وتار

پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی

پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی1

ئایا هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان هەیە؟ ئایا هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە؟

ئایا هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان هەیە؟ ئایا هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە؟
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

کەسێک وتوویەتی: «کاتێک دەڵێیت بە بڕوای من هونەر هیچ پەیوەندیی بە وارگێڕییەوە (سیاسەت) نییە، وەک وایە بڵێیت بە بڕوای من خۆر نییە! شتەکە لەسەر بڕوای تۆ نەوەستاوە، هەیە و تەواو».

جا ئایا وایە؟ ئایا هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان هەیە؟ ئایا هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە؟

ئەو کەسەی ئەو وتەیەی وتووە کە «وەک وایە بڵێیت بە بڕوای من خۆر نییە»، هەر خۆمم، بەڵام خۆمی ئێستانان. بەڵام داخۆ هەمیشە بڕوام وا بووە؟ نەخێر.

هزرم وەک هی ئێستای زۆربەتان بوو

پێنج ساڵ بەر لە ئێستا خۆم بڕوای تەواوم وا بووە کە هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە و هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان نییە. بەڵگەش ئەوەیە: لە وتاری هونەر و داهێنانی کوردی-دا، کە خۆم لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسیومە و لە ماڵپەڕەکەمدا بڵاوم کردووەتەوە، دەڵێم: «هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە». ئەو کاتەی ئەم ڕستەیەم نووسیوە تەواو باوەڕم بەم وتەیە هەبووە. بەڵام ئێستانان بیروبۆچوونم گۆڕاوە و خۆم (بە ئامادەیی ئێوە) بەرپەرچی ئەم وتەیەی خۆم دەدەمەوە.

وتارەکە وتارێکی درێژە، لە ١ تا ٣ی ئاداری ٢٠٢٥دا بە وردی پیایدا چوومەوە. لەم پێداچوونەوەیەدا بە گوێرەی تێگەیشتنی ئێستانانم هەندێک پەڕاوێزم بۆی نووسی و لە هەندێک جێدا ڕای جیاوازی ئەمڕۆمم لەسەری دا. ئەگەر دەرفەتیش ڕەخسا لە ئایندەدا زیاتری لەسەر دەڵێم و دەنووسم.

لەو وتارەدا لە زۆر لایەنەوە پرسی هونەر و داهێنانم خستووەتە ژێر نووکی نەشتەر. هێشتا بە شایستەی خوێندنەوەی دەزانم و لە پشت زۆربەی وتەکانیەوە دەوەستم. بەڵام لەگەڵ هەندێک لە هەڵهێنجانەکانی کۆتاییدا هاوڕا نەماوم، بە تایبەتی ئەو ڕستەیەی دەڵێم «هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە». ئەو ڕستەیە و ئەو تێگەیشتنەی لە پشت ئەو ڕستەیەوەیە بە کێشە دەزانم. هەمان ئەو تێگەیشتنە کێشاوییەشە کە ئەمڕۆ هزری زۆربەی هونەرمەندە کوردەکانمان و زۆربەی خەڵکی کوردستانیشی داگیر کردووە.

(لەگەڵم بن، لە بارەی ئەم گۆڕانی بیروبۆچوونەمەوە ٢٨ ئەڵقۆچکەم ئامادە کردووە، هەموو حەفتەیەک لە کەناڵی خۆم پێشکەشتانی دەکەم. تیایدا ئەم بابەتەتان بۆ شی دەکەمەوە و دەچینە بنج و بناوانی و دۆزینەوەی وەڵامی ئەو دوو پرسیارەی ئاماژەم پێیان دا، ئەوانیش یەکەم: ئایا هونەر و وارگێڕی پەیوەندییان هەیە؟ دووەم: ئایا هونەر لە گەل و نەتەوە گەورەترە؟)

بڕوام وا بوو هونەر لە نەتەوە گەورەترە

بڕوام وا بوو هونەر لە نەتەوە گەورەترە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

بەستێنی ڕستەکە

ئەمە وتەکانی خۆمی پێش پێنج ساڵ بەر لە ئێستایە:

بە بڕوای من هونەرمەندی نوێی سەردەمی مرۆڤی نوێ ئەرکی ئەوەیە لە هونەری هەموو گەلێک بخوازێت و هونەری جیهانیی نوێ بسازێنێت. خۆبەستنەوە بەوەی تاهیر تۆفیق چیی کردووە بۆ ئەوەی تۆش تا ماویت دووبارەی بکەیتەوە بەفیڕۆدانی هەلی خۆبوونتە.

هەموو هەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوەیەک سەربارێک دەسازێنێت. هەموو خۆبەستنەوەیەک بە چێژی پەسەندکراوی ناوچەکەتەوە گوریسێکی زبرە و لە مل و قاچی خۆتی دەئاڵێنیت. ئەگەر گەلەکەشت داوای لێت کرد، تۆ مەیکە. ئەوان تۆی نوێ بە چەکی کۆن سڕ دەکەن، چونکە زۆربەی مرۆڤ بە سرووشت حەزی لەوە نییە لە بەردەم شتی نوێدا تاقی بکرێتەوە.

تۆ مرۆڤ و هونەرمەندی ئەمڕۆیت، نەک هی دوێنێ. سبەیش هونەرمەندی خۆیی دەبێت. تۆ ئەرکی ئەمڕۆت جێبەجێ بکە، هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە: چۆن خۆر، مانگ، ئاسمان، ئەستێرە، با، هەوا، ڕووناکی…تد. بۆ هەموو مرۆڤەکانە بە یەکسانی، ئاوها موزیک و هونەریش هی هەموو کەسێکە بە یەکسانی. کە هونەرت بۆ تەنها یەک گەل تەسک کردەوە، ئەو کاتە دەبێت پۆلیسیشی بۆ دابنێیت.

بێگومان گەر بتەوێت بە باشترین شێوە لە بەستێنی ئەو وتەیە تێبگەیت باشترە هەموو وتارەکە بخوێنیتەوە. بەڵام ئەوە کورتەی بەستێنەکەی بوو.

هزری پشت ڕستەکە

ڕستەی «هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە» لەو هزرەوە سەرچاوەی گرتووە کە پێی وایە هونەر لە هەسارەیەکە و جیهان و گەلان لە هەسارەیەکی ترن و پەیوەندییان نییە. بە تایبەتی لەو گریمانەیەوە دێت کە گوایە هونەر پەیوەندیی بە باری وارگێڕیی نەتەوەکانەوە نییە. بەڵام وا نییە و ئەمە دروست نییە.

ئەگەرچی زۆربەی خەڵک و هونەرمەندانیشمان وا تێگەیشتوون کە جیهانی هونەر جیهانێکی دابڕاو و زۆر بێگەردە و سنووری تێدا نییە، بەڵام تا لەم جیهانەدا بین ئەمە ڕاست نییە. چونکە لەم جیهانەدا خێڵ و گەل و نەتەوە و دەوڵەت هەن. بەرەبەرە بۆتان ڕوون دەکەمەوە ئەمانە پەیوەندییان چییە بە بابەتەکەوە.

لەبەر ئەوەی ئەم زنجیرەیە لە بارەی پەیوەندیی هونەر و وارگێڕییە (ئەوەی خەڵکی تر پێی دەڵێت سیاسەت)، ناچارین کەمێک بچینە نێو باسی وارگێڕییەوە و چەند وشە و زاراوەیەکی نێو ئەو بوارە بناسین. بۆ ئەوەی بزانین پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی (ئەگەر هەبێت) لە کوێدایە.

چاند و نەریت

چاند و نەریت
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

لەبەر ئەوەی لە درێژەی ئەم زنجیرە ئەڵقۆچکانەدا زووزوو وشەی چاند و نەریت بە کار دەهێنم، پێویستە ڕوونکردنەوەیەک لەسەر دوو وشەی چاند و نەریت بدەم.

لە چیرۆکی لاقەکردنی دیاسدا، کە خۆم نووسیومە و بە دەنگیش خوێندوومەتەوە و لە یوتیوب و کەناڵەکەی خۆم لە تیلیگرام هەیە، بە درێژی باسم لە چاند و نەریت و جیاوازییەکانیان کردووە. بەڵام لێرە بە کورتی پێناسەی هەردووکیان دەکەم:

چاند: خوازەییانە واتە کێڵان و چاککردن و برەودان و پەرەپێدان و چاندنی مێشک و توانا و ڕەفتار و چێژ و ئەو شتانە. واتە برەودان و باشترکردنە بە فێرکردن و ڕاھێنان.

نەریت: «کردەی گواستنەوە یان ڕادەستکردنە. یان کرۆکی ئەوەیە کە لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر یان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر ڕادەست کراوە. لەوانە: گواستنەوەی دەربڕین، باوەڕ، یاسا، خوو و ڕەفتار، یان شتی لەو شێوەیە. بە تایبەتی بە شێوەی زارەکی، یان تەنھا کردارەکییانە، نەک بە شێوەی نووسراو».

هەموو شتێک کەلتوور نییە

جا ئێستانان زۆربەی کوردان لە خۆیانەوە وشەی «کلتوور» دەهاونە نێو هەموو ڕستەیەکەوە. ئەمەش لە هەڵەی ئینگلەکانەوە هاتووە. ئاخێوەری ئاسایی زمانی ئینگلی جیاوازی لە نێوان نەریت و چانددا ناکات و زۆربەی کات بە هەردووکیان دەڵێت کلتوور (کەڵچەر). من وشەی چاندی کوردی لە بەرانبەر کلتوور، یان کەڵچەردا بە کار دەهێنم.

جا زۆر کوردیش، کە کوێرانە دوای هەموو دونیا دەکەون و قسەی هەموو جیهان دووبارە دەکەنەوە، بێ ئەوەی بیخەنە ژێر پرسیارەوە، ئەم هەڵەیەی ئینگلەکانیان هێناوە و دووبارەی دەکەنەوە. بۆ نموونە دەڵێت: «با خوێندنەوە بکەین بە کەلتوور!» خوێندنەوە نابێت بە کەلتوور، دەبێت بە نەریت. یان دەڵێت: «گەندەڵی کەلتوورێکی ناشیرینە». گەندەڵی کەلتوور نییە، نەریتە.

بەر و خاوەندارێتی

بەر و خاوەندارێتی
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

دەبێت دوو شت لە یەک جیا بکەینەوە، ئەوانیش بەر و خاوەنن. بەر، یان بەرهەم، کارێکە کە کەسێک دەیکات، بەڵام مەرج نییە خۆی ببێتە خاوەنی.

بۆ نموونە دەشێت بەشگەیەک (کۆمپانیا)، یان کەسێک هونەرمەندێک ڕابسپێرێت بە بەرهەمهێنانی بەرێک، لە بەرانبەر ماندووبوونەکەیدا پارە بە هونەرمەندەکە بدات. هونەرمەندەکەش بەرەکەی بۆ بەرهەم دەهێنێت. ئەگەرچی ڕاستە بەری کاری هونەرمەندەکەیە، بەڵام موڵکی ئەو نییە، بەڵکو دەشێت (بە گوێرەی ڕێکەوتنی سەرەتا) ڕاسپێرەکە ببێت بە خاوەنی بەرەکە.

بەشێکی زۆری هونەر هەر لە ئێستا و کۆنیشدا ئاوها کاری کردووە و دەکات: دەوڵەمەندێکی ئەوروپا، یان خانەدانێک، یان لایەن و دەزگایەک بڕێک پارەی داوە بە هونەرمەندێک بۆ ئەوەی هونەرمەندەکە بەرێک بەرهەم بهێنێت. بۆ نموونە خانەدانێک شێکسپیری ڕاسپاردووە بە نووسینی بەرێک، پارەی پێی داوە، شێکسپیریش بەرەکەی بەرهەم هێناوە. یان کڵێسای کاسۆلیک هونەرمەندێکی ڕاسپاردووە بە بەرهەمهێنانی کارێک، دواتر بەرهەمەکە بووە بە موڵکی کڵێسای کاسۆلیک. بە نموونە پەیکەرەکانی میگێلانجیلۆ و وێنەکانی داڤینچی و موزیکەکانی یۆهان سێباستیان باخ.

لە کوردیدا بەو بڕە پارەیە دەوترێت مز (کۆمیشن commission)، کەسەکەی مزەکەش دەدات دەبێتە مزدەر، یان ڕاسپێر (کۆمیشنەر commissioner). ئاوها هونەرمەندەکە کارەکەی بەرهەم هێناوە، ئەوجا دەشێت کارەکە بووبێت بە موڵکی مزدەرەکە.

شێکسپیریش ماستاوچی بووە؟

ئەگەر سەیری ڤینوس و ئادۆنیس بکەیت، کە شێکسپیر (١٥٦٤-١٦١٦) نووسیویە، لە لاپەڕەی یەکەمدا سوپاسی مزدەرەکەی دەکات. تەنانەت ئەوەندە زیادەڕەوی لە ستایشەکەیدا دەکات کە ئەگەر شێکسپیر کورد بووایە دەیان کەس پێیان دەوت: ماستاوچی و چڵکاوخۆر و مەسینەهەڵگر و کۆیلە و چی و چیی تر.

شێکسپیر لە سەرەتای ڤینوس و ئادۆنیسدا بە کوڵ سوپاسی مزدەرەکەی (وا دیارە) دەکات.

بێباوەڕ بووە و کاری بۆ کڵێسا کردووە

کڵێسای مەسیحی، بە تایبەتی کڵێسای کاسۆلیک چەندین موزیکدانەری ڕاسپاردووە بە دانانی موزیک بۆ بۆنەی دینی. یەکێک لەو موزیکانەی کڵێسا پشتیوانیی دارایی لێ کردووە و هونەرمەندانی ڕاسپاردووە موزیکی بۆ دابنێن، موزیکی ماس-ە.

ماس Mass بۆنەیەکی پیرۆزی مەسیحییەکانە، یەکشەممان لە کڵێسا و کاتیدراییەکان دەگێڕرێت. زۆر جار بۆنەکە بە موزیک دەکرێتەوە. زۆربەی موزیکدانەرە هەرە نایابە کلاسیکییەکانی ئەوروپا موزیکیان بۆ ئەم بۆنەیە داناوە، موزیکەکەش هەر بە ناوی بۆنەکەوە پێی دەوترێت ماس. بە نموونە باخ، هاندێل، هایدن، مۆتسارت، بێتهۆڤن، ڤێردی (ئەمانە ناوی کۆمەڵێک کەڵەهونەرمەندی ئەوروپان)، هەموویان ماسیان داناوە. تەنانەت جیوزێپپێ ڤێردی (١٨١٣-١٩٠١)، کە یەکێک بووە لە بلیمەتترین موزیکدانەرەکانی ئیتالیا، بە ئاشکرا کەسێکی نازانمگەرا (ئەگنۆستیک) بووە، واتە باوەڕی بە مەسیحێتی نەبووە، بەڵام موزیکی ماس-ی داناوە و موزیکەکەش ئێجگار نایاب و بەناوبانگیشە.

ماس لە دانانی ڤێردی. بچۆ سەر خولەکی ٩:٣٤، ئەوە بەناوبانگترین بەشی ئەم ماسەیە، کە ڕەنگە خۆت بیستبێتت.

بەرهەم موڵکە

بەرهەم موڵکە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

موڵکی هزرەکی

دەبێت وا سەیری بەری هونەر بکەین کە موڵکە، موڵکێکی هزرەکییە (Intellectual property).

موڵک لە باوک و دایکەوە بە میرات بۆ منداڵانیان دەمێنێتەوە. لەوانیشەوە بۆ نەوە و وەچە و تەواوی ئەو بنەماڵە و خێڵە دەمێنێتەوە کە لەو دایک و باوکەوە دێن. لەوانیشەوە بۆ تەواوی ئەو گەلە دەمێنێتەوە کە لەو خێڵەوە هاتوون. لەوانیشەوە بۆ ئەو نەتەوە و دەوڵەتە دەمێنێتەوە کە لەو گەلەوە هاتوون، یان خاوەندارێتی لەو گەلە دەکەن. تۆزێکی تر ئەم ڕستەیەی کۆتایی ڕوونتر دەکەمەوە.

ئەگەرچی ڕاستە سەرەتا بەری هونەری، واتە ئەو کارە هونەرییەی لە هونەرمەندێکەوە بەرهەم دێت، بەرهەم و موڵکێکی تاکەکەسییە، واتە هونەرمەندێک کارێکی هونەری بەرهەم دەهێنێت، ئەو کارە بەرهەمی ئەو هونەرمەندەیە، ڕەنگە هەر لە سەرەتاشەوە خاوەنی یاسایی ئەو بەرهەمە بێت، بەڵام تا ماوە بە موڵکی ئەو هونەرمەندە نامێنێتەوە. چونکە هونەرمەندەکە خۆی دەمرێت و دەڕوات. بۆیە بە ناچارەکی خاوەندارێتیی ئەو بەرهەمە دەگوێزرێتەوە. دەبێت کەس یان لایەنێکی تر ببێت بە خاوەنی ئەو بەرهەمە.

ئەگەر بە دروستی و ڕێکوپێکی و ئاگایانە خاوەندارێتی لەو بەرهەمە بکرێت، ئەوا بەرهەمەکە دەبێتە موڵکی نەتەوەی هونەرمەندەکە.

بۆ نموونە من وەرگێڕی ڕۆمانی ئولیسی جەیمز جۆیسم. ئێستاش خۆم خاوەنی یاسایی پەڕتووکە کوردییەکەم. واتە هەم بەری خۆمە، هەم موڵکی خۆمە. بەڵام سبەی دەمرم، ڕەنگە ئەگەر تا ئەو کاتە منداڵم ببێت (چون ئێستا منداڵم نییە)، ئەوان دەبنە خاوەنی پەڕتووکەکە، دوای ئەوان بۆ نەوەکانی ئەوان دەمێنێتەوە. بەڵام ئیتر ڕۆژێک دێت دەبێت ئولیسی کوردی ببێتە موڵکی کورد. خوازیاریشم دواتر ببێتە موڵکی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ.

کورد و کوردستان جیان

ئەگەر سەرنج بدەیت، کورد و کوردستانم جیا کردووەتەوە. چونکە خودی هاووڵاتی جۆرێکە لە موڵک و لە ئەڵقەی داهاتوودا بە درێژی باسی دەکەم. کورد ئەم چرکەیە یان سەر بە عێراقە، یان ئێران، یان تورکیا، یان سووریا، یان ئازەربایجان، یان هەندێک وڵاتی هەندەران. واتە ئەو دەوڵەتانە خاوەندارێتی لە کورد دەکەن (بە زیای خێرمان نەکرد). لەبەر ئەوەی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆمان نییە، کورد موڵکی یەکێکە لەو دەوڵەتانە. ئاوهاش بە ناچارەکی بەری هەموو کوردێک دەبێتە موڵکی یەکێک لەو دەوڵەتانە. واتە ئێمە دەیکەین، ئەوان دەیخۆن و خۆیانی پێوە بادەدەن. چاندی ئەوانی پێ دەوڵەمەند دەبێت. ئەوەش یەکێکی تر لەو هەزاران هۆیەی بۆچی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ بۆ کورد پێویستە، بۆ ئەو کەسانەی پێیان وایە کورد دەوڵەتی سەربەخۆی پێویست نییە.

بەڵام من خوازیارم تەواوی بەرهەمەکانم ببنە موڵکی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ. ئەگەر نەشبوون، دڵنیام نەتەوەکەم خەبات بۆ ئەوە دەکەن خۆم و کارەکانم بکەن بە موڵکی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ و نەهێڵن نەتەوە و دەوڵەتی تر خاوەندارێتیم لێ بکەن.

دەوڵەت و سەروەری

دەوڵەت و سەروەری
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

سەروەری

شتێک هەیە پێی دەوترێت سەروەری (سۆڤرنتی – سیادە). سەروەری واتە دەسەڵاتی هەرە بەرز. هەموو دەوڵەتێک سەروەریی هەیە. بەڵام سەروەریی دەوڵەت هەمیشە لە دەست کۆمەڵێک لە ژێرهاویشتەکانی ناو ئەو دەوڵەتەدایە. بێگومان ئەو کۆمەڵەش هەر کەسێک بن سەروەریی ئەو دەوڵەتە بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆیان بە کار دەهێنن.

ئەگەر دەوڵەت ئوتومبێلێک بێت، کۆمەڵە و نەتەوەکانی ناوی سەرنشینن، سوکان و کورسیی شۆفێر سەروەرییە، شۆفێرەکە ئەو لایەنەیە کە سەروەرییەکەی بە دەستەوەیە. واتە چۆن شۆفێر ئوتومبێل بە ڕێوە دەبات و لێدەخوڕێت، ئاوهاش لایەنێک لە لایەنەکانی نێو دەوڵەتێک سەروەرییەکەی بە دەستەوە دەبێت و بە گوێرەی ویستی خۆی دەوڵەتەکە دەنەخشێنێت و بە ڕێوەی دەبات.

چەندین ڕێ هەیە بۆ ئەوەی سەروەریی دەوڵەتێک بە دەست بهێنیت، یەکێک لە ڕێیە باوەکان زۆرینەبوونە. کورد کە نەتەوەیەکی لانیکەم چل ملیۆن و لانیزۆر سەد ملیۆن کەسییە، ئا لەوێدا ستەمێکی گەورەی لێ کراوە کە لە پێنج دەوڵەتدا کراوە بە کەمینە، بۆ ئەوەی یەکێک لە ڕێ سەرەکییەکانی گرتنەدەستی سەروەریی ئەو دەوڵەتانەی لێ بگیرێت.

دەوڵەت نوێنەری کۆمەڵە خەڵکێکە

دەوڵەت شائامرازی پاراستن و برەودان و پەرەپێدان و باشترکردن و نوێنەرایەتیکردنی کۆمەڵە خەڵکێکی ناویەتی. لە ئەڵقۆچکەی داهاتوودا بە درێژی باسی خەڵکی نێو دەوڵەت دەکەم. جا بتەوێت و نەتەوێت، ئەوەی سەروەریی پێیە خۆی و خەڵکی خۆی لە پێشتر دادەنێت. خۆ هەموو کەس کورد نییە هەموو دونیا بخاتە پێش خۆیەوە!

تورک لە تورکیادا سەروەریی دەوڵەتەکەی پێیە. عەرەبی شیعە لە عێراقدا سەروەریی دەوڵەتەکەی پێیە. فارس لە ئێراندا سەروەریی دەوڵەتەکەی پێیە. عەرەبی تیرۆریستی سوننەی تورکپەرست لە سووریادا سەروەریی دەوڵەتەکەی پێیە. تورکی ئازەری لە ئازەربایجان (کە کوردستانی سووری لێیە) سەروەریی دەوڵەتەکەی پێیە.

هەر یەکێک لەو لایەنانە خەڵکی خۆیان دەخەنە پێش کوردەوە. دەوڵەتەکانیان بۆ پاراستن و برەودان پەرەپێدان و باشترکردن و نوێنەرایەتیکردنی تەنها خۆیان بە کار دەهێنن. ڕەنگە هەندێکتان لێرەدا ڕەخنەی ئەوەم لێ بگرن کە: ئێمە سەر بە عێراقین، یان ئێرانین، یان تورکیاین، یان سووریاین، نەتەوەی عێراقیین، ئێرانیین، سووریایین، تورکیایین. چۆن وا دەڵێیت؟ دواتر بە تایبەتی وەڵامی ئەم ڕەخنەیە دەدەمەوە. بەڵام ئێستا هەر ئەوەندە دەڵێم کە: نەتەوەیەک نییە ناوی نەتەوەی عێراقی، نەتەوەی ئێرانی، نەتەوەی تورکیایی، نەتەوەی سووریایی بێت. کورد لە هەموو ئەم جێیانەدا چەندێکیش چی بێت، هەر ژێردەستە و ژێرهاویشتەیە.

ئاسایشی درێژخایەنی کورد و مێژووی و چاند و ئایندەی و منداڵ و نەوەکانی لە نێو هەر دەوڵەتێکی تر جگە لە کوردستاندا هەمیشە و هەمیشە لە مەترسیدان، چونکە ژێرهاویشتەیەکە کە سەروەریی نییە. ئەمەش نیاری داهاتوومە.

خەڵک ژێرهاویشتەیە

خەڵک ژێرهاویشتەیە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

شەعب و گەل و قەوم

زۆر جار ئێمەی کورد بەو درۆیە هەڵخڵەتێنراوین و هەڵدەخڵەتێنرێین کە لەگەڵ کۆمەڵەیەکی خەیاڵیدا کۆ دەکرێینەوە. ئامرازی هەڵخڵەتاندنەکەشمان وشەی فریودەرە. زۆر جار وشە هەڵخڵەتێنەرە. نەیارانی کوردیش بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بە ئەنقەست برەو بە وشەگەلێکی فریودەر دەدەن. سیان لەو وشانە وشەی «شەعب» و «گەل» و «قەوم»ن.

بۆ نموونە کوردی باشوور وا تێگەیەنراوە کە بەشێکە لە «شەعب»ی عێراق. یان کوردی ڕۆژئاوا بەشێکە لە «شەعب»ی سووریا. کوردی باکوور وا تێگەیەنراوە کە بەشێکە لە «گەل»ی تورکیا. یان کوردی کوردستانی سوور بەشێکە لە «گەل»ی ئازەربایجانی. کوردی ڕۆژهەڵات وا تێگەیەنراوە کە بەشێکە لە «قەومها»ی ئێرانی.

ئەمانە هەموویان چەواشە و درۆن. وشەگەلێکی هەڵەشن بۆ تێگەیشتن لە دۆخ و دۆزی کورد و کوردستان.

سەبجێکت: ژێرهاویشتە

لە زمانی ئینگلییدا وشەکە زۆر ڕاشکاوانەتر و ڕوونتر و گۆیاترە، ئەویش وشەی سەبجێکت-ە. بە خەڵکی وڵاتێک دەوترێت سەبجێکتەکانی ئەو وڵاتە.

سەبجێکت چەند واتایەکی تریشی هەیە، بەڵام مەبەستم ئەو واتایانەی تری نییە. بەڵکو ئەو واتایەم مەبەستە کە ڕیشەی وشەکەی لەسەر بەندە و ئێستا ڕوونی دەکەمەوە:

سەبجێکت وشەیەکی لێکدراوە. لە سەب بە واتای ژێر، لەگەڵ جێکت بە واتای هاویشتە دێت. کەواتە سەبجێکت لە بنچینەدا واتە ژێرهاویشتە. واتە هاوێژراوەتە ژێر شتێکەوە. بۆ نموونە دەوترێت ذە کینگ ئاند هیس سەبجێکتس The King and his subjects، واتە پاشا و ژێرهاویشتەکانی. واتە پاشا و ئەو کەسانەی هاوێژراونەتە ژێر دەسەڵاتی ئەوەوە.

لەسەر هەمان بنج وشەی تریش دانراوە: کە دەرزیت لێ دەدرێت دەوترێت دەرمانەکەی ئینجێکت inject کراوە. ئینجێکت واتە نێوهاویشتە. ئین واتە ناو، جێکت واتە هاویشتە؛ واتە دەرمانەکە هاوێژراوەتە ناو لەشتەوە. ئۆبجێکت object واتە بەرهاویشتە. ئۆب واتە بەر؛ واتە هاوێژراوەتە بەردەم. ئیجێکت eject واتە دەرهاویشتە. ئی واتە دەر یان دەرەوە؛ واتە هاوێژراوەتە دەرەوە.

کورد ژێرهاویشتەیە

کورد و عەرەب و فارس و تورک و ئینگل و ئەڵمان و کێ و کێی تر هەمووان شەعبێک نین، گەلێک نین، قەومێک نین. ئێمە جیاوازین و بەرژەوەندیی جیاوازمان هەیە، کە دواتر وردتر ئەمە ڕوون دەکەمەوە. دەوڵەمەندی و بەهێزی و پڕچەکیی لایەک دەبێتە هەڕەشە بۆ ئاسایشی لایەکی تر.

کورد ژێرهاویشتەی عێراق، ئێران، تورکیا، سووریا، ئازەربایجانە. واتە هاوێژراوەتە ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە. گەرچی کورد لە نێو حکومەتەکانیشیاندا هەبێت، بەڵام دەسەڵات و سەروەری لای نەیارانمانە. ئێمە و نەیارانمان هەمان گەل و شەعب و قەوم نین. بۆیە هەمیشە لە مەترسیداین. ئەو شتی خۆی، ئێمە شتی خۆمان.

تێگەیشتن لەم وشەیە یارمەتیمان دەدات لە پەیوەندیی نێوان گەل و هونەر و وارگێڕییش تێبگەین. ئەمە وا دەکات تێبگەین لایەن و بەرە هەن. کورد دەبێت تێبگات ئەو لە جێیەکدایە و سوارڤا نییە و لە حەوادا نییە.

لانما

لانما
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

چاند، واتە هونەر و وێژە و زمان، پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە وارگێڕی (سیاسەت)ەوە هەیە. تەنانەت پردێکی زەبەلاح لە نێوان چاند و وارگێڕیدا هەیە، ئەو پردە ناوی هەیە، ناوی پڕۆپاگەندە-یە، کە دەکرێت بە کوردی پێی بوترێت لانما.

زۆر گرنگە ئێمەی کورد لە پڕۆپاگەندە تێبگەین. پڕۆپاگەندە زاراوەیەکی وارگێڕییە، واتە وشەیەکی تایبەتی ئەو بوارەیە. ئەم وشەیە کورتکراوەی ناوی کۆمەڵەیەکی سەر بە کڵێسای کاسۆلیکی ڕۆمی بووە، کە بە لاتینی ناوی تەواویان ئەمە بووە: کۆنگرێگاتیۆ دێ پرۆپاگاندا فیدێ، واتە کۆمەڵەی بڵاوکردنەوەی باوەڕ. واتە وشەی پڕۆپاگەندە وشەیەکە لە ناونیشانەکەی ئەم کۆمەڵەیە. چۆن لە کوردیدا «دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم» کە ناونیشانی تەواوی دەزگایەکی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە، ناونیشانەکەی لە نێو خەڵکدا کورت کراوەتەوە بۆ تەنها «دەستە»، ئاوهاش پڕۆپاگەندە وشەیەکی کورتکراوەی نێو دەستەواژەیەکە و بووە بە زاراوە.

ئەرکی کۆمەڵەکە بڵاوکردنەوەی دینزای کاسۆلیک بووە، سەرپەرشتیی مژدەبەرە مەسیحییەکانیان کردووە کە نێرراون بۆ وڵاتانی نامەسیحی، یان وڵاتانی ناکاسۆلیک. ئیتر ئەو بڵاوکراوانەی بڵاویان کردوونەتەوە چوونەتە خزمەتی ڕاکێشان بۆ دینزای کاسۆلیک. بڵاوکراوەکانیشیان پێک هاتبوون لە گۆرانی و موزیک و چیرۆک و نامیلکە و پەیکەر و وێنە و زۆر شتی تر. واتە چاندیان بۆ بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕی خۆیان بە کار هێناوە.

لانما (پڕۆپاگەندە) چییە؟

کەواتە پڕۆپاگەندە بڵاوکراوەیەکە خەڵک کەمەندکێش بکات بۆ بەرەیەک، لایەنێک، باوەڕێک، دینێک، دینزایەک، نەتەوەیەک، وڵاتێک. واتە بە ئامانجێکی دیاریکراو کاریگەری لەسەر خەڵک دابنێت. دەشێت ئەوەی بڵاو دەکرێتەوە هێمایەک بێت، گۆرانییەک بێت، موزیکێک بێت، شێوازێکی موزیک بێت، جلوبەرگ بێت، پەیکەر بێت، خەتێکی نووسین (فۆنت) بێت، هەواڵ بێت، زانیاری بێت، درۆ بێت، پەڕتووک بێت، چیرۆک بێت، وتار بێت، وێنە بێت… هەر شتێک بێت.

لانما وشەیەکە خۆم دامڕشتووە، دەکرێت لە بەرانبەر پڕۆپاگەندەدا بە کار بێت. چۆن قیبلەنما ئامرازێتە ڕووی تۆ دەکاتە قیبلە، ئاوهاش لانما وتە و هونەر و بەرهەمێکە کە ڕوو و ڕێی تۆ بەرەو لا و لایەنێک دەبات.

دەبێت بەرەی خۆتت لا ڕوون بێت

دەبێت بەرەی خۆتت لا ڕوون بێت
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

پێم وایە مرۆڤی پێگەیشتوو ئەو مرۆڤەیە کە بەرەی خۆیی لا ڕوونە. بە ڕوونی دەزانێت سەر بە چ بەرەیەکە و لە کوێدایە و دەبێت پشتیوانی لە چ بەرەیەک بکات و بۆچی. بەرەبەرە دەشزانێت چ بەرەیەک لە دژی بەرەی ئەم کار دەکەن. بۆیە لەگەڵ ئەوەی بەرەی خۆی سەر دەخات، دژایەتیی بەرە نەیارەکانیش دەکات، یان لانیکەم کاریگەرییان کەم دەکاتەوە.

ئێجگار گرنگە ئاگا بیت و بزانیت سەر بە چ بەرەیەکیت. پاش ئەم ئاگاییە ئینجا گرنگە بزانیت چۆن دەکرێت بەرەکەت سەر بخەیت.

ئێستانان لە کوردستان قەیرانی وێڵیمان هەیە. زۆربەمان وێڵین و نازانین سەر بە چ بەرەیەکین. نازانین کوردستانیین، عێراقین، ئێرانین، تورکیایین، سووریایین، یان جیهانیین. بۆیە ناشزانین چی بکەین. چون کە نەتزانی لە کوێدایت و سەر بە چ بەرەیەکیت، ناشزانیت ئەرکەکانت چین. بۆیە کوردە گیان لەپڕ لە یارییەکی تۆپتۆپێندا دەبێتە لایەنگری عێراقی ئەنفالکاری!

جوانترین بەها

ئەگەر تۆ دایکیت، یان باوکیت، ئەرکی ڕاستەوخۆت پاراستنی منداڵ نییە بە گشتی، بەڵکو پاراستنی منداڵی خۆتە. کەس داوات لێ ناکات هەموو منداڵانی جیهان بژیێنیت، منداڵی خۆشت نان نەبێت بیخوات. ئەرکی ڕاستەوخۆت ئەوە نییە خزمەتی چەمکی ماڵ بکەیت، بەڵکو دەبێت خزمەتی ماڵی خۆت بکەیت.

ئەو مرۆڤەی خزمەتکاری هەموو ماڵانی گەڕەکە و ماڵی خۆی کەلاوەیە بێڕێزترین مرۆڤە، چ لای کەسی خۆی، چ لای دراوسێکانیشی. چ جای ئەوەی خۆی لە کۆڵان کەوتبێت و کەپرێکی نەبێت لە ژێریدا خۆی و منداڵی تێدا بژیێنێت. خوێنی ئەو مرۆڤە هەرزانترین و بێبەهاترینە.

جوانترین بەهایەک مرۆڤ بتوانێت شانازیی پێوە بکات ئەوەیە ڕاژەی ماڵ و منداڵی خۆی بکات. هەر لەمەشەوە دەپەڕێتەوە بۆ سەر بەرە و وڵات. تۆ دەبێت ڕاژەی وڵات و بەرەی خۆت بکەیت، لە پێش هەموو وڵات و بەرەیەکی ترەوە دایبنێیت. لە بەرانبەریشدا وڵاتەکەتە کە بۆ هەمیشە، یان بۆ ماوەیەکی درێژ تۆ و نەوەکانت و بوونت دەپارێزێت و دەیدرەوشێنێتەوە.

تەنها کوردستان بە ناچارەکی پارێزەر و سەرخەر و درەوشێنەوەی هەمیشەیی کوردە. چونکە ئەوە ئەرکی سەرەکی و هەرەگرنگی کوردستانە. ئەمانە ئەرکی سەرەکیی هیچ دەوڵەتێکی تر نین. هەر دەوڵەتێکی تر کورد بپارێزێت و بیدرەوشێنێتەوە تەنها وەک چاکەیەکی کاتی دەیکات. نەشیکات ئەرکی ئەو نییە و گلەیی لەسەر نییە. یان بە زۆر خراوەتە ملی، یان بەرژەوەندیی ئەو چرکەیەی وا دەخوازێت. سبەی کە بەرژەوەندییەکەی نەیخواست، یان ئەرکەکەی لە ملدا نەما، چیتر پشت لەم پشتیوانییە دەکات. بەڵام کوردستان ناتوانێت پشت لە کورد بکات. بۆیە دەبێت کورد تەنهاوتەنها لە بەرەی کوردستاندا بێت، ئەگەر لە بەرەی کوردستاندا نەبێت ئاگادار بێت یان نا دوژمنە.


  1. لە بەرەبەیانی ٢ی ئاداری ٢٠٢٥ دەستم کرد بە نووسینی. وەک وەڵامی وتاری هونەر و داهێنانی کوردی-ی خۆم. لە بەرەبەیانی ١٤ی ئایاری ٢٠٢٥دا تەواوم کرد. ↩︎

بابەتی پەیوەندیدار

سەیری ئەمەش بکە
Close
Back to top button