چیرۆک

داڕێژراوەی ساناکراوی ڤینوس و ئادۆنیس

داڕێژراوەی ساناکراوی ڤینوس و ئادۆنیس

ئەم چیرۆکە داڕێژراوەی خۆمە بۆ هۆنراوەی ڤینوس و ئادۆنیس-ی شێکسپیر بە شێوەی پەخشان. بڕێک سانا و ساکارم کردووەتەوە بۆ کەسێک کە نەتوانێت بە هۆی جۆراوجۆر چێژ لە هۆنراوەکە وەربگرێت، یان لە هەندێک شوێنی تێبگات.

هەبوو، نەبوو، کوڕێکی منداڵکاری جوانکیلە هەبوو، ناوی ئادۆنیس بوو. حەزی لە ڕاو بوو، بەڵام قێزی لە خۆشەویستی دەهاتەوە. بەیانییەک دوای خۆرهەڵهاتن بە سواری ئەسپە نێرەکەیەوە بەرەو ڕاو ڕێی دەشتودەری گرت. ئادۆنیس لە چەشنی نەپاوەکان بوو، واتە ئەوانەی دەمرن. بەڵام ڤینوسی خوای خۆشەویستیی ڕۆمییەکان، کە ئەویان نەمرە، کەوتبووە ئەڤینی ئادۆنیسەوە و بەرەو ڕووی ئەو چوو و هەوڵی دا دایبکەفێنێت تا دڵداریی لەگەڵدا بکات. پێی وت:

– ئەی ئەوەی سێ جار لە خۆم جوانتریت، ئەی شاگوڵی نێو باخان، ئەی بێوێنە لە شیرینیدا، پەرییەکانیش هێندەی تۆ جوان نین. تۆ لە هەموو مرۆڤێک جوانتریت، لە کۆتر سپیتریت، لە گوڵەباخ سوورتریت. تەنانەت خواش کە دروستی کردیت دەترسا دوای مەرگی تۆ ئیتر کۆتایی بە جوانی بێت. تکات لێ دەکەم لە ئەسپەکەت دابەزە و ئەسپەکەت ببەستەوە. ئەگەر وا بکەیت، منیش هەزاران وتەی شیرینت پێ دەڵێم. وەرە ئێرە لەگەڵ من دابنیشە با ماچپرژێنت بکەم. وا لە لێوەکانت دەکەم لە هەمان کاتدا هەم تێر بن لە ماچ و هەم برسی بن بۆ ماچی زیاتر. بە سەتان جۆری جیاواز ماچیان دەکەم، بە ماچ سووریان دەکەم و سپییان دەکەمەوە. ماچی خێرا و ماچی خاوت دەکەم. وا ماچت دەکەم، هەندێکیان بە هێندەی بیست ماچ درێژ بن، پاشان دە ماچی کورتیشت دەکەم. هەر لەم ڕابواردنە خۆشەدا نغرۆت دەکەم و وا مەستت دەکەم پێت وا بێت ڕۆژێکی درێژی هاوین بە چەند خولەکێکی کورت تێدەپەڕێت!

ئینجا دەستی ئادۆنیسی گرت و لەتاو ئارەزووە بەتینەکەی دەلەرزی. عارەقی دەستی ئادۆنیسی وەک هەتوان و ساڕێژکەری برین دەبینی. ئەوەندە ورووژابوو کە هەر بە جووڵەیەک ئادۆنیسی لەسەر ئەسپەکەی داگرت. بە دەستێک جڵەوی ئەسپەکەی گرت، بە دەستەکەی تری ئادۆنیسی خستە ژێر باڵی خۆیەوە.

ئادۆنیس سوور هەڵگەڕا و لچی هەڵقرچاند. هەردووکیان سوور هەڵگەڕان، بەڵام لەبەر دوو هۆی جیاواز: ڤینوس لەتاو ئارەزووە بەتینەکانی وەک پشکۆی گڕی بەجۆش سوور هەڵگەڕا؛ ئادۆنیس لە شەرمدا سوور هەڵگەڕا و هیچ ئارەزووێکی لە دڵداری و یاری نەبوو.

ڤینوس ئەسپەکەی ئادۆنیسی بە دارێکەوە بەستەوە. پاش ئەسپەکە هەوڵی دا ئادۆنیسی سوارەی ئەسپەکە بە خۆیەوە ببەستێتەوە و بەرەو خۆی ڕایکێشا. ڤینوس دەیتوانی بە هێز بەسەر ئادۆنیسدا زاڵ بێت، بەڵام نەیدەتوانی وا بکات ئادۆنیس ئارەزووی بکات.

هەر لەگەڵ ڕاکێشانی ئادۆنیس، هەردووکیان ڕاکشان. ڤینوس دەستی بە گۆنای ئادۆنیسدا دەهێنا و ئەویش پێی ناخۆش بوو. هەر کە ئادۆنیس ویستی شتێک بڵێ، ڤینوس خێرا بە ماچی دەم لێوەکانی لە قسە خست. بە دەم ماچەوە پێی وت:

– گەر… سکاڵا… بکەیت… لێوەکانت… هەرگیز… ناکرێنەوە!

ئادۆنیس لە شەرمدا گڕی گرتبوو و سوور ببووەوە. ڤینوس بە فرمێسکی چاوەکانی ئەو گڕەی ئەوی دەکوژاندەوە. ڤینوس کەوتە ئاخ و ئۆفی خۆشەویستی و پرچی کەوتە باوەشێنی ئادۆنیس. ئادۆنیس فریا کەوت و وتی:

– شەرمە…

بەڵام ڤینوس خێرا بە ماچ دەمی داخست و نەیهێشت لەوە زیاتر بڵێت. چۆن هەڵۆ دەکەوێتە نێچیر، ڤینوسیش ئاوها کەوتە ماچ و گەز و لێستنەوەی برۆ و گۆنا و چەناگەی ئادۆنیس. ئادۆنیسیش ناچار ملی بۆ ڤینوس دا. بە هەناسەبڕکێوە ڕاکشا. ڤینوس تەنانەت هەناسەکانی ئادۆنیسیشی هەڵدەمژی و وەک هەوای ئاسمانی و بەهەشتی لێی دەڕوانی. باوەشی ڤینوس بوو بە تۆڕی گرتنی ئادۆنیس و تیایدا گیری خوارد. شەرم و دڵەڕاوکێ و ترس و بەرەنگاریی جاربەجار وایان دەکرد جوانتر لە بەر چاوانی ڤینوسدا دەربکەوێت.

ڤینوس بە دەم ماچ و ڕامووسانەوە لێی دەپاڕایەوە بەزەیی پیایدا بێتەوە. بەڵام ئادۆنیس هەر مۆن و گرژ و تووڕە و شەرمن بوو. لە تووڕەیی و ترسدا ڕەنگی سوور و سپی دەبوو. ڤینوس نەیدەتوانی لە ئەڤین زیاتر هەڵببژێرێت، کەچی ئادۆنیس دەیتوانی ئەڤین هەڵنەبژێرێت! ڤینوس سوێندی بۆی خوارد کە تا ئادۆنیس بەو دانەکەفێت و قایل نەبێت، هەرگیز لە سنگی نابێتەوە. پێی وت:

– تاکە داوام ماچێکی شیرینە. هەموو ئەوەی بۆت دەکەم بەرانبەر ماچێکی شیرینی تۆ!

ئادۆنیس بۆ وتەیەک سەری شۆڕی هەڵبڕی و وتی:

– باش.

یەکسەر سەری داخستەوە. ڤینوسیش یەکسەر بۆ ماچەکە چوو. بەڵام لە کاتی ماچەکەدا ئادۆنیس چاوی نووقاند و لێوی دوور خستەوە. ڕێبوارێکی گەرمای هاوین بۆ ئاو چەندە تینوو دەبێت، ڤینوسیش ئەوەندە تینووی ئەو ماچەی وی بوو. لە نێو فرمێسکدا نوقم ببوو، بەڵام گڕی ئەڵها و سۆز و ئارەزووەکەشی هەر دەسووتا. بە ناڵەناڵەوە کەوتە سکاڵا و وتی:

– کوڕە بەزەییەکت بێت، ئەی دڵڕەق! بۆ تەنها ماچێک لێت دەپاڕێمەوە. بۆ وا ناز دەکەیت؟ چۆن ئێستا لە تۆ دەپاڕێمەوە، ئاوها خەڵکیش لە من پاڕاونەتەوە. تەنانەت مارس، مارسی خوای جەنگی ڕۆمییەکان، کە لە هیچ جەنگێکدا ملی شۆڕ نەکردووە و کوێی ویستبێت داگیری کردووە، کەچی ملی لە ئاستی مندا شۆڕ کردووە و هەوڵی داوە دڵم بە دەست بهێنێت. بوو بە کۆیلە و دیلی من. بۆ ئەوە دەپاڕایەوە کە وێڕای ئەوەی تۆ لێشمت داوا نەکردووە، بەڵام هەر پێتم داوە. ئەو خوا مەزنەی جەنگم وا لێ کرد جلی جەنگی داکەند و لە پێناو مندا کەوتە سەما و یاری و گاڵتە و چاوباشقاڵی و بزە و شۆخی! ئەوەندە ئەوینداری من ببوو کە قێزی لە جلی جەنگی خۆی و لە جەنگ دەهاتەوە! لە بری مەیدانی جەنگ، کەوتە باوەشی منەوە. من ئەو کەسەم ڕام کرد کە هەموو جیهانی ڕام دەکرد. زنجیرێکی گوڵاڵەسوورەم لە ملی بەست و دەمهێنا و دەمبرد. ئەوێک کە پۆڵا لە ئاست بەهێزیی ئەودا شەرمەزار و ملکەچ بوو، بەڵام کردم بە نۆکەری نازی خۆم. بۆیە تۆش لە خۆت بایی مەبە. بە تواناتەوە مەنازێ. تۆ ئێستا بوویت بە سەروەری ئەو کەسەی سەروەی خوای جەنگە! بەو لێوە جوانانەت لێوم ماچ بکە. بۆ وا سەرت داخستووە؟ سەرت هەڵبڕە و سەیری چاوم بکە. چاوی من بووەتە ماڵی جوانیی تۆ. ئەگەر شەرم دەکەیت، چاوت بنووقێنە، منیش وا دەکەم و ماچ دەکەین و دەیکەین بە شەو، چونکە ئەڤین دووبەدوو و لە تاریکیدا خۆشە. بوێر بە. کەس نامانبینێت. لەم ناوە هەر گوڵی لێیە و گوڵیش ناتوانێت هیچ بگێڕێتەوە. شەیدای ئەو سمێڵە تەنکەتم کە وای دەردەخات هێشتا پێنەگەیشتوویت، بەڵام زۆر بەتامیت. هەلەکە بقۆزەوە. دەبێت گوڵ ئەو کاتە بچنیتەوە کە پێگەیشتووە، دەنا دەژاکێت. چیمە وا حەزت لێم نییە؟ خواپێداو نیم؟ ناحەزم؟ پیر و چرچم؟ پەروەردەم نییە؟ خواروخێچم؟ لاسارم؟ دەنگم ناخۆشە؟ پووکاوەم؟ قێزەونم؟ نەخۆشم؟ ساردوسڕم؟ چاوم کزە؟ نەزۆکم؟ ڕەقەڵەم؟ لاوازم؟ ئەگەر هەر یەکێک لەمانەم، ئەوا دەتوانیت بوەستیت، چون ئەو کات بۆ تۆ نەدەبووم. بەڵام کە بێخەوشم، ئیتر بۆ چارەمت ناوێت؟ دەموچاوم سافە، چاوم گەشە، هەر وەک بەهار ساڵانە جوانیم نوێ دەبێتەوە. لەشم ساف و لووسە. ئاوری ئەوین لە مۆخمدایە. بە دەستلێدانێکت دەتوێمەوە و شل شل دەبم. ئەگەر بهێڵیت قسەت بۆ بکەم ئەوا گوێت جادووبەست دەکەم. لێم بگەڕێ بۆت هەڵپەڕم. ئەڤین گیانێکە و لە گڕ پێک هاتووە، هێندە سووکە کە دەتوانێت بەرز بەرز بفڕێت. کە بەسەر لمدا دەڕۆم جێپێم دەرناکەوێت. تەنانەت کۆتر دەتوانێت بەیانی تا شەو بە ئاسماندا ڕامبکێشێت. کوڕە شیرینەکە، کە ئەڤین ئەوەندە سووک بێت، بۆ پێت وایە لەسەر شانی تۆ هێندە قورسە؟ ئایا وەک نارسیسۆس کەوتوویتەتە ئەوینی ڕووی خۆتەوە؟ چونکە نارسیسۆسیش ئەوینداری ڕووی خۆی بوو. چۆن شتی وا دەبێت؟ ئەم خۆپەرستییەت بەرەو مەرگت دەبات، وەک چۆن نارسیسۆس خۆی نووشتاندەوە وێنەی خۆی لە جۆگەلەیەکدا ماچ بکات و کەوتە ناوی و خنکا. لە دونیادا هەر شتە و سوودی خۆی هەیە: چرا بۆ ڕووناکی، خشڵ بۆ پۆشین، شیرینی بۆ تام، جوانی بۆ بەکارهێنان، گیا بۆ بۆن، ڕووەکی تێراویش بۆ بەرگرتن. مرۆڤیش دەبێت بەری هەبێت، مرۆڤێک بە مەبەست وەچە نەخاتەوە بێڕێزی بە سرووشت دەکات. تۆی جوان لە جوانێکەوە هاتوویت و دەبێت جوانێک بخەیتەوە. زەوی خۆی خستووەتە خزمەتت بەوەی تۆی هێناوەتە دونیا، تەنها یەک شتیشی لە تۆ دەوێت، ئەویش ئەوەیە خۆتێکی تر بخەیتەوە. چۆن دەبێت تۆ نانی زەوی بخۆیت و ئەو لە تۆ نەخوات؟ بە یاسای سرووشت دەبێت منداڵ بخەیتەوە بۆ ئەوەی دوای مەرگت ئەوەی لە تۆیە بژیێت. هەر ئاوهایە کە مرۆڤ دەتوانێت بەسەر مەرگدا سەربکەوێت.

ڤینوس دوای وتنی ئەمە ئارەقەی کردەوە، چونکە ببوو بە نیوەڕۆ و کەوتبوونە بەر هەتاو و سێبەر بە جێی هێشتبوون. خۆر ئیرەیی بە ئادۆنیس دەبرد و خوازیار بوو خۆی لە جێی ئادۆنیس لە پەنا ڤینوسدا ڕاکشابا و ئادۆنیس لە جێی ئەو گالیسکەی خۆری ڕاکێشابا و ڕۆڵی خۆری دیبا. ئادۆنیسیش بەرەبەرە هەم لاواز دەبوو و هەم دەشڵەژا، نەڕاندی:

– شەرمە! بەسە ئیتر خۆشەویستی! خۆرەکە دەموچاومی سووتاند، دەبێت بڕۆم.

ڤینوس وتی:

– ئای لە من! گەنج و هێندە دڵڕەق! «خۆرەکە دەموچاومی سووتاند» کەی پاساوە؟ چۆن دەبێت ئەوە وات لێ بکات بڕۆیت؟ فووێکی ئاسمانییت لێ دەکەم و فێنکت دەکەمەوە. بە قژم سێبەرت بۆ دروست دەکەم. ئەگەر ئەوانیش هەر سووتێنەر بوون، ئەوا بە فرمێسکم دەیانکوژێنمەوە. ئەگەرچی خۆری ئاسمان گەرمە و ڕاستەوخۆ بەر من دەکەوێت، چونکە من بە لەشم سێبەرم بۆت کردووە، بەڵام ئەو خۆرە نامسووتێنێت، بەڵکو گڕی چاوەکانی تۆ منی سووتاندووە. گیانێکم بەوەیە کە من نەمرم، دەنا لە نێوان خۆری ئاسمان و گڕی چاوی تۆدا دەمردم. بەرد لە بەر باران شل دەبێت، بۆیە دڵت بەردیش بێت هەر دەبێت لەبەر فرمێسکم شل بێت. چ سەیرە کە تۆ کوڕی زمیرنایت، ئەو ژنەی لە پێناو خۆشەویستیدا مرد، کەچی ناتوانیت هەست بە خۆشەویستی بکەیت! بەئازارترین شت لە دونیادا ئەوەیە خۆش نەویسترێیت. ئەگەر زمیرنای دایکیشت وەک تۆ کەللەڕەق بووایە، ئەوا بە وەجاخکوێری دەمرد و تۆی نەدەبوو. من چیمە کە ئاوها قێزت لێم دێتەوە؟ داخوازییەکەم چ مەترسییەکی تێدایە؟ چۆن بە ماچێکی بچووک لێوەکانت خراپتر دەبن؟ پێم بڵێ، ئەی جوان. بەڵام وتەی جوان بڵێ، یان بێدەنگ بە. ماچێکم بدەیە، منیش دووبارە دەتدەمەوە. ئەگەر دوو ماچت بوێت دانەیەکی زیادەشت دەدەمێ. بەڵام داخەکەم، ئەی ئەوەی وەک وێنەیەکی جوانی بێگیان وایت، ئەی بەردی ساردوسڕ، بتی باشتاشراو، وێنەی مات و مردوو، وەک پەیکەرێک وایت کە تەنها چاو ئاسوودە دەکەیت. بە پیاو دەچیت، بەڵام لە ژن نەزاویت، دەنا هەستت دەبوو. ئەگەرچی ئەدگاری پیاوت هەیە، بەڵام پیاو نیت. پیاو نیت، چونکە پیاوان هەر خۆنەویستانەش بێت ماچ دەکەن.

ڤینوس ئەوەندە بێئۆقرە بوو کە ئیتر قسەی تری پێ نەکرا. کەوتە گریان و سوور بووەوە. ڤینوس گەرچی خۆی دادوەری ئەڤینە، کەچی نەیدەتوانی داواکەی خۆی یەکلا بکاتەوە، بۆیە دەگریا و نەیدەزانی چی بکات. دەیەویست باوەش بە ئادۆنیسدا بکات و ئەو نەیدەویست. چەند جارێک کە ئادۆنیس ویستی لە ڤینوس دوور بکەوێتەوە، ڤینوس نەیدەهێشت و توند باوەشی پێیدا دەکرد. وتی:

– لاوە گیان، بە باڵە سپی و لووسەکانم تۆم لە باوەش گرتووە. تۆ ببە بە ئاسکی من و منیش دەبم بە باخچە و لەوەڕگە بۆت. چیم لێ دەکەیت لێم بکە، لە سنگم، لە نێوان مەمکم، لێوم بمژە، ئەگەر لێویشم وشک بوو، دابگوزەرێ بۆ دامێنم، لەوێ جێی خۆشی تەڕی لێیە. ئەوەندە ئامرازی سەرگەرمی لە سنووری لەشمدا هەن کە باش داتبمرکێننەوە. با لەشم ببێت بە نیشتمانت.

ئادۆنیس بزەیەکی بەسووکبینینی هاتێ. لەگەڵ بزەکەیدا چاڵێکی جوان لە هەر ڕوومەتێکیدا دەرکەوت. کوپیدۆی خوای خۆشەویستیی ڕۆمییەکان ئەم چاڵانەی لەسەر ڕوومەتی ئادۆنیس دروست کردووە، ویستوویە ببن بە گۆڕی خۆی، چونکە پێی وا بووە ئەگەر لەو چاڵانەدا بنێژرێت، ئەوا هەرگیز نامرێت! ڤینوسیش تێر ئارەزووی لەم چاڵانەی سەر ڕوومەتی هەبوو، لە تاو ئەو چاڵانەی سەر ڕوومەتی شێت و بێهۆش ببوو. ئای چ بەدبەختییەکە گۆنایەکت خۆش بوێت کە بە قێزەوە بزەت بە ڕوودا دەکات!

ڤینوس ڕوو بکاتە کوێ؟ چیی تر بڵێت کە نەیوتووە؟ وتەی تەواو، بەڵام ئاخەکانی زیاتر دەبوو. ڕۆژیش بەرەبەرە دەگەیشتە ئێوارە. ئادۆنیس دەیەویست لە باوەشی ئەو ڕزگاری ببێت. ڤینوس هاواری کرد:

– بەزەییت بێت، چاکەیەک، هاوسۆزییەک!

بەڵام ئادۆنیس گوێی نەگرت و بەرەو ئەسپەکەی ڕایکرد. بەڵام ئەسپەکەی ئادۆنیس، کە ئەسپێکی نێر بوو، لە دوورەوە ماینێکی ڕەسەنی بەگوڕ و گەنج و شانازی دی، بۆی کەوتە جامبازە و حیلە و تێر ئارەزووی لێی کرد. گەرچی ئەم ئەسپە بە دارێکەوە بەسترابووەوە، کەچی ئارەزووی ماینەکە ئەوەندە بەتین بوو لای کە جڵەوی پساند و کەوتە نمایش بۆ ماین. سمەکانی لە زەوی کوتی، لغاوەکەی قرتاند، هێز و گوڕی خۆی نیشانی ماین دا، شانازانە دەیلۆقاند، جامبازەی کرد، هەڵبەز و دابەزی کرد، وەک بڵێت: «سەیری هێزم بکەن کە تاقیی دەکەمەوە و سەرنجی ئەو ماینە جوانە ڕادەکێشم».

ئادۆنیس کەوتە مەرایی و هۆشکردن لە ئەسپ، بەڵام ئەسپە هیچ باکی بە ئادۆنیس نەبوو. تەنها ماینەی دەدی و بەس. ئەسپەکە لە جوانیدا بێوێنە بوو. سمەکانی خڕ بوون، جومگەکانی کورت بوون، مووی سەر قولەکانی بژ و درێژ بوون، سینەی پان بوو، چاوی پڕ بوو، سەری بچووک بوو، کونەلووتەکانی فش بوون، تەوێڵی بەرز و گوێی کورت و قاچی ڕێک بوو. ئێجگار بەهێز بوو، یاڵەکانی، واتە تووکی سەر پشتی ملی باریک بوون، کلکی ئەستوور بوو، پاشەڵی پان بوو، پێستی تەنک بوو. تەنها لە سوارێکی شانازی کەم بوو لەسەر پشتی.

ئەسپەی نێر هەر خەریکی خۆبادان بوو بۆ ماین و دەیحیلاند. ماینەکە وەڵامێکی تەنکی ئەم هەموو خۆبادانەی ئەسپی دایەوە و شاناز بوو، بەڵام وا خۆی پیشان دا کە نابەدڵە و ئەوی ڕەت کردەوە.

ئەسپەی نێر خەمبار بوو. کە ماینەکە سەرنجی دا دەتوانێت چۆن ئەو ئەسپە چاکە خەمبار بکات، بەزەیی پیایدا هاتەوە و میهرەبان بوویەوە. لەو کاتەدا ئادۆنیس چوو بیگرێتەوە، بەڵام ماینەکە ترسا و هەڵهات، ئەسپە نێرەکەی ئادۆنیسیش بە دوایدا هەڵهات و خاوەنەکەی بە جێ هێشت و بە جووت هەڵیانتیزاند.

ئادۆنیس بە تەنیا و بێ ئەسپ مایەوە. تووڕە بوو و ئەسپەی بە نەفرەت کرد. ئیتر هەل بۆ ڤینوس ڕەخسا کە سووچی لێ بگرێت. چۆن جام کە پڕ بوو لێی دەڕژێت، هەستەکانی ڤینوسیش وایان لێ هات. کە دەروونی مرۆڤ پڕ بێت، دەبێت دەم بکەوێتە گۆ و خەمی دەروون بە با بدات و باری سەر شان سووک بکات. بەڵام کە زمان لە کار بکەوێت، ئیتر خەمەکانیش لە ناخدا پیش دەخۆنەوە. ئادۆنیس کڵاوەکەی سەری داگرت و داڕوانییە سەر زەوی. سەرنجی ڤینوسی نەدا کە سوور هەڵگەڕابوو و بەرەو وی دەهات.

ڤینوس بە پێدزکە هات بۆ لای ئادۆنیسی لاسار. ڕەنگی ڕووی ڤینوسیش بەردەوام سوور و سپی دەبوو. ئادۆنیس دانیشت و ڤینوس چووە بەردەمی و کەوتە سەر چۆک. کڵاوەکەی ئادۆنیسی لابرد و دەستی هێنا بە گۆنایدا. کوڵمی ئادۆنیس ئەوەندە ناسک بوو کە بە بای باوەشێن پڕ دەبوو لە خوێن! ئینجا کەوتنە نیگاکردن لە یەکتر و چاوچاوێنە. چاوی ڤینوس تکا و پاڕانەوە، چاوی ئادۆنیس خۆگێلکردن و بەسووکبینین. تا چاوانی ڤینوس فرمێسکیان لێ ڕژا و دەستی ئادۆنیسی گرت. ئەم جەنگەی نێوانیان ئەوەندە جوان بوو، یەکێکیان ئەوی دەویست و ئەوی تریان ئەمی نەدەویست، دەتوت دوو کۆتری زیوینن دەنووکاودەنووک دانیشتبن. ئەوجا زمانی ڤینوس کەوتەوە گۆ و وتی:

– ئەی جوانترین کەسی جیهان، بریا لە جێی یەکتر بووینایە. دڵم وەک هی تۆ ساغ و دڵت وەک هی من زامدار بووایە. باوەڕ بکە لەو کاتەدا بە نیگایەکی شیرین فریات دەکەوتم و دڵنیام دەکردیت. تەنانەت ئەگەر چارەی تۆ بە مەرگی منیش بهاتایە، خۆم دەکوشت بۆت.

ئادۆنیس وتی:

– دەستم بدەوە، بۆچی دەست دەهێنیت بە دەستمدا و دەیساویت؟

ڤینوس وتی:

– دڵم بدەوە، ئینجا دەستت دەدەمەوە. دڵم بدەوە، نەکا دڵە ڕەقەکەت دڵی منیش بکاتە پۆڵا. چونکە ئەگەر دڵم ببێت بە پۆڵا، ئیتر ئاخ و حەسرەتی کەس نەرمی ناکات. چیتر ئاوڕ لە ناڵەی ئەڤین نادەمەوە.

ئادۆنیس نەڕاندی:

– کچێ شەرمە، شەرم! بەرم بدە و لێم بگەڕێ. ڕۆژەکەم چوو، ئەسپەکەم چوو، ئەوەی دەبوو پێوەی سەرگەرم بم لە دەستم چوو. هەمووی خەتای تۆیە. تکات لێ دەکەم بڕۆ، بە تەنیا لێرە بە جێم بهێڵە. هەموو مێشک و بیر و ئاگاییم لای ئەوەن چۆن ئەسپەکەم لە ماینەکە بسەنمەوە.

ڤینوس وتی:

– خۆ ئەسپەکەت وەک تۆ نییە! ئەو بە دەنگ ئارەزووەکانیەوە چوو. ئارەزوو و حەز و سۆز و خۆشەویستی وەک پشکۆ وان، دەبێت سارد بکرێنەوە، دەنا گڕ لە دڵ بەردەدەن. دەریا سنووری هەبێت، ئارەزوو نییەتی. ئەسپە داماوەکەت وەک پیرەئەسپێکی کۆیلە بەسترابووەوە. بەڵام کە ئەڤین بانگی کرد، هەموو کۆتێکی پچڕاند و بە دەنگیەوە چوو. هەر کەسێک خۆشەویستەکەی بە ڕووتی لەسەر پێخەف ببینێت، پێستی لە چەرچەفەکە سپیتر بێت، تەنها چاوی لێی تێر ناکات، بەڵکو بە ئەندامەکانی تری لەشیشی چێژ لەو لەشولارە دەبینێت. کەس ئەوەندە ترسنۆک نییە هەلی وا نەقۆزێتەوە. تۆش لە ئەسپەکەتەوە فێر بە. ئەم هەلە بقۆزەوە. بەخت هەردەم بە دەمتەوە پێناکەنێت. وانەی خۆشەویستی زۆر ئاسانە، هەر کە فێری بوویت ئیتر هەرگیز لە بیری ناکەیت.

ئادۆنیس وتی:

– من خۆشەویستی و مۆشەویستی نازانم، ناشمەوێت بیزانم. تەنها حەزم لە ڕاوی بڕەکە (بەرازی نێر). تەنها لەوەش دەزانم. نامەوێت بچمە ژێر باری خۆشەویستییەوە. تاکە شتێک لە خۆشەویستیدا خۆشم بوێت بەسووکبینینە! خۆشەویستی واتە بە مردوویی بژیت. پێکەنین و گریانە بە هەناسەیەک. پاشان نابێت تۆ خوو بدەیتە من. من هێشتا پێنەگەیشتووم و تەمەنم کەمە. دەستم بەربدە، بە گوشین ئازاری دەدەیت. با واز لەم مشتومڕە بێسوودە بهێنین. خۆت ماندوو مەکە، دەرگەی دڵم بۆ خۆت و بەڵێنە درۆکانت و فرمێسکە درۆیینەکەت و زمانلووسییەکەت ناکرێتەوە.

ڤینوس لە ئاست ئەم وتانەی ئادۆنیسدا حەپەسا، وتی:

– چی؟ دەشتوانیت بدوێیت؟ زمانیشت هەیە؟ ئەی بریا نەتبووایە، یان من کەڕ بوومایە. پێشتر تەنها وەڵامنەدانەوەی خۆشەویستیی تۆ ئازاری دەدام، ئێستا ئەم قسە ناخۆشانەشت هاتنە سەر بارەکە! چ سەیرە، چەندێک جوانیت، ئەوەندەش قسەسوێریت. دەنگت خۆشە، بەڵام ئەوەی دەیڵێیت ژەهرە. دەنگە خۆشەکەت گوێ و بیستن ئاوەدان دەکاتەوە، بەڵام دڵ وێران دەکات. کوێر بوومایە تامەزرۆی جوانیی ناخت دەبووم. کەڕ بوومایە بە لەشت دەورووژام. کەڕ و کوێر بوومایە حەزم بە دەستلێدان و ساوینت دەبوو. هیچ هەستێکی ترم نەبووایە و تەنها بمتوانیایە بۆن بکەم، بە بۆنت ئەڤیندارت دەبووم. هەناسەت ئەوەندە بۆنی خۆشە کە بەو بۆنە ئەڤین لە دڵی هەموو کەسدا دەورووژێت. خواردن بوویتایە تامت تەواو نەدەبوو!

ئادۆنیس دیسان دەمی کردەوە، ویستی بدوێت، بەڵام ڤینوس زەندەقی چوو، هەستی کرد ئێستا قسەیەکی ئەوەندە ناخۆش دەکات کە دڵی ڤینوس پارچەپارچە دەکات. ئەو دەمە جوانەی ئادۆنیس، کە لە جوانیدا ڕووباری هەنگوین ئارەزووی دەکرد بەو دەمەیدا بڕوات، کەچی کە دەکرایەوە وەک بایەقووش نوقڵانەی قسەی تاڵ و سوێری لێدەدا. ڤینوس ئەبڵەق و بێدەنگ لە ئاستیدا مت بوو، هەر کە یەکەم پیت لە دەنگی دەرچوو، ڤینووس تەخت لێی کەوت و بوورایەوە.

بەڵام کامەران ئەو کەسەیە کە بە لەدەستدان دەوڵەمەند دەبێت! کامەران ئەو کەسەیە کە بە ئەڤین دەوڵەمەند دەبێت!

ئادۆنیسی گەوج وای زانی ڤینوس مرد. زللەی لە گۆناکانی دەدا. ویستی ڤینوس سەرکۆنە بکات، بەڵام لەپڕ لەو نیازەی پاشگەز بووەوە. ئادۆنیس هەناسەی بە دەمی ڤینوسدا کرد، لووتی ڤینوسی گووشی و لە گۆناکانیی دا و پەنجەکانی نووشتاندەوە و توند ترپەی دڵیی گرت و دەستی هێنا بە لێویدا. هەستی کرد بێبەزەییێتیی خۆی بووەتە هۆی لەهۆشچوونی ئەو. بۆیە ڤینوسی ماچ کرد.

ڤینوس بە ماچی ئادۆنیس هاتەوە هۆش خۆی. بەڵام کە زانیی ماچ دەکرێت، لێگەڕا ماچی تر بکرێت. هەر کە چاوەکانی کردەوە، وەک پەنجەرە بن و بە ڕووی خۆردا بکرێنەوە، ڕووناکیی خۆری چاوانی ئادۆنیس لە چاوەکانی ڤینوسەوە چووە ناخیەوە و تاریکاییەکەی ناخیی ڕووناک کردەوە. ئینجا ڤینوس چاوی لە چاوی ئادۆنیس گیر کرد. هەرگیز چوار چاوی هێندە جوان تێکەڵ بە یەکتر نەبوون، دەتوت چران و بە یەکدا ئاڵۆسکاون. ڤینوس لە خۆشیدا وتی:

– ئای، من لە کوێم؟! لەسەر زەویم، یان لە ئاسمانم؟ لە نێو زەریادا نوقمم، یان لە نێو ئاگردا؟ ئێستا کەیە؟ بەیانییە یان ئێوارەیە؟ مردووم، یان زیندووم؟ بەر لە بوورانەوەم ژیان دەتوت ناخۆشیی مەرگە، کەچی کە مردم مەرگ پڕ بوو لە خۆشیی ژیان! ئای، ئادۆنیس، منت کوشت. بمکوژەوە. خەتای دڵە ڕەقەکەتە کە وا چاوتی فێر کردووە بێز لە من بکەنەوە. چاوەکانت بەو بێزە دڵی داماوی منیان کوشت. کەچی دڵی من فەرمانیان بە چاوم دابوو جگە لە لێوی تۆ هیچی تر نەبینن، ئەوانیش وایان دەکرد، بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ لێوت و لێوم یەکتر ماچ بکەن و هەردەم بە ماچی یەکتر سوور و تەڕ بن. بەشکو وەک گەڵای سەوز و تەڕ و گیای دەرمان نەخۆشی و پەتا دوور بخەنەوە. بەشکو هەناسەی تۆ ببێتە چارەی دەردی دەردەداران. کە ئەو لێوە شیرینەت نا بە لێومەوە، ئێستا دەبێت چیت بۆ بکەم تا هەر لێوەکانت بە لێومەوە بمێنن؟ ئامادەم خۆمت پێ بفرۆشم، ئامادەم دڵمت بە هەزار ماچ پێ بفرۆشم. بە دڵی خۆیشت ماچەکانم بدەیە، دانە دانە. ئەو نرخە بۆ تۆ چییە؟ هاکا زانیت تەواو دەبێت! ئەگەر نرخەکەشت لە کاتی خۆیدا پێ نەدرا، ئەوا دەیکەینە دوو هێند و خاوتر بیدە. دوو هەزار ماچ بۆ تۆ چییە؟

ئادۆنیس برۆی هێنایەوە یەک و خۆی مۆن کردەوە. وتی:

– شاژنە جوانەکە، گەر پێت وایە خۆشەویستیی تۆ دەبێتە قەرزێک بەسەر شانمەوە، ئەوا ببینە من چەند منداڵم، قەرزم ناکەوێتە سەر شان. پاشان من هێشتا خۆمم نەناسیوە، بۆیە هەوڵ مەدە بمناسیت تا خۆم نەناسم. تۆ ئەگەر ئەوەندە ڕاوچییەکی باشیت، دەبێت خەڵکی لە من پێگەیشتووتر ڕاو بکەیت، نەک منی پێنەگەیشتوو. ماسیگری باش وردەماسی ڕاو ناکات. بڕوانە وا خۆر ئاوا دەبێت و کوندەپەپوو دەقیژێنێت و دەڵێت: «درەنگ درەنگە». باڵندەکان چوونەوە نێو هێلانەکانیان. مەڕ و پەز چوونەوە نێو کۆزەکانیان. هەورەکان پێمان دەڵێن بیکەن بە شەو و شەوشاد لە یەکتر بکەن و جیا ببنەوە. ئەگەر پێم بڵێیت: «شەو شاد»، ئەوا ماچێکت دەکەم!

ڤینوس لە خۆشیی ماچ یەکسەر شل بوو و وتی:

– شەو شاد!

ویستی دوای ئەوە بڵێت: «ماڵئاوا»، بەڵام ئادۆنیس یەکسەر ماچەکەی کرد. ڤینوسیش ئادۆنیسی لە باوەش گرتەوە، وا دەرکەوت لە یەکتر ئاڵان و دەموچاویان بە یەکدا نووسا. ئادۆنیس هەناسەی لێ بڕا. پاش ماچێکی تەڕوبڕ لە لێوان، دەموچاویان جیا بووەوە. بەڵام خۆیان جیا نەبوونەوە، بەڵکو کەوتن، ڤینوس بەسەر پشتدا و ئادۆنیسیش ڕێک بەسەر ڤینوسدا. ڤینوس وەک تێرنەخۆرە ماچی ئادۆنیسی دەکرد. ئادۆنیسیش ملکەچ و گوێڕایەڵ ماچ دەکرا. بەڵام ڤینوس بە ماچ دانەکەفت و کەوتە پەلکوتان. ئارەزووە بەتینەکەی شەرم و بەڵێنەکەی لە بیر بردەوە. ئادۆنیسیش لە باوەشی ئەودا وەک باڵندەیەکی ماڵیی لێ هات، وەک منداڵێکی گریاو و وڕکگرتوو کە بە هەڵپەڕاندن ژیر دەکرێتەوە.

ڕاستیان وتووە کە زۆر جار سەرکێشی ئەستەم دەهێنێت. واتە جەربەزەیی و سەرکێشی دەبنە هۆی بەدیهێنانی شتگەلی ئەستەم. ئەم پەندە بۆ هیچ ڕاست نەبێت، بۆ ئەڤین و دڵداری ڕاستە. چونکە ئەڤین حەزی لە یەکێک نییە زوو خۆی بە دەستەوە بدات، بەڵکو ئەو کاتە شاکارەکەی پێشکێش دەکات کە یارەکەی سەرسەختترین کەس بێت. خۆ ناکرێت هەر کە ئادۆنیس مۆن بووەوە ئیتر ڤینوس واز بهێنێت. ئەگەر ئەو هەر وا بە مۆڕە و مۆنییەکانی ئادۆنیس کشابایەتەوە ئەوا هەرگیز ئەو شیلە شیرینەی لێوی ویی نەدەمژی. بۆیە ڤینوس کە گوڵێکی جوان دەبینێت، بۆی دەچێت، هەزار دڕک لە پێی بچەقێت!

بەڵام ئەم خۆشییە بە تکا و پاڕانەوەی ئادۆنیس تێکچوو. ڤینوسیش ئیتر بەزەیی پیایدا هاتەوە و چیتر نەیتوانی لەوە زیاتر بیبەستێتەوە و لای خۆی گلی بداتەوە. بە دڵێکی خەمبارەوە ماڵئاوایی لێی کرد. دەشیزانی کە ئادۆنیس دەڕوات لەگەڵ خۆی تەندروستیی دڵی ڤینوسیش دەبات. وتی:

– کوڕە شیرینەکە، ئەمشەو لە داخدا بە سەر دەبەم، چونکە دڵە نەخۆشەکەم فەرمان بە چاوانم دەدات تا بەیانی بگرین و ئێشک بگرن. سبەی یەکتر دەبینینەوە؟ بڵێ، ها؟ یەکتر دەبینینەوە؟ ژوانەکە ڕێک دەخەیت؟

ئادۆنیس وتی:

– نەء. نیازم وایە سبەی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکدا ڕاوەبڕەک بکەین.

ڤینوس گۆنا سوورەکانی هەڵبزڕکان و کەوتە لەرز و بە سەرسامییەوە وتی:

– بڕەک!

قۆڵی خستەوە سەر شانەکانی ئادۆنیس و داینیشاند و خستیە سەر ورگی خۆی و خۆی لێی ڕاکشا. ئێستا دەتوت لە مەیدانی ڕاستیی خۆشەویستیدان. بەڵام وێڕای ئەوەی ئادۆنیس بەسەر ڤینوسەوە بوو، بەڵام هیچی نەکرد. ئەمە بۆ ڤینوس تامیتامییەکی کوشندە بوو. وەک وا بوو بچێتە بەهەشت و لە هەموو خۆشییەکی ئەوێ بێبەش بکرێت. ئادۆنیس وەک وێنەی میوەیەکی جوانی لەڕاستیچوو وابوو، کە هەر بە بینینی دەم ئاوی دەکرد بۆی، بەڵام کەسی تێر نەدەکرد و دەستی تێربوونی ڤینوسی نەدەگەیشتێ. ڤینوس بەردەوام ئادۆنیسی ماچ دەکرد و دەیەویست بە ماچ گەرمی بکات بۆ ئەوەی لەگەڵی بمێنێتەوە.

بەڵام هەموو هەوڵەکانی ڤینوس بێسوود بوون. ڤینوس، کە خۆی ئەڤینە، ئەڤین دەدات بە هەموو جیهان، کەچی ئادۆنیس نەیدەتوانی ئەوی خۆش بوێت و بیڤینێت! بە ڕاستی هەوڵە زۆرەکانی ڤینوس، تکاکانی، پاڕانەوەکانی، شایستەی پاداشت و خەڵاتێکی باشتر بوون، بەڵام ئادۆنیس ئەو پاداشتەی نەدایەوە و وتی:

– شەرمە، شەرم! منت پلیشاندەوە. لێم بگەڕێ بڕۆم.

ڤینوس وتی:

– کوڕە شیرینەکە، دەمهێشت بڕۆیت، بەڵام کە وتت دەتەوێت بڕەک ڕاو بکەیت، پەشیمان بوومەوە. تۆ نازانیت مەترسیی بریندارکردنی بڕەک چییە. نازانیت ئەگەر بە نووکی ڕم بڕەک بریندار بکەیت بە کەڵبە تیژەکانی هەلاهەلات دەکات. تا نەتکوژێت وازت لێ ناهێنێت. تووڕە بێت هەر چییەکی لە بەردەمدا بێت پەلاماری دەدات و دەیکوژێت. مووی سەر پشت و هەموو لەشی وەک بزمار وان، نووکی ڕمەکەت نایبڕێت. بڕەک قینی هەڵبستێت بە گژ شێردا دەچێت. ئەو نرخێک بۆ جوانییەکەت دانانێت. دەموچاوی جوانی تۆ و دەستی ناسک و لێوی شیرین و چاوی بلوورینت هەر شایستەی ئەوەن بە ئەڤینەوە بپەرسترێن، نەک ئەو هەلاهەلایان بکات. لێبگەڕێ با ئەو بڕەکە لە ئەشکەوتەکەی خۆیدا بمێنێتەوە. گوێ لە ئامۆژگاری و ڕاوێژی منی دڵسۆزت بگرە. لێت ناشارمەوە، کە ناوی بڕەکەکەت هێنا، لە چارەنووست ترسام، چوارپەلم کەوتە لەرز. لە دەموچاومدا نەتخوێندەوە چۆن ڕەنگم پەڕی و ترسام و تەخت لێی کەوتم؟ دڵم کەوتووەتە پەلەپەل و ئۆقرە ناگرێت. من تۆم خۆش دەوێت و پەرۆشیم بۆت ناهێڵێت ڕێت بدەم بچیت خۆت بە کوشت بدەیت. ئەگەرچی زۆر جار پەرۆشی ئەڤین تێک دەدات و ئەڤین دەخاتە مەترسییەوە. بەڵام لەبەر ئەوەی خۆشم دەوێیت، لە مەرگت دەترسم. کە بیر دەکەمەوە دیمەنێکی تۆقێنەر دێتە بەر چاوم: کەسێکی هاوشێوەی تۆ خەڵتانی خوێن بووە و لە خوێنی خۆیدا گەوزاوە، گوڵانی چواردەوری هەموو کردووە بە خوێن، بڕەکێکی تووڕەی کەڵبەخوێناویش لە نزیکیەتی. جا خۆ ئەوە لە ڕاستیدا ببینم چی بکەم؟ هەر لە ئاست خەیاڵەکەشیدا هەڵدەلەرزم. ئەگەر سبەی بڕۆیت بۆ ڕاوەبڕەک، پێشبینیی مەرگت دەکەم. ئەگەر هەر زۆریش حەز دەکەیت ڕاو بکەیت، کەروێشک ڕاو بکە، یان ڕێوی، یان کارمامز. ئەمانە ناوێرن ڕووبەڕووت ببنەوە. لەو خوارە زۆر و زەبەندن. بۆ خۆت لەسەر ئەسپە چاکەکەت دابنیشە و تانجییەکانت ئەم ڕاوەت بۆ دەکەن. تۆش سەرنجی ئەو کەروێشکە داماوە بدە، کە بە چاوە کزەکانیەوە چۆن دەکەوێتە هەلەکەسەما و هەڵدێت. سەرنجی هەڵهاتنەکەی بدە. ئەمبەر و ئەوبەر دەکات و دەچێتە ناو چاڵوچۆڵییەوە و خۆی ون دەکات. یان بە نێو ڕانەمەڕدا ڕادەکات تا لە نێو بۆنی زۆری ڕانەمەڕەکەدا بۆنی خۆی لە تانجییەکان ون بکات. بۆ ونکردنی بۆنی خۆی شتی تری وا دەکات. تانجییەکان لە حەپە دەکەون و بە دوای بۆنەکەدا وێڵ دەبن، کە بۆنەکەیان دۆزییەوە، ئینجا دەکەونەوە حەپەحەپ. کەروێشک ڕادەکاتە سەر گردێک و سەیر دەکات بزانێت دوژمنەکانی بە دوایەوەن یان نا؟ بەرەبەرە مەرگ لێی نزیک دەبێتەوە، ئەویش ماندووە، ئەمسەر و ئەوسەری زۆر دەکات تا خۆی لە مەرگ ڕزگار بکات. چونکە بێکەس و بێهێزە، کەس لەسەری هەڵنادات و بێدەنگیی لێ دەکەن. ئادۆنیس گیان، بێدەنگ ڕابکشێ، با تۆزێکی تریش قسەت بۆ بکەم. خۆت ڕامەپسکێنە، چونکە نابێت هەڵبستیت. دەبێت وات لێ بکەم ڕقت لە ڕاوەبڕەک بێتەوە. قەت ئەوە من نیم ئامۆژگاریی خەڵک بکەم و بڵێم ئەمە بکە و ئەوە مەکە، بەڵام ئەڤین دەتوانێت لەسەر هەموو ژانێک خۆی هەڵبقورتێنێت و قسە بکات.

ئادۆنیس وتی:

– ئەوە کێشەی تۆ نییە بۆ کوێ دەچم و ناچم. لێم بگەڕێ بڕۆم و یەکتربینینەکەمان بە خۆشی تەواو بێت. وا شەو داهات.

ڤینوس وتی:

– بۆ؟ جا چییە؟

ئادۆنیس وتی:

– هاوڕێکانم چاوەڕێمن. تاریکی کرد. دەڕۆم، تەنانەت گەر بشمرم.

ڤینوس وتی:

– ئارەزوو لە تاریکیدا لە هەموو کاتەکانی تر چالاکتر دەبێت. وەرە و بەم تاریکییە تامەزرۆی یەکتر ببین. بەڵام ئەگەر بمریت، وەی نەخوازە، ئەوا ئەمە بهێنە بەر چاوت: زەوی قاچت تێکەڵاو دەکات و دەتدا بە زەویدا بۆ ئەوەی لە ماچی من بێبەریت بکات. چونکە زەوی خۆی ئارەزووی لە تۆیە و لە تاریکییەکەدا ئارەزووەکەی بە دی دەهێنێت. شتی زۆر گرانبەها وا دەکات زۆر کەسی سەرڕاست هەوڵی دزینی بدەن! جوانیی تۆ تەنانەت دیانای خوای داوێنپاکیشی خەمبار کردووە، نەکا ماچێکت بکات و بەڵێنی داوێنپاکییەکەی بشکێنێت. شێوەی تۆ لە ئاسمان و بەهەشت دزراوە. خۆرت شەرمەزار کردووە. مانگ لە ئاستتدا شەرمەزارە و هەڵنەهاتووە. چونکە دەیەوێت سرووشت بە دز و خیانەتکار تاوانبار بکات بەوەی شێوەی خوایی تۆی لە ئاسمان دزیوە. مانگ دەیەوێت بیسەلمێنێت کە سرووشت لە قینی خواکان تۆی ئاوها جوان دروست کردووە. سرووشت ویستوویە بە ڕۆژ خۆر شەرمەزار بکەیت و بە شەو مانگ. بۆیە مانگ بە دزییەوە بەرتیلی داوە بە خواکانی چارەنووس تا ساختەکاری لە کارەکانی سرووشتدا بکەن، وا بکەن جوانی و لاوازی پێکەوە گرێ بدەن، بێخەوشی و خەوشداری پێکەوە گرێ بدەن. وا بکەن هەموو جوانی و بێخەوشییەک ببن بە دیل و ژێردەستەی بەدبەختی و کوێرەوەری. هەر بۆیەش کامەی زۆر بە جوان دەزانیت، بە تا و نەخۆشی ناشیرین دەبێت و لاواز دەبێت. بۆیە ناشیرینییەکانی وەک دوومەڵ و خەمباری و بێهوایی بەردەوام هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدەن لە سرووشت کە تۆی وا جوان دروست کردووە. هەر بۆیە دوومەڵێک دەتوانێت جوانی بشوێنێت و نەیهێڵێت. داوێنپاکی بە واتای ئەوە نییە منداڵ نەخەیتەوە، ئەوانەی نەخستنەوەی منداڵ بە داوێنپاکی دەزانن هەڵەن و خۆپەرستن و تەنها خۆیانیان خۆش دەوێت. بۆیە تۆ لە ڕقی ئەو خۆپەرستانە لەگەڵم جووت بە و منداڵم لێ بخەوە. ئامانج لە بوونی تۆ ئەوەیە منداڵ بخەیتەوە. بۆیە دەبێت منداڵ بخەیتەوە، نەک لە لەشی خۆتدا منداڵەکانت بمرن. ئەگەر منداڵ نەخەیتەوە جیهان بە سووکت دەزانێت. نەخستنەوەی منداڵ هیچ جیاوازییەکی نییە لە براکوژی و خۆکوشتن و منداڵکوشتن. پارە و زێڕی نووستوو بەهایان نییە، بەڵکو ئەو پارە و زێڕەی بە گەڕ دەخرێن بەهایان هەیە و پارە و زێڕی تر دەهێنن.

ئادۆنیس پێی وت:

– ئەوە دیسان کەوتیتەوە سەر کەڵکەڵە بێسوودەکەت و لە هەوای خۆت نەکەوتوویت؟! کەواتە ئەو ماچەی دامیتێ بە فیڕۆ چوو. ئەم قسانەت سوودیان نییە و وام لێ دەکەن زیاتر ڕقم لێت بێتەوە. نەک ئەم زمانە لووسەت، بەڵکو بیست دانەی تری ئاوهاشت هەبێت هەر هەڵم ناخڵەتێنیت. قسەکانت لەم گوێیەمەوە دەچنە ژوورەوە و لەو گوێیەمەوە فڕێ دەدرێنەوە دەرەوە و ناچنە دڵمەوە. دڵی خۆمم نەدۆزیوەتەوە تووشی ناڵە و خەمی خۆشەویستیی بکەم. خۆشەویستی مەترسییە و ڕێی مەترسیش خزە، هەر ئەوەندەی پێت خزا، ئیتر تا کەوتنەخوارەوە ناوەستیتەوە و هەپروون بە هەپروون دەبیت. منیش ئەوەم ناوێت. لە ڕاستیدا ڕقم لە خۆشەویستی نییە، بەڵکو ڕقم لە فێڵەکانی تۆیە کە لە خۆشەویستیدا دەیانکەیت. تۆ دەبیتە هۆی شەرمەزاربوونی هەموو کەسێک! تۆ سەیری ئەو قسە قۆڕە کە پێم دەڵێیت گوایە تۆ دەتەوێت منداڵت لێ بخەمەوە و ئەم هەموو بەزمەت بۆ منداڵخستنەوەیە! بەمە دەتەوێت پاساو بدەیت بە بەرەڵڵاییەکانت! زمان و پاساوەکانت بوون بە گەوادی ئارەزووەکانت! ئەوە خۆشەویستی نییە، بەڵکو ئاڵۆش و بێڕەوشتییە. ئەڤینێک ئەڤین بێت دەتحەسێنێتەوە، نەک وەک ئاڵۆشی بتخاتە نێو زریانەوە. ئەڤینێک ئەڤین بێت تاتایە دەمێنێتەوە، بەڵام ئاڵۆش زوو لە نێو دەچێت. ئەڤینێک ئەڤین بێت زێدەڕۆیی ناکات، بەڵکو ئاڵۆش وا دەکات. ئەڤین پڕ لە ڕاستییە، ئاڵۆش پڕ لە درۆ و ساختەیە. ئیتر لەوە زیاتر ناڵێم و دەڕۆم. ئەوەندەی تا ئێستا بەرانبەرم کردووتە تووشی شەرمەزاریی کردووم، هەست دەکەم بێڕێزیم پێ کراوە، هەست دەکەم سووک بووم.

پاش ئەم وتە جەرگبڕانە ڕۆیشت. ڤینوسیش سەرسام سەرسام بە پاڵکەوتوویی سەیری دەکرد کە دوور دەکەوتەوە و لە بەرچاوان ون بوو. هەستی دەکرد خشڵێکی بەنرخی فرێ داوەتە لافاوەوە. کەوتە ناڵەناڵ و گریان و ئەی و وەی و ڕۆڕۆ. چیاکانی چواردەوریش دەنگیان دەدایەوە. ناڵەکانی ڤینوس و دەنگدانەوەکانیان لە چیاکانەوە ئەو کەشەی کرد بە پرسەی ڕۆیشنی ئادۆنیس. ڤینوس گۆرانییەکی خەمناکی بێژا و دەیوت:

ئەڤین گەنج کۆیلە دەکات؛

ئەڤین پیر شەیدا دەکات.

لە گەوجیدا دانایە؛

زیرەکێکی گەمژەیە.

ئەوەندە ئەم گۆرانییەی درێژ کردەوە کە دەشت و چیا و گیا و درەختەکانیش لێی وەڕەز و بێزار بوون. ئەڤیندار وا دەزانێت هەموو جیهان تامەزرۆی بیستنی شیوەن و ڕۆڕۆی ئەون، بۆیە کە دەست دەکات بە گێڕانەوەی چیرۆک ئیتر نایبڕێتەوە.

شەو ئاوها تێپەڕی و ڕۆژ بووەوە. خۆر هەڵهات و ترۆپکی درەختەکانی بە تیشکی زێڕینی خۆی زێڕکفت کرد. ڤینوس بەیانیباشی لە خۆر کرد.

ڤینوس چووە ڕەزێکەوە و پاش قەیرێک گوێی لە دەنگی تانجی بوو. خێرا بەرەو تانجییەکان چوو. بەڵام تانجییەکان حیزەڵ حیزەڵ وەستابوون، حەپەی ترسنۆکانەیان دەهات. ڤینوس ئەمەی بە نوقڵانەیەکی خراپ لێک دایەوە و زەندەقی چوو، چونکە دەیزانی کە ئەم حیزەڵییە لە ئاست ئاژەڵێکی ترسنۆکدا ناکەن، بەڵکو لە ئاست ئاژەڵێکی دڕی وەک بڕەک، یان شێر، یان ورچی دڕ دەکەن. تانجییەکان لە ترسدا دەیانقروسکاند. ڤینوس یەک پارچە بوو بە گومان و ترس. ورەی ڕووخا. بەڵام پاش کەمێک دڵی خۆی دایەوە و وتی: «ئەمە خەیاڵاتی بێهۆن. نابێت وا بترسم. کێ دەڵێت هیچ بووە؟!».

ئینجا بڕەکەکەی دی دەمی کەفی کردبوو و لە خوێنی خۆیدا گەوزابوو. بەڵام ڤینوس دیسان سەرتاپای لەشی کەوتەوە لەرز و ترسا. سەری لێ هاتەوە یەک و کەمێک ڕایکرد و وەستا. لە سەرخۆش دەچوو. تانجییەکی بینی لە سووچێکدا خۆی داتەپاندبوو، پاشان یەکێکی تری دی، ئەویان بریندار بوو و برینەکەی دەلێستەوە. سۆراخی ئادۆنیسی لە تانجییەکان کرد و ئەوان قروسکاندیان. تانجییەکی تر و دانەیەکی تریش کەوتنە قروسکە، گوێیان بریندار بوو، خوێنیان لێ دەتکا. ڤینوس لە ئاستیاندا ئەبڵەق وەستا و هەستی کرد مەرگ زەفەری بە ئادۆنیس بردووە. بۆیە کەوتە سەرکۆنەی مەرگ و وتی:

– هەی زۆرداری ڕەزاقورسی ناشیرینی ڕەقەڵەی بنێس، هەی ئەوەی خۆشەویستان لە یەک دەکەیت، هەی بزەتاڵ، کرمی زەوی، بۆچی جوانیی ئادۆنیس دەخنکێنیت و هەناسەی لێ دەبڕیت؟ گوڵان بە هەناسەی ئەو دەژیان و دەبریقانەوە. نا، نابێت مردبێت! چونکە جوانییەکەیت دیبا لە ئاستی ئەبڵەق دەبوویت. بەڵام تۆ چاوت نییە. هەڕەمەکییانە و شەلم کوێرم ناپارێزم هەموو کەس دەکوژیت. خۆی دەبێت پیری پەککەوتە بکوژیت کە کاتی مەرگیەتی، کەچی واز لەوان دەهێنیت و دڵی منداڵێکی وەک ئادۆنیس شەق دەکەیت! گوێت لە دەنگی بووایە هێزت لێ دەبڕا. خوا فەرمانی پێت داوە کەفتەکاران لە تەندروستەکان بژار بکەیت، زیانبەخشەکان لە بێزیانەکان بژار بکەیت، دڕکوداڵ لە گوڵ بژار بکەیت، کەچی تۆ گوڵی گەشاوەی وەک ئادۆنیست ڕنیوە! خواکان لەسەر ئەمە بە نەفرەتت دەکەن. ئاخر بۆ ئادۆنیس؟ ئەو دەبوو تیری ئەوین بیپێکایە، نەک تیری مەرگ! تۆ چیت داوە لەم کارە؟ تینووی ئەو فرمێسکانەیت کە خۆت دەبیتە هۆی ڕشتنیان؟ ئاخر ناڵەناڵی ئێمە چ سوودێکی بۆ تۆ هەیە؟ بۆ ئەو چاوانەت بۆ تاتایە بە داخستن دا کە هەموو چاوێکی تریان فێری بینین دەکرد؟ تۆ جوانترین و باشترین کاری سرووشتت لە نێو برد!

ڤینوس پاش وتنی ئەم قسانە دڵی پڕ بوو. بە کوڵ گریا و فرمێسک بەسەر سنگیدا داچۆڕا.

پاش قەیرێک گوێی لە دەنگی ڕاوچییەک بوو و دەیوت: «هەتتەلە». ئەم دەنگە ئەوەندە هیوابەخش و خۆش بوو لای، تەنانەت گۆرانیش ئاوها منداڵی ساوای ژیر نەکردووەتەوە. لە خۆشیدا بووژایەوە. وای هەست کرد دەنگی ئادۆنیس بێت. لە گریان و فرمێسکڕشتن وەستا. ئەڤین چەند سەیرە، لە هەمان کاتدا باوەڕنەهێنترین و خۆشباوەڕترینە! ئەڤین لە هەموو شتێکدا پەڕگیرە، هەم لە خەم و هەم لە خۆشیدا، هەم لە هیوا و هەم لە بێهیواییدا. پەڕگیریش هەردەم دەبێتە گاڵتەجاڕ.

جا ڤینوس پاشگەز بووەوە لەو سەرکۆنەیەی مەرگ کە کردی. هەستی کرد بڕیارێکی بەپەلەی داوە. وتی:

– ئەی پاشای گۆڕەکان، ئەی خاوەن گۆڕی پاشاکان، ئەی سەروەری بەزەبری هەموو ئەوانەی دەمرن، ئەی مەرگی شیرین، بمبوورە، گاڵتەم کرد. کە بڕەکەکەم دی، ئەو دڕندە خوێناوییە بێبەزەییە، تۆزێک ترسام. پاشان، ئەی مەرگی نەرمونیان، دەبێت ددان بەو ڕاستییەشدا بنێم، لە ترسی مەرگی خۆشەویستەکەم بە تۆدا تەقیمەوە. خەتای من نەبوو، بڕەکەکە زمانمی ورووژاند. تۆڵە لەو بستێنە. ئەو بوونەوەرە پیسە بوو کە خراپەی بەرانبەرت کرد. من تەنها نوواندنم کرد، ئەو نووسەری نەگە و هەڵبەستراو و بوختانەکانم بوو. هەردەم پەژارە مرۆڤ وا لێ دەکات ببێت بە خاوەنی دوو زمان، هیچ ژنێکیش تا ئێستا نەیتوانیوە لە کاتی پەژارەدا دوو زمانی دژبەیەکی نەبێت. مەگەر ئەو ژنە بە هێندەی دە ژن زیرەک بێت.

ئیتر ئاوا هیوای خواست ئادۆنیس مابێت. گومانەکانی خۆیی کەم دەکردەوە و زمانلووسیی بۆ مەرگ دەکرد. ئیتر باسی ئەوەی دەکرد مەرگ چەند باشە و چەند شکۆمەندە و چەند بەڕێزە و چۆن بەسەر هەزاران زۆرداردا زاڵ بووە. وتی:

– ئاخ خوایە، چەند گەمژە بووم کە ئەوەندە بیرم لاواز و گەوجانە بوو! بۆ مەرگی ئادۆنیس دەملاواندەوە لە کاتێکدا ئەو دەژی و نابێت تا دواڕۆژ بمرێت. چونکە ئەگەر ئەو بمرێت ئیتر جوانیش لەگەڵ ئەو دەمرێت. جوانیش بمرێت دونیا دەچێتەوە دۆخی شێواویی پێش دروستبوونی گەردوون. ئەی ئەڤینی گەمژە، داوەشێیت کە ئەوەندە ساویلکەیت و ئەوەندە دەترسیت. ئەڤین هەردەم وا هەست دەکات بارە زێڕی پێیە و دز دەورەی لێ داوە! خۆ تۆ بە چاوی خۆت ئەوت نەدیوە مردبێت، ئیتر ئەم شیوەن و ڕۆڕۆیەت لە چییە؟

دەنگی کەڕەنایەکی شاد هات و ئەم وتانەی پێ بڕی. شاگەشکە بوو و تەواو لە دۆخی لێقەوماوییەکەی دەرچوو. خێرا بەرەو دەنگەکە ڕایکرد، تەنانەت هێندە دڵخۆش بوو، کە دڕکی هەندێک دەوەن لەشیان بریندار دەکرد و ئەو بە خۆیی نەدەزانی.

بەڵام مخابن، لەناکاو چاوی کەوت بە لاشەی مردووی ئادۆنیس کە لە خوێنی خۆیدا گەوزابوو.

ڤینوس تووشی شەبەیخوون و هەژەند بوو، چاوانی داخست و بۆ ماوەیەکی درێژ نەیکردنەوە، ئاوها بینایی خۆی لە تاریکیدا قەتیس کرد. پاش کەمێک ناڵەیەک لە دڵیەوە هات و هەموو ئەندامەکانی لەشی کەوتنە لەرز، وەک چۆن بوومەلەرزە زەوی دەهەژێنێت. لە لەرزەکەی خۆی تۆقی. ئینجا دیسان چاوەکانی کردەوە و چی ببینن؟! بینیی کە بڕەکەکە کەلەکەی ئادۆنیسی هەڵتڵیشاندبوو و قەڵبەیەکی گەورەی کردبووە لەشیەوە و پێستە سپییە ناسکەکەی لە خوێنی خۆیدا سواخ دابوو. گوڵ و گژوگیاکانی چواردەوری لاشەکەش خوێناوی ببوون، وەک بڵێیت لە هاوسۆزیدا لەگەڵ ئەودا خوێنیان لێ هاتبێت.

ڤینوس سەری بەسەر شانێکیدا داپەسارد، بێدەنگ هەنسکی دەدا، وەک شێتی لێ هات. باوەڕی نەدەکرد ئادۆنیس مردبێت و دەیوت:

– نا. نابێت بمرێت!

ئیتر بێدەنگ بوو. لە جێی خۆی وشک بوو. چاوی کەوتە ڕەشکەوپێشکە و برینەکەی لێ بوو بە سێ برین. دەموچاوی ئادۆنیسی لێ بوو بە دوو دەموچاو. وتی:

– شیوەنم بۆ یەکێک پێ ناکرێت، کەچی بڕوانە، ئەوە دوو ئادۆنیس مردوون! ئاخم لێ بڕا، فرمێسکم لێ بڕا، چاوم گڕی گرت، دڵم توایەوە. ئارەزووم گڕی گرت و وا خۆم دەسووتێنێت و دەکوژێت. مخابن، ئەی جیهانی داماو، چ خەزێنەیەکت لە دەست دا! لە پاش ئادۆنیس ڕووی کێ شایستەی بینینە؟ دەنگی کێ مووسیکە؟ بڵێ ژیان، دوای ئادۆنیس چیی ترت هەیە پێوەی بنازیت؟ گوڵ؟ گوڵ لە ئاست جوانیی ئادۆنیسدا شەرمەزارە. جوانی لەگەڵ ئادۆنیسدا لەدایک بوو و لەگەڵ ئەودا مرد. بۆیە ئەی جیهان، جوانیی ترت نەما لە دەستی بدەیت. ئەو کاتەی ئادۆنیس دەژیا خۆر و با دەیانەویست جوانیی لێ بدزن. کڵاوەکەیان لێ دەدزی و کە دەکەوتە گریان بەزەییان پیایدا دەهاتەوە و کڵاوەکەیان دەداتەوە ژیریان دەکردەوە. ئادۆنیس ئەوەندە جوان بوو کە شێر خۆی لێی دەشاردەوە و بە دزییەوە بە پەنایدا دەڕۆیشت، چونکە هەم دەیەویست دەموچاوە جوانەکەی ئەو ببینێت، هەم نەیدەویست بیترسێنێت. کە بۆ خۆشیی خۆی گۆرانیی دەبێژا پڵنگی هاری ماڵی دەکرد و دادەنیشت بە هێمنی گوێی لێ دەگرت. کە قسەی دەکرد گورگ وازی لە بەرخ دەهێنا و ئیتر ئەو ڕۆژە نەدەچووەوە بە لایدا. کە سەیری خۆی دەکرد لە ئاوی جۆگەلەدا، ماسی لە وێنەدانەوەکەی کۆ دەبوونەوە. کە نزیکی باڵداران دەبووەوە ئەوەندەیان خۆش دەویست کە هەندێکیان دەکەوتنە چریکە و ناڵە و هەندێکی تریان شاتوو و گێلاسی گەییویان بە دەنووک لێدەکردەوە و بۆیان دەهێنا و دەیانکرد بە دەمیدا. بەڵام ئەو بڕەکە قێزەونە بێبەزەییە، کە هەردەم سەری داخستووە و بە دوای گۆڕدا دەگەڕێت، ئەو جوانییەی ئەوی نەدی. ئەو هەموو کەیفوسەفایەی نەدەدی کە ئەو پەخشی دەکردن. بەڵام نا، نەیدیوە، ئەگەر دیبای، ئەوا بیری لەوە دەکردەوە هەر بە ماچ بیکوژێت. نا، هەر وا بووە، بینیویەتی! ئادۆنیس بە ڕمەکەی هەڵیکوتاوەتە سەر بڕەکەکە، بەڵام بڕەکەکە نەیویستووە پەلاماری بدات، بەڵکو ویستوویە ماچی بکات. بۆیە کە لووتی لە کەلەکەی ئادۆنیس خشاندووە، بێئاگا کەڵبەکەی تیایدا چەقیوە. منیش گیانێکم بەوە بوو کەڵبەم نەبوو، دەنا لە کاتی ماچدا کەڵبەکانم لە بیر دەچووەوە و دەچوون بە شوێنێکیدا و دەیانکوشت. بەڵام ئاخ، هەزاران ئاخ کە ئەو مرد و ئیتر من بە جوانییەکەی ئەو ڕێژەندار نابم کە منداڵێکی وەک ئەو جوانم لێ بووایە. ئەوەندەی تر بەنەفرەت بووم!

پاش وتنی ئەمە لە جێی خۆیدا لێی کەوت. خوێنەکەی ئادۆنیسی لە دەموچاوی خۆی سوو. دەستی ساردی ئادۆنیسی گرت و سەیری لێوە زەردهەڵگەڕاوەکانی کرد. پێڵووی هەڵبڕی و سەیری دوو چاوی کرد. دوو چاوی چی؟ دەتوت چران و کوژاونەتەوە و لە تاریکیدا ڕاکشاون. ئەو چاوانەی وەک ئاوێنە هەزاران جار سەیری خۆیی تێیاندا کردبوو، کەچی ئێستا وێنە نادەنەوە. ڤینوس دەمی برد بۆ گوێی ئادۆنیس و ڕازێکی دڵتەزێنی بە گوێیدا چرپاند. وتی:

– ئاخ ئەی چەرخی چەپگەرد! ئەمە لە ڕقی منە کە تۆ دەمریت، کەچی دونیا تاریک دانایەت و هەر ڕووناکە. بەڵام مادەم تۆ مردیت و لە دەستم چوویت، پێشبینی دەکەم لەمەودوا ئەڤین هەردەم پڕ خەم بێت. بەردەوام خەڵک تووشی ئیرەکردن بکات. سەرەتای هەموو ئەڤینێک شیرین و کۆتایی تاڵ بێت. هەردەم پڕ لە هەڵبەز و دابەز و هەوراز و نشێو بێت و سەقامگیری و هاوسەونگی بە خۆیەوە نەبینێت. ئازاری لە چێژ زیاتر بێت. دەبێت ئەڤین پڕ بێت لە ڕاڕایی و فێڵ و مرۆڤ تووشی هەڵە بکات. هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی یەکسەر بتەقێتەوە، نەک کاتی پێ بچێت. دەبێت بنی ئەڤین ژەهر بێت و ڕووکەشەکەی ئەوەندە شیرین بێت کە هەموو کەسێک فریو بدات. بەهێز بکاتە لاواز، دانا لە قسە بخات و گەمژە بهێنێتە قسە. پارێزکار و میانڕۆ بێت، بەڵام پڕ بێت لە ئاژاوە. پیری کەفتەکار بهێنێتە سەما. سێبەندیی شەللاتی چەقۆکێش بێدەنگ بکات. دەوڵەمەند نابووت بکات، هەژار دەوڵەمەند بکات. دەبێت ئەڤین تووڕە و شێتگیر بێت و کە هێوریش بووەوە گەمژانە هێور ببێتەوە. گەنج پیر بکات و پیر بکات بە منداڵ. مرۆڤ تووشی بەدگومانی بکات لەو شتەی نابێت گومانی لێ بکات، وایشی لێ بکات نەترسێت لەوەی دەبێت لێی بەگومان بێت. دەبێت لەمەودوا ئەڤین میهرەبان و بەزەبر بێت. لەو کاتەی وا دیارە زۆر دادپەروەرە، هەڵخڵەتێنەر بێت، لەو کاتەشی وا پیشانی دەدات گوێڕایەڵترینە، لاسار بێت. نەترس تووشی ترس بکات، ترسنۆک ئازا بکات. دەبێت ئەڤین ببێتە هۆی جەنگ و ڕووداوی تۆقێنەر. دووبەرەکی بخاتە نێوان کوڕ و باوک و کچ و دایکەوە. دەبێت ئەڤین بە دەستی سەربزێوانەوە ماڵی بێت. یارمەتیدەری ئاگرکەوتنەوە بێت، هەر وەک شتگەلی وشکی گڕگر چۆنن بۆ ئاگر. مادەم مەرگ خۆشەویستەکەمی لە تافی لاویدا لێم برد، دەبێت کەسی تر چێژ لە خۆشەویستی نەبینێت، با خۆشەویستەکانیشیان زۆر خۆش بوێت.

ئادۆنیس کە بە پەنا ڤینوسدا بە مردوویی ڕاکشابوو، دوای ئەم وتانە لەناکاو نەما، وەک بڵێیت بوو بە هەڵم. لە ناوەڕاستی خوێنی ڕژاوی ئادۆنیسدا گوڵێک هەڵتۆقی، خۆی سپی بوو و خاڵخاڵی جەرگیی تێدا بوو. گوڵەکە هەر وەک گۆنای ئادۆنیس سپی بوو کە پرژەی خوێنە جەرگییەکەی بەرکەوتبوو.

ڤینوس نووشتایەوە و بۆنی ئەم گوڵەی کرد، بەراوردی کرد بە بۆنی هەناسەی ئادۆنیس. ئینجا گوڵەکەی ڕنی، لاسکەکەی لێکردەوە و خستیە سنگیەوە. شیلە لە شوێنی لاسکە شکاوەکەوە دەرچوو، هەر وەک بڵێیت دەگریێت. ڤینوس بە گوڵەکەی وت:

– ئەی گوڵی داماو، ئەی وەچەی شیرینی باوکێکی بۆنشیرین، با باسی ئادۆنیسی باوکت بۆ بکەم: بچووکترین خەم دەیخستە گریان. ئاواتی ئەوە بوو زوو پێبگات، ڕێک وەک تۆ. باشترە لە سنگی مندا سیس و ژاکاو ببیتەوە، نەک لە خوێنەکەی باوکتدا. سنگی من پێخەفی باوکت بوو، با ببێتە پێخەفی تۆش، چونکە تۆ میراتگری ئەویت و مافی خۆتە ئەوەت بۆ بمێنێتەوە کە لەوەوە بە جێ ماوە. با درزی مەمکم ببێتە لانکەی تۆ و دڵم ڕاتبژەنێت. لەمەودوا بۆ تاتایە هەموو خولەکێک تۆی شیرین ماچ دەکەم.

ئیتر ماندوو ماندوو بەرەو دوور چوو. کۆترەکانی بەستەوە و خۆیشی سواری گالیسکەکەی بوو، چونکە گالیسکەکەی ڤینوس بە کۆتر دەڕۆیشت. کۆترەکان گالیسکەکەیان هەڵفڕاند و بە ئاسماندا فڕین و کەوتنە ڕێ بۆ شاری پافۆس، کە زێدی ڤینوسە و لە قوبروسە. ڤینوس نیازی وا بوو بۆ تاتایە لەوێ خۆی بەند بکات و چیتر کەس نەبینێتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

سەیری ئەمەش بکە
Close
Back to top button