زیگفرید

زیگفرید

ئۆپێرای سێیەمە لە زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکانی ڕیچارد ڤاگنەر. بە ڕای هەندێ لە توێژەران، ئەمە ئۆپێرای دووەمی زنجیرەکەیە. ڤاگنەر ئەم ئۆپێرایەی لە سێ پەردەدا داڕشتووە. ئەم ئۆپێرایە نزیکەی ٢٥٠ خولەکە.

پەردەی یەكەم

میمێ لە ئەشكەوتەكەی خۆیدا، كە نزیكی دارستانەكەی نیبێلونگەكانە، خەریكی دروستكردنی شمشێرێكە. ساڵانێكە زیگفرید پەروەردە و بە خێو دەكا، بەڵام مەبەستی ئەو لەم بەخێوكردنە ئەوەیە كە پاڵەوانێكی لێ دەربچێ و فافنەر بكوژێ و بەم شێوەیە بتوانێ خۆی موستیلەكە داگیر بکا. زیگفرید بۆ ئەم شەڕە نەخشەبۆداڕێژراوە پێویستی بە شمشێرێكی بەهێز هەیە، بۆیە میمێ بەردەوام خەریكی دروستكردنی شمشێرە، بەڵام تا ئێستا هەر شمشێرێكی بۆ دروست كردبێ، ئەو شكاندوویەتی و بەرگەی هێزی ئەوی نەگرتووە.

زیگفرید لە پیاسە دەگەڕێتەوە و هەواڵی شمشێرە نوێكەی دەپرسێ، میمێ دەیداتێ و ئەویش یەكسەر دەیشكێنێ و لێی تووڕە دەبێ. هەرچەندە زیگفرید هەمیشە دەیەوێ لە میمێ دوور بكەوێتەوە، بەڵام ئەم جارە بڕیار دەدا تا نەزانێ دایك و باوكی كێن بە جێی نەهێڵێ، بۆیە سۆراخی خێزانەكەی دەكا. وێڕای ئەوەی میمێ درۆی زۆری بۆ دەكا، بەڵام دواجار ڕاستییەكەی پێ دەڵێ و باسی زیگلیندەی دایكی بۆ دەکا كە لە كاتی لەدایكبوونی زیگفریددا مردووە و شمشێرە شكاوەكەشی پیشان دەدا كە كاتی خۆی هیی باوكی بووە. زیگفرید فەرمانی پێ دەدا ئەو شمشێره شکاوەی باوکی بۆ چاك بكاتەوە تا بە کاری بهێنێ و ‌بە جێی دەهێڵێ. میمێ شمشێرەكەی پێ چاك ناكرێتەوە، بەڵام پیرەمێردێک، كە لە ڕاستیدا ڤۆتانە و شێوەی خۆی گۆڕیوە، دێتە لای میمێ و وەک ڕێبوارێک خۆی دەناسێنێ، گرەوێك لەگەڵ میمێدا دەكا لەسەر سەری خۆی كە میمێ دەتوانێ سێ پرسیاری لێ بكا و ئەویش بە ڕاستی وەڵامیان بداتەوە، میمێ بۆ ئەوەی لێی ڕزگار ببێ، گرەوەكەی لەگەڵدا دەكا. پرسیاری یەکەم ئەوەیە کە: «ئەو سێ هۆزەی لە نێوان زەوی و ئاسماندا دەژین كێن؟» ڕێبوارەکە وەڵامی دەداتەوە كە: «نیبێلونگەكان و زەبەلاحەكان و خوداكانن»، كە بە ڕاستی وەڵامی دەداتەوە، میمێ داوای لێ دەكا كە لێی بگەڕێ، بەڵام ئەو زۆری لێ دەكا كە دەبێ ئەویش هەمان گرەوی لەگەڵدا بكا، پرسیارەكانی ئەمانەن: «ئەو خێزانە كێیە كە لای ڤۆتان زۆر خۆشەویستە، كەچی زۆر بە چەرمەسەری دەژی؟» و «ئەو شمشێرە كامەیە كە دەتوانێ فافنەر لە ناو ببا؟» و «ئەو كەسە كێیە كە دەتوانێ شمشێرەكە چاك بكاتەوە؟» میمێ وەڵامی یەكەم و دووەم بە ڕاستی دەداتەوە، كە ئەوانیش، یەکەم: «نەوەكانی ڤالس» و دووەم: «شمشێری نۆتونگ»ە‌، بەڵام پرسیاری سێیەم نازانێ، بۆیە ڕێبوارەکە خۆی وەڵامی دەداتەوە بەوەی كە «تەنها ئەو كەسەی تا ئێستا نازانێ ترس چییە دەتوانێ شمشێرەكە چاك بكاتەوە!» پاشان ڕێبوارەکە پێی دەڵێ: «من سەرت بۆ ئەو بە جێ دەهێڵم، خۆم سەرت ناپەڕێنم!»

زیگفرید دێتەوە، كە دەبینێ هێشتا میمێ هیچی نەكردووە، تووڕە دەبێ، میمێ كە زیگفرید دەبینێ بۆی دەردەکەوێ كە ئەوە زیگفریدە كە تا ئێستا نازانێ ترس چییە، كەواتە بە پێی پێشبینییەكەی ڕێبوارەکە بێ، ئەوا زیگفرید میمێ دەکوژێ. بۆیە دەیەوێ بە فێڵی ئەوە ڕزگاری ببێ کە ترسی فێر بکا، پێی دەڵێ كە: «ترس شتێكی زۆر گرنگە فێری ببی» زیگفریدیش حەز دەکا فێر ببێ. میمێ پێی دەڵێ كە ئەگەر زیگفرید لەگەڵ فافنەردا شەڕ بکا، کە فافنەر ئێستا بە هێزی کڵاوزرێ جادووییەکە بووە بە ئەژدیها، ئەوا ترس فێر دەبێ و بەڵێنیشی دەداتێ کە بیبا بۆ لای. زیگفرید كە دەبینێ میمێ شمشێرەكەی پێ چاك ناكرێتەوە، بڕیار دەدا خۆی چاكی بكاتەوە، ئاسنەكە دەتوێنێتەوە و یەكێكی نوێی لێ دروست دەكاتەوە. میمێ خواردنەوەیەكی ژەهراوی بۆ زیگفرید دەگرێتەوە کە دژی فافنەری ئەژدیها بە کاری بهێنێ.

پەردەی دووەم

ئالبەریش لەبەردەم ئەشکەوتەکەی فافنەری ئەژدیهادا خۆی مەڵاس داوە، ڕێبوارەکەش دەچێتە ئەوێ، ئالبەریش سەرەتا هەڕەشە دەكا، بەڵام دواتر دەکەوێتە باسکردنی پلانەكانی کە دەیەوێ موستیلەکە بە دەست بهێنێتەوە و هەموو جیهان ژێردەستەی خۆی بکا. ڕێبوارەکە كە دەبینێ ئەو نیازی ئەوەی نییە بچێتە ناو ئەشكەوتەكە و تەنها بۆ چاودێریكردن لەوێیە، پێشنیار دەكا فافنەر لە خەو هەڵبستێنێ تا ئالبەریش بتوانێ لەگەڵ فافنەردا ڕێكبكەوێ. ئالبەریش بە فافنەر دەڵێ: «پاڵەوانێك هەیە و دەیەوێ شەڕت لەگەڵدا بكا، بەڵام ئەگەر موستیلەكەم بدەیتەوە، ئەوا ئامادەم ئەو شەڕە بوەستێنم» فافنەر گوێ بە ترساندنەكەی ئالبەریش نادا و دەنوێتەوە، ڤۆتان ‌بە جێیان دەهێڵێ و ئالبەریش پاشگەز دەبێتەوە.

لە بەرەبەیاندا زیگفرید و میمێ دێن، میمێ بڕیار دەدا کە ئەو کاتەی زیگفرید بە گژ ئەژدیهاکەدا دەچێ، ‌بە جێی بهێڵێ. کە زیگفرید چاوەڕێی ئەژدیهاكە دەكا، دەبینێ باڵندەیەكی تەختەیی لەناو درەختێكدا دەخوێنێ، دەبنە هاوڕێ، بە قامیشێك دەیەوێ لاسایی گۆرانییەكەی باڵندەكە بكاتەوە، بەڵام سەركەوتوو نابێ، ئەمجارە دەیەوێ بە كەڕەناكەی لاسایی گۆرانییەكەی بكاتەوە، بەڵام لە دەنگی كەڕەناكە فافنەر ڕادەبێ و دێتە دەرەوە، پاش دەمەبۆڵەیەکی كورت، بە شەڕ دێن، زیگفرید شمشێرەكەی لەسەر دڵی فافنەری ئەژدیها دەچەقێنێ و دەیكوژێ. کە زیگفرید شمشێرەكەی لە لاشەكەیدا دەردەهێنێتەوە، دەستی بە خوێنی ئەژدیهاكە دەسووتێ و بێ ویستی خۆی دەیبا بۆ دەمی و تامی خوێنەكە دەكا، ئەم تامكردنی خوێنە وای لێ دەكا كە لە گۆرانیی باڵندەكە تێبگا. موستیلەكە و کڵاوزرێ جادووییەکە لە قاسەكەی فافنەردا دەردەهێنێ، لە دەرەوەی ئەشكەوتەكە ئالبەریش و میمێ لەسەر موستیلەكە‌ قڕەقڕیانه، کە زیگفرید دێ، ئالبەریش خۆی دەشارێتەوە، میمێ سڵاو لە زیگفرید دەكا، بەڵام زیگفرید ناڕەزایی دەردەبڕێ كە هێشتا فێری ترس نەبووە. میمێ خواردنەوە ژەهراوییەكەی دەداتێ بیخواتەوە، بەڵام تامی خوێنی ئەژدیهاكە، كە هێشتا لە دەمیدا ماوە، وای لێ دەكا نیازە خراپەکەی میمێ لە دەموچاویدا بخوێنێتەوە، بۆیە ئەویش دەكوژێ. ئالبەریش كە ئاگای لێیەتی، چێژ لە بینینی کوشتنەکە دەبینێ و پێدەکەنێ. زیگفرید لاشەكەی میمێ دەباتە ناو ئەشكەوتەكەوە و بۆ داخستنی دەروازەی ئەشکەوتەکەش لاشەی ئەژدیهاكە بە بەردەمەکەیدا هەڵدەواسێ. باڵندە تەختەییەكە لە گۆرانییەكەیدا دەڵێ: «کچێک هەیە لەسەر بەردێك خەوێنراوە، بە ئاگرێكی جادوویی دەورە دراوە» زیگفریدیش بە خۆی دەڵێ: «لەوانەیە بتوانم لەم کچەوە فێری ترس ببم» بۆیە بەرەو ئەو شاخە دەڕوا کە کچەکەی لێیە.

پەردەی سێیەم

ڤۆتان لەسەر ڕێی شاخەكەی برونهیلدەی لێیە، دەردەكەوێ و ئێردای خودای دانایی بانگ دەكا تا ئامۆژگاریی بكا، بەڵام ئێردا ناتوانێ هیچ ئامۆژگارییەكی بكا، ڤۆتان دەڵێ كە ترسی لە كۆتاییهاتنی خوداكان نییە، بەڵام حەز دەكا هەموو میراتییەكەی بۆ زیگفرید و كچەكەی خۆی و ئێردا، كە برونهیلدەیە، ‌بە جێ بهێڵێ، كارێك دەكا كە دووبارە جیهان دروست بکاتەوە. ئێردا لەم قسانەدا ‌بە جێی دەهێڵێتەوە و دەچێتەوە ناو زەوی. زیگفرید دەگاتە لای ڤۆتان، كە نایناسێ و نازانێ باپیریەتی، بێڕەوشتانە لەگەڵیدا دەدوێ و شەبقەكەی سەری ڤۆتان لەسەری تووڕ دەدا، پێی دەڵێ كە دەچێ ئەو کچە هەڵدەستێنێ كە لە ناوەڕاستی ئاگرە جادووییەکەی سەر شاخەکەدا خەوێنراوە. داوای لێ دەكا ڕێگاكەی پیشان بدا، بەڵام ڤۆتان وەڵامی ناداتەوە. زیگفرید بە تەنیا دەڕوا بۆ شاخەكە، بەڵام ڤۆتان ڕێی لێ دەگرێ، ئەویش بە شمشێرەكەی ڕمەكەی ڤۆتان دەشكێنێ، ڤۆتان بە هێمنی پارچە شكاوەكانی ڕمەكەی هەڵدەگرێتەوە و پێی دەڵێ: «بڕۆ، ناتوانم ڕێگریت لێ بكەم!» پاشان ڤۆتان دیار نامێنێ.

زیگفرید دەگاتە بەردەكەی برونهیلدەی لەسەر خەوێنراوە، سەرەتا كە ڕم و قەڵغانەكە دەبینێ وا دەزانێ كە پیاوێكی سەرباز بووە، بەڵام پاشان كە قەڵغانەكە لەسەر لەشی لادەبا، دەبینێ کچە. کە بۆ یەكەم جار کچ دەبینێ دەترسێ و دوور دەكەوێتەوە، بەڵام دواتر بڕیار دەدا ماچی بكا، كە ماچی دەكا، برونهیلدە ڕادەبێ و زیگفریدیش لە ترسدا دیسان دوور دەكەوێتەوە، برونهیلدە لێی دەپرسێ: «ناوت چییە؟» كە دەزانێ زیگفریدە، دڵخۆش دەبێ و چیرۆكی ژیانی دایك و باوكی بۆ دەگێڕێتەوە و پێی دەڵێ كە «هەر پێش ئەوەی لە دایك ببی، خۆشمویستووی» زیگفریدیش خۆشەویستیی خۆی بۆ دووپات دەكاتەوە و بە دڵخۆشییەوە باوەش بە یەكدا دەكەن و یەكتر ماچ دەكەن.

زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان

زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان[1]

زنجیرەکە

زنجیرەیەک ئۆپێرایە، بە دیاریکراوی چوار ئۆپێران، ڕیچارد ڤاگنەر دایناون. یەکەمیان ناوی زێڕەکەی ڕاینە؛ دووەمیان ناوی ڤاڵکیرییەکەیە؛ سێیەمیان ناوی زیگفریدە؛ چوارەمیان ناوی بوولێڵی خوداکانە. بە کۆی هەر چوار ئۆپێراکە دەوترێ زنجیرە ئۆپێرای موستیلەكەی نیبێلونگەكان – Der Ring des Nibelungen.

وەك هەموو ئۆپێراكانی تری ڤاگنەر، خۆی ئۆپێرانامەکەی نووسیوە و لە ساڵی ١٨٤٨ەوە دەستی كردووە بە نووسینیان. هەرچەندە تەواوی زنجیرەكە لە ساڵی ١٨٧٤دا تەواو بووە، بەڵام لەو ساڵانەشدا جیابەجیا نمایش كراون. چیرۆكە سەرەكییەكە لە ئەفسانەكانی نۆرنەوە وەرگیراوه. ڤاگنەر لە سەرەتادا دەیویست ئۆپێرایەك بە ناوی مردنی زیگفریدەوە‌ بنووسێ، بەڵام پاش درككردن بەوەی لە پشت مردنی زیگفریدە‌وە هەندێ چیرۆك هەن كە پێویستە بگێڕرێنەوە، ئەوكات ویستی ئۆپێرایەكی تر بنووسێ بە ناوی گەنجێتیی زیگفریدەوە، بەڵام پاشان بیرۆكەكە فراوانتر بوو بەوەی ئەم زنجیرەیە بنووسێ. هەرچەندە بە ڕای ڤاگنەر خۆی و هەندێ لە ڕەخنەگران ئەم زنجیرەیە سیانینەیە نەك چوارینە، واتە لە سێ ئۆپێرا پێکدێن، نەک چوار! چونكە زێڕەکەی ڕاین بە «پێشباس» دەزانن نەك بە ئۆپێرایەكی سەربەخۆ. تەنانەت دەتوانی زێڕەکەی ڕاین بخوێنیتەوە و ببینی کە ڤاگنەر پەردەڕێژی بۆ ئەم بەشەی زنجیرەكەی نەكردووە، بەڵکو تەنها لە چوار دیمەن پێكدێ.

ڤاگنەر لە كۆتایی ساڵی ١٨٤٠ەکانەوە دەستی كرد بە نووسینی ئۆپێرانامەی زنجیرەكە و موزیكی زێڕەکەی ڕاینی لە ساڵانی ١٨٥٣-١٨٥٤دا نووسیوه. ڤاڵكیرییەكەی لە ساڵانی ١٨٥٤-١٨٥٦دا نووسیوە و لە یەك دوو ساڵی دواییشدا بەشێكی لە زیگفرید نووسییەوە، بەڵام دەستی هەڵگرت لە نووسینی. پاشان لە ساڵانی ١٨٦٩-١٨٧٤دا زیگفریدیشی تەواو كرد و دواهەمین ئۆپێرای زنجیرەکەش، کە بوولێڵی خوداكانە، تەواوی کرد.

زێڕەکەی ڕاین یەكەم جار بە تەنیا لە ساڵی ١٨٦٩دا لە شاری میونیش نمایش كرا، ڤاڵكیرییەكە یەكەم جار لە ساڵی ١٨٧٠دا لە هەمان شار نمایش كرا، لە ساڵی ١٨٧٦یشدا هەموو زنجیرەكە پێكەوە لە شاری بایریوت لە ئەڵەمانیا نمایش كران.

کەسێتییەکان

خوداكان

ناو ڕۆڵ چینی دەنگ
ڤۆتان پاشای خوداكان، خودای ڕوناكی و هەوا و با باس-باڕیتۆن
فریكا ژنی ڤۆتان، خوداوەندی هاوسەرگیری میتزۆ سۆپرانۆ
فرەیا خوشكی فریكا، خوداوەندی خۆشەویستی و گەنجی و جوانی سۆپرانۆ
دۆنەر برای فریكا، خودای هەورەتریشقە باڕیتۆن
فرۆهـ برای فریكا، خودای بەهار و دڵخۆشی تینۆر
ئێردا خوداوەندی دانایی و زەوی كۆنتراڵتۆ
لۆگە نیوە خودا و نیوە مرۆڤ، خودای ئاگر تینۆر

مرۆڤەكان

ناو ڕۆڵ چینی دەنگ
زیگموند باوكی زیگفرید تینۆر
زیگلیندە دووانەخوشكی زیگموند سۆپرانۆ
زیگفرید كوڕی زیگموند و زیگلیندە تینۆر
هوندینگ مێردی زیگلیندە، سەرۆکی هۆزی نیدینگەكان باس
گونتەر پاشای گیبیشونگەكان، كوڕی شا گیبیشونگ و شاژنە گریمهیلدە باڕیتۆن
گوترون خوشكی گونتەر سۆپرانۆ
هاگن نیوەبرای گونتەر و گوترون، كوڕی ئالبەریش و شاژنە گریمهیلدە باس

ڤاڵكیرییەكان، كچانی ڤۆتان

ناو ڕۆڵ چینی دەنگ
برونهیلدە ڤاڵكیری سۆپرانۆ
ڤالتراوت ڤاڵكیری میتزۆ سۆپرانۆ
هێلمڤیگە ڤاڵكیری سۆپرانۆ
گێرهیلدە ڤاڵكیری سۆپرانۆ
زیگرون ڤاڵكیری میتزۆ سۆپرانۆ
شڤێرتلایت ڤاڵكیری میتزۆ سۆپرانۆ
ئۆرتلیندە ڤاڵكیری سۆپرانۆ
گریمگێردە ڤاڵكیری میتزۆ سۆپرانۆ
ڕۆسڤایزە ڤاڵكیری میتزۆ سۆپرانۆ

كچانی ڕاین

ناو ڕۆڵ چینی دەنگ
ڤوگلیندە كچی ڕوباری ڕاین سۆپرانۆ
ڤێلگوندە كچی ڕوباری ڕاین سۆپرانۆ یان میتزۆ سۆپرانۆ
فلۆسهیلدە كچی ڕوباری ڕاین میتزۆ سۆپرانۆ

زەبەلاحەكان

ناو ڕۆڵ چینی دەنگ
فازۆلت پیاوێكی زەبەلاح باس باڕیتۆن
فافنەر پیاوێكی زەبەلاح، برای فازۆلت، دواتر دەبێتە ئەژدیها باس

نیبێلونگەكان

ناو ڕۆڵ چینی دەنگ
ئالبەریش قەزەم باڕیتۆن
میمێ برای ئالبەریش تینۆر

کەسێتیی تر

ناو ڕۆڵ چینی دەنگ
باڵندەیەكی تەختەیی تەنها دەنگی دەبیسترێ سۆپرانۆ

ئۆپێرای یەکەم: زێڕەکەی ڕاین

ئۆپێرای دووەم: ڤاڵکیرییەکە

ئۆپێرای سێیەم: زیگفرید

ئۆپێرای چوارەم: بوولێڵی خوداکان


[1] ساڵی ٢٠١٠ داوام لە  برایەکم کرد هەندێ دی ڤی دیی ئۆپێراکانی ڤاگنەرم بۆ بنێرێ، ئەویش لە کۆتایی هاوینی هەمان ساڵدا تانهاوزەر و تریستان و ئیزۆلدە و چوارینەکەی موستیلەکەی بۆم نارد. ئێجگار دڵم بە چوارینەکە خۆش بوو، لە ٧ی ئەیلوولی ٢٠١٠دا دەستم کرد بەوەی پوختەیەکی لەسەر بنووسم، بەڵام دواتر لە زانکۆ داوامان لێ کرا هەریەکێکمان ڕاپۆرتێک، بە دڵی خۆمان لەسەر بابەتێک، کە خۆمان ئارەزوومان لێی بێ، بنووسین. منیش هیچی باشترم لە چوارینەکەی موستیلەکە نەدۆزییەوە، چونکە ئەو ماوەیە ئێجگار زۆر لەژێر کاریگەریی ڤاگنەردا بووم. لە ٦ی نیسانی ٢٠١١دا تەواوم کرد و هەر بە سەرپەرشتیی مامۆستایەکمان پێشکەشی کۆلێژەکەمم کرد و لە وانەیەکیشدا پێشکەشم کرد. دواتر بە یارمەتیی کاک هەرێم عوسمان، کە هەر لەگەڵ خۆمدا خوێندکار بوو، بە سێ بەش لە ژمارەکانی ٤٦ و ٤٧ و ٤٩ی گۆڤاری هزر و هونەردا بڵاو کرانەوە. لە ڕێکەوتی ٥-٧ی ئاداری ٢٠٢٠دا پێداچوونەوەیەکی ئاساییم بۆی کردووە و لە ماڵپەڕەکەشم بڵاوم کردەوە. لە ڕێکەوتی ١٨ی ئاداری ٢٠٢١ و دواتر لە ٢٣ ٢ ٢٤ی ئەیلوولی هەمان ساڵدا پێداچوونەوەیەکی ترم بۆیان کردەوە.