
گۆکول چاند موکرجی1

گۆکول-چاند سەنکەر-چاند موکرجی، باپیرمە، واتە باوکی باوکمە. ساڵی ١٨٩٤ لە ناوچەی مانیکگۆنج لە دەککا لە دایک بووە. ئەگەرچی لە ناوچەی ناوبراودا شارۆچکەیەک هەیە هەر بە ناوی مانیکگۆنج، بەڵام ئایا باپیرم لە شارۆچکەی مانیکگۆنج یان ناوچەکە کامیان لە دایک بووە؟ ئەمەیان نازانم. ئەو سەردەمە دەککا سەر بە هیندستان بووە و لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیادا بووە. ئێستا دەککا پایتەختی بەنگلادیشە.
خۆم باپیرمم نەدیوە. پێم وا بێت هەموو زانیارییەکانی هەر لە زاری خۆیەوە وەرگیراون، چ ڕاستەوخۆ بووبن، چ لە ڕێی باوکمەوە (کەمال موکرجی) بووبێت. من چەند جارێک لەگەڵ پوورمدا (شوکرییە موکرجی) دانیشتووم و سەبارەت بە باپیرم پرسیارم لێی کردووە. تەنانەت جارێکیان ویستم دیمانەیەکی لەگەڵ ساز بکەم و بە کامێراش تۆماری بکەین. بەڵام ئەمە هەرگیز ڕووی نەدا و پوورم لە ١٨ی تشرینی دووەمی ٢٠١٨ لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
گەڕان بە دوای باپیرمدا
دەمێکە زانینی ڕەگوڕیشەی خۆمان خولیام بووە و حەزم کردووە زیاتر بزانم. تەنانەت بیرۆکەی ئەوەشمان هەبووە کە بە شوێنپێی باپیرمدا بگەڕێمەوە بۆ هیندستان و پاکستان و بەنگلادیش و بە دوای زانیاریی ڕەگوڕیشە و کەسوکارماندا بگەڕێم. تەنانەت لەگەڵ هاوڕێیەکدا بڕیار وا بوو ئەمە بکەین و هەمووشی بە فیلم تۆمار بکەین بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا ببێت بە بەڵگەفیلمێک. بەڵام تا ئێستا ڕێک نەکەوتووە.
ساڵانی ڕابردوو هەموو وێنە و بەڵگەنامە و دۆسێکانی خێزانی خۆمانم کۆ کردەوە. لە بەڵگەنامە فەرمییەکان و پێکەوەنانەوەی چیرۆکەکانی ناو خێزانەکەمانەوە بەشی ئەوەندە زانیاریم کۆ کردەوە کە ڕاپۆرتێک لەسەر باوکم و باپیریشم بنووسمەوە.
منداڵیی موکرجی
گۆکول چاند ساڵی ١٨٩٤ لە مانیکگۆنج لە دایک بووە. ڕۆژ و مانگی لەدایکبوونی تا ئێستا نەزانراوە. ئەم زانیارییە لەسەر زۆربەی بەڵگەنامە فەرمییەکانی هەیە. هەموو ئەم بەڵگەنامانەم لەم ڕاپۆرتەدا هاوپێچ کردووە. دایکی ناوی سوگنی سادە یان سوگنی سادی بووە و ساڵی ١٨٥٠ لە دایک بووە. ئەم زانیارییەش هەر لەسەر زۆرێک لە بەڵگەنامەکانی هەیە. باوکی ناوی سەنکەر-چاند موکرجی بووە. ئەگەرچی بە ڕێنووسە عەرەبییەکە هەمیشە دەنووسرێت جاند، بەڵام بە دەسخەتی خۆی بە ئینگلی و لە ڕێی نووسراوە ئینگلییەکان و تەنانەت واژۆکەی خۆشیەوە دەتوانین بزانین کە چاند-ە نەک جاند.
ئەوەندەی باوکم زانیویەتی: باوکی گۆکول چاند (واتە سەنکەر چاند) پۆلیس بووە. بە هۆی کارەکەیەوە گواستراوەتەوە بۆ شاری گایا لە هەرێمی بیهار لە هیندستان. بۆیە گۆکول چاند هەر لەم شارە قۆناغەکانی سەرەتایی خوێندووە. گۆکول چاند گوایە نۆیەمین منداڵی خێزانەکەی بووە و لە هەمووان بچووکتر بووە. حەوت برا و خوشکێکی هەبووە. بەڵام من لەم زانیارییە دڵنیا نیم. چونکە ئێمە خۆشمان حەوت برا و خوشکێکین (جگە لە گوڵاڵە کە مردەزاو بووە) ڕەنگە چیرۆکەکانمان تێکەڵ بووبێتن. بەڵام (وێڕای نادڵنیاییم) دەشێت ئەوەی باپیریشم هەمان چیرۆک بێت. تا ئێستا ئەمە تەنها گێڕانەوەیە و با تا ڕۆژێک پشتڕاست دەکرێتەوە هەر وا بمێنێتەوە.
لە تاعوون ڕزگاری دەبێت
گوایە ئەو سەردەمەی گۆکول چاند منداڵ بووە، لە شاری گایا نەخۆشیی تاعوون بڵاوبووەتەوە و هەموو کەسوکارەکەی لە دەست داوە. بە دوای ڕاستی و دروستیی ئەم ڕووداوەدا گەڕام. بە گوێرەی گەزەتەی تەندروستیی هیندی – The Indian Medical Gazzette کە لە ئەیلوولی ١٩٤٩دا دەرچووە، لە لاپەڕە ٤٠٨دا ڕاپۆرتێک هەیە پڕۆفیسۆر ئێس. سی. سیڵ ناوێک نووسیویە، پڕۆفیسۆری پەتاناسی بووە. دەڵێت:
«شارۆچکەکە لە ساڵەکانی ١٩٠٠-١٩٠٣، ١٩٠٧-١٩٠٨، ١٩١١ و ١٩١٧-١٩١٨دا بە خراپی دووچاری تاعوون بووەتەوە.»
واتە ڕووداوەکە ڕووی داوە، بەڵام تا چەند دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە لە خێزانی باپیرم ڕووی داوە و هەموو ئەندامانی خێزانەکەی کوشتووە؟ ئەمەیان نازانم و لێکۆڵینەوەی پێویستە.
مەکارجی و سەکارجی
من چەند جارێک لە بارەی باپیرمەوە لە پوورە شوکرییەم پرسیوە. لەبەر ئەوەی لەم ڕاپۆرتەدا زۆر باسی ئەم پوورەم دەکەم، چون کچی کەسی ناوبراو بووە، با ئەوە بڵێم کە ئێمە و زۆربەی خەڵکان تەنها پێمان دەوت باجی. باجی چەندین جار ئەم چیرۆکەی وەک خۆی بۆ دووبارە کردوومەتەوە.
بەڵام نێوانی خۆمان بێت، من زۆر لە زانیارییەکانی ئەویش دڵنیا نەبووم. هەندێک جار هەستم دەکرد زانیارییەکانی ئۆتۆماتیکییانە و بێ پرسیار وەرگرتووە. چونکە دەیوت:
– خۆی دوو خێزان هەبوون، مەکارجی و سەکارجی…
ئینجا من هەمیشە پێکەنینم بەم قسەیە دەهات، بیرم دەکردەوە هیندستان ملیارێک خەڵکی تێدایە، دوو خێزانی چی؟! بەڵام وا بزانم درکەی مەبەست ئەوەیە کە دەشێت مانیکگۆنج لەو کاتەدا وا بووبێت، یان ئەو شارۆچکەیەی تیایدا لە دایک بووە وا بووبێت.
پاشتر مامۆستا عەبدوڵڵا کەریم ئەم زانیارییانەی کۆ کردبووەوە و لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێدا بڵاو کرانەوە. لە خوارەوە وێنەی کوردی و عەرەبییەکەی ئەو لاپەڕەیەی ڕۆژنامەکەم بڵاو کردووەتەوە.
مامۆستا عەبدوڵڵا لە ڕاپۆرتەکەی کوردستانی نوێدا دەڵێت: «تاعوون باوک و دایکی و چەند برایەکی کوشتووە.». چەند برای؟ چەندیان مان؟ ئەی خوشکەکەی؟ ئەمانە زانراو نین. ئەڵبەت من چاک دەزانم کە ئەم زانیارییانە لە پوورمەوە سەرچاوەیان گرتووە و مامۆستا عەبدوڵڵا لە خۆیەوە نەینووسیون. چونکە پوورم ئەم شتەی بە خودی خۆشم وتووە.
پاش مەرگی دایک و باوک و «چەند برایەکی» ڕۆیشتووەتە شاری پەتنا هەر لە هەرێمی بیهار. گوایە لە ماڵی خزمێکیان ماوەتەوە و ئەوانیش هەر زۆر هەژار بوون. بۆیە ناچار بووە هەر لە تەمەنێکی منداڵییەوە کار بکات.
یەکەم کاری ئەوە بووە (گوایە) لە فەرمانگەیەکدا بووە بە چاودێر، چ فەرمانگەیەک؟ نازانم. پاشان لەبەردەم پۆستەخانەی ناوەندیی شارەکەدا بووە بە سکاڵانووس. پاشان بووە بە جابیی ترام. تا ئێستا ناتوانم هیچ کامێک لەم زانیارییانە پشتڕاست بکەمەوە. بەڵام بەشکو لە ئایندەدا بتوانم.
سوپای بەریتانی و میسۆپۆتامیا
میسۆپۆتامیا
ئەو کاتەی ئەم ڕاپۆرتەم نووسی، نووسیبوم موکرجی نێرراوە بۆ عێراق. بەڵام کە سەیری دۆسێ بەریتانییەکانیم کردەوە، دەبینم لە هیچ کامێک لەو دۆسێیانەدا ناوی عێراق نەهاتووە، بەڵکو هەمیشە نووسراوە میسۆپۆتامیا، واتە (وڵاتی) نێوان دوو ڕووبارەکە. خۆیشتان دەتوانن سەیری بەڵگەنامە بەریتانییەکان بکەن کە لەگەڵ ئەم ڕاپۆرتەدا هاوپێچ کراون.

ئەم سەرنجە زۆر گرنگە، چون ئێمە خەریکین بە نەزانی مێژوو بۆ عێراقێکی درۆیینە دروست دەکەین. واتە لە خۆمانەوە دوای ئەوەی بە زۆر دەوڵەتی ستەمکاری عێراق دروست کراوە، ئێمە پێش ئەو دروستکردنەش هەر بە ناوە نوێکەیەوە بانگ دەکەین.
ئەمە بۆ ئێران و تورکیا و سووریاش ڕاستە. هەر هەڵەیەکی گێڕانەوەشە. وەک وایە بڵێیت: پێغەمبەر موحەمەد خەڵکی سعودیە بووە. سعودیە لە ١٩٣٢ەوە پێی دەوترێت سعودیە. واتە هەڵەکە ئەوەیە کەسێتییەکی کۆنی نێو بەستێنی کۆن لە بەستێنی نوێوە سەیر دەکرێت.
تەنانەت لە تەواوی پەڕتووکەکەی مێجەر سۆندا (ئیڵای بانیستەر سۆن: دادوەری سەربازیی سلێمانی) بە ناونیشانی گەشتێک بۆ میسۆپۆتامیا و کوردستان لە بەرگی نادیاردا: To Mesopotamia and Kurdistan in disguise یەک جاریش ناوی عێراق نەهاتووە.
ناردنی موکرجی بۆ میسۆپۆتامیا
موکرجی لە تەمەنی ٢٤ ساڵیدا و لە ڕێکەوتی ٥ی شوباتی ١٩١٨دا پەیوەندی بە سوپای بەریتانییەوە کردووە. یەکسەریش لە شاری ڕاولپیندی (کە ئێستا پاکستانە) خراوەتە خولی ئامادەکارییەوە. لە ڕاولپیندی میکانیک و فیتەریی خوێندووە.

پاشان نێرراوە بۆ وڵاتی نێوان دوو ڕووبارەکە. گوایە یەکەم جار ناردوویانە بۆ بەسڕە. بەڵام ئەمەیانم بۆ پشتڕاست ناکرێتەوە. بەڵام لە مووچەنامەکەیدا نووسراوە کە لە ٥ی ئاداری ١٩١٩ لە بەغدا مووچەکەی وەرگرتووە. لە ١ی ئایاری هەمان ساڵ لە کەرکووک وەریگرتووە. پاشان لە ئابدا لە بەغدا. پاشان بۆ ساڵی دواتر لە ١٠ی نیسانی ١٩٢٠ مووچەکەی لە سلێمانی وەرگرتووە. واتە ئەمە دەیسەلمێنێت کە شوێنکارەکانی: بەغدا، کەرکوک، بەغدا، سلێمانی بوون.

ڕێکەوتی هاتنی بۆ سلێمانی
نازانم ڕێکەوتی دیاریکراوی یەکەم ڕۆژی هاتنی بۆ سلێمانی کەی بووە. بەڵام ناڕوونییەک هەیە، کە ئەویش بەم جۆرەیە:
وەک وتمان، بە گوێرەی مووچەنامەکەی بێت، کە ئەمەیان بەڵگەنامەیەکی وردتر و ڕوونترە و زیاتر جێی متمانەیە، لە ١٠ی نیسانی ١٩٢٠دا لە سلێمانی مووچەی وەرگرتووە. مووچەی تۆمارکراوی پێش ئەوەش لە ١ی ئابی ١٩١٩ بووە لە بەغدا. واتە ڕێکەوتی هاتنی بۆ سلێمانی (بە گوێرەی ئەم بەڵگەنامەیە) دەکەوێتە نێوان ئابی ١٩١٩ بۆ نیسانی ١٩٢٠.
بەڵام مەیجەر ئێچ. ئەی. گۆڵدسمیث (یان گۆڵدویت/گۆڵدویذ) لە پەسننامەکەی ٣٠ی ئەیلوولی ١٩٢٢دا نووسیویە:
«جی سی موکرجی لە کەرتی سلێمانی لە ئاداری ١٩١٩وە تا ئەیلوولی ١٩٢٢ وەک شۆفێری ئوتومبێل و میکانیک دامەزرێنراوە».

جا ئەگەر بە گوێرەی ئەم پەسننامەیەی ئەم دادوەرە وارگێڕییەی بەریتانیا بێت، کەواتە موکرجی لە ئاداری ١٩١٩وە هاتووە بۆ سلێمانی. ئەمەش بە گوێرەی مووچەنامەکەی کەم ڕێی تێ دەچێت. چون ئەو هەم لە مانگی ٢ و هەم لە مانگی ٣ی ١٩١٩ لە بەغدا مووچەی وەرگرتووە. دواتریش لە کەرکووک، دواتریش دیسان لە بەغدا. ڕەنگە ئەم ئەفسەرە مەبەستی لەوە بێت کە: موکرجی کە لە ئاداری ١٩١٩وە وەک شۆفێر و میکانیک لە سوپای بەریتانیدا لە میسۆپۆتامیا دامەزرێنراوە، لە کەرتی سلێمانی کاری کردووە. کە ئەمەیان ڕاستە و ڕێی تێ دەچێت.
ئەوەی خۆم پێم وا بێت دروستترینە ئەوەیە کە گۆکول چاند موکرجی لە ئاداری ١٩٢٠دا هاتووە بۆ سلێمانی. لە مووچەنامەکەشیدا بەڵگەمان هەیە کە مانگی نیسانی ١٩٢٠ لە سلێمانی مووچەی وەرگرتووە. ئەمە جگە لەوەی بە گوێرەی ژمارە ١ی حەفتەنامەی پێشکەوتن، کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی نیسانی ١٩٢٠دا بڵاو کراوەتەوە، حکومەتەکەی مێجەر سۆن داوا دەکات گەنجی سلێمانی بێن بۆ فێربوونی شۆفێری و میکانیکی. کە ئەمە بە سەرپەرشتیی گۆکول چاند موکرجی بووە. بۆیە ئاداری ١٩٢٠ بەڵگەمەندترە وەک لە ئاداری ١٩١٩.
شاری سلێمانی چۆن باسی هاتنەکەی کردووە؟
بەشێک لەم یادنامانە ڕاستەوخۆ لە خۆی و لە باوکم وەرگیراون و لە پەڕتووکی شاری سلێمانیدا ئاماژەیان پێ دراوە. پەڕتووکی شاری سلێمانی لە نووسینی ئەکرەمی مەحموودی ساڵحی ڕەشەیە، لە بەشی ئوتومبێلچییەکاندا باسی باپیرم دەکات. ئەم بەشە بە ئاگاداریی باوکم نووسراوە.
بە گوێرەی ئەم پەڕتووکە لە ٦ی کانوونی دووەمی ١٩١٩دا بووە بە شۆفێری سەربازی نێوان سەربازگەی ڕەشید. ئەو کاتە بەم سەربازگەیە وتراوە ئۆردوگای هیندییە، یان بابولموعەززەم. لێرەدا دەقی نووسراوەکەی ناو پەڕتووکی ناوبراو دەهێنمەوە و وەک خۆی دایدەنێمەوە، بە هەموو هەڵەی ڕێنووسەکەیەوە:
دەقی نووسراوەکەی شاری سلێمانی:
لە ساڵی ١٩١٩ی زاینیدا ھەروەکو باسمانکرد مێجەڕسۆن بوو بە حاکمی سیاسی لە سلێمانیدا. ئەمیش دوو شۆفێری ھیندیی لەگەڵا بوو.. لەبەرئەوەی ئەم دوو شۆفێرە ئۆتۆمبیلەکانیان بە شکاوی لای تاسلوجە و کەندەکەوەوە بەجێ ھێشتووە نەیانزانیبوو چاکی بکەنەوە ھەردوکیانی بە دەست بەسەری ناردنەوە بۆ بەغدا وەداوای لێکردبوون کە ئۆتومبێل چییەکی زۆر باشی بۆ بنێرن بەمەرجێک میکانیکییەکی باش بێت وە ھەروەھا ئینگلیزییەکی چاکیش بزانێت.
ھەر لەم کاتەدا لاوێکی ھیندی میکانیکی زان ھاتبوە بەغداوە ھەموو ڕۆژێک بە فەرمانی عەسکەری لە ئوردوگای ھیندییەوە واتە (معسکر ڕشید) بە ئوتومبیلە عەسکەرییەکەیەوە دەچوو بۆ (باب المعظم). لەبەر ئەوەی کە ئەم لاوە زۆر بەڕەحم بوە لە رێگای خۆیدا ھەرچی پیرو مناڵ و ئافرەتێکی بەدی بکردایە، سواری دەکردن لەسەر ئەم کردارە لێپرسراوەکەی کە باش چاوەشێکی ئینگلیزی دڵڕەق دەبێت. ڕقی لێ ھەڵ دەگرێت. کەداواکەی مێجەرسۆن دێتە لایان. ئەم ئینگلیزە دڵڕەقە ئەو لاوە ھیندییە بانگ دەکات و پێی دەڵێت: ئەوا ناوی تۆی بەڕەحم درا بەو کاربەدەستانە کەبت نێرن بۆلای بێ ڕەحمێکی زۆر توند کە حاکمی شارێکە کە زۆر دوورە لە بەغداوە، ھەر بەم جۆرە پاش چەند ڕۆژێک (گۆگۆل جان مکورجی) دەکەوێتە ڕێ لە بەغداوە بەرەو شاری سلێمانی ئەو شارەی کە خۆشی ویست، ھەرگیز بەجێی نەھێشت، وەلەو رۆژەوەی کە ھات کە لە مانگی مارتی ١٩١٩ز یەوە مایەوە ھەتاکو رۆژی پێنجشەممەی ڕێکەوتی ١٨/١٢/١٩٨٠ کە وەفاتی کرد وە لە خاکی پاکی گردی سەیوان نێژرا…
…
ئینجا با باسی گەشتەکەی بکەین بۆ سلێمانی: بۆ ڕۆژی دووەم لە گەیشتنی کاک مکورجی بۆ سلێمانی (میجەرسۆن) گوێی لە ڤڕەڤڕی ئوتومبێلێک دەبێ وە لە پەنجەرەی ژووری دائیرەوە سەر دەردێنێت، یەکێک لە دوو ئوتومبێلەکەی خۆی دەبینێ سەری سوڕ دەمێنێت. دەنێرێت بەدوای مکورجیدا.. (مکورجی لەقەبی خێزانەکەیانە لە بەنکال) پێی دەڵێت: چۆنت ئەم ئوتومبێلە چاک کردەوە؟ پارچەکانیت لەکوێ بووە؟ لە وەڵامدا موکرجی دەڵێت لە پارچەی ئەویان ئەمیانم تەواوکردووە بەمیان ئەوی تریانم ڕاکێشا هەتا گەیشتمە مهندس خانە پاشان بە شێنەیی ئەویشیان چاک دەکەم.
سۆن – بەم وەڵامە زۆر دڵخۆش دەبێت فەرمان دەدا کە ڕێوشوێنێکی زۆرچاکی بۆ تەرخان بکەن. زۆر ڕێزی لێ دەگرێت.. بە هۆی توانایی مکورجی یەوە لەسەر فەرمانی حاکمی ناو براو بڕیار دەدرێت بە کردنەوەی دەورەیەکی شۆفێری بۆ یەکەمجار لە شاری سلێمانی لە بەهاری ساڵی ١٩٢٠ ز هەر بۆ ئەم مەبەستە جاڕ دەدرێت وە لە ڕۆژنامەی ئەو ڕۆژەی سلێمانی دا بڵاودەکرێتەوە. وردەوردە لاوانی شار خۆیان ناونووس دەکەن، روو دەکەنەمەڵبەندی دەورەکە کە لە مهندسخانە بوو…
دەرچوون لە خزمەتی سەربازی
بەڵگەنامەی دەرچوونی کاتی لە خزمەتی سەربازی دەریدەخات کە لە کۆتایی ١٩٢٠دا بڕیاری دەرچوون لە خزمەتی سەربازیی داوە، چووەتە نێو خزمەتی ژیارییەوە (مەدەنی). بە گوێرەی ئەم بڕیارەش ناتوانێت لەسەر ئەرکی بەریتانیا بگەڕێتەوە بۆ هیندستان. واتە بەریتانیا تێچووی گەڕانەوەی بۆ دابین ناکات. ڕێکەوتی بەکاربوونی ئەم بڕیارەش لە ١ی شوباتی ١٩٢١ەوەیە. موکرجی ئەو کاتە تەمەنی ٢٧ ساڵ بووە و ئەمەش لەسەر داوای خۆی بووە.
ئەم بەڵگەنامەیە نایسەلمێنێت کە بە تەواوی وازی لە بەریتانیا هێنابێت، بەڵکو دەیسەلمێنێت کە دوای خزمەتی سەربازی خزمەتی ژیاری (شارستانی/مەدەنی)ی کردووە. بەڵگەنامەیەکی تریشمان هەیە کە لەو کاتەی بەریتانییەکان سلێمانی بە جێ دەهێڵن ناچارن کەمکردنەوە لە کارمەندەکانیاندا بکەن و گۆکول چاندیش بەرکەوتووە. بۆیە ئەو کاتە ناچار بووە دەست لە کار بکێشێتەوە.
موکرجی و شێخی نەمر، پاشای کوردستان

موکرجی دوای وازهێنانی لە سوپای بەریتانیا بووەتە ئاشنای شێخ مەحموودی نەمر و حەپسە خانی نەقیب. شێخی نەمر و حەپسە خان خۆشیان ویستووە و ڕێزیان لێی گرتووە.
موکرجی ئوتومبێلەکەی خۆی پێشکەشی شێخی نەمر کردووە
چیرۆکە باوەکە بەو شێوەیەیە کە باپیرم ئوتومبێلەکەی خۆی پێشکەشی شێخ مەحموودی نەمر کردووە، ئەویش پارەکەی داوەتەوە. دواتریش شێخی نەمر هەر موکرجیی کردووە بە شۆفێری خۆی.
شێخ مەحموودی نەمر کە لێی پرسیوە: «ناوت چییە؟»، بیهێنە بەر چاوت پیاوێکی بەنگالی بە شێوەی گۆکردنی بەنگالییانە ناوی خۆی بڵێت:
– گۆکول چاند سەنکەر چاند موکرجی.
بۆیە دەبێت شێخ مەحموودی نەمر چەند جارێک لێی دووبارە کردبێتەوە. لە کۆتاییدا وتوویە: «ئەم ناوە بۆ من قورسە و تۆ لەمەودوا ناوت غەفوور هیندییە!». هەندێک جاریش پێیان وتووە غەفوورە ڕەش.
بە گوێرەی ئەو ڕێکەوتەی خاوەنشکۆ سمکۆ خانی شکاک هاتووە بۆ سلێمانی و (بە شایستەیی) پێشوازیی شایانەی لێ کراوە، ئەو ماوەیە باپیرم شۆفێری شێخی نەمر بووە.
ئوتومبێلەکەی لە کوێ بوو؟
چەندین جار ئەو قسەیە دەکرێت کە گوایە باپیرم ئوتومبێلەکەی خۆی داوە بە شێخ مەحموودی نەمر. بەڵام کەس نەیپرسیوە داخۆ باپیرم ئوتومبێلی لە کوێ بووە؟ هەر بە ڕاستی ئەو سەربازێک بووە و لە وڵاتێکی بێگانەوە هاتووە. ئەم ئوتومبێلەی لە کوێ بووە و کامە بووە و چۆن پەیدای کردووە؟
کەس هیچ ڕایەکی لەم بارەیەوە نەبووە. بەڵام من وای بۆ دەچم باپیرم دانوستانی لەگەڵ سوپای بەریتانیدا کردبێت. دانوستانەکە وەها بووبێت کە ئەوان ئوتومبێلی سەربازییەکەی بدەنێ، لە بەرانبەردا باپیرم لەوە خۆش بووە بەریتانیا تێچووی گەڕانەوەی بۆ هیندستان لە ئەستۆ بگرێت. چون ئەو سەردەمە بەریتانیا لە کوردستان تا ڕادەیەک شپڕێو و شپرزە بوون. هەر لە ناکاویش بڕیاریان داوە بکشێنەوە و ویستوویانە بە زوویی لەو ناوچەیە دەربچن. بۆیە ڕێی تێ دەچێت خۆیان خواخوایان بووبێت کە تفاق و دابینە زۆرەکەیان کەم بکەنەوە. واتە ئەوەی پێی دەوترێت لۆجستیک و سەپڵای لاین: ڕێڕەوی دابینکردن، بارسووکتر بکەن.
ئایا موکرجی فریادڕەسی شێخی نەمر بووە؟
جارێکیان کاک ئاسۆی عومەر سوارە (گیانی شاد بێت) بە خۆمی وت: «کە شەڕی دەربەندی بازیان بووە، شێخ مەحموود نەیتوانیوە دەستی بە ماڵەوەی بگات. باپیرت (گۆکول چاند موکرجی) چووە و هەموویانی هەڵگرتووە و بردوونی بۆ لای شێخ. تەنانەت شێخ مەحموود وتوویە: لەم هەموو کەللەزلەی لەگەڵمدان کەسێکتان نەبوو خەمێکی ماڵومنداڵەکانم بخوات، کابرایەکی هیندی نەبێت کە لەوسەری دونیاوە هاتووە؟».
لە کەسێکی تریشم بیست گوایە دوای برینداربوونی شێخی نەمر لە شەڕی دەربەندی بازیاندا باپیرم ئینگلەکانی فریو داوە و پێیانی وتووە: «شێخ مەحموود بەو لایەدا ڕۆیشتووە» و درۆی کردووە، ویستوویە گیانی شێخ ڕزگار بکات.
بەڵام من پێم وایە هەم چیرۆکی دووەم هەڵبەستراو بێت، هەم کاک ئاسۆش بە هەڵەدا چووە. چونکە شەڕی دەربەندی بازیان لە حوزەیرانی ١٩١٩دا ڕووی داوە. ئەو کاتە باپیرم هێشتا نەهاتووە بۆ سلێمانی.
بەڵام ڕەنگە ئەمە دوای ڕووخاندنی حکومەتی دووەمی شێخ مەحموود بووبێت لە ساڵی ١٩٢٣دا. واتە ڕەنگە ئەو کاتە بووبێت کە شێخی نەمر چووە بۆ جاسەنە لە سوورداش، نەک دەربەندی بازیان2.
کاری موکرجی دوای گیرسانەوەی لە کوردستان
وا دیارە گۆکول چاند دوای حکومەتەکەی شێخ مەحموود ئوتومبێلی تازەی کڕیوە و لە هێڵی سلێمانی-کەرکووک، کەرکووک-هەولێر و کەرکووک-کفری خستوونیەتە کارەوە.
ساڵی ١٩٣٢ بڕوانامەی تەجەنوسی وەرگرتووە. لە ٢٩ی نیسانی ١٩٣٦یشدا ڕەگەزنامەی شانشینی عێراقی وەرگرتووە.
لە کۆتایی ساڵی ١٩٦٨دا داوانامەیەکی پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ کردووە، تیایدا لەبەر بەساڵداچوون و نەتوانین داوای کردووە مۆڵەتی شۆفێریی لێ وەربگیرێتەوە. ئاوها وازی لە کار هێناوە.

دینی موکرجی
لەسەر هەموو بەڵگەنامە عێراقییەکانی نووسراوە گوایە موسوڵمان بووە. بەڵام کەس لە خێزانەکەماندا هەرگیز باپیرمی نەدیوە هیچ نەریتێکی ئیسلامی جێبەجێ بکات.
دینی چی بووە و موکرجی واتا چی؟
من باوەڕ ناکەم باپیرم بە موسوڵمانی هاتبێت بۆ میسۆپۆتامیا، بەڵکو هیندۆس بووە. بەڵگەکانیشم هەر لە خودی ناوی خۆیدایە. چ گۆکول و چ چاند و چ سەنکەر و چ موکرجی هەموویان ناوی هیندۆسیین. گۆکول ناوی ئەو شوێنەیە کە خودا کریشنا لێی گەورە بووە. چاند هەر هیندۆسییە و واتە مانگەشەو، مانگ. دیارە گۆکول چاند واتە مانگەشەوی گۆکول یان مانگی گۆکول. سەنکەر (نەک سەنگەری کوردی) ناوێکی هیندۆسییە، ناوی خواوەندی هیندۆسی شیڤا-یە، بە واتای چاکەکار دێت. موکرجی کە بە ئینگلی چەندین ڕێنووسی هەیە، ئەویش ناسناوێکی هیندۆسیی کولین براهمینییە. موکرجی لە بنەچەدا وشەیەکی سانسکریتییە بە واتای مامۆستا، سەرکار دێت. هەموو خێزانی موکرجییەکانیش لە بنەچەدا سەر بە هەرێمی بەنگال و وڵاتی بەنگلادیشن.
موکرجی یان مکورجی یان مکرجی؟
براکانم هەموویان دەنووسن مکورجی. باوکم نووسیویە مکرجی. لەسەر پێناسی باری شارستانییەکانیشمان هەر مکرجییە. بەڵام من لە ٢٠١٩وە لە لایەن خۆمەوە کردم بە موکرجی، لەو کاتەشەوە هەرگیز مکورجی بە کار ناهێنم، چونکە پێم وایە هەڵەیە.
ژنەکەی دینی چی بووە؟
بەڵام بێگومان خەیرییە خانی سێیەم هاوسەری و نەنکی من موسوڵمان بووە. باوکم و پوورم (باجی) موسوڵمان بوون. ئێمەش لە لەدایکبوونمانەوە دینی ئیسلاممان لێ نراوە.
لە دینەوە بۆ باسی تر
جارێکیان پرسیاری دینی باپیرمم لە باجی (پوورم) کرد. وتی:
– ئێ خۆ لەسەر ڕەگەزنامەکەی نووسراوە کە موسوڵمانە.
وتم:
– ئەوەیان دەزانم. بەڵام ئایا هەر بە ڕاستی موسوڵمان بوو؟ تۆ قەت دیوتە نەریتێکی ئیسلامی بنوێنێت؟
بەڵام پوورم بە باسێکی تر وەڵامی دامەوە و وتی:
– جارێکیان بە کاری چاودێریی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردە چووم بۆ قوتابخانەیەک. بەڕێوەبەرەکە کە ناوی باوکمی بیستبوو و دەیزانی هیندییە، لێی پرسیم: «ست شوکرییە، ئەوە باوکت خەتەنە کراوە؟» منیش زۆرم پێ ناخۆش بوو. سەرزەنشتیم کرد و وتم: مامۆستا، زۆر ناشیرینە بۆ تۆ ئەو پرسیارە دەکەیت و شەرم لە خۆت بکە. ئینجا هاتمە دەرەوە و زۆر دڵم تەنگ بوو. زۆرم پێ ناخۆش بوو کە ئەو مامۆستایە ئەوەندە بێئەدەب بوو. خۆم نەگرت و بۆ ست (…)ی هاوڕێم گێڕایەوە. ئەویش وتی: «جا پێت بوتایە من چوزانم خەتەنە کراوە یان نا، لە ژنەکەت بپرسە، ئەو ڕەنگە بزانێت».
خێزانی موکرجی

ژنێکی هەڵتۆقیو
باپیرم گوایە سێ جار ژنی هێناوە. ژنی یەکەمی حەبە خان ناوێک بووە. بەڵام هیچ زانیارییەکم لەسەر ئەم خانمە نەدۆزیوەتەوە. کێ بووە؟ خەڵکی کوێ بووە؟ گرێبەستی هاوسەرگیری کوا؟ لەناو دۆسێکانیشدا هیچ بەڵگەنامەیەک لەسەر ئەم خانمە نییە. تەنانەت دایکم پێمی وت هەرگیز ناوی ئەم ژنەی نەبردووە و قەت باسی نەکردووە. پێم وایە ئەمە ڕاست نەبێت. ئەو سەرچاوەیەی ناوی ئەم خانمەی تێدا هاتووە چاوپێکەوتنەکەی مامۆستا عەبدوڵڵایە، کە ئەویش لە پوورمی وەرگرتووە. داخەکەم من لەمە زیاتر نازانم.
ئامینە خان
ژنی دووەمی (بە ڕای من یەکەمی) گۆکول چاند موکرجی ناوی ئامینە خان بووە. کچێکیان بووە بە ناوی سەبیحە. باپیرم و ئامینە خان جیا بوونەتەوە. پاشتر ئامینە خان شووی بە پیاوێکی تر کردووەتەوە بە ناوی یەحیا. وا دیارە کاک یەحیا تورکمان بووبێت و لە کەرکووک دانیشتوون. کاک یەحیا، سەبیحەی خستووەتە سەر ناوی خۆی. واتە پوورە سەبیحم بە فەرمی کچی باپیرم نییە، بەڵام لە ڕاستیدا کچی باپیرمە.
ئێمە بەم پوورەمانمان دەوت «پوورە سەبیح». وا دیارە لە ساڵی ١٩٢٥ لە دایک بووبێت. واتە دەبێت گۆکول چاند موکرجی لانیکەم لە ساڵی ١٩٢٤دا خاتوو ئامینەی هێنابێت.
خەیرییە خان

ژنی سێیەمی (بە ڕای من دووەمی) باپیرم ناوی خەیرییە ئەیوب غەییوبە. ئەم خانمە نەنکی منە. ئەگەرچی لەسەر پێناسەکەی و دەفتەی ڕەگەزنامەکەشی نووسراوە کە سەر بە فەرمانگەی کەرکوک-ە، بەڵام گوایە خەڵکی کفری بووە. دایکی خەیرییە خان ناوی فەهیمە ڕەسوڵ بووە. پێشتریش ڕەگەزنامەیەکی تری هەبووە کە پێی وتراوە ڕەگەزنامەی عوسمانی.
گۆکول چاند موکرجی لە ٢٥ی ئابی ١٩٢٥ لە کفری خەیرییە خانی مارە کردووە. لەسەر پێناسەکەی نەنە خەیرییە نووسراوە کە ساڵی ١٩١٣ لە دایک بووە و موسوڵمان بووە. ئەگەر وا بێت، کەواتە بە دوازدە یان سێزدە ساڵی شووی کردووە. بۆیە لەو باوەڕەدام هەڵەیەک لە ساڵی لەدایکبوونەکەیدا هەبێت.
بەری هاوسەرگیریی باپیرم و نەنکم دوو منداڵ بووە. ساڵی ١٩٣١ شوکرییە (باجی) لە دایک بووە. باوکیشم (کەمال) لە ساڵی ١٩٣٣ لە دایک بووە. ڕۆژ و مانگی هیچیان بە دروستی تۆمار نەکراون و هەر نووسراوە ١ی تەممووز.
ئەگەر بە دیوێکی تریشدا بیر بکەینەوە کە تا ١٩٣١ منداڵیان نەبووە، ئەوا لەوانەیە هەر بە ڕاستی باپیرم خەیرییەی لە تەمەنێکی وا منداڵییدا هێنابێت، بەڵام تا پێنج ساڵ دواتر منداڵیان نەبووبێت.
نەنە خەیرییە لە ١٣ی ئابی ١٩٨٤ لە سلێمانی و لە ماڵی خۆیان لە سابونکەران مردووە.
ئایا نەنکم تورکمان بووە؟
لەوانەیە نەنکم تورکمان بووبێت. بەڵام پوورم (کچەکەی) ئەمەی پشتڕاست نەدەکردەوە. دایکم و زۆر کەسی تریش دەڵێن کە نەنکم و پوورم تەنها بە تورکمانی لەگەڵ یەک دواون. بەڵام چەند جارێک لە باجیم پرسیوە: «نەنە کورد بوو یان تورکمان؟»، هەموو جارەکان دەیوت: «کورد بوو!، تورکمانی چی؟». تەنانەت جارێکیان زۆرم لێی کرد بڵێت تورکمان بوو، هەر نەیوت.
ئێ ئەگەر تورکمان نەبوون بۆچی بە تورکمانی دەدوان؟ باوکیشم هەر تورکمانیی زانیوە. ڕەنگە لەبەر ئەوە بە تورکمانی دوابێتن بۆ ئەوەی قسەکانیان لە دایکم بشارنەوە. ئەگەرچی دایکم (لەمانەوە) شتێک تورکمانی تێدەگات.
باجی کەسێکی نامۆ نییە بە ژیانم و کەم لەگەڵی نەژیاوم. ماوەیەکی زۆریش نەخۆش بوو و من خزمەتیم دەکرد. ساڵی ٢٠١٨ مرد، ئەو کاتە من سی و یەک ساڵ بووم. خۆم چاک باجیم بە بیر دێتەوە کە بە تورکمانییەکی ڕەوان قسەی دەکرد. باجی عەرەبی کوردییەکەشی ڕەوان بوون. بۆ نموونە ئەگەر بتوتایە «دەخەوم» تووڕە دەبوو، دەیوت: «ئەوە تۆ دۆمیت؟ قەرەجیت؟ بۆچی دەڵێیت دەخەوم؟ بڵێ دەنووم!».
جارێکیان ئەم باسەم لەگەڵ کاک نزاری برامدا ورووژاند. ئەو تێڕوانینێکی سەرنجڕاکێشی هەبوو. وتی:
– تورکمانی چی؟ تورکمان چیی کردووە لەو کاتەدا؟ ئەم کەسانە چینی ژێرەوەی کۆمەڵگا بوون. شەڕ و ناخۆشییان نەویستووە. لەگەڵ باوی خەڵکدا ژیاون. کە زانراوە تورکمان لەگەڵ عوسمانلیدا کێشەی نییە، ئەوانیش خۆیان لە کێشە بە دوور گرتووە و وتوویانە: «تورکمانین» تا تورک ژیانیان لێ تاڵ نەکەن.
خانووی غەفوور هیندی لە سلێمانی
موکرجی لە ساڵی ١٩٤٤ لە گەڕەکی سابوونکەران لە سلێمانی زەوییەکی کڕیوە و مۆڵەتی تەلارسازیی بۆی دەرهێناوە. ئەم پیاوە ئەوەندە بە ناوی غەفوور بەناوبانگ بووە کە لەوە ناچێت نە لە فەرمانگەی شارەوانی و نە لە فەرمانگەی تاپۆ داوای پێناسیان لێی کردبێت، چونکە ڕاستەوخۆ نووسیویانە غفور مکرجی.
بێگومان لە ڕووی یاساییەوە کەسێک نییە ناوی غەفوور هیندی یان غەفوور موکرجی یان غەفوورە ڕەش بێت، بەڵکو ئەمانە ناسناوی گۆکول چاند موکرجی بوون. بۆیە ئەو هەڵەیەی ئەو کاتە کراوە، کە ناوی یاسایی باپیرمیان نەنووسیوە، لە ساڵی ٢٠٠٥دا دوای بێنەوبردەیەکی زۆر چاک کرایەوە و خانووەکە خرایەوە سەر ناوی میراتگرەکانی باپیرم.
ماڵەکەی باپیرم بە تەنیشت ماڵی کرێی دکتۆر کامیل بەسیرەوە بووە.
تا ساڵی ٢٠١٩ش ئەم خانووەی سابوونکەرانمان مابوو. من لە مانگی ئاداری ٢٠١٩دا بە پیاوێکم فرۆشت بە ناوی کاک عەبدوڵڵا. ئەویش نۆژەنی کردووەتەوە و هێشتا خانووەکە بە پێوەیە.
باوکم لە ساڵی ١٩٧٠دا لە گەڕەکی عەلی ناجی، پشت مزگەوتی حاجی جەمال خانووێکی دروست کردووە و لەو کاتەوە لەو خانووەدا بووین. باپیریشم لەگەڵیاندا هاتووەتە ئەم خانووە و هەر لەم خانووەشدا مردووە. ئەم خانووەشمان لە ساڵی ٢٠١٦دا فرۆشت.
پیری و نەخۆشی

باپیرم لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تووشی مایەسیری بووە. پاشتریش دڵی گەورە بووە (وەک نەخۆشی). پاشتر مایەسیرییەکەی بووە بە شێرپەنجە و ڕۆژبەڕۆژ باری تەندروستیی بەرەو خراپ و خراپتر چووە. تا لە ١٨/١٢/١٩٨٠ لە شاری سلێمانی و لە خانووەکەی عەلی ناجی پاش ململانێیەکی درێژ لەگەڵ نەخۆشیدا کۆچی دوایی کرد.
ئەو ڕۆژەی باپیرم مردووە باوکم لە بەغدا بووە و تەلەفۆنیان بۆی کردبوو. ئەویش داوای کردبوو نەنێژرێت تا خۆی دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی. گۆڕەکەی لە گۆڕستانی سەیوانە لە سلێمانی.
کەسێتیی گۆکول چاند موکرجی

ئەگەرچی باوکم کەسێکی تووڕە و بەزەبر بووە، پووریشم هەر وا بوو، بەڵام باپیرم ئێجگار نەرمونیان و هێمن بووە. کەس نازانێت باوکم و پوورم تووڕەیی و زۆردارییەکەیان لە کوێوە هێناوە، چون هەموو ئەو کەسانەی ڕۆژێک باپیرمیان دیوە باس لە میهرەبانی و هێمنییەکەی دەکەن. تەنانەت دەڵێن نەنکیشم (خەیرییە خان) هەر ژنێکی هێمن و لەسەرخۆ و نەرمونیان بووە.
دایکم یەکێکە لەو کەسانەی بۆی گێڕاومەتەوە کە باپیرم پیاوێکی زۆر لەسەرخۆ و هێمن و ئاشتیخواز بووە. هەرچەند دەنگەدەنگێک ڕووی دابێت یەکسەر بە دیوی ئاشتیدا شکاندوویەتیەوە و هەمووانی ڕێک خستووەتەوە. دوو منداڵەکەشی ئێجگار خۆش ویستووە و هەرگیز لە هیچیانی نەداوە.
ئەوەش لەناو خەڵکی کوردستاندا زانراوە کە باپیرم زۆر بووک و زاوای بە ئوتومبێلی خۆی گواستووەتەوە و بەشداری خۆشی و ناخۆشییەکانی خەڵک بووە.
تا ئێستا تەنها یەک چیرۆکی تووڕەبوونی باپیرمم بیستووە. ئەویش بەم جۆرە بووە: جارێک ئاسۆی برامی بە ساوایی بە باوەش لەگەڵ خۆی بردووەتە دەرەوە و پیاسەی ناوشاری پێ کردووە. سواری پاسێک بووە. بەڵام هەر کە لە ناودەرگاکەدا بوون شۆفێرەکە نائاگادارانە دەرگاکەی داخستووەتەوە و قاچی ئاسۆ بووە بە دەرگاکەوە. باپیریشم تووڕە بووە.
پوورم لاسایی کوردییە شێوەگۆ بەنگالیییەکەی ویی دەکردەوە و دەیوت: «باوکم دەیوت: ئەی، سەکبابە کاچی ئاسۆ شکانی، سەکباب نەوەستا!».
دەبێت ئەم ڕووداوە لە ساڵی ١٩٦٧ یان ١٩٦٨دا بووبێت، چون ئاسۆی برام لە کۆتایی ١٩٦٦دا لە دایک بووە.
حەزی لە کەری و خواردنی تیژ بووە
باپیرم حەزی لە خواردنی بەهاراتاوی (هەزوێڵە) بووە. بە تایبەتیش زۆر حەزی لە بیبەر (چیلی) بووە. براکانم دەگێڕنەوە کە لە ساڵانی دوایی تەمەنیدا باوکم لەبەر نەخۆشییەکەی بیبەر و خوێی لێ قەدەغە کردووە. دایکم دەڵێت هەندێک جار بە دزییەوە دەهات و بیبەری دەخستە گیرفانیەوە و بە دزیی باوکمەوە خواردوویەتی.
دایکم دەڵێت خواردنی ئەو بەجیا بوو و نە ڕۆن و نە خوێ و نە بەهاراتی تێدا نەبووە. ئەویش هیچ حەزی لەم خواردنە نەبووە. حەزیشی لە ماسیی سەلەمۆن بووە. هەرچەند ماسیمان کڕیوە ئەو بە جیا ئەوەی خۆی جیا کردووەتەوە و کردوویە بە کەری و سووری کردووەتەوە.
چۆن لە کەسێتیی باپیرم تێگەیشتووم؟
من پێم وایە باپیرم کەسێکی خۆخۆشەویستکەر بووە. لەسەر بیروباوەڕ دژایەتیی کەسی نەکردووە. هیچیش بە لایەوە گرنگ نەبووە بە موسوڵمان لە قەڵەم بدرێت یان بە هیندۆسی. کە هەمووانی دیوە موسوڵمانن، ئەویش لەگەڵ دینی باوی خەڵکدا ڕۆیشتووە.
تەنانەت هیچ لای گرنگ نەبووە خەڵک بە ناوی خۆشیەوە بانگی نەکەن. هیچ کێشەیەکی نەبووە کە شێخ مەحموودی نەمر ناوی ویی گۆڕیوە و کردوویە بە غەفوور هیندی.
تەنانەت کە بیرم لێ کردووەتەوە، باپیرم کەسێکی زۆر ئاشتیخواز بووە. ئەو لە ناوجەرگەی هەموو جەنگاوەر و تەواوی جەنگی جیهانییەکاندا بووە، کەچی تفەنگی لە دژی کەس هەڵنەگرتووە. لە سوپای بەریتانیدا شۆفێر و فیتەر بووە. نە بۆ هیندستان جەنگاوە، نە بۆ بەریتانیا، نە بۆ عێراق. ڕەنگە دژی جەنگ بووبێت.
گۆکول چاند موکرجی حەزێکی زۆری لە خزمەتکردنی خەڵک بووە. دڵسۆزی کاری خۆی بووە و لێنەگەڕاوە ئەم دڵسۆزییەش هەر وا بێ تۆمارکردن بڕوات، ئەوەتا لەو سەردەمەدا پەسننامەی (نامەی پشتگیری و گەواهیدان)ی بە زۆربەی سەرکارەکانی خۆی نووسیوە.
ئایا زانیاریی زیاتر هەیە لە بارەی موکرجییەوە؟
تا ئێستا، کە ئاداری ٢٠٢٥ە، جگە لەوەی لەم ڕاپۆرتەدا باسی دەکەم هیچ زانیارییەکی ترم لەسەر باپیرم نییە. جارێکیان لە باجیم پرسی:
– باشە تۆ چەندین ساڵ لەگەڵ ئەم پیاوەدا ژیاویت کە پڕ بووە لە چیرۆک، بۆچی پرسیاری زۆرت لێی نەکرد؟
وتی:
– باوکم زۆر قسەی نەدەکرد. بە تایبەتیش باسی کەسوکاری خۆی نەدەکرد. بەڵام هەندێک جار کە بەتەنیا دادەنیشت مەیی دەخواردەوە دەستی دەکرد بە گریانی بەکوڵ و بە حەسرەتەوە بۆ کەسوکارەکەی دەگریا. چەندین جار هەر هەوڵم داوە لەو کاتانەدا لێی دەربهێنم بزانم چی ڕووی داوە؟ چی بووە؟ بەڵام هەرگیز وەڵامی نەدەدامەوە و هیچی باس نەدەکرد. هەر دەیوت: هیچ!
چەند سەربردەیەک لە بارەی موکرجییەوە
موکرجی و تاگۆر
دەوترێت گوایە گۆکول چاند ئاشنایەتیی لەگەڵ ڕابیندرەنات تاگۆر هەبووە. تاگۆر یەکێکە لە ناودارترین هۆنەرە بەنگالییەکان. واتە هاونەتەوەی باپیرمە. بەڵام تاگۆر لانیکەم ٣٢ ساڵ لەو گەورەتر بووە.
چیرۆکەکە بەو شێوەیەیە کە لە ڕێی کارەکەیەوە، کە جابیی ترام بووە، جارێک لەگەڵ تاگۆردا بەرەو کشمیر چوون. وا دیارە یەکبینینەکەیان ڕێکەوت بووبێت.
بەڵام لەوەی کە باپیرم هەواداری تاگۆر بووە، ئەمەیان تا ڕادەیەکی زۆر دڵنیام. چونکە تەنانەت پوورم (باجی) هەندێک هۆنراوەی تاگۆری ئەزبەر بوو و هەندێک جار بۆی دەوتمەوە. پوورم دەیوت ئەو دێڕانە لە باوکیەوە فێر بووە هیی تاگۆرن. داخەکەم هیچ کامێک لەمانە تۆمار نەکران و ئێستاش ناتوانم بە هیچ شێوەیەک بیانناسمەوە کامە کامە بوون.
زەوییەکانی باپیرم
باسێکی تر هەیە گوایە مامی باپیرم نامەیەکی بۆ باپیرم نووسیوە و داوای لێی کردووە بگەڕێتەوە بۆ هیندستان بۆ دابەشکردنی زەویوزار و میراتی. بەڵام باپیرم بەوەش نەگەڕاوەتەوە.
من گومانم لەم زانیارییە هەیە، میراتیی چی؟ ئەو لەتاو هەژاری هەڵهاتووە، کام میراتی؟ پاشان مامی لە کوێ هەواڵی زانی؟ لە کوێ زانی ئێستا لە کوێ نیشتەجێیە؟ کە دەیانزانی برازاکەیان لەوێیە، بۆچی ڕۆژێک سەردانێک ڕووی نەدا؟ پاشان ئەو نامەیە کوا؟ بۆیە من زۆر باوەڕ بەم زانیارییە ناکەم. ئەم زانیارییەش هەر هی پوورم بوو، خۆم ئەم باسەم لە پوورم بیستووە و مامۆستا عەبدوڵڵا کەریم لێی بەرپرس نییە.
بەڵگەنامەکان
بەڵگەنامەی یەکەم: مووچەنامەی سەربازی هیندی
دەفتەرێکی بچووکە، بە هەردوو بەرگەکەیەوە ١٩ لاپەڕەیە. لە سەرەوە دوو لاپەڕەم لێی نمایش کردبوو. لە خوارەوەش دەتوانیت بە پی دی ئێفەکەیدا بگەڕێیت، یان کلیک لەسەر ناونیشانەکە بکە، دەتوانیت دایبگریت.

بەڵگەنامەی دووەم: پەسننامەی سەرهەنگ سی. دانیەڵ
لە کانوونی دووەمی ١٩٢١دا نووسراوە. واتە سەرەتای ساڵی ١٩٢١.
دەقی ئینگلییەکە:
To all whom it may concern.
This is to certify that S-rank 05204 G.C. Mukerji has been with this unit under my command for the last twelve months, and during that time he has carried out his duties to my entire satisfaction.
C Daniell captain.
RASC.
O.C. 953 MG Coy.
South Gate.
Baghdad.
دەقەکەی بە کوردی
کانوونی دووەم ١٩٢١
بۆ لایەنی پەیوەندیدار.
ئەمە بەڵگەنامەی ئەوەیە کە سیپۆیی ژمارە ٠٥٢٠٤ جی. سی. موکرجی لە ماوەی دوانزە مانگی ڕابردوودا لە ژێر فەرمانی مندا لەم یەکەیەدا بووە، لە ماوەی ئەو کاتەدا ئەرکەکانی تا پلەی کامی پەسەندیم ڕاپەڕاندووە.
سەرهەنگ: سی. دانیەڵ
ئاڕ. ئەی. ئێس. سی. (لەشکری سوپای خزمەتکاری پاشایی)
ئۆ. سی. ٩٥٣ ئێم. جی. کۆی.
دەروازەی باشوور.
بەغدا.

بەڵگەنامەی سێیەم: پەسننامەی مەیجەر ئێچ. ئەی. گۆڵدسمیث (یان گۆڵدویت)
لە ٣٠ی ئەیلوولی ١٩٢٢ نووسراوە.
دەقی ئینگلییەکە:
To whom it may concern.
G.C. Mukerji has been employed in Sulaimani Division as Motor Driver and Mechanic from March, 1919 to September, 1922, when the British were evacuated. Most of his work has been with Ford Cars of which make he has a thorough knowledge. He has always taken a great interest and pride in his machine and is one of the best Indian Drivers I have ever seen driven by. He is honest, sober, hard working and reliable. I can thoroughly recommend him to anyone requiring a good driver and mechanic.
I have used him for training other drivers.
- A. Goldsmith Major, (hard to read)
Political Officer, Sulaimani (at Baghdad)
Dated 30th Sept.,22.
دەقەکەی بە کوردی
بۆ لایەنی پەیوەندیدار.
جی. سی. موکرجی لە کەرتی سلێمانی لە ئاداری ١٩١٩وە تا ئەیلوولی ١٩٢٢ وەک شۆفێری ئوتومبێل و میکانیک دامەزرێنراوە، کاتێک بەریتانییەکان چۆڵیان کردووە. زۆربەی کارەکانی لەگەڵ ئوتومبێلی فۆڕددا بووە کە زانیارییەکی زۆری تیایاندا هەیە. هەمیشە خولیایەکی زۆر و شانازییەکی زۆری بە ئوتومبێلەکانیەوە پیشان داوە و یەکێکە لە هەرە باشترین شۆفێرە هیندییەکانی کە هەرگیز بینیومن. کەسێکی ڕاشکاوە، هۆشیار و بەئاگایە، دڵسۆزە لە کارەکانیدا و متمانەپێکراوە. بە تەواوی پێشنیازی دەکەم بۆ هەر کەسێک کە پێویستی بە میکانیک و شۆفێرێکی باش هەبێت. بۆ مەشقپێکردنی شۆفێرەکانی تر بە کارم هێناوە.
مەیجەر دەبلیو. جی. گۆڵدسمیث (یان گۆلدویت، یان گۆڵدویذ، دڵنیا نیم)
ئەفسەری وارگێڕی، سلێمانی (لە بەغدا)
ڕێکەوتی ٣٠ ئەیلوول ١٩٢٢

بەڵگەنامەی چوارەم: پەسننامەی جێدار ئێچ. ساندێرس
لە ٢٢ تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ نووسراوە
دەقی ئینگلییەکە:
TO WHOM IT MAY CONCERN.
G.C. Mukerjee has been employed as Principal Motor Driver to the Political Officer Sulaimani from March 1919 to September 1922. During this period he has worked to my entire satisfaction and I have never had any complaint to make regarding his work.
He has devoted himself with zeal and energy to the performance of his duties. He is painstaking and diligent. He is a first class Motor Driver, capable of undertaking all running repairs and is a good mechanic.
I have no hesitation in recommending him to any one who desire a first class driver. He leaves the Civil Administration through no fault of his own but owing to the unavoidable reduction of staff consequent upon the recent withdrawal from Sulaimani.
- Sanders
Late Superintendent, Mechanical Transport, Sulaimani
Baghdad, the 2nd October ’22.
دەقەکەی بە کوردی
بۆ لایەنی پەیوەندیدار.
جی. سی. موکرجی لە ئاداری ١٩١٩وە تا ئەیلوولی ١٩٢٢ وەک شۆفێری سەرەکیی ئەفسەری وارگێڕیی سلێمانی دامەزرێنراوە. لەم ماوەیەدا بە کامی ڕەزامەندیی من کاری کردووە و هەرگیز هیچ گلەییەکم لە کارەکانی نەبووە.
بە پەرۆشی و وزەوە خۆی بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانی تەرخان کردووە. کەسێکی ورد و کۆڵنەدەرە. شۆفێرێکی پلە هەرە نایابە، دەتوانێت هەموو چاککردنەوەیەکی بەگەڕخستن جێبەجێ بکات و فیتەرێکی چاکە.
بێ هیچ دوودڵییەک پێشنیازی دەکەم بۆ هەر کەسێک کە شۆفێرێکی پلە نایابی بوێت. بێ سووچی خۆی یەکەی ژیاری (شارستانی) بە جێ دەهێڵێت بە هۆی کەمکردنەوەی کارمەندانەوە کە لە ئەنجامی کشانەوە لە سلێمانیی ئەم دواییانەوە ڕووی داوە کە ناتوانین خۆمانی لێ لابدەین.
ئێچ. ساندێرس
چاودێری پێشوو، بەشی گواستنەوەی میکانیکی، سلێمانی
بەغدا، ٢٢ تشرینی یەکەم ١٩٢٢

بەڵگەنامەی پێنجەم: پەسننامەی جەی. بۆرتن
لە ٢٣ تشرینی دووەمی ١٩٢٣ نووسراوە
دەقی ئینگلییەکە:
23/11/1923
During the last twelve months G.C. Mukerji has been employed by me on many occasions. He is a very good driver and always keeps his car in excellent running order.
- Bortan Lt.
I.A.S.C.
Re: Supplies, Kingerban
دەقەکەی بە کوردی
کنگربان
٢٣/١١/١٩٢٣
لە ماوەی دوانزە مانگی ڕابردوودا، جی. سی. موکرجی لە زۆر بۆنەدا لە لایەن منەوە دامەزرێنراوە. شۆفێرێکی زۆر باشە و هەمیشە ئوتومبێلەکانی لە نایابترین شێوەی کاراییدا دەهێڵێتەوە.
جێدار: جەی. بۆرتن
ئای. ئەی. ئێس. سی. (لەشکری سوپای خزمەتکاری هیندی)
بۆ پێداچوونەوە: بەشی تفاق، کنگربان

بەڵگەنامەی شەشەم: بەڵگەنامەی دەرچوونی کاتی لە خزمەتی سەربازی
ڕێکەوتی دەرچوونی لەسەر نەنووسراوە، بەڵام ڕێکەوتی بەکاربوونەکەی لە ١ی شوباتی ١٩٢١ەوەیە.

بەڵگەنامەی حەوتەم: بڕوانامەی تەجەنوس
لە ٢٢ی ئایاری ١٩٣٢دا دەرکراوە. دوو دیوە. ئەوەی دەیبینن هەردوو دیوەکەیە لە یەک دیودا.

بەڵگەنامەی هەشتەم: تیانووسی ڕەگەزنامە
لە ٢٩ی نیسانی ١٩٣٦دا دەرکراوە. بە هەردوو بەرگەوە ١٤ لاپەڕەیە. لە خوارەوەش دەتوانیت بە پی دی ئێفەکەیدا بگەڕێیت، یان کلیک لەسەر ناونیشانەکە بکە، دەتوانیت دایبگریت.

بەڵگەنامەی نۆیەم: تیانووسی کەسێتی
لە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ١٩٦٢دا دەرکراوە. بە هەردوو بەرگەوە ١٦ لاپەڕەیە. لە خوارەوەش دەتوانیت بە پی دی ئێفەکەیدا بگەڕێیت، یان کلیک لەسەر ناونیشانەکە بکە، دەتوانیت دایبگریت.

بەڵگەنامەی یازدەیەم: مۆڵەتی بیناکردن
لە ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٤٤ دەرکراوە. سەرنج بدە نووسراوە غفور مکرجی

بەڵگەنامەی سێزدەیەم: گرێبەستی هاوسەرگیریی گۆکول چاند موکرجی و خەیرییە ئەیوب غەیوب
دوو دیوە، بەڵام ئەوەی ئێوە دەیبینن هەردوو دیوەکەیە بە یەک دیو. لە ٢٥ی ئابی ١٩٢٥دا دەرکراوە.

بەڵگەنامەی چواردەیەم: ڕاپۆرتی کوردستانی نوێ لەسەر موکرجی
گۆگۆڵ چاند موکورجی هندستانی بوو بە غەفوور هیندی سلێمانی. نووسینی عەبدوڵڵا کەریم مەحموود. لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ ژمارە ١٧٠٦ی ڕێکەوتی ٢٧/٩/١٩٩٨ بڵاو کراوەتەوە.

بەڵگەنامەی پازدەیەم: ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ئیتتیحاد لەسەر موکرجی
هەمان سەرچاوەی دووەم بە وەرگێڕانی عەرەبی، وەرگێڕانی کاوەی حاجی عەزیز. لە ڕۆژنامەی ئیتتیحاد ژمارە ٣٠٨ ڕێکەوتی ٥/٣/١٩٩٩ بڵاو کراوەتەوە.
ابن الهند گوکول چاند مكرجي اصبح غفور هندي ابن السليمانية

پەڕاوێزەکان
- ١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ و ڕۆژانی پێشووی نووسیومە. لە ١٩-٢٢ی ئاداری ٢٠٢٥ پیایدا چوومەوە و ڕێکم خست و باشترم کرد. ↩︎
- شێخی نەمر دوو جار حکومەتی پێک هێناوە. جاری یەکەم لە مانگی یازدەی ١٩١٨دا بووە. مێجەر نوئێل یاوەری وی بووە. نوئێل نوێنەری بەریتانیا بووە لە کوردستان. حکومەت پێک هێنراوە و شێخ مەحموود بە فەرمی وەک حوکمداری کوردستان ناسێنراوە. مێجەر نوئێل زۆر بە ڕاشکاوی لەگەڵ دامەزرانی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆدا بووە و لەگەڵ کورددا هاوسۆز بووە و هەوڵی فێربوونی کوردیشی داوە. بەڵام نوێنەرەکانی بەریتانیا لە دوای ئەو وا نەبوون و نەیانویستووە کوردستان سەربەخۆ ببێت. بۆیە لەگەڵ شێخ مەحموودیشدا تێکیان داوە. واتە دوای ساڵێک و پێنج مانگ بەسەر دامەزرانی حکومەتی یەکەمی شێخی نەمردا ناکۆکییەکان لە نێوان شێخی نەمر و بەریتانیا ئەوەندە زۆر بووە کە گەیشتووە بە جەنگی دەربەندی بازیان. بازیان ناوچەیەکە لای سلێمانییەوە، پەیوەستە بە زنجیرەچیای قەرەداخەوە و ناوچەیەکی سەختە و تێپەڕاندنی ئاسان نییە. شێخی نەمر ئا لەوێدا بەریتانیای مەزنی بە گیر هێناوە کە تازە ئەڵمانیای بەزاندووە. ئەگەر شێخیش لەو جەنگەدا سەرکەوتوو بووایە ئەگەری زۆر بوو هەموو کوردستانی گەورە ئینگلیان ناچار بکردایە بە دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان. بەڵام خائینێک بە ناوی موشیری حەمەی سلێمان کە حەزی بە چارەی شێخی نەمر نەهاتووە، بەشێک لە لەشکرەکەی ئینگلەکانی بە لای ڕاستی دەربەندی بازیاندا بردووە. لە ئەنجامی ئەو ناپاکییەدا لەشکری شێخی نەمر گەمارۆ دراوە و شێخ خۆیشی بریندار بووە. کوردستانییانی خۆشەویست، ئەو ناوە لە بیر مەکەن. ئەوە ناوی ئەو کەسەیە کە لەبەر ماڵەباجێنەکەی خۆی ڕێگری لە دامەزرانی دەوڵەتی کوردستان کردووە. بە بۆنەی خیانەتی ئەم ناپاکەوە ئێمە سەد و شەش ساڵە دەچەوسێنرێینەوە و خوێنمان دەڕێژرێت. پاش شکانی شێخی نەمر لە جەنگی دەربەندی بازیاندا دادگایی کراوە و نێرراوە بۆ دوورگەی ئەندامان لە هیندستان. ئەو ماوەیە مێجەر سۆن سلێمانیی بە ڕێوە بردووە و حکومەتی گرتووەتە دەست. پاشان ئینگلەکان بە ناچاری شێخی نەمریان هێناوەتەوە بۆ کوردستان. ئەویش لە ساڵی ١٩٢٢دا سەرلەنوێ حکومەتی دامەزراندووەتەوە. بەمەیان دەوترێت حکومەتی دووەمی شێخ مەحموود. بەڵام زۆری نەبردووە دژایەتیی ئەمەیشیان کردووە. ئەم جارە شێخی نەمر ناچار بووە سلێمانی بە جێ بهێڵێت و بچێت بۆ ناوچەی سوورداش لە نزیکی دوکان. لە سوورداش ئەشکەوتێکی لێیە بە ناوی جاسەنە. ↩︎