
ئەفرۆدیتی1

ئەفرۆدیتی (یان ئەفرۆدێت؛ ئەفرۆدیت؛ ئافرۆدیت؛ ئافرۆدێت؛ ئافرۆدیتی؛ ئافرۆدێتی) بە ئینگلی Aphrodite. یەکێکە لە خوا گەورەکانی گریکە دێرینەکان. خواژنی خۆشەویستی و جوانی بووە. ڕۆمییەکان پێی دەڵێن ڤینوس.
بنەچەی ئەفرۆدیتی و پەرستنەکەی
هۆمیرۆس لە ئیلیاس-دا دەڵێت کچی زێفس (زێوس/زیۆس) و دیۆنی بووە. گێڕانەوەکانی دواتر بە کچی کرۆنۆس و ئێڤرینۆمی، یان کچی ئورانۆس و ئیمێرا دایانناوە. بەڵام هۆنەرەکان زۆربەی جار دەڵێن کچی کەفی دەریا بووە. بە گریکیی دێرین بە کەف وتراوە ئەفرۆس، کەواتە ئەفرۆدیتی واتە ئەفرۆزادە، یان بە کوردی: کەفزادە.
پەرستنی ئەم خواژنە لە ڕۆژهەڵاتەوە هاتووە بۆ گریک. لەوانەیە لە ڕێی فینیکییەکانەوە هاتبێت بۆ دورگەکانی قوبروس و کیثیرا و شوێنانی تر، پاشان بە هەموو گریکدا بڵاو بووبێتەوە.
وا دیارە لە بنەچەدا هەمان عەشتەرۆت بووبێت، کە عیبرییەکان پێیان وتووە عەشتۆرەت، یان عەشتۆڕێت (بڕوانە یەکەم پاشایان، ١١: ٥). پەیوەندیشی بە ئادۆنیسەوە ڕاستەوخۆ ئاماژە بە سووریا دەدات.
هاوسەر و وەچەکانی
ئیفێستۆس
ژنی ئیفێستۆس بووە. بەڵام بێئەمەگ بووە بەرانبەری و ئەوینداری ئاریس-ی خوای جەنگ بووە.
ئاریس
ئەم منداڵانەی لە ئاریس بووە: دیمۆس (تۆقین)، فۆڤۆس (یان فۆبۆس: ترس)، ئارمۆنیا (گونجان/سازان).
گێڕانەوەکانی دواتر دەڵێن هەر لە ئاریس: ئیرۆس (ئارەزوو، خۆشەویستی) و ئەنتێرۆس (دژەئارەزوو، دژەخۆشەویستی)ی بووە.
خۆشەویستەکانی تری ئەفرۆدیتی
ئەفرۆدیتی وێڕای ئیفێستۆس و ئاریس، لە خوا نەمرەکاندا دیۆنیسۆس و ئێرمیس و پۆسیدۆن-ی خۆش ویستووە. لە مرۆڤەکانیشدا ئانخیسیس-ی باوکی ئەینیاس و ئادۆنیس و ڤووتیس-ی خۆش ویستووە.
ئەفرۆدیتی: خوای جوانی
ئەفرۆدیتی لە هەموو خواژنەکانی تر جوانتر بووە. هەر بۆیە پاریس-ی کوڕی پریامۆس ئەوی وەک جوانترینی خواژنەکان داناوە. توانای بەخشینی جوانی و جادووی نەمرییشی بەوانی تر هەبووە. خاوەنی «پشتوێنە جادووییەکە» بووە. هەر کەسێک پشتوێنە جادووییەکەی ئەوی بەستبێت یەکسەر بووە بە کەسێکی خۆشویستراو و ئارەزووکراو.
دڵخوازەکانی ئەفرۆدیتی
لە نێو سەوزە و میوەکاندا مۆرتک و گوڵەباخ و سێو و خەشخاش لای ئەفرۆدیتی پیرۆز بوون. لە نێو گیانلەبەرانیشدا چۆلەکە، کۆتر، قوو، پەڕەسێلکە و باڵندەیەکی تر کە پێی دەڵێن ئینکسی لا پیرۆز بوون. زۆر جار وا دەگێڕرێتەوە کە ئەم گیانلەبەرانە گالیسکەکەی وێیان ڕاکێشاوە، یان وەک پەیامنێری وێ کاریان کردووە. هەسارەی ڤینوس (ناهی) و مانگی نیسانی بەهاریشی لا پیرۆز بوون. دوورگەکانی قوبروس و کیثیرا شوێنی سەرەکیی پەرستنی وێ بوون.
زۆربەی جار بخوور و گوڵبەند وەک قوربانی پێشکێش بە ئەفرۆدیتی کراون. بەڵام لە هەندێک شوێن ئاژەڵیش بۆی کراوەتە قوربانی.
ڤینوس و ئادۆنیس
شێکسپیر هۆنراوەیەکی درێژی بە ناونیشانی ڤینوس و ئادۆنیس نووسیوە. واتە ناوە ڕۆمییەکەی ئەفرۆدیتیی بە کار هێناوە. باس لە هەوڵی ڤینوس (ئەفرۆدیتی) دەکات بۆ سازکردنی ئادۆنیسی مێرمنداڵ. من ڕاستەوخۆ لە دەقە ماکەکەوە وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی شیرینی کوردی. پەڕتووکەکەشم بە دیاری و بێبەرانبەر بڵاو کردووەتەوە، دەتوانیت لێرەوە دایبگریت.
- فەرهەنگێکی نوێی ژیننامە و ئوستوورە و جوگرافیای کلاسیکی گریکی و ڕۆمی، دانانی چارلز ئانتۆن و ویلیەم سمیث، [نیویۆڕک، ١٨٨٤]، وەرگێڕانی نەوا موکرجی. لا. ٧٤. ↩︎