ئۆپێراڕاپۆرت

تەنهاوسەر

تەنهاوسەر1

پێشەکییەکەی تەنهاوسەر. لەسەر موزیکی کۆتایی ئۆپێراکە دانراوە.

تەنهاوسەر: (یان تانهاوسەر، تانهاوزەر، تەنهاوزەر)، بە ئەڵمانی Tannhäuser، ئۆپێرایەکە ساڵی ١٨٤٥ بڵاو کراوەتەوە. ڕیچارد ڤاگنەر (١٨١٣-١٨٨٣) موزیکەکەی داناوە.

گرێچنەی تەنهاوسەر

کات و شوێنی چیرۆکەکە ئەڵمانیای سەدەکانی ناوەڕاستە. کەسێتییە سەرەکییەکە سترانبێژێکە بە ناوی تەنهاوسەر.

پەردەی یەکەم

دیمەنی یەکەم

 ساڵێکە تەنھاوسەر لە ژێرزەویی جادوویی ڤینوسی خواژنی ئەویندا دەژی. ئەم جێیە ناوی ڤینوسبورگ-ە. ڤینوسبورگ واتە شاری ڤینوس، یان ڤینوسوار، ڤینوسستان. پڕیەتی لە نیمف و نایاد و سیرین و بەزم و خۆشی.

دیمەنی دووەم

تەنھاوسەر دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ناو جیھانی مرۆڤ. لە سترانێکدا ستایشی ڤینوس دەکات، بەڵام لە کۆتایی سترانەکەیدا داوای لێ دەکات ڕێی بدات بڕوات. ئەمە ڤینوس دەھەژێنێت و وای لێ دەکات بەڵێنی چێژی زیاتری پێ بدات. بەڵام تەنھاوسەر پێداگری دەکات و داواکەی دووبارە دەکاتەوە. ڤینوسیش بە تووڕەییەوە دەریدەکات و نەفرەتێک لە ئارەزووی ڕزگاربوونی ئەو دەکات.

تەنھاوسەر ھانا بۆ مریەمی پاکیزە دەبات تا بێت بە دەنگیەوە. ئەمە نەفرەتەکەی ڤینوس دەشکێنێت.

دیمەنی سێیەم

لە ناکاو تەنھاوسەر خۆی دەبینێتەوە کە گوازراوەتەوە بۆ دۆڵێکی نزیک قەڵای ڤارتبورگ لە ئایزناخ. چیتر ڤینوس و ڤینوسبورگ نامێنن. دواجار بە ئازادیی خۆی دەگات و دەکەوێتە جێیەکی خۆش. شوێنەکە لەوەڕگایەکی دڵفڕێنە، مانگی ئایارە. شوانێک لەولاوە بلوێر دەژەنێت و گۆرانی بۆ ھۆلدا دەبێژێت. ھۆلدا خودایەکی پاگانییەکانە.

دواتر لە دوورەوە دەنگی گۆرانییەک دێت کە بۆ عیسای مەسیح دەبێژرێت. کە دەنگی گۆرانییەکە نزیکتر دەبێتەوە، دەبینرێت کاروانێکی زیارەتکەرانن و بەرەو ڕۆما زیارەت دەکەن. شوانەکە لە ژەندن و بێژان دەوەستێت. کاروانەکە بە لای تەنھاوسەردا دەڕۆن. تەنھاوسەر سەرەتا بێجووڵە واقی وڕ ماوە، پاشان ستایشی کارە سەرسامکەرەکانی خودا دەکات.

دیمەنی چوارەم

شەیپووری گەیشتنی ئاھەنگێکی ڕاو لێدەدرێت و دەبیسترێت و نزیکتر دەبێتەوە. دەستەی ئاھەنگگێڕانی ڕاوچییانی ھێرمان-ن. ھێرمان ئاغای ناوچەکەیە و لەگەڵ سوارەکانیدایە. سترانبێژەکانی ھاوەڵی ئاغا تەنھاوسەر دەناسنەوە. تەنھاوسەر ھێشتا ستایشی خودا دەکات. لەبەر ئەوەی ھاوڕێی لەمێژینەیان بووە، پرسیاری جێ و ڕێی ڕابردووی لێ دەکەن، بەڵام تەنھاوسەر وەڵامی ناڕوونیان دەداتەوە.

ئاغا و سوارەکانی داوای لێ دەکەن بگەڕێتەوە بۆ لایان. بەڵام تەنھاوسەر ئارەزووی لێ نییە. ڤۆلفرام یەکێکە لە سوارە سترانبێژەکان، ناوی ئەلیسابات دەھێنێت. ئەلیسابات کچی برای ئاغایە. جاران توانا جادووییەکانی گۆرانییەکانی تەنھاوسەر ئەلیساباتی پێبەند کردووە و خستوویەتیە ئەوینی تەنھاوسەرەوە. بەڵام لەوەتەی تەنھاوسەر لەوێ نییە ئەلیساباتیش خەمبارە و ئارەزووی موزیکی نەماوە. کە تەنھاوسەر ناوی ئەلیسابات دەبیستێت، بڕیار دەدات لەگەڵیاندا بڕوات.

پەردەی دووەم

دیمەنی یەکەم

ئەلیسابات لە دیوەخانی قەڵاکەدا بە دڵخۆشی و گەشبینییەوە گۆرانی دەبێژێت.

گۆرانییە شادەکەی ئەلیسابات.

دیمەنی دووەم

ڤۆلفرام و تەنھاوسەر دێنە دیوەخان. تەنھاوسەر خۆی دەھاوێتە بەر پێیەکانی ئەلیسابات. ئەویش پرسیاری جێ و ڕێی ڕابردووی لێ دەکات، بەڵام تەنھاوسەر بە ناڕوونی لە کورتی دەیبڕێتەوە و دەڵێت کە پەرجوو ئەوی گەڕاندووەتەوە. ئەلیساباتیش لە سەری ناڕوات و بە دڵخۆشییەوە پێشوازیی لێ دەکاتەوە. دەکەوێتە باسی ھەستی خۆی لە ڕابردوو و ئێستا. دواتریش ستایشی خودا و ئەم پەرجووە دەکات. پێکەوە ستران دەبێژن و دواتر تەنھاوسەر دەڕوات.

دیمەنی سێیەم

ئاغا دێت و برازا دڵخۆشەکەی لە ئامێز دەگرێت، ئەویش دڵخۆش دەبێت. پێشنیار دەکات کێبڕکێیەکی سترانبێژی ئەنجام بدرێت.

دیمەنی چوارەم

پێشبڕکێی سترانبێژییەکە ساز دەکرێت. ئاغا ئەلیسابات سەرپشک دەکات لە پێدانی خەڵات بە براوەی کێبڕکێکە. ڤۆلفرام گۆرانیی خۆی دەبێژێت، بەڵام تەنھاوسەر گۆرانییەکەی ئەوی بە دڵ نییە و پێی وایە کە ڤۆلفرام لە خۆشەویستی تێنەگەیشتووە، بەڵام سوارە و سترانبێژەکانی تر لە وتەکانی تەنھاوسەر تووڕە دەبن و بە کفرکردن تۆمەتباری دەکەن. تەنھاوسەر تووڕەتریان دەکات، بەڵام ئاغا داوایان لێ دەکات ھێور ببنەوە.

تەنھاوسەر گۆرانییەکەی خۆی دەبێژێت، بەڵام دەبینن بۆ خودای خۆشەویستیی دەبێژێت و ستایشی ڤینوسبورگ دەکات. ھەمووان تووڕە دەبن، چونکە پێیان وایە ئەوە کفرە. بۆیان دەردەکەوێت کە تەنھاوسەر پێشتر لە ڤینوسبورگ بووە. دەیانەوێت بیکوژن، بەڵام ئەلیسابات ناھێڵێت و دەیپارێزێت. ھەمووان سەرکۆنەی ئەلیسابات دەکەن، بەڵام ئەو پێی وایە کە دەبێت ڕێ بە تەنھاوسەر بدرێت پاشگەز ببێتەوە و داوای لێخۆشبوون بکات. ھەمووان ستایشی ئەم میھرەبانییەی ئەلیسابات دەکەن و دەڵێن کە ئەو فریشتەیە.

ئاغا بڕیار دەدات تەنھاوسەر دەربکات و پێشنیار دەکات لەگەڵ زیارەتکارەکاندا بچێت بۆ ڕۆما بۆ پاشگەزبوونەوە، بەشکو لەوێ داوای لێخۆشبوون لە پاپا بکات و ئەو بیبەخشێت. ئەلیساباتیش پشتگیری لەم پێشنیارە دەکات. بە تەنھاوسەر دەڵێن کە ئەگەر پاپا تەنھاوسەری بەخشی، ئەوا دەتوانێت بگەڕێتەوە. بەڵام ئەگەر نەیبەخشی، ئەوا نابێت بگەڕێتەوە. تەنھاوسەر خۆیشی بەمە دادەکەفێت و بەرەو ڕۆما دەچن.

پەردەی سێیەم

دیمەنی یەکەم

پایز دێت. ئەلیسابات نوێژ دەکات و چاوەڕێی گەڕانەوەی تەنھاوسەرە لەگەڵ بەخشراوەکاندا. بەڵام کە زیارەتکاران دەگەڕێنەوە تەنھاوسەریان لەگەڵدا نییە. ئەلیسابات مات و خەمگینە و لە مریەمی پاکیزە دەپاڕێتەوە، دواتر بە تەنیا دەڕوات.

دیمەنی دووەم

ڤۆلفرام بە ھاڕپەکەیەوە گۆرانییەکی گەلێک خەمناک دەبێژێت.

گۆرانییە خەمناکەکەی ڤۆلفرام.

دیمەنی سێیەم

تەنھاوسەر بە تەنیا دەگەڕێتەوە و گۆرانییەکەی ڤۆلفرام دەبیستێت. دەکەونە گفتوگۆ. تەنھاوسەر چیتر نایەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڤارتبورگ، بەڵکو دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ ڤینوسبورگ. ڤۆلفرام لێی دەپرسێت کە ئایا ئەو چووە بۆ ڕۆما یان نا؟ سەرەتا تەنھاوسەر نایەوێت باسی ڕۆما بکات، بەڵام دواجار بە درێژی باسی زیارەتەکەی دەکات کە زۆر بە دڵ و بە کوڵ و بە گیان چووە بۆ ئەوەی پاشگەز ببێتەوە. لە ڕۆما و لە خزمەتی پاپادا ھەزاران زیارەتکار بەخشراون، کەچی پاپا ئەوی بە نەفرەت کردووە و نەیبەخشیوە. ئەویش ئاوھا بە دڵشکاوی گەڕاوەتەوە. ئێستاش داوا لە ڤینوس دەکات وەریبگرێتەوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ لای وێ.

دواجار ڤینوس و نیمفەکانی لە نێو گەردەلوولێکدا دێن. ڤۆلفرام دەترسێت و داوا دەکات تەنھاوسەر نەگەڕێتەوە بۆ لای. سەرەتا ڤینوس سەرزەنشتی تەنھاوسەر دەکات بەوەی کە کاتێک ھەمووان خۆیان لێی بێبەری کرد و لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دەرکرا ئینجا دەگەڕێتەوە لای، بەڵام دواتر بانگی دەکات بگەڕێتەوە بۆ لای و بۆ ھەمیشە ببێت بە ھی ئەو. بەڵام ڤۆلفرام ھەر بەرھەڵستی دەکات و داوا دەکات تەنھاوسەر نەچێت، چونکە فریشتەیەک لەم سەر زەوییە نزای بۆ ئەو کردووە. لەولاوەش ڤینوس پەیتاپەیتا بە دەنگە تاودەرەکەی تەنھاوسەر بانگ دەکات. دواجار ڤۆلفرام ناوی ئەلیسابات دەھێنێت و تەنھاوسەر دەوەستێنێت. خەڵکانێک دێن و دەڵێن کە ئەلیسابات بە مەرگی خۆی بەخشینی بۆ تەنھاوسەر ھێنا. بەڵام تەنھاوسەر دەڵێت کە ئێستا لە دەست ئەو چووە. ڤینوس دیار نامێنێت.

کۆتایی تەنهاوسەر.

پاشان پرسەی ئەلیسابات دەگێڕن. کە تەرمی ئەلیسابات دەھێنن، تەنھاوسەر دەچێت و کڕنۆشی بۆ دەبات و داوای لێ دەکات نزای لێخۆشبوونی بۆ بکات. پاشان خۆیشی لە خزمەتیدا دەمرێت. گاڵۆکە وشکەکەی دەستی قەشەکەی دەوری تەرمەکان گەڵا دەگرێت. ھەمووان ئەم پەرجووەی خودا دەبینن و بە دەوری تەرمی ھەردوو تەنھاوسەر و ئەلیساباتەوە ستایشی پەرجووی لێخۆشبوونی خودا دەکەن و دەزانن کە خودا تەنھاوسەری بەخشی.


  1. ١٣ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ نووسیومە. لە ١٦ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

بابەتی پەیوەندیدار

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button