
سەگی ڕەش و سپی هەر سەگن[1]
با پێش هەموو شت بڵێم: پێم ناخۆشە ئاڵای داگیرکەرێکم لەسەر پیرەقەرات دی؛ هەر زۆریشم پێ ناخۆشە و پێم کارێکی خراپ بوو، کە هیچ بەرگرییەکی لێ ناکرێت، جگە لەوەی هەر پێشم پێویست نەبوو. کارەکەی سبەی شەویان تۆزێک باشتر بوو کە ئاڵای کوردستان و داگیرکەرێکی تریشیان بە تەنیشتیدا نمایش کرد، بەڵام هی یەکەم شەویان خراپ بوو و تەواو. بۆیە دەتوانین لەسەر ئەمە کۆک بین.
بەڵام مادەم ئەم ڕاڕەوەمان بۆ بینین و تێگەیشتن لە نیشتمان و خیانەت ئاواڵە کرد، کەواتە با هەر لەم قەڵشە کراوەیەوە سەیرێکی خۆیشمان بکەین: زۆربەمان بەو کارە سەرسام بووین، چون لە ساڵان و مانگان جارێک کراوە و دەکرێت و زۆر پێی نامۆ و نائاشناین. چۆن دەبێت ئاڵای کوردکوژستانێک هەڵبکەین؟ بەڵام لەملاوە هەر خۆمان ئاڵای دوو کوردکوژستانی ترمان هەڵکردووە و مێش میوانمان نییە! لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا ئاڵای ئەنفالچی و داگیرکەرمان هەڵکردووە و بەم ڕۆژگارە دەیبینین و هیچ سەرسام نابین. لە لایەک لەبەر ئەوەیە کە ئەوەندە دەمێکە هەڵکراون کە لامان ئاسایی بوونەتەوە؛ لە لایەکی تر لەبەر ئەوەی کەسانێک دێن و دەڵێن: «ئێمە بەشێکین لە ئێڕاق!» و لەژێر ئەم پاساوەدا ئیتر ئاساییە ئاڵای ئەم کوردکوژەی تریان بکەین بە هی خۆمان و خۆمان بە خەڵکی ئەو بزانین! چون مادەم تاوانکارانی مێژوو بە شەق و تۆپزی ئەوانیان هێناوەتە سەرمان، ئیتر کێشە نییە ئاڵای ئەو هەڵبکەین و بۆی بپاڕێینەوە و لێی بپاڕێینەوە!
بەڵام هاونەتەوەی خۆشەویستم، خۆ ئەم کوردکوژانەی تریشت بە شەق و تۆپزی پێوە لکێنراوە و خاکەکەی تۆ دراوە بە ئەوان، خۆ بە خۆشیی خۆت نەبووە! بۆچی ئەمیان بە کێشە نازانیت و ئەویان بە کێشە دەزانیت؟ ئەمیان بە سەرشۆڕی نازانیت و ئەویان بە سەرشۆڕی؟ بۆ مەگەر ئەم نەفرەتییەی تر کەمی پێت کردووە؟! ئەگەر بەم پێودانگە بێت، کە ئەمیان ئاساییە، بەو پاساوە ناقۆڵایەی گوایە ئێمە بەشێکین لەوان (کە لە ڕاستیدا ئەوان داگیرکەری بەشێکی ئێمەن، نەک بە پێچەوانەوە)، کەواتە ئەگەر سبەی داگیرکەرەکەی باکووریش بە شەق باشوور بلکێنێت بە خۆیەوە، ئیتر تۆ دێیت و ئاڵای ئەویش هەڵدەبڕیت و کێشەت نابێت و دەڵێیت: «ئێمە بەشێکین لەوان»؟ ئێستا دەبینیت کێشەی ئەم وتەیە لە کوێدایە؟
زۆر خراپتر لەو کەسانەی لە پشت ئەو بڕیارەوە بوون کە بۆ چەند کاتژمێرێک لەسەر پیرەقەرات ئاڵای داگیرکەرێک ڕۆشن بکەنەوە، ئەو کەسانەن کە بە دڵ و بە گیان شەڕیان کرد بۆ ئەوەی لەسەر هەموو دامودەزگایەکی هەرێمی کوردستان ئاڵای ئەنفالچی هەڵبواسرێت، تەنها بۆ ئەوەی لە شکۆی هەرێم بدرێت، لەبەر ئەوەی هەڵکردنی ئاڵای ئەم کوردکوژەیان بۆ یەک شەو نەبوو، بەڵکو بە بەردەوامی بوو. کەواتە ئەی سەرسامەکان، بۆ وتەیەکتان لەم بارەیەوە نییە؟ بۆچی ئەمەیان ناتانهەژێنێت؟ بۆچی کۆڵانی ئەم گفتوگۆیە چۆڵوهۆڵە و تەنها من و چەند کەسێکی تەنیای وەک منی پێدا دەگوزەرێین؟ دە وەرنە ئەم باسەش، ئەمەیان خراپتریشە، چون بەردەوامە! هەر پاساوەکە ئەوەیە کە بەشێکین لە ئێڕاق؟ دەی ئێڕاق بەشێکە لە تۆی نەگبەتی خاکلێدزراوی زمانلێدزراوی چاندلێدزراوی مێژوولێدزراوی هەوالێدزراوی زیتوونلێدزراوی قاوەلێدزراوی نەوتلێدزراوی ئاولێدزراوی شکۆلێدزراوی ژیانلێدزراوی هەمووشتلێدزراو! دەی بۆ چاوت لە ئاست ئەمیاندا شۆڕە بڵێیت: «هەزاران ساڵ بەر لە پێوقەیەمی شوومی تۆ ئەم خاکە زێد و نیشتمانی من و باوان و دایانم بووە و تۆ هاتوویت داگیرت کردووە و ئێستاش خۆتت کردووە بە کەڵەگا بە سەرمەوە، دەی ئاڵای من لەسەر هەموو جێیەکی ئەم خاکە داگیرکراوە بشەکێننەوە»؟
بۆیە ئەگەر پێت وایە تەنها ئەوە سەرشۆڕییە کە بۆ شەوێک ئاڵای داگیرکەری باکوور هەڵبکرێت، با پێت بڵێم: تۆ هەموو چرکەیەک سەرت لەژێر ئاڵای داگیرکەری باشووردا شۆڕ کراوە و ورتەش ناکەیت و شانازییشی پێوە دەکەیت. دەی هەمان ئەو مافی سەرشۆڕبوونەی خۆت بەو کەسەش بدە کە دەیەوێت بۆ شەوێک سەری لەژێر ئاڵای داگیرکەرێکی تردا شۆڕ بکات.
ئینجا ئێستا ڕووی وتەکانم ڕێک ئاراستەی تۆ وەک تاکەکەس دەکەم، بەڵام دەبێت پێش ئەوە شتێک بە ڕوونی بڵێم: هونەر و وارگێڕی (سیاسەت) زۆر تێکەڵن، ئەوەی پێمانی وتووە: «هونەر پەیوەندیی نییە بەسەر وارگێڕییەوە»، هەڵەی فەرمووە و بە هەڵە تێگەیشتووە. من خۆیشم باوەڕم بەم وتە هەڵەیە هەبووە، زۆربەی ژیانمم لەسەر بنەمای ئەم وتە هەڵخڵەتێنەرە و ناکەتوارییە بە ڕێ کردووە، بۆیە چاک فریوی ئەم وتەیەم خواردووە. ئەمریکا هەموو دونیای لە ڕێی سینەما و گۆرانی و چاندی خۆیەوە داگیر کردووە، کە ئەمە جەنگی چاندە و پێی دەوترێت «نەرمەهێز» و لە فیشەک کوشندەتر ژێردەستە دەکوژێت و خەڵک داگیر دەکات. بەڵام جیاوازییەکی لەگەڵ فیشەکدا ئەوەیە کە ئەمیان خاوتر دەتکوژێت، بەڵام کە دەتکوژێت لاشە و شوێنەوارێکت لە پاش بە جێ ناهێڵێت و تەواو لە زەلکاوی داگیرکەرەکەتدا دەتتوێنێتەوە. عێران بەشێکی گەورەی باشووری کوردستانی بە تەواوەتی لە ڕووی گۆرانی و فەرهەنگەوە داگیر کردووە و ئێستا جیاوازییەک لە نێوان هەندێک تاکی باشووریی و ئاخوند و تڕیشابازێکدا نەماوە، ڕێک دەڵێیت جرجێکن و کراون بە سێ کەرتی یەکسانەوە! پێشتریش لەسەر بابەتی سنووری چێژی هونەری و پەیوەندیی هونەر بە وارگێڕییەوە وتاری ترم نووسیووە، لە ئایندەشدا هەندێکی تری لەسەر دەنووسم، تا ئەو جادووە بەتاڵ بکەمەوە کە نەتەوەکەمی پێ پێبەست و چاوبەست کراوە. بەڵام خۆیشت ئەرک بکێشە و لەسەر ئینتەرنێت بۆی بگەڕێ، ڕەنگە شتێکت دەست بکەوێت، بەڵام وریا بە نەکەویتە نێو زەلکاوی چەپەکانەوە کە باوەڕیان بە هیچ نەتەوەیەک نییە، جگە لە نەتەوەی فەڵەستین و نەتەوەی پەلکەڕەنگینەکان!
جا کە ئەو پێشەکییە مشتومڕهەڵگرەم وت، با بێمە سەر خودی خۆت وەک تاکەکەس، نەک حیزب و تاقم و کۆمەڵە: کە خۆت وازت هێنا لەوەی بەیانییان گوێ لە فەیرووز بگریت؛ کە پێت شەرم نەبوو وشەی پاراوی کوردی لە وتەکانتدا جێ بکەیتەوە؛ کە «ڕۆژباش»ت گەڕاندەوە بۆ سڵاوی ڕۆژانەت و ڕێت نەدا هیچ داگیرکەرێک لە ڕێی دینەوە نەتەوە و زمانەکەت داگیر بکات، بەڵکو دین و نەتەوەت جیا کردەوە؛ کە وازت لە پەرستنی شەجەریان و موعین و هوماوێن هێنا؛ کە چیتر ئیبراهیم تاتڵیجاش و عەدنان شانسحیز کەڵەهونەرمەندەکانت نەبوون و لە بازاڕی شاردا بە دەنگی بەرز حەپەحەپەکانیانت پەخش نەکرد بۆ هەموو شارەکە؛ کە وازت هێنا لەوەی ساڵانە بۆ خۆشیی خۆت دوو گەشتی تورکیا و جارجاریش شوماڵی عێران بکەیت؛ کە کەوتیتە دژایەتیی ئاڵای ئێڕاقی داگیرکەریش لە هەرێم؛ کە جارجار لە فرۆشگاکاندا ڕەفەیەک زیاتر گەڕایت بۆ ئەوەی بەرهەمێکی تورکی یان عێرانی نەکڕیت و بەرهەمێکی خۆماڵی بکڕیت… ئەو کاتە زۆر پەرۆش دەبم گوێت بۆ بگرم باسی ئەوە بکەیت دانانی ئەو ئاڵایە لەسەر قەڵا چەند قێزەونە؛ ئەو کاتە دەڵێم ئەم کەسە تێڕوانینێکی نەتەوەیی هەیە و بەرژەوەندیی نەتەوەکەی دەخاتە پێش هەموو شتێکەوە و ڕاکەت دەخەمە سەر چاوم و بە هەندی وەردەگرم و وای دەبینم کە دەتەوێت لەسەر ڕەگ و ڕیشەی کێشەی داگیرکراوێتی بدوێیت، نەک تەنها لە هەڵبژاردنی ڕەنگی داگیرکەرەکاندا.
بەڵام کەس دەناسم دەیان جار بە منی وتووە: «ئەم ئاڵا حی*ە چییە لە فەیسبووک داتناوە؟ باوی ئاڵا و ماڵا نەماوە! ئاڵا پارچە پەڕۆیەکە!»، (چون لە هەژماری فەیسبووکەکەم ئاڵای کوردستانم لە سەری سەرەوە داناوە) کەچی لەم دوو ڕۆژەدا دەمی بووەتە بۆتە! ئێ ئەگەر ئاڵا پارچە پەڕۆیەکە، کەواتە ئاڵا سوورەکەش هەر پارچە پەڕۆیەکە! یان مەگەر لەوەشدا تەنها ئاڵای بێکەس و داماوی کوردستان پارچە پەڕۆیەکە و هی خاکدزان دەسماڵ حەریری چینیین؟ هاوڕێی فەیسبووکم دیوە (وێنەیشیم بۆی گرتووە) نووسیویە: «بابە سەدام بمایە چۆن وامان بەسەر دەهات؟!» و پێی وایە ئەو کەسەی ئەو ئاڵا خوێنینەی بۆ شەوێک هەڵکردووە جاشە، بەڵام خۆی جاش نییە کە تۆپیوێکی کوردکوژ و ئەنفالچی و کیمیابارانکەر دەپەرستێت! قوڕ و گڵی ئەو گشت دونیایە ها وە بان ئەو تەختی سەرەم! جا خۆ گەر جاشایەتی پلەی باش و خراپێتیی هەبێت، باشترە جاشی زیندوویەک بیت، وەک لە هی تۆپێنراوێکی کوردکوژی ئەنفالچی!
لە ڕاستیدا نیشتمانپەروەری پێویستی بە فێربوون هەیە، بەڵێ زۆر کەس لە ناخیدا هەیە کە بەرانبەر زێدی خۆی دڵسۆز بێت و ڕێ بە داگیرکردنی نەدات، بەڵام لەبەر ئەوەی لە ئێستادا چەمکی نیشتمان و نەتەوە فراوانتر بوون، جۆر و ڕێکانی داگیرکردنیش ئێجگار زۆر بوون، کەواتە پێویستە تێگەیشتنیش لە داگیرکردن فراوانتر بێت و گوێ بۆ یەکتر بگرین تا ڕێکانی داگیرکردن بناسینەوە.
من ناڵێم ئەوەی بە کوردیی پاراو نەدوێت خائینە، ئەوەی گوێ لە گۆرانیی فارسی و عەرەبی و تورکی دەگرێت خائینە، ئەوەی دەنگی بە تەوتیز داوە خائینە، ئەوەی پێی خۆشە ئاڵای ئێڕاق لە کوردستاندا بشەکێتەوە خائینە… چون پێم وایە زۆر کەس لە ڕقدا وا دەکەن و خۆیشیان بیریان لێی نەکردووەتەوە کە ئەوەی دەیکەن تا چەند خیانەت و دەستهەڵگرتنە لە کوردستانیبوون و کوردبوون. واتە زۆرێک لەو کەسانە بە ئەنقەست خائین نین، بەڵکو نائاگایانە خیانەت دەکەن و نازانن کە ئەوەی دەیکەن ڕێ بۆ داگیرکردنی زیاتر خۆش دەکات. وەک وایە بێ ویستی خۆت کەسێک بکوژیت کە لە قانوونیشدا ئەم جۆرە بکوژە لەو بکوژە جیایە کە بە ویستی خۆی کەسێک دەکوژێت. بەڵام بێگومان ئەوانەی دەزانن کە ئەوە خیانەتە و هەر بیکەن، ئەوانە ئاگایانە خائینن و جیان لەوانەی نائاگایانە لە خیانەتدا بەشداری دەکەن. بۆیە ئەگەر جارجار لەسەر چەمکی نیشتمان بدوێین و هەوڵ بدەین فێر ببین چۆن باشتر خزمەتی بکەین و ڕێ لە هەندێک جۆری پەیپێنەبراوی داگیرکردنی بگرین، شتێکی خراپ نییە. بەڵام بۆ ئەم مەبەستە یەکەم هەنگاو ئەوەیە ئەو وێژمانە فڕێ بدرێتە کەلاوەوە کە نیشتمان و حیزب تێکەڵاو دەکات و حیزب لە بری نیشتمان بە کار دەهێنێت (پێشتر لەسەر ئەم مژارە وتارێکم نووسیوە بە ناونیشانی لە ستایش و سەرکۆنەی شێرکۆ بێکەسدا و بە دەنگی خۆیشم خوێندوومەتەوە. لە ئایندەشدا زیاتری لەسەر دەنووسم و دەڵێم). دەبێت چیتر ئەم وێژمانە گوێی لێ نەگیرێت و خاوەنەکانیشی بدرێنە بەر دادگایی نەتەوە، چون ئەوەندەی ئەوان وێنەی نیشتمان و کوردستانیبوونیان لە نێو زەین و ئاگایی و لەبەر چاوی کورددا قێزەون کردووە و شێواندوویانن، بۆمببارانەکانی داگیرکەران ئەوەندە کورد و کوردستانیان نەشێواندووە. هەڵگرانی ئەو وێژمانەی لە بری حیزب نیشتمان بە کار دەهێنن و کوردستانیبوون و کوردبوونیان لە نێو پەی و مۆخ و مێشکی کورداندا قێزەون کردووە، زوو بێت یان درەنگ دەبێت بەرپرسیارێتیی ئەم پەیامە ژەهراوییەیان هەڵبگرن، کە ئێستا بووەتە خۆرە و گیانی کوردبوون و کوردستانیبوونمانی تەنیوە.
بەڕێزت وەک تاکێکی کورد، کە دوێنێ داوای تەوتیزت دەکرد و دژی هەژماری من بوویت؛ کە دەتەوێت بانکی ڕاشیدەین و ڕەفید (بە ئارەزوو بە هەڵەیان دەنووسم) ببن بە کەڵەگای کورد و هەموو جووڵەیەکی دراویی کورد لە عێران و حەشداقەوە چاودێری و ڕکێف بکرێت؛ کە دوێنێ هاوارت دەکرد: «هەرێم هەرێم لۆ مارێ، بەغدا بۆمان تێدەبڕێ»، ئیتر ئەمڕۆ مەیە دژی هەڵکردنی ئەو ئاڵا سوورە بیت، بە خۆتدا بچۆرەوە و کورد بە و مەکە پەیمانشکێنی. وەرە لەگەڵ من پێکەوە بە یەکسانی دژی داگیرکەر بین و ڕێی کوردستان بگرینە بەر. با کارێک بکەین ڕێ خۆش بکەین کورد ببێتە خاوەن دەوڵەت و چەکی قورس، ئەو کاتە بە فەرمانی ئەو خوا گیانە ئیتر هەموو دونیا پشیپشیمان بۆ دەکەن و هەر لەخۆوە هەموو دونیا لێمان تێدەگەن هەر بێ ئەوەشی هیچ بڵێین، هیچ پێویست ناکات زمانی خۆمان بۆ هیچ نەتەوەیەک بگۆڕین بۆ ئەوەی لێمان تێبگەن! باوەڕ بفەرمە، کە چەکی قورس و ئەتۆمت هەبوو هەر بەو فەرمانی خوایە حەز دەکەیت شەو خۆت لە ماڵەوە لەگەڵ منداڵەکانتدا زمانێک دابهێنە، سبەی هەموو جیهان لەو زمانەشت تێدەگەن! کۆیلەیی و سەرشۆڕیی ڕاستینەش لە کاتی هێز و ئازادیدا دەردەکەون. تۆ چەند کوردپەروەر و کوردستانپەروەریش بیت، سبەی کە پێگەیەکت لە نێو میرییدا هەبوو، یان پلەی حیزبیت هەبوو، ناچاریت لەگەڵ داگیرکەرانی کورد و کوردستاندا مامەڵە بکەیت و لەگەڵیاندا هەڵبکەیت و دانوستان بکەیت. بەڵام وەک تاک هیچ ناچار نیت مامەڵەیان لەگەڵ بکەیت و ببیت بە کۆیلەیان و خۆت بخەیتە ژێر دەستیانەوە. تۆ کە وەک تاک ئازادیت عێڕان و ئێڕاق و تورکیا و سووریا بە کەڵەگای خۆت نەزانیت، هیچ نەبێت چێژ لەو ئازادییەت وەربگرە و بە سەروەری خۆتیان دامەنێ، لانیکەم تۆ وەک تاک، نەک حیزب، ئازادیت و دەتوانیت لەسەر ئاستی تاک هەموویان بە داگیرکەر بزانیت و ئەو ڕێیانەی داگیرکردنیان لێ بگریت کە پێت دەکرێت بیانگریت. سبەیش کە دەوڵەت و چەکی قورسمان هەبوو، ئەو کاتە سەیر دەکەین بزانین ئەوانەی کوردستان بە ڕێوە دەبەن، هەر وا هێمای داگیرکەرێک بەرز دەکەنەوە؟ بەڵام تا ئەو ڕۆژە بزانە، پێشینان وتوویانە: سەگی ڕەش و سپی هەر سەگن!
[1] لە ٢٤ی نیسانی ٢٠٢٤دا نووسیومە. بە دەنگی خۆم خوێندووەتەوە و تۆمارم کردووە و لە کەناڵی خۆم لە تیلیگرام بڵاوم کردووەتەوە، دەتوانیت لەوێ گوێی لێ بگریت:
https://t.me/readinghouse