مەزنێتی لە ڕقدا نییە

مەزنێتی لە ڕقدا نییە[1]

لەسەر پێخەفەکەم ڕاکشاوم و دەخوێنمەوە، پەنجەرەکەمم بۆ هەواگۆڕکێ کردووەتەوە، ئەگەرچی هەوڵ دەدەم تیشکۆم لەسەر خوێندنەوەکەم بمێنێت، بەڵام هەرچەند دەنگێکی بەرز و ڕەق لە پەنجەرەکەمەوە دەبیستم بە بێدەنگی لە خۆم دەپرسم: «داخۆ فڕۆکەکانی تورکیا سلێمانیشیان بۆمبباران کرد؟ ئەمە کۆتاییەکەیە؟»

کاممان داوای ئەوەمان کردبوو بە کوردی یان بە تورکی یان بە نێری یان بە مێیی یان بە ڕەشی یان بە سپێتی یان و یان و یان….تد لە دایک ببین؟ تا کەی بەفیڕۆدانی هەلی بەنرخی ژیان لە شەڕ و ڕقی ئۆتۆماتیکیدا؟ تا کەی فێرنەبوون؟ تا کەی هەوڵدان بۆ سەپاندنی زاڵێتییەکی کاتی و بێواتا؟ بە دڵی خۆت پەڕتووکێکی مێژوویی هەڵببژێرە و دە لاپەڕەی لێ بخوێنەوە و فێر ببە کە هەرگیز هیچ زاڵییەک تاتایە نامێنێتەوە. زەوی موڵکی هیچ کەس نییە و موڵکی هەموو کەسە. تا کەی هەموو مرۆڤێکی سەر ئەم زەوییە پەلکێشی هەڵەکانی خۆتان دەکەن و دەیانکەن بە قوربانیی ئاگری ئەم ئیگۆیەتان کە بە هیچ شتێک دانامرکێتەوە؟ وێڵی مەزنێتین؟ مەزنێتی هەرگیز لە ڕقدا نییە و نەبووە و ناشبێت؛ مەزنی تەنهاوتەنها لە هونەری ژیاندایە و ژیانیش تەنیا بە خۆشەویستییەوە بەهای هەیە.

ئەگەرچی لەوە ناچێت سوودی هەبێت، بەڵام هەر بۆ بیرخستنەوە: تکایە فێر ببن، یەکترتان خۆش بوێت، یەکتر قبوڵ بکەن. ژیان دەرفەتێکی بەنرخ و دانسقەیە و یەک جار تاقی دەکرێتەوە، لە ڕق و کاولکاریدا بە فیڕۆی مەدەن. ئێستاش فەرموو داوەرییەکەی خۆتم لەسەر بدە!


[1] لە ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسیومە؛ لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١، ٢ی شوباتی ٢٠٢٢، ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە.

هونەر و داهێنانی کوردی

هونەر و داهێنانی کوردی1

چۆن وا بکەین هونەری کوردی نەشێوێت؟ چۆن برەوی پێ بدەین؟

باشە شیاوتر نییە پێشتر بپرسین کە خودی هونەری کوردی و داهێنانی کوردی کامەن و چین؟

من چواردە ساڵە خەریکی هونەرم. ئەگەرچی خولیای ترم زۆرە و تا ڕادەیەکیش ماخۆلانم هەیە، بەڵام هەمیشە هونەر چەقی خولگەکانم بووە و وەک هەسارەیەک بە دەوریدا سووڕاومەتەوە. ڕەنگە لە زۆربەتان زیاتر بەر پرس و دۆزی هونەری کوردی کەوتبم. چواردە ساڵە ئەم بابەتە لە سووچێکی مێشکمدا لە پڕۆسە و سۆراخدایە. دڵنیاشم لە زۆر پەنجەرەی ترەوە تەماشای ئەم بابەتەم نەکردووە و هێشتا کۆمەڵێک گۆشەنیگای جیاوازتر قەرزارم. بەڵام با ئەوەندەی خۆم دەیبینم لەگەڵتداندا بەشی بکەم. ئێوەش میهر بنوێنن و گۆشەنیگای خۆتانم لەگەڵدا بەش بکەن، تا بە هەموومان لە چەند گۆشەیەکی زیاترەوە بابەتەکە بپشکنین و بە ئامانجی نوێ بگەین.

هونەر سامانە

ئەوەندەی سەرنجم داوە، هەمیشە هونەری کوردی وەک سامان بینراوە. لە ڕاستیدا ئەمە چوواندنێکی زۆر چاکە و هەر ئەم چوواندنە یارمەتیمان دەدات باشتر لێی تێبگەین. بۆیە من هیچ دژی ئەوە نیم کە هونەر و داهێنانی کوردی وەک سامان ببینرێن. لێرە بە دواوە، بە فەرمانی گەل، هونەری کوردی بە سامان پێناسە کرا.

ئامانەتیی تۆ و سامانی هونەری کوردی

ئەگەر منداڵەکەت بهێنیت و پێی بڵێیت: ڕۆڵەی شیرینم، ئاگاداری سامانەکەم بە، لە ڕووی لۆجیکییەوە نابێت ئەو بزانێت سامانەکەت چییە و لە کوێیە و چەندە تا بتوانێت بیپارێزێت؟ کە تۆ نەتوت کامە سامانەکەتە و لە کوێدایە و چەندە، چۆن چاوەڕێی ئەو دەکەیت بیپارێزێت؟

کەواتە یەکەم کارمان دەستنیشانکردنی سامانەکە و شوێن و چییەتییەکەیەتی.

ئێستا گریمان سامانەکەمان دۆزییەوە چییە، ئەی پاراستنەکەی چۆن بێت؟ ئایا بە ڕاست پاراستنی سامان هەر تەنها ئەوەیە بە چەکێکەوە بە دیاریەوە بوەستیت و یەسیەم بکەیت؟ یان وردەوردە تێدەگەین سامانی سڕ و کڕ دانراو سامان نییە و بارگرانییەکە لەسەر شانمان؟ واتە بۆ پاراستنی سامان دەبێت بەشێکی بخەیتە گەڕ و بە کاری بهێنیت.

پاراستن و خستنەگەڕ

پاراستن تا ڕادەیەک وشەیەکی گۆیا و ڕوونە و تێدەگەین مەبەست لە چییە، لە خوارەوەش بە درێژی باسی دەکەم. بەڵام بۆ ڕوونکردنەوە: کاتێک دەڵێم خستنەگەڕ مەبەستم لە بەکارهێنانە. خستنەگەڕی سامان واتە کاراکردنی بەشێک یان هەموو ئەو سامانەی پارێزراوە.

بە ڕای من دەبوو وشەی گەڕووتن دابنرایە، لەسەر قاڵبی بزووتن. کردەکە خۆیشی هەر ئەوەیە، کە ئەو تەنە سڕە (لێرەدا سامانی سڕ) دەخەیتە گەڕ و بزووتن2.

پاراستن و خستنەگەڕ دوو دیوی هەمان پڕۆسەن. خستنەگەڕ لانیکەم بە دوو شێوەیە: چێژین (چەشتن، چێژبینین، یان چێژلێبینین)، لەگەڵ زیادکردن (چەندجارەکردن).

بۆ نموونە هەزار دۆلارت لە سووچێکی ماڵەوە داناوە، تا ئەم کاتە هەوڵت داوە بیپارێزیت. بەڵام سەد دۆلاری لێ بە کار دەهێنیت بۆ خۆشیی خۆت، ئەمە چێژینە. چوار سەد دۆلاری دەخەیتە کارەوە و دەیخەیتە گەڕ (گەڕ: گەڕان) و کارا و چالاکی دەکەیت، بە ئامانجی ئەوەی سامانی ترت بۆ بهێنێتەوە. ئەمەی دووەمیان زیادکردنە، یان چەندجارەکردنە.

ئامانجیش لە پاراستن و خستنەگەڕ خڕکردنەوەی سامانی نوێ و داهێنانی نوێیە.

یەکەم: پاراستنی سامان

جەنگی سەرەکیی دوژمنانی کورد لەگەڵ کورددا جەنگی چاندییە. بوونی کورد وەک گەلێکی چاندمەند و شارستان کێشەی دوژمنانە.

من بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو تێڕوانینەدا کۆک نیم کە نەتەوەبوون تەنها بۆ ئابووریی سەربەخۆ تەسک دەکاتەوە. بەڵکو زمان و چاند و دونیابینی هێڵی جیاکەرەوەی نەتەوەن.

نەتەوەی خاوەنزمان، کە کورد یەکێکە لەوان، بیروبۆچوون و وێژە و هونەری نووسراو و دەربڕاوی خۆی هەیە. کوردیش لەمە بێبەش نییە، گۆرانی و هۆنراوە و بەیت و لاوک و چیرۆکمان بە کوردی هەیە و کەس ناتوانێت نکۆڵییان لێ بکات. ئەگەرچی هەندێک گونشێلی بێگانە زۆر حەز دەکەن ئەم سامانانە کەمبەها لە قەڵەم بدەن، بەڵام ئەوانە تیرۆژ دەبێژنەوە.

بێگومان کورد چاندی هەیە و بێگومانیش دەبێت چاندەکەی بپارێزێت. بەڵام لێرەدا تێنەگەیشتنێک هەیە: چاند واتە ڕابردوو، نەک ئەمڕۆ!3 یەکێک لە شوێنە سەرەکییەکانی تێنەگەیشتنەکەمان ئێرەیە، کە کەمێکی تر زیاتر ڕوون دەبێتەوە.

هەر شتێک بە زمانی کوردی و لە لایەن کوردەوە کرابێت، بە ناشیرین و جوانەوە، دەبێت بپارێزرێت، چونکە بەشێکن لە خەرمانی چاندی نەتەوەکەمان.

ئەی ئەوانەی پێشتر؟

لێرەدا پرسی دووەم سەر هەڵدەدات: ئەی ئەوانەی پێشتر؟ چونکە گەلان دێن و دەڕۆن، زەوی و پاوان (تێریتۆری teritory) دەمێننەوە.

بەشێک لەو خاکەی ئێستا ئێمە لەسەری دەژیین، ڕۆژێک لە ڕۆژان سەلجووقی، میدیایی، حیتی، میتانی، ڕۆمی، ئیلخانی، مەنگۆلی، هەخامەنشینی، گریکی، ساسانی، ئاشووری و چەندانی تری لەسەر ژیاوە. ئیتر بە داگیرکەری بووبێت یان بە ڕەسەنی. هەر یەکێک لەمانە شوێنەواری خۆی بە جێ هێشتووە. بۆیە دەبێت هەموو ئەم بارمتە ژیارییانەش بپارێزین، ئەگەریش بە دڵمان نەبن. گەر دەتەوێت ئایندە بەرانبەرت میهرەبان بێت، تۆش بەرانبەر مێژوو میهرەبان بە!

دووەم: خستنەگەڕ

چێژین

ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی: سامانی هەموو جیهان هی تۆ بێت، کە کراسێکی جوانی پێ نەکڕیت لە بەرتدا بێت، بۆ چیت چاکە؟ شەربەتێکی پێ نەخۆیتەوە بۆ چیت چاکە؟ بۆ منداڵەکەت؟ ئێ ئەوکات ئەویش یان هەموویت بۆ دەخوات و هەڵدەستێتە سەر پێ و دەکەوێتە سەر جادە، یان وەک تۆ ئەویش بۆ منداڵەکەی دادەنێت. منداڵەکەی ئەویش بۆ منداڵەکەی و ئاوها تا دێت هەر یەکە و بۆ یەکێکی تر دەژی. لە کۆتاییشدا کەس ناژی! بۆیە ئەو سامانەی هەتە دەبێت بەشێکی لە خۆشی و چێژی خۆت و چواردەورتدا بخەیتە گەڕ.

هەمان پرسیاریش سەبارەت بە هونەر هەیە. هەزار ساڵ عەلی مەردان و محەمەدی ماملێ و تاهیر تۆفیق و شەماڵ سائیب و مەزهەری خالقی و کاروان عوسمان و حەسەن زیرەکت هەبێت، کە چێژیان لێ وەرنەگریت، بۆ چیت چاکن لە سووچێکدا هەڵیانبگریت؟

بۆیە بەرنامەیەکی چاکە کە سوود لە سامانەکەت وەربگیرێت بە مەبەستی چێژین. چون چێژین ئەو جێیەیە کە ڕاستەوخۆ سامانەکە بەر خەڵک دەکەوێت. نە لە پاراستندا و نە لە زیادکردندا بەرهەم بەر خەڵک ناکەوێت. بۆیە دەبێت پەیوەندیی نێوان سامان و خاوەنسامان بە زیندوویی بهێڵرێتەوە، ئەویش لە ڕێی چێژینەوە.

بەختەوەریت و نەتزانیوە!

بیر بکەوە: لویسی شانزە و ناپۆلیۆن بۆناپارت و شا ڤیکتۆریا و چەندان کەسی زۆر پلەبەرزتر و ناودارتری جیهان ئەو تەنتەنەیەی تۆی ئەمڕۆیان نەبووە کە هەر لێی بەگلەییت!

هەر زۆر دوور لەمەوپێش نا، بەڵکو سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر گەر حەزت لە گۆرانییەک بووایە دەبووایە بچوویتایە بگەڕایتایە بزانیت کەی کۆنسێرتێک دەکرێت ئەو گۆرانییەی تێدا نمایش دەکرێت و بلیتت ببڕیایە و چاوەڕێی ئەو ڕۆژەت بکردایە، پلانی ئەو ڕۆژەت دابنایە کە هیچی ترت نییە بیکەیت و نزات بکردایە شتێکی بەد لەو ڕۆژەدا ڕوو نەدات. لە کۆنسێرتەکەشدا یەک جار گۆرانییەکەت دەبیست. مەگەر زۆر زۆر دوای گوشاری چەپڵەڕێزانی زۆر گۆرانیبێژت ناچار بکردایە دووبارەی بکردایەتەوە.

دە ئێستا هەر دوای خوێندنەوەی ئەم نووسینە دەتوانیت ئامادەی کۆنسێرتێک ببیت. هەر ئەمڕۆ دەتوانیت سەد جار لەسەر یەک گوێ لە یەک گۆرانی بگریتەوە. هەر ئەمڕۆ دەتوانیت ئامادەی دوو ئۆپێرا ببیت.

بۆیە چی ڕێی لێت گرتووە چێژ لەوە ببینیت کە هەتە؟ کەس ناڵێت کە نوێ هات ئیتر نابێت کۆنەکان بمێنن، بەڵکو نوێ و کۆن هەموو دەچنە ڕیزی یەک. زۆر کەسی ژیر و ئاوەزمەند دەبینم بە کامی تێگەیشتنی خۆیانەوە وا دەزانن کە گۆرانیبێژێکی نوێ هات ئیتر حەسەن زیرەک دەسڕێتەوە! هێز نییە حەسەن زیرەک لە ناو ببات. بۆیە با دەستبەرداری ئەم دڵەڕاوکێ بێبنەمایانە بین.

زیادکردن (چەندجارەکردن)

ئەگەرچی لە سامانداریدا چەندجارەکردن یان زیادکردن واتە هەوڵدان بۆ ئەوەی بەوەی هەتە هی تر پەیدا بکەیت، بەڵام باشتر وایە هەر بە چەمکە گشتگیرەکەی سامان بڕۆین و ورد نەبینەوە بۆ نموونەکانی سامان.

بۆ ئەوەی لێم تێبگەن، نموونەی سامانی نەختینەیی دەهێنمەوە: ئەگەر تۆ سەد هەزار دۆلارت هەبێت، وەک ساماندارێک ئەرکەکەت ئەوەیە زیاتری بکەیت. بۆ نموونە بیکەیت بە دوو سەد هەزار دۆلار. ئەو سامانەی تر کە دێت، لە ڕووی چییەتییەوە هەر هەمان ئەوەیە کە هەتە، تەنها لە ژمارەدا زیاترە، ئەگینا پارەکە هەمان شتە لەگەڵ ئەوەی خۆت هەتە. لە جیهانی سامانداریدا ئەمە کێشە نییە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ هونەردا بەراوردی بکەین: ئەو هونەرەی پێشتر هەتبووە، ئەگەر ئێستا هەمان شت دووبارە بکەیتەوە و بیکەیت بە دوو دانە، یەکێکیان زیادەیە، چونکە دەوڵەمەندی نەکردوویت. چونکە ئەی کوا داهێنان؟ کوا بونیادنان لەسەر ڕابردوو؟

کەواتە هونەر لە داهێنان و بونیادناندا لەگەڵ ساماندا جیاوازە. پارچە زەوییەکت هەبێت و بیکەیت بە دووان کێشە نییە، بەڵام بێیتەوە هەمان گۆرانیی سەد ساڵ لەمەوبەر دووبارە بکەیتەوە هیچ داهێنانێکی تێدا نییە. ئەگەر کاتی خۆی بە ئەمەگەوە لە گۆرانییەکەت بڕوانیایە کە هەتبوو و چاک بتپاراستایە، ئێستا پێویستت بە نوێکردنەوەی نەدەبوو! وەکو نوێشت کردەوە دەبوو نوێکارییەکت بکردایە، یان وەک ڕەگەزێکی داهێنان بۆ کارێکی نوێت بە کار بهێنایە.

ئەڵبەت هەمان وتە ئێستاش دەگرێتەوە، ئەوەی ئێستاش دەکرێت، دەبێت ڕۆژێک لە ڕۆژان نەوەکانی ئایندە بیپارێزن. بۆیە نوێکردنەوە بە مەبەستی چێژبینینی ڕووت نەبێت یان نوێکارییەک بۆ دەوڵەمەندترکردنی خەرمانی چاندی نەتەوەکە، هیچ واتایەکی تری نییە و بۆ پڕۆسەی بەردەوامیدان بە هونەر بەس نییە.

دەبێتە هی کێ و چۆن؟

دەتوانیت بڵێیت کام هۆنراوەیە کوردییە و کامە عەرەبییە. تەنانەت هۆنراوەیەکی نالی کە هەر بەو ئەلفوبێ کۆنە نووسراوە کە عەرەبی و فارسی و تەنانەت تورکیشی پێ نووسراوە، دەتوانیت جیای بکەیتەوە و بزانیت کە کوردییە. بەڵام کاتێک بە تایبەتی دێیتە سەر موزیک، چۆن دەستنیشانی دەکەیت؟ چۆن بزانین چی کوردییە؟ چ دەنگێک کوردییە و چ دەنگێک کوردی نییە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە تا ڕادەیەک لە گۆرانیدا ئاسانترە. لەبەر زمانی بێژانەکە، کە کوردی بوو، ئیتر کوردییە! بەڵام ئەی لە موزیکی ڕووتدا؟ تەنها بەوەی ئامێر و پێکاری ژەندنەکە لە کورددا باو بووە، ئیتر کوردییە؟ لەبەر ئەوەی ژەنیارەکە کورد بوو، ئیتر کوردییە؟ ئەی ئەگەر پیانۆژەنێکی کوردی ساڵی ١٩٠٠ موزیکێکی یۆهان سێباستیان باخی ژەندبوو کە لە ١٧٥٠دا مردووە و ئەڵمانە؟ ئێستا ئەو موزیکە ئەڵەمانییە یان کوردییە؟

چۆن دەزانیت کوردییە؟

چۆن دەزانیت موزیکێک کوردییە؟ تەماشای پاسپۆرتەکەی دەکەیت؟ بەوەی جامانەی بە سەرەوەیە؟

لێرەدا دەبێت باسی چێژی پەسەندکراو و تەکنیکی دووبارەبووەوە بکەین. ئەوەی لای زۆر کەس بە کوردی دادەنرێت، لەبەر ئەوەیە کە ڕێژەیەکی زۆری کورد، بە تایبەتی نەوەکانی پێشوو، چێژی لێ دەبینن.

بۆچی بە کوردیی دەزانن؟ چونکە دەمێکە ڕەگەزێک لە ڕەگەزە پێکهێنەکانی موزیکەکە لەناو کورددا دووبارە دەکرێتەوە. واتە تەنها بەوەدا دەزانرێت کوردییە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان دووبارەکەرەوەی بەشێکی کەم یان زۆری ئەوانەی کۆن بووە. بەڵام ئەگەر هەر کۆنەکان دووبارە بکەینەوە، ئەی کوا داهێنان؟

گریمان تێکەڵکردنی شێوازی موزیکی ١٩٨٠ لەگەڵ شێوازی موزیکی ١٩٠٠ لەپڕ پێناسەی داهێنانی بۆ کرا و لەناو کورددا بە داهێنان لە قەڵەم درا، ئەی بیست ساڵی تر چی بکەین کە ئیتر هەموو نۆ سەد و هەشتاکان و نۆ سەدەکان تێکەڵ کران؟ چونکە ئیتر ئەم جۆرە داهێنانە (لەسەر بنەمای تێکەڵکردن) سنووری هەیە و ڕۆژێک تەواو دەبێت.

گۆمەکە تا بێت قووڵتر دەبێتەوە!

ئێستا دەبینیت؟ بەرەبەرە وەڵامی ئەم پرسیارە قورستر و قورستر دەبێت.

ئەڵبەت ئەم هەموو قسانە ناکەم بۆ ئەوەی شتێکتان بۆ ڕوون نەکەمەوە. ئەوەی زۆربەی هاووڵاتییان تێیگەیشتوون کە پێناسەی هونەری ڕەسەنی کوردی دەکات، پێک هاتووە لە: دووبارەکردنەوەی کۆمەڵێک تەکنیک کە پێشتر زۆر باو بوون و بە کار هێنراون. ئەوەندە ئەو تەکنیکانە دووبارە کراونەتەوە کە چوونەتە یادگەی چێژ و یادگەی مێژوویی هەموومانەوە.

ئەم بیردۆزە بە هەمان شێوەی بیردۆزەکەی پاڤلۆڤ کار دەکات. تەکنیکێک یان زیاتر لە تەکنیکێک لە کات و کاری جیاجیادا ئەوەندە دووبارە دەکەیتەوە کە وردەوردە مۆرکی تۆ وەردەگرێت. ئەگەر یەکێک لەم سەردەمەدا بە شێوازی سێوە گۆرانی ببێژێت، تۆ هەر لە خۆتەوە لە من بە کورددتری دەزانیت، چونکە نازانیت و ناتوانیت شێوازی من دیاری بکەیت. زۆربەی موزیکدانەرە مەزنەکان ئەم ڕاستییەی شێوازناسی دەزانن، بۆیە موزیکەکانیان مۆرکی خۆیانیان پێوەیە.

سێ نموونەی تەکنیک

سێ نموونەی تەکنیکی دەهێنمەوە. ئەگەر لە زاراوەکان (وشەی تایبەت) تێنەگەیشتیت کێشە نابێت، تەنها لە پەیامەکە تێبگەیت بەسە:

نموونەی یەکەم: چۆن مۆتسارت لە ژەندنی تاکەوە دێتەوە بۆ تیپ؟

بۆ بەرچاوڕوونی (زانیاریی تەکنیکی):

کۆنچێرتۆ: concerto، لە موزیکی کلاسیکی ڕۆژئاواییدا ژانرێکی موزیکە، ئامێرێک (یان زیاتر) لەگەڵ تیپێکدا دەژەنێت. تیشکی سەرەکی لەسەر ئامێرە تاکەکەیە، نەک تیپەکە. واتە زۆرترین قورسایی موزیک بەر ئەو ئامێرە دەکەوێت.

کادێنزا: cadenza، لە جێیەکی کۆنچێرتۆدا هەموو تیپەکە لە ژەندن دەوەستن و تەنها ژەنیارە تاکەکە دەژەنێت، بەم جێیە دەوترێت کادێنزا. پاش ئەوەی ژەنیار لە تاکژەنیی (کادێنزا) خۆی تەواو دەبێت، تیپ بانگ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی دیسان لەگەڵ ژەنیارەکەدا بژەنن.

تریل (یان ترێل): trill، (لەراندنەوە) ژەندنی دوو تۆنی تەکیەکی موزیکە بە خێرایی. بۆ نموونە چەند جارێک لەسەر یەک تۆنی دۆ و ڕێ بژەنیت، واتە تریل دەکەیت.

بێینەوە سەر نموونەکە

مۆتسارت لە کادێنزای کۆنچێرتۆکانیدا (ئەگەر هەڵە نەبم) هەمیشە بە تریل ئۆرکێسترا بانگ دەکاتەوە. واتە ژەنیارە تاکەکە لە کۆتایی موزیکە تاکژەنییەکەی خۆیدا بۆ ماوەیەکی درێژ تریل دەکات، بەرەبەرە تیپەکە بە ژەندن دێنەوە نێو موزیکەکە.

ئەگەر مۆتسارت یەک کۆنچێرتۆی هەبووایە، بە ڕێکەوت لەو کۆنچێرتۆیەدا بە تریل ئۆرکێسترای بانگ بکردایەتەوە، ئەمە نەدەبووە شێوازی مۆرکی مۆتسارت، چونکە شێواز لە دووبارەبوونەوەوە دەچەسپێت و دەناسرێتەوە.

نموونەی دووەم: چۆن بێتهۆڤن پەیژە دەگۆڕێت؟ (یەکێک لە ڕێگاکانی)

بۆ بەرچاوڕوونی (زانیاریی تەکنیکی):

پەیژە (مەقام): زنجیرە تۆنێکی دیاریکراوی دواییەکن، سەرەتا و کۆتاییان هەیە، موزیکیان لەسەر دەژەنرێت. هەر یەکێک لە تۆنەکان دەبن بە پلەیەکی پەیژەکە. بۆ نموونە دۆ، ڕێ، می فا، سۆل، لا سی، دۆ.

پەیژەگۆڕکێ: کردەی گۆڕینی پەیژەیەکی موزیکە بۆ پەیژەیەکی تر.

کۆرد: بە ئینگلی chord، سێ تۆنی جیاواز یان زیاتری موزیکن پێکەوە بژەنرێن. ئەم سێ تۆنە جیاوازە گونجاندنێکی دەنگیی دروست دەکەن. خودی وشەی کۆرد – chord لە ئەکۆرد – accordەوە ھاتووە بە واتای گونجان.

دیمینیشت: ناوی کۆردێکی موزیکە، لەم پلانەی پەیژە پێک دێت: تۆنی یەکەم، تۆنی سێیەمی گڕۆک (بیمۆل)، تۆنی پێنجەمی گڕۆک، تۆنی شەشەم.

بێینەوە سەر نموونەکە

بێتهۆڤن زۆربەی جار لە پەیژەگۆڕکێدا یەکەم هەنگاو کۆردێکی دیمینیشت دەهێنێت. دووەم هەنگاو نیوتۆنی پلەیەکیان دادەگرێت. سێیەم هەنگاو پەیژە دەگۆڕێت، بەڵام ئەم پەیژە نوێیە پەیژەیەکە کە ئەو تۆنە داگیراوەی هەنگاوی دووەم پێنجەمین تۆنی بێت و تۆنی زاڵی بێت.

ئەگەر بێتهۆڤن تەنها جارێک ئەمەی بە کار بهێنایە، نەدەبووە مۆرکی بێتهۆڤن.

نموونەی سێیەم: شۆپان چۆن ڕەزم بە کار دەهێنێت؟ (یەکێک لە ڕێگاکانی)

شۆپان زۆر جار فرەڕەزمی لە نێوان دەستی ڕاست و دەستی چەپی پیانۆکەیدا بە کار دەهێنێت. ئەمە بووەتە یەکێک لەو مۆرکانەی شۆپانی پێ دەناسرێتەوە.

جادووەکە لە دووبارەکردنەوەدایە!

کەواتە ئێستا تێدەگەین جادوو و نهێنیی مۆرک و شێواز دووبارەکردنەوەی تەکنیکێک یان زیاترە.

ئەی کەواتە چ شتێکی ئەوەندە دووبارە کردووەتەوە کە ئێستا بووە بە مۆرکی خۆی؟ پاشان کە زانیمان شتێکی ئەوەندە دووبارە کردبێتەوە، ئایا شیاوە ئەوەندەی تریش هەر دووبارەی بکەینەوە؟ ئەگەر بڕیار وایە هەر دووبارەی بکەینەوە، کەواتە تا کەی هەر وا بکەین؟

ئازادی و نوێگەری؟4

گریمان لەو ڕەگەزانەی باووباپیرانمان پێی ئاشنا بوون، قاڵبێکمان بۆ هونەری کوردی داڕشت. ئێستا کە قاڵبمان بۆ موزیکی کوردی داڕشت، ئایا هەست بە کۆتوبەندەکە دەکەیت؟ ئایا هەست دەکەیت لەگەڵ هەموو هەڵبژاردەیەکی نوێدا و کۆتێکی تر دەخرێتە قاچی هونەرمەندەکەوە؟ ئێ باشە ئەو هونەرمەندە دەتوانێت یەکەم جار ئەوەت بداتێ… ئەی دووەم و سێیەم و چوارەم؟ ئەی کە سبەی خۆی مرد، خوێندکارەکانی هەر هەمان چێشتت بۆ گەرم بکەنەوە؟ وەڕەس نابیت؟ ئایا ئەرکی هونەر هەر ئەوەیە کۆنت بۆ دووبارە بکاتەوە؟ کەواتە بۆچی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن و مۆبایلەکانمان فڕێ نەدەین؟ خۆ هونەرمەندە نوێکانمان دەتوانن هونەرە کۆنەکانمان بۆ دووبارە بکەنەوە!

ئەڵبەت ئاگادارم کە چرکە بە چرکە و دێڕ بە دێڕ زیاتر وەڵامتان لەسەر قورستر دەکەم و زیاتر ناچارتان دەکەم بە هەموو بیروبۆچوونەکانتاندا بچنەوە. ئەم وروژاندنەی مێشکیشتانم لەم چرکەیەدا پێ خۆشە، چونکە چەندین ساڵە کەس مێشکمان ناوروژێنێت. بە تایبەتی ئەوەی لەم بوارەدا دەیبیستین کۆمەڵێک قسە و باوەڕی ئۆتۆماتیکین کە بوون بە دۆگما. کەسیش نازانێت خودی دۆگماکە چییە. داشنەنیشتووین بە کامی باوەڕەوە بڵێین: با وەک منداڵێک بێین و سەرلەنوێ لە سەرەتاوە فێر ببینەوە، چونکە ئەوەی دەمانزانی بەشی نیوەی ڕێکەمانی نەکرد.

لە ڕاستیدا لە موزیکی ڕووتدا بەر ئەو ڕاستییە دەکەویت کە موزیک سنووری نییە. زانستیش سەلماندوویەتی، چونکە موزیک بەرهەمی فیزیایە، فیزیاش سنووری نییە. هەموو مۆرکەکانیش پەیوەستن بە تاکەکەسەوە، نەک بە گەلێکی دیاریکراوەوە.

من بە هۆی چواردە ساڵ ئەزموونی موزیکەوە، بێگومان لە کەسێکی ئاسایی زیاترم بیستووە و مەودای چێژم ئاڵۆزتر و فراوانتر بووە. ئەگەر هەموو نەتەوەی کورد وەک من بوونایە، ئەو کاتە ڕازیکردنمان بە بەرهەمی هونەریی هونەرمەندانی تر سەختتر دەبوو و بەردەوام داوای کاری نوێتر و نوێگەرترمان لە هونەرمەندان دەکرد. بەڵام کاتێک چێژی هونەریی نەتەوەیەک تەنها بۆ زۆرینەی ئەو نەتەوەیە تەسک دەکەیتەوە، ئەو کاتە ناچاریت سازش لەسەر زۆر ڕەگەزی مەزنی هونەر بکەیت لە پێناوی ئەوەی زۆرینەی خەڵک لە هونەرەکە ڕازی ببن. ئەو کاتەش ئەو پرسیارە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: خۆ زۆرینەی خەڵک بە پیاکێشان بە سەتڵەماستێک ڕازییە، ئیتر بۆچی خۆمان ماندوو بکەین و بە دوای نوێتردا بگەڕێین؟

دەشێت نەتەوەی کورد هەموو پێکەوە چێژ لە تەکنیکێکی دووبارەی موزیک وەربگرن و لەخۆوە بە کوردی پێناسەی بکەن، بێ ئەوەی موزیکەکە یەک وشەی کوردیی تێدا بێت. بەڵام ئایا تەنها لەبەر ئەوەی شتێک زۆر لێرە دووبارە دەکرێتەوە، دەبێت بە موڵکی تۆ؟ ئەگەر دەبێت بە موڵکی تۆ، ئەی ئەگەر بەیانی نەتەوەیەکی تر خوویان دایە ئەو دووبارەکردنەوەیەی تۆ؟ بچین بجەنگین؟5

هونەر پڕۆسەیەکی تاکەکەسییە6. سنوور کاری مرۆڤە و وەک خەریکە لێم تێدەگەن من دژی هەموو سنوورێکم، چونکە ئەگەر باوەش بە سنووردا بکەم سرووشت دڵم دەشکێنێت. بۆیە ڕۆژبەڕۆژ خۆم ڕادەهێنم لەگەڵ سرووشتدا هەماهەنگ ببم7.

هەموو دووبارەکردنەوەیەک و شێواز و مۆرکی موزیکی گەلان هی سەردەمانی پێشوون، ئەو کاتەی پەیوەندیی گەلان وەک ئەمڕۆ نەبووە. هەر یەکێک لە گەلەکانی سەر زەوی سووچێکی فیزیایان لە موزیکدا دۆزیوەتەوە و زیاتر تیشکیان خستووەتە سەر. بۆیەش دووبارەیان کردووەتەوە چونکە لەوە زیاتریان لێ نەزانیوە و زیاتریان نەدیوە8. بەڵام لەگەڵ زۆربوونی پێکار و کەرەستەی دروستکردن و تێکەڵاوبوونی زیاتری جیهاندا بەرهەمی جیاوازتر دروست دەبن.

ڕۆژێک لە ڕۆژان لەم دەڤەرەدا کەس نەیزانیوە گونجانکاری (هاڕمۆنی) بکات: دوو ژەنیار کە دانیشتوون ئاوێنەی یەک بوون و دووبارەی یەکیان کردووەتەوە، کە ئێستاش زۆر جار لە موزیکی کاڵوکرچدا هەمان دیاردە بە دی دەکرێت. ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئەوروپا کەس نەیزانیوە لە نێوان نیوتۆندا چارەکەتۆنیش هەیە و دەشێت بە کار بهێنرێت. ڕۆژێک لە ڕۆژان چ لەم دەڤەرەش و چ لە ئەوروپاش پەی بەو هەموو ڕەزمە جیاوازانەی ئەفەریقا نەبراوە.

سەردەمی نوێی جیهانی9

بە بڕوای من هونەرمەندی نوێی سەردەمی مرۆڤی نوێ ئەرکی ئەوەیە لە هونەری هەموو گەلێک بخوازێت و هونەری جیهانیی نوێ بسازێنێت. خۆبەستنەوە بەوەی تاهیر تۆفیق چیی کردووە بۆ ئەوەی تۆش تا ماویت دووبارەی بکەیتەوە بەفیڕۆدانی هەلی خۆبوونتە.

هەموو هەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوەیەک سەربارێک دەسازێنێت. هەموو خۆبەستنەوەیەک بە چێژی پەسەندکراوی ناوچەکەتەوە گوریسێکی زبرە و لە مل و قاچی خۆتی دەئاڵێنیت. ئەگەر گەلەکەشت داوای لێت کرد، تۆ مەیکە. ئەوان تۆی نوێ بە چەکی کۆن سڕ دەکەن، چونکە زۆربەی مرۆڤ بە سرووشت حەزی لەوە نییە لە بەردەم شتی نوێدا تاقی بکرێتەوە.

تۆ مرۆڤ و هونەرمەندی ئەمڕۆیت، نەک هی دوێنێ. سبەیش هونەرمەندی خۆی دەبێت. تۆ ئەرکی ئەمڕۆت جێبەجێ بکە، هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە10: چۆن خۆر، مانگ، ئاسمان، ئەستێرە، با، هەوا، ڕووناکی…تد. بۆ هەموو مرۆڤەکانە بە یەکسانی، ئاوها موزیک و هونەریش هی هەموو کەسێکە بە یەکسانی. کە هونەرت بۆ تەنها یەک گەل تەسک کردەوە، ئەو کاتە دەبێت پۆلیسیشی بۆ دابنێیت.

ڕێک ئەوەشە کە ئێستا ڕووی داوە. ئەوەندەی پۆلیسی هونەر هەن، ئەوەندە هونەرمەند نین. ئەم پۆلیسانە خۆیشیان نازانن پارێزگاری لە چی دەکەن. ئەرکیان ئەوەیە لە هەر شتێک تێنەگەیشتن دایبپڵۆسن، تەنانەت چێژیش لەم داپڵۆسینە وەردەگرن.

ئەم پۆلیسانە ئەوەندە چێژ لە داپڵۆسین دەبینن و وا بە داپڵۆسین و سەرکۆنەوە ئالوودە بوون کە وای لێ هاتووە لە بیریان چووەتەوە بۆچی وا دەکەن! هەر بۆ نموونە: پار لە ڕۆژێکی دیاریکراودا گۆرانیبێژێک گۆرانییەکی بڵاو کردەوە کە لەپڕ هەموو فەیسبووک کەوتنە سەرزەنشت و جنێودان پێی. زۆربەی برادەرەکانم تەنانەت مافی کوردبوونیشیان لێی سەندەوە. کەچی هەمان ڕۆژ نەریمان بابان گۆرانییەکی نوێی بڵاو کردەوە، کەسێک باسی نەکرد!

ئێستا ئەگەر شتێکی تریش بڵێم دەڵێن ئەم هەموو لەوچەلەوچەی لەبەر خۆی کرد، بۆیە باسی ئەوە ناکەم کە خۆم لە هەمان ئەو ڕۆژەدا گۆرانیی وەرە بۆ لامم بڵاو کردەوە کە بەرهەمی چوار ساڵ کار و سیانزە ساڵ ئەزموونی موزیک و ساڵێک پڕۆڤەم بوو.

هونەر و داهێنانی مرۆڤ و سەردەمی نوێ11

تەنها خۆت مەبەستەوە بە شێوازی باوی تەنها یەک گەلەوە12. فێری شێوازە باوەکانی گەلەکەت بە، ئەگەر فێریان نەبیت هەڵەیت، کاریشیان تێدا بکە، بەڵام با هەموو کارەکانت تەنها لەو شێوازە سنووردارەدا نەبێت. با کارەکانت تەنها ئەرەبێسک نەبن، با تەنها بەلەدی نەبن، با تەنها کلاسیک نەبن، تەنانەت لەناو یەک کاردا با تەنها یەک شێواز نەبن.

هونەری هەموو گەلان پێکارێکن بۆ تۆ تا هونەرە نوێکەتیان پێ بونیاد بنێیت. هونەر لە جیهانی نوێدا دەبێت بەرەو جیهانیبوون هەنگاو بنێت. دەبێت هونەری نوێ سنووری گەل ببەزێنێت. دەبێت هونەری نوێ مرۆڤی گەلان فێری ئاشتی و هەماهەنگی بکات. خەمتان نەبێت، ئەوەی پێشوو پارێزراوە و لە ناوی نابەین، بەڵام مێژوو مێژووە و ئێستاش ئێستایە. هەر سەردەمە و هونەر و هونەرمەند و شێوازی خۆی.

داهێنان هیچ نییە جگە لە دۆزینەوەی شتێک کە پێشتر نەدۆزرابووەوە. تەنها ڕێگاشت بۆ دۆزینەوەی نوێ ئەوەیە بزانیت پێشتر چی دۆزراوەتەوە. بۆیە لە ڕابردوو بکۆڵەوە، کە ڕابردووەکەتت دی و زانیت چی نەکراوە، ئەو کاتە پردەکانت بسووتێنە و بەرەو ئایندە هەنگاو بنێ. بۆ یادکردنەوە و خۆشەویستی نەبێت بۆ دواوە نەگەڕێیتەوە، تۆ مرۆڤی دواوە نیت، تۆ هونەرمەندی دواوە نیت، تۆ هونەرمەندی سەردەمی خۆتیت. سەردەمی تۆش سەردەمی ئاوێزانبوونی جیهانە. ئێستا یاپان دوو کلیک لێتەوە دوورە، چی دەستی گرتوویت؟ هەموو گوریسەکانی کەلتوور و ڕەگەزپەرستی و سنووربازی لە قاچ و ملت بکەوە و بەرەو پێش بڕۆ. ئەگەر هێشتا لە ڕابردووەکەشت تێنەگەیشتوویت، لە ئێستا زووتر نییە لە ڕابردوو بکۆڵیتەوە، تا یەک و دوو و سێ نەدۆزیتەوە و نەزانیت هەن، ناتوانیت چوار بدۆزیتەوە.

هەموو هەوڵدانێک بۆ پاراستنی کەلتووری گەلەکەت شتێکی باشە. چێژبینینیشت لە هونەری گەلەکەت کارێکی تەندروست و پێویستە. بەڵام گوریسی ڕابردوو لە قاچ و ملی هونەرمەندەکانتان لێبکەنەوە، هونەرمەند دەبێت ئازاد بێت تا داهێنان بکات. ڕابردوو ڕابردووە، تا بۆتان دەکرێت تێیبگەن و لێوەی فێر ببن و پێی ئاشنا ببن، بەڵام تیایدا مەژین. چیتر کۆتوبەند لە هونەر و هونەرمەندەکانتان لێبکەنەوە و بە چەکوشی کۆن پەیکەری نوێ مەڕووخێنن.

ئێستا سەردەمێکی ترە و لەگەڵیدا ئاشت ببنەوە. گەڕان بە جیهاندا کارێکی خراپ نییە. دەرگاکان واڵا بکەن. ئەگەر لە شتێک تێنەگەیشتن کێشە نییە، بەڵام بە تێنەگەیشتن یەکسەر مەکەونە گەلەکۆمەکێکردن. ئێمە لە سایەی دەسەڵاتێکی بێکەلتووری سەر زەویی دایکی شارستانێتییەکانەوە هەموومان پەڕەوازەین و سەرلێشێواوین، بۆیە ئاساییە گەر جارجار هەڵە بکەین، ئاساییە ڕێ ون بکەین، ئێوەش کەمێک دەستبەرداری داپڵۆسین ببن تا جارجار ئاگادار بن کە هەر لەسەر ئەو شەقامەی یەکێکتان بە تۆمەتی ناشیرینی فەلاقە دەکرد، چەندین جوان تێپەڕ بوون و ئێوە لێیان بێئاگا بوون. ڕەنگە ئەگەر ئاوڕتان لێیان بدایەتەوە و گرنگیتان پێیان بدانایە زیاتریان بۆ بکردنایە و زیاتر هان بدرانایە.


  1. لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسیومە. لە ٤ی شوباتی ٢٠٢٢، ١-٥ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ئەو کاتەی ئەم وتارەم نووسی تا ڕادەیەک هەڵگری بیری چەپ و جۆرێکی تەسەوف بووم. ئێستانان بڕێک لە تێڕوانینم گۆڕاوە. لە دوایین پێداچوونەوەدا وتارێکم بە ناونیشانی پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی نووسی، تا ڕادەیەک بەرپەرچی بەشێکی ئەم وتارەم داوەتەوە. لەوانەیە لە ئایندەدا زیاتریشی لە بارەوە بنووسم. ↩︎
  2. تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): ئەم وشەیە و ئەم پەرەگرافەم لە پێداچوونەوەدا زیاد کرد. ↩︎
  3. تێبینی (٥ی ئاداری ٢٠٢٥): نەخێر وا نییە، چاند پڕۆسەیەکی بەردەوامە. ئەوەی ئەمڕۆش دەکرێت هەر ئەمڕۆ دەبێت بە چاند. ↩︎
  4. تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): ئەگەرچی ئەم بەشەی وتارەکە وتەی جوانی تێدایە و هەندێک لە وتەکانیش ڕاستن، بەڵام کێشەشی تێدایە و لەگەڵ هەندێک لە هەڵهێنجانەکاندا نەماوم. لە ئایندەدا لە وتارێکی نوێدا قسەی لەسەر دەکەم. هونەری کوردی فرەچەشنییەکی زۆر لەوە زیاتری تێدایە کە لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا (٢٠٢٠) وێنام دەکرد. ئەو کاتە پێم وا بوو کە ڕێی داهێنان لەسەر بنەمای موزیکی کوردی تەسکە، بەڵام ئێستا پێم وایە ڕێی داهێنان لەسەر بنەمای موزیکی کوردی ئێجگار فراوان و فرەچەشنە. ↩︎
  5. وەڵام (١ی ئاداری ٢٠٢٥): بەڵێ، دەبێتە موڵکی نەتەوەکەت. بەڵێ، دەشبێت بایی ئەوەندە ئەو تەکنیکە بە خۆتەوە ببەستیتەوە کە ڕێ لە نەتەوەکانی تر بگریت ئاسان داگیری بکەن، بێ ئەوەی سوودی بۆ تۆ هەبێت. ↩︎
  6. تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): بێگومان ئەم وتەیە ڕاستە. هونەر کاری تاکەکەسییە. بەڵام تاکەکانیش ئەندامی کۆمەڵگا و نەتەوەکەن. ئاوها کە تاکەکان نامێنن هونەری تاکەکان دەبنە موڵکی نەتەوەکە. بۆیە لە کۆتاییدا هونەری تاکەکەسیش دەبێت بە هونەری نەتەوەکە. ئەوەی ئەمڕۆ هی منە، سبەی دەبێتە موڵکی کورد و کوردستان. ↩︎
  7. تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): ئەو کاتەی ئەم وتارەم نووسی کاریگەریی وێژمانی تەسەوفم لەسەر بوو. ئەم وتانەشم لە بارەی بێسنووری و شتەوە ڕەنگدانەوەی ئەو وێژمانەن لە هزرمدا. بەڵام لە ڕاستیدا سنوور تەنها کاری مرۆڤ نییە و دژی سرووشت نییە، سنوور بەشێکە لە سرووشت. زەوی خۆی سنووردارە، هەوا سنووری هەیە و لە جێیەکدا نامێنێت، کۆمەڵەی خۆر سنووری هەیە، دەریا سنووری هەیە. پاشان ئەگەر سنووریش نەبێت، هەر ئەم ئاڕگیومێنتە ڕاست نییە، چونکە بڵێیت و نەڵێیت مرۆڤ سنووری کێشاوە و دەوڵەتیان لەسەر بنەمای ئەم سنوورانە بونیاد ناوە و شتەکە بووە بە کەتوار و نەتەوەکان لەسەر بنەمای ئەو سنوورانە کار دەکەن. ئەو سنوورانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیان و بەرهەم و مەرگی ملیاران کەس هەیە. بە نکۆڵیکردن لێیان هیچ چارە نابێت. تەنانەت بە نکۆڵیکردن لە سنوورەکان نەتەوەکەت دوا دەکەوێت، چون تازە تووشمان بووە بەو ڕکابەرییانەی لەسەر بنەمای ئەو سنوورانە هەن. ↩︎
  8. تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): ئەم وتەیەش هەر لە تێڕوانینێکی نادروستەوە هاتووە. ئەم وتەیە گریمانەی ئەوە دەکات کە بەرهەمی نەتەوەکان (بۆ نموونە کورد) کەمە و فرەچەشنیی زۆری نییە. بەڵام وا نییە. ↩︎
  9.  تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): کێشەم لەگەڵ ئەم بەشەی وتارەکەمدا زۆرە. ئەو کاتە باوەڕم بە جیهانیبوون و شت هەبوو، ئەمڕۆ تێڕوانینم گۆڕاوە و پێم وایە ئەو کاتە هەڵە بووم. بەشی زۆری وتاری پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی بەرپەرچی ئەم بەشەی ئەم وتارەمە. ↩︎
  10. تێبینی (٢ی ئاداری ٢٠٢٥): ڕێک ئەم ڕستەیە یەکێکە لەو ڕستانەی ئێستانان کێشەی زۆرم لەگەڵی هەیە. لە وتاری پەیوەندیی هونەر و وارگێڕیدا ڕوونم کردووەتەوە کە ئەم وتەیە هەڵەیە. ↩︎
  11. تێبینی (٥ی ئاداری ٢٠٢٥): هاوڕای بەشێکی ئەم بەشەش نەماوم. پێم وایە هەندێک تێڕوانینی هەڵەی تێدایە. هەندێک لەم کێشانەی لێرە خراونەتە ڕوو کێشەی وارگێڕیین، لەوێشەوە چارە دەکرێن، نەک لە هونەرەوە. شوێنێکیش نییە ناوی جیهانستان بێت، هەموو زەوی وڵات وڵاتە. ئەمە کاریگەریی وتەکانی ئۆشۆ (بەگوان ڕاجنیش) بووە لەسەر وتەکانم، کە ئێستانان پێم وایە هەڵە بووە و ئەوەی دەیڵێت لە خەیاڵدا ڕاستە، نەک کەتوار. هەر خودی دەستەواژەی «مرۆڤی نوێ» دەستەواژەیەکی ئۆشۆیە و ئەو کاتە باوەڕم پێی هەبوو، بەڵام ئێستا پێم وایە ئەو شتە ڕەنگە هەرگیز لەم دونیایەدا نەیەتە دی و بە دەردی ئێمەی کوردەوە نایەت. ئەوەش خەیاڵە و ڕاست نییە کە دەڵێم: «سەردەمی تۆش سەردەمی ئاوێزانبوونی جیهانە»، جیهان بە هیچ شێوەیەک ئاوێزانی یەک نەبووە. شیاوترە بڵێم پێویستە پێکار و کەرەستەی هونەری لە شوێنانی ترەوە بهێنین و هونەری خۆمانی پێ دەوڵەمەندتر و ئاوەدانتر بکەین. ئەگەر جیهانیش خۆی لە بەرهەمە نوێکان و کۆنەکانماندا دۆزییەوە ئەوە باشتر. پاشان بابەتی خۆشەویستیی نیشتمان و چاندی خۆت ڕەگەزپەرستی نییە، ئەمەش بیرێکی چەپانەی گەمژانەیە کە هەمبووە، هەموو خۆبوونێکم بە ڕەگەزپەرستی وەرگرتووە. ↩︎
  12. تێبینی (٥ی ئاداری ٢٠٢٥): دیسان بڕێک لە تێڕوانینم گۆڕاوە. پێم وایە ئەو وتەیەی دەڵێت: «خۆت مەبەستەوە بە شێوازی باوی تەنها یەک گەلەوە» قسەی زۆر هەڵدەگرێت. بەڵام ئەو قسانە هەڵدەگرم بۆ وتارێک لە ئایندەدا دەینووسم. بە کورتی: ئەم وتەیەش دیسان لەو تێگەیشتنەوە هاتووە کە هونەری کوردیی بە تەسک بینیوە. ↩︎

شیوەن بۆ ئازیزان

شیوەن بۆ ئازیزان1

خەمخواردن و شیوەن بۆ مەرگی ئازیزان هیچ واتایەکی نییە. وەک ئەوە وایە کە لەگەڵ برایەکتدا بۆ ماڵەوە گەڕانەوە، لەناو دەرگاکەدا خەم و شیوەن بۆ ئەو بخۆیت کە یەکەم کەس دەچێتە ژوورەوە! تۆش کەمێکی تر دەچیتە ژوورەوە. خەمی ناوێت. بۆیە ئەو ماوە کەمەی لە بەردەرگاکەیت ژیانی خۆت بژی و چێژ ببینە.


  1. لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسیومە. لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١، ٢٤-٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. بە گوێرەی تێگەیشتنی ئێستام گەرچی بە وتەیەکی جوانی دەزانم، بەڵام کێشەشم لەگەڵی هەیە. لەبەر ئەوەی هەندێک جار شتەکە لە دەستی خۆماندا نییە. ↩︎

سەد وشە سەبارەت بە ژیان و مردن و دڵخۆشی و خەم و دڵەڕاوکێ

سەد وشە سەبارەت بە ژیان و مردن و دڵخۆشی و خەم و دڵەڕاوکێ1

ئێستا بژی و سەرقاڵی ژیان بە. پێکی ژیانت تا سەر لێوەکەی بهێنە، چێژی لێ ببینە و بینۆشە. لێبگەڕێ مەرگ خۆی کاری خۆی دەکات و پێویستی بە خەم و دڵەڕاوکێی تۆ و کەسی تر نییە. ملیۆنان ساڵیشە هەر وا بووە و لەسەر خەم و دڵەڕاوکێی کەس پەکی نەکەوتووە و تۆش بەدەر نیت. تۆ، هەر کەسێکیت، جڵەوی ئاسوودەیی و دڵخۆشیت لە دەستی خۆتدایە. کەچی زۆربەمان داومانەتە دەست کەس یان شتێکی تر و هەموو ڕۆژ سەرزەنشتیان دەکەین کە بۆچی لە دڵخۆشکردنماندا کەمتەرخەمن؟! ڕکێفی دڵخۆشیی خۆت سامانی خۆتە، مەیبەخشە. گەر دەشیبەخشیت گلەیی مەکە. بژی و خەندە و خۆشەویستی و چێژ و خۆشی پەرش بکە.


  1. لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسیومە. لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١، ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، ٢٥-٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

جوانی و ئەزموونی ژیان

 جوانی و ئەزموونی ژیان1

دەقی گۆرانیی جوانیم لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢دا تەواو کردووە. هەر لە سەرەتاشەوە دەمزانی کە ئەم دەقە بۆ گۆرانییە. وردەوردە موزیکەکەشم دانا و پاکنووسێکم لێی تەواو کرد. لە کۆتایی هەمان ساڵدا بەسەر تیپێکی موزیکدا دابەشم کرد.

ئەو کاتە تازە میر شەماڵم ناسی، هەر زوو خۆشم ویست. میرە هەموو تایبەتمەندێتییەکی مرۆڤی بلیمەتی تێدا بە دی دەکرا. داوام لێی کرد ئەم گۆرانییەم بۆ تۆمار بکات. ئەویش دلێرانە بە دەنگمەوە هات. هەر لە ژووری نووستنەکەی خۆم تۆمارمان کرد و لە ٩ی نیسانی ٢٠١٣دا بڵاوم کردەوە.

ئای ئەوە منم؟!

سەرەتا ئەوەندە لە جۆشوخرۆشی ئەوەدا بووم کە یەکەم گۆرانیی خۆم، کە هی خۆم خۆمە بڵاو بووەتەوە: ئەو نەوایەی هەر لە منداڵییەوە دەیناسم دەیەویست ببێت بە گۆرانیبێژ و ئێستاش وا خەونی منداڵییەکەی بە دی دەهێنێت، چاو و گوێم وردەکارییەکانیان بە دی نەدەکرد.

بەڵام دواتر وردەوردە هەندێک کێشەی گەورەم تێدا بە دی کرد، کە ئەو کاتە بە منیش و میرەش هەر ئەوەندەمان لێی دەزانی. هەندێک هاوڕێی نزیکیشم هەڵەکانیان خستبووە بەر نووکی نەشتەر و گەردبین و بەردەوام پێیان دەوتمەوە. سەرئەنجام وای کرد دوای ماوەیەک ئەوەندە لە بەرچاوم بکەوێت کە بڕیار بدەم لە یوتیوبەکەمدا بیسڕمەوە. لە کاتی سڕینەوەکەدا بیرێکم کردەوە: ڕەنگە بە باشی و تەواوی بیرم لەم بڕیارە نەکردبێتەوە، با جارێ تەنها جۆری بڵاوبوونەوەکەی بگۆڕم بە تایبەت – پڕایڤت، واشم کرد.

جارێکی تر؟

بڕیارم وا بوو لە ئایندەدا جارێکی تر دیسان تۆماری بکەمەوە. لە ٢٠١٨دا نۆتەکەم هێنایەوە و ئەم جارە پاکنووسێکی پیانۆ و دەنگم لێی تەواو کرد. لە ٢٠١٩دا دیسان پاکنووسێکی نوێم لێی تەواو کرد. لە ماوەی ڕابردوودا هەوڵم دا خۆم موزیکەکەی بە پیانۆیەک بژەنم و بە دەنگیش بیبێژم، لە کاتی پڕۆڤەدا هەندێک چاکسازیی نوێترم لە نۆتەکەدا کرد. بەستەری نۆتەکەی لە خوارەوە هەیە.

چۆن بێگەردخواز بین؟

ئەم گۆرانییە و چەند ئەزموونێکی تری خەوشدار منیان خستە تەمەنێک بیرکردنەوەی قووڵ لە کێشەکان و چۆنێتیی بەرهەمهێنان. چۆن بەرهەمەکانم هەڵەیان تێدا نەبێت و بێگەرد بن؟ بۆیە هەموو ڤیدیۆکانی یوتیوبم لابرد. بەردەوام لە گەڕاندا بووم بۆ وەڵامی ئەم هەموو ڕاڕایی و وێڵییە.

بەڵام ئەزموون دەتباتە جێیەکی تر!

دوای ماوەیەک بە ڕێبازی وابی-سابیی یاپانی و فەلسەفەی ستۆیی ئاشنا بووم کە تێڕوانینی ژیانمیان گۆڕی. وابی-سابی تێڕوانینێکە دەڵێت: چاکترە شت بە ناشرینییەکانیەوە قبوڵ بکرێت، چونکە ناشرینی بەها بە جوانی دەدات. ئەگەر تاریکی نەبێت، ڕووناکی هیچ بەهایەکی نییە. ئەگەر هەژاری نەبێت، دەوڵەمەندی هیچ بەهایەکی نییە. ئەگەر تەڕی نەبێت، وشکی هیچ بەهایەکی نییە.

فەلسەفەی ستۆییش بە پوختی دەفەرمێت: دەبێت بەو شێوەیە بەرەوڕووی ژیان بچیت کە خۆی هەیە نەک بەو شێوەیەی تۆ دەتەوێت ببێت. تۆ دەسەڵاتت بەسەر هەور و باران و ساماڵدا نییە. تووڕەیی تۆ هیچ لە بارانبارین و ساماڵەکە ناگۆڕێت. بۆیە باشترە خۆت لەگەڵ سرووشتدا ئاشت بکەیتەوە، چونکە تۆ بەشێکی لە سرووشت.

بیر بکەوە: دوو کەس دەست بۆ ئاگر نابەن، بەڵام یەکەمیان هەرگیز دەستی بۆ نەبردووە و لە کۆمەڵگاوە فێر کراوە کە نابێت دەست بۆ ئاگر ببەیت. دووەمیان جارێک دەستی بۆ ئاگر بردووە و دەستی سووتاوە. ئەگەرچی ئێستا هەردووکیان دەست بۆ ئاگر نابەن، بەڵام لای من ئەم دوو کەسە هاوسەنگ نین. ئەوەیان کە ئەزموونی کردووە داناترە لەوەیان کە بە ئۆتۆماتیکی وەریگرتووە. ئۆتۆماتیکەکە بۆ تاتایە ئەزموونێک قەرزارە.

کۆمەڵگای هەموو جیهانیش هەزاران ساڵە و بەردەوام خەریکی بەرهەمهێنانی مرۆڤی ئۆتۆماتیکی و بیردۆزیین. بەڵام تەژیترین2 ژیان ئەو ژیانەیە کە خۆت ئەزموونت کردبێت. بەس ئەوەندە هەڵەکانت بشارەوە. بەس ئەوەندە کەموکورتییەکانت بپۆشە. ئەو هەڵە و ئەزموونە خراپانە بەرەو لوتکەی کامەرانیی ژیانت دەبەن.

ئێستا باشە یان خراپە؟

وەک دەبینن من تەمەنێکم لە هەوڵدان لە بێگەردخوازیدا3 بە سەر بردووە. ئێستا بە کامی باوەڕمەوە بێگەردخوازی بە هەڵە دەزانم. هەموو بێگەردخوازێکیش دوای کڵاوی بابردوو کەوتووە و بە دەستی خۆی کەلەپچەی خستووەتە قاچی خۆی تا هەنگاوێک نەڕوات. لەناو پێکهاتەی بێگەردخوازیدا تۆوی دڵشکان و تووڕەیی و خەمۆکی هەیە.

تەنها دوو کەس هەڵە ناکەن: ئەو کەسەی کە هیچ ناکات و ئەو کەسەی مردووە. پشکێکی گەورەی جوانیی ژیان بەر هەڵەکان دەکەوێت: کەموکورتی بەها بە بێگەردی دەدات. ئەو بیردۆزانەی بۆ ژیان دانراون و بەردەوام پێت دەوترێت: «نابێت هەڵە بکەیت، نەکەیت هەڵە بکەیت، نەکەیت، نەکەیت…» خۆی هەڵەیە! چونکە ژیان ئەزموونێکە و پڕۆسەیەکە کە دەبێت پیایدا تێبپەڕیت. دەبێت خۆت ئەزموونی ڕاستی و هەڵە بکەیت، نەک هەر بە کەوچک بکرێت بە دەمتەوە کە چی ڕاستە و چی هەڵەیە و تۆش هەر سەر بلەقێنیت و ژیانت بە ڕێباز و تیۆری بە ڕێوە ببەیت.

بە تۆ چی، کە نەتکردووە؟

 بیر بکەوە: دوو کەس، یەکێکیان بە شێوەی تیۆری و بیردۆزییانە هەموو زانیاری و نهێنییەکی پیانۆژەندن دەزانێت، بەڵام هەرگیز نە پیانۆی بە چاوی خۆی دیوە و نە پەنجەشی بەر دوگمەیەکی هیچ پیانۆیەک کەوتووە. کەسێکی تریش کە لەوانەیە بە هەندی ئەوی تریان لە تیۆریی پیانۆ نەزانێت، بەڵام پیانۆی هەیە و هەموو ڕۆژێک لەسەر پیانۆ دادەنیشێت و دەژەنێت. ئایا ئەم دوو کەسە وەک یەک وان؟ ئایا شایستەیە بەوەی کارەکە دەکات بڵێین پیانۆژەن و بەوەشیان کە نایکات هەر بڵێین پیانۆژەن؟

ئەوەندەی تا ئێستا زانراوە: تۆ یەک جار هەلی ژیانت هەیە، ئیتر بۆچی ناژییت؟ بۆچی هەر خەریکی بیردۆز و ڕێباز و پەیڕەو و تیۆریت لە کاتێکدا هەلی ئەوەت هەیە بە کردارەکی بژییت؟ ئەم هەموو بیردۆزە بە کەڵکی چی دێن ئەگەر نەبنە هاندەرت بۆ تاقیکردنەوە؟ بە تۆ چی لە ڕووی زانستییەوە ماچ چەند کالۆری دەکوژێت یان ناکوژێت، یان دەنگی مچکەی ماچ چەند دێسیبڵ و هێرتزە، ئەگەر تا ئێستا خۆت ماچێکت نەکردبێت؟

لە هەناوی هەڵەوە دێیتە دروستستان

سەرنج بدە، هەموو کەسە هەرە مەزنەکانی جیهان کە هێز نەبووە بیانببەزێنێت سەرەتا شکستخواردوو بوون. دەبوو من لە هەموو کەس زووتر ئەمە فێر ببم، چونکە لە موزیکدا هەمیشە دەوترێت: چۆن دەبیت بە ژەنیارێکی باش؟ وەڵام: مەشق4، مەشق، مەشق! شکستخواردنیش وات لێ دەکات مەشق بکەیت تا باشتر ببیت. ئەزموون فێرت دەکات هەڵە دووبارە نەکەیتەوە. ئەو هەڵەیەی کردووتە پیرۆزە، چونکە ئەو هەڵەیە نەبووایە ڕێگای ڕاست وەکو نەخشی سەر ئەڵماس لە مێشکتدا هەڵنەدەکۆڵرا. ئەو ڕۆژەی ژیان وەک خۆی پەسەند دەکەیت ئەوە یەکەم ڕۆژی ژینی ئاسوودەییتە.

گۆرانی هۆیەکی پەیوەندییە

کە هەندێک جار کەسێک دەبینم ئەم گۆرانییە دەبێژێتەوە بست بست باڵای پێ دەکەم و پێم خۆشە کە بەرهەمی من بەو شێوەیە ببێتە وێردی سەر زمان. هەر لەم گۆرانییە خەوشدارەوە چەندین خەڵکی زۆر جوانم ناسیوە و گۆرانییەکە بووەتە کلیلی پەیوەندیی نێوان من و زۆر کەس و زۆر کەس و زۆر کەسی تریش.

بە پێودانگی ئێستام تۆماری ئەم گۆرانییەم بە دڵ نییە، بێژانەکەی خۆمم بە دڵ نییە، ڤیدیۆکەم هەر زۆر زۆر بە دڵ نییە. بەڵام ئەمە بەرهەمی منی ئەو کاتەیە و چەندین کاژێری ژیانمم پێوە بە سەر بردووە و لە کاتی خۆیشیدا هەر ئەوەندەم لێی زانیوە.

گۆرانییەکە خۆیشی وەک زۆربەی بەرهەمەکانی ترم لام خۆشەویستە، جگە لەوەی دەقەکەیم زۆر بە دڵە و پێم وایە نموونەی دەقێکی باشی گۆرانییە. منیش حەزم دەکرد بێ هیچ پێشینەیەک وەک لوتکەی هونەر دەربکەوم و بۆ تاتایە لێکۆڵەرانم سەرسام بکردایە چۆن بەو هەموو توانایەوە هیچ پێشینەیەکم نەبووە؟ بەڵام من مرۆڤم، کە هێنراومەتە ئەم جیهانەوە ڕستەیەکیشم لەگەڵدا نەهاتووە کە فێرم بکات چۆن بژیم. ژیان خۆی مامۆستا گەورەکەیە.

هەڵە و ژین: هەڵەژین!5

من هەڵەم کردووە، بە گەرەنتیش بەڵێنتان دەدەمێ کە لەمەودوا هەڵەی تر دەکەم. بەڵام ئەوەندەی بۆم بکرێت هەمان ئەم هەڵانە دووبارە ناکەمەوە. من بەردەوام خەریکی خۆپێشخستنم. بۆیە زۆر چاکە هەندێک جار ئاوڕ بدەیتەوە و ببینیت لە کوێوە بۆ کوێ هاتوویت و ئەزموونی ژیانت بە چاوی خۆت ببینیت.

بۆیە بەرهەمەکانم کەموکورتن، جاروبار نەشاز دەکەم، لەوانەیە دەنگم خۆش نەبێت و بە دڵی زۆر کەس نەبێت، بینەر و بیسەرم ئێجگار کەمن، شێوازەکەم لەوانەیە ئێستا فلسێک نەکات، لەوانەشە سەرتاپا هەڵە بم و سەدان ساڵ دوای ئێستا زانست بیسەلمێنێت کە هونەر بەم شێوەیەی من ئێجگار گەوجانە بووە و سەرلەبەری هەڵە بووە… هەر چییەک بێت، بەڵام من هەم، کوڕی سەردەمەکەی خۆمم و کەس هەرگیز ناتوانێت بڵێت: «نەوا نەبووە و هەوڵی نەداوە و نەژیاوە»، چونکە نەوا هەبووە و هەوڵیشی داوە و ژیاویشە و لەمەودوا باشتریش دەژی و باشتریش هەوڵ دەدات.

ئەوە ئەم گۆرانییەم بۆ تاتایە کردەوە و چیش نەبووە با ببێت. ئەگەر دەرفەتیشم هەبوو یەکێکی باشتر لەمە تۆمار دەکەم. تا ئەو ڕۆژە با ئەمە هەبێت. وردەوردە ڤیدیۆکانی تریش دەپشکنمەوە و دیسان ئازادیان دەکەم.

سوپاسێکی زۆری میرە گیان دەکەم کە ئەم بەرهەمەی بۆم تۆمار کرد. داوای لێبوردنیشی لێ دەکەم کە لەوانەیە هەندێک جار چاکەی ئەوم کەم نرخاندبێت.


لێرە کلیک بکە بۆ داگرتنی نۆتەی گۆرانیی جوانی

لێرە کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی دەقی هۆنراوەی جوانی


  1. لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٠دا نووسیومە. لە ٤ی شوباتی ٢٠٢٢، ٢٥-٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
  2. تەژی: پڕی، لێوانلێوی. لێرەدا مەبەست لە ژیانێکی پڕ لە ژیانە. ↩︎
  3. بێگەردخوازی: پێرفێکشنست: کەسێک کە بەردەوام بە دوای ئەوەوەیە هەموو شت بێگەرد و بێخەوش و بێ نەنگی بێت. ↩︎
  4. مەشق: زۆر جار لە بواری هونەردا هەر پێی دەڵێن پڕۆڤە. پڕۆڤە: لە پرۆڤارێی ئیتالییەوە هاتووە، واتە هەوڵدان. ئێستا تا ڕادەیەکی زۆر بووە بە زاراوەیەکی هونەری بۆ مەشق و ڕاهێنان. ↩︎
  5. هەڵەژین: لە هەڵە و ژین پێک هاتووە. واتە ژینی هەڵە، هەڵە و ژیان، ژیان لە نێو هەڵەدا. خۆم لە پێداچوونەوەی ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا ئەم وشەیەم لێکدا. ↩︎
 

ئامۆژگاریی دانا و نادان

ئامۆژگاریی دانا و نادان[1]

دانای ڕاستی دەبێت بە دوایدا بگەڕێیت و بیدۆزیتەوە و بچیتە خزمەتی و داوای لێ بکەیت ئامۆژگارییت بکات، چونکە بەهای دانایی دەزانێت و بێسوود نایانهاوێت و بە فیڕۆیان نادات.

نادان پەنجا کەناڵی تەلەفیزیۆنی و سەدی ڕادیۆیی و ملیۆنێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی دروست دەکات و بڵندگۆ لە خۆی دەبەستێت و دەسووڕێتەوە و بە هاتوهاوار و شاتەشات ئامۆژگارییە بێنرخەکانی بەسەر گوێی هەموو کەسێکدا دەردەفیچقێنێت. بێ ئەوەی کەس داوای کردبن!

لە خۆت بپرسە: ئەگەر ئەم هەموو بلیمەتەمان هەیە، خێرە هیچمان بە هیچ نەبووە؟

تکایە بەسە ئامۆژگاری، نامانەوێن، ئامۆژگارییەکانتان سەرمانیان کرد بە قوڕدا. ئامۆژگاریکەر و بلیمەت ئێجگار زۆر بوون، سبەی پارەی خانەنشینی ئەم هەموو بلیمەتە لە کوێ بهێنین؟


[1] لە ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٠دا نووسیومە؛ لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەوە.

لاسایی کێ دەکەمەوە؟

لاسایی کێ دەکەمەوە؟[1]

سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە ئافەرین و دەستخۆشیم لێ دەکەن و بە هونەرمەندی مەزنی گەلانی ترم دەچووێنن، گوایە یان لەوان دەچم، یان لاسایی ئەوان دەکەمەوە. تا ئاستی باوەڕی تەواو بێگومانم کە مەبەستیان پەسنکردن و نیازی چاکە.

بەڵام وتەیەک هەیە لە بەرانبەرمدا بووە بە دیاردە، بۆیە دەبێت ڕایەکی خۆمی لەسەر هەبێت: سەرەتا کە دەستم کردبوو بە کاری گۆرانیبێژی زۆر جار پێم دەوترا لاسایی داریوش و عارف و هەندێک گۆرانیبێژی ئێرانی دەکەمەوە. ئەو کاتە سەرەتاکانی یوتیوب بوو، بە گشتی خەڵک تا ئەوێ گەیشتبوو کە ئەو کەسانە بناسێت. پاشتر کە گۆرانیی جوانیم بڵاو کردەوە چەند کەسێک وتیان گوایە لە ئێدیت پیافم دزیوە. وا نزیکەی شەش حەوت ساڵیشە پێم دەڵێن لە ئەندریا بۆچێللی دەچم. یەک دوو حەفتە پێش ئێستا بۆ یەکەم جار شارل ئەزناڤۆریشیان خستە لیستەکەوە.

من بە سرووشت بینین و بیستنێکی هەڵکۆڵەرم هەیە، بەردەوام لە شێواز و تەکنیکی زۆر هونەرمەند دەکۆڵمەوە بۆ ئەوەی وردەکاریی زیاتر فێر ببم. پێم وایە ئەو مرۆڤەی هەوڵ نەدات زیاتر فێر ببێت سەر زەویی قورس کردووە!

بەڵام کە دێتە سەر موزیک بە هیچ شێوەیەک بە هیچ گۆرانیبێژێک کاریگەر نیم. لای من موزیکدانەر پلەی هەرە باڵای موزیکی هەیە، نەک گۆرانیبێژ. ئەم ناوانەش مشتێکن لە خەروارێک هونەرمەندی مەزن لای من: باخ، مۆتسارت، بێتهۆڤن، هایدن، شومان، ڤاگنەر، شۆپان، چایکۆڤسکی، لیست، دیبوسی، ڕاڤێل، بولانژێ، هۆڵست، مالەر، ڕاخمانینۆڤ… تد. لە هەندێک کاری ئەم شاهونەرمەندانەم کۆڵیوەتەوە و سەرچاوەی کارزانی و کاریگەریی ڕاستەوخۆمن. ئێستاش وردەوردە هەندێک ناوی نوێ دێنە ئەم لیستەوە.

دەکرێت وەک خۆم بمبینن؟

بەڵام بەداخەوە نەتەوەکەم وەک خۆم نامبینن و نامناسن. تاکە لێکوچوونێک لە نێوان من و بۆچێللیدا ئەوەیە هەردووکمان بە شێوازی ئۆپێرایی کاریگەرین، نەک من بەو. بەڵام هەر بۆ فراوانکردنی بازنەی لێکچوونەکە با چەند ناوێک بدەم بە دەستەوە کە هەموومان بەرهەمی شێوازێکی موزیکین: کاروزۆ، فیشەر-دیسکۆ، کۆرێللی، ڤوندەرلیش، دی ستێفانۆ، بیۆرلینگ، دۆمینگۆ، کارێراس، خفۆرۆسۆڤستکی، کاوفمان… تد. من هەر لە سەرەتای کارکردنمەوە بە ئاواتی ئۆپێراوە دەستم پێ کرد، بەڵام ئۆپێرا ژێرخانی هونەریی دەوێت. کورت و پوخت: من هەموو ڕۆژێک هەوڵ دەدەم لە کەس نەچم. لە کاتی موزیکداناندا هەزار جار باڕێک یان نیو باڕ یان تۆنێک لە موزیکەکانمدا دەگۆڕم ئەگەر بۆنی شێوازی کەسی تری لێ بکەم. ئەمەش یەکێکە لەو هۆکارانەی درەنگ درەنگ بەرهەمم هەیە. بۆیە زۆرم پێ ناخۆشە کە بە تاکە کەس دەچووێنرێم. زۆر پێی گەورە دەبووم ئەگەر نەتەوەکەم وەک نەوا موکرجیی خۆیان وەریانبگرتمایە.


[1] لە ١٩ی ئاداری ٢٠٢٠دا نووسیومە. لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە.

جەڵدەی ڕەشبینی و تەنیایی و چارە

جەڵدەی ڕەشبینی و تەنیایی و چارە1

ئەوەندەی بە بیرم دێت هەرگیز حەزم بە قەرەباڵغی نەکردووە، بەڵام لێشی نەترساوم. جاران و ئێستاش جارجار پێم دەڵێن کە ئەمە هەڵەیە و دەبێت لەگەڵ خەڵکدا خۆم ئاشت بکەمەوە، وەک بڵێیت کێشەکە منم! خوازیاریشم، کێشەکە من بم و بووبێتم، چونکە زۆر خۆشە هەست بکەیت و بزانیت بەشێکی کۆمەڵەکەتیت و ئەوانیش بەشێکن لێت و متمانەیان پێ بکەیت. جاران نەمدەزانی بۆچی تەنیاییم پێ باشترە، بەڵام ئێستا دەزانم.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبینم پشێوییەکی تەواو بێسەرەوبەرە خەرمانەی زۆربەی خەڵکیی داوە. ئەو هەموو وزە مەزنە دەبینم سەرتاپایان وەک هەسارەیەک بە تەوەری مووچە و کلیپ و ئامۆژگاریی داوانەکراوی دینی و گۆرانییەکی نوێی فڵان و قەیرانی جۆراوجۆر و تەنوورە و لەچکی خانمێک و چی و چیی تردا خول دەخۆن. جیهانێک گوڕ و تاف و هەڕەت و وزەی لاوی لە خۆڕا دەمرێت و کەسیش لەوە ناچێت پێی بزانێت، یان بیر لە چارەیەک بکاتەوە.

ئەمە هەمیشە ڕاستە: ئەگەر ئێستا وێرانەیەک هەبێت، ئەوا ئەم وێرانەیە لێکەوتەیە، واتە کاردانەوەیە، نەک کار. لێرەش بە دواوە ئەم کاردانەوەیە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کاردانەوەی نوێ. ئاوها هەردەم لە هەڵدێرانی کاری هەڵە و کاردانەوەی خراپدا دەبین. کرۆکی مەبەستیشم لێرەدا ئەوەیە کە: ئەوەی لە ڕابردوودا کردوومانە بەرەو ئێرەی هێناوین. هیچ سەیر نەبێت لاتان کە ئەمڕۆ بەرهەمی دوێنێیە.

دەمێکە خلۆر دەبینەوە

خوێندنەوەیەکی سەرپێییانەش بە مێژووی کورددا پێت دەڵێت ئێمە دەمێکە لەم لێژگەیەدا خلۆر دەبینەوە و هەڵدەستینەوە. کەواتە دەبێت بە مێژووماندا بچینەوە و سەرچاوەی ئەم دۆخەی ئێستا دەستنیشان بکەین. تکایە با بگەڕێینەوە و دەستکارییەک بکەین و ڕێچکەکە بەرەو وێستگەیەکی نوێ ببەین. با بوێرین بڵێین: «پێشینانمان هەندێک هەڵەیان کردووە و ئەو زانا و دانایە نەبوون کە ئەفسانەکان پێیان وتووین».

سەیرم لێ دێت کە کەس ناوێرێت بڵێت: «پێشینان هەڵەیان کردووە!». زۆریش سەیرم لێ دێت، چونکە ئێمە بەردەوام بە خۆمان دەڵێین ئەمڕۆ هەڵەین. ئێ هەر ئێمە دەبین بە پێشینانی چەندین نەوەی تر، تەنها لەبەر تێپەڕبوونی کات، ئیتر دەبێت ئەم هەموو نەزانەی ئەم سەردەمە لە نەوەی ئایندە بکرێنە دانا و زانا؟ بۆچی نەوێرین بڵێین لە ڕابردوودا هەندێک هەڵبژاردەی هەڵە بە ئەمڕۆی گەیاندووین؟ قەیچێکە با پێشینانمان هەڵە بووبێتن، ئەوە نییە بۆیان چاک دەکەینەوە؟ یان هەر لەسەر هەمان ڕێچکە بڕۆین و ئۆباڵەکەش، وەک هەمیشە، لە ئەستۆی شتی خەیاڵی بئاڵێنین؟

من و گۆشەگیری

خۆم بە سرووشت تەرە و تەنیا و گۆشەگیرم. گۆشەگیرییەکەم هی ئەوە نییە کە دەستم لە خەڵک شوشتبێت، بەڵکو جاران کە نەشمدەزانی کە زۆربەی خەڵک قاوغێکی جوانکیلە و هەرزانبەهای بۆشییەکی فووتێکراون، هێشتا هەر حەزم لە تەنیایی خۆم بوو. هۆکارەکەش ئەوەیە خۆمم خۆش دەوێت و حەز دەکەم زۆربەی کاتەکانم لەگەڵ خۆم و ئەو شتانەدا بە سەر ببەم کە بە ڕاستی حەزم لێیانە. بۆ نموونە: هونەر و وێژە. بۆیە لای من زۆر ئاسانە سەد ساڵ لەگەڵ خۆمدا بژیم. بەڵام هەموو گۆشەگیر و پەڕەوازەکانی تری ئەمڕۆمان وەک من نین، زۆریان حەزیان بەو تەنیاییە نییە. بەڵکو کەڵەکەبوونی هەڵبژاردە هەڵەکانی دوێنێ زۆر گەنجی پڕوزەی ئەمڕۆی ڕەشبین کردووە و وای لێ کردوون هەر تاوناتاوێک جەڵدەیەکی تەنیایی لێیان بدات. تەنانەت پەی بە هەندێک جوانی و مەزنیی دانسقە و دەگمەنی سەردەمیش نەبەن.

لادانی نوێ بە ئامانجی نوێ دەگات

لە نموونەی خۆمەوە پێم وایە دەستکاریکردنێکی ڕەوتەکە ڕەنگە ببێتە هەوێنی ئایندەیەکی باشتر. با کەمێک خولیا بدەینە زانست و هونەر و وێژە، یان ئەو شتانەی دوێنێ خولیامان نەبوون و هەمیشە وتوومانە: «جا ئەوە کەی بۆ ئەم وڵاتە دەبێت؟!». با ڕەوتەکە بگۆڕین و چارەیەکی تر تاقی بکەینەوە. خۆ کورد هەزاران نوشوستیی چەشتووە، ئەوپەڕی نوشوستییەکی نوێ بۆ نوشوستینامەکەمان زیاد دەبێت.

کاکڵەی پەیام

کورت و پوخت: پێم وایە لەم سەردەمەدا ئۆباڵەکە من و تۆین. دوێنێش ئۆباڵەکە پێشینانمان بوون. وەبەرهێنان لە وزە و هەڕەتی لاوانی سەردەمدا و ئاراستەکردنیان بەرەو بوارە ئاماژەبۆدراوەکان دەبنە فریادڕەسی ئەو پەتای ڕەشبینییەی گەنجانی گەلەکەمانی لە ئامێز گرتووە. ئاراستەکردنی زانست و هونەر و وێژە و هەلڕەخساندن و پاڵپشتیکردن و سایەداریی لەم بوارانەدا، ئەگەر ئایندەیەکی باشتریش دەستەبەر نەکەن، ئەوا بێگومان هیچ نەبێت ئەمڕۆ بۆ نەوەکانی داهاتوو دووبارە ناکەنەوە.

زۆربەمان کۆکین لەسەر ئەوەی کێشەیەکی مەزن لە ئەمڕۆماندا هەیە، ئەی بۆچی لە تاقیکردنەوەی چارە دەترسین؟


  1. لە ٨ی شوباتی ٢٠٢٠دا نووسیومە. لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢١، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، ٢٥-٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. لە پێداچوونەوەی کۆتاییدا ناونیشانەکەیم گۆڕی، پێشتر ئاوها بوو: «پەتای ڕەشبینی، جەڵدەی تەنیایی… بەڵام خولیای نوێی ئاراستەکراوی فریادڕەس». ↩︎

ئایا موزیک گرنگە؟

ئایا موزیک گرنگە؟[1]

بەستێنی نووسینی ئەم وتارە

(خاتوو شەهێن سابیر لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا بابەتێکی نووسیوە بە ناونیشانی ئایا موزیک گرنگە؟ مامۆستا سەڵاح ڕەئوف (وا بزانم) لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا وەڵامی داوەتەوە. من لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا هەردوو بابەتەکەم دی و خوێندمنەوە. حەزم کرد لە گفتوگۆکەدا بە وتارێک بەشدار ببم، بۆیە ئەم وتارەم نووسی.)

وتارەکە

سوپاس بۆ ئێوە و مامۆستا سەڵاح ڕەئوفیش بۆ ئەم باسە.

موزیک یان مۆسیقا؟

سەبارەت بە ناوی موزیک یان مۆسیقا: لێکۆڵینەوەیەکی زمانناسییم نووسیوە بە ناونیشانی موزیک یان مۆسیقا ؟ دەتوانن بیخوێننەوە.

تێری و داهێنان

سەبارەت بە «تێری و داهێنان»: ئەڵبەت نازانم لە کوێی نووسینەکەتدا ڕاستەوخۆ باسی تێری و داهێنانت وروژاندووە، بەڵام هەر لەگەڵ مامۆستا سەڵاحدا هاوڕام. زیندووێتی بەسە بۆ داهێنان. بە بڕوای کۆنکرێتییم بۆ کاری داهێنان چۆنێتیی کات لە چۆنێتیی ورگ گرنگترە. چۆنێتی مەبەستم لە کوالیتییە. تەنها ژینگەیەکی کەمێک بێدەنگ و بێ دڵەڕاوکێ و بێ هاتوهاوار و بێ سەردانی لەناکاو و بێ ڕووداوی نەخوازراوی ناپێویست ڕەخسابێت، من شاکاری هونەرییت دەدەمێ. چونکە مەندێتیی هونەر پەیوەندیی بە ڕامان و زنجیرەی تێڕامان و بیرکردنەوەوە هەیە، ئەمانەش پێویستیان بە کاتێکی هێور و ئاشتییانە هەیە.

دوو تایبەتمەندێتیی خراپی خەڵکانی کۆمەڵگا هەن کە بۆ هونەرمەندێتی خراپن، یەکەم: مرۆڤ بە سرووشت بوونەوەرێکی دەمەوەر و فەرتەنەچییە. دووەم: مرۆڤ بە سرووشت حەز دەکات خەڵکانی تر پەلکێشی بابەت و پڕۆژەکانی خۆی بکات. تەماشاکردنێکی فەیسبووکیش بەسە بۆ سەلماندنی ئەم دوو ڕاستییە. هەموو کەسێک داوات لێ دەکات لە کەمپینەکەیدا بەشدار بیت.

چۆن کەشی داهێنان ساز بکرێت؟

بەڵام خۆشبەختانە بۆ سازاندنی کاتی پڕ ئاشتی و سنووردارکردنی خەڵک هەندێک تەکنیک هەن. خودی هونەر-مەند/کارەکان دەتوانن بیسازێنن، بەشێکی بەرچاو کاتی باش دەگوزەرێنێت. دەبێت تا ڕادەیەک لە زۆر خەڵک دوور بکەویتەوە. خۆم لە ساڵێکدا دوو سێ مانگ فەیسبووکم کراوەتەوە و زۆربەی هاوڕێکانمم ئەنفەڵەو کردووە. تەلەفۆنی دەستییم هەمیشە بێدەنگ و بێجووڵەیە. دەرگا لە کەس ناکەمەوە ئەگەر پێشتر لەسەر یەکبینین ڕێک نەکەوتبین، با پێم بڵێت کەسێکی خۆپەرست و خراپم. وەڵامی زۆر نامە و چات و چۆنی و چاکیش نادەمەوە. تا بۆیشم بکرێت خەڵک کەم دەبینم. بە نزیکی هیچ ڕۆژێک نییە خۆم لە پڕۆژە و پلانی خەڵکانی چواردەورم دەرنەهێنم.

کابرای دراوسێت سەیرانێکی ساز کردووە و لە خۆیەوە پۆستی کەبابچیی بێ پرسی خۆت پێت بەخشیوە. برادەرێکی ترت بە دەستییەکەی کورتەفیلمێک دەکات، یەکسەر تۆی داناوە موزیکەکەی بۆ دابنێیت. دراوسێکەتان کەوانتەری کڕیوە، دایناوە تۆ لە حەماڵییەکەدا یارمەتیی بدەیت. هەموو ئەمانە ئاسوودەیی و کاتی تێڕامان دەکوژن و دەبێت لێیان دوور بیت.

زۆر جار کە چواردەورم بە کاری ناپێویست دەمتەنن، بۆ توانج دەڵێم: «دەزانن بۆچی بێتهۆڤن لە موزیکدا باش بووە؟ چونکە خەریکی موزیک بووە!» مەبەستم ئەوەیە تۆ دەبێت خەریکی بوارەکە بیت بۆ ئەوەی تیایدا پێش بکەویت. زۆربەی موزیککارانی ئێمە خەریکی بوارەکەیان نین، یان کۆمەڵگا چاوەڕێی کاری تری جگە لە موزیکی لێ دەکات.

کەی کاتی موزیکە؟

سەبارەت بە ڕۆژ و کاتی موزیک: لای من هەموو ڕۆژێک ڕۆژی موزیکە، هەموو کاتێک کاتی موزیکە و هەموو کاتێک موزیک گرنگە. لە ئەفەریقا ئاوی خواردنەوە نییە، بەڵام موزیک ناوەستێت! هیچ ڕۆژێک نییە جگە لە کاژێرەکانی پڕۆڤەی خۆم دوو بۆ پێنج کاژێر گوێ لە موزیک نەگرم.

سەبارەت بە ڕۆژی موزیک

٢١ی حوزەیرانی ٢٠٠٩، یادکردنەوەی ڕۆژی موزیک.

سەبارەت بە ڕۆژی موزیک کە ٢١ی حوزەیران بێت: ڕەنگە بۆ وڵاتێکی وەک فەڕەنسا کاتێکی گونجاو بێت، بەڵام ئەو ڕۆژە لە کوردستاندا زۆر گەرمە. جارێک لە ژیانمدا (وا بزانم ٢٠٠٩ بوو) لە بەردەم ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی سلێمانیدا پیانۆم ژەند و بە تەنیا ئەو یادەم کردەوە، سێ ڕۆژ نەخۆش کەوتم ئەوەندە خۆر لێی دام. هەتاوی ڕۆژەکە زیانی بە ئامێرەکەشم گەیاند. هۆڕنی کۆستەر و پیکاب و لوورەی ئوتومبێلی پۆلیس و فریاکەوتن و ڕادیۆی گرمەگرمکەری زیادکراوی تەکسیگێڕەکان و ڤڕەی مەکینەی ئەو هەموو ئوتومبێلە و بانگدانی نەشازی بانگنەبێژە دەنگنەشازەکانی مزگەوتەکان بەردەوام ڕستی ژەندنەکەمیان دەپچڕاند. هەموو ئەمانە جگە لە حیلکەحیلکی پیادەکان.

کەواتە کاتەکەمان تەسک دەکاتەوە بۆ شەو دوای بانگی خەوتنان. شەویش پێویستی بە ڕووناکی و کارەبا و وایەر و وایەرکاری و بڵندگۆکاری و ئامادەکاری و بێدەنگکاری هەیە، ئەم ئامادەکارییانەش کاری ژەنیار نین. من هەموو ڕۆژێک بە خەڵک دەڵێم: «پیانۆت بۆ دەژەنم، بەڵام پیانۆت بۆ بار ناکەم! من پیانۆبارکەر نیم! ئامێرەکەم زۆر قورسە و زۆر گرانبەهایە و گواستنەوەشی زۆر ئەستەمە. پێشم خۆش نییە ئامێری خۆم بۆ هیچ بۆنەیەکی تۆ بە کار بهێنم! چونکە کە ئامێرەکەم تێکدەچێت تۆ پێم پێدەکەنیت، بەڵام من کۆستم دەکەوێت».

کەواتە دەبێت کۆمەڵە کەسێکی باش هەبن کە لە هونەرمەندەکان و کات و ڕێکخستن تێبگەن و بتوانن ئەم ئامادەکارییانە بکەن. واتە ئۆباڵەکە تەنها لە ئەستۆی ژەنیارەکاندا نییە. شیاوترە ڕۆژەکەش بخرێتە کاتێکی فێنکترەوە.

سەبارەت بە ئەرکدان بە هونەر

سەبارەت بە مۆنۆپۆلی و بەکارهێنانی موزیک و ئەرکپێدان: من هەرگیز دژی ئەرکپێدان نیم. ئەرک پەرۆشیی زیندووێتی بە مرۆڤ دەدات. بەڵگەش ئەوەیە هەزاران کەس دەبینیت پیشەی زۆر وەڕسکەر و ناخۆش و قورسیان هەیە، کە دەیانبینیت لە خۆت دەپرسیت: دەبێت ژیانی ئەم کەسە چ بەهایەکی بۆی هەبێت وا ئەم کارانە دەکات؟ چی ڕێی لێی گرتووە خۆی بکوژێت؟ کە ڕۆ دەچیتە هۆی ئەوەی بۆچی وا خۆیان ماندوو دەکەن، دەبینیت کە ئەرکێکیان لەسەر شان گرتووە، یان بۆ منداڵەکانیان، یان بۆ دایک و باوکیان، یان برا و خوشکیان، یان خۆشەویست… تد.، ئەرک کرۆکی هاندانە.

هونەر بۆ هونەر نییە!

من دژی ئەوانەم کە دەڵێن گوایە هونەر بۆ هونەرە! هونەر بۆ هونەر نییە، دەبێت هونەر لە ژیانی ڕۆژانەدا ئەرکی هەبێت. ئەم ئەرکپێدانە دەبێت لە لایەن کۆمەڵێک کەسی وشیار و دەوڵەتمەدار و ئاگادارەوە دابین بکرێت. هونەر زۆر شتی مەزن دەکات ئەگەر مێشکێکی باش لە پشتیەوە هەبێت. دەشێت لە جیهانی ئەمڕۆدا حکومەت هونەر ئاراستە بکات، بەڵام ئەم ئاراستەکردنە لیژنەیەکی وشیار و دووربین و ستراتیژی دەوێت. هاوکات گەلێکی کەمێک وشیارکراوەشی دەوێت. چونکە میللەتیش سەری ئەوسەری هاوکێشەکەن.

بۆ نموونە لە ڕێنیسانسی ئەوروپا پێش پاشاکان هەندێک دەوڵەمەند و خانەدان هونەریان ئاراستە کردووە. یەکێکی وەکو لۆرێنزۆ دێ مێدیچی، کە خانەدانێکی دەوڵەمەندی فلۆرێنسا بووە، پاڵپشتی دارایی زۆر هونەرمەندی گەورەی کردووە و یەکێک بووە لە جووڵێنەرە مەزنەکانی ڕێنیسانس.

پەروەردەی خەڵکیش کاریگەریی هەیە

لەم ڕۆژانەدا بەڵگەفیلمێکم سەبارەت بە هۆڵی ئۆرکێسترای هامبورگ بینی، نزیکەی ٩٥٤ ملیۆن دۆلاری موڵکی گشتیی تێدا سەرف کراوە، بەڵام خەڵک نەیانکردووە بە هاتوهاوار و نەهاتوونەتە سەر جادە و بیڕووخێنن. کەمپینی لە دژ ساز نەدراوە، حەرام نەکراوە، مەلا لە میحرابەوە لە دژی نەیقیڕاندووە، لە فەیسبووک تفی بۆ کۆ نەکراوەتەوە. بە پێچەوانەوە پێوەی شانازن. پێش ئاراستەکردنی هونەر دەبێت میللەتێکی ئامادەی گۆڕانکاری خۆشە بکرێت.

لە هەرێمی کوردستاندا پێنج هەزار و دوو سەد مزگەوت دروست بکە کەس ناڵێت مەکە، بەڵام هۆڵێکی ئۆرکێسترا دروست بکە قیامەت هەڵدەستێت. پێنج هەزار و دوو سەد مەلا مووچە وەربگرن بەرانبەر گێڕانەوەی چیرۆکی چەقۆکەی ئیبراهیم بۆ سەر ملی ئیسماعیل کەس قسە ناکات، بەڵام ئەگەر نەوەد موزیکژەن لە ئۆرکێسترایەکدا کۆ بکرێنەوە کەبائیر و ئەشڕاطوسساعە ڕوو دەدەن!

مەبەست لێرەدا ئەوەیە هونەرمەندان سەربازانی گۆڕەپانەکەن، لە پشت ئەم سەربازانەوە دەبێت ئاراستەکەرێک هەبێت، ناکرێت شکستی سوپاکە تەنها بخرێتە ملی سەربازەکان، بەڵکو پشکی شێری شکست بەر پلاندانەر و ستراتیژکارەکان دەکەوێت.

ئەی چار؟

هونەر دەبێت ژیرانە پلانی بۆ دابنرێت و ئاراستە بکرێت. هونەرمەندان بە سرووشت کەسانی پەڕەوازەن، لە کۆمەڵگایەکی وەک ئەمەی ئێمەدا ئەوەندەی تر پەڕەوازە خراون. نابێت ئەم پەڕەوازە پەڕەوازەخراوانە سەرپشک بکرێن خۆیان داهێنان بکەن! ناکرێت ئایندەی هونەریی گەلێکی زیندوو پشت بە کۆمەڵێک پەڕەوازەی پەڕەوازەخراو ببەستێت کە ڕۆژانە لە پێنج هەزار و دوو سەد پێگەوە مژدەی دۆزەخیان پێ دەدرێت.

هەر با ڕاشکاو بم: ئەگەر پیانۆیەک بهێنمە سەر جادە، کە نایهێنم، لەوە دەترسم کەسانی بارگاوی بە بیری تیرۆریستی بمکوژن، یان پۆلیس و ئاسایش بمگرن! یان چ گەرەنتییەک هەیە خۆم یان ئامێرەکەم پارێزراو دەبین؟

گلەیی لە ئێمەومانان مەکەن، ئێمە سەربازین، ئامادەین، بەڵام بێ ستراتیژێتی خۆمان بە کوشت نادەین.

لەگەڵ ڕێزمدا. دووبارە سوپاس بۆ هەردووکتان.


[1] لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا نووسیومە. لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ و ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە.

بۆ بینینی وتارەکەی خاتوو شەهێن سابیر لێرەدا کلیک بکە.

بۆ بینینی وەڵامەکەی مامۆستا سەڵاح ڕەئوف لێرەدا کلیک بکە.

باش ماوە؟

باش ماوە؟1

پرسیار: ئایا باش ماوە؟

وەڵام: بەڵێ، باش ماوە: خۆت!

گلەیی لە ئاکاری کەسانی دی مەکە، ئاکاری ئەوان بە تۆ دەستەمۆ ناکرێت، بەڵام دەتوانیت ئاکاری خۆت دەستەمۆ بکەیت. ئاکار و ڕەفتاری کەسانی تر وەک کەشوهەوا ببینە کە هیچ دەسەڵاتێکت بەسەریدا ناشکێتەوە، چاوەڕێی بەرانبەر مەکە تا بۆ ئاکار و کردەوەی باش هانت بدەن، بەڵکو تۆ بۆ ئاکار و کردەوەی باشی بەرانبەرەکەت ببە بە هاندەر، مادەم تۆ پێودانگی ئاکارت هەیە، کەواتە ئەو پێودانگە لەسەر خۆت جێبەجێ بکە، نەک خەڵک. تۆ بەرانبەر بە خۆت لە دەسەڵاتی تەواودایت، بەڵام بەرانبەر خەڵک لە دەسەڵاتدا نیت. ئەگەر تۆ باش بیت، ئەوا دەبیتە هیوا بۆ سەرلێشێواو و لادراو و پەڕاوێزخراوەکان.

ئەگەر هونەرمەندیت، مەڵێ: «هونەرمەندمان نییە!»؛ ئەگەر زمانناسیت، مەڵێ: «زمانناسمان نییە!»؛ ئەگەر فیلمسازیت، مەڵێ: «فیلمسازمان نییە!»؛ ئەگەر بەئاکاریت، مەڵێ: «بەئاکارمان نییە!»؛ ئەگەر خۆت باشیت، مەڵێ: «باشمان تێدا نییە!».

ئەوە نییە تۆمان هەیت؟ ئێمە دڵمان بە تۆ خۆشە، کە تۆ بڵێیت نیمانە، ئەی ئیتر ئێمە دڵ بە کێ خۆش بکەین؟ ئێمە چاومان لە دەستی تۆیە. لە ئێستا بە دواوە تۆ ببە بە سەرپشک و ئاراستەمان بکە، لە بری گلەییکردن لە تاریکستانیی گۆڕەپانەکە و بوودەڵەیی کەسانی تر، ئەوا ئەو هەموو ڕووناکییەی ئەو گۆڕەپانە چۆڵە ببینە کە بۆ چالاکیی تۆ ئاوەڵایە! لە دەنگی ستۆییزمەوە.


  1. لە ١ی ئەیلوولی ٢٠١٩دا نووسیومە، لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١ و ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ و ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

من و گوستاڤ مالەر

من و گوستاڤ مالەر[1]

ساڵی ٢٠٠٩ خاڵۆزاکەم ئایپۆدێکی بچکۆلانەی چوار گێگابایتی لە وڵاتی چینەوە بۆم نارد. ماڵپەڕێکی ڕووسیشم دۆزیبووەوە کە پڕ بوو لە موزیکی کلاسیک بە خۆڕایی. زۆرێک لەو موزیکە کلاسیکییانەم بێسەرەوبەرەییانە دابەزاندە لای خۆم، هەموو فایلەکان بە ڕووسییەکی تێکشکاو نووسرابوون و نەدەخوێنرانەوە. ئەوەندەی ئایپۆدەکەم گرتنی هەندێکم بە هەڕەمەکی تێکرد و بەردەوام گوێم لێیان دەگرت. زۆر تامەزرۆی یەکێک لە موزیکەکان بووم، بەڵام بە داخەوە نەمدەزانی ناوی چییە و کێ دایناوە.

ساڵ هات و ڕۆیشت، بە بۆنەی لێکۆڵینەوەم لە بەئۆرکێستراکردندا لێکۆڵینەوەم لە گوستاڤ مالەردا دەکرد، چونکە مالەر یەکێکە لە باشترین بەئۆرکێستراکەرەکانی مێژووی موزیک. بۆم دەرکەوت کە ئەو موزیکەی خولیایەکی تایبەتم بۆی هەبوو جووڵەی دووەمی سیمفۆنیی دووەمی مالەر بوو. هەموو ئەو موزیکانەشی کە لە ئایپۆدەکەمدا بوون و وەکو ناوی خۆم هەموویانم ئەزبەر کردبوو سیمفۆنییەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەمی مالەر بوون.

من بەوپەڕی تێگەیشتنمەوە، بەوپەڕی باوەڕمەوە لەم تەمەنەی ئێستامدا پێم وایە دونیا تەنهاوتەنها لەبەر ئەوە دروست کراوە کە گوستاڤ مالەر سیمفۆنییەکانی خۆی بنووسێتەوە و منیش گوێیان لێ بگرم و چێژیان لێ ببینم. ساڵێک زیاترە کە هیچ ڕۆژێکم بێ سیمفۆنییەکی مالەر تێنەپەڕاندووە، پێشم وایە ئەوپەڕی چێژی هونەری لە سیمفۆنییەکانی مالەردا هەن.

من بۆ تاتایە سوپاسی ئەو ڕێکەوتە جوانە دەکەم.

ئەم ڤیدیۆیە هەموو سیمفۆنیی دووەمی مالەرە، ئەگەر بۆ هەر جارێک کە گوێم لەم موزیکە گرتووە دۆلارێکیان لێم بسەندایە، ئێستا دەبوو کورسییەکەی ژێریشم بفرۆشم! جووڵەی دووەمی سیمفۆنییەکە لە خولەکی ٢٢:٥٢دا دەست پێ دەکات.

ئەگەر ڤیدیۆکە لە ماڵپەڕەکەمەوە نەکرایەوە، ئەوا لە یوتیوب کەناڵی EuroArtsChannel ڤیدیۆکەیان داناوە، لە ١٥ی شوباتی ٢٠١٥دا دانراوە، کاژێرێک و ٢٦ خولەک و ٢٧ چرکەیە، کلاودیۆ ئەبادۆ ڕابەرایەتیی ئۆرکێستراکە دەکات. ئەمە هەموو ناونیشانەکەیەتی:

Gustav Mahler: Symphony No. 2 “Resurrection” (Lucerne Festival Orchestra, Claudio Abbado)


[1] ئەگەرچی ڕێکەوتی نووسینی لەسەر نییە، بەڵام بە نزیکی لە ساڵی ٢٠١٩دا نووسیومە. وا بزانم نزیکی ڕۆژی لەدایکبوونەکەم بوو، واتە لە سەرەتای تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا نووسیومە. لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەوە.

دیاکۆ و کیاکسار

دیاکۆ و کیاکسار1

هەبوو نەبوو، سەردەمی زوو، دیاکۆ و کیاکسار دوو پێشمەرگەی کوردستان بوون. لە جەنگی دژ بە سوپای ئەهریمەندا هاوشانی یەک دەجەنگان. سوپای ئەهریمەن گەلێک بێبەزەیی و دڵڕەق و خاپوورکەر بوون. لە خەستەی جەنگەکەدا دیاکۆ دەستی لە جەنگ بەردا. دەیوت: «ئەمە کەی وڵاتە؟ لە پێناوی چیدا وا بکەم؟» و بەم پاساوە بەرەو هەندەران ڕۆیشت. ئێستا کیاکساری تەنیاباڵ تا ئێستاش لەگەڵ سوپای ئەهریمەندا دەجەنگێت، دیاکۆش زووزوو لە هەندەرانەوە گلەیینامەیەک دەنووسێت و ئاراستەی کیاکساری دەکات.

کۆتایی.

کرۆکی پەیامەکەم سەبارەت بە بەجێهێشتن

پێم وا نییە لە زۆربەی هاووڵاتییەکانی ئەم وڵاتە بچم. یەکێکیشم لە پەڕاوێزەکانی کۆمەڵگا، خەریکی کۆمەڵە کارێکیشم کە زۆرینەی خەڵک خۆیان لە قەرەی نادەن و زۆر کەس گاڵتەی بە بیرکردنەوە و کارەکانم دێت. بە ئێستاشەوە بۆ بەجێهێشتنی ئێرە جیهانێک هۆم هەبووە و هەیە، بەڵام هەرچەند بیر دەکەمەوە ناتوانم بە کۆی گشتی بیلۆژیکێنم کە بۆچی ئێرە بە جێ بهێڵم؟

ئەگەر ئەوروپا لێرە باشترە، خۆ ئەوێ لە ئاسمانەوە نەکەوتووەتە خوارەوە، بەڵکو ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسانێک ئەو ئەوروپایەی ئێستایان بونیاد ناوە. ئەی کەواتە من بۆچی نەبم بە یەکێک لەو کەسانەی ئێرە بونیاد دەنێن؟ ئەگەر مێژووی سەرکەوتنی گەلانی جیهان بخوێنینەوە، سەرخستن و پێشخستنی ئەم لەتکەوڵاتە دەڵەمەیە ئاسانتر و خێراتر و بەکارتر دەبێت، چونکە لە ئەزموونی شکست و سەرکەوتنی ئەوانی ترەوە کات و وزەمان بۆ دەگەڕێتەوە.

بە هەزاران ڕۆژ و ملیاران دۆلار سەرف کراوە لە پێناوی ئەوەی هەموومان دەستبەرداری ئەم وڵاتە و ئەم گەلە ببین، چیتر وڵاتێک دروست نەبێت ناوی کوردستان بێت، بۆ ئەوەی بە دەستی خۆمان، نەک بە گوللەی ئەوان، ئەم وڵاتە تووڕ بدەینە نێو زبڵدانی هیواکانەوە. بە ملیاران پیلانی کورتخایەن و درێژخایەنی بۆ داڕێژراوە تا هەرگیز نەکەوێتە سەر پێی خۆی. کە تۆ بەرهەڵستیت نەکرد، کەواتە یان لە پیلانەکەی ئەواندا بەشداریت، یان بەرکاری ڕاستەوخۆی پیلانەکەیانیت. بە هەردوو دیودا دەبیتە هۆی سەرکەوتنی پیلانەکەیان. من هەرگیز سەرزەنشتت ناکەم، دڵنیام کە تۆ لە من زیاتر خەونی دروستبوون و پێشکەوتنی ئێرەت هەیە، دڵنیام تۆ بە نیازی بەشداریکردن لە پیلانەکەی ئەواندا ئەمەت نەکردووە، بەڵکو بوویتەتە بەرکار.

خۆم هەزاران کەسی فرەڕەنگم دوواندووە کە خواستی بەجێهێشتنی ئێرەیان هەبووە. یەکێک لە گەورەترین بیانووەکەیان ئەوە بووە کە: «ئێرە ئازادیی تاکی تێدا نییە». بە تێگەیشتنی کۆنکرێتیی من، هەر ئەوەندە کەسی کە هاوڕان لەسەر ئەوەی ئێرە ئازادیی تاکی تێدا نییە، گەر کۆ ببنەوە، دەتوانن ئازادی تاک لە دەستووردا بچەسپێنن، بەڵام نازانم بۆچی بیری تراویلکەئاسای هەڵهاتن هەمیشە وەک چارەسەر لەبەر چاویاندا خۆی نمایش دەکات؟

وەرە سوور بە لەسەر وادە و بەڵێنی

وەرە کورد بە و مەکە پەیمانشکێنی

ئەگەر کوردستان ناخۆشە، وەرە خۆشی بکەین. گەر دواکەوتووە، وەرە پێشی بخەین. گەر یاسا نییە، وەرە یاسا بچەسپێنین. گەر دادپەروەری نییە، وەرە دادپەروەری بچەسپێنین. گەر خەڵک بێئاوەزن، وەرە هۆشیاریان بکەینەوە. گەر بێهێزە، وەرە بەهێزی بکەین. گەر هەژارە، وەرە دەوڵەمەندی بکەین. گەر خراپە، وەرە باشی بکەین. گەر ئازادیی نییە، وەرە ئازادی بکەین. گەر هونەری نییە، وەرە هونەری بۆ دروست بکەین. گەر تەکنەلۆژیای نییە، وەرە تەکنەلۆژیای بۆ پێشبخەین. گەر مێژووی نییە، وەرە مێژووی بۆ تۆمار بکەین. گەر سەقەتە، وەرە چاکی بکەینەوە. هەرچییەکی نەرێییە، وەرە پێکەوە و هەر یەکەمان لە لایەن خۆمانەوە ئەرێی بکەین.

بەڵام مەڕۆ، شەڕی ئەهریمەن بەسەر مندا بە جێ مەهێڵە، پشتم بەرمەدە. گەر بە جێشت هێشتم، گلەیی کەمئاوەزی لە من مەکە، چونکە ئاوەزی من بە ئاوەزی تۆوە تەواو بوو، ئێستا کە تۆ ڕۆیشتوویت ئاوەزی من نیوەیە.

تا زیندوویت هەل هەیە بۆ ئەوەی دەست بخەیتە ناو دەستمەوە و ئێرە بۆ نەوەکانی ئایندە شیاوتر بکەین. وا بکەین خەڵک پەنامان بۆ بهێنێت، نەک ئێمە پەنا بۆ خەڵکی تر ببەین. تەنهاوتەنها ئەگەر هەڕەشەی کوشتنت لەسەرە، ئەوا بڕۆ گیانی خۆت ڕزگار بکە.


  1. لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٩دا نووسیومە. لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢١ و ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ و ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ و ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

وێنەسازی

1وێنەسازی

وێنەسازی: بە ئینگلی پێی دەڵێن ئیدیتEdit . وەک هەموو جۆرێکی تری هونەرە و کارامەیی و لێزانینی دەوێت. بەڵام هەندێک زانیاریی ناڕاست لە بارەیەوە بڵاو بوونەتەوە کە دەبێت ڕاست بکرێنەوە. مەرج نییە وێنەسازی هەموو کاتێک خراپ بێت. وێنەساز دەیەوێت دوای لابردنی هەندێک نەنگیی ناو وێنەیەک، ئەو وێنە و دیمەنە لەگەڵ تۆدا بەش بکات.

بینایی چاوی مرۆڤ و چاوی کامێرا جیاوازن. کامێرا لە چاو جوانتر نابینێت، چاوی مرۆڤ زۆر لە چاوی کامێرا زیاتر دەبینێت. ئەمڕۆ زۆرینەی خەڵکی جیهان بە تەلەفۆنی دەستی وێنە دەگرن و بە گشتی کۆمەڵێک نەنگیی جیهانیی بچووک و زانیاریی هەن کە شایستەیە بزانرێن.

هەندێک لە نەنگییەکان

  • وردە خاڵ و پەڵەی بچووک لە پێستی زۆربەی مرۆڤدا هەیە، بە تایبەتی لە دەموچاویاندا. بەڵام خۆیان نایانبینن، وێنەساز دەیانبینێت.
  • زۆربەی خانمان کە ماسکەرا دەکەن خاڵێک یان چەند خاڵێک لە ماسکەراکەیان دەپرژێتە سەر گۆنایان. خۆیان نایانبینن، وێنەساز دەیانبینێت.
  • زۆربەی خانمان و پیاوە قژدرێژەکان هەمیشە تاڵێک یان چەند تاڵێک هەن لە لێویان گیر بووە. خۆیان نایانبینن، وێنەساز دەیانبینێت..

ڕاستییەکان

  • زۆربەی بەتەمەنەکان کە لە ئاوێنەدا خۆیان دەبینن، وردە چرچییەکانی دەموچاویان یان پشتگوێ دەخەن، یان نایانبینن. یان دەیانبینن و بە هیوای ئەوەن کە ئەوەندە زەق نەبن. ئەمانە ڕەنگە خۆیان بیانبینن یان نا، بەڵام وێنەساز دەیانبینێت.
  • زۆربەی مرۆڤە گەنمڕەنگەکان کەمێک خۆیان کاڵتر دەبینن وەک لەوەی هەن.
  • زۆربەی مرۆڤە زۆر سپییەکان کەمێک خۆیان تۆختر دەبینن وەک لەوەی هەن.
  • زۆربەی ڕەشپێستەکان خۆیان کەمێک کاڵتر و ڕوونتر دەبینن وەک لەوەی هەن. یان وەک ئەوەی لە کامێرادا دەربچن. ڕەنگە کورد لەبەر کەمیی تێکەڵبوونی لەگەڵ ڕەشپێستدا زۆر هەست بەم دیاردەیە نەکات. بەڵام ڕەشپێستی نەگبەت کە وێنەی لەگەڵدا دەگریت، بە تایبەتی لە تاریکی و شوێنی داخراودا، هەر هێلکەیەکی ڕەشی زل دەردەچێت بە ملی لەشێکەوە.
  • هەندێک کات کە بە ڕۆژ بە تەلەفۆنی دەستی وێنەی شوێنێک دەگریت، لە دەستییەکەتدا ئاسمان شینتر دیارە بە بەراورد لە ئاسمانە ڕاستییەکەی ئەو چرکەیە.
  • زۆر جار پێستی دەموچاو لە وێنەی دەستییدا سافتر و ناسکتر دەردەکەوێت لەو پێستە ڕاستییەی کە لە ئاوێنەدا دەیبینیت.
  • کە لە پاڵ ئاسمانێکی شینی تۆخدا وێنە دەگریت، ئاسمان لە وێنەکەدا سپی دەردەچێت.
  • زۆر جار ئەو شوێنەی تیایدایت لە وێنەی دەستییەکەتدا تاریکترە لەوەی بە ڕاستی خۆتی تێدایت، بە تایبەتی شەوان.
  • هەندێک جار چاوت لە ئاوێنەدا گەورەتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکی مۆبایلەکەتدا دەردەچێت.
  • هەندێک جار لووتت یان دەمت گەورەتر یان بچووکتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا دەیبینیت. یان بە پێچەوانەوە.
  • زۆر جار چەناگەت بە گەورەتر یان بچووکتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا دەیبینیت.
  • هەندێک جار خۆت بە تووکنتر یان لووستر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا خۆت دەبینیت.
  • زۆر جار باڵات بەرزتر یان نزمتر، خۆت قەڵەوتر یان لاوازتر یان خۆت بە پیرتر یان گەنجتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا دەبینیت.
  • زۆر جار ئەو وێنەیەی گرتووتە خاڵخاڵی بچووکی ناشیرینی زیاتر تێدایە بە بەراورد بەو وێنەیەی بە چاوی خۆت دەیبینیت. بە تایبەتی لە شوێنە تاریکەکانی ناو وێنەکەتدا و بە تایبەتی لە کاتی ڕووناکیی کەمدا.
  • وێنەیەک دەبینیت کە هاوڕێیەکتی تێدایە هەندێک جار ڕاستەوخۆ هاوڕێکەت دەبینیت، یان هەندێک جار لە هەندێک وێنەدا پشتینەی هاوڕێکەت سەرنجڕاکێشترە.
  • لە وێنەیەکدا دەبینیت نیوەت پەڕیوە، یان نیوەی هاوڕێکەت پەڕیوە، چ بە ئاسۆیی و چ بە ستوونی.
  • زۆر جار کەسێکی ڕاوەستاو لە وێنەیەکدا قاچی پەڕیوە و لە پووزییەوە دەرکەوتوە. کەچی بۆشاییەکی زۆر لە بەری سەرەوەی وێنەکەدا هەیە. وەک ئەوەی هەندێک جار لە دەرەوە کە وێنەیەکت دەگیرێت تەنها سەرت دیارە و هەمووی ئاسمانە. ئەو پرسیارە دروست دەبێت کە ئایا ئەمە وێنەی ئاسمانە و سەری تۆی تێکەوتووە؟ یان وێنەی تۆیە و ئاسمان بەشێکی زۆری تۆی داگیرکردووە؟

ئەمانە هەموو پەیوەندییان بە بینینی مرۆڤەوە هەیە.

لەم وێنەیەدا ئاسمان گۆڕاوە، چون ئاسمانی ئەو چرکەیەی شارەکە هێندە پڕهەور نەبوو

هونەری وێنەگرتن و وێنەسازی

لەبەر هەموو ئەمانە، هونەری وێنەگرتن دروست بووە و خەڵکانێک خەریکین. لەبەر هەموو ئەمانەشە کە هونەری وێنەسازیش پەیدا بووە. وێنەگر و وێنەسازی ڕاستی زۆر جار هەوڵ دەدەن ئەوەت پیشان بدەن کە چاویان دیونی. بەڵام بیرێکی فراوانتریان بۆ وێنە هەیە. ئەوان بەرپرسیارن لەوەی ئاراستەی بینین بکەن بۆ وێنەکە. ئەگەر وێنەیەک وێنەی تۆ بێت، ئەوا دەبێت کارێک بکرێت کە ڕاستەوخۆ تۆ ببینرێیت. نەک بینەر بە دواتدا بگەڕێت.

زۆر دوورکەوتنەوە باش نییە

خەڵکانێکی زۆریش هەن کە لە وێنەسازیدا زۆر لە وێنەکە دوورتر دەکەونەوە و وای لێ دێت ڕاستینەی وێنەکە ناناسرێتەوە. بەڵام وێنەسازی باش وا دەکات ئەوەت پیشان بدات کە خۆی دیویەتی. ئەوەش لەبەر ئەوەی یەکێک لە گەورەترین جیاوازییەکانی کامێرا و چاو ئەوەیە کە چاو لە ڕووناکیی ئێجگار کەمدا دەبینێت. بەڵام کامێرا هەموو کات ئەوەندە نابینێت. هەروەها چاو مەودای دینامیکیی2 چەندین قات لە کامێرا زیاتر دەبینێت. لەبەر ئەوە چەندین تەکنیک هەن بۆ ئەوەی وێنەیەک بگریت و دوایی لە وێنەسازیدا وای لێ بکەیت کە لە ڕاستییەکە خۆی بچێت. هەندێک جار ئەگەریش کەمێک لە ڕاستی زیاتر بێت هەر ئاساییە. بەڵام کە زۆروبۆر دەبێت من وەک خودی خۆم حەزم لێی نابێت.

دەبێت وێنە پڕۆسەی وێنەسازی ببینێت

لەبەر هەموو ئەمانە و زۆر هۆی تر وێنەی وێنەگری ڕاستی تا بە پڕۆسەی وێنەسازیدا تێنەپەڕێت نابێت بە وێنەیەکی ڕاستی. بۆیە چەسپاندنی ئەو بیرۆکەیەی کە گوایە وێنەسازی کارێکی چەوتە، هەڵەیە. کەسانێک هەن بە چەندین کاژێر خەریکی تەنها یەک وێنە دەبن. چەندین جار بیر دەکەنەوە و بڕیار دەدەن کە چۆن بە باشترین شێوە ئەو وێنەیەت پێشکەش بکەن. ئەگەر خۆیان وێنەگرەکەش بن، ئەوا لە ململانێیەکی تەواودان لە نێوان یادگەیاندا لە کاتی گرتنی وێنەکە و هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی وێنەکانیان لەو دیمەنەی دیویانە.

کەسانێک هەن بە چەندین تەکنیک و تەکنەلۆژیا شت فێر دەبن تەنها بۆ ئەوەی باشترین دیمەنت پیشان بدەن. هەندێکیان چاویشیان لە داهاتە، ئەوەش تەواو مافی خۆیانە کە بەو پیشەیەی پێوەی ماندوو دەبن ژیانیان دابین ببێت. من هیچ وێنەیەکم نییە بڵاوم کردبێتەوە و بە وێنەسازیدا تێنەپەڕیبێت. وێنەسازی بە هەڵە نازانم. بە پێچەوانەوە بە شتێکی باشیشی دەزانم، ئەگەر زیرەکانە و لێزانانە بکرێت، نەک کاتێک لامسەرلاییانە بە مۆبایلەکەت خزێنەرەکانی وێنەسازی ڕادەکێشیت و وا هەست دەکەیت وێنەکەت جوانترە.


  1. لە ١٨ی نیسانی ٢٠١٧دا نووسیومە؛ لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
  2. مەودای دینامیکی: بە ئینگلی: Dynamic Range: واتا مەودای جیاوازیی نێوان زۆرترین ڕووناکی و زۆرترین تاریکی. ↩︎

دەسەڵات و مرۆڤ

دەسەڵات و مرۆڤ1

سەربردەی ڕاکردنی بەیانییەک

هەندێک جار بەیانییان دەچم بۆ ڕاکردن.

  • بۆچی؟ قەرزاریت؟

مەبەستم وەرزشە. لەولا ماڵی خۆمانەوە تا گڵەزەردە دەشتاییەکی فراوانە و لەوێ ڕادەکەم. هەندێک جار تووشی بەزمی سەیر دەبم. بەیانییەک زۆر ڕامکرد و کەمێک وەستام و لە ئاسمان ڕامام. مانگ چواردە بوو و هێشتا بە ئاسمانەوە مابوو، بە دەستییەکەم وێنەیەکی خۆم و مانگم گرت و کەوتمەوە ڕێ.

لەو ناوەدا بنکەیەکی لێیە، نازانم هی چییە، بەڵام هەندێک یاساوڵ بە جلی سەربازییەوە دەبینم. بە جۆرێتیی باڵەخانە داڕماو و کۆنەکەیان و جلوبەرگی سەربازە هەژار-دیارەکانیاندا بێت، وا دیارە شوێنێکی ئەوەندە ستراتیژی نییە.

دوای ئەوەی وێنەکەم گرت و گەڕامەوە، یەکێک لەو یاساوڵانە چاوەڕێی گەڕانەوەمی دەکرد و لەسەر ڕێ بۆم وەستابوو. هەر کە نزیک بوومەوە و زانیم نیازی وایە قسەم لەگەڵدا بکات، بیستۆکم لە گوێ دەرهێنا و موزیکەکەم وەستاند و وەستام.

ڕووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ یاساوڵێکدا

یاساوڵەکە یەکسەر پرسیی:

– کاکە، ئەوە چی بوو لەوێ مۆبایلت دەرهێنا؟ وێنەت گرت؟

وەڵامیم دایەوە و وتم:

– بەڵێ.

وتی:

– کاکە قەدەغەیە!

منیش پرسیم:

– چی؟

وتی:

– وێنەگرتن.

پرسیم:

– بۆچی؟

وتی:

– کاکە ئەمە پەیوەندیی بە ئاسایشەوە هەیە، خۆت دەزانیت ئێستا شەڕ هەیە و داعش هەیە و تیرۆریست هەیە…

ئیتر ئاوها پەیامی قسەکەی تەواو نەکرد و چاوەڕێی دەکرد من خۆم وتەکانی ئەو لە مێشکی خۆمدا تەواو بکەم و لێی تێبگەم. پێیم وت:

– قوربان، ئەگەر سەرنجێکی شێوەم بدەیت کە بە شۆرت و کالە و تیشێرتێکەوەم و بیستۆکێکم لە گوێدایە و ڕادەکەم، پێم وا بێت هەموو کەس بمبینێت دەزانێت کە بۆ وەرزش هاتووم. ئینجا قوربان تەماشایەکم بکە، لە تیرۆریست دەچم؟ لە داعش دەچم؟

یاساوڵەکە وەڵامی دامەوە و وتی:

– نا، کاکە، مەبەستم ئەوە نەبوو کە تۆ تیرۆریستیت.

وتم:

– قوربان، یان من کوردییەکەم باش نییە، یان مەبەستت ئەوە بوو.

دیسان دووپاتی کردەوە و وتی:

– نا، کاکە، من ویستم بڵێم وێنەگرتن لەوێدا قەدەغەیە.

وتم:

– قوربان گیان، وێنەیەکی مانگ و خۆمم گرت، جا ئەگەر هەر کامێک لە مانگ یان من موڵکی بەڕێزتین ئەوا پێم بڵێ با داوای لێبوردنت لێ بکەم و هەر ئێستاش وێنەکان بسڕمەوە.

یاساوڵەکە وتی:

– نا، کاکە، بەڵام ئێمە پێمان وتراوە کە وێنەگرتن لەو دەشتاییەدا قەدەغەیە.

کەمێک وەستام و بیرێکم کردەوە بە شێوەیەکی تر پەیامەکەم بگەیەنم. وتم:

– قوربان، ئا ئەویا دەبینیت؟

لەگەڵ وتنی ئەم قسەیە و لەمسەر بۆ ئەوسەری مەودوای بینینی هەردووکمان دەستم ڕاکێشا. یاساوڵەکەش وتی:

– بەڵێ دەیبینم.

وتم:

– قوربان، ئەوە پانزە دۆنمی هی منە، من هەر لەناو زەویی خۆمدا وێنەم گرتووە!

یاساوڵەکە بێدەنگ بوو، تەماشایەکی منی کرد و تەماشای دەشتاییەکەی کرد. زانیم ئێستا چیتر ئەو دەشتاییە وەک کەمێک لەوەوبەر نابینێتەوە. هەرچەند تەماشای دەکات بیر لەوە دەکاتەوە بۆچی دەبێت ئەوە موڵکی من بێت و ئەو یاساوڵ بێت؟

یاساوڵەکە بێدەنگ بوو، منیش بێدەنگییەکەم قۆستەوە بۆ ئەوەی کەمێکی تر دۆخی دەروونە ورووژاوەکەی هێور بکەمەوە. وتم:

– ئەوەش ماڵمانە لەو شوقانەداین، هەر کێشەیەکیش بە بۆنەی منەوە ڕووی دا وەرن هەر بە مشتەکۆڵە بمبەن بۆ ئاسایش.

یاساوڵەکە هەر بێدەنگ بوو. ئینجا بڕیارم دا لێی بگەڕێم تا درێژە بە بەیانییەکەی بدات. لێم پرسی:

– قوربان، خزمەتێکت پێویست نییە؟

وەڵامی دامەوە و وتی:

– نا براکەم.

بە ڕێزەوە پێم وت:

– ڕێزت هەیە، بەیانییەکی خۆش.

بیستۆکم لە گوێ کردەوە و موزیکەکەم داگیرساندەوە و کەوتمەوە ڕاکردنی خۆم.

ئەمڕۆ بەرهەمی دوێنێیە!

من کەسێکی ئاژەڵدۆست نیم. ڕاستت بوێت، کاتی خۆی لە مزگەوتدا فێریان کردم کە ئەگەر ژنێک بە لامدا تێپەڕی و قاچی ڕووت بوو من بە شرینقە تێزاب بکەم بە قاچیدا. لە دینداریدا ئێرە خاڵی وەرچەرخانی بیری من بوو.

باشە بۆچی تێزاب بە قاچی خەڵکدا بکەم؟ جلوبەرگ و شێوازی پۆشینی خەڵک کەی پەیوەندیی بە منەوە هەیە؟ باشە تێزاب پرژاندن بە قاچی خەڵکدا حوکمدان و سزادان نییە؟ ئەی ناڵێن خودا هەیە و خۆی لێپرسینەوە دەکات و لە ئێمە زاناتر و داناترە و بە لێزانیی خۆی سزای خەڵکان دەدات یان پاداشتیان دەداتەوە؟ ئەی کەواتە من کێم لە خۆمەوە لەسەر زەوی ڕۆڵی خودا ببینم و سزای ژنێک بدەم؟ من چوزانم ئەو ژنە کێیە و چییە و چیرۆک و نهێنی و بیروبۆچوون و نیازەکانی چین؟ من بۆچی ببم بە خودا؟

ئەو کاتە پێم وا بوو ئەمە خۆهەڵقورتاندنە لە کاری خودادا، خودا لە من باشتر دەزانێت کێ سزا دەدات و کێش پاداشت دەکات، باشتر وایە لێبگەڕێم خۆم و خەڵک بە ئاشتی بژین و لێپرسینەوەش بۆ خودا بە جێ بهێڵم.

خۆشبەختانە هەرگیز کاری وام نەکرد. وردەوردەش باوەڕم لاواز دەبوو. چونکە ئەم پرسیارانەم منیان خستە نێو پرسیاری ترەوە بەرانبەر بە لایەنە لاواز و نالۆژیکی و دژیەکەکانی تری دین کە لە منداڵیماندا زەفەرمان پێ برابوو و لە مێشکماندا وەک باوەڕی کوێرانە چەسپێنرابوون.

باوەڕم لاواز بوو

ئەگەر چاوی ماڵەوەم لەسەر نەبووایە نوێژم نەدەکرد. ئەگەر ئاگادار نەبوونایە بە بێ دەستنوێژ نوێژم دەکرد. ئەگەر دایکم لە ژوورەکەی ئەودیوەوە پێی بوتمایە: «نوێژ بکە»، ڕیکعاتم لە نوێژەکە کەم دەکردەوە. هیچ سوورەت و ئایەتێکم نەدەخوێند. هەر وەکو فاتیحای پرسەگێڕان تا بیست و پێنجم دەبژارد و ئەڵلاهوئەکبەر. ئاوا نوێژەکەم تەواو دەکرد.

تا ڕۆژێک وتم ئەمەی من دەیکەم خۆخڵەتاندنە! بڕیارم دا نوێژ نەکەم. ئینجا ماڵەوە لێیان پرسیم:

– نەوا بۆچی ناچیت بۆ نوێژ؟

وەڵامم دانەوە و وتم:

– چونکە نایکەم!

ئینجا ئەوان بە سەرسامییەوە وەک بڵێیت هەرگیز خۆیان بۆ وەڵامی وەها ئامادە نەکردبێت و هەرگیز ئەوەیان بە هەڵبژاردە نەزانیبێت کە شتێک هەیە ناوی نوێژنەکردنە، بە سەرسامییەوە پرسییان:

– چییییییی؟

منیش بۆ ئەوەی لە کورتی بیبڕمەوە، پێم وتن:

– گوێ بگرن، یەک کەس پێم نەڵێت نوێژ بکە و مەیکە، تێگەیشتن؟ چیتر لە کەسی قبوڵ ناکەم ئامۆژگاریم بکات و ڕێم بۆ دابنێت. من لەمەودوا خۆم ڕێی ژیانی خۆم دەگرم. دەشچمە گۆڕی خۆمەوە.

دوای ئەمەش لەگەڵ هەموو بانگێکدا بیریان دەخستمەوە کە کاتی نوێژە. وەک بڵێیت بانگەکە دەنگەکەی ڕۆژەڕۆیەک ناڕوات و لەگەڵ هەموو هاوارێکی مەلادا ماڵەکەمان نالەرێتەوە! منیش یەکبەیەکی ئەم ئاگادارییانەم پشگوێ دەخست. دوای چەند مانگێک دووبارەبوونەوەی ئەم باسە ناخۆشە، ئیتر پێمیان نەوتەوە چی دەکەم و چی ناکەم.

مەبەستم پاشخانی خۆمە

مەبەستم نەبوو باسی خاڵی وەرچەرخانی دینداریم بکەم، بەڵام لەبەر ئەوەی باسی بابەتێکی هەستیارم کرد، بۆیە درێژەم پێی دا. ئەوەی مەبەستم بوو باسی بکەم ئەو پەروەردە جوانکیلەیە بوو کە من هەمبووە. ئێمە فێر کرابووین ڕقمان لە هەموو ئاژەڵێکی تر بێت، بە تایبەتی ئەو جۆرەی ئاژەڵ کە پێی دەڵێن مرۆڤ! تا ئێستاش ناتوانم ئاژەڵم هەبێت، ناتوانم پشیلەیەک بە خێو بکەم. تەنانەت کاتێک هاوڕێیەک سەگێکی پێبێت هەوڵ دەدەم دوور بکەومەوە تا سەگەکە بە لامدا نەیەت.

ئەمە گرێیەکی منداڵییە و تا ئێستا بۆم نەکراوەتەوە. هەوڵیشم داوە ئەم گرێیە بکەمەوە، وەک لەو وێنەیەدا دەیبینن کە نازانم چۆن دەست بدەمە ئەو پشیلە بەستەزمانە!2 ئاژەڵدۆست نیم، بەڵام دوژمنیشیان نیم. لە هەموو ژیانمدا بەردێکم نەگرتووەتە پشیلەیەک و شانازیشم پێوەی.

ئەم وێنەیە لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢دا گیراوە.

دەسەڵاتە گاڵتینەکەمان مەرگی ئەوانی دەهێنا

شەوێک منداڵانی گەڕەک کۆ بوونەوە و بۆقێکیان بە زیندوویی سووتاند. ئەو قیڕەقیڕەی ئەو بۆقە داماوە لە ئاویلکەدا دەیکرد تا ئێستاش لە مێشکمدا دەزرنگێتەوە. ئەو کاتە کە منداڵیش بووم، لەو دۆزەخەدا بەشداریم نەکرد کە بۆ بۆقەکەیان ڕاخست. کە گەورەش بووم ئەو دێڕەی بایۆنی بۆریسثێنسم خوێندەوە کە دەڵێت:

«هەرچەندە منداڵەکان بۆ خۆشی و گاڵتە بەردیان دەگرتە بۆقەکان، کەچی بۆقەکان بە گاڵتە و خۆشییەوە نەدەمردن، بەڵکو بە جۆشەوە دەمردن».

چونکە ئەو وێنەیە لە منداڵیی خۆمدا هەبوو، زۆر سەرنجمی ڕاکێشا.

لە ماڵەوەم دەدزی بۆ پشیلە

کە منداڵ بووین پشیلەیەک فێری ماڵمان ببوو، من و براکەم ویستمان ماڵیی بکەین، بەڵام دایکم نەیهێشت. دواتر هەموو خزمان دەیانوت:

– کاکە پشیلەی چی؟! هەر ئەمەمان مابوو! بابە پشیلە پیسە، سپڵەیە!

ئێمەش بە دزییەوە گۆشتمان بە پشیلەکە دەدا و خزمەتیمان دەکرد. ڕۆژێک ئاشکرا بووین و چینێکی چاک سەرزەنشت کراین. ئیتر هەرگیز پشیلەمان ڕانەگرتەوە.

سەربردەی ڕاکردنی بەیانییەکی تر

ئینجا سەگ سرووشتێکی زۆر کەرانەی هەیە، هەر کە دەبینێت تۆ ڕادەکەیت، ئەویش بە دواتدا ڕادەکات! ئێ من قەرزارم ڕادەکەم، تۆ چی؟

من بۆ ڕاکردن گوێ لە جووڵەی چوارەمی سیمفۆنیی حەوتی بێتهۆڤن دەگرم، ڕەزمەکەی بۆ نەرمەڕاکردن زۆر گونجاوە، کاتەکەشی بەشی فەڕڕەیەکی تەواوی ڕاکردن دەکات. دەتوانیت خۆیشت تاقیی بکەیتەوە.

جووڵەی چوارەمی سیمفۆنیی حەوتەمی بێتهۆڤن بۆ ڕاکردنی بەیانیان زۆر گونجاوە

بەیانییەک سەگەلێکی زۆر گەلەکۆمەکییان کردبوو. بەسەر موزیکەکەی گوێمدا گوێم لە دەنگی سەگ بوو، بیستۆکم لابرد، تووتکەیەکی زۆر جوان، ئەوپەڕی تەمەنی بیست ڕۆژ دەبوو، دوام کەوتبوو. وەڕینەکەی زۆر هەتەرانە وەرگرتبوو، دەتوت بۆ مزگەوتی دەکات! خەریک بوو قوڕگی دەردەهات. منیش بۆی وەستام و کەمێک قسەم لەگەڵی کرد، ئەویش نەرمونیان بووەوە و لێم نزیک بووەوە. بڕیارم دا واز لە ڕەزمی ڕاکردنەکەم بهێنم و کەمێک کاتی لەگەڵ بە سەر ببەم.

نیو کاژێرێک لەگەڵ تووتکەکەدا یاریم کرد. ئەوەندە ماندوو بوو کە لێم دوور کەوتەوە و دانیشت. سەرنجم دا ئەو تووتکە بچکۆلە نازدارە هەردوو گوێی بڕابوو. زۆر پێم ناخۆش بوو. باشە دەبێت چ ویژدانێک دەستی چووبێتە ئەو تووتکە بچکۆلە و بێدەسەڵاتە؟ نێوان خۆمان بێت، ئەوە تا ئێستاش لە دڵمدا دەرنەچووە بۆیە ئەم نووسینەشم نووسی.

دەسەڵات، دەسەڵات، دەسەڵات!

مرۆڤی پەروەردەنەکراو، یان مرۆڤی بەدپەروەردەکراو بوونەوەرێکی ترسناکە. کە دایبابان لە منداڵییەوە بە خراپی دەسەڵات بە کار دەهێنن و لە بەردەم منداڵەکانیاندا مانۆڕی دەکەن لێکەوتەی ترسناکی دەبێت. بۆ نموونە کە لێیان دەدەن، سزای لەشییان دەدەن.

منداڵەکانیش کە چاوی ئەوانیان بەسەرەوە نەبێت هەمان ڕەفتار لەگەڵ خوار خۆیاندا دەنوێنن. بۆیە کاتێک ئەم جۆرە مرۆڤانە دەسەڵاتیان بەسەر شتێکدا دەشکێتەوە ئەتکی دەکەن. ئەگینا ئەگەر وا نییە، کاکی گوێبڕ فەرموو گوێی شێرێک ببڕە، یان تۆ چاک دەزانیت کە ئەم تووتکە داماوە هیچ دەسەڵاتی نییە، بۆیە دەتەوێت دەسەڵاتی خۆتی بەسەردا مانۆڕ بکەیت. ئەگەر بزانیت کەسێک داماوە و شەڕ نازانێت تێی هەڵدەدەیت. دە پاڵەوان ئەگەر ڕاست دەکەیت فەرموو پەلاماری پشتێنڕەشێکی کۆنگفو بدە.

پەروەردەی ئەو جۆرە مرۆڤانە دووچاری هەڵگرتنی دروشمێکی ترسناکی کردوون، ئەویش ئەوەیە کە گەر دەسەڵاتم بەسەریدا شکایەوە ئەتکی دەکەم، گەر نەشکایەوە مەرایی دەکەم.

تا ئەو دروشمە و ئەو جۆرە ڕەفتارانە چارە نەکرێن نابێت چاوەڕێی حکومەت و دەسەڵاتێکی باشتر بکرێت. چونکە حکومەت و دەسەڵاتیش هەر لە دوو کەسی تری وەک تۆ دروست بووە. بۆ چاککردنی حکومەت و دەسەڵات، یەکەم جار خۆت چاک بکە.


  1. لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠١٥دا نووسیومە. لە کاتژمێر ٦ی بەیانیی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا لەگەڵ یاساوڵەکەدا گفتوگۆکەمان کرد. لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
  2. ئێستانان نێوانم لەگەڵ ئاژەڵدا زۆر باشترە. ئێستانان چەند پشیلەیەکم هەن. بەڵام لەبەر ئەوەی لەگەڵ دایکم دەژیم، پێی خۆش نییە بیانهێنمەوە بۆ ماڵەوە. خۆشبەختانە ئەم گرێ دەروونییانەم کردووەتەوە (شوباتی ٢٠٢٥). ↩︎

پەتای تەمبەڵی

1پەتای تەمبەڵی

گەشتی خوێندنت

بۆ ئەوەی زوو فریای قوتابخانە بکەویت ساڵێک گەورە کرایت. لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی هەموو ڕۆژێک پێت دەوترا: «بخوێنە بۆ ئەوەی بچیتە دوو». لە پۆلی دووەم و قۆناغەکانی تردا هەموو ڕۆژێک پێت دەوترا: «بخوێنە بۆ ئەوەی بچیتە قۆناغی داهاتوو». لە خوێندنگەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییشدا هەموو ڕۆژێک پێت دەوترا: «بخوێنە بۆ ئەوەی ببی بە شتێک».

گەشتی خێزانییت

بێگومان کەسێتییەکی پەلەکەرت لێ دروست بوو. بۆیە هەموو ڕۆژێک پەلەت لە ماڵەوە دەکرد هاوسەرگیری بکەیت، بۆیە لە نۆزدە ساڵاندا هاوسەرگیریت کرد. کە بە زانکۆ گەیشتیت، لە مانگی یەکەوە دەچوویت بۆ سەیرانی نەورۆز. لە مانگی دووەوە دەچوویت بۆ ئاهەنگی دەرچوون! ئەوەندە پەلەت بوو، خێرا منداڵێکت خستەوە.

گەشتی کارت

هەموو ڕۆژێک واستەیەکت دەکرد تا لە فەرمانگەیەکی حکومیدا داتبمەزرێنن. تەنها فەرمانگەی حکومیشت دەویست، چونکە لات وا بوو شوێنی کاری تر بڕاوە لای حکومەت نەبێت. پاشان بوویت بە فەرمانبەری حکومەت. کە دامەزرایت (نێوان خۆمان بێت) بە درۆوە نوخشەت لە یەک دوو ناسیاوی خۆیشت کرد.

دەبێت هەموو بەیانییەک بوومەلەرزەیەکی پلە نۆ ڕوو بدات تا تۆ ڕابیت و بچیت بۆ کارەکەت. هەنگاوێک بۆ پێشەوە و سیان بۆ دواوە دەچیت بۆ فەرمانگەکەت. مەزاجیشت شەڕی لێ دەپرژێت و هێشتا ڕانەبووە. لانیکەم چارەکێک درەنگ دەگەیتە فەرمانگەکەت.

چۆنێتیی کارت

کاتژمێر نۆ لە نووسینگەکەی خۆتدا و لەسەر مێزی کارەکەت ژەمێک نان دەخۆیت. کاتژمێر دە تۆزێک گوڵەبەڕۆژە دەخۆیت. کاتژمێر دە و نیو چایەک بە دەم باسی لەپاشملەی خەڵکانێک و حیلکەحیلکی ڕووکەشەوە بە نیو کاژێر دەخۆیتەوە. کاتژمێر دوانزە و چارەک لەبەر بۆنی پیاز کەس ناتوانێت سەردانی ژوورەکەت بکات. کاتژمێر دوانزە و نیو بە خەڵک دەڵێیت: «کاتی کار تەواو بوو».

بە درێژایی کاتی «کار»ەکەشت بە دڵی خۆت وەڵامی سەد تەلەفۆنی خزم و هاوڕێ و کەسوکار دەدەیتەوە و خەڵکانیشت لە بەردەمتدا ڕاوەستاندووە. هاووڵاتییان دەشکێنیت، هاوکارییان ناکەیت، ڕێنموونییان ناکەیت. لە ناخی دڵتەوە ڕقت لە هاووڵاتییانی بەردەمتە کە بوونەتە هۆی ئەوەی تۆ ئارامیت لێ تێکبچێت، وەک مەڕوماڵات تەماشایان دەکەیت، بۆت بکرێت لێشیان دەدەیت. لە خۆتەوە بە خەڵک دەڵێیت: «بڕۆ دوو مانگی تر وەرەوە!» تەنها لەبەر ئەوەی وزەت نییە ئەو ڕۆژە کارەکەیان ڕایی بکەیت. لەگەڵ وشەی ناکرێدا هاوسەرگیرییەکی زمانەوانییت کردووە.

 کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ لە ماڵەوەیت. سەری مانگیش کە کرێی ئەم گەشتە ڕۆژانەیەت وەردەگریت خۆت بە شایستەی زیاتر دەزانیت، چونکە فڵان کەس لە فڵان شوێندا، کە هەر وەک تۆ وایە بەڵام لە پلەیەکی بەرزتردا، زیاتر وەردەگرێت.

پاڵنەرت چی بوو؟ تەمبەڵی؟

من دڵنیام لەبەر «خانەنشینی» هەوڵت دەدا لە کەرتی حکومیدا دابمەزرێیت، تا کە پیر بوویت مووچەی خانەنشینی بەرانبەر ئەو هەموو خزمەتە پڕ لە بۆنی پیازە وەربگریت. خۆ بە شایستەی زیاتر زانین خوویەکی خراپ نییە، بەڵام لە بەراورددا کەسێکی تر بهێنە بەر چاوت کە لەو بڕە مووچەیەی تۆ کەمتر وەردەگرێت و زیاتریش و بگرە تا پلەی تینپڕووکێنی کار دەکات.

پەیوەندیی تۆ و کات چۆنە؟

تۆ لە پێناوی ئەمڕۆدا ناژییت، بەردەوام لە کاتێکی تردا دەژیت. بۆ ئەوەی ئایندەیەکی گەش بەرهەم بهێنیت، ناکرێت ئێستا خۆت لە خەیاڵتدا تیایدا بژییت. وێنای ئەو ئایندەیە بکە، بەڵام دەبێت لە ئەمڕۆوە بۆی بچیت. لە پێناوی مووچەی چل ساڵی تردا ئەمڕۆ دڵی کەسێک مەشکێنە. ئایندە بەلەمێکە هەموومانی تێداین، ئەگەر نوقم بوو هەموو پێکەوە نوقم دەبین. ناکرێت تۆ تەنها خەمی ئایندەی خۆتت هەبێت و ماف و ئەرکی خۆت و ماف و ئەرکی ئەوانی تر پشتگوێ بخەیت، ئەگەر کاری بەرانبەرەکەت ئاسان ببێت، کاری تۆش ئاسان دەبێت. بۆیە لە ئاسانکردنی کارەکاندا بەشدار ببە.

شوێنکاری تریش هەن

چەندین بەشگە (کۆمپانیا) و ڕێکخراو و کەرتی تایبەتی هەن، ڕەنگە بتوانیت مووچەیەکی زیاتریش تیایاندا بشایستێنیت. بەڵام بەشگە و ڕێکخراو و کەرتی تایبەت داوای ئاستێکی بەرزتر و کارێکی زیاترت لێ دەکەن. زنۆقت لە کاری زیاتر نەچێت! شایستاندنی ئەو مووچەیەی وەریدەگریت ئاسوودەیی دەروونی بە دوادا دێت. چون دڵنیایت ئەو مووچەیەی وەرتگرتووە بەرهەمی خزمەت و ماندووێتییەکی ڕاستی بووە.

تۆوی ئایندە لە دەستی تۆدایە

کە ئەوەندەش ئەو خانەنشینییەت لا پیرۆزە، ئەوا بیرێک بکەوە: سبەی ناتەوێت کە پیر بوویت و توانای ڕێکردنت نەما، بچیتە بانکێکەوە و فەرمانبەرە گەنجەکانی بانکەکە وەک ئێستای خۆت مامەڵەت لەگەڵدا بکەن. ناتەوێت دڵت بشکێنن و بە کەم تەماشات بکەن و کارەکەت بۆ جێبەجێ نەکەن. ئەگەر ئەوانەت ناوێت بەرانبەر بە خۆت بکرێن، خۆت بەرانبەر بە خەڵکی تر مەیانکە.

کلیلی چارەکان کوان؟

بەرنامەکانی کۆمپیوتەر فێر بە. دوو شتی جیاواز فێر بە. زمانی تر فێر بە. با خەونی گەورەت هەبێت. با خولیات هەبێت. با ئامانجت بە سوودی خۆت و نەتەوەکەشت بێت. ئەوەندە لە نەزانیی خۆتەوە سەرزەنشتی زمانەکەی دایکت مەکە کە تەنها هەر ئەو زمانەش دەزانیت!

تۆ وا دەزانیت حکومەت کێیە؟ هەر خۆتیت، بەڵام چەند خۆتێک. ئەگەر تۆ باش بیت ژیان باش دەبێت. ئەگەر تۆ باش بیت ئایندە باش دەبێت. ئەگەر تۆ باش بیت وڵات باش دەبێت. ژیان شایستەی خۆماندووکردنە، شایستەی هەوڵبۆدانە، شایستەی شایستاندنی ڕاستینەیە. پەرە بە خۆت بدە، خۆت کلیلی چارەکانیت، یان بەشێکیت لە کلیلە گەورەکەی چارەکان.

ئێستات چاک بکە، بەیانی هەر ئێستایەکی ترە، ئەگەر لەسەر بنەمای ئەم ئێستا پەرەپێدراوەت بونیاد بنرێت، ئەوا دڵنیا بە باشتر دەبێت، ئەگەر لەسەر بنەمای ژیانە کۆنەکەشت بونیاد بنرێت، ئەوا دڵنیا بە دۆزەخ دەبێت.

تێبینی لەسەر وشەی تەمبەڵی

تەمبەڵی: تەمبەڵی لە تەمبەڵ-ەوە هاتووە. لە ڕیشەدا وشەیەکی لێکدراوە لە تەن و بەڵ پێک هاتووە. تەن واتە لەش، وەک لە وشەی تەندروستی-دا هەیە. بەڵ واتە ئەوەی ئاوساوە، وەک برنج کە زۆر ئاو دەکێشێت بەڵ دەبێت و قورس و زل دەبێت. کەواتە تەنبەڵ لە ڕیشەدا واتە ئەوەی لەشی ئەوەندە ئاوساوە کە ناتوانێت کار بکات و هەڵبسووڕێت. دەنگی م لە پێش دەنگی ب-دا گۆڕاوە و بووە بە م. بە تەمەڵ و تەممەڵ و تەنبەڵ-یش دەنووسرێت.


  1. لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا نووسیومە. لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢١ و ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە.
    ↩︎

چۆن تەماتە دەخورێت؟

چۆن تەماتە دەخورێت؟1

لە کەبابخانەکان تەماتەیەکت بۆ دەهێنن بە قەد دوو سندی دەبێت، تەنها دوو کەرتیان کردووە. هەرگیزیش چەقۆیەکت بۆ ناهێنن تەماتەکەی پێ قاش بکەیت. وەکو نەریتێکی باویش هەموو کەبابخانەکان و تەنانەت عەرەبانەی سەر جادەکانیش کوێرانە هەر وا دەکەن.

باشە کەس تا ئێستا نەیپرسیوە: «ئەرێ تەماتە چۆن دەخورێت؟ ئایا بە قاڵب دەخورێت؟ بە نیوقاڵب؟ ئایا تەماتەی سەر قاپەکە بۆ دەمت دەبەیت؟ یان دەمت بۆ تەماتەی سەر قاپەکە دەبەیت؟» هەر چۆنێک لێکی دەدەیتەوە کە ئەگەر ئەو کەرتە بۆمبە بخەیتە دەمتەوە بیست خولەک جوینی دەوێت. ئەگەر بیشیخەیتە ناو پارووەکەتەوە لە کاتی قەپلێدانەکەدا لەژێرەوە یان دادەچۆڕێت، یان فیق تەماتەکە خۆی دەخزێتە کۆشتەوە و لە هەردوو بارەکەدا تاتایە لەکەکەی بە جلەکانتەوە لێنابێتەوە. تەنانەت لەو چێشتخانانەشدا کە شێفەکانیان یان تورکن یان نیمچەتورکن هەر هەمان تاس و حەمامە، بەڵام تەنها جیاوازی ئەوەیە لەوێ تا ڕادەیەک دەوێریت داوای چەقۆ بکەیت، یان خۆی لەسەر مێزەکە دانراوە.

هەموو نەریتێک شایستەی هێشتنەوە نییە2

لە سایەی پەتای دەبەنگییەوە، کە زۆربەی خەڵکان سەربەرزانە هەرچی خووی خراپ هەیە بە ناوی «خاکێتی» و «سادەیی»ەوە پەیڕەوی دەکەن، خوانەخواستە ئەگەر لە چێشتخانەیەکی میللیدا داوای چەقۆ یان چەتاڵ بکەیت، کە هێمای جیهانیی چێشتخانەن، پێت ڕادەبوێرن و لەوانەشە تووشی شەڕ ببیت. شاگردەکە دێت و دەڵێت: «چەقۆت بۆ چییە؟ شەڕ دەکەیت؟» تۆش دەڵێیت: «نا، ئەو تەماتەیە قاش دەکەم». ئینجا ئەو دەکەوێتە ئامۆژگاریکردنت و دەڵێت: «کوڕە هەر وا بکە دەخورێت، ئەوەندە ناسک مەبە! دەترسم تۆ لەوانە بیت کە بە چەتاڵیش نان دەخۆیت و بە باوکیشت دەڵێیت پاپی؟! کوڕە بابە تۆزێک خاکی بە و وەکو خەڵک بژی!». ئەگەر داوای چەتاڵیش بکەیت دەڵێن: «چییە مامە؟! چەتاڵت بۆ چییە؟ کوڕی دکتۆرە ناسکەیت؟ خولە، ئا بڕۆ چەتاڵێکی بۆ بکڕە، ئەم برادەرەمان کوڕی عەقارییە و بە باوکی دەڵێت پاپی!». خولە دێت و دەڵێت: «چەتاڵت بۆ چییە؟ هەر وا بکە دەخورێت. قەیچێکە با دەستت پیس بێت! شت بە پیسی خۆشە!». من جگە لەوەی لە پەتای دەبەنگیی خەڵکی گشتی نیگەرانم، ئێستا پرسیارە سەرەکییەکەم تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە. چۆن تەماتە دەخورێت؟


  1. لە ٨ی ئابی ٢٠١٣دا نووسیومە. لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢١، ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢١، ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥دا  پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
  2. لە لاقەکردنی دیاسدا بە درێژی لەسەر ئەم وتەیە دوواوم. ↩︎

بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئاهەنگ نایاساییە

بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئاهەنگ نایاساییە1

ئەگەر داوای وێنەیەک لە خانمێک بکەیت تەواو کۆتایی بە دونیا دێت. پێت دەڵێت:

– چۆن شتی وا دەبێت؟ حەرامە! جوان نییە! خەڵک چیمان پێ دەڵێت؟ بڵاو دەبێتەوە! باوکم دەمکوژێت! ئامۆزاکانم دێنە سەرم. بۆ تۆ من بە کێ تێگەیشتوویت؟ تۆ دەزانیت من کچی کێم؟

ئەو وەڵامانە تا ڕادەیەکی زۆر ڕاستن. بەڵام لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا پڕهۆڵێک ژن بە تەنوورەی کورت و عەزیی بێقۆڵ و سنگڕووت و دوامۆدەوە چوار کاژێر هەڵدپەڕن. دوو سێ کوڕی بێگانەش بە کامێرای ڤیدیۆ وێنەیان دەگرن. سبەی ئەم ڤیدیۆی ئاهەنگە دەخرێتە سەر سیدی و ماڵەوماڵ دەگێڕرێت. دوکانی ڤیدیۆکەش بە سیدی دەیفرۆشێتەوە.

ڤیدیۆی ئاهەنگ بە بەرچاوی دونیاوە نمایش دەکرێت

بۆ نموونە لە سەهۆڵەکە لەسەر عەرەبانەی سیدی بە بەر چاوی ئەم هەموو خەڵکەی ئەوێدا ڤیدیۆی ئاهەنگ نمایش دەکرێت. خەڵکان دەوەستن و بە دەم گوڵەبەڕۆژەخواردنەوە تەماشای ئەم هەموو کچ و ژنانە دەکەن.

کەسێک جگە لە من نییە بڵێت: ئەم دیاردەیە نایاساییە و نابێت ڤیدیۆی ئاهەنگی تایبەتیی خەڵک بفرۆشرێتەوە؟ یان نابێت ڤیدیۆی ئاهەنگی تایبەتی لە بەر چاوی خەڵکانی تردا نمایش بکرێت؟

ئێستا بۆچی لای خەڵک داواکردنی وێنەیەک حەرامە، کەچی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئاهەنگ حەڵاڵە؟

دژی نیم، بەڵام خۆم بە دوور دەگرم

من خۆم زۆر بە دوور دەگرم لە شوێنی قەرەباڵغ و داخراو و پڕ لە دەنگی بەرز، کە بۆ نەگبەتی پرسەخانە و هۆڵەکانی ئاهەنگ هەردووکیان وان. گەر بچم بۆ هەر شوێنێکی هاوشێوە تا ماوەیەکی زۆر دوور و درێژ لەرەلەری دەنگی بڵندگۆ زیادکراوەکان لە مێشکمدا دەزرنگێتەوە و دەگرمێتەوە. بە جۆرێک کاس دەبم کە تەواو ماندووم دەکات و پێویستم بە پشووێکی زۆر درێژی بێدەنگی دەبێت تا دێمەوە دۆخی هێوری.

ئەڵبەت بە هیچ شێوەیەک دژی ئەو بۆنانە نیم، بەڵکو پێم وایە کە لە جێبەجێکردنی نەریتەکەدا چەند هەڵەیەک هەن کە دەبێت دەستنیشان بکرێن و چاک بکرێن. بە هیچ شێوەیەک دژی تەڕپۆشی و جوانپۆشیش نیم، بگرە پێم خۆشە هەموو کەسێک تەڕپۆش بێت. بە پێچەوانەی ئیسلامییەکانەوە، هیچ سنوورێکیشم نییە بۆ چۆنێتیی تەڕپۆشی.

چارەکێکیان تێدایە!

چەند برادەرێکم هەن پێش ئەوەی بچنە ئاهەنگی هاوسەرگیرییەوە چارەکێک ویسکی دەخۆنەوە. جارێک لە یەکێکیانم پرسی:

– بۆچی پێش ئەوەی بچیتە نێو ئاهەنگەوە مەی دەخۆیتەوە؟

وتی:

– بۆ ئەوەی شتم پێ عەیب نەبێت!

ئەم وەڵامە زۆر سەیر بوو لام. جا ئەگەر بەو پێودانگە بێت کە پیاوەکان لە بەرکوڵدا چارەکێک دەخۆنەوە، ئەی ژنەکان؟ کەواتە یان ئەوانیش دەخۆنەوە، یان هەر لە لەدایکبوونەوە چارەکێک ویسکییان تێدایە!

ئەوەی کە سەیرترە ئەوەیە کە زۆرێک لەو خانمە بەڕێزانە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا حیجابپۆشن. بەڵام کە دواندوومن، دەڵێن: «نا، ئەو ڕۆژە بۆنەیە!».

بەهەرحاڵ، پێم وایە دوکانداری ڤیدیۆ مافی فرۆشتنەوە و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی ئاهەنگی خەڵکی نییە. تەنانەت ئەگەر بووک و زاواکەش ڕێ بدەن هەر نابێت، چون خەڵکی تری تێدایە کە لەوانەیە پێی خۆش نەبێت ڤیدیۆی بڵاو ببێتەوە.


  1. لە ١ی ئابی ٢٠١٣دا نووسیومە. لە ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢١، ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

دیدی هونەریی موزیکیم بۆ باری ڕامیاریی کوردی

دیدی هونەریی موزیکیم بۆ باری ڕامیاریی کوردی[1]

من خۆم بە هونەرمەند دەزانم، نەک ڕامیار، لە هەر جێیەکی ئەم گەردوونە و گەردوونەکانی تریشدا تۆزقاڵێک ڕێز لە هونەر بگیرێ، ئەو شوێنە بە ماڵ و وڵات و خاکی خۆمی دەزانم، هەر کەسێک دژی هونەر بێت دژی منیشە.

ڕەنگە هەر یەکێک لە حیزبە ڕامیارییەکان کەموزۆر شتی باش و خراپیان کردبێ. من زۆربەی کات دژی نوێ خۆم لە ڕابردوودا ناچەقێنم و بە پێچەوانەشەوە، هەموو نوێیەکیش بە باش نازانم. نازانم ئایا لە دیوەکانی تری ژیانەوە بزووتنەوەی گۆڕان چ خزمەتێکی باشی گەلی کردووە، بەڵام دەزانم کە لە هونەردا ڕەوتێکی بێهونەریی ساز داوە و ناهونەرمەندانێکی زۆری کردووە بە پێشەوای ئەم ڕەوتە بێهونەرییە. ئەم ڕەوتە بێهونەرییە ئەوەیە کە تەنها گۆرانی بەسەر ڕووخانی دەسەڵاتدا ببێژرێ. هەر شتێک دژی دەسەڵات بوو، هونەرە و هەر شتێک دژی دەسەڵات نەبوو بایەخی نییە. ئەگەر بچیتە «گردەکە» و داوای هاوکاریی هونەری بکەی بۆ گۆرانییەک کە بەسەر خۆشەویستیدایە، پێت دەڵێن: «ئێمە ئۆپۆزسیۆنین، خۆ دەسەڵات نین! پارەمان لە کوێ بوو؟ خۆمان بە خێری خەڵک دەژین». کەچی ئەگەر نەنکم بڕیار بدا گۆرانییەکی بێتام بەسەر ڕووخانی حکومەتدا ببێژێ، بزوتنەوەی گۆڕانی بە-خێری-خەڵک-ژیاو ئامادەیە پیتاکی بکا و بە شانازییەوە لە ڕادیۆ و کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکەیاندا بۆی بڵاو دەکەنەوە و هانی دەدەن زیاتریش بکا.

ئەم جۆرە هونەرە پێی دەوترێ: «هونەری ئەرکدار» واتە ئەم هونەرە بۆ بۆنەیەک، دیاردەیەک یان کاتێکی دیاریکراو تەرخان کراوە، کە ئەو بۆنەیە یان ئەو دیاردەیە یان ئەو کاتە دیاریکراوە تەواو بوو، هونەرەکەش تەواو دەبێ. واتە ئەم هونەرە ڕێکەوتی ڕۆژی بەسەرچوونی لەسەرە[2].

بزووتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا تا بینەقاقای لە هونەری ئەرکداردایە، ئەڵبەت ئەمە ئەوە ناگرێتەوە کە حیزبەکانی دەسەڵات لەم جۆرە هونەرە بە دوورن. بە لای منەوە لە ماوەی ڕابردوودا جوانترین گۆرانی تۆمار کرابێ، گۆرانییەکەی هانی موجتەهیدی بوو کە بۆ لیستی کوردستانیی بێژا. کە دەڵێم «جوانترین» مەبەستم جوانترینە لە ڕووی هونەرییەوە نەک لە ڕووی پەیامەوە، چونکە پەیام کاری من نییە قسەی لەسەر بکەم، وەک ئەلفرێد هیچکۆک دەڵێ: «پەیامناردن کاری وێستێرن یونیەنە[3]» ئەم گۆرانییە دەقی هاوڕێی خۆشەویستم کاک نەورۆز عەباسە کە بە نەورۆزی مانگر ناسراوە و موزیکی هاوڕێی خۆشەویستم کاک ئاکۆ عەزیز عینایەت بوو. بەڵام لە دوای ڕێکەوتی ٢٥ی تەممووزی ٢٠٠٩وە چەند کەستان بینی گوێ لەم گۆرانییە بگرێتەوە؟

هەموو دیکتاتۆرەکانی جیهان سەدان و هەزاران گۆرانییان بەسەردا بێژراوە. بەڵام بۆ نموونە ئەو ڕۆژەی گوریسەکەیان لە ملی دیکتاتۆری پێشووی عێڕاق ئاڵاند، پێش ملی خۆی لە ملی هەموو ئەو گۆرانی و شانامانەیان ئاڵاند کە بە باڵای خۆی و حیزبەکەیدا هەڵدرابوون.

ساڵی ١٨٦٩ خدیەوی ئیسماعیل، پاشای میسر، داوای لە جیوزێپێ ڤێردیی گەورە موزیکدانەری ئیتالیا کرد کە بۆ کردنەوەی نۆکەندی سوێس موزیکێک بنووسێ، لە بەرانبەر ئەم کارەشدا پێشداشت و پاداشتێکی بەنرخی بۆی تەرخان کردبوو، بەڵام ڤێردی داواکەی ڕەت کردەوە و بۆی نووسی: «من موزیکی بۆنە نانووسم!» ئەم ڕەتکردنەوەیەی ڤێردی لە دڵی خدیەوی ئیسماعیلدا بوو بە گرێ، دواتر خدیەوی داوای لێ کرد کە ئۆپێرایەک بنووسێ کە پەیوەندیی بە میسڕەوە هەبێ، ڤێردی ئەم داواکارییەی پەسەند کرد و دوو ساڵ دوای ئەوە ئۆپێرای عایدەی نووسی، ئەم ئۆپێرایە ئەوسا و ئێستاش یەکێکە لە نایابترین ئۆپێراکانی جیهان و تا ئەمڕۆش میسڕ شانازیی پێوە دەکا.

حیزبە ئیسلامییەکان هەندێکیان بە تەواوی هونەر و بە تایبەت موزیکیان حەرام کردووە. ئەوەی سەیر و سەمەرەیە ئەوەیە کە لە کەناڵەکانی خۆیانەوە موزیک پەخش دەکەن، بەڵام هێشتا پێیان نەزانیوە! بۆ نموونە هەواڵەکانیان بە موزیک دەست پێ دەکا! حیزبی ئیسلامی و ئیسلامی بە گشتی هیوایەتیان هوتافکێشانە، من بوومایە لە بری ئەوان لە بری موزیک، هوتافم دەکردە دەستپێکی هەواڵەکان! هەندێ جۆری دەنگبێژییان لا حەڵاڵە کە زیکر و شتی وایە، بەڵام نازانن کە کۆئەندامی دەنگی مرۆڤیش هەر ئامێرێکی موزیکیی ترە، تۆنەکانی موزیک لە ڕووی شەپۆلی دەنگی و لەرەلەرەوە ئەگەر لە ترومپێتێکەوە یان شمشاڵێکەوە یان ڤیۆلایەکەوە یان مرۆڤێکەوە بێنە دەرەوە، هەر هەمان شتن، ئەگەر ئەمیان حەرام بێ، دەبێ ئەوی تریشیان حەرام بێ. واتە حەرامکردنەکە دەبێ خودی تۆن بێ، نەک ئامێرەکان! من ئەمە بە تێنەگەیشتن و درکپێنەکردن و دووفاقەیی بیریی دەزانم.

ئیسلامییە میانڕەوەکانیش ئەو جۆرەی هونەریان پەسەند کردووە کە ستایشی خوا و پەیامبەر و ئاین دەکا، هەروەها هەوڵ دەدەن لە موزیکەکانیاندا دەف و نای و شمشاڵ ئامێری زاڵ بن، زۆر دژی هەندێ گۆرانیی دونیاییش نین، بە مەرجێک دەقەکانیان هۆنراوەی کلاسیکی، وەک نالی و مەحوی و ئەوان بێ. ڕەنگە تەنها لەبەر ئەو پێوەرە بێ کە ئەو هۆنەرە کلاسیکییانە خۆیان مەلا بوون یان هۆنراوەکانیان وشەی عەرەبیی زۆر تێدایە و ئیسلامیش هەر لە خۆیەوە زمانی عەرەبی لە زمانەکەی دایکی خۆی لا پیرۆزترە. تا ڕادەیەک ئەم موزیکە حەڵاڵکراوە ناونراوە «موزیکی سوننەتی» هەندێ جار من بۆ نوکتە دەڵێم: «نە موزیکە و نە سوننەتیشە!» هەندێک لەم سوننەتییانە پارەی باشیش بە هونەرە حەڵاڵکراوەکەیان پەیدا دەکەن.

هەندێک حیزبۆچکەی تر هەن کە نە دەسەڵاتدارن، نە ئۆپۆزسیۆن، تەنها کۆبوونەوە ڕامیارییەکانیان قەرەباڵغ کردووە و هیچی تر. ئەم حیزبۆچکانە پارەیەکی ئەوتۆیان پێنییە بازاڕی هونەر نەک گەرم بکەن، بەڵکو شلەتێنیش بکەن، نە پێشتر شتی وایان کردووە، بە پشتبەستنیش بە کارەکانی ئێستا و ڕابردوویان، ئەوا دەتوانین بڵێین لە ئایندەشدا خزمەتکردنی هونەریان لێ ناوەشێتەوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەندەی من بزانم لە سەرکردایەتی و بنەماڵە فەرمانڕەواکەیدا کەسی تێدا نییە و ئەگەر هەڵەش نەبم پێشتریش کەسی تێدا نەبووە کە لە هونەر بزانێ، بەڵام بە درکپێکردن بەوەی کە هونەریش گرنگە، ئەرکی ڕابەرایەتیی هونەرییان بە کۆمەڵە خەڵکێک سپاردووە، ئەم کۆمەڵە ڕاسپێرراوانە هیچیان داهێنەر نین، هەرچی خاشاکی فارس و عەرەب و تورک هەیە بۆ ئێمەیان هێناوە و بەردەوام خەریکی زلکردنی هونەرکارە بێگانەکانن و هەر هونەرکارێکی کوردیش لاسایی ئەوان بکاتەوە بە چاکی دەزانن. ئەم ڕاسپێرراوانە ناوبەناو یەکێک لەو هونەرکارە دراوسێیانەش دەهێنن و لێرە کۆنسێرتێکی گرانبەها و گرانکەوتووی بۆ ساز دەدەن و دەیکەن بە هەواڵێکی مەزن. من پێم وایە لەبەرئەوەی کۆششێکی زۆر بە درێژایی مێژوو کراوە بۆ سڕینەوەی شوناس و کەلتووری کورد، ئەوا لە ئێستادا ئەرکی دەسەڵات ئەوەیە کە هونەر بە گەل بناسێنێ، هونەری ڕاستەقینە بکاتە کەلتوورێکی زیندوو، پاشان هاووڵاتییە پەروەردەکراوەکان خۆیان چ ڕێچکەیەک هەڵدەبژێرن، ئازادن. ئێمە ئەو ڕۆژە ئازاد دەبین کە لە بەرزڕوانینی عەرەب و فارس و تورک ڕزگارمان بوو، لەوەتەی هەین ژەهری ئەم گەلانە دەخۆین و دەخۆینەوە، لەناو دەروونماندا هەمیشە عەرەب و فارس و تورک لە ئێمە باشترن. بۆیە دەبێ تاکی کورد لەم خۆبەکەمزانینە ڕزگار بکرێن و چیتر خاشاکی ئەم دراوسێیانە دەرخواردی کورد نەدرێ.

پێم وا بێ ئەو بڕە پارەیەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هونەری دابین دەکا هیچ کامێک لە حیزبەکانی تر دابینیان ناکەن، بە بۆنەی ئەم ڕاسپاردنە هەڵەیەوە ئێستا ئەرکی هونەرمەندان لە یەکێکەوە بووە بە دوو ئەرک، ئێستا دەبێ هاووڵاتییان بە هونەر بناسێنن و ئەو هونەرە ساختەیەش لە مێشکیاندا بسڕنەوە.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لە سەرکردایەتییەکەیدا هونەرمەندی تێدا نییە، ئەگەر هەڵە نەبم، ئەوا یەکێتی زووتر لە پارتی هەوڵی داوە هونەر بە کار بهێنێت. هەر لە زووەوە چەندین سروودی بەناوبانگی دەرکردووە، ئەم سروودانە بۆ خەباتی هاوچەرخ و بەرزکردنەوەی ورەی خەڵک پێویست بوون، واتە هونەرەکەیان زۆرتر هونەری ئەرکدار بووە. پاشان بە هۆی هەبوونی دەزگای مێدیاییشەوە کەمێک ڕەوتی هونەر بەرەوپێشتر چووە، بەڵام هەوڵەکان زیاتر خۆڕسک بوون نەک دروستکراو.

بەڵام من هێنانی ئۆپێرای کۆڵن بۆ نمایشکردنی ئۆپێرای فڕاندنەکەی حەرەمسەراکەی مۆتسارت بە گەورەترین ڕووداوی موزیکی دادەنێم کە هەرگیزاوهەرگیز لە سلێمانیدا ڕووی دابێ. هەروەها کەمە هاوکاریی هەندێک لە موزیککارە گەنجەکان و چاوپێکەوتن و ناساندنیان لە کەناڵە مێدیاییەکانەوە تا ڕادەیەکی کەم، نەک زۆر، بە ئەرێییانەی دەزانم. پێم وا بێ کەمێک کۆبینیی تاکی کوردیی فراوانتر کردووە کە تێبگەن موزیک کەمێک لەوە گەورەترە کە خەڵک بە گشتی لێی تێگەیشتوون.

لە کۆتاییدا دەبێ بڵێم کە پێویستە لە هونەری ئەرکدار دوور بکەوینەوە. یان ئەوەندە پێش هەموو جۆرەکانی تری هونەری نەخەین، چونکە هونەرێکە وەک مەحوی دەڵێ بە زایع دەچێ لە ما لا یەعنییا! پێویستە هونەر بۆ ڕۆشنبیرکردن و مێشککردنەوەی هاووڵاتییان بە کار بێ، نەک تەنها بەڕێکردنی کات. پێویستە کارێک بکەین کە هونەرمەندی کورد ئامادە بکەین بۆ ئەوەی ببنە ڕابەری ڕەوتی هونەر لە جیهاندا. ئەمە سەرمایەیەک و کاتێکی زۆری پێ دەچێ، بەڵام بە بڕوای من شایستەیە.


[1] لە ١ی تەممووزی ٢٠١٣دا نووسراوە.

[2] بە تێگەیشتن و تێڕوانینی ئێستام، کە لە ٢٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەی ڕێنووس بۆ ئەم نووسینە دەکەم، پێم وایە کە کەوتوومەتە هەڵەوە، «هونەری ئەرکدار» و «هونەری بۆنەیی»م تێکەڵاو کردووە. ئەو جۆرە کارەی بزووتنەوەی گۆڕان ئەو کاتە و ئێستاش هەندێ لایەنی تری دژ بە دەسەڵات دەیکەن هونەرێکی بۆنەیی ئەرکدارە، نەک تەنها ئەرکدار. کێشەکەشم بە پلەی یەکەم لەگەڵ بۆنەیەتیی هونەرەکەدایە، ئەرکەکەش بە ئەرکێکی باش نازانم، بەڵام بە گشتی لە ئێستامدا دژی هونەری ئەرکدار نیم، بەڵام هێشتا دژی هونەری بۆنەییم.

[3] وێستێرن یونیەن کۆمپانیایەکی خزمەتگوزاریی دارایی و پەیوەندییە، ئێستا زیاتر لە بواری داراییدا کار دەکا، بەڵام کاتی خۆی بە خزمەتگوزاریی ناردنی تەلەگراف بەناوبانگ بوو، ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین «بروسکە». بۆ سەرچاوەی وتەکە، بڕوانە پەڕتووکی هیچکۆک دەربارەی هیچکۆک Hitchcock on Hitchcock، بەرگی دووەم، گوڵبژێرێک لە نووسین و چاوپێکەوتنەکان، نووسینی ئەلفرێد هیچکۆک، دەزگای چاپی زانکۆی کالیفۆڕنیا. ٢٠١٤، لاپەڕە ٢١٨.