وتار

تۆ سەروەرمان بە

تۆ سەروەرمان بە[1]

لە مانگی ١١ی ٢٠٠٦ەوە دەستم کرد بە فێربوونی موزیک، ھێشتا دوو سێ ساڵ نەبوو خەریک بووم، کەوتمە سەرکۆنەی موزیککارانی پێش خۆم و گاڵتەم بە ھەموویان دەھات و پێم وا بوو ھیچیان ھیچیان نەزانیوە. ھەر کەموکورتییەکم لە گۆرانی یان موزیکێکی پێش خۆم بدۆزیایەتەوە لەسەریانم دەکرد بە ھەڵڵا و تەنانەت لەسەریشیانم دەنووسی و دەمەویست بە ھەموو خەڵک ڕابگەیەنم کە موزیککارانی پێش من گەمژە و دەبەنگ و نەزان بوون و سواری بوارەکە بوون و قسەی زبریشم دەکرد. چەند کونێکم لە ھونەردا شک دەبرد کە پڕ نەکرابوونەوە، ئیتر تەنھا ئەم شکبردنە بۆ من بەس بوو تا ھەموو موزیککاران و تەنانەت دەسەڵاتی حکومەتیش سەرکۆنە بکەم کە بۆچی بیریان بە لای ئەوەدا نەچووە ئەو کونانە پڕ بکەنەوە؟ تەنانەت سیانزە ساڵێک لەمەوبەر، ئەوەندە چاوقایم بووم، سەرکۆنەی شاھونەرمەندێکی وەک مامۆستا مەزھەری خالقیم کرد! وەک بڵێیت قەرزی باوکم بەسەر مامۆستا مەزھەری خالقییەوەیە و ئەو بە پارەی من دەژی!

بەردەوامیم لە بەرھەمھێنان گەیاندمی بەوەی دە ساڵ دواتر وردەوردە بیرم لەوە کردەوە کە منیش وەچەی ئەم نەتەوەیەم، باشە کە من بیرم بە لای پڕکردنەوەی ئەو کونانەدا دەچێت کە گوایە پڕ نەکراونەتەوە، بۆچی من پڕیان ناکەمەوە و ھەر بۆڵەبۆڵم دێت؟ بۆچی ھەر سەرکۆنەی ھونەرمەندانی پێش خۆم دەکەم کە بۆچی کاریان تیایاندا نەکردووە؟ ئەی من سندان لێی داوم؟ دەستم شکاوە؟ گریمان ھەر بە ڕاستی ئەوان گەمژە بوون و نەیانزانی و درکیان پێی نەکرد، کە وا نییە، بەڵام با وا دابنێین کە وایە: ئێ من تاوانەکەم لە ھی ئەوان گەورەترە، چونکە من درکم پێیان کردووە و نایانکەم! بۆ سەرکۆنەکردنی دەسەڵاتیش، ڕۆژێک لە خۆمم پرسی: «ئەرێ بە ڕاست، تۆ کەموزۆر خۆتت بۆ ھونەر تەرخان کردووە و پاش فێربوون و ئەزموون لەم بوارەدا درکت بە ھەندێک کەموکورتی کردووە، پێت وایە کاک مەسعود، کە ھونەرمەند نییە و لە بواری ھونەردا کاری نەکردووە و سەرقاڵی یەک ھەزار شتی ترە، درکی بەم کەموکورتییانەی ھونەر کردبێت؟ تۆ کە دەتوانیت و دەزانیت ئەم کەموکورتییانە چارە بکەیت، نایانکەیت، کەچی چاوەڕێ دەکەیت کاک مەسعود چارەیان بکات کە نە لێی دەزانێت و نە دەشتوانێت کەموکورتییەکان چارە بکات! ئەگەر کەسێک ھەبێت بتوانێت و بزانێت: تۆیت، ئەگەر دەسەڵاتیش بۆی دەربکەوێت کە کەموکورتی ھەن، ھەر ناچارە یەکێکی وەک تۆ بھێنێت تا کەموکورتییەکانی بواری ھونەر چارە بکەیت. کەواتە فەرموو تۆ چاکیان بکە، ئەوەندەی دەتوانیت چاک بکە و ئاوھا ھەر یەکێک وا بکات دونیا باش دەبێت.» ئیتر بە خۆمدا چوومەوە و بڕیارم دا ئیمپراتۆرییەتەکەم لەسەر بنەمای وێرانکردنی ئەوانی تر بونیاد نەنێم، بەڵکو لەوان بگەڕێم ھەبن و سوود لە ئەزموون و بەرھەمیان وەربگرم و خۆم خەریکی بونیادنانی خۆم بم.

بەردەوامیم لە بەرھەمھێنان و تەمەنیش وردەوردە وایان کرد ئێستا ئاوڕێکی تر لە موزیککاران و ھونەرمەندانی پێش خۆم بدەمەوە و سەرسام بم بەو ھەموو کارە باش و جوانانەی ئەوان کردوویانن و من لەبەر ھەوڵدان بۆ سەلماندنی لێزانی و نمایشی دەسەڵاتی خۆم ھیچ کام لەو باشی و جوانییانەم نەدیبوو و درکم پێیان نەکردبوو! جگە لەوەی موزیککارانی پێش من بێ یارمەتیی ئینتەرنێت و لە بارودۆخ و ھەلومەرجی ئێجگار دژوارتر لە بارودۆخ و ھەلومەرجی مندا ئەوانەیان کردووە کە کردوویانن. ئەو کاتانەی تەمەنم ھێندە چاوم لەسەر ڕووخاندنی ئەوانی تر و نمایشی لێزانیی خۆم بوو، ھێندە چاوم لەسەر بونیادنانی خۆم نەبوو. وەک بڵێیت دەموت: «ئەھا خەڵکینە من چەند بلیمەتم کە دەتوانم ھەڵە لە کارەکانی پێش خۆمدا بدۆزمەوە؟ سەیرم بکەن من چەند مەزنم و ئەوان چەند گەمژەن!» ئێستا کە ئاوڕ لەو سەردەمەی ژیانم و ئەو جۆرە بیرکردنەوەیەم دەدەمەوە بست بست بە ناخی زەویدا ڕۆ دەچم. ئێستانان مامۆستا مەزھەری خالقی بە یەکێک لە شاکانی ھونەری کورد دەزانم و خۆم بە بەختەوەر دەزانم کە لە سەردەمێکدا ژیاوم دەنگ و گۆرانیی ئەوم بیستووە و تێر تێر شەرمەزاری دەکێشم کە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە بەرانبەر ئەو ھەموو بەرھەمە دانسقەیەی ئەو پێشکەشمانی کردووە، من پێنەزان و کەمنرخێن بووم.

گاڵتەکردن بە کاری خەڵکانی تر، چەندێک کاڵوکرچیش بن، زۆر ئاسانە، دروستکردن و بونیادنان قورسە. ئەمە تەنھا لە موزیکدا ڕاست نییە، لە ھەموو بوارێکی تریشدا ڕاستە. ئەگەر ئەوانی پێش تۆ خراپ بوون، لە بری ھەوڵدان بۆ لەناوبردنی ئەوان و بێزراوکردنیان، فەرموو تۆ ببە بە ڕابەر و سەروەر و پێشڕەو و مامۆستامان و تۆ کارە باشەکەی خۆت بکە.

ڕاستیتان دەوێت؟ من بێزار بووم لەم نەریتی وێرانکردنی ئەوی ترە. ئەگەر دراماکەت پێ خراپە فەرموو کێ دەستی گرتوویت؟ تۆ یەکێکی باش بکە؛ درامایەکی زۆر کورت بکە، با ھەر ئەڵقەیەکی پێنج خولەک بێت، کاکە با دوو خولەک بێت، بەڵام بیکە. فیلمەکەت بە دڵ نییە؟ فەرموو کێ دەستی گرتوویت فیلمێکی باشتر بکەیت؟ فیلمێک بکە پێنج خولەک بێت، بەڵام بیکە. ئەو ھونەرە «باش»ەت نمایش بکە، نەک لێزانییەکەت لە ڕێی وێرانکردنی ئەوانی ترەوە مانۆڕ بکەیت. تەشیڕێس تەشیڕێس بێت بە کلکی کەرەکەش دەڕێسێت. نووسینەکەت بە دڵ نییە؟ یەک قەڵەم و چەند پەڕەیەکی پێویستە نووسینێکی باشترمان پێشکەش بکەیت، با ئێمەش چاو لە تۆ بکەین.

دانتێ بە ڤێرجیلیوس دەڵێت: «ئێستاش بڕۆ، ھەردووکمان یەک ویستمان ھەیە: تۆ ڕابەریت، تۆ سەروەریت، تۆ مامۆستایت!» (دۆزەخ ٢: ١٣٩-١٤٠).

فەرمو ھاوڕێ و ھاوپیشەم، ھەموومان یەک ویستمان ھەیە: تۆ ڕابەریت، تۆ سەروەریت، تۆ مامۆستایت، بکەوە ڕێ و ڕزگارمان بکە.


[1] لە ٢٦ی ئاداری ٢٠٢٣دا نووسیومە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button