
کوارتۆ و فۆلیۆ
کە کەسێک لە بارەی کارەکانی شێکسپیرەوە دەخوێنێتەوە، زووزوو چاوی بە وشەکانی «کوارتۆ» و «فۆلیۆ» دەکەوێت.
خۆیشم لە ڕاڤەکانی ڤینوس و ئادۆنیسدا زووزوو ئاماژە بە کوارتۆ و فۆلیۆ دەدەم. وەک: «کوارتۆی یەکەم»، «کوارتۆی دووەم» و تا دوایی.
کوارتۆ
کوارتۆ: بە ئینگلی quarto. وشەیەکی لاتینیی نوێیە، واتە چارەک. چارەک ئاماژەیە بە تەکنیکێکی چاپکردنی پەڕتووک. بە گوێرەی ئەم تەکنیکە پەڕەیەک چاپ دەکرێت، بە ئەمدیو و ئەودیوی ئەم پەڕەیە هەشت لاپەڕەی پەڕتووکەکەی لەسەر چاپ کراوە. پاشان ئەم پەڕەیە دووقەد دەکرێت (واتە دوو جار قەد دەکرێت).

واتە ئەگەر پەڕتووکێک ٨٠ لاپەڕە بێت، ئەوا لەسەر ١٠ پەڕە چاپ دەکرێت و ئەم پەڕانە دووقەد دەنووشتێنرێنەوە. هەر پەڕەیەک دەبێت بە چوار پەڕە. دواتر کە سێ قەراغی پەڕتووکەکە دەبڕرێت، ئیتر شێوەی پەڕتووک وەردەگرێت.
ئەم جۆرە چاپە هەم بۆ دەزگەکانی چاپی ئەو سەردەمە ئاسانتر بوون، هەم هەرزانتریش کەوتوون. زۆربەی بەرهەمەکانی شێکسپیر لە کاتی ژیانی خۆیدا بەم تەکنیکە چاپ کراون. بۆیە هەردەم لە ڕاڤەی تەواوی کارەکانی شێکسپیردا زووزوو وشەی کوارتۆ دەبیستین. کاتێک دەوترێت «کوارتۆی یەکەم» واتە چاپە دووقەدییەکەی یەکەم.
فۆلیۆ
دوای مەرگی شێکپسیر لە ساڵی ١٦٢٣دا کۆی بەرهەمەکانی چاپ کران. بەم چاپە دەوترێت «فۆلیۆی یەکەم» The First Folio.
فۆلیۆ: بە ئینگلی folio، وشەیەکی لاتینییە، لە ڕیشەدا واتە پەڕە، بەڵام بە زاراوەی چاپ و پەڕتووکسازی واتە نووشتاوە، یان قەدکراو. ئەویش هەر تەکنیکێکی چاپکردنی پەڕتووکە. بەڵام لەمیاندا چوار لاپەڕە لەسەر یەک پەڕە چاپ دەکرێن (هەر دیوەی دوو لاپەڕە) و پەڕەکە قەد دەکرێت. ئاوها پەڕەیەک دەبێت بە دوو پەڕە. واتە پەڕەیەک دەبێت بە چوار لاپەڕە.
ڤینوس و ئادۆنیس
شێکسپیر هۆنراوەیەکی درێژی بە ناونیشانی ڤینوس و ئادۆنیس نووسیوە. باس لە هەوڵی ڤینوس دەکات بۆ سازکردنی ئادۆنیسی مێرمنداڵ. من ڕاستەوخۆ لە دەقە ماکەکەوە وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی. پەڕتووکەکەشم بە دیاری و بێبەرانبەر بڵاو کردووەتەوە، دەتوانیت لێرەوە دایبگریت. ئەم پەڕتووکە لە سەردەمی ژیانی شێکسپیردا ١٠ جار چاپ کراوە و هەر دە جارەکە بە تەکنیکی کوارتۆ چاپ کراوە. بەڵام لە فۆلیۆی یەکەمدا نییە.