
هونەر و داهێنانی کوردی1
چۆن وا بکەین هونەری کوردی نەشێوێت؟ چۆن برەوی پێ بدەین؟
باشە شیاوتر نییە پێشتر بپرسین کە خودی هونەری کوردی و داهێنانی کوردی کامەن و چین؟
من چواردە ساڵە خەریکی هونەرم. ئەگەرچی خولیای ترم زۆرە و تا ڕادەیەکیش ماخۆلانم هەیە، بەڵام هەمیشە هونەر چەقی خولگەکانم بووە و وەک هەسارەیەک بە دەوریدا سووڕاومەتەوە. ڕەنگە لە زۆربەتان زیاتر بەر پرس و دۆزی هونەری کوردی کەوتبم. چواردە ساڵە ئەم بابەتە لە سووچێکی مێشکمدا لە پڕۆسە و سۆراخدایە. دڵنیاشم لە زۆر پەنجەرەی ترەوە تەماشای ئەم بابەتەم نەکردووە و هێشتا کۆمەڵێک گۆشەنیگای جیاوازتر قەرزارم. بەڵام با ئەوەندەی خۆم دەیبینم لەگەڵتداندا بەشی بکەم. ئێوەش میهر بنوێنن و گۆشەنیگای خۆتانم لەگەڵدا بەش بکەن، تا بە هەموومان لە چەند گۆشەیەکی زیاترەوە بابەتەکە بپشکنین و بە ئامانجی نوێ بگەین.
هونەر سامانە
ئەوەندەی سەرنجم داوە، هەمیشە هونەری کوردی وەک سامان بینراوە. لە ڕاستیدا ئەمە چوواندنێکی زۆر چاکە و هەر ئەم چوواندنە یارمەتیمان دەدات باشتر لێی تێبگەین. بۆیە من هیچ دژی ئەوە نیم کە هونەر و داهێنانی کوردی وەک سامان ببینرێن. لێرە بە دواوە، بە فەرمانی گەل، هونەری کوردی بە سامان پێناسە کرا.
ئامانەتیی تۆ و سامانی هونەری کوردی
ئەگەر منداڵەکەت بهێنیت و پێی بڵێیت: ڕۆڵەی شیرینم، ئاگاداری سامانەکەم بە، لە ڕووی لۆجیکییەوە نابێت ئەو بزانێت سامانەکەت چییە و لە کوێیە و چەندە تا بتوانێت بیپارێزێت؟ کە تۆ نەتوت کامە سامانەکەتە و لە کوێدایە و چەندە، چۆن چاوەڕێی ئەو دەکەیت بیپارێزێت؟
کەواتە یەکەم کارمان دەستنیشانکردنی سامانەکە و شوێن و چییەتییەکەیەتی.
ئێستا گریمان سامانەکەمان دۆزییەوە چییە، ئەی پاراستنەکەی چۆن بێت؟ ئایا بە ڕاست پاراستنی سامان هەر تەنها ئەوەیە بە چەکێکەوە بە دیاریەوە بوەستیت و یەسیەم بکەیت؟ یان وردەوردە تێدەگەین سامانی سڕ و کڕ دانراو سامان نییە و بارگرانییەکە لەسەر شانمان؟ واتە بۆ پاراستنی سامان دەبێت بەشێکی بخەیتە گەڕ و بە کاری بهێنیت.
پاراستن و خستنەگەڕ
پاراستن تا ڕادەیەک وشەیەکی گۆیا و ڕوونە و تێدەگەین مەبەست لە چییە، لە خوارەوەش بە درێژی باسی دەکەم. بەڵام بۆ ڕوونکردنەوە: کاتێک دەڵێم خستنەگەڕ مەبەستم لە بەکارهێنانە. خستنەگەڕی سامان واتە کاراکردنی بەشێک یان هەموو ئەو سامانەی پارێزراوە.
بە ڕای من دەبوو وشەی گەڕووتن دابنرایە، لەسەر قاڵبی بزووتن. کردەکە خۆیشی هەر ئەوەیە، کە ئەو تەنە سڕە (لێرەدا سامانی سڕ) دەخەیتە گەڕ و بزووتن2.
پاراستن و خستنەگەڕ دوو دیوی هەمان پڕۆسەن. خستنەگەڕ لانیکەم بە دوو شێوەیە: چێژین (چەشتن، چێژبینین، یان چێژلێبینین)، لەگەڵ زیادکردن (چەندجارەکردن).
بۆ نموونە هەزار دۆلارت لە سووچێکی ماڵەوە داناوە، تا ئەم کاتە هەوڵت داوە بیپارێزیت. بەڵام سەد دۆلاری لێ بە کار دەهێنیت بۆ خۆشیی خۆت، ئەمە چێژینە. چوار سەد دۆلاری دەخەیتە کارەوە و دەیخەیتە گەڕ (گەڕ: گەڕان) و کارا و چالاکی دەکەیت، بە ئامانجی ئەوەی سامانی ترت بۆ بهێنێتەوە. ئەمەی دووەمیان زیادکردنە، یان چەندجارەکردنە.
ئامانجیش لە پاراستن و خستنەگەڕ خڕکردنەوەی سامانی نوێ و داهێنانی نوێیە.

یەکەم: پاراستنی سامان
جەنگی سەرەکیی دوژمنانی کورد لەگەڵ کورددا جەنگی چاندییە. بوونی کورد وەک گەلێکی چاندمەند و شارستان کێشەی دوژمنانە.
من بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو تێڕوانینەدا کۆک نیم کە نەتەوەبوون تەنها بۆ ئابووریی سەربەخۆ تەسک دەکاتەوە. بەڵکو زمان و چاند و دونیابینی هێڵی جیاکەرەوەی نەتەوەن.
نەتەوەی خاوەنزمان، کە کورد یەکێکە لەوان، بیروبۆچوون و وێژە و هونەری نووسراو و دەربڕاوی خۆی هەیە. کوردیش لەمە بێبەش نییە، گۆرانی و هۆنراوە و بەیت و لاوک و چیرۆکمان بە کوردی هەیە و کەس ناتوانێت نکۆڵییان لێ بکات. ئەگەرچی هەندێک گونشێلی بێگانە زۆر حەز دەکەن ئەم سامانانە کەمبەها لە قەڵەم بدەن، بەڵام ئەوانە تیرۆژ دەبێژنەوە.
بێگومان کورد چاندی هەیە و بێگومانیش دەبێت چاندەکەی بپارێزێت. بەڵام لێرەدا تێنەگەیشتنێک هەیە: چاند واتە ڕابردوو، نەک ئەمڕۆ!3 یەکێک لە شوێنە سەرەکییەکانی تێنەگەیشتنەکەمان ئێرەیە، کە کەمێکی تر زیاتر ڕوون دەبێتەوە.
هەر شتێک بە زمانی کوردی و لە لایەن کوردەوە کرابێت، بە ناشیرین و جوانەوە، دەبێت بپارێزرێت، چونکە بەشێکن لە خەرمانی چاندی نەتەوەکەمان.
ئەی ئەوانەی پێشتر؟
لێرەدا پرسی دووەم سەر هەڵدەدات: ئەی ئەوانەی پێشتر؟ چونکە گەلان دێن و دەڕۆن، زەوی و پاوان (تێریتۆری teritory) دەمێننەوە.
بەشێک لەو خاکەی ئێستا ئێمە لەسەری دەژیین، ڕۆژێک لە ڕۆژان سەلجووقی، میدیایی، حیتی، میتانی، ڕۆمی، ئیلخانی، مەنگۆلی، هەخامەنشینی، گریکی، ساسانی، ئاشووری و چەندانی تری لەسەر ژیاوە. ئیتر بە داگیرکەری بووبێت یان بە ڕەسەنی. هەر یەکێک لەمانە شوێنەواری خۆی بە جێ هێشتووە. بۆیە دەبێت هەموو ئەم بارمتە ژیارییانەش بپارێزین، ئەگەریش بە دڵمان نەبن. گەر دەتەوێت ئایندە بەرانبەرت میهرەبان بێت، تۆش بەرانبەر مێژوو میهرەبان بە!
دووەم: خستنەگەڕ
چێژین
ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی: سامانی هەموو جیهان هی تۆ بێت، کە کراسێکی جوانی پێ نەکڕیت لە بەرتدا بێت، بۆ چیت چاکە؟ شەربەتێکی پێ نەخۆیتەوە بۆ چیت چاکە؟ بۆ منداڵەکەت؟ ئێ ئەوکات ئەویش یان هەموویت بۆ دەخوات و هەڵدەستێتە سەر پێ و دەکەوێتە سەر جادە، یان وەک تۆ ئەویش بۆ منداڵەکەی دادەنێت. منداڵەکەی ئەویش بۆ منداڵەکەی و ئاوها تا دێت هەر یەکە و بۆ یەکێکی تر دەژی. لە کۆتاییشدا کەس ناژی! بۆیە ئەو سامانەی هەتە دەبێت بەشێکی لە خۆشی و چێژی خۆت و چواردەورتدا بخەیتە گەڕ.
هەمان پرسیاریش سەبارەت بە هونەر هەیە. هەزار ساڵ عەلی مەردان و محەمەدی ماملێ و تاهیر تۆفیق و شەماڵ سائیب و مەزهەری خالقی و کاروان عوسمان و حەسەن زیرەکت هەبێت، کە چێژیان لێ وەرنەگریت، بۆ چیت چاکن لە سووچێکدا هەڵیانبگریت؟
بۆیە بەرنامەیەکی چاکە کە سوود لە سامانەکەت وەربگیرێت بە مەبەستی چێژین. چون چێژین ئەو جێیەیە کە ڕاستەوخۆ سامانەکە بەر خەڵک دەکەوێت. نە لە پاراستندا و نە لە زیادکردندا بەرهەم بەر خەڵک ناکەوێت. بۆیە دەبێت پەیوەندیی نێوان سامان و خاوەنسامان بە زیندوویی بهێڵرێتەوە، ئەویش لە ڕێی چێژینەوە.
بەختەوەریت و نەتزانیوە!
بیر بکەوە: لویسی شانزە و ناپۆلیۆن بۆناپارت و شا ڤیکتۆریا و چەندان کەسی زۆر پلەبەرزتر و ناودارتری جیهان ئەو تەنتەنەیەی تۆی ئەمڕۆیان نەبووە کە هەر لێی بەگلەییت!
هەر زۆر دوور لەمەوپێش نا، بەڵکو سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر گەر حەزت لە گۆرانییەک بووایە دەبووایە بچوویتایە بگەڕایتایە بزانیت کەی کۆنسێرتێک دەکرێت ئەو گۆرانییەی تێدا نمایش دەکرێت و بلیتت ببڕیایە و چاوەڕێی ئەو ڕۆژەت بکردایە، پلانی ئەو ڕۆژەت دابنایە کە هیچی ترت نییە بیکەیت و نزات بکردایە شتێکی بەد لەو ڕۆژەدا ڕوو نەدات. لە کۆنسێرتەکەشدا یەک جار گۆرانییەکەت دەبیست. مەگەر زۆر زۆر دوای گوشاری چەپڵەڕێزانی زۆر گۆرانیبێژت ناچار بکردایە دووبارەی بکردایەتەوە.
دە ئێستا هەر دوای خوێندنەوەی ئەم نووسینە دەتوانیت ئامادەی کۆنسێرتێک ببیت. هەر ئەمڕۆ دەتوانیت سەد جار لەسەر یەک گوێ لە یەک گۆرانی بگریتەوە. هەر ئەمڕۆ دەتوانیت ئامادەی دوو ئۆپێرا ببیت.
بۆیە چی ڕێی لێت گرتووە چێژ لەوە ببینیت کە هەتە؟ کەس ناڵێت کە نوێ هات ئیتر نابێت کۆنەکان بمێنن، بەڵکو نوێ و کۆن هەموو دەچنە ڕیزی یەک. زۆر کەسی ژیر و ئاوەزمەند دەبینم بە کامی تێگەیشتنی خۆیانەوە وا دەزانن کە گۆرانیبێژێکی نوێ هات ئیتر حەسەن زیرەک دەسڕێتەوە! هێز نییە حەسەن زیرەک لە ناو ببات. بۆیە با دەستبەرداری ئەم دڵەڕاوکێ بێبنەمایانە بین.
زیادکردن (چەندجارەکردن)
ئەگەرچی لە سامانداریدا چەندجارەکردن یان زیادکردن واتە هەوڵدان بۆ ئەوەی بەوەی هەتە هی تر پەیدا بکەیت، بەڵام باشتر وایە هەر بە چەمکە گشتگیرەکەی سامان بڕۆین و ورد نەبینەوە بۆ نموونەکانی سامان.
بۆ ئەوەی لێم تێبگەن، نموونەی سامانی نەختینەیی دەهێنمەوە: ئەگەر تۆ سەد هەزار دۆلارت هەبێت، وەک ساماندارێک ئەرکەکەت ئەوەیە زیاتری بکەیت. بۆ نموونە بیکەیت بە دوو سەد هەزار دۆلار. ئەو سامانەی تر کە دێت، لە ڕووی چییەتییەوە هەر هەمان ئەوەیە کە هەتە، تەنها لە ژمارەدا زیاترە، ئەگینا پارەکە هەمان شتە لەگەڵ ئەوەی خۆت هەتە. لە جیهانی سامانداریدا ئەمە کێشە نییە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ هونەردا بەراوردی بکەین: ئەو هونەرەی پێشتر هەتبووە، ئەگەر ئێستا هەمان شت دووبارە بکەیتەوە و بیکەیت بە دوو دانە، یەکێکیان زیادەیە، چونکە دەوڵەمەندی نەکردوویت. چونکە ئەی کوا داهێنان؟ کوا بونیادنان لەسەر ڕابردوو؟
کەواتە هونەر لە داهێنان و بونیادناندا لەگەڵ ساماندا جیاوازە. پارچە زەوییەکت هەبێت و بیکەیت بە دووان کێشە نییە، بەڵام بێیتەوە هەمان گۆرانیی سەد ساڵ لەمەوبەر دووبارە بکەیتەوە هیچ داهێنانێکی تێدا نییە. ئەگەر کاتی خۆی بە ئەمەگەوە لە گۆرانییەکەت بڕوانیایە کە هەتبوو و چاک بتپاراستایە، ئێستا پێویستت بە نوێکردنەوەی نەدەبوو! وەکو نوێشت کردەوە دەبوو نوێکارییەکت بکردایە، یان وەک ڕەگەزێکی داهێنان بۆ کارێکی نوێت بە کار بهێنایە.
ئەڵبەت هەمان وتە ئێستاش دەگرێتەوە، ئەوەی ئێستاش دەکرێت، دەبێت ڕۆژێک لە ڕۆژان نەوەکانی ئایندە بیپارێزن. بۆیە نوێکردنەوە بە مەبەستی چێژبینینی ڕووت نەبێت یان نوێکارییەک بۆ دەوڵەمەندترکردنی خەرمانی چاندی نەتەوەکە، هیچ واتایەکی تری نییە و بۆ پڕۆسەی بەردەوامیدان بە هونەر بەس نییە.
دەبێتە هی کێ و چۆن؟
دەتوانیت بڵێیت کام هۆنراوەیە کوردییە و کامە عەرەبییە. تەنانەت هۆنراوەیەکی نالی کە هەر بەو ئەلفوبێ کۆنە نووسراوە کە عەرەبی و فارسی و تەنانەت تورکیشی پێ نووسراوە، دەتوانیت جیای بکەیتەوە و بزانیت کە کوردییە. بەڵام کاتێک بە تایبەتی دێیتە سەر موزیک، چۆن دەستنیشانی دەکەیت؟ چۆن بزانین چی کوردییە؟ چ دەنگێک کوردییە و چ دەنگێک کوردی نییە؟
وەڵامی ئەم پرسیارە تا ڕادەیەک لە گۆرانیدا ئاسانترە. لەبەر زمانی بێژانەکە، کە کوردی بوو، ئیتر کوردییە! بەڵام ئەی لە موزیکی ڕووتدا؟ تەنها بەوەی ئامێر و پێکاری ژەندنەکە لە کورددا باو بووە، ئیتر کوردییە؟ لەبەر ئەوەی ژەنیارەکە کورد بوو، ئیتر کوردییە؟ ئەی ئەگەر پیانۆژەنێکی کوردی ساڵی ١٩٠٠ موزیکێکی یۆهان سێباستیان باخی ژەندبوو کە لە ١٧٥٠دا مردووە و ئەڵمانە؟ ئێستا ئەو موزیکە ئەڵەمانییە یان کوردییە؟
چۆن دەزانیت کوردییە؟
چۆن دەزانیت موزیکێک کوردییە؟ تەماشای پاسپۆرتەکەی دەکەیت؟ بەوەی جامانەی بە سەرەوەیە؟
لێرەدا دەبێت باسی چێژی پەسەندکراو و تەکنیکی دووبارەبووەوە بکەین. ئەوەی لای زۆر کەس بە کوردی دادەنرێت، لەبەر ئەوەیە کە ڕێژەیەکی زۆری کورد، بە تایبەتی نەوەکانی پێشوو، چێژی لێ دەبینن.
بۆچی بە کوردیی دەزانن؟ چونکە دەمێکە ڕەگەزێک لە ڕەگەزە پێکهێنەکانی موزیکەکە لەناو کورددا دووبارە دەکرێتەوە. واتە تەنها بەوەدا دەزانرێت کوردییە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان دووبارەکەرەوەی بەشێکی کەم یان زۆری ئەوانەی کۆن بووە. بەڵام ئەگەر هەر کۆنەکان دووبارە بکەینەوە، ئەی کوا داهێنان؟
گریمان تێکەڵکردنی شێوازی موزیکی ١٩٨٠ لەگەڵ شێوازی موزیکی ١٩٠٠ لەپڕ پێناسەی داهێنانی بۆ کرا و لەناو کورددا بە داهێنان لە قەڵەم درا، ئەی بیست ساڵی تر چی بکەین کە ئیتر هەموو نۆ سەد و هەشتاکان و نۆ سەدەکان تێکەڵ کران؟ چونکە ئیتر ئەم جۆرە داهێنانە (لەسەر بنەمای تێکەڵکردن) سنووری هەیە و ڕۆژێک تەواو دەبێت.
گۆمەکە تا بێت قووڵتر دەبێتەوە!
ئێستا دەبینیت؟ بەرەبەرە وەڵامی ئەم پرسیارە قورستر و قورستر دەبێت.
ئەڵبەت ئەم هەموو قسانە ناکەم بۆ ئەوەی شتێکتان بۆ ڕوون نەکەمەوە. ئەوەی زۆربەی هاووڵاتییان تێیگەیشتوون کە پێناسەی هونەری ڕەسەنی کوردی دەکات، پێک هاتووە لە: دووبارەکردنەوەی کۆمەڵێک تەکنیک کە پێشتر زۆر باو بوون و بە کار هێنراون. ئەوەندە ئەو تەکنیکانە دووبارە کراونەتەوە کە چوونەتە یادگەی چێژ و یادگەی مێژوویی هەموومانەوە.
ئەم بیردۆزە بە هەمان شێوەی بیردۆزەکەی پاڤلۆڤ کار دەکات. تەکنیکێک یان زیاتر لە تەکنیکێک لە کات و کاری جیاجیادا ئەوەندە دووبارە دەکەیتەوە کە وردەوردە مۆرکی تۆ وەردەگرێت. ئەگەر یەکێک لەم سەردەمەدا بە شێوازی سێوە گۆرانی ببێژێت، تۆ هەر لە خۆتەوە لە من بە کورددتری دەزانیت، چونکە نازانیت و ناتوانیت شێوازی من دیاری بکەیت. زۆربەی موزیکدانەرە مەزنەکان ئەم ڕاستییەی شێوازناسی دەزانن، بۆیە موزیکەکانیان مۆرکی خۆیانیان پێوەیە.
سێ نموونەی تەکنیک
سێ نموونەی تەکنیکی دەهێنمەوە. ئەگەر لە زاراوەکان (وشەی تایبەت) تێنەگەیشتیت کێشە نابێت، تەنها لە پەیامەکە تێبگەیت بەسە:
نموونەی یەکەم: چۆن مۆتسارت لە ژەندنی تاکەوە دێتەوە بۆ تیپ؟
بۆ بەرچاوڕوونی (زانیاریی تەکنیکی):
کۆنچێرتۆ: concerto، لە موزیکی کلاسیکی ڕۆژئاواییدا ژانرێکی موزیکە، ئامێرێک (یان زیاتر) لەگەڵ تیپێکدا دەژەنێت. تیشکی سەرەکی لەسەر ئامێرە تاکەکەیە، نەک تیپەکە. واتە زۆرترین قورسایی موزیک بەر ئەو ئامێرە دەکەوێت.
کادێنزا: cadenza، لە جێیەکی کۆنچێرتۆدا هەموو تیپەکە لە ژەندن دەوەستن و تەنها ژەنیارە تاکەکە دەژەنێت، بەم جێیە دەوترێت کادێنزا. پاش ئەوەی ژەنیار لە تاکژەنیی (کادێنزا) خۆی تەواو دەبێت، تیپ بانگ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی دیسان لەگەڵ ژەنیارەکەدا بژەنن.
تریل (یان ترێل): trill، (لەراندنەوە) ژەندنی دوو تۆنی تەکیەکی موزیکە بە خێرایی. بۆ نموونە چەند جارێک لەسەر یەک تۆنی دۆ و ڕێ بژەنیت، واتە تریل دەکەیت.
بێینەوە سەر نموونەکە
مۆتسارت لە کادێنزای کۆنچێرتۆکانیدا (ئەگەر هەڵە نەبم) هەمیشە بە تریل ئۆرکێسترا بانگ دەکاتەوە. واتە ژەنیارە تاکەکە لە کۆتایی موزیکە تاکژەنییەکەی خۆیدا بۆ ماوەیەکی درێژ تریل دەکات، بەرەبەرە تیپەکە بە ژەندن دێنەوە نێو موزیکەکە.
ئەگەر مۆتسارت یەک کۆنچێرتۆی هەبووایە، بە ڕێکەوت لەو کۆنچێرتۆیەدا بە تریل ئۆرکێسترای بانگ بکردایەتەوە، ئەمە نەدەبووە شێوازی مۆرکی مۆتسارت، چونکە شێواز لە دووبارەبوونەوەوە دەچەسپێت و دەناسرێتەوە.
نموونەی دووەم: چۆن بێتهۆڤن پەیژە دەگۆڕێت؟ (یەکێک لە ڕێگاکانی)
بۆ بەرچاوڕوونی (زانیاریی تەکنیکی):
پەیژە (مەقام): زنجیرە تۆنێکی دیاریکراوی دواییەکن، سەرەتا و کۆتاییان هەیە، موزیکیان لەسەر دەژەنرێت. هەر یەکێک لە تۆنەکان دەبن بە پلەیەکی پەیژەکە. بۆ نموونە دۆ، ڕێ، می فا، سۆل، لا سی، دۆ.
پەیژەگۆڕکێ: کردەی گۆڕینی پەیژەیەکی موزیکە بۆ پەیژەیەکی تر.
کۆرد: بە ئینگلی chord، سێ تۆنی جیاواز یان زیاتری موزیکن پێکەوە بژەنرێن. ئەم سێ تۆنە جیاوازە گونجاندنێکی دەنگیی دروست دەکەن. خودی وشەی کۆرد – chord لە ئەکۆرد – accordەوە ھاتووە بە واتای گونجان.
دیمینیشت: ناوی کۆردێکی موزیکە، لەم پلانەی پەیژە پێک دێت: تۆنی یەکەم، تۆنی سێیەمی گڕۆک (بیمۆل)، تۆنی پێنجەمی گڕۆک، تۆنی شەشەم.
بێینەوە سەر نموونەکە
بێتهۆڤن زۆربەی جار لە پەیژەگۆڕکێدا یەکەم هەنگاو کۆردێکی دیمینیشت دەهێنێت. دووەم هەنگاو نیوتۆنی پلەیەکیان دادەگرێت. سێیەم هەنگاو پەیژە دەگۆڕێت، بەڵام ئەم پەیژە نوێیە پەیژەیەکە کە ئەو تۆنە داگیراوەی هەنگاوی دووەم پێنجەمین تۆنی بێت و تۆنی زاڵی بێت.
ئەگەر بێتهۆڤن تەنها جارێک ئەمەی بە کار بهێنایە، نەدەبووە مۆرکی بێتهۆڤن.
نموونەی سێیەم: شۆپان چۆن ڕەزم بە کار دەهێنێت؟ (یەکێک لە ڕێگاکانی)
شۆپان زۆر جار فرەڕەزمی لە نێوان دەستی ڕاست و دەستی چەپی پیانۆکەیدا بە کار دەهێنێت. ئەمە بووەتە یەکێک لەو مۆرکانەی شۆپانی پێ دەناسرێتەوە.
جادووەکە لە دووبارەکردنەوەدایە!
کەواتە ئێستا تێدەگەین جادوو و نهێنیی مۆرک و شێواز دووبارەکردنەوەی تەکنیکێک یان زیاترە.
ئەی کەواتە چ شتێکی ئەوەندە دووبارە کردووەتەوە کە ئێستا بووە بە مۆرکی خۆی؟ پاشان کە زانیمان شتێکی ئەوەندە دووبارە کردبێتەوە، ئایا شیاوە ئەوەندەی تریش هەر دووبارەی بکەینەوە؟ ئەگەر بڕیار وایە هەر دووبارەی بکەینەوە، کەواتە تا کەی هەر وا بکەین؟
ئازادی و نوێگەری؟4
گریمان لەو ڕەگەزانەی باووباپیرانمان پێی ئاشنا بوون، قاڵبێکمان بۆ هونەری کوردی داڕشت. ئێستا کە قاڵبمان بۆ موزیکی کوردی داڕشت، ئایا هەست بە کۆتوبەندەکە دەکەیت؟ ئایا هەست دەکەیت لەگەڵ هەموو هەڵبژاردەیەکی نوێدا و کۆتێکی تر دەخرێتە قاچی هونەرمەندەکەوە؟ ئێ باشە ئەو هونەرمەندە دەتوانێت یەکەم جار ئەوەت بداتێ… ئەی دووەم و سێیەم و چوارەم؟ ئەی کە سبەی خۆی مرد، خوێندکارەکانی هەر هەمان چێشتت بۆ گەرم بکەنەوە؟ وەڕەس نابیت؟ ئایا ئەرکی هونەر هەر ئەوەیە کۆنت بۆ دووبارە بکاتەوە؟ کەواتە بۆچی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن و مۆبایلەکانمان فڕێ نەدەین؟ خۆ هونەرمەندە نوێکانمان دەتوانن هونەرە کۆنەکانمان بۆ دووبارە بکەنەوە!
ئەڵبەت ئاگادارم کە چرکە بە چرکە و دێڕ بە دێڕ زیاتر وەڵامتان لەسەر قورستر دەکەم و زیاتر ناچارتان دەکەم بە هەموو بیروبۆچوونەکانتاندا بچنەوە. ئەم وروژاندنەی مێشکیشتانم لەم چرکەیەدا پێ خۆشە، چونکە چەندین ساڵە کەس مێشکمان ناوروژێنێت. بە تایبەتی ئەوەی لەم بوارەدا دەیبیستین کۆمەڵێک قسە و باوەڕی ئۆتۆماتیکین کە بوون بە دۆگما. کەسیش نازانێت خودی دۆگماکە چییە. داشنەنیشتووین بە کامی باوەڕەوە بڵێین: با وەک منداڵێک بێین و سەرلەنوێ لە سەرەتاوە فێر ببینەوە، چونکە ئەوەی دەمانزانی بەشی نیوەی ڕێکەمانی نەکرد.
لە ڕاستیدا لە موزیکی ڕووتدا بەر ئەو ڕاستییە دەکەویت کە موزیک سنووری نییە. زانستیش سەلماندوویەتی، چونکە موزیک بەرهەمی فیزیایە، فیزیاش سنووری نییە. هەموو مۆرکەکانیش پەیوەستن بە تاکەکەسەوە، نەک بە گەلێکی دیاریکراوەوە.
من بە هۆی چواردە ساڵ ئەزموونی موزیکەوە، بێگومان لە کەسێکی ئاسایی زیاترم بیستووە و مەودای چێژم ئاڵۆزتر و فراوانتر بووە. ئەگەر هەموو نەتەوەی کورد وەک من بوونایە، ئەو کاتە ڕازیکردنمان بە بەرهەمی هونەریی هونەرمەندانی تر سەختتر دەبوو و بەردەوام داوای کاری نوێتر و نوێگەرترمان لە هونەرمەندان دەکرد. بەڵام کاتێک چێژی هونەریی نەتەوەیەک تەنها بۆ زۆرینەی ئەو نەتەوەیە تەسک دەکەیتەوە، ئەو کاتە ناچاریت سازش لەسەر زۆر ڕەگەزی مەزنی هونەر بکەیت لە پێناوی ئەوەی زۆرینەی خەڵک لە هونەرەکە ڕازی ببن. ئەو کاتەش ئەو پرسیارە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: خۆ زۆرینەی خەڵک بە پیاکێشان بە سەتڵەماستێک ڕازییە، ئیتر بۆچی خۆمان ماندوو بکەین و بە دوای نوێتردا بگەڕێین؟
دەشێت نەتەوەی کورد هەموو پێکەوە چێژ لە تەکنیکێکی دووبارەی موزیک وەربگرن و لەخۆوە بە کوردی پێناسەی بکەن، بێ ئەوەی موزیکەکە یەک وشەی کوردیی تێدا بێت. بەڵام ئایا تەنها لەبەر ئەوەی شتێک زۆر لێرە دووبارە دەکرێتەوە، دەبێت بە موڵکی تۆ؟ ئەگەر دەبێت بە موڵکی تۆ، ئەی ئەگەر بەیانی نەتەوەیەکی تر خوویان دایە ئەو دووبارەکردنەوەیەی تۆ؟ بچین بجەنگین؟5
هونەر پڕۆسەیەکی تاکەکەسییە6. سنوور کاری مرۆڤە و وەک خەریکە لێم تێدەگەن من دژی هەموو سنوورێکم، چونکە ئەگەر باوەش بە سنووردا بکەم سرووشت دڵم دەشکێنێت. بۆیە ڕۆژبەڕۆژ خۆم ڕادەهێنم لەگەڵ سرووشتدا هەماهەنگ ببم7.
هەموو دووبارەکردنەوەیەک و شێواز و مۆرکی موزیکی گەلان هی سەردەمانی پێشوون، ئەو کاتەی پەیوەندیی گەلان وەک ئەمڕۆ نەبووە. هەر یەکێک لە گەلەکانی سەر زەوی سووچێکی فیزیایان لە موزیکدا دۆزیوەتەوە و زیاتر تیشکیان خستووەتە سەر. بۆیەش دووبارەیان کردووەتەوە چونکە لەوە زیاتریان لێ نەزانیوە و زیاتریان نەدیوە8. بەڵام لەگەڵ زۆربوونی پێکار و کەرەستەی دروستکردن و تێکەڵاوبوونی زیاتری جیهاندا بەرهەمی جیاوازتر دروست دەبن.
ڕۆژێک لە ڕۆژان لەم دەڤەرەدا کەس نەیزانیوە گونجانکاری (هاڕمۆنی) بکات: دوو ژەنیار کە دانیشتوون ئاوێنەی یەک بوون و دووبارەی یەکیان کردووەتەوە، کە ئێستاش زۆر جار لە موزیکی کاڵوکرچدا هەمان دیاردە بە دی دەکرێت. ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئەوروپا کەس نەیزانیوە لە نێوان نیوتۆندا چارەکەتۆنیش هەیە و دەشێت بە کار بهێنرێت. ڕۆژێک لە ڕۆژان چ لەم دەڤەرەش و چ لە ئەوروپاش پەی بەو هەموو ڕەزمە جیاوازانەی ئەفەریقا نەبراوە.
سەردەمی نوێی جیهانی9
بە بڕوای من هونەرمەندی نوێی سەردەمی مرۆڤی نوێ ئەرکی ئەوەیە لە هونەری هەموو گەلێک بخوازێت و هونەری جیهانیی نوێ بسازێنێت. خۆبەستنەوە بەوەی تاهیر تۆفیق چیی کردووە بۆ ئەوەی تۆش تا ماویت دووبارەی بکەیتەوە بەفیڕۆدانی هەلی خۆبوونتە.
هەموو هەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوەیەک سەربارێک دەسازێنێت. هەموو خۆبەستنەوەیەک بە چێژی پەسەندکراوی ناوچەکەتەوە گوریسێکی زبرە و لە مل و قاچی خۆتی دەئاڵێنیت. ئەگەر گەلەکەشت داوای لێت کرد، تۆ مەیکە. ئەوان تۆی نوێ بە چەکی کۆن سڕ دەکەن، چونکە زۆربەی مرۆڤ بە سرووشت حەزی لەوە نییە لە بەردەم شتی نوێدا تاقی بکرێتەوە.
تۆ مرۆڤ و هونەرمەندی ئەمڕۆیت، نەک هی دوێنێ. سبەیش هونەرمەندی خۆی دەبێت. تۆ ئەرکی ئەمڕۆت جێبەجێ بکە، هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە10: چۆن خۆر، مانگ، ئاسمان، ئەستێرە، با، هەوا، ڕووناکی…تد. بۆ هەموو مرۆڤەکانە بە یەکسانی، ئاوها موزیک و هونەریش هی هەموو کەسێکە بە یەکسانی. کە هونەرت بۆ تەنها یەک گەل تەسک کردەوە، ئەو کاتە دەبێت پۆلیسیشی بۆ دابنێیت.
ڕێک ئەوەشە کە ئێستا ڕووی داوە. ئەوەندەی پۆلیسی هونەر هەن، ئەوەندە هونەرمەند نین. ئەم پۆلیسانە خۆیشیان نازانن پارێزگاری لە چی دەکەن. ئەرکیان ئەوەیە لە هەر شتێک تێنەگەیشتن دایبپڵۆسن، تەنانەت چێژیش لەم داپڵۆسینە وەردەگرن.
ئەم پۆلیسانە ئەوەندە چێژ لە داپڵۆسین دەبینن و وا بە داپڵۆسین و سەرکۆنەوە ئالوودە بوون کە وای لێ هاتووە لە بیریان چووەتەوە بۆچی وا دەکەن! هەر بۆ نموونە: پار لە ڕۆژێکی دیاریکراودا گۆرانیبێژێک گۆرانییەکی بڵاو کردەوە کە لەپڕ هەموو فەیسبووک کەوتنە سەرزەنشت و جنێودان پێی. زۆربەی برادەرەکانم تەنانەت مافی کوردبوونیشیان لێی سەندەوە. کەچی هەمان ڕۆژ نەریمان بابان گۆرانییەکی نوێی بڵاو کردەوە، کەسێک باسی نەکرد!
ئێستا ئەگەر شتێکی تریش بڵێم دەڵێن ئەم هەموو لەوچەلەوچەی لەبەر خۆی کرد، بۆیە باسی ئەوە ناکەم کە خۆم لە هەمان ئەو ڕۆژەدا گۆرانیی وەرە بۆ لامم بڵاو کردەوە کە بەرهەمی چوار ساڵ کار و سیانزە ساڵ ئەزموونی موزیک و ساڵێک پڕۆڤەم بوو.
هونەر و داهێنانی مرۆڤ و سەردەمی نوێ11
تەنها خۆت مەبەستەوە بە شێوازی باوی تەنها یەک گەلەوە12. فێری شێوازە باوەکانی گەلەکەت بە، ئەگەر فێریان نەبیت هەڵەیت، کاریشیان تێدا بکە، بەڵام با هەموو کارەکانت تەنها لەو شێوازە سنووردارەدا نەبێت. با کارەکانت تەنها ئەرەبێسک نەبن، با تەنها بەلەدی نەبن، با تەنها کلاسیک نەبن، تەنانەت لەناو یەک کاردا با تەنها یەک شێواز نەبن.
هونەری هەموو گەلان پێکارێکن بۆ تۆ تا هونەرە نوێکەتیان پێ بونیاد بنێیت. هونەر لە جیهانی نوێدا دەبێت بەرەو جیهانیبوون هەنگاو بنێت. دەبێت هونەری نوێ سنووری گەل ببەزێنێت. دەبێت هونەری نوێ مرۆڤی گەلان فێری ئاشتی و هەماهەنگی بکات. خەمتان نەبێت، ئەوەی پێشوو پارێزراوە و لە ناوی نابەین، بەڵام مێژوو مێژووە و ئێستاش ئێستایە. هەر سەردەمە و هونەر و هونەرمەند و شێوازی خۆی.
داهێنان هیچ نییە جگە لە دۆزینەوەی شتێک کە پێشتر نەدۆزرابووەوە. تەنها ڕێگاشت بۆ دۆزینەوەی نوێ ئەوەیە بزانیت پێشتر چی دۆزراوەتەوە. بۆیە لە ڕابردوو بکۆڵەوە، کە ڕابردووەکەتت دی و زانیت چی نەکراوە، ئەو کاتە پردەکانت بسووتێنە و بەرەو ئایندە هەنگاو بنێ. بۆ یادکردنەوە و خۆشەویستی نەبێت بۆ دواوە نەگەڕێیتەوە، تۆ مرۆڤی دواوە نیت، تۆ هونەرمەندی دواوە نیت، تۆ هونەرمەندی سەردەمی خۆتیت. سەردەمی تۆش سەردەمی ئاوێزانبوونی جیهانە. ئێستا یاپان دوو کلیک لێتەوە دوورە، چی دەستی گرتوویت؟ هەموو گوریسەکانی کەلتوور و ڕەگەزپەرستی و سنووربازی لە قاچ و ملت بکەوە و بەرەو پێش بڕۆ. ئەگەر هێشتا لە ڕابردووەکەشت تێنەگەیشتوویت، لە ئێستا زووتر نییە لە ڕابردوو بکۆڵیتەوە، تا یەک و دوو و سێ نەدۆزیتەوە و نەزانیت هەن، ناتوانیت چوار بدۆزیتەوە.
هەموو هەوڵدانێک بۆ پاراستنی کەلتووری گەلەکەت شتێکی باشە. چێژبینینیشت لە هونەری گەلەکەت کارێکی تەندروست و پێویستە. بەڵام گوریسی ڕابردوو لە قاچ و ملی هونەرمەندەکانتان لێبکەنەوە، هونەرمەند دەبێت ئازاد بێت تا داهێنان بکات. ڕابردوو ڕابردووە، تا بۆتان دەکرێت تێیبگەن و لێوەی فێر ببن و پێی ئاشنا ببن، بەڵام تیایدا مەژین. چیتر کۆتوبەند لە هونەر و هونەرمەندەکانتان لێبکەنەوە و بە چەکوشی کۆن پەیکەری نوێ مەڕووخێنن.
ئێستا سەردەمێکی ترە و لەگەڵیدا ئاشت ببنەوە. گەڕان بە جیهاندا کارێکی خراپ نییە. دەرگاکان واڵا بکەن. ئەگەر لە شتێک تێنەگەیشتن کێشە نییە، بەڵام بە تێنەگەیشتن یەکسەر مەکەونە گەلەکۆمەکێکردن. ئێمە لە سایەی دەسەڵاتێکی بێکەلتووری سەر زەویی دایکی شارستانێتییەکانەوە هەموومان پەڕەوازەین و سەرلێشێواوین، بۆیە ئاساییە گەر جارجار هەڵە بکەین، ئاساییە ڕێ ون بکەین، ئێوەش کەمێک دەستبەرداری داپڵۆسین ببن تا جارجار ئاگادار بن کە هەر لەسەر ئەو شەقامەی یەکێکتان بە تۆمەتی ناشیرینی فەلاقە دەکرد، چەندین جوان تێپەڕ بوون و ئێوە لێیان بێئاگا بوون. ڕەنگە ئەگەر ئاوڕتان لێیان بدایەتەوە و گرنگیتان پێیان بدانایە زیاتریان بۆ بکردنایە و زیاتر هان بدرانایە.
- لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسیومە. لە ٤ی شوباتی ٢٠٢٢، ١-٥ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ئەو کاتەی ئەم وتارەم نووسی تا ڕادەیەک هەڵگری بیری چەپ و جۆرێکی تەسەوف بووم. ئێستانان بڕێک لە تێڕوانینم گۆڕاوە. لە دوایین پێداچوونەوەدا وتارێکم بە ناونیشانی پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی نووسی، تا ڕادەیەک بەرپەرچی بەشێکی ئەم وتارەم داوەتەوە. لەوانەیە لە ئایندەدا زیاتریشی لە بارەوە بنووسم. ↩︎
- تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): ئەم وشەیە و ئەم پەرەگرافەم لە پێداچوونەوەدا زیاد کرد. ↩︎
- تێبینی (٥ی ئاداری ٢٠٢٥): نەخێر وا نییە، چاند پڕۆسەیەکی بەردەوامە. ئەوەی ئەمڕۆش دەکرێت هەر ئەمڕۆ دەبێت بە چاند. ↩︎
- تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): ئەگەرچی ئەم بەشەی وتارەکە وتەی جوانی تێدایە و هەندێک لە وتەکانیش ڕاستن، بەڵام کێشەشی تێدایە و لەگەڵ هەندێک لە هەڵهێنجانەکاندا نەماوم. لە ئایندەدا لە وتارێکی نوێدا قسەی لەسەر دەکەم. هونەری کوردی فرەچەشنییەکی زۆر لەوە زیاتری تێدایە کە لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا (٢٠٢٠) وێنام دەکرد. ئەو کاتە پێم وا بوو کە ڕێی داهێنان لەسەر بنەمای موزیکی کوردی تەسکە، بەڵام ئێستا پێم وایە ڕێی داهێنان لەسەر بنەمای موزیکی کوردی ئێجگار فراوان و فرەچەشنە. ↩︎
- وەڵام (١ی ئاداری ٢٠٢٥): بەڵێ، دەبێتە موڵکی نەتەوەکەت. بەڵێ، دەشبێت بایی ئەوەندە ئەو تەکنیکە بە خۆتەوە ببەستیتەوە کە ڕێ لە نەتەوەکانی تر بگریت ئاسان داگیری بکەن، بێ ئەوەی سوودی بۆ تۆ هەبێت. ↩︎
- تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): بێگومان ئەم وتەیە ڕاستە. هونەر کاری تاکەکەسییە. بەڵام تاکەکانیش ئەندامی کۆمەڵگا و نەتەوەکەن. ئاوها کە تاکەکان نامێنن هونەری تاکەکان دەبنە موڵکی نەتەوەکە. بۆیە لە کۆتاییدا هونەری تاکەکەسیش دەبێت بە هونەری نەتەوەکە. ئەوەی ئەمڕۆ هی منە، سبەی دەبێتە موڵکی کورد و کوردستان. ↩︎
- تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): ئەو کاتەی ئەم وتارەم نووسی کاریگەریی وێژمانی تەسەوفم لەسەر بوو. ئەم وتانەشم لە بارەی بێسنووری و شتەوە ڕەنگدانەوەی ئەو وێژمانەن لە هزرمدا. بەڵام لە ڕاستیدا سنوور تەنها کاری مرۆڤ نییە و دژی سرووشت نییە، سنوور بەشێکە لە سرووشت. زەوی خۆی سنووردارە، هەوا سنووری هەیە و لە جێیەکدا نامێنێت، کۆمەڵەی خۆر سنووری هەیە، دەریا سنووری هەیە. پاشان ئەگەر سنووریش نەبێت، هەر ئەم ئاڕگیومێنتە ڕاست نییە، چونکە بڵێیت و نەڵێیت مرۆڤ سنووری کێشاوە و دەوڵەتیان لەسەر بنەمای ئەم سنوورانە بونیاد ناوە و شتەکە بووە بە کەتوار و نەتەوەکان لەسەر بنەمای ئەو سنوورانە کار دەکەن. ئەو سنوورانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیان و بەرهەم و مەرگی ملیاران کەس هەیە. بە نکۆڵیکردن لێیان هیچ چارە نابێت. تەنانەت بە نکۆڵیکردن لە سنوورەکان نەتەوەکەت دوا دەکەوێت، چون تازە تووشمان بووە بەو ڕکابەرییانەی لەسەر بنەمای ئەو سنوورانە هەن. ↩︎
- تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): ئەم وتەیەش هەر لە تێڕوانینێکی نادروستەوە هاتووە. ئەم وتەیە گریمانەی ئەوە دەکات کە بەرهەمی نەتەوەکان (بۆ نموونە کورد) کەمە و فرەچەشنیی زۆری نییە. بەڵام وا نییە. ↩︎
- تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): کێشەم لەگەڵ ئەم بەشەی وتارەکەمدا زۆرە. ئەو کاتە باوەڕم بە جیهانیبوون و شت هەبوو، ئەمڕۆ تێڕوانینم گۆڕاوە و پێم وایە ئەو کاتە هەڵە بووم. بەشی زۆری وتاری پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی بەرپەرچی ئەم بەشەی ئەم وتارەمە. ↩︎
- تێبینی (٢ی ئاداری ٢٠٢٥): ڕێک ئەم ڕستەیە یەکێکە لەو ڕستانەی ئێستانان کێشەی زۆرم لەگەڵی هەیە. لە وتاری پەیوەندیی هونەر و وارگێڕیدا ڕوونم کردووەتەوە کە ئەم وتەیە هەڵەیە. ↩︎
- تێبینی (٥ی ئاداری ٢٠٢٥): هاوڕای بەشێکی ئەم بەشەش نەماوم. پێم وایە هەندێک تێڕوانینی هەڵەی تێدایە. هەندێک لەم کێشانەی لێرە خراونەتە ڕوو کێشەی وارگێڕیین، لەوێشەوە چارە دەکرێن، نەک لە هونەرەوە. شوێنێکیش نییە ناوی جیهانستان بێت، هەموو زەوی وڵات وڵاتە. ئەمە کاریگەریی وتەکانی ئۆشۆ (بەگوان ڕاجنیش) بووە لەسەر وتەکانم، کە ئێستانان پێم وایە هەڵە بووە و ئەوەی دەیڵێت لە خەیاڵدا ڕاستە، نەک کەتوار. هەر خودی دەستەواژەی «مرۆڤی نوێ» دەستەواژەیەکی ئۆشۆیە و ئەو کاتە باوەڕم پێی هەبوو، بەڵام ئێستا پێم وایە ئەو شتە ڕەنگە هەرگیز لەم دونیایەدا نەیەتە دی و بە دەردی ئێمەی کوردەوە نایەت. ئەوەش خەیاڵە و ڕاست نییە کە دەڵێم: «سەردەمی تۆش سەردەمی ئاوێزانبوونی جیهانە»، جیهان بە هیچ شێوەیەک ئاوێزانی یەک نەبووە. شیاوترە بڵێم پێویستە پێکار و کەرەستەی هونەری لە شوێنانی ترەوە بهێنین و هونەری خۆمانی پێ دەوڵەمەندتر و ئاوەدانتر بکەین. ئەگەر جیهانیش خۆی لە بەرهەمە نوێکان و کۆنەکانماندا دۆزییەوە ئەوە باشتر. پاشان بابەتی خۆشەویستیی نیشتمان و چاندی خۆت ڕەگەزپەرستی نییە، ئەمەش بیرێکی چەپانەی گەمژانەیە کە هەمبووە، هەموو خۆبوونێکم بە ڕەگەزپەرستی وەرگرتووە. ↩︎
- تێبینی (٥ی ئاداری ٢٠٢٥): دیسان بڕێک لە تێڕوانینم گۆڕاوە. پێم وایە ئەو وتەیەی دەڵێت: «خۆت مەبەستەوە بە شێوازی باوی تەنها یەک گەلەوە» قسەی زۆر هەڵدەگرێت. بەڵام ئەو قسانە هەڵدەگرم بۆ وتارێک لە ئایندەدا دەینووسم. بە کورتی: ئەم وتەیەش دیسان لەو تێگەیشتنەوە هاتووە کە هونەری کوردیی بە تەسک بینیوە. ↩︎