
یولیسیس یان ئولیس؟1
بەڕێزان، یەکەم ڕاڤەی ئەڵقەی یەکەمی ڕۆمانەکەم بۆ ئەو باسە تەرخان کردبوو کە ئایا یولیسیس یان ئولیس کامیان ڕاستە؟ ئێوەی بەڕێزیش لە بەردەستتاندایە و لە لاپەڕە ٣٠ و ٣١ی ئولیس و ڕاڤەکانیدایە، بفەرمن بیخوێننەوە. لام وا بوو ئەو ڕاڤەیە بەس بێت بۆ تێگەیشتن. بەڵام لە دووی شوباتی ٢٠٢٢ەوە دەیان… نازانم ناوی بنێم ڕەخنە یان نا، چونکە ئەوە زیاتر سەرکۆنە و گاڵتەپێکردنە، نەک ڕەخنە، بۆیە دەیان سەرکۆنە و گاڵتەپێکردنم پێ گەیشتووەتەوە کە «دەبوو یولیسیس بێت نەک ئولیس». یان «تۆ کە لە ناوەکەدا هەڵەت کردبێت، ئیتر دڵی چی بە ناوەرۆکەکە خۆش بکەین؟». یان «نەبووە و نابێت ناو وەربگێڕرێت» و زۆرێکی تریش. تەنانەت گەیشتووەتە ئەوەی کە هەندێک کەس کۆی هەموو کارەکەیان لەبەر ئەمە ڕەت کردووەتەوە. هەروەها پێشنیازی دەیان «ناونیشانی ڕاست»ی ترم بۆ کراوە، کە لە خوارەوە بە گوێرەی توانا زۆرێکیان لیست دەکەم.
ناوەکە لە ڕیشەدا گریکییە
بەڕێزان، تەنها ئەگەر ناونیشانەکەی جۆیس بە ئینگلی(زی) بخوێنینەوە بە دەیان شێوە دەخوێنرێتەوە. هەر بۆ نموونە: «یووڵیسیس، یوولیسیز، یولیسیز، یولیسیس…». سەرەڕای هەموو ئەمە، ئەو ناوە لە بنەڕەتدا ناوێکی ئینگلی(زی) نییە تا تەنها لە شێوازی گۆکردنە ئینگلی(زی)یەکەی بڕوانین، بەڵکو ئەم ناوە لە بنەچەدا گریکییە. ناوی کەسێکە و کەسەکەش هەر ئۆدیسێفسی ناو ئیلیاس (ئیلیاد) و ئۆدیسەیە، کە گوایە پیاوێک نووسیونی بە ناوی «هۆمەر» یان «هۆمیرۆس».
تەنانەت ناوە گریکییەکەش لەبەر ئەوەی کە نووسراوەکەی «هۆمەر» یان «هۆمیرۆس» ئەوەندە کۆنە، بە دەیان شێوە دەخوێنرێتەوە. بە ئولیسیۆس، ئۆلیسیۆس، ئوولیسیۆس، ئودیسیۆس، ئودیسۆس، ئۆدیسیۆس، ئوودیسیۆس… و دەیان شێوەی تر دەخوێنرێتەوە.
ئینجا چووەتە لاتینییەوە
پاشان کە ڕۆمییەکان گریکیان داگیر کردووە، بەیتەکانیان وەرگێڕاوەتە سەر زمانی لاتینی و ناوەکەیان خستووەتە سەر شێوەی گۆکردنی لاتینی. لاتینی زمانی ڕەسمیی دەوڵەتەکەیان بووە. بۆیە دەیان شێوەی تری خوێندنەوەی ناوەکە زیاتر بووە. بۆ نموونە «ئولیکسیس، ئودیسیس، ئۆدیسیس، ئۆلیسیس، ئۆدیکسیس…» و بە دەیان شێوەی تر دایانناوەتەوە و خوێنراوەتەوە.
ئینجا چووەتە ئینگلییەوە
ئینجا ئەم ناوە کە چووەتە زمانی ئینگلی(زی)یەوە دیسان بە دەیان شێوەی تر دەخوێنرێتەوە، کە لە سەرەتادا ئاماژەم بە هەندێکیان دا. بۆیە ئەوانەی کە پێیان وایە تەنها دوو شێوەی خوێندنەوەی ئەم ناوە هەیە و هەڵەکەیان ئەوەی منە و ڕاستەکەیان ئەوەی ئەوانە: هەڵەن. ئەم ناونیشانە زیاتر لە سەد شێوەی خوێندنەوەی هەیە و هیچیشیان لەوەی تریان ڕاستتر و هەڵەتر نییە.
ناو وەرناگێڕرێت، بەڵام دەستکاری دەکرێت
هەندێک کەس بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە گوایە من وەرگێڕانەکەم خراپە، چونکە ناوم وەرگێڕاوە. بەڵام بەڕێزان، من ناوەکەم وەرنەگێڕاوە، بەڵکو ئولیس تەنها خوێندنەوەی جیاوازی هەموو ئەوانی ترە، نەک وەرگێڕان. ئەگەر یولیسیسم کردووە بە دلێر، ماف بە ئێوەیە ئاوها لێی پەست ببن. ئەگەر یولیسیسم کردووە بە خولەی چەخماخساز، ئەوا فەرموون گاڵتەپێکردنەکەتان درێژە پێ بدەن. ئەوەیان وەرگێڕانە، نەک یولیسیس یان یولیسێز یان ئولیس. بۆیە هەموو ئەوانە تەنها خوێندنەوەی جیاوازی ناوەکەن، وەرگێڕانی ناو نین.
ئەگەر کەسێک بە زمانی ئینگلی(زی) پەڕتووکێک لەسەر کەسێک بە ناوی موحەمەد بنووسێت، لە ئینگلی(زی)یەکەدا دەبێت بە موهامماد یان موهاممەد، یان شتێکی وەها. دەکرێت کە ئەم پەڕتووکە کرا بە کوردی ناونیشانەکەی موهامماد بێت؟ هەندێک کەس بە ئینگلی(زی) بە کاک بەختیار عەلی دەڵێن باشتیار ئاڵی، دەکرێت لەمەودوا ئێمەش وەهای پێ بڵێین؟
گریمان هەڵە بووم
پاشان گریمان هەر بە ڕاستی لە وشەی ناونیشانەکەدا هەڵە بووم، ئەوە ئەوە دەگەیەنێت کە ناوەرۆکەکە هەمووی هەڵەیە؟ تەماشایەکی ناوەرۆکەکەتان کرد؟ خوێندتانەوە؟ بەرگی یەکەمی تەواونەکراو واتە بێ ئەڵقەی شەشەم، ئەوەی کە لە ٢ی شوباتی ٢٠٢٢دا بڵاوم کردەوە، ١٥٤٣٦٠ (سەد و پەنجا و چوار هەزار و سێ سەد و شەست) وشەیە. لە هەموو ئەو بەرگەدا، بە ناونیشانەکەشیەوە، تەنها ١١٧ (سەد و حەڤدە) جار وشەی ئولیس دووبارە بووەتەوە، کە هەموویان لە ڕاڤەکاندان، نەک لە دەقی ڕۆمانەکە خۆیدا. واتە جگە لە وشەی ئولیس، کە زۆر کەس پێیان وایە هەڵەیە، ١٥٤٢٤٣ (سەد و پەنجا و چوار هەزار و دوو سەد و چل و سێ) وشەی تر دەمێنێتەوە. ئایا ئەگەر ئولیس هەڵە بێت، ئەوە دەیسەلمێنێت کە ١٥٤٢٤٣ (سەد و پەنجا و چوار هەزار و دوو سەد و چل و سێ) وشەکەی تر هەموویان هەڵەن؟ ئایا ئەمە پێوەرێکی ئەوەندە گەورەیە کە کۆی هەموو بەرهەمەکە ڕەت بکرێتەوە لەبەر ١١٧ وشە، کە پێت وا بێت هەڵەیە؟
وەک هەمیشە: گشت دونیا بۆیان هەیە، کورد نەبێت!
دکتۆر تەها لە وەرگێڕانە عەرەبییەکەدا ناونیشانەکەی کردووە بە عولیس و بۆ چاوێکی تەنها ناونیشانخوێن ئەوە کفری وەرگێڕانە. دە وەرگێڕانەکەی ئەو بۆ ڕۆمانەکەی جۆیس یەکێکە لە نایابترین وەرگێڕانەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.
پاشان بە فارسی، بە لاتڤی، بە ئیتالی، بە فەڕەنسی، بە مەکەدۆنی، بە تورکومانی، هەمووی ئولیس-ە! بە زمانی ڕۆمانی و هەندێک زمانی تر ئولیکسە. عەرەبییەکەی دکتۆر تەهاشم باس کرد.
ع.ح.ب. کە ناسناوی وێژەیی محەممەد حسێن بەرزنجی-یە، کە (وا بزانم) لە کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا ئۆدیسەی هۆمیرۆسی داڕشتووەتەوە و لە سەرەتای هەشتاکاندا بڵاوی کردووەتەوە، هەر بە ئولیس دایناوە. دیوانەکەی هەیە و دەتوانیت لێی بڕوانیت تا بزانیت وایە یان نا.
بابەتی -ۆس و -وس-ی گریکی و لاتینی
سەدان ساڵە لە هەموو جیهاندا هەندێک جار -ۆس و -وسی کۆتایی ناوی گریکی و لاتینی لێدەکرێتەوە، یان پێوەی دەکرێت و نەبووەتە کێشەی گەورە. سەدان ساڵە لە کوردیدا دەڵێین: هیرۆدۆت و ناڵێین هیرۆدۆتۆس یان هیرۆدۆتوس، کە لە گریکییەکەدا ئەو -ۆس یان -وس-ەی پێوەیە. ئینگلەکان دەڵێن هۆمەر نەک هۆمیرۆس. بەڵام لای ئێمە زیاتر بە هۆمیرۆس ناسراوە، نەک هۆمەر. واتە ئینگلەکانیش هەمان ئەوەیان کردووە کە من لە کوردییەکەدا کردوومە، -ۆسی کۆتایی هۆمیرۆسیان لێکردووەتەوە، وەک چۆن من لە کۆتایی ئولیسیۆسدا لێمکردووەتەوە. ئێستا بۆ ئەو بەڕێزانەی گاڵتە بە من دەکەن، ئەو ئەرکەتان کێشا و بچن گاڵتەیەکیش بە زمانی ئینگلی بکەن و تۆزێک لایکی قاقاکەیان بۆ بنێرن لەسەر هەمان کار کە کردوویانە؟
ئەو ئەرکەتان کێشا بچن گاڵتە بە هەموو جیهان بکەن کە عەلی بە ئاڵی و ئەلی دەخوێننەوە؟ کە عومەر بە ئومار دەخوێننەوە؟ کە سەڵاحەددین بە ساڵەدین دەخوێننەوە؟ کە خەییام بە کاییام دەخوێننەوە؟ یان من تەنها لەبەر ئەوەی کوردم، ئیتر کەزیەی گوریسی گاڵتەکانتان دەخەنە ئەستۆم، چونکە کورد بەشی خنکاندنە؟
زۆربەی خوێندنەوەکان ڕاستن
زۆربەی هەرە زۆری ئەو خوێندنەوانە ڕاستن و لە ڕاستیشدا گرنگ نین. تۆ ئەگەر حەزت کرد یولیسیس بێت، ئەوا پی دی ئێفێک بە تەنیا بۆ تۆ دەنێرم و ناونیشانەکەی بەو شێوە خوێندنەوەیە دادەنێم کە تۆ پێت وایە ڕاستە و دەتەوێ وا بێت. بەڵام دەبێت ئەوەیان بە پارە بکڕیت و بە دیاری ناتدەمێ. بە پارەیەکی کەمیش نایفرۆشم، بەڵکو بە پارەیەکی وەها دەیفرۆشم کە کەمێک شوێنی چوار ساڵی کارکردنی خۆڕاییم بگرێتەوە، کە زۆربەی ڕۆژان زیاتر لە یانزە کاژێر کارم لەم وەرگێڕانەدا کردووە و تەندروستیشمی تێکداوە.
ئینگلی یان ئینگلیزی؟
بۆ ئینگلی-یەکەش، کە دیسان زۆر کەسی پەست کردووە، بە هەمان شێوە: ئەگەر گلەییەکەتان تەنها ئەوەیە، بەڵێنتان دەدەمێ دەتوانم پی دی ئێفێکی تایبەت بە ئێوە دەربکەم و بۆتان بکەمەوە بە ئینگلیزی. بێگومان ئەمیش بە خۆڕایی نادەم.
بۆیە ئەو میهرەبانییە بنوێنە، من چوار ساڵی خۆمم بە خۆڕایی و دیاری داوە بە بەڕێزت، تۆش هەر جارێک ئولیست دی و پێت وا بوو هەڵەیە، لە چاوی خۆتدا بیکە بەوەی کە خۆت دەتەوێت. بەڵام بە مەرجێک دەست بکە بە خوێندنەوە و لەو لاپەڕەیەدا مەچەقێ. چونکە پەڕتووکەکە لە ڕاستیدا جگە لەو دوو وشەیە شتی تریشی تێدایە!
بەڕێزان، کە ئەوەندە توانای وێناکردنتان بەهێز بێت و بتوانن لەبەر ناونیشانێکی هەڵە پەڕتووکێکتان لا بێواتا ببێت، وا بزانم دەتوانن ئەو توانایە بۆ پێچەوانەکەشی بە کار بهێنن و هەر کاتێک ئەو وشەیەتان دی کە پێتان وایە هەڵەیە، لە چاوی خۆتاندا بیکەن بەوەی لای خۆتان «ڕاست»ە.
هەندێک ناونیشانی ڕاستی یولیسیس یان ئولیس
هەندێک لە ناونیشانە پێشنیازکراوەکان، کە زۆربەی هەرە زۆریان هەڵە نین، ئەمانەن: یۆلیسیس، ئۆلیکسیس، یوولیسیس، ئوولیسیس، ئوولیسێس، یولیکسیس، ئۆلیز، ئۆلیسێز، ئوولیسێز، یولیسێز، یولیکسێس، یولیکسێز، ئولیکسێز، ئولیکسیز، یولیکسیز، یولیسیەس، ئولیسیەس، ئوولیس، ئوولێس، یوولیس، یوولیسێز و دەیانی تریش.
دەبێت چیتر نەچەقێین
بە ڕاستی دەبێت ئێمە قۆناغی نالییە یان ناڵییە و نیچەیە یان نیتچەیە و شۆپانە یان چۆپینە تێبپەڕێنین. نالی گوتەنی: «هەر کەسێ نادان نەبێ خۆی تالیبی مەعنا دەکا» و لە ڕووکەشدا زۆر نامێنێتەوە. خوێندنەوەی جیاواز تەنها بەرگێکی جیاوازە بۆ کرۆکێک، کرۆکەکە (واتا و چەمک)ە، گرنگ ئەوەیە چەمکەکە بگەیەنێت. خەییام وتەنی: «هەر کەس بە ڕەنگێ لە من تێئەگا، منیش هەر ئەوەم کە خۆم ئەیزانم2». ئێمەش چۆن وشە بخوێنینەوە، چەمکەکە هەر ئەوەیە کە هەیە3.
بەڵام سەرەڕای هەموو ئەوەش، ئەگەر لەسەر دوو وشە، بەرهەمی چوار ساڵی من، کە بە دیاری پێتم داوە، ڕەت دەکەیتەوە و تەنانەت دژایەتیشی دەکەیت، ئەوا من داوای لێبوردنت لێ دەکەم. تۆ لە من گەورەتر بە و من ببوورە. بە هیوام ئیتر کۆتایی بەم مشتومڕە بێبەرە بێت.
ئەو بەڕێزانەی لە لاپەڕەی یەکەمیشدا چەقیون: یان شیفت و دیلیتێک بکە و پی دی ئێفەکە لای خۆت بسڕەوە، کە بە دیاری بۆت هاتووە، یان دەست پێ بکە و کەمێک چاوپۆشی لە هەندێک جیاوازیی گۆکردن بکە. دواجار زمانی کوردی هەمووی لە تۆدا پەنگی نەخواردووەتەوە. کوردی تری شوێنانی تریش هەن، کە خوێندنەوە و تێگەیشتنیان لەوەی تۆ جیاوازە.
بەڵام بوەستن: ئەرێ بە ڕاست، نووسیم و وتم: «شیفت و دیلیت»، شیفت و دیلیتە یان شەفت و دیلیتە؟ یان شیفت و دیلێتە؟ نەخێر… خۆی دەبوو شێفت و دیڵیت بووایە… بۆیە ئەوە من لای خۆم نەمسڕییەوە!
سوپاس بۆ خوێندنەوەت، سوپاس بۆ گوێگرتنت.
هیوام تەندروستییەکی باش و دەروونێکی ئاسوودەی خۆت و ئازیزانتە. کاتێکی خۆش بۆ ئێوە.
پەڕاوێزەکان
- لە ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢دا نووسیومە و بە دەنگیش تۆمارم کردووە و بڵاوم کردووەتەوە. لە ١٢ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
- وەرگێڕانی شێخ سەلام، فارسییەکە دەڵێ: «هر طایفهای به من گمانی دارد، من زانِ خودم، چُنانکه هستم هستم». بڕوانە چوارینەکانی خەییام، وەرگێڕراوی شێخ سەلام، بڵاوکردنەوەی کوردستان، سنە، ١٣٩٣ی هەتاوی (وا بزانم ٢٠١٥ی زاینی دەکا). ~ن.م. ↩︎
- ئێستانان بڕێک تێڕوانینم گۆڕاوە، ناویش گرنگە. بەڵام هێشتا لە پشت ئولیس نەک یولیسیس دەوەستم. ئەو ماوەیەی ئەم وتارەم نووسیبوو، هێشتا پاشماوەی هزری جۆرێکی تەسەوفم تێدا مابوو، بۆیە لە مێشکمدا سنوور نەبوو و دونیام بە یەک چاو دەبینی. هاوکات تازە وتە دووبارە و زێدەپێداهەڵگوتراوەکانی خەییامیشم خوێندبووەوە. ئەوە دوایین جارمە شتی فارس وەک پاڵپشتی بۆ ئاڕگیومێنتم بهێنمەوە. بۆ ئەو تاکە جارەش داوای لێبوردن دەکەم و پەشیمانم. ↩︎
بۆ داگرتنی بەرگی یەکەم و دووەمی ئولیس و ڕاڤەکانی، لێرەدا کلیک بکە.