
ڤینوس و ئادۆنیس چییە؟

بە گوێرەی دەقی ڤینوس و ئادۆنیس-ی شێکسپیر بێت (کە دوای ئەم تابلۆیە نووسراوە)، دەبوو ئادۆنیس هەم منداڵتر دەرکەوتبا، هەم کڵاوێکی لە جۆری بۆنێت-ی لە سەردا بووایە، هەم تانجییەکانیشی پێ نەبووایە.
ڤینوس و ئادۆنیس ناونیشانی هۆنراوەیەکی درێژی ویلیەم شێکسپیر-ە. لە ١١٩٤ دێڕ پێک هاتووە. ساڵی ١٥٩٣ بڵاو کراوەتەوە. گەرچی دوای مەرگی شێکسپیر ناوبانگەکەی بەرەبەرە کز بووە، بەڵام لە سەردەمی ژیانی شێکسپیر خۆیدا بەناوبانگترین بەرهەمی بووە و خەڵک بەو هۆنراوەیە شێکسپیریان ناسیوە. پڕفرۆشترین نامیلکەی سەردەمی ژیانی شێکسپیر بووە. ئەوەندەی تا ئێستا دۆزراوەتەوە، هەر لە سەردەمی ژیانی شێکسپیردا ١٠ جار چاپ کراوە. دواتریش شەش جاری تر چاپ کراوەتەوە، پێش ئەوەی سەرلەنوێ نوێ بکرێتەوە. ئەم هۆنراوەیە بە یەکەمین کاری شێکسپیر دادەنرێت.
پوختەی ڕووداوەکان
هۆنراوەی ڤینوس و ئادۆنیس چیرۆکی خۆشەویستیی ڤینوس بۆ ئادۆنیس دەگێڕێتەوە. ڤینوس خوای خۆشەویستیی ڕۆمییەکان بووە. ئادۆنیسیش کوڕێکی منداڵکاری جوانە. تەواوی ڕووداوەکان لە نزیکەی ٢٤ تاودا (تاو: ٦٠ خولەک) ڕوو دەدەن. چیرۆکەکە لە بەرەبەیانی ڕۆژی یەکەم دەست پێ دەکات و لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووەم تەواو دەبێت.
ڤینوس ئەوینداری ئادۆنیسە و دەیەوێت قایلی بکات ببێت بە خۆشەویستی خۆی و منداڵی لێ بخاتەوە. بەڵام ئادۆنیس حەزی لە خۆشەویستی نییە و خۆی پێ منداڵە و خۆی لە ئاستی خۆشەویستیدا نابینێت. بە درێژایی هۆنراوەکە ڤینوس هەوڵ دەدات ئادۆنیس ساز بکات بۆ دڵداری. بەڵام ئادۆنیس لە کۆتاییدا بە جێی دەهێڵێت و دەچێت بۆ ڕاوی بڕەک، واتە بەرازی نێر. ڤینوس دڵی دەشکێت. بۆ سبەی ئاکامی ڕاوەکەی ڕوون دەبێتەوە.
شێکسپیر خۆی داڕێژەری چیرۆکی ڤینوس و ئادۆنیس نییە، بەڵکو چیرۆکەکەی لە پەڕتووکی دەیەمی داگۆڕانەکان (مێتامۆرفۆس)ی ئۆڤید-ەوە هێناوە. ئەم پەڕتووکە بە کوردی هەیە و خاتوو بەیان سەلمان وەریگێڕاوە، بە ناونیشانی میتامۆرفۆس (سلێمانی، ٢٠١٨). بەڵام بێگومان شێکسپیر هەندێک وردەکاریی گۆڕیوە و شتی بۆ زیاد و کەم کردووە.
ڕووداوەکان لە کاتێکی دیارینەکراوی سەردەمانی گریکی دێرینە، ڕەنگە بکەوێتە پێش دینی جووەوە. بۆیە خوا و دینی ئەو سەردەمە لە پەڕاوێزی دەقەکەدا هەن.
پێکهاتەی هۆنراوەکە
تەواوی هۆنراوەی ڤینوس و ئادۆنیس بەسەر کۆپلەی ٦ دێڕیدا دابەش کراون. ئاوهاش تەواوی هۆنراوەکە لە ١٩٩ کۆپلە پێک دێت. دەقە ئینگلییەکەی ئەم هۆنراوەیە بە جۆرە کێشێک نووسراوە کە بە ئینگلی پێی دەڵێن کێشی ئایامبی iambic. بە دیاریکراویش ئایامبی پێنجپێیی، کە بە ئینگلی پێی دەوترێت iambic pentameter. تەواوی هۆنراوەکە سەروادارە و سەروای کۆپلەکان بەم جۆرەن: ئا بێ ئا بێ پێ پێ. واتە دێڕی یەکەم و سێیەم هاوسەروان، دیڕی دووەم و چوارەم هاوسەروان، دێڕی پێنجەم و شەشەم هاوسەروان.
پیتاککەر

کەسێک بە ناوی هێنری ڕایۆثێسلی (١٥٧٣-١٦٢٤) ئەرکی پیتاککردنی ئەم بەرهەمەی خستووەتە سەر شان. ئەم پیاوە سێیەم ئێرلی ساوثهامپتن بووە لە ئینگلتەرا. ئێرل لە بەریتانیا وەک پارێزگار وا بووە لە کوردستان. ئەم پیاوە حەزی بە شانۆ هەبووە و چەندان نووسەری تری پیتاک کردووە.
کاتی نووسین و چاپ
ساڵی ١٥٩٣ ڤینوس و ئادۆنیس لە سەندیکای نووسەر و ڕۆژنامەوانانی لەندەن تۆمار کراوە. ئەم دەزگەیە بۆ تۆماری خاوەندارێتیی نووسەران بووە. ئەو کاتە شێکسپیر تەمەنی ٢٩ ساڵان بووە. کەواتە دەبێت پێش ئەوە نووسرابێت. بە گوێرەی پێشکێشنامە کورتەکەش، کە شێکسپیر نووسیویە، وا دیارە شێکسپیر لە ساڵی ١٥٩٢ەوە دەستی بە نووسینی کردبێت. لەو سەردەمەدا پەتایەک هەموو لەندەنی گرتبووەوە و شانۆگەکان داخرابوون. بۆیە شێکسپیر «کاتی بەتاڵ»ی زۆر بووە و ئەمەی تیایدا نووسیوە. چاپکراوی ڤینوس و ئادۆنیس لە ئایاری ١٥٩٣دا بۆ فرۆشتن بەردەست بووە1.
بۆچی ڤینوس و ئادۆنیسم وەرگێڕا؟
بە بۆنەی وەرگێڕانی ڕاڤەکانی ئەڵقەی نۆیەمی ئولیسی جەیمز جۆیسەوە، لە چەندان شوێندا ناچار دەبووم هەندێک کۆپلە لە ڤینوس و ئادۆنیس وەربگێڕم. ڕۆژێک بە خۆمم وت: «خۆ ئەوەندەم نەماوە، بۆ هەمووی وەرنەگێڕم؟» ئیتر ئاوها دەستم پێی کرد. ماوەماوە خەریک دەبووم. هەندێک جار ڕۆژانە حەفتا دێڕم وەردەگێڕا، هەندێک جاریش هەبوو بە دوو مانگ لێی نزیک نەدەبوومەوە. ئەمساڵ هەستم کرد بووە بە بار بەسەر شانمەوە و ڕێی کاری لێم گرتووە. بە تایبەتی لە کاتێکدا دەیان پڕۆژەی گەورەی تەواونەکراوم هەن. بۆیە وتم با تەواوی بکەم و بگەڕێمەوە سەر تەواوکردنی بەرگی سێیەمی ئولیس و ڕاڤەکانی. هەر بۆ زانیاری، ستیفن دێدالۆس، کە یەکێکە لە کەسێتییە سەرەکییەکانی ڕۆمانی ئولیسی جەیمز جۆیس لە ئەڵقەی نۆیەمدا دەڵێت: «ڤینوس و ئادۆنیس لە ژووری نووستنی ھەر یەکێک لە کچە سۆزانییەکانی لەندەندا ھەیە».
- ئۆکسفۆرد: کۆبەرهەمی نوێی شێکسپیر. ئامادەکردنی گاری تەیلەر، جۆن جاوێت، تێری بوروس، گابریێل ئیگن، لەگەڵ فڕانسیس ئێکس کانەر، ڕۆری لوونەین، ئانا پرویت. یاریدەری ئامادەکاران: سارا نێڤیل، وڵ شارپ. دەزگەی چاپ و پەخشی زانکۆی ئۆکسفۆرد، ٢٠١٦. لا. ٦٤١. ↩︎