ ئینجا، لە پاش ناردنی صەڵات و سەلام لە دیاری خەیری خەلقیللا، هەڵگری ئەحسەنی پەیغام، ئاخیرەن پەیغامی تەعالا، سەروەری کائینات و فەخری عالەم، حەزرەتی موصطەفا، جان بێ بە قوربان گەردی بەر کەوشی موبارەکی.
ئەمما، بە قەوڵی قائیلان و قاڵان و موحیطانی نەثر و بەلاغە و کیتابە، ئەم سەرگوزەشتەیەتان عەڕض دەکەم. خودای تەعالا مەشییەی ئەسپی خامەم تەسهیل بکا.
بە قەوڵ ئێژن، هەبوو، نەبوو، سێ مەردومی جوامێر، کە وەچە و زادەی نەفسی یەک باب و دایکی ئەشراف بوون، کە ئەلعان خودای تەبارەک و تەعالا وەلی ئەمر و دایکیانی بۆ قاپیی ڕەحمەتی خۆی گەڕاندبووەوە و ئەم بەچکانەی بۆ پەند و عیبرەتی زەمانە بە جێ هێشتبوو، لە مەنزڵێکا عەیشی خۆیان نەظم دەکرد: بچکۆکە و مامناوەندییەکە لە تەبەقەی عولیا، ئەمما خەلیفەی وەلی ئەمر، جوامێرە گەورەکە، کە میراتگری بابی ڕەحمەتییان بوو، لە تەبەقەی سوفلا لە خوارەوە دەژیا. جوامێرە بچکۆکەکە، کاتی خۆی کە جحێل و موڕاحیق بوو، نەیدەویست کوللی سانییەیەک لە عانی طەطبیقکردنی ئەو فەرمانەی طەبیعەتی نەفسی ئەممارەتون بیلسوئا بگیرێ، کە ئەویش فەرمانی بانگکردن و تەجمیعکردن و قەتڵوعامکردن و سەرنگومکردنی حەشاماتی مەخلوقاتی وەک یەئجوجومەئجوجی ناو مەنییە، بۆیە دائیم کاشکای دەخواست تەبەقەی عولیای مەنزڵیان بۆ نەفسی خۆی وەربگرێ و کەمێک بە ڕاحەتولبال و ئیستیراحەت ئەم قەتڵوعامە بکا. دەرێغا، هەر لەبەر ئەمەشە کە لێرە بە دواوە ئیسمی جەنابی ناموبارەکیان بە «حەزرەتی مەنیکوژ» ئیعلان و بەیان دەکەین. لە پاش حەوڵ و قووەت و تەقەللا و جیهاد و تێکۆشانی موستەمیر، ئەلعان لەگەڵ مامناوەندییەکا لە تەبەقەی عولیا دەژین.
مامناوەندییەکە، بە قەوڵی من نا، ئەمما بە قەوڵی جەمیعی حەکیم و قاڵان و عالیم و زانایانی مەجالی خوێڕێتی، خوێڕی و قوططاعوططوڕوقێکی عالیولمەقامە، لەبەر ئەمەشە کە لێرە بە دواوە ئیسمی جەنابی ناموکەڕڕەمیان بە «حەزرەتی خوێڕی» ئیعلان و بەیان دەکەین. ئەم حەزرەتی خوێڕییە کوللی ڕۆژێ ئەشیا و نوێنێکی تەبەقەی عولیای مەنزڵەکەی خۆیان دەبا و لە قەیسەرییە و بازاڕ و مێز و دوکان و لەسەر یایڵی و تریشقە و سفرە و سەر شەقام و سەکۆکانا توجارەتیان پێوە دەکا. بۆ وەلی ئەمرەکەشی بەیان دەکا: «تۆ لازمە کولفەی حەموومان و تەبەقەی عولیاش تەدبیر بکەی، عانەش بە خۆم بدەی». وەلی ئەمریشی دەڵێ: «تۆ تەبەقەی عولیات فەرهوود کردووە و موستەمیر پارە و فلوسم لێ طەڵەب دەکەی!» ئەمما هەر کە وەلی ئەمرەکە قیصە دەکا، حەزرەتی خوێڕی ڕەئسەن دەکەوێتە گەف و هەڕەشە و تەهدیدی ئینفیصالی قاڵدرمە دەکا. حەزرەتی مەنیکوژیشی بەوە لاس داوە کە تەحضینی خۆی دەکا و لە بۆتەقەی ئەستۆی خۆی دەگرێ و ئیتر دەتوانێ بە حوڕڕییەتی خۆی مەخلوقاتە نامەرئییەکانی ناو مەنی بکوژێ و ئەگەر یەکێک لەم دەعبا زێدەگچکۆکانەش بە موستەحەقی عەیش دابنێ، ئەوا ئیعالەی بکا و بیخاتە حوجرەوە، بەڵکو شتێکی لێ دەربچێ کە ببێتە مایەی سەربەرزی! نەک هەر ئەوە و کافی، بەڵکە بە هەمکاری و ئیستیغاثەی هەمطەڕیقەکانی خۆی، کە عیلاقەیەکی حەمیمیان لەگەڵ جەمعییەی ئەصحابول حوجرەکانا هەیە، حوجرەکەی بەسەر قاڵدرمە ئینفیصالکراوەکەیا بۆ بگوێزنە تەبەقەی عولیا و هەر لەوێ دەست بکەن بە خوێندنی دەرس و دەور و واجیباتیان.
وەرە حەردووکمان ناڵەمان یەک خەین،
بەڵکە بەو عیشقە حوجرەمان سەرخەین!
بیلموناسەبە ئیقتیراحی ئەوەی کرد کە هەردووکیان مومکینە پێکەوە بەعضێ سەربەست بن و لە طوغیانی برای وەلیولئەمر بە دوور بن، ئەمما بە شەرطێ: حەزرەتی مەنیکوژ تەصویت بە صاڵحی ئینفیصالی قاڵدرمەیا بیا.
خودای تەعالا فەرموویە شوورا و ئیستیعانە بە ئولولئەلباب و سەید و شێخ و کەبائیرانی موجتەمەع بکەن و شوورا و ڕاوێژ مەردوم دەگەیەنێتە مەرتەبەیەکی عالی، ئەمما هەردەم لە دامێنی مەرتەبەی ئەعلای هەڵگرانی پەیغام و ئەولیا و ڕیاضی صالیحین. هەر بە نەفسی موناسەبە، بە مەقصوودی شوورا ئەم ئیقتیراحەی حەزرەتی خوێڕی، حەزرەتی مەنیکوژ چووە خدمەت سایەگای ڕیشسپیی مەنطیقەکەیان، کە مەردومێکی نوورانیی حەفتا ساڵەی ڕیش تازە-ڕەشکراوە بوو وەک جەوانان، قاپیی خۆی لێ کردەوە و نووری میواننەوازییەکەی بە سەروسیمای مەنیکوژدا وەمضە و کسپەی کرد و فەرمووی دانیشتن و ئیستیراحەی لێ کرد، حەزرەتی مەنیکوژ عەرضی کرد:
- هانام هێناوەتە خدمەت مەولای ڕیشسپی، ئەر مەشەققەت نەبێ بۆم بانگ بکەی!
مەردومەکەش وتی:
- لە حەفتەی ڕابردەوە ئیشتیهای شۆڕەژنێکی بێوەژن طەوق تا قەدەمی بەدەنمی ئیحتیلال کردووە، هەر بە نەفسی موناسەبە ڕیشەکەم سوبغ کردووە، من بە خۆم ڕیشسپییەکەم، ئەی غولامی خۆشهاتوو، بوخچەی شەهامەتی ناشیء، دەستلەرزۆکی ئەفعالی فاحیشەی سرری، ئەمما بۆت سەتر دەکەم، چون خودای تەعالا سەتتارە و سەتتاری خۆشدەوێ، مەترسە و بڵێ. گەر بە قیصەشم دەکەی، واز لەم عادەتە موحتەقەڕەت بهێنە کە گا بە گونا دەناسیتەوە!
حەزرەتی مەنیکوژ حەققەن بێحدوود شەرمەزار بوو و ڕەئسەن هەڵستا و دەستی مام ڕیشسپیی سوبغکراوەی ماچ کرد و طەڵەبی عەفووی لێی کرد. ئەویش دەستی هێنا بە سەریا و وەظیعەت و ئەنگاوتەکە ئەهوەن بووەوە. مەنیکوژ کەوتە موحادەثەی بەسەرهات و ئیقتیراحی حەزرەتی خوێڕی، مام ڕیشسپیی سوبغکراوە لە جەوابا عەرضی کرد و فەرمووی:
- کوڕی خۆم، ئەو لە حەزرەت وەلی ئەمرەکەتان و کوللی مەنطیقەکەوە کوللی ئەشیاکانی مەنزڵتانی دزیوە و قڕانێکیشی بە تۆ نایا، لەگەڵ میراتگر و وەلی ئەمرەکەشتا مەعبێنتی خەراپ کردووە، ئێستا چاوەنۆڕی قاڵدرمە ئینفیصال بکا و کەڵکی بۆ تۆ هەبێ؟ سوبحەینێ جزیەی ئینفیصالی قاڵدرمەکەش بە تۆ دەیا و تەکلیفی قاڵدرمەکەش، کە یەقینم پێی نییە، سێ جار بیست قات و زیادتریش لە تۆ دەسەنێتەوە، ئەمجا بۆ پێشێلکردنت تەمام قەمچیی لێ هەڵدەکێشێ و کوللی سانییەیەک میننەتی ئەوەت بەسەرا دەکا کە ئەر ئەو نەبایە یەک زیڕوحلبەشەر لە ئیستیطاعەیا نەبوو قاڵدرمەیەکی حیز ئینفیصال بکا! بیلموناسەبە، هەڵسە بچۆرەوە مەنزڵ و وەک عادەت و خووی دائیمیت مەنییەک فڕێ بدە و نانێ بۆ وەلی ئەمرەکەت بکە بە خەیر!
منیش هاتمەوە و هەر نەشمزانی قاڵدرمەکە ئینفیصال کرا یان نا، کە زانیم، فەورەن پێتان دەڵێم.
ئاخیر دەعوامان صیححەتێکی کەماڵ و قەلبێکی موستەنیرە بۆ قوڕڕاء و ئەهلی کیتاب و جەمیعی ئوممە، لە هەر چوار قوڕنەی عالەمی خەلقی تەعالادا، سوممە صەڵات و سەلام لە دیاری سەروەرمان، بە ڕەحمەتی تەعالاتان دەسپێرم.
[1] کاتیبی ئەم سطوورانە، نەوا موکرجی ئەفەندی، ئەم نەثرەی لە موصادیفی ١٦ی مانگی موبارەکی ڕەمەزانی ساڵی ١٤٣٨ی هیجرییا کیتابە کردووە. لە ١٧ی مانگی موبارەکی ڕەمەزانی ساڵی ١٤٤١ی هیجرییا موڕاجەعەی کردووەتەوە. ئەخیرەن لە موصادیفی ١٢ی شەووالی ١٤٤٣ی هیجرییا ئاخر موڕاجەعەی کردووە.
نۆن سوم کوالیس ئێرام بۆنای سوب ڕێنیۆ سینارایی
نۆن سوم کوالیس ئێرام بۆنای سوب ڕێنیۆ سینارایی[1]
ئاخ دوێنێ شەو، شەوی پێشوو، سێبەری تۆ کەوتە نێوان
لێوانی ئەو و منەوە، ئەی سینارا! هەناسەی تۆ
لە نێو شەراب و ماچەکان بەسەر گیانی مندا ڕژا؛
منیش خەستە و دەردەداری ئاواتێکی دێرینم بووم،
بەڵێ، منیش دەردەدار بووم، کڕنۆشم بە سەری خۆم برد:
من هەردەم بۆت بەئەمەگ بووم، ئەی سینارا! بە شێوەی خۆم.
گشت شەوەکە ترپەی گەرمی دڵی ئەوم لەسەر دڵم هەست پێ دەکرد،
هەموو شەو پڕ خۆشەویستی ڕاکشابوو و لە باوەشمدا نوستبوو؛
ماچەکانی دەمە سوورە کڕاوەکەی بێگومان شیرین و خۆش بوون؛
لێ من خەستە و دەردەداری ئاواتێکی دێرینم بووم،
کە ڕابووم و گزنگم دی ڕەنگی بۆرە:
من هەردەم بۆت بەئەمەگ بووم، ئەی سینارا! بە شێوەی خۆم.
زۆرم بیر چوو، ئەی سینارا! گشت بە با چوون،
گوڵەباخم فڕێ داوە، چەپک چەپک شاگەشکانە بە سەماوە تووڕم داون،
تا شلێری ڕەنگپەڕیوی لەدەستچووی تۆ لە یاد بکەم؛
لێ من خەستە و دەردەداری ئاواتێکی دێرینم بووم،
بەڵێ، گشت کات و ساتەکان، چونکە سەماکە درێژ بوو:
من هەردەم بۆت بەئەمەگ بووم، ئەی سینارا! بە شێوەی خۆم.
هاوارم کرد: با بێن، با بێن، موزیکی شێتانەتر و شەرابی مەستکەرتر با بێن،
لێ کە ئاهەنگ تەواو دەبوو و ڕووناکییەکان خامۆش دەکران،
جا سێبەرت دەکەوتەوە بەسەرمدا، ئەی سینارا! شەوەکە دەبوو بە هیی خۆت؛
هێشتا خەستە و دەردەداری ئاواتێکی دێرینم من،
بەڵێ، برسیم بۆ لێوی ئارەزووەکەم:
من هەردەم بۆت بەئەمەگ بووم، ئەی سینارا! بە شێوەی خۆم.
[1] نووسینی ئێرنست داوسن (١٨٦٧-١٩٠٠)، لە ٢١ی نیسانی ٢٠٢٢دا وەرمگێڕاوە. ناونیشانەکە لاتینییە، بە واتای «چیتر وەک جاران نەماوم کە لەژێر دەسەڵاتی سینارادا بووم» دێ، دێڕی سێیەمی هۆنراوەی یەکەمی چوارەم پەڕتووکی هۆنراوەکانی هۆراس (٦٥پ.ز.-٨ز.)ە. لە کۆپلەی سێیەمدا کە دەڵێ: «بە با چوون»، کە مەبەست لێی یادەوەری و سەردەمێکی زۆری ژیان و چێژی زۆر و خانمی تری زۆرە کە لە ژیانیدا تووڕی داون و ئێستا بە با چوون؛ ئەم ڕستەیە لە کوردیدا بە «بە با چوو»، «لەگەڵ بادا چوون»، «لەگەڵ بادا ڕۆیشت»، «ڕۆیشت لهگهڵ بایه»یش وەرگێڕراوە، مارگەرێت میتچڵ (١٩٠٠-١٩٤٩) بۆ ناونیشانی ڕۆمانە بەناوبانگەکەی خۆی بە کاری هێناوە Gone with the wind. ئەمەی خوارەوە دەقە ماکەکەی داوسن خۆیەتی:
Non sum qualis eram bonae sub regno Cynarae
Last night, ah, yesternight, betwixt her lips and mine,
There fell thy shadow, Cynara! Thy breath was shed
Upon my soul between the kisses and the wine;
And I was desolate and sick of an old passion,
Yea, I was desolate and bowed my head:
I have been faithful to thee, Cynara! In my fashion.
All night upon my heart I felt her warm heart beat,
Night-long within my arms in love and sleep she lay;
Surely the kisses of her bought red mouth were sweet;
But I was desolate and sick of an old passion,
When I awoke and found the dawn was grey:
I have been faithful to thee, Cynara! In my fashion.
I have forgot much, Cynara! Gone with the wind,
Flung roses, roses riotously with the throng,
Dancing, to put thy pale, lost lilies out of mind;
But I was desolate and sick of an old passion,
Yea, all the time, because the dance was long:
I have been faithful to thee, Cynara! In my fashion.
I cried for madder music and for stronger wine,
But when the feast is finished and the lamps expire,
Then falls thy shadow, Cynara! The night is thine;
And I am desolate and sick of an old passion,
Yea, hungry for the lips of my desire:
I have been faithful to thee, Cynara! In my fashion.
کرێکارەکانی جیهان دۆنم بگرن
کرێکارەکانی جیهان دۆنم بگرن1
کرێکارەکانی جیهان،
ئەی خاوەنەکانی لانیکەم سێ ئایفۆنی سێزدە و دوو پەرەی لانیکەم سەد هەزار شوێنکەوتەیی. ئەی ئەوانەی کۆمێنتی بێ جنێو و جڕتتان نییە. ئەی ئەوانەی پازدە دۆنمی دەرەوەی شار و دوو خانووی سیلەی ناوشارتان هەیە و لانیکەم سێ دوکان و دوو خانوو و سێ شوقەتان لە کرێدایە و لاند کرووزەرێک و دەبڵ کابینەیەکتان هەیە و لە کاتی بەتاڵتاندا تەکسیش دەگێڕن و لە خەستەخانەی تایبەت نەبێت نەشتەرگەری ناکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا خەستەخانەی حکومیشتان قەرەباڵغ کردووە. ئەی ئەوانەی تێر خەریکی دانبۆڕۆکردنی کچ و کوڕی خەڵکن و بۆتان هەڵبکەوێت دووکراسلەڕەنگێ لەگەڵ مانگاشدا دەکەن و دوژمنی سەرسەختی دڵداریشن و خواخواتانە هەموو دونیا خۆیانتان بۆ ڕووت بکەنەوە، بەڵام هەر ئەوەندەی زەوقتان نیشتەوە دەتانەوێت بەتانی بدەن بە خۆیاندا و نمایشەکە تەنها و ئێکسکلوسڤ بۆ ئێوە بێت و تا کچ و کوڕی خەڵک هەڵدەخڵەتێنن خۆتان بە کراوە پیشان دەدەن و کە دەستتان پێیان ڕاگەیشت ئینجا ناچاریان دەکەن لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە و دەیانبەستنەوە. ئەگەر تۆزێک ئاگاتان لە منداڵەکانتان بێت، تا تەمەنی بەربادبوون، لە قوتابخانەی تایبەتن و ئەگەر ئاگاشتان لێیان نەبێت سەرانە لە خەڵک دەسەنن و ناخوێنن و دەشتانەوێت ئەوەی چل ساڵ دەخوێنێت پارە بدات بە ئێوە. ئەی ئەوانەی سێ مووچەی فەرمیی دوو حیزبی دژ بە یەکتان هەیە و یازدە جار شەهید بوون و چوار جاریش لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵییدا خانەنشینن و پێشمەرگەی دێرینی جەنگی ئوحود و جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمیشن و لە سێ فەرمانگەش فەرمانبەرن و مووچەی حکومەتی عێر-اق و کوردستان و تەنانەت حیزبی کلدان و ئاشوور و تورکمانەکانیشان هەیە و تا بۆتان دەکرێت سوودمەند دەبن لە دەسەڵاتی سێکیولار و مافی مرۆڤ و کەچی کە سەرێکی مێزەراوی و کامێرەی کەناڵێکی ئیسلامییتان لێ دەردەکەوێت دەبن بە سەیفولئیسلام و داکۆکیکار لە حوکمی شەرع و جەلد و فەتح و سۆبی و لە ناڵ دەدەن و لە بزماریش دەدەن و سم و لوولاقەکەش دەکەن بە سەروپێ یان نۆکاو و دەیخۆن. ئەی ئەوانەی کە بۆری دەبەستن ئاوی لێ دەتکێت و کە دیوار دادەنێن خوارە و درزی تێدایە و کە کاشیی گەرماو دادەنێن لە بیرتان دەچێت شەربەتاوەکەی بکەن و ئاوەکە دەچێتە هەموو شوێنێکەوە کونی ئاوەڕۆکە نەبێت و کە دەچنە ئاودەستە گشتییەکانەوە سیفۆن لە ژێرتاندا دەشکێت و ئاویش ناکەن بە پاشەڕۆکەتاندا و کە بە لای دەرگای شوێنانی گشتییدا دەڕۆن دەیشکێنن و کە سەگێکی داماو لە دوورەوە دەبینن سەد بەرد و بلۆک و خشتی تێدەگرن، بێ ئەوەی سەگەکە هاتبێت بە لاشتاندا و کە پشیلە دەبینن کلکی دەبڕن و بە سویچی ئوتومبێلەکانتان شوخت دەکەنە ئوتومبێلی خەڵکی ترەوە و کە بە لای پەیکەرێکدا دەڕۆن لووتی دەشکێنن و کە بە لای شێرەبەفرینەی داماوێکدا دەڕۆن، کە دڵی پێی خۆشە، بە لەقە تێی بەردەبن و خاپووری دەکەن و کە ئاو بەردەدەنەوە نایگرنەوە و کە خۆتان لە ماڵ نین چل سپلێت لە ماڵەکانتاندا کار دەکات و لە ژیانیشتاندا پارەی کارەباتان نەداوە و کە دەچنە پاڕکەکان و یاپراخەکەتان لووش دەدەن دوای خۆتان کەلاوەکە بە جێ دەهێڵن و لە جامی ئوتومبێلەکانتانەوە دەبەکانتان دەهاون و کە بە هەزار شەڕەشەق و فشاری شوێنی کارەکەتان درەخت لەسەر شەقامەکان دەڕوێنن لقەکانیان دەچن بە چاوی خەڵکدا و ئوتومبێلەکانتان لە ناوەڕاستی شەقامی سەرەکییدا ڕادەگرن و شەقامەکە دەگرن و شت دەفرۆشن و کە هێمای هاتوچۆی سەر شەقامەکان دادەنێن بۆ باڵای یەئجوج و مەئجوجی دادەنێن و منداڵی پێنج ساڵیش سەری پیایاندا دەدات. ئەی ئەوانەی بە هەموو بەرهەمەکانی سەرمایەداری، وەک قوماش و بۆیاخ و بڵندگۆ و ئوتومبێل و ئایفۆن و ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر و مۆبایل و تۆڕی کۆمەڵایەتی و مایکرۆفۆن و تا دوایی، دروشمی دژ بە سەرمایەداری و «وەک-یەک-بوون» و «یەکسانی» بڵاو دەکەنەوە و هەڵدەستن و دادەنیشن جنێو بە سەرمایەدار و سەرمایەداری دەدەن و سەرمایەدار و سەرمایەداریش نەبێت بە کۆیلەی نمرە دوو و نمرە سێ و کۆیلەی سپێریش ڕاناگیرێن، ئەوەندە دەستمردوو و دەستڕەشوسپین. ئەی ئەوانەی تا کار بۆ یەکێک دەکەن هەزار نزای لێ دەکەن و یەکبینە قەپ لەو دەستە دەگرن کە نانتان دەداتێ و زۆر شتی تریش دەکەن، کە من ئاگام لێیان نییە…
یەک بگرن!
- لە ١ی ئایاری ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ٢٢-٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا جوومەتەوە. ↩︎
خولی دروستکردنی پەڕتووک
خولی دروستکردنی پەڕتووک
لە ١٩-٢٣ی ئاداری ٢٠٢٢ هەر لە ماڵی خۆم خولێکی دروستکردنی پەڕتووکم کردەوە و بە کامێرای مۆبایلەکەم تۆمارم کرد و لە ٢٤ی مانگەوە تا ئەمڕۆ، ٢ی نیسانی ٢٠٢٢، ڤیدیۆکانم مۆنتاژ کرد و ئەمڕۆ لە هەموو خولەکە بوومەوە و لە کەناڵەکەی خۆم لە یوتیوب کۆرسەکەم بڵاو کردووەتەوە. بە کۆی هەموو ڤیدیۆکان پێنج سەعات و نیوی ڕێکە. لەگەڵیدا دوو موزیکی بڵاونەکراوەی خۆمم بڵاو کردووەتەوە، هیوادارم سوود و چێژی بۆتان هەبێ، ئەگەر ئێوەیش لەگەڵ خولەکەی مندا پەڕتووکتان دروست کرد، ئەوا وێنە و ڤیدیۆی بەرهەمەکەتانم بۆ بنێرن بۆ ناونیشانی ئیمەیلی [fb(at)nawa.net]، یان لە سناپچات بینێرن بۆ nawamukerji، یان لە تویتەر تاگم بکەن: @nawamukerji.
سوپاس.
نەوا
خۆشەویستی هەمیشەیی
خۆشەویستی هەمیشەیی[1]
لە هەرزەکاریمدا دەموت: «ئەو خانمانەی ناسیومن هەریەکەیان گوڵێک بوون و لە سەرەتادا ڕوواون، جا چرۆیان دەرکردووە، دواتر گوڵیان دەرکردووە، گەیشتوونەتە ئەوپەڕی جوانی و بۆنخۆشی، باخی ناخمیان ڕەنگاوڕەنگ و ڕازاوە و بۆنخۆش کردووە، منی باخەوانیش هەرگیز لە خزمەت و لە ئاودانیان کەمتەرخەمیم نەکردووە، کەچی پاشان وردەوردە سیس و ژاکاو بوونەتەوە و وشک بوون و هەڵوەریون. بەڵام ئێستا ئەوەی کە من وێڵم بۆی و دەمەوێ هانای بۆ بەرم: درەختێکی چواروەرزەیە، لەبەرئەوە ئەوینداری سنەوبەرم!»
بەڵام لە ئێستامدا دەڵێم: «کورتێتیی کات بەها بە هەموو شتێک دەدا، ئەگەر خۆشەویستی و تەمەن تاتایی بن ئەوا بەهایان نامێنێ؛ جگە لەوەی خۆشەویستی هەمیشەیی بوونی نییە. تۆ خۆت و بیر و ئاگاییت، هەست و سۆز و تەندروستیت، تەمەنیشت، تەنانەت توخمی مرۆڤیش هەر کاتییە و هەموو کاتین، کە خۆت هەمیشەیی نەبی، خۆشەویستیی تاتایی چی؟ ئیتر چ هەمیشەییەک؟ سنەوبەر خۆیشی کاتییە، بگەڕێوە سەر ئەوینی گوڵی کاتی، بە کاتدارییان بزانە، هەموو تیشکۆتیان بدەرێ، چونکە کە ڕۆی نایەتەوە».
[1] کۆپلەی یەکەمی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ٢٠١١دا نووسراوە، لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢١دا کۆپلەی دووەمیم بۆ زیاد کرد.
سۆراخ
سۆراخ[1]
هەر کەس بەڵێنت دەداتێ گوایە ئایندەت دەداتێ: درۆ دەکا؛
چونکە لە هەبوون دەبەخشرێ نەک لە نەبوون؛
ئەوەی هەیەتی ناتداتێ، کە ئێستایە،
کەچی ئایندەت دەداتێ، کە نییەتی و کە ناشیبێ و هەرگیز نایە!
ئایندەت لە کوێ بۆ بێنم تا بتدەمێ؟ تاکە کات هەمبێ ئێستایە،
ئەو ئێستایەی کۆتاییەکەی بە مردنم نەبێ نایە.
وەرە ئێستامت بدەمێ، ئایندە بۆ فڕێدانە؛
تاتایی تراویلکەیە و بۆ ساویلکە فریودانە.
پەیمانی عەشقی بێپایان گەرچی بە ڕوواڵەت جوانە،
بەڵام لە ناوەرۆکیدا دەرگای زێڕینی زیندانە.
ئێستا تاکە ڕێی ئەوینە و ئەوین ئامانجی ژیانە،
منیش هەر ئێستا خۆشمەوێی، وەرە (ئێستا) نیشتمانە.
دڵداری دۆزی دونیایە، تاکە سامانم ئێستایە،
بە دەورتدا پەخشیان دەکەم، ئیتر بۆ ئارامیت نایە؟
خووی سۆراخی ئەوین تووڕ دە، ئەوین لە باوەشتدایە،
ڕابە و چاوت بکەرەوە، سۆزم لەبەر نیگاتدایە.
وەرە ئێستامت بدەمێ، ئایندە درۆیە و نایە؛
گەیشتووی بە سۆراخەکەت، ئیتر بۆ وێڵی بە دوایا؟
[1] سۆراخ هۆنراوەیەکی خۆمە، لە نێوان ٢٥ تا ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا نووسراوە، لە ٩ی ئاداری ٢٠٢٢دا بە دەنگی خۆم تۆمارم کرد. ئەگەر کات هەبوو، حەز دەکەم ڕۆژێک بیکەم بە گۆرانی و هەندێ ئاوازیشم لە خەیاڵدایە بۆ گۆرانییەکەی، بەڵام دەرفەتی کارکردنم نییە تیایاندا. با ئێستا ئاوها بڵاو ببێتەوە، لەوانەیە سوودی بۆ کەسێک هەبێ.
تێبینی: بە هیچ شێوەیەک پێم خۆش نییە هیچ کەسێک بێ پرسی من بیکا بە گۆرانی.
ئولیس: چاپی یەکەمی تەواوکراو
ئولیس: چاپی یەکەمی تەواوکراو1
لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢دا ئەم پەڕتووکەم بە پی دی ئێف بڵاو کردەوە، ناوم نا چاپی یەکەمی تەواوکراو. پێک هاتووە لە شەش ئەڵقەی ١ تا ٦ی ڕۆمانی ئولیس-ی جەیمز جۆیس، لەگەڵ ڕاڤەکانی گیفرد و سایدمان و ڤیڤیەن ئیگۆ لەسەر ئەو شەش ئەڵقەیە.
پێش ئەم پی دی ئێفە لە ٢ی شوباتدا پی دی ئێفێکی تری ئەم پەڕتووکەم بە ناونیشانی بەرگی یەکەمی تەواونەکراو بڵاو کردەوە. بۆیەش وام کرد چون دەمانویست لە یادی سەد ساڵەی بڵاوکردنەوەی پەڕتووکەکە لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢ بۆنەیەک ساز بکەین و هەر وا بە دەستی بەتاڵ بۆنەکە بە ڕێوە نەچێت. دەنا بە گوێرەی ئەوەی نەخشەم بۆی دانابوو، دەبوو هەر لە سەرەتاوە بەرگی یەکەمی کۆی بەرهەمەکە شەش ئەڵقە و ڕاڤەکانیان لە خۆ بگرێت. بەڵام بۆ ٢ی شوباتی ٢٠٢٢ فریا نەکەوتم ئەڵقەی شەشەم تەواو بکەم و هێشتا پێداچوونەوەی مابوو.
جیاوازیی ئەم دەرکردەیە لەگەڵ ئەوەی پێش خۆی
- لەم دەرکردەیەدا ئەڵقەی شەشەم و ڕاڤەکانی تێدایە، کە لەوەی پێشتردا نەبوو.
- لە پێشەکییەکەی دان گیفرددا بە پەڕاوێز ئاماژەم بە واتای وشەی «پێشداوەری» داوە، ئەمە وای کردووە کات لە ئولیسدا بکەوێتە لاپەڕەی دواتر.
- لە وتاری ئولیس بە کوردیی خۆمدا نووسیبووم: «لە زمانی کوردیدا ڕەگەزکاریی ڕێزمانیمان نییە»، ئەوە هەڵە بوو و چاکم کردووەتەوە و کردوومە بە «لەو زارە کوردییەی من ڕۆمانەکەم بۆی وەرگێڕاوە ڕەگەزکاریی ڕێزمانیمان نییە…».
- هەموو «مارس»ێک کرا بە «ئادار» و هەموو «مایس»ێک کرا بە «ئایار» تا دوو ساڵنامەیی نەمێنێت. چونکە ئەگەر مانگی دوو «شوبات» بێت و مانگی شەش «حوزەیران» بێت، هیچ هۆیەک نامێنێت کە مانگی سێ «مارس» بێت و مانگی پێنج «مایس» بێت، چونکە ئەو ناوانە لاتینین. ئەگەر بە ساڵنامە لاتینییەکە بڕۆم، ئەوا دەبێت «تشرینی دووەم» «نۆڤەمبەر» بێت و «کانوونی دووەم» «جانیوەری» بێت و ئاوها تا دوایی.
- پێشتر ڕاڤەیەکی دوو دێڕیم لەسەر ئۆسکار وایەڵد نووسیبوو، ئێستا ئەوەم لابرد و ڕاڤەکەی خاتوو ڤیڤیەن ئیگۆم وەرگێڕا و خستمە شوێنی، کە بێگومان شایستەترە.
- پێشتر تەنها ڕستەیەکم لەسەر ولیەم بەتڵەر یەیتس نووسیبوو، بەڵام ئێستا ئەوەم لابرد و ڕاڤەکەی خاتوو ڤیڤیەن ئیگۆم وەرگێڕا و خستمە شوێنی، کە شایستەترە.
- ڕاڤەی خوشکە سەیروسەمەرەکان و ماسییەخوداکانی دوندرەم لە ئەڵقەی یەکەمدا لە یەک جیا کرانەوە و ڕاڤەکەی ڤیڤیەن ئیگۆم بۆ «خوشکە سەیروسەمەرەکان» زیاد کرد.
- لە ئەڵقەی یەکەمدا ڕاڤەیەکم لەسەر دەستەواژەی «ئەی هاوار» نووسی کە مەڵیگن ئەو کاتەی خەریکە دەخنکێت دەریدەبڕێت.
- لە ئەڵقەی یەکەمدا دوو ڕاڤەم لە بارەی دایکی ستیفنەوە نووسی. یەکێکیان وەرگێڕاوی ڕاڤەکەی خاتوو ڤیڤیەن ئیگۆیە لەسەر دایکی جەیمز جۆیس. بڕوانە ڕاڤەی تۆ دایکتت کوشت لە ئەڵقەی یەکەمدا. ئەوی تریان ڕاڤەی «کەسێک کوشتی»یە، کە وەڵامەکەی ستیفنە. ئەویان وەرگێڕاوی بەشێکی ڕاڤەیەکی درێژتری دکتۆر جۆن هەنتە. بڕوانە ڕاڤەی کەسێک کوشتی لە ئەڵقەی یەکەمدا.
- لە ئەڵقەی دووەمدا ڕاڤەکەی خاتوو ڤیڤیەن ئیگۆم بۆ ڕاڤەی ئۆکانەڵ زیاد کرد، کە زانیاریی زیاتر لەسەر دانیەڵ ئۆکانەڵ دەدات.
- لە پەرەگرافی دووەمی ئەڵقەی سێیەمدا «گوێچکەماسی» کرا بە «لەپکە». دواتریش لە ڕاڤەی «پارەی دەریایی کێوی»دا لە لاپەڕە ١٧٦دا دیسان «گوێچکەماسی» کرا بە «لەپکە». لە کۆتایی ڕاڤەکانی ئەڵقەی شەشەمدا ڕاڤەیەکم لەسەر ئەمە نووسی. بڕوانە ڕاڤەی گوێماسیلە کە دواهەمین ڕاڤەی ئەڵقەی شەشەمە.
- دەستەواژەیەکی دینی مەسیحیم بە دوو شێوە وەرگێڕابوو، ئەویش «ئافراندن لە نەبوونەوە» بوو. لە ئەڵقەی یەکەمدا بەو شێوەیە وەرمگێڕابوو. بەڵام لە ئەڵقەی سێیەمدا کردبووم بە «ئافراندن لە هیچەوە» کە هەردووکیان هەمان شتن. ئێستا «لە هیچەوە»م نەهێشت و هەردووکیانم کردەوە بە «ئافراندن لە نەبوونەوە». بڕوانە ڕاڤەی ئافراندن لە نەبوونەوە لە ئەڵقەی یەکەمیش و ئەڵقەی سێیەمیشدا.
- پێشتر لە ئەڵقەی پێنجەمدا وشەی «تێپەڕنامە»ی تێدا بوو، دامنابوو لە ئەڵقەی شەشەمدا ڕاڤەی لەسەر بدەم. ئێستا لە ئەڵقەی شەشەمدا ڕاڤەی لەسەر دراوە و لە ئەڵقەی پێنجەمیشدا خوێنەر ئاراستەی ڕاڤەکەی ئەڵقەی شەشەم دەکەم.
- تێبینییەکم لەسەر وشەی «گەندەباوەڕ» نووسی. بڕوانە ڕاڤەی ئەمڕۆ نۆ ڕۆژە لە ئەڵقەی یەکەمدا.
- لەناو هەندێک ڕاڤەدا ئاماژە بە ڕاڤەیەکی تری جێیەکی تر درابوو، وەک: بڕوانە ڕاڤەی … لە ئەڵقەی سێیەمدا، بە هۆی پێداچوونەوەی زۆرەوە، زۆر جار ناونیشانی ڕاڤەکان گۆڕابوون، بەڵام ئەو ناونیشانانە لەناو ڕاڤەکانی تردا نەگۆڕابوون. هەموویان چاک کرانەوە و دەمەزەرد کرانەوە.
- هەندێک هەڵەی بچووکی ڕێنووس چاک کراونەتەوە، ئەوانیش زۆربەیان دوو وشە بوون و بە یەکەوە نووسابوون و لەم دەرکردەیەدا جیا کراونەتەوە.
- هەندێک کەوانە بە پێچەوانەوە دانرابوون، بە تایبەتی کەوانەکانی تێبینییەکانی خۆم کە بەم شێوەیەن: {}، لەم دەرکردەیەدا چاک کران.
- زیاتر لە نەوەد وشە هەبوون کە بە دوو (ی) نووسرابوون، بەڵام دەبوو بە یەک (ی) بنووسرێن، وەک: «بردییەوە». ئێستا کراوە بە «بردیەوە».
- کەمتر لە دە وشە پێشتر بە دوو (و) نووسرابوون، لێرەدا کران بە یەک (و). بۆ نموونە «بزووتنەوە» کە هەندێک جار بە یەک (و) نووسرابوو و هەندێک جار بە دوو (و) نووسرابوو. ئێستا هەمووی کران بە یەک (و).
لەمە باشترمان لایە
دوای ئەوەی ئەم پی دی ئێفەم بڵاو کردەوە، نزیکەی شەش مانگ پیایدا چوومەوە و هەندێک چاکسازییم تیایدا کرد. بۆیە لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ دەرکردەیەکی نوێترم بڵاو کردەوە کە لە هەردوو پی دی ئێفەکەی پێش خۆی باشترە.
لە ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥ دەرکردەیەکی نوێتری ئەم بەرگەم بڵاو کردەوە. ئەمیان لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی باشترە.
ئێستا دەتوانیت هەر لەم ماڵپەڕە پی دی ئێفی بەرگی یەکەمی تەواوکراو دابگریت، بەڵام ئامۆژگارییت ناکەم وا بکەیت، بەڵکو پێشنیار دەکەم دوایین دەرکردەیان دابگریت کە لە ٢٠ی ٣ی ٢٠٢٥دا بڵاوم کردووەتەوە (ئولیس و ڕاڤەکانی: بەرگی یەکەم – چاپی ژیناکان).
بۆ داگرتنی پی دی ئێفی ئەم پەڕتووکە، یان دوایین دەرکردەی، لێرەدا کلیک بکە.
- لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ١١ی ئاداری ٢٠٢٥ پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
نەستژەنیی ١٩
نەستژەنیی نۆزدەیەم: ڕەوتی نازدارێکی دوور
یولیسیس یان ئولیس
یولیسیس یان ئولیس؟1
بەڕێزان، یەکەم ڕاڤەی ئەڵقەی یەکەمی ڕۆمانەکەم بۆ ئەو باسە تەرخان کردبوو کە ئایا یولیسیس یان ئولیس کامیان ڕاستە؟ ئێوەی بەڕێزیش لە بەردەستتاندایە و لە لاپەڕە ٣٠ و ٣١ی ئولیس و ڕاڤەکانیدایە، بفەرمن بیخوێننەوە. لام وا بوو ئەو ڕاڤەیە بەس بێت بۆ تێگەیشتن. بەڵام لە دووی شوباتی ٢٠٢٢ەوە دەیان… نازانم ناوی بنێم ڕەخنە یان نا، چونکە ئەوە زیاتر سەرکۆنە و گاڵتەپێکردنە، نەک ڕەخنە، بۆیە دەیان سەرکۆنە و گاڵتەپێکردنم پێ گەیشتووەتەوە کە «دەبوو یولیسیس بێت نەک ئولیس». یان «تۆ کە لە ناوەکەدا هەڵەت کردبێت، ئیتر دڵی چی بە ناوەرۆکەکە خۆش بکەین؟». یان «نەبووە و نابێت ناو وەربگێڕرێت» و زۆرێکی تریش. تەنانەت گەیشتووەتە ئەوەی کە هەندێک کەس کۆی هەموو کارەکەیان لەبەر ئەمە ڕەت کردووەتەوە. هەروەها پێشنیازی دەیان «ناونیشانی ڕاست»ی ترم بۆ کراوە، کە لە خوارەوە بە گوێرەی توانا زۆرێکیان لیست دەکەم.
ناوەکە لە ڕیشەدا گریکییە
بەڕێزان، تەنها ئەگەر ناونیشانەکەی جۆیس بە ئینگلی(زی) بخوێنینەوە بە دەیان شێوە دەخوێنرێتەوە. هەر بۆ نموونە: «یووڵیسیس، یوولیسیز، یولیسیز، یولیسیس…». سەرەڕای هەموو ئەمە، ئەو ناوە لە بنەڕەتدا ناوێکی ئینگلی(زی) نییە تا تەنها لە شێوازی گۆکردنە ئینگلی(زی)یەکەی بڕوانین، بەڵکو ئەم ناوە لە بنەچەدا گریکییە. ناوی کەسێکە و کەسەکەش هەر ئۆدیسێفسی ناو ئیلیاس (ئیلیاد) و ئۆدیسەیە، کە گوایە پیاوێک نووسیونی بە ناوی «هۆمەر» یان «هۆمیرۆس».
تەنانەت ناوە گریکییەکەش لەبەر ئەوەی کە نووسراوەکەی «هۆمەر» یان «هۆمیرۆس» ئەوەندە کۆنە، بە دەیان شێوە دەخوێنرێتەوە. بە ئولیسیۆس، ئۆلیسیۆس، ئوولیسیۆس، ئودیسیۆس، ئودیسۆس، ئۆدیسیۆس، ئوودیسیۆس… و دەیان شێوەی تر دەخوێنرێتەوە.
ئینجا چووەتە لاتینییەوە
پاشان کە ڕۆمییەکان گریکیان داگیر کردووە، بەیتەکانیان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی لاتینی و ناوەکەیان خستووەتە سەر شێوەی گۆکردنی لاتینی. لاتینی زمانی ڕەسمیی دەوڵەتەکەیان بووە. بۆیە دەیان شێوەی تری خوێندنەوەی ناوەکە زیاتر بووە. بۆ نموونە «ئولیکسیس، ئودیسیس، ئۆدیسیس، ئۆلیسیس، ئۆدیکسیس…» و بە دەیان شێوەی تر دایانناوەتەوە و خوێنراوەتەوە.
ئینجا چووەتە ئینگلییەوە
ئینجا ئەم ناوە کە چووەتە زمانی ئینگلی(زی)یەوە دیسان بە دەیان شێوەی تر دەخوێنرێتەوە، کە لە سەرەتادا ئاماژەم بە هەندێکیان دا. بۆیە ئەوانەی کە پێیان وایە تەنها دوو شێوەی خوێندنەوەی ئەم ناوە هەیە و هەڵەکەیان ئەوەی منە و ڕاستەکەیان ئەوەی ئەوانە: هەڵەن. ئەم ناونیشانە زیاتر لە سەد شێوەی خوێندنەوەی هەیە و هیچیشیان لەوەی تریان ڕاستتر و هەڵەتر نییە.
ناو وەرناگێڕرێت، بەڵام دەستکاری دەکرێت
هەندێک کەس بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە گوایە من وەرگێڕانەکەم خراپە، چونکە ناوم وەرگێڕاوە. بەڵام بەڕێزان، من ناوەکەم وەرنەگێڕاوە، بەڵکو ئولیس تەنها خوێندنەوەی جیاوازی هەموو ئەوانی ترە، نەک وەرگێڕان. ئەگەر یولیسیسم کردووە بە دلێر، ماف بە ئێوەیە ئاوها لێی پەست ببن. ئەگەر یولیسیسم کردووە بە خولەی چەخماخساز، ئەوا فەرموون گاڵتەپێکردنەکەتان درێژە پێ بدەن. ئەوەیان وەرگێڕانە، نەک یولیسیس یان یولیسێز یان ئولیس. بۆیە هەموو ئەوانە تەنها خوێندنەوەی جیاوازی ناوەکەن، وەرگێڕانی ناو نین.
ئەگەر کەسێک بە زمانی ئینگلی(زی) پەڕتووکێک لەسەر کەسێک بە ناوی موحەمەد بنووسێت، لە ئینگلی(زی)یەکەدا دەبێت بە موهامماد یان موهاممەد، یان شتێکی وەها. دەکرێت کە ئەم پەڕتووکە کرا بە کوردی ناونیشانەکەی موهامماد بێت؟ هەندێک کەس بە ئینگلی(زی) بە کاک بەختیار عەلی دەڵێن باشتیار ئاڵی، دەکرێت لەمەودوا ئێمەش وەهای پێ بڵێین؟
گریمان هەڵە بووم
پاشان گریمان هەر بە ڕاستی لە وشەی ناونیشانەکەدا هەڵە بووم، ئەوە ئەوە دەگەیەنێت کە ناوەرۆکەکە هەمووی هەڵەیە؟ تەماشایەکی ناوەرۆکەکەتان کرد؟ خوێندتانەوە؟ بەرگی یەکەمی تەواونەکراو واتە بێ ئەڵقەی شەشەم، ئەوەی کە لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا بڵاوم کردەوە، ١٥٤٣٦٠ (سەد و پەنجا و چوار هەزار و سێ سەد و شەست) وشەیە. لە هەموو ئەو بەرگەدا، بە ناونیشانەکەشیەوە، تەنها ١١٧ (سەد و حەڤدە) جار وشەی ئولیس دووبارە بووەتەوە، کە هەموویان لە ڕاڤەکاندان، نەک لە دەقی ڕۆمانەکە خۆیدا. واتە جگە لە وشەی ئولیس، کە زۆر کەس پێیان وایە هەڵەیە، ١٥٤٢٤٣ (سەد و پەنجا و چوار هەزار و دوو سەد و چل و سێ) وشەی تر دەمێنێتەوە. ئایا ئەگەر ئولیس هەڵە بێت، ئەوە دەیسەلمێنێت کە ١٥٤٢٤٣ (سەد و پەنجا و چوار هەزار و دوو سەد و چل و سێ) وشەکەی تر هەموویان هەڵەن؟ ئایا ئەمە پێوەرێکی ئەوەندە گەورەیە کە کۆی هەموو بەرهەمەکە ڕەت بکرێتەوە لەبەر ١١٧ وشە، کە پێت وا بێت هەڵەیە؟
وەک هەمیشە: گشت دونیا بۆیان هەیە، کورد نەبێت!
دکتۆر تەها لە وەرگێڕانە عەرەبییەکەدا ناونیشانەکەی کردووە بە عولیس و بۆ چاوێکی تەنها ناونیشانخوێن ئەوە کفری وەرگێڕانە. دە وەرگێڕانەکەی ئەو بۆ ڕۆمانەکەی جۆیس یەکێکە لە نایابترین وەرگێڕانەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
پاشان بە فارسی، بە لاتڤی، بە ئیتالی، بە فەڕەنسی، بە مەکەدۆنی، بە تورکومانی، هەمووی ئولیس-ە! بە زمانی ڕۆمانی و هەندێک زمانی تر ئولیکسە. عەرەبییەکەی دکتۆر تەهاشم باس کرد.
ع.ح.ب. کە ناسناوی وێژەیی محەممەد حسێن بەرزنجی-یە، کە (وا بزانم) لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئۆدیسەی هۆمیرۆسی داڕشتووەتەوە و لە سەرەتای هەشتاکاندا بڵاوی کردووەتەوە، هەر بە ئولیس دایناوە. دیوانەکەی هەیە و دەتوانیت لێی بڕوانیت تا بزانیت وایە یان نا.
بابەتی -ۆس و -وس-ی گریکی و لاتینی
سەدان ساڵە لە هەموو جیهاندا هەندێک جار -ۆس و -وسی کۆتایی ناوی گریکی و لاتینی لێدەکرێتەوە، یان پێوەی دەکرێت و نەبووەتە کێشەی گەورە. سەدان ساڵە لە کوردیدا دەڵێین: هیرۆدۆت و ناڵێین هیرۆدۆتۆس یان هیرۆدۆتوس، کە لە گریکییەکەدا ئەو -ۆس یان -وس-ەی پێوەیە. ئینگلەکان دەڵێن هۆمەر نەک هۆمیرۆس. بەڵام لای ئێمە زیاتر بە هۆمیرۆس ناسراوە، نەک هۆمەر. واتە ئینگلەکانیش هەمان ئەوەیان کردووە کە من لە کوردییەکەدا کردوومە، -ۆسی کۆتایی هۆمیرۆسیان لێکردووەتەوە، وەک چۆن من لە کۆتایی ئولیسیۆسدا لێمکردووەتەوە. ئێستا بۆ ئەو بەڕێزانەی گاڵتە بە من دەکەن، ئەو ئەرکەتان کێشا و بچن گاڵتەیەکیش بە زمانی ئینگلی بکەن و تۆزێک لایکی قاقاکەیان بۆ بنێرن لەسەر هەمان کار کە کردوویانە؟
ئەو ئەرکەتان کێشا بچن گاڵتە بە هەموو جیهان بکەن کە عەلی بە ئاڵی و ئەلی دەخوێننەوە؟ کە عومەر بە ئومار دەخوێننەوە؟ کە سەڵاحەددین بە ساڵەدین دەخوێننەوە؟ کە خەییام بە کاییام دەخوێننەوە؟ یان من تەنها لەبەر ئەوەی کوردم، ئیتر کەزیەی گوریسی گاڵتەکانتان دەخەنە ئەستۆم، چونکە کورد بەشی خنکاندنە؟
زۆربەی خوێندنەوەکان ڕاستن
زۆربەی هەرە زۆری ئەو خوێندنەوانە ڕاستن و لە ڕاستیشدا گرنگ نین. تۆ ئەگەر حەزت کرد یولیسیس بێت، ئەوا پی دی ئێفێک بە تەنیا بۆ تۆ دەنێرم و ناونیشانەکەی بەو شێوە خوێندنەوەیە دادەنێم کە تۆ پێت وایە ڕاستە و دەتەوێ وا بێت. بەڵام دەبێت ئەوەیان بە پارە بکڕیت و بە دیاری ناتدەمێ. بە پارەیەکی کەمیش نایفرۆشم، بەڵکو بە پارەیەکی وەها دەیفرۆشم کە کەمێک شوێنی چوار ساڵی کارکردنی خۆڕاییم بگرێتەوە، کە زۆربەی ڕۆژان زیاتر لە یانزە کاژێر کارم لەم وەرگێڕانەدا کردووە و تەندروستیشمی تێکداوە.
ئینگلی یان ئینگلیزی؟
بۆ ئینگلی-یەکەش، کە دیسان زۆر کەسی پەست کردووە، بە هەمان شێوە: ئەگەر گلەییەکەتان تەنها ئەوەیە، بەڵێنتان دەدەمێ دەتوانم پی دی ئێفێکی تایبەت بە ئێوە دەربکەم و بۆتان بکەمەوە بە ئینگلیزی. بێگومان ئەمیش بە خۆڕایی نادەم.
بۆیە ئەو میهرەبانییە بنوێنە، من چوار ساڵی خۆمم بە خۆڕایی و دیاری داوە بە بەڕێزت، تۆش هەر جارێک ئولیست دی و پێت وا بوو هەڵەیە، لە چاوی خۆتدا بیکە بەوەی کە خۆت دەتەوێت. بەڵام بە مەرجێک دەست بکە بە خوێندنەوە و لەو لاپەڕەیەدا مەچەقێ. چونکە پەڕتووکەکە لە ڕاستیدا جگە لەو دوو وشەیە شتی تریشی تێدایە!
بەڕێزان، کە ئەوەندە توانای وێناکردنتان بەهێز بێت و بتوانن لەبەر ناونیشانێکی هەڵە پەڕتووکێکتان لا بێواتا ببێت، وا بزانم دەتوانن ئەو توانایە بۆ پێچەوانەکەشی بە کار بهێنن و هەر کاتێک ئەو وشەیەتان دی کە پێتان وایە هەڵەیە، لە چاوی خۆتاندا بیکەن بەوەی لای خۆتان «ڕاست»ە.
هەندێک ناونیشانی ڕاستی یولیسیس یان ئولیس
هەندێک لە ناونیشانە پێشنیازکراوەکان، کە زۆربەی هەرە زۆریان هەڵە نین، ئەمانەن: یۆلیسیس، ئۆلیکسیس، یوولیسیس، ئوولیسیس، ئوولیسێس، یولیکسیس، ئۆلیز، ئۆلیسێز، ئوولیسێز، یولیسێز، یولیکسێس، یولیکسێز، ئولیکسێز، ئولیکسیز، یولیکسیز، یولیسیەس، ئولیسیەس، ئوولیس، ئوولێس، یوولیس، یوولیسێز و دەیانی تریش.
دەبێت چیتر نەچەقێین
بە ڕاستی دەبێت ئێمە قۆناغی نالییە یان ناڵییە و نیچەیە یان نیتچەیە و شۆپانە یان چۆپینە تێبپەڕێنین. نالی گوتەنی: «هەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا» و لە ڕووکەشدا زۆر نامێنێتەوە. خوێندنەوەی جیاواز تەنها بەرگێکی جیاوازە بۆ کرۆکێک، کرۆکەکە (واتا و چەمک)ە، گرنگ ئەوەیە چەمکەکە بگەیەنێت. خەییام وتەنی: «هەر کەس بە ڕەنگێ لە من تێئەگا، منیش هەر ئەوەم کە خۆم ئەیزانم2». ئێمەش چۆن وشە بخوێنینەوە، چەمکەکە هەر ئەوەیە کە هەیە3.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوەش، ئەگەر لەسەر دوو وشە، بەرهەمی چوار ساڵی من، کە بە دیاری پێتم داوە، ڕەت دەکەیتەوە و تەنانەت دژایەتیشی دەکەیت، ئەوا من داوای لێبوردنت لێ دەکەم. تۆ لە من گەورەتر بە و من ببوورە. بە هیوام ئیتر کۆتایی بەم مشتومڕە بێبەرە بێت.
ئەو بەڕێزانەی لە لاپەڕەی یەکەمیشدا چەقیون: یان شیفت و دیلیتێک بکە و پی دی ئێفەکە لای خۆت بسڕەوە، کە بە دیاری بۆت هاتووە، یان دەست پێ بکە و کەمێک چاوپۆشی لە هەندێک جیاوازیی گۆکردن بکە. دواجار زمانی کوردی هەمووی لە تۆدا پەنگی نەخواردووەتەوە. کوردی تری شوێنانی تریش هەن، کە خوێندنەوە و تێگەیشتنیان لەوەی تۆ جیاوازە.
بەڵام بوەستن: ئەرێ بە ڕاست، نووسیم و وتم: «شیفت و دیلیت»، شیفت و دیلیتە یان شەفت و دیلیتە؟ یان شیفت و دیلێتە؟ نەخێر… خۆی دەبوو شێفت و دیڵیت بووایە… بۆیە ئەوە من لای خۆم نەمسڕییەوە!
سوپاس بۆ خوێندنەوەت، سوپاس بۆ گوێگرتنت.
هیوام تەندروستییەکی باش و دەروونێکی ئاسوودەی خۆت و ئازیزانتە. کاتێکی خۆش بۆ ئێوە.
پەڕاوێزەکان
- لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢دا نووسیومە و بە دەنگیش تۆمارم کردووە و بڵاوم کردووەتەوە. لە ١٢ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
- وەرگێڕانی شێخ سەلام، فارسییەکە دەڵێ: «هر طایفهای به من گمانی دارد، من زانِ خودم، چُنانکه هستم هستم». بڕوانە چوارینەکانی خەییام، وەرگێڕراوی شێخ سەلام، بڵاوکردنەوەی کوردستان، سنە، ١٣٩٣ی هەتاوی (وا بزانم ٢٠١٥ی زاینی دەکا). ~ن.م. ↩︎
- ئێستانان بڕێک تێڕوانینم گۆڕاوە، ناویش گرنگە. بەڵام هێشتا لە پشت ئولیس نەک یولیسیس دەوەستم. ئەو ماوەیەی ئەم وتارەم نووسیبوو، هێشتا پاشماوەی هزری جۆرێکی تەسەوفم تێدا مابوو، بۆیە لە مێشکمدا سنوور نەبوو و دونیام بە یەک چاو دەبینی. هاوکات تازە وتە دووبارە و زێدەپێداهەڵگوتراوەکانی خەییامیشم خوێندبووەوە. ئەوە دوایین جارمە شتی فارس وەک پاڵپشتی بۆ ئاڕگیومێنتم بهێنمەوە. بۆ ئەو تاکە جارەش داوای لێبوردن دەکەم و پەشیمانم. ↩︎
بۆ داگرتنی بەرگی یەکەم و دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی، لێرەدا کلیک بکە.
ئولیس
ئولیس بڵاو کرایەوە
ئولیس
ڕۆمانێکە،جەیمس جۆیس بە حەوت ساڵ نووسیویەتی، لە ٢ی شوباتی ١٩٢٢دا بڵاوکراوەتەوە، لە ١٢ی تەممووزی ٢٠١٨ەوە خەریکی وەرگێڕانی خۆی و ڕاڤەکانیم بۆ زمانی کوردی، کۆتا بەرهەمەکە بە پێنج بەرگ دەردەچێ، ئەمڕۆ و لە یادی سەد ساڵەی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە، کە هاوکاتە لەگەڵ یادی لەدایکبوونی سەد و چل ساڵەی لەدایکبوونی جەیمس جۆیس خۆیدا، بە دیاری و بە پی دی ئێف و ئی-پەب بەرگی یەکەمی وەرگێڕراوە کوردییەکەم بێ بەرانبەر لەم ماڵپەڕەدا بڵاو کردەوە. هیوادارم سوودی لێ ببینن. بۆ داگرتنی بەرگی یەکەمی ئولیس کلیک لێرەدا بکە.
ئولیس: چاپی یەکەمی تەواونەکراو
ئولیس: چاپی یەکەمی تەواونەکراو1
لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا ئەم پەڕتووکەم بە پی دی ئێف بڵاو کردەوە، ناوم نا چاپی یەکەمی تەواونەکراو. پێک هاتووە لە پێنج ئەڵقەی ١ تا ٥ی ڕۆمانی ئولیس-ی جەیمز جۆیس، لەگەڵ ڕاڤەکانی گیفرد و سایدمان و ڤیڤیەن ئیگۆ لەسەر ئەو پێنج ئەڵقەیە.
لەبەر ئەوەی دەمانویست لە یادی سەد ساڵەی بڵاوکردنەوەی پەڕتووکەکە لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢ بۆنەیەک ساز بکەین، بۆیە ئەم پەڕتووکەم بە نیوەناچڵی بڵاو کردەوە. دەنا بە گوێرەی ئەوەی نەخشەم بۆی دانابوو، دەبوو بەرگی یەکەمی کۆی بەرهەمەکە شەش ئەڵقە و ڕاڤەکانیان لە خۆ بگرێت. بەڵام بۆ ٢ی شوباتی ٢٠٢٢ فریا نەکەوتم ئەڵقەی شەشەم تەواو بکەم و هێشتا پێداچوونەوەی مابوو.
لەمە باشترمان لایە
بۆیە دوای بڵاوکردنەوەی ئەم پەڕتووکە تەواونەکراوە لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٢دا چاپە تەواوکراوەکەیم بڵاو کردەوە کە ئەڵقەی شەشەم و ڕاڤەکانیشی لە خۆ دەگرێت. دواتریش لە ٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ دەرکردەیەکی نوێترم بڵاو کردەوە کە لە هەردوو پی دی ئێفەکەی پێش خۆی باشترە.
لە ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥ دەرکردەیەکی نوێتری ئەم بەرگەم بڵاو کردەوە. ئەمیان لە هەموو ئەوانەی پێش خۆی باشترە.
ئێستا دەتوانیت هەر لەم ماڵپەڕە پی دی ئێفی بەرگی یەکەمی تەواونەکراو دابگریت. بەڵام ئامۆژگارییت ناکەم وا بکەیت، بەڵکو پێشنیار دەکەم دوایین دەرکردەیان دابگریت کە لە ٢٠ی ٣ی ٢٠٢٥دا بڵاوم کردووەتەوە (ئولیس و ڕاڤەکانی: بەرگی یەکەم – چاپی ژیناکان).
بۆ داگرتنی پی دی ئێفی ئەم پەڕتووکە، یان دوایین دەرکردەی، لێرەدا کلیک بکە.
- لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ١١ی ئاداری ٢٠٢٥ پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
ئولیس بە کوردی
تێبینییەک پێش وتارەکە:
ئولیس ڕۆمانێکە جەیمز جۆیس بە حەوت ساڵ نووسیویەتی، لە ٢ی شوباتی ١٩٢٢دا بڵاوکراوەتەوە.
لە ١٢ی تەممووزی ٢٠١٨ەوە خەریکی وەرگێڕانی خۆی و ڕاڤەکانیم بۆ زمانی کوردی. کۆتا بەرھەمەکە بە پێنج بەرگ دەردەچێت، ئەمڕۆ و لە یادی سەد ساڵەی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە، کە ھاوکاتە لەگەڵ یادی لەدایکبوونی سەد و چل ساڵەی لەدایکبوونی جەیمز جۆیس خۆیدا، بەرگی یەکەمی وەرگێڕاوە کوردییەکەم بە پی دی ئێف بێ بەرانبەر لەم ماڵپەڕەدا بڵاو کردەوە. لە ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٥یشدا بەرگی دووەمم بڵاو کردەوە. ھیوادارم سوودی لێ ببینن. بۆ داگرتنی بەرگی یەکەم و دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی کلیک لێرەدا بکە.
ئولیس بە کوردی1
وتاری نەوا موکرجی بۆ یادی سەد ساڵەی بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە و سەد و چل ساڵەی لەدایکبوونی جەیمس جۆیس لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا.
ڕەوتی ڕووداوەکانی ئولیس سانایە، ئەوەندە ئاڵۆز نییە. ئەوەی لە ڕۆمانەکەدا گرنگە چیێتیی چیرۆکەکە نییە، واتە تەنھا بۆ ئەوە نایخوێنیتەوە کە بزانیت چی ڕوو دەدات، بەڵکو بۆ ئەوە دەیخوێنیتەوە کە ببینیت ڕووداوەکان چۆن دەگێڕرێنەوە. بۆ نموونە: چۆن پیاسەیەکی ئاسایی بە کەنارێکدا لەگەڵ گۆڕانی بەردەوامدا ھاوتەریب دەکرێت (ئەڵقەی سێیەم). چۆن دیمەنی ئاسایی مەیخانە و قڕەقڕی دوو کەس لەگەڵ جەنگی پاڵەوانێک و گیاندارێکی ئوستوورەییدا ھاوتەریب دەکرێت (ئەڵقەی دوازدەیەم). چۆن منداڵبوونێک بە چیرۆکی گەشەی زمانێکەوە گرێ دەدرێت (ئەڵقەی چواردەیەم).
بۆیە خوێندنەوەی ئولیس بۆ کەسێک کە تەنھا چیێتیی چیرۆکی بوێت ڕەنگە سەرلێتێکدەر بێت، بەڵام بۆ کەسێک کە لە سەرەتاوە خۆی ئامادە بکات بۆ خوێندنەوەی ئینسایکڵۆپیدیایەک و کات بە خۆی بدات کە داببڕێنرێت، ئەوا خوێندنەوەیەکی بەچێژ دەبێت.
زۆربەی ھەرە زۆری کوردان دەرفەتی خوێندنەوەی ئولیسیان بۆ نەڕەخساوە، چونکە بە کوردی نەبووە. بەڵام ناوبانگی بیستراوە کە یەکێکە لە ڕۆمانە مەزنەکانی جیھان و ئاڵۆزیشە. کە خەڵکان لێم دەپرسن: «بۆچی ئولیس ئاڵۆزە؟» ھەندێک جار بۆ سادەکردنەوەی وەڵامەکە دەڵێم: «وێنا بکە، ئەگەر گووگڵ بە فەرھەنگی ئۆکسفۆردەوە ببێت بە مرۆڤ و لە شار و کاتێکدا بێت کە تۆ پێیان ئاشنا نیت، قسە بکات و باسی شتان بکات، زۆربەی ئەم قسانەش لە مێشکی خۆیدا بە شەپۆلی ھۆش بڵێت، چۆن دەبێت؟ ئولیسیش تا ڕادەیەکی کەمتر لەوە ئاوھایە». چونکە ھەر بە ڕاستی پێم وایە جەیمز جۆیس گووگڵی سەردەمی خۆی بووە و فەرھەنگێکی فراوانیشی ھەیە.
وتەیەک لەسەر سەختیی ئولیس
کە جۆیس زیاتر لە سی و سێ ھەزار وشەی نادووبارەی بە کار ھێناوە، خۆ لەوانە بوو بە نیوەی ئەو وشانەش بیتوانیایە ڕۆمانەکە بنووسێت، بەڵام کاتێک جۆیس بە ئینگلی نووسیویەتی زمانی ئینگلیی داگیر کردووە. ئەم داگیرکارییەش یەکێکە لەو سەدان ھۆیانەی وای کردووە وەرگێڕانی ڕۆمانەکە بۆ زمانەکانی تر ئاسان نەبێت، چونکە کەموزۆر زمانی بۆوەرگێڕراویش داگیر دەکات.
جۆیس وا دەکات متمانە بە واتای باوی ھیچ وشەیەک نەکەیت کە پێت وایە دەیزانیت. ئەمە بێگومان لە ئەزموونی خۆمدا ڕاست بووە. لە کاتی وەرگێڕانەکەمدا لە شوێنێکدا ئیتر متمانەم بە ھیچ زانیارییەکی خۆم نەما لەسەر زمانی ئینگلی و کوردی. ئولیس وای لێم کرد وشە بە وشە لە چەندین فەرھەنگی جیاوازدا بپشکنم بۆ دڵنیابوونەوە لە واتاکانیان، ئەگەرچی ھەندێک جار پێکەنینم بە خۆم دەھات، چونکە تەنانەت بە دوای واتای hello و ناوی ڕەنگەکان و تەنانەت ژمارە سادەکانیشدا دەگەڕام. ئەوە تاکە ڕێگا بوو کە دڵنیا بکەمەوە کە وەرگێڕانەکەم دروست دەردەچێت بەوەی بە ھیچ شێوەیەک متمانە بە زانینی خۆم نەکەم.
ئەگەر جۆیس ویستبێتی بە شاکارەکەی شاری دەبلن بپارێزێت، ئەوا شاکارەکەی جگە لە زمانی ئینگلی کە پێی نووسراوە، ھەموو ئەو زمانانەی تریش دەپارێزێت کە ئولیسیان بۆ وەرگێڕراوە و وەردەگێڕرێت. ئەگەر وەرگێڕ لەگەڵ جۆیسدا بڕوات و لە وشەکاریدا لەگەڵ جۆیسدا ھاوتەریب بێت، ئەوا بەشێکی گەورەی فەرھەنگی ئەو زمانە چالاک دەکات و دەیپارێزێت. بۆیە لە لیستی داگیرکەرەکانی مێژووی مرۆڤدا، دەتوانم بڵێم: بە پێچەوانەی زۆربەی داگیرکەرە دڕندە و چاندسڕەوەکانی مێژووی نا-مرۆڤایەتی، ئولیس ھەرە باشترین و میھرەبانترین داگیرکەرە کە ھەر زمانێک داگیر بکات، دەشیپارێزێت. ئەمەش یەکێکە لەو ھۆیانەی وای کردووە لە وەرگێڕانەکەیدا کەمتەرخەم نەبم و سارد نەبمەوە.
پەیوەندیی دەقە کوردی و ئینگلییەکە
لە ھەردوو دەقەکەدا، واتە چ لە نووسراوەکەی جۆیس خۆی و چ لە وەرگێڕاوە کوردییەکەشدا ڕێژەی وشە زۆرە. چونکە زۆربەی کات جۆیس تەنھا بۆ خۆشی دوو وشەی ھاوواتا بە کار ناھێنێت. ئەگەرچی لەوانەیە بتوانرێت لە زمانی بەرانبەردا یەک وشە لە بری ھەردوو وشە ھاوواتاکەی جۆیس دابنرێت، بەڵام ئەمە خوێنەر ھەنگاوێک لە جیھانە جادووییەکەی جۆیس دوور دەخاتەوە. لە لایەکی تریش دەتخاتە بەر مەترسیی نەگەیاندنی ئەو واتایەی مەبەست بووە. لەبەر ئەوەی دەزانین کە ڕۆمانەکە پڕە لە پەرلە، ئەوا دەبێت وەرگێڕەکە ئاگاداری بەکارھێنانی دوو وشەی ھاوواتای جیاواز و داڕشتنەوەی ڕستە و دەستەواژەکان بێت لە زمانی بۆوەرگێڕراودا و ھیچی زیادی پێوە نەنێت. لە ناو دەقەکەشدا ڕستەکانی جۆیس ڕوون نەکاتەوە، چونکە دەشێت ئەم ڕوونکردنەوەیە زیان بە دەقەکە بگەیەنێت. ئەگەر ڕوونکردنەوەیەک پێویست بێت، لە پەڕاوێز یان کۆتاوێزدا ئاماژەی پێ بدرێت.
جادووی ئولیس لە وردەکاری و چۆنێتیی نووسین و ژێر چیرۆکە ساناکەدایە. ئەوەندەی تا ئێستا پەڕتووکم خوێندبێتەوە، بێگومان ناشتوانم بڵێم پەڕتووکی زۆرم خوێندووەتەوە، ئەم ڕۆمانە وەک ھیچ پەڕتووکێکی تر نییە. ھیچ پەڕتووکێک لەم ڕۆمانە ناچێت و لە شوێنی کورت کورتدا نەبێت، کە نووسەرەکەی بە مەبەست وەھای کردووە، لە ھیچ پەڕتووکێکی تر ناچێت. ھەر بۆیە ئەزموونی وەرگێڕانیشی لە ھی ھیچ پەڕتووکێکی تر ناچێت و ھیچ یاسایەکی گشتیی پەڕتووکی تری بەسەردا جێبەجێ ناکرێت.
ئولیس بێ ڕاڤە بوونەوەری ئاسمانییە
پێم وا نییە بێ ڕاڤە بتوانرێت پەیوەندییەکی زۆر لە نێوان جۆیس و خوێنەری بێگانەدا ڕەگ دابکوتێت. بۆیە جگە لە وەرگێڕانی دەقەکە، دەبێت ڕاڤەکانیشی وەربگێڕرێت.
ئولیس خۆی شاشارێکە و دەبێت خوێنەر ببەیتە ناوی. پێم وا نییە ڕۆماننووسین لای جۆیس تەنھا گێڕانەوەی چیرۆک بێت، بەڵکو بونیادنانی شارستانێتییەکە. بۆیە دەبێت خوێنەر بھێنیتە ناو جیھانەکەی جۆیسەوە. سەرنجڕاکێشی و جادووەکەی جۆیس لە چۆنێتیی جیھانەکەیدایە، نەک لە گەورەیی ڕووداوەکانیدا.
پێم وا بێت ھەوڵدان بۆ ئەوەی پێی دەڵێن: «کورداندن»ی ڕۆمانەکە و ھێنانی جۆیس بۆ لای خوێنەری کورد و داتاشینی جۆیسێکی کوردی، یان جۆیسی ھەر زمانێکی تر بۆ گەلێکی تر، ڕاستەوڕاست ئاوەڕووتکردنی جۆیسە لە جادووەکانی.
من ئەوەندە ئازادیم بە خۆم نەداوە کە یەک وشەش زیاد بکەم. زۆر وابەستی دەقە ماکەکە بووم و تا بۆم کرابێت تەنانەت وێرگوڵێکیشم بۆ وەرگێڕاوەکە زیاد نەکردووە. کە جۆیس وشەی لێکداوە، منیش بە گوێرەی توانا ھەوڵم داوە وشەکە لە کوردیدا لێکبدەم. کە جۆیس ڕستەیەکی بە چەند وشەیەک بڕاندبێتەوە، منیش ھەوڵم داوە، ئەگەر کرا، لە کوردییەکەدا بە ھەمان شێوە وشەی زیاد نەخەمە ڕستەکەوە. کە ناو و ئاوەڵناو و ئاوەڵکاری کردووە بە کار، منیش وام کردووە و لە کۆتاوێزدا ئاماژەم پێیان داوە.
ھەندێک جار وەرگێڕ ناچارە دەستکاری بکات
بەڵام ھەندێک جار وەرگێڕ ناچارە دەستکاریی بچووک لە دەقدا بکات. بۆ نموونە بە ھۆی جیاوازیی بونیادی زمانی کوردی و ئینگلی، زۆر جار لە ڕستە ناتەواوەکاندا (بە تایبەتی ھی شەپۆلە ھۆشەکان) دەبێت کوردییەکە کەمێک لە دەقە بنەڕەتەکە داببڕێنرێت تا ھەمان واتا و کاریگەریی نزیککراوە لە دەقە ماکەکە بدات. ئەمە لەو شوێنانەدا ڕاستە کە لە ئینگلییەکەدا ڕستەکە بکەر و کارەکەی تێدایە، بەڵام تەواوکەرەکە دەرنابڕێت. بەڵام لە کوردیدا لەبەر ئەوەی لە ڕستەسازیی ئاساییدا کار دەکەوێتە کۆتاییەوە، ئەوا کاتێک ڕستەیەکی تەواونەکراوی زمانێکی بێگانە بۆ کوردی وەردەگێڕیت و تەنھا بکەر و کارەکە دەھێنیتەوە، ھیچ واتایەک نادات تا تەواوکەری بۆ دانەنێیت، یان ڕستەکە نەگۆڕیت. بۆیە لەم کاتانەدا وەرگێڕ ناچارە دەستکاری بکات.
بۆ نموونە لە ئەڵقەی سێیەمدا دەڵێت: «کەڵبە، ھەست دەکەم: Fang, I feel». ئەمە ڕستەیەکی تەواونەکراوە، بکەر و کارەکە ھەن و تەواوکەرەکە قووت دراوە. بەڵام لە ژێر ڕۆشنایی ڕستەکەی پێشوودا کە دەڵێت: «چاوسەوز، دەتبینم، Green eyes, I see you» و ڕستەیەکی تەواوە، دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین کە ئەمەش ھەر لەسەر ھەمان بونیاد داڕێژراوە. کەواتە ئەمیش دەبێت لە بنەڕەتدا «ھەستت پێ دەکەم: I feel you» بێت. ئەمەش دەستکاریکردنی دەقەکەیە، کە خۆم حەزی پێ ناکەم، بەڵام دەشبێت بیکەم. لەوانەشە ئەوە نەبێت کە نووسەرەکە مەبەستی بووە.
کێشەی ئەوی نێر و مێ
لە ساڵانی یەکەمی وەرگێڕانم و دەرکردەکانی بەرگی یەکەمی پێش دەرکردەی نەورۆزی ٢٧٢٥ ھەندێک جار ئەوی نێر he و ئەوی مێ she کێشەی گەورەی بۆم دروست دەکرد. چون ئەو زارە کوردییەی ڕۆمانەکەم بۆی وەردەگێڕا ڕەگەزکاریی ڕێزمانیی تێدا نەبوو، لەو زارەدا ھەردووکیان دەبن بە «ئەو». بۆ چارەی ئەم کێشەیە یان دەبوو ڕستەکە وا دابڕێژمەوە کە خوێنەر سەری لێ تێک نەچێت کە ئەو بە کار بھێنم و بزانێت مەبەست لە کێیە؛ یان ناچار دەبووم زۆر جار خۆم دیاریی بکەم و لە بری ڕاناوی ئەوی نێر یان ئەوی مێ خۆم ناوی کەسێتییە مەبەستەکە بھێنم.
بەڵام لابردنی ڕاناو و دانانی ناو لە بری ڕاناوەکە تووشی کێشەی نوێی دەکردم. لە لایەک زۆر دووبارەکردنەوەی ناوی کەسێتییەکان کاریگەریی لەسەر تامی دەقەکە دەبێت، واتە وا دەکات وەرگێڕاوەکە ھەمان ئەو تامە نەدات کە ماکەکە دەیدات. لە لایەکی تر ھەبوونی ئەم دوو ڕاناوە لە ئینگلییەکەدا دەرگای ھەندێک بەکارھێنانی دەروونناسییانە دەکاتەوە. چ ستیفن و چ بلووم زۆر جار بۆ ئازارنەدانی خۆیان خۆیان لە ناوھێنانی ڕاستەوخۆ بە دوور دەگرن. بۆ نموونە کە بلووم بیر لە مۆڵیی ژنی و بڵێسە بۆیلەنی دۆستی ژنەکەی دەکاتەوە، بە he و sheی ئینگلی بیر دەکاتەوە، واتە ئەوی نێر و ئەوی مێ. ئەمە لە ڕووی دەروونناسییەوە گرنگییەکی گەورەی ھەیە کە she، بە واتای ئەوی مێ، کە تیلنیشانە2 بۆ مۆڵیی ژنی، کەمتر بەئازارترە وەک ڕاستەوخۆ ناوھێنانی ژنەکەی. ئەو کاڵترە و بۆ ئەوە بە کاری دەھێنێت ئازارەکەی کەمتر بێت. لە کاتێکدا ئەگەر ڕاستەوخۆ ناوی ھەردووکیان ببات ئازارەکەی بەسوێترە.
یان ھەندێک جار کە ستیفن بیر لە دایکی دەکاتەوە خۆی لە ناوھێنانی ڕاستەوخۆی دایکی دەدزێتەوە و تەنھا ئەوی مێ she بە کار دەھێنێت. ئەگەر تەنھا بە «ئەو» وەربگێڕرێت ھەندێک جار سەرلێتێکدەرە و نازانرێت ئەوەکە مەبەست لە کێیە. کە لە کوردییەکەدا تەنھا ئەو دابنێمەوە، خوێنەری کورد دوو جار لە ئاماژەی ئەو دوور دەکەوێتەوە. بەڵام لە ئینگلییەکەدا ئەوەندە دەزانیت کە ئەو مێیە، واتە نیوەی زانیارییەکەت دەداتێ.
ھەندێک جار ڕوون نییە ئەوی مێ کێیە
کێشەیەکی تری دانانی ناو لە بری ڕاناویش ئەوەیە کە شێوەی نووسینی ئولیس و شەپۆلی ھۆشەکە وا دەکات زۆر جار ڕوون نەبێت کە ئەوی نێر و ئەوی مێ کێن. چونکە زۆر جار ڕستەیەکی کورت پەیوەندیی ڕوونی بە دەقی چواردەوریەوە نییە. بەڵام وەرگێڕەکە ھەر دەبێت گریمانەیەکی ھەبێت لەوەی مەبەست لە کێیە. بۆیە ھەندێک جار دەبوو یان بە ڕاڤە ئاماژە بە ئەو بدەم کە کێیە، یان ناچار بووم لە بری ئەو لە خودی دەقەکەدا ناوی کەسەکە لە بری ڕاناوەکەی دابنێم. ئەمەش وەرگێڕ دەخاتە بەردەم مەترسیی ھەڵەکردنەوە، چونکە کێ دەڵێت مەبەست لە ئەو ئەو کەسەیە کە تۆ ناوی دەھێنیت؟
ئەم کێشەیەم لەم دەرکردەیە (نەورۆزی ٢٧٢٥)ی بەرگی یەکەم و دووەمدا بە وی he و وێ she چارە کرد، کە لە زاری تری کوردییەوەم خواست. ئێستا زۆربەی کات لە بری ئەوی نێر دەنووسم وی لە بری ئەوی مێ دەنووسم وێ.
کاریگەریی گەشەی جیاوازی زمان
مێژووی گەشەسەندنی زمانیش کاریگەریی لەسەر وەرگێڕان ھەیە. دوو زمانی جیاواز بە دوو ئاقاری مێژوویی جیاوازدا تێدەپەڕن. بە نزیکی ھەموو ئەو شێوازە جیاوازانەی لە ئەڵقەی چواردەیەمدا تاقی کراونەتەوە دەبێت لە زمانی بەرانبەردا کاڵ ببنەوە، یان ون ببن. خوێنەرێکی کورد دەرفەتی ئەوەی نابێت تەکنیکی ئەڵقەی چواردەیەم لە گەشەی زماندا ببینێت، بەڵکو لەمسەر بۆ ئەوسەری ئەڵقەکە بە زمانێکی کوردیی سەردەمییانە دەخوێنێتەوە. لە کاتێکدا زمانی دەقە بنەڕەتەکە بە ئینگلییەکی دێرین دەست پێ دەکات و بەرەبەرە بەرەو ئینگلیی نوێ دێت. لەم گەشتەدا چیرۆکی گەشەی زمانی ئینگلی ھاوتەریبە لەگەڵ ئەو کۆرپەیەدا کە میستەر بلووم بۆ لەدایکبوونەکەی چووەتە خەستەخانەی منداڵبوونەکەوە. خوێنەری ئولیسی وەرگێڕراو لە ئەزموونکردنی ئەم تەکنیکە بێبەری دەبێت.
ئەگەر بشمەوێت ئەم تەکنیکە لە وەرگێڕراوە کوردییەکەدا دووبارە بکەمەوە، ھەر ناتوانم. چونکە زمانی کوردی بە ھەمان ڕەوتی مێژوویی زمانی ئینگلیدا تێنەپەڕیوە. بێگومان زمانی کوردی تەنھا یەک زار نییە و کۆمەڵە زارێکە. بەڵام ھیچ کامێک لەم زارانە مێژووێکی بەردەوامی ھەزار ساڵەی نووسینی نییە کە بایی ئەوەندە داتام بخاتە بەردەم کە ھەڵبژاردەی ئەوەم ھەبێت کە لە شێوازی کوردیی ئەڵقەی چواردەیەمدا لاسایی ئینگلییەکەی بکەمەوە. ئەگەرچی بە گشتی زمانی کوردی مێژووی نووسینی زیاتر لە ھەزار ساڵی ھەیە، بەڵام ھەر ماوەیە و بە زارێکی نووسراوە. ئەو زارەی زمانی کوردی کە من ڕۆمانەکەم بۆی وەرگێڕاوە، کە ئێستا ناومان ناوە «کوردیی ناوەندی» و ھەندێک جار بە ھەڵە پێی دەوترێت: «سۆرانی»، کە سۆرانی خۆی یەکێکە لە شێوەزارەکانی ئەم زارە، ئەوەندەی من ئاگاداری بم نووسراوی لە سێ سەد ساڵان کۆنتری نییە.
وابەستەیی و ئازادیی وەرگێڕاوەکە بە ماکەکەوە
تا بۆم کرابێت ھەوڵم داوە لەگەڵ دەقە ماکەکەدا ھاوکۆک بم. ھەروەھا ھەنگاو بە ھەنگاو لەگەڵ خوێنەردا بڕۆم تا خوێنەر بە نووسەر و دەقە ماکەکە بگەیەنم، نەک بە پێچەوانەوە. زۆر جار تێبینیم لەسەر شوێنێک داوە کە گومانی ئەوەم لێی کردووە پرسیار بۆ خوێنەر دروست بکات. ھەر زووش بڕیارم دا بێ وەرگێڕانی ڕاڤەکان، بە تایبەتی ئەوانەی گیفرد و سایدمان، بڵاوی نەکەمەوە. چونکە، یەکەم: ڕاڤەکان کاریگەریی قووڵیان لەسەر داڕشتنەوەکەم دەبێت. وا دەکەن بە متمانەوە ڕستەکان دابڕێژمەوە. دووەم: ڕاڤەکان وا دەکەن خۆم تێگەیشتنێکی قووڵترم بۆ ڕۆمانەکە ھەبێت. سێیەم: خوێنەر دەبینێت کە لەسەر چ بنەمایەک ھەندێک بڕیارم داوە بۆ داڕشتنەوەکەم. لە دەرئەنجامدا دەشێت خوێنەر لەگەڵ خۆمدا بکەوێتە بیرکردنەوە و ئەگەر ئەو پێشنیارێکی باشتری بۆ شوێنێک ھەبێت ئاگادارم بکاتەوە و ئەو تێبینییانەیان بە ھەند وەربگرم و لە دەقە وەرگێڕاوەکەدا چاکیان بکەم و بۆ چاپەکانی ئایندە سوودیان بۆم ھەبێت. ئەمە جگە لەوەی ئەوەندەی من ئاگادار بم، ئێستا ھیچ ڕاڤەیەکی ئولیس بە کوردی نییە.
ئەوەی بە گشتی دەستی وەرگێڕ ئازاد دەکات، ئیدیۆمەکانە. دەکرێت ئیدیۆم بە ئیدیۆم وەربگێڕرێت. بۆ نموونە لە ئەڵقەی چواردەیەمدا لە شوێنێکدا دەڵێت: «نیازی وایە خەڵووز بۆ نیوکاسڵ ببات». لە کوردییەکەدا دەتوانین بڵێین: «نیازی وایە کڵاش {یان گوێز} بۆ ھەورامان ببات». بێگومان لەم کاتانەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدرێت کە جۆیس ناوی ھەورامان و کڵاشی نەھێناوە.
ھەندێک ستراتیژ لە کاردا دەگۆڕێت
ستراتیژێتیی وەرگێڕانەکەم لە سەرەتادا بە بەراورد لەگەڵ سێ ساڵ دوای کارمدا جیاواز بوو. سەرەتا زۆر گوێم نەدەدا بە وەرگێڕانی وشەیەک بەرانبەر دەستەواژەیەک یان بە پێچەوانەوە، یان ھەندێک جار تەنانەت وەرگێڕانی وشەیەک بە ڕستەیەک. بەڵام دواتر و دوای ژیانی زیاتر لەگەڵ دەقەکەدا پێداگرتر بووم لەسەر وەرگێڕانی وشە بەرانبەر وشە، تا ئەوەندەی بکرێت.
بە شوێن ڕێی جۆیسدا
کە جۆیس وشەی gunrest لێک دەدات، منیش لە کوردیدا چەکنیشم بە ھەمان لۆژیک لێکداوە کە کەموزۆر لەسەر ھەمان بنەما لێکدراوە. بەڵام لە ھەندێک شوێنی دەگمەندا دەستەواژەیەکم بە وشەیەک، یان وشەیەکم بە دەستەواژەیەک وەرگێڕاوە. بۆ نموونە لە کوردیدا بۆ مەرگی جۆری ئاژەڵان ناوی جیاوازمان ھەیە. ئاژەڵی دڕندە و چوارپێ و ئەمانە دەتۆپن، باڵندەکان مردار دەبنەوە، مرۆڤ دەمرێت (وشەی مرد لەگەڵ ھەردوو وشەی murder و mortی ئینگلی ھاوڕیشەیە). بۆیە لە ئەڵقەی یەکەمدا کە گوایە مەڵیگن بە ستیفنی وتووە: «ئا، ھەر دێدالۆسە، ئەوەی دایکی بە شێوەیەکی ئاژەڵانە مردووە»، دەتوانین بە متمانەوە لە کوردییەکەدا بڵێین: «ئەوەی دایکی تۆپیوە». واتە وەرگێڕانی دەستەواژەیەک بە وشەیەک. لە ڕاستیشدا لە کوردیدا بێڕێزییەکی گەورەیە بە دایکی ھاوڕێیەکت بڵێیت: تۆپیوە و دەشێت تا ماوە لێت خۆش نەبێت. بەڵام بەدەر لە شوێنی وەھا دەگمەن، ھەوڵم داوە تا ئەوەندەی واتا بمێنێتەوە دوای جۆیس بکەوم و پیتێکی بۆ زیاد و کەم نەکەم.
ڕاڤە چەکی وەرگێڕە
من خۆشبەختانە چەکی وەرگێڕانی ڕاڤەشم بە دەستەوە بووە، بۆیە دەرگای پێداگریم بۆ کراوەتەوە کە ھیچی وەھا لە دەقەکە نەگۆڕم. بۆ نموونە لە ئەڵقەی سێیەمدا contransmagnificandjewbangtantialityم بە ھاوکرۆکگۆڕکێشکۆمەندجووھەرا وەرگێڕاوە. لە ئەڵقەی دوازدەیەمدا زیادەڕەوی لەم تەکنیکەدا (پۆرتمانتۆ) دەکات و وشەی Nationalgymnasiummuseumsanatoriumandsuspensoriumsordinaryprivatdocentgeneralhistoryspecialprofessordoctorی لێکداوە، کە ئێجگار جەفەنگییە و ناتوانیت تەماشای بکەیت و بزە نەکەیت. من بە ھەمان تەکنیک بە مامۆستایوانەبێژیتایبەتوئاساییتایبەتمەندیبواریمێژوویگشتییقوتابخانەیئامادەییومۆزەخانەوبووژانگەوڕاگرایەتیینیشتمانیپڕۆفیسۆردکتۆر لە کوردیدا وەرمگێڕاوە. کاتێک دەتوانیت ڕاڤە بکەیت، لەبەردەم ھەندێک لەم تەکنیکانەدا ئازادتر دەبیت وەک لەوەی کە ڕاڤە نەکەیت. پێم وایە ھەر لەبەر ئەم ھۆیەیە کە وەرگێڕێکی وەک دکتۆر تەھا مەحمود تەھا کە بۆ عەرەبیی وەرگێڕاوە، ھەندێک جار دەستی داگرتووە و بە شێوەیەکی ئاسانتر بۆ تێگەیشتن عەرەبییەکەی داڕشتووەتەوە. بۆ نموونە لەو دوو وشە ناوبراوانەدا وشەکانی جیا کردووەتەوە و دوودوو پێکەوە لکاندوونی. بەڵام ڕەنگە ئەگەر ئەویش ڕاڤەی بکردایە ئاسانکاریی لەم چەشنە نەکردایە.
لە بارەی دەقی تێھەڵکێشراوەوە
سەبارەت بە دەقە تێھەڵکێشکراوەکان: کە دێڕێکی دەرەکی ھێنراوەتە ناو ئولیسەوە، زۆر جار لە ئینگلییەکەدا دیارە بۆچی ئەو دێڕە ھێنراوە. ئەڵبەت وشەیەکی تێدایە کە لە ڕستەی پێشتردا ھەبووە و واتا کۆیان دەکاتەوە، یان وشە دەرەکییەکە لە ڕووی بیستنەوە پەیوەندی لەگەڵ وشەیەکی ڕۆمانەکەدا دروست دەکات. واتە لێکچوونی دەنگ کۆیان دەکاتەوە. ھەندێک جاریش ئەو دێڕەی ھێنراوە دەبێت بە ڕێبەری گۆڕانی ڕەوتی بیرکردنەوەی یەکێک لە کەسێتییەکان و گێڕانەوەکە. بەڵام ئەگەر ئەو دەقە تێھەڵکێشکراوە بۆ کوردی وەرگێڕرابێت، ئەوا مەرج نییە لە کوردییەکەشدا ھەمان ئەو وشەیە بە کار ھاتبێت کە لە ڕێیەوە بە دەقەکەی ئولیسەوە گرێ دەدرێتەوە. لەوانەیە وشەیەکی ھاوواتا بە کار ھاتبێت. یان وەرگێڕە کوردییەکە ئەو شوێنەی بە شێوەیەک داڕشتبێت کە لەگەڵ وەرگێڕراوە کوردییەکەمدا نەیەتەوە. ئەمە بە دیاریکراوی لە بەیتەکان و شانۆنامە ھۆنراوەییەکاندا ڕاستە.
دوو نموونەی کێشەی دەقاوێزان
بۆ نموونە وەرگێڕانەکەی ئۆدیسەی ھۆمیرۆس، دەقە وەرگێڕراوە کوردییەکە بە شێوەی دێڕی ھۆنراوەیی نییە، بەڵکو پەخشانە. بەڵام لە ئولیسدا شێوە ھۆنراوەییەکەی بە کار ھاتووە. بۆیە دەبێت کاتێک ئەم دەقانە دەھێنرێنە وەرگێڕانەکەی منەوە کەمێک چەکوشکاری بکرێن تا پەیوەندییان لەگەڵ ئولیسە کوردییەکەدا دەربکەوێت. یان زۆربەی جاران، لەبەر ئەوەی زۆربەی ئەو سەرچاوانە بۆ کوردی وەرنەگێڕراون، دەبێت خۆم ئەوانیش وەربگێڕم و بە شێوەیەک ئەم کارە بکەم کە پەیوەندی لەگەڵ ئولیسە کوردییەکەدا دروست بکات.
دوو ھۆی تریش ھەن کە کاریگەرییان لەسەر ئەم چەکوشکارییە دەبێت: لە لایەک شێوازی وەرگێڕانی من لە ھی وەرگێڕێکی تر جیاوازە، لە لایەکی تر کە جۆیس دەقاوێزان دەکات، دەقە ھێنراوەکە لە بەستێنەکەی خۆیدا بە کار دەھێنێت. واتە لە کوردییەکەدا دەبێت لە دیدی ئولیسەوە بڕوانیتە دەقە تێھەڵکێشکراوەکان، نەک بە پێچەوانەوە. یان ھەندێک جار دەبێت ڕوونکردنەوەیان لەسەر بدەم، بە تایبەتی لەو دەقانەدا کە لە کتێبی پیرۆزەوە ھێنراون. چونکە وەرگێڕانە کوردییەکەی کتێبی پیرۆز لە ھەندێک شوێندا لەو ئینگلییانە جیاوازە کە جۆیس بە سەرچاوە ھێناونی.
بۆ نموونە کە جۆیس دەستکاریی ھۆنەی ٥ی بەشی یەکەمی مزگێنی بە پێی نووسینی یۆحەنا دەکات و تاریکی و ڕووناکییەکە ھەڵدەگەڕێنێتەوە، لە ئولیسە ئینگلییەکەدا دەڵێت: «تاریکییەک لە ڕووناکیدا دەدرەوشێتەوە و ڕووناکییەکە تێینەگەیشتووە.». بەڵام لە مزگێنی بە پێی نووسینی یۆحەنادا دەڵێت: «ڕووناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە» نەک بە پێچەوانەوە. ئەمەندە گۆڕانەکەی دەستی جۆیسە، بەڵام گۆڕانێکی تر ھەیە کە پەیوەندیی بە وەرگێڕانەوە ھەیە، ئەویش وشەی تێینەگەیشتووەیە. ئەو وشەیە لە گریکیدا دوو واتای ھەیە، یەکێکیان تێنەگەیشتنە، ئەوی تریان زاڵبوونە. ھەر بۆیە لە وەرگێڕانە کوردییەکەی کتێبی پیرۆزدا دەڵێت: «ڕووناکییەکەش لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و تاریکییەکە بەسەریدا زاڵ نەبووە»، نەک «تێینەگەیشتووە». بێگومان لە کتێبی پیرۆزە کوردییەکەدا ئاماژە بە دوو واتایی وشەکە دراوە. بەڵام ئەوەی جۆیس بە کاری ھێناوە بە واتای تێینەگەیشتووەکەیانە، کە بێگومان منیش ھەر وا وەرمگێڕاوە، بەڵام تێبینیم لەسەری داوە.
ئایا من وەرگێڕی ھەموو زمانێکم؟
ھەروەھا لە وەرگێڕانەکەدا دەکەویتە بەر ئەو پرسیارەی ئایا دەقە بیانییەکانیش بۆ کوردی وەربگێڕیت یان نا؟ چونکە لە ڕۆمانەکەدا گەلێک وشە و دەستەواژە و ڕستە و تەنانەت گفتوگۆی بە زمانی جیاواز تێدایە. وەک گفتوگۆکەی ئالمیدەنۆ ئاڕتیفۆنی و ستیفن لە ئەڵقەی دەیەمدا کە بە زمانی ئیتالییە. ئەگەر بڕیار بدرێت وەرنەگێڕرێن، ئایا ڕێنووسە لاتینییەکەی خۆیان بھێنرێتەوە، یان ڕێنووسەکەیان بۆ کوردی بگوێزرێتەوە؟
من لە وەڵامی پرسیاری یەکەمدا نەخێرم ھەڵبژارد، کە دەقەکان وەک خۆیان بە زمانی خۆیان بھێڵمەوە و تەنھا ئینگلی وەربگێڕم. بۆ پرسیاری دووەمیش بڕیارم دا ڕێنووسی دەقە بێگانەکان بگۆڕم بە کوردی، چونکە زۆربەی کوردان ناتوانن زمانە بێگانەکان بە ڕێنووسی خۆیان بخوێننەوە، بەڵام بە ڕێنووسی کوردی دەتوانن ھیچ نەبێت بیخوێننەوە و وشەکان ببیستن، ئەگەرچی لێشیان تێنەگەن.
لە لایەکی ترەوە ئەگەر وەرگێڕ بڕیار بدات ھەموو زمانەکان وەربگێڕێت، ئەوا لە ئەڵقەی سێیەمدا دەڵێت: «بارەکەی بە کێش دەکات، شلێپ دەکات، تغۆن دەکات، ڕادەکێشێت، تراسکین دەکات». ئەمانە ھەموویان زۆروکەم ھەمان واتایان ھەیە، بەڵام ھەریەکەیان بە زمانێک. ئەو کاتە بە کوردی دەبێت بە «بارەکەی بە کێش دەکات، ڕادەکێشێت، ڕادەکێشێت، ڕادەکێشێت، ڕادەکێشێت».
ئولیس شارستانێتییەکە
ئولیس بەھەشتی زمانناس و ھونەرمەند و ڕۆشنبیرانە. دەتوانم بڵێم سەرچاوەیەکی گەورەی ڕۆشنبیرکردنیشە، ئەگەر ڕاڤەکانی لەگەڵدا بێت. ھەر خودی خۆم چەندین پەڕتووکم خوێندووەتەوە کە ئەم شاکارە پێی ناساندووم. ھاوکات ئەم ڕۆمانە وشیارترت دەکات بەرانبەر زمان و فەرھەنگت فراوانتر دەکات.
خۆم گەلێک بە بەختەوەر دەزانم کە لە ماوەی ژیانمدا ئولیسم ناسیوە. بۆ بەشکردنی ئەم بەختەوەرییە لەگەڵ کۆمەڵە خەڵکێکی ھاوزمانی خۆم، لەگەڵ ھەندێک ھۆی تریشدا، ڕۆمانەکەم بۆ زمانی کوردی وەرگێڕا. تۆی خوێنەری بەڕێزیش ئەگەر تا ئێرە گەیشتوویت و ئەم نووسینەمت ھەمووی خوێندەوە، ئەوا گەلێک سوپاست دەکەم و ھیوای تەندروستییەکی باش و مێشکێکی ئاسوودە و کاتێکی خۆشت بۆ دەخوازم. ئەگەر نووسینەکەمت بە دڵ بوو، ئەوا سوپاسگوزارم، ئەگەر بە دڵیشت نەبوو بیدە بە مۆڵی… بیکا بە کوێدا کەیفی خۆیەتی، قاچی مراوییەکە، قاچی مراوییەکە.
- لە ٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ – ٢٨ی تەممووزی ٢٠٢١ نووسراوە. بە دەنگی خۆم خوێندوومەتەوە و تۆمارم کردووە و لە ماڵپەڕەکەی خۆم بڵاوم کردووەتەوە. لە ١٤ی شوباتی ٢٠٢٥دا دەستکاریی پەرەگرافێکیم کرد کە باس لە ئەوی نێر و ئەوی مێ دەکات، لەو جێیەوە کە نووسیومە: «لە ساڵانی یەکەمی وەرگێڕانم و…» تا ئەو جێیەی نووسیومە: «…ئێستا زۆربەی کات لە بری ئەوی نێر دەنووسم وی لە بری ئەوی مێ دەنووسم وێ» نوێن. لە ١١ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە و سەردێڕی نوێم بۆیان داناوە. ↩︎
- تیلنیشان: بە ئینگلی allusion، ئاماژەدانێکی ناڕاستەوخۆیە بە کەس، شوێن، بیر، باوەڕ یان ھەر شتێکە بێ ئەوەی ناوی شتەکە بھێنرێت. پێشتر بە «لاماژە» وەرمگێڕابوو، ئەوەم لابرد. داوای لێبوردن دەکەم. ~ن.م. ↩︎
ژیننامەی نوێ
پار لە ٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا چەند دێڕێکی نوێم لەسەر ژیننامەی خۆم نووسییەوە، دوێنێ لە ٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەم بۆی کرد و لە لاپەڕەی ژیننامەکەمدا لەم ماڵپەڕەدا بڵاوم کردەوە.
ژیننامەکەی پێشووم کەمێک درێژدادڕ بوو، بە نزیکی ٦٢٠٠ شەش هەزار و دوو سەد وشە بوو، ئەم ژیننامەیەی ئێستام پوختترە و کەمێک زیاترە لە هەزار وشە. دەتوانی لێرەدا کلیک بکەی تا ژیننامە نوێکەم بخوێنیتەوە.
سوپاس.
نەستژەنیی ١٨
نەستژەنیی هەژدەیەم: لۆتوسخۆران
لۆتوس، بە ئینگلی (Lotus): لە فەرهەنگی کۆڵینزەوە: «جۆرێکە لە گوڵی شلێری ئاوی، کە لە ئەفەریقا و ئاسیا دەڕوێ»؛ ئەم گوڵە لە شاکاری دووەمی هۆمەر (هۆمیرۆس)دا، کە ئۆدیسەیە، باس کراوە، بەڵام ئەم جۆرە گوڵەیان وا دیارە هێشتا دەستنیشان نەکراوە چ جۆرێکە بە دیاریکراوی، چونکە هەندێ ئەدگاری تایبەتی هەیە، بۆیە تا ئێستاش لە وێژەدا دەوترێ کە: «لۆتوس گوڵێکی ئەفسانەییە». لۆتوس-خۆران، یان هەمووی پێکەوە: لۆتوسخۆران، خەڵکانی شوێنێکن کە لە ئۆدیسەدا باسیان دەکرێ، دان گیفرد، کە شارەزایەکی کارەکانی جەیمس جۆیسە، بەم شێوەیە لەسەری دەدوێ:
دوای ئەوەی ئۆدیسیۆس لە دوورگەکەی کالیپسۆ دەردەچێ و لە ڕێی دەریاوە دەگاتە شاری سکێریا (پەڕتووکی شەشەم) و لە کۆشکی شا ئەلکینۆسدا پێشوازیی لێ دەکرێ و خزمەت دەکرێ (پەڕتووکی حەوتەم و هەشتەم)؛ لە پەڕتووکی نۆیەمدا خۆی بۆ ئەلکینۆس ئاشکرا دەکا کە کێیە و دەستدەکا بە گێڕانەوەی چیرۆکی بەسەرهاتەکانی لە ترۆیاوە: «ساڵانی بەسەرهاتی ناخۆش، بە چاودێریی زووس تێپەڕی» (پەڕتووکی نۆیەم: دێڕی ٣٧-٣٨) لە سەرەتای بەسەرهاتەکەیدا زریانێک خۆی و پیاوەکانی بەرەو خاکی لۆتوسخۆرەکان دەبا: «کە لەسەر گوڵێک دەژیان» (پەڕتووکی نۆیەم: دێڕی ٨٤) ئۆدیسیۆس لە کەشتییەکەی دادەبەزێ. هەندێ لە پیاوەکانی ئۆدیسیۆس خەڵکە لۆتوسخۆرەکان دەناسن کە لەگەڵیاندا مامەڵەیان دۆستانەیە، لۆتوسخۆرەکان لۆتوس دەدەن بە ئەوان و ئەوانیش دەیخۆن و گوڵەکە وایان لێ دەکا بۆ هەمیشە حەز بکەن لەوێ بمێننەوە:
«حەز دەکەن بۆ تاتایە لەوێ بمێننەوە،
لەسەر ئەو گوڵە ڕەسەنە بژین، خاکی خۆیان لە بیر بچێتەوە»
(پەڕتووکی نۆیەم: دێڕی ٩٦-٩٧) ئۆدیسیۆس پیاوە ئالوودەبووەکان دەهێنێتەوە ناو کەشتییەکان و دەکەوێتەوە ڕێ.
لۆتوسخۆران ناونیشانی ئەڵقەی پێنجەمی ڕۆمانی ئولیس (یولیسیس)ی جەیمس جۆیسیشە.
نەستژەنیی ١٧
نەستژەنیی حەڤدەیەم: ڕامان لە ئاڵۆسکان
نەستژەنیی ١٦
نەستژەنیی شانزەیەم: لێخۆشبوون
نەستژەنیی ١٥
نەستژەنیی پانزەیەم: باوەشێک
نەستژەنیی ١٤
نەستژەنیی چواردەیەم: بۆهێڵ (جین)
نەستژەنیی ١٣
نەستژەنیی سیانزەیەم: ژەندنی خراپ
ئەم موزیکە لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠ دا تۆمار کراوە، ئەو کات گەلێ بە خراپم زانی و بە شایستەی ئەوەم نەزانی بڵاوی بکەمەوە، لە ٥ی مایسی ٢٠٢١دا دیسان گوێم لێگرتەوە و وتەکەی خۆمم بیرکەوتەوە کە لە (نەستژەنی)دا نووسیبووم، بڕیارم دا بەو کەموکووڕییەوە هەر بڵاوی بکەمەوە. ئەم موزیکانە هەموویان هەر یەکەم جار ژەنراون و چۆن دەرچوون ئاوها بەرهەمهاتوون، بۆیە لە کەمتەرخەمیم ببوورن.
چەمەری وایڵد
چەمەر
ئۆسکار وایڵد (١٨٥٤-١٩٠٠) ئەم هۆنراوەیەی نووسیوە. چەمەر لە زمانی کوردیدا شیوەنێکە بۆ مردوو دەگێڕرێ یان دەنووسرێ. وایڵد ئەم هۆنراوەیەی لە ساڵی ١٨٨١دا بۆ شینی (ئیزۆلا)ی خوشکی خۆی نووسیوە کە لە ٢٣ی شوباتی ١٨٦٧دا لە تەمەنی نۆ ساڵاندا بە هەوبوونی پەردەکانی مێشک مرد، ئەو کاتە وایڵد خۆی دوانزە ساڵان بوو. بەڵام مردنی ئەم خوشکەی بە درێژایی ژیانی زامێکی ساڕێژنەبووی لە دڵیدا بە جێ هێشت. دوای نزیکەی سیانزە ساڵان، کە هەر لە بیری ئیزۆلادا بوو، ئەم هۆنراوەیەی بۆ نووسیوە. وایڵد هەرگیز ددانی بەوەدا نەنا، چ لە ژیان و چ لە هۆنراوەکەشدا کە ئیزۆلا مردووە، لە نامەوانەیەکی بچکۆلەدا پرچی ئیزۆلای هەڵگرتبوو، خۆی بۆ هەر شوێنێک بچووایە، ئەو پرچەشی لەگەڵ خۆیدا دەبرد، تەنانەت کە خۆی لە ساڵی ١٩٠٠دا لە تاراوگە و دەربەدەری و هەژاریدا سەری نایەوە و مرد، ئەو نامەوانەیەی پرچەکەی تێدا بوو، هەر پێی مابوو، لەسەری نووسرابوو: «پرچی ئیزۆلاکەم، لە ٢٣ی شوباتی ١٨٦٧دا کۆچی کرد، نەمردووە، بەڵکو نوستووە». ئەمە وەرگێڕراوی هۆنراوەکەیە بە کوردی:
بە ئەسپایی پێت دابنێ،
لەو ژێر بەفرەدا نزیکە،
هێمن بدوێ
چونکە دەنگی پشکووتنی گوڵنیشانیش هەر دەبیستێ.
ورشەی پرچە زێڕینەکەی
ئێستا ژەنگ ماتی کردووە،
ئەوێک ڕۆژێ گەنج و جوان بوو
ئێستا لە گڵدا گەوزاوە.
وەکو شلێر، سپی وەک بەفر،
خۆ فریا نەکەوت بزانێ
کە کچێکە و
ئەوەندە جوان گەورە دەبێ.
تەختەی تابووت، بەردی گڵکۆ
لەسەر سنگی ڕاکشاون،
من تەنیام و دڵم زیزە
کە ئەو ئێستا پشووی داوە.
بە ئارامی، بە ئارامی، گوێی لێ نابێ
نە سازی چەنگ، نە شیعری مەنگ،
ژیان و دەسمایەی ژینم لێرە نێژران،
خاک بە سەریا گرد بکەنەوە.
لە ئەڵقەی سێیەمی ڕۆمانی ئولیسدا، لە نووسینی جەیمس جۆیس، ستیفن دیدەڵس، کە یەکێکە لە کەسێتییە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە، وێنا دەکا کە دەچێ بۆ ماڵی خاڵی، کە ناوی (ڕیچی گولدینگ)ە، لە پشت سەری خاڵییەوە ئەم هۆنراوەیە لەسەر پارچە تەختەیەک نووسراوە و هەڵواسراوە. ئەویش لەبەرئەوەی کەمتر لە ساڵێک لەوەوبەر دایکی ستیفن، کە دەکاتە خوشکی ڕیچی گولدینگ، پاش تلانەوەیەکی درێژخایەن بە دەست نەخۆشییەک، کە وا دیارە نەخۆشیی شێرپەنجە بووبێ، مردووە. لە ڕۆژی ٣١ی ئازاری ٢٠٢١دا کە ڕاڤەی ئەم ئەڵقەیەم وەردەگێڕا، ئەم هۆنراوەیەشم لەگەڵیدا وەرگێڕا.
گوڵنیشان، بە ئینگلی (daisy): گوڵێکی بچکۆلەی کێوییە، ناوەڕاستەکەی تۆپێکی زەردی خڕە و گەڵای سپیی وردی بە دەورەوەیە. ئەگەرچی لە هەندێ لە فەرهەنگەکاندا بە: «گوڵی مینا، چاوپشیلە، خەزێمۆک، داودی» و چەند ناوێکی تریش هاتووە، بەڵام من ناوەکەم لە فەرهەنگی ڕووەکناسیی کوردستان و فەرهەنگی فارسی-کوردییەوە هێناوە، کە هەردووکیان «گوڵنیشان» پشتڕاست دەکەنەوە.
ئەمەی خوارەوە دەقە ماکەکەی وایڵد خۆیەتی:
Requiescat
Tread lightly, she is near
Under the snow,
Speak gently, she can hear
The daisies grow.
All her bright golden hair
Tarnished with rust,
She that was young and fair
Fallen to dust.
Lily-like, white as snow,
She hardly knew
She was a woman, so
Sweetly she grew.
Coffin-board, heavy stone,
Lie on her breast,
I vex my heart alone
She is at rest.
Peace, Peace, she cannot hear
Lyre or sonnet,
All my life’s buried here,
Heap earth upon it.
گۆرانییەکەی فێرگس
گۆرانییەکەی فێرگس[1]
داخۆ ئێستا کێ بێ لەگەڵ فێرگس بڕوا
تا تارای تاری قووڵایی جەنگەڵ ببڕێ و
لەسەر کەنارە تەختەکە[2] سەما بکا؟
هۆ کوڕەکە، ئەو برۆ ئاڵەت هەڵببڕە،
تۆش کچەکە، پێڵووی ناسکت بڵند کە،
بەسە ترس، بە هیواوە ڕابمێنن.
چیتر بەسە دۆشدامان و پیشخواردنەوە
بۆ تاڵاوی ڕازی ئەوین،
چونکە فێرگس گالیسکەی مس دەئاژووێ و
تاریکستانی جەنگەڵ و
سینەی سپیی دەریای تار و
گشت ئەستێرە گەڕۆک و ژاکاوەکانیش
ڕام دەکات و دەیانخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.
[1] نووسینی ولیەم بەتڵەر یەیتس (١٨٦٥-١٩٣٩)، لە ١٩ی شوباتی ٢٠٢١دا وەرمگێڕاوە. ناونیشانی هۆنراوە ئینگلییەکە «کێ لەگەڵ فێرگسدا دەڕوا»یە، جەیمس جۆیس وتوویەتی: «جوانترین هۆنراوەی هەموو جیهانە» یەیتس هۆنەر و شانۆنووس و یەکێک بووە لە گرنگترین نووسەرەکانی ئایرلاند و سەدەی بیستەم، لە ساڵی ١٩٢٣دا خەڵاتی نۆبڵی وێژەی وەرگرتووە.
فێرگس ماک ڕۆییخ لە ئەفسانەی ئایریدا برای پاشای ئۆڵستەرە و سەردەستەی تیپی سوارەی پاشاییە و مەشق بە جەنگاوەران دەکا. ئۆڵستەر و کۆنەخت دووانن لە هەرێمەکانی ئایرلاند. براکەی فێرگس لە جەنگێکدا دەکوژرێ و بە گوێرەی نەریتی میرات، دەبێ فێرگس ببێ بە پاشا. فێرگس دەشیەوێ براژنەکەی خۆی بخوازێتەوە، بەڵام براژنەکەی بۆ شووکردنەوە مەرجێکی هەیە، ئەویش ئەوەیە دەبێ کوڕەکەی خۆی، کە ناوی (کرۆخۆر ماگنێسا)یە، بۆ ماوەی ساڵێک پێش فێرگس ببێ بە پاشا. فێرگس قایل دەبێ و کرۆخۆری برازای دەبێ بە پاشا. بەڵام ئەم برازایە ئەوەندە پاشایەکی باش و لێهاتوو دەردەچێ، کە دوای ساڵەکە پیاوماقووڵانی ئۆڵستەر دەیکەنە پاشای هەمیشەیی خۆیان. فێرگس لای گرنگ نییە و کارەکەی خۆی وەک سەردەستەی سوارە و سوپا پێ خۆشە و دەست دەکاتەوە بە مەشقی جەنگاوەران. یەکێک لە قوتابییە جەنگاوەرەکانی ناوی (زەتانتا)یە و کە گەورەتر دەبێ، شەڕکەرێکی گەورەی لێ دەردەچێ و بە ناوی (کووخۆلین) دەناسرێ. ڕۆژێک پاشا کروخۆر بانگهێشتی ماڵی سەرۆکی هۆزەکەیان دەکرێ، بەڵام لەوێ لە پرزانگی ژنی سەرۆکی هۆزەکەیدا گوێی لە قیژەی مناڵێک دەبێ. دواتر ئەم مناڵە لە دایک دەبێ و کچ دەردەچێ و ناوی دەنێن (دییەدرە). بەڵام کروخۆر بەردەوام قیژەی مناڵەکە لە سکی دایکیدا لێکدەداتەوە و دواجار دەچێتە لای گەورەی درویدەکان، سەرۆکی درویدەکان ئەم قیژەی ناو پرزانگە وا لێکدەداتەوە کە دییەدرە کە گەورە بوو دەبێ بە جوانترین کچی ئایرلاند، بەڵام ئەگەر شوو بە پاشا بکا، ئەوا کارەساتێک تووشی ئۆڵستەر دەکا. کارەساتەکەش ئەوەیە کە هەموو جەنگاوەرەکانی ئۆڵستەر بە فێرگسیشەوە، دەردەکرێن. ڕاوێژکارەکانی پێشنیار دەکەن مناڵەکە بکوژن، بەڵام کروخۆر دەکەوێتە خەیاڵی جوانیی ئایندەی کچەکەوە، دایدەنێ کە دییەدرە گەورە بوو بیخوازێ. کە دییەدرە گەورە دەبێ، کروخۆر دەیخوازێ، بەڵام ئەو نایەوێ شووی پێ بکا چونکە زۆر لەو بەتەمەنترە، بەڵکو حەز لە کوڕێک دەکا بە ناوی (نۆیشا)وە، کە یەکێکە لە جەنگاوەرەکانی ژێردەستی فێرگس و ئامۆزای کووخۆلینە. دییەدرە لەگەڵ نۆیشادا ڕەدوو دەکەوێ و جەنگاوەرەکانی کروخۆر دوایان دەکەون و ئەوانیش خۆیان دەشارنەوە. پیاوماقووڵان پێشنیار دەکەن کروخۆر لێیان ببوورێ و ئاشت ببنەوە تا بگەڕێنەوە. نۆیشا بە مەرجێک ڕازی دەبێ بگەڕێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە فێرگس و هەندێ لە سوارەکان لەگەڵیدا بن تا بۆ ئۆڵستەر دەگەڕێنەوە. ئەگەرچی دییەدرە هەست دەکا پیلانێک لە پشت ئەمەوە هەیە و کروخۆر دەیەوێ هەڵیانبخڵەتێنێ، نۆیشا گوێ ناداتێ. فێرگس دەیانگەڕێنێتەوە، بەڵام لە ڕێگادا سەرۆکهۆزێک بانگهێشتی فێرگس دەکا بۆ نانخواردن و ئەویش بە دەنگ بانگهێشتەکەوە دەچێ. نۆیشا و دییەدرە ناچار دەبن لەگەڵ (فیاها)ی کوڕی فێرگسدا بڕۆن. لەم کاتەدا دەردەکەوێ کە کروخۆر ئەمەی بۆ پیلان گێڕاوە و پیاوکوژێکی بە دوایاندا ڕاسپاردووە کە نۆیشا بکوژێ، لەم پەلامارەدا نۆیشا و فیاهای کوڕی فێرگسیش دەکوژرێن و دییەدرە بە دیلی دەگەڕێنرێتەوە لای کروخۆر. کە فێرگس ئەمە دەبیستێتەوە کۆمەڵێک جەنگاوەر کۆ دەکاتەوە و هەڵدەکاتە سەر برازاکەی خۆی و زۆربەی پاسەوانەکانی و خێزانەکەی دەکوژن و ئاگر لە کۆشکەکەی بەردەدەن، بەڵام دەستی بە خۆی ناگا. پاشان لە داخی مردنی کوڕەکەی و خیانەتی برازاکەی، ئۆڵستەر بە جێ دەهێڵێ و پەیوەندی بە دوژمنانی ئۆڵستەرەوە دەکا، کە شانشینی کۆنەختن. هەر زووبەزوو، فێرگس دەبێتە متمانەپێکراوترین ڕاوێژکاری شاژنی کۆنەخت کە ناوی (مێڤ)ە، دواتریش ئەوینداری یەک دەبن، سەرەڕای ئەوەی مێڤ شووی کردووە و ژنی پاشای کۆنەختە کە ناوی (ئەڵیڵ)ە. فێرگس حەوت ژنی پێویستە لە شەوێکدا تا ئارەزووی دابمرکێتەوە، بەڵام مێڤ و ژنێکی تر بە تەنیا دەتوانن ئارەزووی ئەو تێر بکەن، ژنەکەی تر ناوی (فڵییاژ)ە، کە بانووخودای ڕەشەوڵاخ و مناڵبوونی کەڵتییەکان بووە. دواتر فێرگس فلییاژ دەخوازێ و پەیوەندیشی لەگەڵ مێڤدا دەمێنێتەوە. پاش ماوەیەک شەڕ لە دژی ئۆڵستەر هەڵدەگیرسێنێتەوە. لە شەڕەکەدا فێرگس کروخۆر ئابڵووقە دەدا، بەڵام بە هۆی لێهاتوویی کووخۆلینەوە، کە قوتابیی خۆی بوو و لە بەرەی ئۆڵستەردا دەجەنگێ، فیرگس سەرکەوتوو نابێ و شەڕەکە بە قازانجی کووخۆلیندا دەشکێتەوە. مێڤ هەست بە شەرمەزاری دەکا و بڕیار دەدا بێ فێرگس لەگەڵ ئۆڵستەردا بجەنگێ و خۆی سەروکاریی جەنگەکە دەکا و کۆنەخت بە جێ دەهێڵێ. فێرگس و ئەڵیڵ لە کۆنەخت تەنیا دەمێننەوە و ئەڵیڵیش لە تۆڵەی ئەوەی فێرگس لەگەڵ ژنەکەیدا جووت بووە، فێرگس دەکوژێ.
ئەمەی خوارەوە دەقە ماکەکەی یەیتس خۆیەتی:
Who goes with Fergus?
Who will go drive with Fergus now,
And pierce the deep wood’s woven shade,
And dance upon the level shore?
Young man, lift up your russet brow,
And lift your tender eyelids, maid,
And brood on hopes and fear no more.
And no more turn aside and brood
Upon love’s bitter mystery;
For Fergus rules the brazen cars,
And rules the shadows of the wood,
And the white breast of the dim sea
And all dishevelled wandering stars.
[2] کەنارە تەختەکە: واتە کەنارەکە تەخت بێ، نەک تەختە بێ.
نەستژەنیی ١٢
نەستژەنیی دوانزەیەم: خاتوو لیپینسکا
نەستژەنیی ١١
نەستژەنیی یانزەیەم: ئۆد
یەکەم دیبەیتی هۆنوس
هۆنوسیاد: یەکەم دیبەیتی هۆنوس[1]
هۆنوسی ماک، هۆنوسی بپرس، لە ترسی دوژمنانی پرسیار ناوی خوازراوی (نادیار پەیامهێن)ی لە خۆی نا. لە ئێستا بە دواوە هەر کاتێک ناوی نادیار پەیامهێنتان دی، ئەوە هۆنوسە. بیگرن، لەسەر پرسیارەکانی پارچەپارچەی بکەن؛ لە خاچی بدەن؛ بە زیندوویی بیکەن بە قوڵفەی پۆڵادا؛ ژەهر بڕێژنە داڵانی گوێچکەکانییەوە؛ بە زیندوویی پێستەی بکەن و بیخەنە خوێیاوەوە؛ دەستی ڕاست و قاچی چەپی ببڕنەوە؛ لە ملی بدەن؛ بە ئەڵقەتایەی ئاگرین بیبەستنەوە، با نەوێرێ پرسیار بکا. مناڵەکانتان فێر نەکەن وەک هۆنوس پرسیار بکەن، نەبادا دوایی ئاسوودە ببن! نەبادا زانا و دانایان لێ دەربچێ. نەکەن مناڵ فێری پرسیار بکەن، نەبادا پێیان بڵێن ئێسکگران، نەبادا لەبەرچاوی بێڕەنگی ملشۆڕ و ملکەچە بێپرسیارەکاندا ناشرین ببن!
باوەڕت سێدارەیە، دۆگمات تەنافە، زووبە دەی
بیخە ئەستۆی من کە پرسیم، پرس بەشی خنکاندنە[2].
بەژنەکەت سێدارەیە، کەزیەت تەنافە، زووبە دەی
بیخە ئەستۆی من کە کوردم، کورد بەشی خنکاندنە[3].
نادیار پەیامهێن (کە هەر هۆنوسە، بەڵام با بڵێین کەسێکی ترە… ئا… ئا، تۆ نازانی لووتی کەمتیارە نەپرسەکان بۆ بۆنکردنی زانینخواز و بپرسەکان چەند بەهێزە! زۆربەی کاتیش کەسە نەپرسەکان لە شێوەدا هەر لە کەسە بپرسەکان دەچن، بەڵام هەندێ جار بە شێوەی جلوبەرگ و ڕوخساریاندا خۆیان جیا دەکەنەوە، ئەمانە ئەوانەن کە پلەیان وەرگرتووە و مەدالیای ئازایەتی کراوە بە ڕوخسار و جلوبەرگیانەوە و بە ئاشکرا شانازی بە زانایی خۆیانەوە دەکەن لە نەزانیدا، واتە زانان لە نەزانیدا)… نادیار پەیامهێن کەوتە گێڕانەوە:
ڕۆژێک کە لە قوتابخانەی ئامادەیی بووم، واتە ساڵی ٢٠٠٢، لە وانەیەکدا مامۆستاکەمان پرسی: «ئایا دەزانن تا ئێستا کەسێک کە مێشکی بە زۆرترین ڕێژە بە کار هێنابێ کێیە؟» خوێندکارەکان هەموو بێدەنگ بوون. مامۆستا پاش بێدەنگیی خوێندکارەکان بە بزەیەکی هەستکردن بە زیرەکییەوە وتی: «ئەنیشتاین!» مامۆستا بۆ کەمێکیش هەر تەماشای هەمووانی کرد و بێدەنگی باڵی بەسەر پۆلەکەدا کێشا. هەستێکی هەڵەشەی لەناکاو هێرشی بۆم هێنا و بۆ چرکەیەک لەشمی بە کار هێنا و خۆی دەرفیچقاند. هەستە هەڵەشەکەم لە دەممەوە پرسی: «چۆن، مامۆستا؟» مامۆستا کە خواخوای ئەم پرسیارەی بوو تا زانیارییەکانی مانۆڕ بکا، وتی: «بە کۆمپیوتەر توێژینەوەی لەسەر کراوە کە لە هەموو کەسێک زیاتر مێشکی بە کار هێناوە».
ئەگەرچی ئێمە مناڵییەکی دەوڵەمەندانەمان بە سەر نەبردبوو، بەڵام دەمێک بوو کۆمپیوتەرمان هەبوو، منیش لەچاو زۆربەی خەڵکی هەموو عێڕاقدا زیاتر لە کۆمپیوتەرم دەزانی. بۆیە کە کەسێک زاتی دەکرد باسی کۆمپیوتەر بکا، هەستێکی هەڵمەتبەرم بۆ دەهات و وای دەکرد هەست بکەم ناچارم خۆم هەڵبقورتێنمە هەموو باسێکی تەکنەلۆژیاوە، چونکە بواری تەکنەلۆژیام بە هیی خۆم دەزانی. بۆیە هەستە هەڵەشەکەم خێراتر لە پێشوو، بێ ئەوەی بۆ ڕاوێژی کۆمەڵگا باڵا توواوەکەی ناخم بگەڕێتەوە، کە ئەوکاتە ئەم کەرملەم ناو نەنابوو «هۆنوسی دووەم»، خێرا هەڵقورتایەوە و وتی: «مامۆستا، ئەوە لە کاتێکدا ڕاست دەبێ کە ئەو تاقیکردنەوەیە لەسەر مێشکی هەموو مرۆڤێکی تری سەر زەوی کرابێ و لە بەراوردی هەموواندا دەردەکەوێ ئەو لە هەموومان زیاتر مێشکی بە کار هێناوە». مامۆستا وتی: «نەخێر! چۆن وا دەڵێی؟ چۆن ئەمەت هەڵهێنجاند؟»
من لە ڕاستیدا لەو کەسانە نیم خەڵک بە درۆ بخەمەوە و دیبەیت لەگەڵ هیچ کەسێکدا بکەم، بەڵکو زیاتر تەنها خۆم بە بێدەنگی لە شتەکانی چواردەورم ڕادەمێنم و بیر دەکەمەوە. پێشم وایە ئەگەر بیرکردنەوەیەکی پێشینەم نەبووایە، هەرگیز نەمدەتوانی و نەمدەوێرا یەکسەر ئاوها بێ بیرکردنەوە لەگەڵ مامۆستاکەمدا، لەگەڵ سەرگەورەکەمدا، خۆم بخەمە ناو دیبەیتێکی وەهاوە. هەر لە مناڵیمەوە وا لە مێشکمدا چەسپێنراوە و چەسپاوە کە هەمیشە هەموو گەورەترێک لە تۆ، بە تایبەتی مامۆستاکەت، لە تۆ زیرەکترە و دەبێ لەگەڵیدا زۆر نەرمونیان بی، وەک بڵێی مامەڵە لەگەڵ هێلکەدا دەکەی، دەبێ هەرگیز نەهێڵی بشکێ! چونکە ئێمە لە لایەن کەسانی بچووکەوە فێر کرابووین کە ئەوانەی لە ئێمە گەورەترن، تەنانەت بە خودای دروستکەری هەموو جیهانیشەوە، دەبێ زۆر بە ترساوی و تۆقیوی و ملکەچی و سەرشۆڕی هەمیشە ڕێزیان بگرین، نەکا تووڕە ببن. کۆرپەی تۆقینیان هێنا و بە قوماتەی ڕێز پێچایانەوە و بە زنجیری پیرۆزی لە دڵ و مێشکمانیان کڵۆم کرد. یەکێک لە هۆکارە هەرە مەزنەکانیش ئەوە بوو کە نەبادا بوێرین پرسیارێک بکەین کە بەگژ ڕێژەی زیرەکیی و ئاستی زانیاریی مامۆستاکانماندا بچێتەوە، چونکە پرسیار گەورەترین دوژمنی فێرکارییەکانی ئێمە بوو. تا ئێستاش هەندێ جار تەنانەت کە لە هەواڵی خەڵکانی لە خۆم گەورەتریش دەپرسم، لە ناخمدا بوومەلەرزەیەک ڕوودەدا. چۆن وێرام پرسیار بکەم؟ چۆن دەبێ مناڵ لە گەورە بپرسێ؟ چۆن بە گەورەتر لە خۆت دەڵێی: «چۆنی؟» دەبێ هەمیشە ئەو لێت بپرسێ چۆنی! دونیا وەهایە و بیکە بە ئەڵقە و بیکە بە گوێتەوە. لە پەروەردەکەی مناڵیمەوە، هەمیشە هەوری قێزکردنەوە لە مرۆڤی پرسیارکەر بەسەر ئاسمانی هەرزەکاریمەوە بوو. ئەوەندە تۆقینم لە پرسیار هەبوو، کە ئەگەر پرسیاریان لە خۆیشم بکردایە نەمدەوێرا هەر پرسیارەکەش ببیستم، خۆم لێی کەڕ دەکرد، نەبادا پرسیار وەک گڕکان بپرژێ و گڕکاناوەکەیم بەربکەوێ و منیش داخ بکا. زۆر زۆری ویست تا ئەم کۆرپە نەفرەتییەم لە ناخمدا خنکاند. ئێستاش سێبەری بێشکە پیسەکەی لە دڵ و مێشکمدا ماون و وا کارێک دەکەم سێبەرەکەشی فڕێ بدەم. بەڵام ترسە هەرە گەورەکە ئەوەیە کە برا و باوک و مام و خاڵ و باپیر و باوەگەورانی ئەم کۆرپەیە، هەموویان بە چواردەورمەوەن. تا ئێستاش نەموێراوە بڵێم: «کۆرپەکەتانم کوشت و چیتر ناهێڵم دڵ و مێشکی من ببێ بە لانکە و پێگەی بەرهەمە قێزەونەکانی ئێوە. چیتر بۆتان نییە دەروونی من بۆ درێژکردنەوەی دۆگماکانتان بە کار بهێنن. چیتر ئەم دەروونەمتان نادەمێ ژەهری باوەڕە چەقبەستووەکەتانی تێدا هەڵبگرن».
ئەگەر ئێمە پرسیار بکەین لە بێڕێزیدا نییە، بەڵکو دەزانین کە نازانین و دەمانەوێ بزانین، ئەی کە گەورەکان دەزانن ئێمە نەزانین، بۆچی تووڕە دەبن؟ چ مێشکێک خۆی هەموو زانیارییەکی تێدایە کە دێتە دونیاوە؟ هەموو مێشکێک هەر بە پاکی نایە و چواردەور ژەهراویی دەکەن؟ چۆن دەبێ گەورە لە نەزانیی بچووک تووڕە ببێ؟ چۆن دەبێ دانا لە ساویلکەیی نادان تووڕە ببێ؟ ئایا بە ڕاستی ترس و تۆقین و خۆشەویستی پێکەوە کار دەکەن؟ پێکەوە دەژین؟ کوا خۆشەویستی و تۆقین پێکەوە دەژین؟ چۆن دەبێ بەهێز، کە دەزانێ بەهێزە، مانۆڕی بەهێزییەکەی بەرانبەر بێهێزان بکا؟ چۆن دەبێ ڕوناکی لە تاریکی بترسێ؟ هەمیشە نادان لە دانا و هەمیشەش تاریکی لە ڕوناکی و هەمیشەش بێهێز لە بەهێز ترساون. بەڵام تۆ، ئەی بەدبەخت، ئەی خوێندکارە بپرسە چاونەترسە ئێسکگرانەکەی دەبێ لە هەموو شوێنێک بوون و ئامادەیی خۆت، بێ ویستی خۆت، نمایش بکەی؛ تۆ، ئەی ئەو کەسەی بە ڕوواڵەت هیچ پرسیارێکت سەبارەت بە گەردوون و دۆگما و باوەڕ نییە و لە ناخیشتدا بناغەی هەموو زانیارییەکت نیشانەیەکی پرسیارە؛ تۆ، ئەی ئەو کەسەی بە ڕوخسار زۆر سەنگین دیاری و لە ناخیشدا ئەوینداری پێکەنینێکی هەمیشەییت؛ تۆ، ئەو کەسەی بە ڕوخسار ڕقت لە هەموو گۆرانییەکە و لە ناخیشتدا هەزاران گۆرانیت ئەزبەر کردووە: فەرموو مامۆستاکەت پرسیاری لێت کرد، چۆن گەیشتی بەم دەرئەنجامە؟ بۆی ڕوون بکەرەوە.
لە ڕاستیدا لەو ڕۆژانەی مامۆستا ئەو قسەیەی کرد، بابەتێکی تری وەها سەرنجی ڕاکێشابووم و چەند ڕۆژێک بیرم لێی کردبووەوە. بۆیە ئەم بابەتەم لەگەڵ مامۆستاکەمدا بەش کرد: «مامۆستا، لەم ڕۆژانەدا خزمێکم وتی: «موهیمترین دەنگ هیی ئیبراهیم تاتڵسە، لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، بەخوا، داویانە لە کۆمپیوتەر! تاتڵس تەبەقەیەک لە قورگیدایە کە کەسی تر نییەتی. دەڵێن تەنها سەی عەلی ئەسغەر ئەو تەبەقەیەی هەبووە، بەڵام ئەویش مردووە» دوو سێ شەو هەر بیرم لەو قسەیە دەکردەوە. ئێ کوا، خۆ دەنگی من لە کۆمپیوتەر نەدراوە و بە تەنیشت هیی تاتڵساسەوە دانرابێ تا لە بەراوردکاریدا بزانرێ دەنگی ئەو «موهیمترین»ە. بۆیە بڕوا ناکەم ئەم زانیارییانە تەندروست بن».
باشە بۆچی هەمیشە ئەفسانەکان کۆن و دوورن؟ هەموو پەڕجووەکان کۆن و دوورن؟ بۆچی ئەفسانەی نوێ و نزیک نین؟ پەڕجووی نوێ و نزیک نین؟ بۆچی دەبێ هەر دەزووی چیرۆکێک کە نەچوو بە کونی دەرزیی لۆژیکدا هەمیشە دێرین بێ؟ ئەم دەزووە ڕزیوە هیچ قوماشێک پێکەوە گرێ نادا! هیچ بەرگێک دروست ناکا! تووڕی دەن!
مامۆستا وتی: «نا وا نییە باوکی من، تۆ هەڵە تێگەیشتووی… خۆی کە توێژینەوە لە شتێکدا دەکرێ… ژممامدمررمبەمخممهممدمم…» مامۆستا کۆمەڵێ شتی زۆری وت، بەڵام لەناکاو کۆمەڵگا توواوەکەی ناخم ڕابوو و لە ناخمدا کەوتمە گێژاوی لێپێچینەوەیەکی گەورەوە: چۆن وێرام وا بکەم؟ بۆچی ئەم قسەیەم کرد؟ تۆ کێی قسە بکەی؟ چۆن لە خۆتەوە هەڵەوەڕی دەکەی؟ چۆن دەبێ بە مامۆستا بڵێی وا نییە؟ ئەوە بۆچی هەمووان تەماشام دەکەن؟ ئێستا مامۆستا لێمدەدا! تۆ بڵێی دەرمنەکەن؟ دوایی دەڵێن باوکت بهێنە. باوکم نییە. خوێندکارەکانی چواردەورم بە پێکەنینێکی شادی و گاڵتەجاڕییەوە تەماشایان دەکردم، کوڕێک لە پێشمەوە وتی: «هەی لە تاتڵساس! وریا بە نەتفڕێنن…» هەندێک خوێندکاری تریش هەندێ شتی تریان وت. بەڵام من لەتاو دڵەڕاوکێ ناوەکییەکەم نەمتوانی بە ئاسوودەیی دەروونم بگەم تا بتوانم گوێیان لێ بگرم. دڵنیاش بووم مامۆستا هەر بۆی ڕوون دەکردمەوە کە چۆن هەڵەم، بەڵام نەمدەتوانی ببیستم، تەنها دەم-جووڵانم دەبینی. نەمدەزانی چۆن کۆتایی بەم گفتوگۆ نەخوازراوەم بدەم و سەرم لێ هاتبووەوە یەک. لەناکاو بە خێرایی دەستم هەڵبڕی و مامۆستاش فەرمووی لێم کرد، وتم: «مامۆستا، دەتوانم بچم بۆ تەوالێت؟» هەموو پۆلەکە لە پرمەی پێکەنینیان دا. خوێندکارێک وتی: «دەچێ بۆ تەوالێتەکە گۆرانی دەڵێ و پشتی برایم تاتڵس دەشکێنێ!» یەکێکی تر وتی: «کوڕە لە تەوالێتەکە ئەوەندە گوو هەڵستاوە دەنگ دەنگ ناداتەوە، لەوێش دەنگی خۆش نییە!» هەمووان بە گاڵتەجاڕییەوە تێر پێم پێکەنین و مامۆستاش بزەیەکی کرد و پاش وچانێک وتی: «بڕۆ».
مامۆستا ڕێی دام و لە ڕاستیدا کە بەرەو تەوالێتەکە دەچووم، دەمزانی ئامانجم چوون بۆ تەوالێت نییە، چونکە هەستیاریم بە بەکارهێنانی تەوالێتی تر هەیە جگە لە تەوالێتی خۆم. ئەوەندەی بیرم بێ، لە هەموو تەمەنمدا لەوەناچێ دە تەوالێتی جیاوازم تاقی کربێتەوە، بەڵام چوونم بۆ تەوالێت تەنها پاساوێک بوو بۆ خۆدزینەوە لە بوێرییە هەڵچووەکەم و ئامۆژگارییەکانی مامۆستا و گاڵتەپێکردنی هاوپۆلەکانم، کە هیچیان هاوڕێم نەبوون. لە بەردەم تەوالێتەکەدا تەماشایەکی چواردەورم کرد و چوومە پشت تەوالێتەکە و بە دزییەوە جگەرەیەکم کێشا. من پانزە ساڵی ڕەبەق لە قۆناغی پێش زانکۆ خوێندکار بووم، باڵەخانەی چوار قوتابخانەم لە سلێمانی و هەولێر گۆڕیوە و هەرگیز بێزم نەدەهات تەوالێتەکانیان بە کار بهێنم. چونکە زۆربەی هەرە زۆری گەلی کورد فێر نەکراون تەوالێت بە کار بهێنن و داوای دەوڵەتیش دەکەن. زۆرینەی خەڵکی ئەم نیشتمانە کە دەچن بۆ تەوالێت وا دەزانن ئیتر ئەوە دواهەمین جارە ئەو تەوالێتە بە کار دەهێنرێ، باکیان نییە بیشیتەقێننەوە. هەر لە خۆیەوە سیفۆن لە ژێریاندا دەشکێ! من ئەگەر هەوڵیش بدەم ناتوانم سیفۆن بشکێنم. تا ئێستاش ئەو پرسیارەم هەیە کە: هەموو مرۆڤێک دەبێ ڕۆژانە لانیکەم جارێک بچێ بۆ تەوالێت، ڕۆژ نییە نەچی بۆ تەوالێت، ئێ هەر شتێک کە هەموو ڕۆژێک بیکەی، بە شێوەیەکی سروشتی، دەبێ تیایدا باش بی. کەچی گەلێک لەو کارەدا شکستیان هێناوە کە هەموو ڕۆژ دەبێ بیکەن. ئیتر چۆن متمانە بەو کەسانە دەکەی لەم ژیانەدا کارێکیان پێ بسپێری؟ یان دەوڵەت دروست بکەن؟ یان هەر شتێکی کەمێک گرنگ بکەن؟ گەلێک نەزانن تەوالێت بە کار بهێنن، کە هەموو ڕۆژێک ناچارن بە کاری بهێنن، چۆن دەتوانن خوێندکارێکی بپرس و زانینخواز پەرە پێ بدەن؟
[1] لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥دا نووسراوە، لە ٨ی ئابی ٢٠٢٠دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە، لە ٣١ی ئابی ٢٠٢٠دا تەواو کراوە، لە ١٢ی ئابی ٢٠٢١ و ١ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەی تری بۆ کراوە.
[2] دەستکاریکراوی دێڕێکی هۆنراوەی یادگاری شیرینی هێمن موکریانی.
[3] دێڕێکی هۆنراوەی یادگاری شیرینی هێمن موکریانی.