ئۆپێرا چییە؟

ئۆپێرا چییە؟1

ئۆپێرا درامایەکی نووسراوەیە، بە موزیک و گۆرانییەوە پێشکەش دەکرێت. بە دەقەکەی دەوترێت ئۆپێرانامە (لیبرێتتۆ، لیبرێتۆ libretto). موزیک لە ئۆپێرادا کرۆک و چەقی بابەتە و لێی جیا ناکرێتەوە. واتە موزیک لە ئۆپێرادا تەنها پاشکۆ و ڕێکەوت نییە.

خودی وشەی ئۆپێرا لە ڕیشەدا وشەیەکی ئیتالی و لاتینییە، بە واتای کار دێت. بەڵام بەرەبەرە لە جیهاندا بووەتە زاراوەیەکی موزیکی (زاراوە: وشەی تایبەت، نەک دیالێکت/لەهجە) بە واتای ئەم جۆرە هونەرەی لەسەر بنەمای دەقێکی گێڕانەوەیی دادەنرێت و لەگەڵ تیپێکی موزیک و دەستەیەک گۆرانیبێژدا لەسەر شانۆ پێشکەش دەکرێت.

بێژان، پەیڤان، وتن

لە ئۆپێرادا دەستەیەک گۆرانیبێژ بە هاوکاریی تیپێکی موزیک دەقی ئۆپێرانامەکە یان دەبێژن، یان دەپەیڤن، یان دەڵێن. واتە بێژان و پەیڤان2 و وتن سێ جۆری جیاوازی پێشکەشکردنی دەقن.

بێژان واتە بەشێک لە دەقی ئۆپێرانامەکە وەکو گۆرانییەکی ئاوازدار لەگەڵ موزیکدا دەبێژرێت. ئاوازی گۆرانییەکە دەناسرێتەوە.

پەیڤان زۆر جار گفتوگۆی نێوان دوو کەسێتیی نێو چیرۆکەکەیە. بەڵام ئەگەرچی وتەکانیان لەسەر تۆنی دیاریکراون، بەڵام ئاوازی ناسراوە و تایبەتیان نییە. بەڵکو لەگەڵ موزیکە هاوشانەکەیاندا لەسەر تۆنێک یان دوو یان سێ تۆن گفتوگۆکەیان دەپەیڤێنن.

جارجاریش گفتوگۆی ئاسایی شانۆیی لە نێو ئۆپێرادا هەیە. واتە وەک چۆن دوو کەس بە ئاسایی دەدوێن، ئەوانیش ئاوها دەدوێن. زۆربەی جار موزیک لە کاتی گفتوگۆی ئاساییدا دەوەستێت. بۆ نموونە لە دیمەنێکی ئۆپێرای کارمێندا دۆن خۆسێ و ئێسکامیلۆ (دوو کەسێتیی ئۆپێراکەن) وەک دوو کەسی ئاسایی گفتوگۆ دەکەن.

پەردە و دیمەن

چیرۆکی ئۆپێرا بە گوێرەی داڕشتنەکەی بەسەر چەند بەشێکدا دابەش دەکرێت. زۆربەی هەرە زۆری جارەکان بەم بەشانە دەڵێین پەردە. وشەکە لەوەوە هاتووە کە لە کۆنەوە لە سەرەتای نمایشی ئەو بەشەدا پەردە هەڵدراوەتەوە، نمایشەکە کراوە، پاشان لە کۆتاییدا پەردە دادراوەتەوە. ئاوها پەردە: ماوەی نێوان هەڵدانەوە و دادانەوەی پەردەیەکە.

زۆربەی جار لە پەردەکاندا تەواوی دیکۆریش دەگۆڕێت، واتە لە چیرۆکەکەدا شوێن دەگۆڕێت. بۆیە بە ناچاری پێویستە پەردە دابدرێتەوە تا چەند کرێکارێک لە ناوەوە و دوور لە چاوی بینەران دیکۆر بگۆڕن.

هەر پەردەیەک لە چەند دیمەنێک پێک دێت. بە گوێرەی دەق هەم ژمارەی پەردە دەگۆڕێت، هەم ژمارەی دیمەنەکانیان. ئەمانەش چەند نموونەیەکن:

ئۆپێرا لە پەردەیەکدا

واتە یەک جار پەردە هەڵدەدرێتەوە، یان دەکرێتەوە و لە سەرەتاوە تا کۆتایی درێژە دەکێشێت. لەگەڵ کۆتایی پەردەکەدا ئیتر ئۆپێراکەش تەواو دەبێت. زۆر جار ئەم جۆرە ئۆپێرایانە کورتن، بۆیە لە یەک پەردەدا جێیان بووەتەوە. بۆ نموونە ئۆپێرای دافنێ لە دانانی ڕیچارد شتراوس.

ئۆپێرای دافنێ لە دانانی ڕیچارد شتراوس

ئۆپێرا لە دوو پەردەدا

واتە سەرەتا کە پەردە دەکرێتەوە بڕێک موزیک و گۆرانی پێشکەش دەکرێت، لە ناوەڕاستدا پەردە دادەدرێتەوە، دواتر دیسان دەکرێتەوە. دیسان موزیک و گۆرانی بۆ ماوەیەک درێژە دەکێشێت و ئیتر ئەم جارە ئۆپێراکە تەواو دەبێت. بۆ نموونە ئۆپێرای قەرەقۆزەکان لە دانانی ڕوجێرۆ لیونکەڤاللۆ.

ئۆپێرای قەرەقۆزەکان لە دانانی ڕوجێرۆ لیونکەڤاللۆ

ئۆپێرا لە سێ پەردەدا

داڕشتنی سێ پەردەیی بە نزیکی وەکو داڕشتەی چەسپاوی هەم ئۆپێرا و هەم شانۆ دەبینرێت. بە گشتی لە ئۆپێرای وەهادا لە پەردەی یەکەمدا کەسێتییەکان دەناسێنرێن و کێشە سەرەکییەکە دەردەخرێت. لە پەردەی دووەمدا کێشەکان بەرەو ئاڵۆزتر دەچن و پەرە دەستێنن و سەردەکەون تا دەگەنە ترۆپک. لە پەردەی سێیەمدا کێشەکان بەرەو چارە و کۆتایی دەبرێن، یان هەندێک جار نابرێن. بۆ نموونە هەر یەکێک لە دووەم و سێیەم و چوارەم ئۆپێرای زنجیرەئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان (ڤاڵکیرییەکە، زیگفرید، بوولێڵی خوداکان) لە دانانی ڕیچارد ڤاگنەر لە سێ پەردە پێک هاتوون.

ئۆپێرا لە چوار پەردەدا

واتە تیایدا چوار جار پەردە هەڵدەدرێتەوە و دادەدرێتەوە. بە گشتی ئەم جۆرە ئۆپێرایانە درێژن. بۆ نموونە ئۆپێرای کارمێن لە دانانی ژۆرژ بیزێ.

ئۆپێرای کارمێن لە دانانی ژۆرژ بیزێ

ئۆپێرا لە پێنج پەردەدا

واتە تیایدا پێنج جار پەردە هەڵدەدرێتەوە و دادەدرێتەوە. بە گشتی ئەم جۆرە ئۆپێرایانەش درێژن. بۆ نموونە ئۆپێرای دۆن کارلۆس لە دانانی جیوزێپپێ ڤێردی.

ئۆپێرای دۆن کارلۆس لە دانانی جیوزێپپێ ڤێردی

پێکهێنەکانی ئۆپێرا

ئۆپێرا بە گشتی لە چەند ڕەگەزێک پێک دێت. بە گشتی ڕەگەزە پێکهێنەکانی ئۆپێرا ئەمانەن: کرانەوە یان پێشژەن، هەوا، دوانینە، سیانینە، چوارینە، پێنجینە، کۆڕ، نێوژەن.

کرانەوە و پێشژەن

دەستپێکی ئۆپێرا هەمیشە بە موزیکێکە. هەندێک جار بەم موزیکی دەستپێکە دەوترێت کرانەوە (ئۆڤەرچوور overture). هەندێک جار بە دەستپێکی ئۆپێرا ناوترێت کرانەوە (ئۆڤەرچوور)، بەڵکو پێی دەوترێت پرێلیود، یان پرێلود. وشەی پرێلود واتە پێش ژەندن، کەواتە دەبێتە پێشژەن. بۆ نموونە ئۆپێرای کارمێن لە دانانی ژۆرژ بیزێ بە پرێلود دەست پێ دەکات.

گەرچی ڕەنگە کرانەوە و پێشژەن بۆ گوێگرێكی ئاسایی جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبێت، بەڵام لە ڕووی داڕشتەی موزیکییەوە جیاوازیی زۆریان هەیە.

لە موزیکدا داڕشتەیەک هەیە پێی دەوترێت داڕشتەی سۆناتا (فۆڕمی سۆناتا). هەموو کرانەوەیەک مەرجە لەسەر ئەو داڕشتەیە دابنرێت. واتە کاتێک بینیت نووسراوە «کرانەوە» (ئۆڤەرچوور) واتە داڕشتەی ئەو موزیکە لەسەر داڕشتەی سۆناتایە.

بەڵام هەندێک جار موزیکدانەرەکە نایەوێت خۆی بەو داڕشتەیەوە ببەستێتەوە و حەزی بە سەربەستی هەیە، بۆیە موزیکەکە بە پێشژەن (پرێلود) دادەنێت. پێشژەن خۆی نابەستێتەوە بە داڕشتەیەکی دیاریکراوەوە.

جیاوازییەکی تری کرانەوە و پێشژەن ئەوەیە کە دەشێت هەر یەکێک لە پەردەکان پێشژەنێکیان هەبێت. بەڵام بە دەگمەن هەر پەردەیەک و کرانەوەی خۆی دەبێت. واتە کرانەوە بە نزیکی هەمیشە تەنها بۆ سەرەتای ئۆپێرایە، واتە پێش پەردەی یەکەم. بۆ موزیکی پێش پەردەی دووەم و سێیەم و چوارەم و ئەمانە پێشژەن بە کار دەبرێت.

هەوا

هەوا (ئاریا) پێکهێنێکی هەرە سەرەکیی ئۆپێرایە. هەوا گۆرانییەکی ئاوازدارە، یەکێک لە گۆرانیبێژە سەرەکییەکانی ئۆپێراکە (یان زیاتر) لەگەڵ تیپە موزیکییەکەدا پێشکەشی دەکات. هەوا زۆربەی جار گۆرانییەکی خۆشە و ئەوپەڕی توانای گۆرانیبێژەکەی تێدا تاقی دەکرێتەوە.

دەقی هەوا هەندێک جار خۆدوواندنە (مۆنۆلۆگ). بۆ نموونە هەوای ماڵئاوا لە ڕابردوو (ئاددییۆ دێل پاساتۆ addio del passato). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای لا تراڤیاتا-دایە لە دانانی جیوزێپپێ ڤێردی. یەکێک لە کەسێتییە سەرەکییەکانی ئۆپێراکە دەیبێژێت ناوی ڤیۆلێتتا-یە.

هەوای ماڵئاوا لە ڕابردوو لە دانانی ڤێردی

دەقی هەوا هەندێک جار گێڕانەوە، یان جاڕدانە، یان هەندێک جار هەردووکیانە. بۆ نموونە هەوای ئاگادار بن (ئاللێرتا All’erta all’erta). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای شایەرەکە (ئیل ترۆڤاتۆرێ)دایە لە دانانی جیوزێپپێ ڤێردی. یەکێک لە کەسێتییە سەرەکییەکانی ئۆپێراکە دەیبێژێت ناوی فێراندۆ-یە.

هەوای ئاگادار بن لە دانانی ڤێردی

دوانینە و سیانینە و چوارینە و پێنجینە…

ئەگەر دوو گۆرانیبێژ پێکەوە هەوایەک ببێژن، پێی دەوترێت دوانینە (دوێت duet). بۆ نموونە دوانینەی ئەی خانمە ناسکەکە (ئۆ سواڤێ فانچوولا o soave fanciulla). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای بۆهیمییەکە (لا بۆهێم)دایە لە دانانی جاکومۆ پوچینی. دوو کەسێتیی سەرەکیی ئۆپێراکە دەیبێژن ناویان ڕۆدۆلفۆ و میمی-یە.

دوانینەی ئەی خانمە ناسکەکە. سەرەتاکەی بە پەیڤان دەست پێ دەکات.

ئەگەر سێ گۆرانیبێژ پێکەوە هەوایەک ببێژن، پێی دەوترێت سیانینە (تریۆ trio). بۆ نموونە سیانینەی دۆن جیۆڤانی، بۆ شێوخواردن بانگھێشتت کردم و منیش ھاتم (دۆن جیۆڤانی ئا چێنار تێکۆ مینڤیتاستی Don Giovanni! A cenar teco m’invitasti). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای دۆن جیۆڤانیدایە لە دانانی ڤۆلفگانگ ئامادیۆس مۆتسارت. سێ کەسێتیی سەرەکیی ئۆپێراکە دەیبێژن ناویان دۆن جیۆڤانی، فەرماندەکە، لیپۆرێللۆ-یە.

سیانینەی دۆن جیۆڤانی، بۆ شێوخواردن بانگھێشتت کردم و منیش ھاتم لە دانانی مۆتسارت.

ئەگەر چوار گۆرانیبێژ پێکەوە هەوایەک ببێژن، پێی دەوترێت چوارینە (کوارتێت quartet). بۆ نموونە چوارینەی ئەو بەدبەختە پێی وا بوو (کرێدێیاسی میزێرا Credeasi misera). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای پیوریتانەکاندایە (ئی پیوریتانی) لە دانانی ڤینچێنزۆ بێللینی. چوار کەسێتیی سەرەکیی ئۆپێراکە دەیبێژن ناویان ئێلڤیرا، ئارتورۆ، ڕیکاردۆ، جۆرجۆ-یە.

چوارینەی ئەو بەدبەختە پێی وا بوو لە دانانی بێللینی.

ئەگەر پێنج گۆرانیبێژ پێکەوە هەوایەک ببێژن، پێی دەوترێت پێنجینە (کوینتێت quintet). بۆ نموونە پێنجینەی دۆن باسیلیۆ (Don Basilio). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای سەرتاشەکەی سێڤیلادایە لە دانانی جاکینۆ ڕۆسینی. پێنج کەسێتیی سەرەکیی ئۆپێراکە دەیبێژن ناویان دۆن باسیلیۆ، کاونتەکە، فیگارۆ، بارتۆلۆ، ڕۆسینا-یە.

پێنجینەی دۆن باسیلیۆ لە دانانی ڕۆسینی.

ئەگەر شەش گۆرانیبێژ بن پێی دەوترێت شەشینە (سێکستێت sextet). ئەگەر حەوت گۆرانیبێژ بن پێی دەوترێت حەوتینە (سێپتێت septet). ئەگەر هەشت گۆرانیبێژ بن پێی دەوترێت هەشتینە (ئۆکتێت octet).

کۆڕ

کۆڕ ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی، کۆڕێک خەڵکن، زۆربەی جار تێکەڵەی نێر و مێ و هەندێک جار منداڵیشن. هەم لە شانۆ و هەم لە ئۆپێراشدا کۆڕ بە هەموویان وەک یەک یەکە سەیر دەکرێن. کۆڕ پێکەوە گۆرانی دەبێژن. هەندێک هەوای کۆڕ هەیە زۆر بەناوبانگ و خۆشە، بۆ نموونە هەوای بڕۆ ئەی بیر (ڤا پێنسیێرۆ va pensiero). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای نابوکۆدایە لە دانانی جیوزێپپێ ڤێردی.

هەوای بڕۆ ئەی بیر لە دانانی ڤێردی.

نێوژەن

دوای دەستپێکردنی ئۆپێرا دەشێت لە هەر جێیەکدا پارچە موزیکێکی ڕووت هەبێت. هەندێک جار موزیکەکە کەشی دیمەنی دوای خۆی دەسازێنێت، هەندێک جار سەمای لەگەڵ دەکرێت، یان بۆ هەر مەبەستێکی تر بە کار دێت. ئەم موزیکانە پێیان دەوترێت نێوژەن interlude.

چینی دەنگی گۆرانیبێژان

لەبەر ئەوەی توانای دەرکردنی تۆن لە قوڕگی هەر مرۆڤێکدا سنووردارە، بۆیە لە موزیکناسیدا سنوورە جیاوازەکانی دەنگی مرۆڤ ناوی جیاوازیان لێ نراوە. بە گشتییش دەنگی مرۆڤ بەسەر چوار چینی سەرەکیدا دابەش کراون. ھەر چینێک سنووری ئەو تۆنانە دیاری دەکات کە قوڕگێک دەتوانێت بیبێژێت.

دوو لەم چینانە ھی دەنگی خانمان و منداڵانن، دووەکەی تر ھی پیاوی پێگەیشتوو (دەنگگڕبوو)ن.

سۆپرانۆ و ئاڵتۆ

بە گشتی دەنگی ژن دابەش دەبێت بەسەر دوو چیندا. ھەرە تیژەکەیان پێی دەوترێت: سۆپرانۆ: بە ئینگلی Soprano، خاوەنی تیژترین دەنگی خانمان و منداڵانە. وشەی سۆپرانۆ لە بنەچەدا ئیتالییە، لە سۆپراوە ھاتووە، بە واتای سەرەوە.

چینەکەی تری دەنگی خانمان و منداڵان پێی دەوترێت ئاڵتۆ: بە ئینگلی Alto، دەنگی لە سۆپرانۆ گڕترە. ئەم وشەیەش ھەر لە ئیتالییەوە ھاتووە، بە واتای بەرز دێت.

ھەموو منداڵێک، بە کچ و کوڕەوە (کوڕ پێش ئەوەی دەنگی گڕ ببێت) لەم چینانەدا دادەنرێن.

تینۆر و باس

بە گشتی دەنگی پیاوانی دەنگگڕبوو بەسەر دوو چیندا دابەش دەکرێن: تینۆر: بە ئینگلی tenor، تیژترین چینی دەنگی پیاوانە، بەڵام لە چینە دەنگییەکانی خانمان و منداڵان گڕترە. وشەی تینۆر لە بنەچەدا لاتینییە، بە واتای مانەوە دێت. واتە ئەو دەنگەیانە کە لە کۆڕدا ھەر دەمێنێتەوە و بەردەوامە.

چینەکەی تر پێی دەوترێت باس: بە ئینگلی bass، گڕترین چینی دەنگە و ھی پیاوانە. وشەکە لە بنەچەدا لاتینییە، بە واتای نزم دێت. وشەکە لەگەڵ پەست-ی کوردییشدا هاوڕیشەیە.

بەڵام ئەو نزمە بەو واتایە نییە کە دەنگیان وەک چرپە وایە و لە نزمیدا نابیسترێن، بەڵکو تۆنی دەنگیان نزمە. لە موزیکناسیدا بەم نزمە دەوترێت دەنگی گڕ. دەنگی گڕ پێچەوانەی دەنگی تیژە.

ساتب و چینەکانی تر

بە گشتی گۆرانیی کۆڕ و ئۆپێرا بۆ چوار چینی سۆپرانۆ و ئاڵتۆ و تینۆر و باس دادەنرێن و ھێمای ساتب SATBیان بۆ دادەنرێت. ساتب سەرەپیتی ھەر یەکێک لە چینەکانە لە تیژەوە بۆ گڕ (سۆپرانۆ، ئاڵتۆ، تینۆر، باس).

ئەم چینانە دابەشکردنێکی گشتین. دەنا چینی تریش دەستنیشان کراون، وەک مێتزۆ-سۆپرانۆ و کۆنتراڵتۆ بۆ خانمان و منداڵان؛ ھەروەھا باڕیتۆن و باس-باڕیتۆن بۆ پیاوان.

مێتزۆ سۆپرانۆ (مێتزۆ بە ئیتالی واتە نیوە، یان ناوەند) دەکەوێتە ژێر سۆپرانۆ و سەروو ئاڵتۆ. کۆنتراڵتۆ دەکەوێتە ژێر میتزۆ سۆپرانۆ. باڕیتۆن و باس باڕیتۆنیش دەکەونە نێوان هەردوو چینی تینۆر و باس-ەوە.

ئەم وردەکارییانە بۆ بیسەر زۆر گرنگ نین و زیاتر بابەتی تەکنیکیی نێو گۆرانیین. بەڵام ئەوەی گرنگە بیسەر بیزانێت ئەوەیە هیچ کامێک لەم چینانە لە چینەکانی تر باشتر یان خراپتر نین. هەر یەکێکیشیان تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە. دەکرێت گۆرانیبێژێک لە چینی سۆپرانۆ بێت و خراپ بێت، یان باش بێت. دەکرێت گۆرانیبێژێک لە چینی تینۆر بێت و خراپ بێت، یان باش بێت. چینەکان بۆیە جیا کراونەتەوە تا داوای کەمتر یان زیاتر لە هیچ دەنگێک نەکرێت کە بە سرووشتی لە دەنگی خۆیدا نییە. واتە ناکرێت داوای تۆنێک لە گۆرانیبێژێک بکەیت کە لە دەنگیدا نییە.

سەرهەڵدان و گەشەی ئۆپێرا

ئۆپێرا بەو جۆرەی ئەمڕۆ دەیبینین یەکەیەکی ئاڵۆزە و لە تێکەڵەی چەند هونەرێک پێک دێت. بۆیە دیاریکردنی مێژووەکەشی وەک خۆی فرەلایەنە. بەڵام ڕەگەزە پێکهێنەکانی هەر لە سەردەمی دێرینەوە هەبوون.

بۆیە دەکرێت ئۆپێرا بە شێوەیەکی سەرەتایی بۆ سەردەمی گریکی کۆن بگەڕێنرێتەوە. چونکە هەر لە سەردەمی سۆفۆکلیس و ئەوانەوە کۆڕ لە شانۆنامەکانیاندا هەبووە و گۆرانییان بێژاوە.

بەڵام لەبەر ئەوەی ئۆپێرا بەو جۆرەی ئەمڕۆ دەیناسین کرۆکەکەی لە موزیک پێک هاتووە و موزیک تیایدا میوان نییە، بەڵکو خاوەنماڵە، بۆیە ناشتوانین ئەوانەی گریکی کۆن وەک ئۆپێرا بناسێنین.

سەرەتای دەرکەوتنی ئۆپێرا بەو شێوەیەی ئەمڕۆ دەیناسین دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی شانزەیەمی زاینی.

سەرەتای سەرهەڵدانی ئۆپێرا بەو شێوەیەی ئەمڕۆ دەیناسین

لێکۆڵەران ناوی جیاوازیان لە سەردەمەکانی مێژوو ناوە. بە سەردەمی کۆتایی سەدەی شانزەیەم دەوترێت: سەردەمی لەدایکبوونەوە (ڕێنیسانس). واتە سەرەتای سەرهەڵدانی ئۆپێرا بەو شێوەیەی ئەمڕۆ دەیناسین دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕێنیسانس.

لە سەردەمی ڕێنیساندا کۆمەڵێک هەبوون ناویان فلۆرەنتین کاماراتا بووە. ئەو کاتە ئەو وڵاتەی ئەمڕۆ بە ئیتالیا دەیناسین هەرێم هەرێم بووە و هەر یەکەیان لەوانی تر سەربەخۆ بووە. واتە فلۆرەنتین کاماراتا لە فلۆرێنسا بوون. موزیککارێک سەرۆکایەتیی ئەم کۆمەڵەیەی کردووە ناوی ڤینچێنزۆ گالیلی بووە. ڤینچێنزۆ گالیلی باوکی گەردوونناسی بەناوبانگ گالیلۆ گالیلییە.

گالیلی هەندێک تێڕوانینی خۆی لە پەڕتووکێکدا بڵاو کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە کە ئەگەر چەند دەقێک بە دەنگی جیاواز لە یەک کاتدا ببێژرێن، هەرگیز بە ڕوونی نابیسترێن. بۆیە باشترە تاکبێژێک (واتە یەک گۆرانیبێژ) بە گۆرانی بیبێژێت و موزیک و چەند گۆرانیبێژێکی تر هاوشانیی بکەن. هەر خۆیشی لە ژێر ئەم تێڕوانینەی خۆیدا کاری موزیکی بۆ هەندێک لە سروودەکانی دۆزەخ-ی دانتێ ئەلیگیێری کردووە.

ساڵی ١٥٩٧ موزیکدانەر و گۆرانیبێژێکی ئیتالی بە ناوی جاکوپۆ پێری کارێکی بە ناوی دافنێ نووسیوە. پاشتریش موزیکدانەری بەناوبانگی ئیتالی مۆنتیڤێردی هەندێک ئۆپێرای نووسیوە. لە ناوەڕاستەکانی سەدەی حەڤدەیەمیشدا ئۆپێرا لە سەرانسەری ئیتالیا بیستراوە و لە فەڕەنسا و ئەڵمانیاش تەشەنەی سەندووە.

لە ساڵانی ١٧٠٠ تا ١٧٦٠ەکانیش موزیکدانەرە مەزنەکانی وەک ئەنتۆنیۆ ڤیڤالدی و جۆرج فرێدریک هاندێل دەستێکی باڵایان هەبووە لە پەرەپێدانی ئۆپێرادا. یەکی زیاتر لە چل ئۆپێرایان نووسیوە.

موزیکدانەرە گەورە و بەناوبانگەکانی دوای ئەوانیش چەندین ئۆپێرایان نووسیوە. وەک کریستۆف ڤیلیبالد گلوک، جۆزێف هایدن، مۆتسارت، بێتهۆڤن.

لە سەردەمانی دواتردا (سەردەمی ڕۆمانتیک) بڕێک گۆڕانکاری بەسەر ئۆپێرادا هاتووە. لەبەر ئەوەی ئەو ساڵانە ئۆپێرا لەگەڵ چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگادا تێکەڵ بووە، بۆیە ئەم تێکەڵبوونە کاریگەریی لەسەر ئۆپێرا بە جێ هێشتووە. جۆرێکی کورتتری ئۆپێرا سەری هەڵداوە، پێی دەوترێت ئۆپێراتا. هەروەها ئۆپێرای جەفەنگی (بەزمەسات، کۆمیک) زیاتر پەرەی سەندووە و بینەری زۆری بووە.

هەندێک ئۆپێرانووسی مەزنی سەردەمی ڕۆمانتیک

ئەگەرچی هەر لە سەردەمی ڕێنیسانسەوە ئۆپێرا هەیە. ئەگەر ئەم ڕاپۆرتەی منیش ڕاپۆرتێکی وردتر و گشتگیرتر بووایە، دەبوو ناوی زۆرێک لەو ئۆپێرانووسانەی تر بهێنم کە کەوتوونەتە سەردەمەکانی پێشووترەوە. بەڵام من ئامانجم زیاتر ناساندنی گشتیی ئۆپێرایە بۆ بەردەنگی کورد، بۆیە هەوڵ دەدەم بە کورتی ئاماژە بە هەندێک لە هەرە بەناوبانگەکانی ئۆپێرا بدەم.

جاکینۆ ڕۆسینی

موزیکدانەرێکی ئیتالییە. ٣٩ ئۆپێرای نایابی نووسیوە. بەناوبانگترینیان سەرتاشەکەی سێڤیلا، موسا لە میسر، ویلیەم تێل-ن.

ڤینچێنزۆ بێللینی

موزیکدانەرێکی ئیتالییە. زۆربەی کارەکانی بە تراژیدیای لیریکی ناو دەبررێن. تەنها ٣٤ ساڵ ژیاوە، بەڵام ١١ ئۆپێرای نایابی نووسیوە. بەناوبانگترینیان ئەو کچەی خەوەڕێ دەکات، نۆرما، بیاتریچێ دی تێندا-ن.

گەیتانۆ دۆنیزێتتی

موزیکدانەرێکی ئیتالییە. نزیکەی ٧٥ ئۆپێرای نووسیوە. بەناوبانگترینیان لوچیا لامێرمووری و ئیکسیری خۆشەویستی-ن.

جیوزێپپێ ڤێردی

موزیکدانەرێکی ئیتالییە. ٢٨ ئۆپێرای نووسیوە. ئۆپێراکانی ڤێردی لە جیهاندا زۆر بەناوبانگن. بەناوبانگترینیان نابوکۆ (کورتکراوەی ناوی نەبووخەد نەسر-ە)، مەکبێث، ڕیگۆلێتتۆ، لا تراڤیاتا، سیمۆن بۆکانێگرا، دۆن کارلۆس، عایدە، ئۆتێللۆ-ن.

ڕیچارد ڤاگنەر

موزیکدانەرێکی ئەڵمانییە. ١٣ ئۆپێرای تەواوکراوی نووسیوە. بەناوبانگترینیان زنجیرەئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان، لۆهەنگرین، تریستان و ئیزۆلدە، تەنهاوسەر-ن.

پیۆتر ئیلیش چایکۆڤسکی

موزیکدانەرێکی ڕووسییە. ١١ ئۆپێرای نووسیوە. بەناوبانگترینیان یوجین ئۆنیگەن و ژنە جادووبازەکان-ن.

جاکومۆ پوچینی

موزیکدانەرێکی ئیتالییە. ١٢ ئۆپێرای نووسیوە. بەناوبانگترینیان بۆهیمییەکە، پەپوولە خانم، تۆسکا، توراندۆت-ن.

ئۆپێرای مۆدێرن و ئەمڕۆ

ئۆپێرا لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمیشدا هەر هەبووە و هەیە. بەڵام بێگومان گۆڕانیشی بەسەردا هێنراوە. بەڵام بنەماکانی هەمان بنەمان.

لە سەدەی بیستەمدا هەندێک لە ناودارترینی موزیکدانەرەکان ئۆپێرایان داناوە، لەوانە لەیوش یەناچێک، ئیگۆر ستراڤینسکی، بینجامین بریتن، پۆڵ هیندمیت، ئەلبان بێرگ، ئارنۆڵد شۆنبێرگ. بە ئۆپێراکانی ئەم موزیکدانەرانە دەوترێت ئۆپێرای مۆدێرن.

لە ئۆپێرای مۆدێرندا چەند تەکنیک و شێوازێکی نوێش تاقی کراونەتەوە. بۆ نموونە فرەپەیژەیی (پۆلیتۆنالیتی polytonality) و کەمخوازی (مینیمالیزم minimalism). فرەپەیژەیی واتە موزیکێک کە لە یەک کاتدا لەسەر زیاتر لە پەیژەیەکە. کەمخوازییش واتە کورتکردنەوەی موزیک بۆ سەرەتاییترین و سەرەکیترین ڕەگەزی پێکهێنەکانی موزیکەکە. دیسان، بۆ گوێگری ئاسایی زۆر گرنگ نییە ئەم بابەتە تەکنیکییانە بزانێت.

تا ئێستاش ئۆپێرا لە جیهاندا هەیە و چالاکە. بۆ نموونە فیلیپ گلاس و جۆن ئادامز دوو موزیکدانەرن کە ئۆپێرایان داناوە و هێشتا دەژین.

ئۆپێرای کوردی

ئەوەندەی من ئاگادار بم، لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا مامۆستا عەبدوڵڵا گۆران و مامۆستا قادر دیلان هەوڵیان داوە ئۆپێرای کوردی دابنێن. هەوڵەکەش بەو جۆرە بووە مامۆستا گۆران ئۆپێرانامەکە بنووسێت و مامۆستا دیلان موزیکی بۆ دابنێت. ئەگەر پێش هەوڵی ئەم دوو کەسە هەوڵی تر هەبووبێت من هێشتا لێی ئاگادار نیم.

مامۆستا گۆران چەند بەرهەمێکی کورت و درێژی نووسیوە کە دەکرێت یان ڕاستەوخۆ بکرێن بە ئۆپێرا، یان بە دەستکارییەوە بکرێن بە ئۆپێرا. بەڵام ئەو دەقەیان کە خۆی بە تایبەتی بۆ ئۆپێرای نووسیوە ئەنجامی ئەژدەهاک-ە. بەڵام پڕۆژەکە لەبەر هەر هۆیەک بووبێت سەری نەگرتووە. مامۆستا گۆران خۆی بەم جۆرە لەسەری نووسیوە:

یەک دوو هەفتە پێش جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ (١٩٥٩) لەگەڵ هونەرمەندی بەهرەدار کاک قادر دیلان بڕیارمان دا کە پێکەوە تەقەلا بدەین بۆ بەرهەمهێنانی پارچەیەکی هونەری بۆ ئەوەی لە جەژنی باسکراوا پێشکەشی گەلی شارە خۆشەویستەکەمانی بکەین.

بەری تەقەلای من لەم پێناوەدا بیرکردنەوە بوو لە دانانی ئۆپێرایەک کە ئەمەی لای خوارەوە یەکەم پەردەیەتی.

لەبەر کەم و کوڕیی ئەو کاتەی بەدەستمانەوە بوو، بڕیارمان دابوو کە ئەو بۆ ئەم پەردەیە دەست بکات بە دانانی ئاوازە و پراوەکردن لەگەڵ تیپی ئاوازە و تیپی تەمسیل تا من لە دانانی پەردەی دووەم ئەبمەوە، وە بەم جۆرە بڕۆین تا ئۆپێراکە ئەگاتە ئەنجام.

بەڵام داخەکەم کاک قادر بۆی نەکرا بەڵێنەکەی بێنێتە جێ. ئەمە بوو بە هۆی ساردبوونەوەی منیش، وە بەم ڕەنگە دەستم لە پرۆژەکە هەڵگرت.

ئێستا کە پەردەی یەکەم لە ئۆپێرای ناتەواو ئەخەمە پێش چاوی خوێندەوارانی (بەیان)3، ئەگەر لە هونەرمەندەکانمان (بە مۆسیقار و ئاکتۆرەکانەوە) هاندان و بەڵێنێک ببینم بۆ پشتگرتن و هاوکاری لەسەرپێگرتنی پڕۆژەدا، ئەوا ئامادەبوونم پیشان ئەدەم بۆ تێهەڵچوونەوە و تەواوکردنی پەردەکانی تر.4

من و ئۆپێرا

خۆم بە تەنیا چەندین جار هەوڵی نووسین و نمایشی ئۆپێرام داوە. لە ٢٠٠٩ تا ٢٠١١ هەوڵم دا مەم و زینی ئەحمەدی خانی بکەم بە ئۆپێرا. خۆم تێهەڵچنینم بۆ بەشێکی زۆری دەقەکە کردەوە و دەمەویست بۆ ئۆپێرانامە ئامادەی بکەم. چەندین گەڵاڵە و وردە موزیکم بۆی دانا.

پاشان سەردانی مامۆستا شێرکۆ بێکەسم کرد بۆ ئەوەی ئەو دەقەکە بنووسێتەوە و من موزیکەکە دابنێم. ئەگەرچی سەرەتا پەسەندی بوو، بەڵام دوای چەند مانگێک لێی کشایەوە. درێژەی ئەو چیرۆکە و ئاکامی ئۆپێراکانم لە بابەتی تردا و لە کاتێکی تردا دەنووسمەوە و باس دەکەم.

پێش ئەوە و دوای ئەوەش هەوڵی دانانی ئۆپێرای ترم دا. هەر لەو سەروبەندەدا دەمەویست و هەوڵیشم دا دەقی زریان-ی دڵشاد مەریوانی بکەم بە ئۆپێرا. دواتر دەقی گوڵی خوێناویی مامۆستا گۆرانم داڕشتەوە و بۆیم زیاد کرد و ئامادەم کرد بۆ ئۆپێرا. پێکاری لایتمۆتیفم بۆ دانانی بە کار هێنا. لایتمۆتیف پێکارێکە ڤاگنەر لە کارەکانیدا بە کاری هێناوە، بە گوێرەی ئەو جۆرە پێکارە هەر یەکێک لە کەسێتی، ڕووداو یان شوێنە گرنگەکان موزیکی تایبەتی خۆیان هەیە. چەند کۆپلەیەکیشم بۆ ئۆپێراکە نووسی. لە هەژماری یوتیوبەکەمدا نموونەی دوو بەشی کورتی کرانەوەکەیم داناوە.

کۆپلەیەکی کرانەوەی گوڵی خوێناویی تەواونەکراو لە دانانی خۆم.

هەر لە خۆشەویستییم بۆ ئۆپێرا و خەونی ئۆپێرای کوردی بوو کە ساڵی ٢٠١٦ بەشداریی شانۆیی مارا/سادم کرد و موزیکەکەیم دانا و پێشکەشیشم کرد. بەڵام دەتوانم لە وتارێکی تردا کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم ئۆپێرا لە کوردستان بە درێژتر بخەمە ڕوو.

ئاوڕدانەوە لە خولیایەکی نەماو!

ئێستا (ئاداری ٢٠٢٥) لەگەڵ پێداچوونەوەی ئەم ڕاپۆرتەمدا کە ئاوڕ لەو هەموو موزیک و کات و تەمەنە دەدەمەوە کە لەم پێناوەدا تەرخانم کرد و هیچیشیان لێ سەوز نەبوو و گوێیەک نەیبیستن، سێبەری دڵتەنگییەک لەسەر دڵم دەنیشێت و بە خۆم دەڵێم: کوردستان پایتەختی بەفیڕۆدانی توانا و بەهرە و لێزانیی جیهانە! بە تایبەتیش پایتەختی بەفیڕۆدانی وزەی کوردە. بەڵام پاش کەمێک بە خۆم دەڵێم: مادەم وایە، ئەرکی من ئەوەیە بەرەبەرە وا بکەم بۆ ئایندە وا نەبێت. ناکرێت ئەم هەموو توانا و تەمەنەی کورد بە فیڕۆ بچن و نەچنە خزمەتی کوردستانەوە. خەڵکی وەک من و مانان هیچ هەلێکمان بۆ نەڕەخسێنرا و سوود لە تواناکانمان نەبینرا. بەڵام ناکرێت ئێمەش بۆ نەوەکانی داهاتوو بە هەمان جۆر بین.

بە کورتی: ئۆپێرا هونەرێکی زۆر گرانە، هەم لە ڕووی ئەرک و هەم لە ڕووی تێچووەوە. پێویستی بە خەڵکی زۆریش هەیە. واتە هەموو کێشەکە تەنها لەسەر شانی موزیکدانەر و دەقنووس نییە. بەڵکو ژێرخانێکی پتەوی هونەریی دەوێت. ئەو ژێرخانە هونەرییە پتەوەش لە کوردستان هێشتا چێ نەبووە. بۆیە هەوڵەکان هەر بە تاکەکەسی و تاڕادەیەک بێئەنجام ماونەتەوە.

دوای شەست و شەش ساڵ بەسەر هەوڵەکەی مامۆستا گۆران و مامۆستا قادر دیلاندا هێشتا هیچ ئۆپێراخانەیەک لە هەرێمی کوردستاندا نییە. هیچ تیپێکی ئۆپێراش نییە. هیچ نەخشەیەکی دڵخۆشکەرەش نییە.

تروسکەیەک

لە ئاداری ٢٠١١دا هەوڵێکی گرنگ درا، ئەویش ئۆپێراخانەی کۆڵن بانگهێشت کران بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی ئۆپێرایەک نمایش بکەن. ئۆپێرای فڕاندنی نێو حەرەمسەرای مۆتسارتیان نمایش کرد. ئەمە یەکەم جار بوو (ئەوەندەی ئاگادار بم) ئۆپێرای تەواو لە کوردستان نمایش بکرێت. خۆم زۆر پێی شاگەشکە ببووم و هەردوو ڕۆژی نمایشەکە چووم. لە کاتی پڕۆڤەشیاندا بەرمنەدەدان و بووم بە هاوڕێی زۆربەی ژەنیارەکان. بەڵام داخەکەم، ئەم هەوڵە لە یادەوەریی کوردستاندا بە تاقانەیی ماوەتەوە.


پەڕاوێزەکان

  1. ساڵی ٢٠١٠ داوام لە کاک کارزانی برام کرد هەندێک دی ڤی دیی ئۆپێراکانی ڤاگنەرم بۆ بنێرێت. ئەویش لە کۆتایی هاوینی هەمان ساڵدا تەنهاوسەر و تریستان و ئیزۆلدە و چوارینەکەی موستیلەکەی بۆم نارد. ئێجگار دڵم بە چوارینەکە خۆش بوو.
    ٧ی ئەیلوولی ٢٠١٠ دەستم کرد بەوەی پوختەیەک لە بارەی ئۆپێرا و موستیلەکەی نیبێلونگەکان بنووسم. دواتر دکتۆر شنۆ محەممەد مەحمود لە زانکۆ، کە مامۆستامان بوو، داوای لێمان کرد هەر یەکێکمان ڕاپۆرتێک بە دڵی خۆمان لەسەر بابەتێک بنووسین. منیش هیچی باشترم لە چوارینەکەی موستیلەکە نەدۆزییەوە. ئەو ماوەیە ئێجگار زۆر لە ژێر کاریگەریی ڤاگنەردا بووم. ڕاپۆرتەکەم لە ٦ی نیسانی ٢٠١١دا تەواو کرد. هەر بە سەرپەرشتیی مامۆستا شنۆ پێشکەشی کۆلێژەکەمم کرد و لە وانەیەکیشدا پێشکەشم کرد. دواتر بە یارمەتیی کاک هەرێم عوسمان، بە سێ بەش لە ژمارەکانی ٤٦ و ٤٧ و ٤٩ی گۆڤاری هزر و هونەردا بڵاو کرانەوە. ئەو کاتە دکتۆر هەرێم عوسمان لە زانکۆ هاوپۆلم بوو. لە ٤-٥ی ئاداری ٢٠٢٠دا پێداچوونەوەیەکی ئاساییم بۆی کرد و ئەم بەشەم لە چوارینەی موستیلەکە جیا کردەوە. لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢١، ٢٣-٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢١، ١٦-١٧ی ئاداری ٢٠٢٥دا دیسان پیایدا چوومەوە.
    لە لە پێداچوونەوەی ١٧ی ئاداری ٢٠٢٥دا وشەی پێشژەن و نێوژەن-م لێک دا. وشەی کرانەوە-م بە واتای ئۆڤەرچوور بە کار هێنا. ↩︎
  2. پەیڤان یان پەیڤاندن: بە ئینگلی Recitative. مامۆستا عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە لە وەرگێڕانی پەڕتووکی ئەلفبێیەکی موزیکدا زاراوەی پەیڤەئاوازی بەرانبەر زاراوە ئینگلییەکە دیاری کردووە. بەڵام وشە لێکدراوەکەی بەڕێزیان لە ڕستەدا وەک کار تا ڕادەیەک درێژە بوترێت: پەیڤەئاواز دەکرێت، بە پەیڤەئاواز دەبێژرێت، دەپەیڤەئاوازرێت و تا دوایی. بە ڕای من هەر لە پەرەپێدانی دەستنیشانکردنەکەی مامۆستا سەگرمەوە پەیڤاندن بۆ ڕێسیتەتیڤ (ی ئینگلی) یان ڕێچیتاتیڤۆ (ی ئیتالی) شیاوترە. ↩︎
  3. «مامۆستا گۆران ئەم ئۆپەرێتەی لە ژمارە (٤)ی بەرگی (٢)ی ئایاری ١٩٥٩ی گۆڤاری (بەیان)دا بڵاوکردووەتەوە کە بە سەرپەرشتیی خۆی لە سلێمانی دەرئەچوو. من خۆم دانەیەکی ئەو ژمارەیەی گۆڤارەکەم لابوو مامۆستا گۆران بە دەستی خۆی گەلێ دەسکاریی ئۆپەرێتەکەی تیا کردبوو، بە داخەوە لە بارودۆخێکی سەختدا لەدەستم دەرچوو. ~ محەممەدی مەلا کەریم» ↩︎
  4. بڕوانە دیوانی گۆران، بەشی ئۆپەرێت، ئەنجامی ئەژدەهاک، لا ٣٥٢، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی عێڕاق، بەغدا ١٩٨٠. ↩︎

قەڵەمکێشێکی هونەرمەند قادر دیلان

ئەمڕۆ ویستم نووسینی (چاوپێکەوتن لەگەڵ ئامادەبووی کۆنسێرتێکدا) بڵاوبکەمەوە (کە لە مانگی دووی ئەمساڵدا 2020 لە فەیسبووکە داخراوەکەی خۆم بڵاومکردەوە) بەڵام نەمزانی چ وێنەیەک دابنێم. خۆزگەم خواست وێنەکێشێک وێنەیەکی ئەو باڵەخانە خەیاڵییەی بکێشایە و منیش بمتوانییایە بیکەم بە بەرگی چیرۆک/چاوپێکەوتن/وتارـەکەم. بەڵام وتم خۆ دەتوانم وێنەیەکی قادر دیلان دابنێم. کەچی هەموو ئینتەرنێت گەڕام وێنەیەکی ئەو کەڵەهونەرمەندە بە کوالیتییەکی باش و قەبارەیەکی باش نەبوو؛ کە لە ڕاستیدا دەبوو چەندین تابلۆ و پەیکەر و وێنە و ڕاپۆرت و ژیننامە و پەڕتووکی هەبووایە؛ کەچی… دێڕەکەی گۆرانم بیرکەوتەوە کە لە هۆنراوەکەی (دەروێش عەبدوڵڵا)دا دەفەرمێ:

بەڵێ، دیارە، لەناو قەومی بەسیتا قەدری سنعەتکار

وەکوو عەکسی قەمەر وایە لەناو حەوزێکی لیخندا،

بۆیە من کە بە هیچ شێوەیەک وێنەکێش نیم و هیچی واشی لێنازانم، ئەوەنەبێ لە مناڵیما خولیام بوو؛ هەستام بە کێشانی قەڵەمکێشێک لەسەر وێنەیەکی ماکی خۆی کە بە کوالیتییەکی خراپ لە ئینتەرنێتدا هەیە. بۆیە تا ئەو ڕۆژەی شێوەکارەکانمان هۆشیان بەبەر خۆیاندا دێتەوە و دوو سێ تابلۆی دانسقەی ئەو کەڵەهونەرمەندە دەکێشن و پەیکەرە حەفتا مەترییەکەی بۆ دەکرێ؛ با ئەم قەڵەمکێشەی من هەبێ بۆ کەسێک کە بییەوێ وێنەیەکی قادر دیلان بەکاربهێنێ. بۆیە ئەم وێنەیەم کرد بە موڵکی گشتی و هەرکەسێ لە هەر شوێنێ چۆنی دەوێ بەکاریبهێنێ.

هەر لەم ماڵپەڕەدا وێنەکە بە دوو قەبارە هەیە؛ قەبارەی یەکەمیان کە (DSW) بە ناوەکەیەوەیەتی (کە کورتکراوەی Down-sampled for webـە)، لە مێگابایتێک کەمترە و تەنها بۆ بەکارهێنانی ماڵپەڕ باشە، ئەوی تریان (FQ) بە ناوەکەیەوەیەتی (کە کورتکراوەی Full Qualityیە) ئەوەیان نزیکەی نۆ مێگابایتە و بۆ چاپ شیاوە.

قادر دیلان بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت
قادر دیلان بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت

قادر دیلان بۆ بەکارهێنانی چاپ
قادر دیلان بۆ بەکارهێنانی چاپ

پیانۆی کارەبایی و کێشەی لەدەستدانی هەستیاریی پێدەکانی و چارەسەر

پیانۆی کارەبایی و کێشەی لەدەستدانی هەستیاریی پێدەکانی و چارەسەر[1]

من وشەی دوگمەبەند لە بری کیبۆرد keyboard بە کار دەهێنم و خۆم وشەکەم داڕشتووە و پێم وا بێت دەقاودەق واتای ئامێرەکە بە دەستەوە دەدات، هیچ لەگەڵ ئەو وشەیەدا نیم کە دایانڕشتووە و دەڵێن: تەختەکلیل، ئەوە ڕاستەوخۆ وەرگێڕانی وشە ئینگلیزییەکەیە و لە ئینگلیزیدا کی key بە واتای دوگمەش دێت و ئەو کییەی ناو وشەی کیبۆرد مەبەست لێی دوگمەیە، نەک کلیل! ئەگەرچی لەم باسەدا مەبەستم لەو دوگمەبەندە نییە کە بۆ کۆمپیوتەر بە کار دەهێنرێت، بەڵکو مەبەستم لەو ئامێرە موزیکییانەیە کە بە دوگمە دەژەنرێن، وەک پیانۆ و هاڕپسیکۆرد و دوگمەبەندی تر.

ساڵی خوێندنی ٢٠٠٦-٢٠٠٧ لە پۆلی پێنجی ئامادەیی بووم، دوگمەبەندێکی یاماهای A٣٠٠م هەبوو، پیانۆم دەویست و خوێندکاریش بووم، پارەی پیانۆم پێ هەڵنەدەسووڕا، لەوەتەی هەشبووم لە خوێندندا لە بیرکاریدا خراپ بووم. ئەو ساڵە کاک میرانی برام پێی وتم: «ئەگەر سەری ساڵ لە بیرکاریدا لە سەروو ٨٠وە بهێنیت، ئەوا پیانۆیەکت بە دیاری بۆ دەکڕم» ئەوەندە دڵخۆش بووم، چەند جارێک لێم دووبارە کردەوە: «ئاخر پیانۆیەک بایی نزیکەی هەزار دۆلار، یان تۆزێک زیاتریشە!» کاک میران، وەک هەمیشە بە بڕوابوون بە خۆیەوە، بە هێمنی دەیوت: «کێشە نییە، لە سەروو هەشتاوە بهێنە و بایی چەند بوو من بە دیاری بۆت دەکڕم».

تێکڕایی وەرزی یەکەمی ئەو ساڵە، مانگی یەکەم کە تاقیکردنەوەمان دابوو، دووم لە پەنجا هێنابوو. مانگی داهاتوو فریا نەکەوتم تاقیکردنەوەکە بدەم، مامۆستا وتی: «مانگی ڕابردووت کەڕەتی دوو دەکەین!» کردییە ٤ لە سەد، لەبەر هەر شتێک بوو، کرا بە ٣٠ لە سەد. نیوەی ساڵ هەر دەرنەچووم، بەڵام دوای نیوەی ساڵ، ئەوە بوو کاک میران ئەو مژدەیەی پێم دا. بۆ ئەوەی لە بیرکاریدا دەربچم، لە پۆلی یەکی ناوەندییەوە پەڕتووکی بیرکاریم کۆ کردەوە تا پێنجی ئامادەیی، لەو دوو مانگەدا خۆم لە بیرکاریدا زیندوو کردەوە. لە بەختی باشی من، ئەو ساڵە بڕیارێکی پەروەردەیی دەرچوو کە بۆ نمرەی سەری ساڵ نمرەکانی پێشووتر کۆ ناکرێنەوە، بە تەنها سەری ساڵ چەندت هێنا ئەوەت بۆ هەژمار دەکرێت. ئەو ساڵە و لە تێکۆشان بۆ پەیداکردنی یەکەم پیانۆی خۆشەویستم، لە تاقیکردنەوەی سەری ساڵدا سەد لە سەدم هێنا. کاک میرانی براشم لەسەر بەڵێنی خۆی پیانۆ نازدارەکەی بۆم کڕی. پیانۆکە یاماهایەکی دی جی ئێکس ٦٤٠ بوو. ئێستاش تامی ئەو بردنەوەیە و ئەو دیارییە بەنرخە لەژێر ددانمدا دەرناچێت و هەمیشە سوپاسگوزارم.

لە ساڵی ٢٠١٢دا تۆنی سی بیمۆڵی سەروو دۆی ناوەڕاستی پیانۆکەم هەستیارییەکەی لە دەست دابوو، لە کاتی ژەندندا ئەگەر هێمن بمژەندایە یان توند بمژەندایە (پیانۆ یان فۆرتێ) هەر دەنگێکی توندی چەکوشئاسای دەردەکرد. زۆر نیگەران ببووم و لێی بێهیوا بووم، سۆراخم لە زۆر کەس کرد، لەوە نەدەچوو کەس چارەکەی بزانێت، ناچار دوای ماوەیەک پیانۆکەم بە هاوڕێیەک بەخشی، ئەو فێرگایەکی مناڵانی بە ڕێوە دەبرد، من دڵنیا بووم پیانۆکە بۆ مناڵان و فێرکردنی سەرەتایی سوودبەخش دەبێت، بەڵام بۆ ئاستی بەرزتر بێکەڵک بوو. ئەوکات خۆشم کارم دەکرد، پیانۆیەکی نوێم کڕی کە یاماهایەکی کلاڤینۆڤا ٤٣٠ بوو. هەر ئەوەیە کە ئێوەش لە ڤیدیۆکانمدا، بەتایبەت لە گۆرانیی بنوو، وەرە بۆ لام دیوتانە، تا ئێستاش هەر ئەوەم هەیە و بە کاری دەهێنم.

دوو ساڵێک دەبێت کە لە ئاستی هەستیارییاندا هەستم بە گۆڕانکاری کردووە و چیتر هاوسەنگیی هەستیارییانم بە دڵ نییە. هەندێک پیانۆی کارەبایی تری شوێن و دەزگا و خەڵکی تریشم تاقی کردووەتەوە، ئەوانیش کەموزۆر ئەو کێشانەیان هەیە، کە هەندێک جار چێژی ژەندن بە تەواوی تاڵ دەکەن. بە گشتی پیانۆی کارەبایی بە تێپەڕبوونی کات هەستیاریی پێدەکانی، یان هاوسەنگیی هەستیاریی پێدەکانی لە دەست دەدات. هاوڕێی خۆشەویستم، دیار ئەنوەر، لە هەمان جۆری پیانۆی منی هەیە، کە هەر یاماهای کلاڤینۆڤای ٤٣٠یە، ئەوەی ئەویش لە نۆ مانگی ڕابردوودا تووشی هەمان کێشە بوو، لێ ئەوەی ئەو زیاد لە چەند تۆنێکی وای لێ هات. هەر دوابەدوای ئەو، ئەوەی منیش می بیمۆڵی سەروو دۆی ناوەڕاست و دواتر لا بیمۆڵی سەروو دۆی ناوەڕاست و دواتر سیی سەروو دۆی ناوەڕاست هەستیارێتییان لە دەست دا، دیسان ئەم کێشە نوێیە بەرۆکی گرتمەوە. دوای خوێندنەوەی چەند سەرچاوە و بەدواداچوونمان، کە کاتێکی زۆری خایاند، بۆمان دەرکەوت هەڵەکە بەم شێوەیەیە:

لەژێر هەر پێدێکی پیانۆی کارەباییدا ڕیزە لاستیکێک هەیە، بەم لاستیکانە دەوترێت: لاستیکی گەیەنەر. ئەم لاستیکانە کاربۆنێکیان پێوەیە، کە ژەنیارەکە پەنجە بە پێدەکاندا دەنێت، کاربۆنەکە ئەو هەستیارییە بۆ سەر نەخشەی ئەلیکترۆنیی پیانۆکەی دەگوێزێتەوە. بە تێپەڕبوونی کات، کاربۆنەکانی سەر لاستیکەکان دەبواررێن و نامێنن. لە بەختی تاریش، هەمیشە لەو تۆنانەوە دەست پێ دەکەن کە زۆرتر بە کار دێن، زۆرتر تۆنەکانی ناوەڕاستی پیانۆکە دەگرێتەوە و کەمتر تۆنە هەرە گڕەکان یان هەرە تیژەکان دەگرێتەوە، کە بە شێوەیەکی گشتی، ڕێژەی بەکارهێنانیان لەچاو تۆنەکانی ناوەڕاستدا کەمترە.

لە کۆتاییدا، دەستەیەک لاستیکمان کڕی و پیانۆکەی دیارمان وەک تاقیکردنەوە بە کار هێنا، دوای ئەوەی کە زۆر پێوەی ماندوو ببوو، لە کۆتاییدا پڕۆژەکە سەرکەوتنی بە دەست هێنا و گۆڕینی لاستیکی گەیەنەرەکان پیانۆکەی نوێ کردەوە. منیش لەژێر ڕۆشنایی بیردۆزە سەلمێنراوەکەی ئەودا دەستەیەک لاستیکی گەیەنەرم بۆ خۆم کڕی و ئەم ئێوارەیە دیار گیان هەر خۆی بۆی گۆڕیم، ئێستا پیانۆکەم نوێ بووەتەوە و زۆر لە هاوسەنگیی تۆنەکانی ڕازیم و دڵیشم زۆر خۆشە.

سوپاسی دیار گیان دەکەم. ئەم چیرۆکەشم لەگەڵ ئێوەدا بەش کرد، چونکە دڵنیام هەر کەسێک پیانۆی کارەبایی هەبێت، زوو بێت یان درەنگ، تووشی هەمان کێشە دەبێتەوە. چارەسەرەکەم لەگەڵتاندا بەش کرد تا ئەگەر هاوزمانێکی هاوپیشەم هەمان کێشەی هەبوو، بەو ڕێگا ناخۆشانەی ئێمەدا تێپەڕ نەبێتەوە و لە ئەزموونی تاڵی ئێمە وانە وەربگرێت و سوودمەند ببێت.


[1] لە ڕێکەوتی ٨ی ئازاری ٢٠٢٠دا نووسیومە، لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢١ و ٩ی تەممووزی ٢٠٢٢دا پیایدا چوومەتەوە.

لاستیکی گەیەنەری پیانۆی کارەبایی
لاستیکی گەیەنەر

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا
دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

پیانۆکەی نەوا موکرجی بە کراوەیی
پیانۆکەی نەوا موکرجی بە کراوەیی

پیانۆکەی نەوا موکرجی لەژێر نەشتەرگەریدا
پیانۆکەی نەوا موکرجی لەژێر نەشتەرگەریدا

پیانۆکەی نەوا موکرجی لەژێر نەشتەرگەریدا
پیانۆکەی نەوا موکرجی لەژێر نەشتەرگەریدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا
دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا
دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا
دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

پیانۆکەی نەوا موکرجی بە کراوەیی
پیانۆکەی نەوا موکرجی بە کراوەیی

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا
دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا
دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا
دیار ئەنوەر لە کاتی چاککردنی پیانۆکەی نەوا موکرجیدا

نەوا موکرجی پیانۆکەی تاقیدەکاتەوە
دوای گۆڕینی لاستیکی گەیەنەرەکان، نەوا لەبەردەمی دیاردا پیانۆکە تاقیدەکاتەوە. بزەکەی نیشانەی ئاکامی پڕۆژەکەیە.

بانگی شێوان

بانگی شێوان[1]

شۆفێرەکە وتی: «کاکە، بۆ ڕاهی خوا! من بیست و پێنج ساڵە نوێژم نەچووە! چوارەم نوێژ نوێژی شێوانە، پێنجەم نوێژ نوێژی خەوتنانە»، سەرنشینەکە پێی وت: «نەخێر، خەوتنان و شێوان یەک شتن، هاوناون. هەردووکیان مەبەست نوێژی پێنجەمە». شۆفێرەکە پێداگریی کرد و وتی: «نا برام: بەیانیانە، نیوەڕوانە، عەسرە، شێوانە، خەوتنانە»، سەرنشینەکە وتی: «بەیانیانە، نیوەڕوانە، عەسرە، ئێوارەیە، شێوان یان خەوتنانە». شۆفێرەکە یەکسەر وتی: «کاکە شتی وا نییە!» سەرنشینەکە وتی: «برا، بە عەرەبی بە نوێژی چوارەم دەوترێ «صلاة المغرب»، واتە نوێژی خۆرئاوابوون، ئێ خۆر لە ئێوارەدا ئاوا دەبێ، بۆیە نوێژەکەشی پێی دەوترێ نوێژی ئێوارە. بەوەی پێنجەمیش دەوترێ «صلاة العشاء» واتە نوێژی نانخواردنی ئێوارە، ئێ لە زمانی کوردیدا بە نانی ئێوارە دەوترێ: «شێو» بۆیە نوێژەکەش نوێژی شێوانە».

شۆفێرەکە دیسان پەنای بردەوە بەر ئەزموونی بیست و پێنج ساڵ پرسیارنەکردن و وتی: «کاکە، ئاخر من بیست و پێنج ساڵە… بیست و پێنج ساڵە…» سەرنشینەکە ناچار بوو چەکی ئەتۆمی بە کار بهێنێ، وتی: «کاکە، نالی خۆی مەلا بووە. دەڵێ: «لە دوگمەی سوخمە دوێنێ نوێژی شێوان…» لەو هۆنراوەیەدا باسی ئەو دادەیە دەکا کە شەو هاتووەتە خزمەتی و سوننەتی دڵدارییان بە جێ هێناوە. ئێ کوڕی باش، ئەگەر نوێژی ئێوارە نوێژی شێوان بووایە، ئەوکات ئەو دادەیە کە گوایە ناوی حەبیبە بووە، نەیدەوێرا بۆ لای مامە نالی بچێ، چونکە لە نێوان نوێژی چوارەم و پێنجەمدا نزیکەی سەعاتێک دەرفەت هەیە. ئێ کەی مزگەوت چۆڵ بوو؟ کەی نالی گەڕایەوە ژوورەکەی خۆی؟ کەی کچە هات؟ ئێ ئەگەر هاتبێتیش، دەرفەتی هیچ نەدەڕەخسا! چونکە بێگومان پەنجا پەڕۆ و پاتاڵی لە بەردا بووە، ئێ هاکا زانیشت کاتی نوێژی پێنجەم هات و دیسان خەڵک هاتنەوە بۆ مزگەوت. ئەی ئەو کچە نەدەترسا یەکێ بیبینێ؟ لە ماڵەوە باوکی یان براکەی یان کەسێک نەیوت: «ئەوە کوا ئەو کچەتیوە؟» لە مزگەوت نێرینەیەک نەیوت: «ئەو کچەتیوە چی دەکا لێرە؟»».

شۆفێرەکە گومانێکی بۆ دروست بوو و وتی: «هم، ئێ؟» سەرنشینەکە وتی: «ئێ، دوای نوێژی پێنجەم، کە هەمووان چوونەوە ماڵەوە و ئیتر تا بەیانی نوێژی تر نییە و هیچ پیاوێک بە بیانووی نوێژ لە ماڵ نایەتەدەر، ئەوکات باجی حەبیبەش بە بیانووی خۆڵڕشتن دەچێ بۆ لای مامە نالی و نیوەدێڕەکەی تری هۆنراوەکە دەبێ بە بابەتی سەرەکیی باسەکە کە «بەیانی دا سفیدەی باخی سێوان»ەکەیە! ئەوکات کچەش بێ پەلەپەل دەتوانێ خزمەتی حاجی مامۆستا مەلا نالی بکا بێ ئەوەی چاوە خێلەکانی هەر لەسەر کۆڵانەکە بێ». شۆفێرەکە پێداگرییەکەی نەما و بە داڵغەوە وتی: «بڵێم چی! قەت وا بیرم لێی نەکردبووەوە!» سەرنشینە بێباوەڕەکەش وتی: «کەواتە نوێژی شێوان پێنجەم نوێژە، چوارەم نوێژیش نوێژی ئێوارەیە».

لەم کاتەدا سەرنشین بە تەواوەتی شۆفێرەکەی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی بانگی شێوان پێنجەمە. بەڵام لە مێشکی خۆیدا دێڕەکەی دواتری هۆنراوەکەی بیر کەوتەوە کە دەڵێ: «لە خەوفی تەلعەتی ڕۆژ هەروەکوو شێت، بە ڕووزەردی هەڵات و کەوتە کێوان» کە دیسانەوە ڕیسەکە دەکاتەوە بە خوری، چونکە لە ئێوارەدا خۆر ئاوا دەبێ! پاش گومانێکی تر، هۆنراوەکەی گۆرانیشی هاتەوە یاد کە دەڵێ «بانگی شێوان لە ئاسمانی خۆرنشین» کە زانی بابەتەکە پڕاوپڕ گوماناوییە، نقەی نەکرد و وتی با ئەویش خۆی بۆی بگەڕێ.


[1] لە ١٩ی شوباتی ٢٠١٩دا نووسراوە.

دیمەنێک: کاسەی پیرۆز

دیمەنێک لە فیلمی گەڕان بە دوای کاسەی پیرۆزی مۆنتی پایثن

ئاپۆرایەک پیاوی تووڕە ژنێک پەلکێش دەکەن، بە تووڕەییەوە دەنەڕێنن:

– جادووبازە!

– جادووباز!

– جادووبازێکمان گرت!

بە هەموویان بەرەو لای ئەفسەرێک پەلکێشیدەکەن. یەکێکیان لە ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– جادووبازێکمان گرت، بیسووتێنین؟

خەڵکەکە هەموو هوتاف دەکێشن و دەیکەن بە هەرا. ئەفسەرەکە ئاماژەیان بۆ دەکا بێدەنگ بن. دەپرسێ:

– چۆن دەزانن جادووبازە؟

یەکێک وەڵامدەداتەوە:

– لە جادووباز دەچێ!

سەربازەکە فەرماندەدا:

– ئادەی بیهێننە بەردەمم.

ئەوانیش وادەکەن. ژنەکە جلوبەرگی جادووبازی پۆشیوە و لووتێکی زۆر درێژیشی بە لووتەوەیە. لە بەردەمی ئەفسەرەکەدا دەڵێ:

– جادووباز نیم! جادووباز نیم!

ئەفسەرەکە وەڵامیدەداتەوە:

– بەڵام پۆشاکەکەی بەرت لە هیی جادووبازان دەچێ.

ژنەکە وەڵامدەداتەوە:

– ئەوان ئەو پۆشاکەیان پێلەبەرکردووم!

هەندێک لە خەڵکانی ئاپۆراکە حاشایلێدەکەن. ژنەکە بەردەوام دەبێ:

– تەنانەت ئەمە لووتی خۆشم نییە، دەستکردە!

ئەفسەرەکە پشکنینێکی خێرا بۆ لووتە ساختەکەی دەکا. تەماشایەکی خەڵکەکە دەکا. دەڵێ:

– ها؟!

یەکێک لە خەڵکەکە دەڵێ:

– بەڵێ، لووتەکە ئێمە بۆمان دانا.

ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– هەر لووتەکە؟

– شەبقەکەشی. بەڵام جادووبازە!

خەڵکەکە دیسان دەیکەنەوە بە هەرا و هوتافکێشان. هاواردەکەن:

– بیسووتێنن! بیسووتێنن!

ئەفسەرەکە لێیاندەپرسێ:

– ئێوە ئەم پۆشاکەتان پێلەبەرکردووە؟

هەمووان بە جیاجیا وەڵامدەدەنەوە:

– نەخێر.

– نا.

– نەخێر.

یەکێکیان وەڵامەکەی دەگۆڕێ:

– بەڵێ.

بە دوودڵییەوە تەماشای هاوڕێکانی تری دەکا، ئەوانیش قسەکەی دەسەلمێنن.

– بەڵێ.

– بەڵێ، تۆزێکی!

– بەڵێ، کەمێکی!

– بەڵێ، ئەوەتا بالووکەیەکیش بە دەموچاوییەوەیەتی.

ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– چی واتانلێدەکا وا هەستبکەن کە جادووبازە؟

پیاوێک هاواردەکا:

– منی کرد بە قوڕناویلکە1!

ئەفسەرەکە سەیریلێدێ، دەپرسێ:

– قوڕناویلکە؟!

پیاوەکەش تەماشایەکی خۆی دەکا و هەموو چواردەورەکەشی بە گومانەوە تەماشایدەکەن. کەمێک بێدەنگ دەبن. پیاوەکە دەڵێ:

– بەڵام چاکبوومەتەوە!

بێدەنگییەکی ناجۆر بۆ چەند چرکەیەک بەسەر هەموواندا باڵدەکێشێ. یەکێک بە ڕقەوە هاوار دەکا:

– بەهەرحاڵ؛ بیسووتێنن!

هەمووان بە ڕقەوە هوتاف دەکێشن و هاواردەکەن:

– بیسووتێنن! بیسووتێنن!

لەم کاتەدا پاشاکەیان نزیکدەبێتەوە و لە دوورەوە تەماشادەکا. بەڵام کەس پاشا ناناسێ. ئەفسەرەکە ئاماژەیان بۆدەکا کە هێورببنەوە. دەڵێ:

– بوەستن! بوەستن! چەند ڕێگایەک هەیە بتوانین بزانین کە ئایا جادووبازە یان نا!

خەڵکەکە سەیریانلێدێ. دەپرسن:

– بەڕاست؟ بەڕاست؟ ئێ دە پێمانبڵێ!

ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– باشە، پێمبڵێن: چی لە جادووباز دەکەن؟

هەموو بە یەک دەنگ هاوار دەکەن:

– دەیسووتێنین! دەیسووتێنین!

ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– ئەی جگە لە جادووباز، چیی تر دەسووتێنرێ؟

یەکێک هاواردەکا:

– جادووبازی تر!

بەڵام هاوڕێکەی تەنیشتی سیخورمەیەکی لێدەدا. یەکێکی تر دەڵێ:

– تەختە!

ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– بۆچی جادووباز دەسووتێ؟

هەمووان بۆ وەڵامێک دەگەڕێن و بێدەنگن. کەس وەڵامی پێنییە. دواتر یەکێکیان بە دوودڵییەوە وەڵامدەداتەوە:

– چونکە لە تەختە دروستکراون؟

ئەفسەرەکە دەڵێ:

– ئافەرین! ڕێک وایە!

خەڵکەکە هەموو بە بزەی تێگەیشتنەوە دەڵێن:

– ئەها! ئێ! ئێ!

ئەفسەرەکەش دەپرسێ:

– ئێ، ئێستا چۆن بزانین کە ئایا ئەو لە تەختە دروستکراوە یان نا؟

یەکێکیان دەڵێ:

– ئەگەر پردێکی لێدروستبکەین!

ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– ئەها، بەڵام ئەی ناتوانین لە بەردیش پرد دروستبکەین؟

خەڵکەکەش بیردەکەنەوە و دەڵێن:

– بەڵێ… با، وایە!

ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– ئایا تەختە لە ئاودا نوقمدەبێ؟

خەڵکەکە دەڵێن:

– نەخێر.

یەکێکیان هاواردەکا:

– سەرئاودەکەوێ! سەرئاودەکەوێ!

یەکێکی تر قسەکەی پەسەند دەکا و هاواردەکا:

– با هەڵیبدەینە ناو گۆماوەکەوە!

هەموو هاوار دەکەن:

– بۆ گۆماوەکە! بۆ گۆماوەکە!

ئەفسەرەکە هێوریان دەکاتەوە، لێیاندەپرسێ:

– چیی تر سەرئاودەکەوێ؟

خەڵکەکە بە جیاجیا وەڵامدەدەنەوە:

– نان!

– سێو!

– بەردی زۆر ورد!

– شەربەتی سێو!

– ئەها، ڕۆناو!

– گێلاس!

– قوڕ!

– کڵێسا! کڵێسا!

– قوڕقوشم! قوڕقوشم!

پاشا هاواردەکا:

– مراوی!

خەڵکەکە هەموو بێدەنگ دەبن و هەناسەی سەرسامی دەدەنەوە. ئەفسەرەکە و هەمووان ئاوڕی بۆدەدەنەوە، ئەفسەرەکە دەڵێ:

– ڕێک وایە!

پاشان ڕوودەکاتەوە خەڵکەکە و دەڵێ:

– ئێ، کەواتە بە شێوەیەکی لۆژیکی…

یەکێک لە خەڵکەکە دەڵێ:

– ئەگەر ئەم ژنە کێشی بە قەد کێشی مراوییەک بێ… کەواتە لە تەختە دروستبووە!

ئەفسەرەکە دەڵێ:

– کەواتە…

هەموو بێدەنگ دەبن.  لەپڕ یەکێک هاواردەکا:

– جادووبازە! جادووبازە!

هەمووان چەپڵە لێدەدەن و هوتاف دەکێشن. ئەفسەرەکە دەڵێ:

– کەواتە دەبێ گەورەترین تەرازوو بەکاربهێنین.

ژنەکە بەرەو تەرازوویەکی گەورە دەبەن، دەیخەنە تایەکییەوە و مراوییەکیش دەخەنە تاکەی ترییەوە: ژنەکە لە مراوییەکە قورستر دەردەچێ. هەمووان هاواردەکەن:

– جادووبازە! جادووبازە!

ژنەکە دەڵێ:

– لە قافدا گیرام!

– بیسووتێنن! بیسووتێنن!

————————-

  1. قوڕناویلکە: ئاژەڵێکی خشۆکە، لە توخمی مارمێلکەیە.

————————-

ئەمە دیمەنێکە لە فیلمی دۆزی گەڕان بەدوای جامی پیرۆزدا، نووسینی مۆنتی پایثن، دەرهێنانی تێری گیڵیەم و تێری جۆنز.

وەرگێڕانی: نەوا موکرجی.

چاوپێکەوتن لەگەڵ ئامادەبووی کۆنسێرتێکدا

چاوپێکەوتن لەگەڵ ئامادەبووی کۆنسێرتێکدا[1]

پ/ کەی؟

و/ ٨ی ئێوارەی دوێنێ شەو.

پ/ کوێ؟

و/ باڵەخانە بەناوبانگەکەی خانەی ئۆپێرای ڕۆژئاوای سلێمانیی نوێ.

پ/ بە ناوی کێوە ناو نراوە؟

و/ قادر دیلان. پەیکەرێکی حەفتا مەتریی قادر دیلانیش لەبەردەمی دەروازە مەزنەکەیدایە، بەخێرهاتنی میوانەکان دەکا.

پ/ ئەو باڵەخانەیە بە چی بەناوبانگە؟

و/ بە ئەکوستیک و دیزاینە سەرنجڕاکێشەکەی.

پ/ لە کوێیە و ئەکوستیکەکەی چۆنە؟

و/ ئەوبەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی دکتۆر حەمەڕەشید قەرەداخییە، لە دەرەوە ئەو هەموو فڕۆکەیە هەڵدەفڕن و دەنیشنەوە، کەچی لە ژوورەوە بە موو گوێت لە دەنگی دەرەوە نییە. دەنگی دەرزییەکی ناو هۆڵەکە دەبیستی گەر بکەوێتە سەر زەوی. لە هۆڵی کۆنسێرتەکەدا لە دووریی کیلۆمەترێکەوە دەنگی گۆرانیبێژەکە دەبیستی کە بێ مایکرۆفۆن گۆرانی دەبێژێ.

پ/ دیزاینەکەی چۆنە؟

و/ لە ناوەوە لە هەزار چەشنە پرشنگی ناو تەم، لە دەرەوە لەسەر شێوەی باڵندەی هوما دروست کراوە.

پ/ هیی چ ئۆرکێسترایەکە؟

و/ هیی ئۆرکێسترای فولهاڕمۆنیی سلێمانییە.

پ/ چەند ژەنیارن؟

و/ نزیکەی سەد و پەنجا.

پ/ هەموویان کوردن؟

و/ نا، کوردی هەموو ناوچەکانی تێدایە، بەڵام ژەنیاری بێگانەشی تێدایە.

پ/ کێ پاڵپشتیانە؟

و/ بە پلەی یەکەم خۆیان: هەر کۆنسێرتێک ساز دەدرێ بە سەدان هەزار خەڵکی هونەردۆستی شاری سلێمانی و شارەکانی تر و وڵاتانی جیهانیش دێن و بلیت دەکڕن و بێ هێنانی مناڵی شیرەخۆرە و ساوا و گوڵەبەڕۆژە ئامادەی کۆنسێرتەکانیان دەبن و چێژ وەردەگرن. دوای هەموو کۆنسێرتێکیش چەندین دانە لە موزیکە تۆمارکراوەکانیان بە جیهاندا دەفرۆشرێنەوە. بەڵام لە لایەن حکومەتی ناوەندیشەوە بودجەیەکی زەبەلاحی ساڵانەشیان بۆ تەرخان کراوە. چونکە ئەم باڵەخانەیە هاوکات باڵەخانەی زانکۆی مێدیای موزیکیشە، ساڵانە سەدان خوێندکاری کورد و بێگانە لەم زانکۆیە موزیک دەخوێنن و دەردەچن، یەکێکە لە مەزنترین زانکۆ موزیکییەکانی جیهان.

پ/ دوێنێ کاتژمێر ٨ی ئێوارە چی ژەنرا؟

و/ سیمفۆنیی یانزەیەمی کوردۆ کاردوخ و دواتریش شاشایادی نەوا موکرجی.

پ/ هەست و ئەزموونی گوێگرتنەکەت چۆن بوو؟

و/ باوەڕم بە گوێی خۆم نەدەکرد، دەموت درۆیە ئەو ژەنیارانە بە ڕاستی ناژەنن، ئەو هەموو خەڵکەشی هاتبوون هیچیان مرۆڤی ڕاستەقینە نین!

پ/ بۆچی؟

و/ ژەنیارەکان: چونکە ئەوەندە تۆنیان پاک بوو و ئەوەندە ئەو موزیکەیان بێگەرد دەژەند، لە هیی ئەوە نەدەچوو کە لەبەردەمتدا بیژەنن. خەڵکەکەش: لەبەرئەوەی نزیکەی سەد و حەوت هەزار کەسی لێبوو، گوێت لە هەناسەی یەک کەس نەدەبوو، یەک کەست نەدەدی لە ماوەی هەر سێ سەعاتەکەدا جووڵەیەک بکا!

پ/ ڕا و کاردانەوەی خەڵک بۆ موزیکەکان چۆن بوون؟

و/ ئەوەی کاردوخ زۆر ستایش کرا، نزیکەی بیست خولەک هەموو ئامادەبووان هەڵستانە سەر پێ و چەپڵەڕێزانیان کرد. هەر ئەمڕۆش بە ملیۆنان دانە لە موزیکە تۆمارکراوەکە لە جیهاندا فرۆشرا. ئەگەرچی ژەندنی شاشایادی نەوا موکرجیش هەر ستایش کرا، بەڵام وەک خودی بەرهەمی موزیکدانەرەکە زۆر بەبایەخ نەبوو، ئۆرکێستراکە تەنهاوتەنها لەبەر ڕێزی ئەوەی کە موزیکدانەرەکە خۆی خەڵکی سلێمانی بووە و وەک پێزانینێک بۆ هەوڵ و کۆششی یەکێ لە هونەرمەندە دێرینەکانی شارەکە جارجار ئەو بەرهەمانەی بە یادی خەڵک دەهێننەوە، ئەگینا جۆشوخرۆشێکی وا بە ڕوخساری خەڵکەکەوە نەبوو.

پ/ باشە، ڕەخنە لە حکومەت ناگیرێ کە ئەوەندە هاوکاریی خانەی هونەری و هونەرمەندان دەکا؟

و/ با، ماوەیەک لەمەوبەر هەندێ لە ئەندامانی حیزبەکانی (مەڵۆی یەکانە زۆڵەکان) کە بە (م.ی.ز) ناسراون و و حیزبی (گایەلی وڕێنەچی و وێرانخوازان) کە بە (گ.و.و) ناسراون و هەندێ لە ئەندامە توندڕەوەکانی (کۆمەڵەی خوشکان و برایانی ئەفسانەخوازان) کە بە (کخبا) ناسراون خۆپیشاندانیان ساز دا و داوا کرا حکومەت هاوکاریی هونەرمەندان و زانایان و وێژەوانان بوەستێنێ و ئەو سەرمایە زەبەلاحەی بۆ ئەوان تەرخان دەکرێ لە بەرهەمهێنانی هەندێ بەرهەمی بەسووددا سەرف بکرێ، وەک میزی قتوو و دروستکردنی توول و دارلاستیک و ئامێری بڵندکەری دەنگی هاتوهاوار و هووها.

پ/ ژمارەیان چەند خۆپیشاندەر دەبوو؟

و/ دوای سەد و چل و چوار ڕۆژ بە هەر سێ حیزبەکە گەیشتنە بیست و پێنج کەس.

پ/ کاردانەوەی حکومەت چی بوو؟

و/ سەرۆکی حکومەت بە کوردییەکی پەتی و جوان وەڵامێکی توندی دانەوە و وتی: «ئەگەر بەرگی هونەر و زانست و وێژە لە بەرمان دابکەنن ئاوەڕووت دەبین و هیچمان نامێنێتەوە! ئێمە لەو سێ بوارەدا پێشەنگی جیهانین، لەبەر ئەو پاڵپشتییەی ئێمەش بوو کە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا لە یەکێ لە دواکەوتووترین گەلەکانی جیهانەوە بووینە هێزی باڵا و یەکێک لە شکۆدارترین وڵاتە ئازادەکانی جیهان. چۆن بە قسەی هەندێ تاریکخوازی وەک ئەوان دەکەین؟»

پ/ ئەی کاردانەوەی خەڵک چی بوو لە دەرئەنجامی وتەکەی خاوەنشکۆیان؟

و/ خەڵکی کوردستان فشارێکی زۆریان خستە سەر حکومەت بۆ گەڕاندنەوەی خۆپیشاندەرەکان بۆ زێدەکەی خۆیان، بۆیە حکومەت لەگەڵ باڵوێزخانەی توونەکستاندا ڕێککەوت کە بیانگەڕێننەوە بۆ زێدی خۆیان و لە کۆڵ خەڵکی کردنەوە و پشێوییەکەش هێور بووەوە.

منیش هاتمەوە هیچیان نەدامێ.

تێبینی: دەتوانی بە ئارەزووی خۆت ئەم ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە کۆپی بکەیت و لە هەر شوێنێکدا، جگە لە مێدیای ئەو سێ حیزبەی کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەیان پێ دراوە، بڵاوی بکەیتەوە.


[1] لە ڕێکەوتی ١١ی شوبات ٢٠٢٠دا نووسراوە، لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەم بۆی کرد.

جەڵدەی ڕەشبینی و تەنیایی و چارە

جەڵدەی ڕەشبینی و تەنیایی و چارە1

ئەوەندەی بە بیرم دێت هەرگیز حەزم بە قەرەباڵغی نەکردووە، بەڵام لێشی نەترساوم. جاران و ئێستاش جارجار پێم دەڵێن کە ئەمە هەڵەیە و دەبێت لەگەڵ خەڵکدا خۆم ئاشت بکەمەوە، وەک بڵێیت کێشەکە منم! خوازیاریشم، کێشەکە من بم و بووبێتم، چونکە زۆر خۆشە هەست بکەیت و بزانیت بەشێکی کۆمەڵەکەتیت و ئەوانیش بەشێکن لێت و متمانەیان پێ بکەیت. جاران نەمدەزانی بۆچی تەنیاییم پێ باشترە، بەڵام ئێستا دەزانم.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە دەبینم پشێوییەکی تەواو بێسەرەوبەرە خەرمانەی زۆربەی خەڵکیی داوە. ئەو هەموو وزە مەزنە دەبینم سەرتاپایان وەک هەسارەیەک بە تەوەری مووچە و کلیپ و ئامۆژگاریی داوانەکراوی دینی و گۆرانییەکی نوێی فڵان و قەیرانی جۆراوجۆر و تەنوورە و لەچکی خانمێک و چی و چیی تردا خول دەخۆن. جیهانێک گوڕ و تاف و هەڕەت و وزەی لاوی لە خۆڕا دەمرێت و کەسیش لەوە ناچێت پێی بزانێت، یان بیر لە چارەیەک بکاتەوە.

ئەمە هەمیشە ڕاستە: ئەگەر ئێستا وێرانەیەک هەبێت، ئەوا ئەم وێرانەیە لێکەوتەیە، واتە کاردانەوەیە، نەک کار. لێرەش بە دواوە ئەم کاردانەوەیە دەبێتە هۆی سەرهەڵدانی کاردانەوەی نوێ. ئاوها هەردەم لە هەڵدێرانی کاری هەڵە و کاردانەوەی خراپدا دەبین. کرۆکی مەبەستیشم لێرەدا ئەوەیە کە: ئەوەی لە ڕابردوودا کردوومانە بەرەو ئێرەی هێناوین. هیچ سەیر نەبێت لاتان کە ئەمڕۆ بەرهەمی دوێنێیە.

دەمێکە خلۆر دەبینەوە

خوێندنەوەیەکی سەرپێییانەش بە مێژووی کورددا پێت دەڵێت ئێمە دەمێکە لەم لێژگەیەدا خلۆر دەبینەوە و هەڵدەستینەوە. کەواتە دەبێت بە مێژووماندا بچینەوە و سەرچاوەی ئەم دۆخەی ئێستا دەستنیشان بکەین. تکایە با بگەڕێینەوە و دەستکارییەک بکەین و ڕێچکەکە بەرەو وێستگەیەکی نوێ ببەین. با بوێرین بڵێین: «پێشینانمان هەندێک هەڵەیان کردووە و ئەو زانا و دانایە نەبوون کە ئەفسانەکان پێیان وتووین».

سەیرم لێ دێت کە کەس ناوێرێت بڵێت: «پێشینان هەڵەیان کردووە!». زۆریش سەیرم لێ دێت، چونکە ئێمە بەردەوام بە خۆمان دەڵێین ئەمڕۆ هەڵەین. ئێ هەر ئێمە دەبین بە پێشینانی چەندین نەوەی تر، تەنها لەبەر تێپەڕبوونی کات، ئیتر دەبێت ئەم هەموو نەزانەی ئەم سەردەمە لە نەوەی ئایندە بکرێنە دانا و زانا؟ بۆچی نەوێرین بڵێین لە ڕابردوودا هەندێک هەڵبژاردەی هەڵە بە ئەمڕۆی گەیاندووین؟ قەیچێکە با پێشینانمان هەڵە بووبێتن، ئەوە نییە بۆیان چاک دەکەینەوە؟ یان هەر لەسەر هەمان ڕێچکە بڕۆین و ئۆباڵەکەش، وەک هەمیشە، لە ئەستۆی شتی خەیاڵی بئاڵێنین؟

من و گۆشەگیری

خۆم بە سرووشت تەرە و تەنیا و گۆشەگیرم. گۆشەگیرییەکەم هی ئەوە نییە کە دەستم لە خەڵک شوشتبێت، بەڵکو جاران کە نەشمدەزانی کە زۆربەی خەڵک قاوغێکی جوانکیلە و هەرزانبەهای بۆشییەکی فووتێکراون، هێشتا هەر حەزم لە تەنیایی خۆم بوو. هۆکارەکەش ئەوەیە خۆمم خۆش دەوێت و حەز دەکەم زۆربەی کاتەکانم لەگەڵ خۆم و ئەو شتانەدا بە سەر ببەم کە بە ڕاستی حەزم لێیانە. بۆ نموونە: هونەر و وێژە. بۆیە لای من زۆر ئاسانە سەد ساڵ لەگەڵ خۆمدا بژیم. بەڵام هەموو گۆشەگیر و پەڕەوازەکانی تری ئەمڕۆمان وەک من نین، زۆریان حەزیان بەو تەنیاییە نییە. بەڵکو کەڵەکەبوونی هەڵبژاردە هەڵەکانی دوێنێ زۆر گەنجی پڕوزەی ئەمڕۆی ڕەشبین کردووە و وای لێ کردوون هەر تاوناتاوێک جەڵدەیەکی تەنیایی لێیان بدات. تەنانەت پەی بە هەندێک جوانی و مەزنیی دانسقە و دەگمەنی سەردەمیش نەبەن.

لادانی نوێ بە ئامانجی نوێ دەگات

لە نموونەی خۆمەوە پێم وایە دەستکاریکردنێکی ڕەوتەکە ڕەنگە ببێتە هەوێنی ئایندەیەکی باشتر. با کەمێک خولیا بدەینە زانست و هونەر و وێژە، یان ئەو شتانەی دوێنێ خولیامان نەبوون و هەمیشە وتوومانە: «جا ئەوە کەی بۆ ئەم وڵاتە دەبێت؟!». با ڕەوتەکە بگۆڕین و چارەیەکی تر تاقی بکەینەوە. خۆ کورد هەزاران نوشوستیی چەشتووە، ئەوپەڕی نوشوستییەکی نوێ بۆ نوشوستینامەکەمان زیاد دەبێت.

کاکڵەی پەیام

کورت و پوخت: پێم وایە لەم سەردەمەدا ئۆباڵەکە من و تۆین. دوێنێش ئۆباڵەکە پێشینانمان بوون. وەبەرهێنان لە وزە و هەڕەتی لاوانی سەردەمدا و ئاراستەکردنیان بەرەو بوارە ئاماژەبۆدراوەکان دەبنە فریادڕەسی ئەو پەتای ڕەشبینییەی گەنجانی گەلەکەمانی لە ئامێز گرتووە. ئاراستەکردنی زانست و هونەر و وێژە و هەلڕەخساندن و پاڵپشتیکردن و سایەداریی لەم بوارانەدا، ئەگەر ئایندەیەکی باشتریش دەستەبەر نەکەن، ئەوا بێگومان هیچ نەبێت ئەمڕۆ بۆ نەوەکانی داهاتوو دووبارە ناکەنەوە.

زۆربەمان کۆکین لەسەر ئەوەی کێشەیەکی مەزن لە ئەمڕۆماندا هەیە، ئەی بۆچی لە تاقیکردنەوەی چارە دەترسین؟


  1. لە ٨ی شوباتی ٢٠٢٠دا نووسیومە. لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢١، ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١، ٢٥-٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. لە پێداچوونەوەی کۆتاییدا ناونیشانەکەیم گۆڕی، پێشتر ئاوها بوو: «پەتای ڕەشبینی، جەڵدەی تەنیایی… بەڵام خولیای نوێی ئاراستەکراوی فریادڕەس». ↩︎

ئایا موزیک گرنگە؟

ئایا موزیک گرنگە؟[1]

بەستێنی نووسینی ئەم وتارە

(خاتوو شەهێن سابیر لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا بابەتێکی نووسیوە بە ناونیشانی ئایا موزیک گرنگە؟ مامۆستا سەڵاح ڕەئوف (وا بزانم) لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا وەڵامی داوەتەوە. من لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا هەردوو بابەتەکەم دی و خوێندمنەوە. حەزم کرد لە گفتوگۆکەدا بە وتارێک بەشدار ببم، بۆیە ئەم وتارەم نووسی.)

وتارەکە

سوپاس بۆ ئێوە و مامۆستا سەڵاح ڕەئوفیش بۆ ئەم باسە.

موزیک یان مۆسیقا؟

سەبارەت بە ناوی موزیک یان مۆسیقا: لێکۆڵینەوەیەکی زمانناسییم نووسیوە بە ناونیشانی موزیک یان مۆسیقا ؟ دەتوانن بیخوێننەوە.

تێری و داهێنان

سەبارەت بە «تێری و داهێنان»: ئەڵبەت نازانم لە کوێی نووسینەکەتدا ڕاستەوخۆ باسی تێری و داهێنانت وروژاندووە، بەڵام هەر لەگەڵ مامۆستا سەڵاحدا هاوڕام. زیندووێتی بەسە بۆ داهێنان. بە بڕوای کۆنکرێتییم بۆ کاری داهێنان چۆنێتیی کات لە چۆنێتیی ورگ گرنگترە. چۆنێتی مەبەستم لە کوالیتییە. تەنها ژینگەیەکی کەمێک بێدەنگ و بێ دڵەڕاوکێ و بێ هاتوهاوار و بێ سەردانی لەناکاو و بێ ڕووداوی نەخوازراوی ناپێویست ڕەخسابێت، من شاکاری هونەرییت دەدەمێ. چونکە مەندێتیی هونەر پەیوەندیی بە ڕامان و زنجیرەی تێڕامان و بیرکردنەوەوە هەیە، ئەمانەش پێویستیان بە کاتێکی هێور و ئاشتییانە هەیە.

دوو تایبەتمەندێتیی خراپی خەڵکانی کۆمەڵگا هەن کە بۆ هونەرمەندێتی خراپن، یەکەم: مرۆڤ بە سرووشت بوونەوەرێکی دەمەوەر و فەرتەنەچییە. دووەم: مرۆڤ بە سرووشت حەز دەکات خەڵکانی تر پەلکێشی بابەت و پڕۆژەکانی خۆی بکات. تەماشاکردنێکی فەیسبووکیش بەسە بۆ سەلماندنی ئەم دوو ڕاستییە. هەموو کەسێک داوات لێ دەکات لە کەمپینەکەیدا بەشدار بیت.

چۆن کەشی داهێنان ساز بکرێت؟

بەڵام خۆشبەختانە بۆ سازاندنی کاتی پڕ ئاشتی و سنووردارکردنی خەڵک هەندێک تەکنیک هەن. خودی هونەر-مەند/کارەکان دەتوانن بیسازێنن، بەشێکی بەرچاو کاتی باش دەگوزەرێنێت. دەبێت تا ڕادەیەک لە زۆر خەڵک دوور بکەویتەوە. خۆم لە ساڵێکدا دوو سێ مانگ فەیسبووکم کراوەتەوە و زۆربەی هاوڕێکانمم ئەنفەڵەو کردووە. تەلەفۆنی دەستییم هەمیشە بێدەنگ و بێجووڵەیە. دەرگا لە کەس ناکەمەوە ئەگەر پێشتر لەسەر یەکبینین ڕێک نەکەوتبین، با پێم بڵێت کەسێکی خۆپەرست و خراپم. وەڵامی زۆر نامە و چات و چۆنی و چاکیش نادەمەوە. تا بۆیشم بکرێت خەڵک کەم دەبینم. بە نزیکی هیچ ڕۆژێک نییە خۆم لە پڕۆژە و پلانی خەڵکانی چواردەورم دەرنەهێنم.

کابرای دراوسێت سەیرانێکی ساز کردووە و لە خۆیەوە پۆستی کەبابچیی بێ پرسی خۆت پێت بەخشیوە. برادەرێکی ترت بە دەستییەکەی کورتەفیلمێک دەکات، یەکسەر تۆی داناوە موزیکەکەی بۆ دابنێیت. دراوسێکەتان کەوانتەری کڕیوە، دایناوە تۆ لە حەماڵییەکەدا یارمەتیی بدەیت. هەموو ئەمانە ئاسوودەیی و کاتی تێڕامان دەکوژن و دەبێت لێیان دوور بیت.

زۆر جار کە چواردەورم بە کاری ناپێویست دەمتەنن، بۆ توانج دەڵێم: «دەزانن بۆچی بێتهۆڤن لە موزیکدا باش بووە؟ چونکە خەریکی موزیک بووە!» مەبەستم ئەوەیە تۆ دەبێت خەریکی بوارەکە بیت بۆ ئەوەی تیایدا پێش بکەویت. زۆربەی موزیککارانی ئێمە خەریکی بوارەکەیان نین، یان کۆمەڵگا چاوەڕێی کاری تری جگە لە موزیکی لێ دەکات.

کەی کاتی موزیکە؟

سەبارەت بە ڕۆژ و کاتی موزیک: لای من هەموو ڕۆژێک ڕۆژی موزیکە، هەموو کاتێک کاتی موزیکە و هەموو کاتێک موزیک گرنگە. لە ئەفەریقا ئاوی خواردنەوە نییە، بەڵام موزیک ناوەستێت! هیچ ڕۆژێک نییە جگە لە کاژێرەکانی پڕۆڤەی خۆم دوو بۆ پێنج کاژێر گوێ لە موزیک نەگرم.

سەبارەت بە ڕۆژی موزیک

٢١ی حوزەیرانی ٢٠٠٩، یادکردنەوەی ڕۆژی موزیک.

سەبارەت بە ڕۆژی موزیک کە ٢١ی حوزەیران بێت: ڕەنگە بۆ وڵاتێکی وەک فەڕەنسا کاتێکی گونجاو بێت، بەڵام ئەو ڕۆژە لە کوردستاندا زۆر گەرمە. جارێک لە ژیانمدا (وا بزانم ٢٠٠٩ بوو) لە بەردەم ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی سلێمانیدا پیانۆم ژەند و بە تەنیا ئەو یادەم کردەوە، سێ ڕۆژ نەخۆش کەوتم ئەوەندە خۆر لێی دام. هەتاوی ڕۆژەکە زیانی بە ئامێرەکەشم گەیاند. هۆڕنی کۆستەر و پیکاب و لوورەی ئوتومبێلی پۆلیس و فریاکەوتن و ڕادیۆی گرمەگرمکەری زیادکراوی تەکسیگێڕەکان و ڤڕەی مەکینەی ئەو هەموو ئوتومبێلە و بانگدانی نەشازی بانگنەبێژە دەنگنەشازەکانی مزگەوتەکان بەردەوام ڕستی ژەندنەکەمیان دەپچڕاند. هەموو ئەمانە جگە لە حیلکەحیلکی پیادەکان.

کەواتە کاتەکەمان تەسک دەکاتەوە بۆ شەو دوای بانگی خەوتنان. شەویش پێویستی بە ڕووناکی و کارەبا و وایەر و وایەرکاری و بڵندگۆکاری و ئامادەکاری و بێدەنگکاری هەیە، ئەم ئامادەکارییانەش کاری ژەنیار نین. من هەموو ڕۆژێک بە خەڵک دەڵێم: «پیانۆت بۆ دەژەنم، بەڵام پیانۆت بۆ بار ناکەم! من پیانۆبارکەر نیم! ئامێرەکەم زۆر قورسە و زۆر گرانبەهایە و گواستنەوەشی زۆر ئەستەمە. پێشم خۆش نییە ئامێری خۆم بۆ هیچ بۆنەیەکی تۆ بە کار بهێنم! چونکە کە ئامێرەکەم تێکدەچێت تۆ پێم پێدەکەنیت، بەڵام من کۆستم دەکەوێت».

کەواتە دەبێت کۆمەڵە کەسێکی باش هەبن کە لە هونەرمەندەکان و کات و ڕێکخستن تێبگەن و بتوانن ئەم ئامادەکارییانە بکەن. واتە ئۆباڵەکە تەنها لە ئەستۆی ژەنیارەکاندا نییە. شیاوترە ڕۆژەکەش بخرێتە کاتێکی فێنکترەوە.

سەبارەت بە ئەرکدان بە هونەر

سەبارەت بە مۆنۆپۆلی و بەکارهێنانی موزیک و ئەرکپێدان: من هەرگیز دژی ئەرکپێدان نیم. ئەرک پەرۆشیی زیندووێتی بە مرۆڤ دەدات. بەڵگەش ئەوەیە هەزاران کەس دەبینیت پیشەی زۆر وەڕسکەر و ناخۆش و قورسیان هەیە، کە دەیانبینیت لە خۆت دەپرسیت: دەبێت ژیانی ئەم کەسە چ بەهایەکی بۆی هەبێت وا ئەم کارانە دەکات؟ چی ڕێی لێی گرتووە خۆی بکوژێت؟ کە ڕۆ دەچیتە هۆی ئەوەی بۆچی وا خۆیان ماندوو دەکەن، دەبینیت کە ئەرکێکیان لەسەر شان گرتووە، یان بۆ منداڵەکانیان، یان بۆ دایک و باوکیان، یان برا و خوشکیان، یان خۆشەویست… تد.، ئەرک کرۆکی هاندانە.

هونەر بۆ هونەر نییە!

من دژی ئەوانەم کە دەڵێن گوایە هونەر بۆ هونەرە! هونەر بۆ هونەر نییە، دەبێت هونەر لە ژیانی ڕۆژانەدا ئەرکی هەبێت. ئەم ئەرکپێدانە دەبێت لە لایەن کۆمەڵێک کەسی وشیار و دەوڵەتمەدار و ئاگادارەوە دابین بکرێت. هونەر زۆر شتی مەزن دەکات ئەگەر مێشکێکی باش لە پشتیەوە هەبێت. دەشێت لە جیهانی ئەمڕۆدا حکومەت هونەر ئاراستە بکات، بەڵام ئەم ئاراستەکردنە لیژنەیەکی وشیار و دووربین و ستراتیژی دەوێت. هاوکات گەلێکی کەمێک وشیارکراوەشی دەوێت. چونکە میللەتیش سەری ئەوسەری هاوکێشەکەن.

بۆ نموونە لە ڕێنیسانسی ئەوروپا پێش پاشاکان هەندێک دەوڵەمەند و خانەدان هونەریان ئاراستە کردووە. یەکێکی وەکو لۆرێنزۆ دێ مێدیچی، کە خانەدانێکی دەوڵەمەندی فلۆرێنسا بووە، پاڵپشتی دارایی زۆر هونەرمەندی گەورەی کردووە و یەکێک بووە لە جووڵێنەرە مەزنەکانی ڕێنیسانس.

پەروەردەی خەڵکیش کاریگەریی هەیە

لەم ڕۆژانەدا بەڵگەفیلمێکم سەبارەت بە هۆڵی ئۆرکێسترای هامبورگ بینی، نزیکەی ٩٥٤ ملیۆن دۆلاری موڵکی گشتیی تێدا سەرف کراوە، بەڵام خەڵک نەیانکردووە بە هاتوهاوار و نەهاتوونەتە سەر جادە و بیڕووخێنن. کەمپینی لە دژ ساز نەدراوە، حەرام نەکراوە، مەلا لە میحرابەوە لە دژی نەیقیڕاندووە، لە فەیسبووک تفی بۆ کۆ نەکراوەتەوە. بە پێچەوانەوە پێوەی شانازن. پێش ئاراستەکردنی هونەر دەبێت میللەتێکی ئامادەی گۆڕانکاری خۆشە بکرێت.

لە هەرێمی کوردستاندا پێنج هەزار و دوو سەد مزگەوت دروست بکە کەس ناڵێت مەکە، بەڵام هۆڵێکی ئۆرکێسترا دروست بکە قیامەت هەڵدەستێت. پێنج هەزار و دوو سەد مەلا مووچە وەربگرن بەرانبەر گێڕانەوەی چیرۆکی چەقۆکەی ئیبراهیم بۆ سەر ملی ئیسماعیل کەس قسە ناکات، بەڵام ئەگەر نەوەد موزیکژەن لە ئۆرکێسترایەکدا کۆ بکرێنەوە کەبائیر و ئەشڕاطوسساعە ڕوو دەدەن!

مەبەست لێرەدا ئەوەیە هونەرمەندان سەربازانی گۆڕەپانەکەن، لە پشت ئەم سەربازانەوە دەبێت ئاراستەکەرێک هەبێت، ناکرێت شکستی سوپاکە تەنها بخرێتە ملی سەربازەکان، بەڵکو پشکی شێری شکست بەر پلاندانەر و ستراتیژکارەکان دەکەوێت.

ئەی چار؟

هونەر دەبێت ژیرانە پلانی بۆ دابنرێت و ئاراستە بکرێت. هونەرمەندان بە سرووشت کەسانی پەڕەوازەن، لە کۆمەڵگایەکی وەک ئەمەی ئێمەدا ئەوەندەی تر پەڕەوازە خراون. نابێت ئەم پەڕەوازە پەڕەوازەخراوانە سەرپشک بکرێن خۆیان داهێنان بکەن! ناکرێت ئایندەی هونەریی گەلێکی زیندوو پشت بە کۆمەڵێک پەڕەوازەی پەڕەوازەخراو ببەستێت کە ڕۆژانە لە پێنج هەزار و دوو سەد پێگەوە مژدەی دۆزەخیان پێ دەدرێت.

هەر با ڕاشکاو بم: ئەگەر پیانۆیەک بهێنمە سەر جادە، کە نایهێنم، لەوە دەترسم کەسانی بارگاوی بە بیری تیرۆریستی بمکوژن، یان پۆلیس و ئاسایش بمگرن! یان چ گەرەنتییەک هەیە خۆم یان ئامێرەکەم پارێزراو دەبین؟

گلەیی لە ئێمەومانان مەکەن، ئێمە سەربازین، ئامادەین، بەڵام بێ ستراتیژێتی خۆمان بە کوشت نادەین.

لەگەڵ ڕێزمدا. دووبارە سوپاس بۆ هەردووکتان.


[1] لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا نووسیومە. لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ و ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە.

بۆ بینینی وتارەکەی خاتوو شەهێن سابیر لێرەدا کلیک بکە.

بۆ بینینی وەڵامەکەی مامۆستا سەڵاح ڕەئوف لێرەدا کلیک بکە.

پیتێکی هەڵقورتاو

پیتێکی هەڵقورتاو

ماوەیەکە پیتێک لە نووسین و ئاخاوتنی زمانەکەماندا هەڵقورتاوە، نازانم لەکوێوە سەرچاوەیگرتووە، بەڵام دەزانم کە هەڵقورتاوە. ئەویش پیتی (د)ە لەناو کاری بکەرنادیاردا، وەک: بڕدرا، کڕدرا، چێندرا، سڕدرا، دەکڕدرێ، دەبڕدرێ، دەسڕدرێ.

یاسای بکەرنادیار لە زمانی کوردیدا بۆ ڕابردوو ئەمەیە:

ڕەگی کار+جێناوی بکەرنادیار+ نیشانەی کاتی ڕابردووی بکەرنادیار

ڕەگی کار: دەتوانی بەوە بیدۆزیتەوە کە کارەکە بخەیتە ڕانەبردووی بەردەوامەوە، وەک: کڕین> دەکڕم. لە دەکڕمەوە بۆتدەردەکەوێ کە ڕەگی کارەکە (کڕ)ە.

جێناوی بکەرنادیار هەمیشە (ر)ە، واتە لە ڕابردوو و ڕانەبردووشدا هەمان شتە.

نیشانەی کاتی ڕابردووی بکەرنادیار هەمیشە (ا)یە.

بەم شێوەیە:

چاوگی بڕین دەبێ بە: دەبڕم. دەردەکەوێ (بڕ) ڕەگەکەیەتی: بڕ+ر+ا = بڕرا، بڕراوە، بڕرابوو.

چاوگی کڕین دەبێ بە: دەکڕم. دەردەکەوێ (کڕ) ڕەگەکەیەتی: کڕ+ر+ا = کڕرا، کڕراوە، کڕرابوو.

چاوگی چاندن دەبێ بە: دەچێنم. دەردەکەوێ (چێن) ڕەگەکەیەتی: چێن+ر+ا = چێنرا، چێنراوە، چێنرابوو.

چاوگی سڕین دەبێ بە: دەسڕم. دەردەکەوێ (سڕ) ڕەگەکەیەتی: سڕ+ر+ا = سڕرا، سڕراوە، سڕرابوو.

یاسای بکەرنادیار لە زمانی کوردیدا بۆ ڕانەبردوو ئەمەیە:

دە+ڕەگی کار+جێناوی بکەرنادیار+ نیشانەی کاتی ڕانەبردووی بکەرنادیار

نیشانەی کاتی ڕانەبردووی بکەرنادیار هەمیشە (ێ)یە.

بەم شێوەیە:

چاوگی بڕین دەبێ بە: دە+بڕ+ر+ێ = دەبڕرێ.

چاوگی کڕین دەبێ بە: دە+کڕ+ر+ێ = دەکڕرێ.

چاوگی چاندن دەبێ بە: دە+چێن+ر+ێ = دەچێنرێ.

چاوگی سڕین دەبێ بە: دە+سڕ+ر+ێ = دەسڕرێ.

باش ماوە؟

باش ماوە؟1

پرسیار: ئایا باش ماوە؟

وەڵام: بەڵێ، باش ماوە: خۆت!

گلەیی لە ئاکاری کەسانی دی مەکە، ئاکاری ئەوان بە تۆ دەستەمۆ ناکرێت، بەڵام دەتوانیت ئاکاری خۆت دەستەمۆ بکەیت. ئاکار و ڕەفتاری کەسانی تر وەک کەشوهەوا ببینە کە هیچ دەسەڵاتێکت بەسەریدا ناشکێتەوە، چاوەڕێی بەرانبەر مەکە تا بۆ ئاکار و کردەوەی باش هانت بدەن، بەڵکو تۆ بۆ ئاکار و کردەوەی باشی بەرانبەرەکەت ببە بە هاندەر، مادەم تۆ پێودانگی ئاکارت هەیە، کەواتە ئەو پێودانگە لەسەر خۆت جێبەجێ بکە، نەک خەڵک. تۆ بەرانبەر بە خۆت لە دەسەڵاتی تەواودایت، بەڵام بەرانبەر خەڵک لە دەسەڵاتدا نیت. ئەگەر تۆ باش بیت، ئەوا دەبیتە هیوا بۆ سەرلێشێواو و لادراو و پەڕاوێزخراوەکان.

ئەگەر هونەرمەندیت، مەڵێ: «هونەرمەندمان نییە!»؛ ئەگەر زمانناسیت، مەڵێ: «زمانناسمان نییە!»؛ ئەگەر فیلمسازیت، مەڵێ: «فیلمسازمان نییە!»؛ ئەگەر بەئاکاریت، مەڵێ: «بەئاکارمان نییە!»؛ ئەگەر خۆت باشیت، مەڵێ: «باشمان تێدا نییە!».

ئەوە نییە تۆمان هەیت؟ ئێمە دڵمان بە تۆ خۆشە، کە تۆ بڵێیت نیمانە، ئەی ئیتر ئێمە دڵ بە کێ خۆش بکەین؟ ئێمە چاومان لە دەستی تۆیە. لە ئێستا بە دواوە تۆ ببە بە سەرپشک و ئاراستەمان بکە، لە بری گلەییکردن لە تاریکستانیی گۆڕەپانەکە و بوودەڵەیی کەسانی تر، ئەوا ئەو هەموو ڕووناکییەی ئەو گۆڕەپانە چۆڵە ببینە کە بۆ چالاکیی تۆ ئاوەڵایە! لە دەنگی ستۆییزمەوە.


  1. لە ١ی ئەیلوولی ٢٠١٩دا نووسیومە، لە ٢٣ی ئاداری ٢٠٢١ و ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ و ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

ڕیشەی خراپیی هونەری گۆرانیی کوردی و چارەسەر

ڕیشەی خراپیی هونەری گۆرانیی کوردی و چارەسەر[1]

ڕووکەشی ئۆباڵ

دە ساڵ پێش ئێستا ئۆباڵی خراپیی گۆرانیی کوردیمان دەخستە ملی عەزیز وەیسی. نەوەدەکان ئۆباڵەکە لە ملی عەلادین حەسەن و ئەمیر حەسەندا بوو، پێشتریش لە ملی برایانی زیزیدا بوو، ئێستا لە ملی هەندێک گەنجدایە.

ڕۆژانە خەڵکان دەبینم هێرش دەکەنە سەر ئەو گۆرانیبێژە گەنجانە، گوایە خراپن. کەسانی دیاری بواری موزیک و وێژە دەبینم باس لەوە دەکەن خەڵکانێکی خراپ بوون بە سەرپشکی گۆرانیی کوردی و ئۆباڵی خراپییەکە دەخەنە ئەستۆی ئەوان.

بۆ ئەوەی باشتر لە مەبەستەکانم تێبگەن، ئەوا پێویستە ئاماژە بە چەمکێکی گرنگ بدەم، ئەویش (ترێند)ە.

ترێند – trend

ترێند واتە باسی باو، دەتوانین وشەی «باوباس»ی بۆ داتبتاشین: لەوەتەی دونیا هەیە ترێند هەیە، تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ئێستادا ئەم دیاردەیەی زەقتر کردووەتەوە: لەناکاو باسێک دەبێ بە باسی باو. دەزگا مێدیاییەکان و لاپەڕەکانی فەیسبووک خێرا دەکەونە ناو چەقی باسە باوەکەوە، کێشمەکێشێک دروست دەکەن کە خەڵک دەکەونە لایەنگرتن و تەنانەت شەڕ و ئاژاوەش. زۆر کەس نابینن کە زۆربەی لاپەڕەکانی فەیسبووک لە وروژاندنی باسی باودا هیچ ئامانجێکی دیاریکراویان نییە، بەڵکو تەنها زیادکردنی ڕەواجی لاپەڕەکەیان و قەرەباڵغکردن و بەرزکردنەوەی چالاکیی و شوێنکەوتەی خۆیانیان مەبەستە. ئەگەر سەرنجیش بدەی، زۆربەیان تەکنیکی پرسیار بە کار دەهێنن، بۆ نموونە دەپرسن: «ڕات چییە سەبارەت بە فڵان کەس» یان «کامیان ڕاستتری وت؟» بە زۆر ڕاتدەکێشنە ناو باسە باوەکەوە و وات لێ دەکەن بەشدار بیت. ئەم لاپەڕانە ڕاوە لایک و کۆمێنت و چالاکی دەکەن، هەندێکیان بێ هۆ، هەندێکیان هۆدار. دەیانەوێ لاپەڕەیەکی قەرەباڵغ و چالاک دروست بکەن بە ئامانجی فرۆشتنەوەیان.

مرۆڤ بە سروشت خولیایەکی سەیری بۆ باسی باو هەیە، هەر بڕوانە: بە نزیکی زۆربەی هەرەزۆری هەواڵەکان باسی باون، هەرگیز هەواڵەکان لە ئێستادا باسی شەڕێکی (سابوتای)ت بۆ ناکەن کە سەدان ساڵ لەمەوبەر ڕووی داوە، بەڵکو هەمیشە بۆ باسکردنی ڕووداوە باوەکانی ئەم چەند ڕۆژە هەڵپەیانە. ئەگەر مرۆڤ بە سروشتی خولیای شوێنکەوتنی باسی باوی نەبووایە، ئەوا لە جیهاندا ئەو هەموو کەناڵە هەواڵییانە دروست نەدەبوون. مرۆڤ بە سروشت حەزی لە هەواڵ و ترێندە، با خراپیش بن.

ترێند ڕەواجی بابەتی بە شت و کەسانێک دەدات کە ڕەنگە دوێنێ کەس ئاوڕی لێیان نەدابێتەوە. مەرج نییە بەهایان نەبووبێ، چونکە بەها و ڕەواج جیاوازن، بۆ نموونە ئەرستۆ کەسێکی بەهادارە، بەڵام ئەمڕۆ لەناو ترێنددا ڕەواجی نییە. بەڵام ئەگەر ئێستا من بڵێم دوێنێ نووسراوێکی ونبووی ئەرستۆ دۆزراوەتەوە باسی کورد دەکات، یەکسەر ئەرستۆ لە ترێنددا ڕەواج پەیدا دەکات. هێزی کێشکردنی ئەم ئارەزووەش وا دەکات زۆر خەڵک لەسەری بدوێن، ئەو کەسانە بە باش و خراپیانەوە هەمووان لە ناوەڕاستی بازنەی ترێندەکەدا دەخولێنەوە.

ڕەنگە کەسێک تا دوێنێ ڕۆژانە سەبارەت بە بابەتی جۆراوجۆر نووسیبێتی، بەڵام ئەمڕۆ لە باوباسدا بابەتێک دەنووسێ و سەرنج دەدەیت کە خەڵک زیاتر ئەو بابەتەی دەبینن بە بەراورد لەگەڵ بابەتە دوور-لە-باوباسەکانی دوێنێی. ئەم کەسەش کە دەبینێ ئەو بابەتەی لە باوباسدا نووسیویەتی ڕەواجی زیاترە، بە ئاگایی بێ یان بێئاگایی، ئەوا ئەو هێزی کێشکردنە وا دەکات ئەم کەسە ناچار بکات بەردەوام لە باوباسدا بنووسێ. بۆچی نا؟ زۆرترین لایک و کۆمێنتی بۆ دێت و ڕەواج بە بابەتەکانی دەدات، ڕەنگە دەرفەتی ناوبانگیشی بۆ بڕەخسێنێ. واتە تێگەیشتن لە باوباس و باوێتی کڕۆکی باسەکەیە.

زانین، نەزانین، شاتەشاتیزم

تەنها بە کردنەوەی فەیسبووکەکەت دەبینی کە کەسانێکی زۆر درکیان بە خراپیی ئەو جۆرە گۆرانییە باوانەی ئێستا کردووە، تەنانەت وتاریشیان لەسەریان نووسیوە، هەندێکیان پەڕتووکیان نووسیوە و ئەم باسانەیان لە پەڕتووکەکانیاندا باس کردووە. بەڵام دوو کێشە لە جۆرێتیی ئەم دەستنیشانکردن و ڕەخنانەدا هەن:

کێشەی یەکەم: زۆرێک لە ڕەخنەکان بە فەلسەفەی شاتەشاتیزم نووسراون و دەوترێن. شاتەشاتیزم واتە بە هاتوهاوار قسە لەسەر خراپی دەکرێ، گوایە ئەمە شتێکی باشە. بەڵام لە ڕاستیدا شاتەشات سەرچاوەکەی هەستوسۆز و دیاریکراوتریش: ئیگۆ و ڕقە. بەڵام زانست ئیگۆ و ڕقی تێدا نییە چونکە ڕق هەمیشە ئامانجی ڕووخاندنە نەک بونیادنان. ژیرانە بە مێژووی ژیانتدا بگەڕێ و بیر لەو بڕیارانە بکەرەوە کە لە ڕق و تووڕەییدا داوتن، لە خۆت بپرسە ئایا تا چەنێک ئەو بڕیارانە تەندروست بوون؟

کێشەی دووەم: زۆرێک لەو بەڕێزانەی کە ڕەخنە دەگرن، پێشنیاری چارە و جێگرەوە ناکەن. ئەمەش ئەوەندە زۆر بووە کە ئێستا زۆربەی خەڵک کەوتوونەتە ئەو خەیاڵەوە کە لەناو خراپیدا مەلە دەکەن، لە کاتێکدا ئەمە ڕاست نییە: باش هەن، ڕەنگە زۆر نەبن، بەڵام خۆ خۆیشمان ئەوەندە زۆر نین، بە هەموومان لەم هەرێمەدا گوایە پێنج ملیۆن کەس دەبین.

هەڵە هەمیشە لە ئەنجامی نەزانینەوە ڕوو دەدات، هیچ زانینێک دەرئەنجامی هەڵە ناهێنێت، بەڵکو هەر دەبێ نەزانینێک هەبووبێ تا دەرئەنجامێکی هەڵە ڕوو بدات. کەواتە ئەگەر شتێک بە هەڵە دەزانین، دەبێ چاک بزانین کە نەزانینێک لە پشتییەوە هەیە.

زۆر کەس ڕق بەرانبەر نەزانین نمایش دەکەن، بەڵام ئەمە هەڵەیەکی ترە، نەزانین بە ڕق چارە ناکرێ، نەزانین تاوان نییە، بەڵکو پێداگریکردن و سووربوون لەسەر نەزانین تاوانە. بۆیە ناکرێ ڕقت لە کەسێک بێ تەنها لەبەرئەوەی نەیزانیوە.

من باوەڕم بە خراپیی مرۆڤ نییە، مرۆڤەکان زۆربەیان چاکن، هەمیشەش ئەوە دەکەن کە پێیان وایە باشترینە. هەرگیز هیچ یەکێک لەو گۆرانیبێژانەی تۆ پێت وایە هونەری کوردییان شێواندووە، شەو بە خۆیان ناڵێن: «ئا با ئەمشەو زوو بنووین، چونکە بەیانی هونەری کوردی تێکدەدەین!» ئەو گۆرانیبێژانەی تۆ پێت وایە خراپن، زۆرێکیان دەناسم و هەندێکیان برادەری نزیکمن و هەندێکیشیان ئەگەر من ئەوان نەناسم، ئەوان من دەناسن، یان بە پێچەوانەوە. زۆربەیانم دوواندووە و سەداسەد لە ئامانجیان تێگەیشتووم کە ئەوان پێیان وایە خزمەت دەکەن، واتە ئەوان باشترین ئەوە دەکەن کە لە توانایاندایە. هیچیان هەرگیز بۆ چرکەیەک نییەتیان وا نەبووە کە هونەر بشێوێنن. کەواتە ئەگەر کارێکی هەڵەیان کردووە، ئەوا نەزانینێک لە پشتییەوە هەیە، ئەم نەزانینەش نابێ بە ڕق وەڵام بدرێتەوە.

زۆربەی هەرەزۆری هونەرکاران شایستەی ئەو هەموو سووکایەتی و ناشرینکردن و دزێواندنانە نین، چونکە هونەرکارانی کوردستان ئەگەر ئەو ناوبانگ و کارانەیان لە وڵاتێکی سەرمایەداریی وەکو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە کار بهێنایە و بڵاو بکردایەتەوە زۆر زیاتر سامانیان دەست دەکەوت وەک لەوەی لێرە دەستیان کەوتووە. زۆربەی گۆرانیبێژە خراپە ئەمەریکییەکان خاوەنی ملیۆنان دۆلارن لە ڕێی بەرهەمە خراپەکانیانەوە. چونکە تۆ لەناویاندا نەژیاویت و دوورن لێتەوە، پێت وایە ئەوەی ئەوان دەیکەن لای خۆیان کەلتوورییە، کە وا نییە، بەڵکو باسوخواسی خراپیی ئەو هونەرانە لەوێش هەر هەیە.

دەوڵەمەندبوونی هونەرکاران پەیوەستە بە جێبەجێکردنی یاسای مافی خاوەندارێتییەوە کە ئەمە بۆ باسێکی تر هەڵدەگرین، بەڵام بە کورتی لێرە بە هۆی بەکارنەبوونی یاسای خاوەندارێتییەوە هونەرمەندان و هونەرکاران بە تەواوی پێشێل کراون، زۆربەی هەرەزۆریان نانەڕەقەیەکیش بە هونەرەکەیان پەیدا ناکەن. واتە هۆی هونەرکاریی ئەوان پاڵنەری دارایی نییە، زۆربەی جاریش ناوبانگەکەیان لێیان دەبێتە مۆتەکە، بۆیە ئەم کەسانە شایستەی ئەو هەموو ڕقە نین کە بەرانبەریان دەنوێنرێ. تەنانەت ئەم کەسانە کرۆکی کێشەکەش نین، بەڵکو بەرکاری کێشەکەن. ئێمە دەبێ کێشەکە لە کرۆکەوە چارە بکەین.

گۆشەکانی گۆرانی

گۆرانی پڕۆسەیەکی سیگۆشەییە، بەم شێوەیە:

گۆشەی یەکەم: گۆرانییەکەیە.

گۆشەی دووەم: گۆرانیبێژەکە و دەستەی پێکهێنانی گۆرانییەکەن.

گۆشەی سێیەم: گوێگرانن.

بە دوو گۆشەی یەکەم و دووەم گۆرانییەک پێک دێ، بەڵام هەرگیز بە بێ گۆشەی سێیەم ناچێتە مەیدانەوە.

پەروەردەی موزیکی

کە پەروەردەی تەندروستی موزیک نەما، ئەوا عەرەبانچێتیی هونەری دێتە کایەوە. وەک چۆن هەموو هەینییەک بەردەمی گۆڕستانەکان پڕ دەبێ لە عەرەبانە، ئەو عەرەبانچییانە خۆ هەمیشە لای ئەو گۆڕستانانەوە نین، بەڵکو ڕۆژانی تر کاری تر دەکەن، بەڵام کە دەبینرێ لەوێدا و لەو کاتە دیاریکراوەدا بازاڕێکی باش هەیە، ئەوا بە وروژم لەوێدا کار دەکەن و بەرهەمەکانیان ساغ دەکەنەوە.

گۆرانیبێژانیش هەمان سروشتی هەیە، خۆ زۆربەی هەرەزۆری ئەوانەی خەریکی گۆرانیبێژانن پەروەردەی موزیکییان نییە، بەڵکو زۆرێکیان خۆیان یان چواردەورەکەیان پێیان وایە بەهرەیەکی سروشتییان تێدایە، هەندێکیان بێ هیچ زانیارییەک تەنها حەزیان لە گۆرانیبێژانە. واتە پڕۆسەی بێپەروەردەییەکە هەردوو لای گرتووەتەوە، هەم خەڵک پەروەردەی سەرەتایی موزیکییان نییە، هەم گۆرانیبێژەکانیش.

باشە دەکرێ ئێمە هەمیشە سەرزەنشتی دوو گۆشەی یەکەمی گۆرانی بکەین و قسەیەک لەسەر گۆشەی سێیەم نەکەین کە گوێگرانن؟

گۆرانیبێژەکان بە زۆری وەک عەرەبانچییەکانی لای گۆڕستانەکان دەبینم، گوێگرانیش وەک سەردانکەرانی گۆڕستان دەبینم کە دەبنە کڕیار. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە: بەڕێزم، ئەو کەسە لەوێدا عەرەبانەیەکی داناوە و پیسایی دەفرۆشێ، تۆ بۆچی دەیکڕی؟

هەرچەندە قێزەونیش بێ، بەڵام من ناتوانم تەنها سەرزەنشتی کابرای پیساییفرۆش بکەم، دڵنیاتان دەکەم ئەگەر پیسایی خواستی لەسەر نەبێ هەرگیز ناچێتە بازاڕەوە. ئەو هاوڕێیانەم کە لە بواری ئابووریدا قاڵن دەتوانن ئەم بیردۆزە پشتڕاست بکەنەوە.

کەواتە پاڵنەرەکە باوێتی و خواستە. گۆرانیبێژێک یان بەندبێژێک گۆرانییەکی دەرکردووە شەش ملیۆن بینەری لە یوتیوب هەبووە، لە کاتێکدا گوایە خۆمان پێنج ملیۆنین، ناکرێ بەم کەسە بڵێی: «تۆ هونەری کوردیت شێواندووە» ئەو کەسە تەواو مافی خۆیەتی بپرسێ: «ئەی بۆچی شەش ملیۆن کەس تەماشام دەکات؟» ناکرێ داوای لێ بکەی دەستبەرداری ئەو جۆرە هونەرە بێ کە خەریکییەتی، ئەو کەسە دیسان تەواو مافی خۆیەتی بپرسێ: «ئەی چاو لە کێ بکەین؟» ئایا بەڕاست ئێوە ئەو پرسیارەتان لە خۆتان کردووە کە ئایا ئەوان چاو لە کێ بکەن؟ ئەو کەسانەی کە ئێوە پێتان وایە خەریکی هونەرێکی پاک و بێگەردن بینەریان زۆر دەگمەنە، زۆر بە دەگمەنیش دەبنە باوباس. ئێ ناکرێ کەسێک شەش ملیۆن بینەری هەبێ چاو لە کەسێک بکا کە سەد بینەری هەیە، با شەش ملیۆنەکە هەمووشیان هەڵە بن. ئەم کارە دژی یاسای خواست و ڕەواج و باوێتییە.

ئۆباڵی ڕاستەقینە

کەواتە ئۆباڵی ڕاستەقینە لە ملی خەڵک و گوێگراندایە. با خواست لەسەر ئەو جۆرە گۆرانییە خراپانە نەبێ، بزانم یەک کەس دەبینی بیانبێژێ؟ تەنانەت گرەویش دەکەم لەسەر ئەوە. بەشدارێکی تری ئۆباڵەکەش ئەوانەن کە بازاڕکردن بۆ ئەو جۆرە گۆرانییانە دەکەن، وەک هەندێ مێدیا و لاپەڕەی فەیسبووک و ڕادیۆ.

چارە

کە ئێستا شوێنی برینەکەمان دەستنیشان کرد، ئەوا پێویستە بیر لە چارە بکەینەوە. چارەیش هەمیشە و هەمیشە و هەمیشە پەروەردە و ئاراستەکردنە، دەبێ پەروەردەی ڕاستەقینەی موزیک بخرێتە قۆناغی فێرکردنەوە، لە یەکەم قۆناغی خوێندنەوە بخوێنرێ، نابێ ئەم ئەرکە بە مامۆستایانی «سروود و گۆرانی» بسپرێررێ، بەڵکو دەبێ میتۆدێکی زانستی و شیاو و دڵگیر دابڕێژرێ و پاشان مامۆستایان بە وتنەوەیان ڕابهێنرێن، ئەم میتۆدە دەبێ ڕاستەوخۆش لە لایەن وەزارەتی پەروەردەوە چاودێری بکرێ.

واتە حکومەت دەبێ لەوە تێبگا کە هونەر ئامانجی هەیە و دەبێ ئاراستەی بکات. ئێمە لەسەر ئەم پارچە زەوییە نیازمان وایە وڵاتێک دروست بکەین تاتایە بمێنێتەوە و سەربەرز بێ، بۆیە دەبێ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ یەکە پێکهێنەرەکانیدا بکەین.

ڕەنگە ئێستا بپرسیت: ئەی نیمانە؟ وەڵامیش ئەوەیە کە بەڵێ هەمانە، بەڵام هەڵەیەکی ستراتیژیی تێدایە، موزیک تەواو فەرامۆش کراوە، ئەوەندەی خەڵک گوێ لە موزیک دەگرن، هەرگیز ئەوەندە خەریکی ئەندازە و جەبر نابن، کەچی موزیک فەرامۆش کراوە و جەبر و ئەندازە پێشتر خراوە. خودی تێڕوانینی حکومەتیش بۆ موزیک هەڵەیە، لە نیگای حکومەتدا موزیک واتە سروود، ئەمە کاتی خۆی حیزبی بەعس ئەم تێڕوانینەی دروست کرد تا مناڵ لە مناڵییەوە بکات بە سەربازی عێڕاق و «وەتەنولمەددا عەلەل ئوفوقی جەناحەن»یان پێ ئەزبەر بکات و بۆ جەنگ ئامادەیان بکات. ئێمەش ئەم میتۆدەمان بۆ کوردی وەرگێڕاوە و تەنها مناڵ فێری سروود دەکەین، کە ئەگەر ئێمەش فێریان نەکەین خۆیان هەر فێر دەبن. دەبێ سەرلەبەری میتۆدی موزیک بەو تێڕوانینە کۆنەی لاببرێ و بە شێوەی زانستی مناڵ فێر بکرێ، چاودێریش بکرێ و چالاکیش بکرێ. هاوکات حکومەت زیرەک بێت و هونەر ئاراستە بکات، بەڵام نەک بۆ ماڵی خۆیان، بەڵکو بۆ بونیادنانی وڵاتێک.

نەوە کۆنەکەش با بۆخۆیان خەریکی پیساییکڕین بن، کێشە نییە، سبەینێ دەمرن.


[1]  لە ١٦ی ئابی ٢٠١٩دا نووسراوە. لە ٢٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە. لە ئێستادا لەگەڵ هەندێ لەم تێڕوانینانەدا نیم.

بنوو

بنوو[1]

هەبوو، نەبوو، هیچ کەس هاودەنگی کەس نەبوو،

پیاوێک هەبوو[2]، زۆر زۆر لە ژیانی بێزار بوو،

هیچی نەبوو پێی دڵخۆش بێ، تەنها مناڵەکەی نەبێ،

هەموو شەوێ بە گۆرانی ئەمەی دەوت:

«بنوو، بنوو، کۆرپەم بنوو، لەسەر سنگی بابە بنوو،

بنوو، بنوو، کۆرپەم بنوو، لەسەر دڵی بابە بنوو.

نەمئەزانی ڕۆژێ دادێ سنگم ئەبێتە جۆلانە،

بۆ فریشتەیەکی وەک تۆ شەوان دەبێتە هێلانە،

ئەی ئومێدە خنجیلەکەم، ئەی هاوڕێ ئێسکسووکەکەم،

بنوو، بنوو، بنوو، بنوو، لە خەونی بابەدا بنوو.

بناغەی هەستی شادمانیم تاڵێ قژی سەری تۆیە،

ئامانجی ئەم ژینە تاڵەم خەوێکی ئارامی تۆیە،

بنوو، بنوو، کۆرپەم بنوو، لە جەرگی بابەدا بنوو.

بنوو، بنوو، بنوو، بنوو، لە ئایندەی منا بنوو.

بنوو، بنوو، بنوو، بنوو، بنوو، بنوو، بنوو، بنوو»


[1] ساڵی ٢٠١٠ لەسەر وانەکانی میتۆدەکەی کۆنستەنتین ستانیسڵاڤسکی خۆم فێری نواندن دەکرد و ڕۆژێک لە ڕۆڵی باوکێکدا ڕاهێنانم دەکرد کە سەرجەم جومگەکانی ژیانی شکابێ، بەڵام تەنها مناڵەکەی ببێتە هۆی ئاسوودەیی ئەو و هیوای بۆ بگەڕێنێتەوە. ئەم ڕاهێنانە دەقی ئەم هۆنراوەیەی پێم نووسییەوە. پاشان کردم بە گۆرانی و موزیکم بۆی دانا، لە چەند ڕۆژێکدا نۆتەی گۆرانییەکەم تەواو کرد، پاککاریی کۆتاییم بۆی دەکرد، لە ناکاو بەرنامەکە هەڵەیەکی دا و داخرا و فایلەکەش نەما! هەموو کۆمپیوتەرەکەم گەڕام فایلەکە نەما! بەرنامەی مەیکمیوزیک فیناڵێ چاپێکی پاڵپشتی فایلی کارتێداکراوت لە شوێنێک بۆ دادەنێ، کە بە ئینگلی پێی دەڵێن باکئەپ، ئەوەش نەمابوو. سەرەتا نەمدەتوانی قبوڵی بکەم، دواتر کەوتمە گریانێکی بە کوڵ، چەندین سەعاتی پڕ لە وزەی خۆمم بەم گۆرانییە دابوو، نادادییەکی گەورە بوو کە ئاوها لە ناکاو نەمێنێ. ژیرییەکم نواند، ئەویش ئەوە بوو کەمێک دوای ئەوەی هێور بوومەوە، ئەوەی بیرم مابوو دووبارە نووسیمەوە، ئەوەشی بیرم نەمابوو ڕۆیشت. بەڵام دوای هەفتەیەکیش هەر بۆم تەواو نەکرا، لە ڕاستیدا مەزاجی کارکردنم لەو گۆرانییەدا کوژرا. لە ناوەڕاستی ٢٠١٥دا دەستم کردەوە بە کارکردن تیایدا، بەڵام لە سەرەتادا ئەزموونێکی قورس بوو، لە ناوەڕاستی کارکردندا قوڕگم پڕ دەبوو لە گریان و کارم بۆ نەدەکرا. بەڵام لە مانگی ٩ی ٢٠١٥وە هەموو ڕۆژێک کارم تێیدا کرد و بەڵێنم بە خۆم دا تەواوی بکەم و تۆماریشی بکەم. گۆرانییەکەم لە کۆتایی مانگی ١٠ی ٢٠١٥دا تەواو کرد و دابەشم کرد بۆ ئۆرکێسترا و ویستم لە ستودیۆ تۆماری بکەم، بەڵام نەکرا. لە کۆتایی مانگی ١٢ی ٢٠١٧ و هەفتەی یەکەمی مانگی ١ی ٢٠١٨دا گۆرانییەکەم لە ئۆرکێسترا و دەنگەوە کەم کردەوە بۆ تەنها پیانۆیەک و دەنگ، بەو هیوایەی لە ئایندەدا بتوانم تیایدا پڕۆڤە بکەم و خۆم تۆماری بکەم. لە مانگی ٨ی ٢٠١٩دا خۆم هەر لە ژوورەکەی خۆم بە دەنگ و ڕەنگ گۆرانییەکەم تۆمار کرد و لە کەناڵی تایبەتی خۆم لە یوتیوب بڵاوم کردەوە. هۆنراوەکە لە ٩ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا پاکنووس کراوە.

[2] وشەکانی «پیاوێک» و «بابە» وا نووسراون کە ئەگەر خانمێک گۆرانییەکەی بێژا بتوانێ بڵێ: «ژنێک»، «دایە».

نۆتە

نۆتەی گۆرانیی بنوو

نۆتەی گۆرانیی بنوو

نۆتەی گۆرانیی بنوو

موزیک یان مۆسیقا؟

ئایا (موزیک)ە یان (مۆسیقا)یە؟ بۆچی؟[1]

ئایا هەرگیز سەرنجت داوە کە ئەو وشەیەی چەمکی کۆی ئاواز و گۆرانی و بەستە و ئەوانە دەگەیەنێ لە زۆربەی زمانەکانی جیهاندا، بە تایبەتی زمانەکانی ڕۆژئاوا نەک ڕۆژهەڵات، لە یەکەوە نزیکن؟ بۆ نموونە بە ئینگلیزی «میوزیک»ە؛ بە فەڕەنسی «موزیک»ە؛ بە ئیتالی «موزیکا»یە؛ بە ئیسپانی «موسیکا»یە؛ بە ئەڵەمانی «موزیک»ە؛ بە ڕووسی «موزکا»یە؛ بە گریکی «موسیکی»یە؛ بە عەرەبی و فارسیش «موسیقا»ن.

بەڵام بە هیندی «سەنگیت»ە، بە چینی «ییویێ»یە، بە ژاپۆنی «ئۆنگاکو»ە.

ئەگەر سەرنج بدرێ ئەو زمانانەی لە لاتینییەوە پەرەیان سەندووە وەک ئیتالی، فەڕەنسی، ئیسپانی، وشەکەیان لە لاتینییەوە وەرگرتووە کە «موزیکا»یە. ئینگلیزی و ئەڵەمانیش، کە لە جەرمانییەوە پەرەیان سەندووە هەر وشەکەیان لە لاتینییەوە خواستووە.

«موزیکا» وشەیەکی داڕێژراوە لە «موز» و «یکا» پێکهاتووە. «یکا» لە زمانی لاتینیدا پاشگرێکە، هەمان کاری پاشگری «ی»ی کوردی دەکات، واتە ناوی ڕێژەیی دەسازێنێ، بۆ نموونە ناوی گشتی و پۆلێنی گەورەتر، وەک: (ئاو> ئاوی)؛ «ئاوی» واتە شتێک کە پەیوەندیی بە ئاوەوە هەبێ، یان بە ئاو کار بکات، یان لە ئاودا بژی، یان بە ئاو بژی…تد. نموونەی تر وەک (بەرز> بەرزی)، (مرۆ>مرۆیی)…تد. واتە پاشگری «یکا»ی لاتینی بەرانبەر پاشگری «ی» کوردی دەوەستێتەوە.

لە ئینگلیزیدا وشەکە لە «میوز» و «یک» پێکهاتووە: «یک»ی ئینگلیزی، بە هەمان شێوەی «یکا»ی لاتینی، پاشگرێکە بەرانبەر پاشگری «ی» کوردی دەوەستێتەوە. ئەگەر هەڵەش نەبم ئینگلیزی هەر لە زمانی لاتینییەوە ئەو پاشگرەی وەرگرتووە.

کەواتە تێدەگەین کە بنجی وشەکە «میوز» یان «موز»ە.

«میوز» یان «موز» لە «موس»ی گریکییەوە هاتووە. موسەکان کۆمەڵێک بانوخوا بوون لە ئەفسانە و ئاینی کۆنی گریکیدا لە سرووشی هونەر و زانست و وێژە بەرپرس بوون. بانوخوا واتە خواوەندی مێینە. ژمارەکانیان گفتوگۆی لەسەرە، بەڵام بە گشتی باوەڕ وایە کە نۆ بانوخوا بوون، هەریەکێک لەم موسانە لە سرووشی بوارێک یان چەند بوارێک بەرپرس بوون، بۆ نموونە: ئیراتۆ: لە سرووشی هۆنراوەی خۆشەویستی بەرپرس بووە؛ پۆلیمنیا: لە سرووشی ئاوازی ئاینی بەرپرس بووە؛ تالیا: لە سرووشی کۆمیدیا بەرپرس بووە؛ تێرپسیخۆری: لە سرووشی سەما بەرپرس بووە؛ کالیۆپی: لە سرووشی هۆنراوەی داستانی بەرپرس بووە؛ کلیۆ: لە سرووشی مێژوو بەرپرس بووە؛ مێلپۆمێنی: لە سرووشی تراژیدیا بەرپرس بووە؛ یوتێرپی: لە سرووشی گۆرانی و هۆنراوەی گۆرانی و ئەوەی ئێستا پێی دەڵێین «موزیک»، بەرپرس بووە؛ یورانیا: لە سرووشی گەردوونزانی بەرپرس بووە.

واتە خودی واتای وشەی «میوزیک»ی ئینگلیزی و «موزیکا»ی لاتینی و ئیتالی و «موسیکا»ی ئیسپانی، واتە ئەوەی لە مووسەکانەوە هاتبێ. ناوی ڕێژەیی «موس»ە.

لێرەدا پێویستە سەرنجێک لە وشەی «مُوسِيقى»ی عەرەبی و فارسی بدەین: «قا» یان «یقا» نە لە زمانی فارسیدا و نە لە زمانی عەرەبیدا پاشگر نین، واتە دەردەکەوێ کە عەرەبی وشەکەی لە گریکییەوە وەرنەگرتووە و تەعریبی کردبێ، بەڵکو لەژێر ڕۆشنایی نەبوونی «قا-یقا» وەک پاشگر، دەردەکەوێ کە فارسی و عەرەبیش وشەکەیان وەک خۆی لە زمانێکی ترەوە وەرگرتووە، بەڵام تەنها گۆڕانکاریی دەنگیی بە سەردا هاتووە، کە ئەویش «یکا» بووە بە «یقا»، واتە «ک» بووە بە «ق». لۆژیکیترین لێکدانەوەش ئەوەیە کە فارسی لە عەرەبیی وەرگرتبێ بە بۆنەی ئاینی ئیسلام و بڵاوبوونەوەی زمان و کەلتووری عەرەبی بە ناوچە ناعەرەبە داگیرکراوەکاندا؛ عەرەبیش یان لە ئیسپانی یان ئیتالیی وەرگرتبێ. بە «س»ی ناو «مُوسِيقى»دا ڕوون دەبێتەوە کە لەوانەیە لە ئیسپانییان وەرگرتبێ، چونکە لە ئیسپانیدا دەوترێ «موسیکا»، لە ڕووی مێژووییشەوە ئەم ئەگەرەیان ڕێتێچووترە، چونکە عەرەبەکان ماوەیەک بەشێکی ئەو شوێنەیان داگیر کردووە کە ئێستا پێی دەوترێ ئیسپانیا. ئێمەی کوردیش ئەم وشەیەمان لە عەرەب، یان خراپتر، لە فارسییەوە وەرگرتووە. کەواتە ئێستا دەزانین کە ئەگەر لە عەرەبمان وەرگرتبێ ئەوا:

کوردی لە عەرەبیی وەرگرتووە؛

عەرەبی لە ئیسپانی یان ئیتالیی وەرگرتووە؛

ئیسپانی یان ئیتالی لە لاتینیان وەرگرتووە؛

لاتینی لە گریکیی وەرگرتووە.

واتە ئەگەر لە عەرەبیمان وەرگرتبێ ئێمە چوار هەنگاو لە وشە بنجەکە دوور کەوتووینەتەوە. ئەگەر لە فارسیمان وەرگرتبێ (کە هەمان شتە)، ئەوا پێنج هەنگاو لە وشە بنجەکە دوور کەوتووینەتەوە.

با بێینە سەر وشەی «موزیک»: موزیک لە بنجی «موز» و پاشگری «یک»ی ئینگلیزییەوە هاتووە. ئەگەر ئەم وشەیە بخوازین، ئەوا:

کوردی لە ئینگلیزیی وەرگرتووە؛

ئینگلیزی لە لاتینیی وەرگرتووە؛

لاتینی لە گریکیی وەرگرتووە.

واتە سێ هەنگاو لە وشە بنجەکە دوور کەوتووینەتەوە. بە ڕای من هێشتا لە چوار و پێنج هەنگاوەکەی «مۆسیقا»کە باشترە.

کەواتە ئێستا دەتوانین بپرسین: ئایا ئەگەر بمانەوێ بە کوردی وشەکە دابتاشین و خۆمان بڕیار بدەین ڕاستەوخۆ لە بەخشەرەکەی وەربگرین، کە گریکییە، نەک لە وەرگری وەرگرەکەی وەربگرین، ئەوا ئەو وشە کوردییە داتاشراوە چی دەبێ؟

ئەو وشەیە دەبێ بە «موسی». هیوادارم خوێنەری بەڕێز بە «موسا» نەیخوێنێتەوە، بەڵکو بە وشەی (موس+ی)ی بخوێنێتەوە. موسی پێکهاتووە لە «موس» کە ئاماژەیە بە بانوخوا گریکییەکان و پاشگری «ی»ی کوردی. بەم شێوەیە: بە ژەنیاری ئامێرەکان دەوترێ: موسیژەن؛ بە دانەر و سازکەرەکەی دەوترێ: موسیدانەر یان موسیساز؛ بە ناوی گشتیی کەسەکەش، کە خەریکی بوارەکەیە دەوترێ: موسیکار. واتە کەسێک کە کارەکەی موسی بێ، بەڵام ئێمە دڵنیا نین کە وردەکاریی کارەکەی لە موسیدا چییە، واتە نازانین ئایا ژەنیارە یان دانەرە یان ڕابەری ژەنیارەکانە…تد.

من خۆم تا ئێستاش بە نووسین دەنووسم «موزیک»، لە گفتوگۆدا لەبەرئەوەی دەزانم بەرانبەرەکەم نازانێ بۆچی هەنگاوێک یان دووان «موزیک»م لە «مۆسیقا» پێ باشترە، وشەی «مۆسیقا» خۆی بە کار دەهێنم. بەڵام بە بڕوای من کاتی هاتووە کورد لەمەودوا خۆی زمانی خۆی بە ڕێوە ببا و واز لە خواستن لە خوازبێنیکەر بهێنێت و متمانە بە زمانەوانەکانی خۆی بکات کە زانیاریی زمانییان پێ بدەن و گەلیش سوود لە لێکۆڵینەوەی زمانەوانان وەربگرن. هەرگیز درەنگ نییە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی پێشوو و پاکتاوکردنی زمانەکە لە هەڵە.

لە کۆتاییدا: «موزیک» لە «مۆسیقا» باشترە، بەڵام بە بڕوای من باشترین و ڕاستترین و کوردێنراوترین وشە «موسی»یە.


[1] لە ٥ی ئابی ٢٠١٩دا نووسراوە، لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەم بۆی کردووە؛ لە ئێستادا کەمێک لەگەڵ هەندێ لە دەربڕین و هەڵهێنجاندنەکاندا نەماوم.

وەرە بۆلام

وەرە بۆ لام[1]

وەرە بۆ لام،

بە بێ بەڵێن، بە بێ پلان،

بێ تووڕەبوون، بە بێ گریان.

تۆش وەکو من هەزار دیش زنجیر کراوی،

سەدان جار زویر کراوی.

لە ناخا نوقمی گریانی، بە ڕوخساریش پاڵەوانی.

تۆش وەکو من درۆ ئەکەی کە خۆت سەنگین پیشان ئەدەی.

لە پەیکەرێکا ڕووخاوی، نازانی مردووی یان ماوی.

وەرە بۆ لام،

ئەم تاجە نایلۆنەت لابە.

لە باوەشما بێئاگا بە.

وەرە لام و ڕازەکانت بدرکێنە.

وەرە و تێر بەکارمبێنە.

تۆش وەک منی، تەنیا و ونی، نازانی چۆن خۆت ئەبینی.

تۆش وەکو من پڕ گومانی، لەسەر لێواری نەمانی.

نازانی چۆن بەردەوام بی، ئەگەرچی تینووی ژیانی.

وەرە، هەردووکمان دۆڕاوی گەمەی گەلەگورگەکانین؛

دیل و دەردەداری عەشقی درۆیینەی دڵڕەقانین؛

وەرە بەسەر یەکا بگرین، بەسەر یەکا بتوێینەوە؛

هێزێک بدەینەوە بە یەک، یەکتر زیندوو بکەینەوە؛

وەرە بۆ لام.


[1] ئەمە یەکێکە لە پشوودرێژترین هۆنراوەکانم، بە چەندین پڕۆسەی جیاوازدا تێپەڕیوە. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ و سەرەتاکانی ٢٠١٥دا دەمەویست گۆرانییەک بنووسم ڕاشکاوییەکەی مرۆڤ بریندار بکا و پەردە لەسەر نهێنییەکانی ناخی «مرۆڤی باڵا» لابدا. داوام لە چەند کەسێکی تر کرد هۆنراوەیەک لەسەر ئەم بابەتە بنووسن و منیش بیکەم بە گۆرانی، بەڵام نەیاننووسی و ئەو پەرۆشییەی منیان بۆ خەیاڵەکە نەبوو. دواجار بڕیارم دا خۆم بینووسم، ئەمەی لێ دەرچوو. دوای تەواوبوونی هۆنراوەکەش کردم بە گۆرانی و لە مانگی تەممووزی ٢٠١٩دا لە کەناڵی خۆم لە یوتیوب بڵاوم کردەوە. هۆنراوەکە لە ڕێکەوتی ٣٠ی ئازاری ٢٠١٨دا تەواو کراوە، بەڵام لە زووترەوە کاری تێدا کراوە.

نۆتە

نۆتەی گۆرانیی وەرە بۆلام

نۆتەی گۆرانیی وەرە بۆلام
نۆتەی گۆرانیی وەرە بۆلام

ڕۆژی بلووم ٢٠١٩

ڕۆژی بلووم ٢٠١٩1

لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ساڵی ١٩٠٤دا ڕۆماننووسی بەناوبانگی ئایر جەیمز جۆیس خاتوو نۆرا بارنیکڵی ناسی. پاش ساڵانێک ھاوسەرگیرییان کرد و تا کۆتایی تەمەنیان پێکەوە ژیان. جۆیس بڕیاری دا ڕۆژی یەکناسینەکەیان لە وێژەی ئەوروپا و جیھاندا بە نەمری بھێڵێتەوە، بۆیە کردی بە ڕۆژی ڕووداوەکانی ڕۆمانی ئولیس.

زۆربەی ڕووداوەکانی ڕۆمانی ئولیس لە شاری دەبلنی پایتەختی ئایرلاند و لە ڕۆژی ١٦ و کەمێکی ١٧ی حوزەیرانی ١٩٠٤دا ڕوو دەدەن. سێ کەسێتیی سەرەکی لە ڕۆمانەکەدا هەن، ئەوانیش لیۆپۆڵد بلووم و ستیفن دیدەڵس و مۆڵی بلووم-ن. بۆیە بە ڕۆژی ١٦ی حوزەیران دەوترێت ڕۆژی بلووم.

بلووم کێیە؟

لیۆپۆڵد بلووم پیاوێکی سی و ھەشت ساڵانە. جوو بوون و کاتی خۆی بوون بە مەسیحی. لە ڕۆژنامەیەکی ئایرلانددا ڕیکلامسازە، واتە شوێن و دیزاینی ڕیکلام لە ڕۆژنامەکەدا بە کڕیاران دەفرۆشێتەوە. کچێکی پانزە ساڵانی ھەیە ناوی میلی-یە. میلی تازە دایک و باوکی بە جێ ھێشتووە و بە تەنھا دەژی و خەریکی کاری فۆتۆگرافییە. کاتی خۆی کوڕێکیشیان بووە بە ناوی ڕودی، یازدە ڕۆژ ژیاوە. لە ڕۆژی مردنی ئەو کوڕەوە برینێکی گەورە لە دڵی لیۆپۆڵد و ژنەکەیدا دروست بووە و کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکەشیان بە جێ هێشتووە. لە دوای مەرگی ئەو کوڕەوە ھەرگیز پەیوەندییە قووڵەکانی ئەم ژن و مێردە ئاسایی نەبووەتەوە.

ستیفن کێیە؟

ستیفن دێدالۆس کوڕێکی گەنجی خوێنەرە، لە قوتابخانەیەکدا مامۆستای کاتییە، تازە دایکی مردووە. باوکی لە بەخێوکردنی منداڵەکانیدا کەمتەرخەمە. ستیفن برایەک و دەستەخوشکێکی هەیە. ناچارن بۆ بەدەستھێنانی پارەی شۆربا و سەموونی ڕۆژانە پەڕتووکەکانی ستیفن بفرۆشنەوە.

مۆڵی کێیە؟

مۆڵی بلووم ژنی لیۆپۆڵد بلوومە، گۆرانیبێژی ئۆپێرایە. بە دزییەوە پەیوەندییەکی سەرجێیی لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانیدا بەستووە. بەڕێوەبەری کارەکانی مۆڵی ناوی بڵێسە بۆیلەن-ە. مێردەکەشی بەم پەیوەندییە دەزانێت.

چی دەگوزەرێت؟

ئەو ڕۆژە ڕۆژێکی پڕ لە سەرقاڵییە بۆ بلووم و ستیفن دێدالۆس. ھەردووکیان بە شەقام و شوێنەکانی دەبلندا دەڕۆن و لە شوێناندا ڕادەوەستن.

جۆیس زۆر بە وردی وێنەی ھەموو شوێن و شەقامەکانی دەبلنی بە وشە کێشاوە، بە جۆرێک وای کردووە خوێنەر وا ھەست بکات ئێستا لەگەڵ کەسێتییەکانی ناو ڕۆمانەکەدایە.

باوکی ستیفن ناوی سایمن دێدالۆس-ە، لە ھەمان ئەو ڕۆژنامەیە کار دەکات کە لیۆپۆڵد بلووم تێیدا کار دەکات و ھاوڕێی بلووم و ژنەکەشیەتی. جارجار گۆرانی دەبێژێت و لە ڕابردووشدا لەگەڵ مۆڵیدا لە کۆنسێرتدا پێکەوە گۆرانییان بێژاوە.

لە کۆتاییدا لیۆپۆڵد بلووم و ستیفن دێدالۆس لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی شار یەک دەبینن و پێکەوە دادەنیشن. ستیفن لە نەخۆشخانەکە زۆر سەرخۆشە. کە بلووم دەبینێت کوڕە بێنازەکەی ھاوکارەکەی شوێنێکی نییە شەو بەو سەرخۆشییە تیایدا بنوێت، بڕیار دەدات لەگەڵ خۆیدا بیباتەوە بۆ ماڵی خۆی بۆ ئەوەی ئەو شەوە لەوێ بنوێت. ئەگەرچی دواجار ستیفن لەوێ نانوێت.

ڕۆمانەکە چییە؟

ئەم ڕۆمانە بە ئاڵۆزترین ڕۆمانی ئینگلی(زی) دادەنرێت. ئولیس لە ھەژدە ئەڵقە پێک هاتووە کە هەر هەژدەیان بەسەر سێ بەشی سەرەکییدا دابەش کراون. بە شێوازی وێژەی بەراورد لەسەر بەیتی ئۆدیسەی ھۆمیرۆس نووسراوە.

لە ئۆدیسەدا تیلێماخۆس-ی کوڕی ئۆدیسێفس تەمەنی بووە بە بیست ساڵ و باوکیشی بیست ساڵە لە جەنگی ترۆیاوە دیار نەماوە و کەس نازانێت ماوە یان مردووە. نزیکەی پەنجا خوازبێنیکەر بە درێژایی ئەو ساڵانەی ئۆدیسێفس دیار نییە لە ماڵەكەیدا خوازبێنیی پینێلۆپیای ژنی ئۆدیسێفس دەکەن. تیلێماخۆس تەواو بەمە ھەراسان بووە.

ئۆدیسێفس دوای گەشتێکی درێژ و پڕ لە بەسەرھات دەگەڕێتەوە شارەکەی. بە ھاوکاریی کوڕەکەی و ئەسینای خواژن ھەموو خوازبێنیکەرەکان دەکوژن. پاشان دەگەڕێتەوە باوەشی ژنە دڵسۆزەکەی، کە بیست ساڵە باوەڕی بە مردنی ئۆدیسێفسی مێردی نەکردووە.

بەراوردەکە چۆنە؟

لە ئولیسی جەیمز جۆیسدا ئەم بەیتە بە شێوەیەک چووێنراوە کە بلووم وێنەیەکی ڕیالیزمییانەی ئۆدیسێفس بێت، ستیفن دێدالۆس وێنەیەکی ڕیالیزمییانەی تیلێماخۆسی کوڕی ئۆدیسێفس بێت، مۆڵی بلوومیش وێنەیەکی ڕیالیزمییانەی پینێلۆپیای ژنی ئۆدیسێفس بێت. یەکێک لە جیاوازییەکان ئەوەیە کە مۆڵی وەکو پینێلۆپیا دڵسۆزی مێردەکەی نییە و خیانەتی ھاوسەرگیری دەکات.

وشەی یولیسیس یان ئولیس شێوەیەکی ناوە لاتینییەکەی ئۆدیسێفس (یان ئۆدیسیۆس)ە. کە ڕۆمییەکان ئەم بەیتەیان وەرگێڕاوە، ناوی زۆربەی خوداکانیان کردووە بە لاتینی. بۆ نموونە ئەسینا بووە بە مینێرڤا، زێفس (زیۆس) بووە بە جوپیتەر و تا دوایی. ئۆدیسێفسیش بووە بە یولیسیس.

ڕۆژی بلووم

ڕێکەوتی ١٦ی حوزەیران لە جیھاندا بە ڕۆژی بلووم ناسراوە. لە شاری دەبلندا خەڵکان سەردانی ئەو شوێنانە دەکەن کە بلووم و ستیفن دێدالۆس لە ڕۆمانەکەدا سەردانیانیان کردوون.

کەمێک لە ڕۆمانی ئولیس

لە ئەڵقەی چوارەمی ئولیسدا بلووم بۆ یەکەم جار دەردەکەوێت و بەم شێوەیە پێمان دەناسێنرێت:

میستەر لیۆپۆڵد بلووم بە تامەزرۆییەوە ئەندامەکانی ناوەوەی ئاژەڵ و باڵندەی دەخوارد. حەزی لە شۆربای خەستی ھەناو و سیقەتۆرەی گوێزی و دڵێکی ئاخنراوی برژاو و توێژاڵەجگەری سوورکراوە لەگەڵ وردەتوێناندا و گەرای سوورکراوەی ماگادۆس بوو. لە ھەموویان زیاتر، حەزی لە گورچیلەی برژاوی مەڕ بوو کە تامێکی چاکی میزی کەمێک بۆندەرکردووی بە مەڵاشووی دەبەخشی.

گورچیلە لە مێشکیدا بوو کە بە ھێمنی لە ناندانەکەدا دەھات و دەچوو، شمەکی بەرچایی ژنەکەی لەسەر سینییە کۆپارەییەکە ڕێکدەخست. ھەوا و ڕووناکییەکی بەستوو لە ناندانەکەدا بوون بەڵام بەیانییەکی فێنکی ھاوین لە ھەموو جێیەکی دەرەوە بوو. وای لێ کرد ھەست بە کەمێک برسێتی بکات.

خەڵووزەکان سوور دەبوونەوە.

لەتێک نانی کەراویی تر: سێ، چوار: تەواوە. حەزی لەوە نەبوو قاپەکەی پڕ بێت. تەواوە. لە سینییەکە دوور کەوتەوە و کتلییەکەی لەسەر کوانووەکە ھەڵبڕی و بە لادا خستییە بەر ئاگرەکە. کتلییەکە سست و ھەڵتروشکاو لەویادا دانیشت، لوولەکەی دەرپۆقیبوو. خێرا کووپی چا. باشە. دەم وشک.

پشیلەکە کلکی ھەڵبڕیبوو و بە دەوری قاچێکی مێزەکەدا بە قنجی سووڕایەوە.

– مکگنیاو!

میستەر بلووم لای ئاگرەکەوە ئاوڕی دایەوە و وتی:

– ھەی، ئەوەتایت.

پشیلەکە لە وەڵامدا میاواندی و دیسان بە دەوری قاچێکی مێزەکەدا بە قنجی ھەڵکوڕما، دەیمیاواند. ھەر وەک چۆن لەسەر مێزی نووسینەکەم ھەڵدەکوڕمێت. پوڕڕ. سەرم بخورێنە. پوڕڕ.

میستەر بلووم زانینخوازانە و میھرەبانانە تەماشای شێوە ڕەشە شلکەکەی کرد. پاکن بۆ بینین: ورشەی کەوڵە لووسەکەی، قۆپچە سپییەکەی ژێر کۆتایی کلکی، چاوە سەوزە بریسکەدارەکانی. بۆی نوشتایەوە، دەستەکانی لەسەر ئەژنۆکانی. وتی:

– شیر بۆ پشەکە.

پشیلەکە شیڕاندی:

– مرکگنیاو!

پێیان دەڵێن دەبەنگ. لەوەی ئێمە دەیڵێین باشتر تێدەگەن وەک لەوەی ئێمە لەوان تێدەگەین. وێ ھەر شتێکی بوێت لێی تێدەگات. قیناویشە. بێبەزەییە. بە سرووشت وایە. سەیرە کە مشکان ھەرگیز نازیقێنن. وا دیارە حەزیان لێی بێت. داخۆ من لە چاوی ئەوەوە چۆن بم. بەرزیی قەڵایەک؟ نا، دەتوانێت بازم بەسەردا ھەڵبدات.


  1. لە ١٦ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا نووسیومە. لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، ١٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ١١ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

ڕۆمانی ئولیس بە ڕاڤەکانیەوە بۆ کوردی وەردەگێڕرێت. پڕۆژەکە هەمووی لە پێنج بەرگدا بڵاو دەکرێتەوە، ئێستا دوو بەرگیان بێبەرانبەر بە دیاری بۆ هەموو کوردستانییان ئامادەیە. لێرەدا کلیک بکە بۆ ئەوەی دایانبگریت.

ئەم نموونەی دەقەی لێرەدا بڵاو کراوەتەوە دەیان ڕاڤەی هەیە، بۆ ڕاڤەکانیان بڕوانە پەڕتووکەکە.

دەربارەی کورتیی ژیان

دەربارەی کورتیی ژیان[1]

نووسینی: لووسیۆس ئەنێیوس سینیکا (٤پ.ز. – ٦٥ز)

وەرگێڕانی لە لاتینییەوە بۆ ئینگلیزی: گاریث دی. ولیەمس

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نەوا موکرجی

یەکەم

پاولینوس[2]، زۆربەی مرۆڤەکان دژ بە خراپیی سروشت سکاڵا دەکەن. چونکە ڕادەی بۆبڕراوەی ژیانمان زۆر کورتە. یان ئەم کاتەی پێمان دراوە زۆر خێرا دەڕوا، ئەوەندە بەپەلە و ئەوەندە خێرا کە هەندێ کەسی کەمی لێ بەدەر بێ، ئەگینا ژیان زۆربەمان لە کاتی تەنگانەدا، یان ڕێک لەو کاتەدا کە خۆمان بۆ ژیانکردن ئامادە دەکەین بە جێ دەهێڵێ. جا تەنها خەڵک و جەماوەرە بیرنەکەرەوەکە نین کە وا سکاڵا دەکەن و ژیان بە بەدکارێکی گەردوونی تێگەیشتوون، بەڵکو هەمان هەست وا لە کەسانێکی لێهاتووش دەکا کە سکاڵا بکەن. هەر لەبەر ئەمەیە کە مەزنترینی پزیشکەکان ئەو پەندە بەناوبانگەی وتووە کە دەڵێ: «ژیان کورتە، هونەر درێژە[3]». سکاڵاکەی ئەریستۆش هەر لەبەر ئەمەیە، نەشیاوترین وتەیە فەیلەسوف بیڵێ، کاتێک سروشت بەوە سەرزەنشت دەکا کە کاتێکی زۆری بە ئاژەڵان بەخشیوە، کە پێنج یان دە ئەوەندەی هیی مرۆڤ زیاترە، کەچی زۆر لەوە کەمتری بۆ مرۆڤ بڕیوەتەوە، ئەگەرچی مرۆڤ بۆ بەجێهێنانی کاری زۆر مەزنیش ئافرێنراوە.

بەڵام ئێمە کاتێکی کەممان بۆ ژیانکردن نییە، بەڵکو بەشێکی زۆری لێ بە فیڕۆ دەدەین. ژیان بەشی خۆی درێژە، ئەگەر هەمووی بە باشی وەبەربهێنین ئەوا تا ڕادەیەکی بەخشندانەش بۆ بەجێهێنانی مەزنترین شتەکان پێمان بەخشراوە. بەڵام کە کات لە ژیانێکی بێباکانە و بێهوودەدا بە فیڕۆ بدرێ، یان لە هەوڵی بێبەهادا بە سەر ببرێ، مردن لە کۆتاییدا فشار دەهێنێ و درک بەوە دەکەین کە ئەو ژیانەی سەرنجی تێپەڕینەکەیمان نەدەدا: تێپەڕی. بۆیە وایە: ئەو ژیانەی پێمان دراوە کورت نییە، بەڵکو ئێمە وای لێ دەکەین کورت بێ.

کەمتەرخەمی لە بەشپێدانماندا نەکراوە، بەڵکو ئێمە ژیان بە فیڕۆ دەدەین. هەروەک چۆن سامانی شاهانە و زۆر ئەگەر بدرێتە دەست بەڕێوەبەرێکی خراپ ئەوا لە چرکەساتێکدا بە فیڕۆ دەدرێ. بەڵام کاتێک بە خەمخۆرێکی خۆبەبەرپرسزان دەسپێررێ، ئەوا لە ڕێی دابەشکردنی وریایانەوە مامناوەندییانە گەشە دەکا. کاتی ژیان بوارێکی فراوان دەبەخشێ بەو کەسەی کە بە باشی نەخشەی بۆ دادەڕێژێ.

سێیەم

هەرچەندە هەموو ئەو مێشکە پرشنگدارانەی کە بە درێژایی سەردەمەکان درەوشاونەتەوە لەسەر ئەم خاڵە کۆکن، بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە سەرسامیی خۆیان بەرانبەر ئەم تەمومژە تۆخەی ناو مێشکی مرۆڤ بە وردی دەرببڕن. هیچ کەسێک ڕێ بە هیچ کەسێک نادا دەست بەسەر موڵکەکانیدا بگرێ، ئەگەر ناکۆکییەکی بێبایەخیش لەسەر هێڵی سنوورەکانیان سەر هەڵبدا، ئەوا پەنا دەبرێتە بەر بەرد و بازوو، کەچی خەڵک ڕێ دەدا ئەوانی تر پەرژین بشکێننە سەر بوونیان – یان لەوەش زیاتر، ئەو کەسانە بانگهێشت دەکەن کە دەست بەسەر ژیانیاندا دەگرن. هیچ کەسێک نادۆزیتەوە کە بییەوێ پارەکانی خۆی دابەش بکا، کەچی هەر یەکێک لە ئێمە ژیانی خۆی لەگەڵ چەندین کەسی تردا دابەش کردووە! مرۆڤ لە پاراستنی موڵکە تایبەتییەکانیدا گیرە، کەچی کە دێتە سەر کاتبەفیڕۆدان، زۆر دەستبڵاون لە تاکە شمەکێکیاندا کە ئەگەر بۆی چاوبرسی ببی جێگەی ڕێزە.

جا دەمەوێ یەکێک لە پیرترین خەڵکەکان بە گیر بهێنم و پێی بڵێم: «دەبینم تۆ گەیشتوویتەتە سنووری کۆتایی تەمەنی مرۆڤێک، وا بەرەو سەدەمین ساڵ یان زیاتری تەمەنت هەڵدەکشێی. وەرە، ژیانت بخەرە بەردەم وردبینین و پێداچوونەوە، با بیژمێرین چەنێک کاتت بە دەستی قەرزدەرێکەوە لێ ڕۆیشتووە، چەنێکت بە دەستی دۆستێکتەوە، چەنێکت بە دەستی کۆیلەیەکی ئازادکراوتەوە، چەنێکت بە دەستی کڕیارێکتەوە، چەنێکت بە دەمەقاڵێکردن لەگەڵ ژنەکەتدا، بە سزادانی کۆیلەکانت، لە سووڕانەوە بە شارەکەتدا بۆ بەجێهێنانی کارێکی کۆمەڵایەتی لێ بە فیڕۆ چووە. ئەو کاتانەشی بخە سەر کە تووشی نەخۆشی بووی، ئەو کاتانەش کە بێهوودە ڕۆیشتوون: دەبینی کە ساڵانێکی کەمترت بۆ دەمێنێتەوە لەوەی کە ژماردبووتن. ئاوڕ بدەرەوە و خۆت بیر بهێنەرەوە کە هەر کاتێک کە لە ئامانجەکانت دڵنیا بووبێتی، ئەو ڕۆژە کەمانەی وا بە نیاز بووی بشکێنەوە چۆن شکاونەتەوە؟ چەنێک لە کامی ڕکێفی خۆتدا بووی؟ چەنێک ڕوخسارت دەربڕینی خودی خۆی نمایش کردووە؟ چەنێک مێشکت لە نائاسوودەییدا نەبووە؟ لە ژیانێکی وا درێژتدا دەتوانی بە چ بەرهەمێکتەوە بنازێی؟ چەند کەس تۆیان لە بوونی خۆت تاڵان کردووە بێ ئەوەی تۆ ئاگادار بووبێتی کە چیت لێ براوە؟! چەنێک کاتت بە خەمخواردنی بێبنەماوە، لە ڕابواردنی بێسووددا، لە حەزی چاوچنۆکانەدا، لە کەشوفشەکانی کۆمەڵگادا لێ بە فیڕۆ چووە؟ دەبینی چەند کەم کاتت لە ئەنباری کاتەکانتدا بۆ خۆت ماوەتەوە. بۆت دەردەکەوێ کە تۆ هێشتاش پێش وادەی خۆت دەمری!»


[1] لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا وەرمگێڕاوە، لە ١ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەم بۆی کردووە.

[2] پاولینوس: پۆمپەییوس پاولینوس، سوارەیەک بووە خەڵکی شاری (ئارل)ی فەڕەنسای ئێستا بووە، بەرپرسی دابەشکردنی دانەوێڵەی شاری ڕۆما بووە لە نێوان ساڵەکانی ٤٨-٥٥ی زاینیدا.

[3] ژیان کورتە، هونەر درێژە: پەندێکە، هیپۆکرات نووسیویەتی. سیسرۆ لە پەڕتووکی پرسە توسکولانییەکانی خۆیدا وتەیەکی هاوشێوەی خستووەتە پاڵ تیۆفراستوسی قوتابیی ئەریستۆ، کە پاشان شوێنی ئەریستۆشی لە قوتابخانەکەیدا گرتەوە. ئەمە یان هەڵەیە، یان بڕیارێکی بەئاگای سینیکا بووە کە پزیشکێکی بەناوبانگی وەک هیپۆکراتی لە شوێنی فەیلەسووفێکی هاوپلەی وەک ئەریستۆدا داناوە.

وتەکانی ماڕکۆس ئۆریلیۆس

بەیانییەکەت بە وتنەوەی ئەم وتەیە بۆ خۆت دەست پێ بکە:

ڕەنگە ئەمڕۆ لەگەڵ کەسانێکی خۆهەڵقورتێنەر، پێنەزان، لووتبەرز، فێڵباز، ئیرەبەر و خەڵکنەخوازدا مامەڵە بکەم. ئەوان هەموو ئەم تایبەتمەندێتییانەیان لەوەوە تووش بووە کە بە باشە و خراپە نازانن. بەڵام من سروشتی باشەم دیوە کە سروشتێکی جوانە، هیی خراپەشم دیوە کە قێزەونە، هیی ئەو کەسانەشم دیوە کە خراپە دەکەن. تەنانەت ئەگەر ئەو کەسانە کەسوکاری خۆیشم بن، نەک هەر تەنها هاوخوێن و هاوڕەگوڕیشەشم بن، بەڵکو لەگەڵمدا هاوئاین و هاوداناییش بن، ئەوا من هەرگیز بە هیچ کامێکیان بریندار ناکرێم. چونکە هیچ کەسێک ناتوانێ قێزەونیم بە سەردا بسەپێنێ. ناشتوانم لە کەسوکار و خزمان تووڕە بم یان ڕقم لێیان بێ. چونکە ئێمە بۆ هەرەوەزیی یەکتر دروست کراوین. وەکو قاچەکان، دەستەکان، پێڵووی چاوەکان و شەویلگەکانی سەرەوە و خوارەوەی دان. دژایەتیکردنی یەکتر دژی سروشتە: هەموو قین و تووڕەییەک دژایەتیکردنە و دەبێ تووڕ بدرێتە دەرەوە.

 

من و گوستاڤ مالەر

من و گوستاڤ مالەر[1]

ساڵی ٢٠٠٩ خاڵۆزاکەم ئایپۆدێکی بچکۆلانەی چوار گێگابایتی لە وڵاتی چینەوە بۆم نارد. ماڵپەڕێکی ڕووسیشم دۆزیبووەوە کە پڕ بوو لە موزیکی کلاسیک بە خۆڕایی. زۆرێک لەو موزیکە کلاسیکییانەم بێسەرەوبەرەییانە دابەزاندە لای خۆم، هەموو فایلەکان بە ڕووسییەکی تێکشکاو نووسرابوون و نەدەخوێنرانەوە. ئەوەندەی ئایپۆدەکەم گرتنی هەندێکم بە هەڕەمەکی تێکرد و بەردەوام گوێم لێیان دەگرت. زۆر تامەزرۆی یەکێک لە موزیکەکان بووم، بەڵام بە داخەوە نەمدەزانی ناوی چییە و کێ دایناوە.

ساڵ هات و ڕۆیشت، بە بۆنەی لێکۆڵینەوەم لە بەئۆرکێستراکردندا لێکۆڵینەوەم لە گوستاڤ مالەردا دەکرد، چونکە مالەر یەکێکە لە باشترین بەئۆرکێستراکەرەکانی مێژووی موزیک. بۆم دەرکەوت کە ئەو موزیکەی خولیایەکی تایبەتم بۆی هەبوو جووڵەی دووەمی سیمفۆنیی دووەمی مالەر بوو. هەموو ئەو موزیکانەشی کە لە ئایپۆدەکەمدا بوون و وەکو ناوی خۆم هەموویانم ئەزبەر کردبوو سیمفۆنییەکانی یەکەم و دووەم و سێیەم و چوارەمی مالەر بوون.

من بەوپەڕی تێگەیشتنمەوە، بەوپەڕی باوەڕمەوە لەم تەمەنەی ئێستامدا پێم وایە دونیا تەنهاوتەنها لەبەر ئەوە دروست کراوە کە گوستاڤ مالەر سیمفۆنییەکانی خۆی بنووسێتەوە و منیش گوێیان لێ بگرم و چێژیان لێ ببینم. ساڵێک زیاترە کە هیچ ڕۆژێکم بێ سیمفۆنییەکی مالەر تێنەپەڕاندووە، پێشم وایە ئەوپەڕی چێژی هونەری لە سیمفۆنییەکانی مالەردا هەن.

من بۆ تاتایە سوپاسی ئەو ڕێکەوتە جوانە دەکەم.

ئەم ڤیدیۆیە هەموو سیمفۆنیی دووەمی مالەرە، ئەگەر بۆ هەر جارێک کە گوێم لەم موزیکە گرتووە دۆلارێکیان لێم بسەندایە، ئێستا دەبوو کورسییەکەی ژێریشم بفرۆشم! جووڵەی دووەمی سیمفۆنییەکە لە خولەکی ٢٢:٥٢دا دەست پێ دەکات.

ئەگەر ڤیدیۆکە لە ماڵپەڕەکەمەوە نەکرایەوە، ئەوا لە یوتیوب کەناڵی EuroArtsChannel ڤیدیۆکەیان داناوە، لە ١٥ی شوباتی ٢٠١٥دا دانراوە، کاژێرێک و ٢٦ خولەک و ٢٧ چرکەیە، کلاودیۆ ئەبادۆ ڕابەرایەتیی ئۆرکێستراکە دەکات. ئەمە هەموو ناونیشانەکەیەتی:

Gustav Mahler: Symphony No. 2 “Resurrection” (Lucerne Festival Orchestra, Claudio Abbado)


[1] ئەگەرچی ڕێکەوتی نووسینی لەسەر نییە، بەڵام بە نزیکی لە ساڵی ٢٠١٩دا نووسیومە. وا بزانم نزیکی ڕۆژی لەدایکبوونەکەم بوو، واتە لە سەرەتای تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا نووسیومە. لە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەوە.

دیاکۆ و کیاکسار

دیاکۆ و کیاکسار1

هەبوو نەبوو، سەردەمی زوو، دیاکۆ و کیاکسار دوو پێشمەرگەی کوردستان بوون. لە جەنگی دژ بە سوپای ئەهریمەندا هاوشانی یەک دەجەنگان. سوپای ئەهریمەن گەلێک بێبەزەیی و دڵڕەق و خاپوورکەر بوون. لە خەستەی جەنگەکەدا دیاکۆ دەستی لە جەنگ بەردا. دەیوت: «ئەمە کەی وڵاتە؟ لە پێناوی چیدا وا بکەم؟» و بەم پاساوە بەرەو هەندەران ڕۆیشت. ئێستا کیاکساری تەنیاباڵ تا ئێستاش لەگەڵ سوپای ئەهریمەندا دەجەنگێت، دیاکۆش زووزوو لە هەندەرانەوە گلەیینامەیەک دەنووسێت و ئاراستەی کیاکساری دەکات.

کۆتایی.

کرۆکی پەیامەکەم سەبارەت بە بەجێهێشتن

پێم وا نییە لە زۆربەی هاووڵاتییەکانی ئەم وڵاتە بچم. یەکێکیشم لە پەڕاوێزەکانی کۆمەڵگا، خەریکی کۆمەڵە کارێکیشم کە زۆرینەی خەڵک خۆیان لە قەرەی نادەن و زۆر کەس گاڵتەی بە بیرکردنەوە و کارەکانم دێت. بە ئێستاشەوە بۆ بەجێهێشتنی ئێرە جیهانێک هۆم هەبووە و هەیە، بەڵام هەرچەند بیر دەکەمەوە ناتوانم بە کۆی گشتی بیلۆژیکێنم کە بۆچی ئێرە بە جێ بهێڵم؟

ئەگەر ئەوروپا لێرە باشترە، خۆ ئەوێ لە ئاسمانەوە نەکەوتووەتە خوارەوە، بەڵکو ڕۆژێک لە ڕۆژان کەسانێک ئەو ئەوروپایەی ئێستایان بونیاد ناوە. ئەی کەواتە من بۆچی نەبم بە یەکێک لەو کەسانەی ئێرە بونیاد دەنێن؟ ئەگەر مێژووی سەرکەوتنی گەلانی جیهان بخوێنینەوە، سەرخستن و پێشخستنی ئەم لەتکەوڵاتە دەڵەمەیە ئاسانتر و خێراتر و بەکارتر دەبێت، چونکە لە ئەزموونی شکست و سەرکەوتنی ئەوانی ترەوە کات و وزەمان بۆ دەگەڕێتەوە.

بە هەزاران ڕۆژ و ملیاران دۆلار سەرف کراوە لە پێناوی ئەوەی هەموومان دەستبەرداری ئەم وڵاتە و ئەم گەلە ببین، چیتر وڵاتێک دروست نەبێت ناوی کوردستان بێت، بۆ ئەوەی بە دەستی خۆمان، نەک بە گوللەی ئەوان، ئەم وڵاتە تووڕ بدەینە نێو زبڵدانی هیواکانەوە. بە ملیاران پیلانی کورتخایەن و درێژخایەنی بۆ داڕێژراوە تا هەرگیز نەکەوێتە سەر پێی خۆی. کە تۆ بەرهەڵستیت نەکرد، کەواتە یان لە پیلانەکەی ئەواندا بەشداریت، یان بەرکاری ڕاستەوخۆی پیلانەکەیانیت. بە هەردوو دیودا دەبیتە هۆی سەرکەوتنی پیلانەکەیان. من هەرگیز سەرزەنشتت ناکەم، دڵنیام کە تۆ لە من زیاتر خەونی دروستبوون و پێشکەوتنی ئێرەت هەیە، دڵنیام تۆ بە نیازی بەشداریکردن لە پیلانەکەی ئەواندا ئەمەت نەکردووە، بەڵکو بوویتەتە بەرکار.

خۆم هەزاران کەسی فرەڕەنگم دوواندووە کە خواستی بەجێهێشتنی ئێرەیان هەبووە. یەکێک لە گەورەترین بیانووەکەیان ئەوە بووە کە: «ئێرە ئازادیی تاکی تێدا نییە». بە تێگەیشتنی کۆنکرێتیی من، هەر ئەوەندە کەسی کە هاوڕان لەسەر ئەوەی ئێرە ئازادیی تاکی تێدا نییە، گەر کۆ ببنەوە، دەتوانن ئازادی تاک لە دەستووردا بچەسپێنن، بەڵام نازانم بۆچی بیری تراویلکەئاسای هەڵهاتن هەمیشە وەک چارەسەر لەبەر چاویاندا خۆی نمایش دەکات؟

وەرە سوور بە لەسەر وادە و بەڵێنی

وەرە کورد بە و مەکە پەیمانشکێنی

ئەگەر کوردستان ناخۆشە، وەرە خۆشی بکەین. گەر دواکەوتووە، وەرە پێشی بخەین. گەر یاسا نییە، وەرە یاسا بچەسپێنین. گەر دادپەروەری نییە، وەرە دادپەروەری بچەسپێنین. گەر خەڵک بێئاوەزن، وەرە هۆشیاریان بکەینەوە. گەر بێهێزە، وەرە بەهێزی بکەین. گەر هەژارە، وەرە دەوڵەمەندی بکەین. گەر خراپە، وەرە باشی بکەین. گەر ئازادیی نییە، وەرە ئازادی بکەین. گەر هونەری نییە، وەرە هونەری بۆ دروست بکەین. گەر تەکنەلۆژیای نییە، وەرە تەکنەلۆژیای بۆ پێشبخەین. گەر مێژووی نییە، وەرە مێژووی بۆ تۆمار بکەین. گەر سەقەتە، وەرە چاکی بکەینەوە. هەرچییەکی نەرێییە، وەرە پێکەوە و هەر یەکەمان لە لایەن خۆمانەوە ئەرێی بکەین.

بەڵام مەڕۆ، شەڕی ئەهریمەن بەسەر مندا بە جێ مەهێڵە، پشتم بەرمەدە. گەر بە جێشت هێشتم، گلەیی کەمئاوەزی لە من مەکە، چونکە ئاوەزی من بە ئاوەزی تۆوە تەواو بوو، ئێستا کە تۆ ڕۆیشتوویت ئاوەزی من نیوەیە.

تا زیندوویت هەل هەیە بۆ ئەوەی دەست بخەیتە ناو دەستمەوە و ئێرە بۆ نەوەکانی ئایندە شیاوتر بکەین. وا بکەین خەڵک پەنامان بۆ بهێنێت، نەک ئێمە پەنا بۆ خەڵکی تر ببەین. تەنهاوتەنها ئەگەر هەڕەشەی کوشتنت لەسەرە، ئەوا بڕۆ گیانی خۆت ڕزگار بکە.


  1. لە ١٨ی ئاداری ٢٠١٩دا نووسیومە. لە ٢٤ی ئاداری ٢٠٢١ و ٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١ و ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ و ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

You don’t know me cover by Nawa Mukerji

I love this song of Eddie Arnold, so I spontaneously memorized the text and suddenly decided to record it myself. I wasn’t sure if I can sing it all because I was still having trouble remembering the text. So I took out my camera and tripod, I didn’t find the Tripod mount! And my Zoom Recorder was running out of batteries and I didn’t have any at the moment. So I brought a desk for the camera and the sound is recorded by my iPhone right in front of me (invisible in the video).

I thought I keep the camera rolling, if I got a good take I might use it, but surprisingly, I was very satisfied with the first take! The one you just heard was the first take! So, the magic happened in the first take, why would bother other takes?

Then on my editing software I realized I’m saying “I ever been” which was supposed to be “I’ve ever been”. Yet I was still satisfied with the original first take. And here you are. Enjoy

سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان

سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان

نەوا موکرجی

هەرچەندە کەریم زۆر لە من بەتەمەنتر بوو، بەڵام خۆشەویستترین هاوڕێی مناڵیم بوو، هەر لە زووەوە خەریکی تەکنەلۆژیا و دروستکردنی کۆمپیوتەر بوو. زۆر ڕێزی لێ دەگیرا و بە «داهێنەرێکی مەزن» ناوزەد کرابوو، کەس نەبوو لە گەڕەکدا خۆشینەوێ، ئەگەر خۆشیشیان نەویستایە، هەر ڕێزیان دەگرت کە وا خۆی بۆ کارەکەی خۆی تەرخان کردبوو، تەنانەت باوکم، کە نەیدەهێشت هاوڕێیەتیی کەس بکەم، ڕێزی لەو دەگرت. ئەڵبەت کەریم تەنها خۆشەویستترین هاوڕێی من نەبوو، بەڵکو خۆشەویستترین هاوڕێی زۆرێکی تری مناڵانی گەڕەک بوو.

ستۆدیۆیەکی گەورەی پڕ لە کۆمپیوتەی هەبوو، هەزاران کۆمپیوتەری جیاجیای تێدابوو: کۆن، نوێ، نیوداش، تێکچوو، کەمئەندام، درێژکۆلە، پانکۆلە…تد. بە پێچەوانەی ئێمەشەوە، ئەو کە تەماشای کۆمپیوتەرە ئافرێنراوەکانی خۆی دەکرد لە سەرسامیدا دەمی دانەدەچەقی!

هێشتا نەچووبوومە کۆلێژی پزیشکی، ئەو خەریکی دروستکردنی کۆمپیوتەرێکی جیاواز و نوێ بوو، هەموو تیشکۆ و تینی خۆی خستبووە سەر ئەو پڕۆژەیە، نیازی وا بوو ناوی بنێ «کۆتالوتکە»، ئەوە دواهەمین زانیاریم بوو لەسەری ببیستم و چیتر دەنگوباسیم نەبیستەوە و لێی دابڕام، چونکە ماڵمان گواستەوە بۆ گەڕەکێکی تر و خۆیشم لە کۆلێژی پزیشکی وەرگیرام. ئێستا کۆلێژم تەواو کردووە و بۆردی پسپۆڕیشم لە نەخۆشیی دەروونیدا تەواو کردووە، لە شادگەی شار کار دەکەم کە نەخۆشخانەیەکی دەروونییە.

سێ هەفتە لەمەوبەر چەند هەزار ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرێک بە هەموویان کەریمیان هەڵگرتبوو و تۆپزییانە هێنایان بۆ شادگەکە، ئێمە هەموومان سەراسیمە و واقوڕماو بووین، کەریم هەڵدەلەرزی و دەپاڕایەوە وازی لێ بهێنن و ناوبەناویش هەڕەشەی لێیان دەکرد. پرسگەوانەکە بە دوایانەوە شڵەژابوو و دەیوت: «کاکە، قەدەغەیە ئەو ئاپۆڕایە هەموو پێکەوە بێنە ژوورەوە». بەڵام ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرەکان نەیاندەبیست و پێکەوە لەگەڵ هەڕەشە گەرمەکانی ئافرێنەرەکەیان پشێوییەکی زۆریان لە شادگەکەدا نابووەوە. من فریا کەوتم فەرمان بدەم هەموو نەخۆشەکانی تر بخەنەوە قاوش و ژوورەکانی خۆیان و دەرگایان لەسەر دابخەن نەکا ئەوانیش پشێوییەکە بقۆزنەوە و کار لە کار بترازێ.

چی بکەم؟ دەتوانین نەخۆشەکان بە شرینقەیەک هێور بکەینەوە، یان کارەبایان لێ بدەین، بەڵام چی لەم کۆمپیوتەرانە بکەین؟ بە چی هێوریان بکەینەوە؟ با پشتگیرییان بکەین تا هێور ببنەوە. باشترین چارەسەر پشتگرتنیان بوو، بۆیە کەریممان لێیان وەرگرت و بەستمانەوە و خستمانە ژوورێکی تایبەتەوە، هەر لەو ڕۆژەوە تا ئێستاش بەردەوام فێیەتی و لەبەر خۆیەوە هەڕەشە دەکا. بەردەوام دەڵێ: «بەس بتانبینمەوە دەبێ هەمووتان بسووتێنم، دەبێ فێرتان بکەم بەهای داهێنەرێکی مەزنی وەک من بزانن». سەرەڕای هەوڵێکی زۆریش، بەڵام منیش ناناسێتەوە.

سێ هەفتەیە چەندین جار لەگەڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەم ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرانەدا دانیشتووین، دەمانەوێ چیرۆکەکەیانمان تێبگەیەنن و بزانین کێشەیان لەگەڵ دروستکەرەکەیاندا چییە. تێگەیشتن و هێوری و دانبەخۆداگرتن لەگەڵ ئەم ڕۆبۆت و کۆمپیوتەرانەدا زۆر ئەستەمە، هەر یەکەیان کێشەیەکی هەیە: تیایەتی تا وەڵامێکی ڕاستت دەداتەوە هەزار وەڵامت دەداتەوە کە هیچ پەیوەندیی بە باسەکەوە نییە؛ تیایەتی بە چەندین ساڵ لە دوایە؛ تیایەتی زۆر خاوە و تێگەیشتنی زۆر خراپە؛ تیایەتی بەردەوام فایلی ڕووت پیشان دەدا؛ تیایەتی شت زۆر دەزانێ و فایلی زۆر تیایە، کەچی هیچ لە خەیاڵیدا نییە و هیچ پیشان نادا.

دواجار، بە هەموویان نوسراوێکیان بۆمان نووسی، دوای لابردنی وێنە ڕووتەکان فلتەرکردنی ئەوانەی پەیوەندییان بە باسەکەوە نەبوو، ئەمە دەقەکەیەتی:

بەڕێزان،

ئێمە کەمئەندامین، کەریمە ناموفەڕک ئاوها دروستی کردووین، بە دەستی خۆیشی ئێمەی پڕ کردووە لە ڤایرۆس، ئێمە بەم شێوەیەش خۆمانمان لا پەسەندە، چەندین ساڵە کۆمپیوتەری گەنج و پیر پێکەوە بە ئاشتی دەژین و لەیەک تێدەگەین. بەڵام کەریم بە چوار ساڵ کۆتالوتکەی ئافراند و لەو ڕۆژەشەوە بەردەوام ئەوینداری ئەم کۆتالوتکە خوێڕییەیە، دوای شەش ساڵ بەسەر ئافراندنیدا ئەنتیڤایرۆسێکی لەسەر دابەزاندووە کە هەرچی ڤایرۆس تیایدا هەبوو سڕییەیەوە و دەتوانێ بەرگەی هەموو ڤایرۆسێک بگرێ. یەکبینە ستایشی ئەم کۆتالوتکەیە دەکا… تا ئێرە کێشەمان نییە، بەڵام لە ڕۆژی ئافراندنی کۆتالوتکەوە سەرزەنشتی ئێمە دەکا و لە ڕۆژی دابەزاندنی ئەنتیڤایرۆسەکەشەوە هەموو ڕۆژێک شەقشەقێنمان دەکا و لێمان دەدا و هەڕەشەمان لێ دەکا، بەردەوام فەرمانمان پێ دەدا کە دەبێ وەک کۆتالوتکە کار بکەین. هەوڵی زۆرمان داوە تێی بگەیەنین کە ئەوەی بە کۆتالوتکە دەکرێ، بە ئێمە ناکرێ. چونکە ئێمە کەمئەندامین و ڤایرۆس ناهێڵێ کارەکانمان بە باشی ئەنجام بدەین. ئەوەی ساغێک دەتوانێ بیکا، نەخۆشێک ناتوانێ. بەڵام هەر باوەڕمان پێ ناکا و تفباران و شەقشەقێنمان دەکا. دەڵێ هەر دەبێ هەوڵ بدەن، تا ئێستاش لە ڕقدا زۆرێکمانی شکاندووە و سووتاندووە.

ئێمە وەک سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان، ئەمەمان بە کێشەیەکی یاسایی خۆمان زانی، ئەوەمان هەڵهێنجاند کە کەریم نەخۆشیی دەروونیی هەیە. تکایە بیپشکنن، ئەگەر خۆش بوو یان نەخۆش، هەر بۆ وێزەمانی مەنێرنەوە و نامانەوێ.

لەگەڵ ڕێزدا.

سەندیکای کۆمپیوتەرە ستەمدیدەکان

وێنەسازی

1وێنەسازی

وێنەسازی: بە ئینگلی پێی دەڵێن ئیدیتEdit . وەک هەموو جۆرێکی تری هونەرە و کارامەیی و لێزانینی دەوێت. بەڵام هەندێک زانیاریی ناڕاست لە بارەیەوە بڵاو بوونەتەوە کە دەبێت ڕاست بکرێنەوە. مەرج نییە وێنەسازی هەموو کاتێک خراپ بێت. وێنەساز دەیەوێت دوای لابردنی هەندێک نەنگیی ناو وێنەیەک، ئەو وێنە و دیمەنە لەگەڵ تۆدا بەش بکات.

بینایی چاوی مرۆڤ و چاوی کامێرا جیاوازن. کامێرا لە چاو جوانتر نابینێت، چاوی مرۆڤ زۆر لە چاوی کامێرا زیاتر دەبینێت. ئەمڕۆ زۆرینەی خەڵکی جیهان بە تەلەفۆنی دەستی وێنە دەگرن و بە گشتی کۆمەڵێک نەنگیی جیهانیی بچووک و زانیاریی هەن کە شایستەیە بزانرێن.

هەندێک لە نەنگییەکان

  • وردە خاڵ و پەڵەی بچووک لە پێستی زۆربەی مرۆڤدا هەیە، بە تایبەتی لە دەموچاویاندا. بەڵام خۆیان نایانبینن، وێنەساز دەیانبینێت.
  • زۆربەی خانمان کە ماسکەرا دەکەن خاڵێک یان چەند خاڵێک لە ماسکەراکەیان دەپرژێتە سەر گۆنایان. خۆیان نایانبینن، وێنەساز دەیانبینێت.
  • زۆربەی خانمان و پیاوە قژدرێژەکان هەمیشە تاڵێک یان چەند تاڵێک هەن لە لێویان گیر بووە. خۆیان نایانبینن، وێنەساز دەیانبینێت..

ڕاستییەکان

  • زۆربەی بەتەمەنەکان کە لە ئاوێنەدا خۆیان دەبینن، وردە چرچییەکانی دەموچاویان یان پشتگوێ دەخەن، یان نایانبینن. یان دەیانبینن و بە هیوای ئەوەن کە ئەوەندە زەق نەبن. ئەمانە ڕەنگە خۆیان بیانبینن یان نا، بەڵام وێنەساز دەیانبینێت.
  • زۆربەی مرۆڤە گەنمڕەنگەکان کەمێک خۆیان کاڵتر دەبینن وەک لەوەی هەن.
  • زۆربەی مرۆڤە زۆر سپییەکان کەمێک خۆیان تۆختر دەبینن وەک لەوەی هەن.
  • زۆربەی ڕەشپێستەکان خۆیان کەمێک کاڵتر و ڕوونتر دەبینن وەک لەوەی هەن. یان وەک ئەوەی لە کامێرادا دەربچن. ڕەنگە کورد لەبەر کەمیی تێکەڵبوونی لەگەڵ ڕەشپێستدا زۆر هەست بەم دیاردەیە نەکات. بەڵام ڕەشپێستی نەگبەت کە وێنەی لەگەڵدا دەگریت، بە تایبەتی لە تاریکی و شوێنی داخراودا، هەر هێلکەیەکی ڕەشی زل دەردەچێت بە ملی لەشێکەوە.
  • هەندێک کات کە بە ڕۆژ بە تەلەفۆنی دەستی وێنەی شوێنێک دەگریت، لە دەستییەکەتدا ئاسمان شینتر دیارە بە بەراورد لە ئاسمانە ڕاستییەکەی ئەو چرکەیە.
  • زۆر جار پێستی دەموچاو لە وێنەی دەستییدا سافتر و ناسکتر دەردەکەوێت لەو پێستە ڕاستییەی کە لە ئاوێنەدا دەیبینیت.
  • کە لە پاڵ ئاسمانێکی شینی تۆخدا وێنە دەگریت، ئاسمان لە وێنەکەدا سپی دەردەچێت.
  • زۆر جار ئەو شوێنەی تیایدایت لە وێنەی دەستییەکەتدا تاریکترە لەوەی بە ڕاستی خۆتی تێدایت، بە تایبەتی شەوان.
  • هەندێک جار چاوت لە ئاوێنەدا گەورەتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکی مۆبایلەکەتدا دەردەچێت.
  • هەندێک جار لووتت یان دەمت گەورەتر یان بچووکتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا دەیبینیت. یان بە پێچەوانەوە.
  • زۆر جار چەناگەت بە گەورەتر یان بچووکتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا دەیبینیت.
  • هەندێک جار خۆت بە تووکنتر یان لووستر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا خۆت دەبینیت.
  • زۆر جار باڵات بەرزتر یان نزمتر، خۆت قەڵەوتر یان لاوازتر یان خۆت بە پیرتر یان گەنجتر دەبینیت وەک لەوەی لە وێنەیەکدا دەبینیت.
  • زۆر جار ئەو وێنەیەی گرتووتە خاڵخاڵی بچووکی ناشیرینی زیاتر تێدایە بە بەراورد بەو وێنەیەی بە چاوی خۆت دەیبینیت. بە تایبەتی لە شوێنە تاریکەکانی ناو وێنەکەتدا و بە تایبەتی لە کاتی ڕووناکیی کەمدا.
  • وێنەیەک دەبینیت کە هاوڕێیەکتی تێدایە هەندێک جار ڕاستەوخۆ هاوڕێکەت دەبینیت، یان هەندێک جار لە هەندێک وێنەدا پشتینەی هاوڕێکەت سەرنجڕاکێشترە.
  • لە وێنەیەکدا دەبینیت نیوەت پەڕیوە، یان نیوەی هاوڕێکەت پەڕیوە، چ بە ئاسۆیی و چ بە ستوونی.
  • زۆر جار کەسێکی ڕاوەستاو لە وێنەیەکدا قاچی پەڕیوە و لە پووزییەوە دەرکەوتوە. کەچی بۆشاییەکی زۆر لە بەری سەرەوەی وێنەکەدا هەیە. وەک ئەوەی هەندێک جار لە دەرەوە کە وێنەیەکت دەگیرێت تەنها سەرت دیارە و هەمووی ئاسمانە. ئەو پرسیارە دروست دەبێت کە ئایا ئەمە وێنەی ئاسمانە و سەری تۆی تێکەوتووە؟ یان وێنەی تۆیە و ئاسمان بەشێکی زۆری تۆی داگیرکردووە؟

ئەمانە هەموو پەیوەندییان بە بینینی مرۆڤەوە هەیە.

لەم وێنەیەدا ئاسمان گۆڕاوە، چون ئاسمانی ئەو چرکەیەی شارەکە هێندە پڕهەور نەبوو

هونەری وێنەگرتن و وێنەسازی

لەبەر هەموو ئەمانە، هونەری وێنەگرتن دروست بووە و خەڵکانێک خەریکین. لەبەر هەموو ئەمانەشە کە هونەری وێنەسازیش پەیدا بووە. وێنەگر و وێنەسازی ڕاستی زۆر جار هەوڵ دەدەن ئەوەت پیشان بدەن کە چاویان دیونی. بەڵام بیرێکی فراوانتریان بۆ وێنە هەیە. ئەوان بەرپرسیارن لەوەی ئاراستەی بینین بکەن بۆ وێنەکە. ئەگەر وێنەیەک وێنەی تۆ بێت، ئەوا دەبێت کارێک بکرێت کە ڕاستەوخۆ تۆ ببینرێیت. نەک بینەر بە دواتدا بگەڕێت.

زۆر دوورکەوتنەوە باش نییە

خەڵکانێکی زۆریش هەن کە لە وێنەسازیدا زۆر لە وێنەکە دوورتر دەکەونەوە و وای لێ دێت ڕاستینەی وێنەکە ناناسرێتەوە. بەڵام وێنەسازی باش وا دەکات ئەوەت پیشان بدات کە خۆی دیویەتی. ئەوەش لەبەر ئەوەی یەکێک لە گەورەترین جیاوازییەکانی کامێرا و چاو ئەوەیە کە چاو لە ڕووناکیی ئێجگار کەمدا دەبینێت. بەڵام کامێرا هەموو کات ئەوەندە نابینێت. هەروەها چاو مەودای دینامیکیی2 چەندین قات لە کامێرا زیاتر دەبینێت. لەبەر ئەوە چەندین تەکنیک هەن بۆ ئەوەی وێنەیەک بگریت و دوایی لە وێنەسازیدا وای لێ بکەیت کە لە ڕاستییەکە خۆی بچێت. هەندێک جار ئەگەریش کەمێک لە ڕاستی زیاتر بێت هەر ئاساییە. بەڵام کە زۆروبۆر دەبێت من وەک خودی خۆم حەزم لێی نابێت.

دەبێت وێنە پڕۆسەی وێنەسازی ببینێت

لەبەر هەموو ئەمانە و زۆر هۆی تر وێنەی وێنەگری ڕاستی تا بە پڕۆسەی وێنەسازیدا تێنەپەڕێت نابێت بە وێنەیەکی ڕاستی. بۆیە چەسپاندنی ئەو بیرۆکەیەی کە گوایە وێنەسازی کارێکی چەوتە، هەڵەیە. کەسانێک هەن بە چەندین کاژێر خەریکی تەنها یەک وێنە دەبن. چەندین جار بیر دەکەنەوە و بڕیار دەدەن کە چۆن بە باشترین شێوە ئەو وێنەیەت پێشکەش بکەن. ئەگەر خۆیان وێنەگرەکەش بن، ئەوا لە ململانێیەکی تەواودان لە نێوان یادگەیاندا لە کاتی گرتنی وێنەکە و هەوڵدان بۆ نزیککردنەوەی وێنەکانیان لەو دیمەنەی دیویانە.

کەسانێک هەن بە چەندین تەکنیک و تەکنەلۆژیا شت فێر دەبن تەنها بۆ ئەوەی باشترین دیمەنت پیشان بدەن. هەندێکیان چاویشیان لە داهاتە، ئەوەش تەواو مافی خۆیانە کە بەو پیشەیەی پێوەی ماندوو دەبن ژیانیان دابین ببێت. من هیچ وێنەیەکم نییە بڵاوم کردبێتەوە و بە وێنەسازیدا تێنەپەڕیبێت. وێنەسازی بە هەڵە نازانم. بە پێچەوانەوە بە شتێکی باشیشی دەزانم، ئەگەر زیرەکانە و لێزانانە بکرێت، نەک کاتێک لامسەرلاییانە بە مۆبایلەکەت خزێنەرەکانی وێنەسازی ڕادەکێشیت و وا هەست دەکەیت وێنەکەت جوانترە.


  1. لە ١٨ی نیسانی ٢٠١٧دا نووسیومە؛ لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
  2. مەودای دینامیکی: بە ئینگلی: Dynamic Range: واتا مەودای جیاوازیی نێوان زۆرترین ڕووناکی و زۆرترین تاریکی. ↩︎

دەسەڵات و مرۆڤ

دەسەڵات و مرۆڤ1

سەربردەی ڕاکردنی بەیانییەک

هەندێک جار بەیانییان دەچم بۆ ڕاکردن.

  • بۆچی؟ قەرزاریت؟

مەبەستم وەرزشە. لەولا ماڵی خۆمانەوە تا گڵەزەردە دەشتاییەکی فراوانە و لەوێ ڕادەکەم. هەندێک جار تووشی بەزمی سەیر دەبم. بەیانییەک زۆر ڕامکرد و کەمێک وەستام و لە ئاسمان ڕامام. مانگ چواردە بوو و هێشتا بە ئاسمانەوە مابوو، بە دەستییەکەم وێنەیەکی خۆم و مانگم گرت و کەوتمەوە ڕێ.

لەو ناوەدا بنکەیەکی لێیە، نازانم هی چییە، بەڵام هەندێک یاساوڵ بە جلی سەربازییەوە دەبینم. بە جۆرێتیی باڵەخانە داڕماو و کۆنەکەیان و جلوبەرگی سەربازە هەژار-دیارەکانیاندا بێت، وا دیارە شوێنێکی ئەوەندە ستراتیژی نییە.

دوای ئەوەی وێنەکەم گرت و گەڕامەوە، یەکێک لەو یاساوڵانە چاوەڕێی گەڕانەوەمی دەکرد و لەسەر ڕێ بۆم وەستابوو. هەر کە نزیک بوومەوە و زانیم نیازی وایە قسەم لەگەڵدا بکات، بیستۆکم لە گوێ دەرهێنا و موزیکەکەم وەستاند و وەستام.

ڕووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ یاساوڵێکدا

یاساوڵەکە یەکسەر پرسیی:

– کاکە، ئەوە چی بوو لەوێ مۆبایلت دەرهێنا؟ وێنەت گرت؟

وەڵامیم دایەوە و وتم:

– بەڵێ.

وتی:

– کاکە قەدەغەیە!

منیش پرسیم:

– چی؟

وتی:

– وێنەگرتن.

پرسیم:

– بۆچی؟

وتی:

– کاکە ئەمە پەیوەندیی بە ئاسایشەوە هەیە، خۆت دەزانیت ئێستا شەڕ هەیە و داعش هەیە و تیرۆریست هەیە…

ئیتر ئاوها پەیامی قسەکەی تەواو نەکرد و چاوەڕێی دەکرد من خۆم وتەکانی ئەو لە مێشکی خۆمدا تەواو بکەم و لێی تێبگەم. پێیم وت:

– قوربان، ئەگەر سەرنجێکی شێوەم بدەیت کە بە شۆرت و کالە و تیشێرتێکەوەم و بیستۆکێکم لە گوێدایە و ڕادەکەم، پێم وا بێت هەموو کەس بمبینێت دەزانێت کە بۆ وەرزش هاتووم. ئینجا قوربان تەماشایەکم بکە، لە تیرۆریست دەچم؟ لە داعش دەچم؟

یاساوڵەکە وەڵامی دامەوە و وتی:

– نا، کاکە، مەبەستم ئەوە نەبوو کە تۆ تیرۆریستیت.

وتم:

– قوربان، یان من کوردییەکەم باش نییە، یان مەبەستت ئەوە بوو.

دیسان دووپاتی کردەوە و وتی:

– نا، کاکە، من ویستم بڵێم وێنەگرتن لەوێدا قەدەغەیە.

وتم:

– قوربان گیان، وێنەیەکی مانگ و خۆمم گرت، جا ئەگەر هەر کامێک لە مانگ یان من موڵکی بەڕێزتین ئەوا پێم بڵێ با داوای لێبوردنت لێ بکەم و هەر ئێستاش وێنەکان بسڕمەوە.

یاساوڵەکە وتی:

– نا، کاکە، بەڵام ئێمە پێمان وتراوە کە وێنەگرتن لەو دەشتاییەدا قەدەغەیە.

کەمێک وەستام و بیرێکم کردەوە بە شێوەیەکی تر پەیامەکەم بگەیەنم. وتم:

– قوربان، ئا ئەویا دەبینیت؟

لەگەڵ وتنی ئەم قسەیە و لەمسەر بۆ ئەوسەری مەودوای بینینی هەردووکمان دەستم ڕاکێشا. یاساوڵەکەش وتی:

– بەڵێ دەیبینم.

وتم:

– قوربان، ئەوە پانزە دۆنمی هی منە، من هەر لەناو زەویی خۆمدا وێنەم گرتووە!

یاساوڵەکە بێدەنگ بوو، تەماشایەکی منی کرد و تەماشای دەشتاییەکەی کرد. زانیم ئێستا چیتر ئەو دەشتاییە وەک کەمێک لەوەوبەر نابینێتەوە. هەرچەند تەماشای دەکات بیر لەوە دەکاتەوە بۆچی دەبێت ئەوە موڵکی من بێت و ئەو یاساوڵ بێت؟

یاساوڵەکە بێدەنگ بوو، منیش بێدەنگییەکەم قۆستەوە بۆ ئەوەی کەمێکی تر دۆخی دەروونە ورووژاوەکەی هێور بکەمەوە. وتم:

– ئەوەش ماڵمانە لەو شوقانەداین، هەر کێشەیەکیش بە بۆنەی منەوە ڕووی دا وەرن هەر بە مشتەکۆڵە بمبەن بۆ ئاسایش.

یاساوڵەکە هەر بێدەنگ بوو. ئینجا بڕیارم دا لێی بگەڕێم تا درێژە بە بەیانییەکەی بدات. لێم پرسی:

– قوربان، خزمەتێکت پێویست نییە؟

وەڵامی دامەوە و وتی:

– نا براکەم.

بە ڕێزەوە پێم وت:

– ڕێزت هەیە، بەیانییەکی خۆش.

بیستۆکم لە گوێ کردەوە و موزیکەکەم داگیرساندەوە و کەوتمەوە ڕاکردنی خۆم.

ئەمڕۆ بەرهەمی دوێنێیە!

من کەسێکی ئاژەڵدۆست نیم. ڕاستت بوێت، کاتی خۆی لە مزگەوتدا فێریان کردم کە ئەگەر ژنێک بە لامدا تێپەڕی و قاچی ڕووت بوو من بە شرینقە تێزاب بکەم بە قاچیدا. لە دینداریدا ئێرە خاڵی وەرچەرخانی بیری من بوو.

باشە بۆچی تێزاب بە قاچی خەڵکدا بکەم؟ جلوبەرگ و شێوازی پۆشینی خەڵک کەی پەیوەندیی بە منەوە هەیە؟ باشە تێزاب پرژاندن بە قاچی خەڵکدا حوکمدان و سزادان نییە؟ ئەی ناڵێن خودا هەیە و خۆی لێپرسینەوە دەکات و لە ئێمە زاناتر و داناترە و بە لێزانیی خۆی سزای خەڵکان دەدات یان پاداشتیان دەداتەوە؟ ئەی کەواتە من کێم لە خۆمەوە لەسەر زەوی ڕۆڵی خودا ببینم و سزای ژنێک بدەم؟ من چوزانم ئەو ژنە کێیە و چییە و چیرۆک و نهێنی و بیروبۆچوون و نیازەکانی چین؟ من بۆچی ببم بە خودا؟

ئەو کاتە پێم وا بوو ئەمە خۆهەڵقورتاندنە لە کاری خودادا، خودا لە من باشتر دەزانێت کێ سزا دەدات و کێش پاداشت دەکات، باشتر وایە لێبگەڕێم خۆم و خەڵک بە ئاشتی بژین و لێپرسینەوەش بۆ خودا بە جێ بهێڵم.

خۆشبەختانە هەرگیز کاری وام نەکرد. وردەوردەش باوەڕم لاواز دەبوو. چونکە ئەم پرسیارانەم منیان خستە نێو پرسیاری ترەوە بەرانبەر بە لایەنە لاواز و نالۆژیکی و دژیەکەکانی تری دین کە لە منداڵیماندا زەفەرمان پێ برابوو و لە مێشکماندا وەک باوەڕی کوێرانە چەسپێنرابوون.

باوەڕم لاواز بوو

ئەگەر چاوی ماڵەوەم لەسەر نەبووایە نوێژم نەدەکرد. ئەگەر ئاگادار نەبوونایە بە بێ دەستنوێژ نوێژم دەکرد. ئەگەر دایکم لە ژوورەکەی ئەودیوەوە پێی بوتمایە: «نوێژ بکە»، ڕیکعاتم لە نوێژەکە کەم دەکردەوە. هیچ سوورەت و ئایەتێکم نەدەخوێند. هەر وەکو فاتیحای پرسەگێڕان تا بیست و پێنجم دەبژارد و ئەڵلاهوئەکبەر. ئاوا نوێژەکەم تەواو دەکرد.

تا ڕۆژێک وتم ئەمەی من دەیکەم خۆخڵەتاندنە! بڕیارم دا نوێژ نەکەم. ئینجا ماڵەوە لێیان پرسیم:

– نەوا بۆچی ناچیت بۆ نوێژ؟

وەڵامم دانەوە و وتم:

– چونکە نایکەم!

ئینجا ئەوان بە سەرسامییەوە وەک بڵێیت هەرگیز خۆیان بۆ وەڵامی وەها ئامادە نەکردبێت و هەرگیز ئەوەیان بە هەڵبژاردە نەزانیبێت کە شتێک هەیە ناوی نوێژنەکردنە، بە سەرسامییەوە پرسییان:

– چییییییی؟

منیش بۆ ئەوەی لە کورتی بیبڕمەوە، پێم وتن:

– گوێ بگرن، یەک کەس پێم نەڵێت نوێژ بکە و مەیکە، تێگەیشتن؟ چیتر لە کەسی قبوڵ ناکەم ئامۆژگاریم بکات و ڕێم بۆ دابنێت. من لەمەودوا خۆم ڕێی ژیانی خۆم دەگرم. دەشچمە گۆڕی خۆمەوە.

دوای ئەمەش لەگەڵ هەموو بانگێکدا بیریان دەخستمەوە کە کاتی نوێژە. وەک بڵێیت بانگەکە دەنگەکەی ڕۆژەڕۆیەک ناڕوات و لەگەڵ هەموو هاوارێکی مەلادا ماڵەکەمان نالەرێتەوە! منیش یەکبەیەکی ئەم ئاگادارییانەم پشگوێ دەخست. دوای چەند مانگێک دووبارەبوونەوەی ئەم باسە ناخۆشە، ئیتر پێمیان نەوتەوە چی دەکەم و چی ناکەم.

مەبەستم پاشخانی خۆمە

مەبەستم نەبوو باسی خاڵی وەرچەرخانی دینداریم بکەم، بەڵام لەبەر ئەوەی باسی بابەتێکی هەستیارم کرد، بۆیە درێژەم پێی دا. ئەوەی مەبەستم بوو باسی بکەم ئەو پەروەردە جوانکیلەیە بوو کە من هەمبووە. ئێمە فێر کرابووین ڕقمان لە هەموو ئاژەڵێکی تر بێت، بە تایبەتی ئەو جۆرەی ئاژەڵ کە پێی دەڵێن مرۆڤ! تا ئێستاش ناتوانم ئاژەڵم هەبێت، ناتوانم پشیلەیەک بە خێو بکەم. تەنانەت کاتێک هاوڕێیەک سەگێکی پێبێت هەوڵ دەدەم دوور بکەومەوە تا سەگەکە بە لامدا نەیەت.

ئەمە گرێیەکی منداڵییە و تا ئێستا بۆم نەکراوەتەوە. هەوڵیشم داوە ئەم گرێیە بکەمەوە، وەک لەو وێنەیەدا دەیبینن کە نازانم چۆن دەست بدەمە ئەو پشیلە بەستەزمانە!2 ئاژەڵدۆست نیم، بەڵام دوژمنیشیان نیم. لە هەموو ژیانمدا بەردێکم نەگرتووەتە پشیلەیەک و شانازیشم پێوەی.

ئەم وێنەیە لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢دا گیراوە.

دەسەڵاتە گاڵتینەکەمان مەرگی ئەوانی دەهێنا

شەوێک منداڵانی گەڕەک کۆ بوونەوە و بۆقێکیان بە زیندوویی سووتاند. ئەو قیڕەقیڕەی ئەو بۆقە داماوە لە ئاویلکەدا دەیکرد تا ئێستاش لە مێشکمدا دەزرنگێتەوە. ئەو کاتە کە منداڵیش بووم، لەو دۆزەخەدا بەشداریم نەکرد کە بۆ بۆقەکەیان ڕاخست. کە گەورەش بووم ئەو دێڕەی بایۆنی بۆریسثێنسم خوێندەوە کە دەڵێت:

«هەرچەندە منداڵەکان بۆ خۆشی و گاڵتە بەردیان دەگرتە بۆقەکان، کەچی بۆقەکان بە گاڵتە و خۆشییەوە نەدەمردن، بەڵکو بە جۆشەوە دەمردن».

چونکە ئەو وێنەیە لە منداڵیی خۆمدا هەبوو، زۆر سەرنجمی ڕاکێشا.

لە ماڵەوەم دەدزی بۆ پشیلە

کە منداڵ بووین پشیلەیەک فێری ماڵمان ببوو، من و براکەم ویستمان ماڵیی بکەین، بەڵام دایکم نەیهێشت. دواتر هەموو خزمان دەیانوت:

– کاکە پشیلەی چی؟! هەر ئەمەمان مابوو! بابە پشیلە پیسە، سپڵەیە!

ئێمەش بە دزییەوە گۆشتمان بە پشیلەکە دەدا و خزمەتیمان دەکرد. ڕۆژێک ئاشکرا بووین و چینێکی چاک سەرزەنشت کراین. ئیتر هەرگیز پشیلەمان ڕانەگرتەوە.

سەربردەی ڕاکردنی بەیانییەکی تر

ئینجا سەگ سرووشتێکی زۆر کەرانەی هەیە، هەر کە دەبینێت تۆ ڕادەکەیت، ئەویش بە دواتدا ڕادەکات! ئێ من قەرزارم ڕادەکەم، تۆ چی؟

من بۆ ڕاکردن گوێ لە جووڵەی چوارەمی سیمفۆنیی حەوتی بێتهۆڤن دەگرم، ڕەزمەکەی بۆ نەرمەڕاکردن زۆر گونجاوە، کاتەکەشی بەشی فەڕڕەیەکی تەواوی ڕاکردن دەکات. دەتوانیت خۆیشت تاقیی بکەیتەوە.

جووڵەی چوارەمی سیمفۆنیی حەوتەمی بێتهۆڤن بۆ ڕاکردنی بەیانیان زۆر گونجاوە

بەیانییەک سەگەلێکی زۆر گەلەکۆمەکییان کردبوو. بەسەر موزیکەکەی گوێمدا گوێم لە دەنگی سەگ بوو، بیستۆکم لابرد، تووتکەیەکی زۆر جوان، ئەوپەڕی تەمەنی بیست ڕۆژ دەبوو، دوام کەوتبوو. وەڕینەکەی زۆر هەتەرانە وەرگرتبوو، دەتوت بۆ مزگەوتی دەکات! خەریک بوو قوڕگی دەردەهات. منیش بۆی وەستام و کەمێک قسەم لەگەڵی کرد، ئەویش نەرمونیان بووەوە و لێم نزیک بووەوە. بڕیارم دا واز لە ڕەزمی ڕاکردنەکەم بهێنم و کەمێک کاتی لەگەڵ بە سەر ببەم.

نیو کاژێرێک لەگەڵ تووتکەکەدا یاریم کرد. ئەوەندە ماندوو بوو کە لێم دوور کەوتەوە و دانیشت. سەرنجم دا ئەو تووتکە بچکۆلە نازدارە هەردوو گوێی بڕابوو. زۆر پێم ناخۆش بوو. باشە دەبێت چ ویژدانێک دەستی چووبێتە ئەو تووتکە بچکۆلە و بێدەسەڵاتە؟ نێوان خۆمان بێت، ئەوە تا ئێستاش لە دڵمدا دەرنەچووە بۆیە ئەم نووسینەشم نووسی.

دەسەڵات، دەسەڵات، دەسەڵات!

مرۆڤی پەروەردەنەکراو، یان مرۆڤی بەدپەروەردەکراو بوونەوەرێکی ترسناکە. کە دایبابان لە منداڵییەوە بە خراپی دەسەڵات بە کار دەهێنن و لە بەردەم منداڵەکانیاندا مانۆڕی دەکەن لێکەوتەی ترسناکی دەبێت. بۆ نموونە کە لێیان دەدەن، سزای لەشییان دەدەن.

منداڵەکانیش کە چاوی ئەوانیان بەسەرەوە نەبێت هەمان ڕەفتار لەگەڵ خوار خۆیاندا دەنوێنن. بۆیە کاتێک ئەم جۆرە مرۆڤانە دەسەڵاتیان بەسەر شتێکدا دەشکێتەوە ئەتکی دەکەن. ئەگینا ئەگەر وا نییە، کاکی گوێبڕ فەرموو گوێی شێرێک ببڕە، یان تۆ چاک دەزانیت کە ئەم تووتکە داماوە هیچ دەسەڵاتی نییە، بۆیە دەتەوێت دەسەڵاتی خۆتی بەسەردا مانۆڕ بکەیت. ئەگەر بزانیت کەسێک داماوە و شەڕ نازانێت تێی هەڵدەدەیت. دە پاڵەوان ئەگەر ڕاست دەکەیت فەرموو پەلاماری پشتێنڕەشێکی کۆنگفو بدە.

پەروەردەی ئەو جۆرە مرۆڤانە دووچاری هەڵگرتنی دروشمێکی ترسناکی کردوون، ئەویش ئەوەیە کە گەر دەسەڵاتم بەسەریدا شکایەوە ئەتکی دەکەم، گەر نەشکایەوە مەرایی دەکەم.

تا ئەو دروشمە و ئەو جۆرە ڕەفتارانە چارە نەکرێن نابێت چاوەڕێی حکومەت و دەسەڵاتێکی باشتر بکرێت. چونکە حکومەت و دەسەڵاتیش هەر لە دوو کەسی تری وەک تۆ دروست بووە. بۆ چاککردنی حکومەت و دەسەڵات، یەکەم جار خۆت چاک بکە.


  1. لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠١٥دا نووسیومە. لە کاتژمێر ٦ی بەیانیی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا لەگەڵ یاساوڵەکەدا گفتوگۆکەمان کرد. لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
  2. ئێستانان نێوانم لەگەڵ ئاژەڵدا زۆر باشترە. ئێستانان چەند پشیلەیەکم هەن. بەڵام لەبەر ئەوەی لەگەڵ دایکم دەژیم، پێی خۆش نییە بیانهێنمەوە بۆ ماڵەوە. خۆشبەختانە ئەم گرێ دەروونییانەم کردووەتەوە (شوباتی ٢٠٢٥). ↩︎

پەتای تەمبەڵی

1پەتای تەمبەڵی

گەشتی خوێندنت

بۆ ئەوەی زوو فریای قوتابخانە بکەویت ساڵێک گەورە کرایت. لە پۆلی یەکەمی سەرەتایی هەموو ڕۆژێک پێت دەوترا: «بخوێنە بۆ ئەوەی بچیتە دوو». لە پۆلی دووەم و قۆناغەکانی تردا هەموو ڕۆژێک پێت دەوترا: «بخوێنە بۆ ئەوەی بچیتە قۆناغی داهاتوو». لە خوێندنگەی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەییشدا هەموو ڕۆژێک پێت دەوترا: «بخوێنە بۆ ئەوەی ببی بە شتێک».

گەشتی خێزانییت

بێگومان کەسێتییەکی پەلەکەرت لێ دروست بوو. بۆیە هەموو ڕۆژێک پەلەت لە ماڵەوە دەکرد هاوسەرگیری بکەیت، بۆیە لە نۆزدە ساڵاندا هاوسەرگیریت کرد. کە بە زانکۆ گەیشتیت، لە مانگی یەکەوە دەچوویت بۆ سەیرانی نەورۆز. لە مانگی دووەوە دەچوویت بۆ ئاهەنگی دەرچوون! ئەوەندە پەلەت بوو، خێرا منداڵێکت خستەوە.

گەشتی کارت

هەموو ڕۆژێک واستەیەکت دەکرد تا لە فەرمانگەیەکی حکومیدا داتبمەزرێنن. تەنها فەرمانگەی حکومیشت دەویست، چونکە لات وا بوو شوێنی کاری تر بڕاوە لای حکومەت نەبێت. پاشان بوویت بە فەرمانبەری حکومەت. کە دامەزرایت (نێوان خۆمان بێت) بە درۆوە نوخشەت لە یەک دوو ناسیاوی خۆیشت کرد.

دەبێت هەموو بەیانییەک بوومەلەرزەیەکی پلە نۆ ڕوو بدات تا تۆ ڕابیت و بچیت بۆ کارەکەت. هەنگاوێک بۆ پێشەوە و سیان بۆ دواوە دەچیت بۆ فەرمانگەکەت. مەزاجیشت شەڕی لێ دەپرژێت و هێشتا ڕانەبووە. لانیکەم چارەکێک درەنگ دەگەیتە فەرمانگەکەت.

چۆنێتیی کارت

کاتژمێر نۆ لە نووسینگەکەی خۆتدا و لەسەر مێزی کارەکەت ژەمێک نان دەخۆیت. کاتژمێر دە تۆزێک گوڵەبەڕۆژە دەخۆیت. کاتژمێر دە و نیو چایەک بە دەم باسی لەپاشملەی خەڵکانێک و حیلکەحیلکی ڕووکەشەوە بە نیو کاژێر دەخۆیتەوە. کاتژمێر دوانزە و چارەک لەبەر بۆنی پیاز کەس ناتوانێت سەردانی ژوورەکەت بکات. کاتژمێر دوانزە و نیو بە خەڵک دەڵێیت: «کاتی کار تەواو بوو».

بە درێژایی کاتی «کار»ەکەشت بە دڵی خۆت وەڵامی سەد تەلەفۆنی خزم و هاوڕێ و کەسوکار دەدەیتەوە و خەڵکانیشت لە بەردەمتدا ڕاوەستاندووە. هاووڵاتییان دەشکێنیت، هاوکارییان ناکەیت، ڕێنموونییان ناکەیت. لە ناخی دڵتەوە ڕقت لە هاووڵاتییانی بەردەمتە کە بوونەتە هۆی ئەوەی تۆ ئارامیت لێ تێکبچێت، وەک مەڕوماڵات تەماشایان دەکەیت، بۆت بکرێت لێشیان دەدەیت. لە خۆتەوە بە خەڵک دەڵێیت: «بڕۆ دوو مانگی تر وەرەوە!» تەنها لەبەر ئەوەی وزەت نییە ئەو ڕۆژە کارەکەیان ڕایی بکەیت. لەگەڵ وشەی ناکرێدا هاوسەرگیرییەکی زمانەوانییت کردووە.

 کاتژمێر یەکی نیوەڕۆ لە ماڵەوەیت. سەری مانگیش کە کرێی ئەم گەشتە ڕۆژانەیەت وەردەگریت خۆت بە شایستەی زیاتر دەزانیت، چونکە فڵان کەس لە فڵان شوێندا، کە هەر وەک تۆ وایە بەڵام لە پلەیەکی بەرزتردا، زیاتر وەردەگرێت.

پاڵنەرت چی بوو؟ تەمبەڵی؟

من دڵنیام لەبەر «خانەنشینی» هەوڵت دەدا لە کەرتی حکومیدا دابمەزرێیت، تا کە پیر بوویت مووچەی خانەنشینی بەرانبەر ئەو هەموو خزمەتە پڕ لە بۆنی پیازە وەربگریت. خۆ بە شایستەی زیاتر زانین خوویەکی خراپ نییە، بەڵام لە بەراورددا کەسێکی تر بهێنە بەر چاوت کە لەو بڕە مووچەیەی تۆ کەمتر وەردەگرێت و زیاتریش و بگرە تا پلەی تینپڕووکێنی کار دەکات.

پەیوەندیی تۆ و کات چۆنە؟

تۆ لە پێناوی ئەمڕۆدا ناژییت، بەردەوام لە کاتێکی تردا دەژیت. بۆ ئەوەی ئایندەیەکی گەش بەرهەم بهێنیت، ناکرێت ئێستا خۆت لە خەیاڵتدا تیایدا بژییت. وێنای ئەو ئایندەیە بکە، بەڵام دەبێت لە ئەمڕۆوە بۆی بچیت. لە پێناوی مووچەی چل ساڵی تردا ئەمڕۆ دڵی کەسێک مەشکێنە. ئایندە بەلەمێکە هەموومانی تێداین، ئەگەر نوقم بوو هەموو پێکەوە نوقم دەبین. ناکرێت تۆ تەنها خەمی ئایندەی خۆتت هەبێت و ماف و ئەرکی خۆت و ماف و ئەرکی ئەوانی تر پشتگوێ بخەیت، ئەگەر کاری بەرانبەرەکەت ئاسان ببێت، کاری تۆش ئاسان دەبێت. بۆیە لە ئاسانکردنی کارەکاندا بەشدار ببە.

شوێنکاری تریش هەن

چەندین بەشگە (کۆمپانیا) و ڕێکخراو و کەرتی تایبەتی هەن، ڕەنگە بتوانیت مووچەیەکی زیاتریش تیایاندا بشایستێنیت. بەڵام بەشگە و ڕێکخراو و کەرتی تایبەت داوای ئاستێکی بەرزتر و کارێکی زیاترت لێ دەکەن. زنۆقت لە کاری زیاتر نەچێت! شایستاندنی ئەو مووچەیەی وەریدەگریت ئاسوودەیی دەروونی بە دوادا دێت. چون دڵنیایت ئەو مووچەیەی وەرتگرتووە بەرهەمی خزمەت و ماندووێتییەکی ڕاستی بووە.

تۆوی ئایندە لە دەستی تۆدایە

کە ئەوەندەش ئەو خانەنشینییەت لا پیرۆزە، ئەوا بیرێک بکەوە: سبەی ناتەوێت کە پیر بوویت و توانای ڕێکردنت نەما، بچیتە بانکێکەوە و فەرمانبەرە گەنجەکانی بانکەکە وەک ئێستای خۆت مامەڵەت لەگەڵدا بکەن. ناتەوێت دڵت بشکێنن و بە کەم تەماشات بکەن و کارەکەت بۆ جێبەجێ نەکەن. ئەگەر ئەوانەت ناوێت بەرانبەر بە خۆت بکرێن، خۆت بەرانبەر بە خەڵکی تر مەیانکە.

کلیلی چارەکان کوان؟

بەرنامەکانی کۆمپیوتەر فێر بە. دوو شتی جیاواز فێر بە. زمانی تر فێر بە. با خەونی گەورەت هەبێت. با خولیات هەبێت. با ئامانجت بە سوودی خۆت و نەتەوەکەشت بێت. ئەوەندە لە نەزانیی خۆتەوە سەرزەنشتی زمانەکەی دایکت مەکە کە تەنها هەر ئەو زمانەش دەزانیت!

تۆ وا دەزانیت حکومەت کێیە؟ هەر خۆتیت، بەڵام چەند خۆتێک. ئەگەر تۆ باش بیت ژیان باش دەبێت. ئەگەر تۆ باش بیت ئایندە باش دەبێت. ئەگەر تۆ باش بیت وڵات باش دەبێت. ژیان شایستەی خۆماندووکردنە، شایستەی هەوڵبۆدانە، شایستەی شایستاندنی ڕاستینەیە. پەرە بە خۆت بدە، خۆت کلیلی چارەکانیت، یان بەشێکیت لە کلیلە گەورەکەی چارەکان.

ئێستات چاک بکە، بەیانی هەر ئێستایەکی ترە، ئەگەر لەسەر بنەمای ئەم ئێستا پەرەپێدراوەت بونیاد بنرێت، ئەوا دڵنیا بە باشتر دەبێت، ئەگەر لەسەر بنەمای ژیانە کۆنەکەشت بونیاد بنرێت، ئەوا دڵنیا بە دۆزەخ دەبێت.

تێبینی لەسەر وشەی تەمبەڵی

تەمبەڵی: تەمبەڵی لە تەمبەڵ-ەوە هاتووە. لە ڕیشەدا وشەیەکی لێکدراوە لە تەن و بەڵ پێک هاتووە. تەن واتە لەش، وەک لە وشەی تەندروستی-دا هەیە. بەڵ واتە ئەوەی ئاوساوە، وەک برنج کە زۆر ئاو دەکێشێت بەڵ دەبێت و قورس و زل دەبێت. کەواتە تەنبەڵ لە ڕیشەدا واتە ئەوەی لەشی ئەوەندە ئاوساوە کە ناتوانێت کار بکات و هەڵبسووڕێت. دەنگی م لە پێش دەنگی ب-دا گۆڕاوە و بووە بە م. بە تەمەڵ و تەممەڵ و تەنبەڵ-یش دەنووسرێت.


  1. لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥دا نووسیومە. لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢١ و ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە.
    ↩︎

چۆن تەماتە دەخورێت؟

چۆن تەماتە دەخورێت؟1

لە کەبابخانەکان تەماتەیەکت بۆ دەهێنن بە قەد دوو سندی دەبێت، تەنها دوو کەرتیان کردووە. هەرگیزیش چەقۆیەکت بۆ ناهێنن تەماتەکەی پێ قاش بکەیت. وەکو نەریتێکی باویش هەموو کەبابخانەکان و تەنانەت عەرەبانەی سەر جادەکانیش کوێرانە هەر وا دەکەن.

باشە کەس تا ئێستا نەیپرسیوە: «ئەرێ تەماتە چۆن دەخورێت؟ ئایا بە قاڵب دەخورێت؟ بە نیوقاڵب؟ ئایا تەماتەی سەر قاپەکە بۆ دەمت دەبەیت؟ یان دەمت بۆ تەماتەی سەر قاپەکە دەبەیت؟» هەر چۆنێک لێکی دەدەیتەوە کە ئەگەر ئەو کەرتە بۆمبە بخەیتە دەمتەوە بیست خولەک جوینی دەوێت. ئەگەر بیشیخەیتە ناو پارووەکەتەوە لە کاتی قەپلێدانەکەدا لەژێرەوە یان دادەچۆڕێت، یان فیق تەماتەکە خۆی دەخزێتە کۆشتەوە و لە هەردوو بارەکەدا تاتایە لەکەکەی بە جلەکانتەوە لێنابێتەوە. تەنانەت لەو چێشتخانانەشدا کە شێفەکانیان یان تورکن یان نیمچەتورکن هەر هەمان تاس و حەمامە، بەڵام تەنها جیاوازی ئەوەیە لەوێ تا ڕادەیەک دەوێریت داوای چەقۆ بکەیت، یان خۆی لەسەر مێزەکە دانراوە.

هەموو نەریتێک شایستەی هێشتنەوە نییە2

لە سایەی پەتای دەبەنگییەوە، کە زۆربەی خەڵکان سەربەرزانە هەرچی خووی خراپ هەیە بە ناوی «خاکێتی» و «سادەیی»ەوە پەیڕەوی دەکەن، خوانەخواستە ئەگەر لە چێشتخانەیەکی میللیدا داوای چەقۆ یان چەتاڵ بکەیت، کە هێمای جیهانیی چێشتخانەن، پێت ڕادەبوێرن و لەوانەشە تووشی شەڕ ببیت. شاگردەکە دێت و دەڵێت: «چەقۆت بۆ چییە؟ شەڕ دەکەیت؟» تۆش دەڵێیت: «نا، ئەو تەماتەیە قاش دەکەم». ئینجا ئەو دەکەوێتە ئامۆژگاریکردنت و دەڵێت: «کوڕە هەر وا بکە دەخورێت، ئەوەندە ناسک مەبە! دەترسم تۆ لەوانە بیت کە بە چەتاڵیش نان دەخۆیت و بە باوکیشت دەڵێیت پاپی؟! کوڕە بابە تۆزێک خاکی بە و وەکو خەڵک بژی!». ئەگەر داوای چەتاڵیش بکەیت دەڵێن: «چییە مامە؟! چەتاڵت بۆ چییە؟ کوڕی دکتۆرە ناسکەیت؟ خولە، ئا بڕۆ چەتاڵێکی بۆ بکڕە، ئەم برادەرەمان کوڕی عەقارییە و بە باوکی دەڵێت پاپی!». خولە دێت و دەڵێت: «چەتاڵت بۆ چییە؟ هەر وا بکە دەخورێت. قەیچێکە با دەستت پیس بێت! شت بە پیسی خۆشە!». من جگە لەوەی لە پەتای دەبەنگیی خەڵکی گشتی نیگەرانم، ئێستا پرسیارە سەرەکییەکەم تا ئێستا وەڵام نەدراوەتەوە. چۆن تەماتە دەخورێت؟


  1. لە ٨ی ئابی ٢٠١٣دا نووسیومە. لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢١، ٢٢ی ئەیلوولی ٢٠٢١، ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥دا  پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
  2. لە لاقەکردنی دیاسدا بە درێژی لەسەر ئەم وتەیە دوواوم. ↩︎