
ژینکارنامیلکەی ڕیچارد ڤاگنهر1
ڤیلهێلم ڕیچارد ڤاگنەر ساڵی ١٨١٣ لە شاری لایپتزیگ لە ئەڵەمانیا لە دایک بووە. شەش مانگ دوای لەدایکبوونی باوکی مردووە. پاش ساڵێک دایکی شووی بە هاوڕێیەکی مێردەکەی کردووەتەوە، کە ناوی لودڤیگ گایەر بووە.
لودڤیگ ئەکتەر و شانۆنووس بووە. ڤاگنەر هەر زوو لە ڕێی لودڤیگەوە حەزی لە شانۆ بووە و ئەویش جارجار لە شانۆکانیدا ڕۆڵی پێی بەخشیوە. لە تەمەنی هەشت ساڵیی ڤاگنەردا لودڤیگیش مردووە. برایەکی لودڤیگ پارەی خوێندنی موزیکی بۆ ڤاگنەر دابین کردووە و هەر لە گەنجییەوە وانەی موزیکدانانی خوێندووە.
لە گەنجێتیدا زۆر بە موزیکەکانی بێتهۆڤن سەرسام بووە. تەنانەت کورتەچیرۆکێکی بە ناونیشانی زیارەتێک بەرەو بێتهۆڤن نووسیوە. لەم پەڕتووکەدا باس لە گەشتی زیارەتئاسای گەنجێک دەکات بەرەو لای بێتهۆڤن. وا دیارە گەنجەکە خۆیەتی و بە پێ دەڕوات بۆ بینینی ئەو کەڵەهونەرمەندە بۆ ئەوەی لە دواساتەکانی ژیانیدا بیبینێت. دوای گەشتێکی درێژ دەیگاتێ و دەیبینێت.
لە تەمەنی بیست ساڵاندا یەکەم ئۆپێرای تەواوکراوی خۆی بە ناونیشانی پەرییەکان Die feen نووسیوە. ئۆپێرای پەرییەکان تا دوای مردنیشی نمایش نەکراوە.
دواتر ڤاگنەر کراوە بە بەڕێوەبەری موزیکیی خانەی ئۆپێرای شاری ماگدیبورگ. لەم کاتانەدا ئۆپێرای قەدەغەکردنی ئەوین Das Liebesverbotی نووسیوە.
ساڵی ١٨٣٦ کچێکی خواستووە بە ناوی مینا پلانەر، کە خانمە ئەکتەرێک بووە.
پاشان ئۆپێراکانی هۆڵلاندییە فڕیوەکە Der fliegende Holländer و ڕەینتزی Rienzi و تەنهاوسەر Tannhäuserی نووسیوە.
بە هۆی چالاکیی وارگێڕییەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە. بە ناچاری خۆی دەرباز کردووە و چووە بۆ شاری پاریس.
دواتر ئۆپێراکانی لۆهەنگرین Lohengrin و تریستان و ئیزۆلدە Tristan und Isolde و گەورە گۆرانیبێژانی نورنبێرگ Die Meistersinger von Nürnbergی نووسیوە.
دواتر شا لودڤیگی دووەمی باڤاریا لە شاری میونشن پشتیوانیی دارایی دەکات، بەڵام دوای دوو ساڵ شا ناچار دەکرێت داوای لێ بکات میونشن بە جێ بهێڵێت.
لەگەڵ فڕانز لیست بوونەتە هاوڕێ. فڕانز لیست موزیکدانەر و پیانۆژەنێکی مەزنی هەنگاری بووە و لە موزیکی کلاسیکی ڕۆژئاواییدا ناوێکی درەوشاوەی هەیە.
ڤاگنەر ساڵی ١٨٦٢ لە ژنی یەکەمی جیا بووەتەوە و کۆزیما-ی کچی فڕانز لیستی خواستووە. کۆزیما بیست و چوار ساڵ لە خۆی منداڵتر بووە. پێشتر کۆزیما ژنی هانس ڤان بیولۆ بووە. ڤان بیولۆ مایسترۆیەکی بەناوبانگی ئەڵمانی بووە. ڤاگنەر و کۆزیما دوو کچ و کوڕێکیان بە ناوەکانی ئیزۆلدە، ئێڤا، زیگفرید بووە.
ساڵی ١٨٧٤ زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکانی تەواو کردووە. پاشان دواهەمین ئۆپێرای بە ناونیشانی پارسیفال Parsifal نووسیوە. ساڵی ١٨٨٣ مردووە.
- ١٧ی نیسانی ٢٠١١ نووسیومە. لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢١ و ١٦ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ئەم ڕاپۆرتە و چەند ڕاپۆرتێکی تر لەسەر زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان، هەموویان پێکەوە ڕاپۆرتێک بوون و لە کاتی خوێندکاریمدا لە زانکۆی سلێمانی بۆ مەبەستی مەشق لەسەر نووسینی ڕاپۆرت نووسیومن و پێشکەشی کۆلێژەکەمم کردوون. لە پێداچوونەوەی ١٦ی ئاداری ٢٠٢٥دا وشەی «ژینکارنامیلکە»م داڕشت. ↩︎