
ئەڵقەی چوارەم: کالیپسۆ1
کالیپسۆ
کالیپسۆ لە ئۆدیسەدا خواژنێکە و دانیشتووی دوورگەی ئۆگیگیا-یە. ئۆدیسێفس لە گەشتی گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆیدا ڕێی کەوتووەتە ئەم دوورگەیە. کالیپسۆ ساڵانێکە ئۆدیسێفسی لەو دوورگەیەدا بە خۆشەویستیی خۆی بەند کردووە. کالیپسۆکەی ئولیس-ی جەیمز جۆیس نیمفێکە کە وێنەکەی بە ژووری نووستنەکەی لیۆپۆڵد بلووم و خاتوو مۆڵیی ژنیدا ھەڵواسراوە. بلووم کەسێتیی سەرەکیی ڕۆمانی ئولیسە.
شوێن و کات و کەسێتییەکان
شوێن: ماڵی میستەر بلووم بە ناونیشانی ٧ی شەقامی ئێکلس – دەبلن؛ دواتر بلووم دەردەچێت و لە گۆشتفرۆشێکی نزیک ماڵی خۆیان گورچیلەی بەراز دەکڕێت و دەگەڕێتەوە ماڵەوە.
کات: پێنجشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ٨ی بەیانی.
کەسێتییە سەرەکییەکان: لیۆپۆڵد بلووم، مۆڵی بلووم، پشیلەیەک، میستەر ئۆڕورک (دوکاندارێک)، کچێکی خرپن (کڕیارێک)، دلوگاس (گۆشتفرۆش).
چی دەگوزەرێت؟
ناساندنی دژەپاڵەوان
لە پاش نزیکەی چل لاپەڕە لە چاپە ئینگلییەکەی ھانس واڵتەر گابڵەر، بۆ یەکەم جار کەسێتییە ھەرە سەرەکییەکەی ڕۆمانی ئولیس دەبینین و دەناسین. ئەم کەسێتییە لیۆپۆڵد بلووم-ە، پیاوێکی ٣٨ ساڵ (و مانگێک)ە. زۆبەی کات لە ڕۆمانەکەدا ھەر بە میستەر بلووم و بلووم ناو دەھێنرێت. ژنەکەی بە پۆڵدی بانگی دەکات.
جۆیس یەکەم پەرەگرافی ئەم ئەڵقەیەی تەرخان کردووە بۆ پەسنێکی گشتیی میستەر بلووم، کە لە وەرگێڕانە کوردییەکەدا بەم شێوەیەیە:
میستەر لیۆپۆڵد بلووم بە تامەزرۆییەوە ئەندامەکانی ناوەوەی ئاژەڵ و باڵندەی دەخوارد. حەزی لە شۆربای خەستی ھەناو و سیقەتۆرەی گوێزی و دڵێکی ئاخنراوی برژاو و توێژاڵەجگەری سوورکراوە لەگەڵ وردەتوێناندا و گەرای سوورکراوەی ماگادۆس بوو. لە ھەموویان زیاتر، حەزی لە گورچیلەی برژاوی مەڕ بوو کە تامێکی چاکی میزی کەمێک بۆندەرکردووی بە مەڵاشووی دەبەخشی.
ھەر لەم پەسنەوە دەزانین کە میستەر بلووم پاڵەوان نییە و کەسێتییەکی زۆر ئاساییە. تەنانەت زۆر جار لە خوار ئاستی ئاساییشەوەیە. بۆ نموونە کە دەڵێت: بلووم «حەزی لە گورچیلەی برژاوی مەڕ بوو کە تامێکی چاکی میزی کەمێک بۆندەرکردووی بە مەڵاشووی دەبەخشی». جۆیس خۆیشی ئەمەی بە وتەی خۆی پشتڕاست کردووەتەوە. ڕیچارد ئێڵمان لە لاپەڕە ٥ی پەڕتووکی جەیمز جۆیس (چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد [١٩٨٢])ی خۆیدا دەڵێت:
ڕەخنەگرە ماڕکسییەکان ھوروژمی ھێرشیان بۆ سەر جۆیس برد، جۆیسیش بە ھێواشی بە یوجین جۆلاسی ھاوڕێی وت: «نازانم بۆچی ھێرشیان کردووەتە سەرم. ھیچ کەسێک لە ھیچ کامێک لە پەڕتووکەکانمدا نرخی لە ھەزار پاوەن زیاتر نییە!»
پاشان گێرانەوەی ئەڵقەی چوارەم دەچێتە سەر ناندانەکەی ماڵی میستەر بلووم. بلووم شمەکی بەرچایی بۆ خۆی و ژنەکەی ئامادە دەکات. ژنەکەی بلووم ناوی خاتوو ماریۆن بلووم-ە و میستەر بلووم بە مۆڵی ناوی دەبات. مۆڵی گۆرانیبێژی ئۆپێرایە و تا ڕادەیەک سەرکەوتوو و بەناوبانگە.
پشە ڕەشە خت، خت!
ماڵی بلووم پشیلەیەکی ڕەشیان ھەیە، خاڵێکی سپی بە ھێندەی قۆپچەیەک لەسەر کلکیەتی. پشیلەکەیان ناوی نییە و پێی دەڵێن پشەکە. ئەو بەیانییە بە دەوری قاچێکی مێزی ناندانەکەدا ھەڵدەکوڕمێت و بلوومیش شیری بۆ دادەنێت بیخوات.
لە ئولیسدا تەنانەت پشیلەش دەدوێت و دەڵێت: «مکگنیاو!» و «مرکگنیاو!» و «گوڕڕڕ». میستەر بلووم کەمێک لە پشیلەکە ڕادەمێنێت و بیر لە تێگەیشتنی پشیلە و ھەندێک ڕەفتاریان دەکاتەوە.
چی بخۆین بۆ نانی بەیانی؟
بلووم بیر لەوە دەکاتەوە بۆ نانی بەیانی چی بخوات. ھەندێک بژاردە تاووتوێ دەکات. دواجار بڕیار دەدات بچێت لە دوکانی گۆشتفرۆشێک بە ناوی دلوگاس گورچیلەی بەراز بکڕێت و بیخوات. ئینجا بەسەر پلیکانەکاندا دەچێتە سەرەوە بۆ ئەوەی ژنەکەی ئاگادار بکاتەوە لەوەی دەڕوات و پرسیارێکی لێ بکات داخۆ ھیچی ناوێت؟ لە پشت دەرگای ژووری نوستنەکەیانەوە بە ھێواشی مۆڵی ئاگادار دەکاتەوە کە دەچێتە دەرەوە. بۆی دەردەکەوێت کە مۆڵی ھێشتا لە خەو ھەڵنەستاوە و تەنھا «منگ»ێک دەکات، کە لە وتەکانی پشیلەکە دەچێت! مۆڵی لەگەڵ ئەم منگەیەدا دەجووڵێت و ئەڵقە مسە شلەکانی چەرپاکەی دەزرنگێنەوە.
لە جەبەلتاڕیقەوە بۆ ئایرلاند
ئینجا بلووم بیر لە ژیانی ڕابردووی مۆڵی دەکاتەوە کە کچی پیاوێکی سەرباز بووە بە ناوی بڕایەن کووپەر تویدی و دایکی ناوی لاریدۆ بووە. مۆڵی لە جەبەلتاڕیق لە دایک بووە و شتێک ئیسپانیی کەمی زانیوە. پاشان ھاتووە بۆ دەبلن و ئێستا ئەو ئیسپانییەی لە بیر چووەتەوە. مۆڵی لە ٨ی ئەیلوولی ١٨٧٠ لە دایک بووە، نزیکەی چوار ساڵ و چوار مانگ لە بلووم منداڵترە. مۆڵی لە کاتی ڕۆمانەکەدا تەمەنی ٣٣ ساڵ (و نۆ مانگ)ە.
شەب ھەرە باشەکانی پلاستۆ
بلووم شەبقەکەی لە سەر دەکات. لە ناوەوەی شەبقەکەی نووسراوە «شەب ھەرە باشەکانی پلاستۆ» و پیتەکانی «قە» تیایدا کاڵ بووەتەوە (شەبقە ھەرە باشەکانی پلاستۆ). لە پشت ئەم نووسراوەی ناو سەروپێچی شەبقەکەیەوە کارتێک ھەیە، کە ناوی خوازراوی میستەر بلوومی لەسەرە. دواتر ئەمە زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە بلووم بە دزییەوە ناوی لە خۆی ناوە ھێنری فلاوەر و بەم ناوەوە لەگەڵ خانمێکی نەناسراو بە ناوی مەرسا کلیفرد نامە ئاڵوگۆڕ دەکات. بلووم کلیلی ماڵەوەی لە بیر دەچێت و ناچار دەرگای دەرەوە داناخات و تەنھا پێوەی دەدات. پاشان بە شەقامەکانی نزیک ماڵی خۆیاندا دەڕوات.
بلووم کەسێکی چۆنە؟
بلووم بە گشتی زانینخوازییەکی بۆ زانست ھەیە. زۆر جار لە مێشکی خۆیدا و بە شەپۆلی ھۆش دەیەوێت لێکدانەوەی زانستی بۆ ڕووداوەکان و دیاردەکانی چواردەوری بکات. بیرێکی زۆر تیژ و باشیشی بۆ ژماردنی پارە و لێکدانەوەی قازانج و مایە ھەیە. بە درێژایی ڕۆمانەکە چەندین جار گوێمان لە دەنگی مێشکی بلووم دەبێت کە قازانج و زیان و مایەی زۆر کار لێک دەداتەوە. بە گشتی کەسێکە دەست بە پارەوە دەگرێت و دەستبڵاو نییە. دواتریش لە ئەڵقەی شەشەمدا بۆمان دەردەکەوێت بۆ کاری چاک و یارمەتیدانی ھەژاران کەمتەرخەم نییە و بەپەلەیە. یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی بلووم ئەوەیە زۆر گۆرانیی باخچەی ساوایان و منداڵان دەزانێت و زۆر جار دێڕێک یان وشەیەک دەخاتە نێو گۆرانیی منداڵانەوە.
بلووم بە دەم ڕێوە بیر لە شتی جیاواز دەکاتەوە، وەک: تویدیی خەزووری؛ توانای ڕەنگی ڕەش لە گەڕانەوە و شکاندنەوەی گەرمی؛ نان و کولێرە و شتی تریش. پاشان بەم بیرانەوە لە خەیاڵیدا دەچێتە جێیەک لە خۆرھەڵات و بیر لە شێوازی ژیانی خەڵکی خۆرھەڵات دەکاتەوە. لە خەیاڵی بلوومدا مەلایەک بەرماڵێکی پێیە و دایکێک لە بەردەرگای ماڵی خۆیەوە منداڵەکانی بانگ دەکاتەوە و دەنگی سەنتوور دێت. بەڵام ھەر زوو دەردەکەوێت کە بلووم ئەم وێنانەی لە خوێندنەوەی پەڕتووکەوە ھێناوە و خۆی ئەزموونی چوونە خۆرھەڵاتی نییە. یەکێک لەو پەڕتووکانەی بلووم ئەم وێنانەی لێوە ھێناوە ناوی بە شوێن ڕێی خۆردا-یە. پاشان بیر لە نموونەیەک لە ڕەوانبژیی ئاڕثەر گریفیث (١٨٧٢-١٩٢٢) دەکاتەوە. گریفیث نیشتمانپەروەرێکی ئایر بوو و ھەوڵی بۆ بەدەستھێنانی حوکمی سەربەخۆیی ئایرلاند داوە.
ڕووسییەکان لای یاپانییەکان تەنھا بەرچاییەکی کاتژمێر ھەشتی بەیانین
بە بەر دوکانی پیاوێکدا دەڕوات بە ناوی لاری ئۆڕورک. ئۆڕورک پیاوێکی کەچەڵە. ئینجا بیر لە قازانج و مایەی ئەم پیاوە دەکاتەوە. پاشان بیر لە سایمن دێدالۆسی باوکی ستیفن دێدالۆس دەکاتەوە، کە پیاوێکی جەفەنگییە و وەک خۆی لاسایی ئەم میستەر لارییە دەکاتەوە. بیر لەوە دەکاتەوە گفتوگۆیەک لەگەڵ ئۆڕورکدا ساز بکات و چاکوچۆنییەکی لەگەڵدا بکات. بلووم وێنا دەکات ئێستا لاری باسی جەنگی نێوان یاپان و ڕووسیا دەکات و پێی وایە کە «ڕووسییەکان لای یاپانییەکان تەنھا بەرچاییەکی کاتژمێر ھەشتی بەیانین». بلووم بیر دەکاتەوە شتێک لە بارەی پرسەیەکەوە بڵێت کە خۆی ئامادە کردووە ئەو ڕۆژە بچێت بۆی، پرسەی ھاوڕێیەکیانە بە ناوی پاتریک (پادی) دیگنەم.
ڕۆژباش لە میستەر ئۆڕورک دەکات و ئەویش وەڵامی دەداتەوە. زۆر درێژە بە چاکوچۆنییەکە نادات. دیسان دەکەوێتەوە بیری ئەوەی داخۆ دەبێت لاری چەند پارە پەیدا بکات؟ لەم بیرانەدایە کە بە بەردەم قوتابخانەی خۆماڵیی سانت جۆزێفدا دەڕوات، کە قوتابخانەی منداڵان بووە و دەنگی منداڵەکان دەبیستێت. ئینجا بلووم لاسایی منداڵان دەکاتەوە کە گۆرانیی ئەلفوبێ دەبێژن: «ئایبیسی دیفیجی کێڵۆمێن ئۆپیکیو ڕەستیوڤی دەبلیو». یان کە منداڵان لە وانەی جوگرافیادا، کە بلووم پێی دەڵێت «جۆگەلەفڕی»، چۆن ناوی دوورگەکانی ئایرلاند دەبەن: «ئینیشتورک. ئینیشاڕک. ئینیشبۆفین».
لە دوکانەکەی دلوگاس
بلووم دەگاتە بەر پەنجەرەکەی دوکانەکەی دلوگاس، چیتر ژمێرکارییەکەی لە بیر دەچێتەوە کە لاری چەند پارە پەیدا دەکات و دەچێتە ژوورەوە. دلوگاس تەنھا یەک گورچیلەی بەرازی ماوە. خانمێک لە پێش بلوومەوەیە و لیستێکی پێیە ناوی شمەکی پێویستیی لەسەر نووسراوە و بۆ دلوگاسیان دەخوێنێتەوە، دلوگاسیش دەیانداتێ. ئەم خانمە لە ماڵەکەی تەنیشتی بلوومدا دەژی، کە ماڵی ودز-ە. نە بلووم و نە گێڕەرەوەکەش زۆر لە بارەی ئەم ماڵەوە نازانن کە ئایا ئەم کچە کچی ئەو ماڵەیە، یان خزمەتکاریانە. بەڵام بلووم تەماشای دەستە قڵیشاوەکانی ئەم کچە دەکات، دواتر چاوی لەسەر سمتی دەنیشێتەوە.
بلووم ڕۆژنامەیەکی گردکراوە ھەڵدەگرێت و دەیخوێنێتەوە. دلوگاس ئەم ڕۆژنامە خوێنراوانە بۆ پێچانەوەی گۆشت بۆ کڕیارەکانی بە کار دەھێنێت. بلووم یەک دوو بابەت لە ناو پەڕەی ئەم ڕۆژنامەیەدا دەبینێت کە ھەندێک ئاماژەیان تێدایە بۆ ئەوەی کە دلوگاس جووە، چونکە ڕۆژنامەکە ناوی موسا مۆنتیفیۆرێ (١٧٨٤-١٨٨٥) دەھێنێت و باس لە ئاوەدانکردنەوەی «کێڵگە نموونەییەکەی کینارێت لەسەر ڕۆخی دەریاچەی تەبەریاس» دەکات. دەردەکەوێت بلووم پێشتر بیری لەوە کردووەتەوە کە دلوگاس جووە، بەڵام دڵنیا نەبووە. ئێستا ئەو گریمانەیە دەکات کە دلوگاس جگە لەوەی جووە، سییۆنیستێکی سەرسەختیشە.
ڕۆژێک لە ڕۆژان
وێنەیەکی ناو ڕۆژنامەکە بلووم دەخاتە بیری ڕابردوو کە زووتر خۆی لە مەیدانی ئاژەڵانی دەبلن لای پیاوێک بە ناوی جۆزێف کوف کاری کردووە. لەوەوە دێتەوە سەر سمتی خانمەکەی بەردەمی کە کاتێک جل ھەڵدەخات و بە شۆراوەکاندا دەماڵێت چۆن لە نێو تەنوورەکەیدا دەلەنگێتەوە. دلوگاس خانمەکە بە ڕێ دەکات و دێتە سەر میستەر بلووم. بلووم بەپەلە داوای گورچیلەکە دەکات و ئەویش بۆی دەپێچێتەوە و پارەکە دەدات. بلووم خوازیارە زوو بە دوای خانمەکەدا بگەڕێتەوە ماڵەوە، چونکە دیمەنی پشتی خانمی بە دڵە! وێنای خانمەکە دەکات لە باوەشی پۆلیسێکدا و ماوەی پارەکەی ھەڵدەگرێت و ماڵئاوایی لە دلوگاس دەکات. بڕیار دەدات لە دلوگاس نەپرسێت کە ئایا ئەو جووە یان نا.
بەرەو ماڵەوە
کە بلووم دێتە دەر خانمەکە شوێنەواری نەماوە. ئیتر بە دەم ڕێی گەڕانەوەی ماڵەوە زیاتر لە ڕۆژنامەکە دەخوێنێتەوە. ڕیکلامێک لە ڕۆژنامەکەدا ھەیە کە بە عیبری نووسراوە «ئەگنداث نەتایم». ڕیکلامەکە ھی بەشگەیەکی سییۆنییە کە باس لە کڕینی زەویی کەلاوە دەکات لە «حکومەتی تورکی» و لەوێ درەختی ئۆکالیپتۆس یان درەختی تر دەچێنن. ئەم بەشگەیە ساڵانە نموونەی بەری درەختەکان بۆ خاوەنەکان دەنێرنەوە. پاشان بلووم بیر لە کۆنە دراوسێیەکی دەکاتەوە بە ناوی سیترۆن و بیر لە سەردەمی خۆشی زوو دەکاتەوە. پاشان بیر لە بەری ئەو درەختانە دەکاتەوە کە ئەو بەشگەیە لە ئیسرائیلەوە دەیاننێرێت بۆ ئایرلاند. بیر لە ڕێکەیان دەکاتەوە، لەوێشەوە بیر لە مێژووی گەلی جوو دەکاتەوە کە یەکەم نەژادی مرۆڤ لەوەوە بەری گرتووە. بێگومان ئەمەش بە گوێرەی گێڕانەوەی تەورات، ئادەم و حەوا لە باپیرەکانی جووەکانن. پاشان بیر لە ڕاپێچکردن دوای ڕاپێچکردنی جووەکان دەکاتەوە لەسەر دەستی نەتەوە جیاجیاکان. بلووم بۆ گەڕانەوە ماڵەوە پەلە دەکات و بیر لە وێرانبوونی سەدۆم و عەمۆراش دەکاتەوە. چیرۆکی سەدۆم و عەمۆرا ھەر لە تەوراتدا ھاتووە. دواتر سەرنجی ھەندێک لە خانووەکانی سەر ڕێکەی دەدات. وێنای کچەکەی خۆی دەکات کە بەرەوڕووی دێت.
منداڵەکان چۆنن؟
کچەکەی بلووم ناوی میلیسنت (میلی) بلوومە. دوێنێ، کە دەکاتە ١٥ی حوزەیرانی ١٩٠٤، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ١٥ساڵەی بووە. ئێستا میلی لەگەڵ دایک و باوکیدا ناژی و لە مەلینگەر-ە. مەلینگەر شارۆچکەیەکی کاونتیی وێستمیث-ە، کە یەکێکە لە کاونتییەکانی ئایرلاند. کە بلووم دەگاتەوە ماڵەوە لە ڕاڕەوەکەدا دوو نامە و کارتێک دەبینێت کە ھاتوون و ھەڵیاندەگرێتەوە. یەکێکیان لەسەری نووسراوە «خاتوو ماریۆن بلووم» کە بلووم سەرنجی خەتی نووسینەکە دەدات و دەزانێت لە کێوە ھاتووە، بەڵام قسە ناکات. ئەو کەسەی نامەکەی ناردووە پیاوێکە بە ناوی ھیو (بڵێسە) بۆیلەن، بەڕێوەبەری کارەکانی ژنەکەیەتی و پەیوەندیی سەرجێییشی لەگەڵیدا ھەیە و بلوومیش ئەمە دەزانێت. نامەکەی تر و کارتەکەش لە میلیی کچیانەوە ھاتووە. کارتەکەی میلی بۆ مۆڵییە و نامەکەشی بۆ بلوومە.
بلووم دەچێتەوە ژووری نوستنەکەیان و کارتەکەی میلی و نامەکەی کە بۆ مۆڵی نێرراون بە مۆڵی دەدات. پاش کەمێک خاوەخاو دەچێتەوە بە لای چای بەیانییەوە لە ناندانەکە. لەوێ کتلییەکەی لەسەر ئاگر داناوە. گورچیلەکە لە ڕۆژنامەکە دەردەھێنێت و دەیخاتە تاوەیەکەوە و لەگەڵ کەرەدا سووری دەکاتەوە. پەڕەی پێچەرەوەی گورچیلەکەش دەداتە پشیلەکە لێساولێسی بکات. ئینجا بلووم نامەکەی میلیی کچی دەردەھێنێت و ھەر وا سەرپێییانە دەیخوێنێتەوە.
بلووم دەکەوێتە بیری ھەندێک یادەوەریی منداڵیی میلیی کچی و گۆرانییەک کە کاتی خۆی ئەم بۆ ئەوی وتووە «ئەی میلی بلووم نازداری منیت». پاشان بەرچاییەکە ھەڵدەگرێت و دەیبات بۆ ژنەکەی لە ژووری نوستنەکەی قاتی سەرەوەی ماڵەکەیان.
ئەمڕۆ دێت!
بلووم لە ژووری نوستنەکە سەرنج دەدات لەو کاتەی ئەمی لێ نەبووە مۆڵی نامەکەی کردووەتەوە، چونکە تیلمەیەکی دڕاوی نامەکە لە ژێر سەرینەکەی وێدا دەبینێت. وا خۆی دەردەخات کە نازانێت نامەکە لە کێوە بووە، بۆیە دەپرسێت «نامەکە لە کێوە بوو؟». ژنەکەیشی دەڵێت کە لە بۆیلەنەوە بووە و ئەمڕۆ دێت و بەرنامەی کۆنسێرتەکەی داھاتوویانی بۆ دەھێنێت. خاتوو بلووم بەرچایی دەخوات. پرسیاری کاتی پرسەکەی دیگنەم دەکات و وەڵام وەردەگرێت.
مۆڵی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕۆمانێکی خوێندووەتەوە بە ناوی ڕوبی: قارەمانی گۆڕەپان. بلووم ئەو ڕۆمانەی بە کرێ بۆ ھێناوە. ڕۆمانەکە باس لە کچێک دەکات بە ناوی ڕوبی و پاش ئەوەی خێزانەکەیان دادەڕمێت، لە تەمەنی سێزدە ساڵییەوە فرۆشراوە و خراوەتە بەر کاری زۆرەملێ. دواتر بە پیاوێک فرۆشراوە بە ناوی سینیۆر ئێنریکۆ مافێی، کە بەڕێوەبەری سێرکە. ئەم پیاوە زۆر نادادانە لەگەڵ ڕوبیدا ڕەفتار دەکات و لێی دەدات. مۆڵی پرسیاری وشەیەکی ناو ئەم پەڕتووکە لە بلووم دەکات، کە وشەی «گیانگۆڕکێ»یە. بلووم ھەوڵ دەدات بۆی ڕوون بکاتەوە وشەکە بە چ واتایەک دێت. دواتر بلووم لەم چیرۆکەوە دەکەوێتە بیری سێرکێک کە خۆی چووە بۆی و ڕووداوێکی نەخوازراو تیایدا ڕووی داوە. وا دیارە ئەم پەڕتووکە پەڕتووکێکی ڕاستینە نەبێت و جۆیس خۆی لە لێکدانی چەند پەڕتووکێکی ھاوشێوە دروستی کردبێت.
خۆشوشتنی کالیپسۆ
بلووم بە دەم بیرکردنەوەوە سەرنجی ھەندێک لە شتەکانی نێو ژووری نوستنەکە دەدات. یەکێک لەوانە تابلۆیەکە بە پەنا سەریانەوە ھەڵیانواسیوە و ناوی خۆشوشتنی نیمفەکەیە. ئینجا وشەی «گیانگۆڕکێ» بۆ مۆڵی ڕوون دەکاتەوە. لەپڕ بۆنی شتێکی سووتاو دەکەن، کە ئەویش گورچیلەکەیە کە بلووم لە خوارەوە لە ناو تاوەکەدا بە جێی ھێشتووە. بلووم ڕۆمانەکە دەخاتە گیرفانی تا دواتر بیباتەوە بۆ ئەو جێیەی لێی بە کرێ ھێناوە. بە ھەڵەداوان دەچێتە خوارەوە.
ڕاکە بە لای ئەو گورچیلەیەوە
بلووم لە ناندانەکە دەبینێت لایەکی گورچیلەکە کەمێک سووتاوە. بەڵام خۆی وەھا حەزی لە گورچیلەیە و دادەنیشێت و لەگەڵ کووپێک چادا دەیخوات. لەناکاو بیری ھەندێک لە وتەکانی میلیی کچی دەکەوێتەوە لە نامەکە و جارێکی تر نامەکە دەردەھێنێت و دوو جار ھەموو نامەکە دەخوێنێتەوە.
لە یارەوە، لە شۆخ و شەنگی پارەوە
میلی لە نامەکەدا سوپاسی دەکات کە دوێنێ بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونیەوە دیاریی بۆی ناردووە، ئەویش کڵاوێکی تامۆشانتەر بووە. ئینجا باسی خۆیی بۆ دەکات کە لە بواری فۆتۆگرافیدا کار دەکات. ھەروەھا حەفتەی داھاتوو نیازیان وایە بچنە سەیران بۆ سەر دەریاچەیەک بە ناوی دەریاچەی ئۆوێڵ. باسی کوڕێکیش دەکات کە خوێندکارێکی گەنجە و جارجار دێت سەردانیان دەکات. دواتر لە ڕۆمانەکەدا بۆمان دەردەکەوێت ئەم کوڕە ناوی ئەلێک بانەن-ە. بلووم پاش خوێندنەوەی نامەکە دەکەوێتە بیری سەیریی دونیا کە میلی وا گەورە دەبێت و لێیان دوور دەکەوێتەوە. ئینجا ھەندێک یادەوەریی تری منداڵیی میلی دەھێنێتەوە بیری.
یادگاریی تاڵ
لە یادەوەریی منداڵیی میلییەوە بیر لە منداڵێکی تری خۆی و خاتوو بلووم دەکاتەوە کە کوڕێک بووە بە ناوی ڕودی. ڕودی پێنج ساڵ دوای میلی، واتە دە ساڵ بەر لە ئێستا و لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ١٨٩٣ لە دایک بووە، لە ٩ی کانوونی دووەمی ١٨٩٤دا مردووە. واتە ڕودی تەنھا یازدە ڕۆژ ژیاوە. مەرگی ئەم منداڵە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دەروونی میستەر بلووم و خاتوو بلوومی ژنیشی داناوە. دواتر دەردەکەوێت لەو کاتەوە پەیوەندیی سەرجێییان نەماوە. بلووم بۆ مەرگی ئەم کوڕەی زۆر پەرۆشە و خوازیار بوو لە دوای خۆی کوڕێکیشی بە جێ بھێشتایە.
ھەستی باوکێتی
پاشان بلووم ترسی ئەوە دایدەگرێت نەکا خراپە لەگەڵ میلیدا بکرێت. بە تایبەتی کە وا ئێستا لە دووری ئەوان دەژی. ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر میلی تووشی کێشە بوو چۆن بەرگریی لێ بکات و چۆن بچێت ڕزگاری بکات. بەڵام دواتر متمانەی پێ دەکات و بە خۆی دەڵێت: «دەزانێت چۆن ئاگای لە خۆی بێت». ئەگەر شتی خراپیش ڕووی دا ئەو کاتە ئەم وەک باوک بە ھانایەوە دەچێت. ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە ئایا ڕۆژێک سەردانی بکات و دیارییەکی بۆ ببات یان نا؟ پشیلەکە، کە پەڕەی گورچیلەکەی تێر لێسایەوە، بلووم لەم بیرانە دادەبڕێنێت و دەیەوێت بڕوات.
گەشتێک بەرەو ئاودەست
بلووم ھەست دەکات پێویستە بچێت دەست بە ئاو بگەیەنێت. لە ناو چەکمەجەیەکدا حەفتەنامەیەک دەردەھێنێت و دەرگا بۆ پشیلەکە دەکاتەوە، پشیلەکە ڕادەکاتە سەرەوە بۆ لای مۆڵی. بلوومیش خۆی و حەفتەنامەکە دەچنە حەوشەی پشتەوە. لە حەوشەی پشتەوە باخچەیەک و ئاودەستێکی لێیە. بلووم قەیرێک لە حەوشەکە ڕادەوەستێت و بیرێک لە گەشەدان بە باخچەکە دەکاتەوە کە چی بڕوێنێت و چۆن خاکەکەی بەپیت بکاتەوە. گوێ بۆ ماڵەکەی تەنیشتیشیان ھەڵدەخات تا بزانێت ئایا کەسیان لە دەرەوەن یان نا. بە کورتیش بیر لە بڵێسە بۆیلەن دەکاتەوە. وا دیارە کەمێک لەوەوبەر بۆیلەنی دیوە لای دەلاک بووە و قژی چەور کردووە و خۆی قۆز کردووە. ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە ئەگەر کات ما و فریا کەوت پێش پرسەکە بچێت بۆ گەرماوی دەرەوە و خۆی بشوات.
ئینجا بلووم دەچێتە ئاودەستەکە و بە دزییەوە لە کونێکەوە تەماشای پەنجەرەی ماڵەکەی تەنیشتیان دەکات. پاشان لەسەر کاسەی ئاودەستەکە دادەنیشێت. جۆیس نزیکەی دوو لاپەڕەی لەسەر چۆنێتیی ئەم ئاودەستکردنەی میستەر بلووم نووسیوە و لەمەوە دەزانین کە بلووم نەخۆشیی مایەسیریی ھەیە و دوێنێ قەبز بووە.
نووسینە خەڵاتکراوەکە خەڵات دەکرێت
بلووم لە حەفتەنامەکەدا چیرۆکێک دەخوێنێتەوە بە ناونیشانی نووسینی خەڵاتکراومان: کارامەییەکەی ماتچام، لە نووسینی فیلیپ بیوفۆی. بە درێژایی ھەموو ڕۆمانی ئولیس دەرناکەوێت ئەم چیرۆکەی ماتچام چۆنە، ئەگەرچی لە ئەڵقەکانی داھاتوودا چەند جارێکی تریش ئاماژەی پێ دەدرێتەوە. فیلیپ بیوفۆی کەسێکی ڕاستینەیە و زۆر جار لەو حەفتەنامەیەدا چیرۆکی بڵاو کردووەتەوە. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو چیرۆکەی نەنووسیوە کە جۆیس لە کۆتایی ئەم ئەڵقەیەدا ھێناویەتی و وا دیارە خەیاڵکردە. بلووم بیر لەو پارەیەش دەکاتەوە کە میستەر بیوفۆی لە بەرانبەر نووسینی ئەم چیرۆکەدا وەریگرتووە. بیر لەوە دەکاتەوە خۆیشی چیرۆکێک بھۆنێتەوە و بڵاوی بکاتەوە.
جۆیس بە شێوەیەکی جەفەنگی ئاودەستکردنەکەی بلوومی ھاوکات کردووە لەگەڵ خوێندنەوەی چیرۆکە خەڵاتکراوەکەی ناو حەفتەنامەکە. جۆیس زاراوەی سەربازیی بۆ کارەکەی بلووم بە کار ھێناوە، وەک: «خەریک بوو خۆی بە دەستەوە بدات، بەڵام بەرگریی دەکرد» و «بەرگرییەکەی داڕما».
ئێمەش دەتوانین چیرۆک بنووسین
بلووم دێتەوە سەر بیری چیرۆکەکەی خۆی کە بە نیازە بینووسێت و وەک میستەر بیوفۆی پارەی پێ وەربگرێت. بیر دەکاتەوە کە ئایا لە بارەی چییەوە بێت؟ پێی وایە باشترە سوود لە پەندی پێشینان وەربگرێت و لە بارەی خۆی و ژنەکەیەوە بێت: «میستەر و خاتوو ل. م. بلووم». واتە میستەر لیۆپۆڵد بلووم و خاتوو مۆڵی بلووم. ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە بەیانییەک لە بازاڕ تیپێکی موزیک موزیکی سەمای کاژێرەکانی ئەمیلکارێ پۆنکیێللی (١٨٣٤-١٨٨٦)یان ژەندووە. بلووم بە گۆڕانی جلوبەرگی سەماکەرەکاندا، کە لەگەڵ موزیکەکەدا سەمایان کردووە، سەری کاژێرەکانی ناو موزیکەکەی بۆ مۆڵی ڕوون کردووەتەوە.
بە گشتی لەم کۆتاییەدا بیر لە ڕۆتینێکی گشتیی ژیانی مۆڵی دەکاتەوە. ھەروەھا بیر لەو کاتەش دەکاتەوە کە مۆڵی و بۆیلەن یەکەم جار یەکیان ناسیوە. لە کۆتاییدا نیوەی چیرۆکە «خەڵاتکراو»ەکەی ناو حەفتەنامەکە دەدڕێنێت و خۆیی پێ پاک دەکاتەوە. پاشان لە ئاودەست دێتە دەرەوە.
ھەیھوو!
بلووم لەبەر ڕووناکییەکەی باخچەکەدا چاوێک بە پانتۆڵەکەیدا دەخشێنێت تا بزانێت لە ئاودەستەکە پیس بووە یان نا، چونکە نایەوێت جلەکانی بۆ پرسەکە بگۆڕێت. چونکە ھەر لە بەیانییەوە خۆی بۆ پرسەکە ئامادە کردووە و بۆینباخ و پانتۆڵی ڕەشی پۆشیوە. لەم کاتەدا کڵێسای جۆرج، کە لای ماڵیانەوە نزیکە، زەنگی کاژێر ٨:٤٥ی بەیانی لێدەدات. ئەڵقەکە بە شەش جار دووبارەبوونەوەی «ھەیھوو» و بیرێکی کورتی بلووم تەواو دەبێت. ئەم تەواوکردنە تا ڕادەیەک ھاوتەریبی کۆتایی ئەڵقەی یەکەمی لای ستیفن دێدالۆسە.
- لە ١٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣دا نووسیومە. لە ١٤ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎