
هۆنوسیاد: یەکەم دیبەیتی هۆنوس[1]
هۆنوسی ماک، هۆنوسی بپرس، لە ترسی دوژمنانی پرسیار ناوی خوازراوی (نادیار پەیامهێن)ی لە خۆی نا. لە ئێستا بە دواوە هەر کاتێک ناوی نادیار پەیامهێنتان دی، ئەوە هۆنوسە. بیگرن، لەسەر پرسیارەکانی پارچەپارچەی بکەن؛ لە خاچی بدەن؛ بە زیندوویی بیکەن بە قوڵفەی پۆڵادا؛ ژەهر بڕێژنە داڵانی گوێچکەکانییەوە؛ بە زیندوویی پێستەی بکەن و بیخەنە خوێیاوەوە؛ دەستی ڕاست و قاچی چەپی ببڕنەوە؛ لە ملی بدەن؛ بە ئەڵقەتایەی ئاگرین بیبەستنەوە، با نەوێرێ پرسیار بکا. مناڵەکانتان فێر نەکەن وەک هۆنوس پرسیار بکەن، نەبادا دوایی ئاسوودە ببن! نەبادا زانا و دانایان لێ دەربچێ. نەکەن مناڵ فێری پرسیار بکەن، نەبادا پێیان بڵێن ئێسکگران، نەبادا لەبەرچاوی بێڕەنگی ملشۆڕ و ملکەچە بێپرسیارەکاندا ناشرین ببن!
باوەڕت سێدارەیە، دۆگمات تەنافە، زووبە دەی
بیخە ئەستۆی من کە پرسیم، پرس بەشی خنکاندنە[2].
بەژنەکەت سێدارەیە، کەزیەت تەنافە، زووبە دەی
بیخە ئەستۆی من کە کوردم، کورد بەشی خنکاندنە[3].
نادیار پەیامهێن (کە هەر هۆنوسە، بەڵام با بڵێین کەسێکی ترە… ئا… ئا، تۆ نازانی لووتی کەمتیارە نەپرسەکان بۆ بۆنکردنی زانینخواز و بپرسەکان چەند بەهێزە! زۆربەی کاتیش کەسە نەپرسەکان لە شێوەدا هەر لە کەسە بپرسەکان دەچن، بەڵام هەندێ جار بە شێوەی جلوبەرگ و ڕوخساریاندا خۆیان جیا دەکەنەوە، ئەمانە ئەوانەن کە پلەیان وەرگرتووە و مەدالیای ئازایەتی کراوە بە ڕوخسار و جلوبەرگیانەوە و بە ئاشکرا شانازی بە زانایی خۆیانەوە دەکەن لە نەزانیدا، واتە زانان لە نەزانیدا)… نادیار پەیامهێن کەوتە گێڕانەوە:
ڕۆژێک کە لە قوتابخانەی ئامادەیی بووم، واتە ساڵی ٢٠٠٢، لە وانەیەکدا مامۆستاکەمان پرسی: «ئایا دەزانن تا ئێستا کەسێک کە مێشکی بە زۆرترین ڕێژە بە کار هێنابێ کێیە؟» خوێندکارەکان هەموو بێدەنگ بوون. مامۆستا پاش بێدەنگیی خوێندکارەکان بە بزەیەکی هەستکردن بە زیرەکییەوە وتی: «ئەنیشتاین!» مامۆستا بۆ کەمێکیش هەر تەماشای هەمووانی کرد و بێدەنگی باڵی بەسەر پۆلەکەدا کێشا. هەستێکی هەڵەشەی لەناکاو هێرشی بۆم هێنا و بۆ چرکەیەک لەشمی بە کار هێنا و خۆی دەرفیچقاند. هەستە هەڵەشەکەم لە دەممەوە پرسی: «چۆن، مامۆستا؟» مامۆستا کە خواخوای ئەم پرسیارەی بوو تا زانیارییەکانی مانۆڕ بکا، وتی: «بە کۆمپیوتەر توێژینەوەی لەسەر کراوە کە لە هەموو کەسێک زیاتر مێشکی بە کار هێناوە».
ئەگەرچی ئێمە مناڵییەکی دەوڵەمەندانەمان بە سەر نەبردبوو، بەڵام دەمێک بوو کۆمپیوتەرمان هەبوو، منیش لەچاو زۆربەی خەڵکی هەموو عێڕاقدا زیاتر لە کۆمپیوتەرم دەزانی. بۆیە کە کەسێک زاتی دەکرد باسی کۆمپیوتەر بکا، هەستێکی هەڵمەتبەرم بۆ دەهات و وای دەکرد هەست بکەم ناچارم خۆم هەڵبقورتێنمە هەموو باسێکی تەکنەلۆژیاوە، چونکە بواری تەکنەلۆژیام بە هیی خۆم دەزانی. بۆیە هەستە هەڵەشەکەم خێراتر لە پێشوو، بێ ئەوەی بۆ ڕاوێژی کۆمەڵگا باڵا توواوەکەی ناخم بگەڕێتەوە، کە ئەوکاتە ئەم کەرملەم ناو نەنابوو «هۆنوسی دووەم»، خێرا هەڵقورتایەوە و وتی: «مامۆستا، ئەوە لە کاتێکدا ڕاست دەبێ کە ئەو تاقیکردنەوەیە لەسەر مێشکی هەموو مرۆڤێکی تری سەر زەوی کرابێ و لە بەراوردی هەموواندا دەردەکەوێ ئەو لە هەموومان زیاتر مێشکی بە کار هێناوە». مامۆستا وتی: «نەخێر! چۆن وا دەڵێی؟ چۆن ئەمەت هەڵهێنجاند؟»
من لە ڕاستیدا لەو کەسانە نیم خەڵک بە درۆ بخەمەوە و دیبەیت لەگەڵ هیچ کەسێکدا بکەم، بەڵکو زیاتر تەنها خۆم بە بێدەنگی لە شتەکانی چواردەورم ڕادەمێنم و بیر دەکەمەوە. پێشم وایە ئەگەر بیرکردنەوەیەکی پێشینەم نەبووایە، هەرگیز نەمدەتوانی و نەمدەوێرا یەکسەر ئاوها بێ بیرکردنەوە لەگەڵ مامۆستاکەمدا، لەگەڵ سەرگەورەکەمدا، خۆم بخەمە ناو دیبەیتێکی وەهاوە. هەر لە مناڵیمەوە وا لە مێشکمدا چەسپێنراوە و چەسپاوە کە هەمیشە هەموو گەورەترێک لە تۆ، بە تایبەتی مامۆستاکەت، لە تۆ زیرەکترە و دەبێ لەگەڵیدا زۆر نەرمونیان بی، وەک بڵێی مامەڵە لەگەڵ هێلکەدا دەکەی، دەبێ هەرگیز نەهێڵی بشکێ! چونکە ئێمە لە لایەن کەسانی بچووکەوە فێر کرابووین کە ئەوانەی لە ئێمە گەورەترن، تەنانەت بە خودای دروستکەری هەموو جیهانیشەوە، دەبێ زۆر بە ترساوی و تۆقیوی و ملکەچی و سەرشۆڕی هەمیشە ڕێزیان بگرین، نەکا تووڕە ببن. کۆرپەی تۆقینیان هێنا و بە قوماتەی ڕێز پێچایانەوە و بە زنجیری پیرۆزی لە دڵ و مێشکمانیان کڵۆم کرد. یەکێک لە هۆکارە هەرە مەزنەکانیش ئەوە بوو کە نەبادا بوێرین پرسیارێک بکەین کە بەگژ ڕێژەی زیرەکیی و ئاستی زانیاریی مامۆستاکانماندا بچێتەوە، چونکە پرسیار گەورەترین دوژمنی فێرکارییەکانی ئێمە بوو. تا ئێستاش هەندێ جار تەنانەت کە لە هەواڵی خەڵکانی لە خۆم گەورەتریش دەپرسم، لە ناخمدا بوومەلەرزەیەک ڕوودەدا. چۆن وێرام پرسیار بکەم؟ چۆن دەبێ مناڵ لە گەورە بپرسێ؟ چۆن بە گەورەتر لە خۆت دەڵێی: «چۆنی؟» دەبێ هەمیشە ئەو لێت بپرسێ چۆنی! دونیا وەهایە و بیکە بە ئەڵقە و بیکە بە گوێتەوە. لە پەروەردەکەی مناڵیمەوە، هەمیشە هەوری قێزکردنەوە لە مرۆڤی پرسیارکەر بەسەر ئاسمانی هەرزەکاریمەوە بوو. ئەوەندە تۆقینم لە پرسیار هەبوو، کە ئەگەر پرسیاریان لە خۆیشم بکردایە نەمدەوێرا هەر پرسیارەکەش ببیستم، خۆم لێی کەڕ دەکرد، نەبادا پرسیار وەک گڕکان بپرژێ و گڕکاناوەکەیم بەربکەوێ و منیش داخ بکا. زۆر زۆری ویست تا ئەم کۆرپە نەفرەتییەم لە ناخمدا خنکاند. ئێستاش سێبەری بێشکە پیسەکەی لە دڵ و مێشکمدا ماون و وا کارێک دەکەم سێبەرەکەشی فڕێ بدەم. بەڵام ترسە هەرە گەورەکە ئەوەیە کە برا و باوک و مام و خاڵ و باپیر و باوەگەورانی ئەم کۆرپەیە، هەموویان بە چواردەورمەوەن. تا ئێستاش نەموێراوە بڵێم: «کۆرپەکەتانم کوشت و چیتر ناهێڵم دڵ و مێشکی من ببێ بە لانکە و پێگەی بەرهەمە قێزەونەکانی ئێوە. چیتر بۆتان نییە دەروونی من بۆ درێژکردنەوەی دۆگماکانتان بە کار بهێنن. چیتر ئەم دەروونەمتان نادەمێ ژەهری باوەڕە چەقبەستووەکەتانی تێدا هەڵبگرن».
ئەگەر ئێمە پرسیار بکەین لە بێڕێزیدا نییە، بەڵکو دەزانین کە نازانین و دەمانەوێ بزانین، ئەی کە گەورەکان دەزانن ئێمە نەزانین، بۆچی تووڕە دەبن؟ چ مێشکێک خۆی هەموو زانیارییەکی تێدایە کە دێتە دونیاوە؟ هەموو مێشکێک هەر بە پاکی نایە و چواردەور ژەهراویی دەکەن؟ چۆن دەبێ گەورە لە نەزانیی بچووک تووڕە ببێ؟ چۆن دەبێ دانا لە ساویلکەیی نادان تووڕە ببێ؟ ئایا بە ڕاستی ترس و تۆقین و خۆشەویستی پێکەوە کار دەکەن؟ پێکەوە دەژین؟ کوا خۆشەویستی و تۆقین پێکەوە دەژین؟ چۆن دەبێ بەهێز، کە دەزانێ بەهێزە، مانۆڕی بەهێزییەکەی بەرانبەر بێهێزان بکا؟ چۆن دەبێ ڕوناکی لە تاریکی بترسێ؟ هەمیشە نادان لە دانا و هەمیشەش تاریکی لە ڕوناکی و هەمیشەش بێهێز لە بەهێز ترساون. بەڵام تۆ، ئەی بەدبەخت، ئەی خوێندکارە بپرسە چاونەترسە ئێسکگرانەکەی دەبێ لە هەموو شوێنێک بوون و ئامادەیی خۆت، بێ ویستی خۆت، نمایش بکەی؛ تۆ، ئەی ئەو کەسەی بە ڕوواڵەت هیچ پرسیارێکت سەبارەت بە گەردوون و دۆگما و باوەڕ نییە و لە ناخیشتدا بناغەی هەموو زانیارییەکت نیشانەیەکی پرسیارە؛ تۆ، ئەی ئەو کەسەی بە ڕوخسار زۆر سەنگین دیاری و لە ناخیشدا ئەوینداری پێکەنینێکی هەمیشەییت؛ تۆ، ئەو کەسەی بە ڕوخسار ڕقت لە هەموو گۆرانییەکە و لە ناخیشتدا هەزاران گۆرانیت ئەزبەر کردووە: فەرموو مامۆستاکەت پرسیاری لێت کرد، چۆن گەیشتی بەم دەرئەنجامە؟ بۆی ڕوون بکەرەوە.
لە ڕاستیدا لەو ڕۆژانەی مامۆستا ئەو قسەیەی کرد، بابەتێکی تری وەها سەرنجی ڕاکێشابووم و چەند ڕۆژێک بیرم لێی کردبووەوە. بۆیە ئەم بابەتەم لەگەڵ مامۆستاکەمدا بەش کرد: «مامۆستا، لەم ڕۆژانەدا خزمێکم وتی: «موهیمترین دەنگ هیی ئیبراهیم تاتڵسە، لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە، بەخوا، داویانە لە کۆمپیوتەر! تاتڵس تەبەقەیەک لە قورگیدایە کە کەسی تر نییەتی. دەڵێن تەنها سەی عەلی ئەسغەر ئەو تەبەقەیەی هەبووە، بەڵام ئەویش مردووە» دوو سێ شەو هەر بیرم لەو قسەیە دەکردەوە. ئێ کوا، خۆ دەنگی من لە کۆمپیوتەر نەدراوە و بە تەنیشت هیی تاتڵساسەوە دانرابێ تا لە بەراوردکاریدا بزانرێ دەنگی ئەو «موهیمترین»ە. بۆیە بڕوا ناکەم ئەم زانیارییانە تەندروست بن».
باشە بۆچی هەمیشە ئەفسانەکان کۆن و دوورن؟ هەموو پەڕجووەکان کۆن و دوورن؟ بۆچی ئەفسانەی نوێ و نزیک نین؟ پەڕجووی نوێ و نزیک نین؟ بۆچی دەبێ هەر دەزووی چیرۆکێک کە نەچوو بە کونی دەرزیی لۆژیکدا هەمیشە دێرین بێ؟ ئەم دەزووە ڕزیوە هیچ قوماشێک پێکەوە گرێ نادا! هیچ بەرگێک دروست ناکا! تووڕی دەن!
مامۆستا وتی: «نا وا نییە باوکی من، تۆ هەڵە تێگەیشتووی… خۆی کە توێژینەوە لە شتێکدا دەکرێ… ژممامدمررمبەمخممهممدمم…» مامۆستا کۆمەڵێ شتی زۆری وت، بەڵام لەناکاو کۆمەڵگا توواوەکەی ناخم ڕابوو و لە ناخمدا کەوتمە گێژاوی لێپێچینەوەیەکی گەورەوە: چۆن وێرام وا بکەم؟ بۆچی ئەم قسەیەم کرد؟ تۆ کێی قسە بکەی؟ چۆن لە خۆتەوە هەڵەوەڕی دەکەی؟ چۆن دەبێ بە مامۆستا بڵێی وا نییە؟ ئەوە بۆچی هەمووان تەماشام دەکەن؟ ئێستا مامۆستا لێمدەدا! تۆ بڵێی دەرمنەکەن؟ دوایی دەڵێن باوکت بهێنە. باوکم نییە. خوێندکارەکانی چواردەورم بە پێکەنینێکی شادی و گاڵتەجاڕییەوە تەماشایان دەکردم، کوڕێک لە پێشمەوە وتی: «هەی لە تاتڵساس! وریا بە نەتفڕێنن…» هەندێک خوێندکاری تریش هەندێ شتی تریان وت. بەڵام من لەتاو دڵەڕاوکێ ناوەکییەکەم نەمتوانی بە ئاسوودەیی دەروونم بگەم تا بتوانم گوێیان لێ بگرم. دڵنیاش بووم مامۆستا هەر بۆی ڕوون دەکردمەوە کە چۆن هەڵەم، بەڵام نەمدەتوانی ببیستم، تەنها دەم-جووڵانم دەبینی. نەمدەزانی چۆن کۆتایی بەم گفتوگۆ نەخوازراوەم بدەم و سەرم لێ هاتبووەوە یەک. لەناکاو بە خێرایی دەستم هەڵبڕی و مامۆستاش فەرمووی لێم کرد، وتم: «مامۆستا، دەتوانم بچم بۆ تەوالێت؟» هەموو پۆلەکە لە پرمەی پێکەنینیان دا. خوێندکارێک وتی: «دەچێ بۆ تەوالێتەکە گۆرانی دەڵێ و پشتی برایم تاتڵس دەشکێنێ!» یەکێکی تر وتی: «کوڕە لە تەوالێتەکە ئەوەندە گوو هەڵستاوە دەنگ دەنگ ناداتەوە، لەوێش دەنگی خۆش نییە!» هەمووان بە گاڵتەجاڕییەوە تێر پێم پێکەنین و مامۆستاش بزەیەکی کرد و پاش وچانێک وتی: «بڕۆ».
مامۆستا ڕێی دام و لە ڕاستیدا کە بەرەو تەوالێتەکە دەچووم، دەمزانی ئامانجم چوون بۆ تەوالێت نییە، چونکە هەستیاریم بە بەکارهێنانی تەوالێتی تر هەیە جگە لە تەوالێتی خۆم. ئەوەندەی بیرم بێ، لە هەموو تەمەنمدا لەوەناچێ دە تەوالێتی جیاوازم تاقی کربێتەوە، بەڵام چوونم بۆ تەوالێت تەنها پاساوێک بوو بۆ خۆدزینەوە لە بوێرییە هەڵچووەکەم و ئامۆژگارییەکانی مامۆستا و گاڵتەپێکردنی هاوپۆلەکانم، کە هیچیان هاوڕێم نەبوون. لە بەردەم تەوالێتەکەدا تەماشایەکی چواردەورم کرد و چوومە پشت تەوالێتەکە و بە دزییەوە جگەرەیەکم کێشا. من پانزە ساڵی ڕەبەق لە قۆناغی پێش زانکۆ خوێندکار بووم، باڵەخانەی چوار قوتابخانەم لە سلێمانی و هەولێر گۆڕیوە و هەرگیز بێزم نەدەهات تەوالێتەکانیان بە کار بهێنم. چونکە زۆربەی هەرە زۆری گەلی کورد فێر نەکراون تەوالێت بە کار بهێنن و داوای دەوڵەتیش دەکەن. زۆرینەی خەڵکی ئەم نیشتمانە کە دەچن بۆ تەوالێت وا دەزانن ئیتر ئەوە دواهەمین جارە ئەو تەوالێتە بە کار دەهێنرێ، باکیان نییە بیشیتەقێننەوە. هەر لە خۆیەوە سیفۆن لە ژێریاندا دەشکێ! من ئەگەر هەوڵیش بدەم ناتوانم سیفۆن بشکێنم. تا ئێستاش ئەو پرسیارەم هەیە کە: هەموو مرۆڤێک دەبێ ڕۆژانە لانیکەم جارێک بچێ بۆ تەوالێت، ڕۆژ نییە نەچی بۆ تەوالێت، ئێ هەر شتێک کە هەموو ڕۆژێک بیکەی، بە شێوەیەکی سروشتی، دەبێ تیایدا باش بی. کەچی گەلێک لەو کارەدا شکستیان هێناوە کە هەموو ڕۆژ دەبێ بیکەن. ئیتر چۆن متمانە بەو کەسانە دەکەی لەم ژیانەدا کارێکیان پێ بسپێری؟ یان دەوڵەت دروست بکەن؟ یان هەر شتێکی کەمێک گرنگ بکەن؟ گەلێک نەزانن تەوالێت بە کار بهێنن، کە هەموو ڕۆژێک ناچارن بە کاری بهێنن، چۆن دەتوانن خوێندکارێکی بپرس و زانینخواز پەرە پێ بدەن؟
[1] لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥دا نووسراوە، لە ٨ی ئابی ٢٠٢٠دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە، لە ٣١ی ئابی ٢٠٢٠دا تەواو کراوە، لە ١٢ی ئابی ٢٠٢١ و ١ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەی تری بۆ کراوە.
[2] دەستکاریکراوی دێڕێکی هۆنراوەی یادگاری شیرینی هێمن موکریانی.
[3] دێڕێکی هۆنراوەی یادگاری شیرینی هێمن موکریانی.