
ئەلفوبێی هاوبەش[1]
کە لە کۆتایی نەوەدەکانەوە ئینتەرنێت بە جیهاندا بڵاو بووەوە و کوردستانی گرتەوە، ئەو پیتانەی نەدەخوێندەوە کە پێیان دەڵێین پیتە ئارامی یان کەنعانی یان عەرەبییەکان، کە کوردییش بە گۆڕاوێکی ئەو پیتانە دەنووسرێت؛ بەڵکو تەنها ئەلفوبێی لاتینیی دەخوێندەوە؛ بۆیە زۆربەی نەتەوەکان لە چات و نامەدا ناچار بوون جۆرە ئەلفوبێیەک دابهێنن کە بە پیتە لاتینییەکان دەنووسرا، ئێمەی کوردیش ئەم ئەلفوبێیەمان بە کار هێنا و پێمان دەوت: «کوردیی لاتینی»؛ بەڵام لەو ئەلفوبێ لاتینییە چەسپاوەی بۆ جێگرەوەی ئەلفوبێی ئارامی دانراوە جودایە، واتە ئێمە بە دوو جۆر ئەلفوبێ دەڵێین «لاتینی»، یەکێکیان لاتینیی چاتە، ئەوی تریان ئەلفوبێیەکی چەسپاوی لاتینییە، کە ئێستانان زیاتر کورمانجیی پێ دەنووسرێت؛ لەگەڵ ئەم ڤیدیۆیەدا نموونەی هەر سێ ئەلفوبێکەتان بۆ دادەنێم.
نابێت هەر یەکەی بە ئەلفوبێیەکی جیاواز بنووسێت!
فرەئەلفوبێیی زیانێکی گەورەی لە زمانی کوردی و ئامادەییەکەی لەسەر ئینتەرنێت داوە؛ بۆیە تکاتان لێ دەکەم با وەکو ئەرکێکی نیشتمانی بەرانبەر زمانمان، بە تەواوی دەستبەرداری ئەلفوبێی لاتینیی چاتە کۆنەکە ببین و ساڵی ٢٠٢٤ بکەین بە دوایین ساڵ کە بەو ئەلفوبێ زیانبەخشە نووسیومانە. تاکئەلفوبێیی زۆر گرنگە بۆ یەکخستنی نەتەوەییمان، هەروەها بۆ پەرەدان بە ئامادەیی زمانی کوردی لەسەر ئینتەرنێتیش هەر گرنگە.
هەر ماوەیەکە و ڕادێیت
کە سەرەتا لەو ئەلفوبێیەوە دێیتە سەر ئەلفوبێ چەسپاوەکە بڕێک خاو دەبیت، بەڵام دڵنیا بە ئەوەندە ناخایەنێت کە خێرا دەبیت و ڕادێیت، خۆم وام کردووە و ڕاهاتووم. هەر کەسێکی نزیکیشت بەو ئەلفوبێیە بۆی نووسیت بە ڕێزەوە تکای لێ بکە کە بە ئەلفوبێ یەکگرتووە چەسپاوەکە بنووسێت.
تکایە وەک ئەرکێکی نیشتمانی بەشدار بە لە تاکئەلفوبێییدا.
نموونەی ئەلفوبێ جیاوازەکان:
ئەمە ئەلفوبێی یەکگرتووی چەسپاوی کوردییە، کە پێی دەوترێت «ئەلفوبێی ئارامی»، یان «ئەلفوبێی عەرەبی»؛ وا دیارە عەرەبەکان لە ئارامییان وەرگرتبێت و ئەوانیش لە کەنعانییان وەرگرتبێت و دەستکارییان کردبێت و لەگەڵ زمانەکانی خۆیاندا گونجاندبێتیان. ئێمەش لە عەرەبییەوە وەرمانگرتووە و لەگەڵ کوردیدا گونجاندوومانە. بە ڕای من باشترین و دروستترین ڕێنووسە و ملیاران دێڕ نووسینمان بەم ئەلفوبێیە هەیە، بۆیە پێویستە بهێڵرێتەوە و تەنها ئەمەش بە کار بهێنرێت، چون بە ڕاستی هیچ پێویست نییە بگۆڕرێت و کۆڵێک پارەی زیادە لە خۆڕا بە فیڕۆ بدەین.
Ama alfueby latiniy chata ka pewista ba zutrin kat kotayi pe bhenret w nahelret, barhamy saratay internet bu, belam zyani zori dawa, tkaya ba kari mahena. Har kas bam alfubeya namay bom nardbet walamim nadawatawa, chunka ba bereziy dazanm. Handek kas zhmarashyan tekali krdwa, bo nmuna danusn 7ayaman 4u!
‘eme ‘elfubêy latînîy çespawe ke ‘êstanan zyatr kurmancîy pê denûsrêt. Min wek Newa legeļ ‘em ‘elfubêyeş nîm, çun ta ’êsta hîç ařgûmêntêkî başim nebîstwe bo pêwîstbûnî, beļam hêşta her lew latînîy çate baştire.
[1] لە ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٤دا نووسیومە، لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە.