
ئۆپێرا چییە؟1
ئۆپێرا درامایەکی نووسراوەیە، بە موزیک و گۆرانییەوە پێشکەش دەکرێت. بە دەقەکەی دەوترێت ئۆپێرانامە (لیبرێتتۆ، لیبرێتۆ libretto). موزیک لە ئۆپێرادا کرۆک و چەقی بابەتە و لێی جیا ناکرێتەوە. واتە موزیک لە ئۆپێرادا تەنها پاشکۆ و ڕێکەوت نییە.
خودی وشەی ئۆپێرا لە ڕیشەدا وشەیەکی ئیتالی و لاتینییە، بە واتای کار دێت. بەڵام بەرەبەرە لە جیهاندا بووەتە زاراوەیەکی موزیکی (زاراوە: وشەی تایبەت، نەک دیالێکت/لەهجە) بە واتای ئەم جۆرە هونەرەی لەسەر بنەمای دەقێکی گێڕانەوەیی دادەنرێت و لەگەڵ تیپێکی موزیک و دەستەیەک گۆرانیبێژدا لەسەر شانۆ پێشکەش دەکرێت.
بێژان، پەیڤان، وتن
لە ئۆپێرادا دەستەیەک گۆرانیبێژ بە هاوکاریی تیپێکی موزیک دەقی ئۆپێرانامەکە یان دەبێژن، یان دەپەیڤن، یان دەڵێن. واتە بێژان و پەیڤان2 و وتن سێ جۆری جیاوازی پێشکەشکردنی دەقن.
بێژان واتە بەشێک لە دەقی ئۆپێرانامەکە وەکو گۆرانییەکی ئاوازدار لەگەڵ موزیکدا دەبێژرێت. ئاوازی گۆرانییەکە دەناسرێتەوە.
پەیڤان زۆر جار گفتوگۆی نێوان دوو کەسێتیی نێو چیرۆکەکەیە. بەڵام ئەگەرچی وتەکانیان لەسەر تۆنی دیاریکراون، بەڵام ئاوازی ناسراوە و تایبەتیان نییە. بەڵکو لەگەڵ موزیکە هاوشانەکەیاندا لەسەر تۆنێک یان دوو یان سێ تۆن گفتوگۆکەیان دەپەیڤێنن.
جارجاریش گفتوگۆی ئاسایی شانۆیی لە نێو ئۆپێرادا هەیە. واتە وەک چۆن دوو کەس بە ئاسایی دەدوێن، ئەوانیش ئاوها دەدوێن. زۆربەی جار موزیک لە کاتی گفتوگۆی ئاساییدا دەوەستێت. بۆ نموونە لە دیمەنێکی ئۆپێرای کارمێندا دۆن خۆسێ و ئێسکامیلۆ (دوو کەسێتیی ئۆپێراکەن) وەک دوو کەسی ئاسایی گفتوگۆ دەکەن.
پەردە و دیمەن
چیرۆکی ئۆپێرا بە گوێرەی داڕشتنەکەی بەسەر چەند بەشێکدا دابەش دەکرێت. زۆربەی هەرە زۆری جارەکان بەم بەشانە دەڵێین پەردە. وشەکە لەوەوە هاتووە کە لە کۆنەوە لە سەرەتای نمایشی ئەو بەشەدا پەردە هەڵدراوەتەوە، نمایشەکە کراوە، پاشان لە کۆتاییدا پەردە دادراوەتەوە. ئاوها پەردە: ماوەی نێوان هەڵدانەوە و دادانەوەی پەردەیەکە.
زۆربەی جار لە پەردەکاندا تەواوی دیکۆریش دەگۆڕێت، واتە لە چیرۆکەکەدا شوێن دەگۆڕێت. بۆیە بە ناچاری پێویستە پەردە دابدرێتەوە تا چەند کرێکارێک لە ناوەوە و دوور لە چاوی بینەران دیکۆر بگۆڕن.
هەر پەردەیەک لە چەند دیمەنێک پێک دێت. بە گوێرەی دەق هەم ژمارەی پەردە دەگۆڕێت، هەم ژمارەی دیمەنەکانیان. ئەمانەش چەند نموونەیەکن:
ئۆپێرا لە پەردەیەکدا
واتە یەک جار پەردە هەڵدەدرێتەوە، یان دەکرێتەوە و لە سەرەتاوە تا کۆتایی درێژە دەکێشێت. لەگەڵ کۆتایی پەردەکەدا ئیتر ئۆپێراکەش تەواو دەبێت. زۆر جار ئەم جۆرە ئۆپێرایانە کورتن، بۆیە لە یەک پەردەدا جێیان بووەتەوە. بۆ نموونە ئۆپێرای دافنێ لە دانانی ڕیچارد شتراوس.
ئۆپێرا لە دوو پەردەدا
واتە سەرەتا کە پەردە دەکرێتەوە بڕێک موزیک و گۆرانی پێشکەش دەکرێت، لە ناوەڕاستدا پەردە دادەدرێتەوە، دواتر دیسان دەکرێتەوە. دیسان موزیک و گۆرانی بۆ ماوەیەک درێژە دەکێشێت و ئیتر ئەم جارە ئۆپێراکە تەواو دەبێت. بۆ نموونە ئۆپێرای قەرەقۆزەکان لە دانانی ڕوجێرۆ لیونکەڤاللۆ.
ئۆپێرا لە سێ پەردەدا
داڕشتنی سێ پەردەیی بە نزیکی وەکو داڕشتەی چەسپاوی هەم ئۆپێرا و هەم شانۆ دەبینرێت. بە گشتی لە ئۆپێرای وەهادا لە پەردەی یەکەمدا کەسێتییەکان دەناسێنرێن و کێشە سەرەکییەکە دەردەخرێت. لە پەردەی دووەمدا کێشەکان بەرەو ئاڵۆزتر دەچن و پەرە دەستێنن و سەردەکەون تا دەگەنە ترۆپک. لە پەردەی سێیەمدا کێشەکان بەرەو چارە و کۆتایی دەبرێن، یان هەندێک جار نابرێن. بۆ نموونە هەر یەکێک لە دووەم و سێیەم و چوارەم ئۆپێرای زنجیرەئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان (ڤاڵکیرییەکە، زیگفرید، بوولێڵی خوداکان) لە دانانی ڕیچارد ڤاگنەر لە سێ پەردە پێک هاتوون.
ئۆپێرا لە چوار پەردەدا
واتە تیایدا چوار جار پەردە هەڵدەدرێتەوە و دادەدرێتەوە. بە گشتی ئەم جۆرە ئۆپێرایانە درێژن. بۆ نموونە ئۆپێرای کارمێن لە دانانی ژۆرژ بیزێ.
ئۆپێرا لە پێنج پەردەدا
واتە تیایدا پێنج جار پەردە هەڵدەدرێتەوە و دادەدرێتەوە. بە گشتی ئەم جۆرە ئۆپێرایانەش درێژن. بۆ نموونە ئۆپێرای دۆن کارلۆس لە دانانی جیوزێپپێ ڤێردی.
پێکهێنەکانی ئۆپێرا
ئۆپێرا بە گشتی لە چەند ڕەگەزێک پێک دێت. بە گشتی ڕەگەزە پێکهێنەکانی ئۆپێرا ئەمانەن: کرانەوە یان پێشژەن، هەوا، دوانینە، سیانینە، چوارینە، پێنجینە، کۆڕ، نێوژەن.
کرانەوە و پێشژەن
دەستپێکی ئۆپێرا هەمیشە بە موزیکێکە. هەندێک جار بەم موزیکی دەستپێکە دەوترێت کرانەوە (ئۆڤەرچوور overture). هەندێک جار بە دەستپێکی ئۆپێرا ناوترێت کرانەوە (ئۆڤەرچوور)، بەڵکو پێی دەوترێت پرێلیود، یان پرێلود. وشەی پرێلود واتە پێش ژەندن، کەواتە دەبێتە پێشژەن. بۆ نموونە ئۆپێرای کارمێن لە دانانی ژۆرژ بیزێ بە پرێلود دەست پێ دەکات.
گەرچی ڕەنگە کرانەوە و پێشژەن بۆ گوێگرێكی ئاسایی جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبێت، بەڵام لە ڕووی داڕشتەی موزیکییەوە جیاوازیی زۆریان هەیە.
لە موزیکدا داڕشتەیەک هەیە پێی دەوترێت داڕشتەی سۆناتا (فۆڕمی سۆناتا). هەموو کرانەوەیەک مەرجە لەسەر ئەو داڕشتەیە دابنرێت. واتە کاتێک بینیت نووسراوە «کرانەوە» (ئۆڤەرچوور) واتە داڕشتەی ئەو موزیکە لەسەر داڕشتەی سۆناتایە.
بەڵام هەندێک جار موزیکدانەرەکە نایەوێت خۆی بەو داڕشتەیەوە ببەستێتەوە و حەزی بە سەربەستی هەیە، بۆیە موزیکەکە بە پێشژەن (پرێلود) دادەنێت. پێشژەن خۆی نابەستێتەوە بە داڕشتەیەکی دیاریکراوەوە.
جیاوازییەکی تری کرانەوە و پێشژەن ئەوەیە کە دەشێت هەر یەکێک لە پەردەکان پێشژەنێکیان هەبێت. بەڵام بە دەگمەن هەر پەردەیەک و کرانەوەی خۆی دەبێت. واتە کرانەوە بە نزیکی هەمیشە تەنها بۆ سەرەتای ئۆپێرایە، واتە پێش پەردەی یەکەم. بۆ موزیکی پێش پەردەی دووەم و سێیەم و چوارەم و ئەمانە پێشژەن بە کار دەبرێت.
هەوا
هەوا (ئاریا) پێکهێنێکی هەرە سەرەکیی ئۆپێرایە. هەوا گۆرانییەکی ئاوازدارە، یەکێک لە گۆرانیبێژە سەرەکییەکانی ئۆپێراکە (یان زیاتر) لەگەڵ تیپە موزیکییەکەدا پێشکەشی دەکات. هەوا زۆربەی جار گۆرانییەکی خۆشە و ئەوپەڕی توانای گۆرانیبێژەکەی تێدا تاقی دەکرێتەوە.
دەقی هەوا هەندێک جار خۆدوواندنە (مۆنۆلۆگ). بۆ نموونە هەوای ماڵئاوا لە ڕابردوو (ئاددییۆ دێل پاساتۆ addio del passato). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای لا تراڤیاتا-دایە لە دانانی جیوزێپپێ ڤێردی. یەکێک لە کەسێتییە سەرەکییەکانی ئۆپێراکە دەیبێژێت ناوی ڤیۆلێتتا-یە.
دەقی هەوا هەندێک جار گێڕانەوە، یان جاڕدانە، یان هەندێک جار هەردووکیانە. بۆ نموونە هەوای ئاگادار بن (ئاللێرتا All’erta all’erta). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای شایەرەکە (ئیل ترۆڤاتۆرێ)دایە لە دانانی جیوزێپپێ ڤێردی. یەکێک لە کەسێتییە سەرەکییەکانی ئۆپێراکە دەیبێژێت ناوی فێراندۆ-یە.
دوانینە و سیانینە و چوارینە و پێنجینە…
ئەگەر دوو گۆرانیبێژ پێکەوە هەوایەک ببێژن، پێی دەوترێت دوانینە (دوێت duet). بۆ نموونە دوانینەی ئەی خانمە ناسکەکە (ئۆ سواڤێ فانچوولا o soave fanciulla). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای بۆهیمییەکە (لا بۆهێم)دایە لە دانانی جاکومۆ پوچینی. دوو کەسێتیی سەرەکیی ئۆپێراکە دەیبێژن ناویان ڕۆدۆلفۆ و میمی-یە.
ئەگەر سێ گۆرانیبێژ پێکەوە هەوایەک ببێژن، پێی دەوترێت سیانینە (تریۆ trio). بۆ نموونە سیانینەی دۆن جیۆڤانی، بۆ شێوخواردن بانگھێشتت کردم و منیش ھاتم (دۆن جیۆڤانی ئا چێنار تێکۆ مینڤیتاستی Don Giovanni! A cenar teco m’invitasti). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای دۆن جیۆڤانیدایە لە دانانی ڤۆلفگانگ ئامادیۆس مۆتسارت. سێ کەسێتیی سەرەکیی ئۆپێراکە دەیبێژن ناویان دۆن جیۆڤانی، فەرماندەکە، لیپۆرێللۆ-یە.
ئەگەر چوار گۆرانیبێژ پێکەوە هەوایەک ببێژن، پێی دەوترێت چوارینە (کوارتێت quartet). بۆ نموونە چوارینەی ئەو بەدبەختە پێی وا بوو (کرێدێیاسی میزێرا Credeasi misera). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای پیوریتانەکاندایە (ئی پیوریتانی) لە دانانی ڤینچێنزۆ بێللینی. چوار کەسێتیی سەرەکیی ئۆپێراکە دەیبێژن ناویان ئێلڤیرا، ئارتورۆ، ڕیکاردۆ، جۆرجۆ-یە.
ئەگەر پێنج گۆرانیبێژ پێکەوە هەوایەک ببێژن، پێی دەوترێت پێنجینە (کوینتێت quintet). بۆ نموونە پێنجینەی دۆن باسیلیۆ (Don Basilio). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای سەرتاشەکەی سێڤیلادایە لە دانانی جاکینۆ ڕۆسینی. پێنج کەسێتیی سەرەکیی ئۆپێراکە دەیبێژن ناویان دۆن باسیلیۆ، کاونتەکە، فیگارۆ، بارتۆلۆ، ڕۆسینا-یە.
ئەگەر شەش گۆرانیبێژ بن پێی دەوترێت شەشینە (سێکستێت sextet). ئەگەر حەوت گۆرانیبێژ بن پێی دەوترێت حەوتینە (سێپتێت septet). ئەگەر هەشت گۆرانیبێژ بن پێی دەوترێت هەشتینە (ئۆکتێت octet).
کۆڕ
کۆڕ ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی، کۆڕێک خەڵکن، زۆربەی جار تێکەڵەی نێر و مێ و هەندێک جار منداڵیشن. هەم لە شانۆ و هەم لە ئۆپێراشدا کۆڕ بە هەموویان وەک یەک یەکە سەیر دەکرێن. کۆڕ پێکەوە گۆرانی دەبێژن. هەندێک هەوای کۆڕ هەیە زۆر بەناوبانگ و خۆشە، بۆ نموونە هەوای بڕۆ ئەی بیر (ڤا پێنسیێرۆ va pensiero). ئەم هەوایە لە ئۆپێرای نابوکۆدایە لە دانانی جیوزێپپێ ڤێردی.
نێوژەن
دوای دەستپێکردنی ئۆپێرا دەشێت لە هەر جێیەکدا پارچە موزیکێکی ڕووت هەبێت. هەندێک جار موزیکەکە کەشی دیمەنی دوای خۆی دەسازێنێت، هەندێک جار سەمای لەگەڵ دەکرێت، یان بۆ هەر مەبەستێکی تر بە کار دێت. ئەم موزیکانە پێیان دەوترێت نێوژەن interlude.
چینی دەنگی گۆرانیبێژان
لەبەر ئەوەی توانای دەرکردنی تۆن لە قوڕگی هەر مرۆڤێکدا سنووردارە، بۆیە لە موزیکناسیدا سنوورە جیاوازەکانی دەنگی مرۆڤ ناوی جیاوازیان لێ نراوە. بە گشتییش دەنگی مرۆڤ بەسەر چوار چینی سەرەکیدا دابەش کراون. ھەر چینێک سنووری ئەو تۆنانە دیاری دەکات کە قوڕگێک دەتوانێت بیبێژێت.
دوو لەم چینانە ھی دەنگی خانمان و منداڵانن، دووەکەی تر ھی پیاوی پێگەیشتوو (دەنگگڕبوو)ن.
سۆپرانۆ و ئاڵتۆ
بە گشتی دەنگی ژن دابەش دەبێت بەسەر دوو چیندا. ھەرە تیژەکەیان پێی دەوترێت: سۆپرانۆ: بە ئینگلی Soprano، خاوەنی تیژترین دەنگی خانمان و منداڵانە. وشەی سۆپرانۆ لە بنەچەدا ئیتالییە، لە سۆپراوە ھاتووە، بە واتای سەرەوە.
چینەکەی تری دەنگی خانمان و منداڵان پێی دەوترێت ئاڵتۆ: بە ئینگلی Alto، دەنگی لە سۆپرانۆ گڕترە. ئەم وشەیەش ھەر لە ئیتالییەوە ھاتووە، بە واتای بەرز دێت.
ھەموو منداڵێک، بە کچ و کوڕەوە (کوڕ پێش ئەوەی دەنگی گڕ ببێت) لەم چینانەدا دادەنرێن.
تینۆر و باس
بە گشتی دەنگی پیاوانی دەنگگڕبوو بەسەر دوو چیندا دابەش دەکرێن: تینۆر: بە ئینگلی tenor، تیژترین چینی دەنگی پیاوانە، بەڵام لە چینە دەنگییەکانی خانمان و منداڵان گڕترە. وشەی تینۆر لە بنەچەدا لاتینییە، بە واتای مانەوە دێت. واتە ئەو دەنگەیانە کە لە کۆڕدا ھەر دەمێنێتەوە و بەردەوامە.
چینەکەی تر پێی دەوترێت باس: بە ئینگلی bass، گڕترین چینی دەنگە و ھی پیاوانە. وشەکە لە بنەچەدا لاتینییە، بە واتای نزم دێت. وشەکە لەگەڵ پەست-ی کوردییشدا هاوڕیشەیە.
بەڵام ئەو نزمە بەو واتایە نییە کە دەنگیان وەک چرپە وایە و لە نزمیدا نابیسترێن، بەڵکو تۆنی دەنگیان نزمە. لە موزیکناسیدا بەم نزمە دەوترێت دەنگی گڕ. دەنگی گڕ پێچەوانەی دەنگی تیژە.
ساتب و چینەکانی تر
بە گشتی گۆرانیی کۆڕ و ئۆپێرا بۆ چوار چینی سۆپرانۆ و ئاڵتۆ و تینۆر و باس دادەنرێن و ھێمای ساتب SATBیان بۆ دادەنرێت. ساتب سەرەپیتی ھەر یەکێک لە چینەکانە لە تیژەوە بۆ گڕ (سۆپرانۆ، ئاڵتۆ، تینۆر، باس).
ئەم چینانە دابەشکردنێکی گشتین. دەنا چینی تریش دەستنیشان کراون، وەک مێتزۆ-سۆپرانۆ و کۆنتراڵتۆ بۆ خانمان و منداڵان؛ ھەروەھا باڕیتۆن و باس-باڕیتۆن بۆ پیاوان.
مێتزۆ سۆپرانۆ (مێتزۆ بە ئیتالی واتە نیوە، یان ناوەند) دەکەوێتە ژێر سۆپرانۆ و سەروو ئاڵتۆ. کۆنتراڵتۆ دەکەوێتە ژێر میتزۆ سۆپرانۆ. باڕیتۆن و باس باڕیتۆنیش دەکەونە نێوان هەردوو چینی تینۆر و باس-ەوە.
ئەم وردەکارییانە بۆ بیسەر زۆر گرنگ نین و زیاتر بابەتی تەکنیکیی نێو گۆرانیین. بەڵام ئەوەی گرنگە بیسەر بیزانێت ئەوەیە هیچ کامێک لەم چینانە لە چینەکانی تر باشتر یان خراپتر نین. هەر یەکێکیشیان تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە. دەکرێت گۆرانیبێژێک لە چینی سۆپرانۆ بێت و خراپ بێت، یان باش بێت. دەکرێت گۆرانیبێژێک لە چینی تینۆر بێت و خراپ بێت، یان باش بێت. چینەکان بۆیە جیا کراونەتەوە تا داوای کەمتر یان زیاتر لە هیچ دەنگێک نەکرێت کە بە سرووشتی لە دەنگی خۆیدا نییە. واتە ناکرێت داوای تۆنێک لە گۆرانیبێژێک بکەیت کە لە دەنگیدا نییە.
سەرهەڵدان و گەشەی ئۆپێرا
ئۆپێرا بەو جۆرەی ئەمڕۆ دەیبینین یەکەیەکی ئاڵۆزە و لە تێکەڵەی چەند هونەرێک پێک دێت. بۆیە دیاریکردنی مێژووەکەشی وەک خۆی فرەلایەنە. بەڵام ڕەگەزە پێکهێنەکانی هەر لە سەردەمی دێرینەوە هەبوون.
بۆیە دەکرێت ئۆپێرا بە شێوەیەکی سەرەتایی بۆ سەردەمی گریکی کۆن بگەڕێنرێتەوە. چونکە هەر لە سەردەمی سۆفۆکلیس و ئەوانەوە کۆڕ لە شانۆنامەکانیاندا هەبووە و گۆرانییان بێژاوە.
بەڵام لەبەر ئەوەی ئۆپێرا بەو جۆرەی ئەمڕۆ دەیناسین کرۆکەکەی لە موزیک پێک هاتووە و موزیک تیایدا میوان نییە، بەڵکو خاوەنماڵە، بۆیە ناشتوانین ئەوانەی گریکی کۆن وەک ئۆپێرا بناسێنین.
سەرەتای دەرکەوتنی ئۆپێرا بەو شێوەیەی ئەمڕۆ دەیناسین دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی شانزەیەمی زاینی.
سەرەتای سەرهەڵدانی ئۆپێرا بەو شێوەیەی ئەمڕۆ دەیناسین
لێکۆڵەران ناوی جیاوازیان لە سەردەمەکانی مێژوو ناوە. بە سەردەمی کۆتایی سەدەی شانزەیەم دەوترێت: سەردەمی لەدایکبوونەوە (ڕێنیسانس). واتە سەرەتای سەرهەڵدانی ئۆپێرا بەو شێوەیەی ئەمڕۆ دەیناسین دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ڕێنیسانس.
لە سەردەمی ڕێنیساندا کۆمەڵێک هەبوون ناویان فلۆرەنتین کاماراتا بووە. ئەو کاتە ئەو وڵاتەی ئەمڕۆ بە ئیتالیا دەیناسین هەرێم هەرێم بووە و هەر یەکەیان لەوانی تر سەربەخۆ بووە. واتە فلۆرەنتین کاماراتا لە فلۆرێنسا بوون. موزیککارێک سەرۆکایەتیی ئەم کۆمەڵەیەی کردووە ناوی ڤینچێنزۆ گالیلی بووە. ڤینچێنزۆ گالیلی باوکی گەردوونناسی بەناوبانگ گالیلۆ گالیلییە.
گالیلی هەندێک تێڕوانینی خۆی لە پەڕتووکێکدا بڵاو کردووەتەوە، باسی لەوە کردووە کە ئەگەر چەند دەقێک بە دەنگی جیاواز لە یەک کاتدا ببێژرێن، هەرگیز بە ڕوونی نابیسترێن. بۆیە باشترە تاکبێژێک (واتە یەک گۆرانیبێژ) بە گۆرانی بیبێژێت و موزیک و چەند گۆرانیبێژێکی تر هاوشانیی بکەن. هەر خۆیشی لە ژێر ئەم تێڕوانینەی خۆیدا کاری موزیکی بۆ هەندێک لە سروودەکانی دۆزەخ-ی دانتێ ئەلیگیێری کردووە.
ساڵی ١٥٩٧ موزیکدانەر و گۆرانیبێژێکی ئیتالی بە ناوی جاکوپۆ پێری کارێکی بە ناوی دافنێ نووسیوە. پاشتریش موزیکدانەری بەناوبانگی ئیتالی مۆنتیڤێردی هەندێک ئۆپێرای نووسیوە. لە ناوەڕاستەکانی سەدەی حەڤدەیەمیشدا ئۆپێرا لە سەرانسەری ئیتالیا بیستراوە و لە فەڕەنسا و ئەڵمانیاش تەشەنەی سەندووە.
لە ساڵانی ١٧٠٠ تا ١٧٦٠ەکانیش موزیکدانەرە مەزنەکانی وەک ئەنتۆنیۆ ڤیڤالدی و جۆرج فرێدریک هاندێل دەستێکی باڵایان هەبووە لە پەرەپێدانی ئۆپێرادا. یەکی زیاتر لە چل ئۆپێرایان نووسیوە.
موزیکدانەرە گەورە و بەناوبانگەکانی دوای ئەوانیش چەندین ئۆپێرایان نووسیوە. وەک کریستۆف ڤیلیبالد گلوک، جۆزێف هایدن، مۆتسارت، بێتهۆڤن.
لە سەردەمانی دواتردا (سەردەمی ڕۆمانتیک) بڕێک گۆڕانکاری بەسەر ئۆپێرادا هاتووە. لەبەر ئەوەی ئەو ساڵانە ئۆپێرا لەگەڵ چینەکانی خوارەوەی کۆمەڵگادا تێکەڵ بووە، بۆیە ئەم تێکەڵبوونە کاریگەریی لەسەر ئۆپێرا بە جێ هێشتووە. جۆرێکی کورتتری ئۆپێرا سەری هەڵداوە، پێی دەوترێت ئۆپێراتا. هەروەها ئۆپێرای جەفەنگی (بەزمەسات، کۆمیک) زیاتر پەرەی سەندووە و بینەری زۆری بووە.
هەندێک ئۆپێرانووسی مەزنی سەردەمی ڕۆمانتیک
ئەگەرچی هەر لە سەردەمی ڕێنیسانسەوە ئۆپێرا هەیە. ئەگەر ئەم ڕاپۆرتەی منیش ڕاپۆرتێکی وردتر و گشتگیرتر بووایە، دەبوو ناوی زۆرێک لەو ئۆپێرانووسانەی تر بهێنم کە کەوتوونەتە سەردەمەکانی پێشووترەوە. بەڵام من ئامانجم زیاتر ناساندنی گشتیی ئۆپێرایە بۆ بەردەنگی کورد، بۆیە هەوڵ دەدەم بە کورتی ئاماژە بە هەندێک لە هەرە بەناوبانگەکانی ئۆپێرا بدەم.
جاکینۆ ڕۆسینی
موزیکدانەرێکی ئیتالییە. ٣٩ ئۆپێرای نایابی نووسیوە. بەناوبانگترینیان سەرتاشەکەی سێڤیلا، موسا لە میسر، ویلیەم تێل-ن.
ڤینچێنزۆ بێللینی
موزیکدانەرێکی ئیتالییە. زۆربەی کارەکانی بە تراژیدیای لیریکی ناو دەبررێن. تەنها ٣٤ ساڵ ژیاوە، بەڵام ١١ ئۆپێرای نایابی نووسیوە. بەناوبانگترینیان ئەو کچەی خەوەڕێ دەکات، نۆرما، بیاتریچێ دی تێندا-ن.
گەیتانۆ دۆنیزێتتی
موزیکدانەرێکی ئیتالییە. نزیکەی ٧٥ ئۆپێرای نووسیوە. بەناوبانگترینیان لوچیا لامێرمووری و ئیکسیری خۆشەویستی-ن.
جیوزێپپێ ڤێردی
موزیکدانەرێکی ئیتالییە. ٢٨ ئۆپێرای نووسیوە. ئۆپێراکانی ڤێردی لە جیهاندا زۆر بەناوبانگن. بەناوبانگترینیان نابوکۆ (کورتکراوەی ناوی نەبووخەد نەسر-ە)، مەکبێث، ڕیگۆلێتتۆ، لا تراڤیاتا، سیمۆن بۆکانێگرا، دۆن کارلۆس، عایدە، ئۆتێللۆ-ن.
ڕیچارد ڤاگنەر
موزیکدانەرێکی ئەڵمانییە. ١٣ ئۆپێرای تەواوکراوی نووسیوە. بەناوبانگترینیان زنجیرەئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان، لۆهەنگرین، تریستان و ئیزۆلدە، تەنهاوسەر-ن.
پیۆتر ئیلیش چایکۆڤسکی
موزیکدانەرێکی ڕووسییە. ١١ ئۆپێرای نووسیوە. بەناوبانگترینیان یوجین ئۆنیگەن و ژنە جادووبازەکان-ن.
جاکومۆ پوچینی
موزیکدانەرێکی ئیتالییە. ١٢ ئۆپێرای نووسیوە. بەناوبانگترینیان بۆهیمییەکە، پەپوولە خانم، تۆسکا، توراندۆت-ن.
ئۆپێرای مۆدێرن و ئەمڕۆ
ئۆپێرا لە سەدەی بیستەم و بیست و یەکەمیشدا هەر هەبووە و هەیە. بەڵام بێگومان گۆڕانیشی بەسەردا هێنراوە. بەڵام بنەماکانی هەمان بنەمان.
لە سەدەی بیستەمدا هەندێک لە ناودارترینی موزیکدانەرەکان ئۆپێرایان داناوە، لەوانە لەیوش یەناچێک، ئیگۆر ستراڤینسکی، بینجامین بریتن، پۆڵ هیندمیت، ئەلبان بێرگ، ئارنۆڵد شۆنبێرگ. بە ئۆپێراکانی ئەم موزیکدانەرانە دەوترێت ئۆپێرای مۆدێرن.
لە ئۆپێرای مۆدێرندا چەند تەکنیک و شێوازێکی نوێش تاقی کراونەتەوە. بۆ نموونە فرەپەیژەیی (پۆلیتۆنالیتی polytonality) و کەمخوازی (مینیمالیزم minimalism). فرەپەیژەیی واتە موزیکێک کە لە یەک کاتدا لەسەر زیاتر لە پەیژەیەکە. کەمخوازییش واتە کورتکردنەوەی موزیک بۆ سەرەتاییترین و سەرەکیترین ڕەگەزی پێکهێنەکانی موزیکەکە. دیسان، بۆ گوێگری ئاسایی زۆر گرنگ نییە ئەم بابەتە تەکنیکییانە بزانێت.
تا ئێستاش ئۆپێرا لە جیهاندا هەیە و چالاکە. بۆ نموونە فیلیپ گلاس و جۆن ئادامز دوو موزیکدانەرن کە ئۆپێرایان داناوە و هێشتا دەژین.
ئۆپێرای کوردی
ئەوەندەی من ئاگادار بم، لە ناوەڕاستی سەدەی ڕابردوودا مامۆستا عەبدوڵڵا گۆران و مامۆستا قادر دیلان هەوڵیان داوە ئۆپێرای کوردی دابنێن. هەوڵەکەش بەو جۆرە بووە مامۆستا گۆران ئۆپێرانامەکە بنووسێت و مامۆستا دیلان موزیکی بۆ دابنێت. ئەگەر پێش هەوڵی ئەم دوو کەسە هەوڵی تر هەبووبێت من هێشتا لێی ئاگادار نیم.
مامۆستا گۆران چەند بەرهەمێکی کورت و درێژی نووسیوە کە دەکرێت یان ڕاستەوخۆ بکرێن بە ئۆپێرا، یان بە دەستکارییەوە بکرێن بە ئۆپێرا. بەڵام ئەو دەقەیان کە خۆی بە تایبەتی بۆ ئۆپێرای نووسیوە ئەنجامی ئەژدەهاک-ە. بەڵام پڕۆژەکە لەبەر هەر هۆیەک بووبێت سەری نەگرتووە. مامۆستا گۆران خۆی بەم جۆرە لەسەری نووسیوە:
یەک دوو هەفتە پێش جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ (١٩٥٩) لەگەڵ هونەرمەندی بەهرەدار کاک قادر دیلان بڕیارمان دا کە پێکەوە تەقەلا بدەین بۆ بەرهەمهێنانی پارچەیەکی هونەری بۆ ئەوەی لە جەژنی باسکراوا پێشکەشی گەلی شارە خۆشەویستەکەمانی بکەین.
بەری تەقەلای من لەم پێناوەدا بیرکردنەوە بوو لە دانانی ئۆپێرایەک کە ئەمەی لای خوارەوە یەکەم پەردەیەتی.
لەبەر کەم و کوڕیی ئەو کاتەی بەدەستمانەوە بوو، بڕیارمان دابوو کە ئەو بۆ ئەم پەردەیە دەست بکات بە دانانی ئاوازە و پراوەکردن لەگەڵ تیپی ئاوازە و تیپی تەمسیل تا من لە دانانی پەردەی دووەم ئەبمەوە، وە بەم جۆرە بڕۆین تا ئۆپێراکە ئەگاتە ئەنجام.
بەڵام داخەکەم کاک قادر بۆی نەکرا بەڵێنەکەی بێنێتە جێ. ئەمە بوو بە هۆی ساردبوونەوەی منیش، وە بەم ڕەنگە دەستم لە پرۆژەکە هەڵگرت.
ئێستا کە پەردەی یەکەم لە ئۆپێرای ناتەواو ئەخەمە پێش چاوی خوێندەوارانی (بەیان)3، ئەگەر لە هونەرمەندەکانمان (بە مۆسیقار و ئاکتۆرەکانەوە) هاندان و بەڵێنێک ببینم بۆ پشتگرتن و هاوکاری لەسەرپێگرتنی پڕۆژەدا، ئەوا ئامادەبوونم پیشان ئەدەم بۆ تێهەڵچوونەوە و تەواوکردنی پەردەکانی تر.4
من و ئۆپێرا
خۆم بە تەنیا چەندین جار هەوڵی نووسین و نمایشی ئۆپێرام داوە. لە ٢٠٠٩ تا ٢٠١١ هەوڵم دا مەم و زینی ئەحمەدی خانی بکەم بە ئۆپێرا. خۆم تێهەڵچنینم بۆ بەشێکی زۆری دەقەکە کردەوە و دەمەویست بۆ ئۆپێرانامە ئامادەی بکەم. چەندین گەڵاڵە و وردە موزیکم بۆی دانا.
پاشان سەردانی مامۆستا شێرکۆ بێکەسم کرد بۆ ئەوەی ئەو دەقەکە بنووسێتەوە و من موزیکەکە دابنێم. ئەگەرچی سەرەتا پەسەندی بوو، بەڵام دوای چەند مانگێک لێی کشایەوە. درێژەی ئەو چیرۆکە و ئاکامی ئۆپێراکانم لە بابەتی تردا و لە کاتێکی تردا دەنووسمەوە و باس دەکەم.
پێش ئەوە و دوای ئەوەش هەوڵی دانانی ئۆپێرای ترم دا. هەر لەو سەروبەندەدا دەمەویست و هەوڵیشم دا دەقی زریان-ی دڵشاد مەریوانی بکەم بە ئۆپێرا. دواتر دەقی گوڵی خوێناویی مامۆستا گۆرانم داڕشتەوە و بۆیم زیاد کرد و ئامادەم کرد بۆ ئۆپێرا. پێکاری لایتمۆتیفم بۆ دانانی بە کار هێنا. لایتمۆتیف پێکارێکە ڤاگنەر لە کارەکانیدا بە کاری هێناوە، بە گوێرەی ئەو جۆرە پێکارە هەر یەکێک لە کەسێتی، ڕووداو یان شوێنە گرنگەکان موزیکی تایبەتی خۆیان هەیە. چەند کۆپلەیەکیشم بۆ ئۆپێراکە نووسی. لە هەژماری یوتیوبەکەمدا نموونەی دوو بەشی کورتی کرانەوەکەیم داناوە.
هەر لە خۆشەویستییم بۆ ئۆپێرا و خەونی ئۆپێرای کوردی بوو کە ساڵی ٢٠١٦ بەشداریی شانۆیی مارا/سادم کرد و موزیکەکەیم دانا و پێشکەشیشم کرد. بەڵام دەتوانم لە وتارێکی تردا کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم ئۆپێرا لە کوردستان بە درێژتر بخەمە ڕوو.
ئاوڕدانەوە لە خولیایەکی نەماو!
ئێستا (ئاداری ٢٠٢٥) لەگەڵ پێداچوونەوەی ئەم ڕاپۆرتەمدا کە ئاوڕ لەو هەموو موزیک و کات و تەمەنە دەدەمەوە کە لەم پێناوەدا تەرخانم کرد و هیچیشیان لێ سەوز نەبوو و گوێیەک نەیبیستن، سێبەری دڵتەنگییەک لەسەر دڵم دەنیشێت و بە خۆم دەڵێم: کوردستان پایتەختی بەفیڕۆدانی توانا و بەهرە و لێزانیی جیهانە! بە تایبەتیش پایتەختی بەفیڕۆدانی وزەی کوردە. بەڵام پاش کەمێک بە خۆم دەڵێم: مادەم وایە، ئەرکی من ئەوەیە بەرەبەرە وا بکەم بۆ ئایندە وا نەبێت. ناکرێت ئەم هەموو توانا و تەمەنەی کورد بە فیڕۆ بچن و نەچنە خزمەتی کوردستانەوە. خەڵکی وەک من و مانان هیچ هەلێکمان بۆ نەڕەخسێنرا و سوود لە تواناکانمان نەبینرا. بەڵام ناکرێت ئێمەش بۆ نەوەکانی داهاتوو بە هەمان جۆر بین.
بە کورتی: ئۆپێرا هونەرێکی زۆر گرانە، هەم لە ڕووی ئەرک و هەم لە ڕووی تێچووەوە. پێویستی بە خەڵکی زۆریش هەیە. واتە هەموو کێشەکە تەنها لەسەر شانی موزیکدانەر و دەقنووس نییە. بەڵکو ژێرخانێکی پتەوی هونەریی دەوێت. ئەو ژێرخانە هونەرییە پتەوەش لە کوردستان هێشتا چێ نەبووە. بۆیە هەوڵەکان هەر بە تاکەکەسی و تاڕادەیەک بێئەنجام ماونەتەوە.
دوای شەست و شەش ساڵ بەسەر هەوڵەکەی مامۆستا گۆران و مامۆستا قادر دیلاندا هێشتا هیچ ئۆپێراخانەیەک لە هەرێمی کوردستاندا نییە. هیچ تیپێکی ئۆپێراش نییە. هیچ نەخشەیەکی دڵخۆشکەرەش نییە.
تروسکەیەک
لە ئاداری ٢٠١١دا هەوڵێکی گرنگ درا، ئەویش ئۆپێراخانەی کۆڵن بانگهێشت کران بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی ئۆپێرایەک نمایش بکەن. ئۆپێرای فڕاندنی نێو حەرەمسەرای مۆتسارتیان نمایش کرد. ئەمە یەکەم جار بوو (ئەوەندەی ئاگادار بم) ئۆپێرای تەواو لە کوردستان نمایش بکرێت. خۆم زۆر پێی شاگەشکە ببووم و هەردوو ڕۆژی نمایشەکە چووم. لە کاتی پڕۆڤەشیاندا بەرمنەدەدان و بووم بە هاوڕێی زۆربەی ژەنیارەکان. بەڵام داخەکەم، ئەم هەوڵە لە یادەوەریی کوردستاندا بە تاقانەیی ماوەتەوە.
پەڕاوێزەکان
- ساڵی ٢٠١٠ داوام لە کاک کارزانی برام کرد هەندێک دی ڤی دیی ئۆپێراکانی ڤاگنەرم بۆ بنێرێت. ئەویش لە کۆتایی هاوینی هەمان ساڵدا تەنهاوسەر و تریستان و ئیزۆلدە و چوارینەکەی موستیلەکەی بۆم نارد. ئێجگار دڵم بە چوارینەکە خۆش بوو.
٧ی ئەیلوولی ٢٠١٠ دەستم کرد بەوەی پوختەیەک لە بارەی ئۆپێرا و موستیلەکەی نیبێلونگەکان بنووسم. دواتر دکتۆر شنۆ محەممەد مەحمود لە زانکۆ، کە مامۆستامان بوو، داوای لێمان کرد هەر یەکێکمان ڕاپۆرتێک بە دڵی خۆمان لەسەر بابەتێک بنووسین. منیش هیچی باشترم لە چوارینەکەی موستیلەکە نەدۆزییەوە. ئەو ماوەیە ئێجگار زۆر لە ژێر کاریگەریی ڤاگنەردا بووم. ڕاپۆرتەکەم لە ٦ی نیسانی ٢٠١١دا تەواو کرد. هەر بە سەرپەرشتیی مامۆستا شنۆ پێشکەشی کۆلێژەکەمم کرد و لە وانەیەکیشدا پێشکەشم کرد. دواتر بە یارمەتیی کاک هەرێم عوسمان، بە سێ بەش لە ژمارەکانی ٤٦ و ٤٧ و ٤٩ی گۆڤاری هزر و هونەردا بڵاو کرانەوە. ئەو کاتە دکتۆر هەرێم عوسمان لە زانکۆ هاوپۆلم بوو. لە ٤-٥ی ئاداری ٢٠٢٠دا پێداچوونەوەیەکی ئاساییم بۆی کرد و ئەم بەشەم لە چوارینەی موستیلەکە جیا کردەوە. لە ١٨ی ئاداری ٢٠٢١، ٢٣-٢٤ی ئەیلوولی ٢٠٢١، ١٦-١٧ی ئاداری ٢٠٢٥دا دیسان پیایدا چوومەوە.
لە لە پێداچوونەوەی ١٧ی ئاداری ٢٠٢٥دا وشەی پێشژەن و نێوژەن-م لێک دا. وشەی کرانەوە-م بە واتای ئۆڤەرچوور بە کار هێنا. ↩︎ - پەیڤان یان پەیڤاندن: بە ئینگلی Recitative. مامۆستا عەبدوڵڵا جەمال سەگرمە لە وەرگێڕانی پەڕتووکی ئەلفبێیەکی موزیکدا زاراوەی پەیڤەئاوازی بەرانبەر زاراوە ئینگلییەکە دیاری کردووە. بەڵام وشە لێکدراوەکەی بەڕێزیان لە ڕستەدا وەک کار تا ڕادەیەک درێژە بوترێت: پەیڤەئاواز دەکرێت، بە پەیڤەئاواز دەبێژرێت، دەپەیڤەئاوازرێت و تا دوایی. بە ڕای من هەر لە پەرەپێدانی دەستنیشانکردنەکەی مامۆستا سەگرمەوە پەیڤاندن بۆ ڕێسیتەتیڤ (ی ئینگلی) یان ڕێچیتاتیڤۆ (ی ئیتالی) شیاوترە. ↩︎
- «مامۆستا گۆران ئەم ئۆپەرێتەی لە ژمارە (٤)ی بەرگی (٢)ی ئایاری ١٩٥٩ی گۆڤاری (بەیان)دا بڵاوکردووەتەوە کە بە سەرپەرشتیی خۆی لە سلێمانی دەرئەچوو. من خۆم دانەیەکی ئەو ژمارەیەی گۆڤارەکەم لابوو مامۆستا گۆران بە دەستی خۆی گەلێ دەسکاریی ئۆپەرێتەکەی تیا کردبوو، بە داخەوە لە بارودۆخێکی سەختدا لەدەستم دەرچوو. ~ محەممەدی مەلا کەریم» ↩︎
- بڕوانە دیوانی گۆران، بەشی ئۆپەرێت، ئەنجامی ئەژدەهاک، لا ٣٥٢، چاپخانەی کۆڕی زانیاریی عێڕاق، بەغدا ١٩٨٠. ↩︎