وتار

پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی

پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی1

ئایا هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان هەیە؟ ئایا هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە؟

ئایا هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان هەیە؟ ئایا هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە؟
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

کەسێک وتوویەتی: «کاتێک دەڵێیت بە بڕوای من هونەر هیچ پەیوەندیی بە وارگێڕییەوە (سیاسەت) نییە، وەک وایە بڵێیت بە بڕوای من خۆر نییە! شتەکە لەسەر بڕوای تۆ نەوەستاوە، هەیە و تەواو».

جا ئایا وایە؟ ئایا هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان هەیە؟ ئایا هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە؟

ئەو کەسەی ئەو وتەیەی وتووە کە «وەک وایە بڵێیت بە بڕوای من خۆر نییە»، هەر خۆمم، بەڵام خۆمی ئێستانان. بەڵام داخۆ هەمیشە بڕوام وا بووە؟ نەخێر.

هزرم وەک هی ئێستای زۆربەتان بوو

پێنج ساڵ بەر لە ئێستا خۆم بڕوای تەواوم وا بووە کە هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە و هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان نییە. بەڵگەش ئەوەیە: لە وتاری هونەر و داهێنانی کوردی-دا، کە خۆم لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسیومە و لە ماڵپەڕەکەمدا بڵاوم کردووەتەوە، دەڵێم: «هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە». ئەو کاتەی ئەم ڕستەیەم نووسیوە تەواو باوەڕم بەم وتەیە هەبووە. بەڵام ئێستانان بیروبۆچوونم گۆڕاوە و خۆم (بە ئامادەیی ئێوە) بەرپەرچی ئەم وتەیەی خۆم دەدەمەوە.

وتارەکە وتارێکی درێژە، لە ١ تا ٣ی ئاداری ٢٠٢٥دا بە وردی پیایدا چوومەوە. لەم پێداچوونەوەیەدا بە گوێرەی تێگەیشتنی ئێستانانم هەندێک پەڕاوێزم بۆی نووسی و لە هەندێک جێدا ڕای جیاوازی ئەمڕۆمم لەسەری دا. ئەگەر دەرفەتیش ڕەخسا لە ئایندەدا زیاتری لەسەر دەڵێم و دەنووسم.

لەو وتارەدا لە زۆر لایەنەوە پرسی هونەر و داهێنانم خستووەتە ژێر نووکی نەشتەر. هێشتا بە شایستەی خوێندنەوەی دەزانم و لە پشت زۆربەی وتەکانیەوە دەوەستم. بەڵام لەگەڵ هەندێک لە هەڵهێنجانەکانی کۆتاییدا هاوڕا نەماوم، بە تایبەتی ئەو ڕستەیەی دەڵێم «هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە». ئەو ڕستەیە و ئەو تێگەیشتنەی لە پشت ئەو ڕستەیەوەیە بە کێشە دەزانم. هەمان ئەو تێگەیشتنە کێشاوییەشە کە ئەمڕۆ هزری زۆربەی هونەرمەندە کوردەکانمان و زۆربەی خەڵکی کوردستانیشی داگیر کردووە.

(لەگەڵم بن، لە بارەی ئەم گۆڕانی بیروبۆچوونەمەوە ٢٨ ئەڵقۆچکەم ئامادە کردووە، هەموو حەفتەیەک لە کەناڵی خۆم پێشکەشتانی دەکەم. تیایدا ئەم بابەتەتان بۆ شی دەکەمەوە و دەچینە بنج و بناوانی و دۆزینەوەی وەڵامی ئەو دوو پرسیارەی ئاماژەم پێیان دا، ئەوانیش یەکەم: ئایا هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان هەیە؟ دووەم: ئایا هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە؟)

بڕوام وا بوو هونەر لە نەتەوە گەورەترە

بڕوام وا بوو هونەر لە نەتەوە گەورەترە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

بەستێنی ڕستەکە

ئەمە وتەکانی خۆمی پێش پێنج ساڵ بەر لە ئێستایە:

بە بڕوای من هونەرمەندی نوێی سەردەمی مرۆڤی نوێ ئەرکی ئەوەیە لە هونەری هەموو گەلێک بخوازێت و هونەری جیهانیی نوێ بسازێنێت. خۆبەستنەوە بەوەی تاهیر تۆفیق چیی کردووە بۆ ئەوەی تۆش تا ماویت دووبارەی بکەیتەوە بەفیڕۆدانی هەلی خۆبوونتە.

هەموو هەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوەیەک سەربارێک دەسازێنێت. هەموو خۆبەستنەوەیەک بە چێژی پەسەندکراوی ناوچەکەتەوە گوریسێکی زبرە و لە مل و قاچی خۆتی دەئاڵێنیت. ئەگەر گەلەکەشت داوای لێت کرد، تۆ مەیکە. ئەوان تۆی نوێ بە چەکی کۆن سڕ دەکەن، چونکە زۆربەی مرۆڤ بە سرووشت حەزی لەوە نییە لە بەردەم شتی نوێدا تاقی بکرێتەوە.

تۆ مرۆڤ و هونەرمەندی ئەمڕۆیت، نەک هی دوێنێ. سبەیش هونەرمەندی خۆیی دەبێت. تۆ ئەرکی ئەمڕۆت جێبەجێ بکە، هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە: چۆن خۆر، مانگ، ئاسمان، ئەستێرە، با، هەوا، ڕووناکی…تد. بۆ هەموو مرۆڤەکانە بە یەکسانی، ئاوها موزیک و هونەریش هی هەموو کەسێکە بە یەکسانی. کە هونەرت بۆ تەنها یەک گەل تەسک کردەوە، ئەو کاتە دەبێت پۆلیسیشی بۆ دابنێیت.

بێگومان گەر بتەوێت بە باشترین شێوە لە بەستێنی ئەو وتەیە تێبگەیت باشترە هەموو وتارەکە بخوێنیتەوە. بەڵام ئەوە کورتەی بەستێنەکەی بوو.

هزری پشت ڕستەکە

ڕستەی «هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە» لەو هزرەوە سەرچاوەی گرتووە کە پێی وایە هونەر لە هەسارەیەکە و جیهان و گەلان لە هەسارەیەکی ترن و پەیوەندییان نییە. بە تایبەتی لەو گریمانەیەوە دێت کە گوایە هونەر پەیوەندیی بە باری وارگێڕیی نەتەوەکانەوە نییە. بەڵام وا نییە و ئەمە دروست نییە.

ئەگەرچی زۆربەی خەڵک و هونەرمەندانیشمان وا تێگەیشتوون کە جیهانی هونەر جیهانێکی دابڕاو و زۆر بێگەردە و سنووری تێدا نییە، بەڵام تا لەم جیهانەدا بین ئەمە ڕاست نییە. چونکە لەم جیهانەدا خێڵ و گەل و نەتەوە و دەوڵەت هەن. بەرەبەرە بۆتان ڕوون دەکەمەوە ئەمانە پەیوەندییان چییە بە بابەتەکەوە.

لەبەر ئەوەی ئەم زنجیرەیە لە بارەی پەیوەندیی هونەر و وارگێڕییە (ئەوەی خەڵکی تر پێی دەڵێت سیاسەت)، ناچارین کەمێک بچینە نێو باسی وارگێڕییەوە و چەند وشە و زاراوەیەکی نێو ئەو بوارە بناسین. بۆ ئەوەی بزانین پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی (ئەگەر هەبێت) لە کوێدایە.

چاند و نەریت

چاند و نەریت
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

لەبەر ئەوەی لە درێژەی ئەم زنجیرە ئەڵقۆچکانەدا زووزوو وشەی چاند و نەریت بە کار دەهێنم، پێویستە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر دوو وشەی چاند و نەریت بدەم.

لە چیرۆکی لاقەکردنی دیاسدا، کە خۆم نووسیومە و بە دەنگیش خوێندوومەتەوە و لە یوتیوب و کەناڵەکەی خۆم لە تیلیگرام هەیە، بە درێژی باسم لە چاند و نەریت و جیاوازییەکانیان کردووە. بەڵام لێرە بە کورتی پێناسەی هەردووکیان دەکەم:

چاند: خوازەییانە واتە کێڵان و چاککردن و برەودان و پەرەپێدان و چاندنی مێشک و توانا و ڕەفتار و چێژ و ئەو شتانە. واتە برەودان و باشترکردنە بە فێرکردن و ڕاھێنان.

نەریت: «کردەی گواستنەوە یان ڕادەستکردنە. یان کرۆکی ئەوەیە کە لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر یان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر ڕادەست کراوە. لەوانە: گواستنەوەی دەربڕین، باوەڕ، یاسا، خوو و ڕەفتار، یان شتی لەو شێوەیە. بە تایبەتی بە شێوەی زارەکی، یان تەنھا کردارەکییانە، نەک بە شێوەی نووسراو».

هەموو شتێک کەلتوور نییە

جا ئێستانان زۆربەی کوردان لە خۆیانەوە وشەی «کلتوور» دەهاونە نێو هەموو ڕستەیەکەوە. ئەمەش لە هەڵەی ئینگلەکانەوە هاتووە. ئاخێوەری ئاسایی زمانی ئینگلی جیاوازی لە نێوان نەریت و چانددا ناکات و زۆربەی کات بە هەردووکیان دەڵێت کلتوور (کەڵچەر). من وشەی چاندی کوردی لە بەرانبەر کلتوور، یان کەڵچەردا بە کار دەهێنم.

جا زۆر کوردیش، کە کوێرانە دوای هەموو دونیا دەکەون و قسەی هەموو جیهان دووبارە دەکەنەوە، بێ ئەوەی بیخەنە ژێر پرسیارەوە، ئەم هەڵەیەی ئینگلەکانیان هێناوە و دووبارەی دەکەنەوە. بۆ نموونە دەڵێت: «با خوێندنەوە بکەین بە کەلتوور!» خوێندنەوە نابێت بە کەلتوور، دەبێت بە نەریت. یان دەڵێت: «گەندەڵی کەلتوورێکی ناشیرینە». گەندەڵی کەلتوور نییە، نەریتە.

بەر و خاوەندارێتی

بەر و خاوەندارێتی
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

دەبێت دوو شت لە یەک جیا بکەینەوە، ئەوانیش بەر و خاوەنن. بەر، یان بەرهەم، کارێکە کە کەسێک دەیکات، بەڵام مەرج نییە خۆی ببێتە خاوەنی.

بۆ نموونە دەشێت بەشگەیەک (کۆمپانیا)، یان کەسێک هونەرمەندێک ڕابسپێرێت بە بەرهەمهێنانی بەرێک، لە بەرانبەر ماندووبوونەکەیدا پارە بە هونەرمەندەکە بدات. هونەرمەندەکەش بەرەکەی بۆ بەرهەم دەهێنێت. ئەگەرچی ڕاستە بەری کاری هونەرمەندەکەیە، بەڵام موڵکی ئەو نییە، بەڵکو دەشێت (بە گوێرەی ڕێکەوتنی سەرەتا) ڕاسپێرەکە ببێت بە خاوەنی بەرەکە.

بەشێکی زۆری هونەر هەر لە ئێستا و کۆنیشدا ئاوها کاری کردووە و دەکات: دەوڵەمەندێکی ئەوروپا، یان خانەدانێک، یان لایەن و دەزگایەک بڕێک پارەی داوە بە هونەرمەندێک بۆ ئەوەی هونەرمەندەکە بەرێک بەرهەم بهێنێت. بۆ نموونە خانەدانێک شێکسپیری ڕاسپاردووە بە نووسینی بەرێک، پارەی پێی داوە، شێکسپیریش بەرەکەی بەرهەم هێناوە. یان کڵێسای کاسۆلیک هونەرمەندێکی ڕاسپاردووە بە بەرهەمهێنانی کارێک، دواتر بەرهەمەکە بووە بە موڵکی کڵێسای کاسۆلیک. بە نموونە پەیکەرەکانی میگێلانجیلۆ و وێنەکانی داڤینچی و موزیکەکانی یۆهان سێباستیان باخ.

لە کوردیدا بەو بڕە پارەیە دەوترێت مز (کۆمیشن commission)، کەسەکەی مزەکەش دەدات دەبێتە مزدەر، یان ڕاسپێر (کۆمیشنەر commissioner). ئاوها هونەرمەندەکە کارەکەی بەرهەم هێناوە، ئەوجا دەشێت کارەکە بووبێت بە موڵکی مزدەرەکە.

شێکسپیریش ماستاوچی بووە؟

ئەگەر سەیری ڤینوس و ئادۆنیس بکەیت، کە شێکسپیر (١٥٦٤-١٦١٦) نووسیویە، لە لاپەڕەی یەکەمدا سوپاسی مزدەرەکەی دەکات. تەنانەت ئەوەندە زیادەڕەوی لە ستایشەکەیدا دەکات کە ئەگەر شێکسپیر کورد بووایە دەیان کەس پێیان دەوت: ماستاوچی و چڵکاوخۆر و مەسینەهەڵگر و کۆیلە و چی و چیی تر.

شێکسپیر لە سەرەتای ڤینوس و ئادۆنیسدا بە کوڵ سوپاسی مزدەرەکەی (وا دیارە) دەکات.

بێباوەڕ بووە و کاری بۆ کڵێسا کردووە

کڵێسای مەسیحی، بە تایبەتی کڵێسای کاسۆلیک چەندین موزیکدانەری ڕاسپاردووە بە دانانی موزیک بۆ بۆنەی دینی. یەکێک لەو موزیکانەی کڵێسا پشتیوانیی دارایی لێ کردووە و هونەرمەندانی ڕاسپاردووە موزیکی بۆ دابنێن، موزیکی ماس-ە.

ماس Mass بۆنەیەکی پیرۆزی مەسیحییەکانە، یەکشەممان لە کڵێسا و کاتیدراییەکان دەگێڕرێت. زۆر جار بۆنەکە بە موزیک دەکرێتەوە. زۆربەی موزیکدانەرە هەرە نایابە کلاسیکییەکانی ئەوروپا موزیکیان بۆ ئەم بۆنەیە داناوە، موزیکەکەش هەر بە ناوی بۆنەکەوە پێی دەوترێت ماس. بە نموونە باخ، هاندێل، هایدن، مۆتسارت، بێتهۆڤن، ڤێردی (ئەمانە ناوی کۆمەڵێک کەڵەهونەرمەندی ئەوروپان)، هەموویان ماسیان داناوە. تەنانەت جیوزێپپێ ڤێردی (١٨١٣-١٩٠١)، کە یەکێک بووە لە بلیمەتترین موزیکدانەرەکانی ئیتالیا، بە ئاشکرا کەسێکی نازانمگەرا (ئەگنۆستیک) بووە، واتە باوەڕی بە مەسیحێتی نەبووە، بەڵام موزیکی ماس-ی داناوە و موزیکەکەش ئێجگار نایاب و بەناوبانگیشە.

ماس لە دانانی ڤێردی. بچۆ سەر خولەکی ٩:٣٤، ئەوە بەناوبانگترین بەشی ئەم ماسەیە، کە ڕەنگە خۆت بیستبێتت.

  1. لە بەرەبەیانی ٢ی ئاداری ٢٠٢٥ دەستم کرد بە نووسینی. وەک وەڵامی وتاری هونەر و داهێنانی کوردی-ی خۆم. لە بەرەبەیانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٥دا تەواوم کرد. ↩︎

بابەتی پەیوەندیدار

سەیری ئەمەش بکە
Close
Back to top button