
کلکەگاگەل[1]
کلکەگاگەل: کەسێکە خەڵک وەک کۆمپیوتەر و ژمێرەری خۆیان دەنگی پێ دەدەن تا ببێت بە ڕابەریان و پێشیان بکەوێت و ئایندەیەکی ڕووناک بۆ نەتەوەیەکی ستەملێکراو دەستەبەر بکات، ڕێگری لەو گەندەباوەڕانە بکات کە پایەی خەیاڵیی ڕێخۆشکەرن بۆ دروستبوونی سەرکوتکەر و دز و جەردە و کەنیزەکخواز، ڕێگری لەو گەندەباوەڕانە بکات کە کۆڵەکەی مەستبوونی خەڵکن بە ژەهری چاندی هاوردەکراو و دژەکورد؛ کەچی کلکەگاگەل، لەبەر ئەوەی هەر لە بنەچەوە کۆیلەی بیری گاگەلی کۆمەڵەگایە، دەچێتەوە شوێنی خۆی، کە پشتی پشتەوەی گاگەلەکەیە و گاگەلەکە پێش خۆی دەخات و دەیانکات بە مەتاڵی پارێزەری خۆی و بیرە داعشییە بۆگەنەکانی.
کاتێک پڕۆژەیاسایەکی بەگژداچوونەوەی توندوتیژی دژی خانمان پێشکەش دەکرێت و لە هەرێمی کوردستاندا دەبێتە دەروویەکی کەمێک ڕووناک بۆ بنبڕکردنی کوشتن و پەلامار و گێچەڵ و هەموو جۆرە تاوان و بەدڕەوشتییەکی تر لە بەرانبەر خانمان، بۆ نموونە لە پڕۆژەیاساکەدا دەڵێت کە «لەبارچوواندنی منداڵ لە ئەنجامی لێدان لە ژنی دووگیان تاوانە»؛ «گێچەڵپێکردن بە خانمان لەسەر شەقامەکان تاوانە»؛ «سووکایەتیکردن و تاوانهەڵبەستن بە خانمان تاوانە»؛ هەڕەشەکردن لە خانمان لە ڕێی تەکنەلۆژیاوە تاوانە»؛ «بەزۆر بەشوودانی منداڵ تاوانە»؛ لەگەڵ زۆر یاسای بەسوودی تری لەم چەشنە کە ئەم کردەوە قێزەونانە بە تاوان پێناسە دەکات و سزایان بۆ دادەنێت؛ کەچی مخابن، سەد درێغ و مخابن، کلکەگاگەل دێت و بە پاساوی «ئەخلاق و نەریت و بەهای باڵا»، ئەم وشانەی وەک دەرپێی کوناودەری سوور گاکانی گاگەلەکە هار دەکەن و بە دوایاندا هەڵدەتیزێنن، کە لە ڕاستیدا نە ئەخلاقن، نە نەریتن، نە بەهای باڵان؛ کلکەگاگەل دێت و بەرەنگاری هەموو ئەو یاسایانە دەبێتەوە، دامەزراوە چونکە جەهلەکەی لەسەر ئەو توندوتیژییانە. دەکەن چەپڵەڕێزانی خەڵکی ڕەشەوەندیش، چون پاراستوویەتی کلکەگاگەل – گەندەباوەڕەکەیان!
کاتێک کلکەگاگەل ناتوانێت هەرێمی کوردستان، کە بە خوێنی ملیۆنان گەشمەرگی کوردی بەشخوراو بونیاد نراوە، بکات بە جومهورییەتی داعشیی ئەلکردستان، کاتێک ناتوانێت ئەم جومهورییەتە بکات بە هاوپەیمانی تاڵیبانی برا گەورەی، ئەگەر نەتوانێت ژن بە کوشت بدات، ڕادەکات و خۆی دەداتە پاڵ عێڕاقوهومول حەبیب و لەوێوە یاسای ڕەوایەتیدان بە ژنکوژیمان بۆ هاوردە دەکات. لەبەر ئەوەشی کلکەگاگەل خۆی هەمیشە هەر کلک بووە و هەرگیز ناتوانێت ڕابەر بێت، مێش میوانی نییە ڕیسەکە بکاتەوە بە خوری و هەرێمەکە لە ناو ببات و عێڕاقێک بخاتەوە پێش گاگەلەکەی و کوردستان بلکێنێتەوە بە ئوممەتول عەڕەبییە واحیدە ذاتول ریسالەل قاتیلە.
کلکەگاگەل سەر زمان بن زمان دژایەتیکردنی دزی، کەچی کێشەی نییە مافی ڕەوای پاراستنی ملیۆنان خانمان بدزێت و هەموو خانمانی کوردستان بخاتە ژێر میهری ژنکوژ، بیرکوژ، مافکوژ، دەمپیس، دڵپیس، بیرپیس، داوێنپیس، پیسبیست، پیسبین، پیسخۆر، پیسڵێ و پیسکەن، کە هەموویان لە پشت مێژووە خوێناوییەکەی چاندسڕەوەکاندا خۆیان حەشار داوە، ئەوانەی نەوەکانیان ئێستا ڕۆژانە بە دەیان هەزار کۆمێنتی ناشرین و بێڕێزی و توندوتیژی و ناوزڕاندن و تاوانهەڵبەستن و بێئاکاری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەکەنن و دەڕشێننەوە و کلکەگاگەلیش قیت و ڕەپ لە پشتیانەوە ئێرەق ڕاوەستاوە. کلکەگاگەل نایابترین بەرهەمی بەگەنیویگەیشتووی بزووتنەوەیەکی پۆپۆلیست و شکستخواردووە، کە کۆمەڵە داعشێکی سەربڕن و کەوڵێکی ئازادیخوازییان پۆشیوە، بەڵام کەوڵەکەشیان هەر هی ئازادیبازانە، نەک ئازادیخوازان.
ژمێرەرە بەژمارەبینەکەی خانمان، ئیمام و خەتیبی مزگەوتی ئیخگۆڕانوان، شەوێک لە شەوەنگ شەوتر و ڕەشتری شەوان فریادڕەسی نەتەوە… ئەوە ئێمەین؟ ڕزگارکەرەکەمان گەیشت؟ وەی، ئاخ! هەی، داخ! ڕابە بوێژ، وا جەنابی خاوەنگاگەلیان، کە هەر خۆیان گاگەل و کلکەگاگەلیشن، جەنابی ڕەشەوەندبازی گەلبازی مێگەلبازی گاگەلبازی دینباز، بە سواری مۆمێکی تاریک لمۆزی ئاراستەی گاگەلەکەی پێشی دەکات و دەبۆڕێنێت: «هۆش! نەکەن لە مۆتەکەی گەندەباوەڕ ڕابن! ڕانەبن لە گەندەباوەڕی مۆتەکە و نەکەن! نەهێڵن ژن ڕزگار ببێت، ڕزگار نەکەن ژن»؛ کە تەماشای هاوزمانە ستەمدیدەکانی خۆی دەکات لە شنۆ و سنە و سەردەشت و سەقز و مەریوان و مەهاباد و بانە و بۆکان و سەرتاسەری لانکەی خۆری نیشتمان نابینێت، ئەو لانکەی هیوایەی بە ڕابەرایەتیی ژنانی سەربەرز هەڵهاتوون و سەرتاسەری نیشتمان لە کازیوەی خۆری ئازادیدا زەڕکەش دەکەن، کلکەگاگەل هێندە دژەئازادییە و خەلیفەی ناو پشقلەکەی ناو کەللەی وای لێ کردووە چاوی بەرایی نەیەت ببینێت دوو منداڵی کورد بە ئازادی بە زمانی دایکیان بدوێن، دوور لە چەپۆکی دێرینترین فشەکەر و فێڵباز و درۆزنەکانی مێژوو، حەزرەتی کلک ئەو خۆرە خوێنلێچۆڕاوانە بە بەرەڵڵا و لادەر ناو دەهێنێت و هەوڵ دەدات گاگەلەکەی پێش خۆی وا تێبگەیەنێت کە ئازادی و شکۆی نەتەوەیەک، ئازادی و شکۆ، شکۆ و ئازادی: شکادی، کە نە خۆی و نە ئەو جەهلەشی دوای کەوتووە هەرگیز هیچیانیان نەبووە، ئەو شکۆ و ئازادی و هیوایەی وا لە ڕۆژهەڵاتەوە بەسەر دڵماندا پەخش دەبێت، کلکەگاگەل لای وایە بەرەڵڵایی و بێئاکارییە! چما ڕێخۆشکردن بۆ بەکوشتدانی براکانت و بەکەنیزەککردنی خوشکەکانت سەربەرزییە! کلکەگاگەل، هەمیشەکلک و کۆیلەی گەندەباوەڕی داگیرکەران، ئەلحەق لە مەکانی موتەخەللیفی موناسیب و مولائیم و موستەحەق بە ئەسفەلول مەقامی خۆیدایە ئەویش خەلفی گاگەلەکەیەتی. جەنابی کلک لەسەر کەفەڵی گاگەلەکەی، وەک هەمیشە پاسەوان و سەرقاپی شیاکەی دەمسمتی گاگەلەکەیەتی، ئێوەش دەپرسن بۆچی و چۆنە وا بیری بۆگەنە؟ سەراسیمەکەر و بەڵاجەوی و سەیر و سەمەرە نییە کە دار و شار و بەرد و هەرد و نشێو و کێوی نیشتمان دەڵێن:
«نەکەی باوەڕ بە دینبازان بکەی ئازیز،
دەنا بەختی گرێلێدراوی کورد هەرگیز
نە دەیبینیت بە واڵایی نە دەیبیستیت بە باڵایی،
گەدایی هەر بەدایی هەر لە چاڵایی.»
[1] لە ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا نووسیومە.