
دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی1
ڕاپەڕینی ژینا لە مرۆڤپەرستی ڕایچڵەکاندم

پێش ٢٠٢٢ سەرسەختانە باوەڕم بە مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی هەبوو. دەموت: «زەوی نیشتمانی مرۆڤە!». ئەم قسە زلەشم دەکرد و حەفتەیەک سەرمای ئانتارکتیکا و سیبریا و گەرمای دۆڵی مەرگ و بورکینا فاسۆم نەدیبوو! پێم وا بوو ئەو جێیانەش هەر نیشتمانی منی مرۆڤن! پێم وا بوو من مرۆڤێکی گەورەم، چونکە نیشتمانەکەم گەورەیە، بیرەکەم گەورەیە، خەمەکەم گەورەیە!
ڕاپەڕینی ژینا لەم خەونە ڕایچڵەکاندم، بەڵام یەکسەر تێینەگەیاندم کە کێشەکە لە کوێدایە. واتە هەستم دەکرد وێژمانەکە کێشەیەکی تێدایە، بەڵام نەمدەتوانی دیاریی بکەم. بەرەبەرە بۆم ڕوون بووەوە کە ئەم بابەتی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتییە هەم جۆرێکە لە ئایدۆلۆژیا و دین، هەم جۆرێک نەخۆشی یان ناڕێکییەکی دەروونییە. ڕەنگە لە دەروونناسیدا پێناسەش کرابێت، بەڵام من نەیزانم و لێی بێئاگا بم.
جا لەبەر ئەوەی ئێستانان ئەم هزرە هەم بە نەخۆشی دەزانم، هەم بە دین، بۆیە دەتوانین لە تێهەڵکێشی دوو وشەکە وشەیەکی نوێی بۆ لێک بدەین و پێی بڵێین «دینەخۆشی». ئاوهاش: دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی.
مرۆڤپەرستی
گەرچی مرۆڤپەرستی وەک دین و ئایدۆلۆژیا و ناڕێکی دەناسێنم، بەڵام بۆ ئەوەی دادپەروەر بم و مافی پەیڕەوکارانی ئەم دینە نەخۆم و ناشیرینیان نەکەم، پێم وایە زۆربەی هەرە زۆریان بە مەبەست و بەدکارانە هەڵگری ئەم باوەڕە نین. واتە نەیانزانیوە کە دینێکی نوێیان دامەزراندووە و پەیڕەوی دەکەن. نەیانزانیوە ئەم باوەڕەیان کە دەیکەن بە چاوی هەموو کەسێکدا جادووێکی پووچە. بەڵکو جادووی باوەڕەکە فریوی داون.
کە بە ئەوانیش قسەیان لەسەر دەکەم، تەنها لەبەر ئەوەیە کە ئێستانان چیتر خۆم بە یەکێک لەوان نازانم. بەڵام منیش تەمەنێک هاوبیریان بووم. منیش کەم دروشمی مرۆڤپەرستانەم بڵاو نەکردووەتەوە و لە پەرەسەندنی ئەم هزرەدا دەستم هەبووە. ئەو کاتە پێم وا بوو ئێمە زۆر ناوازەین و هاوشێوەمان دەگمەنە. بەڵام ئێستا دەبینم زۆرێک لە ئێمەی کورد هەڵگری ئەم هزرەین، یان هەڵگری بووین.
ڕەنگە هەندێک لە ئێوەی گوێگریشم بێئاگا پەیڕەوکاری ئەم ئایدۆلۆژیایە بن و هێشتا پێتان نەزانیبێت. دەتوانیت بەوەدا تووشبوو بەم ئایدۆلۆژیایە بناسیتەوە کە بە نزیکەیی لە هەموو ڕستەیەکدا وشەکانی «مرۆڤ» و «مرۆڤبوون» و «مرۆڤایەتی» و «زەوی» بە کار دەهێنێت. ئەگەر خۆیشت وایت کەواتە پیرۆزە، خەڵاتەکەت بۆ دەرچوو.
لەبەر ئەوەی ئەم دینە وزەکەی لە وشەی زلی وەک مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی و زەوی و ئەم شتە زلانە وەردەگرێت، ئەو هەستە لای پەیڕەوکارانی دروست دەکات کە لەبەر ئەوەی دروشمی زلیان هەڵگرتووە، ئیتر ئەمانیش زل و گەورەن. لای ئەمان کورد و ئینگل و ئەڵمان بچووکن، چونکە ئەوان خەمەکانیان بە هێندەی وڵاتەکانیان بچووکن، بەڵام ئەمان خەمی مرۆڤایەتی و زەوییان هەڵگرتووە.
پەیرەوکارانی مرۆڤپەرستی چۆنن؟

چۆن لە دیندا زیکر و مانترا و ویرد هەیە، بەردەوام وتەیەک دووبارە دەکەیتەوە، ئێمەی مرۆڤپەرستیش وشەکانی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتیمان دەخستە هەموو ڕستەیەکەوە. سەری زمان و بنی زمانمان ئەوە بوو کە دەمانوت: «زەوی نیشتمانی مرۆڤە!»، «مرۆڤبوون پێش هەموو شتێکە». هەر بۆ بەڵگە و نموونە سەیری وتاری هونەر و داهێنانی کوردی بکە کە خۆم نووسیومە.
کێ لە ئێمە حەز ناکات مەزن بێت؟ ئێ دینی مرۆڤپەرستییش هەر بە دوو ڕستە و چوار وشە تراویلکەی مەزنێتی بە پەیڕەوکارانی دەبەخشێت. بەو مشتە وشەیە دەبیتە مەزنترین مرۆڤ و لە دونیا ڕۆشنبیرتر دەبیت. لەپڕ هەمووان لە چاو تۆدا دەبنە گەمژە و تەسکبین و نەزان.
دینی مرۆڤپەرستی جگە لەوەی خۆتت لێ مەزن دەکات، لە هەموو بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەییش ڕزگارت دەکات. ئیتر کە خەمی جیهانت هەڵگرت، خەمی نەتەوەکەت دادەنێیت. یان خەمی نەتەوەکەت لە ژێر خەمی جیهاندا دەپلیشێتەوە. مرۆڤپەرستی پاساوت دەداتێ خۆت لە خزمەتی نەتەوەکەت بدزیتەوە. هەر کاتێک ڕووبەڕووی کێشەیەکی دیاریکراویان کردیتەوە، تۆ بە چەند ڕستەیەکی کڵێشەیی خۆتی لێ دەرباز دەکەیت.
چۆن کێشەی کورد چارە بکەین؟ وەڵام: ئێمە دەبێت مرۆڤ بین. مرۆڤبوون پێش هەموو شتێکە. چۆن کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل چارە بکەین؟ وەڵام: ئێمە دەبێت مرۆڤ بین. مرۆڤبوون پێش هەموو شتێکە. چۆن لە تاقیکردنەوەی بیرکاریدا دەربچین؟ وەڵام: ئێمە دەبێت مرۆڤ بین. مرۆڤبوون پێش هەموو شتێکە.
مرۆڤپەرستی فێری پۆزی بێدەنگت دەکات!
جا با نهێنییەکی وردیشتان پێ بدەم: گەرچی پەیڕەوکارانی ئەم ئایدۆلۆژیایە خۆیان خاکەڕا و بێفیز و بێدەمار پیشان دەدەن، بەڵام پۆز و لەخۆباییبوون و خۆبەزلزانییەکی کڕ و کز و کپیان هەیە. لەمەودوا لێیان ورد ببنەوە، دەیبینن!
هۆی ئەم پۆزەشیان هەڵەیەکی بیرکردنەوەیە. مرۆڤپەرستەکان پێیان وایە مادەم دروشمی زلی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتییان هەڵگرتووە، کەواتە لە خێڵ و گەل و نەتەوەکان گەورەترن! مادەم بیر لە زەوی دەکەنەوە وەک نیشتمان، ئیتر ئەوانەی کوردستانیان پێ نیشتمانە و بۆیان گرنگە بچووکن. ئەم کەسانە ناوچەیی و ناوچەگەرا و ناوچەپەرستن. وەک مرۆڤپەرستەکان جیهانی نین!
ئەگەر نیشتمانی تۆ کوردستان بێت، ئەو هەموو زەوی بە هی خۆی دەزانێت. کەچی بیست وڵاتیشی لە زەوی نەدیوە. ڕەنگە لە وڵاتێکی ئەوروپا پەنابەر بێت! ئەگەر زمانی تۆ کوردی بێت، ئەو هەموو زمانەکانی جیهان بە هی خۆی دەزانێت. ئەوپەڕی دوو زمانی تر جگە لە کوردییەکی شەقوشڕ دەزانێت! ئەگەر هونەرمەندی تۆ ماملێ و زیرەک و خالقی بن، ئەو هەموو هونەرمەندانی جیهان بە هی خۆی دەزانێت. کەچی دە گۆرانیی جوان حاجۆ و لەیلا فەریقی و کیژانی ئیبراهیم خەیاتی نەبیستووە.
بە کورتی: مرۆڤپەرستەکان پێیان وایە کە ناوی شتی گەورەت هێنا، ئیتر خۆکردەییانە خۆیشت گەورە دەبیت!
بێزووی زل بەڵگەی تەسکیی دەسەڵاتە

خوانەخواستە مەبەستم بێڕێزی نییە کە دەڵێم مرۆڤپەرستی جۆرێک نەخۆشی یان ناڕێکییەکی دەروونییە. بەڵکو لەبەر ئەوە وا دەڵێم کە پێم وایە ئەم هەموو پێداگرییەی هەڵگرانی ئەم هزرە لەسەر چەمکی زلی وەک مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی و زەوی بێزووکردنێکی دەروونییە بە شتی گەورەوە. بێزووکردنی زۆریش دیاردەیەکی ئاسایی نییە و ناڕێکییەکی کاتیی لەشە.
پێم وایە بێزووکردنی زۆر بە شتی زلەوە دەرئەنجامی ئارەزوو و دەسەڵات و هزرێکی چەپێنراو و بەستراوە و بەکۆیلەکراوە. هەر وەک کەسێک کە برسییەتی پێی وایە دەتوانێت هەموو خواردنی دونیا بخوات. کەسێک کە تینوویەتی پێی وایە دەتوانێت دەریایەک بخواتەوە. کەسێک کە دیلە بێزوو بە گەڕانی هەموو جیهانەوە دەکات.
بەڵام ئەوەی تێرە جیاوازیی نێوان دوو کولیچەی دروستکراوی دوو ئاشپەزی جیاواز تام دەکات. تێرئاو جیاوازیی نێوان دوو جام ئاو تام دەکات. ئەوەی بە ڕاستی ئازادە لە پێناو گەشت و گەڕاندا ماڵ لە خۆی تێک نادات. وەک سەگی پێسووتاو ئەم وڵاتە و ئەو وڵاتە ناکات. بەڵکو ئەگەرچی ئەگەر بۆی هەڵبکەوێت دەگەڕێت، بەڵام میچێک دروست دەکات خۆی و ئازیزانی لە ژێریدا بحەسێنەوە.
بۆیە دەتوانم بڵێم ئەم بێزووکردنە زۆرە بە مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی و زەوییەوە نەخۆشییەکە، یان ناڕێکییەکی دەروونییە و تووشی دیلی دەروونی و کۆیلەی دەروونی دەبێت. ڕەنگە بەرگرییەکی ناخۆئاگا بێت لە دۆخی کۆیلەبوون.
ئەم مەگیرانییە بە شتی زلەوە جگە لەوەی هەڵگرتنی بەردی زلە، کە نیشانەی نەهاویشتنیەتی، هاوکات کێشە بۆ هەڵگرانی هزرەکەش دروست دەکات. چون ڕەنگە بتوانیت گەڕەکەکەی خۆت ئاوەدان بکەیتەوە و بیکەیتە نیشتمانت، بەڵام بێگومان ناتوانیت هەموو زەوی ئاوەدان بکەیتەوە. لەبەر هۆیەکی سادە: تەمەن ڕێت نادات. کەواتە بۆ لە ماڵ و گەڕەکەکەی خۆتەوە دەست پێ ناکەیت؟
لە کورد و کوردستانەوە بۆ مرۆڤ و زەوی

وا بزانم ژنی سەرۆکی پێشووی سووریا بوو جارێکیان لە بارەی کوردەوە پرسیاریان لێی کرد، دەقی وەڵامەکەیم نەدۆزییەوە و خۆیشم بە ڕێکی لە بیرم نەماوە، بەڵام شتێکی وەهای وت: «با ئێمە باس لە کۆمەڵێکی دیاریکراو نەکەین، بەڵکو باسی سووریا بکەین». واتە بە وشەیەکی خۆزلنوێن، کە لێرەدا وشەی «سووریا»یە، پرسی کورد و کوردستانی شاردەوە و دیزە بە دەرخۆنەی کرد.2
دوای ئەوەی باوەڕم بە دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی کز ببوو، لەگەڵ یەکێک لە ئازیزترینەکانم کەوتینە دەمەقاڵێ. ئەویش هەر وەک من دینەخۆشیی مرۆڤپەرستیی هەبوو. زۆر لێم تووڕە بوو کە من خەریکە دەبم بە ڕەگەزپەرست و وازم لە مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی هێناوە. بە داخەوە لەو کاتەوە نێوانمان ناخۆشە.
دواتر زۆر بیرم لە وتە و هەڵوێستەکانی کردەوە. ڕستە بە ڕستەیم هێنا تا بزانم کێشەکە لە کوێدایە. سەیرم کرد: هەی لەوە؟ خۆ زۆر ڕوون بوو! لە بەر چاواندا بوو، بۆ نەمدەدی؟ بۆیە ئێستا ئەم نهێنییە بە ئێوەش دەڵێم، تا بزانن دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی چەندە ڕووکەشێکی زل و ناوەرۆکێکی پووچی هەیە.
پەیڕەوکارانی مرۆڤپەرستی (مرۆڤپەرستەکان) ڕەگەزپەرستترینن!
مرۆڤپەرستەکان هیچ جیاوازییان لەگەڵ سەرسەختترین ڕەگەزپەرستەکانی وەک ئەڵمانی نازیدا نییە. هەمان شت دەڵێن، تەنها هەندێک وشەیان گۆڕیوە! ئەوان دەیانوت: «یەک خەڵک» (واتە ئاریاییەکان)، ئەمان دەڵێن: تەنها مرۆڤ! ئەوان دەیانوت: «یەک ئیمپراتۆرێتی» (واتە ئەڵمانیا)، ئەمان دەڵێن: تەنها زەوی! ئەوان دەیانوت: یەک ڕابەر، ئەمان دەڵێن: تەنها مرۆڤایەتی!
جا لە ژێر ئەم دروشمە زلانەدا پرسی نەتەوەیی کورد و کوردستان دەشێلن. هەر کە باسی کورد و کوردستانیان لەگەڵ دەکەیت، یەکسەر باز بە بابەتەکە هەڵدەدەن و دەکەونە باسی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی. ئەمە جگە لەوەی پێیان وایە تۆ لە ئامانجە مەزنەکەی ئەوان لاتداوە.
تۆش لەمەودوا لە وتەکانیان ورد بەوە. هەر بۆ تاقیکردنەوە لە ڕستەکانیاندا وشەی «مرۆڤ» بگۆڕە بە «تورک»، وشەی «مرۆڤایەتی» بگۆڕە بە «تورکیاییبوون»، وشەی «زەوی» بگۆڕە بە «تورکیا». ئینجا بۆت دەردەکەوێت کە مرۆڤپەرستەکان هیچ داهێنانێکیان نەکردووە. تەنها دروشمێکی ڕەگەزپەرستانەیان گۆڕیوە بە دروشمێکی تری ڕەگەزپەرستانە و خەیاڵی. دەڵێم خەیاڵی، چونکە تورکێکی ڕەگەزپەرست لانیکەم ڕەگەزێکی دروستکراویش بێت هەیەتی، دەوڵەتێکی ددانپێدانراوی هەیە، سەرۆکیشی هەیە.
ئێمەی کوردی مرۆڤپەرست بازنەیەکی زلمان بە دەوری زەویدا کێشاوە و دەڵێین: «ئەمە نیشتمانی ئێمەیە». لەو بەناونیشتمانەشدا بستێک خاکمان پێ ڕەوا نەبینراوە! ئەمە جگە لەوەی ئێمەی کورد بە پاسپۆرتی عێراقی و ئێرانی و سووریاییەوە، ئەگەر ئەو تڕەپاسپۆرتانەشمان پێ ڕەوا بینرابێت، بە هەزار شەڕەشەق دەتوانین سەردانی ئەوپەڕی ٤٠٪ی ئەو بازنەیە بکەین کە وەک نیشتمانی خۆمان کێشاومانە.
ئایا کورد ڕەگەزپەرستە؟

ڕەنگە لێرەدا یەکێک ڕەخنەی ئەوەم لێ بگرێت کە ئێمەی کوردستانپەروەرانیش هەمان قسەی ڕەگەزپەرستەکان دەکەین. دەڵێین: «کورد، کوردی، کوردستان. تەنها کوردستان خەمی ئێمەیە». وایە، ئەوە دروشمی ئێمەیە. بەڵام وێڕای هاوشێوەیی دروشمەکانمان، لە ناوەرۆکدا جیاوازن.
پێم وا نییە هیچ کوردێک نکۆڵی لە بوونی نەتەوەی تر کردبێت. مەگەر ئەو بەناونەتەوەیە بۆ کرمێکردنی گیانی کورد و لەباربردنی پڕۆژەی کوردستان بەردرابێتە کورد.
ئێمەی کوردستانی کێشەمان لەگەڵ عەرەبێکدا نییە کە لە سعودیە و ئیمارات لە ماڵی خۆیدا دانیشتووە و پیلان لە دژی کوردستان ناگێڕێت. ئێمە ڕێزمان بۆیان هەیە و هەر کاتێک وەک میوان هاتن بۆ کوردستان دەیانخەینە سەر سەر و سەر چاومان. ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەو عەرەبانەدایە کە عێراق و سووریا بەریاندەدەنە کوردستان و لەسەر خاکی کوردستان دەیانچێنن. هەروەها لەگەڵ فارس و تورکە هاوشێوەکانیانیش.
ئێمە پێمان وا نییە ڕووسێک، یاپانییەک، ئیتالییەک لە خوار کوردەوە بێت. بەڵام ئێمە تەنها خەمی کورد و کوردستان هەڵدەگرین، نەک خەمی ئەوان و دەوڵەتەکانیان. چونکە خۆمان کوردین و کوردەکەیە بێکەس و بێدەوڵەتە و دوا خراوە. بەڵام ماف لەوانیش ناسەنینەوە خەمی خۆیان و وڵاتی خۆیان بخۆن. ئەوان خەڵک و خاک و خەمی خۆیان، ئێمەش خەڵک و خاک و خەمی خۆمان.
ڕزگارکردنی جیهان ئەرکی دەوڵەتی بەهێزە
پاشان سەد و نەوەد و سێ دەوڵەت لە جیهاندا هەن. زۆربەیان زۆر هەنگاویان بڕیوە و بە سەدان ساڵ لە پێش ئێمەوەن. پشکی شێری خەمی مرۆڤایەتی دەکەوێتە سەر شانی ئەوان، نەک ئێمەی ستەملێکراو. منێک کە ناتوانم بە کەرکووکی خۆمدا هاتوچۆی سلێمانی و هەولێر بکەم. منێک کە ناتوانم بستێک لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببینم. منێک کە ناوێرم لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانەکەم نزیک ببمەوە.
ناچارکردنی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت و بێدەسەڵات و بێدەرەتانی وەک کورد بە هەڵگرتنی خەمی جیهان زۆر ناڕەوایە. لە کاتێکدا لانیکەم سی دەوڵەتی پێشکەوتوو و زلهێز لە جیهاندا هەن. وەک وایە زیندانییەک ناچار بکەیت کۆشک و تەلار بۆ ئەو کەسانە دروست بکات کە ئەمیان زیندانی کردووە. لە کاتێکدا ئەو زیندانییە بە ستەم زیندانی کراوە و تاوانێکی نەبووە.
مەبەست لە «مرۆڤ» چییە؟

چاکێتی و بەدێتی
لە سەردەمی گریکی دێرینەوە باس لە چەند بەهایەکی بەرز و نزمی مرۆڤ دەکرێت. بۆ بەها بەرزەکان وشەی چاکێتی بە کار دەهێنم، بۆ بەها نزمەکان وشەی بەدێتی بە کار دەهێنم.
وشەی چاکێتی بەرانبەر ئەوە بە کار دەهێنم کە ئینگل پێی دەڵێت ڤێرچیو؛ بە لاتینی ویرتوو، بە عەرەبی فەزیلەت، بە گریکی ئارێتی. کاک فارووق ڕەفیق وشەی نایابیی پێ باشە، بەڵام ئێمە (من و کاک ڕێبوار قارەمانی) چاکێتیمان پێ دروستترە. وشەی بەدێتی بەرانبەر ئەوە بە کار دەهێنم کە ئینگل پێی دەڵێت ڤایس؛ بە لاتینی ویتیوم، بە عەرەبی ڕەزیلەت، بە گریکی کاکییا.
چاکێتی و بەدێتییەکان بە گوێرەی ڕوانگەی کەس و قوتابخانە جیاوازەکان جیاوازن. بەڵام لە کۆنەوە چەند تایبەتمەندێتییەک وەک چاکێتی و بەدێتی دەستنیشان کراون. چاکێتییەکان پێک هاتوون لە بەمشووری، دادپەروەری، ئازایەتی، بێفیزی، میهرەبانی، ئارامی، خۆگرتنەوە، بەخشندەیی، کۆشش، داوێنپاکی. بەدێتییەکانیش پێک هاتوون لە هەڵەشەیی، نادادپەروەری، ترسنۆکی، لووتبەرزی، تەماکاری، قیناویبوون، زێدەڕەوی، ئیرەیی، تەممەڵی، داوێنپیسی.
خۆگرتنەوە پێچەوانەی زێدەڕەوییە. بکەرەکەی دەبێت بە خۆگرەوە. خۆگرتنەوە واتە خۆگرتنەوە لە زێدەڕەوی لە نەوس و وتن و کردار.
مرۆڤی نێو «مرۆڤایەتی» مرۆڤێکی چاکی خەیاڵییە
جا بۆیە ئاماژە بە چاکێتی و بەدێتییەکان دەدەم، چونکە پەیوەندییان بە بابەتی مرۆڤایەتییەوە هەیە. مرۆڤایەتی چ وەک وشەیەکی نێو زمان، چ وەک چەمک لە خەیاڵماندا، لەسەر «مرۆڤ» بونیاد نراوە. وشەکە پێک هاتووە لە مرۆڤ+ایەتی. مرۆڤ لە وشەکە دەربهێنە تەنها پاشگری –ایەتی دەمێنێتەوە. چەمکەکەش لەسەر بنەمای نموونەی مرۆڤێکی نموونەیی خەیاڵی دروست کراوە کە خاوەنی چاکێتییەکانە و دژی بەدێتییەکانە.
واتە کە دەوترێت مرۆڤ و مرۆڤایەتی، وا گریمانە دەکەین کە لە مێشکی بیسەردا مرۆڤێکی نموونەیی دەردەکەوێت کە بەمشوورە، دادپەروەرە، ئازایە، بێفیزە، میهرەبانە، ئارامە، خۆگرەوەیە، بەخشندەیە، کۆششکارە، داوێنپاکە. هەڵەشە نییە، نادادپەروەر نییە، ترسنۆک نییە، لووتبەرز نییە، تەماکار نییە، قیناوی نییە، زێدەڕەوکار نییە، ئیرەبەر نییە، تەممەڵ نییە، داوێنپیس نییە (وەکو من. بێچاوێنی بم!).
بێگومان ئەمە مرۆڤێکی نموونەیی و خەیاڵییە. زۆر بە دەگمەن مرۆڤی وا لە کەتوار و دونیادا هەن. واتە هەموو چاکێتییەکانی هەبێت و بەدێتییەکانی نەبێت و بەردەوامیش وا بێت، چون مرۆڤ دەگۆڕێت. زۆربەی مرۆڤانی زەوی هەندێکیان لە هەردووکیان هەیە و بە گوێرەی کاتیش دەگۆڕێن. واتە دەشێت کەسێک زۆرێکی چاکێتییەکان و هەندێکی بەدێتییەکانی هەبێت، یان زۆرێکی بەدێتییەکان و هەندێکی چاکێتییەکان.
کەواتە کە دەڵێین «مرۆڤ» و «مرۆڤبوون» گریمانە لەسەر هەندێک بەهای هەڵبژاردە دەکەین، نەک هەموو بەهایەکی مرۆڤ. چونکە لە ڕاستیدا بەدێتییەکانیش لە ئاسمانەوە نەکەوتوونەتە خوارەوە، ئەوانیش هەر تایبەتمەندێتیی مرۆڤن. بەڵام بە هەر هۆیەک بێت ئەمانە بە ڕەفتاری مرۆڤ، یان مرۆڤی چاک نازانین. کەچی لانیکەم نیوەی مرۆڤانی سەر زەوی هەندێک یان هەموو بەدێتییەکانیان هەیە.
ئایا ئەوەی مرۆڤپەرستەکان دەیکەن مرۆڤایەتییە؟

کە ڕەخنە لە دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی دەگرم، وە نەبێت من دژی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بم. نەخێر، بە هیچ شێوەیەک دژی چاکێتییەکان نیم. بە ڕاستیش پێم وایە کە چاکێتییەکان بەهای باڵان بۆ مرۆڤ و ئەوە دەهێنن بە درێژایی تەمەنمان هەوڵیان بۆ بدەین و وا بین. خۆم یەکێکم لەو کەسانەی کە ئەوەندەی بۆم بکرێت ژیانم ئاوێتەی ئەم چاکێتییانە کردووە و دەکەم.
بەڵام دەبێت بزانین ئەو «مرۆڤ»ەی لە «مرۆڤبوون» و «مرۆڤایەتی»دا هەیە لە ڕاستیدا نموونەیەکی خەیاڵیی هەڵبژاردەی مرۆڤە. پاشان کە ورد دەبیتەوە، دەبینیت ئەوەی مرۆڤپەرستەکان بانگەشەی دەکەن لەم بەهایانەوە دوورن. مرۆڤپەرستەکان ناچار کراون کۆمەڵێک بەهای خراپ هەڵبگرن کە بەرگی بەهای باشیان لە بەردایە، واتە لە ڕاستییدا بەدێتیین و وەک چاکێتی خۆیان دەنوێنن.
چۆن بەدێتیمان لێ کراوە بە چاکێتی؟
ناکرێت ڕاستەوخۆ بە چوار دەوڵەت و ناڕاستەوخۆ بە دەیان دەوڵەت شکۆت بشکێنن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە بێفیزم». ئەوەی تۆ لەوێدا بێفیزی نییە، بەڵکو شکۆشکاوی و ترسنۆکییە. بێفیزی و شکۆشکاوی و ئازایەتی و ترسنۆکی جیان.
ناکرێت ڕاستەوخۆ بە چوار دەوڵەت و ناڕاستەوخۆ بە دەیان دەوڵەت مافی بوونت لێ بستێنن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە میهرەبانم». ئەوەی تۆ لەوێدا میهرەبانی نییە، بەڵکو هاوکاریی تاوانکارە و نادادپەروەرییە. ئەم بەناومیهرەبانییەت خەریکە تاوانکاران تاوانکارتر دەکات. بۆیە نابێت ڕێی تاوانکار خۆش بکەیت، بەڵکو دەبێت بەرهەڵستیی بکەیت.
ناکرێت ڕاستەوخۆ بە چوار دەوڵەت و ناڕاستەوخۆ بە دەیان دەوڵەت ئاسایش و ئارامییت بشێوێنن و برسییت بکەن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە ئارامم». ئەوەی تۆ لەوێدا ئارامی نییە، بەڵکو سەرشۆڕییە. ئارامی و سەرشۆڕی جیان.
ناکرێت هەر ئەو لایەنانە خاک و هەموو سامانێکت ببەن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە خۆگرەوەم». ئەوەی تۆ لەوێدا خۆگرتنەوە نییە، بەڵکو نابووتبوونە. خۆگرتنەوە و نابووتبوون جیان. ئەگەر لە بەرانبەر ئەم لێبردنەشدا خۆت بە بەخشندە دەزانیت و دەڵێیت: «شانازی دەکەم کە بەخشندەم». ئەوا بزانە کە ئەوەی تۆ لەوێدا بەخشندەیی نییە، بەڵکو سەرانەدانە. بەخشندەیی و سەرانەدان جیان.
ناکرێت بەری ڕەنجت بخۆن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە کۆششکارم» یان «شانازی دەکەم بەمشوورم». ئەوەی تۆ لەوێدا کۆشش نییە، بەڵکو ڕەنجبەباچوونە. کۆشش و ڕەنجبەباچوون جیان. بەمشووری نییە، پووچێتییە.
ناکرێت هەموو ڕۆژێک لاقەت بکەن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە داوێنپاکم». بێگومان من ناڵێم کە ئەوەی لاقە دەکرێت دەبێت بە داوێنپیس. بەڵکو دەڵێم یەکێک هەموو ڕۆژێک بە ویست و پێی خۆی بچێتەوە بۆ لای لاقەکەرەکەی تا لاقەی بکات، چیتر داوێنپاک نییە، بەڵکو هەم خۆی داوێنپیسە، هەم وای کردووە لاقەکەرەکانیشی داوێنپیس بن.
شکۆی مرۆڤبوونمان لە کوردستاندایە

مرۆڤپەرستەکان هەمیشە بابەتی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی دەهێننە پێش هەموو باسێکی نەتەوەییەوە. بە تایبەتی بەرانبەر ئێمەی ناسیۆنالیست وەک تاکە پەناگە و پاڵگە بە کاری دەهێنن. گوایە ئێمە دژی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتین. گریمانەیەکیان کردووە کە مرۆڤ لە لایەکە و کورد لە لایەکی ترە. بەڵام ئەمە یەکەم هەڵەیانە، چونکە کوردیش هەر مرۆڤە.
هەڵەیەکی تریان لە خودی جۆرێتیی «مرۆڤ» و «مرۆڤبوون»ەکەیانە. پێم وا نییە جۆرێتیی مرۆڤایەتییەکەی خۆیانیان پشکنیبێت. وەک چۆن مرۆڤی نێو «مرۆڤایەتی» مرۆڤێکی خەیاڵییە، ئاوهاش کە دەڵێیت برایەتی، تۆ برایەکی نموونەییت لە خەیاڵتدا داناوە. بە گشتی ئەم برا خەیاڵییە کەسێکی باشە و مافی تۆ ناخوات و دەستدرێژی ناکاتە سەرت. برایەکە هەموو چاکێتییەکانی تێدایە و دژی هەموو بەدێتییەکانە.
بەڵام بە ملیار برا هەن لە جیهاندا وا نین. پاشان ئەو کەسانەی مرۆڤپەرستەکان داوامان لێ دەکەن ببین بە برایان و لەگەڵیاندا مرۆڤ بین برا نین و مرۆڤ نین. ئەوان دەمانسڕنەوە. مرۆڤێک مرۆڤ بێت مرۆڤ ناسڕێتەوە. کەچی مرۆڤپەرستەکان هەمیشە ئێمەی کوردی مرۆڤدۆستیان ناچار کردووە لەگەڵ نامرۆڤ و بکوژ و داگیرکەردا برا و مرۆڤ بین!
مرۆڤپەرستی کارگەی بەرهەمهێنانی بەدکارە
لە ڕاستیدا ئەم بەناومرۆڤبوونەی ئێمە ئەوانی کردووە بەو دڕندە و بەدکار و تاوانکارە. ئەگەر تۆ بزانیت کەسێک دێت بتکوژێت و تۆ دەرگای بۆ بکەیتەوە، بتەوێت و نەتەوێت دەبیتە هاوبەشی تاوانەکەی ئەو! چونکە تۆ ئاسانکارییت لە تاوانەکەیدا کردووە. ئەمە جگە لەوەی دەشبیتە قوربانیی دەستی ئەو. واتە هەم قوربانییت، هەم هاوبەشی تاوان.
کەواتە ئەرکی سەر شانی کوردە وەک مرۆڤی چاک کە بە پاساوی مرۆڤبوون و برایەتی هاوکاریی تاوانکاران نەکات و نەبێتە هاوبەشی تاوان. لە خۆوە نییە کە مرۆڤ هەزاران ساڵە سزا و پاداشتی داناوە. ئەگەر دەتەوێت دادپەروەری هەبێت، شکۆ هەبێت، بەهای باڵا هەبێت، دەبێت سزاشت هەبێت بۆ ئەوانەی ئەمانە لە نێو دەبەن.
ئەوە کورد نییە کە مرۆڤ نییە و شکۆی مرۆڤ ناهێڵێت و دژایەتیی چاکێتییەکان دەکات، بەڵکو نەیارانی کورد و کوردستانن. بۆیە ئەرکی مرۆڤی چاک ئەوەیە مرۆڤی خراپ لە خراپی ڕابگرێت، نەک بێدەنگی لە خراپەکارییەکانیان بکات و بڵێت: «با من بە چاکی بمرم و دونیا بۆ ئەو خراپە بە جێ بهێڵم».
مرۆڤبوونی کورد لە ژێر هەڕەشەدایە. ئەگەر بمانەوێت شکۆی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتیمان بپارێزین، ئەوا دەبێت ئەو دەستانە بشکێنین کە لە مرۆڤبوونمان دەخەن و دەمانسڕنەوە. سەدان ساڵە دوژمنانی کورد کورد دەسڕنەوە و دەیتوێننەوە. خاکمان داگیر دەکەن و دەمانکەن بە تورک و عەرەب و فارس. دەوڵەتی سەروەریداری کوردستان ئەم تاوانکارییە ڕادەگرێت و شکۆی کورد بەرز ڕادەگرێت. دەبێت بە هەر ڕێیەکە دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنین.
مرۆڤ واتە دەوڵەتدار

مرۆڤ بۆ ئەوەی مرۆڤ بێت دەبێت شکۆی هەبێت. دەوڵەتیش شائامرازی شکۆدانە بە مرۆڤ. هیچ ژێردەستەیەک شکۆی نییە، شکۆشی هەبێت شکۆکەی پارێزراو نییە و لیستۆکی دەستی نەتەوەی سەردەستە.
نرخی خوێن
ئیسرائیلییەک کە دەکوژرێت دەوڵەتەکەی هەزار کەس لە بەرانبەریدا دەکوژێتەوە. ئاوها نرخی خوێن و شکۆی مرۆڤی خۆی دیاری دەکات. ئەمریکییەک بکوژرێت ئەمریکا دەوڵەتێک لە بەرانبەریدا لە نێو دەبات. دەوڵەتەکە ئاوها شکۆی مرۆڤەکەی خۆی بەرز ڕادەگرێت. بەڵام عێراق بە بەر چاوی جیهانەوە سەدان هەزار کوردی کوشت و خوێنێکمان لە بری وەرنەگرت، چونکە دەوڵەتمان نەبوو.
مرۆڤی ئەم سەردەمە ئەگەر دەوڵەتی نەبێت، نەک تەنها شکۆی مرۆڤبوونی شڵۆقە، تەنانەت لە دۆخی ئاوارتەدا هەر بوونیشی ڕەت دەکرێتەوە. بۆ نموونە کە عێراق و ئێران دەجەنگان هەردوو لایان کوردیان بە کوشت دەدا. دەبوو کورد جەنگێک بکات کە نە هی ئەوە، نە بۆ ئەوە، نە لە دژی ئەوە. دەی دەوڵەتت هەبێت ناچار نابیت جەنگێک بکەیت کە هی تۆ نییە.
دەوڵەتت نەبێت کۆیلەی ئەوی تریت
ئێستا تورکیا و ئێران و عێراق لە دژی ئیسرائیل بجەنگن، بەشێکی بە کورد دەکەن. دەی کوردێک مرۆڤ بێت بۆ داگیرکەرەکەی خۆی ناجەنگێت، بەڵکو لە دژی دەجەنگێت.
بۆ نموونەیەکی تر: عەرەبی عێراق پارە بۆ ئێران سپی دەکەنەوە. وڵاتە زلهێزەکان لە بەرانبەردا سزای هەموو خەڵکی نێو عێراق دەدەن، بە کوردیشەوە. تۆی کورد گشت کارە سەرهێڵییەکانت دەوەستن، چونکە دەوڵەتت نییە. عێراقیش دەوڵەتی تۆ نییە و هەموو دونیا ئەوە دەزانێت. دەوڵەتت هەبووایە شکۆت دەبوو و باجی تاوانی دوژمنەکەتت نەدەدا.
مرۆڤێک لە هیچ کوێیەک نەتوانێت ناسنامەی خاکی دێرینی باوان و دایانی خۆی هەڵبگرێت و ناچار بێت بڵێت: «عێراقیم، ئێرانیم، تورکیاییم، سووریاییم»، هەموو ڕۆژێک لە ژێر میهر و سۆزی مووشەک و فڕۆکەی جەنگی و درۆن و فیشەکی داگیرکەرەکانیدا بێت، لە زێدی خۆیدا کاری دەست نەکەوێت، لە شاری خۆیدا ناچار بکرێت بە زمانی داگیرکەرەکەی کار بکات و بنووسێت و بخوێنێت و بخوێنێتەوە، هەر دوو سێ ساڵ جارێک دەربەدەر ببێت و ئاوارە و پەنابەری وڵاتان بێت… ئەمە کەی نموونەیە بۆ مرۆڤێکی شکۆمەند کە بمانەوێت کورد بەم جۆرە بمێنێتەوە؟
لەم سەردەمەدا ئەگەر بمانەوێت کورد بکەینەوە بە مرۆڤ، دەبێت هەر یەکەمان لە لای خۆیەوە هەموو هەوڵی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بێت. بێگومان دوژمنانیش ناهێڵن بە ئاسانی دەوڵەت دابمەزرێنیت. بۆیە هەر ڕێیەک دەگیرێتە بەر بۆ دروستکردنی دەوڵەت، ڕەوایە.
- ٤ی تەممووزی ٢٠٢٥ دەستم پێی کرد. ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٥ تەواوم کرد. ↩︎
- لەم بارەیەوە وتارێکی تریشم نووسیوە بە ناونیشانی: تاکتیکی ڕەگەزپەرستی: شاردنەوە لەژێر ناوی زلدا و بە دەنگی خۆم خوێندوومەتەوە و لە کەناڵی تیلیگرامەکەمدا هەیە. ↩︎