
بکوژ و کوژراو هەردووکیان قوربانی نین[1]
وا ساڵانێکە هەرچەند نەگبەتێک دەکرێتە قوربانیی جیاوازیی بیروڕا، یان دەکرێتە قوربانیی نەریتێکی بۆگەن و قێزەون و ڕزیو و کارێکی تیرۆریستی، کۆمەڵێک خەڵکی سەر بە ڕێباز و قوتابخانەی فەلسەفیی «نەشیشبسووتێونەکەبابیزم» دێن و دەڵێن: «خۆی بکوژ و کوژراو هەردووکیان قوربانین» و ئیتر کوژراو بە تەواوی پشتگوێ دەخەن و دەکەونە شین و شەپۆڕ و قوڕپێوان بۆ بکوژ، کە ویس کوبانی بم، کە چەچە جوانە خەپانەکەی چووە عەتکردنی کوژلاوی داماو، خۆ کوژلاوەکە لاستە کولبانییە، بەڵام بکوژەکەش داماوە هەل کولبانییە و گوجی گوجی دوایی ئش ئش ئشەکەی بۆ دەکەم، ئش ئش ئشەکە، بکوژ داوای خوێن دەکا. ئیتل حەمی دەدەمێ و ئیتل ناگلی، ویس ویس، کوبانی بم.
ئەم بەڕێزانە بەم کارەیان هەم پشتگیری کوشتنەکە دەکەن و دەبنە هاوبەشی تاوانی کوشتن؛ هەم لە مەندی و قورسیی تاوانەکە کەم دەکەنەوە؛ هەم دەستی ڕاستەوخۆیان لە درێژکردنەوەی ئەم تاوانکاری و تیرۆریستییەدا دەبێت. چون کە کار دێتە سەر کوشتن نە شیش بسووتێ و نە کەباب کار ناکات و ناخوات، کوشتن کوشتنە و دەبێت سزای هەبێت. ئێمە لە دێیەکی بیست هەزار ساڵ بەر لە ئێستادا ناژین، ئێمە لە سەدەی بیست و یەکدا دەژین کە بەم ڕۆژگارە پیرۆزییەکان لەیەک دەدەن و شۆرت دەکەن، چون بە ڕووی یەکتردا دەکرێینەوە، پەسەندکردنی جیاوازیی بیروڕا و پیرۆزی و ناپیرۆزییەکانی یەکتریش ئەو باجەیە کە دەبێت لە بەرانبەر کۆمەڵگایەکی ژیاریدا بیدەین، ئەگەر ئامادە نابین ئەم باجە بدەین کەواتە دەبێت بگەڕێینەوە نێو جەنگەڵستان و لەگەڵ شێر و پڵنگ و ماردا بژین. ئیتر یان دەبێت چاوی داخراوتان بکەنەوە، یان ئەمە هەر وا بەردەوام دەبێت تا یەکتر لە ناو دەبەین و هەموو ئەوەی مرۆڤایەتی بە هەزاران ساڵ بونیادی ناوە لە دەستی دەدەین و دەبینەوە بە کۆمەڵگەیەکی دڕندەی لە ژیار داماڵراو.
ئەوانەی دەڵێن: «بکوژ و کوژراو هەردووکیان قوربانین» دەیانەوێت بەم وتەیەیان ئیتر بابەتەکە لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە. بەڵام ئەوان نازانن بەو وتەیەیان قوڕێکی خەستتریان بۆ خۆیان گرتووەتەوە. ئێمە کە دەڵێین: «کوژراو قوربانییە و بکوژ جەللادە و قوربانی نییە» بۆ ئەوەمانە کە بکوژەکان دەستگیر بکرێن و سزا بدرێن، تا ببن بە پەند بۆ بکوژەکانی تر و خەڵکی تر چاویان لێ نەکەن، چون ئێمە دەمانەوێت کۆمەڵگایەکی سەقامگیر و ژیار بونیاد بنێین، دەمانەوێت ئاشتی بەرقەرار بێت، بۆ کۆمەڵگایەکی سەقامگیر و ئاشتەوا و ژیاریش، پێویستە تاوانکاران بە ئازادی بەرەڵڵا نەکرێن و بەر نەدرێنە خەڵک. ئەی بۆچی پێویستمان بە ئاشتییە؟ چون ئەوەی بە ئاشتی دەکرێت بە شەڕ ناکرێت، ئاشتی ئەگەر ڕێکەشی خاو بێت، بەڵام وێرانکەر نییە، لە ئاشتیدا ملیۆنان شتی باش سەوز دەبن و پێدەگەن کە سوودیان بۆ گەشەی مرۆڤایەتی و ژیانێکی ئابروومەندانەی ژیارییانە هەیە. بەڵام شەڕ هیچی وای لێ سەوز نابێت، جگە لە کوشتن و ڕشتنی خوێنی خەڵک و وێرانبوونی دونیا و ستەم و ستەمکاری، کە دواتر و لە کۆتاییدا هەر دەبێت بێینەوە لەگەڵ یەکتر گفتوگۆ بکەین و کێشەکانمان بە گفتوگۆ چارە بکەین. بۆیە کە دەڵێین: «بکوژ قوربانی نییە» بۆ ئەوەیە جۆرێتیی ئاشتییە کۆمەڵایەتییەکەمان برەو پێ بدەین و باشتری بکەین. بەڵام کە جەنابی شیشپارێز و کەبابپارێز دێت و دەڵێت: «بکوژەکەش قوربانییە» داخۆ دەیەوێت چی لەسەر ئەم وتەیە بونیاد بنێت؟ داخۆ دەیەوێت شەقامێک بکات بە ناوی کابرای بکوژەوە؟ قوتابخانەیەک بکات بە ناوی بکوژەوە؟ بۆ نموونە چی لەسەر ئەم وتەیە بونیاد دەنرێت؟ ئەوەی من دەیبینم تەنها ئەوەیە ئەگەر بکوژەکە قوربانییە، کاری تۆ لەوێدا تەواو نابێت کە بڵێیت: «بکوژ قوربانییە» و هەر وا ئاسان ڕابکەیت و هیچ هەڵوێستێکت نەبێت، بەڵکو کاری تۆ لە دوای ئەو وتەیەوە دەست پێ دەکات. ئەگەر بکوژ قوربانییە، دەبێت قوربانیی شتێک بێت، کە ئەو شتە ڕێک لە کۆمەڵگاکەدا هەیە، ئەگەر بکوژ قوربانیی دەستی چەند مەلایەکە دەبێت تۆ لە پێش هەمووانەوە بێیت و داوای دەستگیرکردنی ئەو مەلایانە بکەیت و تا دەستگیر نەکرێن و سزا نەدرێن واز نەهێنت، تا قوربانیی تر بەرهەم نەهێننەوە؛ ئەگەر بکوژ قوربانیی دەستی نێرسالارییە، دەبێت تۆ چەکوشێک بگریت بە دەستتەوە و بدەیت لە بنی ئەو نێرسالارییە و بیڕووخێنیت و تا تەواو لەناو نەچێت واز نەهێنت، تا قوربانیی تر بەرهەم نەهێنێتەوە؛ ئەگەر بکوژ قوربانیی دەستی پەروەردەیەکی هەڵەی خێزانە، دەبێت تۆ بێیت و ئەو پەروەردە هەڵەیە بنکۆڵ بکەیت و بیڕووخێنیت و سەرلەنوێ بە شێوەیەکی باشتر بونیادی بنێیتەوە، تا پەروەردەی هەڵە قوربانیی ترمان بۆ بەرهەم نەهێنێتەوە. بەڵام ئەوەی من دەیبینم ئەوانەی دەڵێن: «بکوژیش هەر قوربانییە» و وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن و کۆتایی بەم گفتوگۆیە دەهێنن، خۆیان یەکەم کەسن کە بەم دەست و بەو دەست پارێزگاری لەو جەللادە دەکەن کە بکوژە قوربانییەکەی بۆیان بەرهەم هێناوە. ئەمە چەندی بە چەند؟
بۆیە تۆ تەنها بەوە ڕزگارت نابێت بڵێیت: «بکوژ و کوژراو هەردووکیان قوربانین»، چون ئەو کاتەش هەر هەڵوێستت لێ چاوەڕێ دەکرێت، فەرموو دەی ئەوە زانیت بکوژ قوربانیی شتێکە، دەی خێراکە و ئەو جەللادە لە ناو ببە، تا قوربانیی تر نەخاتەوە. ئاوها بە ئاسانی لێی ڕزگارت نابێت. بۆیە وتەی «بکوژ و کوژراو هەردووکیان قوربانین» زۆر هەڵەیە و زۆرتان لەسەر دەکەوێت.
پاشان ئەگەر هەرگیزاوهەرگیز ئەو وتەیە ڕاست بێت، کەواتە هەر ئێستا یەکێک دە فیشەک بنێت بە تۆوە، لەسەر هەر شتێک بێت، منیش دەتوانم بێم و بڵێم: «بکوژەکە قوربانییە»، کەواتە هەر بە ڕاست بۆچی دادوەر هەیە و دادگا هەیە و دادوەری هەیە و پارێزەر هەیە؟ خۆ هەموومان قوربانین و ببڕێتەوە! ئەوەی دزیت لێ دەکات قوربانییە، ئەوەی لاقەت دەکات قوربانییە، ئەوەی خاکت داگیر دەکات قوربانییە، ئەوەی منداڵت سەردەبڕێت قوربانییە، سەدام قوربانی بوو کە کوردی زیندەبەچاڵ دەکرد، هیتلەر قوربانی بوو کە شەش ملیۆن کەسی تواندەوە و بووە هۆی کوشتنی دوانزە ملیۆن کەسی تریش، ستالین قوربانی بوو، گەریلا قوربانییە، جەندرمە قوربانییە، پێشمەرگە قوربانییە، پازدار قوربانییە، ئەمەریکا قوربانییە، ڕوسیا قوربانییە، ئۆکرانیا قوربانییە… کوڕە کاکە قوڕەیشییەکان قوربانی بوون، ئەبو موسەیلەمە قوربانی بوو، ئەبو لەهەب قوربانی بوو، پیلاتۆسی پۆنتی قوربانی بوو، هیرۆدس قوربانی بوو، فیرعەون قوربانی بوو، گەلی لوت قوربانی بوون، گەلی نوح قوربانی بوون، هابیل قوربانی بوو، قابیل قوربانی بوو، هەر وا بێتەوە شەیتان قوربانی بوو و عفریت قوربانی بوو و داروبەرد قوربانین. بەم پاساوەی ئێوە هەموو کەسێک قوربانییە. ئێوە نیازتان وایە ئاوها بەرگری لە شتان بکەن؟
زۆربەی ئەوانەی دەڵێن: «هەردوو لا قوربانین»، ئەوانەن کە دژی دەسەڵاتی کوردن و بەم ڕۆژگارە وا خۆیان پیشان دەدەن کە ستەمیان لێ کراوە و دەسەڵات لەگەڵیاندا خراپە… ئاگادار بن، ئێوە لەسەر لقێک وەستاون و خەریکە دەیبڕنەوە! ستەمکار قوربانی نییە، قوربانیش بێت هەر دەبێت بە سزای خۆی بگات، هەر زۆر زۆر قوربانیش بوو دەبێت ئەو دەستە ببڕرێت کە ئەم قوربانییەی بەرهەم هێنا. یان ئەگەر بەو پاساوەی ئێوە دەڕۆین، کەواتە ئیتر کەس لەمەودوا گلەیی لە پارتی نەکات و کەس خۆی ستەملێکراو پیشان نەدات، پارتیش قوربانییە و یەکێتیش قوربانییە و یەکگرتوو و حسک و کوڕە کاکە بەشار ئەسەد و پۆتین جومهورییەتی ئیسلامیی ئێران و تورکیا و عێڕاق و سوریا و سعودیە و ئەمەریکا و ڕوسیا و ئیسرائیل و داروبەرد قوربانین. کەس باسی ستەم نەکات، کەس باسی دزی نەکات، کەس باسی گرتن نەکات، کەس باسی کوشتن نەکات. هەمووان قوربانین.
گەر بەو پاساوەی ئێوە دەڕۆین ئەوا سبەی کە ئێوەش بە هەر هۆیەک بێت و هەر کەس بتانکوژێت، دێم و دەڵێم: «بکوژەکانتان قوربانین» و بۆ بکوژەکانتان دەپاڕێمەوە و دەیکەم بەو شیوەن و شەپۆڕەی ئێوە بۆ بکوژەکانی ئەمڕۆتان ناوەتەوە، هەر ئاوها دۆسێی کوشتنی ئێوە دادەخەم و بە فەرامۆشنامەی مێژووتان دەسپێرم، چون ئێوە هەزاران کوژراوی قوربانیی ڕاستەقینەتان فەرامۆش کرد و یادتان نەکردنەوە، هیچ هەڵوێستێکتان بۆ ئەوانە دەرنەبڕی کە کوژران، بۆیە خۆشتان دەبنە قوربانیی ئەو ستەمەی درێژی دەکەنەوە.
ئینجا ئەگەر دێیت و لەژێر پاساوی «پیرۆزییەکان»تدا ڕەوایەتی بە کوشتن دەدەیت، دەبێت بزانیت پیرۆزییەکانی تۆ پیرۆزییەکانی ئەوانی تر نین، ئەگەر پیرۆزییەکانی خۆتت خۆش دەوێت هەڵیان بگرە بۆ خۆت و مەیانکە بە چاوی خەڵکدا، با تووشی ئەمڕۆ نەبین. تۆش بەم ڕۆژگارە پیرۆزییەکانی ئەوانی تر پێشێل دەکەیت، کەواتە بە پاساوەکەی خۆت بێت، تۆش شایستەی کوشتنیت و بکوژەکەشت قوربانییە و دەستی ئەوە خۆش بێت کە دەتکوژێت!
[1] لە ٢٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا لە پاش تیرۆرکردنی کاک «خوداناس وریا گلی» بە دەستی تیرۆریستێک نووسیومە. پێشووتر بە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ بۆ دۆسێی کوشتنەکەی «ماریا سامی»ش هەمان ئەم دژەپاساو و پووچەڵکردنەوەیەم هێناوەتەوە و بە زارەکی لێیم دەربڕیوە، چون ئەو کاتیش کۆمەڵێک هاتن و بەرگرییان لە بکوژەکە دەکرد و دەیانوت: «بکوژەکەی ماریا قوربانییە» و بە وشەیەکیش باسی ماریای جوانەمەرگیان نەکرد!