ئەی ڕەقیب و سروودی نیشتمانیی کوردستان

ئەی ڕەقیب و سروودی نیشتمانیی کوردستان1

ئەی ڕەقیب هێمایەکی بەرزی کوردستانە

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

سەدان ساڵە بە زانین و نەزانین، بە نیازی باش و خراپ، لە لایەن کورد و ناکوردەوە دژایەتیی کوردستان و هێما بەرزەکانی دەکرێت. دژایەتیی جوگرافیا و ئاڵای کوردستان، دژایەتیی کورد و سەرکردەکانی، دژایەتیی جلی کوردی و زمانی کوردی. تا دەگاتە دژایەتیی وێژە و هونەرمان، شار و دێمان، تەنانەت سروودی ئەی ڕەقیب، سروودی نەتەوەییمان.

هۆنراوەکەی نالی کە دەڵێت: «کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە، خۆکردییە» بەڵگەی ئەوەیە لەو سەردەمەشدا دژایەتیی زمانی کوردی کراوە و بە زمانی وێژە دانەنراوە. بێگومان زمانی کوردی یەکێکە لە هێما بەرزەکانی کوردستان و کورد. کورد لە سەردەمی نالیشدا طەوطیزچیی لێ نەبڕاوە.

خۆری کوردستان ئاوا ناکرێت

ساڵانێک بوو کوردستان و کورد لە تەواوی ژینگەی ڕۆشنبیری و تۆڕی کۆمەڵایەتیی کوردستاندا دەرکرابوون. خۆدزینەوە لە کوردستان و کورد، گوێنەگرتن لە هونەری کوردی، ناونەنانی منداڵ بە ناوی کوردی، هەموو ئەمانە ببوون بە جۆرێک لە ڕۆشنبیری. کورد خۆی سەرقاڵ دەکرد بە هەموو شتێکی ناکوردی و ناکوردستانییەوە. قاوەخانە و چێشتخانە و بازاڕەکانمان تەنرابوون بە گۆرانیی عەرەبی و فارسی و تورکی.

بەڵام کوردستانپەروەران لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆتاییان بەم خۆنامۆکردنە هێنا. ئێستا کوردستان و کورد پایتەختی بابەتەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن. گەرچی کێوێک پارە سەرف کرا بۆ ئەوەی نەوەی نوێمان حاشا لە کوردبوون و کوردستانیبوون بکەن، بەڵام پێچەوانەکەی دەرچوو. نەوەی نوێمان کوردستانیترین و کوردپەروەرترینن و ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵدەچنرێت.

دوژمنان هەموو ڕێیەکیان بە کار هێنا: چەند جۆرێکی ڕەتکراوەی ئیسلامیان بە کار هێنا بۆ ناشیرینکردنی دینی زۆرینەی کورد و دژایەتیی کوردستان. کۆمۆنیزم، سۆشیالیزم، ئێرانیزم، عێراقیزم، تورکیاییزم، سووریاییزم، ئوممەیزم، خەلافەتیزم، ئیخوانیزم، گلۆبالیزم، وۆکیزم، چەپیزم، جەندەریزم، عوسمانیزم، نیۆعوسمانیزم، زاگرۆسیزم، نێواندووڕووبارەکەییزم، ئۆپۆزسیۆنیزم، دژەسەرمایەداریزم، برایەتیی گەلانیزم… هەموو ئیزمێکیان بە کار هێنا بۆ بنکەنکردنی پڕۆژەی نیشتمانیی کوردستان. بەڵام کوردستان هەر سەربەرز مایەوە و بەهێزتر بوو.

هەوڵیان دا لە ڕێی جوانکردنی هەژاری و سەرسواڵکەرییەوە دژایەتیی کوردستان بکەن. ویستیان کورد لە هەژاری و نەداری و ڕسواییدا بهێڵنەوە، بۆ ئەوەی هەرگیز هێزی دارایی و ئابووریمان نەبێت. بەڵام کوردستان هەر سەربەرز مایەوە و بەهێزتر بوو.

ئێستاش لە ڕێی ترەوە دێنەوە. دەیانەوێت هێما بەرزەکانی کوردستان بە کار بهێنن بۆ دژایەتیی هێما بەرزەکانی کوردستان. بۆ نموونە ئاڵای کوردستان بۆ دژایەتیی سروودی ئەی ڕەقیب بە کار دەهێنن. بەڵام کوردستان هەر…

زنجیرەیەک ڤیدیۆم لە بارەی ئەی ڕەقیب و باسوخواسی لابردن و هێشتنەوەی و سروودی نەتەوەیی و نیشتمانی ئامادە کردووە. بەم ڤیدیۆیەوە ٢٠ ڤیدیۆن. بە یارمەتیی ئێوە دەیانکەین بە چاوی نەیارانی ئەی ڕەقیبدا، بە دوژمنانی ئەی ڕەقیبدا، بە ڕەقیبانی ئەی ڕەقیبدا. لەگەڵم بن، شوێنی هەژمارەکەم بکەون، هەموو دووشەممە و پێنجشەممەیەک ڤیدیۆیەک لەم بارەیەوە بڵاو دەکەمەوە. بە هیوای سوود و چێژ.

هۆنراوەی ئەی ڕەقیب

کێشی ئەی ڕەقیب

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ئەی ڕەقیب، وەک هەر سروودێکی تر، بەشێکی هۆنراوەیە، بەشەکەی تری ئاوازە. ئێستا باسی هۆنراوەکە دەکەم. لە ڤیدیۆی چواردەیەمدا باسی ئاوازەکەی دەکەم.

هۆنراوەکە بە کێشی عەرووزی نووسراوە. کێشی عەرووزی جۆرێک کێشی هۆنراوەییە. هۆنەرە کۆنەکانمان وەک مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و نالی و سالم و کوردی بەم کێشە نووسیویانە. مامۆستا گۆران بەم کێشە و بە کێشی پەنجەیی کوردییش هۆنراوەی نووسیوە. بێسارانی و مەولەوی تەنها بە کێشی پەنجەیی نووسیویانە.

کێشە عەرووزییەکان بەسەر جۆری گشتیدا دابەش دەبن. هەر جۆرێکیان پێیان دەوترێت «بەحر». هەر بەحرێکیش چەشنی جیاوازی هەیە.

هۆنراوەی ئەی ڕەقیب بە دیاریکراوی بەحری ڕەمەل-ە. بە دیاریکراوتریش ڕەمەلی شەشیی کورتکراوە (ڕەمەل موسەددەس مەقسوور). واتە بە هەردوو دێڕێک شەش پێیان هەیە. پێی کۆتایی هەر دێڕێک بڕگەیەکی لێ کورت کراوەتەوە. دەبێت بە فاعیلاتون فاعیلاتون فاعیلان2. مامۆستا عەزیز گەردی بەم جۆرە دەستنیشانی کردووە.

واتە لە ڕووی کێشەوە سەر بە هەمان جیهانی هۆنراوەی کۆنی کوردییە. کە هەندێک کەس پێی دەڵێن هۆنراوەی کلاسیکیی کوردی.

دەستکاریی عەرووز ئاسان نییە

ئەم زانیارییە لەبەر ئەوە گرنگە چونکە پێمان دەڵێت ئاسان هۆنراوەکە دەستکاری ناکرێت. چونکە دەستکاریی کێشی عەرووزی ئاسان نییە. هەر پیتێک زیاد بکرێت یان لاببرێت کێشەکە لەنگ دەبێت.

جا بۆیە کە هەندێک کەس داوا دەکەن هەندێک لە وشەکانی بگۆڕێن، ڕەنگە نەزانن کە دەستکارییەکەی ئاسان نابێت. دەستکاریش بکرێت چیتر هۆنراوەکە هی دڵدار نامێنێت.

من ناڵێم دەستکاریی هۆنراوەی عەرووزی نەکراوە. کراون. بەڵام ئەو دەستکارییانەی سەرکەوتوو بوون، پسپۆڕی کێش، واتە کێشناس کردوونی. بۆ نموونە هۆنراوەی گۆرانیی هیوا مەگریی خاتوو مەرزییە فەریقی، کە هی مامۆستا گۆرانە و بە کێشی عەرووز نووسراوە، دەستکاری کراوە.

خاتوو مەرزییە دەڵێت:

چییە کۆرپەم؟ چ سیڕڕێکە وەها مەحکوومی گریانی،
کە تۆ هێشتا لە خەم ناگەی؟ لە مەعنای گریە نازانی؟
ئەگەر وەک دایکە حەسرەت دیدەکەت ڕەنجت بچێژایە،
زەمان گەردی ئەمەلتی گشت بە دەم باوە بپێژایە؛

لە دەقەکەی مامۆستا گۆراندا دەڵێت:

چییە تو خوا؟ چ سیڕڕێکە وەها مەحکوومی گریانی،
کە تۆ هێشتا لە خەم ناگەی؟ لە مەعنای گریە نازانی؟
ئەگەر وەک باوکە حەسرەت دیدەکەت زەهرت بچێژایە،
زەمان گەردی ئەمەلتی گشت بە دەم باوە بپێژایە؛

یان خاتوو مەرزییە دەڵێت:

بە چی دیارە کە چی لەو تەختی ناوچاوانە نووسراوە؟

لە دەقەکەی مامۆستا گۆراندا دەڵێت:

بە چی مەعلووم کە چی لەو تەختی ناوچاوانە نووسراوە؟

وشە گۆڕاوەکان کێشەکە لەنگ ناکەن. بەمەشدا دیارە ئەو کەسەی دەستکاریی هۆنراوەکەی کردووە کێشناس بووە.

پاشان دەستکاریی ئەی ڕەقیب پێویست نییە. دواتر ئەمە ڕوون دەکەمەوە کە بۆچی وایە.

ناوەرۆکی هۆنراوەی ئەی ڕەقیب

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

بەشی هەرە زۆری ئەی ڕەقیب لە ڕووی ناوەرۆکەوە بەسەر کوردستاندا نییە، بەڵکو بەسەر کورددایە. واتە بەسەر نیشتماندا نییە، کە کوردستانە؛ بەڵکو بەسەر نەتەوەدایە، کە کوردە. تەنانەت یەک جاریش ناوی «کوردستان»ی تێدا نییە.

کە بەسەر نەتەوەی کوردیشدایە، بەسەر بەرگریی نەتەوەکەدایە، نەک هەموو شتێکی کورد، کە بێگومان ئەوە مەحاڵە لە هۆنراوەیەکی کورتدا باسی هەموو شتێکی کورد بکرێت.

ئەی ڕەقیب بە دیاریکراوی دەڵێت: هەر ماوینەتەوە. ڕابردوومان خوێناوییە و ستەممان لێ کراوە، بەڵام شۆڕشمان کردووە. ئێمەی کورد لە ڕووی مێژووییەوە لە ئیمپراتۆرێتیی میدیا و کەیخوسرەوی پاشاوە هاتووین. نیشتمان دین و ئاینمانە. هەر زیندووین و نەمردووین و ئاڵاشمان بڵندە. زۆر ئازامان لێ کوژراوە. بەڵام هێشتا ئامادەین بۆ بەرگری و خوێن دەدەین.

چوار ڤیدیۆی ئەم زنجیرەیەم تەرخان کردووە بۆ باسی «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان»، بۆیە ئەو ڕستەیە لەم بەشەدا دەپەڕێنم.

نەتەوە لە سەدان ڕووەوە سەیر دەکرێت. ئەی ڕەقیب لە چەند ڕووێکی سنوردارەوە سەیری نەتەوەی کورد دەکات. ئەوانیش مانەوە و مێژوو و گیانی بەرگری و گیانی خۆبەختکردنن.

لا مارسەییێز

سروودی دەیان وڵات هەن کە ئاوها باس لە دۆخێکی بەرگری دەکەن. بۆ نموونە سروودی نەتەوەیی و نیشتمانیی فەڕەنسا، کە ناوی لا مارسەییێز-ە، لە گەرمەی جەنگدا دانراوە و تا ئێستاش نەگۆڕاوە. واتە هەڵگری گوتاری مانەوەی سەربازیی کاتی جەنگە. دەڵێت:

بۆ جەنگ، بۆ جەنگ، ئەی هاووڵاتییان.

لەشکرەکانتان پێک بهێنن،

بە ڕێ کەون، بە ڕێ کەون،

با خوێنی پیس کێڵگەکانمان بۆ ئاو بدات.

واتە با بە خوێنی پیسی دوژمنان ئاوی ڕەز و کێڵگەکانمان بدەین. بە نەوتراوی واتە خوێنی دوژمن پیسە و خوێنی فەڕەنسییەکان پاکە. زۆربەی هەرە زۆری کوردان هەرگیز وا بیریان نەکردووەتەوە کە خوێنی خۆیان پاکترە و خوێنی نەتەوەی تر پیسە. خوێن هەر خوێنە، ئەوەی پیس دەبێت زەینە.

بۆیە نموونەی سروودی فەڕەنسام هێنایەوە، چونکە:

١. لە ساڵی ١٧٩٢دا نووسراوە. واتە ٢٣٤ ساڵ لەمەوبەر.

٢. ئەویش لە چەند ڕووێکی زۆر سنووردارەوە لە نەتەوەکە دەڕوانێت.

٣. دەربڕینی تا ڕادەیەک ڕەگەزپەرستانەی تێدایە و نەگۆڕاوە.

٤. لە دۆخی جەنگ و بەرگری و هێرشدا نووسراوە و نەگۆڕاوە.

٥. فەڕەنسا بە دروشمی ئازادی، یەکسانی، برایەتی دەنازێت. کەچی دەشێت سروودەکەی بە پێچەوانەی ئەوەوە لێک بدرێتەوە. دیارە ئەوان مەبەستیان لە ئازادی و یەکسانی و برایەتیی تەنها نێو فەڕەنسییەکانە. نەک لەگەڵ جیهان.

لە ڕووی نەتەوەییشەوە هەر تێبینیم لەسەر لا مارسەییێز هەیە، بەڵام ئەوە لە ڤیدیۆیەکی تردا باس دەکەم.

وشەی ڕەقیب بە واتای خوا نییە

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

هەندێک کەسی چەواشەکار وا بڵاوی دەکەنەوە کە گوایە مەبەست لە وشەی «ڕەقیب» خودایە. بەڵام ئەمە درۆیەکی گەورەیە و بۆ تێکدانی ناوماڵی کوردستانە.

ڕەقیب خودا نییە، مرۆڤە، ئەڕڕەقیب خودایە. جەلال خودا نییە، مرۆڤە، ئەججەلال خودایە. ڕەشید خودا نییە، مرۆڤە، ئەڕڕەشید خودایە. ڕەحمان خودا نییە، مرۆڤە، ئەڕڕەحمان خودایە. بەسیر خودا نییە، مرۆڤە، ئەلبەسیر خودایە. موئمین خودا نییە، مرۆڤە، ئەلموئمین خودایە.

هەموو ئەو ناوانە ئاوەڵناون. بەسیر واتە بینا، ئەوەی دەبینێت. ئێ زۆربەی مرۆڤان بینان و دەبینن. هەر ئێستا تۆ خەریکیت ئەم نووسینەم دەبینیت. بەڵام بینەرە مەزنەکە خودایە کە هەموو شتێک دەبینێت. سەمیع واتە بیسا، ئەوەی دەبیستێت. ئێ زۆربەی مرۆڤان بیسان و دەبیستن. هەر ئێستا تۆ خەریکیت دەنگی چواردەورت دەبیستیت. بەڵام بیسەرە مەزنەکە خودایە کە هەموو شتێک دەبیستێت. ڕەحمان واتە بەبەزەیی. ئێ زۆربەی مرۆڤان بەزەییان بەرانبەر ئەوانی دی هەیە. هەر ئێستا تۆ ڕەنگە بەزەییت پێمدا بێتەوە کە تەمەنمان تەرخان دەکەین بۆ ئەوەی کورد تێبگەیەنین دەوڵەت و سەروەری و ئاڵا و سروود و زمان و نیشتمانپەروەری گرنگن! بەڵام بەبەزەییە مەزنەکە خودایە کە بەزەییەکەی لە هی هەمووان مەزنترە.

تەنانەت ئەم دیاردەیە لە زمانی ئینگلیشدا هەیە. ئەگەر بڵێیت هم him، واتە ئەوی نێر (وی). بەڵام ئەگەر ئێچی سەرەتا بە پیتی گەورە بنووسیت Him، واتە خودا. ئەڵبەت لە ئینگلیدا ئەمە لە نووسیندا دەردەکەوێت.

ڕەقیب چاودێرە

ڕەقیب واتە ئاگادار، چاودێر، نیگاوان. بێگومان ئەگەر دوژمن بە سەرتەوە ئاگادار و چاودێر و نیگاوان بێت، بەدکارە. بەڵام ئەگەر دڵسۆزت بە سەرتەوە ئاگادار و چاودێر و نیگاوان بێت لە سوودی تۆیە و بۆ پاراستنی تۆیە.

ڕەقیب لە وێژەی کوردیدا بە واتای دوژمنی هەمیشە چاوتێبڕ بە کار هاتووە. بۆ نموونە من دەمەوێت لەگەڵ یاری خۆم دڵداری بکەم، بەڵام ژنەکەی دراوسێیان هەمیشە لە بەردەرگا چاودێرە. کیلۆیەک تێکەڵەی لالەنگی و پرتەقاڵت لە زەرفێکدا پێبێت و بە لایدا بڕۆیت، دەزانێت چەند دانەیان لالەنگین و چەند دانەیان پرتەقاڵن. بۆیە ڕەقیبی من و یارە. ئێمەش حەزمان بە چارەی نییە. ئەگەرچی دەشبێت ددان بەوەدا بنێین کە توانایەکی مەزنی هەیە کە دەتوانێت هەر بە چاو لالەنگی و پرتەقاڵی ناو زەرفی دەستت جیا بکاتەوە.

ئەو کەسەی ڕەقیب و ئەڕڕەقیب تێکەڵ دەکات، یان عەرەبی نازانێت، یان دەیزانێت و بە ناوی خواوە درۆ دەکات بۆ تێکدانی کورد و کوردستان، یان ئاکاری نییە و دوژمنی کوردستانە. عەرەبینەزانینی خەڵک بە کار دەهێنێت بۆ ڕقبوونەوە لە کورد و کوردستان و هێما بەرزەکانی.

ئەی ڕەقیب پێش و پاش دڵدار

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ئەی ڕەقیب پێش دڵدار

زۆر کەس وا دەزانن دڵدار یەکەم کەس بووە وشەی «ڕەقیب»ی بە کار هێنابێت. بەڵام وا نییە، مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی زۆر پێش ئەو وشەکەیان بە کار هێناوە. بۆ نموونە ئەحمەدی خانی لە مەموزیندا دەڵێت:

گەر قیسمێ موحیبب و گەر حەبیبن

ئەلبەتتە ب دوژمن و رەقیبن

بەڵام نەک تەنها وشەی ڕەقیب، بەڵکو دەستەواژەی «ئەی ڕەقیب»یش لە وێژەی کوردیدا دەگەڕێتەوە بۆ زۆر پێش دڵدار. سالم نزیکەی سەد ساڵ بەر لە دڵدار لە چەندین شوێندا «ئەی ڕەقیب»ی بە کار هێناوە. بۆ نموونە وتوویە:

دەک ڕەقیب تووشی بەڵایێ بی، نەجاتت قەت نەبێ

مانیعی وەسڵی حەیاتم تۆی، حەیاتت قەت نەبێ

ئەی ڕەقیب بیمارە دڵ تیکرار دوعای ئەووەڵ دەکا

دەک بە زنجیرێ کەوی ڕەببی نەجاتت قەت نەبێ.

دەی خۆ سالم مەبەستی خودا نییە کە تووشی بەڵایەک بێت هەرگیز ڕزگاری نەبێت. هەر سالم لە جێیەکی تریشدا وتوویە:

ئەی ڕەقیب با تۆ لەگەڵ من زوڵمی فیرعەونی بکەی

سەرزەمین قوتت دەدا وەک گەنجی قاروون عاقیبەت.

ئێ خۆ سالم مەبەستی لەوە نییە سەرزەمین خودا وەک گەنجی قاروون قووت دەدات.

مستەفا بەگی کوردی بەر لە دڵدار وتوویە:

ئەی ڕەقیب! وێڵم لە دەستت لێرە بۆ لێم ناگەڕێی؟

باوکە کوژتەت نیم ئەرێ هەی بەدمەزەب چیت لێم دەوێ؟

حەمدی بەگی ساحێبقڕان بەر لە دڵدار وتوویە:

بەس بڕێژە خوێنی ناحەق ئەی ڕەقیب لەم بەردەرە

کۆیی یارە قەت بووە بکرێتە دەشتی کەربەلا

ئەی ڕەقیب بۆ چاری دەردم ئیحتیاجم کەوتە تۆ

ئێستە هەر گاور ئەنووسێ نوشتە بۆ شێخ و مەلا.

هۆنەری تریش بەر لە دڵدار ئەی ڕەقیبیان بە کار هێناوە، وەک تاهیر بەگی جاف، مەلا مستەفای عاسی. تاهیر بەگ وتوویە:

لێم گەڕێن تەنهانشینی کونجی خەم بم ئەی ڕەقیب

دەردەکەی من دەردی ئەشقە و زۆر گران و سارییە.

مەلا مستەفای عاسی وتوویە:

بۆچی کوێر نابی لە تاوان ئەی ڕەقیبی سەگ سیفەت

چونکە سەگ مەرگی چە فایدە زیندەگانیت تا بە کەی.

ئەی ڕەقیب پاش دڵدار

تەنانەت هۆنەرانی کوردی دوای دڵداریش هەر ئەی ڕەقیبیان لە هۆنراوەکانیاندا بە کار هێناوە، بۆ نموونە سەید کامیلی ئیمامی وتوویە:

ئەمن خۆ کۆشی خۆم پڕ کردووە، هەڵناگرێ چیدی

جەهەننەم! ئەی ڕەقیبی بەدمەزەب، تۆش کۆشی خۆت دانێ.

سامی عەوداڵ وتوویە:

ئەی ڕەقیبانی نەزانا بەسیە فیتنە و تۆبە کەن

چوونکی بێ چارەن کە عاشق زوڵمە هێندەی لۆمە کەن

ئیشی دیوانی هەتاکەی ئەی ڕەقیبی سەگ سیفەت

هێسک لەبەر حەیوان دە بەسیە جۆ لەبەر سەگ ڕۆ مەکەن.

مەلا عەبدوڕڕەحمانی ڕاجی و ویساڵیش هەر ئەی ڕەقیبیان بە کار هێناوە. ڕاجی وتوویە:

ئەی ڕەقیب، تۆ کونجڕێک پەیدا بکە

تەیری گول ئاشق بە داری ژەقنەمووت

ویساڵی وتوویە:

وەختێ ئەمنی دی بە عەوری زوڵفی ڕووی پۆشی لە من

ئەی ڕەقیب خوا بتگرێ گەر وەک منت لەو یارە کرد

ئەی ڕەقیب هاتی وەکوو ئیبلیس ویساڵیت دەرپەڕان

بۆ بە بێ جورم و گونەهـ لەو لەززەتەت ئاوارە کرد؟

ئەو هۆنەرانەی ناویانم هێنا هەموویان موسوڵمان بوون و خۆیان مەلایەتییان خوێندووە. بەڵام ئیتر ئەوەیە ئیسلامییەکانی ئەمڕۆ موسوڵمانە هەرە باشەکانمان بە کافر دەزانن. ئەم موسوڵمانانە لە سوودی کورد و کوردستان بوون، بۆیە بە دوژمنی خۆیانیان دەزانن.

ڕەخنە لە ئەی ڕەقیب

ئایا ئەی ڕەقیب لە ڕووی ڕێزمانەوە کێشەی هەیە؟

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

هەندێک کەس ڕەخنە لە سروودی ئەی ڕەقیب دەگرن و بێڕێزیی پێ دەکەن. پاساوەکەشیان ئەوەیە کە گوایە ئەی ڕەقیب لە ڕووی ڕێزمانییەوە کێشەی تێدایە. بەڵام ئەو قسەیە ڕاست نییە. ڕێزمان کەرەستەیەکە لە بەردەم هۆنەردا. لە هۆنراوەدا هۆنەر ڕێزمان تێک دەدات و ئەوەشە هونەرێتیی هۆنراوە بەرز دەکاتەوە. واتە ڕێزمان ئامرازی هونەراندنی هۆنەرە.

ڕێزمان واتە ڕستەسازی (سینتاکس)، وشەسازی (مۆرفۆلۆجی)، دەنگناسی (فۆنۆلۆجی)، واتاسازی (سیمانتیک). کاتێک یەکێک دەڵێت: «ئەی ڕەقیب لە ڕووی ڕێزمانەوە کێشەی تێدایە»، دەشبێت ڕوونی بکاتەوە لە چ شوێنێکی ڕێزماندا کێشەی تێدایە. چونکە ڕەخنە هەمیشە دیاریکراو و تایبەتە و گشتی نییە. دەبێت ڕوون بیت، بە دیاریکراوی چ جێیەک کێشەی هەیە؟ دەنا ڕەخنەت نەگرتووە.

ئەگەر کێشەکە ڕستەسازییە، ئەوا لە هۆنراوەدا ڕستە ژێردەستەی کێشە. واتە هۆنراوە لە ڕووی ڕستەسازییەوە ڕەخنەی لێ ناگیرێت. ئەمە نەک تەنها بۆ زمانی کوردی، بەڵکو بۆ زمانی تریش ڕاستە. هۆنراوە هەمیشە ڕستەسازی وەک کەرەستە و ئامراز بە کار دەهێنێت بۆ هونەراندنی هۆنراوەکە. هەندێک جاریش لەبەر کێش وا دەکات. دواتر بە تایبەت باسی ئەمە دەکەم.

ئەگەر کێشەکە وشەسازییە، دەنگناسییە، واتاسازییە، ئەوا دەبێت ڕەخنەگرەکە بە وردی پێمان بڵێت چ جێیەکی نێو هۆنراوەکە لەو ڕووانەوە کێشەدارە. ئەگەر بەکارهێنانی وشەی عەرەبی و بێگانەیە، ئەوا یەکێک لە ڤیدیۆکانم بۆ ئەو بابەتە تەرخان کردووە. سەبارەت بە دەنگناسییش: خۆم تا ئێستا هیچ ڕەخنەیەکی دەنگناسییانەم لەسەر ئەی ڕەقیب نەبیستووە. ئەوە نەبێت دەوترێت وشە عەرەبییەکان لە ڕووی دەنگەوە لەگەڵ وشە کوردییەکاندا نەگونجاون.

زۆرترین ئەو ڕەخنانەی لە ئەی ڕەقیب گیراون دەکەونە بواری واتاسازییەوە. هەندێک لە ئیسلامییەکان کێشەیان لەگەڵ وشەی ڕەقیبدا هەیە. لەوەدا هەڵەن و لە دوو ڤیدیۆی ڕابردوودا ڕوونم کردەوە. هەندێکیان کێشەیان لەگەڵ ئەو ڕستەیەدا هەیە کە دەڵێت «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان». دوایی ئەمەش ڕوون دەکەمەوە.

جا پرسیاری ئەوە دروست دەبێت کە ئایا ئەی ڕەقیب لە ڕووی ڕێزمانەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێت؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە بەڵێ، بەڵام ئەگەر خۆت بزانیت ڕێزمان چییە و مەبەستت چییە. پاشان لە ڕێزماندا بۆمان ڕوون بکەیتەوە کێشەکە چییە.

تەنها بێگەردانمان خۆش دەوێت؟

پاشان گریمان ئەی ڕەقیب لە ڕووی ڕێزمانەوە کێشەی هەیە. خۆ ئێمە ئەی ڕەقیبمان لەبەر ئەوە خۆش ناوێت کە لە ڕووی ڕێزمانەوە بێگەردە. یان لە ڕووی مووسیکەوە لە شاکارێکی بێتهۆڤن هونەریترە. نەخێر، ئێمە ئەی ڕەقیبمان خۆش دەوێت چونکە دەنگمان بووە لە کاتی بێدەنگکردنماندا، لە کاتی سەرکوتکردنماندا، لە کاتی قاتوقڕکردنماندا.

چۆن منداڵی خۆمان لەبەر ئەوە خۆش ناوێت کە جوانترین و بێگەردترین و ڕێکوپێکترین بوونەوەری دونیایە، بەڵکو لەبەر ئەوە خۆشمان دەوێت هەڵگری پارچەیەکە لە گیانمان. ئەی ڕەقیبیش وایە، با هەزار خەوشی هەبێت، بەڵام ملیارێک پارچەی ئاوێنەی شکاوی مێژوو و یادەوەریمانی هەڵگرتووە. ئازارمانی هەڵگرتووە. شکۆمانی هەڵگرتووە.

ڕستەی هۆنراوە ژێردەستەی کێشە

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ڕستەسازی ئەو لقەی ڕێزمانە کە لە جێی وشە و دەستەواژەی نێو ڕستە دەکۆڵێتەوە و ڕستە ساز دەکات. واتە لەوە دەکۆڵێتەوە کە بکەر (یان کارا) لە کوێدایە، بەرکار لە کوێدایە، کار لە کوێدایە.

ڕەخنەگرتن لە هۆنراوە لە ڕووی ڕستەسازییەوە بێواتایە. چونکە لە وێژەدا بە گشتی و لە هۆنراوەدا بە تایبەتی ڕستە کەرەستەیە، زۆربەی جار بە مەبەست و هەندێک جار بە ناچاری دەشکێنرێت.

لەو هۆنراوانەی کێشی عەرووز بە کار دەهێنن دیاردەی شکاندنی ڕستە هەر زۆر ئاساییە و زۆر جار ناچارییە. بۆ نموونە ئەحمەد هەردی لە پێنجخشتەکییەکەیدا لەسەر هۆنراوەکەی شێخ نووریی شێخ ساڵح وتوویە:

قەت نەدەی ئازاری گیانی مەست و بێدارانی شەو.

ئەو ڕستەیە شکێنراوە. ڕستەسازییە دروستەکە ئەوەیە بوترێت: قەت ئازاری مەست و بێدارانی شەو نەدەیت.

بۆ نموونەیەکی تر، سالم وتوویە:

ئومێدی دڵ نەماوە تا حەشر ئازادی قەیدت بێ

تەلیسمی بابلە، جانا! مەگەر چاهی زەنەخدانت؟!

حەشر عەرەبییە، واتە ڕۆژی دوایی. قەید عەرەبییە، واتە کۆت؛ لێرەدا مەبەست لە قژی یارە کە سالمی پێ پێبەست بووە. تەلیسم بە ڕەچەڵەک وشەیەکی گریکییە، لە تێلێسما-ەوە هاتووە. ئەو واتایەی وەرگرتووە کە هەر شتێکە توانای جادوویی هەبێت. لە زمانی ئینگلیدا بووە بە تالیزمان talisman. دەوترێت گوایە لە سەردەمی بابلی کۆندا جادووگەری زۆر باو بووە. وا دیارە تەلیسمی بابل بە واتای جادووی بابلییە. یان گوایە بەردێک بووە کە جادووگەرەکانی بابل بە کاریان هێناوە. چاهـ واتە چاڵ. زەنەخدان واتە چەناگە.

ئەو ڕستەیە بە کوردیی ئەمڕۆ واتە: دڵ تا ڕۆژی دوایی ئومێدی نەماوە لە کۆتوبەندی قژت ڕزگاری بێت. مەگەر چاڵی چەناگەت جادووی بابلە، گیانە؟!

واتە ڕستەسازیی ئەو دوو دێڕە شکێنراوە. ڕستەسازییە دروستەکە بەم جۆرەیە: دڵ تا حەشر ئومێدی نەماوە ئازادی قەیدت بێ. مەگەر چاهی زەنەخدانت تەلیسمی بابلە، جانا؟!

کێش ڕستەی هۆنراوە دەشکێنێت

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە وا دەکات لە ڕووی ڕستەسازییەوە ڕەخنە لە هۆنراوە نەگیرێت ئەوەیە کە کێش زۆر جار هۆنەرەکە ناچار دەکات وشەیەک لە جێیەکدا دابنێت کە کێشەکە تێک نەدات. بۆیە لەم پڕۆسەیەدا ڕستەسازی دەکرێت بە قوربانی.

لە زمانەکانی تریشدا ئەم دیاردەیە هەیە. بە درێژایی مێژوو ئەوەندە ڕستە لە پێناو کێشی هۆنراوەدا شکێنراوە، کە وای لێ هاتووە ڕستەی شکاو لە زەینی زۆربەی خەڵکدا وەک ڕستەیەکی وێژەیی خۆی بنوێنێت. بۆیە زۆربەی کات ئەو دێڕەی لە ڕووی ڕستەسازییەوە شکێنراوە وێژەییتر دەردەکەوێت وەک لەو ڕستەیەی لە ڕووی ڕستەسازییەوە دروستە.

لە کوێ بڵێیت: «هاتەوە یادم شەوێکی قەندیل3»، لە کوێ بڵێیت: «شەوێکی قەندیلم هاتەوە یاد». لە کوێ بڵێیت: «سووتا ڕەواقی خانەیی سەبرم4»، لە کوێ بڵێیت: «ڕەواقی خانەی سەبرم سووتا». لە کوێ بڵێیت: «کوێر بووە هەر وەکو یەعقووب بە خودا دیدە لە بۆت5»، لە کوێ بڵێیت: «بە خودا دیدە هەر وەکو یەعقووب لە بۆت کوێر بووە».

کێش وا دەکات هەندێک جار یاسای نێو خودی دەقیش بشکێنرێت. ئەمە لە زمانەکانی تریشدا هەر وایە.

بۆ نموونە شێکسپیر لە شانۆنامەی هاملێتدا کەسێتییەکی هەیە بە ناوی پاشا هاملێت (هاملێتی باوک). ئەم پاشایە کوژراوە و خێوەکەی (سەهویر) دوای مردن گەڕاوەتەوە بۆ لای کوڕەکەی، کە ئەویش هەر ناوی هاملێت-ە (هاملێتی کوڕ). بە ئینگلیی ئەو سەردەمە بە خێو (یان سەهویر) وتراوە گۆست ghost. تەنانەت شێکسپیر خۆی بە کەسێتییەکەی دەڵێت گۆست. کەچی هەندێک جار لەبەر کێش ناچار بووە وشەی گۆست بە کار نەهێنێت و بنووسێت سپیریت spirit. وەک لەو دێڕە بەناوبانگەدا کە خێوەکە بانگی کوڕەکەی دەکات، دەڵێت: «من گیانی باوکتم». I am thy father’s spirit. (ھاملێت ١: ٥، ٩)

من و کاک ڕێبوار قارەمانی لە وەرگێڕانی هاملێتدا ئەم دوو وشەیەمان جیا کردووەتەوە. سەهویر-مان بەرانبەر گۆست داناوە؛ گیان-مان بەرانبەر سپیریت داناوە.

بە کورتی: لە وێژەدا بە گشتی و لە هۆنراوەدا بە تایبەتی، ئاساییترین دیاردە ئەوەیە ڕستە بشکێنرێت. بۆیە لە ڕووی ڕستەسازییەوە ڕەخنە لە هۆنراوە ناگیرێت. ئاوهاش لە ڕووی ڕستەسازییەوە ڕەخنە لە ئەی ڕەقیب ناگیرێت.

ڕستەی هۆنراوە ژێردەستەی ڕەوانبێژییە

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

وەک چۆن ڕستەی هۆنراوە ژێردەستەی کێشە، ژێردەستەی ڕەوانبێژیشە. ئێستا ڕوونی دەکەمەوە چۆن.

لە هۆنراوەدا پێکاری ڕەوانبێژی بە کار دەهێنرێت. پێکار واتە ئەو شتەی کاری پێ دەکەیت، هاوواتای ئامراز-ە. پێکاری ڕەوانبێژی کار لە ڕستە دەکات.

پێکاری سڕینەوە

بۆ نموونە پێکارێکی ڕەوانبێژی هەیە کە پیتێک یان زیاتر لە وشەیەک دەسڕێتەوە. بە کوردی بەم پێکارە دەڵێین سڕینەوە. بە ئینگلی پێی دەوترێت کاتالێکتیک catalectic؛ بە عەرەبی حەزف.

بۆ نموونە نالی لە هۆنراوەیەکدا وتوویە:

مەمخەرە هاوییەیی هەولی فیراق،

دەستی من دامەنی تۆ ڕۆژی قیا.

ئەو «قیا»یە واتە قیامەت. بەڵام «-مەت»ەکەی لێ سڕاوەتەوە. هەموومان دەزانین واتە لە قیامەتدا دەستم دامێنت. بەڵام نالی پێکاری سڕینەوەی لەسەر وشەکە جێبەجێ کردووە.

کەسم نەدیوە لە چیرۆک و ڕۆماندا سڕینەوەی بە کار هێنابێت. بەڵام خۆم لە دێڕێکی چیرۆکی لاقەکردنی دیاسدا، کە خۆم نووسیومە، ئەم پێکارەم بە کار هێناوە. دڵم نەهاتووە وشەی «مردن» بەرانبەر کەسێتییە سەرەکییەکەی چیرۆکەکە بە کار بهێنم. چونکە تەمەنی تەنها سێزدە ساڵە و شایستەی ئەوە نییە بیخەمە سەر ڕێی مەرگ. بۆیە، وەک هاوسۆزییەک، نیوەی وشەکەم لابردووە و کردوومە بە «مر».

زۆر کەس کە ئەم وشەیەیان خوێندبووەوە وایان زانیبوو هەڵەی چاپە. بەڵام بە مەبەست نیوەی وشەکەم نەنووسیوە. تەواوی ئەو ڕستەیەی چیرۆکەکە دەڵێت: «خۆزگە پێویستت بە پاساوی دانایی نەبووایە تا دڵخۆش بیت و خۆت بە سرووشتی تا ڕۆژی مر هەر دڵخۆش و گەش بوویتایە».

پێکاری ڕیزتێکدان

نموونەی تری پێکاری ڕەوانبێژیمان هەیە کە ڕاستەوخۆ دەستکاریی ڕستە دەکەن. یەکێک لەوانە بە کوردی پێی دەڵێین ڕیزتێکدان. بە گریکی و ئینگلی پێی دەڵێن ئەناسترۆفی. بە مەبەست ڕیزبەندیی ڕستە تێک دەدەیت، وەک:

چییە گوارە گوناهی، وا بە نەستەق

بە گوێ هەڵتاوەسیوە سەر موعەللەق؟6

لێرەدا بە ئاشکرا دیارە کە ڕستە دروستەکە ئەوەیە بڵێت: «گوناهی گوارە چییە وا بە نەستەق بە گوێتدا بە سەر هەڵتواسیوە؟»

پێکاری نیل

پێکارێکی ڕەوانبێژیی تر هەیە بە کوردی پێی دەڵێین نیل. بە گریکی دەبێت بە زیوگما. نیل (یان نیر) «دارێکە دەخرێتە سەر ملی دوو گا یان دوو وڵاخی تر بۆ جووتپێکردن». پێکارە ڕەوانبێژییەکەش کارێکی هاوشێوە دەکات. بەم پێکارە دەتوانیت دوو ڕستە بە یەک کار جووت بکەیت.

خۆم یەکێکم لەو کەسانەی لە نووسیندا ئەمە زۆر بە کار دەهێنم. هەر لە چیرۆکی لاقەکردنی دیاسدا چەندین جار ئەمەم بە کار هێناوە. بۆ نموونە:

دەرگای پەیوەندیی ماڵەکەیان و ھەستی ئازادیی منداڵەکانیشی داخست.

لێرەدا یەک کار بۆ دوو ڕستە دانراوە. ڕستەسازییە دروستەکە وەهایە: «دەرگای پەیوەندیی ماڵەکەیانی داخست. دەرگای ھەستی ئازادیی منداڵەکانیشی داخست».

دوو ڕستەم بە یەک کار بەستەوە.

کەواتە لەبەر کێش و ڕەوانبێژی و شتی تریش، لە ڕووی ڕستەسازییەوە ڕەخنە لە ئەی ڕەقیب ناگیرێت.

ڕەخنە لە ئەی ڕەقیب لە ڕووی وشەسازییەوە

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

یەکێک لەو ڕەخنانەی لە سروودی ئەی ڕەقیب و زۆرێک لە هۆنراوە کۆنەکانی کوردی دەگیرێت ئەوەیە کە وشەی عەرەبیی زۆریان تێدایە. ئەم قسەیە بە گشتی ڕاستە. بەڵام بۆ ئەی ڕەقیب کەمتر ڕاستە. چونکە سروودی ئەی ڕەقیب وشەی عەرەبیی زۆر کەم تێدایە، بە دیاریکراوی تەنها سێ وشەی عەرەبیی تێدایە، ئەوانیش ئەم سێ وشەیەن: ڕەقیب، قەوم، حازر.

بوونی وشەی بێگانەی زۆر لە هۆنراوەی کۆندا هۆی زۆرە، لەوانە:

  • هەژموونی دینی ئیسلام: زمانی پەڕتووکە پیرۆزەکانی ئیسلام عەرەبی بوون.
  • نووسەران مەلا و کەسی دینی بوون: تەواوی ئەو کەسانەی لە کۆندا بە کوردی نووسیویانە مەلا و کەسانی دینی بوون. لە حوجرە و مزگەوتەکاندا بە عەرەبی خوێندوویانە.
  • زمانی حوکمڕانی: زمانی حوکمڕانییە جۆراوجۆرەکانی دەوروبەری نووسەران یان عەرەبی بووە، یان عەرەبی دەسەڵاتێکی زۆری هەبووە تیایاندا. بۆ نموونە تورکیی عوسمانی نیوەی عەرەبی بووە.
  • هێشتا بیری پاراوکردنی زمان سەری هەڵنەدابوو: بیری پاراوکردن و پاککردنەوەی زمان لە وشەی بێگانە بیرێکی نوێیە. تەنانەت خودی قورئان چەندین وشەی ناعەرەبیی تێدایە. واتە قورئان خۆی عەرەبیی پاراو نییە. بۆ نموونە وشەکانی ئەساتیر، کە کۆی ئوستوورەیە، وشەی دین، قیستاس، ئینجیل… هیچیان عەرەبی نین. لە سەردەمی دڵداردا هزری پاراوکردنی زمانی کوردی ئەوپەڕی تەمەنی ٢٥ ساڵ بووە. ئێستا دوای سەد ساڵ هێشتا بە دەیان ڕۆشنبیرمان هەن کە لەگەڵ پاراوکردنی زمانی کوردیدا نین، جا وەرە حەفتا و پێنج ساڵ لەمەوبەر!
  • بەکارهێنانی زمانی زیاتر نیشانەی دەسەڵاتی نووسەر بووە: بەکارهێنانی وشەی بێگانە لە وێژەی کۆنی کوردیدا نیشانەی دەسەڵاتداری و پایەبەرزیی نووسەرەکە بووە. شکانەوەی دەسەڵات بەسەر زمانی زۆردا بە یەکێک لە پێوەرەکانی ڕۆشنبیری دانراوە. بۆیە زمانی تایبەتی وێژەیی پڕ بووە لە وشەی بێگانە. نالی بە ئاشکرا دەڵێت: «فارس و کورد و عەرەب هەر سێم بە دەفتەر گرتووە».
  • پاراستنی نەریتی مەزنان: لە وێژەی کۆنی کوردستان و جیهانیشدا، هۆنەرە نوێکان بە شوێن پێی مەزنانی پێش خۆیاندا ڕۆیشتوون. نوێکان لەپڕ و ناکاو لە مەزنانیان لانەداوە، بەڵکو بەرەبەرە لە ڕێی مەزنان لایانداوە. بەکارهێنانی وشە بێگانەکانی پێش خۆیان جۆرێک لە ڕێزدانان بووە بۆ مەزنانی پێشوو. جگە لەوەی وشە بێگانە بەکارهاتووەکان بەڵگەی خوێندەواریی نەوەی نوێ بوون لە وێژەی پێش خۆیاندا.
  • کێش هۆنەری ناچار کردووە: کە لە سرووشتی کێشی عەرووزی تێدەگەیت، تێدەگەیت کە هەندێک جار ناتوانیت بە ئازادی وشەیەک لە جێیەک دابنێیت، چونکە کێشەکە لەنگ دەکات. بۆیە هەندێک جار پەنا براوەتە بەر وشەیەکی بێگانە کە لەگەڵ کێشەکەدا هاتووەتەوە.

بە کورتی: سەربارکردنی زمانی هۆنراوە بە وشەی بێگانە لە وێژەی کۆنی کوردیدا دیاردەیەکی ئاسایی بووە. ئێمە ناتوانین بە پێوەرەکانی ئەمڕۆ ڕابردوو بپێوین.

ڕەخنە لە ئەی ڕەقیب لە ڕووی واتاسازییەوە: «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان» زیاتر لە واتایەکی هەیە

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ئیسلامییەکان بە دیاریکراوی دژی ئەو دێڕەی ئەی ڕەقیبن کە دەڵێت: «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان». بە پاساوی ئەوەی دەڵێن: «دینی ئێمە ئیسلامە». بەڵام ئەوان چەند لایەکیان لەو دێڕەدا لێک نەداوەتەوە. لە لایەک ئەو دێڕە دوو پێکاری ڕەوانبێژیی لەسەرە. لە لایەکی تر دێڕەکە ئاماژەیە بە لکێنێکی دەوڵەتی. با ئێستا باسی دوو پێکارە ڕەوانبێژییەکە بکەم.

پێکاری یەکەم چوواندنە بە لابردنی ئامرازی چوواندن. بۆ نموونە دەڵێم: «مانگەکەم هات». لە بری ئەوەی بڵێم «یارەکەم، کە دەڵێیت مانگە، هات». واتە ئەو دێڕە دەڵێت: هەر نیشتمانە وەک دین و ئاینمانە. بەڵام وەک-ەکە لابراوە. لەبەر کێشی هۆنراوەکەش جێگۆڕکێ بە ڕستەسازییە دروستەکەی کراوە.

پێکاری دووەم زێدەڕۆییە، کە بە گریکی پێی دەوترێت هووپەربۆلێ و بە ئینگلی پێی دەوترێت هایپەربۆلی hyperbole. بۆ نموونە دەڵێم: «قسە نەکەم کەروێشکێکم دەبێت»، یان «فڵان کەس دین و ئیمانمە»، یان «ئەوەندەم برسییە گایەک دەخۆم». بێگومان نە کەروێشکت دەبێت و نە کەس دەبێتە دین و ئیمانت و نە گایەکیشت پێ دەخورێت.

لە ڤیدیۆی داهاتوودا باسی لایەنی لکێنی دەوڵەتی دەکەم لەو دێڕەدا. ئێستا لەسەر وشەی دین دەوەستم.

دین وەک لکێنەوە

وشەی دین بە زمانی لاتینی ڕیلیگیۆ-یە. ڕیلیگیۆ (کە لە ئینگلیدا بووە بە ڕیلیجن religion) وشەیەکی داڕێژراوە. لە پێشگری ڕی- و لیگ و پاشگری -یۆ پێک هاتووە.

پێشگری ڕی- بەرانبەر پاشگری -ەوە-ی کوردی دەوەستێتەوە و واتە دووبارەبوونەوە. وەک چۆن دەڵێیت: کردن، کردنەوە. بردن، بردنەوە. لیگ، کە بنجی وشەی ڕیلیگیۆ-یە، هەر لکانی کوردییە و لەگەڵ وشەی لکان-ی کوردیدا هاوڕیشەن. لیگ، لکان. پاشگری -یۆ لە زمانی لاتینیدا ناو دەسازێنێت. واتە ئەوەی هەمووان دووبارە بە یەکەوە دەلکێنێتەوە. ڕیلیگیۆ واتە لکێنەوە.

ڕیشەی وشەکە تێڕوانینێکی زۆر گرنگمان لەسەر خودی دین پێ دەدات. پێمان دەڵێت کە مرۆڤ، لانیکەم لاتینەکان، چۆن سەیری دینیان کردووە و دین بە چی تێگەیشتوون.

وشەی یاساش، کە بە لاتینی لێکس-ە، هەر هەمان ڕیشەی لکان و ڕیلیگیۆی هەیە. هەر لێکس-ی لاتینییە لە کۆتاییدا چووەتە زمانی ئینگلییەوە و بووە بە لۆ law بە واتای یاسا. واتە لۆ-ی ئینگلی و لکانی کوردی لە ڕیشەدا هەمان وشەن. بە واتای وشە بێت، یاسا واتە لکێن. چونکە دوو هاووڵاتی بە یاسا پێکەوە دەلکێن.

لێکسی لاتینی بە ڕاستەوخۆش چووەتە زمانی ئینگلییەوە و وشەکانی لیگەڵ legal و لێجیسلەیشن legislation و لیجیتیمت legitimate-ی دروست کردووە. لیگەڵ واتە یاسایی؛ لێجیسلەیشن واتە یاسای دەرچوو؛ لیجیتیمت واتە ڕەوا.

واتە یاسا ئەوەیە هاووڵاتییانی شوێنێک پێکەوە دەلکێنێت؛ دین ئەوەیە دیسان پێکەوە دەیانلکێنێت. یاسا لکێنە، دین لکێنەوەیە. واتە دەشێت مرۆڤی شارستانیی نێو وڵاتێک لە لکێنێک زیاتری هەبێت بە یەکترەوە.

دینی تاک و دینی دەوڵەت

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

جاران هەموو دەوڵەتێک دینی هەبووە. ئەم دینە دینی دەوڵەتە. بۆ نموونە عوسمانییەکان دینیان ئیسلام بووە. ئەمە واتای ئەوە نییە کە هەموو تاکێکی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی ئیسلام بووە. مەسیحی و جوو و دینی تریش هەبوون. بەڵام دینی دەوڵەتی عوسمانی ئیسلام بووە.

ئێستا ئینگلتەرا یەکێکە لەو وڵاتانەی دینی دەوڵەتی هەیە، کە ئەویش مەسیحیی پڕۆتستانتییە، کە بە ئەنگلیکان ناسراوە. ئەمە بەو واتایە نایەت موسوڵمانی تێدا نییە. لایەک لە لەندەن موسوڵمانن، بەڵام دینی دەوڵەت پڕۆتستانتییە.

کورد نەتەوەیەکی فرەدینە. کوردی ئێزدیمان هەیە، کوردی زەردەشتیمان هەیە، کوردی جوومان هەیە، مەسیحی، موسوڵمان بە سوننە و شیعەوە، یارسان… کوردی خاوەندینی تریشمان هەیە. جگە لەوەی کوردی بێدین و بێباوەڕیشمان هەیە. هیچ کامێک لەم کوردانەمان لێ زیاد نییە و هەموویان دانەی دانەبڕاوی کوردستانن. ئەوەی هەموو ئەمانە پێکەوە دەبەستێتەوە نیشتمانە.

ئێمە دەمانەوێت بەو جۆرە کوردستانمان بونیاد بنێین کە لەگەڵ چاندی کوردستاندا دەگونجێت. نامانەوێت لاسایی تورک و عەرەب و فارس بکەینەوە لە فاشیزم و سەپاندن و سەرکوتکردندا. نامانەوێت کوردستان بە وێرانبوویی دروست بکەین. ناشمانەوێت نموونەیەکی حوکمڕانی لە ڕۆژئاوا بخوازین تەنها لەبەر ئەوەی مۆدەی ئەوەیە. ئێمە پانتۆڵ ناکڕین تا ئەوەیان بکڕین کە ئێستا مۆدەیەتی. ئێمە دەمانەوێت ببینە نموونە بۆ جیهانیش.

خۆشبەختانە ئەزموونی دەوڵەتانمان دیوە. دەتوانین هەڵەکانیان دووبارە نەکەینەوە. هەم دەوڵەتی دینیی وەک ئێران و ئەفغانستانمان دیوە؛ هەم دەوڵەتی دونیایی وەک ئەمریکا و فەڕەنسامان دیوە. دیومانە کاتێک حوکمڕانی بە ناوی دینەوە دەکرێت چ کارەساتێکی لێ دەکەوێتەوە و چۆن دەوڵەتی دینی وا دەکات هەمووان قێزیان لە دینەکە بێتەوە و لێی هەڵبێن.

نیشتمان لکێنە

دین لەسەر ئاستی تاک لکێنی مرۆڤ و خودای خۆیەتی. بەڵام لەسەر ئاستی دەوڵەت لکێنی هەموو تاکەکانە. ڕەنگە دینێک بتوانێت تاکەکانی دەوڵەتێکی تر پێکەوە بلکێنێت (کە لەمە بەدگومانم). بەڵام بێگومان ئەمە بۆ کورد ڕاست نییە. هیچ دینێکی ئاسمانی نەیتوانیوە و ناتوانێت هەموو کورد پێکەوە بلکێنێت، بەڵکو دینەکان ئێمەیان لە یەک ترازاندووە. بەڵام نیشتمان دەتوانێت هەموومان پێکەوە بلکێنێت.

کوردستان لکێنی کەسەکانی ناویەتی. ئەمە بە واتای ئەوە نییە کوردستان ببێتە جێگرەوەی خودای تاکەکەسی. هەرگیز، بەڵکو دەبێتە بەندی هاووڵاتییانی کوردستان. بۆیە دین و ئاین لەو دێڕەی ئەی ڕەقیبدا هەم واتە دینی دەوڵەت، هەم واتە ئەوەی کوردستانییان پێکەوە دەلکێنێت. کە هەر دەشبێت نیشتمان بێت. دەنا شەڕی ناوخۆ ڕوو دەدات.

بۆیە من وا لەو دێڕە تێدەگەم کە «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان» ئاماژە نییە بە دینی ئاسمانیمان وەک تاک، بەڵکو دینمانە بە واتای لکێنی دونیایی.

ئەرکی دینی و دەوڵەتی

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا

            لە هەر سێ ئینجیلی مەتا و مەرقۆس و لۆقادا (مەتا ٢٢: ٢١؛ مەرقۆس ١٢: ١٧؛ لۆقا ٢٠: ٢٥) چیرۆکێکی عیسا هەیە کە ئێجگار گرنگە. کۆمەڵێک دەچنە لای عیسا، لێی دەپرسن: «ئایا سەرانە (یان باج) بدەین بە قەیسەر؟». چونکە عیسا خەڵکی شانشینی یەهوودیا بووە و یەهوودیاش لە سەردەمی عیسادا داگیرگەیەکی ڕۆمییەکان بووە. عیسا پێیان دەڵێت: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا».

            ئەم وتەیەی عیسا وەک دەقی پشتڕاستکەرەوەی جیاکردنەوەی ئەرکی تاک بەرانبەر دەوڵەت و ئەرکی تاک بەرانبەر خودا دەبینرێت. وەک چۆن ئەرکت لەسەر شانە بەرانبەر خێزانەکەت، ئەرکیشت لەسەر شانە بەرانبەر نیشتمانەکەت. ئەرکیشت لەسەر شانە بەرانبەر خودای خۆت.

بوونە جیاوازەکانمان

ڕاستە ئێمە دانە دانە تاکین، بەڵام هەر یەکێکمان زیاتر لە بوونێکمان هەیە. لانیکەم هەر یەکێکمان چوار بوونمان هەیە:

١. بوونێکی تاکی: واتە خۆمان لەسەر ئاستی تاک.

٢. بوونێکی کۆیی خێزانی: واتە بوونمان لەسەر ئاستی خێزانەکانمان.

٣. بوونێکی کۆیی کۆمەڵگەیی: واتە بوونمان لەسەر ئاستی کۆمەڵگاکەمان.

٤. بوونێکی کۆیی دەوڵەتی: ئەمیان بوونی نیشتمانیمانە.

واتە لانیکەم بوونێکی تاکی و سێ بوونی کۆییمان هەن.

لەسەر ئاستی تاک و خێزانی و کۆمەڵگاییش دەتوانین خاوەنی دینی ئاسمانیی خۆمان بین. بەڵام لەسەر ئاستی دەوڵەتی، بە هۆی سرووشتی کوردستانەوە، کە لە زۆربەی دینەکانی تێدایە، دەبێت بوونێکی زەمینی کۆمان بکاتەوە. کە ئەویش نیشتمانە.

بۆ نموونە ئەندامەکانی نێو تیپێکی تۆپتۆپێن لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی تیپەکە کۆ دەبنەوە. واتە تیپەکە دەبێتە پڕۆژەی هاوبەشی هەموو تاکەکانی ناوی، نەک دین. تیپەکە لکێنی هەموو ئەندامەکانە. دەکرێت هەر یەکێک لەو تاکانە دینی خۆیان هەبێت و ئەوپەڕی ڕێزیشیان لێ بگیرێت. بەڵام ئەوەی لەو بوونە کۆییەی ئەو تیپەدا کۆیان دەکاتەوە تیپەکەیە، نەک دینەکەیان لەسەر ئاستی تاک.

ئاوهاش دەکرێت تاکەکانی نێو نیشتمانێک لەسەر بنەمای پڕۆژەی هاوبەشی نیشتمانەکە کۆ ببنەوە. واتە نیشتمانەکە ببێتە لکێنی تاکەکان. دڵدار بەم لکێنە نیشتمانییەی وتووە دین. دین بە واتای لکێنەوەی هەمووان لەسەر ئاستی نیشتمان، نەک بە واتای کۆسووڕی پەرستنی تاک و خودای خۆی لەسەر ئاستی تاک و خێزان و کۆمەڵگا.

دین بە واتای لکێنەوەی هەمووان لەسەر ئاستی نیشتمان، نیشتمانە. دین بە واتای کۆسووڕی پەرستنی تاک و خوای خۆی لەسەر ئاستی تاک و خێزان و کۆمەڵگا، دینەکەتە. هەر دینێکیت، پیرۆزت بێت و ئەوپەڕی ڕێزی لێ دەگرین. بەڵام تۆ تاکە کەس نیت لە کوردستان. نابێت بوونی تاکیی خۆت بکەیت بە دوژمنی بوونە نیشتمانییەکەت.

دینی تاک و ئاسمانی کە بوو بە دینی نیشتمانی پیس دەبێت. بۆیە باشترە دینی ئاسمانیی بوونی تاکیی خۆت و دینی زەمینیی بوونی کۆیی خۆت تێکەڵ نەکەیت، دەنا زەمینییەکە ئاسمانییەکە پیس دەکات. ئەمە جگە لەوەی لە ئەندامەکانی تری نیشتمانەکەت دەتترازێنێت.

دینی ئاسمانی هی تاک و کۆمەڵە، بەڵام لکێن و بەستەری من و تۆ کوردستانە. کەواتە کوردستان لکێنەوەمانە. کوردستان کۆمان دەکاتەوە. کوردستان دەمانکاتە یەک. بۆیە: دینمان، ئاینمان هەر کوردستان.

دوژمنایەتی و دۆستایەتیی تۆ و ئەی ڕەقیب بە دەست خۆتە

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

دڵدار خۆی خەڵکی کۆیە بووە. هاوڕێی مەسیحیی خەڵکی هەرمۆتەی هەبووە. زوو بەر ئەو پرسیارە کەوتووە کە چ شتێک دڵدارێکی موسوڵمانی مەلازادە و هاوڕێ مەسیحییەکەی پێکەوە دەبەستێتەوە؟ بێگومان دەبێت نیشتمان بێت. دەنا ئەگەر دینی تاکەکەسی بێت، ئەوا لە یەکیان دەترازێنێت. پێشم وایە هەر ئەوە بووەتە پاڵنەری ئەوەی بڵێت: «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان».

ئەگەر دڵدار دەقاودەقیش بە هەمان خوێندنەوەی من «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان»ی نەنووسیبێت، ئەوا من هەر وا ئەو دێڕە دەخوێنمەوە و لێی تێدەگەم. تەنانەت ئەگەر دڵدار مەبەستیشی لەو واتایە نەبووبێت. ئەم خوێندنەوەیەم لەبەر چەند هۆیەکە.

هۆیەکیان ئەوەیە ئەی ڕەقیب چیتر تەنها موڵکی دڵدار نییە. ئێمە پەیوەندییەکی گیانەکیمان لەگەڵی پەیدا کردووە. ڤیدیۆی نۆزدەیەمم بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێمە و ئەی ڕەقیب تەرخان کردووە. هۆیەکی تریان ئەوەیە من بە دوای ئەوەدا دەگەڕێم لەگەڵ کوردستانییاندا بلکێمەوە، نەک بە دوای پاساودا بگەڕێم بۆ ئەوەی لێیان بترازێم و خۆمیان لێ جیا بکەمەوە.

ئەگەر ڕای ڕاشکاوی منتان دەوێت، باشتر بوو دڵدار ئەو وشەیەی بە کار نەهێنایە و پاساوی نەدایە بە دوژمنانی پڕۆژەی کوردستان دین بۆ دوژمنایەتیی کوردستان بە کار بهێنن. چونکە هەن لە شەڕ دەگەڕێن.

هەیە لە شەڕ دەگەڕێت، هەیە لە ئاشتی

بەڵام پێم وایە دڵدار نەشیوتایە «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان» ئیسلامییەکان هەر دژی دەبوون. خۆ ئاڵای کوردستان ناوی دینی نەهێناوە و ئیسلامییەکان دژین و بە سووکی دەبینن. خۆ جوگرافیای کوردستان ناوی دینی نەهێناوە و ئیسلامییەکان دژین و بە سووکی دەبینن. خۆ زمانی کوردی ناوی دینی نەهێناوە و ئیسلامییەکان دژین و بە سووکی دەبینن و عەرەبی دەخەنە شوێنی.

کە دەڵێم «ئیسلامی» بە هیچ شێوەیەک مەبەستم لە موسوڵمان نییە. لای من موسوڵمان و ئیسلامی دوو کەسی زۆر جیاوازن. تەنانەت پێچەوانەی یەکتریشن. ئیسلامی هەموو ئەو شتانەیە کە موسوڵمان نییە.

ئیسلامی پڕۆژەیەکی وارگێڕییە (واتە سیاسییە)، موسوڵمان ناوارگێڕییە (واتە ناسیاسییە). ئیسلامی ڕووکەشگەرایە، موسوڵمان ناخگەرایە. ئیسلامی دوژمنسازە، موسوڵمان دۆستسازە. ئیسلامی دژە نیشتمانە، موسوڵمان نیشتمانپەروەرە. ئیسلامی دوژمنپەروەرە، موسوڵمان دوژمنبەزێنە. ئیسلامی دژی هەموو شتێکی کوردییە، موسوڵمان لەگەڵ هەموو شتێکی کوردیدایە. ئیسلامی هیچ هاوسۆزییەکی مرۆڤانەی نییە، موسوڵمان هەموو گیانی هاوسۆزی و مرۆڤایەتییە.

یەک کوردی زەردەشتی، یەک کوردی مەسیحی، یەک کوردی جوو، یەک کوردی یارسان، یەک کوردی ئێزدی، تەنانەت کوردی موسوڵمانیش ئەوەندە لە دینەکەیان دوودڵ نەبوون و نین کە وا دێڕی «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان» لێک بدەنەوە کە نیشتمان دەکاتە ڕکابەری دینە ئاسمانییەکەیان. تەنها ئیسلامییەکانن ئەم دوژمنایەتییەیان دروست کردووە.

یەکێک مەبەستی لە دوژمنایەتی نەبێت، دوژمنایەتیشی بکەیت ئەو هەر دەیهێنێتەوە سەر ئاشتەوایی. ئەوەشی مەبەستی لە دوژمنایەتی بێت، هەزار جاریش دەستی ئاشتیی بۆ درێژ بکەیت هەر دەیکاتەوە بە دوژمنایەتی.

مووسیکی ئەی ڕەقیب

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

باسی «مووسیکی ئەی ڕەقیب» دوو لایەن دەگرێتەوە: یەکەمیان ئاوازەکەیەتی؛ دووەمیان مووسیکەکەیەتی. ئاوازی سروود ئەو بەشەیە کە مرۆڤەکان دەتوانن بێ ئامێری مووسیکیش بیبێژن. مووسیکیش ئەو بەشەیە کە ئامێرەکانی مووسیک دەیژەنن. من لێرە تەنها باسی ئاوازی ئەی ڕەقیب دەکەم.

ئاوازی پێداگری ئەی ڕەقیب

ئەی ڕەقیب ئاوازێکی سادە و ساکاری هەیە، بەڵام پڕ لە جۆشوخرۆش و گڕوتینە. لەبەر ئەوەی لەسەر ئەو جۆرە پەیژە مووسیکییە دانراوە کە لە مووسیکدا پێی دەڵێین «پەیژەی گەورە»، هەستی شانازی و ئەرێیی و شکۆ بە بیسەر دەدات. لە مووسیکناسیدا بە نزیکی هەمیشە ئەم جۆرە پەیژەیە بە مەبەست بە کار هاتووە بۆ ئاماژەدان بە سەرکەوتن7.

بۆ نموونە بێتهۆڤن بەم جۆرە پەیژەیە کۆتایی بە سیمفۆنیی پێنجەم و نۆیەمی هێناوە، کە تیلنیشانن بە سەرکەوتن. چایکۆڤسکی بەم جۆرە پەیژەیە کۆتایی بە سیمفۆنیی پێنجەمی هێناوە. لە نامەیەکی ساڵی ١٨٨٨یشدا نووسیویە: «کۆتایی سیمفۆنییەکە دەگۆڕێت بە سروودی سەرکەوتن». گوستاڤ ماهلەر بەم جۆرە پەیژەیە کۆتایی بە سیمفۆنیی دووەمی هێناوە. خۆیشی لەسەر نۆتەی سیمفۆنییەکەیی نووسیوە: «مەرگ دیار نەما… سەرکەوتن هی منە! دەژیم!».

ئۆستیناتۆ: پێداگر

لە مووسیکداناندا تەکنیکێک هەیە پێی دەوترێت ئۆستیناتۆ. ئۆستیناتۆ وشەیەکی ئیتالییە. واتە پێداگر، یان دووپاتەبووەوە، یان کەللەڕەق. چەندین وشەی تر لە زمانی ئینگلیدا هەن کە ڕیشەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ئەم وشەیە، وەک وشەی ئۆبستینت obstinate واتە لاسار، یان کەللەڕەق. ئاوازی ئۆستیناتۆ، واتە ئاوازێکی پێداگر. واتە مووسیکەکە کۆپلەیەکی تێدایە، یان هەمووی کۆپلەیەکە کە چەندین جار دووبارە دەبێتەوە و خۆی ناگۆڕێت.

چەندین گۆرانیی کوردی هەن کە تەکنیکی پێداگرییان تێدایە. هەندێکیان هەموو گۆرانییەکە پێداگرە، وەک گۆرانیی لێ دینێی جوان حاجۆ؛ هەندێکیان دێڕێکیان تێدایە پێداگرە، وەک دێڕی «یادم کەن» لە گۆرانیی یادم کەن-ی نووری گەرمیانیدا. زۆربەی ئەو گۆرانییانەش کە بە بەزمی چەپڵە ناسراون لە هەورامان ئاوازی پێداگرن.

تەنانەت پێداگری لە هۆنراوەشدا هەیە. بۆ نموونە هۆنراوەی تۆم هەر لە بیرە-ی مامۆستا هێمن، ئەو دێڕەی دەڵێت: «ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لە بیرە» تەکنیکێکی پێداگرییە. کۆپلە دێت و دەڕوات، بەڵام دێڕە پێداگرەکە هەر دێتەوە.

جا بۆیە باسی پێداگرییم کرد لە مووسیکدا، چونکە سروودی ئەی ڕەقیب لە دوو کۆپلەی پێداگر پێک هاتووە: ئەو بەشەی دەڵێت ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کوردزمان، یان دواتر: لاوی کورد هەڵسانە سەر پێ وەک دلێر… لەگەڵ ئەو بەشەی دەڵێت کەس نەڵێ کورد مردووە. هەردووکیان پێداگرن.

بە کورتی: ئاوازی ئەی ڕەقیب چ لە ڕووی پەیژەی مووسیکییەوە، چ لە ڕووی تەکنیکی مووسیکدانانەوە، لەگەڵ ناوەرۆکی هۆنراوەکەدا زۆر گونجاون.

ئاوازدانەری ئەی ڕەقیب کێیە؟

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ڕاجیایی هەیە لەسەر ئەوەی کێ ئاوازی سروودی ئەی ڕەقیبی داناوە. باسێکی کەم لەم بارەیەوە کراوە. سەیریش نییە، خەڵکەکەمان سەرقاڵی گۆرانیی فارسی و عەرەبی و تورکین. هەر وا دەبێت!

ڕۆژانە لانیکەم چل ملیۆن کەس ئەی ڕەقیب بە ئاوازی ئاوازدانەرێک دەڵێنەوە، کەچی بێزیان نەهاتووە بپرسن ئەرێ کێ ئەم ئاوازەی بۆمان دانا با یادێکی بکەینەوە.

شێخ حوسێن بەرزنجی

زۆربەی ڕاکان دەڵێن شێخ حوسێن بەرزنجی ئاوازی ئەی ڕەقیبی داناوە. لەسەر ئینتەرنێت زانیاریی زۆر کەم لە بارەیەوە هەیە. کەی لە دایک بووە؟ لە کوێ؟ دایک و باوکی کێ بوون؟ چیی خوێندووە؟ چیی کردووە؟ بەرهەمی تری چی هەبووە؟ ماڵی لە کوێ بووە؟ هاوڕێکانی کێ بوون؟ وێنەیەک؟ تابلۆیەک؟ پەیکەرێک؟ وتارێک؟ ڕاپۆرتێک؟ بەڵام خۆشبەختانە لە پەڕتووک و چاوپێکەوتندا شتێکم لە بارەیەوە دەست کەوت.

ناوی حوسێن شێخ عەبدولکەریم شێخ حوسێن بەرزنجییە. ساڵی ١٩١٩ لە گۆپتەپەی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە دایک بووە. خەڵکی قادر کەرەمن. زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی و ئینگلیی زانیوە. شارەزای گۆرانی و سروود بووە. برای شێخ مارف بەرزنجی بووە. حکومەتی مرۆڤکوژی عێراق ساڵی ١٩٥٩ دەستگیری کردووە و لە ٢٣ی حوزەیرانی ١٩٦٣ لەگەڵ شێخ مارفی برای و ٢٦ هاوڕێیدا لە سێدارەی داون8.

عەبدولخالق قوتب

ڕایەکی تر هەیە دەڵێت عەبدولخالق قوتب دانەری ئاوازی سروودی ئەی ڕەقیبە. بە گوێرەی ئەو زانیارییە سنووردارەی لەسەر ئینتەرنێت لە بارەی ئەم پیاوەوە هەیە: ساڵی ١٩٠٥ لە کۆیە لە دایک بووە. لەگەڵ دڵداردا خاڵۆزا و پوورزان. خانەی مامۆستایانی لە کەرکووک تەواو کردووە. ساڵی ٢٠٠٢ لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

بەڵگەمەندکردنی ئاوازدانەری ئەی ڕەقیب

لەم کەناڵی ئینستاگرامەم گرووپێکم بۆ یەکلاکردنەوەی دەستنیشانکردنی ئاوازدانەری ئەی ڕەقیب داناوە. ئەوەی دەیەوێت لەم بارەیەوە گفتوگۆ بکات و زانیاریمان بداتێ، تکایە بێتە ئەوێ. دواتر بەڵگەفیلمێکیش تۆمار دەکەین بە ناونیشانی دۆزینەوەی ئاوازدانەری ئەی ڕەقیب.

لە ڕاستەوە بۆ گەورە

دەوترێت سەرەتا ئاوازی ئەی ڕەقیب لەسەر پەیژەی ڕاست دانراوە. دواتر گواستراوەتەوە بۆ پەیژەی گەورە. ئەگەر ئەمە وا بێت، ئەوا ئەم گواستنەوەیە بڕیارێکی باش بووە، چونکە گشت ئامێرە مووسیکییەکان دەتوانن پەیژەی گەورە بژەنن، بەڵام گشتیان ناتوانن پەیژەی ڕاست بژەنن9. هەروەها لەسەر ڕەزمی ڕەو دانراوە. ڕەو واتە ڕۆیشتنی سەربازی (مارش). کە ئەمەیان تا ئێستا لە سروودەکەدا ماوەتەوە.

سروودی نەتەوەیی و سروودی نیشتمانی

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

پێویستە جیاوازی لە نێوان دوو جۆر سرووددا بکەین، ئەوانیش سروودی نەتەوەیی و سروودی نیشتمانین. نەتەوە و نیشتمان هەمان شت نین، جیاوازن. کوردستان نیشتمانە، کورد نەتەوەیە.

جیاوازیی سروودی نەتەوەیی و نیشتمانی لەوەدایە کە سروودی نیشتمانی بەسەر وڵات و دروشمەکانی و دونیابینی و ئایندەکەیدایە؛ سروودی نەتەوەیی بەسەر یەکێک لە نەتەوەکانی وڵاتێک و مێژوو و نەریت و ڕابردووەکەیدایە.

من نازانم داخۆ دڵدار جیاوازیی لە نێوان سروودی نەتەوەیی و نیشتمانیدا کردووە یان نا. نازانم ئایا بە کامی ئاگایی نەتەوەیی و نیشتمانی و بیری نەتەوەیی و نیشتمانییەوە هەر وشەیەکی نووسیوە یان نا. ناچارین لە دەقەکەوە لێی بڕوانین.

دەتوانین دوو دێڕی «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان» و «زیندووە و قەت نانەوێ ئاڵاکەمان» وەک بەڵگەی ئەوە بهێنینەوە کە نیشتمانیشی مەبەست بووە. بەڵام پێم وایە ئەی ڕەقیب زیاتر وەک سروودی نەتەوەیی خۆی دەنوێنێت تا نیشتمانی. چونکە بەشی زۆری سروودەکە ڕاستەوخۆ بەسەر نەتەوەی کورد و ئازایەتی و گیانفیدایی کورد و دێرینیی مێژووەکەیدایە.

بەڵام نکۆڵی لەوە ناکرێت کە سروودی ئەی ڕەقیب، ئەگەر سروودی نەتەوەییش بێت، بەڵام خۆی وەک سروودی نیشتمانی سەپاندووە. ئەمەش بە هۆی دۆخی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە بووە. هەرێمی کوردستان نە ئەوەیە وەک دەوڵەتێک سەربەخۆ بێت بۆ ئەوەی سروودی نیشتمانیی خۆیی هەبێت، نە ئەوەیە سەربەخۆ نەبێت بۆ ئەوەی هیچی نەبێت. لە بەرزەکی نێوان سەربەخۆیی و ناسەربەخۆییدایە. بۆیە شتەکانی تریشمان هەر وا لەو بەرزەکەدان.

لە جیهاندا نموونەمان هەیە کە نەتەوەیەک سروودێکی هەبووە، دوایی کە بە سەربەخۆیی گەیشتووە و بووە بە دەوڵەتیش، هەر سروودە نەتەوەییەکەی نەگۆڕیوە. بۆ نموونە سروودی فەڕەنسا، کە ناوی لا مارسەییێز-ە، سروودێکی نەتەوەییە و کراوە بە سروودی نیشتمانی. لە جێیەکی سروودەکەیاندا دەڵێت:

ئەم زنجیرە پیسە ئاسنینانە بۆ کێن؟

ئای بۆ ئێمەی فەڕەنسی،

ئای لەو سووکایەتییە!

دەبێت تووڕەییمان بورووژێنت.

سروودەکەشیان هەڵگری گوتاری مانەوەی سەربازیی کاتی جەنگە. بۆ نموونە لە جێیەکدا دەڵێت:

بۆ جەنگ، بۆ جەنگ، ئەی هاووڵاتییان.

لەشکرەکانتان پێک بهێنن،

بە ڕێ کەون، بە ڕێ کەون،

با خوێنی پیس کێڵگەکانمان بۆ ئاو بدات.

سروودی نیشتمانی چۆن بێت؟

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ئێستا باسی گۆڕینی ئەی ڕەقیب ناکەم، چونکە ڤیدیۆی کۆتاییم بۆ ئەوە تەرخان کردووە. بەڵکو باس لە سروودێکی نیشتمانیی نموونەیی دەکەم کە باشترە چۆن بێت.

دەقەکەی

باشترە دەقەکەی بەسەر کوردستاندا بێت. ئێستاییانەتر بێت. بە زمانی کۆن نەنووسرابێت و وشەی زمانی داگیرکەر و کوردیکوژی تێدا نەبێت. ڕوو لە ئایندە بێت و لە ئاڕگومێنتی مێژوو دەربچێت. تەنها هەڵگری گوتاری مانەوە نەبێت، بەڵکو هەڵگری گوتاری گەشە بێت. لە دۆخی جەنگدا نەبێت. ڕەنگدانەوەی ئاکاری بەرزی کورد و نەریتی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیان و دادپەروەریمان بێت.

باشترە ئاماژە بە نەتەوەیەکی دیاریکراو نەکات، بەڵکو ئاماژە بە نەتەوەی کوردستانی بکات. ئیتر کورد، عەرەب، کلدانی، یان هەر کەسێک خۆی بە کوردستانی دەزانێت، دەیگرێتەوە. کێ خۆی بە کوردستانی نەزانێت نایگرێتەوە و هەموویان وەک دوژمن دەبینین. پێویستە نەتەوە و دەوڵەت لە پێش جیهانەوە دابنێت.

باشترە ڕەهەندی پەروەردەیی تیدا بێت. تاکەکانی نیشتمانەکە بە بەرپرسیارێتی ئەرکبار بکات و پڕۆژەیان بۆ بە جێ بهێڵێت. بۆ نموونە بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی کوردستان و جیهان. چونکە دەبێت بەئاکارترین جیهان بە ڕێوە ببات. منداڵ لە سروودەکەوە هەست بکات ئەرکی لەسەر شانە و پڕۆژەی هەیە و دەبێت بەرپرسیارێتیی خۆی و جیهان هەڵبگرێت. بۆ ئەوەی نەوەکانمان دابڕاو و پووچگەرا دەرنەچن.

دەبێت لە خۆشەویستیی کوردستانەوە نووسرابێت، نەک لە دژی خەڵکی تر. هەر شتێک لە دژدا بوو پووچە، چونکە مانەوەی بەندە بە مانەوەی دژەکەیەوە. کە دژەکە نەما، ئەویش نامێنێت. بەڵام ئێمە دەمانەوێت کوردستان هەمیشە بمێنێت، ئەگەریش نەیارەکانی نەمان. بۆیە نابێت سروودەکەمان لە دژ و وەڵامی خەڵکی تردا بێت. وەک: ئەی ڕەقیب و ئەی داگیرکەری دڵ پڕ لە قین.

نابێت خۆی سنووردار بکات. وەک ئەوەی: پەنجە بۆ مافی کەس نابەم و هیچ ناکەم و دادەنیشم. نەخێر. کە دراوسێکەت نەیزانی ماڵ بە ڕێوە ببات و ئاگری بەردایە ماڵی خۆی، دەبێت تۆ ماڵی خۆت و ئەویش بە ڕێوە ببەیت. چونکە گەڕەکەکەش بە سووتاندن دەدات و زیانی بۆ تۆ و خەڵکی تریش دەبێت.

نابێت لە خۆیەوە خاک لەسەر نەتەوەی تر تاپۆ بکات. نابێت ڕێ لە فرەوانبوونی کوردستان بگرێت. چونکە کەس خاکی نییە. خاک هی ئەوەیە کە دەیپارێزێت و بەرگریی لێ دەکات و دەتوانێت و دەزانێت بە ڕێوەی ببات.

مووسیک و ئاوازەکەی

دەبێت مووسیک و ئاوازەکەشی بەشی خۆی هونەری بێت. بەڵام ئاوازەکەی ئەوەندە ئاسان بێت کە هەموو کەس بتوانێت بیبێژێت. چونکە سروودی نیشتمانی هی هەموو کەسە. نابێت تەنها گۆرانیبێژی بەتوانا بتوانێت بیبێژێت. بەڵکو دەبێت منداڵ، گەنج، پیر، تەنانەت نەخۆشێکیش بتوانێت بیبێژێت. دەبێت گڕوتینی هەبێت و خەڵک لە وتنەوەیدا خەوی لێ نەکەوێت.

لە پەخشێکی ڕاستەوخۆمدا بە درێژی لەسەر هەموو ئەم خاڵانە دوواوم، بڕوانە پەخشی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە کەناڵی یوتیوبەکەم.

لەم پەخشە ڕاستەوخۆیەدا بە درێژی باس لە سروودی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکەم.

باسی ئەی ڕەقیب و دەرکەوتنی ئاکاری بەرزی کورد

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

لەبەر ئەوەی چاومان لە سەربەخۆیی کوردستانە، لە ئێستاوە بیر لە ئایندەکەی دەکەینەوە. ئەگەری زۆرترە کوردستانی سەربەخۆی سبەی تەنها وڵاتی کورد نەبێت، بەڵکو نەتەوەی تریشمان لەگەڵ بێت. لە ئێستاوە بیر لەوە دەکەینەوە ئەو نەتەوانە لە سروودی نیشتمانیماندا دەرنەکەین. دەکرێت سروودی نیشتمانیمان تەنها بەسەر کورددا نەبێت، بەڵکو بەسەر کوردستاندا بێت. واتە دەشێت کوردێکی کوردستانی بیت، عەرەبێکی کوردستانی بیت، کلدانییەکی کوردستانی بیت.

زۆر کورد لەم بابەتەدا هەستیارن و پێیان وایە دەبێت تەنها مامەڵە لەگەڵ کورددا بکرێت. بەڵام کوردستان پڕۆژەی هاوبەشە. هەندێک کورد هەن باوەڕیان بە پڕۆژە هاوبەشەکەمان نییە. کورد هەن لە ئێرانی ئێرانیترن، لە عێراقی عێراقیترن، لە سووریایی سووریاییترن، لە تورکیایی تورکیاییترن. ئێ ئەمانە با کوردیش بن، بەڵام دوژمنی پڕۆژەی کوردستانن. ناکرێت کوردێکی ناکوردستانی بخرێتە پێش ناکوردێکی کوردستانییەوە.

جیاوازیی کورد و داگیرکەرەکانی

بە ڕاستی دداننان بە بوون و مافی پێکهاتەی تردا یەکێکە لە چاکێتییەکان کە کورد بە سرووشتی هەیەتی. عەرەب ئەنفالی کردووین، کیمیابارانی کردووین، منداڵی سەر بێشکەی خنکاندووین، بەڵام ئێمە هەرگیز نەمانوتووە نەتەوەیەک نییە ناوی عەرەب بێت. لە بەرانبەردا ئێمە هیچمان لە عەرەب نەکردووە، ئەوان ساڵانێک نکۆڵییان لە بوونی ئێمە کردووە.

تورک کۆمەڵکوژی کردووین، فۆسفۆربارانی کردووین، کارێز و کانیمانی ژەهراوی کردووە، بەڵام ئێمە هەرگیز نەمانوتووە نەتەوەیەک نییە ناوی تورک بێت. لە بەرانبەردا ئێمە هیچمان لە تورک نەکردووە، ئەوان تا ئێستاش زۆرێکیان نکۆڵی لە بوونی ئێمە دەکەن.

فارس و ئێرانی جیهادیان لە دژمان کردووە، مووشەکبارانیان کردووین، منداڵی ساوامانیان کردووە بە ژێر داروپەردوودا، بەڵام ئێمە هەرگیز نەمانوتووە نەتەوەیەک نییە ناوی فارس بێت. لە بەرانبەردا ئێمە هیچمان لە فارس نەکردووە، ئەوان تا ئێستاش بە بەرنامە کورد لە نێو بۆتەی ئێراندا دەتوێننەوە.

کورد نکۆڵی لە بوونی کەس ناکات. هەر خودی بیرکردنەوە لەوەی سروودی نیشتمانییەکمان هەبێت کە تەنها ئاماژە بە کورد نەدات، لە بەرزیی ئاکاری کوردەوەیە. دەنا تەنانەت نەتەوەیەکی وەک فەڕەنسیش، کە بە دروشمی ئازادی، یەکسانی، برایەتییەوە دەنازێت، لە سروودەکەیاندا تەنها ئاماژەیان بە فەڕەنسی داوە. سروودەکەیان دەڵێت: «ئەم زنجیرە پیسە ئاسنینانە بۆ کێن؟ ئای بۆ ئێمەی فەڕەنسی».

خودی بیرکردنەوە و باسوخواسی گۆڕینی سروودی ئەی ڕەقیب لای کورد، کە هێشتا نەبووە بە دەوڵەت و سەربەخۆ نەبووە، واتە کاتی گۆڕینی سروودەکەشی نییە، ڕێک پێچەوانەی ئەو ترسەیە کە گلۆبالیست و ئینتەرناشناڵ و بزووتنەوە چەپە دژەدەوڵەتەکانی نێو کوردستان بڵاویان کردووەتەوە کە گوایە ئەگەر کورد دەوڵەتی هەبێت وەک تورک و عەرەب و فارس دەکات و ستەم لەوانی تر دەکات.

بیرکردنەوە لە گۆڕینی ئەی ڕەقیب ئەوپەڕی ئاکاربەرزیی کورد دەردەخات. ڕێک بەڵگەی ئەوەیە کە کورد لەوپەڕی دەسەڵاتیشدا هەمیشە بەئاکارە و ستەم لە کەس ناکات.

پەیوەندیی ئێمە و ئەی ڕەقیب

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

زۆربەی ئەو ڕەخنانەی لە ئەی ڕەقیب دەگیرێن قسەی پڕوپووچن و لە ڕقی کورد و کوردستان دەگیرێن. ئەگەرچی هەندێک لەو ڕەخنانە لە جێی خۆیاندان.

بۆ نموونە لە ڕووی تەکنیکی هۆنراوەوە تا ڕادەیەک کاڵوکرچە. ئاماژە بە گوتاری مانەوە دەدات. ئێمە نامانەوێت تەنها هەر بمێنینەوە، بەڵکو دەمانەوێت گەشە بکەین و ببینە سەرمەشقی جیهان. لە دژدایە، واتە ڕوو بە دوژمن دەدوێت: ئەی ڕەقیب!

بەڵام گریمان هەموو ڕەخنەکان ڕاست و دروستن و سروودەکە کەموکووڕە. تەنها لەبەر ئەوەی شتێک کەموکووڕە، واتای ئەوەی نییە کە ناشبێت لە قووڵایی دڵماندا بێت. بڕیار نییە تەنها شتی بێکێماسی لای مرۆڤ بەهادار بن.

بۆچی ئەی ڕەقیب؟

ئێمە پەیوەندییەکی قووڵ و ڕیشەداری گیانەکیمان لەگەڵ ئەی ڕەقیبدا هەیە، چونکە هەڵگری شکۆ و شکست و سەرکەوتن و کەوتن و ڕووناکی و تاریکیی خەباتی نەتەوەکەمانە. هاونشینی ملیۆنان خەندە و گریان و ساڕێژ و ئازار و شانازی و سەرگەردانیمان بووە. لە لێقەوماندا بە دەنگمانەوە هاتووە. گیانی بەرگریمان بووە لە کاتی چەوساندنەوەماندا.

ئەی ڕەقیب دەنگ و زمانی کوردە لە شەڕی مان و نەماندا. دەنگی کۆماری کوردستان، شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی نوێی کوردستان، شۆڕشی گوڵان بووە. دەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، دەنگی هەرێمی ڕۆژاڤایە، دەنگی خەباتی باکوور و ڕۆژهەڵاتە.

لە ڕۆژی پڕ شکۆی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و لە ڕۆژی پڕ لە فرمێسکی لەسێدارەدانی چوار ئەفسەرەکەی کۆماردا لەگەڵماندا بووە. لە ڕیزبەستنی منداڵی کورددا بەرەو ئەنفال و زیندەبەچاڵکردن لەگەڵماندا بووە. دوایین وتەی ئازیزانمان بووە بەر لە ڕەمیکردن و کوشتنیان. لە ژێر تۆپباران و خاپوورکردنی دێ و شارماندا هاوڕێمان بووە.

ئەی ڕەقیب چۆڵەچرایەک بووە سەدان هەزار خێرلەخۆنەدیوی کورد لە ژێر بارودۆخی سەخت و دژواردا دەستاودەست ڕادەستمانیان کردووە. خۆ دانانیشین بڵێین بۆچی فڵان شوێنی ئەم چۆڵەچرایە کونە و فیسار شوێنی قووپاوە و پەڵەی پێوەیە. ئەمە یادگاریی خەباتی پڕ لە بەسەرهاتی نەتەوەیەکی بەکەمینەکراو و ئەنفالکراو و تۆپبارانکراو و قەدەغەکراو و زیندەبەچاڵکراوە.

سروودەکە واتای تری پێدا هەڵواسراوە، بۆیە لامان بەوەجترە. مام و خاڵت ئەو سروودەیان وتووە پێش ئەوەی گوریسی قەنارەکەی ملیان بیانخنکێنێت. پوورت ژیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە ئەو سروودەت فێر بکات. قورسایی مێژوویی وای کردووە لای ئێمە بەهادارتر بێت.

کۆڵوانەکەی دایکت ئەگەر لە پەتک و گوریسیش ڕێسرابێت بەهای بۆ تۆ زیاترە، لە گیانت نزیکترە، چونکە کۆڵوانەکەی دایکتە. با کۆکۆشانێلیش نەبێت.

ڕەگی ئەی ڕەقیب لە قووڵایی بوونماندایە. تا ئێستاش کە گوێم لە ئاوازی ئەی ڕەقیب دەبێت دڵم پڕ دەبێت. دڵنیام لای زۆربەی کوردیش هەر وایە. من گومانم هەیە سروودێکی تر بتوانێت هێندە قووڵ ڕەگی لە دڵی هەر کوردێکدا دابکوتێت.

ئایا پێویستە ئەی ڕەقیب بگۆڕین؟

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ئایا پێویستە ئەی ڕەقیب بگۆڕین؟ ئەگەر پێویستە، کەی؟ پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، دەبێت بزانین کە خودی پرسیارەکە کێشەی تێدایە. مەبەست لە «بیگۆڕین» چییە؟ وەک چی بیگۆڕین؟ ئەی ڕەقیب سروودێکی نەتەوەییە. پێشتر باسم لە جیاوازیی سروودی نەتەوەیی و سروودی نیشتمانی کرد. ئەی ڕەقیب هەرگیز وەک سروودی نەتەوەیی ناگۆڕێت. بەڵام دەکرێت سروودی نیشتمانیی فەرمیی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ نەبێت.

واتە دەوڵەتی سەربەخۆی خاوەن سەروەریی تەواو پێویستی بە سروودی نیشتمانی هەیە. تا نەگەین بەوە، هێشتا هەر خەباتەکەمان خەباتی نەتەوەیە، نەک نیشتمانی. بۆیە تا خۆمان نیشتمانی خۆمان نەگرینە دەست، سروودی نیشتمانیشمان ناوێت.

ئەگەر کوردستانی سەربەخۆ دروست بوو، نەتەوەکانی تر لێی دەرچوون و خۆیان دەربەدەر کرد، ئەوا دەشێت هیچ کات ئەی ڕەقیب نەگۆڕێت. ئەگەر نەتەوەی تریش ویستیان لەو قەوارەیەی کوردستاندا بن، دەتوانین بیر لەوە بکەینەوە کە سروودەکەمان لە بری ئەوەی سروودی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت، تەنها سروودی نیشتمانی بێت. واتە ئەی ڕەقیب نەبێت. بەڵام ئێمە هێشتا سەربەخۆ نین.

ئەی ڕەقیب ببێتە سروودی نیشتمانی یان نا، هیچ لە بەهاکەی کەم نابێتەوە. تا دونیا دونیایە سروودێکی نەتەوەیی کورد دەبێت و ڕەگی لە قووڵایی دڵی هەر کوردێکدا هەیە. هەموو کوردان دەتوانن هەر کاتێک لە هەر شوێنێکدا بێت بیڵێنەوە و بکەونە جۆش و خرۆش. پێشم وایە هەمیشە لە کاتی جەنگدا هەر ئەی ڕەقیبە کە زیاتر دێت بە هانامانەوە، وەک لە سروودێکی تر.

ڕای سەرۆک بارزانی لەسەر گۆڕینی ئەی ڕەقیب

تەنانەت خودی جەنابی سەرۆک کاک مەسعوود بارزانی پێش گشتپرسی باسی ئەمەی کردووە. بە دیاریکراوی لە کۆبوونەوەی ٢٢ی ئابی ٢٠١٧دا کە لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکانی کوردستاندا کۆ بووەوە، وتی:

«دەشمانەوێت سیستەمی داهاتووی ئێمە [وەک کوردستانی سەربەخۆ] سیستەمێکی فیدراڵی بێت. پارێزگای تازە دروست بکرێت. پێکهاتەکان دڵنیا بن. هەتا بیر لەوەش دەکەینەوە مەسەلەی سروودی ئەی ڕەقیبیش… ئەوە هی قۆناغێکی خەباتی ڕزگاریخوازی و ئەوانە [بوو]… هەتا لەو مەسائیلانەش پێداچوونەوە دەبێت بکرێتن. سروودی نیشتمانی دەبێت سروودێک بێت تەعبیر لە واقیعەکەی ئێستا بکات. ئاڵا دەبێت ئاڵایەک بێت تەمسیل لە واقیعی ئێستا بکات. مادەم ئێمە پێکەوەین. ئێمە کە داوا دەکەین لە پێکهاتەکان پێکەوە بین و دەنگ بدەن، دەبێت موتمەئینیش بن، دەبێت ڕازیش بن. فیعلەنیش دەبێت لە هەمو شتێکدا ئێمە شەریک بین. ئەوەی کە من مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە خاسەتەن بە نیسبەت پێکهاتەکان، ئێوە بە چی ئیتمیئنان دەکەن؟ بە چی دڵتان تەتمین دەبێت کە بەڵێ شەریک دەبین پێکەوە، ئێمە پەیمانتان دەدەینێ کە ئیش دەکەین پێکەوە بۆ ئەوەی ئەو خواستەی ئێوە جێبەجێ ببێت. ئارەزوو ناکەن پێکەوە بین، ئێوە ئازادن هەر بڕیارێک دەدەن چارەنووسی خۆتان بە کەیفی خۆتانە. دەنگ بدەن ماڵتان ئاوا بێت. دەنگ نەدەن دیسان ئێوە ئازادن. من تەنها مەبەستم ئەوە بوو ئەم حەقائیقە بۆ ئێوە ڕوون بکەمەوە. ئەوەی ئیتر خۆتان خاوەن بڕیار بن. ئێمە حەز دەکەین پێکەوە بین. برا بین. پێکەوە بژیین. هەموو ڕێگایەکیش دەگرینە بەر بۆ ئەوەی ئەو خواستە جێبەجێ بکرێت و ئەو واقیعە دروست بکرێت لە کوردستان. ئەگەر شتێکی تر بزانن باشترە بۆ ئێوە، بۆ ئایندەی ئێوە، دیسان ئێمە پشتگیریتان دەکەین. قەت بەرگری لە ئارەزووی ئێوە ناکەین. زۆر سوپاستان دەکەین».

بە کورتی: دانەنانی ئەی ڕەقیب بە سروودی نیشتمانی پشت بە کۆمەڵێک مەرج دەبەستێت. دووانیان زۆر گرنگن، یەکەمیان: دەبێت کوردستانی سەربەخۆمان هەبێت. دووەمیان: پێکهاتەکانی تریش لەگەڵماندا بمێننەوە و خۆیان بە کوردستانی بزانن.

ئەوەی دەمێنێتەوە ئێستایە تا سەربەخۆیی کوردستان. کە توانیمان دایکی خۆمان بگۆڕین، دەشتوانین ئەی ڕەقیب وەک سروودی نەتەوەیی بگۆڕین.


  1. ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ دەستم کرد بە نووسینی. ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ تەواوم کرد. ↩︎
  2. ڕابەری کێشی عەرووزیی کوردی، عەزیز گەردی. بەرگی سێیەم. لا. ٢٥١. ↩︎
  3. هۆنراوەیەکی مەلا عەلییە. ↩︎
  4. هۆنراوەیەکی نالییە. ↩︎
  5. هۆنراوەیەکی مستەفا بەگی کوردییە. ↩︎
  6. هۆنراوەیەکی نالییە. ↩︎
  7. دەوترێت گوایە سەرەتا لەسەر پەیژەی ڕاست دانراوە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ پەیژەی گەورە. ↩︎
  8. دەوترێت شەماڵ سائیب یەکەم کەس بووە سروودی ئەی ڕەقیبی لەسەر قەوان تۆمار کردبێت. بەڵام هەندێک جار لە ڕاپۆرتی ڤیدیۆییدا دەنگەکە بە هەڵە بڵاو دەکرێتەوە. ئەو دەنگە بڵاو دەکرێتەوە کە قادر دیلان تۆماری کردووە، نەک شەماڵ سائیب. ئەوەی قادر دیلان ڕوونە کاری خۆیەتی. لە شێوازی گۆرانیی فریشتە (ڕوومەتی وەک گوڵی بێگەرد) نزیکە. ئامێرەکان فوویی مسیین. ئەو سەردەمە ئەو ئامێرە فووییە مسییانە لە کوردستان هەر نەبوون. ↩︎
  9. د. بەرزان یاسین. سۆسیۆلۆژی و مێژووی کۆمەڵایەتی موزیکی کوردی لەناو سەدەی بیستەمدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان، ٢٠٢٤. سلێمانی. ↩︎

خوێنەری نموونەیی

خوێنەری نموونەیی1

یەکێک لە گەورەترین بەخشینەکان بە مرۆڤی بەرهەمدار ئەوەیە بەرهەمەکەی بخوێنرێتەوە و بپشکنرێت و لێی بکۆڵرێتەوە. واتە خوێنەر پەیدا بکات.

شێکسپیر، میڵتن، جەیمز جۆیس، سیانن لەو کەسانەی کارەکانیان بە چڕی خوێنراونەتەوە و پشکنراون و لێیان کۆڵراوەتەوە. تەنانەت خەڵکانێک هەن پسپۆڕییەکەیان کارەکانی ئەم نووسەرانەیە.

تابلۆی جەیمز جۆیس

جۆیس لە هەموو جیهاندا خوێنەری دەستپێکەری ئێجگار زۆرە، بەڵام خوێنەری تەواوکەری ئێجگار دەگمەنە. بەڵام جۆیس کۆمەڵێک خوێنەری لێکۆڵەر و پشکنەری زۆر دانسقەی هەیە. خوێنەرە پشکنەر و لێکۆڵەرەکانی جۆیس لە جیهاندا کۆمەڵەیەکیان پێک هێناوە بە ناوی «کۆمەڵەی جۆیسییەکان».

کۆمەڵەی خوێنەر

خۆم ئەندامی کۆمەڵەی جۆیسییەکان نیم. بەڵام ساڵی ٢٠٢١ پەیوەندییان پێمەوە کرد و داوایان کرد وتارێک بۆ یادی ١٠٠ ساڵەی بڵاوکردنەوەی ئولیس بنووسم و نووسیم. داوایان کردبوو وەڵامی پێنج پرسیار بدەمەوە لە وتارەکەدا و ئەمەشم کرد. وتارەکە لە بەشی بەرایی بەرگی یەکەمی ئولیس و ڕاڤەکانی-دا هەیە. بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەداوەتەوە کە داخۆ بڵاویان کردووەتەوە، یان نا. پێم وایە بڵاویان نەکردووەتەوە. چونکە زۆر دەمبەهاوارن، ئەگەر بڵاویان کردبایەتەوە هەزار نامەیان بۆم دەنارد و سەد پۆستیان لەسەر دەکرد.

هەندێک جار وەک خەیاڵ بیر دەکەمەوە ئەگەر هەر پێنج بەرگەکەی ئولیس و ڕاڤەکانیم تەواو کرد خۆم پۆدکاستێک تەنهاوتەنها بۆ ئولیسی جۆیس دابنێم. لەو ڕێیەوە کۆمەڵەیەک بۆ خوێندنەوە و سوودبینین لە جەیمز جۆیس دروست بکەم. بەڵام ئەمە زۆری ماوە و کەس نازانێت دەبێت، یان نا.

نەخوێندنەوە کوشتنە

کاتێک پەڕتووکێک خوێنەری نەبێت، یان هەر بەرهەمێکی تر نەخوێنرێتەوە، ئیتر دڵی بەرهەمهێنەکەی کرمێ دەکات لەوەی بۆچی بەردەوام بێت؟ پێشوازیی سارد تیلنیشانە بە دەرکردن؛ واتە ئەگەر بە ساردی پێشوازیت لێ کرا، بە ئاماژەی ناڕاستەوخۆ پێت دەڵێن بڕۆ دەرەوە. پێشوازیی ساردیش لە پەڕتووک و نەخوێندنەوەی و فڕێدانی بە کورتی واتە: کاکی وەرگێڕ (یان نووسەر) ئیتر مەنووسە و وەرمەگێڕە. بۆیە نەخوێندنەوە واتە کوشتن، کوشتن بە زیندووێتی.

ئەمە کاریگەریی لەسەر خۆم هەبووە. کە گۆرانیم بڵاو کردووەتەوە و کەمترین خەڵک پێشوازییان لێی کردووە، پشتسارد بوومەتەوە و وازم هێناوە. لە وەرگێڕانی ئولیس و ڕاڤەکانیشدا جارجار تووشی هەمان پشتساردبوونەوە دەبم. ئەگەرچی بەڵێنم بە خۆم داوە کە ئەگەر دوای تەواوبوونی فڕێش بدرێت هەر دەبێت تەواوی بکەم.

جارێک ئەم پرتەوبۆڵەیەم بۆ برادەرێکم دەربڕی کە خۆی تا ئێستا پی دی ئێفی ئولیس و ڕاڤەکانی لە ماڵپەڕەکەمدا دانەگرتووە، کە بە خۆڕایی بڵاوم کردووەتەوە. وتی: «چۆن وا دەڵێیت؟ خەڵک کتێبەکەت لەسەر دڵیان دادەنێن». وتم: «کوڕە، با لەسەر شوێنی تریانی دابنێن، بە مەرجێک بیخوێننەوە».

وا سێ ساڵە بەرگی یەکەمی ئولیس و ڕاڤەکانی و نزیکەی حەوت مانگە بەرگی دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی بۆ هەموو کەسێک بەردەستن. سێ کەس تا ئێستا پێمیان وتووە کە هەردووکیانیان خوێندووەتەوە. خوێندنەوەی دووانیان هەر وا سەرپێیی و خێرا بووە. بەڵام خۆشبەختم کە دەڵێم خوێندنەوەی یەکێکیان لێکۆڵەرانە و پشکنەرانەیە.

خۆرێک هەڵدێت!

ئاستی تیژبینی و کۆڵیاریی ئەم خوێنەرە تاقانەیە ئەوەندەیە کە لە ڕاڤەیەکی ئەڵقەی هەشتەمی ئولیسدا بڕی پارەیەکم کۆ کردووەتەوە کە بلووم (کەسێتییە سەرەکییەکە) بیری لێ دەکاتەوە، من بە هەڵە کۆم کردووەتەوە و نووسیومە: «دەکاتە پێنج گینی و سێ شڵنگ»؛ بەڵام ئەم خوێنەرە نموونەییە سەرلەنوێ کۆی کردووەتەوە و دیویە کە دەکاتە پێنج گینی و یەک شڵنگ (بڕوانە ٨: ٥٨٠. واتە بەرگی دووەم).

لە چەندان شوێنی تردا هەڵەی بۆم ڕاست کردووەتەوە. بۆ نموونە لە ڕاڤەیەکی ئەڵقەی حەوتەمدا (٧: ٤٧٣) سەرنجی داوە ئەو ڕستەیە هەڵەیە کە دەڵێت: «جگە لە ناوەرۆکی ژیانە دژیەکەکانی دوو هێلێنەکە»، دروستەکە دەبێت بەم جۆرە بێت: «جگە لە ناوەرۆکی ژیانە دژیەکەکانی دوو پینێلۆپیاکە». ئەمەشم لە ژێر تیشکی ڕووناکی خوێندنەوەی ئەودا ڕاست کردەوە، بۆ دەکردەکانی دواتری بەرگی دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی ئەم هەڵانەیان تێدا نەماوە.

خاتوو ئاشنای خوێنەر

ئەم خوێنەرە نموونەییەی ئولیس و ڕاڤەکانی ناوی هەیە و خانمێکە بە ناوی ئاشنا خان. بە ڕاستی خوێنەری ورد و پشکنەر و لێکۆڵەر جوانترین دیاری و بەخشینێکی سرووشتە بە نووسەر و وەرگێڕ. لەو جێیەی پێت وایە کوردستان تروسکاییەکی بواری وێژە و خوێندنەوەی تێدا نەماوە، خۆرێکی وەک ئاشنا خان هەڵدێت و هیوا دەزێنێتە دڵی نووسەر و وەرگێڕەوە.

ئێستا دەزانم ئەگەر بەرگی سێیەمی ئولیس و ڕاڤەکانی تەواو بکەم، لانیکەم دوو چاوی ئاشنا خان هەن کە دەیخوێننەوە. بۆیە گەرموگوڕییەکم دەداتەوە و وا دەکات لەسەر تەواوکردنی مکوڕ بم.

ئاشنا خان بە درێژایی ئەو کاتە زۆرەی بەرگی یەکەم و دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی دەخوێندەوە پرسیاری زۆر وردی لێم کردووە. دەیان هەڵەشی بۆم ڕاست کردووەتەوە. لەبەر ئەوەی خوێندنەوەی ئاوها ڕووداوێکی دەگمەنە و کەسی وەک ئاشنا خانیش کەسانێکی دەگمەن و دانسقەن، بڕیارم دا دیمانەیەکی لەگەڵدا ساز بکەم.

بە مەبەستی وەرگرتنەوەی پاشڕایەکی بەسوود لە خاتوو ئاشنا، کە چەندان مانگ خەریکی خوێندنەوەی دوو پەڕتووکی سەخت بووە، چەند پرسیارێکم نووسییەوە و لە ١٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٥دا هەموویانم بۆی نارد. ئەو لە ٣٠ی ئەیلوولدا وەڵامەکانی بۆم ناردەوە و کە خوێندمنەوە، دوو پرسیاری ترم بۆ دروست بوو و لە هەمان ڕۆژدا بۆیم ناردەوە، پاش حەفتەیەک لە ٦ی ئۆکتۆبەردا وەڵامی ئەو دوو پرسیارەشی بۆم ناردەوە. ئاوها دیمانەیەک دروست بوو، کە بە بڕوای خۆم نایابترین دیمانەی وێژەییە تا ئێستا خوێندبێتمەوە.

پرسیارەکان بۆ هەموو خوێنەرێکی نموونەیین

زۆربەی ئەو پرسیارانەی لە خاتوو ئاشنام کردوون، دەکرێت لە خوێنەری نموونەیی تری ئولیس و ڕاڤەکانی بکرێن. بەشکو ئەمە ببێتە پاڵنەر بۆ ئەوەی خوێنەرە نموونەییەکانی تریش خۆیان ئاشکرا بکەن و دەربکەون. خوازیاریشم ئەم جۆرە دیمانەیە لە نێو کایەی ڕۆشنبیریی کوردیدا بکەم بە نەریت.

بۆیە ئەگەر بەڕێزیشت هەردوو بەرگی ئولیس و ڕاڤەکانیت خوێندووەتەوە، ئەوا ئەم پرسیارانە بۆ تۆشن. دەتوانیت وەڵامیان بدەیتەوە و وەڵامەکانم بۆ بنێریت. منیش وەڵامەکانت هەم لای خۆم هەڵدەگرم، هەم لەگەڵ ئەو نووسینانەدا بڵاویان دەکەمەوە کە لە بارەی ئولیسەوە نووسراون.

لێرەدا کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی دیمانەکەی خاتوو ئاشنا.


  1. لە ١ی ئابی ٢٠٢٥ دەستم کرد بە نووسینی. ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ تەواوم کرد. ↩︎

شێلگیر و جددی و ڕشت

شێلگیر و جددی و ڕشت1

زۆر جار بە گاڵتەوە دەموت: «ڕقم لەو کەسانەیە کە بەردەوام شێلگیرن (جددین)، هەمیشە دەڵێیت کوڕیان کوژراوە!». چونکە سەرنجم داوە زۆربەی ئەو کەسانەی قسەی شێلگیرانە دەکەن بزە نانیشێتە سەر لێویان، مەگەر بۆ گاڵتەپێکردن و بەسووکبینین نەبێت. کەسانێکیش هەن هیچ قسەیەکی شێلگیر و سەنگین و قورس و مەندیان نییە، بەڵام ڕووی خۆیان دەترشێنن بۆ ئەوەی پێمان وا بێت قسەکانیان شێلگیر و سەنگین و قورس و مەندن!

من وشەی شێلگیر لە بەرانبەر جددی-ی عەرەبیserious-ی ئینگلی وەردەگێڕم. زۆر کەس بە «ڕژد» وەریدەگێڕن، هەندێک کەسیش بە «ڕشت». خوازیارم لەسەر وشەیەک یەکلایی ببینەوە. بەڵام باسەکەم ئەمە نییە، بەڵکو باسەکەم لە بارەی پەیوەندیی نێوان شێلگیری و باوکەڕۆوەیە.

پەیوەندیی شێلگیری و باوکەڕۆ

لە وەرگێڕانی ڤینوس و ئادۆنیس-ی شێکسپیردا (کە مانگی داهاتوو بڵاوی دەکەمەوە) بۆم دەرکەوت لە زمانی ئینگلیدا وشەی سادنێس sadness بە واتای خەمباری لەگەڵ وشەی سەتایەتی satiety بە واتای تێری هاوڕیشەن.

وشەکە لە تێرییەوە بەرەو ئەو واتایە چووە کە (شتەکە) ئیتر ئەوەندە تێر بووە کە دابەستە و قەڵەو و پڕ بووە و داتەپاوە. بۆیە لە تێریدا ماندوو و دڵتەنگە، ئەوەندەی خواردووە خەریکە دەمرێت. ئاوها واتای شێلگیری وەرگرتووە، واتە قەبە و قورس و سەنگین، هاوکات ئاوێتەی دڵتەنگی و خەم و پەژارەیە.

شێکسپیر لە دێڕی ٨٠٧ی ڤینوس و ئادۆنیسدا وشەی سادنێس sadness-ی بە واتای شێلگیر و مەند earnest, seriousness بە کار هێناوە. لە زاری ئادۆنیسەوە دەڵێت:

«بۆیە ئێستا بە شێلگیری دەڕۆم»

Therefore, in sadness, now I will away

بیرگۆڕی لێوبەخەندە

خۆم زۆر جار لە بابەتگەلێک دەدوێم کە کەموزۆر بیرگۆڕن. بە تایبەتی ئەم ماوەیەی دوایی کە وتارەکانی «پشتیوانی لە زمانی کوردی» و «پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی»م بڵاو کردووەتەوە؛ ئێستاس بەشبەش «دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی» بڵاو دەکەمەوە. شتێکیش بیرگۆڕ بێت دەبێت بایی ئەوەندە سەنگین بێت کە لە هۆش و بیردا بنیشێت. بەڵام زۆربەی کات بابەتەکانم ئاوێتەی پێکەنین و گاڵتە دەکەم.

زۆر کەس لە بەرانبەر ئەمەدا ڕەخنەیان لێم گرتووە و گلەییان لێم کردووە کە زۆر جار بابەتی زۆر شێلگیرانە دەکەم بە گاڵتەوگەپ و پێکەنین. لەگەڵ ئەوەی جارجار بە پاڵکەوتنانەوە بۆ خەڵک دەدوێم. پێیان وایە شێوازە کەنینییەکەم لەگەڵ ناوەرۆکی بابەت و کەسایەتیمدا نایەتەوە.

پێم وایە ئەوان بۆیە پێیان وایە کە ئەم شێوازە کەنینییە لەگەڵ بابەتەکانمدا نایەتەوە، چونکە ئەوان هەرچەند کەسێکی شێلگیریان دیوە ڕووێکی بێبزە و ترشاویشیان دیوە. بۆیە ناتوانن وێنای کەسێک بکەن قسەی بیرگۆڕ و شێلگیر بکات و دەموچاوی نەترشابێت!

فڕێم مەدە، من یاری تۆ نیم!

تەنانەت هەستم پێ کردووە کە زۆر کەس منیان پێ گاڵتەجاڕ و ناشێلگیرە، پێیان وایە لە توخمی ئەوان نیم. بۆیە تەنانەت بە تەواوەتی نادیدە گیراوم، کەسێک بە ئەرکێک ڕاینەسپاردووم. هەوڵ دەدەن لە هەموو شتێک دامببڕێنن، بایکۆتی تەواو کراوم (ماڵیان ئاوا بێت). هیچ پێگە و بەرپرسیارێتییەکیشم پێ ناسپێرن.

تەنانەت ئەگەرچی یەکێکم لە بەرگریکارە سەرسەختەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، کەچی دەسەڵات هەموو ناپاکێک ببینێت و من نەبینێت! دەسەڵات گلەیی لە نووسەرانی نەوەی پێش من دەکرد کە ئامادە نەبوون هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵبگرن و هەر پرتەوبۆڵەیان هاتووە و دێت. کەچی کە کەسانێکیان دەست دەکەوێت کە ئامادەن بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، فڕێی دەدەن. واتە دەسەڵات هەر ئەوانەی پێ باشە کە لە دوورەوە بەردی تێ دەگرن.

زۆر جار بیر لەم ڕەتکردنەوە و فڕێدرانەی خۆم دەکەمەوە، بەڵام لام سەیر نییە. چونکە پێم وایە بەشێکی خەتای خۆمە. نکۆڵی لەوە ناکەم کە کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتی نیم، ئاسانڕۆ نیم، پینەوپەڕۆچیش نیم. ئەگەر کێشەیەک چارە بکەم لە ڕیشەوە چارەی دەکەم. بەڵام پێم وایە هۆی تریش هەن، یەکێک لەو هۆیانەی تر ئەوەیە کە ڕووترشاو نیم و بەردەوام کۆستم نەکەوتووە.

بەڵام ئەو بەشەی لام سەیرە ڕەتکردنەوەی تەواوی بەرهەمەکانمە، بە موزیک و گۆرانی و وەرگێڕان و نووسینمەوە! تا ئێستا لە یەک کەناڵ و ڕادیۆی کوردی یەک موزیک و گۆرانیی من لێنەدراون. ئەو چوار پێنج گۆرانییانەی هەمن، لەگەڵ ئەو چەند موزیکەی بڵاوم کردوونەتەوە شانازیی ئەوەیان هەیە کە هیچیان یەک دەریچەی کوردییان نەدیوە! گریمان خۆم بە کەڵک نایەم، موزیکەکانم بۆ؟ گۆرانییەکانم بۆ؟

لە خۆمەوە ئەم قسانە ناکەم، بەڵکو ڕووداوگەلێک لە پشتیانەوە هەن. تەنها دووانیانتان بۆ دەگێڕمەوە: ساڵی ٢٠١٤ کە گۆرانیی «واران»م تۆمار کرد، بە هاوڕێیەکمدا ناردم بۆ هەندێک کەناڵ و ڕادیۆ. وتم ڕەنگە نەمناسن، با خۆمیان پێ بناسێنم. هەموویان فڕێیان دابوو. بەرپرسی ئەو کاتەی ڕادیۆیەکی گەورەی کوردستان بە هاوڕێکەمی وتبوو: «ئەم شتە حیزە چییە هێناوتە؟ ئەمە کەی هی ئەوەیە بڵاوی بکەینەوە؟».

گۆرانیی واران

ساڵی ٢٠١٨ بە دڵ و بە گیان موزیکێکم بۆ تیپێکی موزیکی کوردستان دانا، بە دوو کەسی نێو تیپەکەم دا، کەچی دەنگیان نەما. دوای چەند مانگێک کە هەواڵیم پرسییەوە، یەکێکیان وتی: «نەمدیوە، لێم ون بووە» (لەو بێڕێزییە!)؛ ئەوی تر وتی: «دەستت خۆش بێت. من بوومایە وام دانەدەنا!». ئیتر ئاوها ئەویش ژێرگڵ خرا. خۆشبەختانە خۆم ئەم موزیکەم پاراستووە.

خەندە کلیلی دڵ و هۆشە

هەر چییەک بێت، من هاوڕای ئەوانە نیم کە داوا دەکەن هەمیشە کۆستمان کەوتبێت. تا ئێستاش پێم وایە ئەوەی بە دەم خەندە و پێکەنینەوە فێری دەبیت، سەد قات قووڵتر ڕۆ دەچێتە ناختەوە وەک لەوەی بە وشکی و شێلگیرانە لەسەر تەختەیەکی ڕەقوتەق فێر دەکرێیت.

تا ئێستا وانەی ئەو مامۆستایانەم لە بیر ماوە کە بە ڕووێکی خۆشەوە شتیان فێر کردووم. بەڵام هیچی ئەو بەناومامۆستایانەمم لە بیر نەماوە کە بە تووڕە و تۆسنی و بە داری بزماراوییەوە (گوایە) شتیان فێر کردووم. ئەوە نەبێت شوێنی برینی بزماری دارەکانیان بە جەستەمەوە ماون.

بە هەر حاڵ، دەرکەوت ئەو سەرنجەم لە جێی خۆی بووە کە هەموو شێلگیرێک دەڵێیت لە ڕۆڵەڕۆ هاتوونەتەوە و خەمبار و داتەپاون. حەزم بە هاوڕێیەتییان نییە. دانیشتنم نییە قاقای تێدا نەبێت و هەر واش دەبێت.

سەردەمێکی نوێیە: ڕووترشاوی بەڵگەی ڕاستی و بەسوودیی وتە نییە.


  1. ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ نووسیومە. ↩︎

دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی

دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی1

ڕاپەڕینی ژینا لە مرۆڤپەرستی ڕایچڵەکاندم

ڕاپەڕینی ژینا لە مرۆڤپەرستی ڕایچڵەکاندم
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

پێش ٢٠٢٢ سەرسەختانە باوەڕم بە مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی هەبوو. دەموت: «زەوی نیشتمانی مرۆڤە!». ئەم قسە زلەشم دەکرد و حەفتەیەک سەرمای ئانتارکتیکا و سیبریا و گەرمای دۆڵی مەرگ و بورکینا فاسۆم نەدیبوو! پێم وا بوو ئەو جێیانەش هەر نیشتمانی منی مرۆڤن! پێم وا بوو من مرۆڤێکی گەورەم، چونکە نیشتمانەکەم گەورەیە، بیرەکەم گەورەیە، خەمەکەم گەورەیە!

ڕاپەڕینی ژینا لەم خەونە ڕایچڵەکاندم، بەڵام یەکسەر تێینەگەیاندم کە کێشەکە لە کوێدایە. واتە هەستم دەکرد وێژمانەکە کێشەیەکی تێدایە، بەڵام نەمدەتوانی دیاریی بکەم. بەرەبەرە بۆم ڕوون بووەوە کە ئەم بابەتی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتییە هەم جۆرێکە لە ئایدۆلۆژیا و دین، هەم جۆرێک نەخۆشی یان ناڕێکییەکی دەروونییە. ڕەنگە لە دەروونناسیدا پێناسەش کرابێت، بەڵام من نەیزانم و لێی بێئاگا بم.

جا لەبەر ئەوەی ئێستانان ئەم هزرە هەم بە نەخۆشی دەزانم، هەم بە دین، بۆیە دەتوانین لە تێهەڵکێشی دوو وشەکە وشەیەکی نوێی بۆ لێک بدەین و پێی بڵێین «دینەخۆشی». ئاوهاش: دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی.

مرۆڤپەرستی

گەرچی مرۆڤپەرستی وەک دین و ئایدۆلۆژیا و ناڕێکی دەناسێنم، بەڵام بۆ ئەوەی دادپەروەر بم و مافی پەیڕەوکارانی ئەم دینە نەخۆم و ناشیرینیان نەکەم، پێم وایە زۆربەی هەرە زۆریان بە مەبەست و بەدکارانە هەڵگری ئەم باوەڕە نین. واتە نەیانزانیوە کە دینێکی نوێیان دامەزراندووە و پەیڕەوی دەکەن. نەیانزانیوە ئەم باوەڕەیان کە دەیکەن بە چاوی هەموو کەسێکدا جادووێکی پووچە. بەڵکو جادووی باوەڕەکە فریوی داون.

کە بە ئەوانیش قسەیان لەسەر دەکەم، تەنها لەبەر ئەوەیە کە ئێستانان چیتر خۆم بە یەکێک لەوان نازانم. بەڵام منیش تەمەنێک هاوبیریان بووم. منیش کەم دروشمی مرۆڤپەرستانەم بڵاو نەکردووەتەوە و لە پەرەسەندنی ئەم هزرەدا دەستم هەبووە. ئەو کاتە پێم وا بوو ئێمە زۆر ناوازەین و هاوشێوەمان دەگمەنە. بەڵام ئێستا دەبینم زۆرێک لە ئێمەی کورد هەڵگری ئەم هزرەین، یان هەڵگری بووین.

ڕەنگە هەندێک لە ئێوەی گوێگریشم بێئاگا پەیڕەوکاری ئەم ئایدۆلۆژیایە بن و هێشتا پێتان نەزانیبێت. دەتوانیت بەوەدا تووشبوو بەم ئایدۆلۆژیایە بناسیتەوە کە بە نزیکەیی لە هەموو ڕستەیەکدا وشەکانی «مرۆڤ» و «مرۆڤبوون» و «مرۆڤایەتی» و «زەوی» بە کار دەهێنێت. ئەگەر خۆیشت وایت کەواتە پیرۆزە، خەڵاتەکەت بۆ دەرچوو.

لەبەر ئەوەی ئەم دینە وزەکەی لە وشەی زلی وەک مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی و زەوی و ئەم شتە زلانە وەردەگرێت، ئەو هەستە لای پەیڕەوکارانی دروست دەکات کە لەبەر ئەوەی دروشمی زلیان هەڵگرتووە، ئیتر ئەمانیش زل و گەورەن. لای ئەمان کورد و ئینگل و ئەڵمان بچووکن، چونکە ئەوان خەمەکانیان بە هێندەی وڵاتەکانیان بچووکن، بەڵام ئەمان خەمی مرۆڤایەتی و زەوییان هەڵگرتووە.

پەیرەوکارانی مرۆڤپەرستی چۆنن؟

پەیرەوکارانی مرۆڤپەرستی چۆنن؟
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

چۆن لە دیندا زیکر و مانترا و ویرد هەیە، بەردەوام وتەیەک دووبارە دەکەیتەوە، ئێمەی مرۆڤپەرستیش وشەکانی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتیمان دەخستە هەموو ڕستەیەکەوە. سەری زمان و بنی زمانمان ئەوە بوو کە دەمانوت: «زەوی نیشتمانی مرۆڤە!»، «مرۆڤبوون پێش هەموو شتێکە». هەر بۆ بەڵگە و نموونە سەیری وتاری هونەر و داهێنانی کوردی بکە کە خۆم نووسیومە.

کێ لە ئێمە حەز ناکات مەزن بێت؟ ئێ دینی مرۆڤپەرستییش هەر بە دوو ڕستە و چوار وشە تراویلکەی مەزنێتی بە پەیڕەوکارانی دەبەخشێت. بەو مشتە وشەیە دەبیتە مەزنترین مرۆڤ و لە دونیا ڕۆشنبیرتر دەبیت. لەپڕ هەمووان لە چاو تۆدا دەبنە گەمژە و تەسکبین و نەزان.

دینی مرۆڤپەرستی جگە لەوەی خۆتت لێ مەزن دەکات، لە هەموو بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەییش ڕزگارت دەکات. ئیتر کە خەمی جیهانت هەڵگرت، خەمی نەتەوەکەت دادەنێیت. یان خەمی نەتەوەکەت لە ژێر خەمی جیهاندا دەپلیشێتەوە. مرۆڤپەرستی پاساوت دەداتێ خۆت لە خزمەتی نەتەوەکەت بدزیتەوە. هەر کاتێک ڕووبەڕووی کێشەیەکی دیاریکراویان کردیتەوە، تۆ بە چەند ڕستەیەکی کڵێشەیی خۆتی لێ دەرباز دەکەیت.

چۆن کێشەی کورد چارە بکەین؟ وەڵام: ئێمە دەبێت مرۆڤ بین. مرۆڤبوون پێش هەموو شتێکە. چۆن کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل چارە بکەین؟ وەڵام: ئێمە دەبێت مرۆڤ بین. مرۆڤبوون پێش هەموو شتێکە. چۆن لە تاقیکردنەوەی بیرکاریدا دەربچین؟ وەڵام: ئێمە دەبێت مرۆڤ بین. مرۆڤبوون پێش هەموو شتێکە.

مرۆڤپەرستی فێری پۆزی بێدەنگت دەکات!

جا با نهێنییەکی وردیشتان پێ بدەم: گەرچی پەیڕەوکارانی ئەم ئایدۆلۆژیایە خۆیان خاکەڕا و بێفیز و بێدەمار پیشان دەدەن، بەڵام پۆز و لەخۆباییبوون و خۆبەزلزانییەکی کڕ و کز و کپیان هەیە. لەمەودوا لێیان ورد ببنەوە، دەیبینن!

هۆی ئەم پۆزەشیان هەڵەیەکی بیرکردنەوەیە. مرۆڤپەرستەکان پێیان وایە مادەم دروشمی زلی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتییان هەڵگرتووە، کەواتە لە خێڵ و گەل و نەتەوەکان گەورەترن! مادەم بیر لە زەوی دەکەنەوە وەک نیشتمان، ئیتر ئەوانەی کوردستانیان پێ نیشتمانە و بۆیان گرنگە بچووکن. ئەم کەسانە ناوچەیی و ناوچەگەرا و ناوچەپەرستن. وەک مرۆڤپەرستەکان جیهانی نین!

ئەگەر نیشتمانی تۆ کوردستان بێت، ئەو هەموو زەوی بە هی خۆی دەزانێت. کەچی بیست وڵاتیشی لە زەوی نەدیوە. ڕەنگە لە وڵاتێکی ئەوروپا پەنابەر بێت! ئەگەر زمانی تۆ کوردی بێت، ئەو هەموو زمانەکانی جیهان بە هی خۆی دەزانێت. ئەوپەڕی دوو زمانی تر جگە لە کوردییەکی شەقوشڕ دەزانێت! ئەگەر هونەرمەندی تۆ ماملێ و زیرەک و خالقی بن، ئەو هەموو هونەرمەندانی جیهان بە هی خۆی دەزانێت. کەچی دە گۆرانیی جوان حاجۆ و لەیلا فەریقی و کیژانی ئیبراهیم خەیاتی نەبیستووە.

بە کورتی: مرۆڤپەرستەکان پێیان وایە کە ناوی شتی گەورەت هێنا، ئیتر خۆکردەییانە خۆیشت گەورە دەبیت!

بێزووی زل بەڵگەی تەسکیی دەسەڵاتە

بێزووی زل بەڵگەی تەسکیی دەسەڵاتە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

خوانەخواستە مەبەستم بێڕێزی نییە کە دەڵێم مرۆڤپەرستی جۆرێک نەخۆشی یان ناڕێکییەکی دەروونییە. بەڵکو لەبەر ئەوە وا دەڵێم کە پێم وایە ئەم هەموو پێداگرییەی هەڵگرانی ئەم هزرە لەسەر چەمکی زلی وەک مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی و زەوی بێزووکردنێکی دەروونییە بە شتی گەورەوە. بێزووکردنی زۆریش دیاردەیەکی ئاسایی نییە و ناڕێکییەکی کاتیی لەشە.

پێم وایە بێزووکردنی زۆر بە شتی زلەوە دەرئەنجامی ئارەزوو و دەسەڵات و هزرێکی چەپێنراو و بەستراوە و بەکۆیلەکراوە. هەر وەک کەسێک کە برسییەتی پێی وایە دەتوانێت هەموو خواردنی دونیا بخوات. کەسێک کە تینوویەتی پێی وایە دەتوانێت دەریایەک بخواتەوە. کەسێک کە دیلە بێزوو بە گەڕانی هەموو جیهانەوە دەکات.

بەڵام ئەوەی تێرە جیاوازیی نێوان دوو کولیچەی دروستکراوی دوو ئاشپەزی جیاواز تام دەکات. تێرئاو جیاوازیی نێوان دوو جام ئاو تام دەکات. ئەوەی بە ڕاستی ئازادە لە پێناو گەشت و گەڕاندا ماڵ لە خۆی تێک نادات. وەک سەگی پێسووتاو ئەم وڵاتە و ئەو وڵاتە ناکات. بەڵکو ئەگەرچی ئەگەر بۆی هەڵبکەوێت دەگەڕێت، بەڵام میچێک دروست دەکات خۆی و ئازیزانی لە ژێریدا بحەسێنەوە.

بۆیە دەتوانم بڵێم ئەم بێزووکردنە زۆرە بە مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی و زەوییەوە نەخۆشییەکە، یان ناڕێکییەکی دەروونییە و تووشی دیلی دەروونی و کۆیلەی دەروونی دەبێت. ڕەنگە بەرگرییەکی ناخۆئاگا بێت لە دۆخی کۆیلەبوون.

ئەم مەگیرانییە بە شتی زلەوە جگە لەوەی هەڵگرتنی بەردی زلە، کە نیشانەی نەهاویشتنیەتی، هاوکات کێشە بۆ هەڵگرانی هزرەکەش دروست دەکات. چون ڕەنگە بتوانیت گەڕەکەکەی خۆت ئاوەدان بکەیتەوە و بیکەیتە نیشتمانت، بەڵام بێگومان ناتوانیت هەموو زەوی ئاوەدان بکەیتەوە. لەبەر هۆیەکی سادە: تەمەن ڕێت نادات. کەواتە بۆ لە ماڵ و گەڕەکەکەی خۆتەوە دەست پێ ناکەیت؟

لە کورد و کوردستانەوە بۆ مرۆڤ و زەوی

لە کورد و کوردستانەوە بۆ مرۆڤ و زەوی
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

وا بزانم ژنی سەرۆکی پێشووی سووریا بوو جارێکیان لە بارەی کوردەوە پرسیاریان لێی کرد، دەقی وەڵامەکەیم نەدۆزییەوە و خۆیشم بە ڕێکی لە بیرم نەماوە، بەڵام شتێکی وەهای وت: «با ئێمە باس لە کۆمەڵێکی دیاریکراو نەکەین، بەڵکو باسی سووریا بکەین». واتە بە وشەیەکی خۆزلنوێن، کە لێرەدا وشەی «سووریا»یە، پرسی کورد و کوردستانی شاردەوە و دیزە بە دەرخۆنەی کرد.2

دوای ئەوەی باوەڕم بە دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی کز ببوو، لەگەڵ یەکێک لە ئازیزترینەکانم کەوتینە دەمەقاڵێ. ئەویش هەر وەک من دینەخۆشیی مرۆڤپەرستیی هەبوو. زۆر لێم تووڕە بوو کە من خەریکە دەبم بە ڕەگەزپەرست و وازم لە مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی هێناوە. بە داخەوە لەو کاتەوە نێوانمان ناخۆشە.

دواتر زۆر بیرم لە وتە و هەڵوێستەکانی کردەوە. ڕستە بە ڕستەیم هێنا تا بزانم کێشەکە لە کوێدایە. سەیرم کرد: هەی لەوە؟ خۆ زۆر ڕوون بوو! لە بەر چاواندا بوو، بۆ نەمدەدی؟ بۆیە ئێستا ئەم نهێنییە بە ئێوەش دەڵێم، تا بزانن دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی چەندە ڕووکەشێکی زل و ناوەرۆکێکی پووچی هەیە.

پەیڕەوکارانی مرۆڤپەرستی (مرۆڤپەرستەکان) ڕەگەزپەرستترینن!

مرۆڤپەرستەکان هیچ جیاوازییان لەگەڵ سەرسەختترین ڕەگەزپەرستەکانی وەک ئەڵمانی نازیدا نییە. هەمان شت دەڵێن، تەنها هەندێک وشەیان گۆڕیوە! ئەوان دەیانوت: «یەک خەڵک» (واتە ئاریاییەکان)، ئەمان دەڵێن: تەنها مرۆڤ! ئەوان دەیانوت: «یەک ئیمپراتۆرێتی» (واتە ئەڵمانیا)، ئەمان دەڵێن: تەنها زەوی! ئەوان دەیانوت: یەک ڕابەر، ئەمان دەڵێن: تەنها مرۆڤایەتی!

جا لە ژێر ئەم دروشمە زلانەدا پرسی نەتەوەیی کورد و کوردستان دەشێلن. هەر کە باسی کورد و کوردستانیان لەگەڵ دەکەیت، یەکسەر باز بە بابەتەکە هەڵدەدەن و دەکەونە باسی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی. ئەمە جگە لەوەی پێیان وایە تۆ لە ئامانجە مەزنەکەی ئەوان لاتداوە.

تۆش لەمەودوا لە وتەکانیان ورد بەوە. هەر بۆ تاقیکردنەوە لە ڕستەکانیاندا وشەی «مرۆڤ» بگۆڕە بە «تورک»، وشەی «مرۆڤایەتی» بگۆڕە بە «تورکیاییبوون»، وشەی «زەوی» بگۆڕە بە «تورکیا». ئینجا بۆت دەردەکەوێت کە مرۆڤپەرستەکان هیچ داهێنانێکیان نەکردووە. تەنها دروشمێکی ڕەگەزپەرستانەیان گۆڕیوە بە دروشمێکی تری ڕەگەزپەرستانە و خەیاڵی. دەڵێم خەیاڵی، چونکە تورکێکی ڕەگەزپەرست لانیکەم ڕەگەزێکی دروستکراویش بێت هەیەتی، دەوڵەتێکی ددانپێدانراوی هەیە، سەرۆکیشی هەیە.

ئێمەی کوردی مرۆڤپەرست بازنەیەکی زلمان بە دەوری زەویدا کێشاوە و دەڵێین: «ئەمە نیشتمانی ئێمەیە». لەو بەناونیشتمانەشدا بستێک خاکمان پێ ڕەوا نەبینراوە! ئەمە جگە لەوەی ئێمەی کورد بە پاسپۆرتی عێراقی و ئێرانی و سووریاییەوە، ئەگەر ئەو تڕەپاسپۆرتانەشمان پێ ڕەوا بینرابێت، بە هەزار شەڕەشەق دەتوانین سەردانی ئەوپەڕی ٤٠٪ی ئەو بازنەیە بکەین کە وەک نیشتمانی خۆمان کێشاومانە.

ئایا کورد ڕەگەزپەرستە؟

ئایا کورد ڕەگەزپەرستە؟
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ڕەنگە لێرەدا یەکێک ڕەخنەی ئەوەم لێ بگرێت کە ئێمەی کوردستانپەروەرانیش هەمان قسەی ڕەگەزپەرستەکان دەکەین. دەڵێین: «کورد، کوردی، کوردستان. تەنها کوردستان خەمی ئێمەیە». وایە، ئەوە دروشمی ئێمەیە. بەڵام وێڕای هاوشێوەیی دروشمەکانمان، لە ناوەرۆکدا جیاوازن.

پێم وا نییە هیچ کوردێک نکۆڵی لە بوونی نەتەوەی تر کردبێت. مەگەر ئەو بەناونەتەوەیە بۆ کرمێکردنی گیانی کورد و لەباربردنی پڕۆژەی کوردستان بەردرابێتە کورد.

ئێمەی کوردستانی کێشەمان لەگەڵ عەرەبێکدا نییە کە لە سعودیە و ئیمارات لە ماڵی خۆیدا دانیشتووە و پیلان لە دژی کوردستان ناگێڕێت. ئێمە ڕێزمان بۆیان هەیە و هەر کاتێک وەک میوان هاتن بۆ کوردستان دەیانخەینە سەر سەر و سەر چاومان. ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەو عەرەبانەدایە کە عێراق و سووریا بەریاندەدەنە کوردستان و لەسەر خاکی کوردستان دەیانچێنن. هەروەها لەگەڵ فارس و تورکە هاوشێوەکانیانیش.

ئێمە پێمان وا نییە ڕووسێک، یاپانییەک، ئیتالییەک لە خوار کوردەوە بێت. بەڵام ئێمە تەنها خەمی کورد و کوردستان هەڵدەگرین، نەک خەمی ئەوان و دەوڵەتەکانیان. چونکە خۆمان کوردین و کوردەکەیە بێکەس و بێدەوڵەتە و دوا خراوە. بەڵام ماف لەوانیش ناسەنینەوە خەمی خۆیان و وڵاتی خۆیان بخۆن. ئەوان خەڵک و خاک و خەمی خۆیان، ئێمەش خەڵک و خاک و خەمی خۆمان.

ڕزگارکردنی جیهان ئەرکی دەوڵەتی بەهێزە

پاشان سەد و نەوەد و سێ دەوڵەت لە جیهاندا هەن. زۆربەیان زۆر هەنگاویان بڕیوە و بە سەدان ساڵ لە پێش ئێمەوەن. پشکی شێری خەمی مرۆڤایەتی دەکەوێتە سەر شانی ئەوان، نەک ئێمەی ستەملێکراو. منێک کە ناتوانم بە کەرکووکی خۆمدا هاتوچۆی سلێمانی و هەولێر بکەم. منێک کە ناتوانم بستێک لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببینم. منێک کە ناوێرم لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانەکەم نزیک ببمەوە.

ناچارکردنی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت و بێدەسەڵات و بێدەرەتانی وەک کورد بە هەڵگرتنی خەمی جیهان زۆر ناڕەوایە. لە کاتێکدا لانیکەم سی دەوڵەتی پێشکەوتوو و زلهێز لە جیهاندا هەن. وەک وایە زیندانییەک ناچار بکەیت کۆشک و تەلار بۆ ئەو کەسانە دروست بکات کە ئەمیان زیندانی کردووە. لە کاتێکدا ئەو زیندانییە بە ستەم زیندانی کراوە و تاوانێکی نەبووە.

مەبەست لە «مرۆڤ» چییە؟

مەبەست لە «مرۆڤ» چییە؟
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

چاکێتی و بەدێتی

لە سەردەمی گریکی دێرینەوە باس لە چەند بەهایەکی بەرز و نزمی مرۆڤ دەکرێت. بۆ بەها بەرزەکان وشەی چاکێتی بە کار دەهێنم، بۆ بەها نزمەکان وشەی بەدێتی بە کار دەهێنم.

وشەی چاکێتی بەرانبەر ئەوە بە کار دەهێنم کە ئینگل پێی دەڵێت ڤێرچیو؛ بە لاتینی ویرتوو، بە عەرەبی فەزیلەت، بە گریکی ئارێتی. کاک فارووق ڕەفیق وشەی نایابیی پێ باشە، بەڵام ئێمە (من و کاک ڕێبوار قارەمانی) چاکێتیمان پێ دروستترە. وشەی بەدێتی بەرانبەر ئەوە بە کار دەهێنم کە ئینگل پێی دەڵێت ڤایس؛ بە لاتینی ویتیوم، بە عەرەبی ڕەزیلەت، بە گریکی کاکییا.

چاکێتی و بەدێتییەکان بە گوێرەی ڕوانگەی کەس و قوتابخانە جیاوازەکان جیاوازن. بەڵام لە کۆنەوە چەند تایبەتمەندێتییەک وەک چاکێتی و بەدێتی دەستنیشان کراون. چاکێتییەکان پێک هاتوون لە بەمشووری، دادپەروەری، ئازایەتی، بێفیزی، میهرەبانی، ئارامی، خۆگرتنەوە، بەخشندەیی، کۆشش، داوێنپاکی. بەدێتییەکانیش پێک هاتوون لە هەڵەشەیی، نادادپەروەری، ترسنۆکی، لووتبەرزی، تەماکاری، قیناویبوون، زێدەڕەوی، ئیرەیی، تەممەڵی، داوێنپیسی.

خۆگرتنەوە پێچەوانەی زێدەڕەوییە. بکەرەکەی دەبێت بە خۆگرەوە. خۆگرتنەوە واتە خۆگرتنەوە لە زێدەڕەوی لە نەوس و وتن و کردار.

مرۆڤی نێو «مرۆڤایەتی» مرۆڤێکی چاکی خەیاڵییە

جا بۆیە ئاماژە بە چاکێتی و بەدێتییەکان دەدەم، چونکە پەیوەندییان بە بابەتی مرۆڤایەتییەوە هەیە. مرۆڤایەتی چ وەک وشەیەکی نێو زمان، چ وەک چەمک لە خەیاڵماندا، لەسەر «مرۆڤ» بونیاد نراوە. وشەکە پێک هاتووە لە مرۆڤ+ایەتی. مرۆڤ لە وشەکە دەربهێنە تەنها پاشگری –ایەتی دەمێنێتەوە. چەمکەکەش لەسەر بنەمای نموونەی مرۆڤێکی نموونەیی خەیاڵی دروست کراوە کە خاوەنی چاکێتییەکانە و دژی بەدێتییەکانە.

واتە کە دەوترێت مرۆڤ و مرۆڤایەتی، وا گریمانە دەکەین کە لە مێشکی بیسەردا مرۆڤێکی نموونەیی دەردەکەوێت کە بەمشوورە، دادپەروەرە، ئازایە، بێفیزە، میهرەبانە، ئارامە، خۆگرەوەیە، بەخشندەیە، کۆششکارە، داوێنپاکە. هەڵەشە نییە، نادادپەروەر نییە، ترسنۆک نییە، لووتبەرز نییە، تەماکار نییە، قیناوی نییە، زێدەڕەوکار نییە، ئیرەبەر نییە، تەممەڵ نییە، داوێنپیس نییە (وەکو من. بێچاوێنی بم!).

بێگومان ئەمە مرۆڤێکی نموونەیی و خەیاڵییە. زۆر بە دەگمەن مرۆڤی وا لە کەتوار و دونیادا هەن. واتە هەموو چاکێتییەکانی هەبێت و بەدێتییەکانی نەبێت و بەردەوامیش وا بێت، چون مرۆڤ دەگۆڕێت. زۆربەی مرۆڤانی زەوی هەندێکیان لە هەردووکیان هەیە و بە گوێرەی کاتیش دەگۆڕێن. واتە دەشێت کەسێک زۆرێکی چاکێتییەکان و هەندێکی بەدێتییەکانی هەبێت، یان زۆرێکی بەدێتییەکان و هەندێکی چاکێتییەکان.

کەواتە کە دەڵێین «مرۆڤ» و «مرۆڤبوون» گریمانە لەسەر هەندێک بەهای هەڵبژاردە دەکەین، نەک هەموو بەهایەکی مرۆڤ. چونکە لە ڕاستیدا بەدێتییەکانیش لە ئاسمانەوە نەکەوتوونەتە خوارەوە، ئەوانیش هەر تایبەتمەندێتیی مرۆڤن. بەڵام بە هەر هۆیەک بێت ئەمانە بە ڕەفتاری مرۆڤ، یان مرۆڤی چاک نازانین. کەچی لانیکەم نیوەی مرۆڤانی سەر زەوی هەندێک یان هەموو بەدێتییەکانیان هەیە.

ئایا ئەوەی مرۆڤپەرستەکان دەیکەن مرۆڤایەتییە؟

ئایا ئەوەی مرۆڤپەرستەکان دەیکەن مرۆڤایەتییە؟
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

کە ڕەخنە لە دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی دەگرم، وە نەبێت من دژی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بم. نەخێر، بە هیچ شێوەیەک دژی چاکێتییەکان نیم. بە ڕاستیش پێم وایە کە چاکێتییەکان بەهای باڵان بۆ مرۆڤ و ئەوە دەهێنن بە درێژایی تەمەنمان هەوڵیان بۆ بدەین و وا بین. خۆم یەکێکم لەو کەسانەی کە ئەوەندەی بۆم بکرێت ژیانم ئاوێتەی ئەم چاکێتییانە کردووە و دەکەم.

بەڵام دەبێت بزانین ئەو «مرۆڤ»ەی لە «مرۆڤبوون» و «مرۆڤایەتی»دا هەیە لە ڕاستیدا نموونەیەکی خەیاڵیی هەڵبژاردەی مرۆڤە. پاشان کە ورد دەبیتەوە، دەبینیت ئەوەی مرۆڤپەرستەکان بانگەشەی دەکەن لەم بەهایانەوە دوورن. مرۆڤپەرستەکان ناچار کراون کۆمەڵێک بەهای خراپ هەڵبگرن کە بەرگی بەهای باشیان لە بەردایە، واتە لە ڕاستییدا بەدێتیین و وەک چاکێتی خۆیان دەنوێنن.

چۆن بەدێتیمان لێ کراوە بە چاکێتی؟

ناکرێت ڕاستەوخۆ بە چوار دەوڵەت و ناڕاستەوخۆ بە دەیان دەوڵەت شکۆت بشکێنن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە بێفیزم». ئەوەی تۆ لەوێدا بێفیزی نییە، بەڵکو شکۆشکاوی و ترسنۆکییە. بێفیزی و شکۆشکاوی و ئازایەتی و ترسنۆکی جیان.

ناکرێت ڕاستەوخۆ بە چوار دەوڵەت و ناڕاستەوخۆ بە دەیان دەوڵەت مافی بوونت لێ بستێنن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە میهرەبانم». ئەوەی تۆ لەوێدا میهرەبانی نییە، بەڵکو هاوکاریی تاوانکارە و نادادپەروەرییە. ئەم بەناومیهرەبانییەت خەریکە تاوانکاران تاوانکارتر دەکات. بۆیە نابێت ڕێی تاوانکار خۆش بکەیت، بەڵکو دەبێت بەرهەڵستیی بکەیت.

ناکرێت ڕاستەوخۆ بە چوار دەوڵەت و ناڕاستەوخۆ بە دەیان دەوڵەت ئاسایش و ئارامییت بشێوێنن و برسییت بکەن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە ئارامم». ئەوەی تۆ لەوێدا ئارامی نییە، بەڵکو سەرشۆڕییە. ئارامی و سەرشۆڕی جیان.

ناکرێت هەر ئەو لایەنانە خاک و هەموو سامانێکت ببەن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە خۆگرەوەم». ئەوەی تۆ لەوێدا خۆگرتنەوە نییە، بەڵکو نابووتبوونە. خۆگرتنەوە و نابووتبوون جیان. ئەگەر لە بەرانبەر ئەم لێبردنەشدا خۆت بە بەخشندە دەزانیت و دەڵێیت: «شانازی دەکەم کە بەخشندەم». ئەوا بزانە کە ئەوەی تۆ لەوێدا بەخشندەیی نییە، بەڵکو سەرانەدانە. بەخشندەیی و سەرانەدان جیان.

ناکرێت بەری ڕەنجت بخۆن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە کۆششکارم» یان «شانازی دەکەم بەمشوورم». ئەوەی تۆ لەوێدا کۆشش نییە، بەڵکو ڕەنجبەباچوونە. کۆشش و ڕەنجبەباچوون جیان. بەمشووری نییە، پووچێتییە.

ناکرێت هەموو ڕۆژێک لاقەت بکەن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە داوێنپاکم». بێگومان من ناڵێم کە ئەوەی لاقە دەکرێت دەبێت بە داوێنپیس. بەڵکو دەڵێم یەکێک هەموو ڕۆژێک بە ویست و پێی خۆی بچێتەوە بۆ لای لاقەکەرەکەی تا لاقەی بکات، چیتر داوێنپاک نییە، بەڵکو هەم خۆی داوێنپیسە، هەم وای کردووە لاقەکەرەکانیشی داوێنپیس بن.

شکۆی مرۆڤبوونمان لە کوردستاندایە

شکۆی مرۆڤبوونمان لە کوردستاندایە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

مرۆڤپەرستەکان هەمیشە بابەتی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی دەهێننە پێش هەموو باسێکی نەتەوەییەوە. بە تایبەتی بەرانبەر ئێمەی ناسیۆنالیست وەک تاکە پەناگە و پاڵگە بە کاری دەهێنن. گوایە ئێمە دژی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتین. گریمانەیەکیان کردووە کە مرۆڤ لە لایەکە و کورد لە لایەکی ترە. بەڵام ئەمە یەکەم هەڵەیانە، چونکە کوردیش هەر مرۆڤە.

هەڵەیەکی تریان لە خودی جۆرێتیی «مرۆڤ» و «مرۆڤبوون»ەکەیانە. پێم وا نییە جۆرێتیی مرۆڤایەتییەکەی خۆیانیان پشکنیبێت. وەک چۆن مرۆڤی نێو «مرۆڤایەتی» مرۆڤێکی خەیاڵییە، ئاوهاش کە دەڵێیت برایەتی، تۆ برایەکی نموونەییت لە خەیاڵتدا داناوە. بە گشتی ئەم برا خەیاڵییە کەسێکی باشە و مافی تۆ ناخوات و دەستدرێژی ناکاتە سەرت. برایەکە هەموو چاکێتییەکانی تێدایە و دژی هەموو بەدێتییەکانە.

بەڵام بە ملیار برا هەن لە جیهاندا وا نین. پاشان ئەو کەسانەی مرۆڤپەرستەکان داوامان لێ دەکەن ببین بە برایان و لەگەڵیاندا مرۆڤ بین برا نین و مرۆڤ نین. ئەوان دەمانسڕنەوە. مرۆڤێک مرۆڤ بێت مرۆڤ ناسڕێتەوە. کەچی مرۆڤپەرستەکان هەمیشە ئێمەی کوردی مرۆڤدۆستیان ناچار کردووە لەگەڵ نامرۆڤ و بکوژ و داگیرکەردا برا و مرۆڤ بین!

مرۆڤپەرستی کارگەی بەرهەمهێنانی بەدکارە

لە ڕاستیدا ئەم بەناومرۆڤبوونەی ئێمە ئەوانی کردووە بەو دڕندە و بەدکار و تاوانکارە. ئەگەر تۆ بزانیت کەسێک دێت بتکوژێت و تۆ دەرگای بۆ بکەیتەوە، بتەوێت و نەتەوێت دەبیتە هاوبەشی تاوانەکەی ئەو! چونکە تۆ ئاسانکارییت لە تاوانەکەیدا کردووە. ئەمە جگە لەوەی دەشبیتە قوربانیی دەستی ئەو. واتە هەم قوربانییت، هەم هاوبەشی تاوان.

کەواتە ئەرکی سەر شانی کوردە وەک مرۆڤی چاک کە بە پاساوی مرۆڤبوون و برایەتی هاوکاریی تاوانکاران نەکات و نەبێتە هاوبەشی تاوان. لە خۆوە نییە کە مرۆڤ هەزاران ساڵە سزا و پاداشتی داناوە. ئەگەر دەتەوێت دادپەروەری هەبێت، شکۆ هەبێت، بەهای باڵا هەبێت، دەبێت سزاشت هەبێت بۆ ئەوانەی ئەمانە لە نێو دەبەن.

ئەوە کورد نییە کە مرۆڤ نییە و شکۆی مرۆڤ ناهێڵێت و دژایەتیی چاکێتییەکان دەکات، بەڵکو نەیارانی کورد و کوردستانن. بۆیە ئەرکی مرۆڤی چاک ئەوەیە مرۆڤی خراپ لە خراپی ڕابگرێت، نەک بێدەنگی لە خراپەکارییەکانیان بکات و بڵێت: «با من بە چاکی بمرم و دونیا بۆ ئەو خراپە بە جێ بهێڵم».

مرۆڤبوونی کورد لە ژێر هەڕەشەدایە. ئەگەر بمانەوێت شکۆی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتیمان بپارێزین، ئەوا دەبێت ئەو دەستانە بشکێنین کە لە مرۆڤبوونمان دەخەن و دەمانسڕنەوە. سەدان ساڵە دوژمنانی کورد کورد دەسڕنەوە و دەیتوێننەوە. خاکمان داگیر دەکەن و دەمانکەن بە تورک و عەرەب و فارس. دەوڵەتی سەروەریداری کوردستان ئەم تاوانکارییە ڕادەگرێت و شکۆی کورد بەرز ڕادەگرێت. دەبێت بە هەر ڕێیەکە دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنین.

مرۆڤ واتە دەوڵەتدار

مرۆڤ واتە دەوڵەتدار
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

مرۆڤ بۆ ئەوەی مرۆڤ بێت دەبێت شکۆی هەبێت. دەوڵەتیش شائامرازی شکۆدانە بە مرۆڤ. هیچ ژێردەستەیەک شکۆی نییە، شکۆشی هەبێت شکۆکەی پارێزراو نییە و لیستۆکی دەستی نەتەوەی سەردەستە.

نرخی خوێن

ئیسرائیلییەک کە دەکوژرێت دەوڵەتەکەی هەزار کەس لە بەرانبەریدا دەکوژێتەوە. ئاوها نرخی خوێن و شکۆی مرۆڤی خۆی دیاری دەکات. ئەمریکییەک بکوژرێت ئەمریکا دەوڵەتێک لە بەرانبەریدا لە نێو دەبات. دەوڵەتەکە ئاوها شکۆی مرۆڤەکەی خۆی بەرز ڕادەگرێت. بەڵام عێراق بە بەر چاوی جیهانەوە سەدان هەزار کوردی کوشت و خوێنێکمان لە بری وەرنەگرت، چونکە دەوڵەتمان نەبوو.

مرۆڤی ئەم سەردەمە ئەگەر دەوڵەتی نەبێت، نەک تەنها شکۆی مرۆڤبوونی شڵۆقە، تەنانەت لە دۆخی ئاوارتەدا هەر بوونیشی ڕەت دەکرێتەوە. بۆ نموونە کە عێراق و ئێران دەجەنگان هەردوو لایان کوردیان بە کوشت دەدا. دەبوو کورد جەنگێک بکات کە نە هی ئەوە، نە بۆ ئەوە، نە لە دژی ئەوە. دەی دەوڵەتت هەبێت ناچار نابیت جەنگێک بکەیت کە هی تۆ نییە.

دەوڵەتت نەبێت کۆیلەی ئەوی تریت

ئێستا تورکیا و ئێران و عێراق لە دژی ئیسرائیل بجەنگن، بەشێکی بە کورد دەکەن. دەی کوردێک مرۆڤ بێت بۆ داگیرکەرەکەی خۆی ناجەنگێت، بەڵکو لە دژی دەجەنگێت.

بۆ نموونەیەکی تر: عەرەبی عێراق پارە بۆ ئێران سپی دەکەنەوە. وڵاتە زلهێزەکان لە بەرانبەردا سزای هەموو خەڵکی نێو عێراق دەدەن، بە کوردیشەوە. تۆی کورد گشت کارە سەرهێڵییەکانت دەوەستن، چونکە دەوڵەتت نییە. عێراقیش دەوڵەتی تۆ نییە و هەموو دونیا ئەوە دەزانێت. دەوڵەتت هەبووایە شکۆت دەبوو و باجی تاوانی دوژمنەکەتت نەدەدا.

مرۆڤێک لە هیچ کوێیەک نەتوانێت ناسنامەی خاکی دێرینی باوان و دایانی خۆی هەڵبگرێت و ناچار بێت بڵێت: «عێراقیم، ئێرانیم، تورکیاییم، سووریاییم»، هەموو ڕۆژێک لە ژێر میهر و سۆزی مووشەک و فڕۆکەی جەنگی و درۆن و فیشەکی داگیرکەرەکانیدا بێت، لە زێدی خۆیدا کاری دەست نەکەوێت، لە شاری خۆیدا ناچار بکرێت بە زمانی داگیرکەرەکەی کار بکات و بنووسێت و بخوێنێت و بخوێنێتەوە، هەر دوو سێ ساڵ جارێک دەربەدەر ببێت و ئاوارە و پەنابەری وڵاتان بێت… ئەمە کەی نموونەیە بۆ مرۆڤێکی شکۆمەند کە بمانەوێت کورد بەم جۆرە بمێنێتەوە؟

لەم سەردەمەدا ئەگەر بمانەوێت کورد بکەینەوە بە مرۆڤ، دەبێت هەر یەکەمان لە لای خۆیەوە هەموو هەوڵی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بێت. بێگومان دوژمنانیش ناهێڵن بە ئاسانی دەوڵەت دابمەزرێنیت. بۆیە هەر ڕێیەک دەگیرێتە بەر بۆ دروستکردنی دەوڵەت، ڕەوایە.

مرۆڤایەتی بێ کورد و کوردستان نابێت

مرۆڤایەتی بێ کورد و کوردستان نابێت
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

کورد مرۆڤە. ئاوهاش دانەیەکی دانەبڕاوە لە دانەکانی مرۆڤایەتی. ئەگەر مرۆڤایەتیت دەوێت، دەبێت کوردیش وەک نەتەوەکانی تری سەر زەوی ماف و خاک و دەوڵەت و سەروەری و هێز و چەک و ئاسایشی خۆیی هەبێت. ئەمانەن دەتوانن مرۆڤبوونی کورد بپارێزن. دەنا کورد بێ ماف و خاک و دەوڵەت و سەروەری و هێز و چەک و ئاسایش پەڕۆی دەستی داگیرکەرە.

ئەگەر مرۆڤایەتی باڵەخانەیەک بێت، ئەوا مرۆڤ پایەکانیەتی. ئەگەر مرۆڤایەتی گەڕەکێک بێت، ئەوا مرۆڤ ماڵەکانیەتی. مرۆڤایەتی بە مرۆڤ دروست دەبێت. ناتوانیت باڵەخانەت هەبێت بێ ئەوەی پایەت هەبێت. ناتوانیت گەڕەکت هەبێت بێ ئەوەی ماڵت هەبێت. مەگەر تەنها بە شێوەی ڕامانەیی (تیۆری) و خەیاڵی بتوانیت. ئێمەش لە ڕامانە و خەیاڵدا ناژین، بەڵکو لە کەتواردا دەژیین.

مرۆڤی لەبەهاکەوتوو مرۆڤ نییە!

ئەو نموونەی مرۆڤەی مرۆڤپەرستەکان بانگەشەی بۆ دەکەن کێشەدارە و مرۆڤێکی لەبەهاکەوتووە. کەواتە مرۆڤایەتییەکەشیان کێشەدارە. چونکە کە پێکهێنەکەت ژەهراوی بوو، ئەوەی لەویش پێکی دەهێنیت هەر ژەهراوی دەبێت. کوردە مرۆڤپەرستەکان هەوڵ دەدەن باڵەخانەکە دروست بکەن، ئینجا پایەکانی بۆ دابنێن. گەڕەکەکە دروست بکەن ئینجا ماڵەکانی بۆ دابنێن. ئەمەش ڕوو نادات.

تۆی کورد مرۆڤێکیت ستەمت لێ دەکرێت، دەچەوسێنرێیتەوە، لە نێو دەبرێیت. وەک مرۆڤێکی ئەمریکی و ئەڵمانی و چینی نیت. ناکرێت تۆ وەک مرۆڤێکی بێدەوڵەت و شکۆشکێنراو و سەرشۆڕکراو و نابووتکراو و سەرانەلێسەنراو و ڕەنجبەباچوو و ناچارکراو بە هاوکاریی تاوانکار و لاقەکەر خۆت بە مرۆڤێک بچووێنیت کە هەموو ئەوانەی هەن کە لە تۆ زەوت کراون.

بۆ ئەوەی کورد وەک مرۆڤ بمێنێتەوە و وەک ئاژەڵی بێلانە هەر ڕۆژەی نەکەوێتە ژێر میهر و سۆزی دەوڵەتێکی پڕ نامرۆڤەوە، ئەوا دەبێت دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی و سەروەریی هەبێت. بێدەوڵەتی بۆمانی دەرخستووە کە کوردی بێدەوڵەت بە ئاستەم دەتوانێت مرۆڤێکی خاوەن چاکێتی بێت. دروستکردنی ئەم دەوڵەتەش دەبێتە هەڕەشە بۆ نامرۆڤەکان، چونکە تاوانەکانیان لەسەر قورس دەکەین.

بۆ ئەوەی بە مرۆڤایەتیی پڕ لە چاکێتی بگەین، دەبێت مرۆڤەکانمان یەکسان بن. نەک کورد خاکی داگیر بکرێت و پەرتەوازە و دەربەدەر و ئەنفال و کیمیاباران و زیندەبەچاڵ بکرێت و لە سێدارە بدرێت، کەچی بمانەوێت مرۆڤایەتی زیانی پێ نەگات.

مرۆڤ خۆی بە تەنیا ڕەگەزێک نییە، بەڵکو ناوێکی گشتییە. مرۆڤ لە نەتەوە و گەل و خێڵ و خێزان و تاکەکان پێک هاتووە. ناکرێت نزیکەی سەد ملیۆن کورد هەمیشە لە ژێر میهر و سۆزی فڕۆکەی جەنگیی داگیرکەرەکانیدا بن و مرۆڤایەتییەکی بێگەردت هەبێت.

بۆیە مرۆڤایەتی بێ سەربەرزی و سەربەخۆیی کورد و کوردستان نەخۆش و ناتەواوە. ئەگەر خۆتانتان پێ مرۆڤە دەبێت خەمی نەتەوە و دەوڵەتەکەی خۆتانتان هەبێت کە کوردستانە.

کۆتایی

کۆتایی
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

گەرچی وشەکانی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی جوانن، ڕستەی «زەوی نیشتمانی مرۆڤە!» جوانکیلەیە، دروشمی «مرۆڤبوون پێش هەموو شتێکە» زەریفە، بەڵام ئاگادار بن، دوژمن لە نێو ئەم هەنگوینانەدا ژەهری بۆ کورد و کوردستان شاردووەتەوە! مرۆڤبوون وشەیەکە بۆ شاردنەوە و لەنێوبردنی پرسی کورد. مرۆڤایەتی وشەیەکە بۆ شاردنەوە و لەنێوبردنی پرسی کوردبوون و کوردستانیبوون. زەوی وشەیەکە بۆ شاردنەوە و لەنێوبردنی پرسی کوردستان.

بیرکردنەوە لە شتی گەورە ناتکات بە ڕۆشنبیر و بیرمەند و مرۆڤی گەورە. بیرکردنەوە لە شتی بچووکیش ناتکات بە ڕۆشنبیر و بیرمەند و مرۆڤی بچووک. پەندێکی ئینگلی هەیە دەڵێت: «خودا لە نێو وردەکاریدایە». واتە وردەکاریی نایاب و تۆکمە شتی مەزن و سەرکەوتوو چێ دەکات. مرۆڤ بێ کورد، مرۆڤایەتی بێ کوردبوون، زەوی بێ کوردستان، ناوی زل و دێی وێرانن.


  1. ٤ی تەممووزی ٢٠٢٥ دەستم پێی کرد. ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٥ تەواوم کرد. ↩︎
  2. لەم بارەیەوە وتارێکی تریشم نووسیوە بە ناونیشانی: تاکتیکی ڕەگەزپەرستی: شاردنەوە لەژێر ناوی زلدا و بە دەنگی خۆم خوێندوومەتەوە و لە کەناڵی تیلیگرامەکەمدا هەیە. ↩︎

پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی

پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی1

ئایا هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان هەیە؟ ئایا هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە؟

ئایا هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان هەیە؟ ئایا هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە؟
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

کەسێک وتوویەتی: «کاتێک دەڵێیت بە بڕوای من هونەر هیچ پەیوەندیی بە وارگێڕییەوە (سیاسەت) نییە، وەک وایە بڵێیت بە بڕوای من خۆر نییە! شتەکە لەسەر بڕوای تۆ نەوەستاوە، هەیە و تەواو».

جا ئایا وایە؟ ئایا هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان هەیە؟ ئایا هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە؟

ئەو کەسەی ئەو وتەیەی وتووە کە «وەک وایە بڵێیت بە بڕوای من خۆر نییە»، هەر خۆمم، بەڵام خۆمی ئێستانان. بەڵام داخۆ هەمیشە بڕوام وا بووە؟ نەخێر.

هزرم وەک هی ئێستای زۆربەتان بوو

پێنج ساڵ بەر لە ئێستا خۆم بڕوای تەواوم وا بووە کە هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە و هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان نییە. بەڵگەش ئەوەیە: لە وتاری هونەر و داهێنانی کوردی-دا، کە خۆم لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسیومە و لە ماڵپەڕەکەمدا بڵاوم کردووەتەوە، دەڵێم: «هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە». ئەو کاتەی ئەم ڕستەیەم نووسیوە تەواو باوەڕم بەم وتەیە هەبووە. بەڵام ئێستانان بیروبۆچوونم گۆڕاوە و خۆم (بە ئامادەیی ئێوە) بەرپەرچی ئەم وتەیەی خۆم دەدەمەوە.

وتارەکە وتارێکی درێژە، لە ١ تا ٣ی ئاداری ٢٠٢٥دا بە وردی پیایدا چوومەوە. لەم پێداچوونەوەیەدا بە گوێرەی تێگەیشتنی ئێستانانم هەندێک پەڕاوێزم بۆی نووسی و لە هەندێک جێدا ڕای جیاوازی ئەمڕۆمم لەسەری دا. ئەگەر دەرفەتیش ڕەخسا لە ئایندەدا زیاتری لەسەر دەڵێم و دەنووسم.

لەو وتارەدا لە زۆر لایەنەوە پرسی هونەر و داهێنانم خستووەتە ژێر نووکی نەشتەر. هێشتا بە شایستەی خوێندنەوەی دەزانم و لە پشت زۆربەی وتەکانیەوە دەوەستم. بەڵام لەگەڵ هەندێک لە هەڵهێنجانەکانی کۆتاییدا هاوڕا نەماوم، بە تایبەتی ئەو ڕستەیەی دەڵێم «هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە». ئەو ڕستەیە و ئەو تێگەیشتنەی لە پشت ئەو ڕستەیەوەیە بە کێشە دەزانم. هەمان ئەو تێگەیشتنە کێشاوییەشە کە ئەمڕۆ هزری زۆربەی هونەرمەندە کوردەکانمان و زۆربەی خەڵکی کوردستانیشی داگیر کردووە.

(لەگەڵم بن، لە بارەی ئەم گۆڕانی بیروبۆچوونەمەوە ٢٨ ئەڵقۆچکەم ئامادە کردووە، هەموو حەفتەیەک لە کەناڵی خۆم پێشکەشتانی دەکەم. تیایدا ئەم بابەتەتان بۆ شی دەکەمەوە و دەچینە بنج و بناوانی و دۆزینەوەی وەڵامی ئەو دوو پرسیارەی ئاماژەم پێیان دا، ئەوانیش یەکەم: ئایا هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان هەیە؟ دووەم: ئایا هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە؟)

بڕوام وا بوو هونەر لە نەتەوە گەورەترە

بڕوام وا بوو هونەر لە نەتەوە گەورەترە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

بەستێنی ڕستەکە

ئەمە وتەکانی خۆمی پێش پێنج ساڵ بەر لە ئێستایە:

بە بڕوای من هونەرمەندی نوێی سەردەمی مرۆڤی نوێ ئەرکی ئەوەیە لە هونەری هەموو گەلێک بخوازێت و هونەری جیهانیی نوێ بسازێنێت. خۆبەستنەوە بەوەی تاهیر تۆفیق چیی کردووە بۆ ئەوەی تۆش تا ماویت دووبارەی بکەیتەوە بەفیڕۆدانی هەلی خۆبوونتە.

هەموو هەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوەیەک سەربارێک دەسازێنێت. هەموو خۆبەستنەوەیەک بە چێژی پەسەندکراوی ناوچەکەتەوە گوریسێکی زبرە و لە مل و قاچی خۆتی دەئاڵێنیت. ئەگەر گەلەکەشت داوای لێت کرد، تۆ مەیکە. ئەوان تۆی نوێ بە چەکی کۆن سڕ دەکەن، چونکە زۆربەی مرۆڤ بە سرووشت حەزی لەوە نییە لە بەردەم شتی نوێدا تاقی بکرێتەوە.

تۆ مرۆڤ و هونەرمەندی ئەمڕۆیت، نەک هی دوێنێ. سبەیش هونەرمەندی خۆیی دەبێت. تۆ ئەرکی ئەمڕۆت جێبەجێ بکە، هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە: چۆن خۆر، مانگ، ئاسمان، ئەستێرە، با، هەوا، ڕووناکی…تد. بۆ هەموو مرۆڤەکانە بە یەکسانی، ئاوها موزیک و هونەریش هی هەموو کەسێکە بە یەکسانی. کە هونەرت بۆ تەنها یەک گەل تەسک کردەوە، ئەو کاتە دەبێت پۆلیسیشی بۆ دابنێیت.

بێگومان گەر بتەوێت بە باشترین شێوە لە بەستێنی ئەو وتەیە تێبگەیت باشترە هەموو وتارەکە بخوێنیتەوە. بەڵام ئەوە کورتەی بەستێنەکەی بوو.

هزری پشت ڕستەکە

ڕستەی «هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە» لەو هزرەوە سەرچاوەی گرتووە کە پێی وایە هونەر لە هەسارەیەکە و جیهان و گەلان لە هەسارەیەکی ترن و پەیوەندییان نییە. بە تایبەتی لەو گریمانەیەوە دێت کە گوایە هونەر پەیوەندیی بە باری وارگێڕیی نەتەوەکانەوە نییە. بەڵام وا نییە و ئەمە دروست نییە.

ئەگەرچی زۆربەی خەڵک و هونەرمەندانیشمان وا تێگەیشتوون کە جیهانی هونەر جیهانێکی دابڕاو و زۆر بێگەردە و سنووری تێدا نییە، بەڵام تا لەم جیهانەدا بین ئەمە ڕاست نییە. چونکە لەم جیهانەدا خێڵ و گەل و نەتەوە و دەوڵەت هەن. بەرەبەرە بۆتان ڕوون دەکەمەوە ئەمانە پەیوەندییان چییە بە بابەتەکەوە.

لەبەر ئەوەی ئەم زنجیرەیە لە بارەی پەیوەندیی هونەر و وارگێڕییە (ئەوەی خەڵکی تر پێی دەڵێت سیاسەت)، ناچارین کەمێک بچینە نێو باسی وارگێڕییەوە و چەند وشە و زاراوەیەکی نێو ئەو بوارە بناسین. بۆ ئەوەی بزانین پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی (ئەگەر هەبێت) لە کوێدایە.

چاند و نەریت

چاند و نەریت
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

لەبەر ئەوەی لە درێژەی ئەم زنجیرە ئەڵقۆچکانەدا زووزوو وشەی چاند و نەریت بە کار دەهێنم، پێویستە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر دوو وشەی چاند و نەریت بدەم.

لە چیرۆکی لاقەکردنی دیاسدا، کە خۆم نووسیومە و بە دەنگیش خوێندوومەتەوە و لە یوتیوب و کەناڵەکەی خۆم لە تیلیگرام هەیە، بە درێژی باسم لە چاند و نەریت و جیاوازییەکانیان کردووە. بەڵام لێرە بە کورتی پێناسەی هەردووکیان دەکەم:

چاند: خوازەییانە واتە کێڵان و چاککردن و برەودان و پەرەپێدان و چاندنی مێشک و توانا و ڕەفتار و چێژ و ئەو شتانە. واتە برەودان و باشترکردنە بە فێرکردن و ڕاھێنان.

نەریت: «کردەی گواستنەوە یان ڕادەستکردنە. یان کرۆکی ئەوەیە کە لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر یان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر ڕادەست کراوە. لەوانە: گواستنەوەی دەربڕین، باوەڕ، یاسا، خوو و ڕەفتار، یان شتی لەو شێوەیە. بە تایبەتی بە شێوەی زارەکی، یان تەنھا کردارەکییانە، نەک بە شێوەی نووسراو».

هەموو شتێک کەلتوور نییە

جا ئێستانان زۆربەی کوردان لە خۆیانەوە وشەی «کلتوور» دەهاونە نێو هەموو ڕستەیەکەوە. ئەمەش لە هەڵەی ئینگلەکانەوە هاتووە. ئاخێوەری ئاسایی زمانی ئینگلی جیاوازی لە نێوان نەریت و چانددا ناکات و زۆربەی کات بە هەردووکیان دەڵێت کلتوور (کەڵچەر). من وشەی چاندی کوردی لە بەرانبەر کلتوور، یان کەڵچەردا بە کار دەهێنم.

جا زۆر کوردیش، کە کوێرانە دوای هەموو دونیا دەکەون و قسەی هەموو جیهان دووبارە دەکەنەوە، بێ ئەوەی بیخەنە ژێر پرسیارەوە، ئەم هەڵەیەی ئینگلەکانیان هێناوە و دووبارەی دەکەنەوە. بۆ نموونە دەڵێت: «با خوێندنەوە بکەین بە کەلتوور!» خوێندنەوە نابێت بە کەلتوور، دەبێت بە نەریت. یان دەڵێت: «گەندەڵی کەلتوورێکی ناشیرینە». گەندەڵی کەلتوور نییە، نەریتە.

بەر و خاوەندارێتی

بەر و خاوەندارێتی
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

دەبێت دوو شت لە یەک جیا بکەینەوە، ئەوانیش بەر و خاوەنن. بەر، یان بەرهەم، کارێکە کە کەسێک دەیکات، بەڵام مەرج نییە خۆی ببێتە خاوەنی.

بۆ نموونە دەشێت بەشگەیەک (کۆمپانیا)، یان کەسێک هونەرمەندێک ڕابسپێرێت بە بەرهەمهێنانی بەرێک، لە بەرانبەر ماندووبوونەکەیدا پارە بە هونەرمەندەکە بدات. هونەرمەندەکەش بەرەکەی بۆ بەرهەم دەهێنێت. ئەگەرچی ڕاستە بەری کاری هونەرمەندەکەیە، بەڵام موڵکی ئەو نییە، بەڵکو دەشێت (بە گوێرەی ڕێکەوتنی سەرەتا) ڕاسپێرەکە ببێت بە خاوەنی بەرەکە.

بەشێکی زۆری هونەر هەر لە ئێستا و کۆنیشدا ئاوها کاری کردووە و دەکات: دەوڵەمەندێکی ئەوروپا، یان خانەدانێک، یان لایەن و دەزگایەک بڕێک پارەی داوە بە هونەرمەندێک بۆ ئەوەی هونەرمەندەکە بەرێک بەرهەم بهێنێت. بۆ نموونە خانەدانێک شێکسپیری ڕاسپاردووە بە نووسینی بەرێک، پارەی پێی داوە، شێکسپیریش بەرەکەی بەرهەم هێناوە. یان کڵێسای کاسۆلیک هونەرمەندێکی ڕاسپاردووە بە بەرهەمهێنانی کارێک، دواتر بەرهەمەکە بووە بە موڵکی کڵێسای کاسۆلیک. بە نموونە پەیکەرەکانی میگێلانجیلۆ و وێنەکانی داڤینچی و موزیکەکانی یۆهان سێباستیان باخ.

لە کوردیدا بەو بڕە پارەیە دەوترێت مز (کۆمیشن commission)، کەسەکەی مزەکەش دەدات دەبێتە مزدەر، یان ڕاسپێر (کۆمیشنەر commissioner). ئاوها هونەرمەندەکە کارەکەی بەرهەم هێناوە، ئەوجا دەشێت کارەکە بووبێت بە موڵکی مزدەرەکە.

شێکسپیریش ماستاوچی بووە؟

ئەگەر سەیری ڤینوس و ئادۆنیس بکەیت، کە شێکسپیر (١٥٦٤-١٦١٦) نووسیویە، لە لاپەڕەی یەکەمدا سوپاسی مزدەرەکەی دەکات. تەنانەت ئەوەندە زیادەڕەوی لە ستایشەکەیدا دەکات کە ئەگەر شێکسپیر کورد بووایە دەیان کەس پێیان دەوت: ماستاوچی و چڵکاوخۆر و مەسینەهەڵگر و کۆیلە و چی و چیی تر.

شێکسپیر لە سەرەتای ڤینوس و ئادۆنیسدا بە کوڵ سوپاسی مزدەرەکەی (وا دیارە) دەکات.

بێباوەڕ بووە و کاری بۆ کڵێسا کردووە

کڵێسای مەسیحی، بە تایبەتی کڵێسای کاسۆلیک چەندین موزیکدانەری ڕاسپاردووە بە دانانی موزیک بۆ بۆنەی دینی. یەکێک لەو موزیکانەی کڵێسا پشتیوانیی دارایی لێ کردووە و هونەرمەندانی ڕاسپاردووە موزیکی بۆ دابنێن، موزیکی ماس-ە.

ماس Mass بۆنەیەکی پیرۆزی مەسیحییەکانە، یەکشەممان لە کڵێسا و کاتیدراییەکان دەگێڕرێت. زۆر جار بۆنەکە بە موزیک دەکرێتەوە. زۆربەی موزیکدانەرە هەرە نایابە کلاسیکییەکانی ئەوروپا موزیکیان بۆ ئەم بۆنەیە داناوە، موزیکەکەش هەر بە ناوی بۆنەکەوە پێی دەوترێت ماس. بە نموونە باخ، هاندێل، هایدن، مۆتسارت، بێتهۆڤن، ڤێردی (ئەمانە ناوی کۆمەڵێک کەڵەهونەرمەندی ئەوروپان)، هەموویان ماسیان داناوە. تەنانەت جیوزێپپێ ڤێردی (١٨١٣-١٩٠١)، کە یەکێک بووە لە بلیمەتترین موزیکدانەرەکانی ئیتالیا، بە ئاشکرا کەسێکی نازانمگەرا (ئەگنۆستیک) بووە، واتە باوەڕی بە مەسیحێتی نەبووە، بەڵام موزیکی ماس-ی داناوە و موزیکەکەش ئێجگار نایاب و بەناوبانگیشە.

ماس لە دانانی ڤێردی. بچۆ سەر خولەکی ٩:٣٤، ئەوە بەناوبانگترین بەشی ئەم ماسەیە، کە ڕەنگە خۆت بیستبێتت.

بەرهەم موڵکە

بەرهەم موڵکە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

موڵکی هزرەکی

دەبێت وا سەیری بەری هونەر بکەین کە موڵکە، موڵکێکی هزرەکییە (Intellectual property).

موڵک لە باوک و دایکەوە بە میرات بۆ منداڵانیان دەمێنێتەوە. لەوانیشەوە بۆ نەوە و وەچە و تەواوی ئەو بنەماڵە و خێڵە دەمێنێتەوە کە لەو دایک و باوکەوە دێن. لەوانیشەوە بۆ تەواوی ئەو گەلە دەمێنێتەوە کە لەو خێڵەوە هاتوون. لەوانیشەوە بۆ ئەو نەتەوە و دەوڵەتە دەمێنێتەوە کە لەو گەلەوە هاتوون، یان خاوەندارێتی لەو گەلە دەکەن. تۆزێکی تر ئەم ڕستەیەی کۆتایی ڕوونتر دەکەمەوە.

ئەگەرچی ڕاستە سەرەتا بەری هونەری، واتە ئەو کارە هونەرییەی لە هونەرمەندێکەوە بەرهەم دێت، بەرهەم و موڵکێکی تاکەکەسییە، واتە هونەرمەندێک کارێکی هونەری بەرهەم دەهێنێت، ئەو کارە بەرهەمی ئەو هونەرمەندەیە، ڕەنگە هەر لە سەرەتاشەوە خاوەنی یاسایی ئەو بەرهەمە بێت، بەڵام تا ماوە بە موڵکی ئەو هونەرمەندە نامێنێتەوە. چونکە هونەرمەندەکە خۆی دەمرێت و دەڕوات. بۆیە بە ناچارەکی خاوەندارێتیی ئەو بەرهەمە دەگوێزرێتەوە. دەبێت کەس یان لایەنێکی تر ببێت بە خاوەنی ئەو بەرهەمە.

ئەگەر بە دروستی و ڕێکوپێکی و ئاگایانە خاوەندارێتی لەو بەرهەمە بکرێت، ئەوا بەرهەمەکە دەبێتە موڵکی نەتەوەی هونەرمەندەکە.

بۆ نموونە من وەرگێڕی ڕۆمانی ئولیسی جەیمز جۆیسم. ئێستاش خۆم خاوەنی یاسایی پەڕتووکە کوردییەکەم. واتە هەم بەری خۆمە، هەم موڵکی خۆمە. بەڵام سبەی دەمرم، ڕەنگە ئەگەر تا ئەو کاتە منداڵم ببێت (چون ئێستا منداڵم نییە)، ئەوان دەبنە خاوەنی پەڕتووکەکە، دوای ئەوان بۆ نەوەکانی ئەوان دەمێنێتەوە. بەڵام ئیتر ڕۆژێک دێت دەبێت ئولیسی کوردی ببێتە موڵکی کورد. خوازیاریشم دواتر ببێتە موڵکی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ.

کورد و کوردستان جیان

ئەگەر سەرنج بدەیت، کورد و کوردستانم جیا کردووەتەوە. چونکە خودی هاووڵاتی جۆرێکە لە موڵک و لە ئەڵقەی داهاتوودا بە درێژی باسی دەکەم. کورد ئەم چرکەیە یان سەر بە عێراقە، یان ئێران، یان تورکیا، یان سووریا، یان ئازەربایجان، یان هەندێک وڵاتی هەندەران. واتە ئەو دەوڵەتانە خاوەندارێتی لە کورد دەکەن (بە زیای خێرمان نەکرد). لەبەر ئەوەی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆمان نییە، کورد موڵکی یەکێکە لەو دەوڵەتانە. ئاوهاش بە ناچارەکی بەری هەموو کوردێک دەبێتە موڵکی یەکێک لەو دەوڵەتانە. واتە ئێمە دەیکەین، ئەوان دەیخۆن و خۆیانی پێوە بادەدەن. چاندی ئەوانی پێ دەوڵەمەند دەبێت. ئەوەش یەکێکی تر لەو هەزاران هۆیەی بۆچی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ بۆ کورد پێویستە، بۆ ئەو کەسانەی پێیان وایە کورد دەوڵەتی سەربەخۆی پێویست نییە.

بەڵام من خوازیارم تەواوی بەرهەمەکانم ببنە موڵکی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ. ئەگەر نەشبوون، دڵنیام نەتەوەکەم خەبات بۆ ئەوە دەکەن خۆم و کارەکانم بکەن بە موڵکی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ و نەهێڵن نەتەوە و دەوڵەتی تر خاوەندارێتیم لێ بکەن.

دەوڵەت و سەروەری

دەوڵەت و سەروەری
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

سەروەری

شتێک هەیە پێی دەوترێت سەروەری (سۆڤرنتی – سیادە). سەروەری واتە دەسەڵاتی هەرە بەرز. هەموو دەوڵەتێک سەروەریی هەیە. بەڵام سەروەریی دەوڵەت هەمیشە لە دەست کۆمەڵێک لە ژێرهاویشتەکانی ناو ئەو دەوڵەتەدایە. بێگومان ئەو کۆمەڵەش هەر کەسێک بن سەروەریی ئەو دەوڵەتە بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان بە کار دەهێنن.

ئەگەر دەوڵەت ئوتومبێلێک بێت، کۆمەڵە و نەتەوەکانی ناوی سەرنشینن، سوکان و کورسیی شۆفێر سەروەرییە، شۆفێرەکە ئەو لایەنەیە کە سەروەرییەکەی بە دەستەوەیە. واتە چۆن شۆفێر ئوتومبێل بە ڕێوە دەبات و لێدەخوڕێت، ئاوهاش لایەنێک لە لایەنەکانی نێو دەوڵەتێک سەروەرییەکەی بە دەستەوە دەبێت و بە گوێرەی ویستی خۆی دەوڵەتەکە دەنەخشێنێت و بە ڕێوەی دەبات.

چەندین ڕێ هەیە بۆ ئەوەی سەروەریی دەوڵەتێک بە دەست بهێنیت، یەکێک لە ڕێیە باوەکان زۆرینەبوونە. کورد کە نەتەوەیەکی لانیکەم چل ملیۆن و لانیزۆر سەد ملیۆن کەسییە، ئا لەوێدا ستەمێکی گەورەی لێ کراوە کە لە پێنج دەوڵەتدا کراوە بە کەمینە، بۆ ئەوەی یەکێک لە ڕێ سەرەکییەکانی گرتنەدەستی سەروەریی ئەو دەوڵەتانەی لێ بگیرێت.

دەوڵەت نوێنەری کۆمەڵە خەڵکێکە

دەوڵەت شائامرازی پاراستن و برەودان و پەرەپێدان و باشترکردن و نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵە خەڵکێکی ناویەتی. لە ئەڵقۆچکەی داهاتوودا بە درێژی باسی خەڵکی نێو دەوڵەت دەکەم. جا بتەوێت و نەتەوێت، ئەوەی سەروەریی پێیە خۆی و خەڵکی خۆی لە پێشتر دادەنێت. خۆ هەموو کەس کورد نییە هەموو دونیا بخاتە پێش خۆیەوە!

تورک لە تورکیادا سەروەریی دەوڵەتەکەی پێیە. عەرەبی شیعە لە عێراقدا سەروەریی دەوڵەتەکەی پێیە. فارس لە ئێراندا سەروەریی دەوڵەتەکەی پێیە. عەرەبی تیرۆریستی سوننەی تورکپەرست لە سووریادا سەروەریی دەوڵەتەکەی پێیە. تورکی ئازەری لە ئازەربایجان (کە کوردستانی سووری لێیە) سەروەریی دەوڵەتەکەی پێیە.

هەر یەکێک لەو لایەنانە خەڵکی خۆیان دەخەنە پێش کوردەوە. دەوڵەتەکانیان بۆ پاراستن و برەودان پەرەپێدان و باشترکردن و نوێنەرایەتیکردنی تەنها خۆیان بە کار دەهێنن. ڕەنگە هەندێکتان لێرەدا ڕەخنەی ئەوەم لێ بگرن کە: ئێمە سەر بە عێراقین، یان ئێرانین، یان تورکیاین، یان سووریاین، نەتەوەی عێراقیین، ئێرانیین، سووریایین، تورکیایین. چۆن وا دەڵێیت؟ دواتر بە تایبەتی وەڵامی ئەم ڕەخنەیە دەدەمەوە. بەڵام ئێستا هەر ئەوەندە دەڵێم کە: نەتەوەیەک نییە ناوی نەتەوەی عێراقی، نەتەوەی ئێرانی، نەتەوەی تورکیایی، نەتەوەی سووریایی بێت. کورد لە هەموو ئەم جێیانەدا چەندێکیش چی بێت، هەر ژێردەستە و ژێرهاویشتەیە.

ئاسایشی درێژخایەنی کورد و مێژووی و چاند و ئایندەی و منداڵ و نەوەکانی لە نێو هەر دەوڵەتێکی تر جگە لە کوردستاندا هەمیشە و هەمیشە لە مەترسیدان، چونکە ژێرهاویشتەیەکە کە سەروەریی نییە. ئەمەش نیاری داهاتوومە.

خەڵک ژێرهاویشتەیە

خەڵک ژێرهاویشتەیە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

شەعب و گەل و قەوم

زۆر جار ئێمەی کورد بەو درۆیە هەڵخڵەتێنراوین و هەڵدەخڵەتێنرێین کە لەگەڵ کۆمەڵەیەکی خەیاڵیدا کۆ دەکرێینەوە. ئامرازی هەڵخڵەتاندنەکەشمان وشەی فریودەرە. زۆر جار وشە هەڵخڵەتێنەرە. نەیارانی کوردیش بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بە ئەنقەست برەو بە وشەگەلێکی فریودەر دەدەن. سیان لەو وشانە وشەی «شەعب» و «گەل» و «قەوم»ن.

بۆ نموونە کوردی باشوور وا تێگەیەنراوە کە بەشێکە لە «شەعب»ی عێراق. یان کوردی ڕۆژئاوا بەشێکە لە «شەعب»ی سووریا. کوردی باکوور وا تێگەیەنراوە کە بەشێکە لە «گەل»ی تورکیا. یان کوردی کوردستانی سوور بەشێکە لە «گەل»ی ئازەربایجانی. کوردی ڕۆژهەڵات وا تێگەیەنراوە کە بەشێکە لە «قەومها»ی ئێرانی.

ئەمانە هەموویان چەواشە و درۆن. وشەگەلێکی هەڵەشن بۆ تێگەیشتن لە دۆخ و دۆزی کورد و کوردستان.

سەبجێکت: ژێرهاویشتە

لە زمانی ئینگلییدا وشەکە زۆر ڕاشکاوانەتر و ڕوونتر و گۆیاترە، ئەویش وشەی سەبجێکت-ە. بە خەڵکی وڵاتێک دەوترێت سەبجێکتەکانی ئەو وڵاتە.

سەبجێکت چەند واتایەکی تریشی هەیە، بەڵام مەبەستم ئەو واتایانەی تری نییە. بەڵکو ئەو واتایەم مەبەستە کە ڕیشەی وشەکەی لەسەر بەندە و ئێستا ڕوونی دەکەمەوە:

سەبجێکت وشەیەکی لێکدراوە. لە سەب بە واتای ژێر، لەگەڵ جێکت بە واتای هاویشتە دێت. کەواتە سەبجێکت لە بنچینەدا واتە ژێرهاویشتە. واتە هاوێژراوەتە ژێر شتێکەوە. بۆ نموونە دەوترێت ذە کینگ ئاند هیس سەبجێکتس The King and his subjects، واتە پاشا و ژێرهاویشتەکانی. واتە پاشا و ئەو کەسانەی هاوێژراونەتە ژێر دەسەڵاتی ئەوەوە.

لەسەر هەمان بنج وشەی تریش دانراوە: کە دەرزیت لێ دەدرێت دەوترێت دەرمانەکەی ئینجێکت inject کراوە. ئینجێکت واتە نێوهاویشتە. ئین واتە ناو، جێکت واتە هاویشتە؛ واتە دەرمانەکە هاوێژراوەتە ناو لەشتەوە. ئۆبجێکت object واتە بەرهاویشتە. ئۆب واتە بەر؛ واتە هاوێژراوەتە بەردەم. ئیجێکت eject واتە دەرهاویشتە. ئی واتە دەر یان دەرەوە؛ واتە هاوێژراوەتە دەرەوە.

کورد ژێرهاویشتەیە

کورد و عەرەب و فارس و تورک و ئینگل و ئەڵمان و کێ و کێی تر هەمووان شەعبێک نین، گەلێک نین، قەومێک نین. ئێمە جیاوازین و بەرژەوەندیی جیاوازمان هەیە، کە دواتر وردتر ئەمە ڕوون دەکەمەوە. دەوڵەمەندی و بەهێزی و پڕچەکیی لایەک دەبێتە هەڕەشە بۆ ئاسایشی لایەکی تر.

کورد ژێرهاویشتەی عێراق، ئێران، تورکیا، سووریا، ئازەربایجانە. واتە هاوێژراوەتە ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە. گەرچی کورد لە نێو حکومەتەکانیشیاندا هەبێت، بەڵام دەسەڵات و سەروەری لای نەیارانمانە. ئێمە و نەیارانمان هەمان گەل و شەعب و قەوم نین. بۆیە هەمیشە لە مەترسیداین. ئەو شتی خۆی، ئێمە شتی خۆمان.

تێگەیشتن لەم وشەیە یارمەتیمان دەدات لە پەیوەندیی نێوان گەل و هونەر و وارگێڕییش تێبگەین. ئەمە وا دەکات تێبگەین لایەن و بەرە هەن. کورد دەبێت تێبگات ئەو لە جێیەکدایە و سوارڤا نییە و لە حەوادا نییە.

لانما

لانما
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

چاند، واتە هونەر و وێژە و زمان، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە وارگێڕی (سیاسەت)ەوە هەیە. تەنانەت پردێکی زەبەلاح لە نێوان چاند و وارگێڕیدا هەیە، ئەو پردە ناوی هەیە، ناوی پڕۆپاگەندە-یە، کە دەکرێت بە کوردی پێی بوترێت لانما.

زۆر گرنگە ئێمەی کورد لە پڕۆپاگەندە تێبگەین. پڕۆپاگەندە زاراوەیەکی وارگێڕییە، واتە وشەیەکی تایبەتی ئەو بوارەیە. ئەم وشەیە کورتکراوەی ناوی کۆمەڵەیەکی سەر بە کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمی بووە، کە بە لاتینی ناوی تەواویان ئەمە بووە: کۆنگرێگاتیۆ دێ پرۆپاگاندا فیدێ، واتە کۆمەڵەی بڵاوکردنەوەی باوەڕ. واتە وشەی پڕۆپاگەندە وشەیەکە لە ناونیشانەکەی ئەم کۆمەڵەیە. چۆن لە کوردیدا «دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم» کە ناونیشانی تەواوی دەزگایەکی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ناونیشانەکەی لە نێو خەڵکدا کورت کراوەتەوە بۆ تەنها «دەستە»، ئاوهاش پڕۆپاگەندە وشەیەکی کورتکراوەی نێو دەستەواژەیەکە و بووە بە زاراوە.

ئەرکی کۆمەڵەکە بڵاوکردنەوەی دینزای کاسۆلیک بووە، سەرپەرشتیی مژدەبەرە مەسیحییەکانیان کردووە کە نێرراون بۆ وڵاتانی نامەسیحی، یان وڵاتانی ناکاسۆلیک. ئیتر ئەو بڵاوکراوانەی بڵاویان کردوونەتەوە چوونەتە خزمەتی ڕاکێشان بۆ دینزای کاسۆلیک. بڵاوکراوەکانیشیان پێک هاتبوون لە گۆرانی و موزیک و چیرۆک و نامیلکە و پەیکەر و وێنە و زۆر شتی تر. واتە چاندیان بۆ بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی خۆیان بە کار هێناوە.

لانما (پڕۆپاگەندە) چییە؟

کەواتە پڕۆپاگەندە بڵاوکراوەیەکە خەڵک کەمەندکێش بکات بۆ بەرەیەک، لایەنێک، باوەڕێک، دینێک، دینزایەک، نەتەوەیەک، وڵاتێک. واتە بە ئامانجێکی دیاریکراو کاریگەری لەسەر خەڵک دابنێت. دەشێت ئەوەی بڵاو دەکرێتەوە هێمایەک بێت، گۆرانییەک بێت، موزیکێک بێت، شێوازێکی موزیک بێت، جلوبەرگ بێت، پەیکەر بێت، خەتێکی نووسین (فۆنت) بێت، هەواڵ بێت، زانیاری بێت، درۆ بێت، پەڕتووک بێت، چیرۆک بێت، وتار بێت، وێنە بێت… هەر شتێک بێت.

لانما وشەیەکە خۆم دامڕشتووە، دەکرێت لە بەرانبەر پڕۆپاگەندەدا بە کار بێت. چۆن قیبلەنما ئامرازێتە ڕووی تۆ دەکاتە قیبلە، ئاوهاش لانما وتە و هونەر و بەرهەمێکە کە ڕوو و ڕێی تۆ بەرەو لا و لایەنێک دەبات.

دەبێت بەرەی خۆتت لا ڕوون بێت

دەبێت بەرەی خۆتت لا ڕوون بێت
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

پێم وایە مرۆڤی پێگەیشتوو ئەو مرۆڤەیە کە بەرەی خۆیی لا ڕوونە. بە ڕوونی دەزانێت سەر بە چ بەرەیەکە و لە کوێدایە و دەبێت پشتیوانی لە چ بەرەیەک بکات و بۆچی. بەرەبەرە دەشزانێت چ بەرەیەک لە دژی بەرەی ئەم کار دەکەن. بۆیە لەگەڵ ئەوەی بەرەی خۆی سەر دەخات، دژایەتیی بەرە نەیارەکانیش دەکات، یان لانیکەم کاریگەرییان کەم دەکاتەوە.

ئێجگار گرنگە ئاگا بیت و بزانیت سەر بە چ بەرەیەکیت. پاش ئەم ئاگاییە ئینجا گرنگە بزانیت چۆن دەکرێت بەرەکەت سەر بخەیت.

ئێستانان لە کوردستان قەیرانی وێڵیمان هەیە. زۆربەمان وێڵین و نازانین سەر بە چ بەرەیەکین. نازانین کوردستانیین، عێراقین، ئێرانین، تورکیایین، سووریایین، یان جیهانیین. بۆیە ناشزانین چی بکەین. چون کە نەتزانی لە کوێدایت و سەر بە چ بەرەیەکیت، ناشزانیت ئەرکەکانت چین. بۆیە کوردە گیان لەپڕ لە یارییەکی تۆپتۆپێندا دەبێتە لایەنگری عێراقی ئەنفالکاری!

جوانترین بەها

ئەگەر تۆ دایکیت، یان باوکیت، ئەرکی ڕاستەوخۆت پاراستنی منداڵ نییە بە گشتی، بەڵکو پاراستنی منداڵی خۆتە. کەس داوات لێ ناکات هەموو منداڵانی جیهان بژیێنیت، منداڵی خۆشت نان نەبێت بیخوات. ئەرکی ڕاستەوخۆت ئەوە نییە خزمەتی چەمکی ماڵ بکەیت، بەڵکو دەبێت خزمەتی ماڵی خۆت بکەیت.

ئەو مرۆڤەی خزمەتکاری هەموو ماڵانی گەڕەکە و ماڵی خۆی کەلاوەیە بێڕێزترین مرۆڤە، چ لای کەسی خۆی، چ لای دراوسێکانیشی. چ جای ئەوەی خۆی لە کۆڵان کەوتبێت و کەپرێکی نەبێت لە ژێریدا خۆی و منداڵی تێدا بژیێنێت. خوێنی ئەو مرۆڤە هەرزانترین و بێبەهاترینە.

جوانترین بەهایەک مرۆڤ بتوانێت شانازیی پێوە بکات ئەوەیە ڕاژەی ماڵ و منداڵی خۆی بکات. هەر لەمەشەوە دەپەڕێتەوە بۆ سەر بەرە و وڵات. تۆ دەبێت ڕاژەی وڵات و بەرەی خۆت بکەیت، لە پێش هەموو وڵات و بەرەیەکی ترەوە دایبنێیت. لە بەرانبەریشدا وڵاتەکەتە کە بۆ هەمیشە، یان بۆ ماوەیەکی درێژ تۆ و نەوەکانت و بوونت دەپارێزێت و دەیدرەوشێنێتەوە.

تەنها کوردستان بە ناچارەکی پارێزەر و سەرخەر و درەوشێنەوەی هەمیشەیی کوردە. چونکە ئەوە ئەرکی سەرەکی و هەرەگرنگی کوردستانە. ئەمانە ئەرکی سەرەکیی هیچ دەوڵەتێکی تر نین. هەر دەوڵەتێکی تر کورد بپارێزێت و بیدرەوشێنێتەوە تەنها وەک چاکەیەکی کاتی دەیکات. نەشیکات ئەرکی ئەو نییە و گلەیی لەسەر نییە. یان بە زۆر خراوەتە ملی، یان بەرژەوەندیی ئەو چرکەیەی وا دەخوازێت. سبەی کە بەرژەوەندییەکەی نەیخواست، یان ئەرکەکەی لە ملدا نەما، چیتر پشت لەم پشتیوانییە دەکات. بەڵام کوردستان ناتوانێت پشت لە کورد بکات. بۆیە دەبێت کورد تەنهاوتەنها لە بەرەی کوردستاندا بێت، ئەگەر لە بەرەی کوردستاندا نەبێت ئاگادار بێت یان نا دوژمنە.

کوردستان تاکە ڕزگارکەرە

کوردستان تاکە ڕزگارکەرە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ڕاژەی دوو گەورە

کاتێک دەڵێم: «لە کوردستان قەیرانی وێڵییمان هەیە»، مەبەستم لەو کەسانەیە کە خۆیانیان پێ کوردستانی و عێراقی، یان ئێرانی، یان سووریایی، یان تورکیاییە. ئەمە سەرلێشێوان و سەرگەردانییە. کە تۆ دوو وڵاتت هەبوو واتە ڕاژەکاری دوو سەروەریت. عیسا زۆر لە من جوانتر لەسەر ڕاژەی (ڕاژە کوردییەکەی خزمەت-ە) دوو سەروەر دوواوە. دەڵێت:

«کەس ناتوانێت ڕاژەی دوو سەروەر بکات، چونکە یان ڕقی لە یەکێکیان دەبێت و ئەوی تری خۆش دەوێت. یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوی تر پشتگوێ دەخات». (مەتتەی ٦: ٢٤ بە گوێرەی وەرگێڕانەکەی پەڕتووکی پارسا).

پەتای خورمژ

            ساڵانی ڕابردوو پەتایەک لە نێو کورددا بڵاو ببووەوە کە دەتوانم ناوی بنێم پەتای خورمژ، یان باشترە بڵێم پەتای تەڕوشک. خەڵکەکە تەڕیان دەویست و وشکیش. بانگەشەی ئەوە دەکرا کە هەموو شتێک هەبێت. بێئاگا لەوەی هەندێک پڕۆژە هەن لەسەر بنەمای پووچەڵبوونەوەی پڕۆژەی ترن. ناکرێت شتێک لە هەمان کاتدا تەڕیش بێت و وشکیش بێت. ڕووناکیش بێت و تاریکیش بێت. ناکرێت پشیلەیەک لە هەمان کاتدا هەم زیندووش بێت و هەم مردووش (با شرۆدینگەر بۆ خۆی بڵێ).

            پڕۆژەی عێراق لەسەر بنەمای پووچەڵبوونەوەی پڕۆژەی کوردستان بونیاد نراوە. بوونی عێراق بوونی کوردستان پووچەڵ دەکاتەوە. لە یەک کاتدا پووچەڵی ناکاتەوە، ئەویش ئەوەیە ئێمە ئەوەندە چەکدار و بەهێز بین کە هەر کاتێک هاتن بۆ پووچەڵکردنەوەمان ژێرەوژووریان بکەین. ئەمەش ناکرێت هەموو هەلی ژیانمان لە چاودێریی هێرشی دوژمنە چاوڕەشەکانماندا تەرخان بکەین. هەمان شت بۆ تورکیا و سووریا و ئێران و ئازەربایجانیش ڕاستە.

یەک ئاڵا

ناکرێت کورد دوو ئاڵا هەڵبکات. دەبێت یەک ئاڵا نوێنەرایەتیی کورد بکات. زۆر بە ڕاشکاوی ڕای خۆم دەڵێم: ناتوانم متمانە بە هیچ کوردێک بکەم دوو ئاڵای هەڵکردبێت. ڕەنگە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی و وەزیرەکان بە گوێرەی دەستووری عێراقی داگیرکەر ناچار کرابن. بەڵام هەر کوردێک ناچار نەبێت هەر لە خۆیەوە دوو ئاڵای کوردستان و عێراق یان داگیرکەرانی تر هەڵبکات، یان بێئاگایە، یان خائینە.

هیچ دۆستێک جگە لە کوردستان

کوردستان تاکە لایەن و دەوڵەتێکی فەرمی دەبێت بۆ پاراستن و برەودان پەرەپێدان و باشترکردن و نوێنەرایەتیکردنی کورد. بۆیە ئێمە ناچارین لە بەرەی کوردستاندا بین، دەنا ناپاکین. کورد ناتوانێت و نابێت عێراقی بێت، ئێرانی بێت، سووریایی بێت، تورکیایی بێت، ئازەربایجانی بێت. ناشبێت ئاڵا و چاند و هێمای ئەوان بەرز بکاتەوە.

بۆیە برەودانت بە هەر شتێکی ئەوان، ئیتر فیلم، زنجیرە، گۆرانی، موزیک، پەیکەر، پەڕتووک، وێژە، زمان… تا برەودانت بە سوپا و سەربازەکانیان، هەموو ئەمانە سەرخستنی دۆزی ئەوانە بەسەر دۆزی کوردستاندا و خیانەتە. ئێمەی کورد تەنها خۆمانمان هەیە. دەبێت کورد تەنها کوردستانی بێت و برەو بە شتی کورد بدات.

سەربەخۆیی هونەر و لایەنگرێتی

سەربەخۆیی هونەر و لایەنگرێتی
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

هەوڵ دەدەم بە سێ نموونە پیشانی بدەم هەڵەی ئەو هزرە لە کوێدایە کە پێی وایە هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان نییە. لەوەشەوە تێدەگەین چۆن ئەو وتەیە هەڵەیە کە دەڵێت: «هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە».

نموونەی یەکەم: نموونەی ئەردەکە

با بڵێین تۆ لە باوان و دایانتەوە ئەردێکی فراوانت بۆ ماوەتەوە، ئەم ئەردە ئێستا موڵکی تۆ و کەسوکارتە. دەشێت داگیرکەرێک بێت و ئەم ئەردە داگیر بکات و بیکات بە ناوی خۆیەوە. یان لەوەش خراپتر، دەکرێت داگیرکەرەکە کارگەیەکی مووشەک لەسەر ئەو ئەردەی تۆ بونیاد بنێت و بەو مووشەکانەی لەسەر ئەردی خۆت دروست دەکرێن نەوەکانی تۆی پێ بکوژێت.

ئێ خۆ من تێدەگەم کە زەوی پیرۆزە و نیشتمانی هەموومانە و دایکی مرۆڤایەتییە، بەڵام هێنانەپێشەوەی ئەم وتانە پەیوەندیی بە بابەتەکەوە نییە و لەم کاتەدا زۆر نادروستە. تۆ لەوێدا ناتوانیت ببیت بە لایەنگری خودی ئەرد. بڵێیت: «ئەرد نیشتمانی هەموو مرۆڤایەتییە». نەخێر، ئەو بابەتە هیچ پەیوەندیی بە کێشەکەی تۆوە نییە. لێرەدا کێشەیەکی گەورەتر و ڕاستەوخۆتر هەیە و دەبێت بە دەنگیەوە بچیت، ئەویش ئەوەیە ئەردێکی تۆ بۆ لەناوبردنی خۆت بە کار هێنراوە.

واتە ئەرد گەرچی پیرۆزە، پاکە، بێگەردە، دایکمانە، بەڵام دەکرێت ببێت بە پێکار و ئامرازی دەستی خەڵکان بۆ لەناوبردنی یەکتر. لەو کاتەدا تۆ ناتوانیت لایەنگری بەرەی ئەرد بیت! ناشبێت لایەنگری بەرەی داگیرکەرەکە بیت.

نموونەی دووەم: نموونەی برنجەکە

گریمان تۆ بەرهەمهێنی برنجیت. بەڵام وڵاتانی تریش برنج بەرهەم دەهێنن. ئەگەر وڵاتانی تر هەوڵیان دا بە برنجی خۆیان بۆڕ بە برنجی وڵاتی تۆ بدەن و ئابووری و ئاسایشی خۆراکی وڵاتی تۆ بخەنە قەیران و مەترسییەوە، ئەوا دەبێت تۆ لە پشتی برنجی خۆت بوەستیت، نەک خودی برنج! چون خودی برنج لە بەستێنی نەتەوەکاندا واتای هەیە. کاتێک برنج ئامرازێکە بۆ جەنگ، نابێت تۆ لایەنگری ئامرازەکە بیت، بەڵکو دەبێت لایەنگری ئامانجەکە بیت، کە تێری و سەربەرزیی نەتەوەکەتە بەوەی ئابووری و ئاسایشی خۆراکی پارێزراوە. ئەرکی تۆ ئەوە نییە بچیتە پاڵ یەکێتیی برنجەکان لە دژی نەتەوە و وڵاتی خۆت، بەڵکو ئەرکی تۆ ئەوەیە برنجی وڵاتت پێش بخەیت و بیخەیتە خزمەتی نەتەوە و وڵاتەکەتەوە.

نموونەی سێیەم: نموونەی گوڵەکە

ئەگەر کەسێک چەپکێک گوڵی هێنا و بەو چەپکە گوڵە لەگەڵت جەنگا و هەوڵی دا بتکوژێت، با گوڵەکە جوان و بۆنخۆش و ڕەنگاڵەش بێت، بەڵام ئامرازی لەناوبردنی تۆیە، بۆیە ناکرێت باسی جوانیی گوڵ بکەیت لە کاتێکدا تۆ بەو گوڵە دەکوژرێیت. بەڵکو تەنانەت دەبێت بەرەنگاری خودی گوڵەکە و ئەو کەسەش ببیتەوە کە لە دژی تۆ دەیوەشێنێت.

بێلایەنی نییە

بێلایەنی نییە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ئێمە لە کوردیدا زۆر جار دەڵێین: «وتەکانت دەچنە باخەڵی لایەنێکەوە». ئەو وتەیە بەرانبەر خودی خۆم وتراوە و پێی تاوانبار کراوم. بەڵام ئەمە شتێک نییە مرۆڤ بتوانێت خۆی لێی لابدات. لە ڕاستیدا وایە، تۆ هەر کەسێکیت، لایەنگر بیت یان بێلایەن، شتێک بڵێیت، یان هونەرێک بەرهەم بهێنیت، وتە و بەرهەمەکەت بە ویستی خۆت بێت یان بێ ویستی خۆت بێت، هەر خزمەت بە لایەنێک و دۆزێک دەکەن. واتە وتەکەت، یان بەرهەمەکەت دەبێتە لانما (پڕۆپاگەندە) کە دواتر لەسەری دەدوێم و ڕوونی دەکەمەوە.

هەندێک جار خۆیشت نازانیت ئەو بەرەیە کوێیە کە تۆ خزمەتی دەکەیت. واتە هەندێک جار هونەرمەندەکە و نووسەرەکە خۆیشی وەک پڕۆپاگەندە بابەتەکەی بڵاو نەکردووەتەوە. واتە بە ویستی خۆی نەبووە کە بابەتەکەی چووەتە خزمەتی بەرە و لایەنێکەوە.

ناتوانیت بێلایەن بیت

بە نموونە پشتی تەوطیز بگریت، لەگەڵ عێراقدایت، وتەکانت دەچنە تەنکەی باخەڵی حەشدەوە. پشتی هەژماری من بگریت وتەکانت دەچنە تەنکەی باخەڵی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە. ئیتر لەو نێوەندەدا تۆ هەرچییەک بڵێیت دەبێت بزانیت خزمەت بە لایەنێک دەکات. وتەکەت بە ویستی خۆت بێت یان بێ ویستی خۆت بێت، لانمایە.

هەر ئاوهاش، کە تۆ شەیدای گۆرانیی نەتەوەیەک بیت، لە نێو نەتەوەکەی خۆتدا گۆرانی و موزیکی ئەو نەتەوەیەی تر بڵاو بکەیتەوە و هاونەتەوەکەی خۆت وا لێ بکەیت گوێ لە گۆرانیی نەتەوەیەکی تر بگرن، بتەوێت و نەتەوێت، خزمەت بەو وڵاتە و ئەو نەتەوەیە دەکەیت و دۆزی ئەو لەناو وڵاتی خۆتدا سەردەخەیت.

جا ئەمە هەر زۆر مەترسیدارتر دەبێت کاتێک ئەو نەتەوەیەی تۆ کارەکانیان بۆ بڵاو دەکەیتەوە یەکێک بن لەو نەتەوانەی ئەمڕۆ نەتەوەکەی تۆیان داگیر کردووە و دەیچەوسێننەوە.

تەنانەت بێلایەنی و بێدەنگییشت هەمیشە هەر دەچنە باخەڵی کەسێکەوە و لایەنێک سوودیان لێ دەبینێت و لایەنێک زیان. بە نموونە، بە کۆڵانێکدا دەڕۆیت، بە دە کەس دەستدرێژی دەکەنە سەر منداڵێک. بێهەڵوێستی و بێدەنگی و بێلایەنیی تۆ خزمەت بە دە دەستدرێژیکارەکە دەکات و زیان لە منداڵەکە دەدات.

لەبەر ئەوە شتێک نییە ناوی بێلایەنی بێت. مرۆڤ بشیەوێت ناتوانێت بێلایەن بێت، بە تایبەتی لە ڕووداوگەلێکدا کە لە نێو وڵات و خەڵکی خۆیدا ڕوو دەدەن و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر وڵات و خەڵکی خۆی هەیە.

چاند و ڕاسپاردن

چاند و ڕاسپاردن
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ئەرکی چاند

زمان و وێژە و هونەرەکان هەموویان چاندن. ئەوروپییەکان لە کۆنیش و ئێستاش زۆر باش زانیویانە و دەزانن چۆن چاند بۆ ئەم مەبەستانە بە کار بهێنن:

١. چاند وەک پێکاری توواندنەوەی نەتەوەکانی تر لە نێو چاندی ڕۆژئاوادا.

٢. چاند وەک پردی پەیوەندی و پێکاری دانانی کاریگەری لەسەر نەتەوە و وڵاتەکانی تر.

٣. چاند وەک پێکاری بەستنەوەی ناوخۆیی هاووڵاتییان لە دەوری یەکتر.

٤. چاند وەک کەمەندکێشکردنی بیر و باوەڕی خەڵکانی تر بۆ خۆیان.

٥. چاند وەک ئارایشتی ڕووکاری دەوڵەتی خۆیان.

دواتر بەرەبەرە هەر یەکێک لەم خاڵانە ڕوون دەکەمەوە.

کورد و بەکارهێنانی چاند

بەڵام ئێمەی کورد چ لەسەر ئاستی دەوڵەمەندەکانمان و چ لەسەر ئاستی حکومەت لەم ڕووەوە زۆر کۆڵەوارین. بە سەدان هونەرمەندمان لە دایک دەبن و دەژین و دەمرن کەسێک بە ئەرکێک ڕایانناسپێرێت. ڕاشیانبسپێرن هەزار مننەتیان بەسەردا دەکەن، یان هەزار تۆمەتیان بۆ هەڵدەبەستن، یان تەواو سووکیان دەکەن.

چاوی بەهرەدۆزمان ئێجگار دەگمەنە و زۆر کەمن ئەو کەسانەی دەتوانن بەهرە دەستنیشان بکەن. هەشبن دەسەڵاتی ئەوەیان نییە ئەو بەهرانە بۆ خزمەتی کوردستان بە کار بهێنن. بەڵکو ئەگەریش لە ساڵان و لە مانگان بەهرەکانمان بە کار بهێنن، بۆ خزمەتی حیزبەکانیان بە کاریان دەهێنن. بەمە وا دەکەن بەهرەدارەکانمان لای حیزبەکانی تر بێزراو بن، بەوەی لە حیزبێکەوە نزیکن.

ڕانەسپاردنی هونەرمەندان یەکێکە لە گەورەترین کێشەکانی هونەر لە کوردستاندا. چون ئەمە هەم وا دەکات هونەرمەندانمان لە نامۆییدا بژیین، کە زۆربەی هونەرمەندان خۆیان بێ هیچ شتێک کەسانێکی پەڕەوازە و پەڕەوازەخراون. هەم وا دەکات هونەرمەندانمان تووشی خەمۆکی بن بەوەی کە هەست دەکەن هیچ بەها و ڕێز و پێگەیەکیان نییە. هەم پیشەی هونەر خۆی لای کورد سووک دەکات بەوەی کە پیشەیەک بەری نەبێت و نەتژیێنێت شایستەی ئەوە نابێت ئاوڕی لێ بدەیتەوە و خۆتی بۆ ماندوو بکەیت. هەم واش دەکات کوردستان لە ڕووی خەرمانی چاندەوە هەژار بێت. هەموو ئەمەش لە کۆتاییدا کورد دەکات بە نەتەوەیەکی هەژار لە ڕووی چاندەوە.

چاند پێکاری توواندنەوە و کارلێکردنە

چاند پێکاری توواندنەوە و کارلێکردنە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

توواندنەوە

            گرنگە هەموو کوردێک زاراوەیەکی وارگێڕی (سیاسەت) بناسێت، ئەویش توواندنەوەیە. چۆن شەکر لە نێو ئاودا دەتوێتەوە، ئاوهاش دەکرێت نەتەوەیەک لە نێو نەتەوەیەکی تردا بتوێتەوە و نەمێنێت. چاند و نەریتیش دوو پێکاری گرنگی توواندنەوەن و پێیان دەوترێت نەرمەهێز.

            نەتەوەکان چاند و نەریتی خۆیانیان هەیە. ئەگەر نەتەوەیەک دەستبەرداری چاند و نەریتی خۆی ببێت و چاند و نەریتی نەتەوەیەکی تر هەڵبگرێتەوە، ئیتر بەرەبەرە لەگەڵ ئەو نەتەوەیەی تردا جیاوازیی نامێنێت و دەبێت بەو. ئاوهاش لە دۆزی نەتەوەی خۆی دوور دەکەوێتەوە، یان تەواو دەبێت بە نەتەوەکەی تر، یان وێڵ و سەرگەردان دەبێت.

            نەتەوەی سەردەست دەتوانێت لە چەند ڕووێکەوە نەتەوەی ژێردەست بتوێنێتەوە، یەکێک لەوانە توواندنەوەی چاند و نەریتییە.

توواندنەوەی چاند و نەریتی

توواندنەوەی چاند و نەریتی واتە نەتەوەی سەردەست چاند و نەریتی خۆتت لێ دەستێنێت و قێزەون و سووکیان دەکات، هی خۆیت بەسەردا دەسەپێنێت.

هونەری خۆتت لێ دەستێنێت و هی خۆیت بەسەردا دەسەپێنێت. یان هونەری خۆتت لێ دەبات و بە ناوی خۆیەوە بە سەرتدا دەیسەپێنێت. لە چێشتخانە و قاوەخانە و بازاڕ و شوێنی گشتیدا هونەر و گۆرانیی ئەو لێدەدەیت، نەک هی خۆت! ئەگەر بەیانیان و شەوان گوێ لە فڵان گۆرانیبێژی ئەو بگریت ئیتر خۆیان وتەنی: ڕاقییت. ئەگەر وێژەی ئەو بخوێنیتەوە و ئەزبەری بکەیت و لێی بکۆڵیتەوە ڕۆشنبیری پایەبەرزیت، ئەگەر هی خۆت بخوێنیتەوە و لێی بکۆڵیتەوە گەمژەیت.

ناچارت دەکات جلوبەرگی ئەو، یان هی گەلێکی تر بۆ کار لە بەر بکەیت. ئەو جلوبەرگەت لێ دەکات بە فەرمی، جلوبەرگی خۆیشت لا ناشیرین و نەخوێندەوارانە و نەگونجاو دەکات. هەمان شت بۆ زمانیش ڕاستە، بەڵام دواتر باسی ئەویان دەکەم.

بۆنە نەتەوەییەکانت لێ قێزەون دەکات، بۆ نموونە نوڕۆژ و میهرەگان. چونکە بۆنەی نەتەوەیی خۆت پەیوەندیی گیانەکیی خۆت و نەتەوەکەت پتەوتر دەکات. هەموو پتەوبوونێکی پەیوەندیی تۆ و نەتەوەکەشت بۆ ئەو هەڕەشەیە، چونکە لەوانەیە بە هۆی ئەو پەیوەندییە پتەوەی خۆت و نەتەوەکەتەوە لە کۆیلایەتیی ئەو دەرباز ببیت.

بیناییت بە جلوبەرگ و شێوە و ئاڵای خۆی ڕادەهێنێت. بەرەبەرە لات ئاسایی دەبێت ئاڵای ئەو هەڵبکەیت، جلی ئەو لە بەر بکەیت، بە زمانی ئەو بدوێیت و بنووسیت و بخوێنیتەوە، شێوەت لەو بچێت. بیستنت بە دەنگ و گۆرانی و موزیک و هاوار و تۆنی خۆی ڕادەهێنێت. ناچارت دەکات هونەرت یان هی ئەو بێت، یان لاسایی ئەو بێت. بۆنکردنت بە بۆنی خۆی ڕادەهێنێت. ساوین و ساواییت بە ساوینی خۆی ڕادەهێنێت. ساوین ئەوەیە کە کوردە عەرەبەکان پێی دەڵێن لەمس. چەشتنت بە تامی خۆی ڕادەهێنێت و تامی خۆتت لێ نامۆ دەکات.

توواندنەوەی کۆمەڵایەتی

جۆرەکانی تری توواندنەوە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ڕێیەکی تر بۆ توواندنەوەی نەتەوەی ژێردەست توواندنەوەی کۆمەڵایەتییە.

توواندنەوەی کۆمەڵایەتی واتە نەتەوەی سەردەست تاک و کۆی نەتەوەی ژێردەست دەخاتە نێو دەزگا گەورەترەکانی خۆیەوە و لەوێوە دەیانتوێنێتەوە. چونکە ژێردەستەکانی نێو ئەم دەزگا گەورانە بەرەبەرە ناچار دەکرێن، یان ناچار دەبن چاند و نەریت و بەهاکانی خۆیان وەلا بنێن و هی دەزگاکە هەڵبگرن. ناچار دەبن بە زمانی ئەو و بۆ پڕۆژەی ئەو کار بکەن، ئابووری و ئاسایش و پێگەی ئەو بەهێز و پتەو و سەقامگیر بکەن.

جا ئێمەی کورد تەنها بەوەی کە لە پێنج دەوڵەتدا کراوین بە کەمینە، هەر ئەمە یەکەم ڕێخۆشکەرە بۆ ئەوەی لە نێو زۆرینەکەدا بتوێینەوە.

لە ڕێی ئەم دەزگا گەورانەی نەتەوەی سەردەستیشەوە پەیوەندیی کۆمەڵایەتی لە نێوان سەردەست و ژێردەستدا دروست دەبێت و ژێردەستە بە سەردەستەوە توندتر دەبەسترێتەوە. پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش سەر دەکێشن بۆ جۆرێکی تری توواندنەوە کە پێی دەوترێت توواندنەوەی بایۆلۆجی.

توواندنەوەی بایۆلۆجی

توواندنەوەی بایۆلۆجی ڕێیەکی تری توواندنەوەی نەتەوەی ژێردەستە. کە تۆی ژێردەست و نەتەوەی سەردەست لەسەر خاکی خۆت هێندە تێکەڵ بوون، زوو بێت یان درەنگ ژنخوازی لە نێوانتاندا ڕوو دەدات. ئەگەر ژنخوازییەکە خۆڕسکیش بێت هەر بەشێکە لە پیلانی توواندنەوەکە. چونکە ئەو بۆیە هاتووەتە زێدی تۆوە بۆ ئەوەی بەرەبەرە تێکەڵ بن و تۆ بتوێیتەوە.

تۆی کورد کە باوکت تورک بوو، چۆن هەوڵ دەدەیت لە تورکیا جیا ببیتەوە؟ یان کە دایکت عەرەب بوو، چۆن لە عێراق و سووریا جیا دەبیتەوە؟ یان دایکت یان باوکت فارس بوو، چۆن لە ئێران جیا دەبیتەوە؟ تۆ خۆت ئەویت، تۆ خۆت ئەوانیت.

توواندنەوەی زمانی

ڕێیەکی تری توواندنەوەی نەتەوەی ژێردەست توواندنەوەی زمانییە. واتە نەتەوەی سەردەست زمانت قەڵاچۆ دەکات و زمانی خۆیت بەسەردا دەسەپێنێت. بەردەوامیش گاڵتە بە وشە و ڕستە و زمانت دەکات و بە سووک و ناوچەیی و بێڕێز دەیانناسێنێت.

ئەگەر نەشتوانێت لە زێدی تۆدا زمانەکەی خۆیت بەسەردا بسەپێنێت، هەر مل بۆ زمانی تۆ نادات، بەڵکو زمانی نەتەوەیەکی ترت بەسەردا دەسەپێنێت. وەک ئێستا کە بەشگە (کۆمپانیا) زەبەلاحەکانی نێو هەرێمی کوردستان، بەوانەشەوە کە خاوەنەکانیان کوردن، زمانی ئینگلی و عەرەبییان بەسەر کوردیدا سەپاندووە. داگیرکەرەکە بۆیە وا دەکات تا تۆ بتوێیتەوە، کوردە بێئاگاکەش بۆیە وا دەکات، چونکە پێی وایە پێشکەوتوو و جیهانییە!

ئێمەی کورد لە نێو خاک و زێد و ماڵی خۆماندا، لە نێو قوتابخانە و زانکۆ و شوێنی کارماندا ناچار کراوین بە زمانی بکوژی زمانی دایکمان بدوێین و بخوێنین و کار بکەین. دەبێت زمانی هەموو شتێک لە کوردستاندا تەنها کوردی بێت.

جا ئێستا کە هەندێک لە ڕێگاکانی توواندنەوە دەزانین، بڵێ بزانم کورد بە کام لەو ڕێیانە نەتوێنراوەتەوە و ئێستاش ناتوێنرێتەوە؟

هەموو هونەرێک پڕۆپاگەندەیە

هەموو هونەرێک پڕۆپاگەندەیە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

جۆرج ئۆروێڵ نووسەرێکی ناوداری ئینگلە. دوو ڕۆمانی بەناوبانگی هەیە بە ناونیشانی ١٩٨٤ و کێڵگەی ئاژەڵان. بەڵام جگە لەو دوو ڕۆمانە، کۆی وتارە گرنگەکانی لە دووتوێی پەڕتووکێکدا کۆ کراونەتەوە بە ناونیشانی هەموو هونەرێک پڕۆپاگەندەیە.

ئەو وتەیە لە وتارێکیدایە بە ناونیشانی تی ئێس ئیلیۆت. خودی دەقەکە دەڵێت: «ئەگەرچی باوە بوترێت کە لە هەڵبەستدا تەنها وشە گرنگە و واتا پەیوەندیی بە بابەتەوە نییە، بەڵام لە ڕاستیدا هەموو هۆنراوەیەک واتا لە خۆ دەگرێت، ئەگەر هۆنراوەکەش باش بێت ئەوە واتایەکە کە هۆنەرەکە دەستبەجێ دەیەوێت دەریببڕێت. هەموو هونەرێک تا ڕادەیەک پڕۆپاگەندەیە».

من تەواو هاوڕای ئەو دێڕەم کە دەڵێت هەموو هونەرێک تا ڕادەیەک پڕۆپاگەندەیە. تەنانەت پێم وایە کەموزۆر هەموو وتەیەکیش تا ڕادەیەک پڕۆپاگەندەیە.

بەڵام خۆم هەم وەک هونەرمەند، هەم وەک بەرهەمهێن دەزانم کە دەشێت هونەرمەندەکە، یان نووسەرەکە خۆیشی نەزانێت کە بەرهەمەکەی چۆن پڕۆپاگەندەیە و خزمەتی کێ دەکات.

کەواتە مادەم ئێمە لە جیهانێکدا دەژیین کە ناتوانین خۆمان لە پڕۆپاگەندە لابدەین، خۆمان لە لایەنگری و لانما لابدەین، دەبێت هەڵیببژێرین کە لای کێ دەگرین و بۆچی.

چۆن دەزانیت توواویتەتەوە؟

کە تۆی نێر و مێ بە جلوبەرگ کورد نەبوویت، گوێت لە موزیک و گۆرانیی کوردی نەگرت، خواردنی کوردەوارییت نەخوارد، کوردستانت تەی نەکرد، هونەرمەندە گەورەکانت هونەرمەندی نەتەوە داگیرکەرەکانی کوردستان بوون، بە زمانی کوردی نەتنووسی و نەدووایت و لە خۆتت دەرنەبڕی، لە پشت وشەی کوردییەوە نەوەستایت، لە پشت ئابووریی کورد و کوردستانەوە نەوەستایت، دژی دونیابینیی کوردی بوویت، دەستت لە ئاوەدانکردنەوەی کوردستاندا نەبوو… ئیتر تۆ کورد و کوردستانی نەماویت و توواویتەتەوە.

تۆ سەیری جلوبەرگی زۆرێک لە پیاوان و ژنانی ئێمەی ئەمڕۆت کردووە؟ ڕێک دەڵێیت لە درامای وڵاتێکی داگیرکەرمانەوە هاتوونەتە دەرەوە! (ناوی ناهێنم، چونکە خۆتان دەیزانن).

چاند ئامرازی دانانی کاریگەرییە

چاند ئامرازی دانانی کاریگەرییە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

سیرین

پەڕتووکێکی دێرین هەیە ناوی ئۆدیسەیە، گوایە کەسێک نووسیویەتی ناوی هۆمیرۆس-ە. باس لە پاڵەوانێک دەکات بە ناوی ئۆدیسێفس کە دوای جەنگێکی دە ساڵە خۆی و سوپاکەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان. گەڕانەوەکەشیان دە ساڵی تری پڕ لە بەسەرهات دەخایەنێت.

بە لای دوورگەیەکدا دەڕۆن، دوو خانمی گۆرانیبێژ لەسەر کەنارەکەی بە دەنگێکی جادوویی و خۆش گۆرانی دەبێژن. پێیان دەوترێت سیرین. جا ئۆدیسێفس پێشتر ئاگادار کراوەتەوە کە بەو دەنگە خۆشە فریو نەخۆن و بچنە ئەو دوورگەیە، چونکە دەمرن. ئۆدیسێفس ناچارە بە مۆم گوێی جەنگاوەرەکانی قەپات بکات بۆ ئەوەی دەنگی سیرینەکان نەبیستن، خۆیشی خۆی بە کەشتییەکەیەوە دەبەستێتەوە. ئاوها ڕزگاریان دەبێت.

ئەم چیرۆکە بە شێوەیەکی خوازەیی ڕێک باس لە دۆخی کوردی ئەمڕۆ دەکات. کورد دوای سیرینەکانی فارس و عەرەب و تورک و جیهان کەوتووە و بە کارەکانیان وا مەست بووە، کە وا هەموو شتێکی خۆیی لە دەست داوە و بەرەبەرە دەتوێتەوە. خەریکە کورد هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو نەتەوانەدا نامێنێت.

لێرەدا نموونەکە تەواو بوو.

سیرینەکانی داگیرکەر

با ئێستا پرسیارت لێ بکەم: گریمان تۆ نەتەوەیەکیت و لەسەر خاک و خوێنی نەتەوەیەکی تر دەوڵەتت بونیاد ناوە. لە خێر و بێری خاکەکەی ئەو دەخۆیت، خۆتی پێ دەوڵەمەند دەکەیت، داگیرکراوەکەش برسی دەکەیت و دەیچەوسێنیتەوە. زمانەکەی دەکوژیت، مێژووەکەی دەشێوێنیت و زۆربەی دەکەیت بە ناوی خۆتەوە. لەبەر ئەوەشی دەوڵەتت هەیە، دەوڵەتیش نوێنەرایەتیی ددانپێدانراوی لە هەموو جیهاندا هەیە، بە هەموو جیهان و زانکۆکانیان دەڵێیت کە ئەمە مێژووی مەزنێتیی تۆیە. کە لە ڕاستیدا هەموویت لە ژێردەستەکەت دزیوە.

ژێردەستەکەت یەکبینە تێدەکۆشێت تۆڵەی خۆی بستێنێتەوە. بۆ ئەوەی ڕێگریی لێ بکەیت چی دەکەیت؟ ئەگەر ناوت ئێران، عێراق، تورکیا، سووریا بێت، کۆکوژیان دەکەیت، کە کردووتە و دەیکەیت. جیهادیان لە دژ ڕادەگەیەنیت، کە کردووتە و دەیکەیت. تۆپبارانیان دەکەیت، کە کردووتە و دەیکەیت. کیمیاییان پێدا دەکەیت، کە کردووتە و دەیکەیت. زیندەبەچاڵیان دەکەیت، کە کردووتە و دەیکەیت. لە سێدارەیان دەدەیت، کە کردووتە و دەیکەیت. خاکەکەیان مینڕێژ دەکەیت، کە کردووتە و دەیکەیت.

بەڵام ئەمانە بەس نین. تا یەکێکیان لێ بمێنێت ئاسایشی تۆ پارێزراو نابێت، چونکە دەوڵەتەکەت لەسەر پشتی ئەوان دروست کردووە. بۆیە ڕێی نەرمتریش دەگریتە بەر: گۆرانی و گۆرانیبێژ و فیلم و زنجیرە و پەڕتووک و هۆنەر و نووسەرەکانتیان تێ بەربدە. زمانەکەتیان بەسەردا بسەپێنە. لە قوتابخانەکانیان مێشکی منداڵیان بە مێژووی درۆیینە بشۆرەوە و بشێوێنە.

ئەگەر ژێردەستەکەشت ناوی کورد بێت، زۆربەیان جوان گۆرانیبێژەکانت دەکەن بە پێناسەی خۆیان، باسیان دەبێت بە باسی سینەماکار و زنجیرەکار و نووسەر و هۆنەرەکانی تۆ. خۆیشیان پێ ڕۆشنبیر دەبێت. خۆیشیان پێ پێشکەوتوو دەبێت. خۆیشیان پێ جیهانی دەبێت.

چاند و نەریت وەک بەندی کۆمەڵایەتی

چاند و نەریت وەک بەندی کۆمەڵایەتی
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

تا ئێستا لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆری خەڵک هەمان سروود، گۆرانی، یان هوتافت وتووەتەوە؟ کە دەنگت لەگەڵ دەنگی دەیان و سەدان و هەزاراندا تێکەڵ بووە و هەمووتان یەک شتتان وتووەتەوە، هەستت بە چی کردووە؟

خۆم ئەو هەستەم کردووە. لە قوتابخانەی سەرەتایی لەگەڵ قوتابییەکانی تردا بە دەنگی بەرز و بڵند و دلێر سروودی من پێشمەرگەی کوردستانممان دەچڕی. هەستم دەکرد من یەکێکم لە یەکەیەکی گەورەتر. هاودەنگیی من و قوتابییەکانی قوتابخانەکەم لە وتنەوەی سروودەکەدا پەیوەندییەکی گیانەکیی لە نێوانماندا دروست دەکرد.

پانزە ساڵێکیش لەمەوبەر جارێکیان چوومە خۆپیشاندانێکەوە و هەر زوو لەبەر دەنگم کرام بە هوتافکێش. هاوارم دەکرد: «ئازادی!»، هەزاران کەس بۆیان دەسەندمەوە: «ئازادی!». هەستم دەکرد من و خۆپیشاندەران گیانێکین لە یەک جەستەدا.

لە خۆوە نییە هەموو دینە گەورەکان داوای کۆبوونەوە و جۆرێک سروود، یان خوێندن، یان هوتافی پێکەوەییت لێ دەکەن. بۆ ئەوەیانە ناسنامەی خۆت و کۆمەڵەکەت ببێت بە یەک.

جا ئێستا بیر لەوە بکەوە: تۆ و سەربازی نەتەوەی داگیرکەرت، کە بەسرپێرێ باوان و دایانتیان تاککوژ و کۆکوژ کردووە؛ پێرێ نەنک و باپیرتیان ئەنفال و زیندەبەچاڵ کردووە؛ دوێنێ شار و دێتیان تۆپپاران و کیمیاباران کردووە؛ ئەمڕۆ هاوخوێن و هاوزمانت مووشەکباران و فۆسفۆرباران دەکەن؛ ئەمڕۆ تۆ و ئەو هەردووکتان پێکەوە گۆرانییەک دەچڕن. گۆرانییەکەش هی نەتەوەکەی ئەوە و تۆ خۆتت پێیدا هەڵواسیوە. ئەو گۆرانییە تۆ دەکات بە یەکێک لە کۆمەڵەکەی ئەو. سۆزت بۆ ئەو بۆ دروست دەکات. سۆز بۆ دوژمنی باب و کالا، سۆز بۆ لەنێوبەری وڵاتت، سۆز بۆ لەنێوبەری بوونت.

لە کام دوژمنە ڕزگارت نابێت؟

هەرگیز لە هیچ دوژمنێک ڕزگارت نابێت بە نووستوویی و مەستی و سەرخۆشی. هەرگیز لەو دوژمنە ڕزگارت نابێت کە بۆی شەیدایت. هەرگیز لەو دوژمنە ڕزگارت نابێت کە پێی سەرسامیت.

پێت وایە بۆچی هەموو نەتەوەکان جۆرێک نووسراو و ئوستوورە و سروودیان هەیە و هەموویان دەیزانن؟ سۆمەرییەکان گلگامێش، گریکەکان ئیلیاس و ئۆدیسە؛ ڕۆمییەکان ئینیاد؛ زەردەشتییەکان ئاڤێستا، جووەکان تەورات، مەسیحییەکان ئینجیل، فارس مێژووی کورد؟

چونکە چاند هەمووان دەکات بە هاوڕێ، هەمووان دەکات بە هاوبیر، هەمووان دەکات بە هاودەنگ. هەمووان لە دەوری یەکتر کۆ دەکاتەوە. هەمووان پێکەوە دەبەستێتەوە، هەمووان دەکات بە یەک.

چاند پردی پەیوەندی و کەمەندکێشە

ئێستا ڕوونە کە چاند و نەریت پردی پەیوەندی و ئامرازی دانانی کاریگەریین. بەڵام دەبێت هەمیشە ئەوەت لە بیر بێت کە ئێمە دەوڵەتمان نییە، بۆیە لەگەڵ دەوڵەت بەراورد ناکرێین. زۆربەی پەیوەندییە چاندییەکانیشمان تاکلایەنەن. واتە ئەوان کاریگەریی خۆیان لەسەر ئێمە دادەنێن و ئێمە ناتوانین هیچ بکەین. بۆیە دەبێت بە ئاگاییەوە هەنگاو بنێین.

چاند بۆ ئارایشت و دژەئارایشتە

چاند بۆ ئارایشت و دژەئارایشتە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانی چاند بۆ ئارایشت و دژەئارایشتی نەتەوە و دەوڵەتەکانە. واتە چاند ئامرازی جوانکردن و ناشیرینکردنە. بۆیە دەوڵەت و نەتەوەکان چاند بۆ ئارایشتی ڕووکاریان بە کار دەهێنن و ڕاستییەکانی ناویانی پێ دەشارنەوە. یان بۆ ناشیرینکردنی نەیارەکانیانی بە کار دەهێنن، یان هەردووکیان.

تاکوتەرا نەتەوە هەیە چاند بۆ ناشیرینکردنی خۆی و جوانکردنی ئەوانی تر بە کار دەهێنێت. بە ڕاشکاوی: زۆر کورد ئێستانان بە ئاگایی و بێئاگایی ئەمە دەکەن. لە کارەکانیاندا کورد بە ناشیرین و مافیا و چەتە و دز و ژنکوژ و ئەمانە دەردەخەن.

داگیرکەرانیشمان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پشتیوانیی ئەم جۆرە بەکارهێنانەی چاند دەکەن. هەم پشتیوانیی ئەو کەسانەی نێو خۆمان دەکەن کە ناشیرینمان دەکەن بەوەی بەرزیان دەکەنەوە و بڵندگۆیان دەدەنێ. هەم زنجیرە و دراما و فیلم و گۆرانی و پیساییەکانی خۆیانیشمان بۆ هەناردە دەکەن و مێشکمان دەشۆنەوە. بەردەوام دەڵێن گوایە کورد نازانێت خۆی بە ڕێوە ببات، لە کاتێکدا دەوڵەتەکانی خۆیان کەلاوەن.

سێ نموونەی چاند وەک ئارایشت

نموونەی یەکەم: هۆڵیود لە سەدەی ڕابردوودا سەدان فیلمی لە بارەی جەنگی نێوان دەوڵەتی ئەمریکا و خێڵە نەژادنشینەکان دەردەکرد. خێڵە نەژادنشینەکان ئەوانەن کە پێیان دەڵێن هیندیی سوور. ئەمریکا بەو فیلمانە وا پیشانی دەدا کە خۆی واتە یاسا، ئەم خێڵانەش واتە دواکەوتوویی و بەدکاری و چەتەیی. لە کاتێکدا ئەمان لەسەر خاکی ئەوان دەوڵەتیان بونیاد ناوە.

نموونەی دووەم: لە چیرۆکەکانی هەزار و یەک شەودا (نەک هەزار و یەک شەوە)، خەلیفە هەمیشە پیاوێکی ژیر و دانا و بەمشوور و ڕێکوپێک و باشە. ئەو چیرۆکانە خەڵک فێر دەکەن چۆن خەلیفە بپەرستن، چونکە ئارایشت و مەکینەی پڕۆپاگەندەی خەلافەتی عەباسی بوون.

نموونەی سێیەم: نیاری (واتە تێمای) فیلم و زنجیرە فارسییەکان هەمیشە بە دەوری تەوەری ئاکار و ڕەوشتدا دەسووڕێتەوە. وات پیشان دەدەن کە تاکەکانیان خەڵکی زۆر بەڕەوشت و بەئاکارن. کەچی دەوڵەتەکەیان بەم ڕۆژگارە منداڵی ساوای کورد دەکوژێت و مووشەکمان پێوە دەنێت. دەوڵەتەکەیان تاوانستانە. وەک لەم سێ نموونەیەوە دەبینیت: چاند ئامرازی ئارایشت و دژەئارایشتە.

هەندێک ڕۆشنبیری کورد دەڵێن: «ناتوانین ناشیرینییەکان پیشان نەدەین». لە ئایندەدا بە درێژی لەسەر ئەمە دەدوێم، بەڵام ئێستا هەر ئەوەندە دەڵێم: قێزەونترین «هاوڕێ» ئەو کەسەیە کە ڕێک لەو کاتەی لێت دەقەومێت دێت شەو تا بەیانی سەرکۆنەت دەکات. نابێت ورە و هێزی نەتەوەت بشکێنیت. بەڵام درێژەی ئەم باسە بۆ کاتێکی تر.

ئاگادار بە، لێت دەبەن!

ئاگادار بە، لێت دەبەن!
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

چاند و نەریت هەم موڵکن، هەم ئامرازن. واتە هونەر، زمان، وێژە، جلوبەرگ، دونیابینی، هەڵپەڕکێ، نوڕۆژ، هەموو ئەمانە هەم موڵکن، هەم ئامرازن. ئەگەر تۆ هەم وەک تاک، هەم وەک حکومەت خاوەندارێتی لە چاند و نەریتی خۆت نەکەیت، کەسێکی تر خاوەندارێتییان لێ دەکات.

ئەگەر ئێمەی کورد لەسەر ئاستی تاک و حکومەتی خاوەندارێتی لە چاند و نەریتمان نەکەین، ئێران دەیانکات بە هی خۆی، تورکیا دەیانکات بە هی خۆی، عێراق دەیانکات بە هی خۆی، سووریا دەیانکات بە هی خۆی و چیتر ناسنامەی ئێمە دەکوژرێت.

بێ هیچ شتێک لەبەر ئەوەی ئەوان دەوڵەتی خاوەن و سەرداری ئێمەن و ئێمە بە تۆپزی و ستەم کراوین بە بەشێک لە ئەوان، بە شێوەیەکی یاسایی ناڕەوا، میراتگری تەواوی بەرهەمەکانی ئێمەن. واتە دەوڵەت پارێزەری خەڵک و چاند و ناسنامەی نەتەوەیە. لەبەر ئەوەی ئێمە دەوڵەتمان نییە، خۆمان و چاند و نەریت و ناسنامەشمان هەمیشە لە مەترسیی گەورەدان.

چۆن پێغەمبەر زەردەشتیان لە ئێمەی کورد بردووە و ئێستا دەڵێن: «پێغەمبەرێکی فارس یان ئێرانی بووە»؛ چۆن زریابیان لە ئێمەی کورد بردووە و دەڵێن: «هونەرمەندێکی عەرەب» یان «هونەرمەندێکی ئیسلامی» یان «هونەرمەندێکی عەباسی» یان «هونەرمەندێکی عێراقی» بووە؛ چۆن قاوەیان لە ئێمەی کورد بردووە و لە بری قاوەی کوردی دەڵێن «کۆفیی تورکی»؛ ئاوهاش من و تۆ و بەرهەمەکانی هەردووکمان دەبرێن و دەکرێن بە موڵکی نەتەوە و دەوڵەتێکی تر و ناسنامەی من و تۆ تەواو لە نێو دەبرێت.

تاکتیکێکی فێلبازانەی ڕەگەزپەرستی لە دژی کورد بە کار دەهێنرێت کە شاردنەوەی ناوی کورد و کوردستانە لە ژێر هەندێک ناوی زلدا. پێشتر وتارێکم لە بارەیەوە نووسیوە بە ناونیشانی: تاکتیکی ڕەگەزپەرستی: شاردنەوە لەژێر ناوی زلدا و لە ماڵپەڕەکەمدا هەیە، دەتوانیت بیخوێنیتەوە.

کوردیی ناوەڕاست

تەنانەت نووسەر و زانکۆکانی جیهان (ڕەنگە بە پیتاکی ئێران و قەتەڕ بێت) زمانێکیان ناو ناوە: «فارسیی ناوەڕاست»، کە هەندێک دەقی ساسانییەکانی پێ نووسراوە، گوایە هی کۆنتر لە هەزار و پێنج سەد ساڵ بەر لە ئێستایە، باوەڕ بفەرمە، ئەو زمانە نیوەی تەواوی کوردییە. دەقەکە ببە بۆ بازاڕی شارێکی کوردستان و بۆ کوردێکی ئەو بازاڕانەی بخوێنەوە لانیکەم لە نیوەی تێدەگات. کەچی هەموو جیهان بە بەر چاوی خۆمانەوە زمانی کوردیی ناوەڕاستیان کردووە بە زمانی فارسیی ناوەڕاست.

ئێران مێژووی لەسەر زمانی من و تۆ بونیاد ناوە و خۆی پێوە بادەدات. هەموو جیهان باس لەوە دەکەن ئێرانی فارس چەند چاندێکی دەوڵەمەند و مێژووێکی دێرین و پڕ لە شکۆی هەیە. تۆش هەر ڕەنج دەدەیت و بەری ڕەنجت بۆ دەخۆن و داگیر دەکەن و کەسیش ورتەیەکی لێوە نایەت!

ئەو زمانەشی ناویان ناوە «فارسیی کۆن»، کە گوایە دەقەکانی هەخامەنشینەکانی پێ نووسراوە، هەر فڕی بەسەر فارسییەوە نییە. تەواوی دەقەکانیان هەن و ئەوەندەش زۆر نین، کوردیش دەتوانێت بێ چاویلکەی فارسی و ئێرانی و دوور لە کاریگەریی ئەوان لێیان بکۆڵێتەوە و ڕاستییەکەی بۆ دەربکەوێت.

ئازادیی تاکەکەسی و برەودان

ئازادیی تاکەکەسی و برەودان
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

من زووزوو باس لە «برەودان» دەکەم. خەڵکانێکیش ڕەخنەیان لێم گرتووە کە گوایە ئەوە ئازادیی تاکەکەسییە و من دژی وەستاومەتەوە. بۆیە با ڕوونی بکەمەوە ئازادیی تاکەکەسی چییە و برەودان چییە.

ئەگەر خۆت بە تەنیا لە ماڵەوە، بێ ئەوەی کەسی تر بیبیستێت و بیبینێت و هەستی پێ بکات و کاریگەری لەسەر ئەو دروست بکات، سەیری هەر شتێک دەکەیت، گوێ لە هەر شتێک دەگریت، هەر چی دەکەیت و ناکەیت، ئازادیت. ئەمەندە پێی دەوترێت ئازادیی تاکەکەسیی خۆت. من لەسەر ئازادیی تاکەکەسی لێپێچینەوە لە کەس ناکەم و دەتوانم لەگەڵی هەڵبکەم. هەر پێم وایە کە نەیارشەیدا و بۆ دوژمن مردوویت، بەڵام مادەم کاریگەرییت نییە، کێشەم نییە.

بەڵام کە چاندی دوژمنت لە تۆڕی کۆمەڵایەتی، لە شوێنی گشتیی وەک بازاڕ و چایخانە و چێشتخانە، لە کەناڵی مێدیایی، یان هەر جێیەکی تری گشتی بڵاو کردەوە و بەر خەڵکی تر کەوت، لێرەدا چیتر ئازادیی تاکەکەسیی تۆ نەماوە. بەڵکو بە ویستی خۆت بووبێت یان نا، برەوت بە چاندی نەیاری کورد داوە و کردووتە بە چاو و گوێ و قوڕگی کورددا.

من قسەم لەسەر ئەمەیە. دەنا حەز دەکەیت خۆت فارسخنکێن و عەرەبخنکێن و تورکخنکێن و ئینگلخنکێن و جیهانخنکێن بکە. بەڵام بۆت نییە ئێمەی کورد بەوان بخنکێنیت.

گوێگرتن و بڵاوکردنەوە دوو شتی جیان

بۆیە گوێگرتن و برەودان جیاوازن. بڵاوکردنەوە برەودانە. لێرەدا ئازادییەکەت سنووری ئازادیی ئەوانی تر دەبەزێنێت. بۆیە دەبێت قسەی لەسەر بکرێت.

بێگومان قسەم لەسەر ئازادیی تاکەکەسییش هەیە. پێشتریش وتوومە: ئازادی وەک هەموو شتێکی تر کەرەستەیە، دەتوانیت ئازادییەکەت بۆ کورد و کوردی و کوردستان بە کار بهێنیت، نەک لە دژمان بە کاری بهێنیت. واتە کە ئازادیی ئەوەت هەیە ئاوڕ لە هەموو جیهان بدەیتەوە، پێشنیار دەکەم ئەو ئازادییە بۆ ئاوڕدانەوە لە کورد و کوردی و کوردستان بە کار بهێنیت. بەڵام ئەمە تەنها وەک گلەییەکی بێدەنگ دەهێڵمەوە.

بەڵام کە چاندی بێگانە لە نێو کورددا بڵاو دەکەیتەوە، ئیتر تۆ بوویتەتە ئامرازی لانمای ئەوان. بە بڵاوکردنەوەی یەک گۆرانیی فارسی دەبیتە سەربازێکی بێچەکی فارس. ئیتر حەز دەکەیت تا بەیانی پاساو بۆ خۆت بهێنەوە کە گوایە لە ناختدا چەند کوردیت. نەخێر، تۆ برەوت بەوان داوە.

فارس و عەرەب و تورک تا سەر لووتی ئێمەی کوردیان بە فارساو و عەرەباو و تورکاو ئاخنیوە. جیهانیش لە جیهاناودا نوقمی کردووین. ئێستا تۆی کوردیش بوویت بە سەربازی ئەوان؟

چاندی نەتەوەی داگیرکەر وەک ناوچەیەکی مینڕێژ وایە. باشترین شتێک ئەوەیە لێی نزیک نەبیتەوە. بەڵام ئەگەر لە خۆت ڕادەبینیت و لێی دەزانیت، بە وریاییەوە هەنگاوی تێدا بنێ.

جوانی خۆت چێ بکە و بیدرەوشێنەوە

جوانی خۆت چێ بکە و بیدرەوشێنەوە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

زۆر جار لە کورد دەپرسم: «بۆ گۆرانیی فارسی، عەرەبی، تورکی بڵاو دەکەیتەوە؟»، یان لە موزیکژەنی کورد دەپرسم: «بۆ موزیکی ئەوان دەژەنیتەوە؟» یەکێک لە وەڵامە باوەکان ئەوەیە کە دەڵێت: «ئاخر جوانە». ئینجا باسی ئەوە دەکات چەند کەسێکی جوانپەرستە و چۆن مرۆڤ نابێت دژی جوانی بێت و ئەم شتانە.

خۆم تا مانگی ٩ی ٢٠٢٢ش وا بیرم دەکردەوە. بۆیە ڕووی قسەکانم پێش هەموو خەڵک بۆ خۆمی پێرارە. منیش وەک زۆربەتان نوقمی ڕا باو و گشتییەکە ببووم و پێم وا بوو ئەگەر خۆم لە نەتەوەی خۆم دوورەپەرێز بگرم ئیتر جوان و جوانپەرست و جیهانییم. وەک لە سەرەتای ئەم ئەڵقۆچکانەشدا باسم کرد کە پێم وا بوو هونەر لە گەل و نەتەوەکەشم گەورەترە!

وەک هونەرمەندێک دەڵێم: پێم وایە لە تەواوی هونەری فارس و عەرەب و تورکدا هەندێکی کەم جوان و جوانییان تێدایە، بەڵام هیچیان ئەو شتە مەزنە نین کە کورد ئاوها بۆیان شێت و شەیدا بووە. بەڵام لە پێناو گەیاندنی پەیامەکەمدا ئەم ڕایەم لادەبەم و ئەوە پەسەند دەکەم و دەڵێم هونەریان ئێجگار جوانە.

گریمان هونەریان جوانە

ئێ، جوانە. بە من و تۆ چی؟ چ پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە؟ جوانی خۆیانە و جوانی تۆ نییە، بۆیە پیرۆزی خۆیان بێت. منداڵی دراوسێکەتان جوانە، بەڵام جوانی تۆ نییە. منداڵی خۆت چەندێکیش ناشیرین بێت هەر بۆت نییە بیکەیت بە قوربانیی منداڵە جوانەکەی دراوسێتان. با دراوسێکەتان هەزار ئوتومبێلی جوان و نایاب و گرانی هەبێت، هیچیان جوان و نایاب و گرانی تۆ نین.

ئەرکی تۆ ئەوەیە جوانی خۆت دروست بکەیت و برەوی پێ بدەیت، گرانی خۆت دروست بکەیت و برەوی پێ بدەیت، نایابی خۆت دروست بکەیت و بیدرەوشێنیتەوە.

جوان و نایابی خۆت دروست بکە، ئینجا بیدرەوشێنەوە. چونکە جوان و نایاب خۆبەخۆ نادرەوشێنەوە، دەبێت لایەنێک بیدرەوشێنێتەوە. تۆ ئەگەر جوانیشت هەبێت، برەوی پێ نەدەیت و نەیدرەوشێنیتەوە بە کەڵکی هیچ نایەت و دەژاکێت. سبەی داگیرکەرەکەت دەیبات بۆ خۆی و ئەو بۆ خۆیی دەدرەوشێنێتەوە. وەک هەموو شتێکی تری کوردستان.

من پێشت دەڵێم کە تۆی کورد لە هەموو بوارێکدا جوان و جوانیی خۆتت هەیە. کە بەردەوام چاوت لە دوای فارس و عەرەب و تورکە، هیچ نەبێت شتێکیشیان لێوە فێر بە. ئەوان جوانەکانی خۆیان دەدرەوشێننەوە. وا دەکەن تۆی کورد خۆت بکەیت بە قوربانیان و لە پێناویاندا دڵی هاوخوێنەکەت بئێشێنیت. فەرموو، تۆش جوانێکی خۆت دروست بکە و بیدرەوشێنەوە. ئەوەی ئەو بۆ کەسی نەتەوەی خۆی دەیکات، تۆش نیوەی ئەوە بۆ کەسی نەتەوەی خۆت بکەیت یەک بە سەد پێش دەکەوین.

ئایا چاندمان تێکەڵە؟

ئایا چاندمان تێکەڵە؟
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

زۆربەی ئەو کوردانەی بەردەوام گوێ لە هونەری فارسی و عەرەبی و تورکی دەگرن و برەویان پێ دەدەن و لە شوێنی کارەکانیان لێی دەدەن و دەیانکەن بە گوێی هەموو کوردستاندا و ڕیکلامی خۆڕاییان بۆ دەکەن، زۆر بە هەستی جوانپەرستیی خۆیاندا دەنازن. پێیان وایە پێشمەرگەی ڕێی جوانیین و لە پێناوی جوانییدا توواونەتەوە.

بەڵام سەیر نییە بە لاتەوە کە چاوی جوانخواز جوانبین و جواندۆزی زۆربەی ئەم جوانپەرستانە تەنها شتی عەرەبی و فارسی و تورکیی دۆزیوەتەوە؟ جوانییەکانیان هەر ئەو بژاردانەن کە عەرەب و فارس و تورک لە میدیا زەبەلاحەکانیانەوە کردوویانن بە قوڕگیاندا. ئەمە بۆتان پرسیار نییە؟

تاکوتەرا نەبێت نابینیت یەکێک لەم کەسانە جوانییەکی لە یۆهان سێباستیان باخ، لە چایکۆڤسکی، یان لە ڤێردیدا دۆزیبێتەوە. بە مەرجێک ئەگەر پێوەر جوانی بێت، ئەوا هەر یەکێک لەم هونەرمەندانە لە هەموو مەزنەکانی ئەوان جوانترن.

ئەم پرسیارەم لە زۆربەیان کردووە. دەڵێن: «ئاخر کەلتوورەکەمان وەک یەک وایە». مەبەستیان لە وشەی کەلتوور ئەوەیە کە بە کوردی پێی دەڵێین چاند.

پێم وایە ئەو قسەیە ڕاست نییە. چاندمان وەک یەک وا نییە و جیاوازە. بەڵام هەر وای دادەنێین ڕاست بێت.

گریمان چاندمان وەک یەکن

گریمان چاندمان وەک یەکن. باشە ئەگەر چاندی کورد وەک چاندی عەرەب بێت، دەبێت چاندی عەرەبیش وەک چاندی کورد بێت. وا نییە؟ ئەگەر ئێ یەکسان بێت بە یەک، دەبێت یەکیش یەکسان بێت بە ئێ، وا نییە؟ لۆجیک وا ناڵێت؟

کەواتە دەبێت هەمان ئەو ڕێژە زەبەلاحەی کورد خۆی بە گۆرانی و شتی عەرەبی و فارسی و تورکیدا هەڵواسیوە، ئەوەندەش لەوان ببینین خۆیان بە گۆرانی و شتی کوردیدا هەڵبواسن. ئێوە شتی واتان دیوە؟ چونکە من نەمدیوە.

لە چ قاوەخانە و چێشتخانە و بازاڕێکی عەرەب و فارس و تورکدا گوێت لێ دەبێت لە بەیانی تا شەو گۆرانیی کوردی لێبدەن؟ چ فارسێکت دیوە تاتۆی گۆرانیبێژێکی کوردی لەسەر قۆڵی کێشابێت؟ چ تورک و عەرەبێکت دیوە دێڕێک کوردیی لە بایۆی هەژماری خۆیدا نووسیبێت؟

بەڵام من هەزاران کوردی وات پیشان دەدەم. لە فارسی بۆ تورکی، لە تورکی بۆ عەرەبی، لە عەرەبی دیسانەوە بۆ فارسی و خەڕەکەکە هەر ئاوها بەردەوام دەبێت. ئەگەر چاندەکەمان هەمان شت بووایە، دەبوو ئەویش بۆ تۆ وا بووایە.

لە ڕاستیدا چاندمان جیاوازە. جیاوازیش نەبێت ئەرکی تۆ ئەوە نییە برەو بە چاندی ئەو بدەیت. تۆی کورد بەرانبەر سەرخستنی دۆز و چاند و زانست و زمان و یاسا و وەرزش و ئاڵا و هەموو شتێکی نەتەوەی خۆت بەرپرسیاریت، نەک هی خەڵکی تر. ئەوان خەڵکی خۆیانیان هەیە شتی خۆیان سەر بخات. ئێمەی کوردین چاومان لە دەستی تۆیە و تۆش ڕووت لە هەموو جێیەکە ئێمە نەبێت.

ئایا هونەر سنووری هەیە؟

ئایا هونەر سنووری هەیە؟
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

هاوڕێیەکی هونەرمەندم هەبوو، لە چەندین زنجیرە و شانۆدا بەشداریی کردووە. ڕۆژێک لە فەیسبووک وێنەی خۆی بە گۆرانیی عەرەبییەوە بڵاو کردبووەوە. لێیم پرسی: «بۆ شتی عەرەبی دەخەیتە سەر وێنەی خۆت؟»، وتی: «من هونەرم داناوە. هونەریش زمان و سنووری نییە». چیرۆکەکەتان بۆ کورت بکەمەوە: لە هاوڕێیەتی لامدا. دوایی پێتان دەڵێم بۆچی.

وەک دەبینن، بیرۆکەی ئەوەی گوایە هونەر سنووری نییە بە هەمووماندا بڵاو بووەتەوە. بەڵام با بزانین وایە؟

لە ڕاستیدا دڵم نەهات پێی بڵێم: نەگبەت، تۆ پانزە ساڵە خەریکی هونەریت. یەک نەتەوەی سەر زەوی دە چرکەشی لە هونەری تۆ بڵاو نەکردووەتەوە. بۆ مەگەر ئەوەی تۆ هونەر نییە؟ بۆچی هونەری تۆی کورد هەمیشە سنووری هەیە و زمانی هەیە، کەچی گەنوگووی فارس و عەرەب و تورک بۆ گیانی کورد بێسنوور و بێزمان و بێهەوساڕن؟

کەناڵەکانی تورک و فارس و عەرەب نەک تەنها دەرگای خۆیانیان لێمان داخستووە، بەڵکو کەناڵەکانی خۆشمانیان پڕ کردووە لە پیساییەکانی خۆیان.

هزری پشت ئەو وتەیە چۆنە؟

ئەم قسەیە بەڵگەی هزرێکە کە نازانێت خۆی لە کوێدایە و بەرە و لایەن چین. ئەم وتەیە بەڵگەی هزرێکە تێناگات هونەر هێمایە، لانمای بەرەیەکە. تێناگات هێما واتای هەیە.

وەک وایە جلی ڕیاڵ مەدرید لەبەر بکەیت و بچیتە نێو هاندەرانی بەرشەلۆنەوە و بڵێیت: «جلوبەرگ سنووری نییە، جلوبەرگ لە سەرما دەمانپارێزێت، جلوبەرگ هونەری تێدا بە کار دێت».

جلوبەرگ بەرە نییە، جلوبەرگی نەتەوەکەت بەرەیە. دەوڵەمەندی بەرە نییە، دەوڵەمەندیی نەتەوەکەت بەرەیە. ئاشتی لە حەوادا قڕانێک ناکات، ئاشتیی نێو ماڵی تۆ گرنگە. با جیهان جلوبەرگی شازی هەبێت، دەوڵەمەند بێت، لە ئاشتیدا بژیین. بە تۆ چی کە جلوبەرگت نەبێت و هەژار بیت و لە جەنگدا بیت؟

عەرەب لانیکەم ٤١٣ ملیۆن سەربازی هەیە بۆ برەودان بە هونەری خۆی. فارس لانیکەم ٦٣ ملیۆن سەربازی هەیە بۆ برەودان بە هونەری خۆی. تورک لانیکەم ٧٠ ملیۆن سەربازی هەیە بۆ برەودان بە هونەری خۆی. کوردی نەگبەتیش کراوە بە هەزار کەرتەوە و خۆیشی برەو بە خۆی نادات. تۆش دەچیتە پاڵ دوژمنانی کوردستان؟

بەڕێزان، هونەر بەرە نییە. نەتەوەکەت بەرەیە، دوژمنی نەتەوەکەت بەرەیەکی ترە. هونەر بەرهەمی مرۆڤە، مرۆڤیش سەر بە شوێنێکە. لە کۆتاییدا هونەرەکەی دەبێتە لانمای ئەو بەرەیەی خۆی. تۆش بە بڵاوکردنەوەی دەبیتە ئامرازی لانماکەی.

لە ڕاستیدا کەس لە دونیادا ئامادە نییە ببێت بە بڵاوکاری خۆبەخشی نەتەوەی تر، کورد نەبێت.

بۆیە ئەو هونەرمەندەشم لە هاوڕێیەتی لادا چونکە بڕیارم داوە هەر کوردێک شتی فارسی و عەرەبی و تورکی بڵاو بکاتەوە لە هاوڕێیەتی لایبدەم. لە شوێنێکدا نامێنمەوە دوژمنپرژێن بکرێم.

ماڵشەیدایی2

ماڵشەیدایی
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

پێویستە وشەیەکی گرنگ بناسین، ئەویش وشەی ماڵشەیداییە. ماڵشەیدایی لێکدراوی خۆمە و لە بەرانبەر نۆستالجیا-دا دامناوە. نۆستالجیا لە ڕیشەدا وشەیەکی لێکدراوی گریکییە. لە نۆستۆس، واتە گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، لەگەڵ ئالگۆس، واتە ئازار پێک هاتووە. بەڵام بە لێکدراوی واتایەکی نوێی چێ کردووە، ئەویش: تاسەی ماڵەوە، شەیدابوون بۆ ماڵەوە، یان شەیدابوون بۆ ڕابردوو-ە.

شەیدا لە کوردیدا واتە کەسێک لە ئەویندا شێت بووبێت. ئاوهاش ماڵشەیدایی واتە شەیدابوون بۆ ماڵەوە و ڕابردوو. بەڵام لەم بەستێنەدا مەبەست لە ماڵەوە، ماڵەوەیەکی هزرەکییە. واتە ئەو ماڵە لە هزردا چێ بووە.

مرۆڤ لە منداڵییەوە بەرەبەرە ماڵەوەیەک لە هزریدا شێوە دەگرێت. لە کەشوهەوای زێدەکەی، لە شێوە و ڕوخسار و زمانی خەڵکەکەی، لە بۆنی خاک و گەڕەک و درەختەکانی، لە دیمەنی ئەو جێیەی لێی گەورە بووە، لە گۆرانی و موزیک و دەنگی چواردەورەکەی، لەگەڵ زۆر شتی تریش. کە گەورە دەبێت و لەمانە دوور دەکەوێتەوە، لە ڕووی دەروونییەوە هەست دەکات ئاوارە و نامۆ و غەوارەیە و لە ماڵەوەی دوور کەوتووەتەوە. ئاسانیش نییە مرۆڤی بەتەمەن خۆی لە ماڵشەیدایی ڕزگار بکات.

جا گۆرانی و موزیک و چیرۆکی منداڵی ئێجگار گرنگن لە شێوەدان بە ماڵەوە هزرەکییەکە. کەسوکاری من و هاوتەمەنەکانی من ئەمەیان نەدەزانی، بۆیە منداڵی و ماڵە هزرەکییەکەمان سیخناخ کرا لە گۆرانیی عەرەبی و فارسی و تورکی.

بۆیە سەیریش نییە کە ناتوانین ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان و پارچە داگیرکراوەکانی کوردستان بگرینەوە. جگە لەوەی لە ڕووی سەربازیشەوە ئامادە نین، لە ڕووی هزرەکییشەوە ئامادە نین.

کوردستان ماڵی هزرەکیمانە

نابێت بە هیچ شێوەیەک منداڵمان بە چاندی هیچ نەتەوەیەکی تر گۆش بکەین، جگە لە هی کورد. ئەمە ئەرکێکی سەرەکیی ئێمەیە، چ لەسەر ئاستی تاک و چ لەسەر ئاستی دەسەڵات. ئەگەر خۆیشت شەیدای شتی فارسی و عەرەبی و تورکی و ئەمریکی و جیهانی و شتیت، نابێت منداڵەکەت وەک خۆت بکەیت بە نەیارشەیدا. ئایندەی کوردستان لەسەر منداڵی تۆ وەستاوە. دەبێت ماڵە هزرەکییەکەی منداڵمان تەنهاوتەنها پێک هاتبێت لە کوردستان.

ئێمە بەم کارەی ئەمڕۆ دەیکەین نەوەیەک کوردی نامۆ و ئاوارە و غەوارەی هزرەکی بەرهەم دەهێنین و بەرهەمیشمان هێناوە. نەوەی من پڕ کران لە فارساو و عەرەباو و تورکاو، نەوەی ئێستا پڕ دەکرێن لە فارساو و عەرەباو و تورکاو ئینگلاو و ئەمریکاو و ئاوی تریش.

تا لەسەر ئەم خۆنامۆکردنە بەردەوام بین، ئەوەی هەشمانە لە دەستی دەدەین. نابێت بهێڵین ماڵی هزرەکییمان بشێوێت و بشێوێنرێت. کوردستان ماڵی کەتواری و هزرەکیی ئێمەیە. ئەو ماڵەمان نەبێت لە هەموو جێیەک ئاوارە و نامۆ و غەوارەین و خوێنمان خۆڕاییە.

بەکاریی پشتیوانی و دژایەتی

بەکاریی پشتیوانی و دژایەتی
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ئێستا دەزانین دەبێت سەر بە چ بەرەیەک بین، بەڵام چۆن پشتیوانی لە بەرەی خۆمان بکەین؟

پشتیوانی پڕۆسەیەکە هەم لە بونیادنان و بەهێزکردنی خۆت پێک هاتووە، هەم لە ڕێگری و دژایەتیی نەیاریش پێک هاتووە. واتە دەبێت لە هەردوو سەرەوە چالاک بیت.

بە نموونەیەکی بینەکی بنەمای پشتیوانی و دژایەتی ڕوون دەکەمەوە:

ئاماری خۆڕسکی پشتیوانی

وای دادەنێین چوار کۆمەڵ خەڵک هەن. ناویان دەنێین ئێ، بێ، پێ، تێ. ژمارەی ئەندامەکانیان یەکسان نین، بەڵکو بەم جۆرەن: ئێ: ٣٨؛ بێ ٤١٤، پێ: ٦٤؛ تێ ٤٥. هەر یەکێک لەم کۆمەڵە بەرهەمێک بەرهەم دەهێنن. لەبەر نموونەکە دەڵێین بەرهەمەکە یاریزانێکی تۆپتۆپێنە و هی هەر چواریان ڕێک لە هەمان ئاستدان. گریمان ١٠٪ی هەر یەکێکیان پشتگیری لە یاریزانەکەی خۆیان دەکەن. ئەوا ژمارەی پشتیوانانی هەر یەکێکیان بەم جۆرە دەردەچێت: یاریزانەکەی ئێ: ٤؛ بێ ٤١، پێ: ٦؛ تێ ٤. واتە با یاریزانەکەی کۆمەڵەی ئێ لە هەمان ئاستی ئەوانی تریشدا بێت، بەڵام بە خۆڕسکی لە هەموویان کەمتر پشتیوانی دەبێت، یاریزانەکەی کۆمەڵەی بێ لە هەموویان زیاتر.

واتە یاریزانەکەی بێ یازدە ئەوەندەی یاریزانەکەی ئێ پێشتر دەکەوێت و هەلی مانەوە و بەرەوپێشچوونی زیاترە. یاریزانەکەی پێ نزیکەی دوو ئەوەندەی یاریزانەکەی ئێ پێشتر دەکەوێت و هەلی مانەوە و بەرەوپێشچوونی زیاترە. یاریزانەکەی تێ-ش کەموزۆر هاوشێوەی یاریزانەکەی ئێیە.

بەڵام لە نێو کۆمەڵەی ئێدا ٢٠٪یان دەبنە هاندەری یاریزانەکەی بێ، ٢٠٪یان هاندەری یاریزانەکەی پێ،٢٠٪یان هاندەری یاریزانەکەی تێ. ئەو کاتە ژمارەی پشتیوانەکان بەم جۆرەی لێ دێت: ئێ: ٤؛ بێ ٤٩؛ پێ: ١٤؛ تێ ١٢.

واتە یاریزانەکەی بێ سێزدە ئەوەندەی یاریزانەکەی ئێ پێشتر دەکەوێت و هەلی مانەوە و بەرەوپێشچوونی زیاترە. یاریزانەکەی پێ نزیکەی چوار ئەوەندەی یاریزانەکەی ئێ، یاریزانەکەی تێ-ش نزیکەی سێ ئەوەندەی یاریزانەکەی ئێ.

زیانەکە دوو هێندەیە!

            ئەگەر ورد ببیتەوە، دەبینیت کاتێک بیست لە سەدی بەرەی ئێ دەڕۆنە سەر بەرەکانی تر، بەرەی ئێ تەنها بیست لە سەد لە دەست نادات، بەڵکو چل لە سەد لە دەست دەدات. چونکە بیست لە سەد لە خۆی کەم بووەتەوە و بیست لە سەدی خۆی لە ڕکابەرەکەی زیاد بووە.

واتە بە سادەیی: کاتێک سەربازێک لە بەرەی تۆ بڕوات و بچێتە بەرەی دوژمنتەوە، تۆ هەم سەربازێک لە دەست دەدەیت، هەم دوژمنەکەت سەربازێک زیاتر دەکات. واتە زیانەکە دوو هێندەیە.

ئەم نموونەیەی پیشانم دان نموونەیەکی زۆر سادەکراوی ڕوونکەرەوە بوو بۆ دۆخی کورد لە پشتیوانییدا. ئەگەر دەتەوێت بزانیت پەیوەندیی بە کورد و کوردستانەوە چییە، لەگەڵم بمێنەوە، پێت دەڵێم.

نموونەکە کورد و نەیارەکانیەتی

نموونەکە کورد و نەیارەکانیەتی
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

لەو نموونەیەدا بەرەی ئێ کوردە، بێ عەرەبە، پێ فارسە، تێ تورکە. ژمارەکەیانم بە گوێرەی ئاماری بەردەستی سەر ئینتەرنێت داناوە کە دەڵێت لە ٢٤ وڵاتدا، واتە ٢٢ وڵاتی بەعەرەبکراو و ئێران و تورکیا، ئەوەندە کورد و عەرەب و فارس و تورک هەن. لە بری هەر ملیۆن کەسێک کەسێکم داناوە. بێگومان ژمارەکان ورد و خشت و دروست نین، بەڵام لانیکەم ئینتەرنێت حاشای لێ ناکات کە بە کۆی ئەو ٢٤ وڵاتە ٣٨ ملیۆن کوردیان تێدایە.

مەبەستەکە ئەوەیە کە برەو بە هونەری فارس دەدەیت، تەنها یەک زیان لە هونەری کورد نادەیت، کە خۆی بێ هیچ شتێک لە زیاندایە، بەڵکو دوو زیان دەدەیت: ژمارەیەک لە برەودەرانی هونەری نەتەوەکەت کەم دەکەیتەوە، ژمارەیەک لە برەودەرانی هونەری نەیاری نەتەوەکەت زیاد دەکەیت. تۆ لە ژیاندا کاتێکی سنووردارت هەیە، دەکرێت ئەو کاتە بۆ برەودان بە بەردارانی نەتەوەی خۆت تەرخان بکەیت، نەک پشتیوانیی نەیار و ڕکابەرەکانمان بکەیت.3

جا لەو نموونەیەدا تەنها ئاماژەم بە ژمارەی ئەوان دا، کە کورد لەگەڵیاندا یەکسان نییە. ئاماژەم بەو ئامرازە گرنگانە نەدا کە ئەوان هەیانە و ئێمەی کورد نیمانە، کە گرنگترینیان دەوڵەتە. دەوڵەت شائامرازی پشتیوانییە لە نەتەوە و بەرهەمەکانی و ئاسایشەکەی. بە درێژی باسی گرنگیی دەوڵەتم کردووە، دەنگەکە تۆمارە و لە تیلیگرامەکەمدا هەیە.

پشتیوانیی خۆمان تاکە چارەیە

ئێمەی کورد چارێکی ترمان نییە جگە لە ئاوڕدانەوە لە خۆمان، واتە کورد و کوردستان. ئەگەر بمانەوێت پێش بکەوین، دەبێت بزانین لە چ بەرەیەکداین. دەبێت فێر ببین پێشترێتی بدەین بە پشتیوانی لە خۆمان و بەرهەمەکانمان.

ئەگەر پێشت وایە بەرهەمەکانی کورد لە ئاستی چاوەڕوانکراودا نین و جۆرێتییەکەیان باش نییە، هەر نابێت بچیتە بەرەکانی ترەوە، چونکە ئەوە ناپاکییە. بەڵکو دەبێت هەر لەم بەرەیەدا بمێنیەوە و بچیتە نێو جومگەکانەوە و کار بۆ چاککردنیان بکەیت. پێت وایە هونەرمەندەکەت، بەرهەمهێنەکەت، تیپەکەت، باش نین؟ بە پشتیوانی باشیان بکە. سبەی تۆش شتێک بەرهەم دەهێنیت و پێویستت بە پشتیوانیی نەتەوەکەت دەبێت. ئەو کاتەی نەتەوەکەت ئاوڕت لێ ناداتەوە تێدەگەیت چەند ناخۆش بوو کە تۆش ئاوڕت لە نەتەوەکەت نەدەدایەوە! باشترین ڕێ بۆ یارمەتیدانی خۆت یارمەتیدانی هاونەتەوەکەتە.

تۆ دەبێت لە ماڵی خۆتدا بژییت بۆ ئەوەی هەم جوانییەکان و هەم کێشەکانی نێو ماڵەکەت بزانیت چین. ئەگەر لە ماڵەکەتدا نەژییت نازانیت لە کوێ ئاو لە دیوارەوە دزە دەکات، لە کوێ کارەبا شۆرتی تێدایە. ئەگەر تۆش بەردەوام لە هزرتدا لە جێی تر بیت ناتوانیت نە جوانییەکانی کورد و کوردستان ببینیت، نە کێشەکانیشی ببینیت. بۆیە کێشەکانیشیت پێ چارە ناکرێن.

تۆی کورد کە بەردەوام بە دوای هونەری عەرەب و فارس و تورک و ئەوروپی و ئەمریکییەوە بیت، لە کوێ دەتوانیت هونەری خۆت پێش بخەیت و دەستت لە سەرخستنیدا هەبێت؟ یان ئەگەر نەتەوەکەت هونەر و هونەرمەندێکی نایابی تێدا بێت، لە کوێ دەتوانیت بیاندۆزیتەوە ئەگەر تۆ چاو و بیناییت هەر لەوێ نەبێت؟

لایەنی من

لایەنی من
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

من لایەنی خۆمم هەڵبژاردووە: لایەنگری کوردستانی سەربەخۆ و بەرژەوەندیی کوردستانم. ئەوەندەی بۆم دەکرێت برەو بە وشە و هونەر و وێژە و وەرزش و نەریت و زانست و بەرهەمی کورد و کوردستانی دەدەم. ئەوەندەی ئاوەزم پێی بشکێت، ناهێڵم هەرگیز داگیرکەر وەک پردی پەڕینەوەی خۆی بۆ نێو زەینی کورد بە کارم بهێنێت. ناهێڵم داگیرکەر لە ژێر هیچ ناو و دروشمێکدا من بۆ تێکدانی ئاسایشی کۆمەڵایەتیی کوردستان و لێکترازاندنی کورد و کورد بە کار بهێنێت.

کوردستانەکەم منی بۆ ڕاژەی خۆی بەرهەم هێناوە، نەک بۆ ئارایشتکردنی لمۆزی دوژمنانی. بۆ ئەوە بەرهەمی نەهێناوم لێی ڕابکەم و زمانەکەی فڕێ بدەم و نەریت و چاندەکەی قەڵاچۆ بکەم و پشتی تێ بکەم و خۆمم پێ جیهانی و میهانی بێت. من کوردم و کوردستانییم.

خوازیاری ئەوپەڕی سەربەرزیی کوردستانم. پێم خۆشە کوردستان لە سەد ساڵی داهاتوودا نەک تەنها ببێت بە دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بەڵکو ببێت بە زلهێزی جیهان. بە گوێرەی توانای خۆیشم کار بۆ ئەوە دەکەم. پێشم وایە کوردستان دەتوانێت ببێت بە زلهێزی جیهان، بەڵام تاکە مەرج ئەوەیە زەینی داگیرکراوی کورد ئازاد ببێت و بهێنرێتەوە سەر ڕێی بەرژەوەندیی کوردستان. کورد تەنها لە پەنجەرەی کوردستانەوە دونیا ببینێت ئیتر لە سەرگەردانیی هزری ڕزگاری دەبێت.

سەربەرزیترین شت بۆ هەر مرۆڤێک ئەوەیە پشتی بەرەی خۆی بگرێت. چۆن بەڕێزترین دایک ئەو دایکەیە کە لە پشتی منداڵەکانی دەوەستێت و وایان لێ دەکات لە جیهاندا بدرەوشێنەوە، ئاوهاش بەڕێزترین کورد ئەو کوردەیە لە پشت کوردستان دەوەستێت و بە ناوی کوردستانەوە دەیدرەوشێنێتەوە.

خۆ دەشزانم چ بەرهەمی کوردی، چ لایەنی کوردی هەموویان بێخەوش نین، بێگەرد نین، بێ کەموکووڕی نین. بەڵام وێڕای ئەوانەش هەر پشتیوانیانم، چون پشتیوانی وا دەکات کەمەکەمە چاکسازییش ڕوو بدات.

ئەگەر هەموو کوردستانییە باشەکان خۆیان بدزنەوە و نەیانەوێت هیچ پریشکێکی خراپەیان بەربکەوێت، گۆڕەپانەکە بۆ بەدکارە ناکوردستانییەکان چۆڵ دەبێت و ئەوان ئەوەندەی تر بارودۆخی خۆمان و منداڵمان خراپتر دەکەن. بۆیە بەشداریی ئێمەی کوردستانی پێویستە، وێڕای کەموکووڕییەکان. ئەمڕۆ خراپە، بەڵام بە پشتیوانیی یەکتر باشی دەکەین.

تاکە شت کاری بۆ دەکەم کوردستانیزمە و دەمەوێت بەسەر هەموو پڕۆژەیەکی تری وەک گلۆباڵیزم، ئێرانیزم، عێراقیزم، تورکیاییزم، سووریاییزم، ئوممەییزم، نازانمچییزم، سەری بخەم. دژایەتیی هەموو بەرەیەک دەکەم ببنە مەترسی بۆ کوردستانیزم. هیوادارم بەرەی ئێوەش بەرەی کوردستان بێت و بێن هاوشانی من ئەم بەرەیە سەر بخەین.

تەنانەت ئەگەرچی دژی بەدکارییم، دژی بەدکارییم، دژی بەدکارییم، بەڵام مادەم بەدکاری هەر هەیە، لە نێو بەدکارەکانی جیهانیشدا، بە دڵ پێم خۆشە بەدکاری کورد و کوردستانی لە بەدکارەکانی جیهان بباتەوە، چون هیچ نەبێت ئەمیان بەدکاری خۆمە.

کۆتایی و دەرئەنجام

کۆتایی و دەرئەنجام
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان هەیە. پەیوەندییەکەیان لە کاریگەریی ئاساییەوە تا ئاستی توواندنەوەی تەواوەتیی دەڕوات.

وتەی «هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە» هەڵەیە. هونەر لە نێو سنووری دەوڵەتدایە. هەموو شتێکی نێو دەوڵەتیش لە کۆتاییدا دەبێتەوە بە موڵکی دەوڵەتەکە. دەوڵەتیش بە پلەی یەکەم هی ئەوەیە کە سەروەرییەکەیی پێیە.

بۆیە لەگەڵ کرانەوەی سنووری دەوڵەتێک بە ڕووی جیهاندا دەرگا لەسەر هونەرەکەشی دەکرێتەوە. کە سنووری لێ داخرا، یان هونەرەکەیشی لە ناو دەبەن، یان لێی دەدزن. بە دەربڕینێکی تر: هونەری هەر دەوڵەتێک کەموزۆر لەگەڵ سنووری دەسەڵاتی دەوڵەتەکەدا دەڕوات.

بۆ نموونە ئەمریکا لەبەر ئەوەی لە هەموو جیهاندا دەسەڵاتدارە، هونەرەکەشی دەچێتە هەموو جیهانەوە. بەڵام کورد لەبەر ئەوەی دەوڵەت و دەسەڵاتی نێودەوڵەتیی نییە، هونەرەکەشی قەتیس کراوە. بۆیە ئەوەی بۆ ئەمریکا و ئەوروپا و دەوڵەتانی تر ڕاستە بۆ تۆی کوردی بێ دەوڵەت ڕاست نییە.

ئەگەر دەوڵەتی بەهێزت هەبێت ڕەنگە بتپارێزێت لە ئەگەری توواندنەوەت بە چاندی دوژمن. بەڵام کە نەتبوو، زۆربەی کات پەیوەندییە چاندییە نێونەتەوەییەکان تاکلایەنە دەبن. واتە دەوڵەتێکی تر کاریگەریت لەسەر دادەنێت، بەڵام تۆ ناتوانیت بارتەقای کاریگەریی ئەو لەسەر تۆ کاریگەریی لەسەر ئەو دابنێیت. ڕەنگە ئەوەشت لێ ببات کە هەتە و بۆ سوودی خۆیی بە کار بهێنێت. تۆیش هەر بۆ خۆت دڵی خۆت بەوە خۆش دەکەیت کە ئەوەی ئەوی بەرز کردووەتەوە کوردە.

ئێمە لەمەشمان کەم نییە. یەکێک لە دامەزرێنەرانی تورکیا و زۆرینەی دامەزرێنەرانی سوپای عێراق کورد بوون. کورد دەتوانێت شتی گەورە بکات، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بۆ خۆیی ناکات. کوردی شاسازی نەتەوەی تر بە کەڵکی کوردستان نایەت. تۆش مەبە بە یەکێک لەوان.

جیهانی خەیاڵی چارە نییە

دروستکردنی جیهانی خەیاڵی دادمان نادات کێشەکانی ئەم جیهانە کەتوارییە چارە بکەین. بەڵکو خۆدزینەوەیە لە دونیا و جوانی و ناشیرینییەکانی، دادپەروەری و ستەمەکانی، ڕووناکی و تاریکییەکانی. پێوەری جیهانی خەیاڵی بە کەڵکمان نایەت. جیهان لە کەتواردایە. کەتوار شوێنی خەباتە.

تۆی کورد ئەگەر هونەریشت پێ بێسنوور و جوانە، بۆ ڕاژە و سەربەرزیی کوردستان بە کاری بهێنە. تۆ بەڕێوەبەری جوانیی جیهان نیت. هەر فریاش ناکەویت جوانیی جیهان تەی بکەیت. بەڵام ڕەنگە بتوانیت یارمەتیی نەتەوەکەت بدەیت بەوەی جوانییەکانی بدرەوشێنیتەوە. تۆ تەمەنێکی سنووردارت هەیە، بۆ تاتایە ناژییت. لە کاتی کورد و کوردستان مەدە بە برەودان بە چاندی بێگانە. ئەو کات و وزە سنووردارەت کە بۆ جیهانت تەرخان کردووە بۆ کورد و کوردستانی تەرخان بکەیت باشترە. خەمت نەبێت، نەتەوەکانی تر گشتیان خەمخۆری خۆیانیان هەیە. هەر کوردە چاوی لە دەستی تۆیە و تۆش خۆت و هزرت لە هەموو جێیەکن کوردستان نەبێت.


  1. لە بەرەبەیانی ٢ی ئاداری ٢٠٢٥ دەستم کرد بە نووسینی. وەک وەڵامی وتاری هونەر و داهێنانی کوردی-ی خۆم. لە بەرەبەیانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٥دا تەواوم کرد. ↩︎
  2. لە نووسینی ئەم بەشەدا سێ کۆپلەی تریشم نووسی، بەڵام لەبەر تۆمارکردن جێی نەبووەوە، بەڵام لێرە دایاندەنێمەوە:
    هەر لەبەر ئەمەیە دەڵێین کورد ناتوانێت لە بیابان بژیێت، کورد فێری ئاسمانی شین و باران و بەفر و بەهاری سەوز و پایزی زێڕی و جریوەی چۆلەکە و بینینی ئەستێرەی ئاسمان و جلی ئاڵوواڵا و هەموو ئەمانەیە. تەنانەت ئەمانە لە زۆربەی هەرە زۆری هۆنراوە و گۆرانییەکانیشماندا هەن. لە سەدان جێی سەر ئەم زەوییە ئاسمان شین نییە، باران و بەفر نابارێن، بەهار و پایز نابینرێن، چۆلەکە و کەو و هۆزاری لێ نییە، کەس جلی ئاڵوواڵا لە بەر ناکات، شەوان ئەستێرە بە ئاسمانیانەوە دیار نییە.
    هەر بۆیە ئەو قسەیەی دەڵێت: «تەنها پێڵاوەکانم من بەم نیشتمانە دەبەستێتەوە» هەڵەیە، وا نییە. نیشتمانت لە نێو هزرتدا ڕەگی داکوتیوە. بچیتە هەر جێیەک وێنەیەکی هزرەکییت بۆ ماڵەوە و زێد و نیشتمانت هەیە.
    خودی خۆم ئێستاشی پێوە بێت هەزاران گۆرانیی عەرەبی دەزانم، چونکە منداڵییم بە گەنوگووی عەرەبی ئاخنراوە. بەڵام سێ ساڵە خەریکم هەر هەموویان فڕێ دەدەم. ماڵە هزرەکییەکەم لە شتی داگیرکەر پاک دەکەمەوە، ئەو جێیەشی پێم پاک نەکرایەوە دەیڕووخێنم و کووخێکی کوردستانیی تێدا چێ دەکەم. دەشتوانم بڵێم تا ئێستا زۆر سەرکەوتوو بووم. ↩︎
  3. بە دەربڕینێکی ئەریستۆتێلیسییانە: بە پشتیوانیت لە بەرەی بەرانبەر لە هێزی شیانیی بەرەی خۆت کەم دەکەیتەوە و دەبیتە هێزی کامگیریی بەرەی بەرانبەر. ئەوەی بە ئینگلی پێی دەوترێت ئاکچواڵیتی و پۆتێنشیاڵیتی. ↩︎

ئاساییە هەمووان ببنە شیکەرەوە

ئاساییە هەمووان ببنە شیکەرەوە1

ئەو کەسە کەسە، ها!

ئەو کەسە بیست و شەش ساڵە زیندانییە. نەک ڕێبەری گەلێک، بەڵکو کەسێکی نەدیو و نەناس و هیچکارەش بووایە خەڵک بایی ئەوەندە زانینخوازییەکەی دەورووژا کە بیەوێت بزانێت کەسێک دوای بیست و شەش ساڵ بێدەنگی چی شتێک دەڵێت و گوێیان بۆ پەیامەکە شل دەکرد و لەسەری دەدوان.

پاشان وتەکانی ئەو کەسە لای زۆر کەس و-وەک شتێکی وەک پەیامی ئاسمانی وەردەگیرێن و ئەمانە. خەڵکانێکی زۆر هەن لەسەر وتەی ئەو کەسە خۆیان شتێک لێ دەکەن، شتێکی و-وەک ئەوەی خۆیان بە کوشت دەدەن.

پەیامەکە، شتەکە هینێکە و ئەمانە

ئەوەی ئەو کەسە باسی لێوە دەکات، پەیامەکە، هینێکە و ئەمانە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر چارەنووسی لانیکەم هەشتا نەوەد ملیۆن کەسی ئەمڕۆ هەیە و ئەمانە. ناڕاستەوخۆش تا سەدان و دوو سەد و ئەوەندەش ساڵ کاریگەریی لەسەر ژیان و چارەنووسی منداڵ و نەوەی نەوەمان دەبێت و ئاوها.

ئەو کەسە و کەسەکانی تری دەوری و دووری باسی… باس لە شتێکی زۆر سەیر و سەمەرە و گوماناوی و بەڵاجەوی و سەرسووڕمێنەر دەکەن. باس لە شتێک دەکەن، پەیامەکە ، ئەها، ئەزانی چی و ئەمانە، وەکو، ئەها، وەک، وەکو وەکو فاڵ دێتە بەر گوێی لایەک لە کورد و ئەمانە، یەکێک لەوانە خۆم. شتێکە و هینێکە و ئەوەیەکە و لای کەس ڕوون و ئاشکرا نییە و زۆر لێڵ و لیخن و شلوێیە. شتێکە، هینێکە، ئەوەیەکە، ناچێت بە مێشکی ٩٩٪ی خەڵکی سەر زەوی و ئەمانە. شتێکە، ئەها، هینێکە تا ڕادەیەکی زۆر لە فێڵ و ئەمانە دەچێت.

ئیتر کاکە خەڵکیش قسە دەکات و ئەمانە

بۆیە ئەگەر هەموو خەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەمانەدا، منداڵ تا پیر، شارەزا تا نەشارەزا، ئاگادار تا بێئاگا، بە دروستی و بە نادروستی، بە ڕێکی و بە خواری، بە هەڵە و بە ڕاست لەسەری بنووسن و بڵێن و بکۆڵنەوە، ئاساییە.

خۆ ئەو کەسە و کەسەکانی تری دەوری و دووری کە پێشوازی لە پەیامەکە دەکەن خەڵکی هەسارەیەکی تر نین. ئەم کەسانە باسی شتێکی زۆر تایبەت بە خۆیان ناکەن. بۆ نموونە باسی ئەوە ناکەن کە دەبێت فۆنتی نووسینەوەی نۆتەی جاز چۆن بێت تا هەموو خەڵک لەسەری نەڵێن. ئەو کەسە و کەسەکانی تری دەوری و دووری باسی چارەنووسی نەتەوەیەک دەکەن، کە ئێمەین و ئەمانە.

ئینجا با بێینە سەر ئەو زیانانەی لەسەر ئەو کەسە لە خودی خۆم کەوتوون: لەسەر ئەو کەسە و ئەمانە و ئەوەی من وا لێی تێگەیشتبووم کە دۆزی ئەو کەسەیە و ئەمانە (کە هەڵە بووم و ئەمانە) دوو هەژماری فەیسبووکم سووتێنراون! هەزاران نامە و پۆست و وێنە و نووسینم لەسەر ئەو کەسە تیاچوون و ئەمانە. هەر منیش نیم و نەبووم، لایەک و چەندێک بڵێم ئەوەندە لە کورد لەسەر تەنها وێنەی ئەو کەسە هەژماری سووتێنراوە. دەتانەوێت ئێستا شتێک نەڵێین و ئەمانە؟

ئەی تۆ چی دەڵێیت و ئەمانە؟ من… من دەڵێم ئاو و ئاگر ئامانیان نییە و ئەمانە.

ئەم پەیامە وەڵامە بۆ ئەو بەڕێزانەی گلەیی دەکەن لەوەی کە ئەمە چییە ئەم هەموو کەسە بوونەتە شیکەرەوەی سیاسی لەسەر وتەکانی ئەو کەسە و ئەمانە.


  1. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا نووسیومە. ↩︎

پشتیوانی لە زمانی کوردی

پشتیوانی لە زمانی کوردی1

ئینگلەکان و شکۆ

هەندێک کەس دەڵێن: «مادەم ئینگلی(زی) ئەوەندە زمانێکی دەوڵەمەند و گەورە و بەشکۆیە، کەواتە با کوردی لابدەین و هەموومان ئینگلی(زی) فێر ببین». (تێبینی: من پێم دروستترە بوترێت ئینگلی، نەک ئینگلیزی، لەسەریشیم نووسیوە، دەتوانن بیخوێننەوە). بەهەرحاڵ، بەڵام داخۆ ئایا زمانی ئینگلی هەمیشە ئەم شکۆیەی هەبووە؟ یان داخۆ ئەگەر شکۆی هەیە، ئەم شکۆیەی لە کوێوە هێناوە؟

خێزانە خانەدان و ناوخاسەکانی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا وەک نیشانەیەک بۆ خانەدانێتی و ناوخاسییان، دەسەڵات ئاڕمێکی پێیان دەدا تا پێی بناسرێنەوە. بەم ئاڕمە دەوترێت: کۆت ئۆف ئاڕمس (coat of arms) و بە کوردی ئێمە بە «خانەداننیشان» وەریدەگێڕین.

جا خانەوادەی ویلیەم شێکسپیر (ڕەنگە بە هاندانی ویلیەم-ی گەورەنووسەر بووبێت کە جۆن-ی باوکی هەوڵی بەدەستهێنانی ئەم خانەداننیشانەی داوە)، کە شانازیی زمانی ئینگلییە و لای زۆربەی شارەزایان بە مەزنترین نووسەری زمانەکەیان دادەنرێت، ئەم خانەداننیشانەیان وەرگرتووە.

لە ژێر خانەداننیشانەکەدا نووسراوە: نۆن سانز درۆیکت non sanz droit، کە بە زمانی فەڕەنسیی کۆن نووسراوە و بە واتای شتێکی وەک: «بێماف نین» دێت.

مەبەستم ئەوەیە ئینگلەکانی ئەوسا زمانی فەڕەنسیی کۆنیان لا شکۆمەند بووە، نەک ئینگلی. بە جۆرێک کە ئامادە بوون دروشمی سەر ئاڕمی مەزنترین نووسەرەکەیان بە ئینگلی نەبێت، بەڵکو بە فەڕەنسیی کۆن بێت.

پاشان ئینگلەکان وردەوردە بە جۆرێک شکۆ دەدەن بە زمانەکەی خۆیان، کە ئێستا تەنها زانینی ئینگلی ملیۆنان هەلی کار دەڕەخسێنێت. ئێمەی کوردیش دەتوانین کارێکی هاوشێوە بۆ زمانی کوردی بکەین. بەڵام سەدان ساڵی تر نەوە و نەوەی نەوەکانمان لە بەری پشتیوانی و هەڵوێست و ڕەنجی ئێمە دەخۆن.

چی نرخ و شکۆ دەدات؟

ڕاستە دەرەوەی خۆت کاریگەریی لەسەر نرخ و بەها و شکۆی ئەو شتانە دروست دەکات کە تۆ هەتن. بە نموونە: دەکرێت نەتەوەکانی تر وا بکەن ئەوەی تۆ هەتە بێنرخ و بێبەها و بێشکۆی بکەن. بەڵام هەڵوێستی تۆ زۆر گرنگە لە گۆڕینی ئەم هەڕەشەیەدا. چون مرۆڤ خۆیشی دەتوانێت بەشدار بێت لە پێدانی بەها و نرخ و شکۆ بەوەی هەیەتی، ئەگەریش هەموو جیهان لە دژی کار بکەن. بەڵام هەر ئەو مرۆڤەش دەتوانێت لەگەڵ دەستە دەرەکییەکەدا بەها و نرخ و شکۆ لەوانە بستێنێتەوە کە هەنی و هەڕاج و هەرزانفرۆشیان بکات.

هەر ئێمەش وەک نەتەوەی کورد دەتوانین شکۆ و نرخ بدەین بە زمانمان، یان لێی بستێنینەوە. واتە یان پشتیوانیی لێ بکەین، یان هەرزانفرۆش و هەڕاجی بکەین. جا ئەگەر بێویست و بێهەڵوێست بین، ئەوا بە دەستی خۆمان زمانەکەمان دەکوژین. بەڵام ئەگەر لێهاتوو و بەتەنگەوەهاتوو بین، ئەوا ڕەنگە بتوانین کارێک بکەین ڕۆژێک لە ڕۆژان جگە لە خۆمان، هەموو جیهان بە زمانی ئێمە بدوێن. ئەمە لە خۆیەوە دروست نابێت، ئەمە بەرهەمی ئەو هەڵوێست و ویستە دەبێت کە تۆ ئەمڕۆ دەیانگریتە بەر.

ئەگەر ئێمەی کورد لە هەموو شوێنێکدا لە پشت زمانی خۆمانەوە بوەستین و داکۆکیی لێ بکەین، ئەوا لە سەد ساڵی داهاتوودا زمانەکەمان دەبێت بە زمانێکی ڕکابەری زمانە پڕئاخێوەرەکانی جیهان. وای لێ دێت تاکی کورد، تەنها بە زانینی زمانەکە بتوانێت هەلی کاری دەست بکەوێت و زمانەکە ببێتە سەرچاوەی دارایی بۆ نەوەکانمان. هەروەها نە عەرەبی و نە هیچ زمانێکی تر لە ئایندەدا ناتوانن شوێن بە کوردی لەق بکەن و ئاخێوەرەکانی برسی بکەن و ناچاریان بکەن ئەگەر زمانی داگیرکەر نەزانن، ئیتر کاریان دەست نەکەوێت. بەڵام ئەمە بە هەرەوەزی و کۆڵنەدان دەکرێت.

ئاخێوەرانی زمانی کوردی دەتوانن شکۆ بە زمانی کوردی بدەن

زمانی ئینگلی شکۆی لەوێوە هێناوە کە ئاخێوەرەکانی کەم نەیاننرخاندووە و لە پشتی وەستاون. کە هیندستانیان داگیر کردووە، ئەمان سەد هەزار کەسێک بوون، ئەوان ملیۆنان کەس بوون، بەڵام وتوویانە: «دەبێت ئەم ملیۆنان خەڵکە بە زمانی ئێمە بدوێن!». ئەمە پشتیوانییە. عەرەبەکان کە هاتن ئەم ناوچانەیان داگیر کرد، خۆ ئەوان گوایە بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی خودا هاتبوون و باشتر بوو بە زمانی ئێمە بدوێن تا پەیامەکەمان تێبگەیەنن، کەچی لەوێدا لە پشت زمانی خۆیان وەستان و وتیان: «دەبێت هەموو ئەم داگیرکراوانە بە زمانی ئێمە بدوێن». کورد بوونایە دەیانوت: «بە زمانی ئەوان دەدوێین، بۆ ئەوەی تێبگەن!». یان «بە زمانی ئەوان دەدوێین، چون ئەوان زۆرترن!». گەرچی زۆربەی کوردان لە بەرانبەر کەمینەشدا هەر زمانی خۆیان دەگۆڕن!

ڕەنگە عەرەب و ئینگلەکان خۆیشیان وێنای ئەوەیان نەکردبێت کە بە پشتیوانییەکەیان زمانەکانیان وەها ڕەگ دابکوتن. بەڵگەش هەیە بۆ ئەمە: زمانی فەڕەنسی لای ئینگلەکان ئەوەندە زمانێکی شکۆمەند بووە، کە تا ئێستاش بە ئینگلی بە زمانی فەرمی دەڵێن: «لینگوا فڕانکا». لینگوا فڕانکا دەستەواژەیەکی ئیتالییە، بە واتای: «زمانی فەڕەنسی» دێت! فەرهەنگی کۆلینز نموونەی ڕستەیەکت دەداتێ کە دەڵێت: «English is rapidly becoming the lingua franca of Asia»، واتە: «ئینگلی وا بە خێرایی دەبێت بە زمانی فەڕەنسیی ئاسیا!». ئەم دەربڕینە هەر نوکتەیە! وەکو ئەوە وایە بڵێیت: دووشەممان هەینیمانە! لەبەر ئەوەی تۆ وشەت نەبێت بۆ پشوو!

پەیوەندیی نێوان شکۆ و متمانە پەیوەندییەکی سەیرە، متمانە شکۆ دروست دەکات و شکۆش متمانە دروست دەکات، یەکتر تەواو دەکەن. دەکرێت دروستیش بکرێن، بۆیە زۆر گرنگە متمانەت بە خۆت و زمانەکەت هەبێت، شکۆیشی پێ بدەیت، تا دواتر هەردووکیانی لێ بدوریتەوە.

کەوتووەتە سەر ئێمە

هەندێک کەس دەڵێن کە زمانی کوردی کەموکووڕە و بە کەڵک نایەت. بەڵام پێم وایە کەموکووڕییەکە لە زمانی کوردیدا نییە، بەڵکو لە ئێمەی ئاخێوەرەکانیدایە. بۆ نموونە فارس، بەو زمانەی ناوی ناوە فارسی، کە نەوەد لە سەدی عەرەبی و کوردییە و ئەوەی تری تێکەڵەی زمانی ترە، زڕەزمانێکی دروست کردووە و بەسەر هەموو نەتەوە داگیرکراوەکانیدای سەپاندووە. ئێمەش زمانێکی مەزن و نایابمان هەیە و فڕێمان داوە!

بابەتەکە گەورە و بچووکیی زمانەکە نییە، بەڵکو ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین چی لەم زمانە دروست بکەین. واتە بابەتەکە ویست و هەڵوێست و دەستڕەنگینیمانە لە بەرانبەر بێویستی و بێهەڵوێستی و دەستمردووییماندا.

خۆشبەختانە ویست و هەڵوێست و دەستڕەنگینی شتگەلێکن دەکرێت فێریان ببین. وەنەبێت نەشمانبووبن، هەمانبوون، بەڵام لە زۆرێکماندا کز بوون، چون زۆربەمان خۆمانمان لە بیر براوەتەوە، خۆمانمان لێ ون کراوە. هەموو دونیا دەبینین، خۆمان نەبێت، کێشە و ستەمدیدەیی هەموو دونیا دەبینین، هی خۆمان نەبێت. دەشتوانین بە شانازییەوە لە زمانی هەموو دونیادا قاڵ بین، هی خۆمان نەبێت!

بەڵام دەکرێت لەمەودوا ئاوڕ لە خۆمان بدەینەوە و خۆمان ببینین. دڵنیاتان دەکەم ئەگەر متمانەمان بە خۆمان هەبێت، زمانێکی زۆر مەزنمان لەبەردەمدایە و دەتوانین کاری زۆر گەورەی پێ بکەین.

بەڵام دەبێت ئەمڕۆ زمانی کوردی هەڵببژێرین و بڕیار بدەین هەموو شت بە زمانی کوردی بکەین. ئەو کاتە ئەگەر زمانەکە کەموکووڕییشی تێدا بێت دەتوانین ڕووبەڕوویان ببینەوە و چارەیان بکەین. بەڵام گەر ئێمە کوردی هەڵنەبژێرین، ئەوا ڕووبەڕووی کەموکووڕییەکانیشی نابینەوە و خۆمان لە هەموو چارەیەک دەدزینەوە و دەبینە پاشکۆی نەتەوەیەکی تر.

ئایا زمانی کوردی کەموکووڕە؟

تا شتێک بە کار نەهێنیت ڕووبەڕووی کەموکووڕی و کێشەکانیشی نابیتەوە. گەر نەژییت، چۆن ڕووبەڕووی کێشەکانی ژیان دەبیتەوە و چارەیان دەکەیت؟ زمانیش وایە. هەر زمانێک بە هۆی بەکارهێنانەوە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان دەبێتەوە و ئاخێوەرەکانی کێشەکانی چارە دەکەن، ئەوەی نییەتی بۆی دادەڕێژن، یان لێکیدەدەن، یان بۆی دەخوازن. هەموو ڕۆژێک بیر و شتی نوێ دێنە جیهانەوە، زمانیش هەوڵ دەدات جێی ئەم بیر و شتە نوێیانە لە خۆیدا بکاتەوە.

بۆ نموونە: هەمووی سەد و سی و هەشت ساڵە ئوتومبێل هەیە. عەرەب وشەی سەییارە-یان بۆی داناوە، کە وشەیەکی زۆر کۆنە و بە واتای گەڕۆک دێت، تەنانەت لە قورئاندا هەیە: «وَجَاءَتْ سَيَّارَةٌ فَأَرْسَلُواْ وَارِدَهُمْ فَأَدْلَى دَلْوَهُ» (یوسف: ١٩). ئینگلەکانیش هەمان شتیان کردووە، وشەی کاڕ car-یان بۆی داناوە کە هاوڕیشەی وشەی کاروان-ە، زۆر پێش ئوتومبێل بۆ گالیسکە بە کار هاتووە. شێکسپیریش وشەکەی بە کار هێناوە2.

واتە عەرەب و ئینگل وشەیەکی کۆنیان بۆ داهێنانێکی نوێ داناوە. کەچی ئەگەر کورد ناوی گەڕۆک-ی لە ئوتومبێل نابا، کە ڕەفیق حیلمی ناویەتی، هەر کوردەکەی خۆمان سەرکۆنەی دەکردین کە کوردی زمانێکی لاوازە. بەڵام بێ هیچ پرسیارێک لە عەرەبی و ئینگلیی پەسەند دەکەین و بە زمانەکانیان سەرسام دەبین، بەڵام ئەوەی خۆمانمان پێ کەمە.

ئەو کەسانەی وا دەڵێن هەڵەن لەبەر، یەکەم: خۆیان هیچ هەوڵێکی ئەوتۆیان لەگەڵ زمانی کوردیدا نەداوە و هەموو جێیەکی زمانەکەیان تاقی نەکردووەتەوە تا گەیشتبن بەو دەرئەنجامە. دووەم: بێ پرسیار خۆیان بۆ وشەی زمانی تر دەدەن بە دەستەوە و پەسەندی دەکەن، بەڵام بۆ هی زمانی خۆیان وا نین.

بۆ زمانێکی تر نەبێت؟

ڕەنگە بپرسیت: «بۆ کوردی بێت؟ بۆ زمانێکی تر نەبێت؟ خۆ هەمان کار دەکات». لەبەر ئەوەی وەک نەتەوە هیچ شکۆیەکت نابێت. دەتوانین شکۆکە لای عەرەب و فارس و تورک و ئینگلەوە بهێنین بۆ کورد و کوردستان.

بۆ کوردی بێت؟ چون کوردی هی خۆمانە، هەزاران ساڵ باوان و دایانمان بەم زمانەوە ماندوو بوون و بیریان پێ کردووەتەوە و پاراستوویانە، ئەرکمانە درێژە بەو پاراستنە بدەین و گەشەی پێ بدەین. زمانەکەمان تێڕوانینگەیەکی مێژوو و گەشەمانە. گرنگترین پایەی نەتەوایەتییمانە. ئەگەر زمانی کوردی نەمێنێت، کوردبوون و کوردستانیبوون بێپایە دەبن.

ئەم زمانە توانا و ویست و بڕیار و هەڵوێستی ڕابەرایەتیی ئێمە دەخاتە بەر تاقیکردنەوە. بەڵام زمانی نەتەوەی تر تەنها توانای شوێنکەوتەییمان دەخاتە بەر تاقیکردنەوە. چون ئێمە لە کوردیدا خاوەن و ڕابەر و پێشەواین، بەڵام بۆ زمانانی تر تەنها فێربووێکین.

وەک ئەوە وایە بڵێیت: «خۆ جامی جیهانی هەیە، قەیچێکە با ئەرجەنتین بیباتەوە!». ئەی بۆ تۆ نەیبەیتەوە؟ مێژوو تۆمار دەکەیت؛ متمانە بۆ خەڵکەکەت دەگەڕێنیتەوە؛ شکۆ بە هاووڵاتییانت دەدەیت؛ دەستت دەبێت لە دروستکردنی جیهاندا و هەر وا بینەرانە سەیر ناکەیت یەکێکی تر ژیان بەو جۆرە بنەخشێنێت کە خۆی دەیەوێت.

خۆ ڕاستە، ئێمەش نەبین پێشبڕکێکان هەر دەکرێن و خەڵکانی تر هەر تیایاندا بەشدار دەبن. بەڵام بۆ منداڵەکەی تۆ نەبێت کە دەیباتەوە؟ بەڵام بۆ ئەو بردنەوە و شکۆیە کارێکی درێژ و پشتیوانییەکی بەردەوامی چەند نەوەیەک پێویستە.

زمانی کوردی توانستەکەی هەیە

هەندێک کەس پێیان وایە زمانی کوردی زمانێکی لاوازە و کەڵکی ئەوەی نییە ببێتە زمانی کار، یان زمانی زانست. یان زمانەکە بەشی بیرکردنەوەکانیان ناکات. بەڵام ئەمە هیچ ڕاست نییە. زمانی کوردیش وەک هەر زمانێکی تر توانای داڕشتن و لێکدان و خواستنی وشەی هەیە.

کۆڕی زانیاریی کورد لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی پێشوودا هەزاران وشەی نوێیان هێنایە نێو کوردییەوە و دەیان هەزار منداڵ بەو وشە نوێیانە زانستیان خوێند. خۆم یەکێکم لەوانە. ئەگەر ئێستاش وشەیەکمان لە بەرانبەر زاراوەیەکی زانستیدا نەبێت، ئەگەر بڕیارمان دابێت بە کوردی بدوێین و بخوێنین، ئەوا بە ناچاری وشەیەکی نوێی یان بۆ دروست دەکەین، یان بۆی دادەڕێژین، یان لێکیدەدەین. یان لە خراپترین باردا: دەیخوازین.

پێم وایە بابەتەکە یان خۆبەکەمزانینە، یان نەزانینە. دەنا زمانی کوردی تەنها لەو هەزار وشەیە پێک نەهاتووە کە زۆربەی کوردە کوردینەزانەکان ئەوەندەی لێ دەزانن. ئەگەر هەر ئەوەندەش بێت، کە ئەوەندە نییە، دەتوانین فراوانتری بکەین و توانای داهێنانمان تاقی بکەینەوە. چون زمانەکە بەشی پێویست کەرەستەی پێکهاتنی نوێی پێمان داوە.

ئینگلیش لە سکی دایکیەوە (ئەگەر دایکی هەبووبێت و دایکی دووگیان بووبێت) وشە و زاراوەی بۆ زانستەکان نەبووە. بەڵکو ڕۆژێک وشەیان بۆیان دیاری کردووە. ئینگلی لانیکەم ٨٠٪ی وشەکانی لە گریکی و لاتینی خواستووە و هیچیان هی خۆی نین. بەڵام زۆر کورد کە یان ئینگلی نازانن، یان تەنها لە ئاستی ڕووکەشدا دەیزانن، وا دەزانن وشەکان ئینگلین و لەوەتەی دونیا هەیە هەن. لە کاتێکدا وا نییە. سەدان هەزار وشەی ئینگلی لە نێو فەرهەنگدا دەبینین کە چ ڕۆژێک بە دیاریکراوی دروست کراون، یان خوازراون.

زمان تێڕوانینگەیە و دەبێت بپارێزرێت

کە دەڵێم: «زمانەکەمان تێڕوانینگەیەکی مێژوو و گەشەمانە»، لە خۆمەوە وا ناڵێم. لە ڕاستیدا زمان تێڕوانینگەیەکە بۆ تێگەیشتنی زۆر بواری تریش. بۆ نموونە: کە لە زمانی کوردی دەڕوانیت و دەبینیت لە بیست تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بە هەزاران وشەی کوردیی پاراو یان دروست کراون، یان هی کۆن زیندوو کراونەتەوە، لەمەوە تێدەگەین کە لەو سەردەمەدا هۆشیارییەکی نەتەوەیی لە نێو کورددا بڵاو بووەتەوە کە لە زماندا ڕەنگی داوەتەوە. واتە ئەگەر مێژووش ون ببێت، زمانەکە ئاماژە و درکە و تیلنیشانت پێ دەدات بەوەی چی لەو سەردەمەدا گوزەراوە.

یان: کە عەرەب وشەی «سیاسە» بە کار دەهێنێت، کە وشەیەکی ئاژەڵدارییە و واتە ڕامکردنی حوشتر و ئەسپ و ئاژەڵ. لەمەوە تێدەگەیت کە ئەو لە بنەوەڕا تێڕوانینی بۆ ئەو بوارە ئەوەیە کە وەک ئاژەڵ ڕەشمە لە ملی خەڵک بکات و ڕامیان بکات. لە ڕاستیشدا لە کرداری زۆربەیاندا، بە تایبەتی بەرانبەر بە کورد، ئەمە ڕەنگی داوەتەوە. بەڵام دەبینیت گریکەکان وشەی پۆلیتیکی-یان بۆی داناوە بە واتای شارداری. لەمەوە تێدەگەیت کە لای ئەوان بوارەکە واتە هونەری بونیادنانی شار و شارستانێتی. لێرەدا زمان ئەوەت بۆ دەردەخات کە ئەم دوو نەتەوەیە چۆن لە بوارەکە تێگەیشتوون. هەر لەم ڕووەوەیە کە من خوازیارم وشەی ڕامیاری، کە وەرگێڕراوی سیاسە و پەتلەملکردنە عەرەبییەکەیە، لە کوردیدا بە کار نەیەت و ببێت بە وارگێڕی، بە واتای هونەری بەڕێوەبردنی وار. وار بە واتای وڵات.

دەبینیت، زمان دەتوانێت ببێتە پەنجەرەیەک، تێڕوانینگەیەک کە لێیەوە شتی تر ببینیت. بۆیە ئەگەر تەنها بۆ پاراستنی ئەم تێڕوانینگەیەش بووە، دەبێت هەموو زارەکانی کوردی بپارێزین.

زمان وەک سەرچاوەی داهات

ئەگەر وەبەرهێنان لە زماندا بکەین و پشتیوانیی لێ بکەین، سبەی دەبێتە سەرچاوەی داهات بۆ نەوەکانی دواترمان. وەک چۆن ئینگلی سەرچاوەی داهاتە بۆ نەوەکانی ئینگلەکان: ساڵانە بە ملیاران دۆلار بە زمانی ئینگلی پەیدا دەکرێت: بە تاقیکردنەوەی تۆیفڵ و ئایەڵتز، بە فێرکردنی خەڵکی تر، بە نووسین و هونەر و گۆرانی و زانست و زانیاری بە زمانی ئینگلی.

کە ئینگلێک چەندین جار لە ئێمە زیاتر هەلی کاری هەیە، لە خۆوە نییە، ڕاستە بەشێکی لە ئەنجامی هێزی ئابوورییەوەیە، بەڵام کرۆکەکە لە ئەنجامی ئەو پشتیوانی و داکۆکییەی ئینگلەکانە بۆ زمانەکەیان. چون مەرج نییە تەنها هێزی ئابوورییەکەت زمانەکەت بکات بە زمانی سەرەکیی جیهان، بەڵکو ئاگایی پێویستە. کورد دەستسڕ دروست، چپس دروست دەکات، بە کوردی لەسەریان نانووسێت! چون ئاگاییە نەتەوەیی و چاندی و زمانییەکەی نییە.

پشتیوانی و داکۆکی پشوودرێژیی دەوێت، باوەڕێکیشی دەوێت بەوەی کە نەتەوەکەت دەتوانێت پێشبکەوێت و هەر لەم دۆخەدا نەمێنێتەوە. ڕاستە ئەمڕۆ ناتوانین جیهان داگیر بکەین، بەڵام خۆ دەتوانین لە پشت زمانەکەمان بوەستین و شکۆ و هێزی جەماوەریی پێ بدەین. دەزانین بەم حاڵەی ئەمڕۆی نەتەوەکەمانەوە کوردی نابێت بە زمانی سەرەکیی جیهان. بەڵام کێ نازانێت لە سەدان ساڵی ئایندەدا کورد ئەوەندە بەهێز نابێت کە بتوانێت جیهان بە ڕێوە ببات؟ ئێمە بە هیوای ئەو ڕۆژە زمانەکەمان بۆ نەوەکانی داهاتوو ئامادە دەکەین تا بیکەن بە زمانی سەرەکیی جیهان. دەبێت خۆمان نرخ بۆ زمانمان دابنێین، نابێت چاوەڕێی نەتەوەکانی تر بین. باوەڕت بێت و کاری بۆ بکە، ڕەنگە بێتە دی. نەشهاتە دی، چیت لە دەست چووە؟ سەربەرزیت بەرانبەر نەتەوە و نەوەکانی داهاتووی نەتەوەکەت.

ئاخر لێمان تێناگەن!

ئەم هەوڵدانە زۆرەی ئێمەی کورد بۆ پەیامناردن و تێگەیاندنی نەیارەکانمانم زۆر لا سەیرە. پێم وایە ئێمە ئەمەندە دەمێکە پەیام دەنێرین و هەوڵی تێگەیاندنی ئەوانی تر دەدەین، کە شوێنی خۆمان لە بیر چووەتەوە و چیتر نازانین دەمانەوێت ئەوان لە چی تێبگەیەنین! زۆر گرنگی بەوە دەدەین خەڵکانی تر لێمان تێبگەن. کابرا هاتووەتە شارەکەمانەوە و داگیری کردووە، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی ئەو لێمان زویر نەبێت، یەکسەر زمانی خۆمانی بۆ دەگۆڕین و بۆی دەکەین بە قوربانی. لە کاتێکدا داگیرکەرەکەمان خۆی تەنها فێری وەڵامی «چۆنی»ی کوردی نەکردووە و بێزی نایەت وشەیەک کوردی بڵێت!

ئێمە هەر خەریکین زمانی خۆمان دەکەین بە قوربانیی «تێگەیشتن»ی دوژمنەکانمان. لە کاتێکدا هەرگیز دوژمنەکانمان لە ئێمە تێنەگەیشتوون، تێشگەیشتبن دۆخمانیان بۆ گرنگ نەبووە!

تێگەیشتن لە ویستەوە دێت. من زمانی لاتینی و ئیتالی نازانم، بەڵام ویستی تێگەیشتنم لە وێرگیلیۆس و دانتێ هەیە، بۆیە خۆم فێری لاتینی و ئیتالی دەکەم. داگیرکەرەکانمان ویستی تێگەیشتنیان لە ئێمە نییە.

پێت وایە فارس و عەرەب و تورک نازانن نەتەوەکەتیان داگیر کردووە؟ خاکتیان داگیر کردووە؟ سەرچاوەی سرووشتیی خاکی تۆ بە تاڵان دەبەن؟ نازانن کە زمانەکەت دەکوژن؟ پێویستە پێیان بڵێین: «مەکە، بەقوربان»؟ زۆر چاک دەزانن، بەڵام هەر دەیکەن. ئەگەر نەشزانن، بۆیان گرنگ نییە. بۆیە بە بڕوای من ئەو هەموو وزەیەی ئێمە تەرخانمان کردووە بۆ تێگەیاندنی نەیارەکانمان زۆربەی بە فیڕۆ دەچێت. دەکرێت ئەو وزەیە، یان بەشێکی، بۆ جێیەکی تر تەرخان بکەین. ناڵێم تێگەیاندنیان گرنگ نییە، بەڵکو دەڵێم زۆر خەریکی ئەم شتەین. ئێمە دەبێت ویستی سەربەخۆییمان هەبێت لە هەموو ڕووێکەوە، کار بۆ شکۆمەندکردنی خۆمان بکەین. ئەوان تێناگەن، کێشەی خۆیانە، سەدان ساڵە تێنەگەیشتوون، با هەر تێنەگەن.


  1. کۆی ئەم کورتەنووسینانەم بۆ مەبەستی ڕیل (کورتەوڤیدیۆ)ی ئینستاگرام نووسیوە. لە نزیکی ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٤ەوە خەریک بووم تا ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤ و هەر دەیانم بە ڤیدیۆ تۆمار کرد. ↩︎
  2. تیتوس ئەندرۆنیکوس، هێنریی پێنجەم، یەکەم هێنریی شەشەم، سێیەم هێنریی شەشەم، ڕیچاردی سێیەم، خەونی شەوێکی چلەی هاوین، ئەنتۆنیۆس و کلیۆپاترا، سیمبێلین، دوو خانەدانەکەی ڤێرۆنا. ↩︎

ئەلفوبێی هاوبەش

ئەلفوبێی هاوبەش1

سەرچاوەی فرەیی ئەلفوبێ

کە لە کۆتایی نەوەدەکانەوە ئینتەرنێت بە جیهاندا بڵاو بووەوە و کوردستانی گرتەوە، ئەو پیتانەی نەدەخوێندەوە کە پێیان دەڵێین پیتە ئارامی یان کەنعانی یان عەرەبییەکان، کە کوردییش بە گۆڕاوێکی ئەو پیتانە دەنووسرێت. بەڵکو تەنها ئەلفوبێی لاتینیی دەخوێندەوە. بۆیە زۆربەی نەتەوەکان لە چات و نامەدا ناچار بوون جۆرە ئەلفوبێیەک دابهێنن کە بە پیتە لاتینییەکان دەنووسرا. ئێمەی کوردیش ئەم ئەلفوبێیەمان بە کار هێنا و پێمان دەوت: «کوردیی لاتینی». بەڵام لەو ئەلفوبێ لاتینییە چەسپاوەی بۆ جێگرەوەی ئەلفوبێی ئارامی دانراوە جودایە، واتە ئێمە بە دوو جۆر ئەلفوبێ دەڵێین «لاتینی»، یەکێکیان لاتینیی چاتە، ئەوی تریان ئەلفوبێیەکی چەسپاوی لاتینییە، کە ئێستانان زیاتر کورمانجیی پێ دەنووسرێت. لەگەڵ ئەم ڤیدیۆیەدا نموونەی هەر سێ ئەلفوبێکەتان بۆ دادەنێم.

نابێت هەر یەکەی بە ئەلفوبێیەکی جیاواز بنووسێت!

فرەئەلفوبێیی زیانێکی گەورەی لە زمانی کوردی و ئامادەییەکەی لەسەر ئینتەرنێت داوە. بۆیە تکاتان لێ دەکەم با وەکو ئەرکێکی نیشتمانی بەرانبەر زمانمان، بە تەواوی دەستبەرداری ئەلفوبێی لاتینیی چاتە کۆنەکە ببین و ساڵی ٢٠٢٤ بکەین بە دوایین ساڵ کە بەو ئەلفوبێ زیانبەخشە نووسیومانە. تاکئەلفوبێیی زۆر گرنگە بۆ یەکخستنی نەتەوەییمان، هەروەها بۆ پەرەدان بە ئامادەیی زمانی کوردی لەسەر ئینتەرنێتیش هەر گرنگە.

هەر ماوەیەکە و ڕادێیت

کە سەرەتا لەو ئەلفوبێیەوە دێیتە سەر ئەلفوبێ چەسپاوەکە بڕێک خاو دەبیت. بەڵام دڵنیا بە ئەوەندە ناخایەنێت کە خێرا دەبیت و ڕادێیت، خۆم وام کردووە و ڕاهاتووم. هەر کەسێکی نزیکیشت بەو ئەلفوبێیە بۆی نووسیت بە ڕێزەوە تکای لێ بکە کە بە ئەلفوبێ یەکگرتووە چەسپاوەکە بنووسێت.

تکایە وەک ئەرکێکی نیشتمانی بەشدار بە لە تاکئەلفوبێییدا.

نموونەی ئەلفوبێ جیاوازەکان:

ئەمە ئەلفوبێی یەکگرتووی چەسپاوی کوردییە، کە پێی دەوترێت «ئەلفوبێی ئارامی»، یان «ئەلفوبێی عەرەبی». وا دیارە عەرەبەکان لە ئارامییان وەرگرتبێت و ئەوانیش لە کەنعانییان وەرگرتبێت و دەستکارییان کردبێت و لەگەڵ زمانەکانی خۆیاندا گونجاندبێتیان. ئێمەش لە عەرەبییەوە وەرمانگرتووە و لەگەڵ کوردیدا گونجاندوومانە. بە ڕای من باشترین و دروستترین ڕێنووسە و ملیاران دێڕ نووسینمان بەم ئەلفوبێیە هەیە. بۆیە پێویستە بهێڵرێتەوە و تەنها ئەمەش بە کار بهێنرێت، چون بە ڕاستی هیچ پێویست نییە بگۆڕرێت و کۆڵێک پارەی زیادە لە خۆڕا بە فیڕۆ بدەین.

Ama alfueby latiniy chata ka pewista ba zutrin kat kotayi pe bhenret w nahelret. Barhamy saratay internet bu, belam zyani zori dawa. tkaya ba kari mahena. Har kas bam alfubeya namay bom nardbet walamim nadawatawa, chunka ba bereziy dazanm. Handek kas zhmarashyan tekali krdwa, bo nmuna danusn 7ayaman 4u!

‘eme ‘elfubêy latînîy çespawe ke ‘êstanan zyatr kurmancîy pê denûsrêt. Min wek Newa legeļ ‘em ‘elfubêyeş nîm, çun ta ’êsta hîç ařgûmêntêkî başim nebîstwe bo pêwîstbûnî. Beļam hêşta her lew latînîy çate baştire.


  1. لە ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٤دا نووسیومە، لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

فینالێ: دەمەوێت ببم بە…

فینالێ: دەمەوێت ببم بە…1

لە منداڵییدا تەنها یەک ئاواتم هەبوو، ئەویش ئەوە بوو ببم بە گۆرانیبێژ. پێم وا بوو بۆ ئەوە لە دایک بووم ببم بە گۆرانیبێژ. داخەکەم هیچ تۆمارێکی دەنگی و ڤیدیۆیی ئەو سەردەمەم نەماوە تا لە هۆشی ئێستامەوە لە خۆمی ئەو کاتە بڕوانم و بزانم چەندێک شیاویی ئەوەم تێدا بووە ببم بە گۆرانیبێژ. بەڵام بە گوێرەی هەستی خۆم بووبێت، کە چێژێکی ئێجگار زۆرم لە گۆرانیبێژی دەدی، هەروەها بە گوێرەی کاردانەوەی مامۆستا و هاوپۆلەکانی قوتابخانەی سەرەتاییم بێت، کە ڕەنگە بە هەڵەش لە یادمدا مابێتنەوە، هەست دەکەم لە گۆرانیدا باش بووبێتم. هەر زووش خولیای فێربوونی موزیکم بۆ دروست بوو. دیارە بە هۆی کاک کارزانی برام و هاوڕێکانیەوە موزیک بە ماڵی ئێمە نامۆ نەبوو.

لە منداڵییمەوە موزیک بە ماڵی ئێمە نامۆ نەبووە.
لە منداڵییمەوە موزیک بە ماڵی ئێمە نامۆ نەبووە.

ڕۆژی منداڵانی جیهان

کاک کارزانی برام ماوەیەک بردمیە نێو کۆڕی تیپی هونەری منداڵانەوە. لە دوو سێ پڕۆڤەدا بەشداریم کرد و لەگەڵ منداڵانی تردا گۆرانیی منداڵانم دەبێژا. لە ١ی حوزەیرانێکدا، کە باش بە بیرم نایەت هی ساڵی ١٩٩٧ بوو یان ١٩٩٨ بوو، بردمانیانە سەر پشتی لۆرییەک و بە شاڕێی سالمدا گێڕایانین. نازانم ئایا پشتی لۆرییەکە بچووک بوو، یان ئێمەی گۆرانیبێژانی نێو کۆڕەکە ئەوەندە زۆر بووین، چون من لە سەرپەڕ بووم و بە هەزار شەڕەشەق جێم دەبووەوە. پێشتر بۆ یەک جاریش بووبێت نەچووبوومە سەر پشتی لۆری. ئامادەکارانی ئەو ئاهەنگەش هیچ پڕۆڤەیەکیان لەسەر پشتی لۆری بە ئێمە نەکردبوو. ئێستا دەزانم کە هیچ مەرجێکی سەلامەتی لە ئاهەنگەکەماندا نەبوو.

لۆریی چی؟ هەر تایەیەکی دوو ئەوەندەی من دەبوو. ئاگام لە چواردەوری خۆم نەمابوو، زۆریش نەدەپرژامە سەر گۆرانییەکان، تاکە ئامانجم ببوو بەوەی لەسەر لۆرییەکە نەکەومە خوارەوە. سەرئەنجامیش: من کەروێشکێکی پەم پەم پەم پام، خرپنم، پەرەرەرەرەرەرەم، وریا و گوێقوت و پەم پەم پەم شڵپ. لە لۆری کەوتمە خوارەوە. لەو قەرەباڵغییەدا کەس پێمی نەزانی کەوتووم، ئەوەندەش کەسێکی دیار و ناسراو نەبووم کە بە نەمانم کەس هەست بە نەمانم بکات و جێم دیار بێت، هەر جێم نەبوو تا ئەگەر ڕۆیشتم دیار بێت!

وێنەیەکی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد، تا ڕادەیەک دیمەنێکی هاوشێوەی نمایشی ڕۆژی منداڵانی جیهانی ئەو ساڵە پیشان دەدات.
وێنەیەکی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد، تا ڕادەیەک دیمەنێکی هاوشێوەی نمایشی ڕۆژی منداڵانی جیهانی ئەو ساڵە پیشان دەدات.

کەس لەسەر تۆ ناوەستێت!

سەرەتا کە کەوتم وام دەزانی هەمووان ئاگایان لێم دەبێت و دەوەستن و ڕێم دەدەن بچمەوە نێو کۆڕەکە. من کەوتووم، دەبێت جیهان لەسەرم بوەستێت تا هەڵدەستمەوە، من منداڵم و ئەمڕۆ ڕۆژی منداڵانی جیهانە و پەیامی ئاشتییمان بۆ هەموو جیهان پێیە. بەڵام لۆری هەر دەڕۆیشت و خەڵکەکەش هەر سەیری منداڵەکانی خۆیان و ئەوانی تریان دەکرد و هیچ چاوێک منی کەوتوو و بەجێماوی نەدەدی. خودی دیاردەکەش لای خەڵک ئەوەندە سەیر بوو کە کەس سەرنجی وردەکارییەکەی نەدەدا. باش بە بیرم نایەت، بەڵام لە یادەوەریمدا ئاهەنگەکە بۆ من لێرەدا تەواو بوو. پێشم وا بێت گەڕامەوە بۆ ماڵەوە، چون ماڵمان لە شوێنی کەوتنەکەمەوە نزیک بوو. ئەو کەوتنە کۆتایی پەیوەندیی من و تیپی هونەری منداڵان بوو.

ویستم ببم بە ژەنیاری عوود

پاشان لە نەورۆزی ١٩٩٩دا کامکارەکان هاتن بۆ سلێمانی و لە ٢٥ی مارس و ڕۆژانی دواییدا کۆنسێرتیان پێشکەش کرد. بە هۆی کاک کارزانی برامەوە توانیم (وا بزانم) دوو ڕۆژ بچم بۆ کۆنسێرتەکەیان. سەرلەنوێ خولیای گۆرانی و موزیک تیامدا بزووتەوە. نەمدەتوانی بیر لەوە نەکەمەوە کە دەشێت ڕۆژێک منیش کۆنسێرتێکی وا بکەم و گۆرانی بۆ خەڵک ببێژم و خەڵک بێن بە دیارمەوە دابنیشن. بێ هۆیەکی دیاریکراو، لە نێو هەموو کامکارەکاندا شەیدای ئەرسەلان کامکار بووم و حەزم دەکرد منیش وەک ئەو عوود بژەنم.

ئینجا لە براکەم پاڕامەوە فێری موزیکم بکات. ئەویش بردمیە لای مامۆستا عادل حەمەکەریم، ماڵی هەمیشە ئاوەدان بێت، ئەو هاوینە چوومە فێرگەکەی مامۆستا عادل و چەند وانەیەکی سەرەتایی عوودی پێم دا. بەڵام زۆری نەبرد لە یاریی تۆپتۆپێنی کۆڵاندا دەستم درزی برد و مانگێک لە گەچیان گرت. ئەمە ناچاری کردم لە پڕۆڤە داببڕێم.

پاشانیش خۆرگیرانی گەورەی ١١ی ئابی ١٩٩٩ ڕووی دا، کە مانگێک بوو بە تاسووقەوە خۆمانمان بۆی ئامادە کردبوو. داخەکەم، ئەو دیاردەیەی زۆر تامەزرۆی بووم، خۆم بە باشی نەمدی. ئەو ڕۆژە تووشی هەوبوونی ڕیخۆڵەکوێرە بووم و بەیانی تا ئێوارە دەمناڵاند و دووقەد ببووم. کە لە دوانیوەڕۆدا بە تەواوی لێم دیاریی دا، بەپەلە بە بەڕازیلییەکی تەکسی بردمیان بۆ خەستەخانە و نەشتەرگەریم بۆ کرا. نەشتەرگەرییەک بە نرخی لەدەستدانی بینینی خۆرگیران. پاش هەڵستانەوەم لە نەشتەرگەرییش چیتر نەچوومەوە بۆ خولی فێربوونی موزیک. هەرگیزیش ڕووبەڕوو سوپاسی مامۆستا عادلم نەکرد لە بەرانبەر ئەو هەوڵانەدا کە لەگەڵمدا دانی. بەڵام ئێستا خوازیارم بەم دێڕانە سوپاسگوزاریی خۆمی پێشکەش بکەم کە ئەگەرچی زۆر کەم یەکترمان دیوە، بەڵام یەکێک بووە لە کەسە میهرەبانەکان لەگەڵمدا، کە لەو سەردەمەدا خەڵکی میهرەبان لەگەڵ منداڵدا زۆر دەگمەن بوون.

قەیرانی ئاوات

ئاواتی گۆرانیبێژی و موزیک لە ناخمدا هەر مابوون، بەڵام دەستی دەرەکی وردەوردە ئەم ئاواتەی تێمدا خستە قەیرانەوە. ئەو کاتە نەمدەزانی پیشەی گۆرانیبێژی گرێدراوی ئەوەندە قەدەغە و بڤە و مەکە و حەرام و نادروست و بێهوودەیی و نابێت و نابووتی و بێپارەیی و بێڕێزی و بێشکۆیی و سووکایەتییە. بەڵام دەستە دەرەکییەکان هەموو ئەم واتا لاوەکییانەیان بە ئاواتی گۆرانیبێژییمدا هەڵواسی. بۆیە وردەوردە لە هەرزەکاریمدا ئاواتەکەم بە تەواوی کەوتە قەیرانەوە. خۆیشم نەمدەزانی دەمەوێت ببم بە چی.

خێزانەکەم پیشەی پارێزەرییان بە باڵای ئایندەمدا دوریبوو. ئەم و ئەویش پیشە و خولیای «ڕێکوپێک»ی تریان بۆم پێشنیار کردبوو و ئایندەی منیان بە زۆر لێ مارە کردبوو. لە ئەویندارێک دەچووم کە گراوییەکەی لە دەست دابێت و لەگەڵ هەزاران یاری تردا دەستلەملان بێت و هەر ئەو گراوییەی لە خەیاڵدا بێت کە لە دەستی داوە. شەو تا بەیان دەستلەملانی ئاواتێک بووم کە هی خۆم نەبوو. لێ من خەستە و دەردەداری ئاواتێکی دێرینم بووم!2 چەند ساڵێک لە نێو زریانی ئەم وێڵییەدا گێژوخول و تەپاوتلم دا.

تا ساوا و منداڵیت تێر فێری ئش ئش ئشەکەت دەکەن و هەڵتدەپەڕێنن و هانت دەدەن گۆرانی ببێژیت، چونکە قشتیت. هەر پاش چەند ساڵێک بە شەق هەموو ئەم هاندانانەت لێ دەردەهێننەوە و ناهێڵن بە لای موزیک و گۆرانی و سەمادا بچیت. کە لە شوێنێکیش شتێک دەڵێیت یەکسەر دەکێشن بە ناوی دەمتدا و دەڵێن: «بێدەنگ بە!».

ترۆپکی قەیرانی ئاوات

ساڵی ٢٠٠٦ گەیشتبوومە ترۆپکی قەیرانی ئاوات و ئامانج. ڕۆژبەڕۆژ زیاتر هەستم بە بێنرخیی خۆم و کاتەکانم و ئایندەم دەکرد. ڕۆژبەڕۆژ زیاتر هەستم دەکرد ئایندەم بارێکی قورسە بەسەر شانمەوە، چون ئایندەیەکم دەبێت کە خۆم حەزی پێ ناکەم. تا ڕۆژێکی هاوینی ئەو ساڵە کە بە تەنیا سەرەوگێڕ لە بێهوودەیدا پاڵکەوتبووم، بیرم لەوە دەکردەوە ببم بە چی؟ لەناکاو کەوتمە نێو پەڕتووکەکانی کاک کارزانی برام و پەڕتووکێکم لەسەر ژیانی لودڤیگ ڤان بێتهۆڤن دۆزییەوە. وردەوردە ئەم پەڕتووکەم خوێندەوە. دواتر زۆر بە خراپی وەریشمگێڕا و لەگەڵ هەندێک پەڕتووکی تردا تێکەڵاوم کرد. داخەکەم بڵاویش کرایەوە، کە ئێستا تەنها بینینی بەرگی پەڕتووکەکە لە تەوقی سەر تا پەنجەی پێ شەرمەزارم دەکات.

گرنگیی ژیاننامەی بێتهۆڤن بۆ من لەوەدا بوو کە لە لایەک دووبارە خولیای موزیکی تێمدا گەشاندەوە، لە لایەکی تریش تا ڕادەیەک لە نزیکەوە هەندێک شت لەسەر بلیمەتانی موزیک فێر بووم. لە هەموویان سەیرتر ئەوە بوو کە زۆرینەیان پیانۆژەن بوون، کە من خولیام بۆی نەبوو.

ئەو هاوینە بڕیار ئازاد-ی هاوڕێی پێشووی قوتابخانەمم دی. ئەو ئەو کاتە چووبووە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، بەشی موزیک. لێیم پرسی: «بۆچی باخ، مۆتسارت، بێتهۆڤن، شۆپان، چایکۆڤسکی… تد. هەموو ئەمانە ژەنیاری پیانۆ بوون؟». وەڵامی دامەوە و وتی: «فێربوونی پیانۆ بۆ موزیکدانان ئێجگار گرنگە و بە ئاسانی فێری تێکەڵکردنی دەنگت دەکات، کە هاوکارێکی باشە بۆ زانستی هاڕمۆنی و ئەمانە». ئینجا سی دیی بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری پێم دا، بەرنامەیەک بوو، ناوی: «فینالێ» بوو. وتی: «دەتوانیت بەم بەرنامەیە نۆتە بنووسیتەوە».

فینالێ

فینالێ وشەیەکی ئیتالییە، بە واتای «کۆتایی» دێت. بەڵام هەر وا بە ئیتالی هاتووەتە نێو زاراوەکانی موزیکەوە، بە واتای کۆتایی ژەندن دێت، ئەو بەشەی پێش ئەوەی بیسەران چەپڵە لێبدەن. بۆ نموونە بە دوایین بەشی سیمفۆنی دەوترێت «فینالێ».

جا من ئەم بەرنامەیەم لەسەر لاپتۆپەکەم دابەزاند (بە کراککراوی: واتە پارەم بە کۆمپانیای دروستکەرەکەی نەدابوو). ئینجا لە خۆمەوە دەستم کرد بە نووسینەوەی نۆتە. ئەم بەرنامەیە بوو بە ئالوودەییم و ڕۆژی وا هەبوو چواردە کاژێر بێ دابڕان لەسەر ئەم بەرنامەیە خەریکی نووسینەوەی نۆتە بووم. پاشان وەکو پڕۆڤەی فێربوونی نۆتە، نۆتەی موزیکدانەرە گەورەکانی وەک فڕانز لیست و بێتهۆڤن و شۆپان و ئەمانەم دەهێنا و سەرلەنوێ بەم بەرنامەیە نۆتەکانیانم دەنووسییەوە. بەرنامەکە دەیتوانی نۆتەکە بخوێنێتەوە و بە دەنگیش دەریانبکاتەوە. لەم گەشتەدا فێری زۆر شت بووم. هەر ئاوها فێری نووسین و خوێندنەوەی نۆتە بووم. پاشتریش لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا کەوتمە فێربوونی پیانۆ. لەو کاتەوە تا ئێستا ڕەنگە هەزاران کاژێرم لەسەر ئەم بەرنامەیە بە سەر بردبێت و هەزاران موزیکی خۆم و موزیکدانەری ترم نووسیوەتەوە، کە زۆربەیان تەواو نەکراون.

ئەم بەرنامەیە چەند جارێک لەژێر دەستمدا تووشی کێشە هاتووە و «کراش»ی کردووە و بەری ڕەنجی چەند ڕۆژەم بە فیڕۆ چووە. یەکێک لەوانە یەکەم دانانی گۆرانیی بنوو بوو، کە لە ماڵپەڕەکەمدا لەسەریم نووسیوە و ئێستا گۆرانییەکە لە کەناڵی یوتیوبەکەمدا هەیە. بۆیە لە ساڵی ٢٠١٢دا بەرنامەکەم کڕی و لەو کاتەشەوە دوو ساڵ جارێک دەرکردە نوێترەکەیم دەکڕی. سەدان موزیکم بەم بەرنامەیە و بەرنامەی گاریتان-ی هاوەڵی بەرهەم هێناوە، لەوانە: سەمای جنۆکەکان و گۆرانیی جوانی، کە لە کەناڵی یوتیوبەکەمدا هەن.

ماڵئاوا فینالێ

سێشەممە، ٢٧ی ئابی ٢٠٢٤ کۆمپانیای مەیکمیوزیک، کە خاوەنی بەرنامەی فینالێیە، ڕایانگەیاند کە کۆتاییان بە بەرهەمهێنانی فینالێ هێنا. ئەو کەسانەی پێشتر بەرنامەکەیان بە کار دەهێنا هەر لایان کار دەکات، بەڵام بەرنامەکە چیتر کۆتایی هاتووە و پەرەی پێ نادرێت. ئەم هەواڵە هەژدە ساڵ بەکارهێنانی بەرنامەکە و ژیانی موزیکیی خۆمی هێنایەوە بیرم. سوپاسی هاوڕێم بڕیار ئازاد دەکەم کە ئەم بەرنامەیەی پێم ناساند. سوپاسی کۆمپانیای مەیکمیوزیکیش دەکەم و داوای لێبوردنیشیان لێ دەکەم کە چەندین ساڵ بەرنامەکەیانم بە کار هێناوە بێ ئەوەی پارەکەی بدەم.

ئاواتەکەم و لادرانم لە ڕێی ئاواتەکەم بەرەو زۆر جێیان بردم. ویستم ببمە گۆرانیبێژی ئۆپێرا، ئینجا پیانۆژەنی کۆنسێرت. دواجار کۆلێژی زمانم تەواو کرد، چون لە دوای موزیک حەزم لە وێژە و زمان بوو. ئینجا ویستم ببمە سینەماکار. ئەمە جگە لەوەی بۆ بژێویی ژیانیش شتێکی تر لە کۆمپیوتەر و کارگێڕی و بەڕێوەبردنی پڕۆژە فێر بووم. چەند گۆرانییەکم داناوە و بێژاومن و بڵاوم کردوونەتەوە، هەندێکیشم بڵاو نەکردووەتەوە. وا شەش ساڵیشە کاری وەرگێڕان دەکەم و دەنووسم. بووشمەتە داکۆکیکار لە زمان و چاند و ناسنامەی کوردی و خۆم وەک بەرگریکارێک لە داگیرکاریی زمانی و چاندی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوایەتیی کورد دەبینم.

گۆرانیۆس

لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە چیرۆکەکانی هۆنوسیاسم نووسی (کە هێشتا تەواوم نەکردوون)، ناسناوی «گۆرانیۆس»م لە هۆنوس نا. هۆنوس کەسێتیی ناوەندیی هەموو چیرۆکەکانە و کەموزۆر وێنەی وێژەیی خۆمە. لەبەر ئەوەش ئەو ناسناوەم لێی نا کە ئەگەر هۆنوس لە سەردەمی گریکی کۆندا ژیابا، ناو دەنرا: «گۆرانیۆس»، چون دەبوو بە خودای گۆرانی. ئێستاشی پێوە بێت، ئەگەر لە دونیایەکی بێگەردتردا بوومایە ئاوەزم بە هەندێک هەڕەشە نەشکایە، بێگومان تاکە ئاواتم گۆرانی و موزیک دەبوو. حەزم دەکرد هەموو شەوێک گۆرانیم بۆ خەڵک ببێژایە و موزیکم بۆیان ژەندبا و هەر لەوێشدا مردبام و هەر لەوێشدا نێژرابام. ئێستاش هەزاران گۆرانی لە ناو مندا هەن و چاوەڕێن هەلومەرج بڕەخسێت و دەریانبکەم. هەر گۆرانیبێژێک دەبینم حەز دەکەم باوەشی پێدا بکەم و ماچی بکەم، چون هەست دەکەم ئەو بە ئاواتی من گەیشتووە و لەو ژیانەدا دەژی کە من دەمەویست.

بەڵام بەرگری!

بەڵام ئێستانان دەرک بە زۆر هەڕەشە دەکەم لەسەر نەتەوەکەم. چەند وێژمانێکی کوشندە لە نێو هاوخوێنەکانمدا بڵاو بوونەتەوە کە بەرەبەرە لە ڕووی زمان و چاندەوە کورد لە ناو دەبەن. وێڕای ئەوەی وا لە ڕووی جوگرافیشەوە خەریکە لە ناو دەچین و بێئاگاکان چەپڵە بۆ ئەم لەناوچوونە لێدەدەن.

پێم وایە ئێمەی کورد بەم چەند وێژمانە کوشندەیەی ئێستا هەڵمانگرتوون، وەک منی سەر لۆرییەکە، کە بە هەزار شەڕەشەق لەسەر سەکۆی جیهان (و لۆرییەکە) جێمان بووەتەوە، شڵپ دەکەوینە خوار و هەر وەک منیش نە لۆری لەسەرمان دەوەستێت، نە چاوێکیش دەمانبینێت، نە موزیکیش لە سەرمان دەوەستێت تا گۆرانییەکەمان تەواو بکەین. با تا بەیانی پەیامی ئاشتیمان هەڵگرتبێت و دەنگمان زوڵاڵ بێت و بەهرەدار بین! ئەو چەند وێژمانەیشی پێم وایە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان پێکهاتوون لە: وێژمانی جیهانبازی، هەموومان مرۆڤین، هەموومان براین، بێلایەنی، بڕوابوون بەوەی گورگ و مەڕ پێکەوە ئاو بخۆنەوە، گرنگیدان بە هونەر و کار و بازاڕی و زانستی ڕووت بێ ئەوەی بزانین بۆچیمانن و چۆن لە ناومان دەبەن. ئێستانان ئەم وێژمانانە زەینی زۆرێک لە هاوخوێنەکانمیان تەواو داگیر کردووە.

فینالێ: ئێستا دەمەوێت…

فینالێ (لە کۆتاییدا: کە خۆم دژی ئەم دەربڕینەم، بەڵام بۆ مەبەستە ڕەوانبێژییەکەی بە کاری دەبەم): دەمەوێت دەستم هەبێت لە دەربازکردنی کوردان لەم بەنجانەی بەرەبەرە تێکەڵ بە خوێنیان دەکرێن. دەمەوێت دەستم هەبێت لە هێشتنەوە و بووژاندنەوەی بوونی زمانی و چاندی و نەریتیی کورددا. ئامانجمە مێز بە ڕووی مێژوودا ئاوەژوو بکەمەوە و ئەم جارە کورد و کوردستان بکەمە ناوەندی دونیا. یان لانیکەم دەستم هەبێت لەو ڕێڕێژی و ڕەنگڕێژییەدا. نابێت مرۆڤ لە نێوان خۆی و بکوژیدا بێلایەن بێت، شتێک نییە ناوی بێلایەنی بێت. بێلایەنی تەنها ڕێ بۆ لایەنی زۆردار خۆش دەکات زۆرلێکراو لە ناو ببات. بێلایەنی ئەوپەڕی لایەنگرتنی خراپەیە لە دونیادا. بۆیە دەمەوێت ببم بە (یەکێک لە) ڕێڕێژ و ڕەنگڕێژی سەربەخۆیی زەینیی کوردان. کورد لە نەخۆشیی ئەم بیرە کوشندانەی داگیرکەران دەرباز بکەم. ئەوەی پێم وایە مەترسیی گەورەیە لەسەر داگیرکاریی مێشکمان لە ناوی ببەم، یان لانیکەم کەمی بکەمەوە.

خوازیارم سەد ساڵ بە تەندروستییەوە (کە شتی وا ڕوو نادات) بژیم بۆ گەیشتن بەم ئاواتەم. ئاواتم سەندنەوەی کوردستانی هەرە گەورە و سەندنەوەی تۆڵەی هەموو ئەو ستەمانەیە کە لێمان کراون. ئاواتمە کورد لەو کوردستانەدا سەروەر بێت و دەسەڵاتی هەبێت و بەهێز بێت. ببێتە زلهێزی جیهان و تاکەکانی لە نێو خۆیاندا هەست بکەن ڕێز و شکۆیان هەیە. لە دیدی خۆیانەوە بڕواننە دونیا، ئەمان بە خەڵک بڵێن گوێ لە چی بگرن و نەگرن، نەک داگیرکەر پێیان بڵێت گوێ لە چی بگرن و نەگرن. لە لاشەوە هەر وا لابەلا خەریکی موزیک و گۆرانی دەبم، چون پێم وایە ئەو دووانە وزەی زەینییم پێ دەدەن بۆ ئاواتەکانم.


  1. لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٤دا نووسیومە. ↩︎
  2. [2] ئەمە دێڕێکی هۆنراوەی نۆن سوم کوالیس ئێرام بۆنای سوب ڕێنیۆ سینارایی-ی ئێرنست داوسن-ە. ↩︎

سەگی ڕەش و سپی هەر سەگن

سەگی ڕەش و سپی هەر سەگن1

با پێش هەموو شت بڵێم: پێم ناخۆشە ئاڵای داگیرکەرێکم لەسەر پیرەقەرات دی. هەر زۆریشم پێ ناخۆشە و پێم کارێکی خراپ بوو. هیچ بەرگرییەکی لێ ناکرێت، جگە لەوەی هەر پێشم پێویست نەبوو. کارەکەی سبەی شەویان تۆزێک باشتر بوو کە ئاڵای کوردستان و داگیرکەرێکی تریشیان بە تەنیشتیدا نمایش کرد. بەڵام هی یەکەم شەویان خراپ بوو و تەواو. بۆیە دەتوانین لەسەر ئەمە کۆک بین.

بەڵام مادەم ئەم ڕاڕەوەمان بۆ بینین و تێگەیشتن لە نیشتمان و خیانەت ئاواڵە کرد، کەواتە با هەر لەم قەڵشە کراوەیەوە سەیرێکی خۆیشمان بکەین. زۆربەمان بەو کارە سەرسام بووین، چون لە ساڵان و مانگان جارێک کراوە و دەکرێت و زۆر پێی نامۆ و نائاشناین. چۆن دەبێت ئاڵای کوردکوژستانێک هەڵبکەین؟ بەڵام لەملاوە هەر خۆمان ئاڵای دوو کوردکوژستانی ترمان هەڵکردووە و مێش میوانمان نییە! لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا ئاڵای ئەنفالچی و داگیرکەرمان هەڵکردووە و بەم ڕۆژگارە دەیبینین و هیچ سەرسام نابین. لە لایەک لەبەر ئەوەیە کە ئەوەندە دەمێکە هەڵکراون کە لامان ئاسایی بوونەتەوە. لە لایەکی تر لەبەر ئەوەی کەسانێک دێن و دەڵێن: «ئێمە بەشێکین لە ئێڕاق!». ئیتر لەژێر ئەم پاساوەدا ئیتر ئاساییە ئاڵای ئەم کوردکوژەی تریان بکەین بە هی خۆمان و خۆمان بە خەڵکی ئەو بزانین! چون مادەم تاوانکارانی مێژوو بە شەق و تۆپزی ئەوانیان هێناوەتە سەرمان، ئیتر کێشە نییە ئاڵای ئەو هەڵبکەین و بۆی بپاڕێینەوە و لێی بپاڕێینەوە!

 تەنها هەر ئەو داگیرکەرە؟

بەڵام هاونەتەوەی خۆشەویستم، خۆ ئەم کوردکوژانەی تریشت بە شەق و تۆپزی پێوە لکێنراوە و خاکەکەی تۆ دراوە بە ئەوان. خۆ بە خۆشیی خۆت نەبووە! بۆچی ئەمیان بە کێشە نازانیت و ئەویان بە کێشە دەزانیت؟ ئەمیان بە سەرشۆڕی نازانیت و ئەویان بە سەرشۆڕی؟ بۆ مەگەر ئەم نەفرەتییەی تر کەمی پێت کردووە؟! ئەگەر بەم پێودانگە بێت، کە ئەمیان ئاساییە، بەو پاساوە ناقۆڵایەی گوایە ئێمە بەشێکین لەوان (کە لە ڕاستیدا ئەوان داگیرکەری بەشێکی ئێمەن، نەک بە پێچەوانەوە)، کەواتە ئەگەر سبەی داگیرکەرەکەی باکووریش بە شەق باشوور بلکێنێت بە خۆیەوە، ئیتر تۆ دێیت و ئاڵای ئەویش هەڵدەبڕیت و کێشەت نابێت و دەڵێیت: «ئێمە بەشێکین لەوان»؟ ئێستا دەبینیت کێشەی ئەم وتەیە لە کوێدایە؟

زۆر خراپتر لەو کەسانەی لە پشت ئەو بڕیارەوە بوون کە بۆ چەند کاتژمێرێک لەسەر پیرەقەرات ئاڵای داگیرکەرێک ڕۆشن بکەنەوە، ئەو کەسانەن کە بە دڵ و بە گیان شەڕیان کرد بۆ ئەوەی لەسەر هەموو دامودەزگایەکی هەرێمی کوردستان ئاڵای ئەنفالچی هەڵبواسرێت. تەنها بۆ ئەوەی لە شکۆی هەرێم بدرێت. لەبەر ئەوەی هەڵکردنی ئاڵای ئەم کوردکوژەیان بۆ یەک شەو نەبوو، بەڵکو بە بەردەوامی بوو.

ئاڵا هەر ئاڵا نییە؟

کەواتە ئەی سەرسامەکان، بۆ وتەیەکتان لەم بارەیەوە نییە؟ بۆچی ئەمەیان ناتانهەژێنێت؟ بۆچی کۆڵانی ئەم گفتوگۆیە چۆڵوهۆڵە و تەنها من و چەند کەسێکی تەنیای وەک منی پێدا دەگوزەرێین؟ دە وەرنە ئەم باسەش، ئەمەیان خراپتریشە، چون بەردەوامە! هەر پاساوەکە ئەوەیە کە بەشێکین لە ئێڕاق؟ دەی ئێڕاق بەشێکە لە تۆی نەگبەتی خاکلێدزراوی زمانلێدزراوی چاندلێدزراوی مێژوولێدزراوی هەوالێدزراوی زیتوونلێدزراوی قاوەلێدزراوی نەوتلێدزراوی ئاولێدزراوی شکۆلێدزراوی ژیانلێدزراوی هەمووشتلێدزراو! دەی بۆ چاوت لە ئاست ئەمیاندا شۆڕە بڵێیت: «هەزاران ساڵ بەر لە پێوقەیەمی شوومی تۆ ئەم خاکە زێد و نیشتمانی من و باوان و دایانم بووە. تۆ هاتوویت داگیرت کردووە و ئێستاش خۆتت کردووە بە کەڵەگا بە سەرمەوە. دەی ئاڵای من لەسەر هەموو جێیەکی ئەم خاکە داگیرکراوە بشەکێننەوە»؟

بۆیە ئەگەر پێت وایە تەنها ئەوە سەرشۆڕییە کە بۆ شەوێک ئاڵای داگیرکەری باکوور هەڵبکرێت، با پێت بڵێم: تۆ هەموو چرکەیەک سەرت لەژێر ئاڵای داگیرکەری باشووردا شۆڕ کراوە و ورتەش ناکەیت و شانازییشی پێوە دەکەیت. دەی هەمان ئەو مافی سەرشۆڕبوونەی خۆت بەو کەسەش بدە کە دەیەوێت بۆ شەوێک سەری لەژێر ئاڵای داگیرکەرێکی تردا شۆڕ بکات.

جا با بێمە سەر خودی خۆت

پێشەکی

ئینجا ئێستا ڕووی وتەکانم ڕێک ئاراستەی تۆ وەک تاکەکەس دەکەم. بەڵام دەبێت پێش ئەوە شتێک بە ڕوونی بڵێم: هونەر و وارگێڕی (سیاسەت) زۆر تێکەڵن، ئەوەی پێمانی وتووە: «هونەر پەیوەندیی نییە بەسەر وارگێڕییەوە»، هەڵەی فەرمووە و بە هەڵە تێگەیشتووە. من خۆیشم باوەڕم بەم وتە هەڵەیە هەبووە، زۆربەی ژیانمم لەسەر بنەمای ئەم وتە هەڵخڵەتێنەرە و ناکەتوارییە بە ڕێ کردووە. بۆیە چاک فریوی ئەم وتەیەم خواردووە. ئەمریکا هەموو دونیای لە ڕێی سینەما و گۆرانی و چاندی خۆیەوە داگیر کردووە. ئەمە جەنگی چاندە و پێی دەوترێت «نەرمەهێز» و لە فیشەک کوشندەتر ژێردەستە دەکوژێت و خەڵک داگیر دەکات. بەڵام جیاوازییەکی لەگەڵ فیشەکدا ئەوەیە کە ئەمیان خاوتر دەتکوژێت، بەڵام کە دەتکوژێت لاشە و شوێنەوارێکت لە پاش بە جێ ناهێڵێت و تەواو لە زەلکاوی داگیرکەرەکەتدا دەتتوێنێتەوە.

عێران بەشێکی گەورەی باشووری کوردستانی بە تەواوەتی لە ڕووی گۆرانی و فەرهەنگەوە داگیر کردووە. ئێستا جیاوازییەک لە نێوان هەندێک تاکی باشووریی و ئاخوند و تڕیشابازێکدا نەماوە، ڕێک دەڵێیت جرجێکن و کراون بە سێ کەرتی یەکسانەوە! پێشتریش لەسەر بابەتی سنووری چێژی هونەری و پەیوەندیی هونەر بە وارگێڕییەوە وتاری ترم نووسیووە. لە ئایندەشدا هەندێکی تری لەسەر دەنووسم، تا ئەو جادووە بەتاڵ بکەمەوە کە نەتەوەکەمی پێ پێبەست و چاوبەست کراوە. بەڵام خۆیشت ئەرک بکێشە و لەسەر ئینتەرنێت بۆی بگەڕێ، ڕەنگە شتێکت دەست بکەوێت. بەڵام وریا بە نەکەویتە نێو زەلکاوی چەپەکانەوە کە باوەڕیان بە هیچ نەتەوەیەک نییە، جگە لە نەتەوەی فەڵەستین و نەتەوەی پەلکەڕەنگینەکان!

ئینجا با هێرش دەست پێ بکات

جا کە ئەو پێشەکییە مشتومڕهەڵگرەم وت، با بێمە سەر خودی خۆت وەک تاکەکەس، نەک حیزب و تاقم و کۆمەڵە. کە خۆت وازت هێنا لەوەی بەیانییان گوێ لە فەیرووز بگریت؛ کە پێت شەرم نەبوو وشەی پاراوی کوردی لە وتەکانتدا جێ بکەیتەوە؛ کە «ڕۆژباش»ت گەڕاندەوە بۆ سڵاوی ڕۆژانەت و ڕێت نەدا هیچ داگیرکەرێک لە ڕێی دینەوە نەتەوە و زمانەکەت داگیر بکات، بەڵکو دین و نەتەوەت جیا کردەوە؛ کە وازت لە پەرستنی شەجەریان و موعین و هوماوێن هێنا؛ کە چیتر ئیبراهیم تاتڵیجاش و عەدنان شانسحیز کەڵەهونەرمەندەکانت نەبوون و لە بازاڕی شاردا بە دەنگی بەرز حەپەحەپەکانیانت پەخش نەکرد بۆ هەموو شارەکە؛ کە وازت هێنا لەوەی ساڵانە بۆ خۆشیی خۆت دوو گەشتی تورکیا و جارجاریش شوماڵی عێران بکەیت؛ کە کەوتیتە دژایەتیی ئاڵای عێر-اقی داگیرکەریش لە هەرێم؛ کە جارجار لە فرۆشگاکاندا ڕەفەیەک زیاتر گەڕایت بۆ ئەوەی بەرهەمێکی تورکی یان عێرانی نەکڕیت و بەرهەمێکی خۆماڵی بکڕیت… ئەو کاتە زۆر پەرۆش دەبم گوێت بۆ بگرم باسی ئەوە بکەیت دانانی ئەو ئاڵایە لەسەر قەڵا چەند قێزەونە. ئەو کاتە دەڵێم ئەم کەسە تێڕوانینێکی نەتەوەیی هەیە و بەرژەوەندیی نەتەوەکەی دەخاتە پێش هەموو شتێکەوە و ڕاکەت دەخەمە سەر چاوم و بە هەندی وەردەگرم. وای دەبینم کە دەتەوێت لەسەر ڕەگ و ڕیشەی کێشەی داگیرکراوێتی بدوێیت، نەک تەنها لە هەڵبژاردنی ڕەنگی داگیرکەرەکاندا.

ئاڵایەکە و دوو مادە؟

بەڵام کەس دەناسم دەیان جار بە منی وتووە: «ئەم ئاڵا حی*ە چییە لە فەیسبووک داتناوە؟ باوی ئاڵا و ماڵا نەماوە! ئاڵا پارچە پەڕۆیەکە!»، (چون لە هەژماری فەیسبووکەکەم ئاڵای کوردستانم لە سەری سەرەوە داناوە) کەچی لەم دوو ڕۆژەدا دەمی بووەتە بۆتە! ئێ ئەگەر ئاڵا پارچە پەڕۆیەکە، کەواتە ئاڵا سوورەکەش هەر پارچە پەڕۆیەکە! یان مەگەر لەوەشدا تەنها ئاڵای بێکەس و داماوی کوردستان پارچە پەڕۆیەکە و هی خاکدزان دەسماڵ حەریری چینیین؟ هاوڕێی فەیسبووکم دیوە (وێنەیشیم بۆی گرتووە) نووسیویە: «بابە سەدام بمایە چۆن وامان بەسەر دەهات؟!». پێی وایە ئەو کەسەی ئەو ئاڵا خوێنینەی بۆ شەوێک هەڵکردووە جاشە، بەڵام خۆی جاش نییە کە تۆپیوێکی کوردکوژ و ئەنفالچی و کیمیابارانکەر دەپەرستێت! قوڕ و گڵی ئەو گشت دونیایە ها وە بان ئەو تەختی سەرەم! جا خۆ گەر جاشایەتی پلەی باش و خراپێتیی هەبێت، باشترە جاشی زیندوویەک بیت، وەک لە هی تۆپێنراوێکی کوردکوژی ئەنفالچی!

نیشتمانپەروەری پەروەردەی دەوێت

لە ڕاستیدا نیشتمانپەروەری پێویستی بە فێربوون هەیە. بەڵێ زۆر کەس لە ناخیدا هەیە کە بەرانبەر زێدی خۆی دڵسۆز بێت و ڕێ بە داگیرکردنی نەدات، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئێستادا چەمکی نیشتمان و نەتەوە فراوانتر بوون، جۆر و ڕێکانی داگیرکردنیش ئێجگار زۆر بوون. کەواتە پێویستە تێگەیشتنیش لە داگیرکردن فراوانتر بێت و گوێ بۆ یەکتر بگرین تا ڕێکانی داگیرکردن بناسینەوە.

من ناڵێم ئەوەی بە کوردیی پاراو نەدوێت خائینە، ئەوەی گوێ لە گۆرانیی فارسی و عەرەبی و تورکی دەگرێت خائینە، ئەوەی دەنگی بە تەوتیز داوە خائینە، ئەوەی پێی خۆشە ئاڵای عێر-اق لە کوردستاندا بشەکێتەوە خائینە… چون پێم وایە زۆر کەس لە ڕقدا وا دەکەن و خۆیشیان بیریان لێی نەکردووەتەوە کە ئەوەی دەیکەن تا چەند خیانەت و دەستهەڵگرتنە لە کوردستانیبوون و کوردبوون. واتە زۆرێک لەو کەسانە بە ئەنقەست خائین نین، بەڵکو نائاگایانە خیانەت دەکەن و نازانن کە ئەوەی دەیکەن ڕێ بۆ داگیرکردنی زیاتر خۆش دەکات. وەک وایە بێ ویستی خۆت کەسێک بکوژیت. لە قانوونیشدا ئەم جۆرە بکوژە لەو بکوژە جیایە کە بە ویستی خۆی کەسێک دەکوژێت. بەڵام بێگومان ئەوانەی دەزانن کە ئەوە خیانەتە و هەر بیکەن، ئەوانە ئاگایانە خائینن. ئەوانە جیان لەوانەی نائاگایانە لە خیانەتدا بەشداری دەکەن. بۆیە ئەگەر جارجار لەسەر چەمکی نیشتمان بدوێین و هەوڵ بدەین فێر ببین چۆن باشتر خزمەتی بکەین و ڕێ لە هەندێک جۆری پەیپێنەبراوی داگیرکردنی بگرین، شتێکی خراپ نییە.

حیزب نیشتمان نییە!

بەڵام بۆ ئەم مەبەستە یەکەم هەنگاو ئەوەیە ئەو وێژمانە فڕێ بدرێتە کەلاوەوە کە نیشتمان و حیزب تێکەڵاو دەکات و حیزب لە بری نیشتمان بە کار دەهێنێت. پێشتر لەسەر ئەم مژارە وتارێکم نووسیوە بە ناونیشانی لە ستایش و سەرکۆنەی شێرکۆ بێکەسدا و بە دەنگی خۆیشم خوێندوومەتەوە. لە ئایندەشدا زیاتری لەسەر دەنووسم و دەڵێم. دەبێت چیتر ئەم وێژمانە گوێی لێ نەگیرێت و خاوەنەکانیشی بدرێنە بەر دادگایی نەتەوە. چون ئەوەندەی ئەوان وێنەی نیشتمان و کوردستانیبوونیان لە نێو زەین و ئاگایی و لەبەر چاوی کورددا قێزەون کردووە و شێواندوویانن، بۆمببارانەکانی داگیرکەران ئەوەندە کورد و کوردستانیان نەشێواندووە. هەڵگرانی ئەو وێژمانەی لە بری حیزب نیشتمان بە کار دەهێنن و کوردستانیبوون و کوردبوونیان لە نێو پەی و مۆخ و مێشکی کورداندا قێزەون کردووە. زوو بێت یان درەنگ دەبێت بەرپرسیارێتیی ئەم پەیامە ژەهراوییەیان هەڵبگرن، کە ئێستا بووەتە خۆرە و گیانی کوردبوون و کوردستانیبوونمانی تەنیوە.

بەڕێزت وەک تاکێکی کورد، کە دوێنێ داوای تەوتیزت دەکرد و دژی هەژماری من بوویت؛ کە دەتەوێت بانکی ڕاشیدەین و ڕەفید (بە ئارەزوو بە هەڵەیان دەنووسم) ببن بە کەڵەگای کورد و هەموو جووڵەیەکی دراویی کورد لە عێران و حەشداقەوە چاودێری و ڕکێف بکرێت؛ کە دوێنێ هاوارت دەکرد: «هەرێم هەرێم لۆ مارێ، بەغدا بۆمان تێدەبڕێ»، ئیتر ئەمڕۆ مەیە دژی هەڵکردنی ئەو ئاڵا سوورە بیت. بە خۆتدا بچۆرەوە و کورد بە و مەکە پەیمانشکێنی.

با دەست لەناو دەست بین هەموو!

وەرە لەگەڵ من پێکەوە بە یەکسانی دژی داگیرکەر بین و ڕێی کوردستان بگرینە بەر. با کارێک بکەین ڕێ خۆش بکەین کورد ببێتە خاوەن دەوڵەت و چەکی قورس. ئەو کاتە بە فەرمانی ئەو خوا گیانە ئیتر هەموو دونیا پشیپشیمان بۆ دەکەن و هەر لەخۆوە هەموو دونیا لێمان تێدەگەن هەر بێ ئەوەشی هیچ بڵێین. هیچ پێویست ناکات زمانی خۆمان بۆ هیچ نەتەوەیەک بگۆڕین بۆ ئەوەی لێمان تێبگەن! باوەڕ بفەرمە، کە چەکی قورس و ئەتۆمت هەبوو هەر بەو فەرمانی خوایە حەز دەکەیت شەو خۆت لە ماڵەوە لەگەڵ منداڵەکانتدا زمانێک دابهێنە، سبەی هەموو جیهان لەو زمانەشت تێدەگەن!

کۆیلەیی و سەرشۆڕیی ڕاستینەش لە کاتی هێز و ئازادیدا دەردەکەون. تۆ چەند کوردپەروەر و کوردستانپەروەریش بیت، سبەی کە پێگەیەکت لە نێو میرییدا هەبوو، یان پلەی حیزبیت هەبوو، ناچاریت لەگەڵ داگیرکەرانی کورد و کوردستاندا مامەڵە بکەیت و لەگەڵیاندا هەڵبکەیت و دانوستان بکەیت. بەڵام وەک تاک هیچ ناچار نیت مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت و ببیت بە کۆیلەیان و خۆت بخەیتە ژێر دەستیانەوە. تۆ کە وەک تاک ئازادیت عێران و ئێراق و تورکیا و سووریا بە کەڵەگای خۆت نەزانیت. هیچ نەبێت چێژ لەو ئازادییەت وەربگرە و بە سەروەری خۆتیان دامەنێ. لانیکەم تۆ وەک تاک، نەک حیزب، ئازادیت و دەتوانیت لەسەر ئاستی تاک هەموویان بە داگیرکەر بزانیت و ئەو ڕێیانەی داگیرکردنیان لێ بگریت کە پێت دەکرێت بیانگریت. سبەیش کە دەوڵەت و چەکی قورسمان هەبوو، ئەو کاتە سەیر دەکەین بزانین ئەوانەی کوردستان بە ڕێوە دەبەن، هەر وا هێمای داگیرکەرێک بەرز دەکەنەوە؟ بەڵام تا ئەو ڕۆژە بزانە، پێشینان وتوویانە: سەگی ڕەش و سپی هەر سەگن!


  1. لە ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٤دا نووسیومە. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

مشتێک بەرگری و پێداگری لە کوردبوون

لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو کورتەڤیدیۆم بڵاو کردەوە، یەکێکیان داوام دەکرد ئەو وشانەی هەموومان دەیانزانین (وەک دەریا، نرخ، بەها…) وەلا نەنرێن و بە وشەی عەرەبی و فارسی و تورکی جێیان پێ لێژ نەکرێت. کورتەڤیدیۆکەی ترم لە دژی موزیکی سوننەتی بوو. جا زۆر کەس لەم بارەیەوە پرسیار و ڕەخنەی دووبارەیان لێم هەبوو، کە وەڵامی هەندێکیانم دابووەوە.

بەڕێزێک زۆربەی ئەو پرسیار و ڕەخنانەی بە سەرنجێک دانابوو. منیش بە درێژی وەڵامیم دابووەوە و هەر کەسێک هەمان ئەو پرسیارانەی بکردایەوە پێیم دەوت بچێت سەیری ئەو وەڵامەم بکات. بەڵام ئەو بەڕێزە سەرنجەکەی خۆی سڕیوەتەوە، ئاوهاش ڕەنجی چەند کاتژمێرێکی منی بە فیڕۆ دا. بەڵام من بەرگرییەکانی خۆمم لای خۆم تۆمار کردووە و نایخەمە ژێر میهری هیچ کەسێکەوە کە بە دڵی خۆی بیانسڕێتەوە. بۆیە لێرەدا بەرگری و وەڵامەکانم دادەنێمەوە بۆ ئەو بەڕێزانەی هەمان ئەو پرسیارانەیان هەیە: پرسیار و ڕەخنەکان ئەمانەن:

١. ئایا ناکرێت هەوڵ بدەین هیچ زمانێکی دی جگە لە کوردی فێر ببین؟

٢. ئێستا بۆ ئەوەی کار بدۆزیتەوە دەبێت عەرەبی (و فارسی و تورکی) بزانیت، دەنا هیچ شوێنکارێک وەرتناگرن و لە برساندا دەمریت.

٣. هەموو زمانێک خاوەنی هونەر و وێژەی خۆیانن. من ناتوانم لە هونەری عەرەب و فارس و تورک خۆم بێبەش بکەم، چون هونەرەکەیان گەورەیە!

٤. مرۆڤ ئازادە گوێ لە چی دەگرێت و نایگرێت.

٥. ئەی نالی و مەحوی و ئەوان وشەی بێگانەیان بە کار هێناوە.

٦. خۆیشت وشەی بێگانە بە کار دەهێنیت، بۆ نموونە «قابیلە» و «تابووت»ت عەرەبی بوون!

٧. کوردایەتی و شت باویان نەماوە، ئەم شێوەیەی تۆ بۆ کوردایەتی باوی نەماوە!

ئایا ناکرێت هەوڵ بدەین هیچ زمانێکی دی جگە لە کوردی فێر ببین؟

ئێستا بۆ ئەوەی کار بدۆزیتەوە دەبێت عەرەبی و فارسی و تورکی بزانیت، دەنا هیچ شوێنکارێک وەرتناگرن و لە برساندا دەمریت

سەبارەت بە سەرنجی یەکەم و دووەم: (١. ئایا ناکرێت هەوڵ بدەین هیچ زمانێکی دی جگە لە کوردی فێر ببین؟ ٢. ئێستا بۆ ئەوەی کار بدۆزیتەوە دەبێت عەرەبی و فارسی و تورکی بزانیت، دەنا هیچ شوێنکارێک وەرتناگرن و لە برساندا دەمریت.)

بەرگریی من: من ناڵێم زمانی تر فێر مەبە. بەڵکو دەڵێم زمانی داگیرکەر مەکە بە شوناسی خۆت، وشەی زمانی خۆت بۆ وشەی داگیرکەر مەگۆڕەوە. زمانی داگیرکەر بە باڵاتر لە زمانی خۆت مەبینە. دەنا پێم خراپ نییە بیانزانیت. ئەگەر من و تۆ لە هەموو شوێنێکدا لە پشت زمانی خۆمانەوە بوەستین و داکۆکیی لێ بکەین، ئەوا نە عەرەبی و نە هیچ زمانێکی تر لە ئایندەدا ناتوانن شوێن بە کوردی لەق بکەن و ئاخێوەرەکانی زمانی کوردی برسی بکەن و ناچاریان بکەن ئەگەر زمانی داگیرکەر نەزانن، ئیتر کاریان دەست نەکەوێت. بەڵام ئەمە بە هەرەوەزی و کۆڵنەدان دەکرێت.

هەموو زمانێک خاوەنی هونەر و وێژەی خۆیانن. من ناتوانم لە هونەری عەرەب و فارس و تورک خۆم بێبەش بکەم، چون هونەرەکەیان گەورەیە

سەبارەت بە سەرنجی سێیەم : (هەموو زمانێک خاوەنی هونەر و وێژەی خۆیانن. من ناتوانم لە هونەری عەرەب و فارس و تورک خۆم بێبەش بکەم، چون هونەرەکەیان گەورەیە!)

بەرگریی من: لە ڕاستیدا داگیرکەرە ڕاستەوخۆکانی کورد هیچ هونەرێکی مەزنیان نییە، بەڵکو تەنها شتی سادەیان هەیە و ڕیکلامی زلیان بۆ دەکەن. بەڵام با بڵێین وایە و هونەری گەورەیان هەیە! سەبارەت بەوەی پێت وا بێت ناتوانیت خۆت لە هونەری فارس و عەرەب و تورک داببڕێنیت: زۆر بە سانایی پێت بڵێم، دڵنیا بە دەتوانیت! من بە درێژایی هەموو تەمەنم گۆرانیی عەرەبی و فارسی و تورکی کراون بە بیستنمدا، ئێستاشی پێوە بێت، لە عەرەب زیاتر گۆرانیی عەرەبی دەزانم. بەڵام وەک هەڵوێستێکی نیشتمانی، کە دەبینم پشتگیریی من لە «هونەر»ی عەرەب و فارس و تورک چاندی (کولتوور) نەتەوەکەی خۆم پەڕاوێز دەخات و پشتگوێی دەخات و هی ئەوان زاڵتر دەکات، ئەوا هەر هەموو هونەرەکەی داگیرکەران بە یەک گۆرانیی زۆر خراپی کوردی ناگۆڕمەوە.

بە تەواوی دەستبەرداری «هونەر»ی فارس و عەرەب و تورک بووم و هەستیش ناکەم هیچ شتێکی بەنرخم لە دەست چووبێت. کە دراوسێکەت بە گوللە پێوەی نایت، ڕۆڵەتی کوشت، زمانتی لە ناو برد، سامانتی تاڵان کرد، خاکتی داگیر کرد، نابێت تۆ بچیت باخچەکەی بۆ ئاو بدەیت و گوللەکانی بۆ پاک بکەیتەوە تانکیی سەربانی بۆ پاک بکەیتەوە و بڵێیت: «گوللەکان نەبوون کە منیان کوشت، بەڵکو ئەوانە منیان کوشت کە گوللەکانیان تەقاند». لە ڕاستیدا لەوێدا جیاوازییەک لە نێوان بکەر و بەرکاردا نامێنێت. داگیرکەر بە گوڵیش بتکوژێت، تۆ دەبێت خۆت لە گوڵەکەش بپارێزیت، چون دەتکوژێت. ئەگەر داگیرکەر هونەری بۆ داگیرکردنت بە کار هێنا، دەبێت خۆتی لێ بپارێزیت، چون لە گەناوی داگیرکراویدا دەتهێڵێتەوە.

عەرەب و فارس و تورک چایکۆڤسکییان هەبووایە چیمان بکردایە؟!

بە هەموو عەرەب و فارس و تورک تا هەزار ساڵی تریش یەک چایکۆڤسکی و تۆلستۆی-یان تێدا هەڵنەکەوتووە و هەڵناکەوێت (کە شاهونەرمەند و شانووسەری ڕووسیان). بەڵام زۆرێک لە ئۆکرانییەکان وەک هەڵوێستێکی نیشتمانی بەرانبەر داگیرکاریی ڕووسیا، تەنانەت بایکۆتی تۆلستۆی و چایکۆڤسکی و تەواوی هونەر و وێژەی ڕووسییان کرد. دەی ئەمە هەڵوێستی نیشتمانییە، بەڕێزت ئازادیت نەتبێت.

 بۆیە ئەگەرچی فارس و عەرەب و تورک هونەری مەزنیان نییە و هەمووی شتی خراپن، یان ئەوپەڕی مامناوەندین و ڕیکلامی باڵایان بۆ دەکرێت، یان هی ئێمەی کوردن و بردوویانن و پێمان دەفرۆشنەوە، بەڵام ئەگەر هونەری باڵاشیان هەبووایە، بەرانبەر ئەو هەموو ستەمەی لێمان کراوە و دەکرێت، دەبێت هەڵوێستمان هەبێت. ئێ هەڵوێستەکەش بە ڕێی خۆیەتی. تۆ پێشمەرگە نیت و ناتوانیت چەک هەڵبگریت، بەڵام خۆ دەتوانیت گوێ لە گۆرانیبێژیان نەگریت، کۆلکەنووسەر و کەچەهۆنەرێکی نووزەنووزکەریان نەکەیت بە کەڵەگا لە کورد. خۆ ئەمەت پێ دەکرێت! خۆ دەتوانیت لەسەر گۆرانیبێژێکی یاهاهاهاکەری ئەوان بێڕێزی بە هاونیشتمانییەکەت نەکەیت و جنێو بە هەموو کورد نەدەیت. لە بارەی سنووری چێژبینینەوە، کە کەموزۆر پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بەم بابەتەوە هەیە، وتارێکم نووسیوە و بە دەنگی خۆم لە کەناڵی تیلیگرامەکەم خوێندوومەتەوە، بە ناونیشانی «ئایا سنوور بۆ چێژبینین دادەنرێت؟». ئەمە بەستەری کەناڵەکەمە: https://t.me/readinghouse

مرۆڤ ئازادە گوێ لە چی دەگرێت و نایگرێت

سەبارەت بە سەرنجی چوارەم: (مرۆڤ ئازادە گوێ لە چی دەگرێت و نایگرێت.)

بەرگریی من: بێگومان ئەوە ڕاستە و مرۆڤ ئازادە و بەڕێزت ئازادیت. تەنانەت ئەگەر مافی گوێگرتنت لە «هونەری عەرەبی و فارسی و تورکی» لێ زەوت کرا، ئەوا دڵنیا بە من یەکێک دەبم لەوانەی داکۆکی لە ئازادییەکەت دەکەن. بەڵام ئازادییەکەتم پێ جوان و باش نییە. هەر لە ڕاستیشدا هەموو ئازادییەک جوان و باش نین، بۆ نموونە: مرۆڤ ئازادە پەنجا شیش کەباب بخوات، بەڵام دەمرێت! گەرچی بۆ مافەکەشت تێدەکۆشم، بەڵام بە هیچ شێوەیەک هاوڕا نیم لەگەڵتدا کە تۆ کاتێک داگیرکراویت، بە شان و باڵی جلەکانی داگیرکەرەکەت و خۆشیی دەنگیدا هەڵبڵێیت.

نالی و مەحوی و ئەوان وشەی بێگانەیان بە کار هێناوە

سەبارەت بە سەرنجی پێنجەم: (ئەی نالی و مەحوی و ئەوان وشەی بێگانەیان بە کار هێناوە.)

بەرگریی من: من باسی زمانی کوردیی ئەمڕۆ دەکەم. من باسی تۆ دەکەم کە ئێستا لەم سەردەمەدا دەژییت. باس لە سەدان ساڵ بەر لە ئێستا ناکەم. هەوڵەکانی مەلای جزیری و بێسارانی و خانی و نالی و ئەوان بۆ ڕۆژی خۆیان زۆر گرنگ بوون. چون لەو ڕۆژەدا شەرم بووە بە کوردی بنووسیت و ئەوان نووسیویانە. هەڵوێستی خۆیان لە بەرانبەر نەتەوەی خۆیاندا نوواندووە و ئەوەی ئەوان کردوویانە لەو سەردەمەدا زۆر گەورە بووە. ئەگەر مەلای جزیری بە عەرەبی بینووسیایە، کە لە عەرەب باشتر عەرەبیی زانیوە و زۆر چاک دەیتوانی وا بکات، ئەوا هەزاران خوێنەر زیاتری دەبوو و ناویشی تا ماوە لە دونیای عەرەباندا دەمایەوە. بەڵام ئەو ئەم هەلی ناوبانگە گەورەیەی خۆیی کردووە بە قوربانی بەکوردینووسین و ئاوڕدانەوە لە من و تۆ. ئەو لە پێناوی ئەوەی شکۆ بە من و تۆ بدات و وا بکات من و تۆ چاندێکی دەوڵەمەندترمان هەبێت، ئەو هەلانەی لە دەست خۆی داوە. ئەمە بۆ بێسارانی و مەولەوی و نالی و مەحوی و هەموو ئەوانی تریش ڕاستە. دەی دەبێت من و تۆ لەسەر ئەو هەوڵانەی ئەوان بونیاد بنێین.

هەر سەردەمە و خەباتی خۆی

بەڵام ئەمڕۆ سەردەمێکی ترە و خەباتی کوردبوون و کوردستانیبوونیش داوای هەڵوێستی ترمان لێ دەکات. ئەمڕۆ من و تۆ ئەرکێکی ترمان لەسەرە. ئێستا کە وا کراوە شەرم بێت بە زمانی کوردیی پاراو بدوێیت، لە شوێنی کارەکاندا زمانی کوردی و جلی کوردی قەدەغە کراون، منداڵەکانمان کوردییان لە بیر چووەتەوە و بە زمانی تر دەدوێن، دوکانەکان و فرۆشگاکان، بە تایبەتی لە باشووری کوردستان، زۆربەیان ناوەکانیان کوردی نین و بە کوردی نانووسن، بە خواردن دەڵێن فوود و بە خواردنەوە دەڵێن درینک و بێزیان نایەت گۆرانیی کوردی دابنێن، دەبێت تۆ بە دەنگ کێشەکانی کوردبوون و کوردستانیبوونی ئەمڕۆوە بێیت، کە ئەمانەی ئاماژەم پێیان دا مشتێک بوون لە خەروارێکی ئەو کێشانە. تۆ دەبێت ئەمڕۆ بە دەنگ کێشەی ئەمڕۆی کوردبوون و کوردستانیبوونەوە بێیت. بۆ ئەوەی لە ڕووی هەڵوێستی نەتەوایەتییەوە بگەیتە نزیک پێگەی ئەو هۆنەرانەی ناوت هێنان. ئەوان لە سەردەمی خۆیاندا ئەرکی خۆیان بە جێ هێناوە. تۆش دەبێت ئەمڕۆ ئەرکی خۆت بە جێ بهێنیت. هەر سەردەمە و کێشە و بەدەنگەوەهاتنی خۆی.

خۆیشم وشەی بێگانە بە کار دەهێنم

سەبارەت بە سەرنجی شەشەم: (خۆیشت وشەی بێگانە بە کار دەهێنیت، بۆ نموونە «قابیلە» و «تابووت»ت عەرەبی بوون!)

بەرگریی من: من دەڵێم ئەو وشەیەی لە زمانی کوردیدا هەیە و چالاکە و هەموومان دەیزانین (وەک دەریا، نرخ، بەها…تد.)، ئەمانە مەگۆڕن بە عەرەبی و فارسی و تورکی (کە زمانی داگیرکەری ڕاستەوخۆتن و بەم ڕۆژگارە مووشەکت پێوە دەنێن و منداڵت دەکوژن). تۆ دەبێت فێر ببیت جیاوازی بکەیت لە نێوان داگیرکەری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆدا. پێم مەڵێ: «فەڕەنسی و ئەڵمانی و…». ئێمە بە پلەی یەکەم بە دەست سێ نەتەوەی دراوسێمانەوە دەناڵێنین، کە تا ئێستاش خۆیان بە سەروەری ئێمە دەزانن و خاکەکەمانیان داگیر کردووە و لە خێروبێری وڵاتمان دەخۆن و بەشی خۆمانی لێ نادەن و گەمارۆیان داوین و دەیانەوێت هەمیشە هەر سواڵکەر بین و هەمیشە لەبەر دەرگای ئەوان بپاڕێینەوە تا دینارێکمان بدەنێ و هەمیشە چاومان لە دەستی ئەوان بێت و خۆمان نەبین بە هیچ. من نکۆڵی لەوە ناکەم کە وڵاتانی تر و نەتەوەکانی تریش دەستیان لەو تاوانە نەتەوایەتییانەدا هەیە کە لە دژی کورد دەکرێن. بێگومان دەبێت هەوڵ بدەین کوردی لە شاڵاوی زمانەکانی وەک فەڕەنسی و ئینگلی و ئەمانەش بپارێزین. بەڵام دەبێت بتوانیت جیاوازی لە نێوان دوژمنی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆدا بکەیت.

سەبارەت بە جێگرتنەوەی وشە کوردییەکانیش بە وشەی فارسی و عەرەبی و تورکی: ئەوا ئەمە ڕای منە: ئەگەر وشەیەک بە کوردی نەبوو، یان نەتزانی، یان کەست نەناسی بیزانێت، ئەوا ئاساییە بیخوازیت. بەڵام بە ڕای من هەوڵ بدە یەکەم جار لە زارێکی تری کوردیی بخوازیت، نەک یەکسەر پەنا بۆ داگیرکەرەکەت ببەیت. کەمێک لە پشتی نەتەوەی خۆت بوەستە! بێگومان ئەوە ڕاستە کە منیش هەندێک جار وشەی بێگانە بە کار دەهێنم. بەڵام پاراوکردنەوەی زمان و دەرهێنانی وشەکانمان لەژێر چنگی وشەی داگیرکەردا ئەرکی تەنها من نییە، خۆ تەنها من کورد نیم. بەشداریی بەڕێزیشتی دەوێت و بە هەرەوەزی ئاسانترە و باشتریشە. تۆ لە بری ئەوەی پەلامارم بدەیت، یارمەتیم بدە و جێگرەوەی کوردیم بۆ دابنێ.

ئایا کوردایەتی و شت باویان ماوە؟

سەبارەت بە سەرنجی حەوتەم: (کوردایەتی و شت باویان نەماوە، ئەم شێوەیەی تۆ بۆ کوردایەتی باوی نەماوە!)

بەرگریی من: هیچ وا نییە. بە ڕاستی ئەم پاساوی «باوی نەماوە» کە ئەمڕۆ بۆ هەموو شتێک بە کار دەهێنرێت، هیچ سوودی نییە و هەوڵدانە بۆ ڕاکردن لە گفتوگۆ. خۆ من نەهاتووم پانتۆڵی چارلستۆنت پێ بفرۆشم تا پێم بڵێیت: «باوی نەماوە». ئەو نەتەوەیەی تۆ بۆ گۆرانییەکیان دەتوێیتەوە و ئامادەیت پەلاماری هەزارانی وەک من بدەیت لە پێناوی ئەواندا، دوێنێ بوو کۆیەی بۆردومان کرد و کۆرپەیەکی کوردی لە سکی دایکی بە مووشەک هێنایە دەرەوە، هێشتا وێڵاشەکە بە کۆرپەکەوە بوو کە دایکەکەی بە مووشەک کوشت و کۆرپەکەش دەگریا و دوای دوو ڕۆژی تریش کۆرپەکەش مرد. دوێنێ بوو مووشەکی نا بە هەولێرەوە و ژینای یانزە مانگی کوشت و خانووەکەیشی بەسەریدا ڕووخاند. کوردستانیبوون و کوردبوون چۆن باوی نەماوە؟ بۆ مەگەر لای دوژمنەکانیشمان باوی نەماوە!

بە ڕاستی پاساوی «باوی نەماوە» زۆر ناشیرینە و هیچ ڕاست نییە و دڵنیا بە تا کورد داگیرکراو بێت باوی دەمێنێت. تا فارس و عەرەب و تورک خۆیان بە سەروەری تۆ بزانن کوردبوون و بەرگری لە کوردستانیبوون هەر دەمێنن و هەر زیندوون و هەر گەرم دەبن. یان مەگەر تۆ کۆیلەیی و کەنیزەکییت بۆ ئەوان پەسەند کردووە، بۆیە وا دەڵێیت؟ دەی ئەگەر ناتەوێت کۆیلە و کەنیزەک بیت، دەبێت دەنگت هەبێت و نەڵێیت: «کوردبوون باوی نەماوە». هەر لەبەر خۆیشت نەبێت، وەک ڕێزێک لەو هەموو ساوایەی دوژمنەکانمان ڕۆژانە دەیانکوژێت، کە هیچ تاوانێکیان نییە، جگە لە کوردبوون. جارێکی تر مەڵێرەوە: «باوی نەماوە»، زۆر بێڕێزییە و زۆر هەڵەشە. ئەگەر زۆر پێشت وایە باوی نەماوە، دەی پێمان بڵێ کوردستانیبوونە مۆدە و باوهەبووەکەی تۆ چۆنە؟ بۆمان بخە ڕوو. چون ئەگەر کوردستانیبوون ئەوەیە بۆ گۆرانی و زمانی داگیرکەرەکەت بمریت و بتوێیتەوە، دەی من نامەوێت و ئەمە بە دژی کوردستانیبوون و کوردبوون دەزانم.

ئەی موزیکی خەتەنە؟

سەبارەت بە موزیکی سوننەتی: لە بارەی موزیکی سوننەتیشەوە، وتەی درێژترم هەیە. بەڵام زۆربەی ئەم بەرگرییانەی ئێرەم لەسەر زمان بۆ ئەویش دەبن. بەڵام درێژەی بەرگریم لە دژایەتیکردنی موزیکی سوننەتیی داگیرکەردا لە کاتێکی تردا دەخەمە ڕوو.

لە ستایش و سەرکۆنەی شێرکۆ بێکەسدا

1لە ستایش و سەرکۆنەی شێرکۆ بێکەسدا

نکۆڵی ناکرێت مامۆستا شێرکۆ بێکەس دیاردەیەکی وێژەییە. هەزاران، بگرە دەیان هەزار دێڕی نایابی پێشکەشی چاندی (کلتوور) ئەم نەتەوەیە کردووە. بەڵام ئەو وێژمانەی (دیسکۆرس) پێش کۆتایی هەڵەیەکی کوشندە بوو، کە ئێستا باجەکەی دەدەین. ئەوەی کە دەڵێت: «ئێستا کچێک نیشتمانمە» و نیشتمان و حیزبی تێکەڵاو کردووە و لە بری یەکتر بە کاریان دەهێنێت. واتە لە بری ئەوەی سکاڵا لە دژی حیزب و بەرپرسەکانی بکات، سکاڵای لە نیشتمان کرد. یەکێک نەزانێت کوردستان هاتووە ئێمەی خنکاندووە!

گەنبەری2 وێژمانەکەی شێرکۆ بێکەس ئەمڕۆ دیاری دەدات

لە ئەنجامی ئەو وێژمانە هەڵەیەدا، ڕۆژانی ڕابردوو لە ڤیدیۆیەکدا پیرێکی ئاخرشەڕم دی لە پێش ئاپۆرایەکدا بە دەنگێکی کەرخەوە هوتافی بۆ ڕووخانی ئەو هەرێمە دەکێشا، کە بە خوێنی هەزاران گەشمەرگ بونیاد نراوە. لە پێناو مووچەیەکدا، کە هێشتا وەریشی نەگرتووە، ئامادە بوو نیشتمانی من و ملیۆنانی وەک من بفرۆشێت. ئەوانەی دوایشیەوە هوتافەکەیان بۆ دووپات دەکردەوە!

خەڵکانێکی پێنووسبەدەستیش خیانەتەکەی ئەو ئاخرشەڕە و شوێنکەوتووەکانی پەردەپۆش دەکەن و دەیدەنە پاڵ حیزب. گوایە ئەم ناسکۆڵە ستەملێکراوانە ئەوەندە ستەمیان لێ کراوە کە ئیتر بۆیان هەیە هەموو جۆرە خیانەتێک بکەن. بۆیان هەیە ئاگر بەربدەنە ماڵی هەموو کەسێک، چون هەستە ناسکۆڵەکانیان بریندار کراوە. تەنانەت هەندێک کەس، کە بە ڕقی پارتی کوێر بوون و هیچ نابینن و خۆشحاڵن دونیا کاول ببێت تەنها بۆ ئەوەی ڕقەکەی خۆیان دابمرکێتەوە و ئیگۆ فووتێکراوەکەیان تێر بخوات، ئەو سەرلەگوێیگۆڕلەرزیوەیان کرد بە پاڵەوان! پاساوەکەشیان ئەوەیە: «کاکە حکومەتی کوردی ستەمی کردووە!». ئیتر وەڵامەکەیان ئەوەیە لە بری ستەمێک بێن ڕێ خۆش بکەن بۆ ملیارێک ستەمی تر. وەک ئەوەی بۆ دۆزینەوەی دینارێک لە تاریکیدا ملیۆنێک دۆلار بسووتێنیت.

خاکفرۆش بە دوای پاساودا دەگەڕێت

بە ڕای من یەکێک خۆی خاکفرۆش نەبێت و خۆی و نەتەوەکەی پێ سووک نەبێت و جاش نەبێت. ئەگەر هەزار ساڵیش حکومەتی کوردی چەکوش بکێشێت بە سەریدا چەپڵە بۆ عێڕاق لێنادات. خیانەت هەر خیانەتە، ئیتر ئەگەر پارتی بیکات یان یەکێتی یان گۆڕان یان هاووڵاتییەک. سەیرە کە «ناڕازی»یەکان خیانەتی هەموو دونیا دەبینن، هی خۆیان نەبێت. پاساو بۆ خیانەتەکانی خۆیان دەهێننەوە و خیانەتەکانیان دەخەنە ملی خەڵکی تر.

منیش هەر لەم کوردستانەدا و لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا ژیاوم و دەژیم. ئەگەر ستەمێک لە خەڵک کرابێت لە منیش کراوە و بەرکەوتووم. نەک تەنها ئەوە، بەڵکو پێم وایە ئەو ستەمەی لە خودی خۆم وەک کەس کراوە، بە هیچ شێوەیەک لەو خائینانەی نێو ئەو ڤیدیۆیە و «ناڕازی»یەکان نەکراوە. بەڵام ئەگەر حکومەتی کوردی هەر سی و دوو ددانیشم هەڵبکێشێت من چەپڵە نە بۆ ئێران لێدەدەم، نە بۆ تورکیا، نە بۆ سووریا و نە بۆ عێراق.

جاشبوون دژی جاش؟

پاشان لۆجیکی وێژمانەکەی ناڕازییەکان چۆنە؟ ئەمانەی چەپڵە بۆ عێراق لێدەدەن خۆ سەری زمان و بنی زمانیان ئەوەیە کە دەڵێن: «یەکێتی و پارتی خاکیان فرۆشتووە و دژی کوردستان بوون». کەچی خۆیان چەپڵە بۆ دوژمنی سەرسەختی کورد و کوردستان لێدەدەن و لە خاکفرۆش خاکفرۆشترن. چۆن بەم وێژمانە بڵێم ئامین و چۆن هاوسۆزی خاکفرۆشتر و جاشتر و خائینتر بم؟ دەڵێت: «من دەچم بۆ مووچەیەک کۆمی عێراق دەلێسمەوە. ئەی ئەوە نییە پارتی و یەکێتیش دەچن داوای پارە لە عێڕاق دەکەن؟». ئێ کاکێ، ئیخواننەل ئەقرادل عێراق، ئەمە کەی بیرکردنەوەیە؟ ئەگەر یەکێتی و پارتی هەڵەن، تۆ بە کردنەوەی هەمان هەڵەی ئەوان نابیتە ڕاست!

ئەگەر ئەو دیمەنەی نێو ئەو ڤیدیۆیە و ئەو وێژمانە شتێک بسەلمێنێت، ئەوەیە کە پێمان دەڵێت بۆچی کورد دەوڵەتی نەبووە. چون خەڵکانێکی ئاوها سووک و سەرسواڵکەری تێدا بووە کە بۆ مووچەیەک باوک و دایک و خاک و نیشتمانی فرۆشتووە.

سەیرەکەش ئەوەیە خۆ جارێ تیکەیەکی دەستی عێراقەکەی باوکیشیانیان نەخواردووە، ئینجا ئاوا خۆیانیان بۆی سووک کردووە!

ستایشی شێرکۆ بێکەس

بەڵام لە کۆتاییدا پێویستە ستایشێکی پاشهەڵەییانەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس بکەم. ئەویش لەبەر ئەوەیە کە مامۆستا شێرکۆ بێکەس دوای ئەم هەڵە کوشندەیەی، هێشتا لە دێزەکانی ئەمڕۆ هۆنەرتر و جوانتر بوو، کە لە داخی حیزب کچێکی کرد بە نیشتمانی. بەڵام کۆیلە خۆبەخشەکانی ئەمڕۆی داگیرکەر، کە فەلسەفەکەیان تۆپینی خۆیان و زیانی خاوەنیانە، ئێستا گەماڵێکی برسی، عەمامەیەکی بووکەڵەی دەستی عەمامەیەکی تر نیشتمانیانە.

جاش هەر جاشە، سەرکردە بێت، بنکردە بێت، جاش هەر جاشە.


  1. بەشێکیم لە ٢ی ئادار و بەشەکەی تریم لە ٤ی ئاداری ٢٠٢٤دا نووسیوە. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
  2. گەنبەر: واتە بەرێک بە گەنیوی (گەند) بێتە بەر. خۆم وشەکەم لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا لێکداوە. ↩︎

بانێکە و دوو گوواو

بانێکە و دوو گوواو1

زۆرێک لە کورد و جیهان لەسەر یەکەم دەوڵەتی کوردستان دەڵێن:

– ئێستا جیهان پێشکەوتووە. باوی دەوڵەتی نەتەوەیی نەماوە. تەنها مرۆڤ گرنگە، نەتەوە فشەیە. دەبێت مرۆڤایەتی فێر ببێت جیاوازییە نەتەوایەتییەکان پەسەند بکات و هەموو نەتەوەکان پێکەوە لە دەوڵەتێکی جیهانیدا بژین کە مافی مرۆڤ تیایدا سەروەر بێت.

هەمان ئەو کوردانە و ئەو جیهانە لەسەر بیست و سێیەمین دەوڵەتی عەرەبی بۆ فەڵەستین دەڵێن:

– ئێستا پێویستە دەوڵەتی فەڵەستین بونیاد بنێین. چیتر نابێت ستەم لە فەڵەستینییەکان بکرێت. جیهان ستەمکار و بێڕەوشتن کە نایەن بە دەنگ ئازاری منداڵی فەڵەستینییەوە. دەبێت جیهان دەوڵەتی فەڵەستین بۆ عەرەبەکان پەسەند بکات تا دوور لە چەپۆکی ورووژێنراو و بەردتێگیراوی ئیسرائیل بژین. بۆ ئەوەی لەو دەوڵەتەدا مافی عەرەبی فەڵەستینی سەروەر بێت.

ئیتر فەرموون هەڵەکە بە چاوی خۆتان ببینن. کوردەی نەگبەتی بەنجکراو، خەمێکی نەتەوەی خۆت بخۆ، واز لە جیهانبازی و ئازادکردن و پاککردنەوەی جیهان و ئەم شتە قۆڕانە بهێنە. ژووری نووستنەکەی خۆت کۆ بکەوە. بستێک خاک بخە ژێر هەنگاوەکانتەوە، ئینجا خەمی ژووری نووستن و خاکی ژێر هەنگاوی خەڵکی تر بخۆ. کار بۆ نەتەوەی خۆت بکە با سبەی منداڵەکانی نەتەوەکەت ڕێز لە یادت بگرن.


  1. لە ٩ی شوباتی ٢٠٢٤دا نووسیومە. ↩︎

هەموو شتێک، جگە لە کوردی!

هەموو شتێک، جگە لە کوردی!

1دروشمی سەرەکیی زۆربەی شوێنکارەکانی کوردستان

تێبینییەک لە بری پێشەکی

ئەم مژارە زنجیرەیەک چیرۆکوتار دەبێت، واتە هەم چیرۆکن، هەم وتار و هەڵگری پەیامێکن. هەر خۆم بەم ئەزموونەوە کە لێرەدا باسی دەکەم، هەندێک ئەزموونی ترم لەگەڵ شوێنانی جیاوازی سلێمانیدا هەیە و لەمەودوا ئەم ئەزموونانە بڵاو دەکەمەوە. ئامانجم لە بڵاوکردنەوەیان ئەوەیە هەڵەی کوشندەی هەندێک لە قاوەخانە و چێشتخانە و شوێنکارەکانی سلێمانی و هەموو کوردستان دەربخەم، کە ئەویش قەڵاچۆکردنی زمان و هونەری کوردییە. چونکە ئەم شوێنکارانە جگە لەوەی نە بە کوردی دەنووسن، نە بە کوردی ناو دەنێن، ئامادەش نین گۆرانییەکی کوردی لێبدەن. پێشنیار دەکەم هەر هاوڕێیەکی تری نەتەوەییم چیرۆکی هاوشێوەی هەیە بینووسێتەوە و هەڵوێستی هەبێت. بۆ ئەوەی بەرەبەرە ئەم خاوەن شوێنکارانە بە هۆش خۆیان بێنەوە لەو ناشیرینییەی دەستیان داوەتێ.

دەتوانن ئەم هاشتاگە بە کار بهێنن: #کوردی_بخە_شوێنکارەکەتەوە

تکا دەکەم هاشتاگەکە کۆپی بکرێت و وەک خۆی دابنرێتەوە، تا بتوانین چیرۆکە جۆراوجۆرەکان ببینین و کۆیان بکەینەوە.

لێرەدا تێبینییەکە تەواو بوو.

خواردن بە دەم حەپەحەپەوە

ئێوارەی دوێنێ من و دیار-ی هاوڕێم چووین بۆ چێشتخانەی میگمیگ لە گردی «ڕیعایە»، لە سلێمانی. گۆرانیی زۆر سەیروسەمەرەی ناخۆشی عەرەبییان خستبووە سەر. دیار داوای قارچکی کرد و منیش داوای بەرگرم کرد. بەڵام بە شاگردەکەم وت، کە پیاوێکی زۆر بەڕێز بوو:

– بە قوربانە، پەنیری تێدا نەبێت. من نە پەنیرم پێ دەکەوێت، نە گۆرانیی عەرەبی و فارسی و تورکی!

بزەی کرد و پشتگیریی وتەکەی کردم و وتی:

– بە ڕاستی منیش سەیرم لێ دێت بۆچی خەڵک ئامادەیە گوێ لە هەموو شتێک بگرێت، جگە لە گۆرانیی کوردی!

لە زاریەوە زانیم ڕۆژهەڵاتییە و خۆیشی بۆمی دووپات کردەوە کە ڕۆژهەڵاتییە، بێگومان دوای ئەوەی من لێیم پرسی.

جا ڕۆژهەڵاتی بە گشتی لە دڵی مندا نموونەیەکی باڵای کورد و کوردستانپەروەرین. چون ئەوەی ئێمە بەهای نازانین، ئەوان بەهای دەزانن. چون نیانە و وەک ئێمەی باشووری ناسوپاسگوزار نین لە بەرانبەر بەختە باشترەکەماندا. بێگومان ئەمەم لەگەڵ ئەو بەڕێزەدا بەش کرد و سوپاسی کوردپەروەری و کوردستانپەروەرییەکەیم کرد. پاش ئەوەی گەڕایەوە لای بەرمێزەکەی چێشتخانەکە، بە کوڕێکی وت، کە لە پشت شاشەی کۆمپیوتەری پارەوانییەکەدا دانیشتبوو:

– گۆرانییەکە بگۆڕە، کڕیارەکان داوای گۆرانیی کوردی دەکەن.

کەچی کوڕەکە وتەکەی پشگوێ خست، وەک بڵێیت هەر نەشیبیستبێت. لە کاتێکدا من بە تەواوی تیشکۆمەوە سەرنجیم دەدا و زۆر چاک دیم کە ئەو زۆر چاک بیستی. دوو تا سێ گۆرانی چاوەڕێم کرد ببێت بە کوردی. بەڵام یەک بە دوای یەک گۆرانیی عەرەبی، جا لە کام عەرەبییانەش؟ هەرە ناخۆشەکانیان، تەنانەت ئەو گۆرانیبێژانەی کە لە گەڕەکەکەی خۆشیاندا کەس نایانناسێت، نەک شتێکی تۆزێک ڕێکوپێکیان. ئیتر من کەمێک بەرگەم گرت، بەڵام لەوە زیاتر نەمتوانی.

ڕووبەڕووبوونەوەی کوردێکی دژەکورد

هەڵستام و ڕووبەڕووی ئەم کوڕەیان بوومەوە کە لەسەر کورسیی پارەوانەکە دانیشتبوو. پێیم وت:

– بەڕێزەکەم، ببوورە هەراسانیشت دەکەین، برای گەورە و بەڕێزمیت، بەڵام ناتوانن ئەو گۆرانییە بگۆڕن بە کوردی؟

وتی:

– حەزەکەی ئەیکوژێنینەوە!

وتم:

– جا بۆ دەیکوژێننەوە برا گیان؟ بیخەنە سەر کوردییەک، کوردیش خۆشە.

حیلکەیەکی بەسووکبینینی کرد و بزەیەکی کرد و پرسیی:

– ههه، جا کوردی کێ؟!

وتم:

– بۆ کێ، برا گیان؟ بۆ نموونە مەزهەری خالقی…

وتی:

– ناتوانین.

پرسیم:

– بۆ؟

وتی:

– ئیتر خۆی وایە و ئەبێ وا بڕوا.

پرسیم:

– مەبەستت لە وا بڕوا ئەوەیە گۆرانیی کوردیی ناخەنە سەر؟

وتی:

– حەزەکەی بۆتەخەمە سەر ئینگلیزییەک.

پرسیم:

– واتە تۆ ئامادەیت بیکوژێنیتەوە، یان بیخەیتە سەر ئینگلیزی، یان گۆرانیی هەر خەڵکێکی تر، تەنها کوردی نەبێت؟

وتی:

– کاکە گیاخ-خۆیەبێ وا بێ.

پرسیم:

– بۆ دەبێت وا بێت؟ کێ وتی دەبێت وا بێت؟ دیارە تۆ ئێمەی کوردت پێ سووکە و کوردت پێ بێنرخە، بۆیە هیچ ڕێزێکمان بۆ دانانێیت.

وتی:

– ئێسسا تۆ بۆ نانخواردن هاتووی یا بۆ گوێگرتن لە گۆرانی؟

وتم:

– من ئامادە نیم بە دەم خواردنەکەمەوە تۆ بە دڵی خۆت پۆخڵەواتی هەموو نەتەوەیەکی ترم بۆ لێبدەیت و بیکەیت بە گوێمدا. کە دەچیتە یاپان گوێت لە گۆرانیی یاپانی دەبێت. لە ئێرانی فارسیدا گوێت لە گۆرانیی فارسی دەبێت. لە ئەڵەمانیا گوێت لە گۆرانیی ئەڵەمانی دەبێت. لە ئیسرائیل گوێت لە گۆرانیی عیبری دەبێت. کەچی لە کوردستانەکەدا ئامادەیت گۆرانیی دونیا بخەیتە سەر هی کورد خۆی نەبێت؟

وتی:

– کاکە سیستمە!

پرسیم:

– مەبەستت ئەوەیە دیوارەکە خۆی گۆرانییەکە لێدەدات؟ یان تۆ گۆرانییە ناخۆشەکەت خستووەتە سەری؟

وتی:

– خۆیەڕوا.

وتم:

– سەیر بکە، من باوەڕم بەم شتانە نییە کە ئەمە سیستمە و خۆی دەڕوات و ئەمانە. تۆ خۆت دەیخەیتە سەری.

گۆمەکە، یان گووگەکە قووڵتر دەبێتەوە!

لێرەدا دەموچاوی گرژتر بوو و تێکچوو. تەنانەت وا هەستم کرد کە ئەگەر بۆی بکرایە و لە شوێنی کارەکەیدا نەبووایە ڕەنگ بوو پەلاماریشی بدامایە. پرسیی:

– یاعنی چی باوەڕت بەم شتانە نییە؟ یاعنی من ڕاص ناکەم؟

وتم:

– مرۆڤ سیستم دروست دەکات، سیستم مرۆڤ دروست ناکات. یوتیوبێکە و خستووتەتە سەری و دەگۆڕرێت. ئەگەر ئامادە نیت گۆرانیی کوردیی بخەیتە سەر، منیش ئامادە نیم لێرە نان بخۆم.

وتی:

– نا، نا، یاعنی ئێسسا من پێتەڵێم ئاوایە، بۆو ڕوونەکەمەوە، بۆ ڕێزم لێ ناگری؟

وتم:

– تۆ دەتەوێت بە من بڵێیت دیوارەکە خۆی لە خواییەوە گۆرانییەکە لێدەدات. کەسیش ناتوانێت بیوەستێنێت. بۆیە من ئەمە ناچێت بە مێشکمدا. چون تۆ خۆت گۆرانییە عەرەبییەکەت خستووەتە سەری، خۆشت دەتوانیت لایبدەیت. بەڵام ئامادە نیت هیچ کوردییەکی بخەیتە سەر، چون کوردت لا سووکە و هیچ ڕێزێک لە ئێمە ناگریت. بۆیە ئێمەش ئامادە نین نانت لا بخۆین.

وتی:

– لایەبەم.

وتم:

– نا، گیانە، ئەگەر کار دێتە سەر لابردن، لایمەبە. ئامانجەکەی من ئەوە نییە تۆ هیچی نەخەیتە سەر. ئامانجەکەی من ئەوەیە تۆ شکۆیەک بۆ کورد و کوردستان بگەڕێنیتەوە و ڕێزێک لە گۆرانیی کوردی بگریت و بیخەیتە سەری، لە کاتێکدا تۆ لە کوردستانیت. دەنا ئەگەر دێتە سەر لابردن، لایمەبە بەقوربانە، بۆ خۆت هەر گوێ لە گۆرانییە عەرەبییەکەی خۆت بگرە. ئێمە دەڕۆین، خواردنەکەم بۆ بکە بە سەفەری، لەگەڵ هاوڕێکەمدا دەڕۆین لە ئوتومبێلەکەدا دەیخۆین.

چاوەڕوانییەکی ناقۆڵا

ئیتر بە دەموچاوێکی گرژەوە قایل بوو. من گەڕامەوە سەر مێزەکەم تا چاوەڕێی خواردنەکە بکەین. بڵندگۆکەش بەردەوام بوو لە ڕشاندنەوەی گۆرانییە قێزەونە عەرەبییە نەویستراوەکە بەسەر بیستنماندا. پاشان پسووڵەکەمان داوا کرد، کوڕێکی تر بۆی هێناین، کە هەر لەوێ کاری دەکرد. ئەم کوڕە زۆر ڕووشیرین و بەڕێز بوو، وتی:

– بەڕێزەکەم، میوان بن.

سوپاسیمان کرد، وتی:

– منیش خۆم زۆر حەزم لە گۆرانیی کوردییە و نایخەنە سەری. سوپاس کە پێیت وت. بەڵام تکایە وەرەوە بۆ لامان و سەردانمان بکەوە. لە خزمەتتدا دەبین.

سوپاسیم کرد و پارەکەمان دا و خواردنەکەمان بە سەفەری وەرگرت و ڕۆیشتین لە ئوتومبێلەکەدا لە بەردەمی شوێنەکەدا خواردمان.

نابێت کورد لە کوردستاندا نامۆ بکرێت!

جا با بێینە سەر ڕای خۆم. بەڵێ، پێم وایە لە کوردستاندا دەبێت شتی کوردی برەوی پێ بدرێت. کە حکومەت لە ئاستی بەرپرسیارێتییەکەدا نییە، ئەوە ناگەیەنێت کە هاووڵاتییان لە ئاستی بەرپرسیارێتییەکەدا نەبن. خۆ ناکرێت هەموو شتێک بە زۆر بسەپێنرێت، خۆ دەبێت کورد بایی ئەوەندە ڕێزی خۆی و نەتەوەکەی لابێت کە جارجار شتێکی کوردی لە کوردستاندا بخاتە سەر، ئەو کوردستانەی بە خوێنی هەزاران گەشمەرگی کورد بونیاد نراوە. هەر وەک ڕێزێک بۆ ئەو هەزاران کوردەی گیانی خۆیان سپارد تا من و تۆ بە ئازادی کورد بین، نەک بە ئازادی دژەکورد و جاش بین.

ئێمە دەبێت سیمای کوردێتیی کوردستان بپارێزین، نەک خۆمان لە سنووری دەسەڵاتی خۆماندا، کە تەکسییەکە، یان دوکانێکە، یان چێشتخانەیەکە، کوردی قەڵاچۆ و جینۆساید بکەین. ناوی شوێنکارەکەمان کوردی نەبێت، خۆراکنامەکەمان کوردی نەبێت، ناوی خواردنەکانمان کوردی نەبن، وێنەی کوردێکی مەزن لە شوێنکارەکانماندا هەڵنەواسرابێت، گۆرانییەکی کوردی نەخەینە سەر، کەچی گلەیی لە پارتی و یەکێتی بکەین کە گوایە مافی کوردیان خواردووە و بۆ کورد باش نەبوون. کە ئەگەر گوایە ئەوان بۆ کورد باش نین، ئەمە هیچ پاساو ناداتە تۆ بۆ کورد باش نەبیت. ئەو باش نییە، تۆ باش بە!

سەبارەت بە ئازادیی گوێگرتن

نەخێر، مرۆڤ ئازاد نییە لە هەموو شوێنێک گوێ لە چی دەگرێت بیگرێت. دەتوانم زۆر لەسەر ئەمە بدوێم و بێگومان لە نووسینەکانی داهاتوومدا لەسەر ئەمە دەوەستم و تێڕوانینی خۆم ڕوون دەکەمەوە. پێشتریش لە وتاری ئایا سنوور بۆ چێژبینین دادەنرێت؟دا کەمێک لەسەری دوواوم.

 من پێم وایە دەبێت ژەمی سەرەکیی بیستن لە شوێنە گشتییەکاندا کوردی بێت. دەکرێت کە میوانی نەتەوەیەکی تر دێت وەکو ڕێز و وەکو پێشوازییەک گۆرانییەکی نەتەوەی خۆی بۆ بکرێت بە دیاری و ئاگاداریش بکرێتەوە لەوەی کە ئەو گۆرانییە لەبەر ئەو خراوەتە سەری. بەو شێوەیە ئەو کەسە نەتەوە جیاوازە زیاتریش بە هەوڵەکە دەزانێت و ڕێزی لێ دەگرێت. نەک هەر لەگەڵ دەرکەوتنی بێگانەیەک ئیتر ئۆتۆماتیکی هەموومان ببین بە کۆیلەی ئەو و ئەو بکەین بە ڕابەرمان.

پێم وایە کاتێک بیستۆکەکەت دەخەیتە گوێت بۆت هەیە گوێ لە دەنگی ڕشانەوەش بگریت. بەڵام کە دات بە دەنگی دەرەوە و دەنگەکە چووە گوێی کەسێکی ترەوە، چیتر ئازاد نەماویت هەموو جۆرە شتێک بئاخنیتە گوێی کەسی بەرانبەرەوە.

دین و لایەنگریی وارگێڕییت تێکەڵی کار مەکە

ئەمە یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانم لەگەڵ شۆفێرانی تەکسیشدا کە بە دڵی خۆیان وتاری مەلا و قورئان و ڕادیۆی دژەکورد و دژەدەسەڵاتی کوردی و بانگەوازکەر بۆ حوکمی داگیرکەر و زۆر جۆری تری شتی بیستراو دەخەنە سەر لە کاتێکدا سەرنشین لەگەڵیاندا سەرکەوتووە. پێم وایە دەبێت لە تەکسیدا هیچ بابەتێکی نە وارگێڕی (سیاسی – پێشتر لەسەر وشەی وارگێڕی وتارم نووسیوە، دەتوانیت بیخوێنیتەوە) و نە بابەتی دینی لێنەدرێت. چون تۆ نازانیت سەرنشینەکە کێیە و حەزی لە چییە و لە چ دۆخێکدایە و سەر بە چ دینێکە و سەر بە چ حیزبێکە. بۆیە باشترین شت ئەوەیە ڕادیۆکە بکوژێنرێتەوە.

ئەگەر سەرنشینەکە داوای کرد، بە دڵی ئەو، تا دادەبەزێت شتێکی بخاتە سەر. ئیتر گۆرانیی دەوێت، با گۆرانی بێت، قورئانی دەوێت با قورئان بێت، هەواڵەکانی دەوێت با هەواڵەکان بێت و ئاوها. واتە بە کورتی: نابێت هیچ شتێکی دینی و وارگێڕی (سیاسی) لە شوێنی کاردا لێبدرێت، چون شوێنی کار دەبێت دوور بێت لە ڕیابازی و دژایەتی.


  1. لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا نووسیومە. ↩︎

گەمژەیی کەتواری زنجیرەی لیستی ڕەش

گەمژەیی کەتواری زنجیرەی لیستی ڕەش1

ناڵێم دونیای چەپی نوێی لیبراڵ دونیایەکی زۆر گەمژانەیە و خەیاڵێکی لەڕەگهەڵکێشراو و شێواوە، چون دڵنیام ئێستا چەپێکی «هەموومان مرۆڤینیست»م لێ قوت دەبێتەوە و دەیکاتە گەنگەشەی شیوعیەت و سەرمایەداری. منیش حەوسەڵەی شیوعییەت و قەمسەڵەی سەرما-یەداریم نییە.

بەڵام چۆن ئەمەم بۆ شی دەکەنەوە:

ئەم چەند حەفتەیەی ڕابردوو کەمێک نەخۆش بووم و لە ماڵەوە سەیری ئەڵقەکانی زنجیرەی لیستی ڕەشم کرد، کە لە نێتفلیکس هەیە. لەم زنجیرەیەدا لقێکی ئێف بی ئای بە هاوکاریی مافیایەکی ئەمەریکی بە ناوی ڕەیمند ڕێدینگتن-ەوە چەندین کار دەکەن و تاوانکار و تاوانباری گەورە دەستگیر دەکەن.

ئێف بی ئای و ئێرانی و ئیسرائیلی

بەڵام لە نێو ئێف بی ئایدا دوو «ئێرانی» کارمەندی تایبەتی ئێف بی ئاین. یەکێکیان ناوی «ئارام موجتەبایی»یە، لە شوقەکەی خۆیدا وێنەی ئەسفەهانی هەڵواسیوە. ئەوی تریان خاتوو هەمیشە باوکەڕۆ ناوی «سەمەر نەڤابی»یە. جا ئەم نەڤابییە «ئێرانی»یە، وەک زۆربەی شتانی تری فارسی، تێکەڵەیەکە لە باوکەڕۆ و خەمۆکی و دەموچاوی خیشاوی و سواڵکردن بۆ ئەوەی پێی بوترێت قووڵە و ئەوەی بە ئینگلی(زی) پێی دەڵێن «میستیریەس»ە! زۆر سەیرە، نازانم بۆچی ئەوەندە سوێیان بووەتەوە بۆ ئەوەی قووڵ و خەمۆک و میستیریەس و بەهەست و بەئازار دەربکەون، لە کاتێکدا بە مووشەک منداڵی کورد لە سکی دایکی دەهێننە دەرەوە؟!

بەهەرحاڵ، ئەم «ئێرانی»یە ئێف بی ئایە لە هەمان کاتیشدا مۆسادە! ئەوەیە نوکتە، فیلمی هیندیی چی؟! جا ئەم بەبە بەبە بچکۆلەیە ئێرانیشی خۆش دەوێت و ئیسڕائیلیش بە وڵاتی خۆی دەزانێت و کارمەندی ئێف بی ئایشە و دژی ئیسلامۆفۆبیاشە و بۆ خۆت ئاو بێنە و دەست بشۆ! واتە نمایشی هەموو تێنەگەیشتنەکانی لیبراڵ و چەپی ئەمەریکی دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەتەوایەتی و دینیی ناوچەکە.

پۆلیتیکەڵی کۆڕێکت قسەی قۆڕە!

بە ڕاستی دونیای نوێی هەندێک لە زنجیرە و فیلمە ئەمەریکییەکان، بە تایبەت ئەو فیلم و زنجیرە بێتامانەی هەوڵ دەدەن «پۆلیتیکەڵی کۆڕێکت» بن، ئێجگار ناشیرین و دوورە لە ڕاستی و کار بۆ ئەجێندایەکی ئێجگار گەمژانە و ناشیرین دەکات.

تێنەگەیشتنی ڕووتە و ببڕێتەوە!

وەنەبێ ئەو کەتوارە درۆیینەیەشی پیشانی دەدات هەوڵدان بێت بۆ باشترکردنی دونیا، کە ئەم شتە لە وێژەدا دەکرێت و هەندێک جار سوودی خۆی دەبێت بۆ باشترکردنی مرۆڤایەتی. نەخێر، هەر تەواو تێنەگەیشتنە و ببڕێتەوە!

کێشە بەوە چارە نابێت ئامادە نەبیت کێشەکە وەک خۆی ببینیت و هەوڵ بدەیت خۆت هەڵبخەڵەتێنیت و سرووشتی کێشەکە بگۆڕیت. بەڵکو کێشە بەوە چارە دەبێت ڕووبەڕووی کێشەکە ببیتەوە وەک ئەوەی کە هەیە و واز لە خۆهەڵخەڵەتاندن بهێنیت.

هۆڵیود عەرەبێک ناناسێت ڕۆڵی عەرەب ببینێت بۆ لیستی ڕەش!

ئینجا هەر لەناو ئەم زنجیرە بەزۆردرێژکراوەیەدا (دەبێت ئەوە بڵێم کە هەندێک جار چیرۆکە سەرەکییەکەی زۆر زیرەکانە چنراوە و بەدڵمە) نەوەد و نۆ لە سەدی ئەو عەرەبانەی دەردەکەون نە عەرەبن، نە عەرەبی دەزانن! باشە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک یونیڤێرسەڵ و سۆنی، کە بەرهەمهێنی زنجیرەکەن، عەرەبێکیان پێ کاست ناکرێت ڕۆڵی عەرەب ببینێت؟ یان کوردێکی عەرەبیزانیان دەست ناکەوێت؟ مەگەر عەرەب ئەکتەری تێدا نەماوە لە جیهانە فشوهوڕەکەی چەپاندا؟

باوەڕ بکەن هەر بەشی «سەقەطەث ثەلجو فیللەیلی، ئەبو محەممەد مەریزون» (بۆ ئەوانەی نایزانن: ئەمە لە عەرەبیی پۆلی چواری سەرەتایی سەردەمی منداڵیی مندا بوو) بزانن دەبینن کە عەرەبییەکەی ئەم ئەکتەرە بەزۆر عەرەبێنراوانە چەند وێرانە و بەرگەگرتنی بینینیان چەند ئەستەمە!

من هیچی وا لەو دونیا درۆیینەیە نازانم کە ئەو برادەرە ئەمەریکییە لیبراڵە ناسکۆڵانە هەوڵی دروستکردنی دەدەن، بەڵام پێم باشترە لە کەتوار و ڕاستییەکی تاڵدا بژیم، نەک لە نێو دونیایەکی درۆیینە و فشە و هەڵخەڵەتاندنی بەزۆر و بە هەڵە جوانکراودا بژیم.


  1. لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا نووسیومە. لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەوە. پێشتر ناوم نابوو: «لە نێو ئاژەڵە گۆشتخۆرەکاندا هەر شێر بەدناوە!»، بەڵام لە پێداچوونەوەدا گۆڕیم بۆ ئەمەی ئێستا. ↩︎

بکوژ و کوژراو هەردووکیان قوربانی نین

1بکوژ و کوژراو هەردووکیان قوربانی نین

ئەم وتارە پێشکەشە بە یادی خوداناس وریا گلی

وا ساڵانێکە هەرچەند نەگبەتێک دەکرێتە قوربانیی جیاوازیی بیروڕا، یان دەکرێتە قوربانیی نەریتێکی بۆگەن و قێزەون و ڕزیو و کارێکی تیرۆریستی، کۆمەڵێک خەڵکی سەر بە ڕێباز و قوتابخانەی فەلسەفیی نەشیشبسووتێونەکەبابیزم دێن و دەڵێن:

– خۆی بکوژ و کوژراو هەردووکیان قوربانین.

ئیتر کوژراو بە تەواوی پشتگوێ دەخەن و دەکەونە شین و شەپۆڕ و قوڕپێوان بۆ بکوژ، کە ویس کوبانی بم، کە چەچە جوانە خەپانەکەی چووە عەتکردنی کوژلاوی داماو. خۆ کوژلاوەکە لاستە کولبانییە، بەڵام بکوژەکەش داماوە هەل کولبانییە و گوجی گوجی دوایی ئش ئش ئشەکەی بۆ دەکەم. ئش ئش ئشەکە، بکوژ داوای خوێن دەکا. ئیتل حەمی دەدەمێ و ئیتل ناگلی. ویس ویس، کوبانی بم.

مەبە بە هاوبەشی تاوان

ئەم بەڕێزانە بەم کارەیان هەم پشتگیری کوشتنەکە دەکەن و دەبنە هاوبەشی تاوانی کوشتن. هەم لە مەندی و قورسیی تاوانەکە کەم دەکەنەوە. هەم دەستی ڕاستەوخۆیان لە درێژکردنەوەی ئەم تاوانکاری و تیرۆریستییەدا دەبێت. چون کە کار دێتە سەر کوشتن نە شیش بسووتێ و نە کەباب کار ناکات و ناخوات. کوشتن کوشتنە و دەبێت سزای هەبێت.

ئێمە لە دێیەکی بیست هەزار ساڵ بەر لە ئێستادا ناژین. ئێمە لە سەدەی بیست و یەکدا دەژین کە بەم ڕۆژگارە پیرۆزییەکان لەیەک دەدەن و شۆرت دەکەن، چون بە ڕووی یەکتردا دەکرێینەوە. پەسەندکردنی جیاوازیی بیروڕا و پیرۆزی و ناپیرۆزییەکانی یەکتریش ئەو باجەیە کە دەبێت لە بەرانبەر کۆمەڵگایەکی ژیاریدا بیدەین. ئەگەر ئامادە نابین ئەم باجە بدەین کەواتە دەبێت بگەڕێینەوە نێو جەنگەڵستان و لەگەڵ شێر و پڵنگ و ماردا بژین. ئیتر یان دەبێت چاوی داخراوتان بکەنەوە، یان ئەمە هەر وا بەردەوام دەبێت تا یەکتر لە ناو دەبەین و هەموو ئەوەی مرۆڤایەتی بە هەزاران ساڵ بونیادی ناوە لە دەستی دەدەین و دەبینەوە بە کۆمەڵگەیەکی دڕندەی لە ژیار داماڵراو.

هەر وا ئاسان لە کۆڵ بکوژ نابینەوە!

ئەوانەی دەڵێن: «بکوژ و کوژراو هەردووکیان قوربانین» دەیانەوێت بەم وتەیەیان ئیتر بابەتەکە لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە. بەڵام ئەوان نازانن بەو وتەیەیان قوڕێکی خەستتریان بۆ خۆیان گرتووەتەوە.

ئێمە کە دەڵێین: «کوژراو قوربانییە و بکوژ جەللادە و قوربانی نییە» بۆ ئەوەمانە کە بکوژەکان دەستگیر بکرێن و سزا بدرێن، تا ببن بە پەند بۆ بکوژەکانی تر و خەڵکی تر چاویان لێ نەکەن. چون ئێمە دەمانەوێت کۆمەڵگایەکی سەقامگیر و ژیار بونیاد بنێین. دەمانەوێت ئاشتی بەرقەرار بێت. بۆ کۆمەڵگایەکی سەقامگیر و ئاشتەوا و ژیاریش، پێویستە تاوانکاران بە ئازادی بەرەڵڵا نەکرێن و بەر نەدرێنە خەڵک.

جەنگ و ئاشتی

ئەی بۆچی پێویستمان بە ئاشتییە؟ چون ئەوەی بە ئاشتی دەکرێت بە جەنگ ناکرێت. ئاشتی ئەگەر ڕێکەشی خاو بێت، بەڵام وێرانکەر نییە. لە ئاشتیدا ملیۆنان شتی باش سەوز دەبن و پێدەگەن کە سوودیان بۆ گەشەی مرۆڤایەتی و ژیانێکی ئابروومەندانەی ژیارییانە هەیە. بەڵام جەنگ هیچی وای لێ سەوز نابێت، جگە لە کوشتن و ڕشتنی خوێنی خەڵک و وێرانبوونی دونیا و ستەم و ستەمکاری. کە دواتر و لە کۆتاییدا هەر دەبێت بێینەوە لەگەڵ یەکتر گفتوگۆ بکەین و کێشەکانمان بە گفتوگۆ چارە بکەین.

بۆیە کە دەڵێین: «بکوژ قوربانی نییە» بۆ ئەوەیە جۆرێتیی ئاشتییە کۆمەڵایەتییەکەمان برەو پێ بدەین و باشتری بکەین.

ئامانج لە بەرگرییەکە چییە؟

بەڵام کە جەنابی شیشپارێز و کەبابپارێز دێت و دەڵێت: «بکوژەکەش قوربانییە» داخۆ دەیەوێت چی لەسەر ئەم وتەیە بونیاد بنێت؟ داخۆ دەیەوێت شەقامێک بکات بە ناوی کابرای بکوژەوە؟ قوتابخانەیەک بکات بە ناوی بکوژەوە؟ بۆ نموونە چی لەسەر ئەم وتەیە بونیاد دەنرێت؟

ئەوەی من دەیبینم تەنها ئەوەیە ئەگەر بکوژەکە قوربانییە، کاری تۆ لەوێدا تەواو نابێت کە بڵێیت: «بکوژ قوربانییە» و هەر وا ئاسان ڕابکەیت و هیچ هەڵوێستێکت نەبێت، بەڵکو کاری تۆ لە دوای ئەو وتەیەوە دەست پێ دەکات. ئەگەر بکوژ قوربانییە، دەبێت قوربانیی شتێک بێت، کە ئەو شتە ڕێک لە کۆمەڵگاکەدا هەیە.

ئەگەر بکوژ قوربانیی دەستی چەند مەلایەکە دەبێت تۆ لە پێش هەمووانەوە بێیت و داوای دەستگیرکردنی ئەو مەلایانە بکەیت و تا دەستگیر نەکرێن و سزا نەدرێن واز نەهێنت، تا قوربانیی تر بەرهەم نەهێننەوە. ئەگەر بکوژ قوربانیی دەستی نێرسالارییە، دەبێت تۆ چەکوشێک بگریت بە دەستتەوە و بدەیت لە بنی ئەو نێرسالارییە و بیڕووخێنیت و تا تەواو لەناو نەچێت واز نەهێنت، تا قوربانیی تر بەرهەم نەهێنێتەوە. ئەگەر بکوژ قوربانیی دەستی پەروەردەیەکی هەڵەی خێزانە، دەبێت تۆ بێیت و ئەو پەروەردە هەڵەیە بنکۆڵ بکەیت و بیڕووخێنیت و سەرلەنوێ بە شێوەیەکی باشتر بونیادی بنێیتەوە، تا پەروەردەی هەڵە قوربانیی ترمان بۆ بەرهەم نەهێنێتەوە.

شیوەنگێڕی بکوژ شیوەنی چییەتی؟

بەڵام ئەوەی من دەیبینم ئەوانەی دەڵێن: «بکوژیش هەر قوربانییە» و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و کۆتایی بەم گفتوگۆیە دەهێنن، خۆیان یەکەم کەسن کە بەم دەست و بەو دەست پارێزگاری لەو جەللادە دەکەن کە بکوژە قوربانییەکەی بۆیان بەرهەم هێناوە. ئەمە چەندی بە چەند؟

بۆیە تۆ تەنها بەوە ڕزگارت نابێت بڵێیت: «بکوژ و کوژراو هەردووکیان قوربانین». چون ئەو کاتەش هەر هەڵوێستت لێ چاوەڕێ دەکرێت. فەرموو دەی ئەوە زانیت بکوژ قوربانیی شتێکە، دەی خێراکە و ئەو جەللادە لە ناو ببە، تا قوربانیی تر نەخاتەوە. ئاوها بە ئاسانی لێی ڕزگارت نابێت. بۆیە وتەی «بکوژ و کوژراو هەردووکیان قوربانین» زۆر هەڵەیە و زۆرتان لەسەر دەکەوێت.

گریمان وتەکە ڕاستە

پاشان ئەگەر هەرگیزاوهەرگیز ئەو وتەیە ڕاست بێت، کەواتە هەر ئێستا یەکێک دە فیشەک بنێت بە تۆوە، لەسەر هەر شتێک بێت، منیش دەتوانم بێم و بڵێم: «بکوژەکە قوربانییە».

کەواتە هەر بە ڕاست بۆچی دادوەر هەیە و دادگا هەیە و دادوەری هەیە و پارێزەر هەیە؟ خۆ هەموومان قوربانین و ببڕێتەوە! ئەوەی دزیت لێ دەکات قوربانییە. ئەوەی لاقەت دەکات قوربانییە. ئەوەی خاکت داگیر دەکات قوربانییە. ئەوەی منداڵت سەردەبڕێت قوربانییە. سەدام قوربانی بوو کە کوردی زیندەبەچاڵ دەکرد. هیتلەر قوربانی بوو کە شەش ملیۆن کەسی تواندەوە و بووە هۆی کوشتنی دوانزە ملیۆن کەسی تریش. ستالین قوربانی بوو. گەریلا قوربانییە. جەندرمە قوربانییە. پێشمەرگە قوربانییە. پازدار قوربانییە. ئەمەریکا قوربانییە. ڕوسیا قوربانییە. ئۆکرانیا قوربانییە…

کوڕە کاکە قوڕەیشییەکان قوربانی بوون. ئەبو موسەیلەمە قوربانی بوو. ئەبو لەهەب قوربانی بوو. پیلاتۆسی پۆنتی قوربانی بوو. هیرۆدس قوربانی بوو. فیرعەون قوربانی بوو. گەلی لوت قوربانی بوون. گەلی نوح قوربانی بوون. هابیل قوربانی بوو. قابیل قوربانی بوو. هەر وا بێتەوە شەیتان قوربانی بوو و عفریت قوربانی بوو و داروبەرد قوربانین. بەم پاساوەی ئێوە هەموو کەسێک قوربانییە. ئێوە نیازتان وایە ئاوها بەرگری لە شتان بکەن؟

هەمووان قوربانین جگە ئەوەی ڕقم لێیە!

زۆربەی ئەوانەی دەڵێن: «هەردوو لا قوربانین»، ئەوانەن کە دژی دەسەڵاتی کوردن و بەم ڕۆژگارە وا خۆیان پیشان دەدەن کە ستەمیان لێ کراوە و دەسەڵات لەگەڵیاندا خراپە… ئاگادار بن، ئێوە لەسەر لقێک وەستاون و خەریکە دەیبڕنەوە! ستەمکار قوربانی نییە، قوربانیش بێت هەر دەبێت بە سزای خۆی بگات. هەر زۆر زۆر قوربانیش بوو دەبێت ئەو دەستە ببڕرێت کە ئەم قوربانییەی بەرهەم هێنا.

 یان ئەگەر بەو پاساوەی ئێوە دەڕۆین، کەواتە ئیتر کەس لەمەودوا گلەیی لە پارتی نەکات و کەس خۆی ستەملێکراو پیشان نەدات. پارتیش قوربانییە و یەکێتیش قوربانییە و یەکگرتوو و حسک و کوڕە کاکە بەشار ئەسەد و پۆتین جومهورییەتی ئیسلامیی ئێران و تورکیا و عێڕاق و سوریا و سعودیە و ئەمەریکا و ڕوسیا و ئیسرائیل و داروبەرد قوربانین. کەس باسی ستەم نەکات. کەس باسی دزی نەکات. کەس باسی گرتن نەکات. کەس باسی کوشتن نەکات. هەمووان قوربانین.

بکوژەکانی ئێوەش قوربانیین!

گەر بەو پاساوەی ئێوە دەڕۆین ئەوا سبەی کە ئێوەش بە هەر هۆیەک بێت و هەر کەس بتانکوژێت، دێم و دەڵێم: «بکوژەکانتان قوربانین» و بۆ بکوژەکانتان دەپاڕێمەوە و دەیکەم بەو شیوەن و شەپۆڕەی ئێوە بۆ بکوژەکانی ئەمڕۆتان ناوەتەوە. هەر ئاوها دۆسێی کوشتنی ئێوە دادەخەم و بە فەرامۆشنامەی مێژووتان دەسپێرم، چون ئێوە هەزاران کوژراوی قوربانیی ڕاستەقینەتان فەرامۆش کرد و یادتان نەکردنەوە. هیچ هەڵوێستێکتان بۆ ئەوانە دەرنەبڕی کە کوژران. بۆیە خۆشتان دەبنە قوربانیی ئەو ستەمەی درێژی دەکەنەوە.

پیرۆزییەکانت مەکە بە چاوی خەڵکدا

ئینجا ئەگەر دێیت و لەژێر پاساوی «پیرۆزییەکان»تدا ڕەوایەتی بە کوشتن دەدەیت، دەبێت بزانیت پیرۆزییەکانی تۆ پیرۆزییەکانی ئەوانی تر نین. ئەگەر پیرۆزییەکانی خۆتت خۆش دەوێت هەڵیان بگرە بۆ خۆت و مەیانکە بە چاوی خەڵکدا، با تووشی ئەمڕۆ نەبین. تۆش بەم ڕۆژگارە پیرۆزییەکانی ئەوانی تر پێشێل دەکەیت. کەواتە بە پاساوەکەی خۆت بێت، تۆش شایستەی کوشتنیت و بکوژەکەشت قوربانییە و دەستی ئەوە خۆش بێت کە دەتکوژێت!


  1. لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا لە پاش تیرۆرکردنی کاک «خوداناس وریا گلی» بە دەستی تیرۆریستێک نووسیومە. پێشووتر بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بۆ دۆسێی کوشتنەکەی «ماریا سامی»ش هەمان ئەم دژەپاساو و پووچەڵکردنەوەیەم هێناوەتەوە و بە زارەکی لێیم دەربڕیوە، چون ئەو کاتیش کۆمەڵێک هاتن و بەرگرییان لە بکوژەکە دەکرد و دەیانوت: «بکوژەکەی ماریا قوربانییە» و بە وشەیەکیش باسی ماریای جوانەمەرگیان نەکرد! ↩︎

ئایا سنوور بۆ چێژبینین دادەنرێت؟

ئایا سنوور بۆ چێژبینین دادەنرێت؟[1]

ئایا پرسیوتە بۆچی زۆر لە خەڵکی کوردی نابیستیت بڵێت: «بەیانیان دوگمەبەندی باشکۆککراوی یۆهان سێباستیان باخ زۆر خۆشە»؟ لە کاتێکدا ئەم بەرهەمە (کە لە خوارەوە بەستەری یوتیوبەکەیم داناوە) یەکێکە لە نایابترین کارەکان کە هەرگیزاوهەرگیز لە مێژووی موزیکدا دانرابێت. چەند جار گوێی لێ بگریتەوە هێشتا هەر شتت پێ دەبەخشێت. جگە لە پێگەکەشی لە بواری موزیکدا کە بە یەکێک لە شاکارەکانی هونەری موزیک دادەنرێت و کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر تەواوی مێژووی موزیکی کلاسیک و جیهانیش هەیە.

دوگمەبەندی باشکۆککراوی یۆهان سێباستیان باخ-ە بە ژەندنی سڤیەتۆسلاڤ ڕیختەر، کە یەکێک بوو لە باشترین پیانۆژەنەکانی سەدەی ڕابردووی هەموو جیهان

ئەی ئینیۆ مۆریکۆنێ؟

یان نابیستیت زۆر لە کوردان بڵێن: «بەیانیان جۆش گرۆبان و ئەندریا بۆچێللی خۆشن». یان بچیتە یەکێک لەو قاوەخانانەی خۆیانیان ناو ناوە کافتریا یان برێکفاست و بە خواردن دەڵێن فوود و بە خواردنەوە دەڵێن درینک، خستبێتیانە سەر موزیکە نایابەکانی ئینیۆ مۆریکۆنێ. ئەگەر گلەییت لە موزیکەکەی مۆریکۆنێ هەبوو پێت بڵێن: «ئەمە موزیکی ئینیۆ مۆریکۆنێیە. یەکێک بوو لە بەتواناترین موزیکدانەرەکانی جیهان. بە نزیکی بە کوالیتیی موزیکی کلاسیک موزیکی بۆ فیلم دادەنا. ناوبانگ و چێژی زۆربەی موزیکەکانی تەنانەت لەو فیلمانەش زیاترن کە موزیکەکانی خۆی بۆیان داناوە! واتە هەندێک فیلم هەن بە هۆی موزیکەکەی ئەوەوەیە خەڵک تەماشایان دەکات. واتە موزیکەکەی مۆریکۆنێ دەبێت بە ناونیشان بۆ فیلمەکە!».

ئەی یەڤگینی کیسین؟

یان نابیستیت یەکێک بڵێت: «فڵان ڕۆژ بە دیار یەڤگینی کیسینی پیانۆژەنەوە دانیشتبووم، پڕۆڤەی لە کۆنشەرتۆی سێیەمی پیانۆی ڕاخمانینۆڤدا دەکرد. بە ڕاستی دەستی دەتوت ڕووبارە و بەسەر دوگمەکانی ئەو پیانۆیەدا لێشاو دەبات. لەو کاتەدا ژەنیارەکە هێندە چووبووە نێو موزیکەکەوە کە دەرزیت پیایدا بکردایە خوێنی لێ نەدەهات!».

کەچی هەمان ئەم قسانە بۆ موزیک و ژەنیاری نەتەوەکانی چواردەوری خۆمان دەکرێن. پرسیوتە بۆچی وایە؟ داخۆ لە خۆوەیە؟ داخۆ موزیکی نەتەوەکانی دراوسێمان هێندە لە موزیکی نەتەوەکانی جیهان مەزنترن وا هێندە پارێزەر و پەرستار و بەرگریکاریان لە نێو کورددا هەیە؟

پێت وایە بە ڕێکەوت حەزت لە چڵکاوی دراوسێیە؟

ئایا پێت وایە ئەمە تەنها ڕێکەوتە؟ پێت وایە بە ڕێکەوت چێژ لە فڵان دەبینیت، بەڵام ئامادە نیت تەنانەت ئەوە تاقی بکەیتەوە بزانیت چێژ لە موزیکی نەتەوەیەکی دوورتر دەبینیت یان نا؟ پێت وایە ئەم چێژبینینەت لە هونەری نەتەوە دراوسێکەت ڕێکەوتە و لە خۆوەیە؟ لە کاتێکدا سەدان ساڵ حوکمتی کردووە.

یان لەوانەیە لەبەر ئەوە بووبێت کە لەسەر مێزی خوانی چێژبینین لە هونەر کۆمەڵێک بژاردەی کەمت خراوەتە پێش و هەمووشیان بەرهەمی نەتەوەکانی چواردەورت بوون. ڕیکلامی زل لە پشت هەر کامێکیانەوە کراوە و وەکو کاڵایەک دەرخواردت دراون. ئێستا تۆش بە کامی دڵتەوە گوێیان لێ دەگریت و چێژیان لێ دەبینیت و خۆتیان تێدا دەدۆزیتەوە. پێت وایە تۆ بە ویست و ئارەزووی خۆت ئەوانت هەڵبژاردووە، یان ئەو بژاردانەت ئەوەندە بەچێژن کە خۆیان تۆیان پەلکێش کردووە بۆ خۆیان.

نەخێر، ئەو شتە زلە نییە!

ئەگەر یەکێکیش بوێرێت بڵێت: «فڵان گۆرانیبێژی فڵان نەتەوەی دراوسێ (بۆ نموونە فەیرووز) کە هەموو بەیانییەک ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەکانمان و قاوەخانە و ئوتومبێل و ماڵەکانمانی داگیر کردووە و بەسەریاندا سەپێنراوە، ئەوەندە مەزنیش نییە کە بەو شێوەیە دەپەرسترێت!» یەکسەر یەکێکت لێ قوت دەبێتەوە و دەڵێت: «تۆ ڕەگەزپەرستیت! چێژبینین سنووری بۆ دانانرێت! ئێوە خۆتان لە هەموو شتێکدا هەڵدەقورتێنن و ئازادییە تاکەکەسییەکان پێشێل دەکەن».

نەتەوەکانی تر مەزنیان نییە؟

کەچی بە دەگمەن نەبێت، کەس لەمانە نابینین بە ئازادییە تاکەکەسییەکانیان و چێژە بێسنوورەکانیانەوە چێژ لە موزیکێکی یاپانی ببینن! بە دەم ڕەزمێکی ئەفەریقییەوە سەمایەکی ئەفەریقییانە بکەن. بە دەم ئامێرێکی ژێداری چینییەوە ملیان بابدەن و ڕیکلامی خۆڕایی بۆ بکەن. وەک ئەوەی بۆ نەتەوەکانی دراوسێی خۆمانی دەکەن.

تۆ ئاراستە کراویت و ئاگات لێی نییە

لە ڕاستیدا چێژبینینی خەڵکان ئاراستە دەکرێت و نەخشەی بۆ دادەنرێت و کاریشی بۆ دەکرێت. کەم تا زۆریش بەر دەگرێت و ئەنجامیشی دەبێت. خودی ئەوەی زۆربەی کورد چێژ لە موزیکی نەتەوەکانی دراوسێی دەبینێت و بە هەمان قەبارە و مەندیی ئەو نەتەوانەی دراوسێ چێژ لە موزیکی نەتەوەی تر نابینێت، بەڵگەی ئەوەیە کە لە ڕاستیدا چێژبینین ئاراستە دەکرێت و ڕێی بۆ دیاری دەکرێت و سنووریشی بۆ دادەنرێت.

بەڵام چۆن ئەمە لە مێشکداگیرکراوەکانمان تێبگەیەنین کە لە ڕاستیدا موزیک یەکێکە لە گرنگترین کەرەستەکانی پڕوپاگەندە و داگیرکردنی مێشک و بیر، بێ ئەوەی هاوزمانەکانمان یەکسەر بە «فاشیست» و «ڕەگەزپەرست» و «تەسکبین» لە قەڵەممان بدەن؟ چۆن ئەمەیان تێبگەیەنین؟


[1] لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا نووسیومە؛ لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە.

بەربوورە

بەربوورە1

ساڵانی ڕابردوو ژانرێکی موزیکم بە پیانۆ دەژەند و تا ئێستاش لێی بەردەوامم، ناوم لێی نا نەستژەنی. خۆم وشەکەم بۆی داڕشت. لە نەستژەنیدا تەنها پیانۆم بە کار دەهێنا. بەڵام لە درێژەی ئەم کارەدا چەند کێشەیەکم بە دی کرد، گرنگترینیان ناونان بوو. بۆم دەرکەوت خۆبەستنەوەم بە ناونانەوە هەڵە بوو، چونکە کاتێکی ئێجگار زۆری لێم دەبرد. بۆیە بڕیارم دا دەست بکەم بە تۆمارکردنی ژانرێکی نوێ، کە ناوم لێی نا بەربوورە.

جیاوازیی ژانری نەستژەنی و بەربوورە ئەوەیە کە بڕیارم داوە ئەم بەربوورانە ناویان نەبێت و تەنها ژمارەیەک ببێتە شوناسیان. هەروەها تەنها خۆم بە پیانۆوە نەبەستمەوە و دەنگی جۆراوجۆر تاقی بکەمەوە. بەڵام چوونیەکییەکانیان لەگەڵ نەستژەنیدا ئەوەیە کە بەربوورەش بە نۆتە نانووسمەوە و تەنها ئەو چرکەیە دەیژەنم، ئەگەرچی دامناوە هەندێک لە بەربوورەکان نەخشەیەکی گشتییان هەبێت، بە تایبەتی ڕەنگڕێژی بۆ زنجیرەی کۆردی هەندێکیان دابنێم و لە ژەندنەکەدا کەموزۆر دوای ئەو ڕەنگڕێژییە گشتییە بکەوم. بەڵام بە گشتی بەربوورەش هەر موزیکێکە و نەنووسراوەیە و بێنەخشەیە و بەرهەمی ئەو چرکەیەی ژەندنەکەم دەبێت. دەشێت بە ئامێرێک بیژەنم، یان زیاتر لە ئامێرێک.

واتای بەربوورە

وشەی بەربوورە بە گوێرەی فەرهەنگی وەهبی و ئەدمۆندز لە دەستەواژەی «لە بەربوورە»دا هەیە بە واتای کارێکی بێ نەخشە و بێ ئامادەکاری دێت. ڕەنگە بەرانبەر ئیمپرۆمپتو impromptuی زاراوەی موزیک بوەستێتەوە. من وەک ناو بۆ ئەم ژانرەم بە کار هێنا و لە ئایندەشدا بەربوورەی ترم دەبێت. بە هیوام چێژیان بۆ بیسەران هەبێت.


  1. لە ٢ی نیسانی ٢٠٢٣دا نووسیومە. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

تۆ سەروەرمان بە

تۆ سەروەرمان بە1

لە مانگی ١١ی ٢٠٠٦ەوە دەستم کرد بە فێربوونی موزیک و هونەر. ھێشتا دوو سێ ساڵ نەبوو خەریک بووم، کەوتمە سەرکۆنەی موزیککارانی پێش خۆم و گاڵتەم بە ھەموویان دەھات و پێم وا بوو ھیچیان ھیچیان نەزانیوە. ھەر کەموکورتییەکم لە گۆرانی یان موزیکێکی پێش خۆم بدۆزیایەتەوە لەسەریانم دەکرد بە ھەڵڵا و تەنانەت لەسەریشیانم دەنووسی. دەمەویست بە ھەموو خەڵک ڕابگەیەنم کە موزیککارانی پێش من گەمژە و دەبەنگ و نەزان بوون و سواری بوارەکە بوون و قسەی زبریشم دەکرد.

چەند کونێکم لە ھونەردا شک دەبرد کە پڕ نەکرابوونەوە. ئیتر تەنھا ئەم شکبردنە بۆ من بەس بوو تا ھەموو موزیککاران و تەنانەت دەسەڵاتی حکومەتیش سەرکۆنە بکەم کە بۆچی بیریان بە لای ئەوەدا نەچووە ئەو کونانە پڕ بکەنەوە؟ تەنانەت سیانزە ساڵێک لەمەوبەر ئەوەندە چاوقایم بووم سەرکۆنەی شاھونەرمەندێکی وەک مامۆستا مەزھەری خالقیم کرد! وەک بڵێیت قەرزی باوکم بەسەر مامۆستا مەزھەری خالقییەوەیە و ئەو بە پارەی من دەژی!

سەیرێکی خۆیشت بکە!

بەردەوامیم لە بەرھەمھێنان گەیاندمی بەوەی دە ساڵ دواتر وردەوردە بیرم لەوە کردەوە کە منیش وەچەی ئەم نەتەوەیەم. باشە کە من بیرم بە لای پڕکردنەوەی ئەو کونانەدا دەچێت کە گوایە پڕ نەکراونەتەوە، بۆچی من پڕیان ناکەمەوە و ھەر بۆڵەبۆڵم دێت؟ بۆچی ھەر سەرکۆنەی ھونەرمەندانی پێش خۆم دەکەم کە بۆچی کاریان تیایاندا نەکردووە؟ ئەی من سندان لێی داوم؟ دەستم شکاوە؟ گریمان ھەر بە ڕاستی ئەوان گەمژە بوون و نەیانزانی و درکیان پێی نەکرد، کە وا نییە، بەڵام با وا دابنێین کە وایە: ئێ من تاوانەکەم لە ھی ئەوان گەورەترە، چونکە من درکم پێیان کردووە و نایانکەم!

سەرکۆنەکردنی دەسەڵات ئاسانە

بۆ سەرکۆنەکردنی دەسەڵاتیش، ڕۆژێک لە خۆمم پرسی: «ئەرێ بە ڕاست، تۆ کەموزۆر خۆتت بۆ ھونەر تەرخان کردووە. پاش فێربوون و ئەزموون لەم بوارەدا درکت بە ھەندێک کەموکورتی نێو هونەر کردووە. پێت وایە کاک مەسعود، کە ھونەرمەند نییە و لە بواری ھونەردا کاری نەکردووە و سەرقاڵی یەک ھەزار شتی ترە، درکی بەم کەموکورتییانەی ھونەر کردبێت؟ تۆ کە دەتوانیت و دەزانیت ئەم کەموکورتییانە چارە بکەیت، نایانکەیت. کەچی چاوەڕێ دەکەیت کاک مەسعود چارەیان بکات کە نە لێی دەزانێت و نە دەشتوانێت کەموکورتییەکان چارە بکات! ئەگەر کەسێک ھەبێت بتوانێت و بزانێت: تۆیت. ئەگەر دەسەڵاتیش بۆی دەربکەوێت کە کەموکورتی ھەن، ھەر ناچارە یەکێکی وەک تۆ بھێنێت تا کەموکورتییەکانی بواری ھونەر چارە بکەیت. کەواتە فەرموو تۆ چاکیان بکە. ئەوەندەی دەتوانیت چاک بکە و ئاوھا ھەر یەکێک وا بکات دونیا باش دەبێت.»

ئیتر بە خۆمدا چوومەوە و بڕیارم دا ئیمپراتۆرێتییەکەم لەسەر بنەمای وێرانکردنی ئەوانی تر بونیاد نەنێم. بەڵکو لەوان بگەڕێم ھەبن و سوود لە ئەزموون و بەرھەمیان وەربگرم و خۆم خەریکی بونیادنانی خۆم بم.

بەردەوامیم لە بەرھەمھێنان و تەمەنیش وردەوردە وایان کرد ئێستا ئاوڕێکی تر لە موزیککاران و ھونەرمەندانی پێش خۆم بدەمەوە. تەنانەت سەرسام بم بەو ھەموو کارە باش و جوانانەی ئەوان کردوویانن و من لەبەر ھەوڵدان بۆ سەلماندنی لێزانی و نمایشی دەسەڵاتی خۆم ھیچ کام لەو باشی و جوانییانەم نەدیبوو و درکم پێیان نەکردبوو! جگە لەوەی موزیککارانی پێش من بێ یارمەتیی ئینتەرنێت و لە بارودۆخ و ھەلومەرجی ئێجگار دژوارتر لە بارودۆخ و ھەلومەرجی مندا ئەوانەیان کردووە کە کردوویانن.

هەموو ڕێگەکان دێنەوە سەر خۆت!

ئەو کاتانەی تەمەنم ھێندە چاوم لەسەر ڕووخاندنی ئەوانی تر و نمایشی لێزانیی خۆم بوو، ھێندە چاوم لەسەر بونیادنانی خۆم نەبوو. وەک بڵێیت دەموت: «ئەھا خەڵکینە من چەند بلیمەتم کە دەتوانم ھەڵە لە کارەکانی پێش خۆمدا بدۆزمەوە؟ سەیرم بکەن من چەند مەزنم و ئەوان چەند گەمژەن!»

ئێستا کە ئاوڕ لەو سەردەمەی ژیانم و ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەم دەدەمەوە بست بست بە ناخی زەویدا ڕۆ دەچم. ئێستانان مامۆستا مەزھەری خالقی بە یەکێک لە شاکانی ھونەری کورد دەزانم و خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە لە سەردەمێکدا ژیاوم دەنگ و گۆرانیی ئەوم بیستووە. تێر تێر شەرمەزاری دەکێشم کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە بەرانبەر ئەو ھەموو بەرھەمە دانسقەیەی ئەو پێشکەشمانی کردووە، من پێنەزان و کەمنرخێن بووم.

گاڵتەکردن بە کاری خەڵکانی تر، چەندێک کاڵوکرچیش بن، زۆر ئاسانە. دروستکردن و بونیادنان قورسە. ئەمە تەنھا لە موزیکدا ڕاست نییە، لە ھەموو بوارێکی تریشدا ڕاستە. ئەگەر ئەوانی پێش تۆ خراپ بوون، لە بری ھەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئەوان و بێزراوکردنیان، فەرموو تۆ ببە بە ڕابەر و سەروەر و پێشڕەو و مامۆستامان و تۆ کارە باشەکەی خۆت بکە.

کێ دەستی گرتوویت بۆ هونەر؟

ڕاستیتان دەوێت؟ من بێزار بووم لەم نەریتی وێرانکردنی ئەوی ترە. ئەگەر دراماکەت پێ خراپە فەرموو کێ دەستی گرتوویت؟ تۆ یەکێکی باش بکە. درامایەکی زۆر کورت بکە، با ھەر ئەڵقەیەکی پێنج خولەک بێت، کاکە با دوو خولەک بێت، بەڵام بیکە. فیلمەکەت بە دڵ نییە؟ فەرموو کێ دەستی گرتوویت فیلمێکی باشتر بکەیت؟ فیلمێک بکە پێنج خولەک بێت، بەڵام بیکە. ئەو ھونەرە «باش»ەت نمایش بکە، نەک لێزانییەکەت لە ڕێی وێرانکردنی ئەوانی ترەوە مانۆڕ بکەیت. تەشیڕێس تەشیڕێس بێت بە کلکی کەرەکەش دەڕێسێت. نووسینەکەت بە دڵ نییە؟ یەک قەڵەم و چەند پەڕەیەکی پێویستە نووسینێکی باشترمان پێشکەش بکەیت، با ئێمەش چاو لە تۆ بکەین.

هونەر بۆ تۆ، تۆ ڕابەرمان بە!

دانتێ بە وێرگیلیوس دەڵێت: «ئێستاش بڕۆ، ھەردووکمان یەک ویستمان ھەیە: تۆ ڕابەریت، تۆ سەروەریت، تۆ مامۆستایت!» (دۆزەخ ٢: ١٣٩-١٤٠).

فەرموو ھاوڕێ و ھاوپیشەم، ھەموومان یەک ویستمان ھەیە: تۆ ڕابەریت، تۆ سەروەریت، تۆ مامۆستایت، بکەوە ڕێ و ڕزگارمان بکە.


  1. لە ٢٦ی ئاداری ٢٠٢٣دا نووسیومە. لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

کوردی بۆ کورد لە ڕوانگەی بێگانەوە

کوردی بۆ کورد لە ڕوانگەی بێگانەوە[1]

هەزار و یەک شەو، نەک هەزار و یەک شەوە

لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا وەرگێڕانەکەی مامۆستا جەوهەر مەحمود داراغام دی بۆ پەڕتووکی «ألف ليلة وليلة» و ناونیشانە کوردییەکەی «هەزار و یەک شەوە» بوو. دەستی مامۆستا جەوهەر دەگووشم و سوپاسی دەکەم و کەسێکی پڕبەرهەمە و خزمەتێکی گەورەی بە بواری وەرگێڕان کردووە و بەردەوامیش دەیکات.

پێم وا نییە ئەگەر شتێک بڵێم لەسەر تەنها وشەیەکی هەڵبژێرراوی بەڕێزیان ئیتر ببێتە هۆی ئەوەی بەرهەمەکانی بێنرخ بکەم. بە پێچەوانەوە، من دەزانم کە وەرگێڕان هەموو خولەکێک دەتخاتە بەردەم بڕیار و تۆش وەک وەرگێڕ بەردەوام بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی وشە دەدەیت. هەندێک جار بڕیارەکان نایاب دەردەچن. زۆر جار دروست دەردەچن و هەندێک جاریش، بە تایبەتی کە ڕای دووەم (واتە لە کەسێکی ترەوە) دەبیستیت، ڕەنگە بە بڕیارەکەتدا بچیتەوە و بۆت دەربکەوێت بڕیارێکت هەڵە بووە. من خۆم بە سەدان و لەوانەشە ئەگەر بژمێررێت بگاتە هەزاریش، بڕیارم لەسەر وشە داوە. ئێ لەم هەموو بڕیارە یەکێکیان هەر هەڵە دەبێت. هەر خۆم ئێستا دەتوانم ددان بە سێ چوار وشەدا بنێم کە بە هەڵە بڕیارم لەسەریان داوە. بۆیە پێم وایە ئەمە زۆر ئاسایی بێت و من تەنها ڕوانگەی خۆم دەخەمە ڕوو.

پێم وایە مامۆستا جەوهەر لە ڕوانگەی «ليلة»ی عەرەبییەوە وشەی «شەوە»ی کوردیی بە کار هێنابێت و بڕیاری لەسەر دابێت. «شەوە» لە کوردیدا «دەردێکە تووشی منداڵی ساوا دەبێ ئەندامی شین دەکاتەوە و دەمرێ». واتایەکی تریشی هەیە کە «بەردێکی زۆر ڕەشی جوانی لووسی بەنرخە ژنان دەیکەن بەملوانکە». هەردوو پێناسەکەم لە فەرهەنگی خاڵەوە هێناوە. لام وا بێت هەمان ئەو بەردە بەنرخە «شەوەنگ»یشی پێ دەڵێن، بە ئینگلی دەبێتە Jet و خۆم لە وەرگێڕاندا بە کارم هێناوە. ئەو بزوێنە کورتە بە کۆتایی وشەکەوە «تائی تەئنیسی ساکینە»ی عەرەبیی سەر «ليلة»یە و هاتووەتە سەر «شەو» و کردوویە بە «شەوە». بە هیوام مامۆستا جەوهەر لە چاپەکانی داهاتوودا ئەم وشەیە چاک بکاتەوە و بیکاتەوە بە «هەزار و یەک شەو».


(لێرە بە دواوە لەسەر کارەکەی مامۆستا جەوهەر نادوێم، بەڵکو باسی نموونەی تری خەڵکی تر دەکەم)

شاژن، نەک شاژنە

بەڵام ئەم دیاردەیە لە زۆر شوێنی تر هەیە. بۆ نموونە لە نووسینی پەڕەیەکی فەیسبووکدا بینیم نووسیویانە: «شاژنە عالییە» و لە دانەیەکی تردا نووسیویانە «شاژنە ئەلیزابێس». کە ئەو بزوێنە کورتەی کۆتایی وشەی «شاژنە» ئەویش هەر «تائی تەئنیسی ساکینە»ی عەرەبیی سەر «ملکة»یە و هاتووەتە سەر «شاژن» و کردوویەتی بە «شاژنە». من پێشتر (لە پەڕەی ئولیسی سەر فەیسبووک) سەرنجێکم سەبارەت بە «شاژن» نووسیوە و تێڕوانینی خۆمم خستووەتە ڕوو.

دەبێت لە دیدی کوردییەوە بڕوانرێتە کوردی

ئەم تێڕوانینەی کە لە چاویلکەی زمانێکی ترەوە دەڕوانرێتە وشەی کوردی تەنها ئاستی دەنگ ناگرێتەوە، بەڵکو ئاستی داڕشتەی ڕۆنانی وشەش دەگرێتەوە. بۆ نموونە پێشتر وشەی «تەختەکلیل»یان لە بەرانبەر «کیبۆرد keyboard»ی ئینگلی دانابوو. بەڵام شتەکە نە تەختەیە و نە کلیلیشی لەسەرە! ئەمیش وەرگێڕانێکی (هەڵەی) وشە لێکدراوە ئینگلییەکەیە، کە تیایدا وەرگێڕ وشەی کی keyی بە «کلیل» و بۆرد boardی بە «تەختە» وەرگێڕاوە و بە کوردی بە تەک یەکەوە دایناونەتەوە و تەنها جێیەکانی گۆڕیوە، لە بری «کلیلتەختە»، کردوویە بە «تەختەکلیل». پێشتریش لەسەر ئەم وشەیەم نووسیوە و لە ماڵپەڕەکەمدا هەیە و خۆم وشەی «دوگمەبەند»م بۆی داڕشتووە، کە پێم وایە کاری خۆی دەکات. ئەمە جگە لەوەی کیبۆرد شتێکە دوگمەی لەسەر بێت. تەنانەت بە پۆلێک لە ئامێرە موزیکییەکانیش دەوترێت «کیبۆردەکان keyboards» وەک ئەو ئامێرەی خۆم دەیژەنم (پیانۆ) و هاڕپسیکۆرد و سێلێستا و سایزەر. ئەو کات دەتوانین لە کوردیشدا بەم ئامێرانە بڵێین «دوگمەبەندەکان»، نەک «ئامێرە تەختەکلیلییەکان».

بەهەرحاڵ، کورت و پوخت: خوازیارم وەرگێڕان و نووسەران، ئیتر چ لە کەناڵە مێدیاییەکاندا بێت (بە پەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە)، یان لە نێو دونیای وێژە و پەڕتووکدا بێت، هەوڵ بدەن لە دیدی خودی کوردییەوە بڕواننە زمانی کوردی.


[1] لە ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٣دا نووسیومە.

نامەیەکی کراوە بۆ جارانخوازەکان

نامەیەکی کراوە بۆ جارانخوازەکان1

بەڕێز، سلێمانیی جارانت دەوێت؟ سەرچنار و سەردەمە زێڕینەکەی «جاران»یت گەرەکە، کە نازانم کەی بووە؟! زۆر باشە، با قسەیەک لەم «جاران»ە پڕشکۆیە بکەین.

بەڵام داخۆ مەبەستت لە جاران کەیە؟ هی سەردەمی داگیرکردنی سلێمانی لە لایەن عوسمانلییەکانی سەردەمی نالی و سالمەوە؟ یان داگیرکردنی سلێمانی لە لایەن ئینگلەکانی سەردەمی شێخ مەحمود و تۆپبارانەکانی ئەو سەردەمەوە؟ یان سەردەمی «نوری سەعید بوو بە ژن لەبەر ئەوەی نەیکوژن»؟ یان سەردەمی گۆڕبەگۆڕەکەی دیکتاتۆری پێشووی عێراقی عەرەبی، کە مولازمێکی فەڵەستینی لە شارەکەی خۆتدا دەیگرتیت و بەر زللەی دەدایت لەسەر ئەوەی ڕیشت هەبووە؟ یان هی سەردەمی شەڕی پڕ لە شکۆی باغەیی ناوخۆ، کە لەبەر فیشەکباران نەتدەتوانی سەر دەربکەیت؟ ئەو سەردەمەی هەموو ئەندامەکانی خێزانەکەمان لە دیوی ساردی حەمامەکەدا خۆمان هەڵدەکورماند لە ترسی ئەوەی لە پەنجەرە و دیوارەکانی ژوورەکانی ترەوە فیشەک و تۆپ و هاوەن نەیدات بە ماڵماندا و تیابچین؟

جاران، ئەی جارانی پڕ لە…

سەردەمی شەڕی ناوخۆت مەبەستە؟ ئەو سەردەمەی تەنها لەسەر بیروڕا دەکوژرایت؟ ئەو سەردەمەی کە بەڕەوشتەکانی کۆمەڵگای بەرز و بەهاباڵای کوردی، کە بەرهەمی خێزانە شیرازەبەهێزەکان و هەڵنەوەشاوەکان بوون، پاش ملیۆنێک جار سوێند خواردن بە خودا و پێغەمبەر ئارد و گەچیان تێکەڵاو دەکرد و فەردەیەکیان لەو گەچئاردە بە هەزار دیناری سویسری دەفرۆشت؟ ئەو سەردەمەی هیچ ماڵێک لە کیلۆیەک شەکر زیاتری تێدا نەبوو؟ ئەو سەردەمەی کە زۆربەی گەڕەکەکان قوڕاو و لیتاو بوون و تا ناوقەدت دەچووە قوڕاوەوە؟ ئەو سەردەمەی هەموو بارانبارینێک هەڕەشەی لافاوێکی لەگەڵدا بوو؟

ئەو سەردەمەی مامۆستای بەرز و پایەبەرزی قوتابخانەکان بە حەیزەران و دار و شەق و زللە و لەقە لە منداڵی بەستەزمانیان دەدا، کە خۆم یەکێک بووم لەو منداڵانە؟ ئەو سەردەمەی پێشکەوتووترین ئوتومبێل بەڕازیلی بوو و دەبوو بە سێ قەمسەڵەوە تیایدا دابنیشتیتایە و بە شەقامی تەڕدا نەڕۆیشتیتایە تا ئوتومبێلەکەت لە ئاوەکەدا نەکوژێتەوە و هەرگیز دانەگیرسێتەوە؟ ئەو سەردەمە زێڕینەی لە دوو گەڕەکدا ماڵێک تەلەفۆنیان هەبوو و هەموو دوو گەڕەکەکەش لەو ماڵەوە تەلەفۆنەکانیان دەکرد؟ ئەو سەردەمەی لە هەموو سلێمانیدا دە سیگا و چوار ئەتاری و دوو پلەی ستەیشنی یەکی تێدا بوو، بەڵام سی دیی ڤاڵدێراماکە درزی بردبوو و چاوی پلەی ستەیشنەکەش نەیدەخوێندەوە و کەسیش نەبوو چاکی بکاتەوە؟

جاران لە خەیاڵتدا خۆش، لە یادگەماندا مۆتەکە!

باسی سەد منداڵت بۆ بکەم کە بەڕەوشتەکانی ساڵانی نەوەدەکان و دوو هەزارەکان لە یەکبەیەکی گەڕەکەکانی شاردا لاقەیان کردوون و یەکێک نەبووە لەسەر ئەو بەستەزمانانە هەڵبدات؟ بۆچی ڕۆمانێکی شێرزاد حەسەن ناخوێنیتەوە تا بزانیت لە پشت ڕووکەشی ئەخلاقە بەرزەکەی جارانەوە چ مۆتەکەیەک خۆی حەشار دابوو؟ کەم لە وێژەدا باسی ئەم شتانە کراوە و تۆ بە ئەنقەست خۆتی لێ لە گێلی دەدەیت؟ هەزاران دایک نەیانهێشت منداڵەکانیان مەلە فێر ببن لە ترسی نێرە لاقەکەرە منداڵبازەکان، کە دوای لاقەکردنی منداڵی بەستەزمان دەچوونە مزگەوت و چوار ڕکعەتیان دەکرد و تاوانەکەیان لە خۆیان دەتەکاند!

هەموو منداڵیمان تێپەڕاند و فیلمێکی سینەماییمان نەدی. چونکە بەڕەوشتەکانی سەردەمە زێڕینەکەی ئێوە بانگەشەی بۆ دەکەن سینەمایان کردبوو بە شوێنی دەستدرێژی. تەنانەت خێزانی زۆربەمان متمانەیان بە مزگەوتیش نەبوو. لە مزگەوتیش درەنگ هاتباینایەوە چینێک شەقشەقێن دەکراین. چونکە تەنانەت مەلاش متمانەی نەبوو دەستدرێژی نەکات. ئەگەر باوەڕم پێ ناکەیت، پەنجا لاپەڕەیەک لە ڕشتەی مرواریی عەلائەدین سەجادی بخوێنەوە، تا ئەخلاقی هەندێک مەلای جارانت بۆ دەربکەوێت چۆن بوو.

خۆت بچۆ، ئێمە مەبە

بەڕێزم، ئەگەر سلێمانیی جارانت دەوێت، لە خۆتەوە دەست پێ بکە. مۆبایلە زیرەکەکەت فڕێ بدە و قاپی ئایسکرێم و شقارتە و پەت بە دەستەوە بگرە. بۆ تەلەفۆن بچۆ حەوت کۆڵان ئەولاتر و کاژێرێک چاوەڕێ بکە تا تەلەفۆنەکە بچێتە سەر خەت و نزا بکە کابینەکە ئاوی تێ نەچووبێت، ئینجا بە دزیی خاوەنماڵی تەلەفۆنەکەشەوە قسە بکە. چونکە جوان نییە هەموو نهێنییەکت بزانرێت! ئینتەرنێتەکەت فڕێ بدە و بچۆ چاوەڕێ بکە تا تەلەفیزیۆنی گەلی کوردستان، یان حسک، یان ئازادی ئێوارە بێ سەرەوژێرچوونی وێنەکانی دەکرێتەوە. چاوەڕێ بە تا شەو بەرنامەی کاروانی شەهیدان دەکات و بە دیاریەوە دابنیشە، ئینجا کاتژمێر ١١ش بنوو، چونکە تەلەفیزیۆنەکە نەدەما.

مۆز بە خەون ببینە و تام بکە، چونکە لە ڕاستیدا لە کڕین نەدەهات! جەژناوجەژن گۆشت بخۆ. بە سەرما و گەرما لە ئاودەستی حەوشەدا پیساییەکەت بکە. جلەکانت، کە بە پێوانەی خۆت بە نرخێکی هەرزان کڕیوتن، دابکەنە و بچۆ لە کۆنەکە شتێک بە بەری خۆت بدۆزەوە. یان ئەگەر زۆر دەوڵەمەندیت ئەوا بچۆ بۆ لای جلدورێک قوماشێکی ناشیرینی بۆ ببە و مانگێک چاوەڕێ بکە تا بە دەڵبی یان بە تەسکی جلێکت بۆ دەدورێت. ئیتر تا دە ساڵی تر هەر ئەو جلەت دەبێت. کە جلەکەت کون بوو پینەی لێ بدە و کە خۆیشت قەڵەوتر یان لاوازتر بوویت، هەر ئەوەیە و جلی تر نییە! پێڵاوە باشە هەرزانبەهاکانت فڕێ بدە و تاتەیەکی ماڕادۆنا بکڕە و لە پێی بکە. بە کەرکوکدا بچۆ بۆ هەولێر و کاژێرێک لە بازگەکەی کەرکوک ڕابوەستە و کەسێک بهێنە بە عەرەبی تێر سووکایەتیت پێ بکات.

وێنەکانی تەلەفۆنە دەستییەکەت لابدە کە هەموو ڕۆژێک سەد وێنە دەگریت. بچۆ کامێرەی خزمێکت بە سووڕ بهێنە، ئەگەر پێتی دا، ئینجا لە حەفتەیەکدا سی و شەش وێنە بەو کامێرەی فیلمە بچرکێنە و بیبە بۆ لای وێنەگر و دوو حەفتە چاوەڕێ بکە تا بزانیت چۆن فیلمەکەت بە سووتان چووە. کۆمپیوتەرەکەت لابدە و بە دەست نامە بنێرە. سێ مانگ چاوەڕێ بکە تا نامەیەکت دەگات بە ئەوروپا. لە دە ئوتومبێل-لێخوڕینتدا چواریان دابنێ بۆ پاڵنان بە ئوتومبێلەکەوە. سواری کۆستەر و ڕیم و پۆڵۆنی بە و بە ئوتومبێلە گرانبەهاکەت تا بەردەرگای شوێنی مەبەست مەچۆ.

ڕابە!

بەڕێز، لەم خەونە مۆتەکەییەت ڕابە. سلێمانیی جارانی چی و شتی چی؟ جاران کوێی خۆش بوو؟ ڕابە و ئەم ڕابردووپەرستییە ببڕەوە. ئەگەر جارانت دەوێت خۆت بچۆ ناوی و ئێمە مەبە، یادگاریی زۆر خۆشمان لەگەڵ جارانەکەی جەنابتدا نییە، زۆر سوپاس. نامانەوێت دووبارە بچینەوە ناو ئەو مۆتەکەیە. ئەگەر یەک یادگاریی جوانت هەبووە، باشتر بیر بکەوە، ئەو تاکە یادگارییە جوانەت بەرانبەر ملیۆنێک مۆتەکە وەستاوەتەوە. بۆیە ڕابە، ڕابە، ڕابە، هیچ جێیەکی مێژووی ئەم ناوچەیە هەرگیز خۆش نەبووە.

ئەگەر هەر سووریشیت لەسەر ئەوەی بچیتەوە، خۆت و ئاغاکەت بچنەوە ناوی و تیایدا تێر بحەسێنەوە و ئێمە مەبەن. ئەگەر ئەمڕۆ بە قێزەون دەزانیت، ئەوا باش بزانە ئەمڕۆ بەرهەمی ئەو ڕابردووە پڕ لە ناشکۆ و ژێروەرییەیە و ئەمڕۆ لە ئاسمانەوە نەکەوتووەتە خوارەوە!

دەتوانم زیاتریش بیر بکەمەوە و زیاترت لە پۆخڵەوات و تاوانکارییەکانی کۆن بۆ ڕیز بکەم، بەڵام پێم وا بێت پەیامەکەم گەیاند و پێویست بە زیاتر ناکات بڵێم، جگە لە:

توو خوا بڵێ بە حەزرەتی نالی دەخیلی بم بەم نەوعە قەد نەکا بە سولەیمانییا گوزەر2

خوێنەری بەڕێزیش دەتوانێت هەندێک لەو یادەوەرییە مۆتەکەییانەی جاران لەسەر ئەم نووسینەم بنووسێتەوە و بابەتەکە دەوڵەمەندتر بکات.


  1. لە ٢٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
  2. دوو دێڕی چامە بەناوبانگەکەی سالمە بۆ نالی «جانم فیدایی سروەکەت ئەی بادەکەی سەحەر». ↩︎

لایکی برەودان

1لایکی برەودان

بەڕێز، کە پۆستی کەسێک لایک دەکەیت کە ئەو کەسە ناکەسە سووکایەتی بە کەسێک دەکات، باش بزانە لایکەکەت واتای هەیە. واتاکەش ئەوەیە تۆ برەو بەو جۆرە گوتارە دەدەیت. ئەو کەسە هان دەدەیت زیاتر لەو جۆرە کارە بکات. هەروەها بەرەیەک دەگریت و دەستت لە تاوانی تیرۆری کەسێتییەکدا هەیە!

ڕەوشتگەرا بێڕەوشتەکان

ئێستانان جەللادە بێڕەوشتەکانی پاسەوانی ڕەوشتی کۆمەڵگا کەوتوونەتە هێرشی یەکبینە و بەردەوام بۆ سەر چەندین کەسی دیار و نادیار. هەر کەسێک ئەلفێک هەڵبهێنێتەوە کە بە ملیمەتر لە گوتاری بێناوەرۆکی ئەوان دوور بێت، ئەوا دەیکەنە ئامانج. لیستی قوربانییەکانیشیان تا بێت زیاتر و زیاتر قوربانی لە خۆ دەگرێت. خەڵکی سادەش بە لایک و کۆمێنت لەگەڵیاندا بەشدار دەبن.

ڕۆژبەڕۆژ ئازادی بە کار دەهێنن بۆ لەناوبردنی خودی ئازادی خۆی و ئازادیی کەسانی تر. دەستیان بردووە بۆ هەموو جۆرە ناوزڕاندن و جنێو و بێڕێزییەک. هەر کەس وەک خۆیان نەبێت بە لادەر و بەرەڵڵا و تێکدەر و شێوێنەری شیرازەی خێزان و بێئەخلاق و تێکدەری بەهای باڵا و ئەم جۆرە قسە پووچانە تۆمەتباری دەکەن. خۆیان کردووە بە پاسەوانی خودا. دینیان کردووە بە پێکاری بازرگانیی خۆیان و خەڵکی داماوی ئەم وڵاتەشیان بەم هاشوهووشە هەڵخڵەتاندووە.

ئەم یەعاوییانە هیچ ئاڕگیومێنتێکیان پێ نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هیچ بابەتێک جگە لەوەی پێیان وایە کۆمەڵگا واتە ئەوان. هەر کەسێک ئەوان پێیان هەرس نەکرا، ئەوا ئیتر ئەو کەسانە لە دەرەوەی «کۆمەڵگای کوردی»ن و نامۆن و بەرەڵڵان و بەرەڵڵایی بڵاو دەکەنەوە و کەلتوورە جوانەکەیان تێک دەدەن.

2کەلتوورە جوانەکەیان!

بەڵێ، کەلتوورە جوانەکەیان، کەلتوورە ئەوەندە جوان ئەوەندە جوانەکەیان کە هەر لە جوانییدا بێزت نایەت تەماشای بکەیت! وەک دوژمنایەتی، ژنبەژن، ژنکوشتن، مارەبەجاش، لەژندان، سێژنبەیەک، شەڕەگەڕەک، دوو ژن و سێ ژن و چوار ژن، خەتەنەی کچ، سەرانەسەندن، لەمنداڵدان، سەربەهەوێ، خۆکردن بە کەمئەندام تەنها بۆ وەرگرتنی مووچەی سۆشیال و کارنەکردن، جاشایەتی بۆ دوژمنانی کورد، دەستڕێژی ناو ئاهەنگ، تەقەی خۆشی، تەقەی ناخۆشی، تەقەی نیمچەخۆشی، تەقەی پێش هەڵبژاردن، تەقەی کاتی هەڵبژاردن، تەقەی دوای هەڵبژاردن، تەقەی دوای یاری، تەقەی پێش یاری، وەشاندنی بۆکسخەنجەر، گرتنی شاڕێی شارەکان، لێدانی هۆڕن لە کاتژمێر دووی شەودا، خوێنبەخوێن، هەڵکوتانەسەر، منداڵبازی، دزینی ژنی خەڵک، عەنتەریات، شان و کەمەربازی، شکاندنی سیفۆنی ئاودەست، نەگرتنەوەی ئاو، نەکوژاندنەوەی گڵۆپی ناپێویست، شکاندنی پەنجەرەی ماڵان، دزینی پێڵاوی مزگەوت، وەرگرتنی مووچەی بندیوار، پیسکردنی دیواری تازەبۆیەکراو، شوخت خستنە ئوتومبێل، بەجێهێشتنی پیسایی لەسەر سیفۆنی شکێنراوی ئاودەست، نووسینی قسەی بێڕێزی بەرانبەر خانمان لەسەر دیوار و دەرگای ئاودەست، شکاندنی کورسیی لەچیمەنتۆدروستکراوی پاڕکەکان، لەناوبردنی گوڵی باخەکان و شەقتێهەڵدانیان، هەڵدانی دەبەی ئاو و قووی پێپسی و کۆلا لە جامی ئوتومبێلەکانیانەوە، بەجێهێشتنی خۆڵ و خاشاک و پاشماوەکانیان ڕێک لەو جێیەی سەیرانی لێ دەکەن، ترساندن و تۆقاندنی منداڵی شەش ساڵ بە ئاگری دۆزەخ، دارکاریی قوتابی، نوشتەچێتی، جادوو، نزالێکردن، بڕینی کلکی کەر و پشیلە و سەگ، بڕینی گوێی تووتکە و مریشکدزین و لاقەکردنی مەڕ و نێرەکەر ماکەر و زۆر شتی تریش…

بەڵێ، نووسەر و ڕۆشنبیر و لێکۆڵەر و ئازادیخوازان بەوە تاوانبار دەکەن کە ئەم کەلتوورە زۆر جوانەیان تێکدەدەن. بەزیای خێرمان نەکرد!

خودایان لەسەر خۆیان تاپۆ کردووە

ئینجا وێڕای ئەم کەلتوورە جوانەی کە لێرەدا مشتێکیمان لە خەروارێک خستە ڕوو. ئەم یەعاوییە جوانکەلتوورانە دین دەکەنە پاساو و خۆیان دەکەن بە نوێنەر و پاسەوانی خودا. خودا دەکەنە موڵکی تایبەتی خۆیان. خەڵکی داماویش لە ژێر ناوی خودادا هەڵدەخڵەتێنن. دەست دەکەن بە سووکایەتی بە خەڵکانی تر. هەڵخڵەتاوەکانی دەوریشیان بە لایک و کۆمێنت چەپڵەڕێزانیان دەکەن. ڕۆژبەڕۆژ زیاتر و زیاتر ڕق لە دڵان و دەروونیاندا برەو پێ دەدەن. دێن لە فەیسبووک خەڵکان بە بێڕەوشت ناو دەبەن و ناویان دەزڕێنن و دەیانەوێت دەست بە کەلتوورە جوانەکەیانەوە بگرن، نەکا با بیبات!

گەل دراوەتە دەست گورگ!

ئێستانان لە سایەی نابەرپرسیارێتیی لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، ئێمەی گەل بە تەنیا لە ناوەڕاستی ئەم پاسەوانە بێڕەوشتانەی ڕەوشتدا بە جێ هێڵراوین. چاوەڕێین هەر ڕۆژە و یەکێکمان بکەنە ئامانج. ئێستا باشترین شتێک بیکەین ئەوەیە سەکۆیان پێ نەدەین و کۆمێنت و لایکیان بۆ نەنووسین. چونکە کاتێک ئەوان کەسێک دەکەنە ئامانج و وەک کەمتیار تێی بەردەبن، نابێت تۆ، ئەگەر خۆت بە کەسێکی بەئاکار دەزانیت، نە لایکی ئەو جۆرە پۆستانە بکەیت، نە برەویان پێ بدەیت. ئەگەر بۆشت کرا سەرکۆنەیان بکە و لە خۆتیان دوور بخەوە و نزیکەکانت ئاگادار بکەوە لەوەی بەشدار نەبن لەو تیرۆری کەسایەتییەی ئێستانان گەلێک برەوی سەندووە.

لێتان ناشارمەوە، لایکی هەندێک لە هاوڕێیانی فەیسبووکم لەسەر ئەو جۆرە پۆستانە دیوە. تەنانەت هەندێک هاوڕێم هەن کە بە پڕۆفایلەکانیاندا وا دیارە ئێجگار بەڕێزن، کەچی نازانم لایکی ئەوان بۆچی چووەتە خزمەتی برەودان بە تیرۆری کەسایەتی؟! بۆیە من نیشانەی پرسیارم خستووەتە سەر هەر کەسێک کە لەم پڕۆسەی تیرۆرەدا بەشدارە. پێشم وایە هەر کەسێک لەمەدا بەشدار بێت هەڵەیەکی کوشندە دەکات. چونکە کەمتیارە کەسکوژەکان دەست لە کەس ناپارێزن و بە دووری مەزانن سبەی نەدەن بە خۆیشتانەوە.

لایک بۆ تیرۆری کەسێتی واتە برەودان بەو کارە

بەڕێزان، لایک واتای هەیە. تکایە دەستتان نەبێت لە تیرۆری کەسایەتیدا. ئەگەر کەسێک بە هەڵە دەزانیت، فەرموو بە ئاڕگیومێنت وەڵام بدە و بڵێ کە بۆچی پێت وایە ئەو کەسە هەڵەیە، بێ ئەوەی خۆت بکەیت بە باوکی کۆمەڵگا. بێ ئەوەی شار وەک موڵکی تایبەتی خۆت و هەر وەک ئاودەستەکەی ماڵی خۆتان تەماشا بکەیت. بێ ئەوەی بێڕەوشتی بە کەسانی تر بکەیت و تیرۆری کەسایەتییان بکەیت. فەرموو تێڕوانینی خۆت بخە ڕوو.

لایکی هەر هاوڕێیەکی فەیسبووکم ببینم لەسەر پۆستی تیرۆری کەسایەتی و سووکایەتیکردن بە خانمان و ئازادیخوازان و ڕۆشنبیران و لێکۆڵەران، کۆمێنتی ناشرینی هەر کەسێک ببینم، ئیتر هەر کەسێک بێت، لە فەیسبووک نەک تەنها ئەو کەسە دەسڕمەوە، بەڵکو بلۆکیشی دەکەم. چونکە چیتر من پێم وایە لە دەم و دەستی ئەو کەسە پارێزراو نیم.

تکایە برەو بە تیرۆری کەسایەتی مەدەن.


  1. لە ٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا نووسیومە؛ لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
  2. لە چیرۆکی لاقەکردنی دیاسدا بە درێژی باسم لە چاند (کەلتوور) و نەریت کردووە. ↩︎

کلکەگاگەل

کلکەگاگەل1

کلکەگاگەل: کەسێکە خەڵک وەک کۆمپیوتەر و ژمێرەری خۆیان دەنگی پێ دەدەن تا ببێت بە ڕابەریان و پێشیان بکەوێت و ئایندەیەکی ڕووناک بۆ نەتەوەیەکی ستەملێکراو دەستەبەر بکات، ڕێگری لەو گەندەباوەڕانە بکات کە پایەی خەیاڵیی ڕێخۆشکەرن بۆ دروستبوونی سەرکوتکەر و دز و جەردە و کەنیزەکخواز، ڕێگری لەو گەندەباوەڕانە بکات کە کۆڵەکەی مەستبوونی خەڵکن بە ژەهری چاندی هاوردەکراو و دژەکورد. کەچی کلکەگاگەل، لەبەر ئەوەی هەر لە بنەچەوە کۆیلەی بیری گاگەلی کۆمەڵەگایە، دەچێتەوە شوێنی خۆی، کە پشتی پشتەوەی گاگەلەکەیە و گاگەلەکە پێش خۆی دەخات و دەیانکات بە مەتاڵی پارێزەری خۆی و بیرە داعشییە بۆگەنەکانی.

کلکەگاگەلی دژەژن

کاتێک پڕۆژەیاسایەکی بەگژداچوونەوەی توندوتیژی دژی خانمان پێشکەش دەکرێت و لە هەرێمی کوردستاندا دەبێتە دەروویەکی کەمێک ڕووناک بۆ بنبڕکردنی کوشتن و پەلامار و گێچەڵ و هەموو جۆرە تاوان و بەدڕەوشتییەکی تر لە بەرانبەر خانمان، بۆ نموونە لە پڕۆژەیاساکەدا دەڵێت کە:

«لەبارچوواندنی منداڵ لە ئەنجامی لێدان لە ژنی دووگیان تاوانە. گێچەڵپێکردن بە خانمان لەسەر شەقامەکان تاوانە. سووکایەتیکردن و تاوانهەڵبەستن بە خانمان تاوانە. هەڕەشەکردن لە خانمان لە ڕێی تەکنەلۆژیاوە تاوانە. بەزۆر بەشوودانی منداڵ تاوانە.»

لەگەڵ زۆر یاسای بەسوودی تری لەم چەشنە کە ئەم کردەوە قێزەونانە بە تاوان پێناسە دەکات و سزایان بۆ دادەنێت. کەچی مخابن، سەد درێغ و مخابن، کلکەگاگەل دێت و بە پاساوی «ئەخلاق و نەریت و بەهای باڵا»، ئەم وشانەی وەک دەرپێی کوناودەری سوور گاکانی گاگەلەکە هار دەکەن و بە دوایاندا هەڵدەتیزێنن، کە لە ڕاستیدا نە ئەخلاقن، نە نەریتن، نە بەهای باڵان، کلکەگاگەل دێت و بەرەنگاری هەموو ئەو یاسایانە دەبێتەوە. دامەزراوە چونکە جەهلەکەی لەسەر ئەو توندوتیژییانە. دەکەن چەپڵەڕێزانی خەڵکی ڕەشەوەندیش، چون پاراستوویەتی کلکەگاگەل – گەندەباوەڕەکەیان!

کلکەگاگەل هەمیشە گابەرد (گاگوو)ی هەیە پاڵی پێوە بدات!

کاتێک کلکەگاگەل ناتوانێت هەرێمی کوردستان، کە بە خوێنی ملیۆنان گەشمەرگی کوردی بەشخوراو بونیاد نراوە، بکات بە جومهورییەتی داعشیی ئەلکردستان، کاتێک ناتوانێت ئەم جومهورییەتە بکات بە هاوپەیمانی تاڵیبانی برا گەورەی، کە ناتوانێت ژن بە کوشت بدات، ڕادەکات و خۆی دەداتە پاڵ عێڕاقوهومول حەبیب و لەوێوە یاسای ڕەوایەتیدان بە ژنکوژیمان بۆ هاوردە دەکات. لەبەر ئەوەشی کلکەگاگەل خۆی هەمیشە هەر کلک بووە و هەرگیز ناتوانێت ڕابەر بێت، مێش میوانی نییە ڕیسەکە بکاتەوە بە خوری و هەرێمەکە لە ناو ببات و عێڕاقێک بخاتەوە پێش گاگەلەکەی و کوردستان بلکێنێتەوە بە ئوممەتول عەڕەبییە واحیدە ذاتول ریسالەل قاتیلە.

نا بۆ دزی، بەڵێ بۆ لاقەکردن!

کلکەگاگەل سەر زمان بن زمان دژایەتیکردنی دزی. کەچی کێشەی نییە مافی ڕەوای پاراستنی ملیۆنان خانمان بدزێت و هەموو خانمانی کوردستان بخاتە ژێر میهری ژنکوژ، بیرکوژ، مافکوژ، دەمپیس، دڵپیس، بیرپیس، داوێنپیس، پیسبیست، پیسبین، پیسخۆر، پیسڵێ و پیسکەن. کە هەموویان لە پشت مێژووە خوێناوییەکەی چاندسڕەوەکاندا خۆیان حەشار داوە. ئەوانەی نەوەکانیان ئێستا ڕۆژانە بە دەیان هەزار کۆمێنتی ناشرین و بێڕێزی و توندوتیژی و ناوزڕاندن و تاوانهەڵبەستن و بێئاکاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکەنن و دەڕشێننەوە و کلکەگاگەلیش قیت و ڕەپ لە پشتیانەوە ئێرەق ڕاوەستاوە. کلکەگاگەل نایابترین بەرهەمی بەگەنیویگەیشتووی بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیست و شکستخواردووە، کە کۆمەڵە داعشێکی سەربڕن و کەوڵێکی ئازادیخوازییان پۆشیوە. بەڵام کەوڵەکەشیان هەر هی ئازادیبازانە، نەک ئازادیخوازان.

خۆری ڕووناکیمژمان بە ئاوایی هەڵدێت!

ژمێرەرە بەژمارەبینەکەی خانمان، ئیمام و خەتیبی مزگەوتی ئیخگۆڕانوان، شەوێک لە شەوەنگ شەوتر و ڕەشتری شەوان فریادڕەسی نەتەوە… ئەوە ئێمەین؟ ڕزگارکەرەکەمان گەیشت؟

وەی، ئاخ! هەی، داخ! ڕابە بوێژ، وا جەنابی خاوەنگاگەلیان، کە هەر خۆیان گاگەل و کلکەگاگەلیشن، جەنابی ڕەشەوەندبازی گەلبازی مێگەلبازی گاگەلبازی دینباز، بە سواری مۆمێکی تاریک لمۆزی ئاراستەی گاگەلەکەی پێشی دەکات و دەبۆڕێنێت:

– هۆش! نەکەن لە مۆتەکەی گەندەباوەڕ ڕابن! ڕانەبن لە گەندەباوەڕی مۆتەکە و نەکەن! نەهێڵن ژن ڕزگار ببێت، ڕزگار نەکەن ژن.

خۆری خۆرکوژێنەوە!

کە تەماشای هاوزمانە ستەمدیدەکانی خۆی دەکات لە شنۆ و سنە و سەردەشت و سەقز و مەریوان و مەهاباد و بانە و بۆکان و سەرتاسەری لانکەی خۆری نیشتمان نابینێت، ئەو لانکەی هیوایەی بە ڕابەرایەتیی ژنانی سەربەرز هەڵهاتوون و سەرتاسەری نیشتمان لە کازیوەی خۆری ئازادیدا زەڕکەش دەکەن، کلکەگاگەل هێندە دژەئازادییە و خەلیفەی ناو پشقلەکەی ناو کەللەی وای لێ کردووە چاوی بەرایی نەیەت ببینێت دوو منداڵی کورد بە ئازادی بە زمانی دایکیان بدوێن، دوور لە چەپۆکی دێرینترین فشەکەر و فێڵباز و درۆزنەکانی مێژوو. حەزرەتی کلک ئەو خۆرە خوێنلێچۆڕاوانە بە بەرەڵڵا و لادەر ناو دەهێنێت. هەوڵ دەدات گاگەلەکەی پێش خۆی وا تێبگەیەنێت کە ئازادی و شکۆی نەتەوەیەک، ئازادی و شکۆ، شکۆ و ئازادی: شکادی، کە نە خۆی و نە ئەو جەهلەشی دوای کەوتووە هەرگیز هیچیانیان نەبووە، ئەو شکۆ و ئازادی و هیوایەی وا لە ڕۆژهەڵاتەوە بەسەر دڵماندا پەخش دەبێت، کلکەگاگەل لای وایە بەرەڵڵایی و بێئاکارییە! چما ڕێخۆشکردن بۆ بەکوشتدانی براکانت و بەکەنیزەککردنی خوشکەکانت سەربەرزییە؟!

 کلکەگاگەل، هەمیشەکلک و کۆیلەی گەندەباوەڕی داگیرکەران، ئەلحەق لە مەکانی موتەخەللیفی موناسیب و مولائیم و موستەحەق بە ئەسفەلول مەقامی خۆیدایە ئەویش خەلفی گاگەلەکەیەتی. جەنابی کلک لەسەر کەفەڵی گاگەلەکەی، وەک هەمیشە پاسەوان و سەرقاپی شیاکەی دەمسمتی گاگەلەکەیەتی. ئێوەش دەپرسن بۆچی و چۆنە وا بیری بۆگەنە؟ سەراسیمەکەر و بەڵاجەوی و سەیر و سەمەرە نییە کە دار و شار و بەرد و هەرد و نشێو و کێوی نیشتمان دەڵێن:

نەکەی باوەڕ بە دینبازان بکەی ئازیز،

دەنا بەختی گرێلێدراوی کورد هەرگیز

نە دەیبینیت بە واڵایی نە دەیبیستیت بە باڵایی،

گەدایی هەر بەدایی هەر لە چاڵایی.

«نەکەی باوەڕ بە دینبازان بکەی ئازیز،

دەنا بەختی گرێلێدراوی کورد هەرگیز

نە دەیبینیت بە واڵایی نە دەیبیستیت بە باڵایی،

گەدایی هەر بەدایی هەر لە چاڵایی.»


  1. لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

بێواتاترین پەسنی سەردەم

بێواتاترین پەسنی سەردەم1

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حیزبێکی زۆر تایبەتە.

دوێنێ شانۆگەرییەکم دی زۆر تایبەت بوو.

موزیکەکانی یۆهان سێباستیان باخ زۆر تایبەتن.

فیلمێکم دی زۆر تایبەت بوو، بە تایبەت دیمەنێکیم دی، هەر زۆر تایبەت بوو.

منداڵێکم دی زۆر تایبەت و جوان بوو.

زمانی فەڕەنسی زمانێکی زۆر تایبەتە.

کوڕێک دەناسم زۆر تایبەتە، کچێکیش دەناسم ئەویش هەر زۆر تایبەتە.

دەنگی حەسەن زیرەک زۆر تایبەتە، هی ماملێش هەر تایبەتە؛

ئینجا زۆر کەس منیان زۆر لا تایبەتە. بەڵام هەندێک کەس منیان تەنها لا تایبەتە. هەندێک هەن پێیان وایە تایبەت و جوانیشم.

فڕاکسیۆنی داعشە ترسنۆک و ناوگەڵپشکنەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان، واتە ئەو فڕاکسیۆنەی کە بە هەموو شێوەیەک داعشن، بەڵام نەیانوێرا لە جەنگەکەیاندا بەشداری بکەن و زیاتر حەزیان لە زینە و لەعیب و لەهووی حەیاتی دونیا بوو، زۆر تایبەتن و دەنگە نازوڵاڵەکانیشیان، کە لاڵ بوونایە باشتر بوو، زۆر تایبەتە.

کۆمێنتڕشێنەرەوەکانی فەیسبووک هەر زۆر تایبەتن.

ئیتر ئاوا لەم سەردەمە تایبەتەدا هەموو شتێک هەر تایبەتە!

کەواتە تایبەت واتای هەیە؟

بە هەموو ئەو نموونانەی سەرەوەدا بۆمان دەردەکەوێت وشەی «تایبەت» هیچ واتایەکی نییە. تایبەت تەنها وشەیەکە بۆ ئەوەی پەسنێک لە کۆڵ خۆت بکەیتەوە. هەندێک جار وا دەردەکەوێت کە وشەکە بە واتای ئەوە دێت کە: «من دەمەوێت پەسنێکی ئەم شتە بکەم، بەڵام لەبەر ئەوەی من کەسێک نیم بتوانم پەسن و شت بکەم، ئیتر دەڵێم تایبەتە بە واتای ئەوەی کە نیازم وایە شتێکی باش لەسەر ئەمە بڵێم».

بەڵام هەندێک نموونە هەن کە تیایاندا وا دەردەکەوێت پێچەوانەکەی ئەم واتایەش هەر ڕاستە!

پێچەوانەی وشەی تەڕ وشەی وشکە. کە دەڵێیت: «دەستم تەڕە»، واتە دەستم وشک نییە. ئاوهاش پێچەوانەی وشەی تایبەت وشەی گشتییە. کەواتە کاتێک دەڵێیت: «دەنگی حەسەن زیرەک زۆر تایبەتە»، ئایا مەبەستت ئەوەیە کە دەنگی حەسەن زیرەک گشتی نییە؟

ناچار نیت!

من تێناگەم، خۆ تفەنگیان نەخستووەتە سەر سەرت، بۆچی پێت وایە ناچاریت پەسنی شتێک بکەیت کە نە دەتوانیت پەسنی بکەیت، نە دەشزانیت پەسنی بکەیت؟ یان ئەگەر دەتەوێت پەسنی شتێک بکەیت، کەمێک خۆت ماندوو بکە و وشەیەکی تر جگە لەم «تایبەت»ە پیسە بدۆزەوە و پەسنی شتانی پێ بکە.

زۆر بە دەگمەن وشەی «تایبەت» بە واتا ڕاستینەکەی خۆی بە کار دەهێنرێت. بە نموونە دەوترێت: «فڵان قوتابخانە تایبەتە»، واتە ئەو قوتابخانەیە هەموو منداڵێک وەرناگرێت. یان بە نموونەیەکی تر: دەوترێت «قسەی تایبەتم لەگەڵ فڵان کەسدا هەیە»، بە واتای ئەوەی نابێت ئەو قسانە لە بەر چاوی هەموو کەسێکی تردا بکرێن و قسەی گشتی نین. لێرەدا واتای «تایبەت» لە جێی خۆیەتی.

هاوڕێیان، تکایە دەستبەرداری ئەم وشەی «تایبەت»ە بن. یان پەسنی هیچ مەکەن، یان کە پەسنی شتێکتان کرد ئیتر خۆتان ماندوو بکەن و یەکسەر دەست مەبەن بۆ ئەو وشەیەی کە ئەگەر نەشیڵێیت کەس گلەییت لێ ناکات!

ئیتر مەشنووسە، ئەم نووسینە زۆر تایبەتە! (گاڵتە دەکەم، بینووسە، قسەی خۆش هەر خۆشە)


  1. لە ٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ٢٢-٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

بۆڵەبۆڵێک لە بارەی نەستژەنی و تۆمارەوە

بۆڵەبۆڵێک لە بارەی نەستژەنی و تۆمارەوە1

پیانۆکەم لەبەر پەنجەرەی ژووری نووستنەکەمدا داناوە، ڕێک بەرانبەر پێخەفەکەم. لە پەنجەرەکەشمەوە چاوئەندازی سلێمانی خۆی دەکات بە بینینمدا. هەر لەسەر ئەو پیانۆیە بە ٤-١٩ خولەک، ئەوەندەی ژەندنەکە پێی بچێت، نەستژەنییەک دەژەنم و تۆمار دەکەم. بە چارەکێک بۆ سێ چارەک دەنگەکەی چاک دەکەم و ئامادەی دەکەم بۆ ڤیدیۆ. بە نیو کاژێر تا چوار کاژێر ناونیشانێکی بۆ دەدۆزمەوە. بە پێنج خولەک تا بیست خولەک ڤیدیۆیەکی لێ دروست دەکەم. بە کاژێرێک بۆ کاژێر و نیوێک دەیخەمە نێو هەژماری یوتیوبەکەمەوە.

لە موزیکدا پێشترێتی بۆ دەنگە، نەک ڕەنگ!

هەندێک نەستژەنیم هەن کە تۆمارم کردوون، بەڵام هێشتا بڵاوم نەکردوونەتەوە. چونکە ئەوان دوورودرێژترن و ڕێکخستن و چاککاریی زیاتریان پێویستە. دروستکردنی ڤیدیۆکەشیان ئێجگار قورس و کاتبەرە. یەکێک لە کێشە گەورەکانم لەگەڵ ڤیدیۆی نەستژەنییەکاندا ئەوەیە کە دەمەوێت جۆرێتیی دەنگی موزیکەکە لە ڤیدیۆکەدا بپارێزم. بەڵام زۆربەی جۆری ڤیدیۆکان دەستکاریی دەنگ دەکەن (کۆمپرێسی دەکەن). لەبەر ئەوەی شارەزاییەکی زۆریشم لەم بوارەدا نییە و حەزیشم لێی نییە تا فێری ببم، لە ڕابردوودا چەند دەگەیەکم لە جۆرێتیی دەنگی ڤیدیۆکانم داوە، بەوەی کە پێشترێتییم بە دەنگ نەداوە، بەڵکو داومە بە ڕەنگ!

تۆمار ئاسانە، ناونیشان گرانە

هۆیەکی سەرەکیی ئەوەی کە دۆزینەوەی ناونیشانی نەستژەنییەکانم کاتێکی زۆر دەبەن ئەوەیە کە من بڕیارم دابوو ئەو ڕۆژە، یان ئەو کاتەی دەژەنم، زیاتر بیرم لە چی کردەوە، ئەوە بکەم بە ناونیشانی موزیکەکە. بەڵام زۆربەی کاتەکان ئەو شتەی بیری لێ دەکەمەوە ئێجگار زۆر وابەستە بە ژیانی تایبەتی خۆمەوە. بۆیە ناتوانم ڕاستەوخۆ بە خەڵکی تری بڵێم. بۆیە دەبێت ڕێیەک بدۆزمەوە بە شێوەیەک لە بیرەکەم دەرببڕێت کە بتوانم لەگەڵ کەسانی تریشدا بەشی بکەم.

مرۆڤێک لە پشت ناونیشانەوە خۆی حەشار داوە

لە پشت هەر ناونیشانێکی نەستژەنییەکانمەوە بیرێکی تایبەت بە خۆم هەیە. بۆ نموونە ئەمڕۆ دۆستێکم هات و سەردانی کردین، زیاتر لە دوازدە ساڵ لەمەوبەر دیومە. لە دەستییەکەیدا ڤیدیۆیەکی کۆنی منی پێبوو کە خۆم نەمدیبوو. لە ڤیدیۆکەدا لە ژوورەکەی خۆم لە ماڵی خۆمانی ئەو سەردەمە لەگەڵ پیانۆ کۆنەکەمدا هەوای ئۆپێرایی دۆننا نۆن ڤیدی مای donna non vidi maiی جاکومۆ پووچینی دەبێژم. بیرم لەوە دەکردەوە کە ڕۆژێک لە ڕۆژان خولیایەکم هەبوو کە دەمەویست ببم بە گۆرانیبێژی ئۆپێرا و نەبووم. ئێستا چیتر ئەو خولیایەم نەماوە.

کە دۆستەکەمان ڕۆیشت نەستژەنییەکم تۆمار کرد و بوو بە نەستژەنیی ٢٥ و ناونیشانەکەیم کرد بە ئاوڕدانەوە لە خولیایەکی نەماو.

چ بەختەوەرین، کە پێی نازانین!

بەڵام وێڕای هەموو ئەمانە، زووزوو بیر دەکەمەوە کە ئێمە لە چ سەردەمێکدا دەژیین! بیر بکەوە، لویسی چواردە، ئەلیزابێثی یەکەم، ناپۆلیۆن بۆناپارت، تۆلستۆی، مۆتسارت، بێتهۆڤن… کێ و کێی تریش، بۆ ئەوەی گوێیان لە موزیکێک بووبێت دەبوو بچن ئەو چرکەیە ڕاستەوخۆ گوێ لە ژەنیارەکە بگرن. بۆ ئەوەی گۆرانییەکی دڵخوازی خۆیان ببیستن، دەبوو بزانن کەی کۆنسێرتێک دەکرێت و لە کوێ و خۆیان ئامادە بکەن و پلانی بۆ دابنێن و نزا بکەن ئەو ڕۆژە نەخۆش نەکەون بۆ ئەوەی فریای ئەو ژەندنە بکەون و خۆیانی بۆ بپۆشن…

من و تۆش هەر ئێستا دەتوانین ئامادەی ئۆپێرایەک ببین! سێ کاژێر لەمەوپێش شتێک هات بە خەیاڵمدا لە ماڵەوە و هەر ئێستا تۆ دەیبیستیت، بێ ئەوەی نە بمناسیت، نە بمبینیت، نە چاوەڕێم بکەیت، نە جلێکی تایبەتم بۆ لەبەر بکەیت. تەنانەت نە پێشم بڵێیت!

زۆربەی ڕۆژ کە ڤیدیۆ دەخەمە نێو ئینتەرنێتەوە لە خەیاڵی خۆمدا دەڵێم:

«جا تۆ بڵێیت هەرگیزاوهەرگیز کەسێک هەبێت گوێ لەم موزیکانە بگرێت؟»

ئەوەی بۆ من و تۆ لواوە بۆ ناپۆلیۆن نەلواوە! کەچی داخەکەم زۆرێکمان پێی نازانین. ئەوەتا من گلەییم هەیە لەوەی جۆرێتیی دەنگی تۆمارێکم خراپە. لە کاتێکدا من هەلی ئەوەم هەبووە کە موزیکەکەم تۆمار بکەم و بە جیهاندا بڵاوی بکەمەوە، بێ ئەوەی ناچار بم هەموو تۆنێکی بنووسمەوە و چاوەڕێی دەزگایەکی بڵاوکردنەوەی موزیک بم بزانم ئایا موزیکەکەم بایی ئەوەندە بە شایستە دەزانن کە پەسەندی بکەن و بڵاوی بکەنەوە یان نا. پرتەوبۆڵەم دێت کە ئەوپەڕی پێنج شەش کاژێرم داوە بە تۆمارکردنی موزیکێک! لە کاتێکدا تۆمارکردنی موزیک هەر لە خەونی مۆتسارتیشدا نەبووە!

دەبێت کارەکەت بەر خەڵک بکەوێت

ئەم موزیکانە بڵاو دەکەمەوە. هەندێک جاری زۆر دەگمەن کەسێک پێم دەڵێت کە گوێی لێیان گرتووە و پێی ئارام بووە و چێژی لێیان بینیوە. هەستێکی ئێجگار خۆشم دەبێت کاتێک پێم دەگاتەوە کە لەم سەردەمی بێگوێییەدا گوێیەک هەبووە دەرگای بیستنی بۆ کەمێک لە ژەندنەکانم بکاتەوە. دڵخۆشم کە هەندێک لە موزیکەکانم بیستراون. دڵخۆشم کە تەنیایی خۆم و تەنیایی موزیکەکانمم لەگەڵ تەنیایی یەکێکی تر و بیستنەکەیدا، یەکێکی دوور و نەدیو و نەناس، یان ناسیاوێکی بێدەنگ، ئاوێزان کردووە. دڵخۆشم کە هێشتا دونیا بە تەواوی خۆم و بەرهەمەکانمی نەفلیقاندووەتەوە.

کێش دەزانێت سبەی چی بۆ خەڵکانی ئایندە دەلوێت؟! تۆ بڵێیت ئەوانیش پێی نەزانن؟


  1. لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ٢٣-٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

باش و خراپیی خستنەڕووی بەرهەم

باش و خراپیی خستنەڕووی بەرهەم1

خۆم ئالوودەی بەرهەمهێنانم

من خۆم بە کەسێکی بەرهەمدار دەزانم. نەک تەنها ئەوە، بەڵکو ئەوەندەی بتوانم بە یادم بێتەوە، لە منداڵییمەوە تووشی جۆرە ئالوودەییەک بووم بە بەرهەمدارییەوە. لە ٢٠٠٦یشەوە ئەم ئالوودەییەم خەستتر بووەتەوە. گرنگ ئەوەیە لە ڕۆژێکمدا، لە ڕابوونمەوە بۆ نووستم، هیچ نەبێت بەرهەمێکم هەبێت. ئیتر ئەگەر پێنج دێڕ نووسینیش بێت هەر ئاسوودەم دەکات و وەک بەرهەم دەیبینم.

خۆیشم فێری چەند بوارێکی جیاوازی بەرهەمداری کردووە، تا ئەگەر لە بوارێکدا تووشی ڕاوەستان بووم، لە بوارێکی تردا خەریک بم. کاتێکیش زیاتر لە حەفتەیەک، ئەوپەڕی دوو حەفتە تێبپەڕێت و بەرهەمێکم نەبێت، کە هەندێک جار شتی وا ڕوو دەدات، تووشی خەمۆکییەکی زۆر سەخت دەبم و بیر لە خۆکوشتن دەکەمەوە. لەم کاتەشدا هەر چۆنێک بێت شتێک بەرهەم دەهێنم. زۆربەی کاتیش ئەو بەرهەمە بڵاو ناکەمەوە. بەڵام هەندێک جار لە ماڵپەڕەکەم و ئێستاش کە وا فەیسبووکم داناوەتەوە، لە فەیسبووکیشدا دایدەنێم.

تەنانەت کە هیچ شتێکم بۆ ناکرێت، دەفتەرێکی تایبەتم هەیە تەنها بۆ خۆم، بیر و بۆچوونی شقڵیوپقڵیی خۆمی تێدا تۆمار دەکەم. باسی ڕۆژەکەم، یان شتێکی ئەو ڕۆژەم دەکەم بۆ لاپەڕەیەکی پاک. بۆیە ئەوەی لە پەرەگرافی داهاتووەوە دەیخوێنیتەوە سەرنجی منە وەک کەسێکی ئالوودەی بەرهەمداری و کەسێک کە، بە سوپاسەوە، ژیان هەلی ئەوەی پێم داوە ئەزموونێکی شازدە ساڵیم لە بەرهەمداریدا هەبێت. بابەتەکەش سەبارەت بە پرسی خستنەڕووی بەرهەمە.

ئایا خستنەڕووی بەرهەم نەخۆشییە؟ ئەوانە نەخۆشن کە داوا دەکەن بەرهەمەکانیان بخرێنە ڕوو؟

هاوڕای ئەو بەڕێزانە نیم کە پێیان وایە خستنەڕووی بەرهەم نەخۆشییە و ئەو کەسانەی داوای خستنەڕووی بەرهەمەکانیان دەکەن نەخۆشن. هەر وەک چۆن هاوڕای ئەوانەش نیم کە پێیان وایە بەرهەمی باش ئەوەیە خەڵک بە دوایدا دەگەڕێت. زۆربەی خەڵکان هەر نازانن کە بەرهەمی باش هەیە، تا ئەوان بۆی بگەڕێن. یان دەشێت ئەو بەرهەمەی لای بەڕێزێک باشە، لای ئەوان بەرهەمێکی باش نەبێت. یان لەو جۆرە نموونەیە بێت کە بە دوای زێڕدا دەگەڕێت، بەڵام ئەڵماسی دەست دەکەوێت، بەڵام نەیزانیوە بەهای ئەڵماسەکە چییە و چەندە و فڕێی داوە و کەوتووەتەوە گەڕان بە دوای زێڕەکەی خۆیدا. زۆر جاریش هەبووە کەسێک تەنەکەیەکی زەردکراوی دۆزیوەتەوە و وای زانیوە زێڕە. لێرەدا مەبەستەکە ئەوەیە کە تەنها دۆزینەوەی شتێک لای خەڵکان یەکسان نییە بە مەزنێتیی ئەوەی دۆزراوەتەوە.

بەرهەم هەر چییەک بێت بەرهەمە!

دواجار نووسین، هۆنراوە، گۆرانی، موزیک، تابلۆ، فیلم و ئاوها تا دوایی، بەرهەمن. وەک هەر بەرهەمێکی تر وان لەم دونیایەدا. بە ڕاستی بڵێم، لە ڕووی واتاییەوە هیچ جیاوازییەک نابینم لە نێوان جوتیارێکدا کە تەماتەیەک دەچێنێت و دەیدورێتەوە، لەگەڵ هونەرمەندێکدا کە تابلۆیەک دەکێشێت.

بەرهەم هەر شتێک بێت پێویستی بە خستنەڕوو هەیە. ئەو خستنەڕووەش پشت بە هەوڵی چواردەور دەبەستێت. هەندێک جاری کەم هەیە کە چواردەور خۆیان خۆڕسکانە ئەو خستنەڕووە بۆ بەرهەمانێک دەکەن. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو بەرهەمەی خۆڕسکانە خراوەتە ڕوو باشە، ئەوەشی خۆڕسکانە نەخراونەتە ڕوو خراپە.

دواجار زۆری و کەمیی ئامادەیی بەرهەمێک لە بازاڕدا بەڵگەی نایابی و خراپیی بەرهەمەکە نییە. بەڵام لە هەموو بارێکدا باشترە هەر بەرهەمێک کاری خستنەڕووی بۆ بکرێت تا بگاتە بەر دیدەی کەسانی تر.

خۆم (ئێستا) چوار ساڵی خۆمم داوەتە وەرگێڕانی پەڕتووکێک کە ڕەنگە چوار ساڵی تریشی مابێت. ئێ دە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم پەڕتووکە کەسێک پێی ناساندووم، لە شوێنێکی تردا بینیم. ئەو پەڕتووکەم نەناسیایە دێڕێکیشیم لێ نەدەخوێندەوە، نەشمخوێندایەتەوە وەرمنەدەگێڕا، وەریشمنەگێڕایە کەسانێکی زۆر جوان و گرنگم نەدەناسی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ناسیومن.

پاشڕام بدەوە

یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئەو کەسانەی بەرهەمهێنن نەبوونی پاشڕایە (فیدباک). ئەمە بە پلەی سەرەکی کێشەی خۆمە و دەیان جار ئەم گلەییەم ئاراستەی کەسە نزیکەکانی خۆم کردووە. پاشڕا بە واتای تێڕوانین و ڕەخنە و سەرنجی بینەر و بیسەر و خوێنەری بەرهەمەکە دەڵێم.

کاتێک تۆ پاشڕات پێ نەگاتەوە کەموزۆر لە شوێنێکی چەسپاودا خول دەخۆیت. بەڵام سەرنجی کەسانی تر وا دەکەن لە هەندێک چەقبەستوویی ڕزگارت ببێت و بەرهەمەکەت لە دیدی ترەوە ببینیت. جا چەند دیدی تر زۆرتر بن، بۆ بەرهەمهێن باشترە. ئەم دیدە زۆرانەش سەرەیان نەگرتووە بۆ بەرهەمی هیچ بەرهەمهێنێک، بەڵکو دەبێت بەرهەمەکە بخرێتە بەر دیدەیان.

بە گشتی ئەو پاشڕایانەی دەدرێنەوە بە بەرهەمداران زۆربەی هەرە زۆری کاتەکان یەکێکە لەم دوو جۆرە: یان سووکایەتی و جنێو و گاڵتەپێکردن و قێزلێهاتنەوەیە. یان بە سادە و ساکاری دەوترێت: «دەستخۆش».

یان ئەم ماوەیەی ڕابردوو ئەم وشە ناشیرینەی تریش بووەتە باو، دەوترێت: «تایبەت بوو»، یان «تایبەتە». ئەگەرچی هێشتا دەستخۆشەکە لە سووکایەتییەکە کەمتر مەزاجت تێک دەدات، بەڵام هیچ کامێک لەو دوو جۆرە پاشڕایانە هیچ زانیارییەکی زۆر بە بەرهەمهێنەکە نادات. وتارێکی کورتیشم سەبارەت بە «تایبەت» نووسیوە بە ناونیشانی بێواتاترین پەسنی سەردەم.

هێڵی نێوان ڕا و دوژمنایەتی تەنکە!

دەبێت ئەوەش بڵێم کە لەو کەسانە تێدەگەم کە ڕا و سەرنجیان هەیە، بەڵام بە بەرهەمهێنەکەی نادەن. خۆم دەیان جار ڕا و سەرنجم لەسەر بەرهەمی کەسانی تر هەبووە، بەڵام ئەوەندە ترساوم لەوەی دڵی کەسەکە بریندار بکەم، یان لەوە دڵنیا نەبووم کە بەرهەمهێنەکە چۆن سەرنجەکانم وەردەگرێت، ناچار بێدەنگیم لێ کردووە و قسەم نەکردووە. بۆیە تێدەگەم لەوەی کە زۆر کەس ڕەخنە و پێشنیار و سەرنجیان هەیە، بەڵام نایدرکێنن، چونکە لە دوژمنداری دەترسن!

بەڵام خۆم تا ئەو کاتەی نەگاتە زۆرلەخۆکردن و هەوڵدان بۆ بەزۆرسووککردنی بەرهەمەکە و هەوڵدان بۆ شکاندنم، زۆربەی هەرە زۆری سەرنجەکانی بەرانبەرم بە هەند وەردەگرم. هەندێک جار نا! کە دواتر پێتان دەڵێم کەی. زۆر جار هەبووە کە بەرانبەرەکەم سەرنجێکی بە من وتووە زادەی ئەوە بووە کە خۆی لەو شوێنەی بەرهەمەکەم تێنەگەیشتووە. بەڵام تەنانەت ئەو تێنەگەیشتنەی ئەویش بۆ من زانیارییەکی گرنگە. چونکە وام لێ دەکات بچمەوە بە بەرهەمەکەمدا، بە تایبەتی ئەگەر نووسینێک بێت، هەوڵ دەدەم بزانم ئایا هۆی تێنەگەیشتنەکە لە هەڵەی منەوە بووە، یان بەرانبەرەکەم خۆی لێی تێنەگەیشتووە.

دوو نموونەی ڕەخنە لە نووسینی من

با بە نموونە پاشڕای دوو کەسی جیا بخەمە ڕوو کە لەسەر چیرۆکی میهرەبانەکان دراون. میهرەبانەکان بەشێکە لە  هۆنوسیاس، لە نووسینی خۆم و بە دەنگی خۆیشم لە یوتیوبەکەم بڵاوم کردووەتەوە. یەکێکە لە نزیکترین چیرۆکەکان لە هەست و سۆزی خۆمەوە. لە ڕاستیدا زۆربەی جار لە کاتی خوێندنەوەکەیدا دڵم پڕ دەبێت. لەو چیرۆکەدا هاوڕێیەکم پێی ڕاگەیاندبووم کە: هەڵەی خاڵبەندیی زۆرە و هەندێک جار تەنها وشەیەکم داناوە و خاڵێکم بە تەنیشتیەوە داناوە، کە نەبووەتە ڕستە. هەروەها ئاگاداری کردبووم کە هەڵەی ڕێنووسی زۆرە، بۆ نموونە هەندێک جار «هۆنوس» بە دوو (ن) نووسراوە و کراوە بە «هۆننوس».

لێرەدا من زۆر سوپاسی ڕەخنەگرەکەم کردووە کە ڕا و سەرنجی خۆی بە ڕاشکاوی خستووەتە ڕوو. بۆ خاڵبەندییەکە: لە نووسینی وێژەییدا مەرج نییە خاڵ تەنها لە کۆتایی ڕستەدا بێت، بەڵکو لە شەپۆلی هۆشدا هەندێک جار تەنانەت پیتێک یان دوو پیتیش بە خاڵ سنووردار دەکرێت. وەک: «مامی وتی: حیزبەکان. خخ. گوێگرەکە ڕووی وەرگێڕا.»، لەوێدا: ئەوەی دەڵێت: «مامی وتی» و ئەوەی دەڵێت: «گوێگرەکە ڕووی وەرگێڕا» گێڕەرەوەی چیرۆکەکەن. «خخ»ەکە لەوانەیە شەپۆلی هۆشی گوێگرەکە بێت. لە میهرەبانەکانیشدا نموونەی لەم چەشنە زۆرن. کە ئەو وشەیە، یان ئەو ڕستە تەواونەکراوە شەپۆلی هۆشی هۆنوسە.

سەبارەت بە ڕەخنەکەی تری کە «هۆننوس» هەڵەی چاپە، ئەڵبەت تێدەگەم کە بۆچی وا بزانێت کە هەڵەی چاپە، بەڵام هەڵەی چاپ نییە. لە جێیەکی جیاوازدا لەسەر وشەی «هۆن»م نووسیوە، کە ڕەگی «هۆنینەوە»یە. لەوێدا «هۆننوس» بە واتای ئەوە دێت کە وشەی هۆنراو دەنووسێتەوە، وەک «هۆنەر». بەڵام «هۆنەر» دەشێت بیانڵێت، «هۆنوس» هۆکە و «هۆننوس» هۆنەکە دەنووسێتەوە.

هەندێک جار ڕەخنە بونیادنەرە!

بەڵام کەسێکی تر لێی پرسیم کە لە چیرۆکەکەدا مەبەستم چییە لەوەی کە دەڵێم: «شەتەکێکی دا»؟ چونکە لە شوێنێکی چیرۆکەکەدا وا دەڵێت. ئەو بەڕێزە پرسیی: «چیی شەتەک دا؟». کە چوومە بنجوبناوانی پرسیارەکەی ئەوەوە، بۆم دەرکەوت من چەندێکە وشەی شەتەک بە هەڵە بە کار دەهێنم. شەتەک-م بە واتای جووڵەیەکی خێرا بە کار هێنابوو، کە شەتەک ئەو واتایەی نییە. ناشزانم بۆچی وام زانیوە ئەو واتایەی هەیە.

لەوەیاندا بۆم دەرکەوت من هەڵە بووم و لە نووسینەکەمدا چاکم کردەوە. بەڵام تا ئێستاش لە دەنگە تۆمارکراوەکەی ناو یوتیوب هەر هەڵەیە و بۆم چاک ناکرێت. بەڵام زوو بێت یان درەنگ، لە ئایندەدا خوێندنەوەیەکی تری ئەم چیرۆکەم تۆمار دەکەمەوە و بڵاوی دەکەمەوە. چونکە دوو سێ هەڵەی تریشی تێدایە کە چاکم کردوونەتەوە.

نەزانین کاتییە!

من بەو پێیەی لە بەرکارهێنانی وشەی ناباودا جەربەزەیی زۆر دەکەم، بۆیە زۆریش دەکەومە هەڵەوە. بەڵام دواجار وشە وەک ئوتومبێلێک دەبینم، زۆر جار دەبێت بیخەیتە کار و تاقیکردنەوە تا بزانیت بەرگەی ڕۆیشتن دەگرێت یان نا. چونکە ڕاستە من دەنووسم و وەردەگێڕم، بەڵام لە هەمان کاتیشدا تا ئەوەندەی بۆم بکرێت زمان تاقی دەکەمەوە. بە نزیکی ئەمەم کردووە بە خوو و خۆیشم سوودم زۆر لێی بینیوە.

لە بەرانبەر ئەو ڕەخنانەشدا، کاتێک کەسێک ڕەخنەیەک دەگرێت و دواجار دەردەکەوێت کە لە ئەنجامی پەیپێنەبردنی خۆی بووە، ئەوە ناگەیەنێت ئەو کەسە دەبەنگە و نەزانە، بەڵکو پەرلەیەک هەبووە و ئەو پێی نەکراوەتەوە. ئەگەر نەزانیش بێت، تەنها ئەو شتەی نەزانیوە، ئەوە ناگەیەنێت کە لە دونیادا هیچ شتێکی تر نازانێت. بۆیە هیچ شوورەیی نییە شتێک نەزانیت، هەموومان بە نەزانی دێینە دونیاوە و وردەوردە فێر دەبین. لای من نەزانین سرووشتێکی هەمیشەیی نییە، وەک ئەوەی زۆر کەس وا وێنای دەکەن و کە دەڵێن: «فڵان کەس نەزانە» مەبەستیان ئەوەیە لە لەدایکبوونیەوە تا هەزار ساڵی تریش هەر نەزان دەبێت. من ئەوە بە هەڵە دەزانم. نەزانین سرووشتێکی کاتیی هەیە، لە شوێنێکدا دەزانیت، ئیتر تەواو. من نەمزانیبوو تا ئێستا، بەڵام لە ئێستا بە دواوە دەیزانم، ئیتر کێشەکە چییە؟

هەندێک جاریش ڕەخنەگرەکە گەمژەیە

بەڵام جاری واش هەبووە ڕەخنەگرەکە بابەتەکەی نەزانیوە، پێشنیاری گۆڕانکارییەکی بۆم کردووە، کە بۆم ڕوون کردووەتەوە بۆچی پێشنیارەکەی ئەو جێبەجێ ناکەم، ئەو هەر سوور بووە لەسەر ئەوەی ئەوەی خۆی ڕاستەکەیە. بە نموونە، لە بارەی «تەپڵەسەری نەتاشراو»ەوە، کە لە لاپەڕەی یەکەمی ئەڵقەی یەکەمی ئولیسدا هەیە (بەرگی یەکەمی ئولیس و ڕاڤەکانی)، کەسێک سوو بوو لەسەر ئەوەی ئەوە بگۆڕم و بیکەم بە «قژی نەتاشراو»، پاش ئەوەی کە زۆر بۆم ڕوون کردەوە بۆچی «تەپڵەسەر»ە و «قژ» نییە، کە وشە ئینگلییەکەم بۆی هێنایەوە کە تۆنشەر – tonsureە، بەڵام ئەو هەر سوور بوو لەسەر ئەوەی من هەڵەکەم و دەبێت بیکەم بە «قژی نەتاشراو»، بێ ئەوەی هیچ پاساوێکی تری پێبێت، جگە لە تێگەیشتنی ئەو ساتەی خۆی. ئەم بەڕێزە تەنانەت وەرگێڕانەکەی ئولیسی بە خراپ دانابوو، یەکێک لە پاساوەکانیشی ئەم بابەتی تەپڵەسەرە بوو، کە بەخێرێ، ڕاڤەش کرابوو! بۆیە کاتێک ڕەخنە دەکەوێتە ئەم کۆڵانی کوتین و لێدان و ئەتککردنەوە، من بە هەندی وەرناگرم.

بەرهەم لە بازاڕدایە، نەک ئەشکەوت!

هەر چۆنێک بێت، پێناساندن کارێکی چەوت نییە، هەموو جیهان وا دەکات. قورئان و کتێبی پیرۆز بە سەدان ملیۆن دۆلاریان تێدا سەرف دەکرێت تا یەکبینە لە پێش چاو و گوێی بینەران و بیسەراندا بن و بخرێنە ڕوو. بە سەدان دەزگا لە جیهاندا یەکبینە خەریکی خستنەڕووی بەرهەمەکانی شێکسپیر و گۆتە و کێ و کێی ترن. هەمان شت بۆ بێتهۆڤن کراوە و بەردەوامیش دەکرێت، بۆ زۆربەی هەرە زۆری فیلمە ئەمەریکییەکان، بۆ ئەلبوومی هەر گۆرانیبێژێک و تا دوایی. بە ڕێکەوت نییە کە تۆ ناوی ئەوانت بیستووە و ناوی کەسێکی ترت نەبیستووە!

پێناساندن بۆ نووسەرە هەرە بەناوبانگەکانی جیهان دەکرێت. لە دەرئەنجامی ئەمەشدا بەرهەمهێنەکە جگە لە پاداشتی ماددی، کە تەواو شایستەی خۆیەتی بە دەستی بهێنێت لە بەرانبەر ماندووبوونەکانیدا، پاشڕا و ڕەخنە و سەرنجیشی پێ دەگاتەوە، کە وا دەکات بەرهەمهێنێکی چەقبەستوو نەبێت. هەروەها خەڵکانێکیش بە چواردەوریەوە کە کاری لەبازاڕنانەکەی بۆ دەکەن سوودی ماددیی لێ دەبینن. ئەمە جگە لەوەی ئەم خستنەڕووانە وا دەکەن کەسانی تر بە بوونی ئەو بەرهەمە بزانن، کە ڕەنگە بەرهەمێک ژیانی کەسێک بگۆڕێت. خستنەڕوو پەیوەندیی بە هونەری لەبازاڕنانەوە هەیە و لەبازاڕنانیش کارێکی چەوت نییە. دواجار خەڵکان لە بازاڕەکاندا شت دەکڕن و شوێنی ساغکردنەوەی بەرهەم بازاڕەکانە، نەک ئەشکەوتەکان!

ئاساییە (باشیشە!) بەرهەمەکەت ساغ بکرێتەوە

بۆچی ئاسایی بێت تەماتەفرۆشێک بە کۆڵاناندا بگەڕێت و هاوار بکات: «وەرنەوە بۆ تەماتە» و نەخۆشی نەبێت، بەڵام ئەگەر کەسێک کە خۆی تەرخان کردووە بۆ بەرهەمداری داوای نووسین لە کەسێک بکات پێی دەوترێت نەخۆشی؟ نووسەرێک ئەگەر داوا بکات پەرەگرافێک لەسەر پەڕتووکێکی بنووسرێت، کە ساڵێک پێوەی ماندوو بووە، ئەمە نەخۆشییە؟ بۆچی؟

پاشان هەر بەڕاست، ئێمەی کورد چیمان بۆ نووسەر و هونەرمەند و بەرهەمدارەکانمان کردووە؟ گۆرانیبێژێکی ئەمەریکی تەنها سمتی دەردەخات دەکرێت بە ملیاردێر، ئێمەش یەکبینە وەک بڵێیت بەرهەمدارەکانمان بە نانی خۆمان بە خێو دەکەین، بەردەوام سەرزەنشتیان دەکەین.

دواجار مرۆڤ ئازادە بەرهەمی کەسێکی تر ساغ دەکاتەوە یان نا، لەسەری دەنووسێت یان نا، بەڵام ئەوەی کە ئەو شتە نەخۆشی بێت، نەخێر وا نییە، نەخۆشی نییە. ئەگەر نەخۆشیش بێت، نەخۆش شایستەی ئەوە نییە سووک بکرێت و سەرزەنشت بکرێت، شایستەی ئەوە نییە قێزی لێ بکرێتەوە، بەڵکو نەخۆش شایستەی چارەیە.


  1. لە ١٦ و ١٧ی ئایاری ٢٠٢٢دا نووسیومە؛ لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

کرێکارەکانی جیهان دۆنم بگرن

کرێکارەکانی جیهان دۆنم بگرن1

کرێکارەکانی جیهان،

ئەی خاوەنەکانی لانیکەم سێ ئایفۆنی سێزدە و دوو پەرەی لانیکەم سەد هەزار شوێنکەوتەیی. ئەی ئەوانەی کۆمێنتی بێ جنێو و جڕتتان نییە. ئەی ئەوانەی پازدە دۆنمی دەرەوەی شار و دوو خانووی سیلەی ناوشارتان هەیە و لانیکەم سێ دوکان و دوو خانوو و سێ شوقەتان لە کرێدایە و لاند کرووزەرێک و دەبڵ کابینەیەکتان هەیە و لە کاتی بەتاڵتاندا تەکسیش دەگێڕن و لە خەستەخانەی تایبەت نەبێت نەشتەرگەری ناکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا خەستەخانەی حکومیشتان قەرەباڵغ کردووە. ئەی ئەوانەی تێر خەریکی دانبۆڕۆکردنی کچ و کوڕی خەڵکن و بۆتان هەڵبکەوێت دووکراسلەڕەنگێ لەگەڵ مانگاشدا دەکەن و دوژمنی سەرسەختی دڵداریشن و خواخواتانە هەموو دونیا خۆیانتان بۆ ڕووت بکەنەوە، بەڵام هەر ئەوەندەی زەوقتان نیشتەوە دەتانەوێت بەتانی بدەن بە خۆیاندا و نمایشەکە تەنها و ئێکسکلوسڤ بۆ ئێوە بێت و تا کچ و کوڕی خەڵک هەڵدەخڵەتێنن خۆتان بە کراوە پیشان دەدەن و کە دەستتان پێیان ڕاگەیشت ئینجا ناچاریان دەکەن لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە و دەیانبەستنەوە. ئەگەر تۆزێک ئاگاتان لە منداڵەکانتان بێت، تا تەمەنی بەربادبوون، لە قوتابخانەی تایبەتن و ئەگەر ئاگاشتان لێیان نەبێت سەرانە لە خەڵک دەسەنن و ناخوێنن و دەشتانەوێت ئەوەی چل ساڵ دەخوێنێت پارە بدات بە ئێوە. ئەی ئەوانەی سێ مووچەی فەرمیی دوو حیزبی دژ بە یەکتان هەیە و یازدە جار شەهید بوون و چوار جاریش لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵییدا خانەنشینن و پێشمەرگەی دێرینی جەنگی ئوحود و جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمیشن و لە سێ فەرمانگەش فەرمانبەرن و مووچەی حکومەتی عێر-اق و کوردستان و تەنانەت حیزبی کلدان و ئاشوور و تورکمانەکانیشان هەیە و تا بۆتان دەکرێت سوودمەند دەبن لە دەسەڵاتی سێکیولار و مافی مرۆڤ و کەچی کە سەرێکی مێزەراوی و کامێرەی کەناڵێکی ئیسلامییتان لێ دەردەکەوێت دەبن بە سەیفولئیسلام و داکۆکیکار لە حوکمی شەرع و جەلد و فەتح و سۆبی و لە ناڵ دەدەن و لە بزماریش دەدەن و سم و لوولاقەکەش دەکەن بە سەروپێ یان نۆکاو و دەیخۆن. ئەی ئەوانەی کە بۆری دەبەستن ئاوی لێ دەتکێت و کە دیوار دادەنێن خوارە و درزی تێدایە و کە کاشیی گەرماو دادەنێن لە بیرتان دەچێت شەربەتاوەکەی بکەن و ئاوەکە دەچێتە هەموو شوێنێکەوە کونی ئاوەڕۆکە نەبێت و کە دەچنە ئاودەستە گشتییەکانەوە سیفۆن لە ژێرتاندا دەشکێت و ئاویش ناکەن بە پاشەڕۆکەتاندا و کە بە لای دەرگای شوێنانی گشتییدا دەڕۆن دەیشکێنن و کە سەگێکی داماو لە دوورەوە دەبینن سەد بەرد و بلۆک و خشتی تێدەگرن، بێ ئەوەی سەگەکە هاتبێت بە لاشتاندا و کە پشیلە دەبینن کلکی دەبڕن و بە سویچی ئوتومبێلەکانتان شوخت دەکەنە ئوتومبێلی خەڵکی ترەوە و کە بە لای پەیکەرێکدا دەڕۆن لووتی دەشکێنن و کە بە لای شێرەبەفرینەی داماوێکدا دەڕۆن، کە دڵی پێی خۆشە، بە لەقە تێی بەردەبن و خاپووری دەکەن و کە ئاو بەردەدەنەوە نایگرنەوە و کە خۆتان لە ماڵ نین چل سپلێت لە ماڵەکانتاندا کار دەکات و لە ژیانیشتاندا پارەی کارەباتان نەداوە و کە دەچنە پاڕکەکان و یاپراخەکەتان لووش دەدەن دوای خۆتان کەلاوەکە بە جێ دەهێڵن و لە جامی ئوتومبێلەکانتانەوە دەبەکانتان دەهاون و کە بە هەزار شەڕەشەق و فشاری شوێنی کارەکەتان درەخت لەسەر شەقامەکان دەڕوێنن لقەکانیان دەچن بە چاوی خەڵکدا و ئوتومبێلەکانتان لە ناوەڕاستی شەقامی سەرەکییدا ڕادەگرن و شەقامەکە دەگرن و شت دەفرۆشن و کە هێمای هاتوچۆی سەر شەقامەکان دادەنێن بۆ باڵای یەئجوج و مەئجوجی دادەنێن و منداڵی پێنج ساڵیش سەری پیایاندا دەدات. ئەی ئەوانەی بە هەموو بەرهەمەکانی سەرمایەداری، وەک قوماش و بۆیاخ و بڵندگۆ و ئوتومبێل و ئایفۆن و ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر و مۆبایل و تۆڕی کۆمەڵایەتی و مایکرۆفۆن و تا دوایی، دروشمی دژ بە سەرمایەداری و «وەک-یەک-بوون» و «یەکسانی» بڵاو دەکەنەوە و هەڵدەستن و دادەنیشن جنێو بە سەرمایەدار و سەرمایەداری دەدەن و سەرمایەدار و سەرمایەداریش نەبێت بە کۆیلەی نمرە دوو و نمرە سێ و کۆیلەی سپێریش ڕاناگیرێن، ئەوەندە دەستمردوو و دەستڕەشوسپین. ئەی ئەوانەی تا کار بۆ یەکێک دەکەن هەزار نزای لێ دەکەن و یەکبینە قەپ لەو دەستە دەگرن کە نانتان دەداتێ و زۆر شتی تریش دەکەن، کە من ئاگام لێیان نییە…

یەک بگرن!


  1. لە ١ی ئایاری ٢٠٢٢دا نووسیومە. لە ٢٢-٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا جوومەتەوە. ↩︎

پەتای پیاوچاکی و خۆسەلماندن

پەتای پیاوچاکی و خۆسەلماندن1

هیچ نووستووێک هەوڵ نادات بیسەلمێنێت نووستووە، جگە لەو کەسەی نەنووستووە و بە درۆوە خۆی دەکات بە نووستوو. چونکە کارێکی بەو خۆدزینەوە و نمایشە هەیە. ئەگینا ئەوەی نووستووە، ئێستا لە قووڵایی خەوندایە و چێژ لە خەونەکەی دەبینێت و پێویستی بە خۆسەلماندن نییە بۆ هیچ کەسێک! ئەوەی هەوڵ دەدات وای بسەلمێنێت نووستووە، نەنووستووە.

ڕاوی ددانپێدانانی ئەوانی تر مەکە

گەر بتەوێت بیسەلمێنیت مەلە دەکەیت، پێویستت بە هاتوهاوار نییە بڵێیت: «هۆ، خەڵکینە، تەماشام بکەن، مەلە دەکەم!». تۆ دەبێت بچیتە ئاوەکەوە و مەلەکە بکەیت، نەک من بکوژیت لەسەر ئەوەی باوەڕم پێت نەهێناوە کە مەلە دەزانیت. تۆ پێویستت بە ددانپێدانانی من نییە کە مەلە دەزانیت.

لە ڕاستیدا هەموو هەوڵی تۆ بۆ ددانپێدانانی من، تۆ لە چێژی مەلەکردنەکە دادەبڕێنێت. ئەگەر تۆ بۆ ددانپێدانانی من مەلە دەکەیت، پێشتر لێمت پرسی کە داخۆ من دەمەوێت تۆ مەلە بکەیت یان نا؟ پێشتر هیچ ڕایەکی منت وەرنەگرتووە، ئێستاش کە مەلەکە دەکەیت، ددانپێدانانی منت بۆ چییە؟ بۆ ئەوەی چێژ لە مەلەکردنەکەت ببینیت؟

ئەگەر تۆ بتزانیایە چێژ لە مەلەکردن وەربگریت، ئەوا هەر لە سەرەتاوە لەسەر ڕای من نەدەوەستایت. لە ڕاستیدا تۆ پێویستت بەوە نییە هیچ شتێک بسەلمێنیت، چونکە هەر ئەوەندەی ئەو دەرگایەت لە خۆت کردەوە، ئیتر نوقمی گێژاوێک دەبیت کە زۆر بە ئەستەم لێی دەردەچیت. کە ددانپێدانانی منت کردە ئامانج و منیش ددانم پێتدا نا، ئینجا دەبێت بچیت کەسێکی تر ناچار بکەیت ددانت پێدا بنێت، پاش ئەویش کەسێکی تر. کە بۆ هەمووشمانت سەلماند، پاشان چی؟ ئینجا دەبێت ئامانجێکی نوێ دیاری بکەیت و هەوڵ بدەیت دیسان هەموومان بە سەلماندنی نوێ بهەژێنیت.

تەمەن بەشی ئەم هەموو سەلماندنە ناکات!

بەڵام خەڵکی سەر زەوی ئێجگار زۆرن و تەمەن بەشی گەمەی ئەو هەموو سەلماندنە ناکات! هەموو ڕۆژێک کە سرووشت پێت دەبەخشێت، دەرفەتی چێژێکی نوێ و ژیانێکی نوێ و بیرکردنەوەیەکی نوێت پێ دەبەخشێت. کەچی تۆ هێشتا دوێنێ و پێرێت بە کۆڵەوەیە و بە شانازیشەوە دەتەوێت بۆ ئێمەی ئەمڕۆی بسەلمێنیت! ئینجا سبەینێش دەبێت ئەمڕۆ بخەیتە کۆڵت! پێرێ لە پێرێدا بە جێ بهێڵە و دوێنێ لە دوێنێدا و ئەمڕۆش لە ئەمڕۆدا.

پەتای خۆسەلماندن

ئەم دیاردەیە ناو دەنێم پەتای خۆسەلماندن. خودی ئەم پەتایە هۆی سەرەکییە بۆ تووشبوون بە پەتای پیاوچاکی کە کەمێکی تر باسی دەکەم. پەتای خۆسەلماندن بەو شێوەیە کار دەکات کە هەمیشە بە دوای سەلماندنی نوێدا دەگەڕێیت. بەڵام ئەم سەلماندنانە بە هەلی چێژبینینت لە ژیان و هەلەکانی ئەمڕۆت سەودا دەکەیت. ئایا بەهای هەلە نوێکەی ئەمڕۆ دەزانیت کە لە دوێنێ و ڕۆژانی پێشووتدا بە فیڕۆی دەدەیت؟ تۆ ئەم خۆسەلماندنەت بە ژیانی خۆت دەکڕیت کە ژیانیش لە کڕین نایەت.

هەرگیز هەوڵ مەدە بکەویتە گێژاوی خۆسەلماندنەوە، هاوڕێیەتیی هیچ کەسێکیش مەکە کە تووشی ئەو پەتایە بووە، چونکە ئەو پەتایە گواستراوەیە و دەشێت بۆ تۆش بگوازرێتەوە و ژیانت بە فیڕۆ بدات. چونکە هەمیشە وێڵی ئامانجی نوێی خۆسەلماندنی نوێ دەبیت.

ژیان ئامانجە

ئامانجی ڕەها لە ژیان ژیان خۆیەتی. هەر شتێکی تر کە دەیکەیت تەنها بۆ ئەوە بیکە کە چێژ لە ژیان ببینیت. هەر شتێک نەچووە خزمەتی ژیانەوە تووڕی بدە و فڕێی بدە، گرنگ نییە خەڵک چیت پێ دەڵێن.

سامان گەر لە خزمەتی ژیاندا نەبوو سامان نییە. موزیک، هۆنراوە، کار، نوستن، سەما، خواردن… تا دوایی، هەر کامێکیان لە خزمەتی ڕەنگدارکردنی ژیاندا نەبوون فڕێیان بدە بە کەڵک نایەن. نەکەیت ژیانت بکەیت بە قوربانی هیچ شتێک، هەموو شتێک بکە بە قوربانی ژیان، چونکە سرووشت تەنها ژیانی پێ بەخشیویت، ئەوانی تر لە چواردەورەوە وەرتگرتووە. نەکەیت سرووشت بە چواردەورت سەودا بکەیت، سرووشت نەمرە، چواردەورت نەپاون2.

لە سەودای ژیاندا دوو (ملیۆن) جار بیر بکەوە

هەرگیز چێژی مەزنی ژیان لە پێناو خۆسەلماندندا بە فیڕۆ مەدە. کەس نابینیت بییەوێت بیسەلمێنێت تێرە، جگە لەو کەسەی برسییە و بە درۆوە خۆی تێر پیشان دەدات، چونکە کارێکی بەو نمایشە هەیە. ئەوەی تێرە ئێستا چێژ لە تێرییەکەی دەبینێت. ئەوەی پیانۆژەنی ڕاستینەیە ئێستا چێژ لە ژەندنەکەی دەبینێت. ئەوەی وێنەکێشی ڕاستینەیە ئیستا چێژ لە وێنەکێشانەکەی دەبینێت. تەنها ئەوانە هەوڵ دەدەن خۆیان بسەلمێنن کە ئەوە نین!

مەیسەلمێنە، ئەوە بە!

هەوڵ مەدە بیسەلمێنیت مرۆڤێکی چاکیت، مێردێکی باشیت، ژنێکی باشیت، ئەویندارێکی باشیت، خواناسێکی باشیت، وارگێڕێکی باشیت، هونەرمەندێکی باشیت و تا دوایی. ئەگەر باش بوویتایە هەرگیز پێویستت بە خۆسەلماندن نەدەبوو! خودی هەوڵدانت بۆ خۆسەلماندنت کە تۆ مرۆڤێکی چاکیت، مێردێکی باشیت، ژنێکی باشیت، ئەویندارێکی باشیت، خواناسێکی باشیت، وارگێڕێکی باشیت، هونەرمەندێکی باشیت و تا دوایی، بەڵگەی ئەوەن کە تۆ هیچ کامێک لەوانە نیت! چونکە ئەگەر ئەوە بوویتایە هیچ کێشەیەکت نەدەبوو و ئێستا ئەوە دەبوویت و چێژت لەو بوونە ڕاستینەیەت وەردەگرت. کە چواردەورەکەشت باوەڕیان پێ نەدەکردیت، بێمننەتانە لێیان دوور دەکەوتیتەوە.

لە دوای لوتکەوە بەرەو کوێ؟

ئەم هەوڵدانەت بۆ خۆسەلماندن دەتخاتە گەرداوی کێبڕکێی هەمیشەییەوە. تۆ کە لەگەڵ خۆتدا دەچیتە کێبڕکێوە هەموو هەوڵت بۆ ئەوەیە بگەیت بە لوتکە. بەڵام هەموو نەگبەتییەکانت دوای گەیشتنت بە لوتکە دەست پێ دەکەن، چونکە لە دوای لوتکەوە تەنها دابەزین هەیە! یان دەبێت لەوێدا خۆت بکوژیت، یان دەبێت داببەزیت! باشتر نەبوو هەر لە سەرەتاوە ئەم کێبڕکێ و بۆڕبۆڕێنەت نەکردایە؟

بێلا بارتۆک دەڵێت: «پێشبڕکێ بۆ ئەسپە نەک هونەرمەند!». ڕەنگە تا منداڵیت یان هەرزەیت، لەوانەیە پێشبڕکێ باش بێت، نازانم، بەڵام دڵنیام پیشبڕکێ بۆ مرۆڤی پێگەیشتوو قێزەونە. تۆ دەبوو ئێستا خۆتت بدۆزیایەتەوە و لە چاوی خۆتەوە بتڕوانیایە خۆت، نەک لە چاوی خەڵکانی ترەوە لە خۆتت بڕوانیایە. دەبوو ئێستا منت لەناو خۆتدا بدۆزیایەتەوە و پەروەردەی منەکەی ناو خۆت بدایە، نەک خەریکی بۆڕبۆڕێن ببیت.

دۆخی کێبڕکێباز

لەناو تۆوی کێبڕکێدا فریوخواردن و ئازارچەشتن و خۆپەرستی هەیە. ئەو مرۆڤەی بەردەوام بە شوێن کێبڕکێدا دەگەڕێت وردەوردە دەکەوێتە شەشپاڵووێکەوە: دیوێکی تووڕەییە، دیوەکەی بەرانبەری ئازارە، دیوێکی خەمخواردنە، دیوەکەی تری دڵەڕاوکێیە، دیوێکی تری خۆپەرستی و خۆفریودانە و بەرانبەری کێبڕکێبازییە.

تەنانەت لەوانەیە ئەم شەشپاڵووە بۆ چەندین دیوی تری یەک لە یەک تراژیدیتر پەرە بستێنێت. بە هۆی ئەم شەشپاڵووەشتەوە تووشی چەندین کێشە دەبیت و خەڵکانی تریش تووشی کێشە دەکەیت.

بەڵام ژیان بەم جۆرە جێگەی بەزەییە، تۆ پێویستت بەوە نییە لەو شەشپاڵووەدا پەنگ بخۆیتەوە و خۆت بەند بکەیت. مرۆڤ لەم دۆخەدا ناتوانێت هیچ ڕاستییەکی سرووشتی بێ شێواندنی شەش پەردەکەی دەوری خۆی ببینێت، چونکە ئەم مرۆڤە پەنگخواردووە لانیکەم لە شەش هاوێنەوە دونیا دەبینێت کە هەر یەکەیان وێنە ڕاستینەکانی چواردەور دەچەمێننەوە و دەیانشێوێنن.

ئەم باش نەبینینەش دەتخاتە ئەنجامدانی کارەسات دوای کارەسات. ئەو کاتەش هەر پاساوێک دەهێنیتەوە و بە هەر ڕستەیەک باسی خۆت دەکەیت، ئەو ڕستەیەش بۆت دەبێت بە پەردەیەکی تر و بە دەوری شەشپاڵووەکەتدا دەیپێچیت، تا وات لێ دێت ئەوەندە لە پەردەی پاساوەکانت و کێشەکانتدا خۆت قوماتە دەکەیت کە چیتر کەسە ڕاستینەکەی ناخت دەخنکێت. لەبەر ئەوەشی تۆ هەر لە سەرەتاوە چێژبینین و دڵخۆشیت بە شتەکانی دەرەوەی خۆت بەستووەتەوە، چیتر هەرگیز دڵخۆش نابیت و چێژیش لە هیچ شتێک نابینیت، چونکە وێنەی دەرەوە لەبەر چاوی ناختدا شێواوە.

من

بەڵام تۆ لەوە مەزنتریت، لەوە بەتواناتریت. هەر ئەوەندەی ددانت بەوەدا نا بە دوای مندا دەگەڕێیت و لەگەڵ خۆتدا ئاشت دەبیتەوە، ئیتر دەتوانیت وردەوردە ئەو قوماتانەت لێبکەیتەوە و چیتر لە ژێر پەردەی تووڕەیی و گلەییەکانت و خەمخواردن و ئازار و دڵەڕاوکێ و خۆفریودانەکانتدا خۆت نەشاریتەوە و هەموو ئەو ئاستەنگانە بشکێنیت.

بەڵام بۆ ئەم مەبەستە دەبێت وردەوردە لەبری تۆ، ئەو، ئێوە، ئێمە، ئەوان بێیتە سەر من، چونکە من گرنگترینە. هەر کەسێکیش هەر شتێکی تری پێ وتوویت، وا نییە و ئەویش نازانێت چی گرنگترینە. تۆ تەنها دەتوانیت شارەزایی تەواو لە مندا پەیدا بکەیت.

ئەگەر لەسەر شاخێکەوە خۆت هەڵبدەیتە خوارەوە، تەنها کەس کە لەگەڵتدا دێت منە. کە دەنوویت تەنها کەس من دێتە خەونەکانتەوە. تۆ لە ڕاستیدا هەموو ژیانت لەگەڵ مندا بە سەر دەبەیت. ئەگەر لە من تێنەگەیت و لەگەڵ منی ناو خۆتدا ئاشت نەبیت، ئێمە چاوەڕێی چ باشییەکت لێ بکەین؟ تۆ کە منی ناو خۆتت خۆش نەوێت، ناتوانیت ئێمەشت خۆش بوێت.

منی بکەر، نەک منی بەرکار

بەڵام تکایە کە وردەوردە دەچیتە سەر من، من بە بەرکار بە کار مەهێنە، بەڵکو با بکەر بێت. مەڵێ: «ئەوان مووچەکەیان نەدا بە من، بۆیە من دڵی ناخۆشە». تۆ لە مووچە گەورەتریت، تۆ لە لادێ و شار و هەرێم و وڵات و گەلەکەت گەورەتریت، تۆ لە کیشوەر و جیهانیش گەورەتریت. تۆ هەموو گەردوونیت ئەگەر زیاتریش نەبیت. خۆت بۆ هیچ شتێک بچووک مەکەوە.

منەکەی ناو خۆت بدۆزەوە و ئاشتی بکەوە و پێکەوە تێر چێژ لە ژیان ببینن. لەم جەستەیەی ئێستاتدا و لەم ژیانەی ئێستاتدا تەنهاوتەنها یەک جار دەژییت. بە ملیۆنان کیلۆمەتر لە چواردەوری ئەم هەسارەیە ژیان لە هیچ کوێیەک نییە. ڕەنگە لە دوورتر هەبێت، بەڵام لەم هەموو شوێنە مەزنەدا تەنها ئێرە ژیانی لێیە و تۆش ئەو کەسەیت کە ئەو هەلەت پێ بەخشراوە کە بژییت. بێکۆتا شت هەن کە ناژین و ئەو هەلەیان پێ نەدراوە، تەنها تۆ دەژییت. تۆ پەرجووی سرووشتیت، تۆ بەڵگەی ژیانیت، کەچی خۆت خۆتت بۆ شتانێکی بچووک بچووک کردووەتەوە و خۆت کردووە بە پاشکۆیان.

چرا بۆ تاریکی، نەک بۆ ڕووناکی

تۆ بە دەستی خۆت ناخۆشییەکانت هێناوەتە ناو منەوە، هەر تۆش دەتوانیت ئەو ناخۆشییانە لە من بکەیتەوە. چاوت لەسەر تۆ، ئەو، ئێوە، ئێمە، ئەوان لابدە. ئەوان لەچاو مەزنیی منی ناختدا هیچ نین. کە چراکەی ناخت داگیرسا هیچ تاریکییەک ناتوانێت بیکوژێنێتەوە، چونکە تەنها تاریکی لە ڕووناکی دەترسێت، چونکە هەمیشە ڕووناکی تاریکی لە ناو دەبات نەک بە پێچەوانەوە.

لەگەڵ خۆت ئاشت بە، ئەوجا ئاشتی ببەخشە

تۆ بێ دۆزینەوە و ئاشتکردنەوەی من بۆ هیچ کوێیەک هەنگاو مەنێ، هیچ چاکەیەک مەکە، هیچ چاکسازییەک مەکە. چونکە تۆ بەو منە خنکاوەتەوە هەموومان بە چاکەکانت دەخنکێنیت. چونکە تۆ خۆشەویستترین کەست کە منە خنکاندووە. بۆیە تکایە مەیە بۆ وێزەی ئێمەش.

تەماشا بکە، ئێستا هەموو جیهان بە دەست کۆمەڵێک کەسەوە دەناڵێنن کە هاتبوون بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارە بکەن و چاکسازی بکەن و پێشمان بخەن. هاتبوون ئێمەیان خۆش بوێت. بە ئەوینی ئێمەوە هاتن، کەچی تەنها کێشەیان کەڵەکە کردووە. ئەو کات و ئێستاش هاتوون و هاتبوون تا فێری ئاشتیمان بکەن، بەڵام جارێ پێویستیان بەوەیە چل ملیۆن کەس بکوژن بۆ ئەوەی بەو ئاشتییە بگەن. ئینجا دەیانەوێت فێری خۆشەویستیمان بکەن، بەڵام جارێ دەبێت شەش ملیار کەس بخەسێنن و بیانکوژن تا خۆشەویستیمان فێر بکەن. بە منێکی پڕ لە ناکۆکییەوە دێن تا ئێمە کۆک بکەن.

جیهان دە هەزار ساڵە تووشی پەتایەکی کوشندەی پیاوچاکی بووە و ئێستا ئەرکمان ئەوەیە لەم پیاوچاکانە دوور بکەوینەوە. چونکە ئەم پیاوچاکانە بە منێکی ڕقاوی و داڕماو و نەخۆش و خنکاوەوە و بە ئەوینی ئێمەوە هاتن موژدەی بەهەشتی سەرزەمین و بنزەمینیان پێ داین، کەچی ڕق و خوێنڕشتن و پیاوکوژی و سنووریان لەگەڵ خۆیاندا هێنا. برا و برایان لە یەک کرد؛ شار و دێیان سووتاند؛ بیرمەندیان کوشت؛ منداڵیان کیمیاباران کرد؛ ژنی خەڵکیان لاقە کرد؛ مرۆڤیان لە فڕندا تواندەوە؛ بۆمبای ئەتۆمیان بەسەر خەڵکدا کرد؛ سەیرانکەریان کوشت؛ جلی ئاڵوواڵایان ڕەشپۆش کرد؛ پێکەنینان لە سێدارە دا؛ باوکان کچی خۆیانیان کوشت؛ برا تێزابی بە قاچی ڕووتی خوشکدا کرد؛ ئابروومەندەکان ژنیان بەردباران کرد… هێشتاش ماویانە کاولی بکەن.

چارە؟

منەکەی ناو خۆت بناسە و ئاشتی بکەوە و پەروەردەیەکی تەندروستی ژیاندۆستیی بکە، ئەو کاتە چراکەی ناخت دادەگیرسێت. کە چراکەشت داگیرسا، پێویستت بە سەلماندنی ڕووناکیی خۆت نییە، تەنها پیاسەیەکت بە گەڕەکە تاریکەکانی ئەواندا بەسە بۆ ئەوەی ئەوانیش بەر پێیان ڕووناک ببێتەوە و بەرەو ڕووناکی هەنگاو بنێن.

وەرن لە ئەمڕۆوە خۆمان لە پیاوچاکان ڕزگار بکەین.


  1. لە ١٢ی تەممووزی ٢٠٢٠دا نووسیومە. لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ و ٢٢-٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ئێستا لە پێداچوونەوەی ٢٠٢٥دا لەگەڵ هەندێک لە وتەکانی ئەم وتارەدا هاوڕا نەماوم. بە تایبەتی ئەو بەشەی دەڵێت:  تۆ لە لادێ و شار و هەرێم و وڵات و گەلەکەت گەورەتریت، تۆ لە کیشوەر و جیهانیش گەورەتریت. تۆ هەموو گەردوونیت ئەگەر زیاتریش نەبیت». پێم وایە ئەم وتەیە هەڵەیە و تۆ گەورەتر نیت، بەڵام بۆ هەندێک لایەنی خۆت دەبێت خۆت لەپێشتر بیت، چون ئەگەر خزمەتی خۆتت پێ نەکرێت لەوە ناچێت خزمەتی لادێ و شار و هەرێم و وڵات و گەلەکەتت پێ بکرێت. باشترە بوترێت: «لە هەندێک دۆخدا دەبێت خۆت لەپێشتر بیت وەک لە لادێ و شار و هەرێم و وڵات و گەلەکەت». هاوڕای ئەوەش نەماوم کە دەڵێت: «تۆ بە دەستی خۆت ناخۆشییەکانت هێناوەتە ناو منەوە، هەر تۆش دەتوانیت ئەو ناخۆشییانە لە من بکەیتەوە». ئەم وتەیە ڕاست نییە، بە هەزاران ناخۆشی هەن لە دەرەوە بۆت دێن، نکۆڵییان لێ ناکرێت. بێگومان دەشێت کاردانەوەی تۆ وا بکات ئەو ناخۆشییانە بە جۆرێکی تر کاریگەری دابنێن، بەڵام مەبەستەکەم ئەوەیە کە مەرج نییە بە دەستی خۆت هێنابێتنە نێو خۆتەوە. ↩︎
  2. نەپاو: بە ئینگلی mortal، واتە هەر شتێک کە بمرێت. لە زمانی خۆمانەییدا زیاتر وشە عەرەبییەکەی بۆ بە کار دەهێنرێت کە فانيیە. ↩︎

شۆکخوازی و شۆکپەرستی

شۆکخوازی و شۆکپەرستی1

هەواڵ و ڕاپۆرتی هەموو کەناڵە مێدیاییەکان بە موزیکێکی دم دە دەگ پەپەپەپەگ بە پااااااام دەست پێ دەکات. لەگەڵ خوێندنەوەکانیشدا بەردەوامە و هەوڵ دەدات شۆک بیت.

ڕاپۆرت لەسەر ژیننامەی کەسێک دەکرێت کە سێ هەزار ساڵە مردووە: موزیکەکە هی جەنگە. ڕاپۆرت لەسەر دین دەکرێت: موزیکەکە هی جەنگە. ڕاپۆرت لەسەر خۆشەویستی: موزیکەکە هی جەنگە. ڕاپۆرت لەسەر پێکەنین: موزیک هی جەنگە. ڕیکلامی برنج: موزیک هی جەنگە. پەڕتووک: جەنگ. شەقام: جەنگ. دەنگدان: جەنگ. خۆشەویستی: جەنگ. خودا: جەنگ. شەیتان: جەنگ. شار: جەنگ. هاتن: جەنگ. چوون: جەنگ.

هەموو ئەم موزیکە قەبە و زل و زرمەزلێیانەش تەنها بۆ ئەوەن خەڵک تووشی شۆک بکەن و هەستی بەپەلە دروست بکەن. شۆکخوازیی و بەپەلەیی تا ئاستی پەرستن گەیشتوون. چیتر دەبێت بوترێت بەپەلەپەرستی و شۆکپەرستی و شۆکیزم و بەپەلەییزم. دەبێت هەموو شت مرۆڤ شۆک بکات، ئینجا بەهای پێ دەدرێت.

هەموو ئەم موزیکە زل و زەبەلاحانە نیشانەی ئەوەن کە بابەتەکە بچووکە و پووچە، بۆیە بە موزیکە زرموکوت و زەبەلاحەکە زل دەکرێن. دەنا بابەتی مەزن بێ موزیکی مەزنیش هەر مەزنە. ئەمە جگە لەوەی موزیکەکە لەگەڵ زۆربەی بابەتەکاندا نایەتەوە و موزیک لە ئاوازی جەنگ دەدوێت و دیمەن لە هەموو شتێکی تر و شۆک نابین.

دەبێت چیتر ئەم دیاردەیە نەهێڵین و ئەم بەپەلەپەرستێتییە بەپەلە لاببەین.


  1. لە ١١ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسیومە. لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١، ٢ی شوباتی ٢٠٢٢، ٢٤-٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

نەستژەنی

نەستژەنی1

خۆم وشەی نەستژەنیم داڕشتووە. نەستژەنی لە نەست و ژەن و پاشگری –ی پێک دێن. موزیکێکە ڕاستەوخۆ لەو چرکەیەدا لە نەستی ژەنیارەکەوە بژەنرێت. بە گریمانەی خۆم بەرانبەر improvisationی ئینگلی و اِرتجالی عەرەبییە. ئەگەرچی ڕەنگە پێشتر موزیککارەکان وشەی خۆژەنی و زۆر وشەی تریشیان بە کار هێنابێت، بەڵام من ئەم وشەیە دەدەم بەم جۆرە کارانەم و پێم وایە دەقاودەق پێناسەی موزیکەکەم دەکات، چونکە دەمەوێت ناوی جۆرە ژەندنەکەش هەر تایبەت بێت بەو ژەندنەی خۆم. بۆیە موزیکژەنانی تر ئازادن چ وشەیەکی تر بە کار دەهێنن، بەڵام نەستژەنی بەو پێناسەیەی سەرەوە هی منە و هەموو کەسێکی تریش ئازادە چۆنی دەوێت بە کاری بهێنێت.

نەستژەنی لە ژیانمدا

نەستژەنیی من خوو و نەریتێکی تایبەتیمە، کە باوەڕ ناکەم بتوانرێت لێم جیا بکرێتەوە. خودی بیرۆکەکە هەر لە سەرەتای منداڵیمەوە هەیە. چون لەوەتەی هەم بەشێکی گەورەی مێشک و بیرکردنەوەم، هاوشان لەگەڵ بیرکردنەوە بە زمانی ئاخاوتن و وێنەدا، بە موزیک و دەنگیش بیر دەکاتەوە. بەردەوام لە مێشکی مندا شەپۆلی موزیکی پارچەپارچە هەن، هەندێک جار درێژ، هەندێک جار کورت، هەندێک جاریش وەستانیان بۆ نییە.

جارجار هەندێک موزیکی تر بە خەیاڵمدا دێن کە هەمیشە داوای پەرەپێدانی زیاترم لێ دەکەن و داوام لێ دەکەن بیاننووسمەوە و زیاتر پێوەیان خەریک ببم. بەڵام ئەم جۆرەیان تەنها داوا دەکات وا بە شێواوی دەرببڕرێت. ڕەنگە دواتر شتیان لێوە وەربگرم و لە کاری موزیکیی ترمدا زیاتر پەرەیان پێ بدەم. هیچ یاسایەکی تر بۆ نەستژەنی نییە. ڕەنگە کاریگەریی موزیکێکی تر یان گۆرانییەکی تر لەو ڕۆژەدا نەستژەنییەکەم ئاراستە بکەن. بۆیە لەوانەیە جاروبار موزیکێکی تر خۆی لە ژەندنەکەمدا بتوێنێتەوە. ئەوەی لەسەرمە ئەوەیە ڕێگری لە هیچ وروژمێکی ژەندنەکەم نەکەم و بەر بۆ نەستم ئاوەڵا بکەم. هەرگیزیش هەوڵ نادەم هیچ نەستژەنییەکم بنووسمەوە، چون بە بڕوای من جادووەکە تەنها تایبەتە بەو چرکەیە و نووسینەوەش زۆری پێ دەچێت. بەڵام بێگومان ناهێڵم نەستژەنی ڕێ لەو کارانەی ترم بگرێت کە دەبێت بنوسرێنەوە.

زۆرترین ژانری موزیکی من

هەر لە سەرەتای دەستکردنم بە موزیک لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە بەردەوام و دەتوانم بڵێم هەموو ڕۆژێک نەستژەنیم کردووە. زۆربەی هەرە زۆریشیان تەنها بۆ خۆم بوون. هەندێک جار کە میوانێکم هاتووە نەستژەنیم بۆی کردووە، بەڵام ئەو جۆرە میوانانەم زۆر دەگمەنن. ڕاستییەکەش ئەوەیە لام خۆشترە کە بە ویستی کەسی ترەوە نەبەسترێمەوە. من چێژێکی زۆر لە نەستژەنی دەبین، لەوانەشە شێوەیەکی مێدیتەیشنی خۆم بێت یان کەناڵێکی تری دەربڕینم بێت. لە بواری موزیکیشدا ئەوەندەی نەستژەنیم کردووە ئەوەندە هیچ شتێکی ترم نەکردووە.

بەڵام ماوەیەکە ئەوە لە خەیاڵمدایە کە هەموو ڕۆژێک هەرچەند نەستژەنیم کرد، موزیکەکە تۆمار بکەم و لەگەڵ ئێوەدا بەشی بکەم و بڵاوی بکەمەوە. لەم جۆرە موزیکەدا دەشێت هەموو شتێک ڕوو بدات، هیچ یاسایەکی دیاریکراو نییە جگە لەوەی دەستم دەربڕی نەستمە و تەواو.

سوپاسگوزارم کە لە سەردەمێکدا دەژیم دەتوانم ئەم موزیکانە تۆمار بکەم و لە دوورەوە ئەم جادووەی بیرکردنەوەمتان لەگەڵدا بەش بکەم. لەوانەیە لەمەودوا زووزوو ڤیدیۆیەکی نەستژەنی لە یوتیوبەکەم بڵاو بکەمەوە.

سەبارەت بە ناونانی ئەم زنجیرە ژەندنانەش، ئەو ڕۆژە خەریکی هەر شتێک بووم و هەر وشەیەک یان شتێکی تر سەرنجم ڕابکێشێت، موزیکەکە بەو ناوەوە ناو دەنێم و ژمارەشیان بۆ دادەنێم. تەنانەت لەمەودوا بە ئینگلیش هەر هەمان ناوی کوردی بۆ ئەم موزیکانە دادەنێم بە ڕێنووسی لاتینیی کوردی جگە لە -یی کۆتایی کە لە ڕێنووسی ئینگلیزیدا î نییە Nestjeni.


  1. لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسیومە. لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢ و ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٣ و ٢٣-٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. بە گوێرەی پێداچوونەوەی ٢٠٢٥ بڕێک تێڕوانینم گۆڕاوە، ئەویش لە ئەنجامی درێژەدان بە نەستژەنییدا بوو. ئەگەرچی نەستژەنیم دانابوو ئەوپەڕی ئازادیی تێدا بێت، بەڵام لە درێژەی ژەندندا هەندێک تایبەتمەندێتیی بۆ دروست بوو. لەوانە:
    ١. هەموو نەستژەنییەک ناوی هەیە.
    ٢. هەموو نەستژەنییەک تەنها بە یەک ئامێر بووە و ئەویش پیانۆ بووە.
    بۆیە بەربوورە شیاوترە. دەتوانیت وتاری بەربوورە بخوێنیتەوە. بۆیە وشەی «بەربوورە» بە شیاوتر دەزانم بۆ ئەوەی بە دوایدا دەگەڕام. بەڵام با نەستژەنییش بۆ ئەم جۆرە بەربوورەیە هەبێت. واتە نەستژەنی جۆرێکی تایبەتی بەربوورەیە کە ناوی هەیە و تەنها بە ئامێرێک دەژەنرێت. دوای ئەم وتارەش وتارێکم نووسیوە بە ناونیشانی بۆڵەبۆڵێک لە بارەی نەستژەنی و تۆمارەوە. ↩︎