
پاڤان

پاڤان: پارچەموزیکێکە، گابرێل فۆرێ، کە موزیکدانەرێکی فەڕەنسی بوو، لە ساڵی ١٨٨٧دا دایناوە. موزیکەکە بۆ ئۆرکێسرایە و دەکرێ بەپێی ویست، کۆرسیش تیایدا بەشدار ببێ، ئەم موزیکە یەکەم جار لە ساڵی ١٨٨٨دا لە پاریس نمایشکراوە[1].
پاڤان، یان پاڤانا، یان پاڤین: جۆرە سەمایەکە و بنەچەیەکی ئیتاڵیی هەیە، لە سەدەکانی شانزە و حەڤدەدا باو بووە، بە ناوەکەشیدا، کە هەندێ جار بە پادۆڤانا دەردەکەوێ، وا گریمانە کراوە کە بنەچەکەی لە شاری پادۆڤای ئیتاڵیاوە سەرچاوەیگرتبێ. ڕەزمێکی سادەی دووانینەی هەیە: (دوو چوار یان چوار چوار) و شێوازێکی سەنگین و شکۆمەندانەی هەیە. پاڤان لە ناوەڕاستی سەدەی شانزەدا لە ئیتاڵیا ڕێی بۆ سەرهەڵدانی سەمای پاسامێتزۆ خۆشکردووە. موزیکدانەرە ئینگلیزەکانی وەک ولیەم بێرد و جۆن داوڵاند و جۆن بوڵ و پیتەر فیلیپس نوێگەری و بووژاندنەوەیەکیان بەم سەمایە بەخشی. بە شێوەیەکی باو لەگەڵ سەمای گاڵیارددا دەلکێنرا و لەیەکدانەکەشیان بوو بە بنەچەی سەرهەڵدانی شێوازی سویت. هەندێ لە موزیکدانەرانی سەدەی نۆزدەیەم و بیستەم هەندێ موزیکیان داناوە کە ناوی پاڤانیان لێناوە[2]، بۆ نموونە گابرێل فۆرێ بەرهەمی ژمارە ٥٠ کە جێی باسەکەمانە.
هەروەها پاڤان بۆ کچۆڵەیەکی مردووی مۆریس ڕاڤێل.
ساڵی ٢٠٠٨ کە بۆ یەکەم جار ئەم موزیکەم بیست، زۆرم حەزکرد بە پیانۆ دەستمبکەوێ و بیژەنم، گەڕام و هیچ نۆتەیەکی پیانۆم نەدۆزییەوە، ناچار بە ئەزموونێکی کەمی موزیکەوە خۆم دەستمکرد بە کۆکردنەوەی موزیکی ئۆرکێستراکە بۆ پیانۆیەکی تاکژەن. ئەوکات ئینتەرنێت وەک ئێستا دەوڵەمەند نەبوو، هەر ماوەیەک دوای ئەوەی موزیکەکەم بۆ پیانۆی تاکژەن کۆکردەوە بینیم چەند کەسێکی تریش موزیکەکەیان بۆ پیانۆ کۆکردووەتەوە. نۆتە کۆکراوەکەی خۆمم لە ماڵپەڕی imslp.orgدا بە موڵکی گشتی بڵاوکردەوە، لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٢دا سلڤییە ڤیدۆڤیچ، کە پیانۆژەنێکی بەتوانایە، ئەم کۆکردنەوە و ڕێکخستنەوەیەی منی بە شێوەیەکی زۆر دانسقە ژەند و لە کەناڵی خۆی لە یوتیوب بڵاویکردەوە.
ساڵی ٢٠١٨ دیسان بە کارە کۆنەکانمدا گەڕامەوە تا هەموویان ڕێکبخەمەوە و لە پەڕەوازەیی ڕزگاریانبکەم، سەرنجمدا ئەو نۆتە کۆنەی پاڤان کۆمەڵێ کێشەی تێدایە کە دەکرێ چاکبکرێن، بۆیە وامکرد و دیسان چاکمکردەوە و ئەم نۆتەیەشم هەر وەکو ئەوەی پێشوو کردووە بە موڵکی گشتی. دەتوانی لێرە کلیک بکەی گەر ویستت نۆتەکە بە پی دی ئێف ببینی. نۆتە کۆنەکەش لە ماڵپەڕی ناوبراودا دەدۆزیتەوە لە لیستی کارەکانی گابرێل فۆرێدا، یان لێرەدا کلیک بکە.
[1] فەرهەنگی ئۆکسفۆردی موزیک. مایکڵ کینێدی و جۆیس بورن کینێدی. چاپی شەشەم. لاپەڕە ٦٤٠
[2] هەمان سەرچاوەی پێشوو.