لێکۆڵینەوە

موزیک یان مۆسیقا؟

ئایا (موزیک)ە یان (مۆسیقا)یە؟ بۆچی؟[1]

ئایا هەرگیز سەرنجت داوە کە ئەو وشەیەی چەمکی کۆی ئاواز و گۆرانی و بەستە و ئەوانە دەگەیەنێ لە زۆربەی زمانەکانی جیهاندا، بە تایبەتی زمانەکانی ڕۆژئاوا نەک ڕۆژهەڵات، لە یەکەوە نزیکن؟ بۆ نموونە بە ئینگلیزی «میوزیک»ە؛ بە فەڕەنسی «موزیک»ە؛ بە ئیتالی «موزیکا»یە؛ بە ئیسپانی «موسیکا»یە؛ بە ئەڵەمانی «موزیک»ە؛ بە ڕووسی «موزکا»یە؛ بە گریکی «موسیکی»یە؛ بە عەرەبی و فارسیش «موسیقا»ن.

بەڵام بە هیندی «سەنگیت»ە، بە چینی «ییویێ»یە، بە ژاپۆنی «ئۆنگاکو»ە.

ئەگەر سەرنج بدرێ ئەو زمانانەی لە لاتینییەوە پەرەیان سەندووە وەک ئیتالی، فەڕەنسی، ئیسپانی، وشەکەیان لە لاتینییەوە وەرگرتووە کە «موزیکا»یە. ئینگلیزی و ئەڵەمانیش، کە لە جەرمانییەوە پەرەیان سەندووە هەر وشەکەیان لە لاتینییەوە خواستووە.

«موزیکا» وشەیەکی داڕێژراوە لە «موز» و «یکا» پێکهاتووە. «یکا» لە زمانی لاتینیدا پاشگرێکە، هەمان کاری پاشگری «ی»ی کوردی دەکات، واتە ناوی ڕێژەیی دەسازێنێ، بۆ نموونە ناوی گشتی و پۆلێنی گەورەتر، وەک: (ئاو> ئاوی)؛ «ئاوی» واتە شتێک کە پەیوەندیی بە ئاوەوە هەبێ، یان بە ئاو کار بکات، یان لە ئاودا بژی، یان بە ئاو بژی…تد. نموونەی تر وەک (بەرز> بەرزی)، (مرۆ>مرۆیی)…تد. واتە پاشگری «یکا»ی لاتینی بەرانبەر پاشگری «ی» کوردی دەوەستێتەوە.

لە ئینگلیزیدا وشەکە لە «میوز» و «یک» پێکهاتووە: «یک»ی ئینگلیزی، بە هەمان شێوەی «یکا»ی لاتینی، پاشگرێکە بەرانبەر پاشگری «ی» کوردی دەوەستێتەوە. ئەگەر هەڵەش نەبم ئینگلیزی هەر لە زمانی لاتینییەوە ئەو پاشگرەی وەرگرتووە.

کەواتە تێدەگەین کە بنجی وشەکە «میوز» یان «موز»ە.

«میوز» یان «موز» لە «موس»ی گریکییەوە هاتووە. موسەکان کۆمەڵێک بانوخوا بوون لە ئەفسانە و ئاینی کۆنی گریکیدا لە سرووشی هونەر و زانست و وێژە بەرپرس بوون. بانوخوا واتە خواوەندی مێینە. ژمارەکانیان گفتوگۆی لەسەرە، بەڵام بە گشتی باوەڕ وایە کە نۆ بانوخوا بوون، هەریەکێک لەم موسانە لە سرووشی بوارێک یان چەند بوارێک بەرپرس بوون، بۆ نموونە: ئیراتۆ: لە سرووشی هۆنراوەی خۆشەویستی بەرپرس بووە؛ پۆلیمنیا: لە سرووشی ئاوازی ئاینی بەرپرس بووە؛ تالیا: لە سرووشی کۆمیدیا بەرپرس بووە؛ تێرپسیخۆری: لە سرووشی سەما بەرپرس بووە؛ کالیۆپی: لە سرووشی هۆنراوەی داستانی بەرپرس بووە؛ کلیۆ: لە سرووشی مێژوو بەرپرس بووە؛ مێلپۆمێنی: لە سرووشی تراژیدیا بەرپرس بووە؛ یوتێرپی: لە سرووشی گۆرانی و هۆنراوەی گۆرانی و ئەوەی ئێستا پێی دەڵێین «موزیک»، بەرپرس بووە؛ یورانیا: لە سرووشی گەردوونزانی بەرپرس بووە.

واتە خودی واتای وشەی «میوزیک»ی ئینگلیزی و «موزیکا»ی لاتینی و ئیتالی و «موسیکا»ی ئیسپانی، واتە ئەوەی لە مووسەکانەوە هاتبێ. ناوی ڕێژەیی «موس»ە.

لێرەدا پێویستە سەرنجێک لە وشەی «مُوسِيقى»ی عەرەبی و فارسی بدەین: «قا» یان «یقا» نە لە زمانی فارسیدا و نە لە زمانی عەرەبیدا پاشگر نین، واتە دەردەکەوێ کە عەرەبی وشەکەی لە گریکییەوە وەرنەگرتووە و تەعریبی کردبێ، بەڵکو لەژێر ڕۆشنایی نەبوونی «قا-یقا» وەک پاشگر، دەردەکەوێ کە فارسی و عەرەبیش وشەکەیان وەک خۆی لە زمانێکی ترەوە وەرگرتووە، بەڵام تەنها گۆڕانکاریی دەنگیی بە سەردا هاتووە، کە ئەویش «یکا» بووە بە «یقا»، واتە «ک» بووە بە «ق». لۆژیکیترین لێکدانەوەش ئەوەیە کە فارسی لە عەرەبیی وەرگرتبێ بە بۆنەی ئاینی ئیسلام و بڵاوبوونەوەی زمان و کەلتووری عەرەبی بە ناوچە ناعەرەبە داگیرکراوەکاندا؛ عەرەبیش یان لە ئیسپانی یان ئیتالیی وەرگرتبێ. بە «س»ی ناو «مُوسِيقى»دا ڕوون دەبێتەوە کە لەوانەیە لە ئیسپانییان وەرگرتبێ، چونکە لە ئیسپانیدا دەوترێ «موسیکا»، لە ڕووی مێژووییشەوە ئەم ئەگەرەیان ڕێتێچووترە، چونکە عەرەبەکان ماوەیەک بەشێکی ئەو شوێنەیان داگیر کردووە کە ئێستا پێی دەوترێ ئیسپانیا. ئێمەی کوردیش ئەم وشەیەمان لە عەرەب، یان خراپتر، لە فارسییەوە وەرگرتووە. کەواتە ئێستا دەزانین کە ئەگەر لە عەرەبمان وەرگرتبێ ئەوا:

کوردی لە عەرەبیی وەرگرتووە؛

عەرەبی لە ئیسپانی یان ئیتالیی وەرگرتووە؛

ئیسپانی یان ئیتالی لە لاتینیان وەرگرتووە؛

لاتینی لە گریکیی وەرگرتووە.

واتە ئەگەر لە عەرەبیمان وەرگرتبێ ئێمە چوار هەنگاو لە وشە بنجەکە دوور کەوتووینەتەوە. ئەگەر لە فارسیمان وەرگرتبێ (کە هەمان شتە)، ئەوا پێنج هەنگاو لە وشە بنجەکە دوور کەوتووینەتەوە.

با بێینە سەر وشەی «موزیک»: موزیک لە بنجی «موز» و پاشگری «یک»ی ئینگلیزییەوە هاتووە. ئەگەر ئەم وشەیە بخوازین، ئەوا:

کوردی لە ئینگلیزیی وەرگرتووە؛

ئینگلیزی لە لاتینیی وەرگرتووە؛

لاتینی لە گریکیی وەرگرتووە.

واتە سێ هەنگاو لە وشە بنجەکە دوور کەوتووینەتەوە. بە ڕای من هێشتا لە چوار و پێنج هەنگاوەکەی «مۆسیقا»کە باشترە.

کەواتە ئێستا دەتوانین بپرسین: ئایا ئەگەر بمانەوێ بە کوردی وشەکە دابتاشین و خۆمان بڕیار بدەین ڕاستەوخۆ لە بەخشەرەکەی وەربگرین، کە گریکییە، نەک لە وەرگری وەرگرەکەی وەربگرین، ئەوا ئەو وشە کوردییە داتاشراوە چی دەبێ؟

ئەو وشەیە دەبێ بە «موسی». هیوادارم خوێنەری بەڕێز بە «موسا» نەیخوێنێتەوە، بەڵکو بە وشەی (موس+ی)ی بخوێنێتەوە. موسی پێکهاتووە لە «موس» کە ئاماژەیە بە بانوخوا گریکییەکان و پاشگری «ی»ی کوردی. بەم شێوەیە: بە ژەنیاری ئامێرەکان دەوترێ: موسیژەن؛ بە دانەر و سازکەرەکەی دەوترێ: موسیدانەر یان موسیساز؛ بە ناوی گشتیی کەسەکەش، کە خەریکی بوارەکەیە دەوترێ: موسیکار. واتە کەسێک کە کارەکەی موسی بێ، بەڵام ئێمە دڵنیا نین کە وردەکاریی کارەکەی لە موسیدا چییە، واتە نازانین ئایا ژەنیارە یان دانەرە یان ڕابەری ژەنیارەکانە…تد.

من خۆم تا ئێستاش بە نووسین دەنووسم «موزیک»، لە گفتوگۆدا لەبەرئەوەی دەزانم بەرانبەرەکەم نازانێ بۆچی هەنگاوێک یان دووان «موزیک»م لە «مۆسیقا» پێ باشترە، وشەی «مۆسیقا» خۆی بە کار دەهێنم. بەڵام بە بڕوای من کاتی هاتووە کورد لەمەودوا خۆی زمانی خۆی بە ڕێوە ببا و واز لە خواستن لە خوازبێنیکەر بهێنێت و متمانە بە زمانەوانەکانی خۆی بکات کە زانیاریی زمانییان پێ بدەن و گەلیش سوود لە لێکۆڵینەوەی زمانەوانان وەربگرن. هەرگیز درەنگ نییە بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی پێشوو و پاکتاوکردنی زمانەکە لە هەڵە.

لە کۆتاییدا: «موزیک» لە «مۆسیقا» باشترە، بەڵام بە بڕوای من باشترین و ڕاستترین و کوردێنراوترین وشە «موسی»یە.


[1] لە ٥ی ئابی ٢٠١٩دا نووسراوە، لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا پێداچوونەوەم بۆی کردووە؛ لە ئێستادا کەمێک لەگەڵ هەندێ لە دەربڕین و هەڵهێنجاندنەکاندا نەماوم.

One Comment

  1. موزیک بێت یان مۆسیقا بێت هەردووکیان کوردین ئەگەر مێژووی کورد بخوێنیتەوە ئەوا دەزانیت کە موزیک لە ناو کوردا بەپیرۆز تەماشا کراوە هەموو ئاینە کۆنە کوردیەکان ڕێزی زۆریان لە موسیقا گرتوە وێردە ئاینەکانیان لە گەڵژەندنی موزیکدا ووتۆتەوە هەتا لە کاتی پرسەو مردوو ناشتنیشدا کورد مۆسیقای ژەندوە هەتا ئێستاش ئەم نەریتەە لەناو کوردانی یارسان و ئێزدیەکاندا باوە پیرۆزی ئامێری موسیقا بە جۆرێک بوە هەر دوار بەکارهێننانی ماچ کراوەو لە شووێنێکی بەر دانراوە لە ئایینی زەردەشتیدا هەتا لە بەهەشتدا ئەوەی گوێ بیستی دەبیت یەکەم شت دەنگی موسیقایە. ڕەگی ووشەکەش لە موو + زیکە یا زیقە وە هاتوە مو کراوە بەژیی ئامێرەکان و ئەو دەنگەی کەلێوەی دەر چوە پێی ووتراوە زیقە یان زیکە بە یەکەوە بوە بە موزیک .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button