هاوپۆل: لێکۆڵینەوە

  • فیدباک (پاشڕا)

    فیدباک (پاشڕا)

    فیدباک1

    وشەی فیدباک feedback لە زمانی ئینگلی(زی)دا زیاتر لە واتایەکی هەیە. سێ واتایان لە بواری ئەلیکترۆنی و میکانیکی دەنگ و زیندەناسییدایە؛ بۆیە باسی ئەمانە ناکەم.

    واتا هەرە باوەکەی فیدباک لای کورد ئەوەیە کە دوای بینین، بیستن، بەرکەوتن لەگەڵ بەرهەمێک، یان ئەزموونێک ڕای خۆت دەدەیتەوە بە بەرهەمهێنەکە، یان خاوەنی ئەزموونەکە. یان بۆ نموونە چێشتی دەستی کەسێک دەخۆیت و ڕای پێ دەدەیتەوە؛ پێم وایە بۆ ئەم واتایەیان وشەی «پاشڕا» گونجاو بێت. پاشڕا: ڕا، سەرنج، ڕەخنە، یان تێبینییەکە، پاش ئەزموونی خۆت لەگەڵ بەرهەم یان ئەزموونێکدا دەیدەیتەوە بە خاوەنی بەرهەم، یان ڕێکخەری ئەزموونەکە.

    ئەم پاشڕایە لەگەڵ دوو «پاشڕا»ی تر جیاوازە. لە موکریانیدا کە دەڵێن پاشڕا، واتە لە پاشەوە. بۆ نموونە مامۆستا هێمن لە وەرگێڕانی مەم و زینی ئۆسکارماندا دەڵێت: «ئێستا ئەگەر سەرم لە پاشڕا ببڕی ناگەڕێمەوە بەدواوە». واتە ئەگەر سەرم لە دواوە ببڕیت. یان لە کورمانجیدا بە واتای «پاشان» دێت، بۆ نموونە: «ئەڤ پرسە ھەر کارەک بیت پێشتر بەرنامە و پلان بۆ دھێتە داڕێشتن پاشڕا دھێتە ڕاگەھاندن»، واتە پێشتر بەرنامە و پلان دادەنرێت، پاشان ڕادەگەیێنرێت.


    1. لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٥دا نووسیومە ↩︎
  • پرسیار و سەرنجێک لەسەر: «ئای نیشتمانە بۆگەنەکەم، چەندم خۆشدەوێی»

    پرسیار و سەرنجێک لەسەر: «ئای نیشتمانە بۆگەنەکەم، چەندم خۆشدەوێی»

    پرسیار و سەرنجێک لەسەر: «ئای نیشتمانە بۆگەنەکەم، چەندم خۆشدەوێی»

    «ئای نیشتمانە بۆگەنەکەم، چەندم خۆشدەوێی» ناونیشانی هۆنراوەیەکی دڵشاد مەریوانییە، کە تەنها هەشت دێڕە و لە ساڵی ١٩٨٠دا لە نێو نامیلکەی «سەمای نێرگز»دا بڵاوی کردووەتەوە، بەم شێوەیە:

    جێمس جۆیس،

    ساوا گاز لە مەمکی دایکی دەگرێ،

    بەڵام لێی دوور بخەنەوە، بۆی دەگری؛

    منداڵ شەق لە تۆپەکەی هەڵدەدا،

    بەڵام لێی بستێنن، جنێو دەدا؛

    من دەڵێم نیشتمانەکەم پڕە لە زێراب،

    بەڵام ئەوەی بییەوێ داگیری بکا

    ژێر پێی دەنێم.

    دوێنێ شەو ئەم هۆنراوەیەم خوێندەوە و سەرنجمی ڕاکێشا، چونکە پێم وایە ناونیشانەکە دەنگدانەوەی ناونیشانێکی لاوەکیی ئەڵقەی حەوتەمی ڕۆمانی ئولیسی جەیمس جۆیسە کە دەڵێت: «دەبلنی پیسی ئازیز»، دەبلن پایتەختی ئایرلاندە و ئەو شارەیە کە جۆیس تیایدا لە دایک بووە، ئەو دەربڕینە بە ئینگلییەکەی بەم جۆرەیە: «dear dirty Dublin»، هەروەها دیدی ناوەرۆکی هۆنراوەکەی دڵشاد مەریوانیش لە دیدی جەیمس جۆیسەوە بۆ نیشتمان نزیکە.

    لەم هەشت دێڕەدا تێگەیشتنێکی باش بۆ دیدی جەیمس جۆیس دەبینم، ئەویش ئەوەیە کە ئایرلاند و دەبلن بە تایبەتی لای جۆیس پڕە لە خەڵکی پیس و درۆزن و فێڵباز و تاوانکار و گەمژە و ستەمکار و دز و بێپەروەردە و خائین، بەڵام هیچ کام لەمانە نابنە هۆی ئەوەی چ ئایرلاند وەک وڵات و چ دەبلن وەک شار لە خۆشەویستی و گرنگیپێدان و ماف مەرەخەس بن، بەڵکو ئایرلاند هەر شایستەی سەربەخۆییە، وێڕای خراپیی زۆرێک لە خەڵکەکەی و مێژووە پڕ لە خیانەتەکەی. کە خۆزگە ئەم جۆرە گوتارە ببووایە بە گوتاری زاڵی هەندێک کەسی لای خۆشمان کە پێیان وایە مادەم دوو کورد خیانەتیان کردووە و دزییان کردووە، ئەوا ئیتر کوردستان شایستەی سەربەخۆیی و ئازادی و ماف نییە! نەخێر، کوردستان هەر شایستەی سەربەخۆییە، وێڕای ئەوەی هەزاران خەڵکی خراپی هەبووە و هەیە و وێڕای ئەوەی لە مێژوو و ئێستایدا هەزاران داش و جاشی داگیرکەری هەبووە و هەیە، بەڵام خۆ خەڵکی باشیشی هەبووە و هەیە!

    جۆیس لە نامەیەکیدا کە لە ڕێکەوتی ٢٤ ئەیلوولی ١٩٠٥دا بۆ ستانیسلاوسی برای نووسیوە دەڵێت: «کە بیردەکەیتەوە دەبلن ھەزاران ساڵە پایتەختە، دووەمین شاری ئیمپراتۆرییەتی بەریتانییە، سێ جار لە ڤینیسیا گەورەترە: سەیرە کە ھیچ ھونەرمەندێک بە جیھانی نەناساندووە». ئەو دەربڕینەشی دەڵێت «دەبلنی پیسی ئازیز»، کە وای بۆ دەچم ڕەنگە سەرچاوەی ناونیشانەکەی دڵشاد مەریوانی بووبێت: «دەستەواژەیەک بوو کە لەیدی سیدنی مۆرگن (١٧٨٠-١٨٥٩) دایھێنابوو، کە خانمێکی وێژەوانی ئایری بوو».

    ئینجا من لە ئێستادا زۆر لە ژیان و کارەکانی دڵشاد مەریوانی شارەزا نیم، بۆیە نازانم داخۆ دڵشاد مەریوانی جەیمس جۆیسی خوێندووەتەوە یان ئەمە ڕێکەوتە؟ (کە پێم وا نییە ڕێکەوت بێت). چونکە ئەم هۆنراوەیە لە ساڵی ١٩٨٠دا بڵاو کراوەتەوە و ئەو کاتە هێشتا وەرگێڕانی ڕۆمانەکە بە عەرەبییەکەی دکتۆر تەها مەحموود تەهاش دەرنەچووبوو، چونکە دکتۆر تەها لە ٢ی شوباتی ١٩٨٢دا و لە یادی سەد ساڵەی لەدایکبوونی جۆیسدا وەرگێڕانەکەی خۆی بڵاو کردەوە. خوازیارم بزانم داخۆ دڵشاد مەریوانی جەیمس جۆیسی خوێندووەتەوە؟ ئەگەر بەڵێ، ئەوا کام بەرهەمەی ئەوی خوێندووەتەوە؟ ئایا ئولیسی خوێندووەتەوە؟ ئەگەر بەڵێ، ئەوا بە چ زمانێک خوێندوویەتیەوە و داخۆ تێگەیشتن و ئەزموونی لەگەڵیدا چۆن بووە؟

  • وارگێڕی لە بری ڕامیاری و سیاسەت

    وارگێڕی لە بری ڕامیاری و سیاسەت

    وارگێڕی لە بری ڕامیاری و سیاسەت1

    لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا لەگەڵ کاک ڕێبوار قاسم قارەمانیی هاوڕێمدا قسەمان دەکرد. پێی وتم: «دەبێت تێڕوانینی کورد بۆ بواری دەوڵەتداری و ئەو کارەی پێی دەوترێت سیاسەت یان ڕامیاری بگۆڕێت». باسی ڕیشەی دوو وشەکەی کرد (سیاسەتی عەرەبی و ڕامیاریی کوردی). سیاسەتی عەرەبی لە ڕیشەکەیەوە بە واتای ڕامکردن و دابینکردن دێت و لە بنەچەدا وشەیەکی شوانییە و بۆ بەڕێوەبردنی کۆز و مێگەل و گاگەل بە کار دەهێنرێت. وشە کوردییەکەش (ڕامیاری) هەر لە هەمان تێڕوانینە عەرەبییەکەوە داڕێژراوە و بۆ بوارەکە بە کار دەهێنرێت.

    ڕامیاری لە بری سیاسەت؟

     خۆم بە نزیکی هەموو جارێک وشەی ڕامیاری لە بری سیاسەت و وشەی ڕامیار لە بری سیاسی بە کار دەهێنم. کاک ڕێبوار وتی: «پێویستە ئەم دیدە بگۆڕین کە دەبێت ئەم بوارە خەڵک وەکو کۆز بە ڕێوە ببات. بەڵکو دەبێت دیدەکە بکەین بەوەی ئەم پیشە و کارە هونەری بەڕێوەبردنی دەوڵەت و زێد و نیشتمانە، نەک شوانیکردنی خەڵکەکەی». وەک وشەی پۆلیتیکس politics کە لە ڕیشە گریکییەکەیدا لە وشەی پۆلیس polisەوە داڕێژراوە بە واتای شار. وەک چۆن دەوترێت: مێترۆپۆلیس metropolis بە واتای دایکەشار، کە وا بە شاری گەورە دەوترێت. پۆلیتیکس politics بە واتای ڕیشەیی وشە بێت واتە شارگێڕ: ئەو کەسەی شار بە ڕێوە دەبات. منیش هاوڕای کاک ڕێبوارم کە دەبێت ئێمەی کوردیش ئەم تێڕوانینە مەڕداری و شوانییە بۆ ئەو بوارە بگۆڕین و بیکەین بە هونەری خزمەتی دەوڵەت و وڵات و نیشتمانمان.

    گەڕان بە دوای وشەی شیاودا

    لەسەر ڕاکەی کاک ڕێبوار بیرم لە چەند وشەیەک کردەوە و دواتر لەسەر وشەی وارگێڕی وەستام. وارگێڕی وشەیەکی لێکدراوە و لە [وار+گێڕی] پێکهاتووە. وار واتە نیشتمان، وڵات (وەک لە وشەکانی شوێنەوار، هەواردا هەیە)؛ گێڕی واتە گێڕان (وەک لە وشەی کارگێڕ و کارگێڕیدا هەیە). لەم کاتەدا بەو کەسەی ئەم کارە دەکات دەوترێت: وارگێڕ. بە بوارەکە دەوترێت وارگێڕی. بە دژەکانی دەوترێت دژەوارگێڕی. لە بوارە جیاوازەکاندا دەوترێت: وارگێڕیی دارایی، وارگێڕیی نەوتی، وارگێڕی دەرەوە.

    عەرەبییەکە لە کوردییەکە زیاتر ناڵێت!

    تێبینی: دەشزانم زۆرێک لە ئێمەی کورد وامان لێ کراوە وا بزانین وشەی سیاسەت لە ڕامیاری زیاتر دەڵێت، تەنها لەبەر ئەوەی عەرەبییە و جۆرە خەرمانەیەکی پیرۆزیی بە دەوریدا دراوە! پێیان وایە وشەی ڕۆحی عەرەبی لە گیانی کوردی زیاتر دەڵێت و مەنطیقە لە ناوچە زیاتر دەڵێت و ئاوها. بۆیە ئەو بەڕێزانە هێشتا سیاسەتەکەشیان نەکردووە بە ڕامیاری تا بیر لەوە بکەنەوە ئێمە دەبێت دونیابینییەکی ژیارییانەی کوردیی سەردەمییانەمان هەبێت. بەهەرحاڵ، پێشنیارەکەی کاک ڕێبوار و وشەکەشم بە دڵە. ئیتر هیوادارم لە ڕووی بیرکردنەوە و ڕامانیشەوە تێڕوانینەکانمان سەردەمییانە و ژیارییانە بن.


    1. لە ١٢ی شوباتی ٢٠٢٣دا نووسیومە، لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣شدا گفتوگۆکە لەگەڵ کاک ڕێبواردا ڕووی دا؛ لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەوە. ↩︎
  • بۆچی ڕەشوسپی؟

    بۆچی ڕەشوسپی؟[1]

    زۆر جار وێنە بە ڕەشوسپی بڵاو دەکەمەوە. لە ئێستاشدا گەلێ مێدیا زووزوو پەنا دەبەنە بەر لابردنی ڕەنگ. جیاوازیی من و ئەوان چییە؟

    بە تێگەیشتنی من: ئەگەر ڕەنگ لە وێنەیەکدا قورسایی نەبوو، ئەوا پێویست ناکا هەبێ. زۆر جار ڕوناکیی وێنەکە لە ڕەنگەکانی سەرنجڕاکێشترە، ئەوکات ڕەنگە ناسەرنجڕاکێشەکان ڕوناکییە سەرنجڕاکێشەکە دەکوژن. هەر وێنەیەک بە ڕەشوسپی دابنێم لەبەر ئەوەیە ڕەنگەکانی ئێجگار زۆر قورساییان نییە و بە دڵم نین و نامەوێ ڕوناکییە سەرنجڕاکێشەکانیان بکوژم. ئەگینا وەک هەندێ کەس مەبەستم خەمناکی و پرسەباری و ئەم شتانە نییە.


    [1] لە ڕێکەوتی ٢٨ی ئاداری ٢٠٢٠دا نووسراوە، لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١ و ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە.

  • پیتێکی هەڵقورتاو

    پیتێکی هەڵقورتاو

    پیتێکی هەڵقورتاو

    ماوەیەکە پیتێک لە نووسین و ئاخاوتنی زمانەکەماندا هەڵقورتاوە، نازانم لەکوێوە سەرچاوەیگرتووە، بەڵام دەزانم کە هەڵقورتاوە. ئەویش پیتی (د)ە لەناو کاری بکەرنادیاردا، وەک: بڕدرا، کڕدرا، چێندرا، سڕدرا، دەکڕدرێ، دەبڕدرێ، دەسڕدرێ.

    یاسای بکەرنادیار لە زمانی کوردیدا بۆ ڕابردوو ئەمەیە:

    ڕەگی کار+جێناوی بکەرنادیار+ نیشانەی کاتی ڕابردووی بکەرنادیار

    ڕەگی کار: دەتوانی بەوە بیدۆزیتەوە کە کارەکە بخەیتە ڕانەبردووی بەردەوامەوە، وەک: کڕین> دەکڕم. لە دەکڕمەوە بۆتدەردەکەوێ کە ڕەگی کارەکە (کڕ)ە.

    جێناوی بکەرنادیار هەمیشە (ر)ە، واتە لە ڕابردوو و ڕانەبردووشدا هەمان شتە.

    نیشانەی کاتی ڕابردووی بکەرنادیار هەمیشە (ا)یە.

    بەم شێوەیە:

    چاوگی بڕین دەبێ بە: دەبڕم. دەردەکەوێ (بڕ) ڕەگەکەیەتی: بڕ+ر+ا = بڕرا، بڕراوە، بڕرابوو.

    چاوگی کڕین دەبێ بە: دەکڕم. دەردەکەوێ (کڕ) ڕەگەکەیەتی: کڕ+ر+ا = کڕرا، کڕراوە، کڕرابوو.

    چاوگی چاندن دەبێ بە: دەچێنم. دەردەکەوێ (چێن) ڕەگەکەیەتی: چێن+ر+ا = چێنرا، چێنراوە، چێنرابوو.

    چاوگی سڕین دەبێ بە: دەسڕم. دەردەکەوێ (سڕ) ڕەگەکەیەتی: سڕ+ر+ا = سڕرا، سڕراوە، سڕرابوو.

    یاسای بکەرنادیار لە زمانی کوردیدا بۆ ڕانەبردوو ئەمەیە:

    دە+ڕەگی کار+جێناوی بکەرنادیار+ نیشانەی کاتی ڕانەبردووی بکەرنادیار

    نیشانەی کاتی ڕانەبردووی بکەرنادیار هەمیشە (ێ)یە.

    بەم شێوەیە:

    چاوگی بڕین دەبێ بە: دە+بڕ+ر+ێ = دەبڕرێ.

    چاوگی کڕین دەبێ بە: دە+کڕ+ر+ێ = دەکڕرێ.

    چاوگی چاندن دەبێ بە: دە+چێن+ر+ێ = دەچێنرێ.

    چاوگی سڕین دەبێ بە: دە+سڕ+ر+ێ = دەسڕرێ.

  • ڕیشەی خراپیی هونەری گۆرانیی کوردی و چارەسەر

    ڕیشەی خراپیی هونەری گۆرانیی کوردی و چارەسەر

    ڕیشەی خراپیی هونەری گۆرانیی کوردی و چارەسەر[1]

    ڕووکەشی ئۆباڵ

    دە ساڵ پێش ئێستا ئۆباڵی خراپیی گۆرانیی کوردیمان دەخستە ملی عەزیز وەیسی. نەوەدەکان ئۆباڵەکە لە ملی عەلادین حەسەن و ئەمیر حەسەندا بوو، پێشتریش لە ملی برایانی زیزیدا بوو، ئێستا لە ملی هەندێک گەنجدایە.

    ڕۆژانە خەڵکان دەبینم هێرش دەکەنە سەر ئەو گۆرانیبێژە گەنجانە، گوایە خراپن. کەسانی دیاری بواری موزیک و وێژە دەبینم باس لەوە دەکەن خەڵکانێکی خراپ بوون بە سەرپشکی گۆرانیی کوردی و ئۆباڵی خراپییەکە دەخەنە ئەستۆی ئەوان.

    بۆ ئەوەی باشتر لە مەبەستەکانم تێبگەن، ئەوا پێویستە ئاماژە بە چەمکێکی گرنگ بدەم، ئەویش (ترێند)ە.

    ترێند – trend

    ترێند واتە باسی باو، دەتوانین وشەی «باوباس»ی بۆ داتبتاشین: لەوەتەی دونیا هەیە ترێند هەیە، تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ئێستادا ئەم دیاردەیەی زەقتر کردووەتەوە: لەناکاو باسێک دەبێ بە باسی باو. دەزگا مێدیاییەکان و لاپەڕەکانی فەیسبووک خێرا دەکەونە ناو چەقی باسە باوەکەوە، کێشمەکێشێک دروست دەکەن کە خەڵک دەکەونە لایەنگرتن و تەنانەت شەڕ و ئاژاوەش. زۆر کەس نابینن کە زۆربەی لاپەڕەکانی فەیسبووک لە وروژاندنی باسی باودا هیچ ئامانجێکی دیاریکراویان نییە، بەڵکو تەنها زیادکردنی ڕەواجی لاپەڕەکەیان و قەرەباڵغکردن و بەرزکردنەوەی چالاکیی و شوێنکەوتەی خۆیانیان مەبەستە. ئەگەر سەرنجیش بدەی، زۆربەیان تەکنیکی پرسیار بە کار دەهێنن، بۆ نموونە دەپرسن: «ڕات چییە سەبارەت بە فڵان کەس» یان «کامیان ڕاستتری وت؟» بە زۆر ڕاتدەکێشنە ناو باسە باوەکەوە و وات لێ دەکەن بەشدار بیت. ئەم لاپەڕانە ڕاوە لایک و کۆمێنت و چالاکی دەکەن، هەندێکیان بێ هۆ، هەندێکیان هۆدار. دەیانەوێ لاپەڕەیەکی قەرەباڵغ و چالاک دروست بکەن بە ئامانجی فرۆشتنەوەیان.

    مرۆڤ بە سروشت خولیایەکی سەیری بۆ باسی باو هەیە، هەر بڕوانە: بە نزیکی زۆربەی هەرەزۆری هەواڵەکان باسی باون، هەرگیز هەواڵەکان لە ئێستادا باسی شەڕێکی (سابوتای)ت بۆ ناکەن کە سەدان ساڵ لەمەوبەر ڕووی داوە، بەڵکو هەمیشە بۆ باسکردنی ڕووداوە باوەکانی ئەم چەند ڕۆژە هەڵپەیانە. ئەگەر مرۆڤ بە سروشتی خولیای شوێنکەوتنی باسی باوی نەبووایە، ئەوا لە جیهاندا ئەو هەموو کەناڵە هەواڵییانە دروست نەدەبوون. مرۆڤ بە سروشت حەزی لە هەواڵ و ترێندە، با خراپیش بن.

    ترێند ڕەواجی بابەتی بە شت و کەسانێک دەدات کە ڕەنگە دوێنێ کەس ئاوڕی لێیان نەدابێتەوە. مەرج نییە بەهایان نەبووبێ، چونکە بەها و ڕەواج جیاوازن، بۆ نموونە ئەرستۆ کەسێکی بەهادارە، بەڵام ئەمڕۆ لەناو ترێنددا ڕەواجی نییە. بەڵام ئەگەر ئێستا من بڵێم دوێنێ نووسراوێکی ونبووی ئەرستۆ دۆزراوەتەوە باسی کورد دەکات، یەکسەر ئەرستۆ لە ترێنددا ڕەواج پەیدا دەکات. هێزی کێشکردنی ئەم ئارەزووەش وا دەکات زۆر خەڵک لەسەری بدوێن، ئەو کەسانە بە باش و خراپیانەوە هەمووان لە ناوەڕاستی بازنەی ترێندەکەدا دەخولێنەوە.

    ڕەنگە کەسێک تا دوێنێ ڕۆژانە سەبارەت بە بابەتی جۆراوجۆر نووسیبێتی، بەڵام ئەمڕۆ لە باوباسدا بابەتێک دەنووسێ و سەرنج دەدەیت کە خەڵک زیاتر ئەو بابەتەی دەبینن بە بەراورد لەگەڵ بابەتە دوور-لە-باوباسەکانی دوێنێی. ئەم کەسەش کە دەبینێ ئەو بابەتەی لە باوباسدا نووسیویەتی ڕەواجی زیاترە، بە ئاگایی بێ یان بێئاگایی، ئەوا ئەو هێزی کێشکردنە وا دەکات ئەم کەسە ناچار بکات بەردەوام لە باوباسدا بنووسێ. بۆچی نا؟ زۆرترین لایک و کۆمێنتی بۆ دێت و ڕەواج بە بابەتەکانی دەدات، ڕەنگە دەرفەتی ناوبانگیشی بۆ بڕەخسێنێ. واتە تێگەیشتن لە باوباس و باوێتی کڕۆکی باسەکەیە.

    زانین، نەزانین، شاتەشاتیزم

    تەنها بە کردنەوەی فەیسبووکەکەت دەبینی کە کەسانێکی زۆر درکیان بە خراپیی ئەو جۆرە گۆرانییە باوانەی ئێستا کردووە، تەنانەت وتاریشیان لەسەریان نووسیوە، هەندێکیان پەڕتووکیان نووسیوە و ئەم باسانەیان لە پەڕتووکەکانیاندا باس کردووە. بەڵام دوو کێشە لە جۆرێتیی ئەم دەستنیشانکردن و ڕەخنانەدا هەن:

    کێشەی یەکەم: زۆرێک لە ڕەخنەکان بە فەلسەفەی شاتەشاتیزم نووسراون و دەوترێن. شاتەشاتیزم واتە بە هاتوهاوار قسە لەسەر خراپی دەکرێ، گوایە ئەمە شتێکی باشە. بەڵام لە ڕاستیدا شاتەشات سەرچاوەکەی هەستوسۆز و دیاریکراوتریش: ئیگۆ و ڕقە. بەڵام زانست ئیگۆ و ڕقی تێدا نییە چونکە ڕق هەمیشە ئامانجی ڕووخاندنە نەک بونیادنان. ژیرانە بە مێژووی ژیانتدا بگەڕێ و بیر لەو بڕیارانە بکەرەوە کە لە ڕق و تووڕەییدا داوتن، لە خۆت بپرسە ئایا تا چەنێک ئەو بڕیارانە تەندروست بوون؟

    کێشەی دووەم: زۆرێک لەو بەڕێزانەی کە ڕەخنە دەگرن، پێشنیاری چارە و جێگرەوە ناکەن. ئەمەش ئەوەندە زۆر بووە کە ئێستا زۆربەی خەڵک کەوتوونەتە ئەو خەیاڵەوە کە لەناو خراپیدا مەلە دەکەن، لە کاتێکدا ئەمە ڕاست نییە: باش هەن، ڕەنگە زۆر نەبن، بەڵام خۆ خۆیشمان ئەوەندە زۆر نین، بە هەموومان لەم هەرێمەدا گوایە پێنج ملیۆن کەس دەبین.

    هەڵە هەمیشە لە ئەنجامی نەزانینەوە ڕوو دەدات، هیچ زانینێک دەرئەنجامی هەڵە ناهێنێت، بەڵکو هەر دەبێ نەزانینێک هەبووبێ تا دەرئەنجامێکی هەڵە ڕوو بدات. کەواتە ئەگەر شتێک بە هەڵە دەزانین، دەبێ چاک بزانین کە نەزانینێک لە پشتییەوە هەیە.

    زۆر کەس ڕق بەرانبەر نەزانین نمایش دەکەن، بەڵام ئەمە هەڵەیەکی ترە، نەزانین بە ڕق چارە ناکرێ، نەزانین تاوان نییە، بەڵکو پێداگریکردن و سووربوون لەسەر نەزانین تاوانە. بۆیە ناکرێ ڕقت لە کەسێک بێ تەنها لەبەرئەوەی نەیزانیوە.

    من باوەڕم بە خراپیی مرۆڤ نییە، مرۆڤەکان زۆربەیان چاکن، هەمیشەش ئەوە دەکەن کە پێیان وایە باشترینە. هەرگیز هیچ یەکێک لەو گۆرانیبێژانەی تۆ پێت وایە هونەری کوردییان شێواندووە، شەو بە خۆیان ناڵێن: «ئا با ئەمشەو زوو بنووین، چونکە بەیانی هونەری کوردی تێکدەدەین!» ئەو گۆرانیبێژانەی تۆ پێت وایە خراپن، زۆرێکیان دەناسم و هەندێکیان برادەری نزیکمن و هەندێکیشیان ئەگەر من ئەوان نەناسم، ئەوان من دەناسن، یان بە پێچەوانەوە. زۆربەیانم دوواندووە و سەداسەد لە ئامانجیان تێگەیشتووم کە ئەوان پێیان وایە خزمەت دەکەن، واتە ئەوان باشترین ئەوە دەکەن کە لە توانایاندایە. هیچیان هەرگیز بۆ چرکەیەک نییەتیان وا نەبووە کە هونەر بشێوێنن. کەواتە ئەگەر کارێکی هەڵەیان کردووە، ئەوا نەزانینێک لە پشتییەوە هەیە، ئەم نەزانینەش نابێ بە ڕق وەڵام بدرێتەوە.

    زۆربەی هەرەزۆری هونەرکاران شایستەی ئەو هەموو سووکایەتی و ناشرینکردن و دزێواندنانە نین، چونکە هونەرکارانی کوردستان ئەگەر ئەو ناوبانگ و کارانەیان لە وڵاتێکی سەرمایەداریی وەکو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە کار بهێنایە و بڵاو بکردایەتەوە زۆر زیاتر سامانیان دەست دەکەوت وەک لەوەی لێرە دەستیان کەوتووە. زۆربەی گۆرانیبێژە خراپە ئەمەریکییەکان خاوەنی ملیۆنان دۆلارن لە ڕێی بەرهەمە خراپەکانیانەوە. چونکە تۆ لەناویاندا نەژیاویت و دوورن لێتەوە، پێت وایە ئەوەی ئەوان دەیکەن لای خۆیان کەلتوورییە، کە وا نییە، بەڵکو باسوخواسی خراپیی ئەو هونەرانە لەوێش هەر هەیە.

    دەوڵەمەندبوونی هونەرکاران پەیوەستە بە جێبەجێکردنی یاسای مافی خاوەندارێتییەوە کە ئەمە بۆ باسێکی تر هەڵدەگرین، بەڵام بە کورتی لێرە بە هۆی بەکارنەبوونی یاسای خاوەندارێتییەوە هونەرمەندان و هونەرکاران بە تەواوی پێشێل کراون، زۆربەی هەرەزۆریان نانەڕەقەیەکیش بە هونەرەکەیان پەیدا ناکەن. واتە هۆی هونەرکاریی ئەوان پاڵنەری دارایی نییە، زۆربەی جاریش ناوبانگەکەیان لێیان دەبێتە مۆتەکە، بۆیە ئەم کەسانە شایستەی ئەو هەموو ڕقە نین کە بەرانبەریان دەنوێنرێ. تەنانەت ئەم کەسانە کرۆکی کێشەکەش نین، بەڵکو بەرکاری کێشەکەن. ئێمە دەبێ کێشەکە لە کرۆکەوە چارە بکەین.

    گۆشەکانی گۆرانی

    گۆرانی پڕۆسەیەکی سیگۆشەییە، بەم شێوەیە:

    گۆشەی یەکەم: گۆرانییەکەیە.

    گۆشەی دووەم: گۆرانیبێژەکە و دەستەی پێکهێنانی گۆرانییەکەن.

    گۆشەی سێیەم: گوێگرانن.

    بە دوو گۆشەی یەکەم و دووەم گۆرانییەک پێک دێ، بەڵام هەرگیز بە بێ گۆشەی سێیەم ناچێتە مەیدانەوە.

    پەروەردەی موزیکی

    کە پەروەردەی تەندروستی موزیک نەما، ئەوا عەرەبانچێتیی هونەری دێتە کایەوە. وەک چۆن هەموو هەینییەک بەردەمی گۆڕستانەکان پڕ دەبێ لە عەرەبانە، ئەو عەرەبانچییانە خۆ هەمیشە لای ئەو گۆڕستانانەوە نین، بەڵکو ڕۆژانی تر کاری تر دەکەن، بەڵام کە دەبینرێ لەوێدا و لەو کاتە دیاریکراوەدا بازاڕێکی باش هەیە، ئەوا بە وروژم لەوێدا کار دەکەن و بەرهەمەکانیان ساغ دەکەنەوە.

    گۆرانیبێژانیش هەمان سروشتی هەیە، خۆ زۆربەی هەرەزۆری ئەوانەی خەریکی گۆرانیبێژانن پەروەردەی موزیکییان نییە، بەڵکو زۆرێکیان خۆیان یان چواردەورەکەیان پێیان وایە بەهرەیەکی سروشتییان تێدایە، هەندێکیان بێ هیچ زانیارییەک تەنها حەزیان لە گۆرانیبێژانە. واتە پڕۆسەی بێپەروەردەییەکە هەردوو لای گرتووەتەوە، هەم خەڵک پەروەردەی سەرەتایی موزیکییان نییە، هەم گۆرانیبێژەکانیش.

    باشە دەکرێ ئێمە هەمیشە سەرزەنشتی دوو گۆشەی یەکەمی گۆرانی بکەین و قسەیەک لەسەر گۆشەی سێیەم نەکەین کە گوێگرانن؟

    گۆرانیبێژەکان بە زۆری وەک عەرەبانچییەکانی لای گۆڕستانەکان دەبینم، گوێگرانیش وەک سەردانکەرانی گۆڕستان دەبینم کە دەبنە کڕیار. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە: بەڕێزم، ئەو کەسە لەوێدا عەرەبانەیەکی داناوە و پیسایی دەفرۆشێ، تۆ بۆچی دەیکڕی؟

    هەرچەندە قێزەونیش بێ، بەڵام من ناتوانم تەنها سەرزەنشتی کابرای پیساییفرۆش بکەم، دڵنیاتان دەکەم ئەگەر پیسایی خواستی لەسەر نەبێ هەرگیز ناچێتە بازاڕەوە. ئەو هاوڕێیانەم کە لە بواری ئابووریدا قاڵن دەتوانن ئەم بیردۆزە پشتڕاست بکەنەوە.

    کەواتە پاڵنەرەکە باوێتی و خواستە. گۆرانیبێژێک یان بەندبێژێک گۆرانییەکی دەرکردووە شەش ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەبووە، لە کاتێکدا گوایە خۆمان پێنج ملیۆنین، ناکرێ بەم کەسە بڵێی: «تۆ هونەری کوردیت شێواندووە» ئەو کەسە تەواو مافی خۆیەتی بپرسێ: «ئەی بۆچی شەش ملیۆن کەس تەماشام دەکات؟» ناکرێ داوای لێ بکەی دەستبەرداری ئەو جۆرە هونەرە بێ کە خەریکییەتی، ئەو کەسە دیسان تەواو مافی خۆیەتی بپرسێ: «ئەی چاو لە کێ بکەین؟» ئایا بەڕاست ئێوە ئەو پرسیارەتان لە خۆتان کردووە کە ئایا ئەوان چاو لە کێ بکەن؟ ئەو کەسانەی کە ئێوە پێتان وایە خەریکی هونەرێکی پاک و بێگەردن بینەریان زۆر دەگمەنە، زۆر بە دەگمەنیش دەبنە باوباس. ئێ ناکرێ کەسێک شەش ملیۆن بینەری هەبێ چاو لە کەسێک بکا کە سەد بینەری هەیە، با شەش ملیۆنەکە هەمووشیان هەڵە بن. ئەم کارە دژی یاسای خواست و ڕەواج و باوێتییە.

    ئۆباڵی ڕاستەقینە

    کەواتە ئۆباڵی ڕاستەقینە لە ملی خەڵک و گوێگراندایە. با خواست لەسەر ئەو جۆرە گۆرانییە خراپانە نەبێ، بزانم یەک کەس دەبینی بیانبێژێ؟ تەنانەت گرەویش دەکەم لەسەر ئەوە. بەشدارێکی تری ئۆباڵەکەش ئەوانەن کە بازاڕکردن بۆ ئەو جۆرە گۆرانییانە دەکەن، وەک هەندێ مێدیا و لاپەڕەی فەیسبووک و ڕادیۆ.

    چارە

    کە ئێستا شوێنی برینەکەمان دەستنیشان کرد، ئەوا پێویستە بیر لە چارە بکەینەوە. چارەیش هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە پەروەردە و ئاراستەکردنە، دەبێ پەروەردەی ڕاستەقینەی موزیک بخرێتە قۆناغی فێرکردنەوە، لە یەکەم قۆناغی خوێندنەوە بخوێنرێ، نابێ ئەم ئەرکە بە مامۆستایانی «سروود و گۆرانی» بسپرێررێ، بەڵکو دەبێ میتۆدێکی زانستی و شیاو و دڵگیر دابڕێژرێ و پاشان مامۆستایان بە وتنەوەیان ڕابهێنرێن، ئەم میتۆدە دەبێ ڕاستەوخۆش لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە چاودێری بکرێ.

    واتە حکومەت دەبێ لەوە تێبگا کە هونەر ئامانجی هەیە و دەبێ ئاراستەی بکات. ئێمە لەسەر ئەم پارچە زەوییە نیازمان وایە وڵاتێک دروست بکەین تاتایە بمێنێتەوە و سەربەرز بێ، بۆیە دەبێ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ یەکە پێکهێنەرەکانیدا بکەین.

    ڕەنگە ئێستا بپرسیت: ئەی نیمانە؟ وەڵامیش ئەوەیە کە بەڵێ هەمانە، بەڵام هەڵەیەکی ستراتیژیی تێدایە، موزیک تەواو فەرامۆش کراوە، ئەوەندەی خەڵک گوێ لە موزیک دەگرن، هەرگیز ئەوەندە خەریکی ئەندازە و جەبر نابن، کەچی موزیک فەرامۆش کراوە و جەبر و ئەندازە پێشتر خراوە. خودی تێڕوانینی حکومەتیش بۆ موزیک هەڵەیە، لە نیگای حکومەتدا موزیک واتە سروود، ئەمە کاتی خۆی حیزبی بەعس ئەم تێڕوانینەی دروست کرد تا مناڵ لە مناڵییەوە بکات بە سەربازی عێڕاق و «وەتەنولمەددا عەلەل ئوفوقی جەناحەن»یان پێ ئەزبەر بکات و بۆ جەنگ ئامادەیان بکات. ئێمەش ئەم میتۆدەمان بۆ کوردی وەرگێڕاوە و تەنها مناڵ فێری سروود دەکەین، کە ئەگەر ئێمەش فێریان نەکەین خۆیان هەر فێر دەبن. دەبێ سەرلەبەری میتۆدی موزیک بەو تێڕوانینە کۆنەی لاببرێ و بە شێوەی زانستی مناڵ فێر بکرێ، چاودێریش بکرێ و چالاکیش بکرێ. هاوکات حکومەت زیرەک بێت و هونەر ئاراستە بکات، بەڵام نەک بۆ ماڵی خۆیان، بەڵکو بۆ بونیادنانی وڵاتێک.

    نەوە کۆنەکەش با بۆخۆیان خەریکی پیساییکڕین بن، کێشە نییە، سبەینێ دەمرن.


    [1]  لە ١٦ی ئابی ٢٠١٩دا نووسراوە. لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە. لە ئێستادا لەگەڵ هەندێ لەم تێڕوانینانەدا نیم.

  • موزیک یان مۆسیقا؟

    موزیک یان مۆسیقا؟

    ئایا (موزیک)ە یان (مۆسیقا)یە؟ بۆچی؟[1]

    ئایا هەرگیز سەرنجت داوە کە ئەو وشەیەی چەمکی کۆی ئاواز و گۆرانی و بەستە و ئەوانە دەگەیەنێ لە زۆربەی زمانەکانی جیهاندا، بە تایبەتی زمانەکانی ڕۆژئاوا نەک ڕۆژهەڵات، لە یەکەوە نزیکن؟ بۆ نموونە بە ئینگلیزی «میوزیک»ە؛ بە فەڕەنسی «موزیک»ە؛ بە ئیتالی «موزیکا»یە؛ بە ئیسپانی «موسیکا»یە؛ بە ئەڵەمانی «موزیک»ە؛ بە ڕووسی «موزکا»یە؛ بە گریکی «موسیکی»یە؛ بە عەرەبی و فارسیش «موسیقا»ن.

    بەڵام بە هیندی «سەنگیت»ە، بە چینی «ییویێ»یە، بە ژاپۆنی «ئۆنگاکو»ە.

    ئەگەر سەرنج بدرێ ئەو زمانانەی لە لاتینییەوە پەرەیان سەندووە وەک ئیتالی، فەڕەنسی، ئیسپانی، وشەکەیان لە لاتینییەوە وەرگرتووە کە «موزیکا»یە. ئینگلیزی و ئەڵەمانیش، کە لە جەرمانییەوە پەرەیان سەندووە هەر وشەکەیان لە لاتینییەوە خواستووە.

    «موزیکا» وشەیەکی داڕێژراوە لە «موز» و «یکا» پێکهاتووە. «یکا» لە زمانی لاتینیدا پاشگرێکە، هەمان کاری پاشگری «ی»ی کوردی دەکات، واتە ناوی ڕێژەیی دەسازێنێ، بۆ نموونە ناوی گشتی و پۆلێنی گەورەتر، وەک: (ئاو> ئاوی)؛ «ئاوی» واتە شتێک کە پەیوەندیی بە ئاوەوە هەبێ، یان بە ئاو کار بکات، یان لە ئاودا بژی، یان بە ئاو بژی…تد. نموونەی تر وەک (بەرز> بەرزی)، (مرۆ>مرۆیی)…تد. واتە پاشگری «یکا»ی لاتینی بەرانبەر پاشگری «ی» کوردی دەوەستێتەوە.

    لە ئینگلیزیدا وشەکە لە «میوز» و «یک» پێکهاتووە: «یک»ی ئینگلیزی، بە هەمان شێوەی «یکا»ی لاتینی، پاشگرێکە بەرانبەر پاشگری «ی» کوردی دەوەستێتەوە. ئەگەر هەڵەش نەبم ئینگلیزی هەر لە زمانی لاتینییەوە ئەو پاشگرەی وەرگرتووە.

    کەواتە تێدەگەین کە بنجی وشەکە «میوز» یان «موز»ە.

    «میوز» یان «موز» لە «موس»ی گریکییەوە هاتووە. موسەکان کۆمەڵێک بانوخوا بوون لە ئەفسانە و ئاینی کۆنی گریکیدا لە سرووشی هونەر و زانست و وێژە بەرپرس بوون. بانوخوا واتە خواوەندی مێینە. ژمارەکانیان گفتوگۆی لەسەرە، بەڵام بە گشتی باوەڕ وایە کە نۆ بانوخوا بوون، هەریەکێک لەم موسانە لە سرووشی بوارێک یان چەند بوارێک بەرپرس بوون، بۆ نموونە: ئیراتۆ: لە سرووشی هۆنراوەی خۆشەویستی بەرپرس بووە؛ پۆلیمنیا: لە سرووشی ئاوازی ئاینی بەرپرس بووە؛ تالیا: لە سرووشی کۆمیدیا بەرپرس بووە؛ تێرپسیخۆری: لە سرووشی سەما بەرپرس بووە؛ کالیۆپی: لە سرووشی هۆنراوەی داستانی بەرپرس بووە؛ کلیۆ: لە سرووشی مێژوو بەرپرس بووە؛ مێلپۆمێنی: لە سرووشی تراژیدیا بەرپرس بووە؛ یوتێرپی: لە سرووشی گۆرانی و هۆنراوەی گۆرانی و ئەوەی ئێستا پێی دەڵێین «موزیک»، بەرپرس بووە؛ یورانیا: لە سرووشی گەردوونزانی بەرپرس بووە.

    واتە خودی واتای وشەی «میوزیک»ی ئینگلیزی و «موزیکا»ی لاتینی و ئیتالی و «موسیکا»ی ئیسپانی، واتە ئەوەی لە مووسەکانەوە هاتبێ. ناوی ڕێژەیی «موس»ە.

    لێرەدا پێویستە سەرنجێک لە وشەی «مُوسِيقى»ی عەرەبی و فارسی بدەین: «قا» یان «یقا» نە لە زمانی فارسیدا و نە لە زمانی عەرەبیدا پاشگر نین، واتە دەردەکەوێ کە عەرەبی وشەکەی لە گریکییەوە وەرنەگرتووە و تەعریبی کردبێ، بەڵکو لەژێر ڕۆشنایی نەبوونی «قا-یقا» وەک پاشگر، دەردەکەوێ کە فارسی و عەرەبیش وشەکەیان وەک خۆی لە زمانێکی ترەوە وەرگرتووە، بەڵام تەنها گۆڕانکاریی دەنگیی بە سەردا هاتووە، کە ئەویش «یکا» بووە بە «یقا»، واتە «ک» بووە بە «ق». لۆژیکیترین لێکدانەوەش ئەوەیە کە فارسی لە عەرەبیی وەرگرتبێ بە بۆنەی ئاینی ئیسلام و بڵاوبوونەوەی زمان و کەلتووری عەرەبی بە ناوچە ناعەرەبە داگیرکراوەکاندا؛ عەرەبیش یان لە ئیسپانی یان ئیتالیی وەرگرتبێ. بە «س»ی ناو «مُوسِيقى»دا ڕوون دەبێتەوە کە لەوانەیە لە ئیسپانییان وەرگرتبێ، چونکە لە ئیسپانیدا دەوترێ «موسیکا»، لە ڕووی مێژووییشەوە ئەم ئەگەرەیان ڕێتێچووترە، چونکە عەرەبەکان ماوەیەک بەشێکی ئەو شوێنەیان داگیر کردووە کە ئێستا پێی دەوترێ ئیسپانیا. ئێمەی کوردیش ئەم وشەیەمان لە عەرەب، یان خراپتر، لە فارسییەوە وەرگرتووە. کەواتە ئێستا دەزانین کە ئەگەر لە عەرەبمان وەرگرتبێ ئەوا:

    کوردی لە عەرەبیی وەرگرتووە؛

    عەرەبی لە ئیسپانی یان ئیتالیی وەرگرتووە؛

    ئیسپانی یان ئیتالی لە لاتینیان وەرگرتووە؛

    لاتینی لە گریکیی وەرگرتووە.

    واتە ئەگەر لە عەرەبیمان وەرگرتبێ ئێمە چوار هەنگاو لە وشە بنجەکە دوور کەوتووینەتەوە. ئەگەر لە فارسیمان وەرگرتبێ (کە هەمان شتە)، ئەوا پێنج هەنگاو لە وشە بنجەکە دوور کەوتووینەتەوە.

    با بێینە سەر وشەی «موزیک»: موزیک لە بنجی «موز» و پاشگری «یک»ی ئینگلیزییەوە هاتووە. ئەگەر ئەم وشەیە بخوازین، ئەوا:

    کوردی لە ئینگلیزیی وەرگرتووە؛

    ئینگلیزی لە لاتینیی وەرگرتووە؛

    لاتینی لە گریکیی وەرگرتووە.

    واتە سێ هەنگاو لە وشە بنجەکە دوور کەوتووینەتەوە. بە ڕای من هێشتا لە چوار و پێنج هەنگاوەکەی «مۆسیقا»کە باشترە.

    کەواتە ئێستا دەتوانین بپرسین: ئایا ئەگەر بمانەوێ بە کوردی وشەکە دابتاشین و خۆمان بڕیار بدەین ڕاستەوخۆ لە بەخشەرەکەی وەربگرین، کە گریکییە، نەک لە وەرگری وەرگرەکەی وەربگرین، ئەوا ئەو وشە کوردییە داتاشراوە چی دەبێ؟

    ئەو وشەیە دەبێ بە «موسی». هیوادارم خوێنەری بەڕێز بە «موسا» نەیخوێنێتەوە، بەڵکو بە وشەی (موس+ی)ی بخوێنێتەوە. موسی پێکهاتووە لە «موس» کە ئاماژەیە بە بانوخوا گریکییەکان و پاشگری «ی»ی کوردی. بەم شێوەیە: بە ژەنیاری ئامێرەکان دەوترێ: موسیژەن؛ بە دانەر و سازکەرەکەی دەوترێ: موسیدانەر یان موسیساز؛ بە ناوی گشتیی کەسەکەش، کە خەریکی بوارەکەیە دەوترێ: موسیکار. واتە کەسێک کە کارەکەی موسی بێ، بەڵام ئێمە دڵنیا نین کە وردەکاریی کارەکەی لە موسیدا چییە، واتە نازانین ئایا ژەنیارە یان دانەرە یان ڕابەری ژەنیارەکانە…تد.

    من خۆم تا ئێستاش بە نووسین دەنووسم «موزیک»، لە گفتوگۆدا لەبەرئەوەی دەزانم بەرانبەرەکەم نازانێ بۆچی هەنگاوێک یان دووان «موزیک»م لە «مۆسیقا» پێ باشترە، وشەی «مۆسیقا» خۆی بە کار دەهێنم. بەڵام بە بڕوای من کاتی هاتووە کورد لەمەودوا خۆی زمانی خۆی بە ڕێوە ببا و واز لە خواستن لە خوازبێنیکەر بهێنێت و متمانە بە زمانەوانەکانی خۆی بکات کە زانیاریی زمانییان پێ بدەن و گەلیش سوود لە لێکۆڵینەوەی زمانەوانان وەربگرن. هەرگیز درەنگ نییە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی پێشوو و پاکتاوکردنی زمانەکە لە هەڵە.

    لە کۆتاییدا: «موزیک» لە «مۆسیقا» باشترە، بەڵام بە بڕوای من باشترین و ڕاستترین و کوردێنراوترین وشە «موسی»یە.


    [1] لە ٥ی ئابی ٢٠١٩دا نووسراوە، لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەم بۆی کردووە؛ لە ئێستادا کەمێک لەگەڵ هەندێ لە دەربڕین و هەڵهێنجاندنەکاندا نەماوم.