دیمانە

دیمانەی نەوا موکرجی ٢٠١٩

دیمانەی نەوا موکرجی ٢٠١٩

سەبارەت بە ئارەزووەکانی نەوا موکرجی

نەوا موکرجی حەزی لە چ ڕەنگێکە؟

نەوا موکرجی منم؟ گاڵتە دەکەم، هەر بڵێ تۆ و کێشەم نییە.

من هەمیشە یەکەم جار سەیری هونەرمەندێتییەکە دەکەم، نەک ئەو کەرەستەیەی هونەرەکەی پێ کراوە. واتە ڕەنگەکان بەهای سەرەکییان نییە لام. تێکەڵکردنی ڕەنگەکان بەهایان هەیە. کەواتە هەموو ڕەنگەکانم لا جوانە بە مەرجێک بزانرێت تێکەڵ بکرێن. کە نەشزانرێت تێکەڵ بکرێن هیچ ڕەنگێک بەهای نییە! زۆر جار حەزم لە تێکەڵەی بۆر و پەمەیی و شینی کاڵە. هەندێک جار نیلی و زەرد و بۆر. هەندێک جار شین و ڕەش. هەندێک جار نیلی و ڕەش. ڕەنگێکی دیاریکراو نییە کە لام دڵخوازترین بێت.

حەزت لە چ خواردنێکە؟

لە پێ کەوتووم و نەفسم بۆ کەباب دەشنێ وەکو منداڵ! کەباب، بەرگر، برنج و شلەی پەتاتەی کەری. یاپراخی سڵق و گەڵامێویش.

حەزت لە خواردنی بەهاراتاوی هەیە؟

بەڵێ، بەڵام ئێجگار زۆر نا. واتە هیندیی هیندی نا.

دڵخوازترین نانی بەیانیانت چییە؟

هەموو ژەمەنانێکی یەکەمم ناکەوێتە بەیانییەوە. بەڵام با وای ناو بنێین: زۆر جار حەز ناکەم هەموو بەیانییەک هەمان جۆری خوان تاقی بکەمەوە. هەندێک جار حەزم لە میوەیە. بەڵام دەتوانم بڵێم بە گشتی هێلکەوڕۆن بە سۆسجەوە. لێرە بەیکن نییە، بەڵام بیستوومە بە هێلکەوە زۆر خۆشە.

حەزت لە چ شیرینییەکە؟

کاتی خۆی بە هیچ شێوەیەک حەزم لە شیرینی نەبوو، بەڵام ئێستانان حەزم لێیەتی. بە تایبەتیی بابەتی پاقلاوە. بەڵام هێشتا نازانم کامەم لە هەموو زیاتر حەز لێیە.

هەندێک لە دڵخوازترین ماڵپەڕەکانت کامانەن؟

پەیوەستە بەو کاتەوەی سەرقاڵی شتێکم. بە گشتی وەک هەموو کەس یوتیوب و ویکیپێدیا و گووگڵ. لەوێوە بە دوای شتی تریشدا دەگەڕێم. بەڵام من ماڵپەڕی فەرهەنگەکانیش زۆر دەکەمەوە، تەنانەت بە پێی ئاماری بڕاوزەرەکەم بێت فەرهەنگەکانی کۆڵینز و میریام-وێبستەر لە یوتیوبیش زیاتر دەکەمەوە.

هەندێک لە فیلمە دڵخوازەکانت کامانەن؟

زۆربەی فیلمەکانی ئالفرێد هیچکۆک. لیستێکم نووسیوە بە ناونیشانی سەد فیلمی دڵخوازی نەوا موکرجی. لەوانەیە لیستێکی تریش بۆ سەد فیلمی تر بنووسم. من تا ڕادەیەکی زۆر حەزم لە فیلمە کۆنەکانیش هەیە، وەک بەستەر کیتن و چارلی چاپلن. فیلمەکانی چاپلن هاوڕێیەکی بەنرخی منداڵییمن. بە داخم کە ئێستا زۆر منداڵ نایناسن.

هەندێک لە موزیکە دڵخوازەکانت کامانەن؟

نابێت ئەم پرسیارە لە من بکەیت. بە هەزاران موزیک هەن کە خولیامن. هەر نۆ سیمفۆنییەکەی گوستاڤ مالەر. هەر نۆ سیمفۆنییەکەی بێتهۆڤن. هەموو پرێلیود و فیوگەکانی باخ. زۆرێک لە کارەکانی گوستاڤ هۆڵست. نازانم چیت پێ بڵێم. دەتوانم یەک پەڕتووکی گەورەی سەد بەرگی لەسەر موزیکە دڵخوازەکانم بنووسم. بەڵام ئەوەندەی حەز دەکەم گوێیان لێ بگرم ئەوەندە حەز ناکەم لەسەریان بنووسم، چونکە بۆ من چێژی ڕاستی لە گوێگرتنەکەدایە.

بەڵام دەبوو لە بارەی هەموو پارچە موزیکێکمان بنووسیایە و لەسەر ئینتەرنێت بڵاو کرابایەتنەوە. ئەو ئەرکەش تەنها ناکەوێتە ئەستۆی موزیککاران، دەبێت دەزگای ڕۆشنبیری و چاندیی حکومەت لە پشت ئەوەوە بێت و بودجەی بۆ تەرخان بکرێت. دەبوو نووسراو و ڕاڤەکاریی زۆری موزیک بە زمانی شیرینی کوردی هەبوونایە.

کارێک کراوە کە هونەر بووە بە کارکردن لە خێرخانەدا! کابرای تەماتەفرۆش فلسێک لە تەماتەکەی خۆی خۆش نابێت، کەچی هەمووان دەیانەوێت هونەرمەندان دینارێک پەیدا نەکەن! ئێ کاکە هونەریش هەر پیشەیە! بەهەرحاڵ، ئەوە قسەی تر هەڵدەگرێت.

دەتوانیت بڵێیت بە گشتی هەموو موزیکی کلاسیکی ڕۆژئاوایی لای من جۆری موزیکی پەسەند و دڵخوازمن. هەمیشە کلاسیک. زۆر دەگمەن گوێ لە گرمەگرم و زرمەزرمی سەردەم دەگرم. زیاتریش گوێ لە موزیکی ڕووت دەگرم وەک لە گۆرانی.

هەندێک لە پەڕتووکە دڵخوازەکانت کامانەن؟

ئێستا؟ ئولیس، ئولیس، ئولیس! بە گشتی حەزم لە چیرۆک و هۆنراوەیە، کەچی زۆر سەیرە، زیاتر پەڕتووکی فێرکاری دەخوێنمەوە! حەزم لە ئەفسانە و مێژوو و هۆنراوەش هەیە. تازەبەتازە فێر بووم لە کوردییەوە بۆ وێژەی ئینگلییش پەلم کێشاوە.

لە هۆنراوەدا حەزم لە تۆپەڵەقسە نییە کە بە ناوی هۆنراوەوە بڵاو دەکرێنەوە. حەزم لە نووسینێکە هونەرمەندێتیی تێدا بە کار هێنرابێت. حەزم لە بیری ڕووت نییە. بەڵام ئێستانان ئولیس بەهادارترین پەڕتووکە لام، هەروەها ئەو پەڕتووکانەشی لەسەر ئولیسن. لە پەڕتووکخانەکەمدا تاقێکی جیام بۆ ئولیس و ئەو پەڕتووکانە هەیە کە لە بارەی ئولیسەوەن.

ماوەی ڕابردوو زیاتر سەرقاڵی خوێندنەوەی چیرۆک و بەیتە گریکییە کۆنەکان بووم. لە مێژووشدا بە خوێندنەوەی مێژووی ئیمپراتۆرێتیی ڕۆمەوە خەریک بووم، بە تایبەتی شەش بەرگە دانسقەکەی ئێدوارد گیبن (مێژووی داچوون و کەوتنی ئیمپراتۆرێتیی ڕۆم. The History of the Decline and Fall of the Roman Empire).

من ناتوانم لە یەک کاتدا تەنها یەک پەڕتووک بخوێنمەوە، مێشکم باشتر لە ئاڵۆزیدا کار دەکات! بەڵام پێشنیار دەکەم هەموو کەسێک فەرهەنگی لە ماڵی خۆیدا هەبێت، بە تایبەتیش فەرهەنگی ئازادیی دکتۆر حەمەڕەشید قەرەداخی. ئەو کەڵەپیاوە سی ساڵ خەریکی ئەو فەرهەنگە دانسقەیەی بووە و کارێکی ئێجگار پیرۆزی کردووە. من هەموو ڕۆژێک دروودی بۆ دەنێرم. لە چیرۆکی چاوپێکەوتن لەگەڵ ئامادەبووی کۆنسێرتێکدا فڕۆکەخانەکەم بە ناوی ئەوەوە ناو ناوە.

حەزت لە گەشت و گەڕان هەیە؟

بەو چەمکەی خەڵک لێوەی دەدوێن و حەزیان لێیە نەخێر. من زۆر حەز بە تێکچوونی ئارامیی و پلانی ڕۆژانەم ناکەم. حەزم لە کاتکوشتن نییە. تاکە هۆکار کە وام لێ بکات حەزم لە گەشت و گەڕان بێت ئەوەیە کە زانیاریی نوێ فێر ببم. گەڕان لە پێناو گۆڕینی جۆری خواردن یان خواردنەوەدا بە بەهادار نابینم. حەز دەکەم کە گەڕام شارستانێتیی جیاواز، کەلەپوور و شوێنەواری کۆن ببینم و خەڵکی جیاواز بناسم و شتی زیاتر فێر ببم.

مێشک بە بەخشینێکی مەزنی سرووشت دەزانم، نامەوێت پڕی بکەم لە پڕۆتینی زانیاریی بێسوود. بۆ نموونە بۆچی بزانم لەسەر سووچی تەقسیم لە ئیستانبول چ جۆرە فەلافلێک دەفرۆشن؟ بۆچی خانەیەکی پڕۆتینی مێشکم بەم زانیارییە هیچەوە بە فیڕۆ بچێت؟

بۆیە من بەو تێڕوانینە حەزم لە گەڕان و گەشت نییە و حەز ناکەم ئارامیی خۆم تێکبچێت. من هەرگیز لەوانە نیم کە بتوانم بۆ خۆشی شەوێک بچم لەسەر شاخێک بمێنمەوە. ئەگەر بمەوێت لەسەر شاخێک بمێنمەوە دەبێت مێزی کار و تەوالێت و دووشەکەشم لەگەڵ خۆم ببەم. یان هەر بە ڕاستی کارێکم لەوێ هەبێت. من زۆر بە دەگمەن بێ هۆ سەردانی شوێنان دەکەم. بەڵام یەکێک لە فەنتازیاکانی مێشکم ئەوەیە کە بە پێ زۆربەی جیهان بگەڕێم. بەڵام ئەوە دەبێت کاتی خۆی هەبێت و ئێستا ئەرکی ترم لەسەر شانە جێبەجێیان بکەم، دواتر مەگەر وا بکەم.

ئەگەر بتوانیت بۆ هەموو شوێنێک بچیت، دەتەوێت بۆ کوێ بچیت؟

بە لای منەوە یەکێک لە تاوانەکانی ئافراندن ئەوەیە کە لە یەک کاتدا دەبێت لە یەک شوێندا بین. من حەز دەکەم لە هەموو شوێنێک بم. حەز دەکەم هەموو گەردوون بگەڕێم. بەڵام ئێستا کات بۆ ئەو خۆزگانە نییە. بۆیە دەبێت کار بکەین کە بەدیهێنانی ئەو خۆزگانە بۆ نەوەکانی ئایندە ئاسان بکەین. من دەمێکە باوەڕم وا دروست کردووە کە مرۆڤ خۆی شوێنی خۆی خۆش دەکات. لای من شوێنی خۆم خۆشە. ئەگەر بشچم بۆ هەر شوێنێکی تر هەوڵ دەدەم بۆ خۆمی خۆش بکەم.

حەز دەکەیت زیاتر لە ناو شاردا بژییت یان لە دەرەوەی شار؟

حەز دەکەم بە کەلوپەل و شارستانێتییەوە لە دەرەوەی شار بژیم.

کێن ئەو کەسانەی حەز دەکەیت ڕۆژێک لە ڕۆژان بیانناسیت، یان پێیان بگەیت؟

کاتی خۆی خەڵک زۆر بوون، بەڵام ئێستا ئەوەندە حەز بە بینینی خەڵک دەکەم کە ئارامییم تێک نەدەن و دەست نەکەن بە پلاندانان بۆم و ڕامنەکێشنە نێو ژیانە ناخۆشەکانیانەوە. ئێستا ئینتەرنێت دونیای وا ئاسان کردووە کە دەتوانیت بێ ئەوەی کەسەکە ببینیت بیناسیت و لەگەڵیدا دابنیشیت. خۆیشم مێشکم ئافرێنەرە، بەردەوام مێشکم وێنەم بۆ دروست دەکات و هەر لە منداڵییەوە وێناکردنم ئێجگار فراوانە. بۆیە زۆر پێویستم بەوە نییە بە جەستەیی لەگەڵ زۆر کەسدا بم. هەندێک جار کە هەست بە تەنیایی کوشندە دەکەم (کە هەندێک جار زۆرن!) دەنووسم، یان گۆرانییەک دادەنێم، یان موزیکێک دادەنێم، یان دەژەنم.

ئەگەر بتوانیت بگەڕێیتەوە بۆ مێژوو، حەز دەکەیت کێ بناسیت؟

حەز دەکەم ڕەگوڕیشەی خێزانەکەی خۆم هەموو بدۆزمەوە. حەز دەکەم تا سەرەتاییترین مرۆڤ بڕۆم. هەموو سەردەمەکانی مێژوو ببینم. حەز دەکەم ماڕکۆس ئۆریلیۆس و سینیکا و یۆهان سێباستیان باخ و مۆتسارت و بێتهۆڤن و ڤێردی و نالی و ستانیسلاڤسکی و جەیمز جۆیس و ئاڕثەر ڕوبنشتاین لە کاتی کار و ژیانی ڕۆژانەیاندا ببینم. لەوانەشە زۆر کەسم لە بیر چووبێت. بە تایبەتی حەز دەکەم بزانم باخ و منداڵەکانی چۆن لە ماڵەکەی خۆیاندا توانیویانە هەموو حەفتەیەک موزیکێکی نیو کاژێری یان کاژێریی دانسقە دابنێن و نمایش بکەن؟ زۆر حەز دەکەم ئەو ماڵەی یۆهان سێباستیان باخ لە کاتی ئەو هەموو کارە زۆرەدا ببینم.

دڵخوازترین و دڵنەخوازترین وشەت چین؟

دڵخوازترینم: هەرچەندە وشە نییە و مۆرفۆسینتاکسە، بەڵام «دەتوانم» دڵخوازترینمە. دڵنەخوازترینیشم دژەواتاکەیەتی، واتە «ناتوانم».

دڵخوازترین شت کە حەز بکەیت پارەی تێدا سەرف بکەیت چییە؟

پەیوەندیی بە کاتەوە هەیە، بەڵام زۆربەی کات کێشەم نییە بۆ پارەدان بە پەڕتووک، هەروەها ئەو ئامێرانەی پێویستم پێیانە. بەڵام ئەوەی پێشبڕکێکە دەباتەوە پیانۆیە، حەز دەکەم ئەوەندە پارەم هەبێت کە بتوانم هەموو پیانۆکانی سەر زەوی بکڕم. لە بەهەشتە خەیاڵییەکەی مندا هەموو ژوورێک، بە تەوالێتیشەوە پیانۆیەکی لێیە!

سەر شاخ یان کەنار یان دیمەنەکەیان لە شاشەوە؟

شاشە!

قەرەباڵغی، یان کۆمەڵێکی کەم، یان تەنیایی؟

تەنیایی.

ڕقت لە چ پرسیارێکە؟

مووچەکەت چەندە؟ چەند پەیدا دەکەیت؟ پارە پارە پارە!

سەبارەت بە ژینی ڕابردوو

دڵخوازترین وانەی قوتابخانەت کامە بوو؟

لە ڕاستیدا تەنها حەزم لە گۆرانیبێژان بوو. ئەگەر نەیانهێشتایە گۆرانی ببێژم لە وانەکاندا، ئەوا پشووی نێوان وانەکانم لا خۆشتر بوو! بەڵام وانەی گۆرانیبێژان نەبوو (دوور لە ئێستا!). کەمێک حەزم لە زمانەکان و مێژوو هەبوو. کە ئێستاش تەماشای نمرەکانی ساڵانەم دەکەیتەوە بۆت دەردەکەوێت کە ئەو حەزانەم ڕاست بوون.

کە منداڵ بوویت حەزت دەکرد ببیت بە چی؟

باوەڕ بکەیت یان نا، حەزم دەکرد ببم بە گۆرانیبێژ. جارێک لە قوتابخانەی سەرەتایی مامۆستا ئەو پرسیارەی لە هەموومان پرسی، هەموویان دەیانوت: «دکتۆر» و «ئەندازیار» و ماستاوچییەکانیش دەیانوت: «مامۆستا». بەڵام من وتم: «گۆرانیبێژ».

چۆن دەستت کرد بە موزیک؟

بە تێروتەسەلی لەسەریم نووسیوە.

تێکڕایی نمرەکانت بە گشتی لە قوتابخانەدا چەند بووە؟

لە قۆناغی سەرەتاییدا هەمیشە لە نێوان ٩٥٪ بۆ ١٠٠٪. لە قۆناغی ناوەندی و ئامادەییدا هەمیشە لە نێوان ٧٠٪ بۆ ٨٥٪.

کاتی خۆی لە بیرکارییدا باش بوویت؟

نەخێر. ڕەنگە لەبەر ئەوە بووبێت کە لە سەرەتاییدا مامۆستای بیرکارییەکەمان، کە ناوی ست نەسرین بوو، زلەیەکی لە لای چەپی سەرم دا کە بەتەواوی گوێی ئازار دام و بەو بۆنەیەوە چەندین ساڵ گوێی چەپم تووشی هەوکردن بوو. هەمیشە ترسم لە وانەی بیرکاری هەبوو. بەڵام ئێستا دەزانم کە من بە سرووشتی لە بیرکاریدا باشم.

ئایا هەرگیز تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوویت؟

بەڵێ، بە نیو چرکە لە مردن گەڕامەوە. بە تێروتەسەلی لەسەریم نووسیوە.

ئایا هەرگیز هەنگ پێوەی داویت؟

بەڵێ، یەک جار. هەنگێک لە نێو پێڵاوەکانمدا بوو، کە ویستم لە پێی بکەم دای بە بنی پێمەوە.

ئایا هەرگیز لە مانگات داوە؟

ئەمە چییە؟ هەست دەکەم پرسیاری دوای ئەمە ئەوە دەبێت بپرسیت: هەرگیز سوێندت بە تەڵاق خواردووە لە کاتی ژنتەڵاقداندا لە ژووری دادگادا؟ لە وتاری دەسەڵات و مرۆڤیشدا کەمێک باسم کردووە: من هەرگیز ئازاری ئاژەڵانم نەداوە، تەنها مێش و مێشوولە و جاڵجاڵۆکە و قالۆنچە و مارمێلکە نەبێت.

ئایا هەرگیز وانەی سەمات خوێندووە؟

لە یوتیوب و ماڵپەڕی تر بەڵێ، تانگۆ و ڤاڵس کەمێک دەزانم. بەڵام سەماکان پێویستیان بە هاوبەشێک هەیە کە من نەمبووە. بە ئینتەرنێت بەڵێ، بەڵام بە خودی کەسیی خۆم بچم بۆ فێرگا، نەخێر. بەڵام حەزم لێیە.

ترسناکترین شت چییە تا ئێستا کردبێتت؟

باوەڕ ناکەم جەربەزەییم زۆر هەبووبێت. هەرچەندە لە تێڕوانینی زۆر کەسدا کەسێکی پڕکێش و سەرکێشم، بەڵام لە ڕاستیدا من زۆر حەز بە تێکچوونی ئارامیی خۆم ناکەم. کاتی هەرزەییمی لێ دەربکەیت، ئەگینا بە دەگمەن کاری پڕکێشانەم کردووە کە بە لای خۆمەوە پڕکێشی بووبێتن. چونکە وەک دەوترێت کەسی بوێر کەسێکە کە شتەکە دەکات و دواتر بیر لە دەرئەنجامەکانی کردەوەکەی دەکاتەوە. بەڵام کەسی نەوێر کەسێکە کە پێشوەخت بیر لە دەرئەنجامی کارەکانی دەکاتەوە. جا من ئەو کەسەم کە هەمیشە پێشتر بیر لە دەرئەنجام دەکەمەوە. بە دەگمەن کارێک دەکەم کە دەرئەنجامەکەم شی نەکردبێتەوە. بە دەربڕینێکی تر، نەوێران واتە زیرەکی بۆ ژیان. هەرچەندە من زۆر جاریش پاڵ بە باوەڕی هاوڕێکانم و زیاتریش بە باوەڕەکانی خۆمەوە دەنێم. دەمەوێت بزانم سنووری باوەڕەکان کوێن.

بەهەرحاڵ، بۆ وەڵامی پرسیارەکەت بە دیاریکراوی: جارێکیان بە منداڵی وایەرێکم بە پرچ لە یەک ئاڵاند و کردم بە کونی سارد و گەرمی پلاکەکەدا تا بزانم چی دەبێت. شۆرتی کارەباکە پرچەکەی هەڵوەشاند و وایەرەکەی قرتاند و کارەباکەش ناڵەی کرد و سویچەکەی دەرەوە هەڵستایەوە. کە دایکم پرسیی: «ئەوە چی بوو؟» خۆم گێل کرد و وتم: «هیچ».

سەبارەت بە ژیانی ڕۆژانە

بۆ خۆشیی خۆت چی دەکەیت؟

هەموو ژیانم تەنها لە خۆشییدا بە سەر دەبەم. موزیک بۆ من خۆشییە، نووسین خۆشییە، خوێندنەوە خۆشییە، فیلم، شانۆ، کار، نوستن… هەموو ئەمانە لای من خۆشیین. من هەر زۆر دەمێکە کار بۆ ئەوە دەکەم کە تەنها ئەو شتانە بکەم و بەو شتانەوە سەرقاڵ بم کە بە لامەوە خۆشن. بۆیە کاتێک تۆ دەڵێیت: «خۆشی» تێناگەم، بۆچی خەڵک بەردەوام خەریکی ناخۆشیین؟ ئەگەر خەریکی ناخۆشیین بۆچی وا دەکەن؟ بۆچی نایگۆڕن؟ ئەگەر نایگۆڕن، کەواتە شایستەی ئەو ناخۆشییەن! من باوەڕم وایە هیچ کەسێک ستەمی لێ نەکراوە، هەموو مرۆڤێک شایستەی ئەو ژیانەیە کە تێیدا دەژیێت. ئەگەر خۆت بە شایستەی ئەوە نازانیت، ئەی بۆچی هەوڵ نادەیت بیگۆڕیت؟ لای من ئەوە بێمێشکییە شتێکت بە لاوە ناخۆش بێت و بیکەیت. من ئەوپەڕی چێژ لە زۆربەی هەرە زۆری ساتەکانم دەبینم… ئەگەر لێم تێک نەدەن!

یەکێک لە شتە یەکەمەکان کە دەیکەیت لە بەیانیاندا چییە؟

چاوم دەکەمەوە! زۆربەی کات مەرج نییە بەیانیان ڕابم، زۆربەی کات کاتی نووستن بە گوێرەی ڕۆژەکەم دەبێت. خشتەیەکی توندوتۆڵم بۆ نووستن و ڕابوون نییە، گرنگ ئەوەیە لە ماوەی ڕۆژەکەمدا کارەکانم جێبەجێ بکەم.

بەڵام با بڵێین یەکەم شت کە ڕادەبم چییە دەیکەم؟ دوای چاوکردنەوە کەمێک لە ناو پێخەفەکەمدا خۆم بۆ ڕۆژەکەم ئامادە دەکەم، بڕێک دەخوێنمەوە، زۆر جاریش گوێ لە موزیکێک دەگرم کاتێک هێشتا هەر لە ناو پێخەفەکەمدا پاڵکەوتووم و هەڵنەستاوم. هەرگیز لە کاژێری یەکەمی ڕۆژەکەمدا تەماشای نامە و تەلەفۆنی کەس ناکەم، ئیمەیڵیش بمخوێنێتەوە نایخوێنمەوە! زۆربەی کات کە ڕادەبم هەر لە ناو جێگاکەدا دەنگەژێکانم بە هەندێک ڕاهێنانی دەنگی گەرم دەکەمەوە، پاشان پەنجەکانم و دەستم. هەندێک جار پێش ئەوەی نانی ژەمی یەکەم (کە لای ئێوە نانی بەیانییە) بخۆم، کەمێک پیانۆ دەژەنم، یان کەمێک دەنووسم، یان کەمێک لەو کارە دەکەم کە دەبێت لە ڕۆژەکەمدا جێبەجێی بکەم. ئەگەر چوونەدەرەوەم هەبێت ئەوا دووشێک دەکەم.

حەزت بە قسەکردنی سەر تەلەفۆن هەیە؟

کەسەکە و بابەتەکە کەوتووە. زۆربەی کات تەلەفۆنەکەم بێدەنگە و لێم دوورە. زۆر بە دابڕاندن پەست دەبم. کاتێک دەمەوێت شتێک لەگەڵ کەسێکدا باس بکەم حەز دەکەم ڕاستەوخۆ ڕووبەڕوو قسەی لەگەڵ بکەم، ئەگەر نا، ئەوا بە تەلەفۆن. زۆر بە نامەناردن و چات پەست دەبم. لە هەرزەییمدا ئەوەندە چاتم کردووە کە ئێستا بە سێ نامەی چۆنی و چاکی پەست دەبم و داوا دەکەم کەسەکەی بەرانبەر بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵدا بکات، یان یەکتر ببینین.

لە حەفتەیەکدا چەند ئیمەیلت پێ دەگات؟

من تەنها یەک ناونیشانی ئیمەیلم نییە، بەڵکو بۆ هەر کۆمەڵە مەبەستێک ناونیشانێکی ئیمەیلم هەیە. خۆم بە سرووشت حەز ناکەم ئیمەیلم زۆر بۆ بێت و هەر واشە، ئیمەیلم زۆر بۆ نایەت. بە گشتی لە نێوان ١٠-٣٠ ئیمەیل لە حەفتەیەکدا.

درێژترین ماوە نەنووستبیت چەند کاژێر بووە؟

گەیشتوومەتە ٤٤ کاژێر.

یادی چ بۆنەیەک دەکەیتەوە؟

بە گشتی هیچ بۆنەیەکی گشتی یاد ناکەمەوە. بەڵام کاتێک کارێک تەواو دەکەم پشوو بە خۆم دەدەم و خۆم خەڵات دەکەم. هەندێک جاریش لە بەهاران یان پایزاندا کە ڕۆژەکە زۆر خۆش بێت، حەز دەکەم بچمە دەرەوە.

ئایا زۆرتر فەرهەنگی واتا بە کار دەهێنیت، یان فەرهەنگی هاوواتا و دژەواتا؟

ڕۆژ نییە چەندین جار فەرهەنگ بە کار نەهێنم. ئەگەرچی هەردووکیان بە کار دەهێنم، بەڵام ئێستانان زۆرتر هی واتا بە کار دەهێنم.

ئایا کەست هەیە بچیت بۆ لای ئامۆژگارییت بکات؟

نەخێر. بەڵام هەندێک جار ڕاوێژ بە هاوڕێکانم دەکەم و زانیاری کۆ دەکەمەوە.

هاوسەرت هەیە؟

نەخێر.

جۆری خوێنت چییە؟

ئۆی کۆ.

یەکێک لە پرسیارە دڵخوازەکانت لە سەرەتای یەکترناسینی کەسێکدا چییە؟

تەنها ڕۆژ و مانگی لەدایکبوونەکەتم پێ بڵێ، ساڵەکە بۆ خۆت.

سەبارەت بە کەسێتی

ئایا تۆ ناخگەڕیت یان دەرگەڕ (Extrovert vs Introvert)؟

ناخگەڕم. تاقیکردنەوەکەی مایەرز و بریگسم کردووە و چەند جارێکی زۆریش لە کاتی جیاوازدا تاقیم کردووەتەوە، هەمیشە هەمان ئەنجامە: لە جۆری کەسێتیی INTJ-Aم.

چ نەریت یان ڕەفتارێکی خۆتت زۆر بە دڵە؟

کۆڵنەدان، گەشبینی، توانای بیرکرنەوەی کۆمیدی و جەفەنگی. خولیای فێربوونی زانیاریی زیاتری جۆراوجۆر. چێژبینین و پێزانینی شتی زۆر سادە و ساکار.

ئایا حەز دەکەیت بە وردی نەخشە بۆ شت بکێشیت، یان ڕاستەوخۆ بچیتە سەر کارەکە؟

نەخشەکێشان، نەخشەکێشان، نەخشەکێشان. هەمیشە. من پلانم بۆ هەموو ڕۆژێکی ساڵەکەم هەیە. هەموو ساڵێک لە مانگی دوانزەدا پلانی ساڵی داهاتوو دادەنێم. بە دەگمەن دەتوانم لە پلانی خۆم لابدەم.

گەورەترین گۆڕانکاریی خودی چی بووە کە کردووتە؟

بە نزیکی هەموو گۆڕانکارییە بچووکەکانی ژیانم دەرئەنجامی گەورەیان هەبووە. بەڵام باشترین گۆڕانکاری ئەوە بووە کە لەناو خۆمدا دینم بە هەموو لقەکانیەوە مراندووە.

بە ئاسانی دەگرییت؟

نەخێر.

کێ پاڵەوانی ژیانتە؟

بە پلەی یەکەم خۆم.

لە بەرزی دەترسیت؟

بەڵێ.

خەڵک پێت دەڵێن لە چ کەسێکی بەناوبانگ دەچیت؟

کە ڕیش و قژم درێژ بن: چێ گیڤارا. حەزیشم لێ نییە لە کەس بچم، بە تایبەتی لەو.

زیاتر لە چ کەسێتییەکی کارتۆنییەوە نزیکیت؟

میشیگن جەی. بۆق.

ئەگەر کەسێکی نەدیو و نەناس داوای ئامۆژگارییەکی هەڕەمەکی بکات پێی بدەیت، چیی پێ دەڵێیت؟

یەکێک لە کێشەکانی مرۆڤایەتیی ئەمڕۆ ئەوەیە کە ئامۆژگاری زۆر زۆرە. زۆربەی خەڵک بە ئامۆژگاریی ناتەواو و نادروست تێکچوون. من هیچ ئامۆژگارییەکی کەس ناکەم.

بەڵام ئەگەر وەک تۆ دەڵێیت «داوای لێم کرد»، ئەوا تەنها پێی دەڵێم: «بژی و زیاتر بزانە».

بۆچی؟ خەڵک ناژین؟

زۆربەی ئەو کەسانەی من دەیانبینم مردوون لە پێستی زیندوودا. نەخێر زۆربەی خەڵک هەر ناشزانن ژیان چییە. بەردەوام پێیان وایە ستەمیان لێ کراوە و بەردەوام خەریکی پرتەوبۆڵەن و گلەیی و گازندەن. ژیان بە بەردەمیاندا تێدەپەڕێت و پێی نازانن. با کەمێک دەستم بەتاڵ ببێت ئەو پەڕتووکەی سینیکا هەموو وەردەگێڕم کە سەبارەت بە کورتیی ژیان دەدوێت، ئێجگار دانسقەیە!

پیاڵەکە نیوەی پڕە، یان نیوەی بەتاڵە؟

نیوەی پڕە بۆ خۆم. نیوەی بەتاڵە بۆ فەرمانبەرێکم یان کەسێک کە کارم بۆ دەکات.

ئایا هەرگیز لە فڕۆکەوە، یان لە پردی بەرزەوە خۆت فڕێ دەدەیتە خوارەوە؟

پلانم زۆرە، نەخێر. کە پلانم نەما بیری لێ دەکەمەوە.

کێ زۆرترین کاریگەریی لەسەر ژیانت هەبووە؟

ئێستانان جەیمز جۆیس. پێشتریش بێتهۆڤن، مالەر، ڤاگنەر، گۆران، شێرکۆ بێکەس، ڤێردی، پوچینی. زۆر کەسی تریش.

هەندێک شتمان پێ بڵێ کە بە ڕاستی دڵخۆشت دەکەن.

تەواوکردنی کارێک. هیچ هەستێک لە تەواوکردنی کارێکی ئافرێنراوی دەستی خۆت خۆشتر نییە. هەر کەسێک ئەو هەستەی نەکردبێت جێی بەزەییە. کە دەبینم لە جێبەجێکردنی پلانی ڕۆژەکەمدا سەرکەوتووم، یان کە بەرهەمی کۆششەکانم دەبینم، زۆر دڵخۆش دەبم. هەروەها هونەری دانسقەش دڵخۆشم دەکەن: موزیکی باش، چیرۆکی باش.

هەندێک شتمان پێ بڵێ کە بە ڕاستی دڵتەنگت دەکەن.

شت زۆرن. بە تایبەتی خەڵکانی تر: نەزانییان، بێباکییان، توندوتیژییان…تا دوایی. بەڵام زۆربەی کات هەوڵ دەدەم ورەی خۆم بەرز بکەمەوە بەوەی کە خەڵک لە نەزانیدا وا دەکەن و پێیان وایە ئەوەی دەیکەن ڕاستەکەیە.

زۆربەی خەڵک بەو بەشە زانیارییەی کە خۆی دەیزانێت ڕاستترین بژاردە هەڵدەبژێرێت. واتە بە پێی ئەوەی کە خۆی دەیزانێت ڕاستترین هەنگاو دەنێت. بۆ نموونە ئەگەر من پێت بڵێم: «براکەم هات فیشەکێکی نا بە ئەژنۆمەوە»، لەوانەیە زۆر پەست و تووڕە ببیت و لەوانەشە هەڵبکوتیتە سەر براکەم و مافی منی لێ بستێنیت. بەڵام ئەگەر پێت بڵێم کە: «حەفتەیەک پێش ئەوەی ئەو فیشەکەکەم پێوە بنێت من چووم هەموو شتەکانی ماڵەکەیم لە بەلەکۆنەکەیەوە هەڵداوەتە دەرەوە»، ئەو کاتە فیشەکەکە زۆر کاریگەریی لەسەرت نابێت. واتە تۆ تەنها بەو هەندە زانیارییەی کە هەتبوو، کە براکەم فیشەکی پێوە ناوم، خۆت ڕاستترین بژاردەت هەڵدەبژارد کە مافی من بستێنیت. بەڵام ئێستا کە بەشێکی گەورەتری وێنەکە دەبینیت، هەڵوێستت جیاواز دەبێت.

بۆیە زۆر جار کە خەڵک بێزارم دەکەن، یان ئەو کاتەی لەگەڵیاندام، یان کە دەگەڕێمەوە و بە نووسینێک ئەو گفتوگۆیە چارە دەکەم و دەڵێم کە لە نەزانییاندایە.

هۆی گەورەی بەڵاکانی مرۆڤایەتی ئەوەیە کە پەیوەندیکردنمان لە ئاستێکی لاوازدایە. هەموومان پێمان وایە کە «دەزانین»، هێشتا بەرانبەرەکەت قسەکەی تەواو نەکردووە تۆ یەکسەر وا هەڵوێست وەردەگریت کە «دەزانیت». زۆربەی جاریش نازانیت کەسەکەی بەرانبەرت چی دەڵێت.

ژیانیش لای زۆربەی خەڵک بووەتە کردەیەکی ئۆتۆماتیکی. هەموو ڕۆژێک هەمان کارەکەی دوێنێ دووبارە دەکاتەوە بێ ئەوەی یەک چرکەش گومان بکات کە ئایا ئەوە باشە یان ڕاستە کە دەیکات؟ بۆیە گفتوگۆ و مێشکوروژاندن چارەیەکی گەورەن بۆ زۆرێک لەو شتانەی دڵتەنگمان دەکەن. ئەگەرنا، ئەوا تۆ هەمیشە دەتوانیت ئەو شوێنە یان ئەو کەسە بە جێ بهێڵیت کە دڵتەنگت دەکات. زۆربەی خەڵک خۆیان بەو شوێنەوە دەبەستنەوە کە خۆیانی تێدان، دەنا دەتوانی بستێک دوورتر بکەویتەوە. ڕۆیشتن هەمیشە بژاردەیە!

باشترین بڕیار تا ئێستا دابێتت چی بووە؟

زۆر بڕیاری باشم داوە. بەڵام دەشێت بڵێم باشترین بڕیارم ئەوە بووبێت کە وتبێتم دەبم بە هونەرمەند.

سەبارەت بە کار

هەندێک لە ئامانجە مەزنەکانت لە ژیاندا چین؟

لە موزیکدا: دانانی هەندێک سیمفۆنی و ئۆپێرا و چەند پارچە موزیکێک بۆ تاکژەن و دوانینە و سیانینە و چوارینە. هەروەها نووسین و بێژانی چەند گۆرانییەکی خۆم. بێژانەوەی چەند گۆرانی و هەوایەکی ئۆپێرا کە خۆم حەزم لێیانە. لە نووسیندا حەز دەکەم چەند چیرۆک و یادنامەیەک بڵاو بکەمەوە کە سوود و چێژیان بۆ خوێنەر هەبێت. لە زمانناسییدا ئامانجم ئەوەیە زمانی کوردی بەرەو ستانداردبوون و پەرەپێدان ببەم و لە مەترسیی کوشتنی ڕزگار بکەم. هەر بۆ ئەو مەبەستەش بوو کە دەزگای بوولێڵم دامەزراند و کۆنەخشەکەیم نووسییەوە.

دەتوانیت کەمێک باسی دەزگای بوولێڵمان بۆ بکەیت؟

بۆچی لە ئایندەدا لە ماڵپەڕەکەمدا بە تێروتەسەلی لەسەری نەنووسم و ئەو کاتە هەمووی بخوێنیتەوە؟ چونکە قسەکردن لەسەر بوولێڵ (دەزگای فەرهەنگی نیشتمانی) خۆی چاوپێکەوتنێکی تری دەوێت.

ئامۆژگاریی خەڵکانی تر دەکەیت ببن بە موزیککار؟

ئامۆژگارییان دەکەم کەمێک شارەزایی لە موزیکدا پەیدا بکەن: بزانن موزیک چییە، چۆن هاتووە و چۆن گەشەی کردووە و هەندێ زانیاریی گشتییان هەبێت. هەروەها هەندێک جۆری جیاوازی موزیک بۆ گوێگرتن تاقی بکەنەوە. دەنا تۆ چوزانیت حەزت لە ڕۆبیانە ئەگەر هەرگیز ڕۆبیانت نەخواردبێت؟مرۆڤ کە زۆرتر دەبینێت و دەبیستێت هەلی هەڵبژاردنی زیاتر و باشتری بۆ دەڕەخسێت.

بەڵام سەبارەت بەوەی خەڵکان ببن بە موزیککار، ئەوە تەنها بۆ ئەو کەسانە باشە کە بە ڕاستی خولیایان بۆ موزیک هەیە و تێیدا باشن و دەتوانن بەردەوام بن و بەرگەی هەوراز و نشێویی موزیک بگرن. ئەگینا ئەگەر بۆ ناوبانگ و سامان و کەشوفشەکەی موزیک بێت ئەوا باش نییە خەریک بیت. بە تایبەتیش لە کوردستاندا خەریکە دەکرێت بە پیشەی سواڵکەر! ئەویش لەبەر نەبوونی ستراتیژییەکی چاندی و ژیاریی دەسەڵاتی کوردی.

ئەگەر بتوانیت پیشەیەکی تر بۆ ڕۆژێک تاقی بکەیتەوە، حەز دەکەیت چ پیشەیەک بێت؟

دروستکردنی شەراب. هەوڵیشم داوە فێر ببم، بەڵام لەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆمدا ناکرێت و شەرابسازییش کاری ڕۆژێک نییە.

ئەگەر بتوانیت لێهاتووییەکی تر بە باشی فێر ببیت، چی دەبێت؟

ئەو بوارانەی پێویستم بێت فێریان بم، فێریان بووم! ڕەنگە لێهاتووییەکی تر لە نێوان بیرکاری یان بەرنامەکاریی کۆمپیوتەر یان گەردوونزانی بێت. بە ڕاستی نازانم. ڕەنگە بیرکارییەکە هەڵببژێرم. لە ڕاستیدا چەند پەڕتووکێکی فێرکاریی بیرکاریم لە خۆم کۆ کردووەتەوە، هەر کەمێک دەستم بەتاڵ بێت خوویان دەدەمەوە.

سەبارەت بە تێڕوانین

بە دینەوە پەیوەستیت؟

بە هیچ شێوەیەک، نەخێر.

پێت وایە هیچ جۆرە ژیانێک دوای مەرگ هەیە؟

هیچ شتێک لەو بارەیەوە نازانم. باوەڕم بە هیچ کامێکیش لە ئەفسانە هەڵبەستراوەکان نییە. دەبێت مرۆڤ فێر ببێت ڕێز لە نەزانین بگرێت. ئێستا ئەوە نازانین، کە زانیمان قسەی لەسەر دەکەین، بەڵام نازانم. گوێ لە هیچ کەسێکیش ناگرم کە وا خۆی پیشان دەدات زۆر چاکی لێ دەزانێت، ئیتر بە هەر پاساوێک بێت.

پێت وایە مرۆڤ دەتوانێت چارەنووسی خۆی دیاری بکات؟

بەڵێ. ئەوەی پەیوەندیی بە گەردوونەوە هەیە لەم ڕۆژگارەی ئەمڕۆماندا ڕکێف ناکرێن. بەڵام ڕەنگە ڕۆژێک بێت مرۆڤ بتوانێت ڕکێف بکات، یان زیاتر بزانێت. مرۆڤ تا پلەیەکی بەرچاو و زۆر، ئەوەندەی پەیوەندیی بە خۆیەوە هەیە وەک تاک، دەتوانێت چارەنووسی خۆی دیاری بکات، یان هیچ نەبێت ئاراستەی بکات، مەرج نییە بگاتە ئەنجامەکە، بەڵام هەوڵدان بۆ ئەنجام گرنگە.

پێت وایە ئەشکەنجە سوودی هەبێت؟ ئەگەر بەڵێ بۆچی؟ ئەگەر نەخێر بۆچی؟

نازانم، باوەڕ ناکەم ئەشکەنجە سوودی هەبێت. لەو باوەڕەدام خودی خۆم لە ژێر ئەشکەنجەدا ددان بە هەموو تاوانێکدا بنێم کە نەمکردووە. نازانم تا ئێستا نەکەوتوومەتە باری واوە تا زانیاریم لەسەری هەبێت.

کەسێکی بێتاوان دەکوژیت ئەگەر بیر بکەیتەوە کە لەوانەیە دوانزە کەسی تر ڕزگار بکەیت؟

هەست دەکەم ئەم پرسیارەت لە ئینتەرنێتەوە هێناوە. بیرم لەو شتە نەکردووەتەوە و نەشکەوتوومەتە باری واوە تا ناچارم بکات بیر بکەمەوە. پێم وا بێت کەس ناکوژم، چونکە چۆن بزانم کە ئەو کوشتنە ئەو دوانزە کەسە ڕزگار دەکات؟ ئەی ئەگەر دوانزە کەسەکەی ڕزگار نەکرد چی؟ ناتوانم پێش ڕووداو بکەوم. نازانم.

چۆن دەڕوانیتە بیرکردنەوەی خەڵک لە تۆ؟

ئەوە کاتکوشتنە. یەک چرکەم بۆ بیرکردنەوەی خەڵک لە من نییە. من بیر لە خەڵک ناکەمەوە. تەنها تەمەنی خۆمم پێ دراوە نەک هی خەڵک.


ئەم دیمانەیە لە ساڵی ٢٠١٩دا ساز دراوە. لە ٨ی ئاداری ٢٠٢٥دا خوێندمەوە و پیایدا چوومەوە. ئێستانان بڕێک لە تێڕوانین و بیروبۆچوونم گۆڕاوە و ڕەنگە بە هەمان شێوە وەڵامی هەمان پرسیار نەدەمەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button