
1لە ستایش و سەرکۆنەی شێرکۆ بێکەسدا
نکۆڵی ناکرێت مامۆستا شێرکۆ بێکەس دیاردەیەکی وێژەییە. هەزاران، بگرە دەیان هەزار دێڕی نایابی پێشکەشی چاندی (کلتوور) ئەم نەتەوەیە کردووە. بەڵام ئەو وێژمانەی (دیسکۆرس) پێش کۆتایی هەڵەیەکی کوشندە بوو، کە ئێستا باجەکەی دەدەین. ئەوەی کە دەڵێت: «ئێستا کچێک نیشتمانمە» و نیشتمان و حیزبی تێکەڵاو کردووە و لە بری یەکتر بە کاریان دەهێنێت. واتە لە بری ئەوەی سکاڵا لە دژی حیزب و بەرپرسەکانی بکات، سکاڵای لە نیشتمان کرد. یەکێک نەزانێت کوردستان هاتووە ئێمەی خنکاندووە!
گەنبەری2 وێژمانەکەی شێرکۆ بێکەس ئەمڕۆ دیاری دەدات
لە ئەنجامی ئەو وێژمانە هەڵەیەدا، ڕۆژانی ڕابردوو لە ڤیدیۆیەکدا پیرێکی ئاخرشەڕم دی لە پێش ئاپۆرایەکدا بە دەنگێکی کەرخەوە هوتافی بۆ ڕووخانی ئەو هەرێمە دەکێشا، کە بە خوێنی هەزاران گەشمەرگ بونیاد نراوە. لە پێناو مووچەیەکدا، کە هێشتا وەریشی نەگرتووە، ئامادە بوو نیشتمانی من و ملیۆنانی وەک من بفرۆشێت. ئەوانەی دوایشیەوە هوتافەکەیان بۆ دووپات دەکردەوە!
خەڵکانێکی پێنووسبەدەستیش خیانەتەکەی ئەو ئاخرشەڕە و شوێنکەوتووەکانی پەردەپۆش دەکەن و دەیدەنە پاڵ حیزب. گوایە ئەم ناسکۆڵە ستەملێکراوانە ئەوەندە ستەمیان لێ کراوە کە ئیتر بۆیان هەیە هەموو جۆرە خیانەتێک بکەن. بۆیان هەیە ئاگر بەربدەنە ماڵی هەموو کەسێک، چون هەستە ناسکۆڵەکانیان بریندار کراوە. تەنانەت هەندێک کەس، کە بە ڕقی پارتی کوێر بوون و هیچ نابینن و خۆشحاڵن دونیا کاول ببێت تەنها بۆ ئەوەی ڕقەکەی خۆیان دابمرکێتەوە و ئیگۆ فووتێکراوەکەیان تێر بخوات، ئەو سەرلەگوێیگۆڕلەرزیوەیان کرد بە پاڵەوان! پاساوەکەشیان ئەوەیە: «کاکە حکومەتی کوردی ستەمی کردووە!». ئیتر وەڵامەکەیان ئەوەیە لە بری ستەمێک بێن ڕێ خۆش بکەن بۆ ملیارێک ستەمی تر. وەک ئەوەی بۆ دۆزینەوەی دینارێک لە تاریکیدا ملیۆنێک دۆلار بسووتێنیت.
خاکفرۆش بە دوای پاساودا دەگەڕێت
بە ڕای من یەکێک خۆی خاکفرۆش نەبێت و خۆی و نەتەوەکەی پێ سووک نەبێت و جاش نەبێت. ئەگەر هەزار ساڵیش حکومەتی کوردی چەکوش بکێشێت بە سەریدا چەپڵە بۆ عێڕاق لێنادات. خیانەت هەر خیانەتە، ئیتر ئەگەر پارتی بیکات یان یەکێتی یان گۆڕان یان هاووڵاتییەک. سەیرە کە «ناڕازی»یەکان خیانەتی هەموو دونیا دەبینن، هی خۆیان نەبێت. پاساو بۆ خیانەتەکانی خۆیان دەهێننەوە و خیانەتەکانیان دەخەنە ملی خەڵکی تر.
منیش هەر لەم کوردستانەدا و لەژێر دەسەڵاتی یەکێتی و پارتیدا ژیاوم و دەژیم. ئەگەر ستەمێک لە خەڵک کرابێت لە منیش کراوە و بەرکەوتووم. نەک تەنها ئەوە، بەڵکو پێم وایە ئەو ستەمەی لە خودی خۆم وەک کەس کراوە، بە هیچ شێوەیەک لەو خائینانەی نێو ئەو ڤیدیۆیە و «ناڕازی»یەکان نەکراوە. بەڵام ئەگەر حکومەتی کوردی هەر سی و دوو ددانیشم هەڵبکێشێت من چەپڵە نە بۆ ئێران لێدەدەم، نە بۆ تورکیا، نە بۆ سووریا و نە بۆ عێراق.
جاشبوون دژی جاش؟
پاشان لۆجیکی وێژمانەکەی ناڕازییەکان چۆنە؟ ئەمانەی چەپڵە بۆ عێراق لێدەدەن خۆ سەری زمان و بنی زمانیان ئەوەیە کە دەڵێن: «یەکێتی و پارتی خاکیان فرۆشتووە و دژی کوردستان بوون». کەچی خۆیان چەپڵە بۆ دوژمنی سەرسەختی کورد و کوردستان لێدەدەن و لە خاکفرۆش خاکفرۆشترن. چۆن بەم وێژمانە بڵێم ئامین و چۆن هاوسۆزی خاکفرۆشتر و جاشتر و خائینتر بم؟ دەڵێت: «من دەچم بۆ مووچەیەک کۆمی عێراق دەلێسمەوە. ئەی ئەوە نییە پارتی و یەکێتیش دەچن داوای پارە لە عێڕاق دەکەن؟». ئێ کاکێ، ئیخواننەل ئەقرادل عێراق، ئەمە کەی بیرکردنەوەیە؟ ئەگەر یەکێتی و پارتی هەڵەن، تۆ بە کردنەوەی هەمان هەڵەی ئەوان نابیتە ڕاست!
ئەگەر ئەو دیمەنەی نێو ئەو ڤیدیۆیە و ئەو وێژمانە شتێک بسەلمێنێت، ئەوەیە کە پێمان دەڵێت بۆچی کورد دەوڵەتی نەبووە. چون خەڵکانێکی ئاوها سووک و سەرسواڵکەری تێدا بووە کە بۆ مووچەیەک باوک و دایک و خاک و نیشتمانی فرۆشتووە.
سەیرەکەش ئەوەیە خۆ جارێ تیکەیەکی دەستی عێراقەکەی باوکیشیانیان نەخواردووە، ئینجا ئاوا خۆیانیان بۆی سووک کردووە!
ستایشی شێرکۆ بێکەس
بەڵام لە کۆتاییدا پێویستە ستایشێکی پاشهەڵەییانەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس بکەم. ئەویش لەبەر ئەوەیە کە مامۆستا شێرکۆ بێکەس دوای ئەم هەڵە کوشندەیەی، هێشتا لە دێزەکانی ئەمڕۆ هۆنەرتر و جوانتر بوو، کە لە داخی حیزب کچێکی کرد بە نیشتمانی. بەڵام کۆیلە خۆبەخشەکانی ئەمڕۆی داگیرکەر، کە فەلسەفەکەیان تۆپینی خۆیان و زیانی خاوەنیانە، ئێستا گەماڵێکی برسی، عەمامەیەکی بووکەڵەی دەستی عەمامەیەکی تر نیشتمانیانە.
جاش هەر جاشە، سەرکردە بێت، بنکردە بێت، جاش هەر جاشە.
- بەشێکیم لە ٢ی ئادار و بەشەکەی تریم لە ٤ی ئاداری ٢٠٢٤دا نووسیوە. لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
- گەنبەر: واتە بەرێک بە گەنیوی (گەند) بێتە بەر. خۆم وشەکەم لە ٢٨ی شوباتی ٢٠٢٥دا لێکداوە. ↩︎