تاگ: چیرۆک

  • مەرگی سیخوڕێکی تیرۆریست

    مەرگی سیخوڕێکی تیرۆریست

    مەرگی سیخوڕێکی تیرۆریست

    ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، سێشەممە

    بەیانی زوو بە زەنگی هۆشیارکەرەوەی تەلەفۆنە دەستییەکەم ڕابووم، بەیانییەکی سارد و هێمن و بێدەنگ و ساماڵ، مشتێک ئەلەندی خۆری تازەهەڵهاتووی پرتەقاڵی لە درزێکی پەردەی پەنجەرەکەوە ژوورەکەمی زێڕکەش کردبوو.

    لەبەر ئەوەی شەو، وەک هەموو شەوێکی تر، نەمتوانی زوو بنووم، چون کێشەی بێخەویم هەیە، ئەگەرچی لە خەو ڕاببووم، بەڵام هێشتا مێشکم لە خەو ڕانەببوو، بەڵام دەبوو دەستوبرد بکەم و وا بکەم هەرچی زووە چالاکیی مێشکیشم ڕاببێت، چون دەبوو کەمێکی تر بچمە سەر کار. بۆیە دەستییەکەمم هێنایە لای خۆمەوە تا هەم زەنگی هۆشیارکەرەوەکە بێدەنگ بکەم و هەم بیخەمە سەر گۆرانییەکی ماملێ، تا وزەی ڕۆژێک کارکردنی نوێم بداتێ. من لەو جۆرە کەسە «ڕاقی»یانە نیم کە بەیانیان گوێ لە گۆرانیی عەرەبی و فارسی و تورکی دەگرن و چیتر زمان و هونەری ئەوان تێکەڵی یادگارییەکانم ناکەم، چون دەمەوێت یادگارییەکانیشم هەر وەک خۆم و نەتەوەکەم تەنیا و بێکەس بن. زووزوو پارچەیەک لە کۆی یادگارییەکانم دێتە لام، هەر پارچەیە و هەر جارەی لە شێوەی کەسێکی پایەبەرزدا دەردەکەوێت، دوایین جار لە شێوەی پێشەوادا هاتە لام و پێمی وت: «کەسێک بەوە ببێت بە کەسم کە من لەگەڵ گێڕانەوەی چیرۆکەکانمدا گۆرانیی فارسی و عەرەبی و تورکیی بۆ بخەمە سەر، ئەو کەسەم هەر ناوێت، با وەک مێژووم، وەک ئێستام، وەک خەمەکانم، وەک تۆ هەر تەنیا بم»، ئیتر منیش ئەم وتەیەم وەرگرتووە و با کەسی وەها نەبێتە هاوەڵی ڕۆژەکانم، چون من کوردم و بە کوردی دەژیم و دەمرم. جا گۆرانیی «هەی ناکەم ناکەم»ی ماملێ وزەیەکی زۆرم بۆ کارکردن دەداتێ، بە تایبەتی لە بەیانییەکدا بەرەوڕووی کاری زۆر بڕۆم. ویستم ئەم بەیانییەش بیخەمە سەر ئەو گۆرانییە، بەڵام بینیم چەند نامەیەکم لە دەستییەکەمدا بۆ هاتووە، سەرنجم خستە سەر سیانیان، یەکێکیان هەواڵێکی کوردی بوو، یەکێکیان بەیاننامەی سوپایەک بوو بە فارسی، ئەوی تر ڤیدیۆیەک. وتم جارێ تا بیناییم تیژتر دەبێتەوە و ئاسانتر دەتوانم بخوێنمەوە با سەیری ڤیدیۆکە بکەم، دوایی نووسینەکان دەخوێنمەوە.

    کەوتمە سەیرکردنی ڤیدیۆکە: شەوە، کەسانێک بە کوردی دەنگیان دێت و ڕەنگیان نییە، لە نێو پاشماوەی ڕووخاو و داروپەردوو و شیشدا شتێکی خۆڵاوییان لێوە دیارە کە نیوەی شتە خۆڵاوییەکە لە نێو وێرانە و شیش و داروپەردووەکەدا گیری خواردووە و نیوەکەی تری لە ئامێزی نەرمونیانی پیاوێکی کوردی هاوسۆز و هاوخەمدایە، کە خاپوورییەکەیان لەسەر بەشە گیرخواردووەکەی شتە خۆڵاوییەکە لابرد، وا دیار بوو شتێکی نەرمە، ئیتر کە بیناییم ڕوونتر بووەوە و هەمووی دەرکەوت، لەو کاتەشدا کامێراکەیان لێی هێنایە پێشەوە، دەبینم منداڵێکە، ئەوپەڕی تەمەنی ساڵ و نیوێکە و لەژێر ئەو داروپەردووەدا زیندووێتی بۆ تاتایە چاوشارکێی لەگەڵدا کردووە و خۆی لێی شاردووەتەوە. منداڵی لە-زیندوێتی-زەوتکراو نەرم نەرم لە باوەشی پیاوێکی میهرەبانی نادیاردایە، ئیتر ڤیدیۆکە تەواو بوو. نەمویست جارێکی تر تەماشای ئەم ڤیدیۆیە بکەمەوە، چون ڕۆژێکی درێژی کارکردنم لە پێشە و ئاوها ناتوانم کار بکەم.

    پاش کەمێک سڕبوونی تەواوی بیرکردنەوە و ناخم، خەمۆک خەمۆک بیرم لە هەموو ئەو منداڵانە دەکردەوە کە هی ئازیزانمن و لەو تەمەنەدان، زووزووش بە خۆمم دەوت: «هەزار جار نەخوازە، هەزار جار نەخوازە، نا، دوور با، هەزار جار دوور با». پاشان بیرم لە خۆم کردەوە لەو تەمەنەدا، داخۆ لە کوێ بووبم؟ ئەو کاتەی تەمەنم بووە کە ڕژێمی بەعس و برا چاوڕەشەکانمان دایکمیان لە زیندانێکی باشووری عێڕاقدا دەستبەسەر کردبوو و منیش لە ماڵەوە لەگەڵ نەنکمدا بووم و یاریم بە سەرقاپی مەنجەڵێک کردووە. پاشان بەوەی کە خەمڵاندم تەمەنی ئەم منداڵەی ئێستا دیم ئەوپەڕی ساڵ و نیوێکە، ڕۆژەکانی تەمەنیم ژمارد: سێ سەد و شەست و پێنج، جاران یەک و نیو، ئەوپەڕی دوو: لەوێ پێنج سەد و شتێک، لەولاش حەوت سەد و دە… پانزە… بیست… سی، ئەوپەڕی حەوت سەد و سی ڕۆژ تەمەنیەتی. ئینجا بیرم لە نزیکەی دوو ساڵ بەر لە ئێستای خۆم دەکردەوە کە لە ڕۆژی لەدایکبوونی ئەو منداڵەدا لە کوێ بووم و هەستم چۆن بووە. ئەگەرچی هەرگیز ئەو منداڵەم نەناسیوە، بەڵام تەنها بەراوردێکی هەمان دوو کاتەکە بوو کە هەردووکمان لەسەر ئەم هەسارەیە زیندوو بووین، کاتێک من زیندوو بووم و ئەویش بۆ یەکەم جار زیندوێتی باوەشی پێیدا کرد و بوونە هاوڕێی گیانیبەگیانی، تا ئەمشەو. ئیتر ئاوا کەمێک بە گەڕەکە هێشتا ڕووناکەکانی دوو ساڵ و ساڵ و نیوێک بەر لە ئێستای یادەوەرییەکانمدا چوومەوە.

    پاشان خەمۆک خەمۆک دانیشتم و هەواڵە کوردییەکەم خوێندەوە، کە بە کورتی دەیوت: ئەمشەو ئەم ماڵە لە هەولێر کراوەتە ئامانج و دایک و باوکی ئەو منداڵە، کە تەمەنی ئەوپەڕی ساڵ و نیوێکە، لەگەڵ هەندێک ئەندامی تری ئەو خێزانەش گیانیان لە دەست داوە (کە لە مێشکی خۆمدا وتم: لە دەستیان نەداوە، لە دەستیان دزراوە، گیان لە دەستیان دزراوە، لەدەستدان تاوان نییە، ڕەنگە هەڵە بێت، بەڵام تاوان نییە، بەڵام لەدەستدزین تاوانە). بەهەرحاڵ، هەواڵەکە وتی کە برینداریش هەیە، بەڵام پشیلەی خەیاڵم لێرەشدا ڕەوتەکەی لێ تێکچوو و کەوتەوە بیرکردنەوە: بیرم لەوە کردەوە داخۆ چەند بەژان و بەسوێ و بەئازارتر دەبوو ئەگەر ئەو دایکە، یان ئەو باوکە ئەگەر زیندوو بمایەتەوە و ئەو منداڵەی خۆی ئاوها بدیایە، من نایناسم و ئینجا ئاسوودەییمی پارچەپارچە کرد، جا وەرە بمناسییایە!

    ئینجا خەمۆک خەمۆک چوومە سەر نووسینە فارسییەکە و خوێندمەوە: ڕاگەیەنراوی سوپایەک بوو بە فارسی، کە بە بیسمیللاهیڕڕەحمانیڕڕەحیم دەستی پێ دەکرد. من هەرچەند بیسمیللا دەبینم بیری هۆنراوەکەی حەمدیم دەکەوێتەوە کە دەڵێت: «با بە بیسمیللاهیڕڕەحمانیڕڕەحیم دەس پێ بکەم چونکە تینووی ڕەحمەتم دڵئاگرینم، ڕەحمەتێ»، بە خۆمم وت: «ئەرێ، بەم بەیانییە ساردەی زستان دڵئاگرینم، ڕەحمەتێ!» و کەوتمەوە خوێندنەوە، نووسینەکە دەیوت: «ئەمشەو بارەگای سیخوڕ و تیرۆریستانمان کردە ئامانج و پێکامان» و ئیتر بڕێک ستایشی خودی خۆیان و بەشانیخۆداهەڵدان و ئاوها. ئیتر مێشکیشم ناوەرۆکی بینراو و خوێنراوەکانی بە یەکەوە بەستەوە و بۆم دەرکەوت ئەو منداڵە تەمەن ساڵ و نیوە سیخوڕ و تیرۆریست بووە و ئەو جێیەش کە تیایدا بووە بارەگاکەی بووە، ئەمە بۆیە!

    ئیتر کەوتمە بیرکردنەوە لە تیرۆر و کارە سیخوڕییەکانی ئەو منداڵە، کە بە گوێرەی نووسراوەکان سیخوڕیی بۆ مۆساد و ئیسرائیل کردووە. ئیتر کارە تیرۆریستییەکانی منداڵەکەم هێنایە پێش چاوم: کاتێک لەپڕ و بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک لەوپەڕی بێدەنگیی هەموواندا نزگەرەیەک دەکات؛ کاتێک لەپڕ و بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک قاپێک سریلاک بەسەر فەرشی ماڵەکەدا دەڕێژێت؛ کاتێک لەپڕ و بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک بێ بەستنی دایبی خۆی و ماڵەکەش پیس دەکات و دەبێتە هۆی ناڕەحەتیی دایکەکە و بۆنێکی ناخۆشیش بە ژوورەکەدا بڵاو دەکاتەوە؛ کاتێک لەپڕ و بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک پەنجە بە هەموو دوگمەکانی ماڵەکەدا دەنێت و داروبەرد پێکەوە دادەگیرسێنێت. ئینجا بیرم لە پەیامە نهێنییەکانی کردەوە کە بۆ ئیسرائیلی ناردووە، کە لەوانەیە هەموویان بە سیستمی دووانەیی (باینەری) بووبن: بابابا، دادادا، کاکاکا، غاغاغا. لێرەدا بیرم کردەوە کە دەشێت سیستمی سیانەییش (تێرنەری) بە کار هاتبێت: پتیپتیپتی، پڕڕپڕڕپڕڕ. ئیتر مۆساد و ئیسرائیل، لەوانەشە ئەمەریکاش، خۆیان لەم هەواڵە نهێنی و پەرلەییانە تێدەگەن و ڕێکاری خۆیان دەگرنە بەر و ئامادە دەبن بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو.

    ئینجا بیرم لەوە کردەوە باشە خۆ ئەگەر ئامانج پێکانی مۆساد بێت، ڕەنگە هەر لە گووگڵ بگەڕێیت بارەگای مۆساد لە ئیسرائیل بدۆزیتەوە، بۆ ناینێیت بە ئەوێوە؟ بۆ ئەم ماڵە و ئەم سیخوڕە ساڵ و نیوەی مۆساد دەکەیتە ئامانج؟

    ئینجا بیرم لە بێکەسیی ئەم نەتەوەیە کردەوە، ئەو منداڵە ساڵ و نیوە سیخوڕە تیرۆریستە کوردە ئەگەر منداڵێکی ساڵ و نیوی سیخوڕی فەڵەستینی بووایە ئێستا هەموو جیهان، لە ئەوروپاوە بیگرە تا ئەمەریکا و کەنەدا، بە سەرجەم چەپەکانی ناویانەوە خۆپیشاندانی سەد هەزارییان دەکرد و هوتافیان دەکێشا و ئاڵای فەڵەستینیان لە مل دەکرد و بەرز دەکردەوە، ئیتر لە بەردەرکی سەرای شارە گەورەکانی جیهان سەفیان دەبەست کۆمۆنیست و پۆپۆلیست، ئیسلامی و دژەسامی، لیبراڵ و ڕەزاتاڵ؛ لە پێش هەموویانەوە کۆمەڵگەی پەلکەزێڕینەکانی جیهان، کە ئیسلامییەکان بە خوێنی سەریان تینوون، بەڵام شانبەشانی ئیسلامییەکان یەکدەنگ هوتاف دەکێشن بۆ دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامیی تر و ڕووخاندنی ڕژێمە سەرکوتکەرەکانی خۆیان، کە مافی هاوسەرگیریی هاوڕەگەزانی پێیان داوە، هەموو پێکەوە هاواریان دەکرد: «فەڵەستین، فەڵەستین». بەڵام ئەم منداڵە ساڵ و نیوە سیخوڕە تیرۆریستە کوردەش بێکەس بێکەس لەژێر ئەو داروپەردوو و شیشانەدا دەردەهێنرێت و سبەی هەموو ئەو جیهانە لە ئاستیدا بێدەنگ بێدەنگ دەبن و دژەکوردەکانی لای خۆشمان یەکسەر ئۆباڵەکە دەخەنە ملی «جووتبنەماڵە» و دەست دەکەنەوە بە سەرکۆنەکردنی کورد و جنێودان بە کورد و دەکەونەوە گوێگرتن لە گۆرانییە فارسی و عەرەبی و تورکییەکانی خۆیان و ئاوها ژیان، بێ ئەو منداڵە و تۆڵەی و دادپەروەری، بەردەوام دەبێت. بێگومان مۆسادیش نکۆڵی لە بوونی هەر پەیوەندییەک دەکات لەگەڵ سیخوڕە تەمەن ساڵ و نیوە کوردەکەی خۆیاندا، دەنا دەبێت سەرلەبەری نامە نهێنییەکانی منداڵەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن، هەر لە «بابابا»وە بیگرە تا «دادادا، کاکاکا، غاغاغا، پتیپتیپتی، پڕڕپڕڕپڕڕ»، جیهانیش ئەگەر ئەم زانیارییانە ببیستێت ڕەنگە گوێیان لەمەی ئێستایان کەڕتر بێت و ئیتر کەس پارێزراو نەبێت! بۆیە دەبێت بە هەر نرخێک بووە ئەم نامە نهێنییانە بپارێزرێن! بەڵێ، ئازادیخوازانی جیهان ئەوەندە ستەمکارن کە تەنانەت هەڵاواردن لە نێوان منداڵی ساڵ و نیوی سیخوڕی تیرۆریستی کورد و منداڵی ساڵ و نیوی سیخوڕی تیرۆریستی فەڵەستینیشدا دەکەن. منداڵی تەمەن ساڵ و نیوی کورد تەنها کاتێک بەدبەخت نییە کە بێتاوان بێت، بەڵکو ئەو کاتەش هەر بەدبەختە ئەگەر سیخوڕ و تیرۆریست بێت؛ منداڵی تەمەن ساڵ و نیوی کورد تەنها کاتێک بەدبەخت نییە کە لە خێزانێکی هەژار بێت، بەڵکو ئەو کاتەش هەر بەدبەختە ئەگەر لە خێزانێکی دەوڵەمەند بێت؛ منداڵی تەمەن ساڵ و نیوی کورد تەنها کاتێک بەدبەخت نییە کە ئاگرپەرست بێت، بەڵکو ئەو کاتەش هەر بەدبەختە ئەگەر موسوڵمان بێت. هۆی سەرەکیی بەدبەختی و بێکەسییەکەش تەنهاوتەنها هەر ئەوەیە کە دەوڵەتانی جیهان و ئازادیخواز و کۆیلەییخوازەکانی ناویان ناتوانن بیبیستن: ئەویش ئەوەیە کە کوردە!

    ئێستا دەبێت دەست بکەم بە کار و ئەم چیرۆکە لێرەدا بە جێ بهێڵم، وێنەی ئەو منداڵەش بە گەورەیی لەبەر بیناییمدا هەڵواسراوە و فرمێسکێکیش لە پشت چاومەوە لە ئامادەباشیدایە، گریانێکیش لەسەر سنگ و لە قوڕگمدا دەستەوئەژنۆ ڕاوەستاوە و تکا دەکات ڕێی بدەم و منیش ڕێی نادەم، بەڵکو بە نوێنەریی ئەو ئاهێکی سارد دەنێرمە نێو هەوا و تۆڵەکەم بە هیوا دەسپێرم. خوازیارم ئەو کوردانەی باوەڕدارن لەمەوە فێر ببن کە دەشێت نووسراوێک بە فارسی بێت و درۆش بێت، بە بیسمیللا دەست پێ بکات و درۆش بێت، ئیتر بە هێمای دینیی داگیرکەر هەڵنەخڵەتێن. هیوام خواست ئەو کوردانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کۆمێنتی: «دەستیان خۆش بێ» و «جەزاکەڵڵا» بۆ هەموو کارێکی تیرۆریستی دەنێرن، ئەم جارە بە ئاگا بێنەوە و دەستخۆشی لە کاری وا نەکەن.

  • سێ مەردومی جوامێر

    سێ مەردومی جوامێر

    سێ مەردومی جوامێر[1]

    لە پاش تەثنیە و ئیستیعانە بە کاتیبی کوللی ئومور، لە ئیبتیداوە تا ما لا نیهایە، خالیقی زەویی پان و بەرین و پەردەی ئاسمانی ساحەی ڕەجمی شەیاطین، خودای تەبارەک و تەعالا؛ ئینجا، لە پاش ناردنی صەڵات و سەلام لە دیاری خەیری خەلقیللا، هەڵگری ئەحسەنی پەیغام، ئاخیرەن پەیغامی تەعالا، سەروەری کائینات و فەخری عالەم، حەزرەتی موصطەفا، جان بێ بە قوربان گەردی بەر کەوشی موبارەکی.

    ئەمما، بە قەوڵی قائیلان و قاڵان و موحیطانی نەثر و بەلاغە و کیتابە، ئەم سەرگوزەشتەیەتان عەڕض دەکەم. خودای تەعالا مەشییەی ئەسپی خامەم تەسهیل بکا.

    بە قەوڵ ئێژن، هەبوو، نەبوو، سێ مەردومی جوامێر، کە وەچە و زادەی نەفسی یەک باب و دایکی ئەشراف بوون، کە ئەلعان خودای تەبارەک و تەعالا وەلی ئەمر و دایکیانی بۆ قاپیی ڕەحمەتی خۆی گەڕاندبووەوە و ئەم بەچکانەی بۆ پەند و عیبرەتی زەمانە بە جێ هێشتبوو، لە مەنزڵێکا عەیشی خۆیان نەظم دەکرد: بچکۆکە و مامناوەندییەکە لە تەبەقەی عولیا، ئەمما خەلیفەی وەلی ئەمر، جوامێرە گەورەکە، کە میراتگری بابی ڕەحمەتییان بوو، لە تەبەقەی سوفلا لە خوارەوە دەژیا. جوامێرە بچکۆکەکە، کاتی خۆی کە جحێل و موڕاحیق بوو، نەیدەویست کوللی سانییەیەک لە عانی طەطبیقکردنی ئەو فەرمانەی طەبیعەتی نەفسی ئەممارەتون بیلسوئا بگیرێ، کە ئەویش فەرمانی بانگکردن و تەجمیعکردن و قەتڵوعامکردن و سەرنگومکردنی حەشاماتی مەخلوقاتی وەک یەئجوجومەئجوجی ناو مەنییە، بۆیە دائیم کاشکای دەخواست تەبەقەی عولیای مەنزڵیان بۆ نەفسی خۆی وەربگرێ و کەمێک بە ڕاحەتولبال و ئیستیراحەت ئەم قەتڵوعامە بکا. دەرێغا، هەر لەبەر ئەمەشە کە لێرە بە دواوە ئیسمی جەنابی ناموبارەکیان بە «حەزرەتی مەنیکوژ» ئیعلان و بەیان دەکەین. لە پاش حەوڵ و قووەت و تەقەللا و جیهاد و تێکۆشانی موستەمیر، ئەلعان لەگەڵ مامناوەندییەکا لە تەبەقەی عولیا دەژین.

    مامناوەندییەکە، بە قەوڵی من نا، ئەمما بە قەوڵی جەمیعی حەکیم و قاڵان و عالیم و زانایانی مەجالی خوێڕێتی، خوێڕی و قوططاعوططوڕوقێکی عالیولمەقامە، لەبەر ئەمەشە کە لێرە بە دواوە ئیسمی جەنابی ناموکەڕڕەمیان بە «حەزرەتی خوێڕی» ئیعلان و بەیان دەکەین. ئەم حەزرەتی خوێڕییە کوللی ڕۆژێ ئەشیا و نوێنێکی تەبەقەی عولیای مەنزڵەکەی خۆیان دەبا و لە قەیسەرییە و بازاڕ و مێز و دوکان و لەسەر یایڵی و تریشقە و سفرە و سەر شەقام و سەکۆکانا توجارەتیان پێوە دەکا. بۆ وەلی ئەمرەکەشی بەیان دەکا: «تۆ لازمە کولفەی حەموومان و تەبەقەی عولیاش تەدبیر بکەی، عانەش بە خۆم بدەی». وەلی ئەمریشی دەڵێ: «تۆ تەبەقەی عولیات فەرهوود کردووە و موستەمیر پارە و فلوسم لێ طەڵەب دەکەی!» ئەمما هەر کە وەلی ئەمرەکە قیصە دەکا، حەزرەتی خوێڕی ڕەئسەن دەکەوێتە گەف و هەڕەشە و تەهدیدی ئینفیصالی قاڵدرمە دەکا. حەزرەتی مەنیکوژیشی بەوە لاس داوە کە تەحضینی خۆی دەکا و لە بۆتەقەی ئەستۆی خۆی دەگرێ و ئیتر دەتوانێ بە حوڕڕییەتی خۆی مەخلوقاتە نامەرئییەکانی ناو مەنی بکوژێ و ئەگەر یەکێک لەم دەعبا زێدەگچکۆکانەش بە موستەحەقی عەیش دابنێ، ئەوا ئیعالەی بکا و بیخاتە حوجرەوە، بەڵکو شتێکی لێ دەربچێ کە ببێتە مایەی سەربەرزی! نەک هەر ئەوە و کافی، بەڵکە بە هەمکاری و ئیستیغاثەی هەمطەڕیقەکانی خۆی، کە عیلاقەیەکی حەمیمیان لەگەڵ جەمعییەی ئەصحابول حوجرەکانا هەیە، حوجرەکەی بەسەر قاڵدرمە ئینفیصالکراوەکەیا بۆ بگوێزنە تەبەقەی عولیا و هەر لەوێ دەست بکەن بە خوێندنی دەرس و دەور و واجیباتیان.

    وەرە حەردووکمان ناڵەمان یەک خەین،

    بەڵکە بەو عیشقە حوجرەمان سەرخەین!

    بیلموناسەبە ئیقتیراحی ئەوەی کرد کە هەردووکیان مومکینە پێکەوە بەعضێ سەربەست بن و لە طوغیانی برای وەلیولئەمر بە دوور بن، ئەمما بە شەرطێ: حەزرەتی مەنیکوژ تەصویت بە صاڵحی ئینفیصالی قاڵدرمەیا بیا.

    خودای تەعالا فەرموویە شوورا و ئیستیعانە بە ئولولئەلباب و سەید و شێخ و کەبائیرانی موجتەمەع بکەن و شوورا و ڕاوێژ مەردوم دەگەیەنێتە مەرتەبەیەکی عالی، ئەمما هەردەم لە دامێنی مەرتەبەی ئەعلای هەڵگرانی پەیغام و ئەولیا و ڕیاضی صالیحین. هەر بە نەفسی موناسەبە، بە مەقصوودی شوورا ئەم ئیقتیراحەی حەزرەتی خوێڕی، حەزرەتی مەنیکوژ چووە خدمەت سایەگای ڕیشسپیی مەنطیقەکەیان، کە مەردومێکی نوورانیی حەفتا ساڵەی ڕیش تازە-ڕەشکراوە بوو وەک جەوانان، قاپیی خۆی لێ کردەوە و نووری میواننەوازییەکەی بە سەروسیمای مەنیکوژدا وەمضە و کسپەی کرد و فەرمووی دانیشتن و ئیستیراحەی لێ کرد، حەزرەتی مەنیکوژ عەرضی کرد:

    • هانام هێناوەتە خدمەت مەولای ڕیشسپی، ئەر مەشەققەت نەبێ بۆم بانگ بکەی!

    مەردومەکەش وتی:

    • لە حەفتەی ڕابردەوە ئیشتیهای شۆڕەژنێکی بێوەژن طەوق تا قەدەمی بەدەنمی ئیحتیلال کردووە، هەر بە نەفسی موناسەبە ڕیشەکەم سوبغ کردووە، من بە خۆم ڕیشسپییەکەم، ئەی غولامی خۆشهاتوو، بوخچەی شەهامەتی ناشیء، دەستلەرزۆکی ئەفعالی فاحیشەی سرری، ئەمما بۆت سەتر دەکەم، چون خودای تەعالا سەتتارە و سەتتاری خۆشدەوێ، مەترسە و بڵێ. گەر بە قیصەشم دەکەی، واز لەم عادەتە موحتەقەڕەت بهێنە کە گا بە گونا دەناسیتەوە!

    حەزرەتی مەنیکوژ حەققەن بێحدوود شەرمەزار بوو و ڕەئسەن هەڵستا و دەستی مام ڕیشسپیی سوبغکراوەی ماچ کرد و طەڵەبی عەفووی لێی کرد. ئەویش دەستی هێنا بە سەریا و وەظیعەت و ئەنگاوتەکە ئەهوەن بووەوە. مەنیکوژ کەوتە موحادەثەی بەسەرهات و ئیقتیراحی حەزرەتی خوێڕی، مام ڕیشسپیی سوبغکراوە لە جەوابا عەرضی کرد و فەرمووی:

    • کوڕی خۆم، ئەو لە حەزرەت وەلی ئەمرەکەتان و کوللی مەنطیقەکەوە کوللی ئەشیاکانی مەنزڵتانی دزیوە و قڕانێکیشی بە تۆ نایا، لەگەڵ میراتگر و وەلی ئەمرەکەشتا مەعبێنتی خەراپ کردووە، ئێستا چاوەنۆڕی قاڵدرمە ئینفیصال بکا و کەڵکی بۆ تۆ هەبێ؟ سوبحەینێ جزیەی ئینفیصالی قاڵدرمەکەش بە تۆ دەیا و تەکلیفی قاڵدرمەکەش، کە یەقینم پێی نییە، سێ جار بیست قات و زیادتریش لە تۆ دەسەنێتەوە، ئەمجا بۆ پێشێلکردنت تەمام قەمچیی لێ هەڵدەکێشێ و کوللی سانییەیەک میننەتی ئەوەت بەسەرا دەکا کە ئەر ئەو نەبایە یەک زیڕوحلبەشەر لە ئیستیطاعەیا نەبوو قاڵدرمەیەکی حیز ئینفیصال بکا! بیلموناسەبە، هەڵسە بچۆرەوە مەنزڵ و وەک عادەت و خووی دائیمیت مەنییەک فڕێ بدە و نانێ بۆ وەلی ئەمرەکەت بکە بە خەیر!

    منیش هاتمەوە و هەر نەشمزانی قاڵدرمەکە ئینفیصال کرا یان نا، کە زانیم، فەورەن پێتان دەڵێم.

    ئاخیر دەعوامان صیححەتێکی کەماڵ و قەلبێکی موستەنیرە بۆ قوڕڕاء و ئەهلی کیتاب و جەمیعی ئوممە، لە هەر چوار قوڕنەی عالەمی خەلقی تەعالادا، سوممە صەڵات و سەلام لە دیاری سەروەرمان، بە ڕەحمەتی تەعالاتان دەسپێرم.


    [1] کاتیبی ئەم سطوورانە، نەوا موکرجی ئەفەندی، ئەم نەثرەی لە موصادیفی ١٦ی مانگی موبارەکی ڕەمەزانی ساڵی ١٤٣٨ی هیجرییا کیتابە کردووە. لە ١٧ی مانگی موبارەکی ڕەمەزانی ساڵی ١٤٤١ی هیجرییا موڕاجەعەی کردووەتەوە. ئەخیرەن لە موصادیفی ١٢ی شەووالی ١٤٤٣ی هیجرییا ئاخر موڕاجەعەی کردووە.

  • یەکەم دیبەیتی هۆنوس

    یەکەم دیبەیتی هۆنوس

    هۆنوسیاد: یەکەم دیبەیتی هۆنوس[1]

    هۆنوسی ماک، هۆنوسی بپرس، لە ترسی دوژمنانی پرسیار ناوی خوازراوی (نادیار پەیامهێن)ی لە خۆی نا. لە ئێستا بە دواوە هەر کاتێک ناوی نادیار پەیامهێنتان دی، ئەوە هۆنوسە. بیگرن، لەسەر پرسیارەکانی پارچەپارچەی بکەن؛ لە خاچی بدەن؛ بە زیندوویی بیکەن بە قوڵفەی پۆڵادا؛ ژەهر بڕێژنە داڵانی گوێچکەکانییەوە؛ بە زیندوویی پێستەی بکەن و بیخەنە خوێیاوەوە؛ دەستی ڕاست و قاچی چەپی ببڕنەوە؛ لە ملی بدەن؛ بە ئەڵقەتایەی ئاگرین بیبەستنەوە، با نەوێرێ پرسیار بکا. مناڵەکانتان فێر نەکەن وەک هۆنوس پرسیار بکەن، نەبادا دوایی ئاسوودە ببن! نەبادا زانا و دانایان لێ دەربچێ. نەکەن مناڵ فێری پرسیار بکەن، نەبادا پێیان بڵێن ئێسکگران، نەبادا لەبەرچاوی بێڕەنگی ملشۆڕ و ملکەچە بێپرسیارەکاندا ناشرین ببن!

    باوەڕت سێدارەیە، دۆگمات تەنافە، زووبە دەی

    بیخە ئەستۆی من کە پرسیم، پرس بەشی خنکاندنە[2].

    بەژنەکەت سێدارەیە، کەزیەت تەنافە، زووبە دەی

    بیخە ئەستۆی من کە کوردم، کورد بەشی خنکاندنە[3].

    نادیار پەیامهێن (کە هەر هۆنوسە، بەڵام با بڵێین کەسێکی ترە… ئا… ئا، تۆ نازانی لووتی کەمتیارە نەپرسەکان بۆ بۆنکردنی زانینخواز و بپرسەکان چەند بەهێزە! زۆربەی کاتیش کەسە نەپرسەکان لە شێوەدا هەر لە کەسە بپرسەکان دەچن، بەڵام هەندێ جار بە شێوەی جلوبەرگ و ڕوخساریاندا خۆیان جیا دەکەنەوە، ئەمانە ئەوانەن کە پلەیان وەرگرتووە و مەدالیای ئازایەتی کراوە بە ڕوخسار و جلوبەرگیانەوە و بە ئاشکرا شانازی بە زانایی خۆیانەوە دەکەن لە نەزانیدا، واتە زانان لە نەزانیدا)… نادیار پەیامهێن کەوتە گێڕانەوە:

    ڕۆژێک کە لە قوتابخانەی ئامادەیی بووم، واتە ساڵی ٢٠٠٢، لە وانەیەکدا مامۆستاکەمان پرسی: «ئایا دەزانن تا ئێستا کەسێک کە مێشکی بە زۆرترین ڕێژە بە کار هێنابێ کێیە؟» خوێندکارەکان هەموو بێدەنگ بوون. مامۆستا پاش بێدەنگیی خوێندکارەکان بە بزەیەکی هەستکردن بە زیرەکییەوە وتی: «ئەنیشتاین!» مامۆستا بۆ کەمێکیش هەر تەماشای هەمووانی کرد و بێدەنگی باڵی بەسەر پۆلەکەدا کێشا. هەستێکی هەڵەشەی لەناکاو هێرشی بۆم هێنا و بۆ چرکەیەک لەشمی بە کار هێنا و خۆی دەرفیچقاند. هەستە هەڵەشەکەم لە دەممەوە پرسی: «چۆن، مامۆستا؟» مامۆستا کە خواخوای ئەم پرسیارەی بوو تا زانیارییەکانی مانۆڕ بکا، وتی: «بە کۆمپیوتەر توێژینەوەی لەسەر کراوە کە لە هەموو کەسێک زیاتر مێشکی بە کار هێناوە».

    ئەگەرچی ئێمە مناڵییەکی دەوڵەمەندانەمان بە سەر نەبردبوو، بەڵام دەمێک بوو کۆمپیوتەرمان هەبوو، منیش لەچاو زۆربەی خەڵکی هەموو عێڕاقدا زیاتر لە کۆمپیوتەرم دەزانی. بۆیە کە کەسێک زاتی دەکرد باسی کۆمپیوتەر بکا، هەستێکی هەڵمەتبەرم بۆ دەهات و وای دەکرد هەست بکەم ناچارم خۆم هەڵبقورتێنمە هەموو باسێکی تەکنەلۆژیاوە، چونکە بواری تەکنەلۆژیام بە هیی خۆم دەزانی. بۆیە هەستە هەڵەشەکەم خێراتر لە پێشوو، بێ ئەوەی بۆ ڕاوێژی کۆمەڵگا باڵا توواوەکەی ناخم بگەڕێتەوە، کە ئەوکاتە ئەم کەرملەم ناو نەنابوو «هۆنوسی دووەم»، خێرا هەڵقورتایەوە و وتی: «مامۆستا، ئەوە لە کاتێکدا ڕاست دەبێ کە ئەو تاقیکردنەوەیە لەسەر مێشکی هەموو مرۆڤێکی تری سەر زەوی کرابێ و لە بەراوردی هەموواندا دەردەکەوێ ئەو لە هەموومان زیاتر مێشکی بە کار هێناوە». مامۆستا وتی: «نەخێر! چۆن وا دەڵێی؟ چۆن ئەمەت هەڵهێنجاند؟»

    من لە ڕاستیدا لەو کەسانە نیم خەڵک بە درۆ بخەمەوە و دیبەیت لەگەڵ هیچ کەسێکدا بکەم، بەڵکو زیاتر تەنها خۆم بە بێدەنگی لە شتەکانی چواردەورم ڕادەمێنم و بیر دەکەمەوە. پێشم وایە ئەگەر بیرکردنەوەیەکی پێشینەم نەبووایە، هەرگیز نەمدەتوانی و نەمدەوێرا یەکسەر ئاوها بێ بیرکردنەوە لەگەڵ مامۆستاکەمدا، لەگەڵ سەرگەورەکەمدا، خۆم بخەمە ناو دیبەیتێکی وەهاوە. هەر لە مناڵیمەوە وا لە مێشکمدا چەسپێنراوە و چەسپاوە کە هەمیشە هەموو گەورەترێک لە تۆ، بە تایبەتی مامۆستاکەت، لە تۆ زیرەکترە و دەبێ لەگەڵیدا زۆر نەرمونیان بی، وەک بڵێی مامەڵە لەگەڵ هێلکەدا دەکەی، دەبێ هەرگیز نەهێڵی بشکێ! چونکە ئێمە لە لایەن کەسانی بچووکەوە فێر کرابووین کە ئەوانەی لە ئێمە گەورەترن، تەنانەت بە خودای دروستکەری هەموو جیهانیشەوە، دەبێ زۆر بە ترساوی و تۆقیوی و ملکەچی و سەرشۆڕی هەمیشە ڕێزیان بگرین، نەکا تووڕە ببن. کۆرپەی تۆقینیان هێنا و بە قوماتەی ڕێز پێچایانەوە و بە زنجیری پیرۆزی لە دڵ و مێشکمانیان کڵۆم کرد. یەکێک لە هۆکارە هەرە مەزنەکانیش ئەوە بوو کە نەبادا بوێرین پرسیارێک بکەین کە بەگژ ڕێژەی زیرەکیی و ئاستی زانیاریی مامۆستاکانماندا بچێتەوە، چونکە پرسیار گەورەترین دوژمنی فێرکارییەکانی ئێمە بوو. تا ئێستاش هەندێ جار تەنانەت کە لە هەواڵی خەڵکانی لە خۆم گەورەتریش دەپرسم، لە ناخمدا بوومەلەرزەیەک ڕوودەدا. چۆن وێرام پرسیار بکەم؟ چۆن دەبێ مناڵ لە گەورە بپرسێ؟ چۆن بە گەورەتر لە خۆت دەڵێی: «چۆنی؟» دەبێ هەمیشە ئەو لێت بپرسێ چۆنی! دونیا وەهایە و بیکە بە ئەڵقە و بیکە بە گوێتەوە. لە پەروەردەکەی مناڵیمەوە، هەمیشە هەوری قێزکردنەوە لە مرۆڤی پرسیارکەر بەسەر ئاسمانی هەرزەکاریمەوە بوو. ئەوەندە تۆقینم لە پرسیار هەبوو، کە ئەگەر پرسیاریان لە خۆیشم بکردایە نەمدەوێرا هەر پرسیارەکەش ببیستم، خۆم لێی کەڕ دەکرد، نەبادا پرسیار وەک گڕکان بپرژێ و گڕکاناوەکەیم بەربکەوێ و منیش داخ بکا. زۆر زۆری ویست تا ئەم کۆرپە نەفرەتییەم لە ناخمدا خنکاند. ئێستاش سێبەری بێشکە پیسەکەی لە دڵ و مێشکمدا ماون و وا کارێک دەکەم سێبەرەکەشی فڕێ بدەم. بەڵام ترسە هەرە گەورەکە ئەوەیە کە برا و باوک و مام و خاڵ و باپیر و باوەگەورانی ئەم کۆرپەیە، هەموویان بە چواردەورمەوەن. تا ئێستاش نەموێراوە بڵێم: «کۆرپەکەتانم کوشت و چیتر ناهێڵم دڵ و مێشکی من ببێ بە لانکە و پێگەی بەرهەمە قێزەونەکانی ئێوە. چیتر بۆتان نییە دەروونی من بۆ درێژکردنەوەی دۆگماکانتان بە کار بهێنن. چیتر ئەم دەروونەمتان نادەمێ ژەهری باوەڕە چەقبەستووەکەتانی تێدا هەڵبگرن».

    ئەگەر ئێمە پرسیار بکەین لە بێڕێزیدا نییە، بەڵکو دەزانین کە نازانین و دەمانەوێ بزانین، ئەی کە گەورەکان دەزانن ئێمە نەزانین، بۆچی تووڕە دەبن؟ چ مێشکێک خۆی هەموو زانیارییەکی تێدایە کە دێتە دونیاوە؟ هەموو مێشکێک هەر بە پاکی نایە و چواردەور ژەهراویی دەکەن؟ چۆن دەبێ گەورە لە نەزانیی بچووک تووڕە ببێ؟ چۆن دەبێ دانا لە ساویلکەیی نادان تووڕە ببێ؟ ئایا بە ڕاستی ترس و تۆقین و خۆشەویستی پێکەوە کار دەکەن؟ پێکەوە دەژین؟ کوا خۆشەویستی و تۆقین پێکەوە دەژین؟ چۆن دەبێ بەهێز، کە دەزانێ بەهێزە، مانۆڕی بەهێزییەکەی بەرانبەر بێهێزان بکا؟ چۆن دەبێ ڕوناکی لە تاریکی بترسێ؟ هەمیشە نادان لە دانا و هەمیشەش تاریکی لە ڕوناکی و هەمیشەش بێهێز لە بەهێز ترساون. بەڵام تۆ، ئەی بەدبەخت، ئەی خوێندکارە بپرسە چاونەترسە ئێسکگرانەکەی دەبێ لە هەموو شوێنێک بوون و ئامادەیی خۆت، بێ ویستی خۆت، نمایش بکەی؛ تۆ، ئەی ئەو کەسەی بە ڕوواڵەت هیچ پرسیارێکت سەبارەت بە گەردوون و دۆگما و باوەڕ نییە و لە ناخیشتدا بناغەی هەموو زانیارییەکت نیشانەیەکی پرسیارە؛ تۆ، ئەی ئەو کەسەی بە ڕوخسار زۆر سەنگین دیاری و لە ناخیشدا ئەوینداری پێکەنینێکی هەمیشەییت؛ تۆ، ئەو کەسەی بە ڕوخسار ڕقت لە هەموو گۆرانییەکە و لە ناخیشتدا هەزاران گۆرانیت ئەزبەر کردووە: فەرموو مامۆستاکەت پرسیاری لێت کرد، چۆن گەیشتی بەم دەرئەنجامە؟ بۆی ڕوون بکەرەوە.

    لە ڕاستیدا لەو ڕۆژانەی مامۆستا ئەو قسەیەی کرد، بابەتێکی تری وەها سەرنجی ڕاکێشابووم و چەند ڕۆژێک بیرم لێی کردبووەوە. بۆیە ئەم بابەتەم لەگەڵ مامۆستاکەمدا بەش کرد: «مامۆستا، لەم ڕۆژانەدا خزمێکم وتی: «موهیمترین دەنگ هیی ئیبراهیم تاتڵسە، لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، بەخوا، داویانە لە کۆمپیوتەر! تاتڵس تەبەقەیەک لە قورگیدایە کە کەسی تر نییەتی. دەڵێن تەنها سەی عەلی ئەسغەر ئەو تەبەقەیەی هەبووە، بەڵام ئەویش مردووە» دوو سێ شەو هەر بیرم لەو قسەیە دەکردەوە. ئێ کوا، خۆ دەنگی من لە کۆمپیوتەر نەدراوە و بە تەنیشت هیی تاتڵساسەوە دانرابێ تا لە بەراوردکاریدا بزانرێ دەنگی ئەو «موهیمترین»ە. بۆیە بڕوا ناکەم ئەم زانیارییانە تەندروست بن».

    باشە بۆچی هەمیشە ئەفسانەکان کۆن و دوورن؟ هەموو پەڕجووەکان کۆن و دوورن؟ بۆچی ئەفسانەی نوێ و نزیک نین؟ پەڕجووی نوێ و نزیک نین؟ بۆچی دەبێ هەر دەزووی چیرۆکێک کە نەچوو بە کونی دەرزیی لۆژیکدا هەمیشە دێرین بێ؟ ئەم دەزووە ڕزیوە هیچ قوماشێک پێکەوە گرێ نادا! هیچ بەرگێک دروست ناکا! تووڕی دەن!

    مامۆستا وتی: «نا وا نییە باوکی من، تۆ هەڵە تێگەیشتووی… خۆی کە توێژینەوە لە شتێکدا دەکرێ… ژممامدمررمبەمخممهممدمم…» مامۆستا کۆمەڵێ شتی زۆری وت، بەڵام لەناکاو کۆمەڵگا توواوەکەی ناخم ڕابوو و لە ناخمدا کەوتمە گێژاوی لێپێچینەوەیەکی گەورەوە: چۆن وێرام وا بکەم؟ بۆچی ئەم قسەیەم کرد؟ تۆ کێی قسە بکەی؟ چۆن لە خۆتەوە هەڵەوەڕی دەکەی؟ چۆن دەبێ بە مامۆستا بڵێی وا نییە؟ ئەوە بۆچی هەمووان تەماشام دەکەن؟ ئێستا مامۆستا لێمدەدا! تۆ بڵێی دەرمنەکەن؟ دوایی دەڵێن باوکت بهێنە. باوکم نییە. خوێندکارەکانی چواردەورم بە پێکەنینێکی شادی و گاڵتەجاڕییەوە تەماشایان دەکردم، کوڕێک لە پێشمەوە وتی: «هەی لە تاتڵساس! وریا بە نەتفڕێنن…» هەندێک خوێندکاری تریش هەندێ شتی تریان وت. بەڵام من لەتاو دڵەڕاوکێ ناوەکییەکەم نەمتوانی بە ئاسوودەیی دەروونم بگەم تا بتوانم گوێیان لێ بگرم. دڵنیاش بووم مامۆستا هەر بۆی ڕوون دەکردمەوە کە چۆن هەڵەم، بەڵام نەمدەتوانی ببیستم، تەنها دەم-جووڵانم دەبینی. نەمدەزانی چۆن کۆتایی بەم گفتوگۆ نەخوازراوەم بدەم و سەرم لێ هاتبووەوە یەک. لەناکاو بە خێرایی دەستم هەڵبڕی و مامۆستاش فەرمووی لێم کرد، وتم: «مامۆستا، دەتوانم بچم بۆ تەوالێت؟» هەموو پۆلەکە لە پرمەی پێکەنینیان دا. خوێندکارێک وتی: «دەچێ بۆ تەوالێتەکە گۆرانی دەڵێ و پشتی برایم تاتڵس دەشکێنێ!» یەکێکی تر وتی: «کوڕە لە تەوالێتەکە ئەوەندە گوو هەڵستاوە دەنگ دەنگ ناداتەوە، لەوێش دەنگی خۆش نییە!» هەمووان بە گاڵتەجاڕییەوە تێر پێم پێکەنین و مامۆستاش بزەیەکی کرد و پاش وچانێک وتی: «بڕۆ».

    مامۆستا ڕێی دام و لە ڕاستیدا کە بەرەو تەوالێتەکە دەچووم، دەمزانی ئامانجم چوون بۆ تەوالێت نییە، چونکە هەستیاریم بە بەکارهێنانی تەوالێتی تر هەیە جگە لە تەوالێتی خۆم. ئەوەندەی بیرم بێ، لە هەموو تەمەنمدا لەوەناچێ دە تەوالێتی جیاوازم تاقی کربێتەوە، بەڵام چوونم بۆ تەوالێت تەنها پاساوێک بوو بۆ خۆدزینەوە لە بوێرییە هەڵچووەکەم و ئامۆژگارییەکانی مامۆستا و گاڵتەپێکردنی هاوپۆلەکانم، کە هیچیان هاوڕێم نەبوون. لە بەردەم تەوالێتەکەدا تەماشایەکی چواردەورم کرد و چوومە پشت تەوالێتەکە و بە دزییەوە جگەرەیەکم کێشا. من پانزە ساڵی ڕەبەق لە قۆناغی پێش زانکۆ خوێندکار بووم، باڵەخانەی چوار قوتابخانەم لە سلێمانی و هەولێر گۆڕیوە و هەرگیز بێزم نەدەهات تەوالێتەکانیان بە کار بهێنم. چونکە زۆربەی هەرە زۆری گەلی کورد فێر نەکراون تەوالێت بە کار بهێنن و داوای دەوڵەتیش دەکەن. زۆرینەی خەڵکی ئەم نیشتمانە کە دەچن بۆ تەوالێت وا دەزانن ئیتر ئەوە دواهەمین جارە ئەو تەوالێتە بە کار دەهێنرێ، باکیان نییە بیشیتەقێننەوە. هەر لە خۆیەوە سیفۆن لە ژێریاندا دەشکێ! من ئەگەر هەوڵیش بدەم ناتوانم سیفۆن بشکێنم. تا ئێستاش ئەو پرسیارەم هەیە کە: هەموو مرۆڤێک دەبێ ڕۆژانە لانیکەم جارێک بچێ بۆ تەوالێت، ڕۆژ نییە نەچی بۆ تەوالێت، ئێ هەر شتێک کە هەموو ڕۆژێک بیکەی، بە شێوەیەکی سروشتی، دەبێ تیایدا باش بی. کەچی گەلێک لەو کارەدا شکستیان هێناوە کە هەموو ڕۆژ دەبێ بیکەن. ئیتر چۆن متمانە بەو کەسانە دەکەی لەم ژیانەدا کارێکیان پێ بسپێری؟ یان دەوڵەت دروست بکەن؟ یان هەر شتێکی کەمێک گرنگ بکەن؟ گەلێک نەزانن تەوالێت بە کار بهێنن، کە هەموو ڕۆژێک ناچارن بە کاری بهێنن، چۆن دەتوانن خوێندکارێکی بپرس و زانینخواز پەرە پێ بدەن؟


    [1] لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥دا نووسراوە، لە ٨ی ئابی ٢٠٢٠دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە، لە ٣١ی ئابی ٢٠٢٠دا تەواو کراوە، لە ١٢ی ئابی ٢٠٢١ و ١ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەی تری بۆ کراوە.

    [2] دەستکاریکراوی دێڕێکی هۆنراوەی یادگاری شیرینی هێمن موکریانی.

    [3] دێڕێکی هۆنراوەی یادگاری شیرینی هێمن موکریانی.

  • هۆنوسیاس: میهرەبانەکان

    هۆنوسیاس: میهرەبانەکان

    هۆنوسیاس: میهرەبانەکان

    پێشەکیی میهرەبانەکان[1]

    ئەم ئەڵقەیە پێشکەشە بە هەر کەسێک کە ڕۆژێک لە ڕۆژان کردەوەیەکی بچووکی میهرەبانانەی بەرانبەر کەسێکی نەناس نوواندبێ، بە تایبەتی بەرانبەر مناڵێکی پەڕەوازە. ڕەنگە لای تۆ تەنها کردەوەیەکی سادە بووبێ، بەڵام لای ئەو بۆ تاتایە وێنەی میهرەبانی لە یادگەیدا هەڵدەکۆڵرێ. چونکە لەوانەیە ئەو کەسەی بەرانبەرت تا ئەو چرکەیە نەیزانیبێ میهرەبانی بە کردەوە چییە، کە تۆ پیشانیت دا، دەرگای بەهەشتێکی دەروونیی پیشان دەدەی کە هەر لەم سەر زەوییەیە و زۆر نزیکی خۆی بووە، بەڵام لەبەر چەڕەدووکەڵ و تەپوتۆزی هەڵستاوی بن پێی شەڕخوازەکانی دەوروبەر نەیدیوە. بەم شێوەیە لێی بڕوانە: تۆ تەنها پارچەیەک قوڕی دەستکرد بە مناڵێک دەدەی، ئەو دەیکا بە مرۆڤ، بە ئاژەڵ، بە درەخت، بە ماڵ، ئوتومبێل…تد. تۆ میهرەبانیی خۆت پەخش بکە و لێبگەڕێ خۆی کاری خۆی بکا.

    میهرەبانی ئەوە نییە کە زۆربەی خەڵک تێیگەیشتووە، پارە بە هەژارێک، یان مناڵێک بدەی. ئەگەر میهرەبانی جۆری هەبێ، ئەوە خراپترین جۆری میهرەبانییە، چونکە هیچ هەژارێک بە پارەی خێر لە هەژاری ڕزگاری نابێ، بەڵکو زیاتر ڕۆ دەچێتە لیتاوی هەژارییەوە. ئەگەر بەرانبەر مناڵێکیش وا بکەی ئەوا وای لێ دەکەی هەر بە پەڕەوازەیی لە ژیاندا بمێنێتەوە. پارەدان بە هەژار چارەیەکی زۆر کاتیی کێشەیەکی بەردەوامە. میهرەبانییەک بنوێنە کاریگەریی قووڵی هەبێ، گۆڕانکاری لە بەرانبەرەکەتدا دروست بکا، کەمێک کاتی خۆت بەو کەسە ببەخشە، بزەیەکی دروستکەر، تەماشایەک، زانیارییەک کە لە مەودای درێژخایەندا ڕزگاری بکا. بشزانە: تەنها هەژار و بێ-مووچە پێویستی بە میهرەبانی نییە، هەموو مرۆڤێک، چەنێک دەوڵەمەند و زەنگینیش بێ، هەر پێویستی بە میهرەبانییە. لە ڕاستیدا بەم شێوەیەیە: زۆربەمان وا دەزانین ئەو کەسە تەنها لەبەر ئەوەی دەسەڵاتێک یان سامانێک یان پیشەیەک یان مووچەیەکی هەیە، ئیتر پێویستی بە میهرەبانی نییە، بۆیە هەمووان بە لایدا تێدەپەڕن و هیچ میهرەبانییەکی لەگەڵدا نانوێنن. بەڵام تۆ نەتزانیبوو، ئەویش بەدەر نییە و تینووی میهرەبانییە. بۆیە، تکایە دووراودوور بڕیار مەدە کێ پێویستی بە میهرەبانی نییە و کێ پێویستی پێی هەیە. تکایە لە پەخشکردنی میهرەبانی بەردەوام بن.

    پێشتر ئەم ئەڵقەیە ناوی پیاوە میهرەبانەکەی بەر تەلاری عەتاڕ بوو، بەڵام ئەمڕۆ بڕیارم دا ناوەکەی بگۆڕم بە میهرەبانەکان. چونکە لەم چیرۆکەدا تەنها ئەو پیاوەی بەر تەلاری عەتاڕ میهرەبان نییە، ئەم چیرۆکە سەبارەت بە یەک پاڵەوانی میهرەبانیش نییە، بەڵکو سەبارەت بە خودی چەمکی میهرەبانییە: بزەکەی مامۆستا جەمال شادان، سڵاوەکەی مامۆستا جەمال عەبدول، بزە داڵغاوییەکەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس، پۆلیسی هاتوچۆ بەئەمەگەکە و شۆفێری کرۆناکە، ئەو مامۆستایانەی کاتی خۆی بۆ چەند چرکەیەک لێگەراون هۆنوس خۆی بێ و گۆرانی ببێژێ… هەموویان میهرەبانن و هەموو میهرەبانین لە شێوەی جۆراوجۆردا.

    میهرەبانەکان[2]

    هۆنوسی سێیەم کە هۆنوسە فریشتەکەیە، کەوتە دووان:

    من لە بری هۆنوسی ماک، هۆنوسی هۆننووس، بۆ ئێوەی جوان

    ڕاست و ڕەوان، بێ پێوەنان، دێمە دووان.

    ساڵی دوو هەزار، هۆنوس سیانزە ساڵ بوو، تازە چووبووە پۆلی یەکەمی ناوەندیی قوتابخانەی شۆڕشی کوڕان، ژیانی بە وەرچەرخانێکی مەزندا تێدەپەڕی. ئەم ناسکۆڵەی دایەیە شەش ساڵە لە قوتابخانەی سەرەتایی تێکەڵاوی کوردییە، هەموو ڕۆژێک، لە هەر پێنج وانەکاندا داوای لە مامۆستا جۆراوجۆرەکانی دەکرد ڕێگەی بدەن گۆرانی ببێژێ.

    هۆنوس شوومە، زۆر بەدوومە،

    با دانیشێ، نامانەوێ، با دانیشێ.

    هۆنوس لە هیچ کامێک لە یارییە کوڕانەکاندا باش نەبوو: هەموو ڕەسمڕەسمێنێک قلووچ دەکرا، هەموو هەڵماتێنێک، دوای چینێک گاڵتەپێکران بە دەستە خوارەکەی، مایەپووچ دەکرا، هەموو چاڵچاڵێنێک دەسمینرا، هەموو گەنمگرتیجۆبڕایەک شەقشەقێنی کۆڵانی پێ دەکرا، هەموو دووگۆڵییەک دەبووە هۆی دۆڕانی تیپەکەی. هیچ مناڵێکی کۆڵان لە تیپەکەی خۆیدا هۆنوسی نەدەویست، بە بیانووی ئەوەی گوایە «لە جێمی دووەم»دا هەڵیبستێنن، دایاندەنیشاند.

    سێر فێرگوسن[3] ئەوەتا لە بەردەرگای ماڵانا،

    «جێمی دووەم» کامەتا لە فەرهەنگی کۆڵانا؟

    هەر کەسێ لە کۆڵان یاریی کردبێ، دەزانێ کە یاریی کۆڵان زۆر بە دەگمەن «جێمی دووەم»ی تێدەکەوت، تا تۆپ دەتەقی هەر جێمی یەکەم بوو؛ یان تا دایکی مناڵی خاوەن تۆپەکە کوڕەی بانگ دەکردەوە؛ یان تا بانگی ئێوارە کۆتایی بە یارییەکە دەهێنا؛ یان هەندێ جار تا ماڵێک دەهاتنە دەرەوە و لە بەرانبەر ئەو هەموو هاتوهاوارەی لە کۆڵانەکەدا ناویانەتەوە، چینێک هەمووانیان سەرکۆنە دەکرد، ئەم سەرکۆنەیەش لە گەورەکانەوە بۆ بچووکەکان دەستی پێ دەکرد.

    هۆنوسمان ناوێ، یاری نازانێ، قاچ تاکەوتاکە،

    کەری گێژووێژ لە تیپدا هەر بۆ دەرکردن چاکە؛

    لە ناوچەوانت نووسراوە دۆڕان،

    بچۆ ژوورەوە، مەیەرە کۆڵان.

    ئەم هاوسەرگیرییەی هۆنوس و دۆڕان وای کردبوو لە هیچ کۆمەڵێکدا بەخێرهاتن-لێکراو نەبێ، بۆیە ناچار زۆرتر تێکەڵاوی کچەکان دەبوو، ئەوان کەمتر سەرزەنشتی یارینەزانەکانیان دەکرد و زۆرتر چێژیان لە خودی کاتبەسەربردنەکە دەبینی، نەک ئامانجپێکانەکە. بۆیە هۆنوس لە کۆڵانیش و لە قوتابخانە سەرەتاییەکەی، زۆربەی هاوڕێکانی کچ بوون، لە هەموو یارییە بێ-سەرزەنشتکردنە کچانەکاندا باش بوو: خەتخەتێن، هێلاهۆپ، مامۆستایێنە، ماڵەباجێنە…تد.

    هۆنوسی هۆننووس، دڵی کچانە،

    لەگەڵ پیاو و ژن نەرم و نیانە.

    هۆنوسی دڵی کچان، لەبەرئەوەی مناڵێکی بێوەی بوو، بوێر و جیاوازیش بوو، مامۆستاکان خۆشیاندەویست و دڵیان نەدەشکاند، لە پۆلاندا هەڵدەستا و لە بەردەم هەموواندا گۆرانیی دەبێژا. بەڵام هۆنوسی ئالوودەی گۆرانی، هۆنوسی گۆرانیۆس، لە سووچێکی حەوشەکەی ماڵی خۆیاندا ئەوەندەی گۆرانی بێژابوو کە مناڵانی گەڕەک و برایەکی بە تایبەتی، کە وەک هەمیشە، هەرمانی برای بوو کە بە هەموو شتێکی هۆنوس پەست دەبوو، تەواو لە گۆرانییە نەبڕاوەکانی وەڕس ببوون. زووزوو دەنگێکی بێڕەنگی هەرمان هاوارێکی دەکرد: «دە بەسە مێشکمان چوو».

    ئێستا چووەتە قوتابخانەی ناوەندی، قوتابخانەی شۆڕشی کوڕان. دوای شەش ساڵ خوێندنی کوردی، خێزانەکەی لە ترسی ئەوەی کە سبەینێ فێری عەرەبی نابێ و لە زانکۆش خوێندن بە کوردی نییە و ناتوانێ کارێک بدۆزێتەوە، ناردبوویانە بەشە عەرەبییەکەی قوتابخانەی شۆڕش.

    هۆنوسی عەرەب، لە قوتابخانە خەو دەیباتەوە،

    «زارَ»ی عەرەبی و (زارا) خانی کورد جیا ناکاتەوە!

    وەک بڵێی کۆچکردن لە قوتابخانەی سەرەتایی تێکەڵاوەوە بۆ قوتابخانەی ناوەندیی کوڕان وەرچەرخانێکی ئەوەندە کەمبەهایە، ئێستا هۆنوس دەبێ لەگەڵ زمانی عەرەبیشدا هەڵبکا، کە هیچ شتێکی وای لێی نەدەزانی. مامۆستای مێژوو و جوگرافییەکەیان یەک مامۆستا بوو، کە دەهاتە پۆلەوە و بە عەرەبی دەستی پێ دەکرد، ئەگەر نەخشەی بکێشایە، ئەوا هۆنوس دەیزانی کە وانەی جوگرافیایە، ئەگەر تا کۆتایی وانەکە نەخشەی نەکێشایە، هۆنوس بۆی دەردەکەوت کە لەوانەیە وانەی مێژوو بووبێ، لەوانەیە!

    «میللەتی کورد و عەرەب هەردویەکە تەفرەقە بوون

    لە جەفا و میحەنی موڵکی سەبا و یەمەنی[4]»

    لە قوتابخانەی ناوەندی، سەردەمی گۆرانیبێژان و ھاوڕێی کچ و جانتای پەڕتووک و خۆقۆزکردن نەما، ئێستا کراسێکی سپی و پانتۆڵێکی ڕەش دەپۆشی و پەڕتووکەکان بە باران و ھەتاو دەخەیتە ژێر دەستتەوە. زۆربەیان خۆیان گەورەتر لە خۆیان پیشان دەدەن. دوێنێ گوێم لێبوو ئەو کوڕە دەنگی خۆی بۆڵاندبوو و بۆڵبۆڵ دەیگرماند، بۆ ئەوەی وا پیشان بدا کە دەنگی گڕ بووە. من دەنگم گڕ نەبووە، لە چاویاندا بەبەم. ئەو ڕۆژە مامۆستا کاوە دەستی لە لووتی من و ئەو کوڕەی ترەوە دا وتی: «ئادەی بزانم؟» دۆشاومژەی خستە سەر تۆپی دامێنی لووتمان و بازنەییانە پەنجەی بادا. ئەوە بە دوای چیدا دەگەڕا؟ دوایی بەو کوڕەی تری وت: «تەواو، باڵق بووی!» بەڵام ڕوویەکی کردە من و وتی: «بەڵام تۆ جارێ ماوتە!» ماومە بۆ چی؟ باڵقبوون چییە؟ دەنگگڕبوون؟ تۆ بڵێی هیی ئەوە بێ باوکم نییە؟ من وەکو ئەو کوڕەی بەشە کوردییەکە ڕیش و سمێڵم ناتاشم، تۆ بڵێی ئەو باڵق بووبێ؟ من جارێ ماومە. گەورەبوون چۆنە؟ پەڕتووکەکانم باران لێیان دەدا. من حەزم لە جانتایە، باشە ئەمانە بۆچی حەزیان لە جانتا نییە؟ دەڵێن جانتا هیی کچانە. جانتا باشە، من حەزم لە جانتایە. وس بە. خۆت لە کاروانەکە دامەبڕێنە، ڕۆژ نییە پێت نەڵێن «ھێلکەی قازی نەک مراوی»، نەکەی جیاواز بی.

    «لە پێ کەوتووم و نەفسم بۆ ھەوا دەشنێ وەکو منداڵ

    لە بەر پیری سەرم خۆی ناگرێت و تازە پێ دەگرم[5]»

    هۆنوس لە پێ نەکەوتووە، بەڵام نەفسی بۆ یارییە کچانەکان دەشنێ. بۆ هاوڕێ کچەکانم. باڵق. بیریان دەکەم. عەیبە.

    تەمەن و بەختی، سیانزە نووسراوە،

    هۆنوس گەورەیە، بۆ ئیش نێرراوە.

    بێوەژنەکەی دایکی هۆنوس، کە دایکی هەشت مناڵی زیندوو و دووانی مردوو بوو، کابانێکی سەرقاڵ بوو، لە پێش لەدایکبوونی هۆنوسەوە مێردەکەی مردبوو. واتە، هۆنوس هەرگیز باوکی نەدیوە و نازانێ باوک و باوکێتی چییە، بەڵام با نێوانی خۆمان بێ، وا بزانم هەر لەبەر ئەمەیە کە من و حەمەهۆنوسی دووەم زۆربەی کات لەگەڵیداین، ئەوەندەی بۆمان کرابێ شوێنی باوکیمان بۆی گرتووەتەوە، بە تایبەتی هۆنوسی دووەم کە بەردەوام تووڕەیە و ئامۆژگاریمان دەکا! بێینەوە سەر باسی بودیکا خانی دایکی هۆنوس[6]، ئەم ژنە هەر ئەوەندە فریا دەکەوت جلی ئەم هەموو مناڵە بشوا و خواردنیان بۆ ئامادە بکا. تا ئەوەندەی خۆی ئەرکەکانی بە جێ بگەیاندایە کارزان و سەلار بوو، بەڵام کە سەرپەرشتیی یەکێکی تری دەکرد کارێک بکا، لە ئەرک-پێسپاردندا زۆر بێبەهرە بوو، زۆر جار بۆ پەرداخێک ئاو سێ مناڵی دەنارد. ڕۆژێک بۆ ئەرکێک، کە منیش و هۆنوس خۆیشی بیرمان نایە چی بوو، چونکە ئێمە زیاتر هەستمان بیر دێتەوە وەک لە چییەتی شتەکان، هۆنوسی بەرەو گەڕەکی ڕزگاری نارد و دە دیناری پێی دا: دوو دیناری بۆ پاس، سێ دیناری بۆ خۆی، پێنج دیناریش بۆ تێچووی ئەرکە پێسپێرراوەکە. پاش چوار بارە و پێنج بارە کردنەوەی دایکی، هۆنوس کەوتەڕێ: دوو دینار پاس، سێ دینار خۆم، پێنج دینار کار.

    «لە دەریاوە قەتاری هەوری بارشت کەوتە دووی پێشەنگ،

    بەسەر سنگی چیادا چۆکی داداوە، کش و بێدەنگ…[7]»

    بۆ ئەرکی دایکی، هۆنوس کەوتە ڕێ،

    خوا بکا پلانی دایکی نەگۆڕێ.

    ھۆنوسی ناباڵق دەرگای حەوشەی کردەوە و لەسەر سێ قادرمەکەی بەردەرگا، لەژێر سێبەری دارتووەکەدا ڕاوەستا. سەرە بەفرینەکەی جەمال شادان لە دەرگا تابووتییەکەی دواوەی مزگەوتی حاجی جەمالەوە هاتە دەرەوە. پیاوە ڕووخۆشەکە. تیشکدانەوەی چاویلکەکەی شادان ڕووی کردە هۆنوس و بە بزەیەکی هەنگوینییەوە سڵاوێکی گەرمی بۆی کرد. ئەم پیاوە هەمیشە بزە دەکا، هەمیشەش سڵاو دەکا. دەمناسێ؟ هۆنوس بە شەرمێکی مناڵانە و بزەیەکی ڕێز و پێزانینەوە بە دوو جاری خێرا دەستی بەرز کردەوە و وەڵامی سڵاوەکەی دایەوە. شادان بەرەو یەکێتیی ژنانی کوردستان لە سەری ڕۆژئاوای کۆڵانەکە و هۆنوسیش بەرەو سەری ڕۆژهەڵات کەوتنە ڕێ. ھەر ئەوەندەی هۆنوس لە سەرسووچی کۆڵانەکەیان چووە ئەودیو دیوارە بەردەنەقاڕییەکەی نوێژگەکەی مزگەوتی حاجی جەمالەوە و چاوی دایکیی لەسەر نەما، یەکودوو پلانەکەی دایکی لە مێشکی خۆیدا گۆڕی، بەم شێوەیە: پێنج دینار بۆ تەکسی، پێنجەکەی تریش بۆ ئەرکەکە، بە پێ هاتنەوە بۆ ماڵەوە.

    هۆکاری بە پێ هاتنەوەشی ئەوە بوو کە بەشکو تۆزێ دەرفەتی بۆ بڕەخسێ و دوور لە سەرزەنشتی «بەسە مێشکمان چوو» بە دەم ڕێوە کەمێک گۆرانی ببێژێ. لەسەر سووچی بەرزەڕێکەی مزگەوتی حاجی جەمالەوە چووە سەر شەقامی سالم و بەرەو ڕۆژهەڵات کەمێک هەنگاوی نا تا دڵنیا بکاتەوە لەوەی چاوی دایکی لەسەر نییە. لە سەرسووچەکەی شەقامی عەلی ناجی، لەبەردەم ماڵی شێخ ڕەئوفی کوڕی شێخ مەحمودی نەمر، کە نووسینگەی دەریا بۆ تەلەفۆن و فاکسی جیهانیی تێدا بوو، بە دزییەوە کەمێک چاوەڕێی تەکسییەکی کرد. مارسیدسەکەی شێرکۆ بێکەس لە سەهۆڵەکەوە هات و لە بەردەم هۆنوسدا هێمای پێچکردنەوەی بە دەستی ڕاستدا داگیرساند و خاوی کردەوە تا بە کۆڵانە بەرزەڕێکەدا سەربکەوێ. مامۆستا شێرکۆ خۆی لە دواوە دانیشتبوو، بە چواردەوری خۆیدا لە پەنجەرەکەیەوە بە داڵغەیەکی قووڵەوە تەماشای هەموو شاری دەکرد وەک بڵێی بۆ شتێکی زۆر بەنرخ دەگەڕا. بۆ کەمێک نیگای کەوتە سەر هۆنوس، پاش وردبوونەوەیەکی کورت، نیوبزەی بۆی کرد و دیسان کەوتەوە سۆراخی نقێم و مرواریی هۆنراوەکانی مێشکی خۆی. لادایەکی تەکسی هات، هۆنوس دەستی لێی ڕاگرت و شوێنی مەبەستی پێی وت، بەو شێوەیەی پێشبینیی کردبوو، بە پێنج دینار ڕێککەوتن. سەرکەوت، دەرگاکەی دوای خۆی داخست و قیت لەسەر قەنەفەی سەرنشین دانیشت. یەکسەر پارەکەی بدەمێ؟ پاس وایە، پێشەکی دەیدەی، تەکسی پێچەوانەی پاسە، کەواتە دەبێ پێچەوانە بێ.

    «شۆفێر ماشێنت ئۆدرپۆستە،

    پووڵم داوە لێبخوڕە مەوەستە،

    زوو بگەرە ئا ئەو چاومەستە،

    چاوباز و ئەبرۆ پەیوەستە،

    بمکوژێ حەقی بەدەستە،

    یەڵڵە شۆفێر، یەڵڵە، دە بگە یارم، یەڵڵە[8]»

    شۆفێر ماشێنت نە لاندڕۆڤێرە، نە ئۆدرپۆستە، نە شۆڤەرلێتە، نە هۆنوسیش بە داخەوە دەچێتە لای چاومەست و ئەبرۆ پەیوەست، بەڵام تکایە لێبخوڕە و بیگەیەنە شوێنی مەبەست.

    لادا بە شەقامی چۆڵی سالمدا بەرەو خۆرئاوا کەوتە ڕێ، لەوبەرەوە شۆفێری هارتۆپەکەی مامۆستا جەمال عەبدول دەهاتەوە و لە فیلکەی ئیڤڵە هەڵگەڕاوەکەی بەردەم ماڵی پارێزگاردا بە دێوری وەستا تا لاداکە و کۆستەرێک و لە پشتیشیانەوە بەڕازیلییەک تێبپەڕن، مامۆستا جەمالیشی لەگەڵدا بوو. خوایە نەمبینێ. نەکا دوایی دایکم بیبیستێتەوە کە پارەکەم داوە بە تەکسی. مناڵێکی وەکو من چییە سواری تەکسی ببێ؟ تۆ بڵێی نەپرسن؟

    لادا تێپەڕی و مامۆستا جەمال سڵاوی نەکرد. تەواو، مادەم سڵاوی نەکرد کەواتە نەیدیوم. ئەو هەمیشە سڵاوم لێ دەکا. تۆ بڵێی بمناسێ؟ تەکسیگێڕەکە هەر ئەوەندەی لە فیلکەکە لایدا، نیگایەکی گومانی گرتە هۆنوس کە قیتوقنج دانیشتبوو. یەکسەر پرسی: «کوا؟ پارەت پێیە؟» هۆنوس، بە ڕێزێکی مناڵانەوە لە گەورەی خۆی، یەکسەر دە دینارە چوارقەدەکەی ناو مشتی ناو گیرفانی ڕاستی پانتۆڵەکەی دەرهێنا و بە تەکسیگێڕەکەی دا، ئەویش لێی وەرگرت و دیسانەوە نیگایەکی گوماناویی تری تێی گرت و کەمێک شێوە و قەد و باڵای پشکنی. هۆنوسی بەئاگا لەم نیگایەی تەکسیگێڕەکە، نە ملی، نە چاوی بە هیچ شێوەیەک بۆی لانەدایەوە، قیتوقنج لە جامی پێشەوەی ئوتومبێلەکەوە، کە چەندین هێڵەدرزی درێژبووەوە و سێ تۆڕی مەزنی جاڵجاڵۆکە درزی تێدا بوو، تەماشای لە دیمەنی دەرەوە چەقاند. تەکسیگێڕەکە دەستی کرد بە گیرفانی ناوەوەی سەر دڵی، پێنج دینارییەکی دەرهێنا و دایە دەستی. هۆنوس وەریگرتەوە و چیتر ترسی مامەڵەکەی لە دڵدا نەما کە نەکا تەکسیگێڕەکە هەڵیبخڵەتێنێ و پارەکەی لێ بسەنێ و نەیبا، چینێکیشی تێهەڵبدا و دواتریش لە ماڵەوە تێر سەرزەنشت بکرێ. ئیتر تەواوی قورسایی خۆی و دوودڵییەکانی لەسەر شانی ڕاستی خۆی بە دەرگاکەدا هەڵپەسارد و کەوتە قووڵایی خەیاڵەوە.

    تەکسی بێ قسە و بێ نقە ڕۆیشت، مزگەوتی حاجی حەسەنی لۆکەی تێپەڕاند، هەر ئەوەندەی یەک و دوو، چووە ترافیکەکەی بەر تراییەکە، کە دەبوو لەوێوە پێچ بکاتەوە. لە دوورەوە گڵۆپی سەوزی ترافیکلایتەکە بانگی دەکردن، لە بەختی تەکسیگێڕ و لە بەدبەختیی هۆنوس، ترافیک زەرد بوو، تەکسیگێڕەکە بۆ ئەوەی فریا بکەوێ بڕوا، خێرای کرد و وەک دواهەمین ئوتومبێلی سایدەکە، یەکسەر لەبەردەم ترافیکەکە دێوری کردەوە. لە دوای لاداکە پۆلیسی هاتوچۆکە بە فیکەیەک و باڵێکی هەڵبڕراوی ئەو سایدەی ئەوانی وەستاند، لەوەدا بوو سایدی بەرانبەر ڕێ بدا، لە خەستەی دێورەکەدا بە لای چەپدا، کە قورسایی ئوتومبێلەکە بەسەر لای ڕاستدا شکایەوە، دەرگای لادا لە خۆوە کرایەوە و هۆنوسی خۆهەڵپەسێریش لە ناوەڕاستی مەیدانەکەدا بەسەر ئانیشکیدا لە لاداکەوە: یەکەم جار بە گازەرەی پشتدا کەوتە خوارەوە، پاشان دوو سێ تەقلەی لێدایە سەر جادە قیرەکە. بۆ چەند چرکەیەک دەرگای سەرنشینی لاداکە جۆلانێیەکی کرد. پۆلیسی هاتوچۆ ئاگادارەکە خێرا بە چەند فیکەیەکی ئاماژەپێدەر، هەموو ئوتومبێلەکانی سایدەکانی تری ڕاگرت و بەپەلە بە دەم هۆنوسەوە هات. تەکسیگێڕەکە بە شڵەژان و شپرزەییەکی ناکاوەوە، هەر بە دەرگا کراوەیی، بێ هۆکارێکی دیاریکراو، هۆڕنێکی لێدا. لە ناوەڕاستی سایدی پێچەوانەدا ڕایگرت و لە پەنجەرەکەیەوە سەری دەرهێنا و دەستی کرد بە سەرکۆنە و وتی: «ئەوە تۆ بەشەری لە خۆتەوە دەرگا دەکەیتەوە؟» هۆنوس هەناسەی وەستابوو. ئایا هەناسە دەدەم؟ لەوە ناچێ، وا بزانم چیتر هەناسە نادەم. تەواو. تۆ بڵێی ئەگەر بمرم لێم تووڕە نەبن؟ با، وا بزانم تووڕە دەبن، دەڵێن: «بۆ مردی»؟

    پۆلیسی هاتوچۆکە دوو جار کێشای بە پشتیدا، سێ جاریش بەسەر سنگیدا. لەم کاتەدا لە سایدی بەرانبەرەوە شۆفێرێکی کرۆنای هەشتا لە ئوتومبێلەکەی ترافیکە وەستێنراوەکەیەوە دابەزی و بەپەلە هات. پۆلیسی هاتوچۆکە سەرنجی هەناسەنەدانی هۆنوسی دا و بیرۆکەی ئەوە تۆقاندی کە لەوانەیە ئەم دیمەنی لەباوەشگرتنی تەرمی نەوجەوانە ببێتە گرنگترین هەواڵی ڕۆژەکەی و بۆ تاتایە چاوە ڕەشە تەواو-کراوەکانی هۆنوسی مردووی باوەشی خۆی لە بەرچاوی یادگەیدا کاڵ نەبێتەوە. تەواو، هەناسە نەما. شششششششششششش. هۆنوس لە دواهەمین چرکەکانی ژیانیدا بوو، پۆلیسی هاتوچۆکە چەند جارێکی تر لە باوەشیدا ڕایوەشاند و بە دەستێکی کێشای بە سنگیدا. شۆفێری کرۆناکە گەیشت و یەکسەر تێگەیشت کە هۆنوس هەناسەی لێ بڕاوە، بە هەڵەداوان چەند زللەیەکی خێرای لە هۆنوس دا، بە پۆلیسی هاتوچۆکەی وت: «پاڵیخە… پاڵیخە» پۆلیسی هاتوچۆکە وای کرد و شۆفێری کرۆناکەش دەستی خستە ژێر ملی هۆنوس و چەند جارێک بە خێرایی سەر و نیوەی سەرەوەی قەدی هۆنوسی هەڵبڕی و نوشتاندییەوە و پاڵیخستەوە، پۆلیسی هاتوچۆکەش یەک دوو جار کێشای بەسەر سنگی هۆنوسدا. دواجار هۆنوس هەناسەیەکی قووڵی پەلەی هەڵمژی و خێرا کەوتەوە هەناسەدان: هئهئهئهئهئهئهئهئهئهئهئهئ. شۆفێری کرۆناکە و پۆلیسی هاتوچۆکە ئاهێکی ئۆخەیان پێدا هاتەوە و بە هەردووکیان هۆنوسیان بۆ سەر شۆستەکە بردەوە. تەکسیگێڕەکە دەنگبەرزتر نەڕاندی: «کەری؟ بۆ دەرگا دەکەیتەوە؟ چۆن دەبێ دەرگا بکەیتەوە؟» پۆلیسی هاتوچۆکە بە نەرمی پرسی: «بۆ دەرگاکەت کردەوە؟» هۆنوس بە هەناسەبڕکێوە وتی: «هئهئهئهئهئهئ، دەرگام نەکردەوە، هئهئ، خۆی کرایەوە. پاڵم پیایدا دابووەوە». پۆلیسی هاتوچۆکە بە شۆفێری تەکسییە دانەبەزیوەکەی وت: «نەیکردووەتەوە، دەرگاکەت خۆی کراوەتەوە. بزانە قفڵ…» تەکسیگێڕەکە یەکسەر خۆی تووڕە کرد و نەڕاندی: «درۆ دەکا، دەرگای من عەیبی نییە. ئەو خوێڕییە دەیەوێ خۆیم بەسەردا ساغ بکاتەوە. من ئەمانە چاک دەناسم چین! خوێڕی». بە تووڕەییەوە دابەزی و بە دەوری ئوتومبێلەکەیدا ڕۆیشتە بەردەم دەرگا کراوەکەی سەرنشین و دوای پێنج شەش کۆشش، دایخست، بە پرتەوبۆڵەوە سواربووەوە و تفێکی لە پەنجەرەکەیەوە ڕۆ کرد و دەستی کردەوە بە لێخوڕین. هەمووان بۆ چەند چرکەیەک تەماشای لایتە خێلەکانی پشتی لاداکەیان کرد و لە هەڵوێستی تەکسیگێڕەکە سەریان سووڕ ما. وردەوردە وێنەی تەکسییەکە لە بەرچاوی بینەرەکانیدا بچووک دەبووەوە. لەناکاو دەرگای سەرنشینەکەی دیسان کرایەوە، بەڵام شۆفێرەکەی هەر پێی لێنا و ڕۆیشت، لە پێلێنانەکەدا دەرگای سەرنشینەکەی دیسان داخرایەوە. پۆلیسی هاتوچۆکە لەبەرخۆیەوە وتی: «ئەوە خۆ… ڕاستی کرد… دەرگاکەی ئەوەتا…» شۆفێری کرۆناکەش کە ئەبڵەق بە دیار وێنە دوورکەوتووەکەی لاداکەوە وەستابوو، لەبەرخۆیەوە وتی: «هەی لەو… دەرگاکەی… ژمارەکەی بگرە…» پۆلیسی هاتوچۆکە دەستی بە گیرفانیدا کرد و وتی: «پاکەتە جگەرەکەم… قەڵەمەکەم پێیە…» شۆفێری کرۆناکە بەپەلە وتی: «بیگرە، ژمارەکەی، من نایبینم… بۆم ناخوێنرێتەوە» پۆلیسی هاتوچۆکە پرسی: «تۆ پاکەتی جگەرەت پێیە؟» شۆفێری کرۆناکە وەڵامی دایەوە و وتی: «نا، من جگەرە ناکێشم. جگەرەت بۆ چییە؟» پۆلیسی هاتوچۆکە وەڵامی دایەوە و وتی: «جگەرەم ناوێ، سیمەکەیم دەوێ ژمارەکەی لەسەر بنووسم» شۆفێری کرۆناکە وتی: «ناوەڵا…» هەردووکیان تەماشایەکی پرسیارئامێزیان گرتە هۆنوسی دەست مێروولەکردووی زریکەکردووی تازە-ژیاوە، بەڵام هەردووکیان پرسیارەکانیان گەڕاندەوە و نەیانکرد. دوای چەند چرکەیەکی نائومێدی پۆلیسی هاتوچۆکە تەماشا دووربینەکەی بە سەرلەقانێک کۆتایی پێ هێنا و لەبەرخۆیەوە وتی: «خوا بۆت بنێرێ!» شۆفێری کرۆناکەش دوای هەناسەدانەوەیەکی ساردی نائومێدی وتی: «ئامین!»

    لە دوورەوە دوو کۆستەر و مازدایەک و بەڕازیلییەک و داتسۆنێک و لادایەک دەستیان کرد بە هۆڕن-لێدان بۆ پۆلیسی هاتوچۆکە تا ڕێگەیان بدا. شۆفێری کرۆناکە دەستێکی هاوسۆزی بە سەری هۆنوسدا هێنا و گەڕایەوە بۆ ئوتومبێلە دەرگا-کراوەکەی. پۆلیسی هاتوچۆکەش بە ئەمەگەوە کەوتەوە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆی و سایدەکانی ڕێ دا. کرۆناکە دواهەمین ئوتومبێل فریا کەوت بڕوا. هەمووان کە بە لای هۆنوسدا تێدەپەڕین خاویان دەکردەوە و تەماشایەکیان دەکرد.

    هۆنوس هەڵستایەوە سەر پێ. دەتوانم هەڵبستم. بەرەو خۆرهەڵات و ڕوو لە شاخی گۆیژە بە شەلەشەل و قۆڵی ڕاست لە ئامێزی قۆڵی چەپیدا لۆژاندی. چەند کەسێک کە لە دوورەوە بۆنکەری ڕووداوەکە بوون، تەماشای پرسیارئامێزیان دەگرتە هۆنوس، بەڵام کەس هیچی لێی نەپرسی. تا هۆنوس دوورتر دەکەوتەوە، تەماشای پرسیاراویی خەڵکیش کاڵتر دەبوونەوە.

    بە ئانیشکی بریندار و شەقشەق لەرزیوەوە، چاوبەفرمێسک، دەرکراو لە تەکسیی لادا، ڕۆیشت تا گەیشتە بەردەم تەلاری عەتاڕ. هۆنوسی هۆننووس هۆنهۆن دەگریا و نەشیدەویست خۆی دەربخا، بەڵام زریکەی ئازارەکەی ئانیشکی ئەوەندە بەسوێ بوو کە فرمێسکی لەناو چاویدا بۆ دەستەمۆ نەدەکرا، وردەوردەش هەنگاوەکانی قورستر دەبوون. لە بەردەم سەرتاشخانەی کوردستانی نوێدا پیاوێکی بینی، پیاوەکەش ئەوی دی، هێزێکی موگناتیسیی شارراوە سۆزی هەردووکیانی لە یەک ئاڵاند، پیاوەکە میهرەبانانە بەرەو ڕووی هات و دەستی کردە ملی و دڵی دایەوە، پرسی: «کوڕم چی بووە؟» هۆنوس لە بەردەم قاپیی پیاوێکی بەسۆز، کە بە تۆنێکی بەسۆزەوە نەقیزەی پرسیاری بەسۆزی ئاژنییە هەستە تێکەڵاوەکانییەوە، یەکسەر لە پرمەی گریانی دا و سکاڵائاسا چیرۆکەکەی بۆی گێڕایەوە. پیاوە میهرەبانەکە بە پەستییەکی میهرەبانانەوە تچکێکی پەژارەی لە دەمییەوە دەربڕی و باوەشێکی کرد بە هۆنوسدا و وتی: «تچکم، کوڕم، قەیناکە گوێی مەدەرێ». پاش کەمێک، بە پانتایی هەردوو پەنجەگەورەکانی فرمێسکەکانی سەر گۆنای هۆنوسی سڕی. هۆنوسیش هەنسکی گەورەی پاش ڕیزێک هەنسکی بچووکی دەردەبڕی. بۆ چەند چرکەیەک، کە دەتوانم بڵێم خولەک زیاتریش، کاتەکە هەر وا ڕۆیشت. پیاوە میهرەبانەکە دواتر وتی: «کوڕم ژیربەرەوە. قەیناکە».

    «تۆ وەکو چیای ئاگری

    لە بەر تەوژم و با و تۆفان

    سەخت و ڕەق و پێداگری

    لە ئاست ئەم داخ و دەردانە

    بەهیممەت و خۆڕاگری[9]»

    دوای چەند هۆنراوە هەنسکێکی هۆنوسی تازە هەرزەکار، پیاوە میهرەبانەکە میهرەبانانە وتی: «کوڕم تۆ پیاوی، نابێ بگریت!»

    تۆ پیاوی، نابێ بیری کچ بکەی؛ نابێ کەس بزانێ کە بیری کچەکانی هاوڕێت دەکەی؛ نابێ کەس بزانێ لە ناخدا چەند هەست بە تەنیایی و پەڕەوازەیی دەکەی؛ نابێ کەس بزانێ وەک ئەوان نیت. تۆ پیاوی، دەبێ وا پیشان بدەی وەک هەموویان وای.

    پیاوە میهرەبانەکە دەست لە ملی هۆنوسدا، بەرەو تەنیشت دوکانە مەڕمەڕە پرتەقاڵییە گران-دیارەکەی بەیار پێشڕەویی کرد، لەوێدا لەسەر قادرمەیەک هۆنوسی دانیشاند و خۆیشی لە تەنیشتییەوە دانیشت و دەستی کردە ملی. پێی وت: «مەگری سەرخڕ گیان، تۆ سەیری ئەم قژە خاوە جوانە، خۆزگە کوڕەکەشم وەک تۆ قژی خاو و جوان بووایە. کوڕەکەم قژی لوولە، ئەوە ئێستا لە سەرتاشخانەکەیە، سەری بۆ دەتاشن» ئینجا هارتر دەبێ. «کوڕی من بوویتایە قەت نەمدەبردی بۆ لای دەلاک. تۆ وەک مناڵانی تر کە قژت بۆ دەتاشن هار دەبی؟» هۆنوس بە بزەیەکی تێکەڵ بە دوودڵی و شەرمەوە وتی: «منیش حەز دەکەم قژم درێژ بێ»، پیاوەکە پێی وت: «ئێ مەیتاشە، بە باوکت بڵێ با نەتبا بۆ لای دەلاک»، هۆنوس پێی وت: «باوکم نییە»، پیاوەکە بێدەنگ بوو و بۆ چەند چرکەیەک هیچی تری نەوت و نەپرسی، پاشان هەڵستا و بۆ بەر دوکانی وشکەفرۆشییە بچکۆلەکەی تەنیشت دوکانە مەڕمەڕەکەی بەیار ڕۆیشت، بە هۆنوسی وت: «شتێکت بۆ دەکڕم. حەزت لە چییە؟» هۆنوس خێرا ویستەکانی خۆی قووت دایەوە و وتی: «سوپاس، هیچ!» پیاوەکە وتی: «نابێ! نەستەلەیەکت بۆ دەکڕم»، هۆنوس شەرمنانە و هێورانە وەڵامی دایەوە: «نا، سوپاس»، پیاوەکە دیسان پێداگریی کرد و وتی: «نا، شتێکت هەر بۆ دەکڕم. ساردییەکت بۆ دەکڕم»، هۆنوس وردەوردە وەڵامەکانی خۆڕانەگرتووانەتر دەبوو، وتی: «نا، سوپاس»، پیاوەکە پرسی: «ساردی یان نەستەلە؟ کامیان؟ دەبێ یەکێکیان هەڵبژێری»، هۆنوس وردەوردە پەکی دەکەوت و وتی: «نا، سوپاس، بەخوا». پیاوەکە بە بزەیەکەوە وتی: «دە خێرا پێم بڵێ، با کوڕەکەم نەیەت و پێی بزانێ، دوایی ناهێڵێ. ساردی یان نەستەلە؟» هۆنوسی بەردەم دوو بەرداشی یەک لە یەک شیرینتر، پاش بیرکردنەوەیەکی خێرا، بە دەنگێکی زۆر نزمی شەرمنانەوە وتی: «…اردی». پیاوەکە پرسی: «چی؟ ساردی؟» هۆنوس وتی: «بەڵێ».

    پیاوە میهرەبانەکە چوو ساردییەکی هەڵپچڕاوی لە دوکانەکەوە بۆی هێنا و دای بە هۆنوس.

    هۆنوس بە ساردی لە ساردیی سارد قومی دا. دایکم بمبینێ تووڕە دەبێ. نابێ کەس شتم بۆ بکڕێ. چۆن ڕازی بووم؟ بزانە سەری شووشەکە نەقرنجاوە؟ دەڵێن ئەگەر قرنجابێ نابێ بیخۆیتەوە. نا نەقرنجاوە. میهرەبانییەکەی لە هیی کاک ژیلوانی دراوسێمان دەچێ. خێرا بیخۆرەوە. نا، خێرا نا، دوایی دەڵێن بۆ ساردی گریاوە. خاو بیخۆرەوە.

    هۆنوس چەند کورتەقومێکی تری لە پیپسیکۆلاکە دا.

    کات بۆ ناڕوا؟ پیاوەکە چاوەڕێم دەکا تەواو ببم. چی بکەم؟ خێرا قومی لێ بدە. تۆ بڵێی بیر لە چی بکاتەوە؟

    یەک دوو قومی خێرای لێ دا.

    قوڕگم بەستی. ئای. وا خۆت پیشان مەدە کە ئەوەندە ناسکی، ئەو کوڕەی کۆڵانی پشتەوەم دی پیپسییەکی هەڵپچڕی و بێ دەملێبەردان هەمووی خواردەوە. ئەو هەر خۆی لەشی تۆکمە و بەهێزە، من وا نیم، هەموو گیانم ئێسقانە. من بەهێز نیم. وا بزانم ئەگەر باوکت هەبێ بەهێز دەبی، وایە؟ زۆربەی مناڵان کە دەبینم یەکسەر دەزانم باوکیان هەیە یان نا، یان شەڕانین و دەیانەوێ لێت بدەن، یان زۆر بەڕەوشت دیارن، زۆربەیان بیر لەو قسەیە دەکەنەوە کە دەیڵێن، بەڕێزتر قسە دەکەن. لە ترسدایە؟ هەموو کاتێکیش نایەنە دەرەوە.

    پیاوە میهرەبانەکە لای سەرتاشخانەکەوە لە لایەن ژنەکەیەوە بانگ کرا، بەرەو ئەو جووڵا[10]، گەڕایەوە، دەستێکی کردەوە ملی هۆنوس و وتی: «من دەڕۆم، دەبێ بڕۆم. ئەوە ژنەکەم و کچەکەم و کوڕەکەمن. دیارە کوڕەکەم تەواو بووە. دەبێ بڕۆم. کەس پێی وتووی لە ژاپۆنی دەچی؟» هۆنوس بزەیەکی کرد و بە شەرمەوە پێی وت: «هەموو کەس» جۆگەلە داچۆڕاوەکەی فرمێسکەکەی بە ڕوومەتییەوە دیار بوو. پیاوەکە وتی: «فرمێسکەکانت بسڕە با کچەکەم بە گریانەوە نەتبینێ. کە ساردییەکەشت تەواو کرد، هەر شووشەکەی بخەرەوە ناو ئەو سنووقە. پارەکەیم داوەتێ. مەگری بەقوربان، تۆ پیاوی».

    تۆ پیاوی، بۆ کچ مەگری. زۆر ناقۆڵایە بە تەنیا لە شوێنێکی دوور لە ماڵی خۆتان دابنیشی و پیپسیکۆلا بخۆیتەوە. سوپاسی بکە.

    • زۆر سوپاس.

    بۆ پیپسیکۆلاکەش.

    • بۆ پیپسیکۆلاکەش.

    پیاوە میهرەبانەکە میهرەبانانە بە بزەیەکی شیرینەوە وەڵامی دایەوە: «سوپاسی ناوێ بەقوربان. دەی تەوقەکەمان». دەستی بۆ تەوقە هێنا. دەستی ڕاست. بریندارە. قەیناکە. هۆنوس دەستە بریندارەکەی بە ڕاڕایی بۆ پیاوەکە درێژ کرد و ئەویش کە دەیزانی ئەو قۆڵەی ئازاری هەیە، بە نەرمونیانی تەوقەی لەگەڵیدا کرد، پیاوە میهرەبانەکە بزەیەکی کرد و وتی: «ئادەی پێبکەنە؟» هۆنوس سەری شەرمنی داخست. پیاوەکە دیسان وتییەوە: «دەی پێبکەنە» هۆنوس بە سەرداخراوی بزەیەکی کرد. بەڵام شاردییەوە. پیاوە میهرەبانەکە ئاگادار لە بزەکەی، دەستێکی بۆ چەناگەی هۆنوس برد و کەمێک ڕوخساری هۆنوسی بەرز کردەوە. بزەی هۆنوس دەرکەوت. هەردووک بزەیان گۆڕییەوە.

    «زەردەخەنەی مانگ دەرکەوت بە ڕوونی،

    تا گەشبینم کا دوای ئاوابوونی[11]»

    هەنسک، کوایت؟ نابێ بەس بزە بکەم، دەبێ گریانەکەم پێوە دیار بێ. نا، وتی تۆ پیاوی. با کچەکەی نەتبینێ. مەگری بۆ ئانیشکت؛ مەگری بۆ ئازار؛ مەگری بۆ کچ. بزە بکەم؟ پێبکەنم؟ نا، زۆر نا، مەهێڵە ددانت دەربکەوێ، با کەس نەزانێ لە کەروێشک دەچیت. تۆ بڵێی ئەمیش گاڵتەم پێ بکا لەسەر ددانە کەروێشکییەکەم؟

    هۆنوس بزەیەکی فراوانتری کرد و ددانە کەروێشکئاساییەکانی دەرکەوت. پیاوە میهرەبانەکەش بزەیەکی شیرینی کرد و دەستێکی میهرەبانی هێنا بە ڕوومەتیدا و پێی وت: «ددانیشت زۆر جوانە، سەرنجم دا دەیشاریتەوە، مەیشارەوە، خۆزگە ددانی من وەک هیی تۆ جوان بووایە. خواحافیز». هۆنوس بە شەرمەوە و لەژێر زمانەوە وتی: «خوا’افی…». پیاوەکە بەرەو کچەکەی و ژن و کوڕە قژلوولەکەی ڕۆیشت.

    خۆزگە برام بووایە.

    پاش تەواوکردنی پیپسیکۆلاکە، هۆنوس شوشەکەی خستە ناو سنووقی پیپسییەکەی بەردەم دوکانەکە، بۆ چرکەیەک نیگایەکی گومانی گرتە خاوەنی دوکانەکە، ئەویش تەماشایەکی کرد و سەرێکی (کێشە نییە)ی بۆ لەقاند، پاشان بەرەو گۆڕەپانی پاسەکانی مەسڵەحە کەوتە ڕێ.

    خەڵک دەزانن قۆڵم بریندارە؟ چۆنت زانی بریندارە؟ با، هەست بە خوێن دەکەم لەناو ئانیشکی کراسەکەمدا. ئێستا بەیەکیشەوە دەنووسێ، دوایی ئازاری دێ، کراسەکە لێی نابێتەوە. ئەی قاچم؟ نازانم، لەوانە نییە. با، ئەوەتا ئەویش پێوەی نووساوە. شوختێکی تر دەکەوێتە سەر ئەژنۆم. باشە من وەکو چلوورەفرۆشەکە شوختەکانم لە دەموچاومدا نییە. شوخت نیشانەی هارییە. چلوورەفرۆشەکە هارە؟ ئێمەی زۆر خۆشدەوێ. تاکە کەسە لە کۆڵاندا کە ڕێگەم لێ ناگرێ یاری بکەم. چونکە خۆی خەڵکی کۆڵانی ئێمە نییە. بچمەوە بۆ ماڵەوە؟ یان بچم ئەرکەکەی دایکم جێبەجێ بکەم؟ ئەرکەکە.

    «هەڵسە ئەی لاوی نیشتمانیی کورد!

    سەردەمی هەڵسان هەرکەسێ نووست، مرد!

    پێویستی پیرۆز، بەڵام سەخت و ورد

    چاوەڕوانتە.. هەڵسە دەستوبرد![12]»

    هۆنوس، هۆننوس، پاڵەوانە ناسکەکەمان، بۆ ئەو ئەرکەی دایکی پێی سپاردبوو چوو و ئەنجامی دا. دواتریش بە دەم گۆرانیبێژانەوە، وەک خۆی دەیویست، بۆ ماڵەوە گەڕایەوە. لە ماڵەوە پێی زانی کە دایکی برایەکی تریشی بۆ هەمان ئەرک ناردووە. بەڵام باش بوو ئەو لە بیری چووبووەوە و نەیکردبوو. هۆنوس هەرگیز نەیهێشت دایکی و براکانی و خوشکەکەی بەم بەسەرهاتە بزانن.

    دوایی دەڵێن بۆچی دەرگاکەت کردەوە.


    [1] لە ڕێکەوتی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسراوە. لە ١ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەم بۆی کردووە.

    [2] لە ١٦ تا ٢١ی مایسی ٢٠١٩دا نووسراوە، لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا پاکنووس کراوە، لە ٤ی ئابی ٢٠٢١دا و دواتر لە ١ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە.

    [3] ئەلێکس فێرگوسن: (١٩٤١- ) ڕاهێنەری پێشووی یانەی مانچستەر یونایتدی تۆپی پێ.

    [4]هۆنراوەی قەدری من چەندە لە لای دەوڵەتی دنیایی دەنیی نالی.

    [5]هۆنراوەی لە ناکەس کارییا، خاکم بە سەر، ڕۆیی بە با عومرمی مەحوی.

    [6] پێشتر بە هەڵە دایکی هۆنوسم لەگەڵ دایکی دیاسدا تێکەڵ کردبوو، دایکی دیاس ناوی ئایۆیە، نەک هۆنوس، دایکی هۆنوس ناوی بودیکایە. لەو فایلە دەنگییەشدا کە ئەم چیرۆکەم خوێندووەتەوە و لە ئینتەرنێتدا بڵاوم کردووەتەوە، بە هەڵە دەڵێم: «ئایۆ». تکایە بمبوورن، ڕاستەکە بودیکایە.

    [7] هۆنراوەی هەوری پایزی گۆران.

    [8] گۆرانیی یەڵڵە شۆفێری حەسەن زیرەک.

    [9] هۆنراوەی گریانی ڕونووی هێمن موکریانی.

    [10] پێشتر بە هەڵە وشەی «شەتەک»م بە کار هێنابوو، بەڵام بەمەی ئێستا گۆڕیم.

    [11] هۆنراوەی گوزارشتێکی نەوا موکرجی.

    [12] هۆنراوەی بەری بەیانەی گۆران.

     

  • سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان

    سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان

    سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان

    نەوا موکرجی

    هەرچەندە کەریم زۆر لە من بەتەمەنتر بوو، بەڵام خۆشەویستترین هاوڕێی مناڵیم بوو، هەر لە زووەوە خەریکی تەکنەلۆژیا و دروستکردنی کۆمپیوتەر بوو. زۆر ڕێزی لێ دەگیرا و بە «داهێنەرێکی مەزن» ناوزەد کرابوو، کەس نەبوو لە گەڕەکدا خۆشینەوێ، ئەگەر خۆشیشیان نەویستایە، هەر ڕێزیان دەگرت کە وا خۆی بۆ کارەکەی خۆی تەرخان کردبوو، تەنانەت باوکم، کە نەیدەهێشت هاوڕێیەتیی کەس بکەم، ڕێزی لەو دەگرت. ئەڵبەت کەریم تەنها خۆشەویستترین هاوڕێی من نەبوو، بەڵکو خۆشەویستترین هاوڕێی زۆرێکی تری مناڵانی گەڕەک بوو.

    ستۆدیۆیەکی گەورەی پڕ لە کۆمپیوتەی هەبوو، هەزاران کۆمپیوتەری جیاجیای تێدابوو: کۆن، نوێ، نیوداش، تێکچوو، کەمئەندام، درێژکۆلە، پانکۆلە…تد. بە پێچەوانەی ئێمەشەوە، ئەو کە تەماشای کۆمپیوتەرە ئافرێنراوەکانی خۆی دەکرد لە سەرسامیدا دەمی دانەدەچەقی!

    هێشتا نەچووبوومە کۆلێژی پزیشکی، ئەو خەریکی دروستکردنی کۆمپیوتەرێکی جیاواز و نوێ بوو، هەموو تیشکۆ و تینی خۆی خستبووە سەر ئەو پڕۆژەیە، نیازی وا بوو ناوی بنێ «کۆتالوتکە»، ئەوە دواهەمین زانیاریم بوو لەسەری ببیستم و چیتر دەنگوباسیم نەبیستەوە و لێی دابڕام، چونکە ماڵمان گواستەوە بۆ گەڕەکێکی تر و خۆیشم لە کۆلێژی پزیشکی وەرگیرام. ئێستا کۆلێژم تەواو کردووە و بۆردی پسپۆڕیشم لە نەخۆشیی دەروونیدا تەواو کردووە، لە شادگەی شار کار دەکەم کە نەخۆشخانەیەکی دەروونییە.

    سێ هەفتە لەمەوبەر چەند هەزار ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرێک بە هەموویان کەریمیان هەڵگرتبوو و تۆپزییانە هێنایان بۆ شادگەکە، ئێمە هەموومان سەراسیمە و واقوڕماو بووین، کەریم هەڵدەلەرزی و دەپاڕایەوە وازی لێ بهێنن و ناوبەناویش هەڕەشەی لێیان دەکرد. پرسگەوانەکە بە دوایانەوە شڵەژابوو و دەیوت: «کاکە، قەدەغەیە ئەو ئاپۆڕایە هەموو پێکەوە بێنە ژوورەوە». بەڵام ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرەکان نەیاندەبیست و پێکەوە لەگەڵ هەڕەشە گەرمەکانی ئافرێنەرەکەیان پشێوییەکی زۆریان لە شادگەکەدا نابووەوە. من فریا کەوتم فەرمان بدەم هەموو نەخۆشەکانی تر بخەنەوە قاوش و ژوورەکانی خۆیان و دەرگایان لەسەر دابخەن نەکا ئەوانیش پشێوییەکە بقۆزنەوە و کار لە کار بترازێ.

    چی بکەم؟ دەتوانین نەخۆشەکان بە شرینقەیەک هێور بکەینەوە، یان کارەبایان لێ بدەین، بەڵام چی لەم کۆمپیوتەرانە بکەین؟ بە چی هێوریان بکەینەوە؟ با پشتگیرییان بکەین تا هێور ببنەوە. باشترین چارەسەر پشتگرتنیان بوو، بۆیە کەریممان لێیان وەرگرت و بەستمانەوە و خستمانە ژوورێکی تایبەتەوە، هەر لەو ڕۆژەوە تا ئێستاش بەردەوام فێیەتی و لەبەر خۆیەوە هەڕەشە دەکا. بەردەوام دەڵێ: «بەس بتانبینمەوە دەبێ هەمووتان بسووتێنم، دەبێ فێرتان بکەم بەهای داهێنەرێکی مەزنی وەک من بزانن». سەرەڕای هەوڵێکی زۆریش، بەڵام منیش ناناسێتەوە.

    سێ هەفتەیە چەندین جار لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەم ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرانەدا دانیشتووین، دەمانەوێ چیرۆکەکەیانمان تێبگەیەنن و بزانین کێشەیان لەگەڵ دروستکەرەکەیاندا چییە. تێگەیشتن و هێوری و دانبەخۆداگرتن لەگەڵ ئەم ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرانەدا زۆر ئەستەمە، هەر یەکەیان کێشەیەکی هەیە: تیایەتی تا وەڵامێکی ڕاستت دەداتەوە هەزار وەڵامت دەداتەوە کە هیچ پەیوەندیی بە باسەکەوە نییە؛ تیایەتی بە چەندین ساڵ لە دوایە؛ تیایەتی زۆر خاوە و تێگەیشتنی زۆر خراپە؛ تیایەتی بەردەوام فایلی ڕووت پیشان دەدا؛ تیایەتی شت زۆر دەزانێ و فایلی زۆر تیایە، کەچی هیچ لە خەیاڵیدا نییە و هیچ پیشان نادا.

    دواجار، بە هەموویان نوسراوێکیان بۆمان نووسی، دوای لابردنی وێنە ڕووتەکان فلتەرکردنی ئەوانەی پەیوەندییان بە باسەکەوە نەبوو، ئەمە دەقەکەیەتی:

    بەڕێزان،

    ئێمە کەمئەندامین، کەریمە ناموفەڕک ئاوها دروستی کردووین، بە دەستی خۆیشی ئێمەی پڕ کردووە لە ڤایرۆس، ئێمە بەم شێوەیەش خۆمانمان لا پەسەندە، چەندین ساڵە کۆمپیوتەری گەنج و پیر پێکەوە بە ئاشتی دەژین و لەیەک تێدەگەین. بەڵام کەریم بە چوار ساڵ کۆتالوتکەی ئافراند و لەو ڕۆژەشەوە بەردەوام ئەوینداری ئەم کۆتالوتکە خوێڕییەیە، دوای شەش ساڵ بەسەر ئافراندنیدا ئەنتیڤایرۆسێکی لەسەر دابەزاندووە کە هەرچی ڤایرۆس تیایدا هەبوو سڕییەیەوە و دەتوانێ بەرگەی هەموو ڤایرۆسێک بگرێ. یەکبینە ستایشی ئەم کۆتالوتکەیە دەکا… تا ئێرە کێشەمان نییە، بەڵام لە ڕۆژی ئافراندنی کۆتالوتکەوە سەرزەنشتی ئێمە دەکا و لە ڕۆژی دابەزاندنی ئەنتیڤایرۆسەکەشەوە هەموو ڕۆژێک شەقشەقێنمان دەکا و لێمان دەدا و هەڕەشەمان لێ دەکا، بەردەوام فەرمانمان پێ دەدا کە دەبێ وەک کۆتالوتکە کار بکەین. هەوڵی زۆرمان داوە تێی بگەیەنین کە ئەوەی بە کۆتالوتکە دەکرێ، بە ئێمە ناکرێ. چونکە ئێمە کەمئەندامین و ڤایرۆس ناهێڵێ کارەکانمان بە باشی ئەنجام بدەین. ئەوەی ساغێک دەتوانێ بیکا، نەخۆشێک ناتوانێ. بەڵام هەر باوەڕمان پێ ناکا و تفباران و شەقشەقێنمان دەکا. دەڵێ هەر دەبێ هەوڵ بدەن، تا ئێستاش لە ڕقدا زۆرێکمانی شکاندووە و سووتاندووە.

    ئێمە وەک سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان، ئەمەمان بە کێشەیەکی یاسایی خۆمان زانی، ئەوەمان هەڵهێنجاند کە کەریم نەخۆشیی دەروونیی هەیە. تکایە بیپشکنن، ئەگەر خۆش بوو یان نەخۆش، هەر بۆ وێزەمانی مەنێرنەوە و نامانەوێ.

    لەگەڵ ڕێزدا.

    سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان