
ڤینوس1

ڤینوس: (یان: وینوس، وینۆس، ڤینۆس، ڤێنوس، ڤێنۆس) بە ئینگلی Venus. خواژنی خۆشەویستیی ڕۆمییەکان بووە، بە تایبەتی هی خۆشەویستیی ئارەزووبزوێن. سەرەتا یەکێک بووە لە ناگرنگترین خواکانی دینی ڕۆمییەکان. بەڵام دواتر ڕۆمییەکان ڤینوسیان لەگەڵ ئەفرۆدیتی-ی گریکی هاوتا کردووە. ئەوجا بووە بە یەکێک لە گرنگترین خواکانی ڕۆمییەکان.
مێژووی پەرستنی ڤینوس
لە بارەی مێژووی پەرستنی ڤینوسەوە ڕاجیایی هەیە. هەندێک نووسەری دێرین دەڵێن کە ناوی وێ لە دۆسێکانی سەردەمی پاشاکانی ڕۆمدا نەهاتووە. ئەگەرچی لە ٢٣ی نیسان و ١٩ی ئابدا جەژنێک بە ناوی ڤینالیا گێڕراوە و گوایە بۆ شکۆی وێ بووە، بەڵام بۆ شکۆی وێ نەبووە و بۆنەیەکی تەواو جیاواز بووە. تەنها لە ڕووی لێکدانەوەی هەڵەی ناوەکەوە دراوەتە پاڵ ڤینوس.
بەڵام دەرباربازەکان، واتە ئەو خانمانەی پەیوەندیی سەرجێیییان لەگەڵ دەوڵەمەند و کاربەدەستان و خەڵکی دەرباردا هەبووە، ٢٣ی نیسانیان وەک پشووی خۆیان داناوە. لەو ڕۆژەدا لە پەرستگەیەکی دەرەوەی شاری ڕۆما بە شێوەی تایبەتی خۆیان ڤینوسیان پەرستووە.
بەڵام هەندێک نووسەری تر دەڵێن وا دیارە پەرستنەکەی هەر لە زووەوە لە ڕۆمدا چەسپابێت. بەڵام بێگومان سەردەمانی دواتر لە مانگی نیساندا بۆنەی شکۆمەندتر و سەنگینتری بۆ گێڕراوە. لە لایەک لەبەر ئەوەی نیسان سەرەتای بەهارە و وا بینراوە کە لای خواژنی ڤین (ئەوین، ئەڤین، ڤین: ڤینوس) مانگێکی تایبەت و پیرۆزە؛ لە لایەکی تر لەبەر ئەوەی وردەوردە ئەو باوەڕە چەسپاوە کە ڤینوسی خۆشەویستی مارس (خوای جەنگ) لە سەرهەڵدانی ڕەچەڵەکی خەڵکی ڕۆمدا دەستی هەبووە. بە هۆی ئەو ئەفسانەیەشەوە کە ئەینیاسی کردووە بە کوڕی ئانخیسیس و ئەفرۆدیتی (کە بە ڤینوس دەستنیشان کرابوو) پەرستنی وێ زیاتر چەسپاوە و ڕەگی داکوتاوە.
پیرۆزگە و پەرستگەکانی ڤینوس لە ڕۆما
پەرستگەی لاڤینیوم
پیرۆزگەیەکی ڤینوس لە لاڤینیوم هەبووە و بۆ هەموو لاتیوم کراوە بووە. خەڵکی ئاردیا لەم پەرستگەیەدا بۆنەیان گێڕاوە. بەڵام ناتوانین سەردەمەکەی دیاری بکەین.
پەرستگەی سێرکی گەورەی ڕۆما
لە سیرکوس ماکسیموس (سێرکی گەورەی ڕۆما) پەرستگایەکی بەردینی وێی لێبووە.
پەرستگەی دەروازەی کۆلین
دواتر لە دەرەوەی دەروازەی کۆلین پەرستگەیەکی تری بۆ بونیات نراوە.
ناسناو و تایبەتمەندێتییەکانی ڤینوس
دەتوانین لە ڕێی ناسناوە کۆنەکانیەوە ئەدگار و تایبەتمەندێتیی بەرایی وێ بناسین.
مورتێیا یان میرتێیا یان مورسیا

لە پەرستگەکەی سێرکی گەورەی ڕۆمادا، لای ئەو جێیەی قوربانگەی کۆنسوس شاررابووەوە، وێنەیەکی ڤینوس هەبوو، ناسناوی مورتێیا-ی لەسەر نووسراوە. دەوترێت گوایە ئەم ناسناوە هەمان میرتێیا-یە (لە میرتوس-ەوە هاتووە، بە کوردی: مۆرتک: بە ئینگلی myrtle. دەوەنێکی هەرسەوزە).
مورتێیا ئاماژەشە بە خولیای ڤینوس بۆ داری مۆرتک. چون گوایە سەردەمانی کۆن لە دامێنی گردی ئاڤێنتینۆدا ڕەزی مۆرتک لە پێش پەرستگەکەیدا هەبووە. بەڵام هەندێک نووسەری دینی ناسناوی مورسیایان لا پەسەندترە، واتە گەمژە یان گەوج، کە لە مورکوس-ی لاتینییەوە هاتووە، واتە ترسنۆک.
کلواکسینا
ناسناوێکی دێرینی تری ڤینوس کلواکسینا بووە. لاکتانتیۆس دەڵێت لەو پەیکەرەی ئەوەوە هاتووە کە تیتوس تاتیوس (شای سابینی) لە ئاوەڕۆ گەورەکەی نزیک فۆروم دایناوە. ئەگەر خوایەکی جیهانی ژێرەوە بووایە، ئەوا ئەم چیرۆکە ڕێی تێ دەچوو. بەڵام لەوانەیە ئەم چیرۆکە لەسەر گریمانەیەکی ڕیشەناسییانەی ناوەکە هەڵبەسترابێت. کلواکا بە لاتینی واتە ئاوەڕۆ؛ لە کلوارێ، یان کلوکرێ-وە هاتووە بە واتای شوشتن، یان پاککردنەوە.
ناسناوی کلواکسینا لەو چیرۆکەوە هاتووە کە گوایە دوای جەنگێکی نێوان تیتوس تاتیوس و ڕۆمولوس، کە لەسەر لاقەکردنی ژنانی سابینی هەڵگیرساوە، تاتیوس فەرمانی بە ژێردەستەکانی خۆی داوە کە لە بەردەم وێنەکەی ڤینوس کلواکسینادا خۆیان پاک بکەنەوە.
ئەم ڕوونکردنەوەیە تەواو لەگەڵ ئەو باوەڕە دێرینەدا یەک دەگرێتەوە کە پێیان وا بووە تیتوس تاتیوس دامەزرێنەری هاوسەرگیری بووە. ڤینوس کلواکسینا-ش خواژنی چاودێر و پاککەرەوەی پەیوەندیی سەرجێییی هاوسەران بووە.
کالڤا
ناسناوێکی تری وێ کالڤا-یە. لە نزیک کاپیتۆلینوس دوو پەرستگەی بەم ناسناوەوە هەبووە.
هەندێک کەس پێیان وایە ئانکوس مارچیوس (چوارەم شای ڕۆما) یەکێک لەم پەرستگەیانەی دروست کردووە. لەبەر ئەوەی ژنەکەی خەریک بووە قژی بڕووتێتەوە. هەندێک کەسی تر پێیان وایە مۆنومێنتی کردەیەکی نیشتمانپەروەرانەی ژنانی ڕۆما بووە لە کاتی گەمارۆی گۆلەکاندا. ژنەکان لە کاتی ئەم گەمارۆیەدا قژی خۆیان بڕیوە و داویانە بە پیاوان تا بیکەن بە ژێی کەوانەکانیان. بەڵام هەندێک کەسی تر پێیان وایە کە ئاماژەن بە ئارەزوو و کەڵکەڵەکانی ئەوینداران، چونکە کالڤێرێ (کە وا دیارە لەگەڵ کالڤا-دا هاوڕیشە بێت) واتە کرێ/پەیمان. ڕەنگە مەبەستەکە ئەوە بێت کە ژنان لە ڕۆژی هاوسەرگیرییاندا یان بە ڕاستی، یان بە شێوەیەکی هێمایی، گێسووێکیان لە قژی خۆیان بڕیوە و کردوویانە بە قوربانی ڤینوس.
ئێریچینا
لە سەرەتای دووەم جەنگی پوونیدا ڤینوس ئێریچینا لە سیسیلییەوە هێنراوە و لەسەر گردی کاپیتۆلینوس پەرستگەیەکی بۆ تەرخان کراوە. لەوە دەچێت ئێریچینا بە واتای ئێریکسی بێت، واتە خەڵکی ئێریکس. گوایە کۆن بە سیسیلییان وتووە ئێریکس. ئەگەر وا بێت، کەواتە ڤینوس ئێریچینا بە کوردی دەبێتە ڤینوسی ئێریکسی.
ڤێرتیکۆردیا: دڵگۆڕ
ساڵی ١١٤ی پێش زایین پاکیزەیەکی ڤێستایی بە هەورەتریشقە مردووە و لاشەکەی بە ڕووتی دۆزراوەتەوە. خەڵک پێی وا بووە ڤینوس لە تۆڵەی گەندەڵبوونی ئاکاری گشتیدا، بە تایبەتی لە نێو پاکیزە ڤێستاییەکاندا، ئەم کارەساتەی ناوەتەوە.
کە ڕاوێژ بە پەڕتووکە سیڤیلاییەکان کراوە، پەڕتووکەکە فەرمانی داوە لە شەقامی سالاریا پەرستگەیەک بۆ ڤینوس ڤێرتیکۆردیا دروست بکرێت. ڤێرتیکۆردیا واتەدڵگۆڕ: واتە دڵی پیاوان دەگۆڕێت و هەڵیاندەگێڕێتەوە.
ئۆبسیکوینس و پۆستڤۆرتا
فابیوس گورگێس دوای جەنگە سیمنییەکان ڤینوس ئۆبسیکوینس و پۆستڤۆرتا-ی دامەزراندووە. ئۆبسیکوینس واتە گوێڕایەڵ. ئاوهاش ڤینوس ئۆبسیکوینس واتە ڤینوسی گوێڕایەڵ. پۆستڤۆرتا واتە ئەوەی چاودێریی لەدایکبوونی سوار دەکات. لەدایکبوونی سوار واتە منداڵێک کە لە کاتی لەدایکبووندا سەرەتا قاچی یان سمتی بێتە دەرەوە. کەواتە ئەو خوایە بووە کە بۆ پارێزگاری لەمە پەنای بۆ براوە.
جێنیتریکس
سکیپیۆ ئافریکانوسی گەنج (١٨٥-١٢٩ پ.ز.) ڤینوس جێنیتریکسی دامەزراندووە. جێنیتریکس واتە دایک یان زایەر، چونکە ڤینوس دایکی ئەینیاس بووە.
ڤینوس ڤیکتریکس
یولیوس قەیسەر ڤینوس ڤیکتریکس-ی دامەزراندووە. واتە ڤینوسی سەرکەوتوو. لەبەر ئەوەی قەیسەر بنەچەی خۆی بردووەتەوە سەر ئەینیاس، ئەینیاسیش کوڕی ڤینوس بووە، بۆیە برەوی بە پەرستنی وێ داوە.
دەوترێت ڤینوس چاودێریی باخیشی کردووە.
ڤینوس و ئادۆنیس
شێکسپیر هۆنراوەیەکی درێژی بە ناونیشانی ڤینوس و ئادۆنیس نووسیوە. باس لە هەوڵی ڤینوس دەکات بۆ سازکردنی ئادۆنیسی مێرمنداڵ. من ڕاستەوخۆ لە دەقە ماکەکەوە وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی. پەڕتووکەکەشم بە دیاری و بێبەرانبەر بڵاو کردووەتەوە، دەتوانیت لێرەوە دایبگریت.
- فەرهەنگێکی نوێی ژیننامە و ئوستوورە و جوگرافیای کلاسیکی گریکی و ڕۆمی، دانانی چارلز ئانتۆن و ویلیەم سمیث، [نیویۆڕک، ١٨٨٤]، وەرگێڕانی نەوا موکرجی. لا. ٩٢٩. ↩︎