
ئەڵقەی چوارەم: کالیپسۆ
شوێن: ماڵی میستەر بلووم بە ناونیشانی ٧ی شەقامی ئێکلس – دەبلن؛ دواتر بلووم دەردەچێت و لە گۆشتفرۆشێکی نزیک ماڵی خۆیان گورچیلەی بەراز دەکڕێت و دەگەڕێتەوە ماڵەوە.
کات: پێنجشەممە، ١٦ی حوزەیرانی ١٩٠٤، کاتژمێر ٨ی بەیانی.
لە پاش نزیکەی چل لاپەڕە لە چاپە ئینگلییەکەی ھانس واڵتەر گابڵەر، بۆ یەکەم جار کەسێتییە ھەرە سەرەکییەکەی ڕۆمانی ئولیس دەبینین و دەناسین، کە پیاوێکی ٣٨ ساڵ (و مانگێک)ە بە ناوی لیۆپۆڵد بلووم، کە زۆبەی کات لە ڕۆمانەکەدا ھەر بە میستەر بلووم و بلووم ناو دەھێنرێت و ژنەکەیشی بە پۆڵدی بانگی دەکات.
جۆیس یەکەم پەرەگرافی ئەم ئەڵقەیەی تەرخان کردووە بۆ پەسنێکی گشتیی میستەر لیۆپۆڵد بلووم، کە لە وەرگێڕانە کوردییەکەدا بەم شێوەیەیە:
میستەر لیۆپۆڵد بلووم بە تامەزرۆییەوە ئەندامەکانی ناوەوەی ئاژەڵ و باڵندەی دەخوارد. حەزی لە شۆربای خەستی ھەناو و سیقەتۆرەی گوێزی و دڵێکی ئاخنراوی برژاو و توێژاڵەجگەری سوورکراوە لەگەڵ وردەتوێناندا و گەرای سوورکراوەی ماگادۆس بوو. لە ھەموویان زیاتر، حەزی لە گورچیلەی برژاوی مەڕ بوو کە تامێکی چاکی میزی کەمێک بۆندەرکردووی بە مەڵاشووی دەبەخشی.
ھەر لەم پەسنەوە دەزانین کە میستەر بلووم پاڵەوان نییە و کەسێتییەکی زۆر ئاساییە، تەنانەت زۆر جار لە خوار ئاستی ئاساییشەوەیە، بۆ نموونە کە دەڵێت: بلووم «حەزی لە گورچیلەی برژاوی مەڕ بوو کە تامێکی چاکی میزی کەمێک بۆندەرکردووی بە مەڵاشووی دەبەخشی». جۆیس خۆیشی ئەمەی بە وتەی خۆی پشتڕاست کردووەتەوە، ڕیچارد ئێڵمان لە لاپەڕە ٥ی پەڕتووکی جەیمس جۆیس (چاپخانەی زانکۆی ئۆکسفۆرد [١٩٨٢])ی خۆیدا دەڵێت:
ڕەخنەگرە ماڕکسییەکان ھوروژمی ھێرشیان بۆ سەر جۆیس برد، جۆیسیش بە ھێواشی بە یوجین جۆلاسی ھاوڕێی وت: «نازانم بۆچی ھێرشیان کردووەتە سەرم. ھیچ کەسێک لە ھیچ کامێک لە پەڕتووکەکانمدا نرخی لە ھەزار پاوەن زیاتر نییە!»
پاشان گێرانەوەی ئەڵقەی چوارەم دەچێتە سەر موبەقەکەی ماڵی میستەر بلووم، کە شمەکی بەرچایی بۆ خۆی و ژنەکەی ئامادە دەکات. ژنەکەی بلووم ناوی خاتوو ماریۆن بلووم-ە و میستەر بلووم بە «مۆڵی» ناوی دەبات و گۆرانیبێژی ئۆپێرایە و تا ڕادەیەک سەرکەوتوو و بەناوبانگە. ماڵی بلووم پشیلەیەکیان ھەیە، کە ڕەشە و خاڵێکی سپی، بە ھێندەی قۆپچەیەک لەسەر کلکی ھەیە، ناوی نییە و پێی دەڵێن «پشەکە»، بە دەوری قاچێکی مێزی موبەقەکەدا ھەڵدەکوڕمێت و بلوومیش شیری بۆ دادەنێت بیخوات. لەم ڕۆمانەدا تەنانەت پشیلەش دەدوێت و دەڵێت: «مکگنیاو!» و «مرکگنیاو!» و «گوڕڕڕ». میستەر بلووم کەمێک لە پشیلەکە ڕادەمێنێت و بیر لە تێگەیشتنی پشیلە و ھەندێک ڕەفتاریان دەکاتەوە.
بلووم بیر لەوە دەکاتەوە بۆ نانی بەیانی چی بخوات، ھەندێک بژاردە تاووتوێ دەکات، دواجار بڕیار دەدات بچێت لە دوکانی گۆشتفرۆشێک بە ناوی دلوگاس گورچیلەی بەراز بکڕێت و بیخوات. ئینجا بەسەر قادرمەکاندا دەچێتە سەرەوە تا ژنەکەی ئاگادار بکاتەوە لەوەی دەڕوات و پرسیارێکی لێ بکات داخۆ ھیچی ناوێت، لە پشت دەرگای ژووری نوستنەکەیانەوە بە ھێواشی مۆڵی ئاگادار دەکاتەوە کە دەچێتە دەرەوە، بۆی دەردەکەوێت کە مۆڵی ھێشتا لە خەو ھەڵنەستاوە و تەنھا «منگ»ێک دەکات، کە لە وتەکانی پشیلەکە دەچێت! مۆڵی لەگەڵ ئەم منگەیەدا دەجووڵێت و ئەڵقە مسە شلەکانی چەرپاکەی دەزرنگێنەوە. ئینجا بلووم بیر لە ژیانی ڕابردووی مۆڵی دەکاتەوە کە کچی پیاوێکی سەرباز بووە بە ناوی بڕایەن کووپەر تویدی و دایکی ناوی لاریدۆ بووە، مۆڵی لە جەبەلتاڕیق لە دایک بووە و شتێک ئیسپانیی کەمی زانیوە و ھاتووە بۆ دەبلن و ئێستا ئەو ئیسپانییەی لە بیر چووەتەوە. مۆڵی لە ٨ی ئەیلوولی ١٨٧٠ لە دایک بووە و نزیکەی چوار ساڵ و چوار مانگ لە بلووم مناڵترە و لە ئێستای ڕۆمانەکەدا تەمەنی ٣٣ ساڵ (و نۆ مانگ)ە.
بلووم شەبقەکەی لە سەر دەکات، کە لە ناوەوەی نووسراوە «شەب ھەرە باشەکانی پلاستۆ» و پیتەکانی «قە» تیایدا کاڵ بووەتەوە (شەبقە ھەرە باشەکانی پلاستۆ)، لە پشت ئەم نووسراوەی ناو سەروپێچی شەبقەکەیەوە کارتێک ھەیە، کە ناوی خوازراوی میستەر بلوومی لەسەرە، دواتر ئەمە زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە بلووم بە دزییەوە ناوی لە خۆی ناوە ھێنری فلاوەر و بەم ناوەوە لەگەڵ خانمێکی نەناسراو بە ناوی مەرسا کڵیفرد نامە ئاڵوگۆڕ دەکات. بلووم کلیلی ماڵەوەی لە بیر دەچێت و ناچار دەرگای دەرەوە داناخات و تەنھا پێوەی دەدات و بە شەقامەکانی نزیک ماڵی خۆیاندا دەڕوات.
بلووم بە گشتی زانینخوازییەکی بۆ زانست ھەیە، زۆر جار لە مێشکی خۆیدا و بە شەپۆلی ھۆش دەیەوێت لێکدانەوەی زانستی بۆ ڕووداوەکان و دیاردەکانی چواردەوری بکات. بیرێکی زۆر تیژ و باشیشی بۆ ژماردنی پارە و لێکدانەوەی قازانج و مایە ھەیە، کە بە درێژایی ڕۆمانەکە چەندین جار گوێمان لە دەنگی مێشکی دەبێت کە قازانج و زیان و مایەی زۆر کار لێکدەداتەوە. بە گشتی کەسێکە دەست بە پارەوە دەگرێت و دەستبڵاو نییە، دواتریش لە ئەڵقەی شەشەمدا بۆمان دەردەکەوێت بۆ کاری چاک و یارمەتیدانی ھەژاران کەمتەرخەم نییە و بەپەلەیە. یەکێکی تر لە تایبەتمەندییەکانی بلووم ئەوەیە زۆر گۆرانیی باخچەی ساوایان و منداڵان دەزانێت و زۆر جار دێڕێک یان وشەیەک دەخاتە نێو گۆرانیی منداڵانەوە.
بلووم بە دەم ڕێوە بیر لە شتی جیاواز دەکاتەوە، وەک: تویدیی خەزووری؛ توانای ڕەنگی ڕەش لە گەڕانەوە و شکاندنەوەی گەرمی؛ نان و کولێرە و شتی تریش. پاشان بەم بیرانەوە لە خەیاڵیدا دەچێتە جێیەک لە خۆرھەڵات و بیر لە شێوازی ژیانی خەڵکی خۆرھەڵات دەکاتەوە کە مەلایەک بەرماڵێکی پێیە و دایکێک لە بەردەرگای ماڵی خۆیەوە منداڵەکانی بانگ دەکاتەوە و دەنگی سەنتوور دێت. بەڵام ھەر زوو دەردەکەوێت کە بلووم ئەم وێنانەی لە خوێندنەوەی پەڕتووکەوە ھێناوە و خۆی ئەزموونی چوونە خۆرھەڵاتی نییە. یەکێک لەو پەڕتووکانەی بلووم ئەم وێنانەی لێوە ھێناوە ناوی بە شوێن ڕێی خۆردا-یە. پاشان بیر لە نموونەیەک لە ڕەوانبژیی ئاڕثەر گریفیث (١٨٧٢-١٩٢٢) دەکاتەوە، گریفیث نیشتمانپەروەرێکی ئایری بوو و ھەوڵی بۆ بەدەستھێنانی حوکمی سەربەخۆیی ئایرلاند داوە.
بە بەر دوکانی پیاوێکدا دەڕوات بە ناوی لاری ئۆڕورک، پیاوێکی کەچەڵە، ئینجا بیر لە قازانج و مایەی ئەم پیاوە دەکاتەوە، پاشان بیر لە سایمن دێدەلسی باوکی ستیفن دێدەلس دەکاتەوە، کە پیاوێکی جەفەنگییە و وەک خۆی لاسایی ئەم میستەر لارییە دەکاتەوە. بیر لەوە دەکاتەوە گفتوگۆیەکی لەگەڵدا ساز بکات و چاکوچۆنییەکی لەگەڵدا بکات، بلووم وێنا دەکات ئێستا لاری باسی جەنگی نێوان ژاپۆن و ڕوسیا دەکات و پێی وایە کە «ڕوسییەکان لای ژاپۆنییەکان تەنھا بەرچاییەکی کاتژمێر ھەشتی بەیانین». بلووم بیر دەکاتەوە شتێک لە بارەی پرسەیەکەوە بڵێت کە خۆی ئامادە کردووە ئەو ڕۆژە بچێت بۆی، پرسەی ھاوڕێیەکیانە بە ناوی پاتریک (پادی) دیگنەم.
ڕۆژباش لە میستەر ئۆڕورک دەکات و ئەویش وەڵامی دەداتەوە و زۆر درێژە بە چاکوچۆنییەکە نادات. دیسان دەکەوێتەوە بیری ئەوەی داخۆ دەبێت لاری چەند پارە پەیدا بکات و لەم بیرانەدایە کە بە بەردەم قوتابخانەی خۆماڵیی سانت جۆزێفدا دەڕوات، کە قوتابخانەی منداڵان بووە و دەنگی منداڵەکان دەبیستێت. ئینجا بلووم لاسایی منداڵان دەکاتەوە کە گۆرانیی ئەلفبا دەبێژن: «ئایبیسی دیفیجی کێڵۆمێن ئۆپیکیو ڕەستیوڤی دەبلیو»، یان کە منداڵان لە وانەی جوگرافیادا، کە بلووم پێی دەڵێت «جۆگەلەفڕی» چۆن ناوی دوورگەکانی ئایرلاند دەبەن: «ئینیشتورک. ئینیشاڕک. ئینیشبۆفین».
بلووم دەگاتە بەر پەنجەرەکەی دوکانەکەی دلوگاس، چیتر ژمێرکارییەکەی لە بیر دەچێتەوە کە لاری چەند پارە پەیدا دەکات و دەچێتە ژوورەوە. دلوگاس تەنھا یەک گورچیلەی بەرازی ماوە و خانمێکیش لە پێش بلوومەوەیە کە لیستێکی پێیە و ناوی شمەکی پێویستیی لەسەر نووسراوە و بۆ دلوگاسیان دەخوێنێتەوە دلوگاسیش دەیانداتێ. ئەم خانمە لە ماڵەکەی تەنیشتی بلوومدا دەژی، کە ماڵی ودز-ە، نە بلووم و نە گێڕەرەوەکەش زۆر لە بارەی ئەم ماڵەوە نازانن کە ئایا ئەم کچە کچی ئەو ماڵەیە، یان خزمەتکاریانە. بەڵام بلووم تەماشای دەستە قڵیشاوەکانی ئەم کچە دەکات و دواتر چاوی لەسەر سمتی دەنیشێتەوە.
بلووم ڕۆژنامەیەکی گردکراوە ھەڵدەگرێت و دەیخوێنێتەوە، دلوگاس ئەم ڕۆژنامە خوێنراوانە بۆ پێچانەوەی گۆشت بۆ کڕیارەکانی بە کار دەھێنێت، بلووم یەک دوو بابەت لەناو ئەم لاپەڕەی ڕۆژنامەیەدا دەبینێت کە ھەندێک ئاماژەیان تێدایە بۆ ئەوەی کە دلوگاس جووە، چونکە ڕۆژنامەکە ناوی موسا مۆنتیفیۆرێ (١٧٨٤-١٨٨٥) دەھێنێت و باس لە ئاوەدانکردنەوەی «کێڵگە نموونەییەکەی کینارێت لەسەر ڕۆخی دەریاچەی تەبەریاس» دەکات. دەردەکەوێت بلووم پێشتر بیری لەوە کردووەتەوە کە دلوگاس جووە، بەڵام دڵنیا نەبووە، ئێستا ئەو گریمانەیە دەکات کە دلوگاس جگە لەوەی جووە، سییۆنیستێکی سەرسەختیشە.
وێنەیەکی ناو ڕۆژنامەکە بلووم دەخاتە بیری ڕابردوو کە زووتر خۆی لە مەیدانی ئاژەڵانی دەبلن لای پیاوێک بە ناوی جۆزێف کوف کاری کردووە و لەوەوە دێتەوە سەر سمتی خانمەکەی بەردەمی کە کاتێک جل ھەڵدەخات و بە شۆراوەکاندا دەماڵێت چۆن لە نێو تەنوورەکەیدا دەلەنگێتەوە. دلوگاس خانمەکە بە ڕێ دەکات و دێتە سەر میستەر بلووم، بەپەلە داوای گورچیلەکە دەکات و ئەویش بۆی دەپێچێتەوە و پارەکە دەدات، بلووم خوازیارە زوو بە دوای خانمەکەدا بگەڕێتەوە ماڵەوە، چونکە دیمەنی پشتی خانمی بە دڵە! وێنای خانمەکە دەکات لە باوەشی پۆلیسێکدا و ماوەی پارەکەی ھەڵدەگرێت و ماڵئاوایی لە دلوگاس دەکات، بەڵام بڕیار دەدات لە دلوگاس نەپرسێت کە ئایا ئەو جووە یان نا.
بلووم کە دێتە دەر، خانمەکە شوێنەواری نەماوە، ئیتر بە دەم ڕێی گەڕانەوەی ماڵەوە زیاتر لە ڕۆژنامەکە دەخوێنێتەوە، ڕیکلامێکی تێدایە کە بە عیبری نووسراوە «ئەگنداث نەتایم»، ھی کۆمپانیایەکی سییۆنییە کە باس لە کڕینی زەویی کەلاوە دەکات لە «حکومەتی تورکی» و لەوێ درەختی ئۆکالیپتۆس دەچێنن، یان درەختی تر و ئەم کۆمپانیایە ساڵانە نموونەی بەری درەختەکان بۆ خاوەنەکان دەنێرنەوە. پاشان بلووم بیر لە کۆنە دراوسێیەکی دەکاتەوە بە ناوی سیترۆن و بیر لە سەردەمی خۆشی زوو دەکاتەوە. پاشان بیر لە بەری ئەو درەختانە دەکاتەوە کە ئەو کۆمپانیایە لە ئیسرائیلەوە دەیاننێرێت بۆ ئایرلاند و بیر لە ڕێکەیان دەکاتەوە، لەوێشەوە بیر لە مێژووی گەلی جوو دەکاتەوە کە یەکەم نەژادی مرۆڤ لەوەوە بەری گرتووە، بێگومان ئەمەش بە گوێرەی گێڕانەوەی تەورات، ئادەم و حەوا لە باپیرەکانی جووەکانن. پاشان بیر لە ڕاپێچکردن دوای ڕاپێچکردنی جووەکان دەکاتەوە لەسەر دەستی نەتەوە جیاجیاکان. بلووم بۆ گەڕانەوە ماڵەوە پەلە دەکات و بیر لە وێرانبوونی سەدۆم و عەمۆراش دەکاتەوە، کە ئەم چیرۆکەش ھەر لە تەوراتدا ھاتووە. دواتر سەرنجی ھەندێک لە خانووەکانی سەر ڕێکەی دەدات، وێنای کچەکەی خۆی دەکات کە بەرەوڕووی دێت.
کچەکەی بلووم ناوی میلیسنت (میلی) بلوومە، دوێنێ، کە دەکاتە ١٥ی حوزەیرانی ١٩٠٤، ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ١٥ساڵەی بووە و ئێستا لەگەڵ دایک و باوکیدا ناژی و لە مەلینگەر-ە، کە شارۆچکەیەکی کاونتیی وێستمیث-ە، کە یەکێکە لە کاونتییەکانی ئایرلاند. کە بلووم دەگاتەوە ماڵەوە، لە ڕاڕەوەکەدا دوو نامە و کارتێک دەبینێت کە ھاتوون و ھەڵیاندەگرێتەوە، یەکێکیان لەسەری نووسراوە «خاتوو ماریۆن بلووم» کە بلووم سەرنجی خەتی نووسینەکە دەدات و دەزانێت لە کێوە ھاتووە، بەڵام قسە ناکات، ئەو کەسەش پیاوێکە بە ناوی ھیو (بڵێسە) بۆیلەن، کە بەڕێوەبەری کارەکانی ژنەکەیەتی و پەیوەندیی سەرجێییشی لەگەڵیدا ھەیە و بلوومیش ئەمە دەزانێت. نامەکەی تر و کارتەکەش لە میلیی کچیانەوە ھاتووە، کارتەکە بۆ مۆڵی و نامەکەش بۆ بلووم. بلووم دەچێتەوە ژووری نوستنەکەیان و کارتەکەی میلی و نامەکەی کە بۆ مۆڵی نێرراون بە مۆڵی دەدات، پاش کەمێک خاوەخاو دەچێتەوە بە لای چای بەیانییەوە لە موبەق، کە کتلییەکەی لەسەر ئاگر داناوە. گورچیلەکە لە ڕۆژنامەکە دەردەھێنێت و دەیخاتە تاوەیەکەوە و لەگەڵ کەرەدا سووری دەکاتەوە و کاغەزی پێچەرەوەی گورچیلەکەش دەداتە پشیلەکە لێساولێسی بکات، ئینجا نامەکەی میلیی کچی دەردەھێنێت و ھەر وا سەرپێییانە دەیخوێنێتەوە.
بلووم دەکەوێتە بیری ھەندێک یادەوەریی منداڵیی میلیی کچی و گۆرانییەک کە کاتی خۆی ئەم بۆ ئەوی وتووە «ئەی میلی بلووم نازداری منیت». پاشان بەرچاییەکە ھەڵدەگرێت و دەیبات بۆ ژنەکەی لە ژووری نوستنەکەی قاتی سەرەوەی ماڵەکەیان.
بلووم لە ژووری نوستنەکە سەرنج دەدات لەو کاتەی ئەمی لێ نەبووە مۆڵی نامەکەی کردووەتەوە، چونکە تیلمەیەکی دڕاوی نامەکە لەژێر سەرینەکەیدا دەبینێت. وا خۆی دەردەخات کە نازانێت نامەکە لە کێوە بووە، بۆیە دەپرسێت «نامەکە لە کێوە بوو؟» ژنەکەیشی دەڵێت کە لە بۆیلەنەوە بووە و ئەمڕۆ دێت و بەرنامەی کۆنسێرتەکەی داھاتوویانی بۆ دەھێنێت. خاتوو بلووم بەرچایی دەخوات، پرسیاری کاتی پرسەکەی دیگنەم دەکات و وەڵام وەردەگرێت.
مۆڵی لە ڕۆژانی ڕابردوودا ڕۆمانێکی خوێندووەتەوە بە ناوی ڕوبی: قارەمانی گۆڕەپان، کە بلووم بە کرێ بۆی ھێناوە، باس لە کچێک دەکات بە ناوی ڕوبی و پاش ئەوەی خێزانەکەیان دادەڕمێت، لە تەمەنی سیانزە ساڵییەوە فرۆشراوە و خراوەتە بەر کاری زۆرەملێ و دواتر بە پیاوێک فرۆشراوە بە ناوی سینیۆر ئێنریکۆ مافێی، کە بەڕێوەبەری سێرکە. ئەم پیاوە زۆر نادادانە لەگەڵ ڕوبیدا ڕەفتار دەکات و لێی دەدات. مۆڵی پرسیاری وشەیەکی ناو ئەم پەڕتووکە لە بلووم دەکات، کە وشەی «گیانگۆڕکێ»یە، بلووم ھەوڵ دەدات بۆی ڕوون بکاتەوە وشەکە بە چ واتایەک دێت و دواتر بلووم لەم چیرۆکەوە دەکەوێتە بیری سێرکێک کە خۆی چووە بۆی و ڕووداوێکی نەخوازراو تیایدا ڕووی داوە. وا دیارە ئەم پەڕتووکە پەڕتووکێکی ڕاستەقینە نەبێت و جۆیس خۆی لە لێکدانی چەند پەڕتووکێکی ھاوشێوە دروستی کردبێت. بەھەرحاڵ، بلووم بە دەم بیرکردنەوەوە سەرنجی ھەندێک لە شتەکانی نێو ژووری نوستنەکە دەدات، یەکێک لەوانە تابلۆیەکە بە پەنا سەریانەوە ھەڵیانواسیوە و ناوی خۆشوشتنی پەرییەکەیە، ئینجا وشەی «گیانگۆڕکێ» بۆ مۆڵی ڕوون دەکاتەوە. لەپڕ بۆنی شتێکی سووتاو دەکەن، کە ئەویش گورچیلەکەیە کە بلووم لە خوارەوە لەناو تاوەکەدا بە جێی ھێشتووە. بلووم ڕۆمانەکە دەخاتە گیرفانی تا دواتر بیباتەوە بۆ ئەو جێیەی لێی بە کرێ ھێناوە و بە ھەڵەداوان دەچێتە خوارەوە.
بلووم لە موبەقەکە دەبینێت لایەکی گورچیلەکە کەمێک سووتاوە، بەڵام خۆی وەھا حەزی لە گورچیلەیە و دادەنیشێت و لەگەڵ کووپێک چادا دەیخوات، لەناکاو بیری ھەندێک لە وتەکانی میلیی کچی دەکەوێتەوە لە نامەکە و جارێکی تر نامەکە دەردەھێنێت و دوو جار ھەموو نامەکە دەخوێنێتەوە. میلی لە نامەکەدا سوپاسی دەکات کە دوێنێ بە بۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونیەوە دیاریی بۆی ناردووە، ئەویش کڵاوێکی تامۆشانتەر بووە، ئینجا باسی خۆی بۆ دەکات کە لە بواری فۆتۆگرافیدا کار دەکات و حەفتەی داھاتوو نیازیان وایە بچنە سەیران بۆ سەر دەریاچەیەک بە ناوی دەریاچەی ئۆوێڵ. ھەروەھا باسی کوڕێک دەکات کە خوێندکارێکی گەنجە و جارجار دێت سەردانیان دەکات، دواتر لە ڕۆمانەکەدا بۆمان دەردەکەوێت ئەم کوڕە ناوی ئەلێک بانەن-ە.
بلووم پاش خوێندنەوەی نامەکە دەکەوێتە بیری سەیریی دونیا کە میلی وا گەورە دەبێت و لێیان دوور دەکەوێتەوە، ئینجا ھەندێک یادەوەریی تری منداڵیی میلی دەھێنێتەوە بیری. لەوەوە بیر لە منداڵێکی تری خۆی و خاتوو بلووم دەکاتەوە کە کوڕێک بووە بە ناوی ڕودی و پێنج ساڵ دوای میلی، واتە دە ساڵ بەر لە ئێستا و لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ١٨٩٣ لە دایک بووە و لە ٩ی کانوونی دووەمی ١٨٩٤دا مردووە، واتە تەنھا یانزە ڕۆژ ژیاوە. مەرگی ئەم منداڵە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دەروونی میستەر بلووم و خاتوو بلوومی ژنیشی داناوە، دواتر دەردەکەوێت لەو کاتەوە پەیوەندیی سەرجێییان نەماوە و بلووم بۆ مەرگی ئەم کوڕەی زۆر پەرۆشە و خوازیار بوو لە دوای خۆی کوڕێکیشی بە جێ بھێشتایە.
پاشان بلووم ترسی ئەوە دایدەگرێت کە نەکا میلی کە وا ئێستا لە دووری ئەوان دەژی خراپەی لەگەڵ بکرێت، ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر میلی تووشی کێشە بوو چۆن بەرگریی لێ بکات و چۆن بچێت ڕزگاری بکات، بەڵام دواتر متمانەی پێ دەکات و بە خۆی دەڵێت «دەزانێت چۆن ئاگای لە خۆی بێت» و ئەگەر شتی خراپیش ڕووی دا ئەو کاتە ئەم وەک باوک بە ھانایەوە دەچێت. ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە ئایا ڕۆژێک سەردانی بکات و دیارییەکی بۆ ببات یان نا؟ پشیلەکە، کە کاغەزی گورچیلەکەی تێر لێسایەوە، بلووم لەم بیرانە دادەبڕێنێت و دەیەوێت بڕوات.
بلووم ھەست دەکات پێویستە بچێت دەست بە ئاو بگەیەنێت، لەناو چەکمەجەیەکدا حەفتەنامەیەک دەردەھێنێت و دەرگا بۆ پشیلەکە دەکاتەوە، پشیلەکە ڕادەکاتە سەرەوە بۆ لای مۆڵی، بلوومیش خۆی و حەفتەنامەکە دەچنە حەوشەی پشتەوە، کە لەوێ باخچەیەک و ئاودەستێکی لێیە، لە حەوشەکە کەمێک ڕادەوەستێت و بیرێک لە گەشەدان بە باخچەکە دەکاتەوە کە چی بڕوێنێت و چۆن خاکەکەی بەپیت بکاتەوە. گوێ بۆ ماڵەکەی تەنیشتیشیان ھەڵدەخات تا بزانێت ئایا کەسیان لە دەرەوەن یان نا. بە کورتیش بیر لە بڵێسە بۆیلەن دەکاتەوە، کە وا دیارە کەمێک لەوەوبەر دیویەتی کە بۆیلەن لای دەلاک بووە و قژی چەور کردووە و خۆی قۆز کردووە. ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە ئەگەر کات ما و فریا کەوت پێش پرسەکە بچێت بۆ گەرماوی دەرەوە و خۆی بشوات.
ئینجا بلووم دەچێتە ئاودەستەکە و بە دزییەوە لە کونێکەوە تەماشای پەنجەرەی ماڵەکەی تەنیشتیان دەکات. پاشان لەسەر کاسەی ئاودەستەکە دادەنیشێت. جۆیس نزیکەی دوو لاپەڕەی لەسەر چۆنێتیی ئەم ئاودەستکردنەی میستەر بلووم نووسیوە و لەمەوە دەزانین کە بلووم نەخۆشیی مایەسیریی ھەیە و دوێنێ قەبز بووە.
بلووم لە حەفتەنامەکەدا چیرۆکێک دەخوێنێتەوە بە ناونیشانی نووسینی خەڵاتکراومان: کارامەییەکەی ماتچام، لە نووسینی فیلیپ بیوفۆی، کە بە درێژایی ھەموو ڕۆمانی ئولیس دەرناکەوێت ئەم چیرۆکەی ماتچام چۆنە، ئەگەرچی لە ئەڵقەکانی داھاتوودا چەند جارێکی تریش ئاماژەی پێ دەدرێتەوە. فیلیپ بیوفۆی کەسێکی ڕاستینەیە و زۆر جار لەو حەفتەنامەیەدا چیرۆکی بڵاو کردووەتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو چیرۆکەی نەنووسیوە کە جۆیس لە کۆتایی ئەم ئەڵقەیەدا ھێناویەتی و وا دیارە خەیاڵکردە. بلووم بیر لەو پارەیەش دەکاتەوە کە میستەر بیوفۆی لە بەرانبەر نووسینی ئەم چیرۆکەدا وەریگرتووە و بیر لەوە دەکاتەوە خۆیشی چیرۆکێک بھۆنێتەوە و بڵاوی بکاتەوە. جۆیس بە شێوەیەکی جەفەنگی ئاودەستکردنەکەی بلوومی ھاوکات کردووە لەگەڵ خوێندنەوەی چیرۆکە خەڵاتکراوەکەی ناو حەفتەنامەکە و زاراوەی سەربازیی بۆ کارەکەی بلووم بە کار ھێناوە، وەک: «خەریک بوو خۆی بە دەستەوە بدات، بەڵام بەرگریی کرد» و «بەرگرییەکەی داڕما». بلووم دێتەوە سەر بیری چیرۆکەکەی خۆی کە بە نیازە بینووسێت و وەک میستەر بیوفۆی پارەی پێ وەربگرێت، بیر دەکاتەوە کە ئایا لە بارەی چییەوە بێت، پێی وایە کە باشترە سوود لە پەندی پێشینان وەربگرێت و لە بارەی خۆی و ژنەکەیەوە بێت: «میستەر و خاتوو ل. م. بلووم» واتە میستەر لیۆپۆڵد بلووم و خاتوو مۆڵی بلووم. ئینجا بیر لەوە دەکاتەوە کە بەیانییەک لە بازاڕ باندێکی موزیک موزیکی سەمای سەعاتەکانی ئەمیلکارێ پۆنکیێللی (١٨٣٤-١٨٨٦)یان ژەندووە و ئەم بە گۆڕانی جلوبەرگی سەماکەرەکاندا، کە لەگەڵ موزیکەکەدا سەمایان کردووە، سەری سەعاتەکانی ناو موزیکەکەی بۆ مۆڵی ڕوون کردووەتەوە. بە گشتی لەم کۆتاییەدا بیر لە ڕۆتینێکی گشتیی ژیانی مۆڵی دەکاتەوە، ھەروەھا بیر لەو کاتەش دەکاتەوە کە مۆڵی و بۆیلەن یەکەم جار یەکیان ناسیوە. لە کۆتاییدا نیوەی چیرۆکە «خەڵاتکراو»ەکەی ناو حەفتەنامەکە دەدڕێنێت و خۆی پێ پاک دەکاتەوە و لە ئاودەست دێتە دەرێ.
بلووم لەبەر ڕووناکییەکەی باخچەکەدا چاوێک بە پانتۆڵەکەیدا دەخشێنێت تا بزانێت لە ئاودەستەکە پیس بووە یان نا، چونکە نایەوێت جلەکانی بۆ پرسەکە بگۆڕێت، چونکە ھەر لە بەیانییەوە خۆی بۆ پرسەکە ئامادە کردووە و بۆینباخ و پانتۆڵی ڕەشی پۆشیوە. لەم کاتەدا کڵێسای جۆرج، کە لای ماڵیانەوە نزیکە، زەنگی سەعات ٨:٤٥ی بەیانی لێدەدات و ئەڵقەکە بە شەش جار دووبارەبوونەوەی «ھەیھوو» و بیرێکی کورتی بلووم تەواو دەبێت، کە ئەم تەواوکردنە تا ڕادەیەک ھاوتەریبی کۆتایی ئەڵقەی یەکەمی لای ستیفن دێدەلسە.