
کرێکارەکانی جیهان دۆنم بگرن[1]
کرێکارەکانی جیهان،
ئەی خاوەنەکانی لانیکەم سێ ئایفۆنی سێزدە و دوو پەرەی لانیکەم سەد هەزار شوێنکەوتەیی، ئەی ئەوانەی کۆمێنتی بێ جنێو و جڕتتان نییە، ئەی ئەوانەی پازدە دۆنمی دەرەوەی شار و دوو خانووی سیلەی ناوشارتان هەیە و لانیکەم سێ دوکان و دوو خانوو و سێ شوقەتان لە کرێدایە و لاند کرووزەرێک و دەبڵ کابینەیەکتان هەیە و لە کاتی بەتاڵتاندا تەکسیش دەگێڕن و لە خەستەخانەی تایبەت نەبێت نەشتەرگەری ناکەن، بەڵام لە هەمان کاتدا خەستەخانەی حکومیشتان قەرەباڵغ کردووە؛ ئەی ئەوانەی تێر خەریکی دانبۆڕۆکردنی کچ و کوڕی خەڵکن و بۆتان هەڵبکەوێت دووکراسلەڕەنگێ لەگەڵ مانگاشدا دەکەن و دوژمنی سەرسەختی دڵداریشن و خواخواتانە هەموو دونیا خۆیانتان بۆ ڕووت بکەنەوە، بەڵام هەر ئەوەندەی زەوقتان نیشتەوە دەتانەوێت بەتانی بدەن بە خۆیاندا و نمایشەکە تەنها و ئێکسکلوسڤ بۆ ئێوە بێت و تا کچ و کوڕی خەڵک هەڵدەخڵەتێنن خۆتان بە «کراوە» پیشان دەدەن و کە دەستتان پێیان ڕاگەیشت ئینجا ناچاریان دەکەن لە ماڵەوە نەچنە دەرەوە و دەیانبەستنەوە، ئەگەر تۆزێک ئاگاتان لە منداڵەکانتان بێت، تا تەمەنی بەربادبوون، لە قوتابخانەی تایبەتن و ئەگەر ئاگاشتان لێیان نەبێت سەرانە لە خەڵک دەسەنن و ناخوێنن و دەشتانەوێت ئەوەی چل ساڵ دەخوێنێت پارە بدات بە ئێوە؛ ئەی ئەوانەی سێ مووچەی فەرمیی دوو حیزبی دژ بە یەکتان هەیە و یازدە جار شەهید بوون و چوار جاریش لە تەمەنی بیست و پێنج ساڵییدا خانەنشینن و پێشمەرگەی دێرینی جەنگی ئوحود و جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەمیشن و لە سێ فەرمانگەش فەرمانبەرن و مووچەی حکومەتی عێر-اق و کوردستان و تەنانەت حیزبی کلدان و ئاشوور و تورکمانەکانیشان هەیە و تا بۆتان دەکرێت سوودمەند دەبن لە دەسەڵاتی سێکیولار و مافی مرۆڤ و کەچی کە سەرێکی مێزەراوی و کامێرەی کەناڵێکی ئیسلامییتان لێ دەردەکەوێت دەبن بە سەیفولئیسلام و داکۆکیکار لە حوکمی شەرع و جەلد و فەتح و سۆبی و لە ناڵ دەدەن و لە بزماریش دەدەن و سم و لوولاقەکەش دەکەن بە سەروپێ یان نۆکاو و دەیخۆن؛ ئەی ئەوانەی کە بۆری دەبەستن ئاوی لێ دەتکێت و کە دیوار دادەنێن خوارە و درزی تێدایە و کە کاشیی گەرماو دادەنێن لە بیرتان دەچێت شەربەتاوەکەی بکەن و ئاوەکە دەچێتە هەموو شوێنێکەوە کونی ئاوەڕۆکە نەبێت و کە دەچنە ئاودەستە گشتییەکانەوە سیفۆن لە ژێرتاندا دەشکێت و ئاویش ناکەن بە پاشەڕۆکەتاندا و کە بە لای دەرگای شوێنانی گشتییدا دەڕۆن دەیشکێنن و کە سەگێکی داماو لە دوورەوە دەبینن سەد بەرد و بلۆک و خشتی تێدەگرن، بێ ئەوەی سەگەکە هاتبێت بە لاشتاندا و کە پشیلە دەبینن کلکی دەبڕن و بە سویچی ئوتومبێلەکانتان شوخت دەکەنە ئوتومبێلی خەڵکی ترەوە و کە بە لای پەیکەرێکدا دەڕۆن لووتی دەشکێنن و کە بە لای شێرەبەفرینەی داماوێکدا دەڕۆن، کە دڵی پێی خۆشە، بە لەقە تێی بەردەبن و خاپووری دەکەن و کە ئاو بەردەدەنەوە نایگرنەوە و کە خۆتان لە ماڵ نین چل سپلێت لە ماڵەکانتاندا کار دەکات و لە ژیانیشتاندا پارەی کارەباتان نەداوە و کە دەچنە پاڕکەکان و یاپراخەکەتان لووش دەدەن دوای خۆتان کەلاوەکە بە جێ دەهێڵن و لە جامی ئوتومبێلەکانتانەوە دەبەکانتان دەهاون و کە بە هەزار شەڕەشەق و فشاری شوێنی کارەکەتان درەخت لەسەر شەقامەکان دەڕوێنن لقەکانیان دەچن بە چاوی خەڵکدا و ئوتومبێلەکانتان لە ناوەڕاستی شەقامی سەرەکییدا ڕادەگرن و شەقامەکە دەگرن و شت دەفرۆشن و کە هێمای هاتوچۆی سەر شەقامەکان دادەنێن بۆ باڵای یەئجوج و مەئجوجی دادەنێن و منداڵی پێنج ساڵیش سەری پیایاندا دەدات؛ ئەی ئەوانەی بە هەموو بەرهەمەکانی سەرمایەداری، وەک قوماش و بۆیاخ و بڵندگۆ و ئوتومبێل و ئایفۆن و ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر و مۆبایل و تۆڕی کۆمەڵایەتی و مایکرۆفۆن و تا دوایی، دروشمی دژ بە سەرمایەداری و «وەک-یەک-بوون» و «یەکسانی» بڵاو دەکەنەوە و هەڵدەستن و دادەنیشن جنێو بە سەرمایەدار و سەرمایەداری دەدەن و سەرمایەدار و سەرمایەداریش نەبێت بە کۆیلەی نمرە دوو و نمرە سێ و کۆیلەی سپێریش ڕاناگیرێن، ئەوەندە دەستمردوو و دەستڕەشوسپین؛ ئەی ئەوانەی تا کار بۆ یەکێک دەکەن هەزار نزای لێ دەکەن و یەکبینە قەپ لەو دەستە دەگرن کە نانتان دەداتێ و زۆر شتی تریش دەکەن، کە من ئاگام لێیان نییە…
یەک بگرن!
[1] لە ١ی ئایاری ٢٠٢٢دا نووسیومە؛ لە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا جوومەتەوە.