
گەمژەیی کەتواری زنجیرەی لیستی ڕەش[1]
ناڵێم دونیای چەپی نوێی لیبراڵ دونیایەکی زۆر گەمژانەیە و خەیاڵێکی لەڕەگهەڵکێشراو و شێواوە، چون دڵنیام ئێستا چەپێکی «هەموومان مرۆڤینیست»م لێ قوت دەبێتەوە و دەیکاتە گەنگەشەی شیوعیەت و سەرمایەداری و منیش حەوسەڵەی شیوعییەت و قەمسەڵەی سەرما-یەداریم نییە.
بەڵام چۆن ئەمەم بۆ شی دەکەنەوە:
ئەم چەند حەفتەیەی ڕابردوو کەمێک نەخۆش بووم و لە ماڵەوە سەیری ئەڵقەکانی زنجیرەی لیستی ڕەشم کرد، کە لە نێتفلیکس هەیە. لەم زنجیرەیەدا لقێکی ئێف بی ئای بە هاوکاریی مافیایەکی ئەمەریکی بە ناوی ڕەیمند ڕێدینگتن-ەوە چەندین کار دەکەن و تاوانکار و تاوانباری گەورە دەستگیر دەکەن.
ئێف بی ئای و ئێرانی و ئیسرائیلی
بەڵام لە نێو ئێف بی ئایدا دوو «ئێرانی» کارمەندی تایبەتی ئێف بی ئاین، یەکێکیان ناوی «ئارام موجتەبایی»یە، لە شوقەکەی خۆیدا وێنەی ئەسفەهانی هەڵواسیوە، ئەوی تریان خاتوو هەمیشە باوکەڕۆ ناوی «سەمەر نەڤابی»یە، جا ئەم نەڤابییە «ئێرانی»یە، وەک زۆربەی شتانی تری فارسی، تێکەڵەیەکە لە باوکەڕۆ و خەمۆکی و دەموچاوی خیشاوی و سواڵکردن بۆ ئەوەی پێی بوترێت قووڵە و ئەوەی بە ئینگلی(زی) پێی دەڵێن «میستیریەس»ە! زۆر سەیرە، نازانم بۆچی ئەوەندە سوێیان بووەتەوە بۆ ئەوەی قووڵ و خەمۆک و میستیریەس و بەهەست و بەئازار دەربکەون، لە کاتێکدا بە مووشەک منداڵی کورد لە سکی دایکی دەهێننە دەرەوە؟!
بەهەرحاڵ، ئەم «ئێرانی»یە ئێف بی ئایە لە هەمان کاتیشدا مۆسادە! ئەوەیە نوکتە، فیلمی هیندیی چی؟! جا ئەم بەبە بەبە بچکۆلەیە ئێرانیشی خۆش دەوێت و ئیسڕائیلیش بە وڵاتی خۆی دەزانێت و کارمەندی ئێف بی ئایشە و دژی ئیسلامۆفۆبیاشە و بۆ خۆت ئاو بێنە و دەست بشۆ! واتە نمایشی هەموو تێنەگەیشتنەکانی لیبراڵ و چەپی ئەمەریکی دەکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەی نەتەوایەتی و دینیی ناوچەکە.
پۆلیتیکەڵی کۆڕێکت قسەی قۆڕە!
بە ڕاستی دونیای نوێی هەندێک لە زنجیرە و فیلمە ئەمەریکییەکان، بە تایبەت ئەو فیلم و زنجیرە بێتامانەی هەوڵ دەدەن «پۆلیتیکەڵی کۆڕێکت» بن، ئێجگار ناشیرین و دوورە لە ڕاستی و کار بۆ ئەجێندایەکی ئێجگار گەمژانە و ناشیرین دەکات.
تێنەگەیشتنی ڕووتە و ببڕێتەوە!
وەنەبێ ئەو کەتوارە درۆیینەیەشی پیشانی دەدات هەوڵدان بێت بۆ باشترکردنی دونیا، کە ئەم شتە لە وێژەدا دەکرێت و هەندێک جار سوودی خۆی دەبێت بۆ باشترکردنی مرۆڤایەتی؛ نەخێر، هەر تەواو تێنەگەیشتنە و ببڕێتەوە!
کێشە بەوە چارە نابێت ئامادە نەبیت کێشەکە وەک خۆی ببینیت و هەوڵ بدەیت خۆت هەڵبخەڵەتێنیت و سرووشتی کێشەکە بگۆڕیت، بەڵکو بەوە چارە دەبێت ڕووبەڕووی کێشەکە ببیتەوە وەک ئەوەی کە هەیە و واز لە خۆهەڵخەڵەتاندن بهێنیت.
هۆڵیود عەرەبێک ناناسێت ڕۆڵی عەرەب ببینێت بۆ لیستی ڕەش!
ئینجا هەر لەناو ئەم زنجیرە بەزۆردرێژکراوەیەدا (دەبێت ئەوە بڵێم کە هەندێک جار چیرۆکە سەرەکییەکەی زۆر زیرەکانە چنراوە و بەدڵمە) نەوەد و نۆ لە سەدی ئەو عەرەبانەی دەردەکەون نە عەرەبن، نە عەرەبی دەزانن! باشە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک یونیڤێرسەڵ و سۆنی، کە بەرهەمهێنی زنجیرەکەن، عەرەبێکیان پێ کاست ناکرێت ڕۆڵی عەرەب ببینێت؟ یان کوردێکی عەرەبیزانیان دەست ناکەوێت؟ مەگەر عەرەب ئەکتەری تێدا نەماوە لە جیهانە فشوهوڕەکەی چەپاندا؟
باوەڕ بکەن هەر بەشی «سەقەطەث ثەلجو فیللەیلی، ئەبو محەممەد مەریزون» (بۆ ئەوانەی نایزانن: ئەمە لە عەرەبیی پۆلی چواری سەرەتایی سەردەمی منداڵیی مندا بوو) بزانن دەبینن کە عەرەبییەکەی ئەم ئەکتەرە بەزۆر عەرەبێنراوانە چەند وێرانە و بەرگەگرتنی بینینیان چەند ئەستەمە!
من هیچی وا لەو دونیا درۆیینەیە نازانم کە ئەو برادەرە ئەمەریکییە لیبراڵە ناسکۆڵانە هەوڵی دروستکردنی دەدەن، بەڵام پێم باشترە لە کەتوار و ڕاستییەکی تاڵدا بژیم، نەک لە نێو دونیایەکی درۆیینە و فشە و هەڵخەڵەتاندنی بەزۆر و بە هەڵە جوانکراودا بژیم.
[1] لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا نووسیومە؛ لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەوە. پێشتر ناوم نابوو: «لە نێو ئاژەڵە گۆشتخۆرەکاندا هەر شێر بەدناوە!»، بەڵام لە پێداچوونەوەدا گۆڕیم بۆ ئەمەی ئێستا.