وتار

کوردی بۆ کورد لە ڕوانگەی بێگانەوە

کوردی بۆ کورد لە ڕوانگەی بێگانەوە[1]

هەزار و یەک شەو، نەک هەزار و یەک شەوە

لەم ڕۆژانەی ڕابردوودا وەرگێڕانەکەی مامۆستا جەوهەر مەحمود داراغام دی بۆ پەڕتووکی «ألف ليلة وليلة» و ناونیشانە کوردییەکەی «هەزار و یەک شەوە» بوو. دەستی مامۆستا جەوهەر دەگووشم و سوپاسی دەکەم و کەسێکی پڕبەرهەمە و خزمەتێکی گەورەی بە بواری وەرگێڕان کردووە و بەردەوامیش دەیکات. پێشم وا نییە ئەگەر شتێک بڵێم لەسەر تەنها وشەیەکی هەڵبژێرراوی بەڕێزیان ئیتر ببێتە هۆی ئەوەی بەرهەمەکانی بێنرخ بکەم، بە پێچەوانەوە، من دەزانم کە وەرگێڕان هەموو خولەکێک دەتخاتە بەردەم بڕیار و تۆش وەک وەرگێڕ بەردەوام بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی وشە دەدەیت، هەندێک جار بڕیارەکان نایاب دەردەچن، زۆر جار دروست دەردەچن و هەندێک جاریش، بە تایبەتی کە ڕای دووەم (واتە لە کەسێکی ترەوە) دەبیستیت، ڕەنگە بە بڕیارەکەتدا بچیتەوە و بۆت دەربکەوێت بڕیارێکت هەڵە بووە. من خۆم بە سەدان و لەوانەشە ئەگەر بژمێررێت بگاتە هەزاریش، بڕیارم لەسەر وشە داوە، ئێ لەم هەموو بڕیارە یەکێکیان هەر هەڵە دەبێت. هەر خۆم ئێستا دەتوانم ددان بە سێ چوار وشەدا بنێم کە بە هەڵە بڕیارم لەسەریان داوە. بۆیە پێم وایە ئەمە زۆر ئاسایی بێت و من تەنها ڕوانگەی خۆم دەخەمە ڕوو.

پێم وایە مامۆستا جەوهەر لە ڕوانگەی «ليلة»ی عەرەبییەوە وشەی «شەوە»ی کوردیی بە کار هێنابێت و بڕیاری لەسەر دابێت، کە «شەوە» لە کوردیدا «دەردێکە تووشی منداڵی ساوا دەبێ ئەندامی شین دەکاتەوە و دەمرێ»، واتایەکی تریشی هەیە کە «بەردێکی زۆر ڕەشی جوانی لووسی بەنرخە ژنان دەیکەن بەملوانکە» (هەردوو پێناسەکەم لە فەرهەنگی خاڵەوە هێناوە). لام وا بێت هەمان ئەو بەردە بەنرخە «شەوەنگ»یشی پێ دەڵێن، بە ئینگلی دەبێتە Jet و خۆم لە وەرگێڕاندا بە کارم هێناوە. ئەو بزوێنە کورتە بە کۆتایی وشەکەوە «تائی تەئنیسی ساکینە»ی عەرەبیی سەر «ليلة»یە و هاتووەتە سەر «شەو» و کردوویە بە «شەوە». بە هیوام مامۆستا جەوهەر لە چاپەکانی داهاتوودا ئەم وشەیە چاک بکاتەوە و بیکاتەوە بە «هەزار و یەک شەو».

(لێرە بە دواوە لەسەر کارەکەی مامۆستا جەوهەر نادوێم، بەڵکو باسی نموونەی تری خەڵکی تر دەکەم)

شاژن، نەک شاژنە

بەڵام ئەم دیاردەیە لە زۆر شوێنی تر هەیە، بۆ نموونە لە نووسینی پەڕەیەکی فەیسبووکدا بینیم نووسیویانە: «شاژنە عالییە» و لە دانەیەکی تردا نووسیویانە «شاژنە ئەلیزابێس». کە ئەو بزوێنە کورتەی کۆتایی وشەی «شاژنە» ئەویش هەر «تائی تەئنیسی ساکینە»ی عەرەبیی سەر «ملکة»یە و هاتووەتە سەر «شاژن» و کردوویەتی بە «شاژنە». من پێشتر (لە پەڕەی ئولیسی سەر فەیسبووک) سەرنجێکم سەبارەت بە «شاژن» نووسیوە و تێڕوانینی خۆمم خستووەتە ڕوو.

دەبێت لە دیدی کوردییەوە بڕوانرێتە کوردی

ئەم تێڕوانینەی کە لە چاویلکەی زمانێکی ترەوە دەڕوانرێتە وشەی کوردی، تەنها ئاستی دەنگ ناگرێتەوە، بەڵکو ئاستی داڕشتەی ڕۆنانی وشەش دەگرێتەوە، بۆ نموونە پێشتر وشەی «تەختەکلیل»یان لە بەرانبەر «کیبۆرد keyboard»ی ئینگلی دانابوو، کە شتەکە نە تەختەیە و نە کلیلیشی لەسەرە! ئەمیش وەرگێڕانێکی (هەڵە)ی وشە لێکدراوە ئینگلییەکەیە، کە تیایدا وەرگێڕ وشەی کی keyی بە «کلیل» و بۆرد boardی بە «تەختە» وەرگێڕاوە و بە کوردی بە تەک یەکەوە دایناونەتەوە و تەنها جێیەکانی گۆڕیوە، لە بری «کلیلتەختە»، کردوویە بە «تەختەکلیل». پێشتریش لەسەر ئەم وشەیەم نووسیوە و لە ماڵپەڕەکەمدا هەیە و خۆم وشەی «دوگمەبەند»م بۆی داڕشتووە، کە پێم وایە کاری خۆی دەکات. ئەمە جگە لەوەی کیبۆرد شتێکە دوگمەی لەسەر بێت، تەنانەت بە پۆلێک لە ئامێرە موزیکییەکانیش دەوترێت «کیبۆردەکان keyboards» وەک ئەو ئامێرەی خۆم دەیژەنم (پیانۆ) و هاڕپسیکۆرد و سێلێستا و سایزەر. ئەو کات دەتوانین لە کوردیشدا بەم ئامێرانە بڵێین «دوگمەبەندەکان»، نەک «ئامێرە تەختەکلیلییەکان».

بەهەرحاڵ، کورت و پوخت: خوازیارم وەرگێڕان و نووسەران، ئیتر چ لە کەناڵە مێدیاییەکاندا بێت (بە پەڕەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە)، یان لە نێو دونیای وێژە و پەڕتووکدا بێت، هەوڵ بدەن لە دیدی خودی کوردییەوە بڕواننە زمانی کوردی.


[1] لە ٢٠ی ئاداری ٢٠٢٣دا نووسیومە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button