تاگ: ڕیچارد ڤاگنەر

  • زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان

    زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان

    زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان[1]

    زنجیرەکە

    زنجیرەیەک ئۆپێرایە، بە دیاریکراوی چوار ئۆپێران، ڕیچارد ڤاگنەر دایناون. یەکەمیان ناوی زێڕەکەی ڕاینە؛ دووەمیان ناوی ڤاڵکیرییەکەیە؛ سێیەمیان ناوی زیگفریدە؛ چوارەمیان ناوی بوولێڵی خوداکانە. بە کۆی هەر چوار ئۆپێراکە دەوترێ زنجیرە ئۆپێرای موستیلەكەی نیبێلونگەكان – Der Ring des Nibelungen.

    وەك هەموو ئۆپێراكانی تری ڤاگنەر، خۆی ئۆپێرانامەکەی نووسیوە و لە ساڵی ١٨٤٨ەوە دەستی كردووە بە نووسینیان. هەرچەندە تەواوی زنجیرەكە لە ساڵی ١٨٧٤دا تەواو بووە، بەڵام لەو ساڵانەشدا جیابەجیا نمایش كراون. چیرۆكە سەرەكییەكە لە ئەفسانەكانی نۆرنەوە وەرگیراوه. ڤاگنەر لە سەرەتادا دەیویست ئۆپێرایەك بە ناوی مردنی زیگفریدەوە‌ بنووسێ، بەڵام پاش درككردن بەوەی لە پشت مردنی زیگفریدە‌وە هەندێ چیرۆك هەن كە پێویستە بگێڕرێنەوە، ئەوكات ویستی ئۆپێرایەكی تر بنووسێ بە ناوی گەنجێتیی زیگفریدەوە، بەڵام پاشان بیرۆكەكە فراوانتر بوو بەوەی ئەم زنجیرەیە بنووسێ. هەرچەندە بە ڕای ڤاگنەر خۆی و هەندێ لە ڕەخنەگران ئەم زنجیرەیە سیانینەیە نەك چوارینە، واتە لە سێ ئۆپێرا پێکدێن، نەک چوار! چونكە زێڕەکەی ڕاین بە «پێشباس» دەزانن نەك بە ئۆپێرایەكی سەربەخۆ. تەنانەت دەتوانی زێڕەکەی ڕاین بخوێنیتەوە و ببینی کە ڤاگنەر پەردەڕێژی بۆ ئەم بەشەی زنجیرەكەی نەكردووە، بەڵکو تەنها لە چوار دیمەن پێكدێ.

    ڤاگنەر لە كۆتایی ساڵی ١٨٤٠ەکانەوە دەستی كرد بە نووسینی ئۆپێرانامەی زنجیرەكە و موزیكی زێڕەکەی ڕاینی لە ساڵانی ١٨٥٣-١٨٥٤دا نووسیوه. ڤاڵكیرییەكەی لە ساڵانی ١٨٥٤-١٨٥٦دا نووسیوە و لە یەك دوو ساڵی دواییشدا بەشێكی لە زیگفرید نووسییەوە، بەڵام دەستی هەڵگرت لە نووسینی. پاشان لە ساڵانی ١٨٦٩-١٨٧٤دا زیگفریدیشی تەواو كرد و دواهەمین ئۆپێرای زنجیرەکەش، کە بوولێڵی خوداكانە، تەواوی کرد.

    زێڕەکەی ڕاین یەكەم جار بە تەنیا لە ساڵی ١٨٦٩دا لە شاری میونیش نمایش كرا، ڤاڵكیرییەكە یەكەم جار لە ساڵی ١٨٧٠دا لە هەمان شار نمایش كرا، لە ساڵی ١٨٧٦یشدا هەموو زنجیرەكە پێكەوە لە شاری بایریوت لە ئەڵەمانیا نمایش كران.

    کەسێتییەکان

    خوداكان

    ناو ڕۆڵ چینی دەنگ
    ڤۆتان پاشای خوداكان، خودای ڕوناكی و هەوا و با باس-باڕیتۆن
    فریكا ژنی ڤۆتان، خوداوەندی هاوسەرگیری میتزۆ سۆپرانۆ
    فرەیا خوشكی فریكا، خوداوەندی خۆشەویستی و گەنجی و جوانی سۆپرانۆ
    دۆنەر برای فریكا، خودای هەورەتریشقە باڕیتۆن
    فرۆهـ برای فریكا، خودای بەهار و دڵخۆشی تینۆر
    ئێردا خوداوەندی دانایی و زەوی كۆنتراڵتۆ
    لۆگە نیوە خودا و نیوە مرۆڤ، خودای ئاگر تینۆر

    مرۆڤەكان

    ناو ڕۆڵ چینی دەنگ
    زیگموند باوكی زیگفرید تینۆر
    زیگلیندە دووانەخوشكی زیگموند سۆپرانۆ
    زیگفرید كوڕی زیگموند و زیگلیندە تینۆر
    هوندینگ مێردی زیگلیندە، سەرۆکی هۆزی نیدینگەكان باس
    گونتەر پاشای گیبیشونگەكان، كوڕی شا گیبیشونگ و شاژنە گریمهیلدە باڕیتۆن
    گوترون خوشكی گونتەر سۆپرانۆ
    هاگن نیوەبرای گونتەر و گوترون، كوڕی ئالبەریش و شاژنە گریمهیلدە باس

    ڤاڵكیرییەكان، كچانی ڤۆتان

    ناو ڕۆڵ چینی دەنگ
    برونهیلدە ڤاڵكیری سۆپرانۆ
    ڤالتراوت ڤاڵكیری میتزۆ سۆپرانۆ
    هێلمڤیگە ڤاڵكیری سۆپرانۆ
    گێرهیلدە ڤاڵكیری سۆپرانۆ
    زیگرون ڤاڵكیری میتزۆ سۆپرانۆ
    شڤێرتلایت ڤاڵكیری میتزۆ سۆپرانۆ
    ئۆرتلیندە ڤاڵكیری سۆپرانۆ
    گریمگێردە ڤاڵكیری میتزۆ سۆپرانۆ
    ڕۆسڤایزە ڤاڵكیری میتزۆ سۆپرانۆ

    كچانی ڕاین

    ناو ڕۆڵ چینی دەنگ
    ڤوگلیندە كچی ڕوباری ڕاین سۆپرانۆ
    ڤێلگوندە كچی ڕوباری ڕاین سۆپرانۆ یان میتزۆ سۆپرانۆ
    فلۆسهیلدە كچی ڕوباری ڕاین میتزۆ سۆپرانۆ

    زەبەلاحەكان

    ناو ڕۆڵ چینی دەنگ
    فازۆلت پیاوێكی زەبەلاح باس باڕیتۆن
    فافنەر پیاوێكی زەبەلاح، برای فازۆلت، دواتر دەبێتە ئەژدیها باس

    نیبێلونگەكان

    ناو ڕۆڵ چینی دەنگ
    ئالبەریش قەزەم باڕیتۆن
    میمێ برای ئالبەریش تینۆر

    کەسێتیی تر

    ناو ڕۆڵ چینی دەنگ
    باڵندەیەكی تەختەیی تەنها دەنگی دەبیسترێ سۆپرانۆ

    ئۆپێرای یەکەم: زێڕەکەی ڕاین

    ئۆپێرای دووەم: ڤاڵکیرییەکە

    ئۆپێرای سێیەم: زیگفرید

    ئۆپێرای چوارەم: بوولێڵی خوداکان


    [1] ساڵی ٢٠١٠ داوام لە  برایەکم کرد هەندێ دی ڤی دیی ئۆپێراکانی ڤاگنەرم بۆ بنێرێ، ئەویش لە کۆتایی هاوینی هەمان ساڵدا تانهاوزەر و تریستان و ئیزۆلدە و چوارینەکەی موستیلەکەی بۆم نارد. ئێجگار دڵم بە چوارینەکە خۆش بوو، لە ٧ی ئەیلوولی ٢٠١٠دا دەستم کرد بەوەی پوختەیەکی لەسەر بنووسم، بەڵام دواتر لە زانکۆ داوامان لێ کرا هەریەکێکمان ڕاپۆرتێک، بە دڵی خۆمان لەسەر بابەتێک، کە خۆمان ئارەزوومان لێی بێ، بنووسین. منیش هیچی باشترم لە چوارینەکەی موستیلەکە نەدۆزییەوە، چونکە ئەو ماوەیە ئێجگار زۆر لەژێر کاریگەریی ڤاگنەردا بووم. لە ٦ی نیسانی ٢٠١١دا تەواوم کرد و هەر بە سەرپەرشتیی مامۆستایەکمان پێشکەشی کۆلێژەکەمم کرد و لە وانەیەکیشدا پێشکەشم کرد. دواتر بە یارمەتیی کاک هەرێم عوسمان، کە هەر لەگەڵ خۆمدا خوێندکار بوو، بە سێ بەش لە ژمارەکانی ٤٦ و ٤٧ و ٤٩ی گۆڤاری هزر و هونەردا بڵاو کرانەوە. لە ڕێکەوتی ٥-٧ی ئاداری ٢٠٢٠دا پێداچوونەوەیەکی ئاساییم بۆی کردووە و لە ماڵپەڕەکەشم بڵاوم کردەوە. لە ڕێکەوتی ١٨ی ئاداری ٢٠٢١ و دواتر لە ٢٣ ٢ ٢٤ی ئەیلوولی هەمان ساڵدا پێداچوونەوەیەکی ترم بۆیان کردەوە.

  • ڕیچارد ڤاگنه‌ر

    ڕیچارد ڤاگنه‌ر

    ژینکارنامیلکەی ڕیچارد ڤاگنه‌ر1

    ڤیلهێلم ڕیچارد ڤاگنەر ساڵی ١٨١٣ لە شاری لایپتزیگ لە ئەڵەمانیا لە دایک بووە. شەش مانگ دوای لەدایکبوونی باوکی مردووە. پاش ساڵێک دایکی شووی بە هاوڕێیەکی مێردەکەی کردووەتەوە، کە ناوی لودڤیگ گایەر بووە.

    لودڤیگ ئەکتەر و شانۆنووس بووە. ڤاگنەر هەر زوو لە ڕێی لودڤیگەوە حەزی لە شانۆ بووە و ئەویش جارجار لە شانۆکانیدا ڕۆڵی پێی بەخشیوە. لە تەمەنی هەشت ساڵیی ڤاگنەردا لودڤیگیش مردووە. برایەکی لودڤیگ پارەی خوێندنی موزیکی بۆ ڤاگنەر دابین کردووە و هەر لە گەنجییەوە وانەی موزیکدانانی خوێندووە.

    لە گەنجێتیدا زۆر بە موزیکەکانی بێتهۆڤن سەرسام بووە. تەنانەت کورتەچیرۆکێکی بە ناونیشانی زیارەتێک بەرەو بێتهۆڤن نووسیوە. لەم پەڕتووکەدا باس لە گەشتی زیارەتئاسای گەنجێک دەکات بەرەو لای بێتهۆڤن. وا دیارە گەنجەکە خۆیەتی و بە پێ دەڕوات بۆ بینینی ئەو کەڵەهونەرمەندە بۆ ئەوەی لە دواساتەکانی ژیانیدا بیبینێت. دوای گەشتێکی درێژ دەیگاتێ و دەیبینێت.

    لە تەمەنی بیست ساڵاندا یەکەم ئۆپێرای تەواوکراوی خۆی بە ناونیشانی پەرییەکان Die feen نووسیوە. ئۆپێرای پەرییەکان تا دوای مردنیشی نمایش نەکراوە.

    دواتر ڤاگنەر کراوە بە بەڕێوەبەری موزیکیی خانەی ئۆپێرای شاری ماگدیبورگ. لەم کاتانەدا ئۆپێرای قەدەغەکردنی ئەوین Das Liebesverbotی نووسیوە.

    ساڵی ١٨٣٦ کچێکی خواستووە بە ناوی مینا پلانەر، کە خانمە ئەکتەرێک بووە.

    پاشان ئۆپێراکانی هۆڵلاندییە فڕیوەکە Der fliegende Holländer و ڕەینتزی Rienzi و تەنهاوسەر Tannhäuserی نووسیوە.

    بە هۆی چالاکیی وارگێڕییەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە. بە ناچاری خۆی دەرباز کردووە و چووە بۆ شاری پاریس.

    دواتر ئۆپێراکانی لۆهەنگرین Lohengrin و تریستان و ئیزۆلدە Tristan und Isolde و گەورە گۆرانیبێژانی نورنبێرگ Die Meistersinger von Nürnbergی نووسیوە.

    دواتر شا لودڤیگی دووەمی باڤاریا لە شاری میونشن پشتیوانیی دارایی دەکات، بەڵام دوای دوو ساڵ شا ناچار دەکرێت داوای لێ بکات میونشن بە جێ بهێڵێت.

    لەگەڵ فڕانز لیست بوونەتە هاوڕێ. فڕانز لیست موزیکدانەر و پیانۆژەنێکی مەزنی هەنگاری بووە و لە موزیکی کلاسیکی ڕۆژئاواییدا ناوێکی درەوشاوەی هەیە.

    ڤاگنەر ساڵی ١٨٦٢ لە ژنی یەکەمی جیا بووەتەوە و کۆزیما-ی کچی فڕانز لیستی خواستووە. کۆزیما بیست و چوار ساڵ لە خۆی منداڵتر بووە. پێشتر کۆزیما ژنی هانس ڤان بیولۆ بووە. ڤان بیولۆ مایسترۆیەکی بەناوبانگی ئەڵمانی بووە. ڤاگنەر و کۆزیما دوو کچ و کوڕێکیان بە ناوەکانی ئیزۆلدە، ئێڤا، زیگفرید بووە.

    ساڵی ١٨٧٤ زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکانی تەواو کردووە. پاشان دواهەمین ئۆپێرای بە ناونیشانی پارسیفال Parsifal نووسیوە. ساڵی ١٨٨٣ مردووە.


    1. ١٧ی نیسانی ٢٠١١ نووسیومە. لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢١ و ١٦ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ئەم ڕاپۆرتە و چەند ڕاپۆرتێکی تر لەسەر زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان، هەموویان پێکەوە ڕاپۆرتێک بوون و لە کاتی خوێندکاریمدا لە زانکۆی سلێمانی بۆ مەبەستی مەشق لەسەر نووسینی ڕاپۆرت نووسیومن و پێشکەشی کۆلێژەکەمم کردوون. لە پێداچوونەوەی ١٦ی ئاداری ٢٠٢٥دا وشەی «ژینکارنامیلکە»م داڕشت. ↩︎