
ئەڵقەی حەوتەم: ئیۆلۆس1
ئیۆلۆس
ئیۆلۆس لە ئۆدیسەدا جیھانی پاشا و سەروەری بایە، شای دوورگەی ئیۆلیایە کە ئۆدیسێفس دەچێت بۆ لای. ئیۆلۆسی ئولیس-ی جەیمز جۆیس پیاوێکە بە ناوی مایەڵز کراوفۆرد کە سەرنووسەری ڕۆژنامەی ذە ئیڤنینگ تەلەگرافە. واتە بەڕێوەبەری بلوومە.
شوێن و کات و کەسێتییەکان
شوێن: نووسینگەکانی ڕۆژنامەی فریمانس جۆرنەڵ و ذە ئیڤنینگ تەلەگراف، بە ناونیشانی ٤-٨ی شەقامی پرنسی باکوور لە بەری باکووری خۆرھەڵاتی شاری دەبلن.
کات: ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ.
کەسێتییە سەرەکییەکان: بلووم، موررەیە سوور، نانێتتی، جۆ ھاینس، پڕۆفیسۆر ماکھیو، سایمن دێدالۆس، نێد لەمبێرت، جەی جەی ئۆمۆڵۆی، مایەڵز کراوفۆرد، لێنێھەن، ئۆمادن بورک، ستیفن دێدالۆس.
مانشێت لە ڕووداو گرنگترە!
لەبەر ئەوەی شوێنی ئەم ئەڵقەیە نێو نووسینگەی دوو ڕۆژنامەی گەورەی دەبلنە، بۆیە گێڕانەوەکەش لەوەدا لاسایی ڕۆژنامە دەکاتەوە کە چەندین مانشێتی ھەیە. بە کۆی ھەموو ئەڵقەکە ٦٣ مانشێتی تێدایە، کە ئەمانەی خوارەوەن:
- لە ناو دڵی دایکەشارە ھیبێرنییەکەدا
- ھەڵگری تاج
- ڕۆژنامەگەران
- کاک ویلیەم برەیدنی ئۆکلندس، ساندیماونت
- داروەکازەکە و پێنووسەکە
- بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە دواکۆچی شارنشینێکی ھەرەبەڕێزی دەبلن ڕادەگەیەنین
- چۆن زمانحاڵێکی گەورەی ڕۆژانە دەردەچێت
- ڕیکلامسازەکە لە کار دەبینین
- ماڵی ک(لیل)یز
- ڕاستنووسی
- ئەندامێکی دیاری کڵێسا کە جارجار بابەت دەنێرێت
- ڕۆژقاڵێک
- جەژنی لێڕەتبوونیش بوو
- دیسان سابوونەکەیە
- ئێرین، نقێمی سەوزی دەریای زیوین
- کورت بەڵام مەبەستپێک
- درێغا
- دۆرییە ڕەسەنەکەی
- ئەوەی وێذەرەپ وتی
- جەنگگەلی ناودار یاد کرانەوە
- ئەی ھاڕپی ئیۆلی!
- براوەکە ھەڵبھێنە
- پێکدادانێک لە دوای دێت
- بلووم دەردەچێت
- کۆتەڵێکی شەقام
- سەبیلەی ئاشتی
- ھەروەھا بۆ لای شکۆی ڕۆمی کۆن
- ؟؟؟
- بەزم لە چێشتخانەیەکی بەناوبانگدا
- دۆزە دۆڕێنراوەکان
ناوی مەرکیزێکی خانەدان ھێنرا - کیریێ ئیلێیسۆن!
- لیمریکەکەی لێنێھەن
- چێشتی مجێور
- «دەتوانیت بیکەیت!»
- گالەھێری مەزن
- دەنگێکی دوور
- زیرەکانەیە، زۆر
- سەروا و ھۆکان
- بەسە بۆ ھەر ڕۆژێک…
- ھاوبەندی ڕۆژانی ساڵانی بەسەرچوو
- ئیتالیا، ماجیسترا ئارتوم
- دەربڕینێکی پرشنگدار
- پیاوێکی ورەبەرز
- بەربوورە
- لە بابەکانەوە
- شووم – بۆ ئەو!
- با ھیوا بخوازین
- دەبلنی پیسی بەوەج
- ژیانی ڕووت
- گەڕانەوەی بلووم
- دیمانە لەگەڵ سەرنووسەردا
- ق. م. ب.
- ق. پ. ئ. م. ب.
- بارمتەکردنی قەرز
- پەکوو لەو ستوونە! – ئەمە ئەوە بوو کە خلەخلڕۆی یەکەم وتی
- ئەو مێیانەی کەمێک چەتوونن
- بڕوا وایە، دوو خانم چەوەکشاوی خێراحەبی تیژڕەو بە دانیشتووانی دەبلن دەبەخشن
- سۆفیستێک ڕێک دەماڵێت بە لمۆزی ھێلێنی لووتبەرزدا. سپارتاییەکان کاکیلەکانیان جیڕ دەکەنەوە. ئیتاکییەکان سوێند دەخۆن پین پاڵەوانە.
- ئەلو سڵاو، ناوەند!
- چی؟ – ھەروەھا – لە کوێ؟
- مامۆستا دەڵێت وێرگیلیوسی. قوتابیش ھەڵوژە بۆ موسای پیرەمێرد.
- ھۆرەیشۆ نماگری ئەم ڕۆژە خۆشەی حوزەیرانە
- دەردەکەوێت پەنجەی کەمبوو بۆ قۆڕیتانی بزێو زۆر ئاڵۆشکەرن. ئان گێژ دەبێت، فلۆ دەلەرزێت. بەڵام داخۆ دەتوانن سەرزەنشتیان بکەن؟
چی دەگوزەرێت؟
سەرەتا
ئەڵقەکە وەک فیلمێکی سینەما بە پیشاندانی چەند دیمەنێکی ناوجەرگەی شاری دەبلن دەست پێ دەکات. ترامەکانی ناوشار دێن و دەچن. ھاوار دەکرێت بۆ کۆکردنەوەی سەرنشین و ناونیشانی ئەو جێیانەی بۆیان دەچن. لە جێیەکی تر چەند کرێکارێکی پیشەوەر کار دەکەن و بەرمیل تل دەکەنەوە و باریان دەکەن.
ئیۆلیا: دوورگەکەی ئیۆلۆس – نووسینگەی ڕۆژنامەکە
ئینجا دێینە نێو نووسینگەی ڕۆژنامەکانەوە. بلووم لە شوێنی کارەکەیەتی و تازە مووچەی وەرگرتووە. داوا لە ھاوکارێکی دەکات نەخشی ڕیکلامی کڕیارێک ببڕێت و ھاوکارەکەش دەیبڕێت. ئەم کڕیارە ناوی ئەلێکساندەر کیز-ە. پاشان بلووم ھاوکارەکەی بە جێ دەھێڵێت و دەچێتە ژووری ھاوکارێکی تر. ئەمیان چاپسازە و ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانیی دەبلنیشە، ناوی نانێتی-یە. دەنگی ئامێرەکانی چاپ ژوورەکەیان تەنیوە. نانێتی لەگەڵ کەسێکی تردا بە ناوی جۆ ھاینس دەدوێت. ئەو کەسە بوو کە لە ئەڵقەی شەشەمدا ناوی ئامادەبووانی پرسەکەی تۆمار دەکرد و قەرزاری بلوومە، لە ئەڵقەی دوازدەیەمیشدا دێتەوە. بلووم چاوەڕێ دەکات نانێتی بەردەست بێت و ئەو ماوەیە بیر دەکاتەوە. بە جۆ ھاینس دەڵێت بچێت پارە وەربگرێت، چون ژمێریارەکەی لێیە. بلووم خوازیارە بەم وتەیە تێیبگەیەنێت قەرزەکەی بداتەوە.
بلووم بە زارەکی باسی شێوە و نەخشی ڕیکلامەکەی کیز بۆ نانێتی دەکات. نانێتی داوای نەخشەی ڕیکلامەکە دەکات، بلوومیش دەڵێت دواتر بۆی دەھێنێت. ھەر وایشە، دواتر لە ئەڵقەی نۆیەمدا دەچێت بۆ پەڕتووکخانەی نیشتمانی و لە ئەرشیفی ڕۆژنامەیەکدا نەخشێکی ھاوشێوە دەھێنێت بۆ ئەوەی نەخشی ڕیکلامەکەی کیزی لەسەر دروست بکەنەوە. ئینجا بلووم لە ڕاستنووسی ڕادەمێنێت کە چۆن تیپچنەکانی ڕۆژنامە کاری تیپچنی دەکەن. کە گفتوگۆکەی بلووم و نانێتی تەواو دەبێت بلووم دەڕوات و بە دەم ڕێوە لە تیپچنێک ورد دەبێتەوە کە چۆن کارەکەی دەکات. بلووم لە شێوازی خوێندنەوەی ئاوەژووی تیپچنانەوە بیری شێوازی خوێندنەوەی باوکی دەکەوێتەوە. لەوێشەوە دەکەوێتە بیری دەردیسەرییەکانی جووەکان بە درێژایی مێژوو.
ڕیکلام ڕۆژنامە دەژیێنێت
بلووم پێی باشە سەرێک لە میستەر کیزی خاوەنی ڕیکلامەکە بدات و تاووتوێی نەخشی ڕیکلامەکە و ماوەی دابەزینی ڕیکلامەکە لە ڕۆژنامەکەدا بکەن. بەڵام پێی باشترە پێشوەخت تەلەفۆنێکی بۆ بکات. بۆ چرکەیەک بیر لەوە دەکاتەوە بە بیانووی لەبیرچوونی شتێکەوە بچێتەوە بۆ ماڵەوە و ژنەکەی شەبەیخوون بکات، بەڵام پەشیمان دەبێتەوە. دەچێتە ژوورێک بۆ تەلەفۆن و لەوێ سایمن دێدالۆس و پڕۆفیسۆر ماکھیو و نێد لەمبێرت دانیشتوون. نێد لەمبێرت وتارێک دەخوێنێتەوە و دێدالۆسیش گاڵتەی پێ دەکات و پێدەکەنن. پاش کەمێک یەکێکی تریش بە ناوی جەی جەی ئۆمۆڵۆی دێت بۆ لایان و چاکوچۆنی دەکەن. ئەم پیاوە کاتی خۆی پارێزەر بووە و گوزەرانی باش بووە، بەڵام ئێستانان بەختی ڕوو لە ھەڵدێرە و لە کۆتایی ئەڵقەکەدا دەردەکەوێت بۆ چی ھاتووە. نێد لەمبێرت درێژە بە خوێندنەوە و گاڵتەجاڕییەکەی دەدات. بلووم پێی وایە گەرچی ئەمان بەو وتارە ڕادەبوێرن، بەڵام نووسەرەکەی یەکێکە لە پڕخوێنەرترین نووسەرەکان، کە ناوی دان داوسن-ە.
مایەڵز کراوفۆرد خۆی دەکات بە ژووردا. ئەم پیاوە سەرنووسەری ڕۆژنامەی ذە ئیڤنینگ تەلەگرافە. سایمن دێدالۆس و نێد لەمبێرت دەچن بۆ مەیخواردنەوە. کراوفۆرد سەربوردەیەکی کورت دەگێڕێتەوە. بلووم تەلەفۆنەکەی دەکات. کەسێکی تریش بە ناوی لێنێھەن دێتە لایان، کە پێشتر لە نووسینگەکەی ناوەوە لەگەڵ سەرنووسەرەکەدا بوون.
کۆمەڵێک منداڵی ڕۆژنامەفرۆش بە قاووقیژەوە بە ڕاڕەوەکەدا ھوروژم دەبەن و دەرگاکە دەکرێتەوە و ڕەشەبایەک دێتە ژوورەوە و پەڕەکانی ڕۆژنامەکە بە ھەوادا بڵاو دەبنەوە. ماکھیو منداڵێکیان دەگرێت و لێی تووڕە دەبێت و دەریدەکات و دەرگاکە دادەخاتەوە. بلووم لە تەلەفۆنەکەیدا سۆراخی شوێنی کیز دەکات و دەزانێت بچێت بۆ کوێ بۆ لای. کە بلووم بە ھەڵەداوان دێتەوە دەرەوە، خۆی دەدات بە لێنێھەندا و لێنێھەن دەکەوێت. پاشان ڕوخسەت لە سەرنووسەرەکە دەخوازێت بچێت کاری ڕیکلامەکە ڕێک بخات، سەرنووسەریش ڕێی پێ دەدات و دەڕوات.
لەگەڵ ڕۆیشتن و زەم دەست پێ دەکات
یەکسەر پیاوەکانی ژوورەوە دەکەونە زەمی بلووم و لە پەنجەرەکەوە و گاڵتە بە شێوازی ڕۆیشتنی دەکەن. کۆمەڵێک لە منداڵە ڕۆژنامەفرۆشەکانیش بۆ گاڵتەپێکردن دوای بلووم دەکەون و پێدەکەنن. پیاوانی ژوورەوە جگەرە دەکێشن و لە بارەی جیاوازیی ئیمپراتۆرێتیی ڕۆمی و بەریتانی گفتوگۆیەکی کورت دەکەن.
تیلێماخۆس فریای ئۆدیسێفس ناکەوێت
دوو کەسی تر دێن بۆ نووسینگەکە، یەکێکیان ستیفن دێدالۆسە، کە نامەکەی میستەر دیسیی (ئەڵقەی دووەم) ھێناوە و دەیداتە دەست سەرنووسەرەکە. لێنێھەن مەتەڵێک لە ھەمووان دەپرسێت. سەرنووسەرەکە دەکەوێتە زەمی میستەر دیسی و ژنەکەی و سەرپێیی نامەکە دەخوێنێتەوە.
کورد و ئایر: دوو دڵسۆزی دۆزی دۆڕاو
ماکھیو وتەیەکی گرنگ دەڵێت، کە ئەویش ئەمەیە: «ئێمە ھەمیشە بۆ دۆزە دۆڕێنراوەکان دڵسۆز بووین. سەرکەوتن لای ئێمە مەرگی ئاوەز و وێناکردنە. ئێمە ھەرگیز دڵسۆزی سەرکەوتووان نەبووین». ئینجا بە کورتی بەراوردی گریکی و لاتینی دەکات. لێنێھەن لە بارەی ماکھیوەوە ھۆنراوەیەک بۆ ستیفن دەخوێنێت. لێنێھەن وەڵامی مەتەڵەکەی بە ھەمووان دەڵێت. مژارەکەیان تا ڕادەیەک بێسەرەوبەرە و قەرەباڵغە، ھەر یەکەی باسی شتێک دەکات.
بابەتێکمان بۆ بنووسە
سەرنووسەرەکە داوای بابەتێک لە ستیفن دەکات بینووسێت و نموونەیەکیشی پێ دەڵێت کە چۆن بێت. نموونەکە لە ڕۆژنامەیەکی ساڵی ١٨٨٢ەوە (ساڵی لەدایکبوونی ستیفن خۆی) دەھێنێت. نموونەکە ڕاپۆرتێکە و بە شێوەیەکی پەرلەیی نووسراوە و یەکسەر بابەتەکە بە دەستەوە نادات، بۆیە زۆر سەرسامە پێی و بۆ سیفنی ڕوون دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئەویش شتێکی وا بنووسێت. لەمەوە باسی بابەتی ڕاپۆرتەکەش دێتە گۆڕێ، کە ڕاپۆرتی کوشتنی کۆمەڵێک کەسە لە پاڕکی فینیکس لە دەبلن. ئینجا باسی ڕۆژنامەوانی باش و بلیمەت دێتە گۆڕێ و ھەندێک ناو و سەربوردە ھەڵدەدرێن. بلووم تەلەفۆن دەکات و دەیەوێت لەگەڵ سەرنووسەرەکەدا بدوێت، بەڵام سەرنووسەر سەرقاڵی ڕوونکردنەوەیە و لەگەڵی نادوێت.
ستیفن قەیرێک خەیاڵی دەڕوات بە لای سەروای ھۆنراوە و دانتێدا. مشتومڕێکی کورت لە نێوان کراوفۆرد و ئۆمۆڵۆیدا دروست دەبێت و ناوی ھەندێک کەسێتیی ڕاستینە دەبرێت. بەراوردێکی کورتی یاسای موسایی و یاسای ڕۆمییەکان دەکرێت. ئۆمۆڵۆی لەگەڵ ستیفن دەدوێت و ڕای ئەو لە بارەی ھەندێک کەسەوە دەپرسێت، بەڵام ئەوانی تر قسەی بەسەردا دەھێنن و باسی وتاری کەسێک دەکەن بە ناوی جۆن ئێف تەیلەر و بڕێکیشی بە یاد دەھێننەوە.
وچان
ستیفن داوا دەکات وچان وەربگرن و بڕۆن، ئەوانیش ھاوڕا دەبن. بڕیار دەدەن بچن بۆ مەیخانەی پیاوێک بە ناوی موونی. وردەوردە دەردەچن. ئۆمۆڵۆی بە ستیفن دەڵێت کە ئەو مایەڵز کراوفۆرد بناسێت ئەو وتارەی دیسی بڵاو ناکاتەوە. پاشان ئۆمۆڵۆی دەچێت بۆ لای کراوفۆرد و بە دزییەوە داوای قەرزی لێ دەکات. ستیفن و ماکھیو و بورک پێکەوە دەڕۆن. ستیفن سەربوردەی دوو پیرەژنی دەبلنییان بۆ دەگێڕێتەوە.
تیلێماخۆس و ئۆدیسێفس لە دوورەوە یەکتر دەبینن
کۆمەڵێک ڕۆژنامەفرۆش بە لایاندا دەڕۆن. بلووم بە ھەناسەبڕکێوە دەگەڕێتەوە و باسی مەرجەکانی کیز بۆ کراوفۆرد دەکات سەبارەت بە ڕیکلامەکە. کراوفۆرد بێڕێزانە مەرجەکانی کیز ڕەت دەکاتەوە. پاشان داوای لێبوردن لە ئۆمۆڵۆی دەکات کە پارەی نییە و خۆی قەرزارە. ئۆمۆڵۆی خەمبارانە دەکەوێتەوە ڕێ لەگەڵیاندا. کە دەگەنەوە بە ستیفن و ماکھیو و بورک، ماکھیو سەربوردەکەی ستیفن بۆ کراوفۆرد دەگێڕێتەوە، ستیفنیش درێژە بە گێڕانەوەکەی دەدات.
گەڕانەوە بۆ سەرەتای ئیۆلۆس
دەگەنەوە ناوجەرگەی دەبلن. چۆن ئەڵقەکە لە ناوجەرگەی شارەکەوە دەستی پێ کرد، ئاوھاش لەوێ تەواو دەبێت. دیمەنی ناوجەرگەی شار دێتەوە و ستیفن و ماکھیو و کراوفۆرد و ئۆمۆڵۆیش بە دەم باسی پیرەژنەکانەوە دەڕۆن.
- ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ نووسیومە. ١٥ی ئاداری ٢٠٢٥ پیایدا چوومەوە. ↩︎