ئۆدیسێفس

ئۆدیسێفس1

ناوە جۆراوجۆرەکانی ئۆدیسێفس و ئولیس

ئۆدیسێفس (یان: یولیسێز، یولیسیز، یولیسێس، یولیسیس، یولیکس، یولیکسێس، یولیکسیز، یولیکسیس، ئالیس، ئالیسز، ئولیسێز، ئولیکسێس، ئۆدیسیۆس، ئۆلیتێفس، ئۆلیتێوس، ئۆلیتیۆس، ئۆلیسێفس، ئۆلیسێوس، ئۆلیسیۆس، ئۆدیس، ئۆلیس، ئولیکسیس، ئولیسیس، ئودوسێوس، ئولوسێوس، ئولیکس، ئۆلیکس، ئولیس، ئۆدیسێوس، ئۆدیسێیس)، بە ئینگلی Odysseus، Odyseus، Ulysses، Ulixes.

ناوی ئولیس و گۆڕاوە جۆراوجۆرەکانی (یولیسێز، یولیسیز، یولیسێس، یولیسیس، یولیکس…) زیاتر لاتینین، بەڵام ناوی ئۆدیسێفس و گۆڕاوەکانی زیاتر گریکین. واتە ئولیسی لاتینی هەمان ئۆدیسێفسی گریکییە.

ئۆدیسێفس یەکێکە لە پاڵەوانە سەرەکییەکانی گریک لە جەنگی ترۆیادا.

بنەچە و خێزانی ئۆدیسێفس

هۆمیرۆس دەڵێت: کوڕەزای ئارکیسیۆس و کوڕی لایەرتیس و ئەنتیکلیا (ئەنتیکلیا: بێناو)ی کچی ئافتۆلیکۆس بووە. برای کتیمێنی بووە. مێردی پینێلۆپیا-ی کچی ئیکاریۆس بووە. لە پینێلۆپیا کوڕێکی هەبووە بە ناوی تیلێماخۆس. دەشڵێت ناوی ئۆدیسێفس بە واتای تووڕە دێت.

گێڕانەوەیەکی دواتر هەیە دەڵێت: ئۆدیسێفس کوڕی سیسیفۆس و ئەنتیکلیا بووە. کە ئەنتیکلیا لە سیسیفۆس دووگیان بووە، ئینجا شووی بە لایەرتیس کردووە. یان دوای ئەوەی گەیشتووە بە ئیتاکی، ئینجا ئەوی بووە، یان کە بە ڕێوە بووە بەرەو ئەوێ.

گێڕانەوەی دواتریش هەیە دەڵێت ئۆدیسێفس لە پینێلۆپیا جگە لە تیلێماخۆس، بووەتە باوکی ئارکێسیلاوس یان پۆلیپۆرثی. لە کیرکی-ش بووەتە باوکی ئاگریۆس (کێوی) و لاتینۆس و تیلێگۆنۆس (دوورەزاو: ئەوەی لە دوور زاوە، یان لە دایک بووە) و کاسیفۆنی (براکوژ) بووە. لە کالیپسۆ-ش باوکی نافسیثۆس و نافسینۆس، یان ئافسۆن و تیلێگۆنۆس و تیلێداموس بووە. لە ئێڤیپی-ش (ئێڤیپی: جوانەمایین) باوکی لیۆنتۆفرۆن و دۆریکلۆس یان ئێڤریالۆس بووە.

گێڕانەوەیەکی ئیتالی هەیە دەڵێت ئۆدیسێفس لە کیرکی باوکی ڕۆمۆس (یان ڕێموس: برای ڕۆمولوس، کە شاری ڕۆمای بونیاد ناوە) و ئانتیاس و ئاردیاس بووە.

گێڕانەوەیەک هەیە دەڵێت گوایە تیرێنییەکان بە نانوس بانگیان کردووە.

مێرمنداڵیی ئۆدیسێفس

کە ئۆدیسێفس مێرمنداڵ بووە، چووەتە لای ئافتۆلیکۆس-ی باپیری، واتە باوکی دایکی. لە نزیک بناری شاخی پارناسۆس خەریکی ڕاو بووە. بەڵام ورچێک پەلاماری داوە و ئەژنۆی بریندار کردووە. دواتر ئێڤریکلیا-ی کۆنەدایەنیشی هەر بەم جێزامەدا ناسیویەتیەوە.

بە سامان و دیاریی زۆرەوە لە کۆشکەکەی باپیریەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئیتاکی. هەر لەو تەمەنە کەمەوە بە ئازایەتی و زانیاریی گەڕیدەیی و دەریاوانی و ڕەوانبێژی و توانای دانوستان ناسراوە.

توانای دانوستان

جارێک مێسینییەکان هەندێک مەڕیان لە ئیتاکی دزیوە. لایەرتیس-ی باوکی ناردوویە بۆ مێسینی تا داوای قەرەبوویان لێ بکاتەوە. لەوێ ئیفیتۆس-ی دیوە و ئەویش بە دوای ئەو ئەسپانەدا گەڕاوە کە لێی دزراون. ئیفیتۆس تیروکەوانە بەناوبانگەکەی ئێڤریتۆس-ی پێ داوە. ئۆدیسێفس تەنها لە ئیتاکی ئەم تیروکەوانەی بە کار هێناوە، چون پێی وا بووە گەنجینەیەکی زۆر لەوە بەنرخترە کە لە مەیدانی جەنگدا بە کار بێت. تیروکەوانەکە ئەوەندەش توند و قورس بووە کە ئەو کاتەی لە گەشتی گەڕانەوەکەیدا بووە، هیچ کامێک لە خوازبێنیکەرانی پینێلۆپیا نەیانتوانیوە هەڵیبگرن. چونکە دوای جەنگی ترۆیا، دە ساڵ بە ڕێی گەڕانەوەوە بووە و زۆربەی خەڵکی شارەکەی وایان زانیوە مردووە، بۆیە پەنجا خوازبێنکیەر چوونەتە داوای پینێلۆپیا و لە ماڵەکەی ئەودا ڕایانبواردووە.

جارێک چووە بۆ ئێفیرا (یان ثێسپرۆتی) بۆ لای ئیلۆسی کوڕی مەرمەرۆس، داوای ژەهری لێ کردووە بۆ نووکی تیرەکەی. بەڵام ئیلۆس پێی نەداوە. دواتر ئۆدیسێفس لە ئەنخیالۆس-ی تافۆس پەیدای کردووە.

خوازبێنیی ئێلێن

بە گوێرەی چەند گێڕانەوەیەک ئۆدیسێفس لە گەنجیدا چووە بۆ سپارتا بۆ خوازبێنیی ئێلێن (هێلێن). ئێلێن چەند خوازبێنیکەرێکی تریشی هەبووە. ئامۆژگاریی تینداریۆس-ی شای سپارتای کردووە خوازبێنیکەرەکان ناچار بکات بەڵێن بدەن بە هەموویان بەرگری لە زاوای هەڵبژێرراو بکەن و نەهێڵن لەسەر ئێلێن بێڕێزیی پێ بکرێت. تینداریۆس بۆ ئەوەی سوپاسگوزاریی خۆیی پیشان بدات، داوای لە ئیکاریۆس-ی برای کردووە پینێلۆپیای کچی بدات بە ئەو و ببێت بە ژنی.

بەڵام بە گوێرەی گێڕانەوەیەکی تر ئۆدیسێفس لە کێبەرکێیەکی ڕاکردندا بەسەر ڕکابەرەکانیدا زاڵ بووە و بەوە پینێلۆپیای بە دەست هێناوە، بەڵام هۆمیرۆس باسی هیچ لەمانە ناکات.

ئامادەکردن بۆ جەنگی ترۆیا

ئاگامێمنۆن

هۆمیرۆس دەڵێت ئاگامێمنۆن لە ئیتاکی سەردانی ئۆدیسێفسی کردووە. زۆر بە قورسی دایکەفاندووە (قایلی کردووە) پێشڕەویی گریکەکان بکات بۆ جەنگ لە دژی ترۆیا. گێڕانەوەی تر هەیە دەڵێت مێنێلاوس و ئاگامێمنۆن هاتوون بۆ لای. پالامیدیس-یش بە تایبەتتر وای لێ کردووە بچێتە نێو سوپای گریکەکانەوە.

پالامیدیس

کە پالامیدیس هاتووە بۆ ئیتاکی، ئۆدیسێفس وا خۆی پیشان داوە کە شێتە، کەرێک و گایەکی لە نیرە داوە بۆ ئەوەی جووت بکەن، ئینجا کەوتووەتە چاندنی خوێ. پالامیدیسیش بۆ ئەوەی تاقیی بکاتەوە، تیلێماخۆسی ساوای خستووەتە بەردەم جووتەکە، ئۆدیسێفس چیتر نەیتوانیوە خۆی شێت پیشان بدات، خێرا جووتەکەی وەستاندووە. ناچار بووە ئەو بەڵێنە بە جێ بهێنێت کە لە کاتی خوازبێنیی ئێلێندا دابووی. دەوترێت گوایە لەبەر ئەم ڕووداوە بووە کە ڕقی لە پالامیدیس بووە.

ئەخیلیفس

کە وازی لە نمایشی شێتێتی هێناوە بڕیاری داوە ئەخیلیفس بدۆزێتەوە، چونکە کالخاس پێشگۆیی ئەوەی کردبوو کە ترۆیا بێ یارمەتیی ئەخیلیفس ناکەوێت. ئەو کاتە ئەخیلیفس لە نێو کچەکانی شا لیکۆمیدیس-دا خۆی شاردبووەوە.

دوایین هەوڵی ئاشتی

ئۆدیسێفس و مێنێلاوس (لە گێڕانەوەیەکی تردا پالامیدیسیش) پێش هەڵگیرسانی جەنگی ترۆیا چوون بۆ ترۆیا تا ترۆییەکان دابکەفێنن ئێلێن و گەنجینەکانی بگەڕێننەوە. لە ترۆیا پێشوازییەکی شایستەیان لێ کراوە، بەڵام پاریس ئێلێنی نەداونەتەوە.

جەنگی ترۆیا

کە گریکەکان لە بەندەری ئاڤلیس کۆ بوونەتەوە، ئۆدیسێفس بە دوانزە کەشتییەوە پەیوەندیی پێیانەوە کردووە. ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون خەڵکی کێفالۆنیا، ئیتاکی، نیریتۆس، کرۆکیلیۆن، زاکینثۆس، سامۆس و کەناری ئیپیرۆس بوون.

کە ئاگامێمنۆن ئامادە نەبووە ئیفیگێنیا بکاتە قوربانیی ئارتەمیس و گریکەکانیش لە تەنگانەدا بوون، ئۆدیسێفس خۆی وا پیشان داوە تووڕەیە و هەڕەشەی گەڕانەوەی کردووە بۆ زێدی خۆی. بەڵام چووە بۆ میکینی و بە چەند دەهۆیەک کلیتێمنیسترای هان داوە ئیفیگێنیا بۆ ئاڤلیس بنێرێت. لە کاتی گەشتەکەی بۆ ترۆیا چووە بۆ لێسڤۆس و لەگەڵ فیلۆمیلیدیس-ی شای دوورگەکە جەنگاوە و بەزاندوویەتی. لە گێڕانەوەیەکی تردا ئۆدیسێفس و دیۆمیدیس بە پیلان کوشتوویانە.

لە کاتی گەمارۆی ترۆیادا خۆی وەک جەنگاوەرێکی ئازا و بەجەرگ سەلماندووە. زیاتریش وەک سیخوڕێکی زۆرزان و دانوستانکارێکی ڕەوانبێژ و دووربین خۆی سەلماندووە. ئۆدیسێفس لە زۆر بەسەرهاتی جیاجیادا بەم توانایانەی خزمەتی گەورەی گریکەکانی کردووە. لە جەنگەکەشدا زۆر ترۆیایی ناوداری کوشتووە.

ئۆدیسێفس و ئایاسی تێلامۆنی دوای مەرگی ئەخیلیفس کەوتنە کێبەرکێ بۆ بەدەستهێنانی زرێکەی ئەخیلیفس. لە کۆتاییدا ئۆدیسێفس بە دەستی هێنا.

دەوترێت هەر ئەو بووە کە نەخشەی ئەسپە دارینەکەی داناوە. خۆیشی یەکێک بووە لەو پاڵەوانانەی لە نێویدا خۆی شاردووەتەوە. ئەو و مێنێلاوس یەکەم دوو کەس بوون کە لە ئەسپەکە دەرچوون و بەرەو ماڵی دییفۆڤۆس چوون و کوشتوویانە.

گوایە یەکێک بووە لەوانەی پالادیۆن-ی هەڵگرتووە. پالادیۆن پەیکەرێکی دارینی دێرینی پالاس ئەثینا بووە، گوایە پارێزراویی ترۆیا و ڕۆما لەسەر ئەو پەیکەرە بەند بووە.

ئۆدیسە (ئۆدیسی)

بەشی هەرە باسکراوی چیرۆکی ژیانی ئۆدیسێفس سەربوردەکانی وێڵیی دوای وێرانکردنی ترۆیا و گەیشتنەوەی بە زێدی خۆی بوون. هۆمیرۆس ئەم چیرۆکەی گێڕاوەتەوە و بە ناوی خۆیەوە ناوی لێ نراوە ئۆدیسە Odyssey.

دوای گرتنی ترۆیا، بەشێک لە گریکەکان گەڕاونەتەوە، بەشێکیشیان لەگەڵ ئاگامێمنۆن لە پشت کەناری ترۆیا ماونەتەوە. ئۆدیسێفس سەرەتا لەگەڵ ئەوانەدا بووە کە ڕۆیشتوون، بەڵام تا تێنێدۆس ڕۆیشتووە و گەڕاوەتەوە لای ئاگامێمنۆن. دوای ئەوە دیسان بەرەو زێدی خۆی گەڕاوەتەوە.

لە وڵاتی کیکۆنەکان

تۆفان ڕێی گەڕانەوەی لێ گرتووە و هاویشتوویەتیە کەناری ئیسمارۆس لە تراکیا، کە شارۆچکەی کیکۆن-ەکان بووە و لە باکووری دوورگەی لیمنۆس بووە. ئۆدیسێفس و هاوەڵەکانی خەڵکەکەیان کوشتووە و شارەکەیان تاڵان کردووە. بەڵام هاوەڵەکانی ئامادە نەبوون شارەکە بە جێ بهێڵن. کیکۆنەکانیش داوای یارمەتییان لە دراوسێکان کردووە و هاتوونەتەوە و پەلاماریان داون و زیانی زۆریان لێ داون و حەفتا و دوو کەسیان لە هاوەڵەکانی کوشتووە.

لە وڵاتی لۆتۆسخۆران

بای شەماڵ لە وڵاتی کیکۆنەکانەوە بەرەو مالێیا و لۆتۆفاگی-ی بردوون لەسەر کەناری لیبیا. لۆتۆفاگی واتە لۆتۆسخۆران.

هەندێک لە هاوەڵەکانی زۆر ئارەزووی تامی لۆتۆسیان کردووە، بە جۆرێک کە ویستوویانە هەر لەوێ بمێننەوە. بەڵام ئۆدیسێفس زۆری لێیان کردووە بگەڕێنەوە نێو کەشتییەکانیان و درێژە بە گەشتی گەڕانەوەکەیان بدەن.

بە ڕۆژێک گەیشتوونەتە دوورگەی بزن لە باکووری وڵاتی لۆتۆسخۆران. لەوێ یازدە کەشتیی بە جێ هێشتووە و بە کەشتییەک بەرەو دوورگەکەی تەنیشتی ڕۆیشتووە، کە دوورگەی کیکلۆپس-ەکان (تاکچاوەکان) بووە.

لە وڵاتی تاکچاوەکان (کیکلۆپسەکان)

وڵاتی تاکچاوەکان واتە وڵاتی کیکلۆپسەکان. ئەم وڵاتە لە کەناری ڕۆژئاوای سیسیلیا بووە. لەوێ خۆی و دوازدە دانە لە هاوەڵەکانی چوونەتە نێو ئەشکەوتی پۆلیفیمۆس-ی کیکلۆپس. پۆلیفیمۆس واتە فرەدەنگ، فرە بەناوبانگ، یان فرە بەستە و بەیت. پۆلیفیمۆس کوڕی پۆسیدۆن و ثۆسا بووە.

ئەم زەبەلاحە یەک بە یەک شەش دانەی لە هاوەڵەکانی خواردووە. ئۆدیسێفس و شەش هاوەڵەکەی تری وەک بەندی لە ئەشکەوتەکەدا هێشتووەتەوە. بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت، زەبەلاحەکەی بە شەراب سەرخۆش کردووە و بە ڕمێکی داخ تاکە چاوەکەی کوێر کردووە. پاشان لەگەڵ هاوەڵەکانیدا خۆیان لە ژێر لەشی کۆمەڵێک مەڕدا شاردووەتەوە. کە کیکلۆپسەکە ڕێی بەم مەڕانە داوە لە ئەشکەوتەکەی دەربچن، خۆی و شەش هاوەڵەکەشی ڕزگاریان بووە.

ئۆدیسێفس و هاوەڵەکانی هەندێک لەو مەڕانەش دەبەن و دەگەنەوە کەشتییەکەیان. کیکلۆپسەکە لە پۆسیدۆن-ی باوکی پاڕاوەتەوە تۆڵەی لێ بستێنێت. پۆسیدۆنیش، کە خوای دەریا و زەریایە، لەگەڵ ئەم پاڵەوانەدا دەکەوێتە دوژمنایەتییەکی ڕقئەستوورانەوە.

هەندێک گێڕەرەوەی تر پێیان وایە پۆسیدۆن لەسەر مەرگی پالامیدیس ڕقی لە ئۆدیسێفس هەڵستاوە.

لە وڵاتی ئیۆلیا

پاشان ئۆدیسێفس گەیشتووەتە دوورگەی ئیۆلیا. ڕەنگە ئەم دوورگەیە لە باشووری سیسیلیا بووبێت. ئیۆلۆس شا و بەڕێوەبەری ئەم دوورگەیە بووە. مانگێک لەوێ ماوەتەوە و گوایە کەوتووەتە ئەوینی پۆلیمێلا-ی کچی ئیۆلۆسەوە.

زێفس (زیۆس/زێوس) ئیۆلۆسی کردووە بە «پاسەوانی با»، بۆیە کە ئۆدیسێفس لای ئەو ڕۆیشتووە، ئیۆلۆس ھەموو با خراپەکانی لە توورەکەیەکدا گرتووە و داویەتی بە ئۆدیسێفس و ئەویش لە کەشتییەکەیدا ھەڵیگرتووە. بەڵام ھەر کە ئیتاکییان لێ دەرکەوتووە، لەسەر سوکانی کەشتییەکە وەنەوزی داوە، ھاوەڵەکانیشی گومانی ئەوەیان لێ کردووە کە لەوانەیە گەوھەرێکی زۆر بە نرخی لە توورەکەکەیدا شاردبێتەوە، بۆیە کردوویانەتەوە. باکان بەرەڵا بوون و کەشتییەکە گەڕاوەتەوە بۆ ئیۆلیا.

ئیۆلۆس ڕقی هەڵستاوە و ئیتر یارمەتیی نەداوە و دووری خستووەتەوە، بەو پاساوەی کە خوا پیرۆزەکان ڕقیان لە ئۆدیسێفسە.

لە وڵاتی لێستریگۆنییە مرۆڤخۆرەکان

پاش گەشتێکی شەش ڕۆژە لە ئیۆلیاوە گەیشتووەتە تیلێپیلۆس، شاری لامۆس. ئەنتیفاتیس شای ئەم وڵاتە بووە، خەڵکەکەشی پێیان وتراوە لێستریگۆنییە مرۆڤخۆرەکان. ڕەنگە ئەم شوێنە لە باكووری سیسیلیا بووبێت. ئۆدیسێفس بە تەنها یەک کەشتییەکەوە لێیان دەرباز بووە.

لە وڵاتی ئەیایا-ی کیرکی

ئینجا چارەنووس بردوویەتیە دوورگەی ئەیایا لە ڕۆژئاوا. ئەیایا دوورگەی کیرکی-ی جادووباز بووە. هەندێک لە هاوەڵەکانی ناردووە بۆ ئەوەی بزانن دوورگەکە چییە، بەڵام کیرکی کردوونی بە بەراز، تەنها ئێڤریلۆخۆس دەربازی بووە. ئەم هەواڵە ناخۆشەی بە ئۆدیسێفس گەیاندووە، ئەویش دەستوبرد بەرەو هاوکاریی هاوەڵەکانی ڕۆیشتووە. بەڵام ئێرمیس هاتووە بۆ لای و پێی وتووە بە چی و چۆن خۆی لە توانای جادووی کیرکی بپارێزێت. ئینجا توانیویە هاوڕێکانی ڕزگار بکات و وا بکات کیرکی دیسان بیانکاتەوە بە مرۆڤ.

ئینجا کیرکی زۆر میواندۆستانە میواندارییانی کردووە. ئۆدیسێفس لێی پاڕاوەتەوە بۆ ئەوەی ڕێی بدات بڕوات، کیرکیش ئامۆژگاریی کردووە سەرێک لە هادیس (جیهانی ژێرەوە) بدات و ڕاوێژ بە تاپۆی تیریسیاس-ی پێشبین بکات.

لە هادیس (جیهانی ژێرەوە)

ئۆدیسێفس بەرەو ڕۆژئاوا ڕۆیشتووە و بەسەر ڕووباری ئۆکیانۆس-دا پەڕیوەتەوە و گەیشتووەتە وڵاتی کیمێرییەکان لەوبەرەوە، کە هیلیۆس (خۆر) لەوێ هەڵنایەت. ئینجا گەیشتووەتە هادیس.

لە بارەی چۆنێتیی گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی ڕاوێژی بە تیریسیاس کردووە. تیریسیاس لەو مەترسی و سەختییانە ئاگاداری کردووەتەوە کە بە هۆی قینی پۆسیدۆنەوە تووشیان دێت. هیواشی پێی داوە کە ئەگەر ئۆدیسێفس و هاوەڵەکانی لە تریناکیا دەست لە گاگەلەکەی هیلیۆس نەدەن، ئەوا ئاکامیان باش دەکەوێتەوە.

هەر لە هادیس تاپۆکەی دایکیشی دەبینێت و لەگەڵی دەدوێت. ئەو کاتە نەیزانیبوو دایکی مردووە.

پاشان گەڕاوەتەوە بۆ ئەیایا و کیرکی دیسان میواندارییانی کردووە. ئاگاداری کردوونەتەوە لەو مەترسییانەی چاوەڕێیان دەکات و شێوازی خۆدەربازکردنی پێیان وتووە. بایەکی لەگەڵیان ناردووە و باکە بردوونی بۆ دوورگەی سیرین-ەکان.

بە لای سیرینەکاندا

وڵاتی سیرینەکان شوێنێکی نزیک ڕۆژئاوای ئیتالیا بووە. سیرینەکان لەسەر کەنارەکە دانیشتوون، بە دەنگە خۆشەکەیان هەموو ئەوانەیان بە لای خۆیاندا ڕاکێشاوە کە بە لایاندا تێپەڕیون، ئینجا لە ناویان بردوون. ئۆدیسێفس بۆ ئەوەی لەو مەترسییە ڕزگاری ببێت، مۆمی خستووەتە نێو گوێی هاوەڵەکانیەوە و خۆیشی بە دەگی کەشتییەکەیەوە گیر کردووە تا دوور دەکەوێتەوە و لە گۆرانیی فریودەری سیرینەکان ڕزگاری دەبێت.

بە نێوان سکیلا و کاریڤدیسدا

ئینجا کەشتییەکەی بە نێوان سکیلا و کاریڤدیسدا لێخوڕیوە. سکیلا و کاریڤدیس دوو گابەردی نێوان تریناکیا و ئیتالیا بوون. دێوێک لەسەر گابەردی سکیلا ژیاوە و هەر بە ناوی سکیلا ناسراوە.

کە کەشتییەکە بە نێوانیاندا تێپەڕیوە، سکیلای دێو هاتووەتە دەرەوە و شەش لە هاوەڵەکانی ئۆدیسێفسی خواردووە.

لە دوورگەکەی هیلیۆس (خۆر)

بە نێوان سکیلا و کاریڤدیسدا ڕزگاری بووە و لەوێوە چووە بۆ تریناکیا-ی دوورگەی هیلیۆس. هیلیۆس گاگەلە پیرۆزەکەی خۆی لەو دوورگەیە داناوە. ئامۆژگارییەکەی تیریسیاس و کیرکیی لە بیر بووە و ویستوویە بڕوات و خۆی لە گاگەلەکە بە دوور بگرێت، بەڵام هاوەڵەکانی ناچاریان کردووە کەشتییەکە ڕابگرێت و داببەزن. ئۆدیسێفس بەڵێنیان لێ وەردەگرێت دەست لە هیچ کامێک لە گاگەلەکە نەدەن. بەڵام بە هۆی تۆفانەوە لە دوورگەکە ماونەتەوە و برسییان بووە، بۆیە کاتێک دەنوێت، هاوەڵەکانی باشترین گاکانیان کوشتووە.

چەند ڕۆژێک پاش خۆشکردنەوەی تۆفانەکە کەوتوونەتەوە ڕێ. بەڵام تۆفانێکی تر هاتووە و زێفسیش بە هەورەتریشقەیەک کەشتییەکەیانی تێک شکاندووە. هەموویان خنکاون و تەنها ئۆدیسێفس ماوەتەوە. بە هۆی دەگ و تەختەیەکەوە خۆی ڕزگار کردووە. با بەرەو سکیلا و کاریڤدیس بردوویەتی، بەڵام بە لێزانیی خۆی خۆی لە مەترسییەکە دەرباز کردووە.

لە ئۆگیگیا-ی کالیپسۆ

پاش دە ڕۆژ گەیشتووەتە دوورگەی ئۆگیگیا. کالیپسۆ-ی نیمف لەم دوورگەیە ژیاوە و لەگەڵی میهرەبان بووە. خوازیار بووە بیخوازێت و بەڵێنی پێ داوە ئەگەر بە وێ دابکەفێت، ئەوا نەمری و گەنجیی تاتایی پێ دەبەخشێت و وا دەکات ئیتاکیی لە بیر بچێتەوە. بەڵام ئۆدیسێفس ناتوانێت تاسەی بۆ زێدی خۆی لە بیر بکات.

ئەثینا، کە هەمیشە ئەم پاڵەوانە دڵخوازەی خۆیی پاراستووە، لە زێفس پاڕاوەتەوە وا بکات وێڕای قینی پۆسیدۆن، ئۆدیسێفس بگەڕێتەوە دوورگەکەی خۆی و تۆڵە لە خوازبێنیکەرەکانی پینێلۆپیا بکاتەوە. زێفس ئێرمیسی بۆ لای کالیپسۆ ناردووە و فەرمانی زێفسی پێ ڕاگەیاندووە کە ڕێی پێ بدات بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی. نیمفەکەش گوێڕایەڵ بووە.

کالیپسۆ ئۆدیسێفسی فێر کردووە چۆن کەڵەکێک بۆ خۆی دروست بکات. پاش هەشت ساڵ پێکەوەبوونیان، بە سواری ئەو کەڵەکە دوورگەکەی بە جێ هێشتووە.

لە وڵاتی سخێریا

ئۆدیسێفس بە هەژدە ڕۆژ گەیشتووەتە نزیک سخێریا، کە دوورگەی فایاکیاییەکان بووە. پۆسیدۆن تۆفانێکی ناردووە و کەڵەکەکەی تێک شکاندووە. بە یارمەتیی لێفکۆثیا و ئەثینا، بە مەلە گەیشتووەتە سخێریا و بە شەکەتی لەسەر کەناری ئەوێ نووستووە.

پاشان بە دەنگی چەند کچێک ڕابووە، یەکێکیان نافسیکا-ی کچی شا ئەلکینۆس و ئاریتی-یە. نافسیکا ڕێی کۆشکەکەی باوکیی پیشان داوە. ئۆدیسێفسیش چووەتە کۆشکەکە و لەوێ ڕێزی لێ گیراوە و کردوویانە بە جەژن و ئاهەنگ.

بەزمگێڕێک بە ناوی دیمۆدۆکۆس لە بارەی کەوتنی ترۆیاوە گۆرانیی چڕیوە. ئەمە وای کردووە ئۆدیسێفس دەست بکات بە گریان. کە لێیان پرسیوە: «بۆچی دەگریێیت؟» تەواوی چیرۆکەکەی بۆیان گێڕاوەتەوە. فایاکیاییەکانیش ڕێزیان لێی گرتووە و بە کەشتییەک ناردوویانەتەوە بۆ زێدی خۆی و هەندێکیان لەگەڵیدا ڕۆیشتوون.

شەوێک کەشتییەکەیان گەیشتووەتە کەناری ئیتاکی، ئۆدیسێفس نووستووە، فایاکیاییەکان بە نووستوویی دایانگرتووە و خستوویانەتە سەر کەنارەکە و بە جێیان هێشتووە.

گەیشتنەوە بە ئیتاکی

ئەو کاتەی ئۆدیسێفس گەیشتووەتە سەر کەناری زێدی خۆی، بیست ساڵ بووە لە ئیتاکی دوور بووە: دە ساڵی جەنگی ترۆیا و دە ساڵی گەڕانەوە. بۆیە کە ڕابووە زێدەکەی خۆی نەناسیوەتەوە. ئەثینا لە هەوری پێچاوە بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە. کەوتووەتە شیوەن بۆ چارەنووسەکەی. ئەثینا پێی وتووە لە کوێیە و ئامۆژگاریی کردووە چۆن تۆڵە لە دوژمنەکانی نێو ماڵەکەی بکاتەوە.

ئەو ماوەیەی ئۆدیسێفس لە ماڵ نەبووە لایەرتیس-ی باوکی خەفەت و پیری کەفتەکاریان کردووە و دەربەدەر بووە. ئەنتیکلیا-ی دایکیشی لە داخدا مردووە. تیلێماخۆس-ی کوڕی گەورە بووە و بووە بە پیاو. پینێلۆپیای ژنیشی خوازبێنیی چەند خوازبێنیکەرێکی لاساری دوورگەکانی دراوسێیانی ڕەت کردووەتەوە. لە سێ ساڵی ڕابردووشدا زیاتر لە سەد خانەدانی خەڵکی ئیتاکی، سامی، دولیخیۆن، زاکینثۆس، هاتوونەتە خوازبێنیی پینێلۆپیا و وەک ماڵی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ هەموو شتەکانی ماڵەکەدا کردووە.

ئەثینا پێی باش بووە ئۆدیسێفس نەناسرێتەوە بۆ ئەوەی تۆڵە لەم پیاوە لاسارانە بکاتەوە، بۆیە دایگۆڕیوە بۆ پیاوێکی سواڵکەری ناشیرین و دزێو. ئێڤمەیۆس-ی شوانی بەرازیش، کە خزمەتکارێکی دڵسۆزی ماڵەکەی ئۆدیسێفس بووە، میهرەبانانە پێشوازیی لەم سواڵکەرە کردووە. ئەو ماوەیە لەگەڵ ئێڤمەیۆسدا ماوەتەوە. هاوکات تیلێماخۆس-ی کوڕی لە سپارتا و پیلۆس-ەوە گەڕاوەتەوە، کە بۆ ئەوە چووبوو بۆ ئەوێ تا زانیاری لە بارەی باوکیەوە بە دەست بهێنێت.

تۆڵە

ئۆدیسێفس خۆی بە کوڕەکەی ناساندووە و پێکەوە نەخشەی تۆڵەسەندنەوەیان داڕشتووە. لەگەڵ تیلێماخۆس و ئێڤمەیۆسدا لە شێوەی سواڵکەردا چووەتە شار و ماڵی خۆی. بەڵام مێلانثیۆس-ی شوان و خوازبێنیکەرەکان سووکایەتییان پێی کردووە، تەنانەت هەوڵیشیان داوە تیلێماخۆس بکوژن. سەگە پیرەکەی ناسیویەتیەوە. ئێڤریکلیا-ی کۆنەدایەنیشی بە برینەکەی ئەژنۆیدا ناسیویەتیەوە. پینێلۆپیاش میهرەبانانە پێشوازیی لێ کردووە.

ئینجا نەخشەی تۆڵەسەندنەوەکەیان جێبەجێ کردووە. سەرەتا پینێلۆپیایان داکەفاندووە بەڵێن بدات شوو بەو کەسە بکات کە دەتوانێت تیروکەوانەکەی ئۆدیسێفس هەڵبگرێت و خوازبێنیکەرەکانی تری پێ بکوژێت. لەبەر ئەوەی هیچ کامێک لە خوازبێنیکەرەکان نەیانتوانیوە بە تیروکەوانەکەی ئەو تیر بهاون، یان هەڵیبگرن. ئینجا پاش ئەوەی فەرمان دراوە هەموو دەرگاکان دابخرێن، خۆی تیروکەوانی هەڵگرتووە و یەک یەک خوازبێنیکەرەکانی پێکاوە. کوڕەکەی و ئەثینا و هەندێک خزمەتکاری دڵسۆزیش یارمەتییان داوە و پێکەوە هەموو خوازبێنیکەرەکان و خزمەتکارە بێئەمەگەکانیشیان کوشتووە. تەنها بەزمگێڕ و مێدۆن-ی جاڕچی ناکوژرێن.

ئینجا خۆی بە پینێلۆپیا ناساندووە و چووە باوکە پیرەکەی بینیوە. هەواڵی کوژرانی خوازبێنیکەرەکان بە هەموو شاردا بڵاو بووەتەوە و خزم و کەسوکارەکانیان لە دژی ئۆدیسێفس هەڵستاون. بەڵام ئەثینا لە شێوەی مێنتۆر-ی کوڕی ئەلکیمۆس-دا خۆی پیشان داوە و خەڵک و پاڵەوانە دڵخوازەکەی خۆیی ئاشت کردووەتەوە.

کەسێتیی ئۆدیسێفس

ئۆدیسێفس لە بەیتەکەی هۆمیرۆسدا وەک پیاوێکی ژیر و دووربین و زۆرزان و داهێنەر و ڕەوانبێژ وێنا کراوە. هاوکات جەنگاوەرێکی ئازا و بوێر و خۆڕاگریش بووە. هیچ کارەسات و بەدبەختییەک نەیتوانیوە بەسەر ئازایەتییەکەیدا زاڵ ببێت.

بەڵام هەندێک هۆنەری دواتر، وەک ئۆڤید و وێرگیلیوس، بە پیاوێکی ترسنۆک و فێڵباز و سەیر پەسنی دەکەن.

دوای ئۆدیسە

هۆمیرۆس هیچمان لە بارەی سەردەمی دواتری ژیانیەوە پێ ناڵێت، پێشبینییەکەی تیریسیاس نەبێت، کە بەڵێنی پێ دەدات پیرییەکی دەوڵەمەندانەی دەبێت و مەرگێکی نیان دێتە ڕێی. بەڵام نووسەرانی دواتر گێڕانەوەی جودامان دەدەنێ. بە گوێرەی یەکێکیان: کیرکی تیلێگۆنۆس-ی کوڕی خۆی و ئۆدیسێفس دەنێرێت بە شوێن باوکیدا بگەڕێت. زریانێک بەرەو کەناری ئیتاکیی دەبات، بەڵام لەوێ دەست دەکات بە تاڵانی. ئۆدیسێفس و تیلێماخۆس پەلاماری دەدەن، بەڵام تیلێگۆنۆس ئۆدیسێفس دەکوژێت. پاشان لاشەکەی دەبرێت بۆ ئەیایا.

بە گوێرەی گێڕانەوەیەکی تر: هەر کە لاشەی ئۆدیسێفس دەگاتە تیرێن، کیرکی زیندووی دەکاتەوە. دواتریش لەسەر شاخی پێرگی دەسووتێنرێت.

ئۆدیسێفس لە شێوەکاریدا

ئۆدیسێفس لە هونەری شێوەکاریدا زۆر جار وەک مەلەوانێک پیشان دراوە کە کڵاوێکی نیمچە هێلکەیی لە سەردایە.

ئۆدیسێفس و ئۆدیسیۆس و ئولیس و یولیسیس

لە زمانە ھیندۆ-ئەوروپاییەکاندا ھەر لە کۆنەوە تا ئێستا پیتەکانی ل و د زۆر جاران لە بری یەک بە کار ھاتوون و بە کار دێن. جگە لەوەی ھێمای ل و د لە ڕێنووسی گریکیدا زۆر لە یەک دەچن. ھەر بۆیە ناوەکە بە چەندین گۆڕاو دەبینین.

لە زمانی گریکیشدا -ۆس یان -وس پاشگرێکە کە دوو کار دەکات، یەکەمیان: ئەوەیە کە دەچێتە سەر کۆتایی ناوی نێرینە. ئەگەرچی ھەندێک جار دەشچێتە سەر ناوی مێینە، بەڵام زۆربەی جاران ناوی نێرینە دەسازێنێت، وەک تیلێماخۆس، ھۆمیرۆس…تد.. دووەمیان: ئەوەیە کە ئاوەڵناو دەسازێنێت، وەک ئۆمۆرفۆس بە واتای قۆز، میکرۆس بە واتای بچووک. بۆیە ناوی ئۆدیسێفس بێ -ۆسەکە و ناوگری –ی-، دەبێت بە ئۆدیس، یان ئۆلیس.

کە ڕۆمییەکان دوو بەیتی ئیلیاس و ئۆدیسە (ئیلیاد/ ئەلیادە) وەردەگێڕن بۆ زمانی لاتینی، ئیتر ناوی ئۆدیسێفس بە تەواوەتی بە ئولیکسیس یان ئولیسیس دەناسرێت.

ماڕکۆس فابیوس کوینتیلیان (٣٥-٩٥) لە بەشی چوارەمی بەرگی یەکەمی پەڕتووکە دانسقەکەیدا، کە ناوی ئینستیتوتیۆ ئۆراتۆریایە، بە نموونە ئاماژە بە دوو گۆڕانی لاتینیی ناوی ئودوسێوس دەدات کە بە شێوەی زارەکییانەی لاتینی بووە بە ئولوسێوس یان ئولیکسێس.

ئەم ناوە لە زمانی ئینگلیی ئەمڕۆدا بە یولیسیس Ulysses چەسپێنراوە.

ئولیسی جەیمز جۆیس

جەیمز جۆیس (١٨٨٢-١٩٤١) ڕۆمانێکی بە ناونیشانی ئولیس یان یولیسیس نووسیوە. ئەو وشە ئینگلییەکەی بە کار هێناوە کە لە لاتینییەوە هاتووە. بە درێژی لە بارەی ئەم ڕۆمانەوەم نووسیوە. خودی ڕۆمانەکەشم بە هەزاران ڕاڤەوە وەرگێڕاوە بۆ کوردی. دەتوانیت لێرەوە دایبگریت.


  1. فەرهەنگێکی نوێی ژیننامە و ئوستوورە و جوگرافیای کلاسیکی گریکی و ڕۆمی، دانانی چارلز ئانتۆن و ویلیەم سمیث، [نیویۆڕک، ١٨٨٤]. وەرگێڕانی نەوا موکرجی. لا. ٩١٦-٩١٩ ↩︎

ئادۆنیس

ئادۆنیس1

ئادۆنیس

ئادۆنیس (یان: ئەدۆنیس، ئادۆن، ئەدۆن) بە ئینگلی Adonis. کەسێتییەکی نێو ئوستوورەی گریک و ڕۆمییەکانە. ئاپۆلۆدۆرۆس دەڵێت کوڕی کینیراس و مێثارمی بووە. ئیسیۆدۆس دەڵێت کوڕی فینیکس و ئالفێسیڤیا بووە. پانیاسیس-ی ئالیکارناسۆس (هۆنەرێکی سەدەی پێنجەمی پێش زاین بووە) دەڵێت کوڕی ثیاس-ی پاشای ئاشوور و زمیرنا (میرا)ی کچی بووە. هۆمیرۆس هیچ ئاماژەیەکی پێی نەداوە. هۆنەرە گریکییەکانی دواتریش گێڕانەوە هێماییە ماکەکەی ئادۆنیسیان گۆڕیوە بە چیرۆکی هۆنراوەیی.

چیرۆکی ئادۆنیس بە گێڕانەوەی پانیاسیس

لەدایکبوونی ئادۆنیس

دێرینترین چیرۆکی ئادۆنیس ئەوەیە کە پانیاسیس-ی ئالیکارناسۆس گێڕاویەتیەوە، ئەویش بەم جۆرەیە:

زمیرنا پەرستنی ئەفرۆدیتی (ڤینوس) پشتگوێ خستووە. ئەفرۆدیتیش بەوە سزای داوە کە تووشی خۆشەویستییەکی ناسرووشتیی کردووە بۆ باوکی خۆی. لەگەڵ دایەنەکەیدا خستوویانەتە پێخەفەکەی باوکیەوە، باوکیشی بە نەزانی لەگەڵی جووت بووە.

کە باوکی بە تاوانەکەی زانیوە، ویستوویە بیکوژێت، بەڵام زمیرنا هەڵهاتووە. کە خەریک بووە باوکی پێی بگاتەوە، نزای کردووە خوداکان نادیاری بکەن. خوداکانیش بەزەییان پیایدا هاتووەتەوە و دایانگۆڕیوە بە دەوەنێک بە ناوی میرا (مۆرتک). دوای نۆ مانگ، دەوەنەکە تەقیوە و ئادۆنیس لە دایک بووە.

ئەفرۆدیتی بە جوانیی ئادۆنیسی منداڵ زۆر سەرسام بووە. بۆیە لە سندوقێکدا شاردوویەتیەوە و ئەم سندوقەی بە پێرسیفۆنی سپاردووە. کە پێرسیفۆنی زانیویە چی لە نێو ئەم سندوقەدا هەیە، دەستبەرداری نەبووە و نەیداوەتەوە. بۆ یەکلایی کردنەوەی ئەم مشتومڕە، سندوقەکەیان بردووەتە بەردەم زێفس. زێفس بڕیاری داوە کە دەبێت ئادۆنیس سێیەکی ساڵ لای پێرسیفۆنی بێت، سێیەکی تری ساڵ لای ئەفرۆدیتی بێت، سێیەکەکەی تر بە دڵی خۆی بڕیار بدات. ئادۆنیس پێی خۆش بووە لای ئەفرۆدیتی بێت. ئەو ماوەیەشی بۆ خۆی دابین کراوە، هەر لای ئەفرۆدیتی بووە.

ئەم کوڕە بەوە مردووە کە لە کاتی ڕاودا بڕەکێک (بەرازی نێر) پەلاماری داوە.

چیرۆکی ئادۆنیس بە گوێرەی گێڕانەوەکانی دواتر

نووسەرانی دواتر چیرۆکەکەیان دەستکاری کردووە و بۆیان زیاد کردووە. هیگینوس دەڵێت زمیرنا بەوە سزا دراوە کە باوکی خۆی خۆش بوێت، چونکە کیەنخریس-ی دایکی زمیرنا زۆر بە جوانیی زمیرنادا هەڵیداوە و وتوویە کە لە ئەفرۆدیتی جوانترە، بۆیە ئەفرۆدیتیی قینی هەڵستاوە.

زمیرنا دوای ئەوەی لەگەڵ باوکی جووت بووە، بەرەو دارستانێک هەڵهاتووە و لەوێ داگۆڕاوە بە دەوەنێک. کە باوکی بە دوایدا ڕایکردووە و گەیشتووەتە دەوەنەکە، شمشێری لە دەوەنەکە داوە و لەو دەوەنەوە ئادۆنیس زاوە.

هەندێک لە گێڕانەوەکانی تر دەڵێن کە مشتومڕەکەی ئەفرۆدیتی و پێرسیفۆنی براوە بۆ بەردەم کالیۆپی (یەکێکە لە مووسەکان). زێفس کالیۆپیی کردووە بە دادوەری یەکلاکەرەوەی ئەم داوایە.

ئۆڤید ئەمانەی بۆ چیرۆکەکە زیاد کردووە: ئێرینیسەکان خۆشەویستیی زمیرنایان بۆ باوکی ورووژاندووە. کە ئادۆنیسی بووە، لوچینا یارمەتیی داوە. کە ئادۆنیس لە دایک بووە نایادەکان فرمێسکی دایکییان تێ سووە؛ واتە بەو شلەیەی (شیرە) لە دەوەنەکەوە (یان درەختەکەوە) دەرچووە.

ئادۆنیس گەورە بووە و گەنجێکی زۆر جوانی لێ دەرچووە. ڤینوس (ئەفرۆدیتی) خۆشی ویستووە و لەگەڵی چووە بۆ ڕاو. هەمیشە لە مەترسیی دەعبای کێوی ئاگاداری کردووەتەوە. لە کۆتاییشدا بڕەکێک لە ڕقدا برینداری کردووە و کوشتوویەتی.

گێڕانەوەیەک دەڵێت ئاریس (مارس) بووە کە لە شێوەی بڕەکەکەدا ئادۆنیسی کوشتووە. گێڕانەوەی دووەم دەڵێت ئاپۆلۆن بووە لە شێوەی بڕەکەکەدا ئادۆنیسی کوشتووە. گێڕانەوەی سێیەم دەڵێت دیۆنیسۆس ئادۆنیسی فڕاندووە. کە ئەفرۆدیتی زانیویە خۆشەویستەکەی بریندار بووە، ڕایکردووە بۆ ئەو جێیەی ئەوی لێ گەوزاوە، نێکتاری بەسەر خوێنەکەیدا ڕشتووە، یەکسەر لەوەوە گوڵ پشکووتووە.

دەستکاریی جۆراوجۆری تری چیرۆکەکە کراوە، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە لە جووتهاوسەرگیریی ئەفرۆدیتی لەگەڵ ئاریس و ئادۆنیسدا پریاپۆس لە دایک بووە. هەروەها ئەوەش کە گوایە گۆلگۆس (کوڕ) و ڤێرۆی (کچ) منداڵی ئەفرۆدیتی و ئادۆنیس بوون.

کە ئادۆنیس مردووە دەبوو دابگیرێت بۆ جیهانی ژێرەوە، بەڵام ڕێی پێ دراوە ساڵانە شەش مانگ لەگەڵ ئەفرۆدیتیی خۆشەویستیدا بە سەر ببات و بێتەوە بۆ جیهانی سەرەوە (جیهانی مرۆڤان) بۆ لای.

پەرستن و بەهای هێمایی ئادۆنیس

سەردەمانی دواتر بە نزیکی لە هەموو ناوچەکانی دەریای ناوەڕاستدا پەرستنی ئادۆنیس پەرەی سەند. دەوترێت پەرستنی ئادۆنیس لە ئاسیاوە سەرچاوەی گرتووە، بە تایبەتی لای فینیکییەکانەوە هاتووە. لەوانەوە گەیشتووە بە ئاشوور و میسر و گریک و دواتریش ئیتالیا. بەڵام بێگومان لەم ڕێیەدا گۆڕانی بە سەردا هاتووە.

ئەفرۆدیتی لە دینە ئاسیاییەکاندا بنەمای بەرداریی سرووشت بووە. وا دیارە ئادۆنیسیش ئاماژەی مەرگی سرووشتە لە زستاندا و سەرهەڵدانەوەیەتی لە بەهاردا. بۆیە شەش مانگ لە جیهانی ژێرەوە بە سەر دەبات و شەش مانگ لە جیهانی سەروودا. لە ڤیڤلۆس (بیبلۆس) و ئەلێکساندریا لە میسر و ئەسینا و شوێنانی تریش لە فێستیڤالە ساڵانەکاندا یادی مەرگ و گەڕانەوەی بۆ ژیان کراوەتەوە. بە فێستیڤالەکەی وتراوە ئادۆنیا.

ڤینوس و ئادۆنیس

شێکسپیر هۆنراوەیەکی درێژی بە ناونیشانی ڤینوس و ئادۆنیس نووسیوە. باس لە هەوڵی ڤینوس دەکات بۆ سازکردنی ئادۆنیسی مێرمنداڵ. من ڕاستەوخۆ لە دەقە ماکەکەوە وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی. پەڕتووکەکەشم بە دیاری و بێبەرانبەر بڵاو کردووەتەوە، دەتوانیت لێرەوە دایبگریت.


  1. فەرهەنگێکی نوێی ژیننامە و ئوستوورە و جوگرافیای کلاسیکی گریکی و ڕۆمی، دانانی چارلز ئانتۆن و ویلیەم سمیث، [نیویۆڕک، ١٨٨٤]، وەرگێڕانی نەوا موکرجی. لا. ١٢. ↩︎

ئەفرۆدیتی

ئەفرۆدیتی1

پەیکەری ئەفرۆدیتی

ئەفرۆدیتی (یان ئەفرۆدێت؛ ئەفرۆدیت؛ ئافرۆدیت؛ ئافرۆدێت؛ ئافرۆدیتی؛ ئافرۆدێتی) بە ئینگلی Aphrodite. یەکێکە لە خوا گەورەکانی گریکە دێرینەکان. خواژنی خۆشەویستی و جوانی بووە. ڕۆمییەکان پێی دەڵێن ڤینوس.

بنەچەی ئەفرۆدیتی و پەرستنەکەی

هۆمیرۆس لە ئیلیاس-دا دەڵێت کچی زێفس (زێوس/زیۆس) و دیۆنی بووە. گێڕانەوەکانی دواتر بە کچی کرۆنۆس و ئێڤرینۆمی، یان کچی ئورانۆس و ئیمێرا دایانناوە. بەڵام هۆنەرەکان زۆربەی جار دەڵێن کچی کەفی دەریا بووە. بە گریکیی دێرین بە کەف وتراوە ئەفرۆس، کەواتە ئەفرۆدیتی واتە ئەفرۆزادە، یان بە کوردی: کەفزادە.

پەرستنی ئەم خواژنە لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتووە بۆ گریک. لەوانەیە لە ڕێی فینیکییەکانەوە هاتبێت بۆ دورگەکانی قوبروس و کیثیرا و شوێنانی تر، پاشان بە هەموو گریکدا بڵاو بووبێتەوە.

وا دیارە لە بنەچەدا هەمان عەشتەرۆت بووبێت، کە عیبرییەکان پێیان وتووە عەشتۆرەت، یان عەشتۆڕێت (بڕوانە یەکەم پاشایان، ١١: ٥). پەیوەندیشی بە ئادۆنیسەوە ڕاستەوخۆ ئاماژە بە سووریا دەدات.

هاوسەر و وەچەکانی

ئیفێستۆس

ژنی ئیفێستۆس بووە. بەڵام بێئەمەگ بووە بەرانبەری و ئەوینداری ئاریس-ی خوای جەنگ بووە.

ئاریس

ئەم منداڵانەی لە ئاریس بووە: دیمۆس (تۆقین)، فۆڤۆس (یان فۆبۆس: ترس)، ئارمۆنیا (گونجان/سازان).

گێڕانەوەکانی دواتر دەڵێن هەر لە ئاریس: ئیرۆس (ئارەزوو، خۆشەویستی) و ئەنتێرۆس (دژەئارەزوو، دژەخۆشەویستی)ی بووە.

خۆشەویستەکانی تری ئەفرۆدیتی

ئەفرۆدیتی وێڕای ئیفێستۆس و ئاریس، لە خوا نەمرەکاندا دیۆنیسۆس و ئێرمیس و پۆسیدۆن-ی خۆش ویستووە. لە مرۆڤەکانیشدا ئانخیسیس-ی باوکی ئەینیاس و ئادۆنیس و ڤووتیس-ی خۆش ویستووە.

ئەفرۆدیتی: خوای جوانی

ئەفرۆدیتی لە هەموو خواژنەکانی تر جوانتر بووە. هەر بۆیە پاریس-ی کوڕی پریامۆس ئەوی وەک جوانترینی خواژنەکان داناوە. توانای بەخشینی جوانی و جادووی نەمرییشی بەوانی تر هەبووە. خاوەنی «پشتوێنە جادووییەکە» بووە. هەر کەسێک پشتوێنە جادووییەکەی ئەوی بەستبێت یەکسەر بووە بە کەسێکی خۆشویستراو و ئارەزووکراو.

دڵخوازەکانی ئەفرۆدیتی

لە نێو سەوزە و میوەکاندا مۆرتک و گوڵەباخ و سێو و خەشخاش لای ئەفرۆدیتی پیرۆز بوون. لە نێو گیانلەبەرانیشدا چۆلەکە، کۆتر، قوو، پەڕەسێلکە و باڵندەیەکی تر کە پێی دەڵێن ئینکسی لا پیرۆز بوون. زۆر جار وا دەگێڕرێتەوە کە ئەم گیانلەبەرانە گالیسکەکەی وێیان ڕاکێشاوە، یان وەک پەیامنێری وێ کاریان کردووە. هەسارەی ڤینوس (ناهی) و مانگی نیسانی بەهاریشی لا پیرۆز بوون. دوورگەکانی قوبروس و کیثیرا شوێنی سەرەکیی پەرستنی وێ بوون.

زۆربەی جار بخوور و گوڵبەند وەک قوربانی پێشکێش بە ئەفرۆدیتی کراون. بەڵام لە هەندێک شوێن ئاژەڵیش بۆی کراوەتە قوربانی.

ڤینوس و ئادۆنیس

شێکسپیر هۆنراوەیەکی درێژی بە ناونیشانی ڤینوس و ئادۆنیس نووسیوە. واتە ناوە ڕۆمییەکەی ئەفرۆدیتیی بە کار هێناوە. باس لە هەوڵی ڤینوس (ئەفرۆدیتی) دەکات بۆ سازکردنی ئادۆنیسی مێرمنداڵ. من ڕاستەوخۆ لە دەقە ماکەکەوە وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی. پەڕتووکەکەشم بە دیاری و بێبەرانبەر بڵاو کردووەتەوە، دەتوانیت لێرەوە دایبگریت.


  1. فەرهەنگێکی نوێی ژیننامە و ئوستوورە و جوگرافیای کلاسیکی گریکی و ڕۆمی، دانانی چارلز ئانتۆن و ویلیەم سمیث، [نیویۆڕک، ١٨٨٤]، وەرگێڕانی نەوا موکرجی. لا. ٧٤. ↩︎

ڤینوس

ڤینوس1

پەیکەری ڤینوس بە ڕووتی لە ڕۆما.

ڤینوس: (یان: وینوس، وینۆس، ڤینۆس، ڤێنوس، ڤێنۆس) بە ئینگلی Venus. خواژنی خۆشەویستیی ڕۆمییەکان بووە، بە تایبەتی هی خۆشەویستیی ئارەزووبزوێن. سەرەتا یەکێک بووە لە ناگرنگترین خواکانی دینی ڕۆمییەکان. بەڵام دواتر ڕۆمییەکان ڤینوسیان لەگەڵ ئەفرۆدیتی-ی گریکی هاوتا کردووە. ئەوجا بووە بە یەکێک لە گرنگترین خواکانی ڕۆمییەکان.

مێژووی پەرستنی ڤینوس

لە بارەی مێژووی پەرستنی ڤینوسەوە ڕاجیایی هەیە. هەندێک نووسەری دێرین دەڵێن کە ناوی وێ لە دۆسێکانی سەردەمی پاشاکانی ڕۆمدا نەهاتووە. ئەگەرچی لە ٢٣ی نیسان و ١٩ی ئابدا جەژنێک بە ناوی ڤینالیا گێڕراوە و گوایە بۆ شکۆی وێ بووە، بەڵام بۆ شکۆی وێ نەبووە و بۆنەیەکی تەواو جیاواز بووە. تەنها لە ڕووی لێکدانەوەی هەڵەی ناوەکەوە دراوەتە پاڵ ڤینوس.

بەڵام دەرباربازەکان، واتە ئەو خانمانەی پەیوەندیی سەرجێیییان لەگەڵ دەوڵەمەند و کاربەدەستان و خەڵکی دەرباردا هەبووە، ٢٣ی نیسانیان وەک پشووی خۆیان داناوە. لەو ڕۆژەدا لە پەرستگەیەکی دەرەوەی شاری ڕۆما بە شێوەی تایبەتی خۆیان ڤینوسیان پەرستووە.

بەڵام هەندێک نووسەری تر دەڵێن وا دیارە پەرستنەکەی هەر لە زووەوە لە ڕۆمدا چەسپابێت. بەڵام بێگومان سەردەمانی دواتر لە مانگی نیساندا بۆنەی شکۆمەندتر و سەنگینتری بۆ گێڕراوە. لە لایەک لەبەر ئەوەی نیسان سەرەتای بەهارە و وا بینراوە کە لای خواژنی ڤین (ئەوین، ئەڤین، ڤین: ڤینوس) مانگێکی تایبەت و پیرۆزە؛ لە لایەکی تر لەبەر ئەوەی وردەوردە ئەو باوەڕە چەسپاوە کە ڤینوسی خۆشەویستی مارس (خوای جەنگ) لە سەرهەڵدانی ڕەچەڵەکی خەڵکی ڕۆمدا دەستی هەبووە. بە هۆی ئەو ئەفسانەیەشەوە کە ئەینیاسی کردووە بە کوڕی ئانخیسیس و ئەفرۆدیتی (کە بە ڤینوس دەستنیشان کرابوو) پەرستنی وێ زیاتر چەسپاوە و ڕەگی داکوتاوە.

پیرۆزگە و پەرستگەکانی ڤینوس لە ڕۆما

پەرستگەی لاڤینیوم

پیرۆزگەیەکی ڤینوس لە لاڤینیوم هەبووە و بۆ هەموو لاتیوم کراوە بووە. خەڵکی ئاردیا لەم پەرستگەیەدا بۆنەیان گێڕاوە. بەڵام ناتوانین سەردەمەکەی دیاری بکەین.

پەرستگەی سێرکی گەورەی ڕۆما

لە سیرکوس ماکسیموس (سێرکی گەورەی ڕۆما) پەرستگایەکی بەردینی وێی لێبووە.

پەرستگەی دەروازەی کۆلین

دواتر لە دەرەوەی دەروازەی کۆلین پەرستگەیەکی تری بۆ بونیات نراوە.

ناسناو و تایبەتمەندێتییەکانی ڤینوس

دەتوانین لە ڕێی ناسناوە کۆنەکانیەوە ئەدگار و تایبەتمەندێتیی بەرایی وێ بناسین.

مورتێیا یان میرتێیا یان مورسیا

مۆرتک

لە پەرستگەکەی سێرکی گەورەی ڕۆمادا، لای ئەو جێیەی قوربانگەی کۆنسوس شاررابووەوە، وێنەیەکی ڤینوس هەبوو، ناسناوی مورتێیا-ی لەسەر نووسراوە. دەوترێت گوایە ئەم ناسناوە هەمان میرتێیا-یە (لە میرتوس-ەوە هاتووە، بە کوردی: مۆرتک: بە ئینگلی myrtle. دەوەنێکی هەرسەوزە).

مورتێیا ئاماژەشە بە خولیای ڤینوس بۆ داری مۆرتک. چون گوایە سەردەمانی کۆن لە دامێنی گردی ئاڤێنتینۆدا ڕەزی مۆرتک لە پێش پەرستگەکەیدا هەبووە. بەڵام هەندێک نووسەری دینی ناسناوی مورسیایان لا پەسەندترە، واتە گەمژە یان گەوج، کە لە مورکوس-ی لاتینییەوە هاتووە، واتە ترسنۆک.

کلواکسینا

ناسناوێکی دێرینی تری ڤینوس کلواکسینا بووە. لاکتانتیۆس دەڵێت لەو پەیکەرەی ئەوەوە هاتووە کە تیتوس تاتیوس (شای سابینی) لە ئاوەڕۆ گەورەکەی نزیک فۆروم دایناوە. ئەگەر خوایەکی جیهانی ژێرەوە بووایە، ئەوا ئەم چیرۆکە ڕێی تێ دەچوو. بەڵام لەوانەیە ئەم چیرۆکە لەسەر گریمانەیەکی ڕیشەناسییانەی ناوەکە هەڵبەسترابێت. کلواکا بە لاتینی واتە ئاوەڕۆ؛ لە کلوارێ، یان کلوکرێ-وە هاتووە بە واتای شوشتن، یان پاککردنەوە.

ناسناوی کلواکسینا لەو چیرۆکەوە هاتووە کە گوایە دوای جەنگێکی نێوان تیتوس تاتیوس و ڕۆمولوس، کە لەسەر لاقەکردنی ژنانی سابینی هەڵگیرساوە، تاتیوس فەرمانی بە ژێردەستەکانی خۆی داوە کە لە بەردەم وێنەکەی ڤینوس کلواکسینادا خۆیان پاک بکەنەوە.

ئەم ڕوونکردنەوەیە تەواو لەگەڵ ئەو باوەڕە دێرینەدا یەک دەگرێتەوە کە پێیان وا بووە تیتوس تاتیوس دامەزرێنەری هاوسەرگیری بووە. ڤینوس کلواکسینا-ش خواژنی چاودێر و پاککەرەوەی پەیوەندیی سەرجێییی هاوسەران بووە.

کالڤا

ناسناوێکی تری وێ کالڤا-یە. لە نزیک کاپیتۆلینوس دوو پەرستگەی بەم ناسناوەوە هەبووە.

هەندێک کەس پێیان وایە ئانکوس مارچیوس (چوارەم شای ڕۆما) یەکێک لەم پەرستگەیانەی دروست کردووە. لەبەر ئەوەی ژنەکەی خەریک بووە قژی بڕووتێتەوە. هەندێک کەسی تر پێیان وایە مۆنومێنتی کردەیەکی نیشتمانپەروەرانەی ژنانی ڕۆما بووە لە کاتی گەمارۆی گۆلەکاندا. ژنەکان لە کاتی ئەم گەمارۆیەدا قژی خۆیان بڕیوە و داویانە بە پیاوان تا بیکەن بە ژێی کەوانەکانیان. بەڵام هەندێک کەسی تر پێیان وایە کە ئاماژەن بە ئارەزوو و کەڵکەڵەکانی ئەوینداران، چونکە کالڤێرێ (کە وا دیارە لەگەڵ کالڤا-دا هاوڕیشە بێت) واتە کرێ/پەیمان. ڕەنگە مەبەستەکە ئەوە بێت کە ژنان لە ڕۆژی هاوسەرگیرییاندا یان بە ڕاستی، یان بە شێوەیەکی هێمایی، گێسووێکیان لە قژی خۆیان بڕیوە و کردوویانە بە قوربانی ڤینوس.

ئێریچینا

لە سەرەتای دووەم جەنگی پوونیدا ڤینوس ئێریچینا لە سیسیلییەوە هێنراوە و لەسەر گردی کاپیتۆلینوس پەرستگەیەکی بۆ تەرخان کراوە. لەوە دەچێت ئێریچینا بە واتای ئێریکسی بێت، واتە خەڵکی ئێریکس. گوایە کۆن بە سیسیلییان وتووە ئێریکس. ئەگەر وا بێت، کەواتە ڤینوس ئێریچینا بە کوردی دەبێتە ڤینوسی ئێریکسی.

ڤێرتیکۆردیا: دڵگۆڕ

ساڵی ١١٤ی پێش زایین پاکیزەیەکی ڤێستایی بە هەورەتریشقە مردووە و لاشەکەی بە ڕووتی دۆزراوەتەوە. خەڵک پێی وا بووە ڤینوس لە تۆڵەی گەندەڵبوونی ئاکاری گشتیدا، بە تایبەتی لە نێو پاکیزە ڤێستاییەکاندا، ئەم کارەساتەی ناوەتەوە.

کە ڕاوێژ بە پەڕتووکە سیڤیلاییەکان کراوە، پەڕتووکەکە فەرمانی داوە لە شەقامی سالاریا پەرستگەیەک بۆ ڤینوس ڤێرتیکۆردیا دروست بکرێت. ڤێرتیکۆردیا واتەدڵگۆڕ: واتە دڵی پیاوان دەگۆڕێت و هەڵیاندەگێڕێتەوە.

ئۆبسیکوینس و پۆستڤۆرتا

فابیوس گورگێس دوای جەنگە سیمنییەکان ڤینوس ئۆبسیکوینس و پۆستڤۆرتا-ی دامەزراندووە. ئۆبسیکوینس واتە گوێڕایەڵ. ئاوهاش ڤینوس ئۆبسیکوینس واتە ڤینوسی گوێڕایەڵ. پۆستڤۆرتا واتە ئەوەی چاودێریی لەدایکبوونی سوار دەکات. لەدایکبوونی سوار واتە منداڵێک کە لە کاتی لەدایکبووندا سەرەتا قاچی یان سمتی بێتە دەرەوە. کەواتە ئەو خوایە بووە کە بۆ پارێزگاری لەمە پەنای بۆ براوە.

جێنیتریکس

سکیپیۆ ئافریکانوسی گەنج (١٨٥-١٢٩ پ.ز.) ڤینوس جێنیتریکسی دامەزراندووە. جێنیتریکس واتە دایک یان زایەر، چونکە ڤینوس دایکی ئەینیاس بووە.

ڤینوس ڤیکتریکس

یولیوس قەیسەر ڤینوس ڤیکتریکس-ی دامەزراندووە. واتە ڤینوسی سەرکەوتوو. لەبەر ئەوەی قەیسەر بنەچەی خۆی بردووەتەوە سەر ئەینیاس، ئەینیاسیش کوڕی ڤینوس بووە، بۆیە برەوی بە پەرستنی وێ داوە.

دەوترێت ڤینوس چاودێریی باخیشی کردووە.

ڤینوس و ئادۆنیس

شێکسپیر هۆنراوەیەکی درێژی بە ناونیشانی ڤینوس و ئادۆنیس نووسیوە. باس لە هەوڵی ڤینوس دەکات بۆ سازکردنی ئادۆنیسی مێرمنداڵ. من ڕاستەوخۆ لە دەقە ماکەکەوە وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی. پەڕتووکەکەشم بە دیاری و بێبەرانبەر بڵاو کردووەتەوە، دەتوانیت لێرەوە دایبگریت.


  1. فەرهەنگێکی نوێی ژیننامە و ئوستوورە و جوگرافیای کلاسیکی گریکی و ڕۆمی، دانانی چارلز ئانتۆن و ویلیەم سمیث، [نیویۆڕک، ١٨٨٤]، وەرگێڕانی نەوا موکرجی. لا. ٩٢٩. ↩︎

موزیکی ژوور

موزیکی ژوور

نووسینی: جەیمس جۆیس

وەرگێڕانی: نەوا موکرجی

نامیلکەیەکی هۆنراوەیە، جەیمس جۆیس لە نێوان ساڵانی ١٩٠١ تا ١٩٠٤ نووسیونی، واتە لە تەمەنی نۆزدە بۆ بیست و دوو ساڵیی جۆیسدا. ئەم ھۆننامەیە لە ٣٦ ھۆنراوە پێکھاتووە و لە ساڵی ١٩٠٧دا پێکەوە لە دووتوێی نامیلکەیەکدا بڵاو کراونەتەوە و ٥٠٧ دانەی لێ چاپ کراوە. لەو نامیلکەیە و چاپەکانی دواتریشدا ھیچ کامێکیان ناونیشانیان نەبووە و تا ئێستاش ھەر وا بێناونیشان ھێڵراونەتەوە، لەم وەرگێڕانە کوردییەشدا ھەر وا بێناونیشان ھێشتوومنەتەوە. بەڵام پێش ئەوەی لە ساڵی ١٩٠٧دا ھەموویان پێکەوە چاپ بکرێن جۆیس ناونیشانی بۆ کەمێکیان داناوە و ھەندێکی کەمیانی بە ناونیشانەوە لە ڕۆژنامەی جیاجیادا بڵاو کردووەتەوە، کە لە پەڕاوێزی ھۆنراوە وەرگێڕراوەکانی ئەم پەڕتووکەدا ناونیشانەکانیان دانراونەتەوە. ھەرە درێژەکەیان لە ڕووی ژمارەی وشەوە سی و سێیەمینیانە، کە لە ڕووی دێڕیشەوە ھەرە درێژەکەیانە و ١٨ دێڕە. ھەرە کورتەکەیان لە ڕووی ژمارەی وشەوە بیست و یەکەمینیانە، کە لە ڕووی دێڕیشەوە ھەرە کورتەکەیانە و ٦ دێڕە.

لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٣دا بە پی دی ئێف و لەم پەڕەیەمدا بڵاوم کردەوە، بە هیوام سوود و چێژی بۆ خوێنەرانی کورد هەبێت.

لێرەدا کلیک بکە بکە بۆ داگرتنی موزیکی ژوور بە پی دی ئێف

نۆن سوم کوالیس ئێرام بۆنای سوب ڕێنیۆ سینارایی

نۆن سوم کوالیس ئێرام بۆنای سوب ڕێنیۆ سینارایی[1]

ئاخ دوێنێ شەو، شەوی پێشوو، سێبەری تۆ کەوتە نێوان

لێوانی ئەو و منەوە، ئەی سینارا! هەناسەی تۆ

لە نێو شەراب و ماچەکان بەسەر گیانی مندا ڕژا؛

منیش خەستە و دەردەداری ئاواتێکی دێرینم بووم،

بەڵێ، منیش دەردەدار بووم، کڕنۆشم بە سەری خۆم برد:

من هەردەم بۆت بەئەمەگ بووم، ئەی سینارا! بە شێوەی خۆم.

گشت شەوەکە ترپەی گەرمی دڵی ئەوم لەسەر دڵم هەست پێ دەکرد،

هەموو شەو پڕ خۆشەویستی ڕاکشابوو و لە باوەشمدا نوستبوو؛

ماچەکانی دەمە سوورە کڕاوەکەی بێگومان شیرین و خۆش بوون؛

لێ من خەستە و دەردەداری ئاواتێکی دێرینم بووم،

کە ڕابووم و گزنگم دی ڕەنگی بۆرە:

من هەردەم بۆت بەئەمەگ بووم، ئەی سینارا! بە شێوەی خۆم.

زۆرم بیر چوو، ئەی سینارا! گشت بە با چوون،

گوڵەباخم فڕێ داوە، چەپک چەپک شاگەشکانە بە سەماوە تووڕم داون،

تا شلێری ڕەنگپەڕیوی لەدەستچووی تۆ لە یاد بکەم؛

لێ من خەستە و دەردەداری ئاواتێکی دێرینم بووم،

بەڵێ، گشت کات و ساتەکان، چونکە سەماکە درێژ بوو:

من هەردەم بۆت بەئەمەگ بووم، ئەی سینارا! بە شێوەی خۆم.

هاوارم کرد: با بێن، با بێن، موزیکی شێتانەتر و شەرابی مەستکەرتر با بێن،

لێ کە ئاهەنگ تەواو دەبوو و ڕووناکییەکان خامۆش دەکران،

جا سێبەرت دەکەوتەوە بەسەرمدا، ئەی سینارا! شەوەکە دەبوو بە هیی خۆت؛

هێشتا خەستە و دەردەداری ئاواتێکی دێرینم من،

بەڵێ، برسیم بۆ لێوی ئارەزووەکەم:

من هەردەم بۆت بەئەمەگ بووم، ئەی سینارا! بە شێوەی خۆم.


[1] نووسینی ئێرنست داوسن (١٨٦٧-١٩٠٠)، لە ٢١ی نیسانی ٢٠٢٢دا وەرمگێڕاوە. ناونیشانەکە لاتینییە، بە واتای «چیتر وەک جاران نەماوم کە لەژێر دەسەڵاتی سینارادا بووم» دێ، دێڕی سێیەمی هۆنراوەی یەکەمی چوارەم پەڕتووکی هۆنراوەکانی هۆراس (٦٥پ.ز.-٨ز.)ە. لە کۆپلەی سێیەمدا کە دەڵێ: «بە با چوون»، کە مەبەست لێی یادەوەری و سەردەمێکی زۆری ژیان و چێژی زۆر و خانمی تری زۆرە کە لە ژیانیدا تووڕی داون و ئێستا بە با چوون؛ ئەم ڕستەیە لە کوردیدا بە «بە با چوو»، «لەگەڵ بادا چوون»، «لەگەڵ بادا ڕۆیشت»، «ڕۆیشت له‌گه‌ڵ بایه»یش وەرگێڕراوە، مارگەرێت میتچڵ (١٩٠٠-١٩٤٩) بۆ ناونیشانی ڕۆمانە بەناوبانگەکەی خۆی بە کاری هێناوە Gone with the wind. ئەمەی خوارەوە دەقە ماکەکەی داوسن خۆیەتی:

Non sum qualis eram bonae sub regno Cynarae

Last night, ah, yesternight, betwixt her lips and mine,

There fell thy shadow, Cynara! Thy breath was shed

Upon my soul between the kisses and the wine;

And I was desolate and sick of an old passion,

Yea, I was desolate and bowed my head:

I have been faithful to thee, Cynara! In my fashion.

All night upon my heart I felt her warm heart beat,

Night-long within my arms in love and sleep she lay;

Surely the kisses of her bought red mouth were sweet;

But I was desolate and sick of an old passion,

When I awoke and found the dawn was grey:

I have been faithful to thee, Cynara! In my fashion.

I have forgot much, Cynara! Gone with the wind,

Flung roses, roses riotously with the throng,

Dancing, to put thy pale, lost lilies out of mind;

But I was desolate and sick of an old passion,

Yea, all the time, because the dance was long:

I have been faithful to thee, Cynara! In my fashion.

I cried for madder music and for stronger wine,

But when the feast is finished and the lamps expire,

Then falls thy shadow, Cynara! The night is thine;

And I am desolate and sick of an old passion,

Yea, hungry for the lips of my desire:

I have been faithful to thee, Cynara! In my fashion.

چەمەری وایڵد

چەمەر

ئۆسکار وایڵد (١٨٥٤-١٩٠٠) ئەم هۆنراوەیەی نووسیوە. چەمەر لە زمانی کوردیدا شیوەنێکە بۆ مردوو دەگێڕرێ یان دەنووسرێ. وایڵد ئەم هۆنراوەیەی لە ساڵی ١٨٨١دا بۆ شینی (ئیزۆلا)ی خوشکی خۆی نووسیوە کە لە ٢٣ی شوباتی ١٨٦٧دا لە تەمەنی نۆ ساڵاندا بە هەوبوونی پەردەکانی مێشک مرد، ئەو کاتە وایڵد خۆی دوانزە ساڵان بوو. بەڵام مردنی ئەم خوشکەی بە درێژایی ژیانی زامێکی ساڕێژنەبووی لە دڵیدا بە جێ هێشت. دوای نزیکەی سیانزە ساڵان، کە هەر لە بیری ئیزۆلادا بوو، ئەم هۆنراوەیەی بۆ نووسیوە. وایڵد هەرگیز ددانی بەوەدا نەنا، چ لە ژیان و چ لە هۆنراوەکەشدا کە ئیزۆلا مردووە، لە نامەوانەیەکی بچکۆلەدا پرچی ئیزۆلای هەڵگرتبوو، خۆی بۆ هەر شوێنێک بچووایە، ئەو پرچەشی لەگەڵ خۆیدا دەبرد، تەنانەت کە خۆی لە ساڵی ١٩٠٠دا لە تاراوگە و دەربەدەری و هەژاریدا سەری نایەوە و مرد، ئەو نامەوانەیەی پرچەکەی تێدا بوو، هەر پێی مابوو، لەسەری نووسرابوو: «پرچی ئیزۆلاکەم، لە ٢٣ی شوباتی ١٨٦٧دا کۆچی کرد، نەمردووە، بەڵکو نوستووە». ئەمە وەرگێڕراوی هۆنراوەکەیە بە کوردی:

بە ئەسپایی پێت دابنێ،

لەو ژێر بەفرەدا نزیکە،

هێمن بدوێ

چونکە دەنگی پشکووتنی گوڵنیشانیش هەر دەبیستێ.

ورشەی پرچە زێڕینەکەی

ئێستا ژەنگ ماتی کردووە،

ئەوێک ڕۆژێ گەنج و جوان بوو

ئێستا لە گڵدا گەوزاوە.

وەکو شلێر، سپی وەک بەفر،

خۆ فریا نەکەوت بزانێ

کە کچێکە و

ئەوەندە جوان گەورە دەبێ.

تەختەی تابووت، بەردی گڵکۆ

لەسەر سنگی ڕاکشاون،

من تەنیام و دڵم زیزە

کە ئەو ئێستا پشووی داوە.

بە ئارامی، بە ئارامی، گوێی لێ نابێ

نە سازی چەنگ، نە شیعری مەنگ،

ژیان و دەسمایەی ژینم لێرە نێژران،

خاک بە سەریا گرد بکەنەوە.

لە ئەڵقەی سێیەمی ڕۆمانی ئولیسدا، لە نووسینی جەیمس جۆیس، ستیفن دیدەڵس، کە یەکێکە لە کەسێتییە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە، وێنا دەکا کە دەچێ بۆ ماڵی خاڵی، کە ناوی (ڕیچی گولدینگ)ە، لە پشت سەری خاڵییەوە ئەم هۆنراوەیە لەسەر پارچە تەختەیەک نووسراوە و هەڵواسراوە. ئەویش لەبەرئەوەی کەمتر لە ساڵێک لەوەوبەر دایکی ستیفن، کە دەکاتە خوشکی ڕیچی گولدینگ، پاش تلانەوەیەکی درێژخایەن بە دەست نەخۆشییەک، کە وا دیارە نەخۆشیی شێرپەنجە بووبێ، مردووە. لە ڕۆژی ٣١ی ئازاری ٢٠٢١دا کە ڕاڤەی ئەم ئەڵقەیەم وەردەگێڕا، ئەم هۆنراوەیەشم لەگەڵیدا وەرگێڕا.

گوڵنیشان، بە ئینگلی (daisy): گوڵێکی بچکۆلەی کێوییە، ناوەڕاستەکەی تۆپێکی زەردی خڕە و گەڵای سپیی وردی بە دەورەوەیە. ئەگەرچی لە هەندێ لە فەرهەنگەکاندا بە: «گوڵی مینا، چاوپشیلە، خەزێمۆک، داودی» و چەند ناوێکی تریش هاتووە، بەڵام من ناوەکەم لە فەرهەنگی ڕووەکناسیی کوردستان و فەرهەنگی فارسی-کوردییەوە هێناوە، کە هەردووکیان «گوڵنیشان» پشتڕاست دەکەنەوە.

ئەمەی خوارەوە دەقە ماکەکەی وایڵد خۆیەتی:

Requiescat

Tread lightly, she is near

Under the snow,

Speak gently, she can hear

The daisies grow.

All her bright golden hair

Tarnished with rust,

She that was young and fair

Fallen to dust.

Lily-like, white as snow,

She hardly knew

She was a woman, so

Sweetly she grew.

Coffin-board, heavy stone,

Lie on her breast,

I vex my heart alone

She is at rest.

Peace, Peace, she cannot hear

Lyre or sonnet,

All my life’s buried here,

Heap earth upon it.

گۆرانییەکەی فێرگس

گۆرانییەکەی فێرگس[1]

داخۆ ئێستا کێ بێ لەگەڵ فێرگس بڕوا

تا تارای تاری قووڵایی جەنگەڵ ببڕێ و

لەسەر کەنارە تەختەکە[2] سەما بکا؟

هۆ کوڕەکە، ئەو برۆ ئاڵەت هەڵببڕە،

تۆش کچەکە، پێڵووی ناسکت بڵند کە،

بەسە ترس، بە هیواوە ڕابمێنن.

چیتر بەسە دۆشدامان و پیشخواردنەوە

بۆ تاڵاوی ڕازی ئەوین،

چونکە فێرگس گالیسکەی مس دەئاژووێ و

تاریکستانی جەنگەڵ و

سینەی سپیی دەریای تار و

گشت ئەستێرە گەڕۆک و ژاکاوەکانیش

ڕام دەکات و دەیانخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆیەوە.


[1] نووسینی ولیەم بەتڵەر یەیتس (١٨٦٥-١٩٣٩)، لە ١٩ی شوباتی ٢٠٢١دا وەرمگێڕاوە. ناونیشانی هۆنراوە ئینگلییەکە «کێ لەگەڵ فێرگسدا دەڕوا»یە، جەیمس جۆیس وتوویەتی: «جوانترین هۆنراوەی هەموو جیهانە» یەیتس هۆنەر و شانۆنووس و یەکێک بووە لە گرنگترین نووسەرەکانی ئایرلاند و سەدەی بیستەم، لە ساڵی ١٩٢٣دا خەڵاتی نۆبڵی وێژەی وەرگرتووە.

فێرگس ماک ڕۆییخ لە ئەفسانەی ئایریدا برای پاشای ئۆڵستەرە و سەردەستەی تیپی سوارەی پاشاییە و مەشق بە جەنگاوەران دەکا. ئۆڵستەر و کۆنەخت دووانن لە هەرێمەکانی ئایرلاند. براکەی فێرگس لە جەنگێکدا دەکوژرێ و بە گوێرەی نەریتی میرات، دەبێ فێرگس ببێ بە پاشا. فێرگس دەشیەوێ براژنەکەی خۆی بخوازێتەوە، بەڵام براژنەکەی بۆ شووکردنەوە مەرجێکی هەیە، ئەویش ئەوەیە دەبێ کوڕەکەی خۆی، کە ناوی (کرۆخۆر ماگنێسا)یە، بۆ ماوەی ساڵێک پێش فێرگس ببێ بە پاشا. فێرگس قایل دەبێ و کرۆخۆری برازای دەبێ بە پاشا. بەڵام ئەم برازایە ئەوەندە پاشایەکی باش و لێهاتوو دەردەچێ، کە دوای ساڵەکە پیاوماقووڵانی ئۆڵستەر دەیکەنە پاشای هەمیشەیی خۆیان. فێرگس لای گرنگ نییە و کارەکەی خۆی وەک سەردەستەی سوارە و سوپا پێ خۆشە و دەست دەکاتەوە بە مەشقی جەنگاوەران. یەکێک لە قوتابییە جەنگاوەرەکانی ناوی (زەتانتا)یە و کە گەورەتر دەبێ، شەڕکەرێکی گەورەی لێ دەردەچێ و بە ناوی (کووخۆلین) دەناسرێ. ڕۆژێک پاشا کروخۆر بانگهێشتی ماڵی سەرۆکی هۆزەکەیان دەکرێ، بەڵام لەوێ لە پرزانگی ژنی سەرۆکی هۆزەکەیدا گوێی لە قیژەی مناڵێک دەبێ. دواتر ئەم مناڵە لە دایک دەبێ و کچ دەردەچێ و ناوی دەنێن (دییەدرە). بەڵام کروخۆر بەردەوام قیژەی مناڵەکە لە سکی دایکیدا لێکدەداتەوە و دواجار دەچێتە لای گەورەی درویدەکان، سەرۆکی درویدەکان ئەم قیژەی ناو پرزانگە وا لێکدەداتەوە کە دییەدرە کە گەورە بوو دەبێ بە جوانترین کچی ئایرلاند، بەڵام ئەگەر شوو بە پاشا بکا، ئەوا کارەساتێک تووشی ئۆڵستەر دەکا. کارەساتەکەش ئەوەیە کە هەموو جەنگاوەرەکانی ئۆڵستەر بە فێرگسیشەوە، دەردەکرێن. ڕاوێژکارەکانی پێشنیار دەکەن مناڵەکە بکوژن، بەڵام کروخۆر دەکەوێتە خەیاڵی جوانیی ئایندەی کچەکەوە، دایدەنێ کە دییەدرە گەورە بوو بیخوازێ. کە دییەدرە گەورە دەبێ، کروخۆر دەیخوازێ، بەڵام ئەو نایەوێ شووی پێ بکا چونکە زۆر لەو بەتەمەنترە، بەڵکو حەز لە کوڕێک دەکا بە ناوی (نۆیشا)وە، کە یەکێکە لە جەنگاوەرەکانی ژێردەستی فێرگس و ئامۆزای کووخۆلینە. دییەدرە لەگەڵ نۆیشادا ڕەدوو دەکەوێ و جەنگاوەرەکانی کروخۆر دوایان دەکەون و ئەوانیش خۆیان دەشارنەوە. پیاوماقووڵان پێشنیار دەکەن کروخۆر لێیان ببوورێ و ئاشت ببنەوە تا بگەڕێنەوە. نۆیشا بە مەرجێک ڕازی دەبێ بگەڕێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە فێرگس و هەندێ لە سوارەکان لەگەڵیدا بن تا بۆ ئۆڵستەر دەگەڕێنەوە. ئەگەرچی دییەدرە هەست دەکا پیلانێک لە پشت ئەمەوە هەیە و کروخۆر دەیەوێ هەڵیانبخڵەتێنێ، نۆیشا گوێ ناداتێ. فێرگس دەیانگەڕێنێتەوە، بەڵام لە ڕێگادا سەرۆکهۆزێک بانگهێشتی فێرگس دەکا بۆ نانخواردن و ئەویش بە دەنگ بانگهێشتەکەوە دەچێ. نۆیشا و دییەدرە ناچار دەبن لەگەڵ (فیاها)ی کوڕی فێرگسدا بڕۆن. لەم کاتەدا دەردەکەوێ کە کروخۆر ئەمەی بۆ پیلان گێڕاوە و پیاوکوژێکی بە دوایاندا ڕاسپاردووە کە نۆیشا بکوژێ، لەم پەلامارەدا نۆیشا و فیاهای کوڕی فێرگسیش دەکوژرێن و دییەدرە بە دیلی دەگەڕێنرێتەوە لای کروخۆر. کە فێرگس ئەمە دەبیستێتەوە کۆمەڵێک جەنگاوەر کۆ دەکاتەوە و هەڵدەکاتە سەر برازاکەی خۆی و زۆربەی پاسەوانەکانی و خێزانەکەی دەکوژن و ئاگر لە کۆشکەکەی بەردەدەن، بەڵام دەستی بە خۆی ناگا. پاشان لە داخی مردنی کوڕەکەی و خیانەتی برازاکەی، ئۆڵستەر بە جێ دەهێڵێ و پەیوەندی بە دوژمنانی ئۆڵستەرەوە دەکا، کە شانشینی کۆنەختن. هەر زووبەزوو، فێرگس دەبێتە متمانەپێکراوترین ڕاوێژکاری شاژنی کۆنەخت کە ناوی (مێڤ)ە، دواتریش ئەوینداری یەک دەبن، سەرەڕای ئەوەی مێڤ شووی کردووە و ژنی پاشای کۆنەختە کە ناوی (ئەڵیڵ)ە. فێرگس حەوت ژنی پێویستە لە شەوێکدا تا ئارەزووی دابمرکێتەوە، بەڵام مێڤ و ژنێکی تر بە تەنیا دەتوانن ئارەزووی ئەو تێر بکەن، ژنەکەی تر ناوی (فڵییاژ)ە، کە بانووخودای ڕەشەوڵاخ و مناڵبوونی کەڵتییەکان بووە. دواتر فێرگس فلییاژ دەخوازێ و پەیوەندیشی لەگەڵ مێڤدا دەمێنێتەوە. پاش ماوەیەک شەڕ لە دژی ئۆڵستەر هەڵدەگیرسێنێتەوە. لە شەڕەکەدا فێرگس کروخۆر ئابڵووقە دەدا، بەڵام بە هۆی لێهاتوویی کووخۆلینەوە، کە قوتابیی خۆی بوو و لە بەرەی ئۆڵستەردا دەجەنگێ، فیرگس سەرکەوتوو نابێ و شەڕەکە بە قازانجی کووخۆلیندا دەشکێتەوە. مێڤ هەست بە شەرمەزاری دەکا و بڕیار دەدا بێ فێرگس لەگەڵ ئۆڵستەردا بجەنگێ و خۆی سەروکاریی جەنگەکە دەکا و کۆنەخت بە جێ دەهێڵێ. فێرگس و ئەڵیڵ لە کۆنەخت تەنیا دەمێننەوە و ئەڵیڵیش لە تۆڵەی ئەوەی فێرگس لەگەڵ ژنەکەیدا جووت بووە، فێرگس دەکوژێ.

ئەمەی خوارەوە دەقە ماکەکەی یەیتس خۆیەتی:

Who goes with Fergus?

Who will go drive with Fergus now,

And pierce the deep wood’s woven shade,

And dance upon the level shore?

Young man, lift up your russet brow,

And lift your tender eyelids, maid,

And brood on hopes and fear no more.

And no more turn aside and brood

Upon love’s bitter mystery;

For Fergus rules the brazen cars,

And rules the shadows of the wood,

And the white breast of the dim sea

And all dishevelled wandering stars.

[2] کەنارە تەختەکە: واتە کەنارەکە تەخت بێ، نەک تەختە بێ.

ئیشا-ئوپانیشاد

ئوپانیشادەکان

دوێنێ دەستم کرد بە خوێندنەوەی ئەم پەڕتووکە، ئەگەرچی چوار بەشە، بەڵام تەنها بەشی یەکەمیم خوێندەوە. لەبەرئەوەی دەقەکانی ئاڵۆز بوون و بە ئاسانی نەمدەتوانی تێیانبگەم، ناچار دەقەکانم دەکرد بە کوردی تا زیاتر لە هەر وشەیەک ڕابمێنم و لە ئەنجامدا لە مەبەستەکە تێبگەم. بۆیە تەنها دەقی هۆنراوەکانم لە ئینگلیزییەوە بۆ کوردی وەرگێڕا نەک ڕاڤەکانیان. ئەمەش ئەنجامەکەیە. لە دەرفەتێکی تردا ڕاڤەکانیشی وەردەگێڕم. بەڵام با هیچ نەبێ ئەمەندە هەبێ.

بەشی یەکەم:  ئیشا-ئوپانیشاد

وەرگێڕانی: نەوا موکرجی

٤-٥ی تەممووزی ٢٠٢٠

سروودی ئاشتی

ئۆم! ئەو (ڕەها نادیارەکە) گشتییەتییە، گشتییەتی (دیاردەییە دیارەکە) ئەمەیە: لە گشتییەتیی نادیارەوە گشتییەتیی دیار دێتە بوون. ئەگەرچی گشتییەتییە دیارەکە لە گشتییەتییە نادیارەکەوە پەیدا بووە، بەڵام گشتییەتییە نادیارەکە بە نەگۆڕیی دەمێنێتەوە.

ئۆم! ئاشتی! ئاشتی! ئاشتی!

یەکەم

هەموو ئەمانە، هەر شتێک لە گەردووندا بوونی هەبوو، دەبێ لە لایەن خوداوە بپارێزرێ، کە دەستبەرداری ناڕاستی بووی، چێژ لە ڕاستی ببینە. بێزوو بە سامانی کەسەوە مەکە.

دووەم

گەر کەسێک ئارەزوو دەکا سەد ساڵ لەم جیهانەدا بژی، ئەوا دەبێ کارما (کردەوەی چاک) بکا. دەبێ ئاوها بژیت، هیچ ڕێگایەکی تر نییە. بە کردنی ئەمە کارما (کاردانەوە و بەری کردەوەکانت) گڵاوت ناکا.

سێیەم

ئەوانەی خودیان لە ناو بردبێ، پاش بەجێهێشتنی لەشیان، دەچنە جیهانی (ئەسورا)کانەوە، کە بە نەزانی و نەخوێنەوارییەکی کوێرکەر داپۆشراوە.

چوارەم

ئەو، ئەگەرچی بێجووڵەیە، بەڵام لە ئاوەز خێراترە. هەستەوەرەکان هەرگیز ناتوانن پێشی بدەنەوە. چونکە ئەو هەمیشە پێشدەکەوێ. ئەگەرچی ناجووڵێ، بەڵام لەوانەش خێراتر گەشت دەکا کە ڕادەکەن. هەوای گشتگیر هەر بە ئەو هەموو بوونەوەران بە زیندوویی دەهێڵێتەوە.

پێنجەم

دەجوڵێ و ناشجووڵێ. دوورە و نزیکیشە. لەناو هەموو شتێکدایە و بێ هەموو شتێکیشە.

شەشەم

ئەو کەسەی هەمووان لەناو خوددا دەبینێ و خودیش لەناو هەموواندا دەبینێ، هەرگیز لە خود لانادا.

حەوتەم

ئەو کەسەی هەموو بوونەوەران وەک خود دەبینێ و تێدەگا، چۆن تووشی فریوخواردن و خەمخواردن دەبێ، کاتێ ئەو یەکێتییە لە هەموو شوێنێک دەبینێ؟

هەشتەم

خود ئابڵووقەدەری هەموو شتێکە، درەوشاوەیە، بێلەشە، بێخەوشە، بێ ماسولکەژێیە، پوختە، دەستی گوناهی بەرنەکەوتووە، هەموو شت دەبینێ، هەموو شت دەزانێ، سەراسیمەکەرە، خۆخۆبەدیهێنەرە، هەموو شتێکی بە جوانی لە پێناو ساڵانی تاتاییدا بەخشیوە.

نۆیەم

ئەوانەی نەزانی/کار دەپەرستن دەکەونە جیهانی تاریکییەکی کوێرانەوە، ئەوانەی زانین/باوەڕ دەپەرستن، بە شێوەیەک دەکەون، وەک بڵێی دەکەونە تاریکییەکی مەزنترەوە.

دەیەم

بە زانین/باوەڕ سەرێک بە دەست دێ، بە نەزانین/کار سەرەکەی تر. ئاوها لە دانایانەوە بیستوومانە کە ئەمەمان فێر دەکەن.

یانزەیەم

ئەو کەسەی هاوکاتی یەک زانین/باوەڕ و نەزانین/کار دەزانێ، لە ڕێی نەزانین/کارەوە بەسەر مردندا دەپەڕێتەوە و لە ڕێی زانین/باوەڕەوە بە نەمری دەگا.

دوانزەیەم

ئەوانەی دەرنەکەوتوو دەپەرستن دەکەونە جیهانی تاریکییەکی کوێرانەوە، ئەوانەشی دەرکەوتوو دەپەرستن، بە شێوەیەک دەکەون، وەک بڵێی دەکەونە تاریکییەکی مەزنترەوە.

سیانزەیەم

بە پەرستنی دەرنەکەوتوو سەرێک بە دەست دێ، بە پەرستنی دەرکەوتوو سەرەکەی تر. ئاوها لە دانایانەوە بیستوومانە کە ئەمەمان فێر دەکەن.

چواردەیەم

ئەو کەسەی هاوکاتی یەک دەرنەکەوتوو و دەرکەوتوو (یان ئەوەی دەکرێ لە ناو ببرێ) دەزانێ، لە ڕێی زانینی ئەوەیانەوە کە دەکرێ لە ناو ببرێ (دەرکەوتوو) بەسەر مردندا دەپەڕێتەوە و لە ڕێی زانینی هۆی یەکەمەوە (دەرنەکەوتوو) بە نەمری دەگا.

پانزەیەم

ڕوخساری ڕاستی بە خەپلەیەکی زێڕین شارراوەتەوە. ئەی پوشان (خودای درەوشاوە) ڕووت وە دەر بخە، بۆ ئەوەی منی ڕاستی-پەرست بتبینم.

شانزەیەم

ئەی پوشان! ئەی خۆر، تاقە گەڕیدەکەی ئاسمانەکان، ڕکێفکەری هەمووان، کوڕی پراجەپاتی، تیشکەکانت ڕابکێشەرەوە و درەوشانەوە سووتێنەرەکەت کۆ بکەرەوە. ئێستا لە ڕێی میهرەبانیتەوە تەماشای بەخشندەیی و شکۆداریی شێوەکەت دەکەم. من ئەو پوروشایەم (بریسکە) کە لەناو تۆدایە.

حەڤدەیەم

با هەناسەی ژیانم بۆ پرانای نەمر و گشتگیر بێ، با ئەم لەشەش تا دەبێ بە خۆڵەمێش بسووتێ. ئۆم! ئەی ئاوەز، کردەوەکانت بهێنەوە یاد! ئەی ئاوەز، بیهێنەوە یاد، کردەوەکانت بهێنەوە یاد! بیهێنەوە یادت!

هەژدەیەم

ئەی ئاگنی! لە ڕێگە ڕاستەکەوە بەرەو کامەرانیمان ببە. ئەی خودایە! تۆ بە هەموو کردەوەکانمان دەزانی، هەموو خراپەیەک و فریودانێکمان لەسەر هەڵبگرە. دووبارە و دووبارە کڕنووش و نزاکانمان پێشکەشی تۆ دەکەین.

****

لێرەدا ئەم ئوپانیشادە تەواو دەبێ.

سۆنێتی ١٨

سۆنێتی ١٨[1]

بەراوردت کەم بە ڕۆژی هاوین؟

تۆ زۆر جوانتر و لەسەرخۆتری:

ڕەشەبا چرۆی نازداری ئایار ڕادەتەکێنێ،

وەرزی هاوینیش زۆر کورتخایەنە؛

چاوەکەی ئاسمان زۆر جار ئێجگار گەرم هەڵدێ و تاودەدا،

تاوتاو ئەو ڕووە زێڕینەی بە هەور کز و ڕەش دادێ؛

جارجارێ جوانیی هەموو جوانەکان ئاوا دەبێت و

بە ڕێکەوت بێ یان گۆڕانی سروشت هەموو دەژاکێن؛

بەڵام هاوینە هەمیشەییەکەت کاڵ نابێتەوە،

ئەو جوانییەشت قەت ناچێتەوە؛

مردن ناتوانێ خۆی هەڵبکێشێ کە وێڵی لەناو جیهانی خواروو،

کاتێ لە دێڕە تاتاییەکانما هەر گەشە بکەی:

تاکو هەناسەی مرۆڤ بمێنێ، تاکو بینایی چاوان بمێنێ،

تا ئەم هۆنراوە لە ژین بمێنێ، هەر بە زیندوویی دەتهێڵێتەوە.


[1] نووسینی ولیەم شێکسپیر (١٥٦٤-١٦١٦)، لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا وەرمگێڕاوە. ئەمەی خوارەوە دەقە ماکەکەی شێکسپیر خۆیەتی:

Shall I compare thee to a summer’s day?

Thou art more lovely and more temperate:

Rough winds do shake the darling buds of May,

And summer’s lease hath all too short a date;

Sometime too hot the eye of heaven shines,

And often is his gold complexion dimm’d;

And every fair from fair sometime declines,

By chance or nature’s changing course untrimm’d;

But thy eternal summer shall not fade,

Nor lose possession of that fair thou ow’st;

Nor shall death brag thou wander’st in his shade,

When in eternal lines to time thou grow’st:

So long as men can breathe or eyes can see,

So long lives this, and this gives life to thee.

ئەستێرە شەرمنەکە

ئەستێرە شەرمنەکە

ئەگەرچی ئەم هۆنراوەیەی جەیمس جۆیس ناونیشانێکی دیاریکراوی نییە و تەنها بە (IV) واتە چوارەم، لە پەڕتووکی (موزیکی ژوور)ەکەیدا دەستنیشان کراوە، بەڵام من ئەم ناوەم لێی نا و بۆ کوردیم وەرگێڕا. هیوادارم چێژی لێ ببینن.


کە ئەستێرە شەرمنەکە لە ئاسماندا دەردەکەوێ

وەکو پاکیزەیەک خەمگین،

لەبەردەرگاکەت گوێت لێیە یەکێ گۆرانی دەبێژێ

لەناو وەنەوزی خۆرنشین.

گۆرانییەکەی لە ئاورنگیش سازگارترە

بۆ سەردانی تۆ هاتووە.

***

لە داڵغەکانتا مەژاکێ

کە ئەوەتا لە بوولێڵدا بانگت دەکا

ڕاشمەمێنە: داخۆ کێ ستران ببێژێ

گۆرانیی کێ بەسەر دڵما دادەبارێ؟

بەستەی دڵدار بناسەوە

منم کۆچم بۆت هێناوە[1]


[1] هۆنراوە و دەربەدەران، نووسینی (جەیمس جۆیس)، دەزگای پەنگوین، بەریتانیا، 1992، ئای ئێس بی ئێن: 9780140185553 موزیکی ژوور: هۆنراوەی چوارەم، لاپەڕە 7.

دیمەنێک: کاسەی پیرۆز

دیمەنێک لە فیلمی گەڕان بە دوای کاسەی پیرۆزی مۆنتی پایثن

ئاپۆرایەک پیاوی تووڕە ژنێک پەلکێش دەکەن، بە تووڕەییەوە دەنەڕێنن:

– جادووبازە!

– جادووباز!

– جادووبازێکمان گرت!

بە هەموویان بەرەو لای ئەفسەرێک پەلکێشیدەکەن. یەکێکیان لە ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– جادووبازێکمان گرت، بیسووتێنین؟

خەڵکەکە هەموو هوتاف دەکێشن و دەیکەن بە هەرا. ئەفسەرەکە ئاماژەیان بۆ دەکا بێدەنگ بن. دەپرسێ:

– چۆن دەزانن جادووبازە؟

یەکێک وەڵامدەداتەوە:

– لە جادووباز دەچێ!

سەربازەکە فەرماندەدا:

– ئادەی بیهێننە بەردەمم.

ئەوانیش وادەکەن. ژنەکە جلوبەرگی جادووبازی پۆشیوە و لووتێکی زۆر درێژیشی بە لووتەوەیە. لە بەردەمی ئەفسەرەکەدا دەڵێ:

– جادووباز نیم! جادووباز نیم!

ئەفسەرەکە وەڵامیدەداتەوە:

– بەڵام پۆشاکەکەی بەرت لە هیی جادووبازان دەچێ.

ژنەکە وەڵامدەداتەوە:

– ئەوان ئەو پۆشاکەیان پێلەبەرکردووم!

هەندێک لە خەڵکانی ئاپۆراکە حاشایلێدەکەن. ژنەکە بەردەوام دەبێ:

– تەنانەت ئەمە لووتی خۆشم نییە، دەستکردە!

ئەفسەرەکە پشکنینێکی خێرا بۆ لووتە ساختەکەی دەکا. تەماشایەکی خەڵکەکە دەکا. دەڵێ:

– ها؟!

یەکێک لە خەڵکەکە دەڵێ:

– بەڵێ، لووتەکە ئێمە بۆمان دانا.

ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– هەر لووتەکە؟

– شەبقەکەشی. بەڵام جادووبازە!

خەڵکەکە دیسان دەیکەنەوە بە هەرا و هوتافکێشان. هاواردەکەن:

– بیسووتێنن! بیسووتێنن!

ئەفسەرەکە لێیاندەپرسێ:

– ئێوە ئەم پۆشاکەتان پێلەبەرکردووە؟

هەمووان بە جیاجیا وەڵامدەدەنەوە:

– نەخێر.

– نا.

– نەخێر.

یەکێکیان وەڵامەکەی دەگۆڕێ:

– بەڵێ.

بە دوودڵییەوە تەماشای هاوڕێکانی تری دەکا، ئەوانیش قسەکەی دەسەلمێنن.

– بەڵێ.

– بەڵێ، تۆزێکی!

– بەڵێ، کەمێکی!

– بەڵێ، ئەوەتا بالووکەیەکیش بە دەموچاوییەوەیەتی.

ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– چی واتانلێدەکا وا هەستبکەن کە جادووبازە؟

پیاوێک هاواردەکا:

– منی کرد بە قوڕناویلکە1!

ئەفسەرەکە سەیریلێدێ، دەپرسێ:

– قوڕناویلکە؟!

پیاوەکەش تەماشایەکی خۆی دەکا و هەموو چواردەورەکەشی بە گومانەوە تەماشایدەکەن. کەمێک بێدەنگ دەبن. پیاوەکە دەڵێ:

– بەڵام چاکبوومەتەوە!

بێدەنگییەکی ناجۆر بۆ چەند چرکەیەک بەسەر هەموواندا باڵدەکێشێ. یەکێک بە ڕقەوە هاوار دەکا:

– بەهەرحاڵ؛ بیسووتێنن!

هەمووان بە ڕقەوە هوتاف دەکێشن و هاواردەکەن:

– بیسووتێنن! بیسووتێنن!

لەم کاتەدا پاشاکەیان نزیکدەبێتەوە و لە دوورەوە تەماشادەکا. بەڵام کەس پاشا ناناسێ. ئەفسەرەکە ئاماژەیان بۆدەکا کە هێورببنەوە. دەڵێ:

– بوەستن! بوەستن! چەند ڕێگایەک هەیە بتوانین بزانین کە ئایا جادووبازە یان نا!

خەڵکەکە سەیریانلێدێ. دەپرسن:

– بەڕاست؟ بەڕاست؟ ئێ دە پێمانبڵێ!

ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– باشە، پێمبڵێن: چی لە جادووباز دەکەن؟

هەموو بە یەک دەنگ هاوار دەکەن:

– دەیسووتێنین! دەیسووتێنین!

ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– ئەی جگە لە جادووباز، چیی تر دەسووتێنرێ؟

یەکێک هاواردەکا:

– جادووبازی تر!

بەڵام هاوڕێکەی تەنیشتی سیخورمەیەکی لێدەدا. یەکێکی تر دەڵێ:

– تەختە!

ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– بۆچی جادووباز دەسووتێ؟

هەمووان بۆ وەڵامێک دەگەڕێن و بێدەنگن. کەس وەڵامی پێنییە. دواتر یەکێکیان بە دوودڵییەوە وەڵامدەداتەوە:

– چونکە لە تەختە دروستکراون؟

ئەفسەرەکە دەڵێ:

– ئافەرین! ڕێک وایە!

خەڵکەکە هەموو بە بزەی تێگەیشتنەوە دەڵێن:

– ئەها! ئێ! ئێ!

ئەفسەرەکەش دەپرسێ:

– ئێ، ئێستا چۆن بزانین کە ئایا ئەو لە تەختە دروستکراوە یان نا؟

یەکێکیان دەڵێ:

– ئەگەر پردێکی لێدروستبکەین!

ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– ئەها، بەڵام ئەی ناتوانین لە بەردیش پرد دروستبکەین؟

خەڵکەکەش بیردەکەنەوە و دەڵێن:

– بەڵێ… با، وایە!

ئەفسەرەکە دەپرسێ:

– ئایا تەختە لە ئاودا نوقمدەبێ؟

خەڵکەکە دەڵێن:

– نەخێر.

یەکێکیان هاواردەکا:

– سەرئاودەکەوێ! سەرئاودەکەوێ!

یەکێکی تر قسەکەی پەسەند دەکا و هاواردەکا:

– با هەڵیبدەینە ناو گۆماوەکەوە!

هەموو هاوار دەکەن:

– بۆ گۆماوەکە! بۆ گۆماوەکە!

ئەفسەرەکە هێوریان دەکاتەوە، لێیاندەپرسێ:

– چیی تر سەرئاودەکەوێ؟

خەڵکەکە بە جیاجیا وەڵامدەدەنەوە:

– نان!

– سێو!

– بەردی زۆر ورد!

– شەربەتی سێو!

– ئەها، ڕۆناو!

– گێلاس!

– قوڕ!

– کڵێسا! کڵێسا!

– قوڕقوشم! قوڕقوشم!

پاشا هاواردەکا:

– مراوی!

خەڵکەکە هەموو بێدەنگ دەبن و هەناسەی سەرسامی دەدەنەوە. ئەفسەرەکە و هەمووان ئاوڕی بۆدەدەنەوە، ئەفسەرەکە دەڵێ:

– ڕێک وایە!

پاشان ڕوودەکاتەوە خەڵکەکە و دەڵێ:

– ئێ، کەواتە بە شێوەیەکی لۆژیکی…

یەکێک لە خەڵکەکە دەڵێ:

– ئەگەر ئەم ژنە کێشی بە قەد کێشی مراوییەک بێ… کەواتە لە تەختە دروستبووە!

ئەفسەرەکە دەڵێ:

– کەواتە…

هەموو بێدەنگ دەبن.  لەپڕ یەکێک هاواردەکا:

– جادووبازە! جادووبازە!

هەمووان چەپڵە لێدەدەن و هوتاف دەکێشن. ئەفسەرەکە دەڵێ:

– کەواتە دەبێ گەورەترین تەرازوو بەکاربهێنین.

ژنەکە بەرەو تەرازوویەکی گەورە دەبەن، دەیخەنە تایەکییەوە و مراوییەکیش دەخەنە تاکەی ترییەوە: ژنەکە لە مراوییەکە قورستر دەردەچێ. هەمووان هاواردەکەن:

– جادووبازە! جادووبازە!

ژنەکە دەڵێ:

– لە قافدا گیرام!

– بیسووتێنن! بیسووتێنن!

————————-

  1. قوڕناویلکە: ئاژەڵێکی خشۆکە، لە توخمی مارمێلکەیە.

————————-

ئەمە دیمەنێکە لە فیلمی دۆزی گەڕان بەدوای جامی پیرۆزدا، نووسینی مۆنتی پایثن، دەرهێنانی تێری گیڵیەم و تێری جۆنز.

وەرگێڕانی: نەوا موکرجی.

دەربارەی کورتیی ژیان

دەربارەی کورتیی ژیان[1]

نووسینی: لووسیۆس ئەنێیوس سینیکا (٤پ.ز. – ٦٥ز)

وەرگێڕانی لە لاتینییەوە بۆ ئینگلیزی: گاریث دی. ولیەمس

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: نەوا موکرجی

یەکەم

پاولینوس[2]، زۆربەی مرۆڤەکان دژ بە خراپیی سروشت سکاڵا دەکەن. چونکە ڕادەی بۆبڕراوەی ژیانمان زۆر کورتە. یان ئەم کاتەی پێمان دراوە زۆر خێرا دەڕوا، ئەوەندە بەپەلە و ئەوەندە خێرا کە هەندێ کەسی کەمی لێ بەدەر بێ، ئەگینا ژیان زۆربەمان لە کاتی تەنگانەدا، یان ڕێک لەو کاتەدا کە خۆمان بۆ ژیانکردن ئامادە دەکەین بە جێ دەهێڵێ. جا تەنها خەڵک و جەماوەرە بیرنەکەرەوەکە نین کە وا سکاڵا دەکەن و ژیان بە بەدکارێکی گەردوونی تێگەیشتوون، بەڵکو هەمان هەست وا لە کەسانێکی لێهاتووش دەکا کە سکاڵا بکەن. هەر لەبەر ئەمەیە کە مەزنترینی پزیشکەکان ئەو پەندە بەناوبانگەی وتووە کە دەڵێ: «ژیان کورتە، هونەر درێژە[3]». سکاڵاکەی ئەریستۆش هەر لەبەر ئەمەیە، نەشیاوترین وتەیە فەیلەسوف بیڵێ، کاتێک سروشت بەوە سەرزەنشت دەکا کە کاتێکی زۆری بە ئاژەڵان بەخشیوە، کە پێنج یان دە ئەوەندەی هیی مرۆڤ زیاترە، کەچی زۆر لەوە کەمتری بۆ مرۆڤ بڕیوەتەوە، ئەگەرچی مرۆڤ بۆ بەجێهێنانی کاری زۆر مەزنیش ئافرێنراوە.

بەڵام ئێمە کاتێکی کەممان بۆ ژیانکردن نییە، بەڵکو بەشێکی زۆری لێ بە فیڕۆ دەدەین. ژیان بەشی خۆی درێژە، ئەگەر هەمووی بە باشی وەبەربهێنین ئەوا تا ڕادەیەکی بەخشندانەش بۆ بەجێهێنانی مەزنترین شتەکان پێمان بەخشراوە. بەڵام کە کات لە ژیانێکی بێباکانە و بێهوودەدا بە فیڕۆ بدرێ، یان لە هەوڵی بێبەهادا بە سەر ببرێ، مردن لە کۆتاییدا فشار دەهێنێ و درک بەوە دەکەین کە ئەو ژیانەی سەرنجی تێپەڕینەکەیمان نەدەدا: تێپەڕی. بۆیە وایە: ئەو ژیانەی پێمان دراوە کورت نییە، بەڵکو ئێمە وای لێ دەکەین کورت بێ.

کەمتەرخەمی لە بەشپێدانماندا نەکراوە، بەڵکو ئێمە ژیان بە فیڕۆ دەدەین. هەروەک چۆن سامانی شاهانە و زۆر ئەگەر بدرێتە دەست بەڕێوەبەرێکی خراپ ئەوا لە چرکەساتێکدا بە فیڕۆ دەدرێ. بەڵام کاتێک بە خەمخۆرێکی خۆبەبەرپرسزان دەسپێررێ، ئەوا لە ڕێی دابەشکردنی وریایانەوە مامناوەندییانە گەشە دەکا. کاتی ژیان بوارێکی فراوان دەبەخشێ بەو کەسەی کە بە باشی نەخشەی بۆ دادەڕێژێ.

سێیەم

هەرچەندە هەموو ئەو مێشکە پرشنگدارانەی کە بە درێژایی سەردەمەکان درەوشاونەتەوە لەسەر ئەم خاڵە کۆکن، بەڵام هەرگیز نەیانتوانیوە سەرسامیی خۆیان بەرانبەر ئەم تەمومژە تۆخەی ناو مێشکی مرۆڤ بە وردی دەرببڕن. هیچ کەسێک ڕێ بە هیچ کەسێک نادا دەست بەسەر موڵکەکانیدا بگرێ، ئەگەر ناکۆکییەکی بێبایەخیش لەسەر هێڵی سنوورەکانیان سەر هەڵبدا، ئەوا پەنا دەبرێتە بەر بەرد و بازوو، کەچی خەڵک ڕێ دەدا ئەوانی تر پەرژین بشکێننە سەر بوونیان – یان لەوەش زیاتر، ئەو کەسانە بانگهێشت دەکەن کە دەست بەسەر ژیانیاندا دەگرن. هیچ کەسێک نادۆزیتەوە کە بییەوێ پارەکانی خۆی دابەش بکا، کەچی هەر یەکێک لە ئێمە ژیانی خۆی لەگەڵ چەندین کەسی تردا دابەش کردووە! مرۆڤ لە پاراستنی موڵکە تایبەتییەکانیدا گیرە، کەچی کە دێتە سەر کاتبەفیڕۆدان، زۆر دەستبڵاون لە تاکە شمەکێکیاندا کە ئەگەر بۆی چاوبرسی ببی جێگەی ڕێزە.

جا دەمەوێ یەکێک لە پیرترین خەڵکەکان بە گیر بهێنم و پێی بڵێم: «دەبینم تۆ گەیشتوویتەتە سنووری کۆتایی تەمەنی مرۆڤێک، وا بەرەو سەدەمین ساڵ یان زیاتری تەمەنت هەڵدەکشێی. وەرە، ژیانت بخەرە بەردەم وردبینین و پێداچوونەوە، با بیژمێرین چەنێک کاتت بە دەستی قەرزدەرێکەوە لێ ڕۆیشتووە، چەنێکت بە دەستی دۆستێکتەوە، چەنێکت بە دەستی کۆیلەیەکی ئازادکراوتەوە، چەنێکت بە دەستی کڕیارێکتەوە، چەنێکت بە دەمەقاڵێکردن لەگەڵ ژنەکەتدا، بە سزادانی کۆیلەکانت، لە سووڕانەوە بە شارەکەتدا بۆ بەجێهێنانی کارێکی کۆمەڵایەتی لێ بە فیڕۆ چووە. ئەو کاتانەشی بخە سەر کە تووشی نەخۆشی بووی، ئەو کاتانەش کە بێهوودە ڕۆیشتوون: دەبینی کە ساڵانێکی کەمترت بۆ دەمێنێتەوە لەوەی کە ژماردبووتن. ئاوڕ بدەرەوە و خۆت بیر بهێنەرەوە کە هەر کاتێک کە لە ئامانجەکانت دڵنیا بووبێتی، ئەو ڕۆژە کەمانەی وا بە نیاز بووی بشکێنەوە چۆن شکاونەتەوە؟ چەنێک لە کامی ڕکێفی خۆتدا بووی؟ چەنێک ڕوخسارت دەربڕینی خودی خۆی نمایش کردووە؟ چەنێک مێشکت لە نائاسوودەییدا نەبووە؟ لە ژیانێکی وا درێژتدا دەتوانی بە چ بەرهەمێکتەوە بنازێی؟ چەند کەس تۆیان لە بوونی خۆت تاڵان کردووە بێ ئەوەی تۆ ئاگادار بووبێتی کە چیت لێ براوە؟! چەنێک کاتت بە خەمخواردنی بێبنەماوە، لە ڕابواردنی بێسووددا، لە حەزی چاوچنۆکانەدا، لە کەشوفشەکانی کۆمەڵگادا لێ بە فیڕۆ چووە؟ دەبینی چەند کەم کاتت لە ئەنباری کاتەکانتدا بۆ خۆت ماوەتەوە. بۆت دەردەکەوێ کە تۆ هێشتاش پێش وادەی خۆت دەمری!»


[1] لە ١٥ی حوزەیرانی ٢٠١٩دا وەرمگێڕاوە، لە ١ی شوباتی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەم بۆی کردووە.

[2] پاولینوس: پۆمپەییوس پاولینوس، سوارەیەک بووە خەڵکی شاری (ئارل)ی فەڕەنسای ئێستا بووە، بەرپرسی دابەشکردنی دانەوێڵەی شاری ڕۆما بووە لە نێوان ساڵەکانی ٤٨-٥٥ی زاینیدا.

[3] ژیان کورتە، هونەر درێژە: پەندێکە، هیپۆکرات نووسیویەتی. سیسرۆ لە پەڕتووکی پرسە توسکولانییەکانی خۆیدا وتەیەکی هاوشێوەی خستووەتە پاڵ تیۆفراستوسی قوتابیی ئەریستۆ، کە پاشان شوێنی ئەریستۆشی لە قوتابخانەکەیدا گرتەوە. ئەمە یان هەڵەیە، یان بڕیارێکی بەئاگای سینیکا بووە کە پزیشکێکی بەناوبانگی وەک هیپۆکراتی لە شوێنی فەیلەسووفێکی هاوپلەی وەک ئەریستۆدا داناوە.

وتەکانی ماڕکۆس ئۆریلیۆس

بەیانییەکەت بە وتنەوەی ئەم وتەیە بۆ خۆت دەست پێ بکە:

ڕەنگە ئەمڕۆ لەگەڵ کەسانێکی خۆهەڵقورتێنەر، پێنەزان، لووتبەرز، فێڵباز، ئیرەبەر و خەڵکنەخوازدا مامەڵە بکەم. ئەوان هەموو ئەم تایبەتمەندێتییانەیان لەوەوە تووش بووە کە بە باشە و خراپە نازانن. بەڵام من سروشتی باشەم دیوە کە سروشتێکی جوانە، هیی خراپەشم دیوە کە قێزەونە، هیی ئەو کەسانەشم دیوە کە خراپە دەکەن. تەنانەت ئەگەر ئەو کەسانە کەسوکاری خۆیشم بن، نەک هەر تەنها هاوخوێن و هاوڕەگوڕیشەشم بن، بەڵکو لەگەڵمدا هاوئاین و هاوداناییش بن، ئەوا من هەرگیز بە هیچ کامێکیان بریندار ناکرێم. چونکە هیچ کەسێک ناتوانێ قێزەونیم بە سەردا بسەپێنێ. ناشتوانم لە کەسوکار و خزمان تووڕە بم یان ڕقم لێیان بێ. چونکە ئێمە بۆ هەرەوەزیی یەکتر دروست کراوین. وەکو قاچەکان، دەستەکان، پێڵووی چاوەکان و شەویلگەکانی سەرەوە و خوارەوەی دان. دژایەتیکردنی یەکتر دژی سروشتە: هەموو قین و تووڕەییەک دژایەتیکردنە و دەبێ تووڕ بدرێتە دەرەوە.