
چەمەر
ئۆسکار وایڵد (١٨٥٤-١٩٠٠) ئەم هۆنراوەیەی نووسیوە. چەمەر لە زمانی کوردیدا شیوەنێکە بۆ مردوو دەگێڕرێ یان دەنووسرێ. وایڵد ئەم هۆنراوەیەی لە ساڵی ١٨٨١دا بۆ شینی (ئیزۆلا)ی خوشکی خۆی نووسیوە کە لە ٢٣ی شوباتی ١٨٦٧دا لە تەمەنی نۆ ساڵاندا بە هەوبوونی پەردەکانی مێشک مرد، ئەو کاتە وایڵد خۆی دوانزە ساڵان بوو. بەڵام مردنی ئەم خوشکەی بە درێژایی ژیانی زامێکی ساڕێژنەبووی لە دڵیدا بە جێ هێشت. دوای نزیکەی سیانزە ساڵان، کە هەر لە بیری ئیزۆلادا بوو، ئەم هۆنراوەیەی بۆ نووسیوە. وایڵد هەرگیز ددانی بەوەدا نەنا، چ لە ژیان و چ لە هۆنراوەکەشدا کە ئیزۆلا مردووە، لە نامەوانەیەکی بچکۆلەدا پرچی ئیزۆلای هەڵگرتبوو، خۆی بۆ هەر شوێنێک بچووایە، ئەو پرچەشی لەگەڵ خۆیدا دەبرد، تەنانەت کە خۆی لە ساڵی ١٩٠٠دا لە تاراوگە و دەربەدەری و هەژاریدا سەری نایەوە و مرد، ئەو نامەوانەیەی پرچەکەی تێدا بوو، هەر پێی مابوو، لەسەری نووسرابوو: «پرچی ئیزۆلاکەم، لە ٢٣ی شوباتی ١٨٦٧دا کۆچی کرد، نەمردووە، بەڵکو نوستووە». ئەمە وەرگێڕراوی هۆنراوەکەیە بە کوردی:
بە ئەسپایی پێت دابنێ،
لەو ژێر بەفرەدا نزیکە،
هێمن بدوێ
چونکە دەنگی پشکووتنی گوڵنیشانیش هەر دەبیستێ.
ورشەی پرچە زێڕینەکەی
ئێستا ژەنگ ماتی کردووە،
ئەوێک ڕۆژێ گەنج و جوان بوو
ئێستا لە گڵدا گەوزاوە.
وەکو شلێر، سپی وەک بەفر،
خۆ فریا نەکەوت بزانێ
کە کچێکە و
ئەوەندە جوان گەورە دەبێ.
تەختەی تابووت، بەردی گڵکۆ
لەسەر سنگی ڕاکشاون،
من تەنیام و دڵم زیزە
کە ئەو ئێستا پشووی داوە.
بە ئارامی، بە ئارامی، گوێی لێ نابێ
نە سازی چەنگ، نە شیعری مەنگ،
ژیان و دەسمایەی ژینم لێرە نێژران،
خاک بە سەریا گرد بکەنەوە.
لە ئەڵقەی سێیەمی ڕۆمانی ئولیسدا، لە نووسینی جەیمس جۆیس، ستیفن دیدەڵس، کە یەکێکە لە کەسێتییە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکە، وێنا دەکا کە دەچێ بۆ ماڵی خاڵی، کە ناوی (ڕیچی گولدینگ)ە، لە پشت سەری خاڵییەوە ئەم هۆنراوەیە لەسەر پارچە تەختەیەک نووسراوە و هەڵواسراوە. ئەویش لەبەرئەوەی کەمتر لە ساڵێک لەوەوبەر دایکی ستیفن، کە دەکاتە خوشکی ڕیچی گولدینگ، پاش تلانەوەیەکی درێژخایەن بە دەست نەخۆشییەک، کە وا دیارە نەخۆشیی شێرپەنجە بووبێ، مردووە. لە ڕۆژی ٣١ی ئازاری ٢٠٢١دا کە ڕاڤەی ئەم ئەڵقەیەم وەردەگێڕا، ئەم هۆنراوەیەشم لەگەڵیدا وەرگێڕا.
گوڵنیشان، بە ئینگلی (daisy): گوڵێکی بچکۆلەی کێوییە، ناوەڕاستەکەی تۆپێکی زەردی خڕە و گەڵای سپیی وردی بە دەورەوەیە. ئەگەرچی لە هەندێ لە فەرهەنگەکاندا بە: «گوڵی مینا، چاوپشیلە، خەزێمۆک، داودی» و چەند ناوێکی تریش هاتووە، بەڵام من ناوەکەم لە فەرهەنگی ڕووەکناسیی کوردستان و فەرهەنگی فارسی-کوردییەوە هێناوە، کە هەردووکیان «گوڵنیشان» پشتڕاست دەکەنەوە.
ئەمەی خوارەوە دەقە ماکەکەی وایڵد خۆیەتی:
Requiescat
Tread lightly, she is near
Under the snow,
Speak gently, she can hear
The daisies grow.
All her bright golden hair
Tarnished with rust,
She that was young and fair
Fallen to dust.
Lily-like, white as snow,
She hardly knew
She was a woman, so
Sweetly she grew.
Coffin-board, heavy stone,
Lie on her breast,
I vex my heart alone
She is at rest.
Peace, Peace, she cannot hear
Lyre or sonnet,
All my life’s buried here,
Heap earth upon it.