ئۆپێرا

کارمێن

کارمێن1

پوختە

کارمێن: Carmen ئۆپێرایەکی جەفەنگی/تراژیدیی فەڕەنسییە. ژۆرژ بیزێ (١٨٣٨-١٨٧٥) موزیکەکەی داناوە. هێنری مایلاک و لودۆڤیک حەلێڤی ئۆپێرانامەکەیان داڕشتووەتەوە. سەرچاوەی ئۆپێرانامەکە ڕۆمانی کارمێن-ی پڕۆسپێر مێریمێ (١٨٠٣-١٨٧٠)یە. ئۆپێراکە یەکەم جار لە ساڵی ١٨٧٥ لە شاری پاریس لە شانۆگای ئۆپێرا کۆمیک نمایش کراوە. موزیکی ئۆپێرای کارمێن شاکارێکی هونەری موزیکە. بەڵام لەبەر ڕەشۆکیێتیی ناوەرۆکەکەی و زەقیی وێنە ئاڵۆشییەکانی ڕووبەڕووی سەرکۆنەی توند بووەتەوە.

بیزێ سێ مانگ دوای نمایشی ئۆپێراکەی لە تەمەنی ٣٦ ساڵییدا بە جەڵدەی دڵ مردووە. کارمێنیش تا ساڵی ١٨٨٣ نمایش نەکراوەتەوە. واتە بیزێ هەرگیز نەیزانیوە ئۆپێراکەی ئەوەندە بەناوبانگ دەبێت.

بیزێ لە تەمەنێکی کورتی ژیانیدا چەند کارێکی گەورەی موزیکی داناوە. خۆی پیانۆژەن بووە. ١٦ ئۆپێرا و زیاتر لە ٢٧ گۆرانی و چەند کارێکی ئۆرکێسترایی نووسیوە. لەوانە سیمفۆنی و چەند کارێک بۆ پیانۆی تاکژەن. ئێستانان هیچ کامێک لە کارەکانی تری هێندەی کارمێن ناسراو نین.

شوێنی ڕووداوەکان شاری سێڤیلا-یە لە ئیسپانیا. کەسێتیی سەرەکیی نێو ئۆپێراکە کچێکە بە ناوی کارمێن، واتە ئۆپێراکە هەر بە ناوی کەسێتییە سەرەکییەکەوە ناو نراوە.

کارمێن کچێکی گەنجی جوانی قەرەجە، لە کارگەیەکی جگەرە کار دەکات. سەرکێشیی خۆی وای لێ دەکات حەز لە سەربازێکی جێگری پۆلەوان2 بکات بە ناوی دۆن خۆسێوە. خۆسێ ئیرەیی زۆر دەبات و کارمێن وای لێ دێت چیتر خۆشی نەوێت. دواتر کارمێن حەز لە گابازێک دەکات بە ناوی ئێسکامیلۆ و خۆسێ وە لا دەنێت. خۆسێش لە کۆتاییدا کارمێن دەکوژێت.

کەسێتییەکان

ناوڕۆڵچینی دەنگ
کارمێنکچێکی قەرەجە، فەرمانبەری کارگەی جگەرەیەمێتزۆ-سۆپرانۆ
دۆن خۆسێجێگری پۆلەوانتینۆر
ئێسکامیلۆگابازباڕیتۆن
میکایەلاکچێکی لادێییسۆپرانۆ
زیونیگائەفسەرباس
مۆرالێسجێگری پۆلەوانباڕیتۆن
فڕاسکیتاهاوڕێیەکی کارمێنسۆپرانۆ
مێرسێدێسهاوڕێیەکی کارمێنمێتزۆ-سۆپرانۆ
لیلیاس پاستیاخاوەنی مەیخانەیەکئاخاوتن
دانکلاییرقاچاخچیباڕیتۆن
ڕیمێندادۆقاچاخچیتینۆر
چاوساغێکچاوساغێکئاخاوتن
کۆرسهەندێک ئەفسەر، هەندێک کوڕی گەنج، کچانی کارگەی جگەرە، هۆگرانی ئێسکامیلۆ، هەندێک قەرەج، هەندێک منداڵی هاروهاج و میوەفرۆش و بازرگان و گاباز و کوڕی سەرسەری.

پێشژەن

ئۆپێراکە بە پێشژەنێک (پرێلود) دەست پێ دەکات و تێما موزیکییەکانی ئۆپێراکە پێشکەش دەکات. ئەگەرچی هەندێک کەس لەسەر ئینتەرنێت پێی دەڵێن: ئۆڤەرچوور، واتە کرانەوە (بڕوانە ئۆپێرا چییە؟)، بەڵام بیزێ خۆی ناوی ناوە پێشژەن (پرێلود) و لە ڕاستیشدا پێشژەنە. چونکە ئەگەر کرانەوە بووایە دەبوو لە فۆڕمی سۆناتادا بێت. بیزێ یەکێکە لەو موزیکدانەرانەی شارەزاییەکی زۆری لە داڕشتەکانی موزیکدا هەبووە. ئەگەر خۆی بیزانیایە کرانەوەیە وا ناوی دەنا.

پێشژەنی کارمێن.

پەردەی یەکەم

شوێن: مەیدانێک لە شاری سێڤیلا. لای ڕاستەوە دەرگای کارگەی جگەرەکەیە، لای چەپەوە پاسگەیەکە، لە پشتەوە پردێکە.

ئەفسەر و سەربازەکان لە مەیدانەکەدا پشوویان داوە، چاوەڕێی نۆبەگۆڕینن. میکایەلا دێت و بە دوای دۆن خۆسێدا دەگەڕێت. دۆن خۆسێ کوڕێکی گەنجە، لە پاسگەکە پلەی جێگری پۆلەوانی هەیە. مۆرالێس ئەفسەرێکە و پێی دەڵێت هێشتا نۆبەی ئەو نەهاتووە. پێی دەڵێت چاوەڕێی بکات، بەڵام ئەو چاوەڕێ ناکات و دەڕوات و دەڵێت دوایی دێتەوە. دۆن خۆسێ و پاسەوانە نوێکە دەگەڕێنەوە. کۆمەڵێک منداڵی چەقاوەسووی ئەو ناوە لاساییان دەکەنەوە.

زەنگی پشووی کارگەکە لێدەدرێت و کچانی کارگەکە دێنە دەرەوە. لە بەردەرگاکە چاوبازی لەگەڵ هەندێک کوڕی گەنجدا دەکەن و ئەوانیش دەوروخولیان دەدەن. کارمێن دێتە دەرەوە و گۆرانییەکی وروژێنیان بۆ دەبێژێت. ئەم گۆرانییە ناوی ئابانێرا-یە، یەکێکە لە بەناوبانگترین گۆرانییەکانی نێو ئۆپێرا.

هەوای ئابانێرا: ئەوین مەلێکی یاخییە.

ئابانێرا: ئەوین مەلێکی یاخییە!

ئەوین مەلێکی یاخییە،

کەس ناتوانێت ماڵیی بکات.

بانگکردنی بێهوودەیە،

ئەو ئێمەی ڕەت کردۆتەوە،

دادی نادات هەڕەشەکردن و نزا.

یەکێک دەدوێت و یەک بێدەنگە،

حەزم لە بێدەنگەکەیە!

هیچی نەوتووە، بەڵام

من بە دڵمە.

ئەوین! ئەوین! ئەوین! ئەوین!

ئەوین منداڵێکی بۆهیمییە،

هیچ یاسایەکیش نازانێت.

خۆشت نەوێم خۆشم دەوێیت،

گەر خۆشم ویستیت وریا بە!

ئەو باڵندەیەی وات زانی هەژاندووتە

لە شەقەی باڵی دا و فڕی.

ئەوین دوورە، دەتوانیت چاوەڕێی بکەیت،

کاتێک چاوەڕێشی ناکەیت، ها ئا لەویا!

دەورەت دەدات، خێرا خێرا

دێت و دەڕوات، جا دێتەوە.

وا دەزانیت کە گرتووتە، فجووق دەکات.

وا دەزانیت گوێی پێ نادەیت، ئەو دەتگرێت!

ئەوین! ئەوین! ئەوین! ئەوین!

لەگەڵ بێژانی ئەم گۆرانییەدا کوڕان هەوڵ بۆ کارمێن دەدەن سەرنجی ڕابکێشن. داوای پەیوەندیی خۆشەویستیی لێ دەکەن. تاکە کوڕ کە سەرنجیی نادات دۆن خۆسێیە. کارمێنیش مەبەستی ئەوە کە دەڵێت: «یەکێک دەدوێت و یەک بێدەنگە، حەزم لە بێدەنگەکەیە!». گوڵێک لە سنگی خۆی دەردەهێنێت و بۆی هەڵدەدات. خۆسێ وا خۆی دەنوێنێت کە ئەوی لا گرنگ نییە و وا پیشانی دەدات کە ئەمەی پێ ناخۆشە.

کارمێن خۆسێ لاس دەدات

کچان دەگەڕێنەوە کارگەکە. میکایەلا دەردەکەوێتەوە و ماچێک و نامەیەک دەدات بە خۆسێ کە دایکی بۆی ناردوون. دایکی لە نامەکەدا داوای لێ دەکات بگەڕێتەوە بۆ لای و میکایەلا بخوازێت. میکایەلا کەمێک شەرم دایدەگرێت و دەڕوات. خۆسێ بڕیار دەدات ئامۆژگارییەکەی دایکی جێبەجێ بکات، بەڵام لە کارگەکەوە هەرا بەرز دەبێتەوە و کچان دەکەونە قیژەقیژ. کە دەچن، دەبینن کارمێن پەلاماری ژنێکی کارگەکەی داوە و شەڕی لەگەڵدا کردووە و بە چەقۆ برینداری کردووە. زیونیگا، کە ئەفسەرێکی فەرماندەی خۆسێیە، لە کارمێن دەپێچێتەوە کە بۆچی وای کردووە. کارمێنیش بەدخووانە و بە ناشیرینی بە گۆرانیی «ترا لا لا، ئەنجنئەنجم بکەن، بمسووتێنن» وەڵامی دەداتەوە. زیونیگا تووڕە دەبێت و فەرمان بە خۆسێ دەدات کەلەپچەی بکات و بیخاتە بەندیخانەوە. ئەویش وا دەکات.

کە بە تەنیا بە جێیان دەهێڵن، کارمێن دەکەوێتە لاسدانی دۆن خۆسێ. لەگەڵیدا دەکەوێتە سەمای سێگیدییا و سەرنجی ڕادەکێشێت. لەگەڵ سەماکەیدا گۆرانییەکی بۆ دەبێژێت، تیایدا دەڵێت: «خۆشەویستەکەم سەربازێکە، فەرماندە و سەرتیپ نییە، بەڵکو جێگری پۆلەوانە، ئەوەش بۆ قەرەج بەسە!». دۆن خۆسێ لێی دەپرسێت کە ئەگەر ئازادی بکات، بەڵێنەکەی دەباتە سەر و خۆشی دەوێت؟ کارمێنیش دەڵێت: «بەڵێ». خۆسێ کەلەپچەکەی کارمێن دەکاتەوە.

زیونیگا دەگەڕێتەوە، کچانی کارگەکە قەرەباڵغییەک بە دەوری زیونیگادا دروست دەکەن و لەم کاتەدا کارمێن هەڵدێت.

پەردەی دووەم

شوێن: مەیخانەکەی لیلیاس پاستیا.

کات: ئێوارە.

ئەفسەران و قەرەجەکان دوای شێو لەم مەیخانەیەدا پشوو دەدەن. دوو مانگ تێپەڕیوە. کارمێن و فڕاسکیتا و مێرسێدێسی هاوڕێی بۆ سەرگەرمکردنی زیونیگا سەما دەکەن و گۆرانی دەبێژن. کارمێن خۆشحاڵە کە خۆسێ دوای دوو مانگ لە بەندیخانە ئازاد کراوە. خۆسێ لەسەر کەمتەرخەمی (هاوکاریی کارمێن بە هەڵهاتن) سزا دراوە. لە دەرەوەی مەیخانەکە کۆمەڵێک خەڵک دەڵێن: «گابازەکە هات». پاشان بانگهێشتی دەکەن بێتە ژوورەوە.

گابازەکە ناوی ئێسکامیلۆ-یە، پیاوێکی تێکسمڕاوی بەهێزە. گۆرانیی گابازەکەیان بۆ دەبێژێت. لە کاتی گۆرانییەکەیدا سەرنجی کارمێن دەدات و کارمێن وا پیشانی دەدات ئەوی لا گرنگ نییە. لیلیاس پاستیا زۆر لە ئەفسەران و ئاپۆراکە دەکات بچنە دەرەوە.

هەوای گابازەکە

هەمووان دەڕۆن. کارمێن و فڕاسکیتا و مێرسێدێس دەمێننەوە. دانکاییر و ڕیمێندادۆ دوو قاچاخچین، دێن و پێیان دەڵێن خۆیان کۆ بکەنەوە و خۆیان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی لە ڕێی جەبەلتاریقەوە بڕۆن و بارە قاچاخەکەیان بگوێزنەوە. فڕاسکیتا و مێرسێدێس ئامادەن، بەڵام کارمێن پێیان دەڵێت ناتوانێت، چونکە چاوەڕێی خۆسێ دەکات.

کە قاچاخچییەکان دەڕۆن دەنگی خۆسێ دێت و دێت. کارمێن فڕاسکیتا و مێرسێدێس دوور دەخاتەوە و بە تەنیا بەخێرهاتن لە خۆسێ دەکات. بە ئامێری کاستانێتەوە سەمایەکی تایبەتی بۆ دەکات و گۆرانیی «بە خۆشی تۆوە گۆرانی دەبێژم… لا لا لا»ی بۆ دەبێژێت. لە کاتی گۆرانییەکەیدا دەنگی کەڕەنای پاسگەکە دێت کە سەربازەکانی بانگ دەکاتەوە. خۆسێ دەڵێت ناچارە بگەڕێتەوە بۆ ئۆردوگا. کارمێن پێی ناخۆشە و گاڵتەی پێ دەکات. خۆسێ گوڵەکەی بۆ دەردەهێنێت کە دوو مانگ پێشتر (پەردەی پێشوو) کارمێن بۆی فڕێ دابوو. گۆرانیی «ئەو گوڵەی بۆت هەڵدام گیانە»ی بۆ دەبێژێت.

هەوای ئەو گوڵەی بۆت هەڵدام گیانە

ئەو گوڵەی بۆت هەڵدام گیانە

ئەو گوڵەی بۆت هەڵدام گیانە

هەر پێم ما لە بەندیخانە.

ئەگەرچی سیس و ژاکاوە،

بۆنە خۆشەکەی هەر ماوە.

بە درێژایی ئەو ماوەیە

بە تاسەوە بۆنم دەکرد.

بە بۆنی ببوومە حەیران،

تەنها تۆم دەبینی شەوان.

بەڵام کەوتمە جوێنبارانت،

خۆم دەدواند بۆ ڕقلێبوونت:

بۆچی چارەنووسی بێخەم

ئەمەی هێنایە سەر ڕێگەم؟

پاشان هەستم کرد کفر ئەکەم،

لە ناخدا هەست بە هیچ ناکەم،

جگە حەزێک، تەنها حەزێک

ئارەزووێک، هەر هیوایەک،

جارێکی تر بتبینمەوە.

ئای کارمێن، تۆ ببینمەوە!

چونکە گەر دەرکەویتەوە و

نیگایەکت لە من بگریت

هەموو بوونم داگیر دەکەیت.

کارمێنەکەم!

دەبم بە تاکە شتێکت.

کارمێنەکەم، خۆشم دەوێیت!

کارمێن داوای لێ دەکات خۆشەویستییەکەی بەوە بۆ بسەلمێنێت کە لەگەڵیدا بڕوات. خۆسێ ئەمە ڕەت دەکاتەوە. بەڵام کە خەریکە بگەڕێتەوە بۆ ئۆردوگاکەی، زیونیگا دێت و بە دوای کارمێندا دەگەڕێت. خۆسێ پەلاماری دەدات و دەیکەن بە شەڕ. قاچاخچییەکان دەگەڕێنەوە و لە یەکیان جیا دەکەنەوە و زیونیگا دەبەستنەوە.

خۆسێ کە بیر دەکاتەوە پەلاماری ئەفسەرێکی پلەبەرزتری لە خۆی داوە و سزاکەی گەورە دەبێت، ئێستا ناچارە لەگەڵ کارمێن و قاچاخچییەکاندا بڕوات.

پەردەی سێیەم

شوێن: پەنایەکی دەشتایی بناری شاخێک.

کات: شەو.

کارمێن و خۆسێ و قاچاخچییەکان بە بارە قەدەغەکانیانەوە دەردەکەون. کارمێن لە خۆسێ وەڕەس بووە و پێی دەڵێت باشترە (خۆسێ) بگەڕێتەوە بۆ لای دایکی. فڕاسکیتا و مێرسێدێس سەرقاڵی بەختخوێندنەوەن بە کارت، کارمێنیش لەگەیاندا بەشدار دەبێت. کارتەکانی مێرسێدێس و فڕاسکیتا پێشبینیی بەختیاری و خۆشەویستی و سامان و ژیانی خۆش دەکەن. بەڵام کارتەکانی کارمێن و خۆسێ پێشبینیی مەرگ بۆ هەردووکیان دەکەن.

کچان دەچنە وێزەی ئەفسەرانی سنوور بۆ لاسدان و سەرقاڵکردنیان، خۆسێ بە جێ دەهێڵن چاودێریی ئەو ناوە بکات.

میکایەلا هەر بەدوای خۆسێدا دەگەڕێت، لەگەڵ چاوساغێکدا دێت و سوورە لەسەر ئەوەی لە کارمێن ڕزگاری بکات. بەڵام لەناکاو دەنگی فیشەکێک بێدەنگییەکە دوو لەت دەکات. میکایەلا ڕادەکاتە ناو بەردەڵانێکەوە و خۆی دەشارێتەوە. تەقەکەرەکە خۆسێیە، ئەوەی تەقەی لێ دەکات کەسێکە و لە جێیەکی تاریکە، بەڵام بەرەبەرە نزیک دەبێتەوە. دەردەکەوێت کەسە نادیارەکە ئێسکامیلۆی گابازە.

خۆسێ و ئێسکامیلۆ پێکەوە دادەنیشن و گفتوگۆ دەکەن. ئێسکامیلۆ پێی دەڵێت بۆ لای گراوییەکەی هاتووە کە ناوی کارمێنە، بەڵام سەربازێک هەیە وازی لێ ناهێنێت، بێ ئەوەی بزانێت سەربازەکە دۆن خۆسێیە و وا لەگەڵی دەدوێت. خۆسێ تووڕە دەبێت و چەقۆی لێ دەردەهێنێت و پەلاماری دەدات. ئێسکامیلۆ لە خۆسێ بەهێزترە و بەرگری لە خۆی دەکات و خۆسێ دەخاتە ژێر خۆیەوە و دەیبەزێنێت، بەڵام لێی دەگەڕێت و پێی دەڵێت: «کاری من گاکوشتنە، نەک پیاوکوشتن!». هەر لەگەڵ دەستلێهەڵگرتنی، دیسان خۆسێ پەلاماری دەداتەوە و ئەم جارە زەفەری پێ دەبات و دەیخاتە ژێر خۆیەوە. بەڵام قاچاخچییەکان دەگەڕێنەوە و خۆسێ لە ئێسکامیلۆ دوور دەخەنەوە. کە ئێسکامیلۆ دەڕوات، کارمێن و هەموو قاچاخچییەکان بۆ گابازییەکەی داهاتووی خۆی لە شاری سێڤیلا بانگهێشت دەکات.

ڕیمێندادۆ لە پەنایەکدا میکایەلا دەدۆزێتەوە کە خۆی شاردووەتەوە. میکایەلا کە خۆسێ دەبینێت داوای لێ دەکات بگەڕێتەوە. بەڵام خۆسێ ناگەڕێتەوە. کارمێن گاڵتەی پێ دەکات. بەڵام پاشتر میکایەلا دەڵێت کە دایکی لە سەرەمەرگدایە. بۆیە خۆسێ بڕیار دەدات بۆ بینینی دایکی بڕوات و بەڵێن دەدات بگەڕێتەوە. لە دوورەوە ئێسکامیلۆ گۆرانیی گابازەکە دەبێژێت.

پەردەی چوارەم

شوێن: سەرای بەردەم گۆڕەپانی گابازیگای سێڤیلا. گۆڕەپانەکە شانۆگایەکی دێرینی ڕۆمییە.

کات: ڕۆژ، ڕۆژی گابازییەکەیە.

ڕۆژی گابازییەکەی ئێسکامیلۆیە. قەرەباڵغییەکی زۆرە، شەقامەکە جمەی دێت. زیونیگا و فڕاسکیتا و مێرسێدێس لەوێن و لەناو قەرەباڵغییەکەدا چاوەڕێی هاتنی گابازەکە دەکەن. ئێسکامیلۆ دێت و پێشوازییەکی شاهانەی لێ دەکرێت، کارمێنی لەگەڵدایە. خەڵکەکە وردەوردە دەچنە ژوورەوە بۆ شانۆگاکە. ئێسکامیلۆ گۆرانییەکی خۆشەویستی بۆ کارمێن دەبێژێت کە دەڵێت: «ئەگەر خۆشت بوێم، پاشتر شانازیم پێوە دەکەیت». کارمێنیش وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: «خۆشم دەوێیت، بمرم گەر هەرگیز کەسێکم وەک تۆ خۆش ویستبێت». پاشان ئێسکامیلۆ دەچێتە ژوورەوە.

فڕاسکیتا و مێرسێدێس هەردووکیان دێن و کارمێن ئاگادار دەکەنەوە کە خۆسێ لەوێیە و لە قەرەباڵغییەکەدا خۆی شاردووەتەوە. کارمێن دەڵێت: «پێویست بە ترس ناکات، بشیبینم قسەی لەگەڵ دەکەم». هەمووان دەچنە ژوورەوە بۆ گۆڕەپانی گابازییەکە، دواهەمین کەس کارمێنە، بەڵام خۆسێ کە خۆی بۆ مەڵاس داوە، دەردەکەوێت. لێی دەپاڕێتەوە بگەڕێتەوە بۆ لای و ببنەوە بە خۆشەویست و لە جێیەکی تر ژیانێکی نوێ دەست پێ بکەن. بەڵام کارمێن بێباکانە وەڵامی دەداتەوە کە: «من چیتر خۆشم ناوێیت، ئەوە مەحاڵە! بە ئازادی لە دایک بووم و بە ئازادیش دەمرم!».

کوشتنی کارمێن

دەنگی جۆشوخرۆش و چەپڵەڕێزانی ئامادەبووان لە گۆڕەپانەکەوە بەرز دەبێتەوە. کارمێن دەیەوێت بچێتە ژوورەوە، بەڵام خۆسێ ڕێی لێ دەگرێت و بە تووڕەییەوە پەلاماری دەدات. دیسان داوای لێ دەکاتەوە بگەڕێتەوە بۆ لای، بەڵام کارمێن موستیلەکەی، کە کاتی خۆی پێی داوە، بۆی فڕێ دەداتەوە. لە گۆڕەپانەکەوە ئامادەبووان بۆ شکۆپێدانی گابازەکە گۆرانیی گابازەکە دەڵێنەوە. لە دەرەوە هاوکاتی ئەم گۆرانییە خۆسێ کارمێن دەکوژێت. پاشان بە تەنیشت لاشەکەیەوە خەمبارانە لێی دەکەوێت. کە دواتر خەڵکانی ناو گۆڕەپانەکە دێنە دەرەوە و دیمەنەکە دەبینن، خۆسێ یەکسەر ددان بە تاوانەکەیدا دەنێت.


پەڕاوێزەکان

  1. ئەم بابەتە ڕاپۆرتێک بوو، ئەو کاتەی لە زانکۆ بووم (٢٠١١) بۆ وانەی مامۆستایەکم بە ناوی دکتۆر شنۆ محەممەد مەحمود ئامادەم کرد. ئەگەرچی فایلی وۆردەکەم نەماوە، بەڵام فایلی پی دی ئێفەکەم ماوە کە لە ناویدا نووسیومە ١٧ی نیسانی ٢٠١٠ دروست کراوە، کە دەکاتە شەممە. وا دیارە بۆ ڕۆژی دوای ئەوە پێشکەشی زانکۆم کردووە. هەر لە وانەکەی مامۆستا شنۆدا پێشکەشی پۆلەکەی خۆمانم کرد. لە ١٠-١٢ی ئاداری ٢٠٢٠، ٢٩ی ئەیلوولی ٢٠٢١، ١٨ی ئاداری ٢٠٢٥ پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
  2. جێگری پۆلەوان: لە زمانی خۆمانەییدا پێی دەڵێن: «جێگری عەریف»، ناوەکە لە فەرهەنگی زاراوە سەربازییەکانی محەممەد وەسمانەوە هێنراوە. ↩︎

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button