
هۆنوسیاس: میهرەبانەکان
پێشەکیی میهرەبانەکان[1]
ئەم ئەڵقەیە پێشکەشە بە هەر کەسێک کە ڕۆژێک لە ڕۆژان کردەوەیەکی بچووکی میهرەبانانەی بەرانبەر کەسێکی نەناس نوواندبێ، بە تایبەتی بەرانبەر مناڵێکی پەڕەوازە. ڕەنگە لای تۆ تەنها کردەوەیەکی سادە بووبێ، بەڵام لای ئەو بۆ تاتایە وێنەی میهرەبانی لە یادگەیدا هەڵدەکۆڵرێ. چونکە لەوانەیە ئەو کەسەی بەرانبەرت تا ئەو چرکەیە نەیزانیبێ میهرەبانی بە کردەوە چییە، کە تۆ پیشانیت دا، دەرگای بەهەشتێکی دەروونیی پیشان دەدەی کە هەر لەم سەر زەوییەیە و زۆر نزیکی خۆی بووە، بەڵام لەبەر چەڕەدووکەڵ و تەپوتۆزی هەڵستاوی بن پێی شەڕخوازەکانی دەوروبەر نەیدیوە. بەم شێوەیە لێی بڕوانە: تۆ تەنها پارچەیەک قوڕی دەستکرد بە مناڵێک دەدەی، ئەو دەیکا بە مرۆڤ، بە ئاژەڵ، بە درەخت، بە ماڵ، ئوتومبێل…تد. تۆ میهرەبانیی خۆت پەخش بکە و لێبگەڕێ خۆی کاری خۆی بکا.
میهرەبانی ئەوە نییە کە زۆربەی خەڵک تێیگەیشتووە، پارە بە هەژارێک، یان مناڵێک بدەی. ئەگەر میهرەبانی جۆری هەبێ، ئەوە خراپترین جۆری میهرەبانییە، چونکە هیچ هەژارێک بە پارەی خێر لە هەژاری ڕزگاری نابێ، بەڵکو زیاتر ڕۆ دەچێتە لیتاوی هەژارییەوە. ئەگەر بەرانبەر مناڵێکیش وا بکەی ئەوا وای لێ دەکەی هەر بە پەڕەوازەیی لە ژیاندا بمێنێتەوە. پارەدان بە هەژار چارەیەکی زۆر کاتیی کێشەیەکی بەردەوامە. میهرەبانییەک بنوێنە کاریگەریی قووڵی هەبێ، گۆڕانکاری لە بەرانبەرەکەتدا دروست بکا، کەمێک کاتی خۆت بەو کەسە ببەخشە، بزەیەکی دروستکەر، تەماشایەک، زانیارییەک کە لە مەودای درێژخایەندا ڕزگاری بکا. بشزانە: تەنها هەژار و بێ-مووچە پێویستی بە میهرەبانی نییە، هەموو مرۆڤێک، چەنێک دەوڵەمەند و زەنگینیش بێ، هەر پێویستی بە میهرەبانییە. لە ڕاستیدا بەم شێوەیەیە: زۆربەمان وا دەزانین ئەو کەسە تەنها لەبەر ئەوەی دەسەڵاتێک یان سامانێک یان پیشەیەک یان مووچەیەکی هەیە، ئیتر پێویستی بە میهرەبانی نییە، بۆیە هەمووان بە لایدا تێدەپەڕن و هیچ میهرەبانییەکی لەگەڵدا نانوێنن. بەڵام تۆ نەتزانیبوو، ئەویش بەدەر نییە و تینووی میهرەبانییە. بۆیە، تکایە دووراودوور بڕیار مەدە کێ پێویستی بە میهرەبانی نییە و کێ پێویستی پێی هەیە. تکایە لە پەخشکردنی میهرەبانی بەردەوام بن.
پێشتر ئەم ئەڵقەیە ناوی پیاوە میهرەبانەکەی بەر تەلاری عەتاڕ بوو، بەڵام ئەمڕۆ بڕیارم دا ناوەکەی بگۆڕم بە میهرەبانەکان. چونکە لەم چیرۆکەدا تەنها ئەو پیاوەی بەر تەلاری عەتاڕ میهرەبان نییە، ئەم چیرۆکە سەبارەت بە یەک پاڵەوانی میهرەبانیش نییە، بەڵکو سەبارەت بە خودی چەمکی میهرەبانییە: بزەکەی مامۆستا جەمال شادان، سڵاوەکەی مامۆستا جەمال عەبدول، بزە داڵغاوییەکەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس، پۆلیسی هاتوچۆ بەئەمەگەکە و شۆفێری کرۆناکە، ئەو مامۆستایانەی کاتی خۆی بۆ چەند چرکەیەک لێگەراون هۆنوس خۆی بێ و گۆرانی ببێژێ… هەموویان میهرەبانن و هەموو میهرەبانین لە شێوەی جۆراوجۆردا.
میهرەبانەکان[2]
هۆنوسی سێیەم کە هۆنوسە فریشتەکەیە، کەوتە دووان:
من لە بری هۆنوسی ماک، هۆنوسی هۆننووس، بۆ ئێوەی جوان
ڕاست و ڕەوان، بێ پێوەنان، دێمە دووان.
ساڵی دوو هەزار، هۆنوس سیانزە ساڵ بوو، تازە چووبووە پۆلی یەکەمی ناوەندیی قوتابخانەی شۆڕشی کوڕان، ژیانی بە وەرچەرخانێکی مەزندا تێدەپەڕی. ئەم ناسکۆڵەی دایەیە شەش ساڵە لە قوتابخانەی سەرەتایی تێکەڵاوی کوردییە، هەموو ڕۆژێک، لە هەر پێنج وانەکاندا داوای لە مامۆستا جۆراوجۆرەکانی دەکرد ڕێگەی بدەن گۆرانی ببێژێ.
هۆنوس شوومە، زۆر بەدوومە،
با دانیشێ، نامانەوێ، با دانیشێ.
هۆنوس لە هیچ کامێک لە یارییە کوڕانەکاندا باش نەبوو: هەموو ڕەسمڕەسمێنێک قلووچ دەکرا، هەموو هەڵماتێنێک، دوای چینێک گاڵتەپێکران بە دەستە خوارەکەی، مایەپووچ دەکرا، هەموو چاڵچاڵێنێک دەسمینرا، هەموو گەنمگرتیجۆبڕایەک شەقشەقێنی کۆڵانی پێ دەکرا، هەموو دووگۆڵییەک دەبووە هۆی دۆڕانی تیپەکەی. هیچ مناڵێکی کۆڵان لە تیپەکەی خۆیدا هۆنوسی نەدەویست، بە بیانووی ئەوەی گوایە «لە جێمی دووەم»دا هەڵیبستێنن، دایاندەنیشاند.
سێر فێرگوسن[3] ئەوەتا لە بەردەرگای ماڵانا،
«جێمی دووەم» کامەتا لە فەرهەنگی کۆڵانا؟
هەر کەسێ لە کۆڵان یاریی کردبێ، دەزانێ کە یاریی کۆڵان زۆر بە دەگمەن «جێمی دووەم»ی تێدەکەوت، تا تۆپ دەتەقی هەر جێمی یەکەم بوو؛ یان تا دایکی مناڵی خاوەن تۆپەکە کوڕەی بانگ دەکردەوە؛ یان تا بانگی ئێوارە کۆتایی بە یارییەکە دەهێنا؛ یان هەندێ جار تا ماڵێک دەهاتنە دەرەوە و لە بەرانبەر ئەو هەموو هاتوهاوارەی لە کۆڵانەکەدا ناویانەتەوە، چینێک هەمووانیان سەرکۆنە دەکرد، ئەم سەرکۆنەیەش لە گەورەکانەوە بۆ بچووکەکان دەستی پێ دەکرد.
هۆنوسمان ناوێ، یاری نازانێ، قاچ تاکەوتاکە،
کەری گێژووێژ لە تیپدا هەر بۆ دەرکردن چاکە؛
لە ناوچەوانت نووسراوە دۆڕان،
بچۆ ژوورەوە، مەیەرە کۆڵان.
ئەم هاوسەرگیرییەی هۆنوس و دۆڕان وای کردبوو لە هیچ کۆمەڵێکدا بەخێرهاتن-لێکراو نەبێ، بۆیە ناچار زۆرتر تێکەڵاوی کچەکان دەبوو، ئەوان کەمتر سەرزەنشتی یارینەزانەکانیان دەکرد و زۆرتر چێژیان لە خودی کاتبەسەربردنەکە دەبینی، نەک ئامانجپێکانەکە. بۆیە هۆنوس لە کۆڵانیش و لە قوتابخانە سەرەتاییەکەی، زۆربەی هاوڕێکانی کچ بوون، لە هەموو یارییە بێ-سەرزەنشتکردنە کچانەکاندا باش بوو: خەتخەتێن، هێلاهۆپ، مامۆستایێنە، ماڵەباجێنە…تد.
هۆنوسی هۆننووس، دڵی کچانە،
لەگەڵ پیاو و ژن نەرم و نیانە.
هۆنوسی دڵی کچان، لەبەرئەوەی مناڵێکی بێوەی بوو، بوێر و جیاوازیش بوو، مامۆستاکان خۆشیاندەویست و دڵیان نەدەشکاند، لە پۆلاندا هەڵدەستا و لە بەردەم هەموواندا گۆرانیی دەبێژا. بەڵام هۆنوسی ئالوودەی گۆرانی، هۆنوسی گۆرانیۆس، لە سووچێکی حەوشەکەی ماڵی خۆیاندا ئەوەندەی گۆرانی بێژابوو کە مناڵانی گەڕەک و برایەکی بە تایبەتی، کە وەک هەمیشە، هەرمانی برای بوو کە بە هەموو شتێکی هۆنوس پەست دەبوو، تەواو لە گۆرانییە نەبڕاوەکانی وەڕس ببوون. زووزوو دەنگێکی بێڕەنگی هەرمان هاوارێکی دەکرد: «دە بەسە مێشکمان چوو».
ئێستا چووەتە قوتابخانەی ناوەندی، قوتابخانەی شۆڕشی کوڕان. دوای شەش ساڵ خوێندنی کوردی، خێزانەکەی لە ترسی ئەوەی کە سبەینێ فێری عەرەبی نابێ و لە زانکۆش خوێندن بە کوردی نییە و ناتوانێ کارێک بدۆزێتەوە، ناردبوویانە بەشە عەرەبییەکەی قوتابخانەی شۆڕش.
هۆنوسی عەرەب، لە قوتابخانە خەو دەیباتەوە،
«زارَ»ی عەرەبی و (زارا) خانی کورد جیا ناکاتەوە!
وەک بڵێی کۆچکردن لە قوتابخانەی سەرەتایی تێکەڵاوەوە بۆ قوتابخانەی ناوەندیی کوڕان وەرچەرخانێکی ئەوەندە کەمبەهایە، ئێستا هۆنوس دەبێ لەگەڵ زمانی عەرەبیشدا هەڵبکا، کە هیچ شتێکی وای لێی نەدەزانی. مامۆستای مێژوو و جوگرافییەکەیان یەک مامۆستا بوو، کە دەهاتە پۆلەوە و بە عەرەبی دەستی پێ دەکرد، ئەگەر نەخشەی بکێشایە، ئەوا هۆنوس دەیزانی کە وانەی جوگرافیایە، ئەگەر تا کۆتایی وانەکە نەخشەی نەکێشایە، هۆنوس بۆی دەردەکەوت کە لەوانەیە وانەی مێژوو بووبێ، لەوانەیە!
«میللەتی کورد و عەرەب هەردویەکە تەفرەقە بوون
لە جەفا و میحەنی موڵکی سەبا و یەمەنی[4]»
لە قوتابخانەی ناوەندی، سەردەمی گۆرانیبێژان و ھاوڕێی کچ و جانتای پەڕتووک و خۆقۆزکردن نەما، ئێستا کراسێکی سپی و پانتۆڵێکی ڕەش دەپۆشی و پەڕتووکەکان بە باران و ھەتاو دەخەیتە ژێر دەستتەوە. زۆربەیان خۆیان گەورەتر لە خۆیان پیشان دەدەن. دوێنێ گوێم لێبوو ئەو کوڕە دەنگی خۆی بۆڵاندبوو و بۆڵبۆڵ دەیگرماند، بۆ ئەوەی وا پیشان بدا کە دەنگی گڕ بووە. من دەنگم گڕ نەبووە، لە چاویاندا بەبەم. ئەو ڕۆژە مامۆستا کاوە دەستی لە لووتی من و ئەو کوڕەی ترەوە دا وتی: «ئادەی بزانم؟» دۆشاومژەی خستە سەر تۆپی دامێنی لووتمان و بازنەییانە پەنجەی بادا. ئەوە بە دوای چیدا دەگەڕا؟ دوایی بەو کوڕەی تری وت: «تەواو، باڵق بووی!» بەڵام ڕوویەکی کردە من و وتی: «بەڵام تۆ جارێ ماوتە!» ماومە بۆ چی؟ باڵقبوون چییە؟ دەنگگڕبوون؟ تۆ بڵێی هیی ئەوە بێ باوکم نییە؟ من وەکو ئەو کوڕەی بەشە کوردییەکە ڕیش و سمێڵم ناتاشم، تۆ بڵێی ئەو باڵق بووبێ؟ من جارێ ماومە. گەورەبوون چۆنە؟ پەڕتووکەکانم باران لێیان دەدا. من حەزم لە جانتایە، باشە ئەمانە بۆچی حەزیان لە جانتا نییە؟ دەڵێن جانتا هیی کچانە. جانتا باشە، من حەزم لە جانتایە. وس بە. خۆت لە کاروانەکە دامەبڕێنە، ڕۆژ نییە پێت نەڵێن «ھێلکەی قازی نەک مراوی»، نەکەی جیاواز بی.
«لە پێ کەوتووم و نەفسم بۆ ھەوا دەشنێ وەکو منداڵ
لە بەر پیری سەرم خۆی ناگرێت و تازە پێ دەگرم[5]»
هۆنوس لە پێ نەکەوتووە، بەڵام نەفسی بۆ یارییە کچانەکان دەشنێ. بۆ هاوڕێ کچەکانم. باڵق. بیریان دەکەم. عەیبە.
تەمەن و بەختی، سیانزە نووسراوە،
هۆنوس گەورەیە، بۆ ئیش نێرراوە.
بێوەژنەکەی دایکی هۆنوس، کە دایکی هەشت مناڵی زیندوو و دووانی مردوو بوو، کابانێکی سەرقاڵ بوو، لە پێش لەدایکبوونی هۆنوسەوە مێردەکەی مردبوو. واتە، هۆنوس هەرگیز باوکی نەدیوە و نازانێ باوک و باوکێتی چییە، بەڵام با نێوانی خۆمان بێ، وا بزانم هەر لەبەر ئەمەیە کە من و حەمەهۆنوسی دووەم زۆربەی کات لەگەڵیداین، ئەوەندەی بۆمان کرابێ شوێنی باوکیمان بۆی گرتووەتەوە، بە تایبەتی هۆنوسی دووەم کە بەردەوام تووڕەیە و ئامۆژگاریمان دەکا! بێینەوە سەر باسی بودیکا خانی دایکی هۆنوس[6]، ئەم ژنە هەر ئەوەندە فریا دەکەوت جلی ئەم هەموو مناڵە بشوا و خواردنیان بۆ ئامادە بکا. تا ئەوەندەی خۆی ئەرکەکانی بە جێ بگەیاندایە کارزان و سەلار بوو، بەڵام کە سەرپەرشتیی یەکێکی تری دەکرد کارێک بکا، لە ئەرک-پێسپاردندا زۆر بێبەهرە بوو، زۆر جار بۆ پەرداخێک ئاو سێ مناڵی دەنارد. ڕۆژێک بۆ ئەرکێک، کە منیش و هۆنوس خۆیشی بیرمان نایە چی بوو، چونکە ئێمە زیاتر هەستمان بیر دێتەوە وەک لە چییەتی شتەکان، هۆنوسی بەرەو گەڕەکی ڕزگاری نارد و دە دیناری پێی دا: دوو دیناری بۆ پاس، سێ دیناری بۆ خۆی، پێنج دیناریش بۆ تێچووی ئەرکە پێسپێرراوەکە. پاش چوار بارە و پێنج بارە کردنەوەی دایکی، هۆنوس کەوتەڕێ: دوو دینار پاس، سێ دینار خۆم، پێنج دینار کار.
«لە دەریاوە قەتاری هەوری بارشت کەوتە دووی پێشەنگ،
بەسەر سنگی چیادا چۆکی داداوە، کش و بێدەنگ…[7]»
بۆ ئەرکی دایکی، هۆنوس کەوتە ڕێ،
خوا بکا پلانی دایکی نەگۆڕێ.
ھۆنوسی ناباڵق دەرگای حەوشەی کردەوە و لەسەر سێ قادرمەکەی بەردەرگا، لەژێر سێبەری دارتووەکەدا ڕاوەستا. سەرە بەفرینەکەی جەمال شادان لە دەرگا تابووتییەکەی دواوەی مزگەوتی حاجی جەمالەوە هاتە دەرەوە. پیاوە ڕووخۆشەکە. تیشکدانەوەی چاویلکەکەی شادان ڕووی کردە هۆنوس و بە بزەیەکی هەنگوینییەوە سڵاوێکی گەرمی بۆی کرد. ئەم پیاوە هەمیشە بزە دەکا، هەمیشەش سڵاو دەکا. دەمناسێ؟ هۆنوس بە شەرمێکی مناڵانە و بزەیەکی ڕێز و پێزانینەوە بە دوو جاری خێرا دەستی بەرز کردەوە و وەڵامی سڵاوەکەی دایەوە. شادان بەرەو یەکێتیی ژنانی کوردستان لە سەری ڕۆژئاوای کۆڵانەکە و هۆنوسیش بەرەو سەری ڕۆژهەڵات کەوتنە ڕێ. ھەر ئەوەندەی هۆنوس لە سەرسووچی کۆڵانەکەیان چووە ئەودیو دیوارە بەردەنەقاڕییەکەی نوێژگەکەی مزگەوتی حاجی جەمالەوە و چاوی دایکیی لەسەر نەما، یەکودوو پلانەکەی دایکی لە مێشکی خۆیدا گۆڕی، بەم شێوەیە: پێنج دینار بۆ تەکسی، پێنجەکەی تریش بۆ ئەرکەکە، بە پێ هاتنەوە بۆ ماڵەوە.
هۆکاری بە پێ هاتنەوەشی ئەوە بوو کە بەشکو تۆزێ دەرفەتی بۆ بڕەخسێ و دوور لە سەرزەنشتی «بەسە مێشکمان چوو» بە دەم ڕێوە کەمێک گۆرانی ببێژێ. لەسەر سووچی بەرزەڕێکەی مزگەوتی حاجی جەمالەوە چووە سەر شەقامی سالم و بەرەو ڕۆژهەڵات کەمێک هەنگاوی نا تا دڵنیا بکاتەوە لەوەی چاوی دایکی لەسەر نییە. لە سەرسووچەکەی شەقامی عەلی ناجی، لەبەردەم ماڵی شێخ ڕەئوفی کوڕی شێخ مەحمودی نەمر، کە نووسینگەی دەریا بۆ تەلەفۆن و فاکسی جیهانیی تێدا بوو، بە دزییەوە کەمێک چاوەڕێی تەکسییەکی کرد. مارسیدسەکەی شێرکۆ بێکەس لە سەهۆڵەکەوە هات و لە بەردەم هۆنوسدا هێمای پێچکردنەوەی بە دەستی ڕاستدا داگیرساند و خاوی کردەوە تا بە کۆڵانە بەرزەڕێکەدا سەربکەوێ. مامۆستا شێرکۆ خۆی لە دواوە دانیشتبوو، بە چواردەوری خۆیدا لە پەنجەرەکەیەوە بە داڵغەیەکی قووڵەوە تەماشای هەموو شاری دەکرد وەک بڵێی بۆ شتێکی زۆر بەنرخ دەگەڕا. بۆ کەمێک نیگای کەوتە سەر هۆنوس، پاش وردبوونەوەیەکی کورت، نیوبزەی بۆی کرد و دیسان کەوتەوە سۆراخی نقێم و مرواریی هۆنراوەکانی مێشکی خۆی. لادایەکی تەکسی هات، هۆنوس دەستی لێی ڕاگرت و شوێنی مەبەستی پێی وت، بەو شێوەیەی پێشبینیی کردبوو، بە پێنج دینار ڕێککەوتن. سەرکەوت، دەرگاکەی دوای خۆی داخست و قیت لەسەر قەنەفەی سەرنشین دانیشت. یەکسەر پارەکەی بدەمێ؟ پاس وایە، پێشەکی دەیدەی، تەکسی پێچەوانەی پاسە، کەواتە دەبێ پێچەوانە بێ.
«شۆفێر ماشێنت ئۆدرپۆستە،
پووڵم داوە لێبخوڕە مەوەستە،
زوو بگەرە ئا ئەو چاومەستە،
چاوباز و ئەبرۆ پەیوەستە،
بمکوژێ حەقی بەدەستە،
یەڵڵە شۆفێر، یەڵڵە، دە بگە یارم، یەڵڵە[8]»
شۆفێر ماشێنت نە لاندڕۆڤێرە، نە ئۆدرپۆستە، نە شۆڤەرلێتە، نە هۆنوسیش بە داخەوە دەچێتە لای چاومەست و ئەبرۆ پەیوەست، بەڵام تکایە لێبخوڕە و بیگەیەنە شوێنی مەبەست.
لادا بە شەقامی چۆڵی سالمدا بەرەو خۆرئاوا کەوتە ڕێ، لەوبەرەوە شۆفێری هارتۆپەکەی مامۆستا جەمال عەبدول دەهاتەوە و لە فیلکەی ئیڤڵە هەڵگەڕاوەکەی بەردەم ماڵی پارێزگاردا بە دێوری وەستا تا لاداکە و کۆستەرێک و لە پشتیشیانەوە بەڕازیلییەک تێبپەڕن، مامۆستا جەمالیشی لەگەڵدا بوو. خوایە نەمبینێ. نەکا دوایی دایکم بیبیستێتەوە کە پارەکەم داوە بە تەکسی. مناڵێکی وەکو من چییە سواری تەکسی ببێ؟ تۆ بڵێی نەپرسن؟
لادا تێپەڕی و مامۆستا جەمال سڵاوی نەکرد. تەواو، مادەم سڵاوی نەکرد کەواتە نەیدیوم. ئەو هەمیشە سڵاوم لێ دەکا. تۆ بڵێی بمناسێ؟ تەکسیگێڕەکە هەر ئەوەندەی لە فیلکەکە لایدا، نیگایەکی گومانی گرتە هۆنوس کە قیتوقنج دانیشتبوو. یەکسەر پرسی: «کوا؟ پارەت پێیە؟» هۆنوس، بە ڕێزێکی مناڵانەوە لە گەورەی خۆی، یەکسەر دە دینارە چوارقەدەکەی ناو مشتی ناو گیرفانی ڕاستی پانتۆڵەکەی دەرهێنا و بە تەکسیگێڕەکەی دا، ئەویش لێی وەرگرت و دیسانەوە نیگایەکی گوماناویی تری تێی گرت و کەمێک شێوە و قەد و باڵای پشکنی. هۆنوسی بەئاگا لەم نیگایەی تەکسیگێڕەکە، نە ملی، نە چاوی بە هیچ شێوەیەک بۆی لانەدایەوە، قیتوقنج لە جامی پێشەوەی ئوتومبێلەکەوە، کە چەندین هێڵەدرزی درێژبووەوە و سێ تۆڕی مەزنی جاڵجاڵۆکە درزی تێدا بوو، تەماشای لە دیمەنی دەرەوە چەقاند. تەکسیگێڕەکە دەستی کرد بە گیرفانی ناوەوەی سەر دڵی، پێنج دینارییەکی دەرهێنا و دایە دەستی. هۆنوس وەریگرتەوە و چیتر ترسی مامەڵەکەی لە دڵدا نەما کە نەکا تەکسیگێڕەکە هەڵیبخڵەتێنێ و پارەکەی لێ بسەنێ و نەیبا، چینێکیشی تێهەڵبدا و دواتریش لە ماڵەوە تێر سەرزەنشت بکرێ. ئیتر تەواوی قورسایی خۆی و دوودڵییەکانی لەسەر شانی ڕاستی خۆی بە دەرگاکەدا هەڵپەسارد و کەوتە قووڵایی خەیاڵەوە.
تەکسی بێ قسە و بێ نقە ڕۆیشت، مزگەوتی حاجی حەسەنی لۆکەی تێپەڕاند، هەر ئەوەندەی یەک و دوو، چووە ترافیکەکەی بەر تراییەکە، کە دەبوو لەوێوە پێچ بکاتەوە. لە دوورەوە گڵۆپی سەوزی ترافیکلایتەکە بانگی دەکردن، لە بەختی تەکسیگێڕ و لە بەدبەختیی هۆنوس، ترافیک زەرد بوو، تەکسیگێڕەکە بۆ ئەوەی فریا بکەوێ بڕوا، خێرای کرد و وەک دواهەمین ئوتومبێلی سایدەکە، یەکسەر لەبەردەم ترافیکەکە دێوری کردەوە. لە دوای لاداکە پۆلیسی هاتوچۆکە بە فیکەیەک و باڵێکی هەڵبڕراوی ئەو سایدەی ئەوانی وەستاند، لەوەدا بوو سایدی بەرانبەر ڕێ بدا، لە خەستەی دێورەکەدا بە لای چەپدا، کە قورسایی ئوتومبێلەکە بەسەر لای ڕاستدا شکایەوە، دەرگای لادا لە خۆوە کرایەوە و هۆنوسی خۆهەڵپەسێریش لە ناوەڕاستی مەیدانەکەدا بەسەر ئانیشکیدا لە لاداکەوە: یەکەم جار بە گازەرەی پشتدا کەوتە خوارەوە، پاشان دوو سێ تەقلەی لێدایە سەر جادە قیرەکە. بۆ چەند چرکەیەک دەرگای سەرنشینی لاداکە جۆلانێیەکی کرد. پۆلیسی هاتوچۆ ئاگادارەکە خێرا بە چەند فیکەیەکی ئاماژەپێدەر، هەموو ئوتومبێلەکانی سایدەکانی تری ڕاگرت و بەپەلە بە دەم هۆنوسەوە هات. تەکسیگێڕەکە بە شڵەژان و شپرزەییەکی ناکاوەوە، هەر بە دەرگا کراوەیی، بێ هۆکارێکی دیاریکراو، هۆڕنێکی لێدا. لە ناوەڕاستی سایدی پێچەوانەدا ڕایگرت و لە پەنجەرەکەیەوە سەری دەرهێنا و دەستی کرد بە سەرکۆنە و وتی: «ئەوە تۆ بەشەری لە خۆتەوە دەرگا دەکەیتەوە؟» هۆنوس هەناسەی وەستابوو. ئایا هەناسە دەدەم؟ لەوە ناچێ، وا بزانم چیتر هەناسە نادەم. تەواو. تۆ بڵێی ئەگەر بمرم لێم تووڕە نەبن؟ با، وا بزانم تووڕە دەبن، دەڵێن: «بۆ مردی»؟
پۆلیسی هاتوچۆکە دوو جار کێشای بە پشتیدا، سێ جاریش بەسەر سنگیدا. لەم کاتەدا لە سایدی بەرانبەرەوە شۆفێرێکی کرۆنای هەشتا لە ئوتومبێلەکەی ترافیکە وەستێنراوەکەیەوە دابەزی و بەپەلە هات. پۆلیسی هاتوچۆکە سەرنجی هەناسەنەدانی هۆنوسی دا و بیرۆکەی ئەوە تۆقاندی کە لەوانەیە ئەم دیمەنی لەباوەشگرتنی تەرمی نەوجەوانە ببێتە گرنگترین هەواڵی ڕۆژەکەی و بۆ تاتایە چاوە ڕەشە تەواو-کراوەکانی هۆنوسی مردووی باوەشی خۆی لە بەرچاوی یادگەیدا کاڵ نەبێتەوە. تەواو، هەناسە نەما. شششششششششششش. هۆنوس لە دواهەمین چرکەکانی ژیانیدا بوو، پۆلیسی هاتوچۆکە چەند جارێکی تر لە باوەشیدا ڕایوەشاند و بە دەستێکی کێشای بە سنگیدا. شۆفێری کرۆناکە گەیشت و یەکسەر تێگەیشت کە هۆنوس هەناسەی لێ بڕاوە، بە هەڵەداوان چەند زللەیەکی خێرای لە هۆنوس دا، بە پۆلیسی هاتوچۆکەی وت: «پاڵیخە… پاڵیخە» پۆلیسی هاتوچۆکە وای کرد و شۆفێری کرۆناکەش دەستی خستە ژێر ملی هۆنوس و چەند جارێک بە خێرایی سەر و نیوەی سەرەوەی قەدی هۆنوسی هەڵبڕی و نوشتاندییەوە و پاڵیخستەوە، پۆلیسی هاتوچۆکەش یەک دوو جار کێشای بەسەر سنگی هۆنوسدا. دواجار هۆنوس هەناسەیەکی قووڵی پەلەی هەڵمژی و خێرا کەوتەوە هەناسەدان: هئهئهئهئهئهئهئهئهئهئهئهئ. شۆفێری کرۆناکە و پۆلیسی هاتوچۆکە ئاهێکی ئۆخەیان پێدا هاتەوە و بە هەردووکیان هۆنوسیان بۆ سەر شۆستەکە بردەوە. تەکسیگێڕەکە دەنگبەرزتر نەڕاندی: «کەری؟ بۆ دەرگا دەکەیتەوە؟ چۆن دەبێ دەرگا بکەیتەوە؟» پۆلیسی هاتوچۆکە بە نەرمی پرسی: «بۆ دەرگاکەت کردەوە؟» هۆنوس بە هەناسەبڕکێوە وتی: «هئهئهئهئهئهئ، دەرگام نەکردەوە، هئهئ، خۆی کرایەوە. پاڵم پیایدا دابووەوە». پۆلیسی هاتوچۆکە بە شۆفێری تەکسییە دانەبەزیوەکەی وت: «نەیکردووەتەوە، دەرگاکەت خۆی کراوەتەوە. بزانە قفڵ…» تەکسیگێڕەکە یەکسەر خۆی تووڕە کرد و نەڕاندی: «درۆ دەکا، دەرگای من عەیبی نییە. ئەو خوێڕییە دەیەوێ خۆیم بەسەردا ساغ بکاتەوە. من ئەمانە چاک دەناسم چین! خوێڕی». بە تووڕەییەوە دابەزی و بە دەوری ئوتومبێلەکەیدا ڕۆیشتە بەردەم دەرگا کراوەکەی سەرنشین و دوای پێنج شەش کۆشش، دایخست، بە پرتەوبۆڵەوە سواربووەوە و تفێکی لە پەنجەرەکەیەوە ڕۆ کرد و دەستی کردەوە بە لێخوڕین. هەمووان بۆ چەند چرکەیەک تەماشای لایتە خێلەکانی پشتی لاداکەیان کرد و لە هەڵوێستی تەکسیگێڕەکە سەریان سووڕ ما. وردەوردە وێنەی تەکسییەکە لە بەرچاوی بینەرەکانیدا بچووک دەبووەوە. لەناکاو دەرگای سەرنشینەکەی دیسان کرایەوە، بەڵام شۆفێرەکەی هەر پێی لێنا و ڕۆیشت، لە پێلێنانەکەدا دەرگای سەرنشینەکەی دیسان داخرایەوە. پۆلیسی هاتوچۆکە لەبەرخۆیەوە وتی: «ئەوە خۆ… ڕاستی کرد… دەرگاکەی ئەوەتا…» شۆفێری کرۆناکەش کە ئەبڵەق بە دیار وێنە دوورکەوتووەکەی لاداکەوە وەستابوو، لەبەرخۆیەوە وتی: «هەی لەو… دەرگاکەی… ژمارەکەی بگرە…» پۆلیسی هاتوچۆکە دەستی بە گیرفانیدا کرد و وتی: «پاکەتە جگەرەکەم… قەڵەمەکەم پێیە…» شۆفێری کرۆناکە بەپەلە وتی: «بیگرە، ژمارەکەی، من نایبینم… بۆم ناخوێنرێتەوە» پۆلیسی هاتوچۆکە پرسی: «تۆ پاکەتی جگەرەت پێیە؟» شۆفێری کرۆناکە وەڵامی دایەوە و وتی: «نا، من جگەرە ناکێشم. جگەرەت بۆ چییە؟» پۆلیسی هاتوچۆکە وەڵامی دایەوە و وتی: «جگەرەم ناوێ، سیمەکەیم دەوێ ژمارەکەی لەسەر بنووسم» شۆفێری کرۆناکە وتی: «ناوەڵا…» هەردووکیان تەماشایەکی پرسیارئامێزیان گرتە هۆنوسی دەست مێروولەکردووی زریکەکردووی تازە-ژیاوە، بەڵام هەردووکیان پرسیارەکانیان گەڕاندەوە و نەیانکرد. دوای چەند چرکەیەکی نائومێدی پۆلیسی هاتوچۆکە تەماشا دووربینەکەی بە سەرلەقانێک کۆتایی پێ هێنا و لەبەرخۆیەوە وتی: «خوا بۆت بنێرێ!» شۆفێری کرۆناکەش دوای هەناسەدانەوەیەکی ساردی نائومێدی وتی: «ئامین!»
لە دوورەوە دوو کۆستەر و مازدایەک و بەڕازیلییەک و داتسۆنێک و لادایەک دەستیان کرد بە هۆڕن-لێدان بۆ پۆلیسی هاتوچۆکە تا ڕێگەیان بدا. شۆفێری کرۆناکە دەستێکی هاوسۆزی بە سەری هۆنوسدا هێنا و گەڕایەوە بۆ ئوتومبێلە دەرگا-کراوەکەی. پۆلیسی هاتوچۆکەش بە ئەمەگەوە کەوتەوە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆی و سایدەکانی ڕێ دا. کرۆناکە دواهەمین ئوتومبێل فریا کەوت بڕوا. هەمووان کە بە لای هۆنوسدا تێدەپەڕین خاویان دەکردەوە و تەماشایەکیان دەکرد.
هۆنوس هەڵستایەوە سەر پێ. دەتوانم هەڵبستم. بەرەو خۆرهەڵات و ڕوو لە شاخی گۆیژە بە شەلەشەل و قۆڵی ڕاست لە ئامێزی قۆڵی چەپیدا لۆژاندی. چەند کەسێک کە لە دوورەوە بۆنکەری ڕووداوەکە بوون، تەماشای پرسیارئامێزیان دەگرتە هۆنوس، بەڵام کەس هیچی لێی نەپرسی. تا هۆنوس دوورتر دەکەوتەوە، تەماشای پرسیاراویی خەڵکیش کاڵتر دەبوونەوە.
بە ئانیشکی بریندار و شەقشەق لەرزیوەوە، چاوبەفرمێسک، دەرکراو لە تەکسیی لادا، ڕۆیشت تا گەیشتە بەردەم تەلاری عەتاڕ. هۆنوسی هۆننووس هۆنهۆن دەگریا و نەشیدەویست خۆی دەربخا، بەڵام زریکەی ئازارەکەی ئانیشکی ئەوەندە بەسوێ بوو کە فرمێسکی لەناو چاویدا بۆ دەستەمۆ نەدەکرا، وردەوردەش هەنگاوەکانی قورستر دەبوون. لە بەردەم سەرتاشخانەی کوردستانی نوێدا پیاوێکی بینی، پیاوەکەش ئەوی دی، هێزێکی موگناتیسیی شارراوە سۆزی هەردووکیانی لە یەک ئاڵاند، پیاوەکە میهرەبانانە بەرەو ڕووی هات و دەستی کردە ملی و دڵی دایەوە، پرسی: «کوڕم چی بووە؟» هۆنوس لە بەردەم قاپیی پیاوێکی بەسۆز، کە بە تۆنێکی بەسۆزەوە نەقیزەی پرسیاری بەسۆزی ئاژنییە هەستە تێکەڵاوەکانییەوە، یەکسەر لە پرمەی گریانی دا و سکاڵائاسا چیرۆکەکەی بۆی گێڕایەوە. پیاوە میهرەبانەکە بە پەستییەکی میهرەبانانەوە تچکێکی پەژارەی لە دەمییەوە دەربڕی و باوەشێکی کرد بە هۆنوسدا و وتی: «تچکم، کوڕم، قەیناکە گوێی مەدەرێ». پاش کەمێک، بە پانتایی هەردوو پەنجەگەورەکانی فرمێسکەکانی سەر گۆنای هۆنوسی سڕی. هۆنوسیش هەنسکی گەورەی پاش ڕیزێک هەنسکی بچووکی دەردەبڕی. بۆ چەند چرکەیەک، کە دەتوانم بڵێم خولەک زیاتریش، کاتەکە هەر وا ڕۆیشت. پیاوە میهرەبانەکە دواتر وتی: «کوڕم ژیربەرەوە. قەیناکە».
«تۆ وەکو چیای ئاگری
لە بەر تەوژم و با و تۆفان
سەخت و ڕەق و پێداگری
لە ئاست ئەم داخ و دەردانە
بەهیممەت و خۆڕاگری[9]»
دوای چەند هۆنراوە هەنسکێکی هۆنوسی تازە هەرزەکار، پیاوە میهرەبانەکە میهرەبانانە وتی: «کوڕم تۆ پیاوی، نابێ بگریت!»
تۆ پیاوی، نابێ بیری کچ بکەی؛ نابێ کەس بزانێ کە بیری کچەکانی هاوڕێت دەکەی؛ نابێ کەس بزانێ لە ناخدا چەند هەست بە تەنیایی و پەڕەوازەیی دەکەی؛ نابێ کەس بزانێ وەک ئەوان نیت. تۆ پیاوی، دەبێ وا پیشان بدەی وەک هەموویان وای.
پیاوە میهرەبانەکە دەست لە ملی هۆنوسدا، بەرەو تەنیشت دوکانە مەڕمەڕە پرتەقاڵییە گران-دیارەکەی بەیار پێشڕەویی کرد، لەوێدا لەسەر قادرمەیەک هۆنوسی دانیشاند و خۆیشی لە تەنیشتییەوە دانیشت و دەستی کردە ملی. پێی وت: «مەگری سەرخڕ گیان، تۆ سەیری ئەم قژە خاوە جوانە، خۆزگە کوڕەکەشم وەک تۆ قژی خاو و جوان بووایە. کوڕەکەم قژی لوولە، ئەوە ئێستا لە سەرتاشخانەکەیە، سەری بۆ دەتاشن» ئینجا هارتر دەبێ. «کوڕی من بوویتایە قەت نەمدەبردی بۆ لای دەلاک. تۆ وەک مناڵانی تر کە قژت بۆ دەتاشن هار دەبی؟» هۆنوس بە بزەیەکی تێکەڵ بە دوودڵی و شەرمەوە وتی: «منیش حەز دەکەم قژم درێژ بێ»، پیاوەکە پێی وت: «ئێ مەیتاشە، بە باوکت بڵێ با نەتبا بۆ لای دەلاک»، هۆنوس پێی وت: «باوکم نییە»، پیاوەکە بێدەنگ بوو و بۆ چەند چرکەیەک هیچی تری نەوت و نەپرسی، پاشان هەڵستا و بۆ بەر دوکانی وشکەفرۆشییە بچکۆلەکەی تەنیشت دوکانە مەڕمەڕەکەی بەیار ڕۆیشت، بە هۆنوسی وت: «شتێکت بۆ دەکڕم. حەزت لە چییە؟» هۆنوس خێرا ویستەکانی خۆی قووت دایەوە و وتی: «سوپاس، هیچ!» پیاوەکە وتی: «نابێ! نەستەلەیەکت بۆ دەکڕم»، هۆنوس شەرمنانە و هێورانە وەڵامی دایەوە: «نا، سوپاس»، پیاوەکە دیسان پێداگریی کرد و وتی: «نا، شتێکت هەر بۆ دەکڕم. ساردییەکت بۆ دەکڕم»، هۆنوس وردەوردە وەڵامەکانی خۆڕانەگرتووانەتر دەبوو، وتی: «نا، سوپاس»، پیاوەکە پرسی: «ساردی یان نەستەلە؟ کامیان؟ دەبێ یەکێکیان هەڵبژێری»، هۆنوس وردەوردە پەکی دەکەوت و وتی: «نا، سوپاس، بەخوا». پیاوەکە بە بزەیەکەوە وتی: «دە خێرا پێم بڵێ، با کوڕەکەم نەیەت و پێی بزانێ، دوایی ناهێڵێ. ساردی یان نەستەلە؟» هۆنوسی بەردەم دوو بەرداشی یەک لە یەک شیرینتر، پاش بیرکردنەوەیەکی خێرا، بە دەنگێکی زۆر نزمی شەرمنانەوە وتی: «…اردی». پیاوەکە پرسی: «چی؟ ساردی؟» هۆنوس وتی: «بەڵێ».
پیاوە میهرەبانەکە چوو ساردییەکی هەڵپچڕاوی لە دوکانەکەوە بۆی هێنا و دای بە هۆنوس.
هۆنوس بە ساردی لە ساردیی سارد قومی دا. دایکم بمبینێ تووڕە دەبێ. نابێ کەس شتم بۆ بکڕێ. چۆن ڕازی بووم؟ بزانە سەری شووشەکە نەقرنجاوە؟ دەڵێن ئەگەر قرنجابێ نابێ بیخۆیتەوە. نا نەقرنجاوە. میهرەبانییەکەی لە هیی کاک ژیلوانی دراوسێمان دەچێ. خێرا بیخۆرەوە. نا، خێرا نا، دوایی دەڵێن بۆ ساردی گریاوە. خاو بیخۆرەوە.
هۆنوس چەند کورتەقومێکی تری لە پیپسیکۆلاکە دا.
کات بۆ ناڕوا؟ پیاوەکە چاوەڕێم دەکا تەواو ببم. چی بکەم؟ خێرا قومی لێ بدە. تۆ بڵێی بیر لە چی بکاتەوە؟
یەک دوو قومی خێرای لێ دا.
قوڕگم بەستی. ئای. وا خۆت پیشان مەدە کە ئەوەندە ناسکی، ئەو کوڕەی کۆڵانی پشتەوەم دی پیپسییەکی هەڵپچڕی و بێ دەملێبەردان هەمووی خواردەوە. ئەو هەر خۆی لەشی تۆکمە و بەهێزە، من وا نیم، هەموو گیانم ئێسقانە. من بەهێز نیم. وا بزانم ئەگەر باوکت هەبێ بەهێز دەبی، وایە؟ زۆربەی مناڵان کە دەبینم یەکسەر دەزانم باوکیان هەیە یان نا، یان شەڕانین و دەیانەوێ لێت بدەن، یان زۆر بەڕەوشت دیارن، زۆربەیان بیر لەو قسەیە دەکەنەوە کە دەیڵێن، بەڕێزتر قسە دەکەن. لە ترسدایە؟ هەموو کاتێکیش نایەنە دەرەوە.
پیاوە میهرەبانەکە لای سەرتاشخانەکەوە لە لایەن ژنەکەیەوە بانگ کرا، بەرەو ئەو جووڵا[10]، گەڕایەوە، دەستێکی کردەوە ملی هۆنوس و وتی: «من دەڕۆم، دەبێ بڕۆم. ئەوە ژنەکەم و کچەکەم و کوڕەکەمن. دیارە کوڕەکەم تەواو بووە. دەبێ بڕۆم. کەس پێی وتووی لە ژاپۆنی دەچی؟» هۆنوس بزەیەکی کرد و بە شەرمەوە پێی وت: «هەموو کەس» جۆگەلە داچۆڕاوەکەی فرمێسکەکەی بە ڕوومەتییەوە دیار بوو. پیاوەکە وتی: «فرمێسکەکانت بسڕە با کچەکەم بە گریانەوە نەتبینێ. کە ساردییەکەشت تەواو کرد، هەر شووشەکەی بخەرەوە ناو ئەو سنووقە. پارەکەیم داوەتێ. مەگری بەقوربان، تۆ پیاوی».
تۆ پیاوی، بۆ کچ مەگری. زۆر ناقۆڵایە بە تەنیا لە شوێنێکی دوور لە ماڵی خۆتان دابنیشی و پیپسیکۆلا بخۆیتەوە. سوپاسی بکە.
- زۆر سوپاس.
بۆ پیپسیکۆلاکەش.
- بۆ پیپسیکۆلاکەش.
پیاوە میهرەبانەکە میهرەبانانە بە بزەیەکی شیرینەوە وەڵامی دایەوە: «سوپاسی ناوێ بەقوربان. دەی تەوقەکەمان». دەستی بۆ تەوقە هێنا. دەستی ڕاست. بریندارە. قەیناکە. هۆنوس دەستە بریندارەکەی بە ڕاڕایی بۆ پیاوەکە درێژ کرد و ئەویش کە دەیزانی ئەو قۆڵەی ئازاری هەیە، بە نەرمونیانی تەوقەی لەگەڵیدا کرد، پیاوە میهرەبانەکە بزەیەکی کرد و وتی: «ئادەی پێبکەنە؟» هۆنوس سەری شەرمنی داخست. پیاوەکە دیسان وتییەوە: «دەی پێبکەنە» هۆنوس بە سەرداخراوی بزەیەکی کرد. بەڵام شاردییەوە. پیاوە میهرەبانەکە ئاگادار لە بزەکەی، دەستێکی بۆ چەناگەی هۆنوس برد و کەمێک ڕوخساری هۆنوسی بەرز کردەوە. بزەی هۆنوس دەرکەوت. هەردووک بزەیان گۆڕییەوە.
«زەردەخەنەی مانگ دەرکەوت بە ڕوونی،
تا گەشبینم کا دوای ئاوابوونی[11]»
هەنسک، کوایت؟ نابێ بەس بزە بکەم، دەبێ گریانەکەم پێوە دیار بێ. نا، وتی تۆ پیاوی. با کچەکەی نەتبینێ. مەگری بۆ ئانیشکت؛ مەگری بۆ ئازار؛ مەگری بۆ کچ. بزە بکەم؟ پێبکەنم؟ نا، زۆر نا، مەهێڵە ددانت دەربکەوێ، با کەس نەزانێ لە کەروێشک دەچیت. تۆ بڵێی ئەمیش گاڵتەم پێ بکا لەسەر ددانە کەروێشکییەکەم؟
هۆنوس بزەیەکی فراوانتری کرد و ددانە کەروێشکئاساییەکانی دەرکەوت. پیاوە میهرەبانەکەش بزەیەکی شیرینی کرد و دەستێکی میهرەبانی هێنا بە ڕوومەتیدا و پێی وت: «ددانیشت زۆر جوانە، سەرنجم دا دەیشاریتەوە، مەیشارەوە، خۆزگە ددانی من وەک هیی تۆ جوان بووایە. خواحافیز». هۆنوس بە شەرمەوە و لەژێر زمانەوە وتی: «خوا’افی…». پیاوەکە بەرەو کچەکەی و ژن و کوڕە قژلوولەکەی ڕۆیشت.
خۆزگە برام بووایە.
پاش تەواوکردنی پیپسیکۆلاکە، هۆنوس شوشەکەی خستە ناو سنووقی پیپسییەکەی بەردەم دوکانەکە، بۆ چرکەیەک نیگایەکی گومانی گرتە خاوەنی دوکانەکە، ئەویش تەماشایەکی کرد و سەرێکی (کێشە نییە)ی بۆ لەقاند، پاشان بەرەو گۆڕەپانی پاسەکانی مەسڵەحە کەوتە ڕێ.
خەڵک دەزانن قۆڵم بریندارە؟ چۆنت زانی بریندارە؟ با، هەست بە خوێن دەکەم لەناو ئانیشکی کراسەکەمدا. ئێستا بەیەکیشەوە دەنووسێ، دوایی ئازاری دێ، کراسەکە لێی نابێتەوە. ئەی قاچم؟ نازانم، لەوانە نییە. با، ئەوەتا ئەویش پێوەی نووساوە. شوختێکی تر دەکەوێتە سەر ئەژنۆم. باشە من وەکو چلوورەفرۆشەکە شوختەکانم لە دەموچاومدا نییە. شوخت نیشانەی هارییە. چلوورەفرۆشەکە هارە؟ ئێمەی زۆر خۆشدەوێ. تاکە کەسە لە کۆڵاندا کە ڕێگەم لێ ناگرێ یاری بکەم. چونکە خۆی خەڵکی کۆڵانی ئێمە نییە. بچمەوە بۆ ماڵەوە؟ یان بچم ئەرکەکەی دایکم جێبەجێ بکەم؟ ئەرکەکە.
«هەڵسە ئەی لاوی نیشتمانیی کورد!
سەردەمی هەڵسان هەرکەسێ نووست، مرد!
پێویستی پیرۆز، بەڵام سەخت و ورد
چاوەڕوانتە.. هەڵسە دەستوبرد![12]»
هۆنوس، هۆننوس، پاڵەوانە ناسکەکەمان، بۆ ئەو ئەرکەی دایکی پێی سپاردبوو چوو و ئەنجامی دا. دواتریش بە دەم گۆرانیبێژانەوە، وەک خۆی دەیویست، بۆ ماڵەوە گەڕایەوە. لە ماڵەوە پێی زانی کە دایکی برایەکی تریشی بۆ هەمان ئەرک ناردووە. بەڵام باش بوو ئەو لە بیری چووبووەوە و نەیکردبوو. هۆنوس هەرگیز نەیهێشت دایکی و براکانی و خوشکەکەی بەم بەسەرهاتە بزانن.
دوایی دەڵێن بۆچی دەرگاکەت کردەوە.
[1] لە ڕێکەوتی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسراوە. لە ١ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەم بۆی کردووە.
[2] لە ١٦ تا ٢١ی مایسی ٢٠١٩دا نووسراوە، لە ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا پاکنووس کراوە، لە ٤ی ئابی ٢٠٢١دا و دواتر لە ١ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەی بۆ کراوە.
[3] ئەلێکس فێرگوسن: (١٩٤١- ) ڕاهێنەری پێشووی یانەی مانچستەر یونایتدی تۆپی پێ.
[4]هۆنراوەی قەدری من چەندە لە لای دەوڵەتی دنیایی دەنیی نالی.
[5]هۆنراوەی لە ناکەس کارییا، خاکم بە سەر، ڕۆیی بە با عومرمی مەحوی.
[6] پێشتر بە هەڵە دایکی هۆنوسم لەگەڵ دایکی دیاسدا تێکەڵ کردبوو، دایکی دیاس ناوی ئایۆیە، نەک هۆنوس، دایکی هۆنوس ناوی بودیکایە. لەو فایلە دەنگییەشدا کە ئەم چیرۆکەم خوێندووەتەوە و لە ئینتەرنێتدا بڵاوم کردووەتەوە، بە هەڵە دەڵێم: «ئایۆ». تکایە بمبوورن، ڕاستەکە بودیکایە.
[7] هۆنراوەی هەوری پایزی گۆران.
[8] گۆرانیی یەڵڵە شۆفێری حەسەن زیرەک.
[9] هۆنراوەی گریانی ڕونووی هێمن موکریانی.
[10] پێشتر بە هەڵە وشەی «شەتەک»م بە کار هێنابوو، بەڵام بەمەی ئێستا گۆڕیم.
[11] هۆنراوەی گوزارشتێکی نەوا موکرجی.
[12] هۆنراوەی بەری بەیانەی گۆران.