بابەتی گرینگوتار

باش و خراپیی خستنەڕووی بەرهەم

خستنەڕوو باشترە

باش و خراپیی خستنەڕووی بەرهەم[1]

خۆم ئالوودەی بەرهەمهێنانم

من خۆم بە کەسێکی بەرهەمدار دەزانم، نەک تەنها ئەوە، بەڵکو ئەوەندەی بتوانم بە یادم بێتەوە، لە منداڵییمەوە تووشی جۆرە ئالوودەییەک بووم بە بەرهەمدارییەوە و لە ٢٠٠٦یشەوە ئەم ئالوودەییەم خەستتر بووەتەوە، گرنگ ئەوەیە لە ڕۆژێکمدا، لە ڕابوونمەوە بۆ نووستم، هیچ نەبێت بەرهەمێکم هەبێت، ئیتر ئەگەر پێنج دێڕ نووسینیش بێت هەر ئاسوودەم دەکات. خۆیشم فێری چەند بوارێکی جیاوازی بەرهەمداری کردووە، تا ئەگەر لە بوارێکدا تووشی ڕاوەستان بووم، لە بوارێکی تردا خەریک بم. کاتێکیش زیاتر لە حەفتەیەک، ئەوپەڕی دوو حەفتە تێبپەڕێت و بەرهەمێکم نەبێت، کە هەندێک جار شتی وا ڕوو دەدات، تووشی خەمۆکییەکی زۆر سەخت دەبم و بیر لە خۆکوشتن دەکەمەوە، لەم کاتەشدا هەر چۆنێک بێت شتێک بەرهەم دەهێنم، زۆربەی کاتیش ئەو بەرهەمە بڵاو ناکەمەوە، بەڵام هەندێک جار لە ماڵپەڕەکەم و ئێستاش کە وا فەیسبووکم داناوەتەوە، لە فەیسبووکیشدا دایدەنێم. تەنانەت کە هیچ شتێکم بۆ ناکرێت، دەفتەرێکی تایبەتم هەیە، تەنها بۆ خۆم، بیر و بۆچوونی شقڵیوپقڵیی خۆمی تێدا تۆمار دەکەم، باسی ڕۆژەکەم، یان شتێکی ئەو ڕۆژەم دەکەم بۆ لاپەڕەیەکی پاک. بۆیە ئەوەی لە پەرەگرافی داهاتووەوە دەیخوێنیتەوە سەرنجی منە وەک کەسێکی ئالوودەی بەرهەمداری و کەسێک کە، بە سوپاسەوە، ژیان هەلی ئەوەی پێم داوە ئەزموونێکی شازدە ساڵیم لە بەرهەمداریدا هەبێت، بابەتەکەش سەبارەت بە پرسی خستنەڕووی بەرهەمە.

ئایا خستنەڕووی بەرهەم نەخۆشییە؟ ئەوانە نەخۆشن کە داوا دەکەن بەرهەمەکانیان بخرێنە ڕوو؟

هاوڕای ئەو بەڕێزانە نیم کە پێیان وایە خستنەڕووی بەرهەم نەخۆشییە و ئەو کەسانەی داوای خستنەڕووی بەرهەمەکانیان دەکەن نەخۆشن. هەر وەک چۆن هاوڕای ئەوانەش نیم کە پێیان وایە بەرهەمی باش ئەوەیە خەڵک بە دوایدا دەگەڕێت. زۆربەی خەڵکان هەر نازانن کە بەرهەمی باش هەیە، تا ئەوان بۆی بگەڕێن، یان دەشێت ئەو بەرهەمەی لای بەڕێزێک باشە، لای ئەوان بەرهەمێکی باش نەبێت. یان لەو جۆرە نموونەیە بێت کە بە دوای زێڕدا دەگەڕێت، بەڵام ئەڵماسی دەست دەکەوێت، بەڵام نەیزانیوە بەهای ئەڵماسەکە چییە و چەندە و فڕێی داوە و کەوتووەتەوە گەڕان بە دوای زێڕەکەی خۆیدا، زۆر جاریش هەبووە کەسێک تەنەکەیەکی زەردکراوی دۆزیوەتەوە و وای زانیوە زێڕە. لێرەدا مەبەستەکە ئەوەیە کە تەنها دۆزینەوەی شتێک لای خەڵکان یەکسان نییە بە مەزنێتیی ئەوەی دۆزراوەتەوە.

بەرهەم هەر چییەک بێت بەرهەمە!

دواجار نووسین، هۆنراوە، گۆرانی، موزیک، تابلۆ، فیلم و ئاوها تا دوایی، بەرهەمن و وەک هەر بەرهەمێکی تر وان لەم دونیایەدا. بە ڕاستی بڵێم، لە ڕووی واتاییەوە، هیچ جیاوازییەک نابینم لە نێوان جوتیارێکدا کە تەماتەیەک دەچێنێت و دەیدورێتەوە، لەگەڵ هونەرمەندێکدا کە تابلۆیەک دەکێشێت. بەرهەم هەر شتێک بێت پێویستی بە خستنەڕوو هەیە، ئەو خستنەڕووەش پشت بە هەوڵی چواردەور دەبەستێت. هەندێک جاری کەم هەیە کە چواردەور خۆیان خۆڕسکانە ئەو خستنەڕووە بۆ بەرهەمانێک دەکەن، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو بەرهەمەی خۆڕسکانە خراوەتە ڕوو باشە، ئەوانەش کە خۆڕسکانە نەخراونەتە ڕوو خراپن. دواجار زۆری و کەمیی ئامادەیی بەرهەمێک لە بازاڕدا بەڵگەی نایابی و خراپیی بەرهەمەکە نییە. بەڵام لە هەموو بارێکدا، باشترە هەر بەرهەمێک کاری خستنەڕووی بۆ بکرێت تا بگاتە بەر دیدەی کەسانی تر. من خۆم (ئێستا) چوار ساڵی خۆمم داوەتە وەرگێڕانی پەڕتووکێک کە ڕەنگە چوار ساڵی تریشی مابێت، ئێ دە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم پەڕتووکە کەسێک پێی ناساندووم، لە شوێنێکی تردا بینیم. ئەو پەڕتووکەم نەناسیایە دێڕێکیشیم لێ نەدەخوێندەوە، نەشمخوێندایەتەوە وەرمنەدەگێڕا، وەریشمنەگێڕایە کەسانێکی زۆر جوان و گرنگم نەدەناسی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ناسیومن.

پاشڕام بدەوە

یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئەو کەسانەی بەرهەمهێنن، ئەمە بە پلەی سەرەکی کێشەی خۆمە و دەیان جار ئەم گلەییەم ئاراستەی کەسە نزیکەکانی خۆم کردووە: نەبوونی پاشڕایە (فیدباکە)، پاشڕا بە واتای تێڕوانین و ڕەخنە و سەرنجی بینەر و بیسەر و خوێنەری بەرهەمەکە دەڵێم، کاتێک تۆ پاشڕات پێ نەگاتەوە کەموزۆر لە شوێنێکی چەسپاودا خول دەخۆیت، بەڵام سەرنجی کەسانی تر وا دەکەن لە هەندێک چەقبەستوویی ڕزگارت ببێت و بەرهەمەکەت لە دیدی ترەوە ببینیت، جا چەند دیدی تر زۆرتر بن، بۆ بەرهەمهێن باشترە. ئەم دیدە زۆرانەش سەرەیان نەگرتووە بۆ بەرهەمی هیچ بەرهەمهێنێک، بەڵکو دەبێت بەرهەمەکە بخرێتە بەر دیدەیان. بە گشتی ئەو پاشڕایانەی دەدرێنەوە بە بەرهەمداران زۆربەی هەرە زۆری کاتەکان یەکێکە لەم دوو جۆرە: یان سووکایەتی و جنێو و گاڵتەپێکردن و قێزلێهاتنەوەیە، یان بە سادە و ساکاری دەوترێت: «دەستخۆش»، یان ئەم ماوەیەی ڕابردوو ئەم وشە ناشیرینەی تریش بووەتە باو، دەوترێت: «تایبەت بوو»، یان «تایبەتە». ئەگەرچی هێشتا دەستخۆشەکە لە سووکایەتییەکە کەمتر مەزاجت تێک دەدات، بەڵام هیچ کامێک لەو دوو جۆرە پاشڕایانە هیچ زانیارییەکی زۆر بە بەرهەمهێنەکە نادات. وتارێکی کورتیشم سەبارەت بە «تایبەت» نووسیوە بە ناونیشانی بێواتاترین پەسنی سەردەم.

هێڵی نێوان ڕا و دوژمنایەتی تەنکە!

دەبێت ئەوەش بڵێم کە لەو کەسانە تێدەگەم کە ڕا و سەرنجیان هەیە، بەڵام بە بەرهەمهێنەکەی نادەن؛ من خۆم دەیان جار ڕا و سەرنجم لەسەر بەرهەمی کەسانی تر هەبووە، بەڵام ئەوەندە ترساوم لەوەی دڵی کەسەکە بریندار بکەم، یان لەوە دڵنیا نەبووم کە بەرهەمهێنەکە چۆن سەرنجەکانم وەردەگرێت، کە ناچار بێدەنگیم لێ کردووە و قسەم نەکردووە. بۆیە تێدەگەم لەوەی کە زۆر کەس ڕەخنە و پێشنیار و سەرنجیان هەیە، بەڵام نایدرکێنن، چونکە لە دوژمنداری دەترسن! بەڵام من خۆم، تا ئەو کاتەی نەگاتە زۆرلەخۆکردن و هەوڵدان بۆ بەزۆرسووککردنی بەرهەمەکە و هەوڵدان بۆ شکاندنم، زۆربەی هەرە زۆری سەرنجەکانی بەرانبەرم بە هەند وەردەگرم (هەندێک جار نا! کە دواتر پێتان دەڵێم کەی). زۆر جار هەبووە کە بەرانبەرەکەم سەرنجێکی بە من وتووە زادەی ئەوە بووە کە خۆی لەو شوێنەی بەرهەمەکەم تێنەگەیشتووە، بەڵام تەنانەت ئەو تێنەگەیشتنەی ئەویش بۆ من زانیارییەکی گرنگە، چونکە وام لێ دەکات بچمەوە بە بەرهەمەکەمدا، بە تایبەتی ئەگەر نووسینێک بێت، هەوڵ دەدەم بزانم ئایا هۆی تێنەگەیشتنەکە لە هەڵەی منەوە بووە، یان بەرانبەرەکەم خۆی لێی تێنەگەیشتووە.

دوو نموونەی ڕەخنە لە نووسینی من

با بە نموونە پاشڕای دوو کەسی جیا بخەمە ڕوو کە لەسەر چیرۆکی میهرەبانەکان دراون، کە چیرۆکەکە بەشێکە لە هۆنوسیاس، لە نووسینی خۆم و بە دەنگی خۆیشم لە یوتیوبەکەم بڵاوم کردووەتەوە و یەکێکە لە نزیکترین چیرۆکەکان لە هەست و سۆزی خۆمەوە، کە لە ڕاستیدا زۆربەی جار لە کاتی خوێندنەوەکەیدا دڵم پڕ دەبێت. لەو چیرۆکەدا هاوڕێیەکم پێی ڕاگەیاندبووم کە: هەڵەی خاڵبەندیی زۆرە و هەندێک جار تەنها وشەیەکم داناوە و خاڵێکم بە تەنیشتیەوە داناوە، کە نەبووەتە ڕستە؛ هەروەها ئاگاداری کردبووم کە هەڵەی ڕێنووسی زۆرە، بۆ نموونە هەندێک جار «هۆنوس» بە دوو (ن) نووسراوە و کراوە بە «هۆننوس». لێرەدا من زۆر سوپاسی ڕەخنەگرەکەم کردووە کە ڕا و سەرنجی خۆی بە ڕاشکاوی خستووەتە ڕوو. بۆ خاڵبەندییەکە: لە نووسینی وێژەییدا مەرج نییە خاڵ تەنها لە کۆتایی ڕستەدا بێت، بەڵکو لە شەپۆلی هۆشدا، هەندێک جار تەنانەت پیتێک یان دوو پیتیش بە خاڵ سنووردار دەکرێت. وەک: «مامی وتی: حیزبەکان. خخ. گوێگرەکە ڕووی وەرگێڕا.»، لەوێدا: ئەوەی دەڵێت: «مامی وتی» و ئەوەی دەڵێت: «گوێگرەکە ڕووی وەرگێڕا» گێڕەرەوەی چیرۆکەکەن. «خخ»ەکە لەوانەیە شەپۆلی هۆشی گوێگرەکە بێت. لە میهرەبانەکانیشدا نموونەی لەم چەشنە زۆرن. کە ئەو وشەیە، یان ئەو ڕستە تەواونەکراوە شەپۆلی هۆشی هۆنوسە. سەبارەت بە ڕەخنەکەی تری کە «هۆننوس» هەڵەی چاپە، ئەڵبەت تێدەگەم کە بۆچی وا بزانێت کە هەڵەی چاپە، بەڵام هەڵەی چاپ نییە، لە جێیەکی جیاوازدا لەسەر وشەی «هۆن»م نووسیوە، کە ڕەگی «هۆنینەوە»یە، لەوێدا «هۆننوس» بە واتای ئەوە دێت کە وشەی هۆنراو دەنووسێتەوە، وەک «هۆنەر»، بەڵام «هۆنەر» دەشێت بیانڵێت، «هۆنوس» هۆکە و «هۆننوس» هۆنەکە دەنووسێتەوە.

هەندێک جار ڕەخنە بونیادنەرە!

بەڵام کەسێکی تر لێی پرسیم کە لە چیرۆکەکەدا مەبەستم چییە لەوەی کە دەڵێم: «شەتەکێکی دا»، چونکە لە شوێنێکی چیرۆکەکەدا وا دەڵێت، ئەو بەڕێزە پرسیی: چیی شەتەک دا؟ کە چوومە بنجوبناوانی پرسیارەکەی ئەوەوە، بۆم دەرکەوت من چەندێکە وشەی شەتەک بە هەڵە بە کار دەهێنم، شەتەک-م بە واتای جووڵەیەکی خێرا بە کار هێنابوو، کە شەتەک ئەو واتایەی نییە، ناشزانم بۆچی وام زانیوە ئەو واتایەی هەیە. لەوەیاندا بۆم دەرکەوت من هەڵە بووم و لە نووسینەکەمدا چاکم کردەوە، بەڵام تا ئێستاش لە دەنگە تۆمارکراوەکەی ناو یوتیوب هەر هەڵەیە و بۆم چاک ناکرێت. بەڵام زوو بێت یان درەنگ، لە ئایندەدا خوێندنەوەیەکی تری ئەم چیرۆکەم تۆمار دەکەمەوە و بڵاوی دەکەمەوە، چونکە دوو سێ هەڵەی تریشی تێدایە کە چاکم کردوونەتەوە.

نەزانین کاتییە!

من بەو پێیەی لە بەرکارهێنانی وشەی ناباودا جەربەزەیی زۆر دەکەم، بۆیە زۆریش دەکەومە هەڵەوە، بەڵام دواجار وشە وەک ئوتومبێلێک دەبینم، زۆر جار دەبێت بیخەیتە کار و تاقیکردنەوە تا بزانیت بەرگەی ڕۆیشتن دەگرێت یان نا. چونکە ڕاستە من دەنووسم و وەردەگێڕم، بەڵام لە هەمان کاتیشدا تا ئەوەندەی بۆم بکرێت زمان تاقی دەکەمەوە. بە نزیکی ئەمەم کردووە بە خوو و خۆیشم سوودم زۆر لێی بینیوە. لە بەرانبەر ئەو ڕەخنانەشدا، کاتێک کەسێک ڕەخنەیەک دەگرێت و دواجار دەردەکەوێت کە لە ئەنجامی پەیپێنەبردنی خۆی بووە، ئەوە ناگەیەنێت ئەو کەسە دەبەنگە و نەزانە، بەڵکو پەرلەیەک هەبووە و ئەو پێی نەکراوەتەوە، ئەگەر نەزانیش بێت، تەنها ئەو شتەی نەزانیوە، ئەوە ناگەیەنێت کە لە دونیادا هیچ شتێکی تر نازانێت، بۆیە هیچ شوورەیی نییە شتێک نەزانیت، هەموومان بە نەزانی دێینە دونیاوە و وردەوردە فێر دەبین، لای من نەزانین سرووشتێکی هەمیشەیی نییە، وەک ئەوەی زۆر کەس وا وێنای دەکەن و کە دەڵێن: «فڵان کەس نەزانە» مەبەستیان ئەوەیە لە لەدایکبوونیەوە تا هەزار ساڵی تریش هەر نەزان دەبێت، من ئەوە بە هەڵە دەزانم، نەزانین سرووشتێکی کاتیی هەیە، لە شوێنێکدا دەزانیت، ئیتر تەواو؛ من نەمزانیبوو تا ئێستا، بەڵام لە ئێستا بە دواوە دەیزانم، ئیتر کێشەکە چییە؟

هەندێک جاریش ڕەخنەگرەکە گەمژەیە

بەڵام جاری واش هەبووە کەسی ڕەخنەگرەکە بابەتەکەی نەزانیوە، پێشنیاری گۆڕانکارییەکی بۆ من کردووە، کە بۆم ڕوون کردووەتەوە بۆچی پێشنیارەکەی ئەو جێبەجێ ناکەم، ئەو هەر سوور بووە لەسەر ئەوەی ئەوەی خۆی ڕاستەکەیە، بە نموونە، لە بارەی «تەپڵەسەری نەتاشراو»ەوە، کە لە لاپەڕەی یەکەمی ئەڵقەی یەکەمی ئولیسدا هەیە (بەرگی یەکەمی ئولیس و ڕاڤەکانی)، کەسێک سوو بوو لەسەر ئەوەی ئەوە بگۆڕم و بیکەم بە «قژی نەتاشراو»، پاش ئەوەی کە زۆر بۆم ڕوون کردەوە بۆچی «تەپڵەسەر»ە و «قژ» نییە، کە وشە ئینگلییەکەم بۆی هێنایەوە کە تۆنشەر – tonsureە، بەڵام ئەو هەر سوور بوو لەسەر ئەوەی من هەڵەکەم و دەبێت بیکەم بە «قژی نەتاشراو»، بێ ئەوەی هیچ پاساوێکی تری پێبێت، جگە لە تێگەیشتنی ئەو ساتەی خۆی. ئەم بەڕێزە تەنانەت وەرگێڕانەکەی ئولیسی بە خراپ دانابوو، یەکێک لە پاساوەکانیشی ئەم بابەتی تەپڵەسەرە بوو، کە بەخێرێ، ڕاڤەش کرابوو! بۆیە کاتێک ڕەخنە دەکەوێتە ئەم کۆڵانی کوتین و لێدان و ئەتککردنەوە، من بە هەندی وەرناگرم.

بەرهەم لە بازاڕدایە، نەک ئەشکەوت!

هەر چۆنێک بێت، پێناساندن کارێکی چەوت نییە، هەموو جیهان وا دەکات. قورئان و کتێبی پیرۆز بە سەدان ملیۆن دۆلاریان تێدا سەرف دەکرێت تا یەکبینە لە پێش چاو و گوێی بینەران و بیسەراندا بن و بخرێنە ڕوو. بە سەدان دەزگا لە جیهاندا یەکبینە خەریکی خستنەڕووی بەرهەمەکانی شێکسپیر و گۆتە و کێ و کێی ترن. هەمان شت بۆ بێتهۆڤن کراوە و بەردەوامیش دەکرێت، بۆ زۆربەی هەرە زۆری فیلمە ئەمەریکییەکان، بۆ ئەلبوومی هەر گۆرانیبێژێک و تا دوایی. بە ڕێکەوت نییە کە تۆ ناوی ئەوانت بیستووە و ناوی کەسێکی ترت نەبیستووە! پێناساندن بۆ نووسەرە هەرە بەناوبانگەکانی جیهان دەکرێت، لە دەرئەنجامی ئەمەشدا بەرهەمهێنەکە، جگە لە پاداشتی ماددی کە تەواو شایستەی خۆیەتی بە دەستی بهێنێت لە بەرانبەر ماندووبوونەکانیدا، پاشڕا و ڕەخنە و سەرنجیشی پێ دەگاتەوە، کە وا دەکات بەرهەمهێنێکی چەقبەستوو نەبێت. هەروەها خەڵکانێکیش بە چواردەوریەوە کە کاری لەبازاڕنانەکەی بۆ دەکەن سوودی ماددیی لێ دەبینن، ئەمە جگە لەوەی ئەم خستنەڕووانە وا دەکات کەسانی تر بە بوونی ئەو بەرهەمە بزانن، کە ڕەنگە بەرهەمێک ژیانی کەسێک بگۆڕێت. خستنەڕوو پەیوەندیی بە هونەری لەبازاڕنانەوە هەیە و لەبازاڕنانیش کارێکی چەوت نییە، دواجار خەڵکان لە بازاڕەکاندا شت دەکڕن و شوێنی ساغکردنەوەی بەرهەم: بازاڕەکانە، نەک ئەشکەوتەکان!

ئاساییە بەرهەمەکەت ساغ بکرێتەوە

بۆچی ئاسایی بێت تەماتەفرۆشێک بە کۆڵاناندا بگەڕێت و هاوار بکات: «وەرنەوە بۆ تەماتە» و نەخۆشی نەبێت، بەڵام ئەگەر کەسێک، کە خۆی تەرخان کردووە بۆ بەرهەمداری، گەر داوای نووسین لە کەسێک بکات پێی دەوترێت نەخۆشی؟ نووسەرێک ئەگەر داوا بکات پەرەگرافێک لەسەر پەڕتووکێکی بنووسرێت، کە ساڵێک پێوەی ماندوو بووە، ئەمە نەخۆشییە؟ بۆچی؟

پاشان هەر بەڕاست، ئێمەی کورد چیمان بۆ نووسەر و هونەرمەند و بەرهەمدارەکانمان کردووە؟ گۆرانیبێژێکی ئەمەریکی تەنها سمتی دەردەخات دەکرێت بە ملیاردێر، ئێمەش یەکبینە وەک بڵێیت بەرهەمدارەکانمان بە نانی خۆمان بە خێو دەکەین، بەردەوام سەرزەنشتیان دەکەین.

دواجار مرۆڤ ئازادە بەرهەمی کەسێکی تر ساغ دەکاتەوە یان نا، لەسەری دەنووسێت یان نا، بەڵام ئەوەی کە ئەو شتە نەخۆشی بێت، نەخێر وا نییە، نەخۆشی نییە، ئەگەر نەخۆشیش بێت، نەخۆش شایستەی ئەوە نییە سووک بکرێت و سەرزەنشت بکرێت، شایستەی ئەوە نییە قێزی لێ بکرێتەوە، بەڵکو نەخۆش شایستەی چارەیە.


[1] لە ١٦ و ١٧ی ئایاری ٢٠٢٢دا نووسیومە؛ لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە.

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button