
شێلگیر و جددی و ڕشت1
زۆر جار بە گاڵتەوە دەموت: «ڕقم لەو کەسانەیە کە بەردەوام شێلگیرن (جددین)، هەمیشە دەڵێیت کوڕیان کوژراوە!». چونکە سەرنجم داوە زۆربەی ئەو کەسانەی قسەی شێلگیرانە دەکەن بزە نانیشێتە سەر لێویان، مەگەر بۆ گاڵتەپێکردن و بەسووکبینین نەبێت. کەسانێکیش هەن هیچ قسەیەکی شێلگیر و سەنگین و قورس و مەندیان نییە، بەڵام ڕووی خۆیان دەترشێنن بۆ ئەوەی پێمان وا بێت قسەکانیان شێلگیر و سەنگین و قورس و مەندن!
من وشەی شێلگیر لە بەرانبەر جددی-ی عەرەبیserious-ی ئینگلی وەردەگێڕم. زۆر کەس بە «ڕژد» وەریدەگێڕن، هەندێک کەسیش بە «ڕشت». خوازیارم لەسەر وشەیەک یەکلایی ببینەوە. بەڵام باسەکەم ئەمە نییە، بەڵکو باسەکەم لە بارەی پەیوەندیی نێوان شێلگیری و باوکەڕۆوەیە.
پەیوەندیی شێلگیری و باوکەڕۆ
لە وەرگێڕانی ڤینوس و ئادۆنیس-ی شێکسپیردا (کە مانگی داهاتوو بڵاوی دەکەمەوە) بۆم دەرکەوت لە زمانی ئینگلیدا وشەی سادنێس sadness بە واتای خەمباری لەگەڵ وشەی سەتایەتی satiety بە واتای تێری هاوڕیشەن.
وشەکە لە تێرییەوە بەرەو ئەو واتایە چووە کە (شتەکە) ئیتر ئەوەندە تێر بووە کە دابەستە و قەڵەو و پڕ بووە و داتەپاوە. بۆیە لە تێریدا ماندوو و دڵتەنگە، ئەوەندەی خواردووە خەریکە دەمرێت. ئاوها واتای شێلگیری وەرگرتووە، واتە قەبە و قورس و سەنگین، هاوکات ئاوێتەی دڵتەنگی و خەم و پەژارەیە.
شێکسپیر لە دێڕی ٨٠٧ی ڤینوس و ئادۆنیسدا وشەی سادنێس sadness-ی بە واتای شێلگیر و مەند earnest, seriousness بە کار هێناوە. لە زاری ئادۆنیسەوە دەڵێت:
«بۆیە ئێستا بە شێلگیری دەڕۆم»
Therefore, in sadness, now I will away
بیرگۆڕی لێوبەخەندە
خۆم زۆر جار لە بابەتگەلێک دەدوێم کە کەموزۆر بیرگۆڕن. بە تایبەتی ئەم ماوەیەی دوایی کە وتارەکانی «پشتیوانی لە زمانی کوردی» و «پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی»م بڵاو کردووەتەوە؛ ئێستاس بەشبەش «دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی» بڵاو دەکەمەوە. شتێکیش بیرگۆڕ بێت دەبێت بایی ئەوەندە سەنگین بێت کە لە هۆش و بیردا بنیشێت. بەڵام زۆربەی کات بابەتەکانم ئاوێتەی پێکەنین و گاڵتە دەکەم.
زۆر کەس لە بەرانبەر ئەمەدا ڕەخنەیان لێم گرتووە و گلەییان لێم کردووە کە زۆر جار بابەتی زۆر شێلگیرانە دەکەم بە گاڵتەوگەپ و پێکەنین. لەگەڵ ئەوەی جارجار بە پاڵکەوتنانەوە بۆ خەڵک دەدوێم. پێیان وایە شێوازە کەنینییەکەم لەگەڵ ناوەرۆکی بابەت و کەسایەتیمدا نایەتەوە.
پێم وایە ئەوان بۆیە پێیان وایە کە ئەم شێوازە کەنینییە لەگەڵ بابەتەکانمدا نایەتەوە، چونکە ئەوان هەرچەند کەسێکی شێلگیریان دیوە ڕووێکی بێبزە و ترشاویشیان دیوە. بۆیە ناتوانن وێنای کەسێک بکەن قسەی بیرگۆڕ و شێلگیر بکات و دەموچاوی نەترشابێت!
فڕێم مەدە، من یاری تۆ نیم!
تەنانەت هەستم پێ کردووە کە زۆر کەس منیان پێ گاڵتەجاڕ و ناشێلگیرە، پێیان وایە لە توخمی ئەوان نیم. بۆیە تەنانەت بە تەواوەتی نادیدە گیراوم، کەسێک بە ئەرکێک ڕاینەسپاردووم. هەوڵ دەدەن لە هەموو شتێک دامببڕێنن، بایکۆتی تەواو کراوم (ماڵیان ئاوا بێت). هیچ پێگە و بەرپرسیارێتییەکیشم پێ ناسپێرن.
تەنانەت ئەگەرچی یەکێکم لە بەرگریکارە سەرسەختەکانی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان، کەچی دەسەڵات هەموو ناپاکێک ببینێت و من نەبینێت! دەسەڵات گلەیی لە نووسەرانی نەوەی پێش من دەکرد کە ئامادە نەبوون هیچ بەرپرسیارێتییەک هەڵبگرن و هەر پرتەوبۆڵەیان هاتووە و دێت. کەچی کە کەسانێکیان دەست دەکەوێت کە ئامادەن بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، فڕێی دەدەن. واتە دەسەڵات هەر ئەوانەی پێ باشە کە لە دوورەوە بەردی تێ دەگرن.
زۆر جار بیر لەم ڕەتکردنەوە و فڕێدرانەی خۆم دەکەمەوە، بەڵام لام سەیر نییە. چونکە پێم وایە بەشێکی خەتای خۆمە. نکۆڵی لەوە ناکەم کە کەسێکی زۆر کۆمەڵایەتی نیم، ئاسانڕۆ نیم، پینەوپەڕۆچیش نیم. ئەگەر کێشەیەک چارە بکەم لە ڕیشەوە چارەی دەکەم. بەڵام پێم وایە هۆی تریش هەن، یەکێک لەو هۆیانەی تر ئەوەیە کە ڕووترشاو نیم و بەردەوام کۆستم نەکەوتووە.
بەڵام ئەو بەشەی لام سەیرە ڕەتکردنەوەی تەواوی بەرهەمەکانمە، بە موزیک و گۆرانی و وەرگێڕان و نووسینمەوە! تا ئێستا لە یەک کەناڵ و ڕادیۆی کوردی یەک موزیک و گۆرانیی من لێنەدراون. ئەو چوار پێنج گۆرانییانەی هەمن، لەگەڵ ئەو چەند موزیکەی بڵاوم کردوونەتەوە شانازیی ئەوەیان هەیە کە هیچیان یەک دەریچەی کوردییان نەدیوە! گریمان خۆم بە کەڵک نایەم، موزیکەکانم بۆ؟ گۆرانییەکانم بۆ؟
لە خۆمەوە ئەم قسانە ناکەم، بەڵکو ڕووداوگەلێک لە پشتیانەوە هەن. تەنها دووانیانتان بۆ دەگێڕمەوە: ساڵی ٢٠١٤ کە گۆرانیی «واران»م تۆمار کرد، بە هاوڕێیەکمدا ناردم بۆ هەندێک کەناڵ و ڕادیۆ. وتم ڕەنگە نەمناسن، با خۆمیان پێ بناسێنم. هەموویان فڕێیان دابوو. بەرپرسی ئەو کاتەی ڕادیۆیەکی گەورەی کوردستان بە هاوڕێکەمی وتبوو: «ئەم شتە حیزە چییە هێناوتە؟ ئەمە کەی هی ئەوەیە بڵاوی بکەینەوە؟».
ساڵی ٢٠١٨ بە دڵ و بە گیان موزیکێکم بۆ تیپێکی موزیکی کوردستان دانا، بە دوو کەسی نێو تیپەکەم دا، کەچی دەنگیان نەما. دوای چەند مانگێک کە هەواڵیم پرسییەوە، یەکێکیان وتی: «نەمدیوە، لێم ون بووە» (لەو بێڕێزییە!)؛ ئەوی تر وتی: «دەستت خۆش بێت. من بوومایە وام دانەدەنا!». ئیتر ئاوها ئەویش ژێرگڵ خرا. خۆشبەختانە خۆم ئەم موزیکەم پاراستووە.
خەندە کلیلی دڵ و هۆشە
هەر چییەک بێت، من هاوڕای ئەوانە نیم کە داوا دەکەن هەمیشە کۆستمان کەوتبێت. تا ئێستاش پێم وایە ئەوەی بە دەم خەندە و پێکەنینەوە فێری دەبیت، سەد قات قووڵتر ڕۆ دەچێتە ناختەوە وەک لەوەی بە وشکی و شێلگیرانە لەسەر تەختەیەکی ڕەقوتەق فێر دەکرێیت.
تا ئێستا وانەی ئەو مامۆستایانەم لە بیر ماوە کە بە ڕووێکی خۆشەوە شتیان فێر کردووم. بەڵام هیچی ئەو بەناومامۆستایانەمم لە بیر نەماوە کە بە تووڕە و تۆسنی و بە داری بزماراوییەوە (گوایە) شتیان فێر کردووم. ئەوە نەبێت شوێنی برینی بزماری دارەکانیان بە جەستەمەوە ماون.
بە هەر حاڵ، دەرکەوت ئەو سەرنجەم لە جێی خۆی بووە کە هەموو شێلگیرێک دەڵێیت لە ڕۆڵەڕۆ هاتوونەتەوە و خەمبار و داتەپاون. حەزم بە هاوڕێیەتییان نییە. دانیشتنم نییە قاقای تێدا نەبێت و هەر واش دەبێت.
سەردەمێکی نوێیە: ڕووترشاوی بەڵگەی ڕاستی و بەسوودیی وتە نییە.
- ١٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ نووسیومە. ↩︎