
فینالێ: دەمەوێت ببم بە…
لە منداڵییدا تەنها یەک ئاواتم هەبوو، ئەویش ئەوە بوو ببم بە گۆرانیبێژ، پێم وا بوو بۆ ئەوە لە دایک بووم ببم بە گۆرانیبێژ. داخەکەم هیچ تۆمارێکی دەنگی و ڤیدیۆیی ئەو سەردەمەم نەماوە تا لە هۆشی ئێستامەوە لە خۆمی ئەو کاتە بڕوانم و بزانم چەندێک شیاویی ئەوەم تێدا بووە ببم بە گۆرانیبێژ، بەڵام بە گوێرەی هەستی خۆم بووبێت، کە چێژێکی ئێجگار زۆرم لە گۆرانیبێژی دەدی، هەروەها بە گوێرەی کاردانەوەی مامۆستا و هاوپۆلەکانی قوتابخانەی سەرەتاییم بێت، کە ڕەنگە بە هەڵەش لە یادمدا مابێتنەوە، هەست دەکەم لە گۆرانیدا باش بووبێتم. هەر زووش خولیای فێربوونی موزیکم بۆ دروست بوو، دیارە بە هۆی کاک کارزانی برام و هاوڕێکانیەوە موزیک بە ماڵی ئێمە نامۆ نەبوو.

کاک کارزانی برام ماوەیەک بردمیە نێو کۆڕی تیپی هونەری منداڵانەوە، لە دوو سێ پڕۆڤەدا بەشداریم کرد و لەگەڵ منداڵانی تردا گۆرانیی منداڵانم دەبێژا. لە ١ی حوزەیرانێکدا، کە باش بە بیرم نایەت هی ساڵی ١٩٩٧ بوو یان ١٩٩٨ بوو، بردمانیانە سەر پشتی لۆرییەک و بە شاڕێی سالمدا گێڕایانین، نازانم ئایا پشتی لۆرییەکە بچووک بوو، یان ئێمەی گۆرانیبێژانی نێو کۆڕەکە ئەوەندە زۆر بووین، چون من لە سەرپەڕ بووم و بە هەزار شەڕەشەق جێم دەبووەوە. پێشتر بۆ یەک جاریش بووبێت نەچووبوومە سەر پشتی لۆری و ئامادەکارانی ئەو ئاهەنگەش هیچ پڕۆڤەیەکیان لەسەر پشتی لۆری بە ئێمە نەکردبوو. ئێستا دەزانم کە هیچ مەرجێکی سەلامەتی لە ئاهەنگەکەماندا نەبوو. لۆریی چی؟ هەر تایەیەکی دوو ئەوەندەی من دەبوو. ئاگام لە چواردەوری خۆم نەمابوو، زۆریش نەدەپرژامە سەر گۆرانییەکان، تاکە ئامانجم ببوو بەوەی لەسەر لۆرییەکە نەکەومە خوارەوە. سەرئەنجامیش: من کەروێشکێکی پەم پەم پەم پام، خرپنم، پەرەرەرەرەرەرەم، وریا و گوێقوت و پەم پەم پەم شڵپ، لە لۆری کەوتمە خوارەوە. لەو قەرەباڵغییەدا کەس پێمی نەزانی کەوتووم، ئەوەندەش کەسێکی دیار و ناسراو نەبووم کە بە نەمانم کەس هەست بە نەمانم بکات و جێم دیار بێت، هەر جێم نەبوو تا ئەگەر ڕۆیشتم دیار بێت!

سەرەتا کە کەوتم وام دەزانی هەمووان ئاگایان لێم دەبێت و دەوەستن و ڕێم دەدەن بچمەوە نێو کۆڕەکە. من کەوتووم، دەبێت جیهان لەسەرم بوەستێت تا هەڵدەستمەوە، من منداڵم و ئەمڕۆ ڕۆژی منداڵانی جیهانە و پەیامی ئاشتییمان بۆ هەموو جیهان پێیە. بەڵام لۆری هەر دەڕۆیشت و خەڵکەکەش هەر سەیری منداڵەکانی خۆیان و ئەوانی تریان دەکرد و هیچ چاوێک منی کەوتوو و بەجێماوی نەدەدی. خودی دیاردەکەش لای خەڵک ئەوەندە سەیر بوو، کە کەس سەرنجی وردەکارییەکەی نەدەدا. باش بە بیرم نایەت، بەڵام لە یادەوەریمدا ئاهەنگەکە بۆ من لێرەدا تەواو بوو، پێشم وا بێت گەڕامەوە بۆ ماڵەوە، چون ماڵمان لە شوێنی کەوتنەکەمەوە نزیک بوو. ئەو کەوتنە کۆتایی پەیوەندیی من و تیپی هونەری منداڵان بوو.
پاشان لە نەورۆزی ١٩٩٩دا کامکارەکان هاتن بۆ سلێمانی و لە ٢٥ی مارس و ڕۆژانی دواییدا کۆنسێرتیان پێشکەش کرد. بە هۆی کاک کارزانی برامەوە توانیم (وا بزانم) دوو ڕۆژ بچم بۆ کۆنسێرتەکەیان. سەرلەنوێ خولیای گۆرانی و موزیک تیامدا بزووتەوە و نەمدەتوانی بیر لەوە نەکەمەوە کە دەشێت ڕۆژێک منیش کۆنسێرتێکی وا بکەم و گۆرانی بۆ خەڵک ببێژم و خەڵک بێن بە دیارمەوە دابنیشن. بێ هۆیەکی دیاریکراو، لە نێو هەموو کامکارەکاندا شەیدای ئەرسەلان کامکار بووم و حەزم دەکرد منیش وەک ئەو عوود بژەنم. ئینجا لە براکەم پاڕامەوە فێری موزیکم بکات، ئەویش بردمیە لای مامۆستا عادل حەمەکەریم، ماڵی هەمیشە ئاوەدان بێت، ئەو هاوینە چوومە فێرگەکەی مامۆستا عادل و چەند وانەیەکی سەرەتایی عوودی پێم دا، بەڵام زۆری نەبرد لە یاریی تۆپتۆپێنی کۆڵاندا دەستم درزی برد و مانگێک لە گەچیان گرت، ئەمە ناچاری کردم لە پڕۆڤە داببڕێم. پاشانیش خۆرگیرانی گەورەی ١١ی ئابی ١٩٩٩ ڕووی دا، کە مانگێک بوو بە تاسووقەوە خۆمانمان بۆی ئامادە کردبوو، داخەکەم، ئەو دیاردەیەی زۆر تامەزرۆی بووم، خۆم بە باشی نەمدی، چون ئەو ڕۆژە تووشی هەوبوونی ڕیخۆڵەکوێرە بووم و بەیانی تا ئێوارە دەمناڵاند و دووقەد ببووم، تا کە لە دوانیوەڕۆدا بە تەواوی لێم دیاریی دا، بەپەلە بە بەڕازیلییەکی تەکسی بردمیان بۆ خەستەخانە و نەشتەرگەریم بۆ کرا، نەشتەرگەرییەک بە نرخی لەدەستدانی بینینی خۆرگیران. پاش هەڵستانەوەم لە نەشتەرگەرییش چیتر نەچوومەوە بۆ خولی فێربوونی موزیک، هەرگیزیش ڕووبەڕوو سوپاسی مامۆستا عادلم نەکرد لە بەرانبەر ئەو هەوڵانەدا کە لەگەڵمدا دانی، بەڵام ئێستا خوازیارم بەم دێڕانە سوپاسگوزاریی خۆمی پێشکەش بکەم کە ئەگەرچی زۆر کەم یەکترمان دیوە، بەڵام یەکێک بووە لە کەسە میهرەبانەکان لەگەڵمدا، کە لەو سەردەمەدا خەڵکی میهرەبان لەگەڵ منداڵدا زۆر دەگمەن بوون.
ئاواتی گۆرانیبێژی و موزیک لە ناخمدا هەر مابوون، بەڵام دەستی دەرەکی وردەوردە ئەم ئاواتەی تێمدا خستە قەیرانەوە، ئەو کاتە نەمدەزانی پیشەی گۆرانیبێژی گرێدراوی ئەوەندە قەدەغە و بڤە و مەکە و حەرام و نادروست و بێهوودەیی و نابێت و نابووتی و بێپارەیی و بێڕێزی و بێشکۆیی و سووکایەتییە. بەڵام دەستە دەرەکییەکان هەموو ئەم واتا لاوەکییانەیان بە ئاواتی گۆرانیبێژییمدا هەڵواسی، بۆیە وردەوردە لە هەرزەکاریمدا ئاواتەکەم بە تەواوی کەوتە قەیرانەوە. خۆیشم نەمدەزانی دەمەوێت ببم بە چی.
خێزانەکەم پیشەی پارێزەرییان بە باڵای ئایندەمدا دوریبوو، ئەم و ئەویش پیشە و خولیای «ڕێکوپێک»ی تریان بۆم پێشنیار کردبوو و ئایندەی منیان بە زۆر لێ مارە کردبوو. لە ئەویندارێک دەچووم کە گراوییەکەی لە دەست دابێت و لەگەڵ هەزاران یاری تردا دەستلەملان بێت و هەر ئەو گراوییەی لە خەیاڵدا بێت کە لە دەستی داوە؛ شەو تا بەیان دەستلەملانی ئاواتێک بووم کە هی خۆم نەبوو، لێ من خەستە و دەردەداری ئاواتێکی دێرینم بووم![1] چەند ساڵێک لە نێو زریانی ئەم وێڵییەدا گێژوخول و تەپاوتلم دا.
تا ساوا و منداڵیت تێر فێری ئش ئش ئشەکەت دەکەن و هەڵتدەپەڕێنن و هانت دەدەن گۆرانی ببێژیت، چونکە قشتیت، هەر پاش چەند ساڵێک بە شەق هەموو ئەم هاندانانەت لێ دەردەهێننەوە و ناهێڵن بە لای موزیک و گۆرانی و سەمادا بچیت و کە لە شوێنێکیش شتێک دەڵێیت یەکسەر دەکێشن بە ناوی دەمتدا و دەڵێن: «بێدەنگ بە!».
ساڵی ٢٠٠٦ گەیشتبوومە ترۆپکی قەیرانی ئاوات و ئامانج، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر هەستم بە بێنرخیی خۆم و کاتەکانم و ئایندەم دەکرد، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر هەستم دەکرد ئایندەم بارێکی قورسە بەسەر شانمەوە، چون ئایندەیەکم دەبێت کە خۆم حەزی پێ ناکەم. تا ڕۆژێکی هاوینی ئەو ساڵە کە بە تەنیا سەرەوگێڕ لە بێهوودەیدا پاڵکەوتبووم، بیرم لەوە دەکردەوە ببم بە چی؟ لەناکاو کەوتمە نێو پەڕتووکەکانی کاک کارزانی برام و پەڕتووکێکم لەسەر ژیانی لودڤیگ ڤان بێتهۆڤن دۆزییەوە، وردەوردە خوێندمەوە، دواتر زۆر بە خراپی وەریشمگێڕا و لەگەڵ هەندێک پەڕتووکی تردا تێکەڵاوم کرد و داخەکەم بڵاویش کرایەوە، کە ئێستا تەنها بینینی بەرگی پەڕتووکەکە لە تەوقی سەر تا پەنجەی پێ شەرمەزارم دەکات.
گرنگیی ژیاننامەی بێتهۆڤن بۆ من لەوەدا بوو کە لە لایەک دووبارە خولیای موزیکی تێمدا گەشاندەوە، لە لایەکی تریش تا ڕادەیەک لە نزیکەوە هەندێک شت لەسەر بلیمەتانی موزیک فێر بووم، لە هەموویان سەیرتر ئەوە بوو کە زۆرینەیان پیانۆژەن بوون، کە من خولیام بۆی نەبوو.
ئەو هاوینە بڕیار ئازاد-ی هاوڕێی پێشووی قوتابخانەمم دی، ئەو ئەو کاتە چووبووە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، بەشی موزیک، لێیم پرسی: «بۆچی باخ، مۆتسارت، بێتهۆڤن، شۆپان، چایکۆڤسکی…تد. هەموو ئەمانە ژەنیاری پیانۆ بوون؟»، وەڵامی دامەوە و وتی: «فێربوونی پیانۆ بۆ موزیکدانان ئێجگار گرنگە و بە ئاسانی فێری تێکەڵکردنی دەنگت دەکات، کە هاوکارێکی باشە بۆ زانستی هاڕمۆنی و ئەمانە». ئینجا سی دیی بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری پێم دا، بەرنامەیەک بوو، ناوی: «فینالێ» بوو، وتی: «دەتوانیت بەم بەرنامەیە نۆتە بنووسیتەوە».
فینالێ وشەیەکی ئیتالییە، بە واتای «کۆتایی» دێت، بەڵام هەر وا بە ئیتالی هاتووەتە نێو زاراوەکانی موزیکەوە، بە واتای کۆتایی ژەندن دێت، ئەو بەشەی پێش ئەوەی بیسەران چەپڵە لێبدەن، بۆ نموونە بە دوایین بەشی سیمفۆنی دەوترێت «فینالێ».
جا من ئەم بەرنامەیەم لەسەر لاپتۆپەکەم دابەزاند (بە کراککراوی: واتە پارەم بە کۆمپانیای دروستکەرەکەی نەدابوو)، ئینجا لە خۆمەوە دەستم کرد بە نووسینەوەی نۆتە. ئەم بەرنامەیە بوو بە ئالوودەییم و ڕۆژی وا هەبوو چواردە کاژێر بێ دابڕان لەسەر ئەم بەرنامەیە خەریکی نووسینەوەی نۆتە بووم. پاشان وەکو پڕۆڤەی فێربوونی نۆتە، نۆتەی موزیکدانەرە گەورەکانی وەک فڕانز لیست و بێتهۆڤن و شۆپان و ئەمانەم دەهێنا و سەرلەنوێ بەم بەرنامەیە نۆتەکانیانم دەنووسییەوە، بەرنامەکە دەیتوانی نۆتەکە بخوێنێتەوە و بە دەنگیش دەریانبکاتەوە. لەم گەشتەدا فێری زۆر شت بووم. هەر ئاوها فێری نووسین و خوێندنەوەی نۆتە بووم. پاشتریش لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا کەوتمە فێربوونی پیانۆ. لەو کاتەوە تا ئێستا ڕەنگە هەزاران کاژێرم لەسەر ئەم بەرنامەیە بە سەر بردبێت و هەزاران موزیکی خۆم و موزیکدانەری ترم نووسیوەتەوە، کە زۆربەیان تەواو نەکراون.
ئەم بەرنامەیە چەند جارێک لەژێر دەستمدا تووشی کێشە هاتووە و «کراش»ی کردووە و بەری ڕەنجی چەند ڕۆژەم بە فیڕۆ چووە، یەکێک لەوانە یەکەم دانانی گۆرانیی بنوو بوو، کە لە ماڵپەڕەکەمدا لەسەریم نووسیوە و ئێستا گۆرانییەکە لە کەناڵی یوتیوبەکەمدا هەیە. بۆیە لە ساڵی ٢٠١٢دا بەرنامەکەم کڕی و لەو کاتەشەوە دوو ساڵ جارێک دەرکردە نوێترەکەیم دەکڕی. سەدان موزیکم بەم بەرنامەیە و بەرنامەی گاریتان-ی هاوەڵی بەرهەم هێناوە، لەوانە: سەمای جنۆکەکان و گۆرانیی جوانی، کە لە کەناڵی یوتیوبەکەمدا هەن.
سێشەممە، ٢٧ی ئابی ٢٠٢٤ کۆمپانیای مەیکمیوزیک، کە خاوەنی بەرنامەی فینالێیە، ڕایانگەیاند کە کۆتاییان بە بەرهەمهێنانی فینالێ هێنا، ئەو کەسانەی پێشتر بەرنامەکەیان بە کار دەهێنا هەر لایان کار دەکات، بەڵام بەرنامەکە چیتر کۆتایی هاتووە و ئیتر پەرەی پێ نادرێت. ئەم هەواڵە هەژدە ساڵ بەکارهێنانی بەرنامەکە و ژیانی موزیکیی خۆمی هێنایەوە بیرم. سوپاسی هاوڕێم بڕیار ئازاد دەکەم کە ئەم بەرنامەیەی پێم ناساند. سوپاسی کۆمپانیای مەیکمیوزیکیش دەکەم و داوای لێبوردنیشیان لێ دەکەم کە چەندین ساڵ بەرنامەکەیانم بە کار هێناوە بێ ئەوەی پارەکەی بدەم.
ئاواتەکەم و لادرانم لە ڕێی ئاواتەکەم بەرەو زۆر جێیان بردم، ویستم ببمە گۆرانیبێژی ئۆپێرا، ئینجا پیانۆژەنی کۆنسێرت، دواجار کۆلێژی زمانم تەواو کرد، چون لە دوای موزیک حەزم لە وێژە و زمان بوو، ئینجا ویستم ببمە سینەماکار، ئەمە جگە لەوەی بۆ بژێویی ژیانیش شتێکی تر لە کۆمپیوتەر و کارگێڕی و بەڕێوەبردنی پڕۆژە فێر بووم. چەند گۆرانییەکم داناوە و بێژاومن و بڵاوم کردوونەتەوە، هەندێکیشم بڵاو نەکردووەتەوە. وا شەش ساڵیشە کاری وەرگێڕان دەکەم و دەنووسم و بوومەتە داکۆکیکار لە زمان و چاند و ناسنامەی کوردی و خۆم وەک بەرگریکارێک لە داگیرکاریی زمانی و چاندی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوایەتیی کورد دەبینم.
لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە چیرۆکەکانی هۆنوسیاسم نووسی (کە هێشتا تەواوم نەکردوون)، ناسناوی «گۆرانیۆس»م لە هۆنوس نا، کە کەسێتیی ناوەندیی هەموو چیرۆکەکانە و کەموزۆر وێنەی وێژەیی خۆمە. لەبەر ئەوەش ئەو ناسناوەم لێی نا کە ئەگەر هۆنوس لە سەردەمی گریکی کۆندا ژیابا، ناو دەنرا: «گۆرانیۆس»، چون دەبوو بە خودای گۆرانی. ئێستاشی پێوە بێت، ئەگەر لە دونیایەکی بێگەردتردا بوومایە ئاوەزم بە هەندێک هەڕەشە نەشکایە، بێگومان تاکە ئاواتم گۆرانی و موزیک دەبوو، حەزم دەکرد هەموو شەوێک گۆرانیم بۆ خەڵک ببێژایە و موزیکم بۆیان ژەندبا و هەر لەوێشدا مردبام و هەر لەوێشدا نێژرابام. ئێستاش هەزاران گۆرانی لە ناو مندا هەن و چاوەڕێن هەلومەرج بڕەخسێت و دەریانبکەم. هەر گۆرانیبێژێک دەبینم حەز دەکەم باوەشی پێدا بکەم و ماچی بکەم، چون هەست دەکەم ئەو بە ئاواتی من گەیشتووە و لەو ژیانەدا دەژی کە من دەمەویست.
بەڵام ئێستانان دەرک بە زۆر هەڕەشە دەکەم لەسەر نەتەوەکەم، چەند وێژمانێکی کوشندە لە نێو هاوخوێنەکانمدا بڵاو بوونەتەوە کە بەرەبەرە لە ڕووی زمان و چاندەوە کورد لە ناو دەبەن، وێڕای ئەوەی وا لە ڕووی جوگرافیشەوە خەریکە لە ناو دەچین و بێئاگاکان چەپڵە بۆ ئەم لەناوچوونە لێدەدەن. پێم وایە ئێمەی کورد بەم چەند وێژمانە کوشندەیەی ئێستا هەڵمانگرتوون، وەک منی سەر لۆرییەکە، کە بە هەزار شەڕەشەق لەسەر سەکۆی جیهان (و لۆرییەکە) جێمان بووەتەوە، شڵپ دەکەوینە خوار و هەر وەک منیش نە لۆری لەسەرمان دەوەستێت، نە چاوێکیش دەمانبینێت، نە موزیکیش لە سەرمان دەوەستێت تا گۆرانییەکەمان تەواو بکەین، با تا بەیانی پەیامی ئاشتیمان هەڵگرتبێت و دەنگمان زوڵاڵ بێت و بەهرەدار بین! ئەو چەند وێژمانەیشی پێم وایە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان پێکهاتوون لە: وێژمانی جیهانبازی و هەموومان مرۆڤین و هەموومان براین و بێلایەنی و بڕوابوون بەوەی گورگ و مەڕ پێکەوە ئاو بخۆنەوە و گرنگیدان بە هونەر و کار و بازاڕی و زانستی ڕووت بێ ئەوەی بزانین بۆچیمانن و چۆن لە ناومان دەبەن. ئێستانان ئەم وێژمانانە زەینی زۆرێک لە هاوخوێنەکانمیان تەواو داگیر کردووە.
فینالێ (لە کۆتاییدا: کە خۆم دژی ئەم دەربڕینەم، بەڵام بۆ مەبەستە ڕەوانبێژییەکەی بە کاری دەبەم): دەمەوێت دەستم هەبێت لە دەربازکردنی کوردان لەم بەنجانەی بەرەبەرە تێکەڵ بە خوێنیان دەکرێن. دەمەوێت دەستم هەبێت لە هێشتنەوە و بووژاندنەوەی بوونی زمانی و چاندی و نەریتیی کورددا، ئامانجمە مێز بە ڕووی مێژوودا ئاوەژوو بکەمەوە و ئەم جارە کورد و کوردستان بکەمە ناوەندی دونیا، یان لانیکەم دەستم هەبێت لەو ڕێڕێژی و ڕەنگڕێژییەدا. نابێت مرۆڤ لە نێوان خۆی و بکوژیدا بێلایەن بێت، شتێک نییە ناوی بێلایەنی بێت، بێلایەنی تەنها ڕێ بۆ لایەنی زۆردار خۆش دەکات زۆرلێکراو لە ناو ببات. بێلایەنی ئەوپەڕی لایەنگرتنی خراپەیە لە دونیادا. بۆیە دەمەوێت ببم بە (یەکێک لە) ڕێڕێژ و ڕەنگڕێژی سەربەخۆیی زەینیی کوردان، کورد لە نەخۆشیی ئەم بیرە کوشندانەی داگیرکەران دەرباز بکەم، ئەوەی پێم وایە مەترسیی گەورەیە لەسەر داگیرکاریی مێشکمان لە ناوی ببەم، یان لانیکەم کەمی بکەمەوە. خوازیارم سەد ساڵ بە تەندروستییەوە (کە شتی وا ڕوو نادات) بژیم بۆ گەیشتن بەم ئاواتەم. ئاواتم سەندنەوەی کوردستانی هەرە گەورە و سەندنەوەی تۆڵەی هەموو ئەو ستەمانەیە کە لێمان کراون. ئاواتمە کورد لەو کوردستانەدا سەروەر بێت و دەسەڵاتی هەبێت و بەهێز بێت ببێتە زلهێزی جیهان و تاکەکانی لە نێو خۆیاندا هەست بکەن ڕێز و شکۆیان هەیە و لە دیدی خۆیانەوە بڕواننە دونیا، ئەمان بە خەڵک بڵێن گوێ لە چی بگرن و نەگرن، نەک داگیرکەر پێیان بڵێت گوێ لە چی بگرن و نەگرن. لە لاشەوە هەر وا لابەلا خەریکی موزیک و گۆرانی دەبم، چون پێم وایە ئەو دووانە وزەی زەینییم پێ دەدەن بۆ ئاواتەکانم.
[1] ئەمە دێڕێکی هۆنراوەی نۆن سوم کوالیس ئێرام بۆنای سوب ڕێنیۆ سینارایی-ی ئێرنست داوسن-ە.