
پشتیوانی لە زمانی کوردی1
ئینگلەکان و شکۆ
هەندێک کەس دەڵێن: «مادەم ئینگلی(زی) ئەوەندە زمانێکی دەوڵەمەند و گەورە و بەشکۆیە، کەواتە با کوردی لابدەین و هەموومان ئینگلی(زی) فێر ببین». (تێبینی: من پێم دروستترە بوترێت ئینگلی، نەک ئینگلیزی، لەسەریشیم نووسیوە، دەتوانن بیخوێننەوە). بەهەرحاڵ، بەڵام داخۆ ئایا زمانی ئینگلی هەمیشە ئەم شکۆیەی هەبووە؟ یان داخۆ ئەگەر شکۆی هەیە، ئەم شکۆیەی لە کوێوە هێناوە؟
خێزانە خانەدان و ناوخاسەکانی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا وەک نیشانەیەک بۆ خانەدانێتی و ناوخاسییان، دەسەڵات ئاڕمێکی پێیان دەدا تا پێی بناسرێنەوە. بەم ئاڕمە دەوترێت: کۆت ئۆف ئاڕمس (coat of arms) و بە کوردی ئێمە بە «خانەداننیشان» وەریدەگێڕین.
جا خانەوادەی ویلیەم شێکسپیر (ڕەنگە بە هاندانی ویلیەم-ی گەورەنووسەر بووبێت کە جۆن-ی باوکی هەوڵی بەدەستهێنانی ئەم خانەداننیشانەی داوە)، کە شانازیی زمانی ئینگلییە و لای زۆربەی شارەزایان بە مەزنترین نووسەری زمانەکەیان دادەنرێت، ئەم خانەداننیشانەیان وەرگرتووە.
لە ژێر خانەداننیشانەکەدا نووسراوە: نۆن سانز درۆیکت non sanz droit، کە بە زمانی فەڕەنسیی کۆن نووسراوە و بە واتای شتێکی وەک: «بێماف نین» دێت.
مەبەستم ئەوەیە ئینگلەکانی ئەوسا زمانی فەڕەنسیی کۆنیان لا شکۆمەند بووە، نەک ئینگلی. بە جۆرێک کە ئامادە بوون دروشمی سەر ئاڕمی مەزنترین نووسەرەکەیان بە ئینگلی نەبێت، بەڵکو بە فەڕەنسیی کۆن بێت.
پاشان ئینگلەکان وردەوردە بە جۆرێک شکۆ دەدەن بە زمانەکەی خۆیان، کە ئێستا تەنها زانینی ئینگلی ملیۆنان هەلی کار دەڕەخسێنێت. ئێمەی کوردیش دەتوانین کارێکی هاوشێوە بۆ زمانی کوردی بکەین. بەڵام سەدان ساڵی تر نەوە و نەوەی نەوەکانمان لە بەری پشتیوانی و هەڵوێست و ڕەنجی ئێمە دەخۆن.
چی نرخ و شکۆ دەدات؟
ڕاستە دەرەوەی خۆت کاریگەریی لەسەر نرخ و بەها و شکۆی ئەو شتانە دروست دەکات کە تۆ هەتن. بە نموونە: دەکرێت نەتەوەکانی تر وا بکەن ئەوەی تۆ هەتە بێنرخ و بێبەها و بێشکۆی بکەن. بەڵام هەڵوێستی تۆ زۆر گرنگە لە گۆڕینی ئەم هەڕەشەیەدا. چون مرۆڤ خۆیشی دەتوانێت بەشدار بێت لە پێدانی بەها و نرخ و شکۆ بەوەی هەیەتی، ئەگەریش هەموو جیهان لە دژی کار بکەن. بەڵام هەر ئەو مرۆڤەش دەتوانێت لەگەڵ دەستە دەرەکییەکەدا بەها و نرخ و شکۆ لەوانە بستێنێتەوە کە هەنی و هەڕاج و هەرزانفرۆشیان بکات.
هەر ئێمەش وەک نەتەوەی کورد دەتوانین شکۆ و نرخ بدەین بە زمانمان، یان لێی بستێنینەوە. واتە یان پشتیوانیی لێ بکەین، یان هەرزانفرۆش و هەڕاجی بکەین. جا ئەگەر بێویست و بێهەڵوێست بین، ئەوا بە دەستی خۆمان زمانەکەمان دەکوژین. بەڵام ئەگەر لێهاتوو و بەتەنگەوەهاتوو بین، ئەوا ڕەنگە بتوانین کارێک بکەین ڕۆژێک لە ڕۆژان جگە لە خۆمان، هەموو جیهان بە زمانی ئێمە بدوێن. ئەمە لە خۆیەوە دروست نابێت، ئەمە بەرهەمی ئەو هەڵوێست و ویستە دەبێت کە تۆ ئەمڕۆ دەیانگریتە بەر.
ئەگەر ئێمەی کورد لە هەموو شوێنێکدا لە پشت زمانی خۆمانەوە بوەستین و داکۆکیی لێ بکەین، ئەوا لە سەد ساڵی داهاتوودا زمانەکەمان دەبێت بە زمانێکی ڕکابەری زمانە پڕئاخێوەرەکانی جیهان. وای لێ دێت تاکی کورد، تەنها بە زانینی زمانەکە بتوانێت هەلی کاری دەست بکەوێت و زمانەکە ببێتە سەرچاوەی دارایی بۆ نەوەکانمان. هەروەها نە عەرەبی و نە هیچ زمانێکی تر لە ئایندەدا ناتوانن شوێن بە کوردی لەق بکەن و ئاخێوەرەکانی برسی بکەن و ناچاریان بکەن ئەگەر زمانی داگیرکەر نەزانن، ئیتر کاریان دەست نەکەوێت. بەڵام ئەمە بە هەرەوەزی و کۆڵنەدان دەکرێت.
ئاخێوەرانی زمانی کوردی دەتوانن شکۆ بە زمانی کوردی بدەن
زمانی ئینگلی شکۆی لەوێوە هێناوە کە ئاخێوەرەکانی کەم نەیاننرخاندووە و لە پشتی وەستاون. کە هیندستانیان داگیر کردووە، ئەمان سەد هەزار کەسێک بوون، ئەوان ملیۆنان کەس بوون، بەڵام وتوویانە: «دەبێت ئەم ملیۆنان خەڵکە بە زمانی ئێمە بدوێن!». ئەمە پشتیوانییە. عەرەبەکان کە هاتن ئەم ناوچانەیان داگیر کرد، خۆ ئەوان گوایە بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی خودا هاتبوون و باشتر بوو بە زمانی ئێمە بدوێن تا پەیامەکەمان تێبگەیەنن، کەچی لەوێدا لە پشت زمانی خۆیان وەستان و وتیان: «دەبێت هەموو ئەم داگیرکراوانە بە زمانی ئێمە بدوێن». کورد بوونایە دەیانوت: «بە زمانی ئەوان دەدوێین، بۆ ئەوەی تێبگەن!». یان «بە زمانی ئەوان دەدوێین، چون ئەوان زۆرترن!». گەرچی زۆربەی کوردان لە بەرانبەر کەمینەشدا هەر زمانی خۆیان دەگۆڕن!
ڕەنگە عەرەب و ئینگلەکان خۆیشیان وێنای ئەوەیان نەکردبێت کە بە پشتیوانییەکەیان زمانەکانیان وەها ڕەگ دابکوتن. بەڵگەش هەیە بۆ ئەمە: زمانی فەڕەنسی لای ئینگلەکان ئەوەندە زمانێکی شکۆمەند بووە، کە تا ئێستاش بە ئینگلی بە زمانی فەرمی دەڵێن: «لینگوا فڕانکا». لینگوا فڕانکا دەستەواژەیەکی ئیتالییە، بە واتای: «زمانی فەڕەنسی» دێت! فەرهەنگی کۆلینز نموونەی ڕستەیەکت دەداتێ کە دەڵێت: «English is rapidly becoming the lingua franca of Asia»، واتە: «ئینگلی وا بە خێرایی دەبێت بە زمانی فەڕەنسیی ئاسیا!». ئەم دەربڕینە هەر نوکتەیە! وەکو ئەوە وایە بڵێیت: دووشەممان هەینیمانە! لەبەر ئەوەی تۆ وشەت نەبێت بۆ پشوو!
پەیوەندیی نێوان شکۆ و متمانە پەیوەندییەکی سەیرە، متمانە شکۆ دروست دەکات و شکۆش متمانە دروست دەکات، یەکتر تەواو دەکەن. دەکرێت دروستیش بکرێن، بۆیە زۆر گرنگە متمانەت بە خۆت و زمانەکەت هەبێت، شکۆیشی پێ بدەیت، تا دواتر هەردووکیانی لێ بدوریتەوە.
کەوتووەتە سەر ئێمە
هەندێک کەس دەڵێن کە زمانی کوردی کەموکووڕە و بە کەڵک نایەت. بەڵام پێم وایە کەموکووڕییەکە لە زمانی کوردیدا نییە، بەڵکو لە ئێمەی ئاخێوەرەکانیدایە. بۆ نموونە فارس، بەو زمانەی ناوی ناوە فارسی، کە نەوەد لە سەدی عەرەبی و کوردییە و ئەوەی تری تێکەڵەی زمانی ترە، زڕەزمانێکی دروست کردووە و بەسەر هەموو نەتەوە داگیرکراوەکانیدای سەپاندووە. ئێمەش زمانێکی مەزن و نایابمان هەیە و فڕێمان داوە!
بابەتەکە گەورە و بچووکیی زمانەکە نییە، بەڵکو ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین چی لەم زمانە دروست بکەین. واتە بابەتەکە ویست و هەڵوێست و دەستڕەنگینیمانە لە بەرانبەر بێویستی و بێهەڵوێستی و دەستمردووییماندا.
خۆشبەختانە ویست و هەڵوێست و دەستڕەنگینی شتگەلێکن دەکرێت فێریان ببین. وەنەبێت نەشمانبووبن، هەمانبوون، بەڵام لە زۆرێکماندا کز بوون، چون زۆربەمان خۆمانمان لە بیر براوەتەوە، خۆمانمان لێ ون کراوە. هەموو دونیا دەبینین، خۆمان نەبێت، کێشە و ستەمدیدەیی هەموو دونیا دەبینین، هی خۆمان نەبێت. دەشتوانین بە شانازییەوە لە زمانی هەموو دونیادا قاڵ بین، هی خۆمان نەبێت!
بەڵام دەکرێت لەمەودوا ئاوڕ لە خۆمان بدەینەوە و خۆمان ببینین. دڵنیاتان دەکەم ئەگەر متمانەمان بە خۆمان هەبێت، زمانێکی زۆر مەزنمان لەبەردەمدایە و دەتوانین کاری زۆر گەورەی پێ بکەین.
بەڵام دەبێت ئەمڕۆ زمانی کوردی هەڵببژێرین و بڕیار بدەین هەموو شت بە زمانی کوردی بکەین. ئەو کاتە ئەگەر زمانەکە کەموکووڕییشی تێدا بێت دەتوانین ڕووبەڕوویان ببینەوە و چارەیان بکەین. بەڵام گەر ئێمە کوردی هەڵنەبژێرین، ئەوا ڕووبەڕووی کەموکووڕییەکانیشی نابینەوە و خۆمان لە هەموو چارەیەک دەدزینەوە و دەبینە پاشکۆی نەتەوەیەکی تر.
ئایا زمانی کوردی کەموکووڕە؟
تا شتێک بە کار نەهێنیت ڕووبەڕووی کەموکووڕی و کێشەکانیشی نابیتەوە. گەر نەژییت، چۆن ڕووبەڕووی کێشەکانی ژیان دەبیتەوە و چارەیان دەکەیت؟ زمانیش وایە. هەر زمانێک بە هۆی بەکارهێنانەوە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان دەبێتەوە و ئاخێوەرەکانی کێشەکانی چارە دەکەن، ئەوەی نییەتی بۆی دادەڕێژن، یان لێکیدەدەن، یان بۆی دەخوازن. هەموو ڕۆژێک بیر و شتی نوێ دێنە جیهانەوە، زمانیش هەوڵ دەدات جێی ئەم بیر و شتە نوێیانە لە خۆیدا بکاتەوە.
بۆ نموونە: هەمووی سەد و سی و هەشت ساڵە ئوتومبێل هەیە. عەرەب وشەی سەییارە-یان بۆی داناوە، کە وشەیەکی زۆر کۆنە و بە واتای گەڕۆک دێت، تەنانەت لە قورئاندا هەیە: «وَجَاءَتْ سَيَّارَةٌ فَأَرْسَلُواْ وَارِدَهُمْ فَأَدْلَى دَلْوَهُ» (یوسف: ١٩). ئینگلەکانیش هەمان شتیان کردووە، وشەی کاڕ car-یان بۆی داناوە کە هاوڕیشەی وشەی کاروان-ە، زۆر پێش ئوتومبێل بۆ گالیسکە بە کار هاتووە. شێکسپیریش وشەکەی بە کار هێناوە2.
واتە عەرەب و ئینگل وشەیەکی کۆنیان بۆ داهێنانێکی نوێ داناوە. کەچی ئەگەر کورد ناوی گەڕۆک-ی لە ئوتومبێل نابا، کە ڕەفیق حیلمی ناویەتی، هەر کوردەکەی خۆمان سەرکۆنەی دەکردین کە کوردی زمانێکی لاوازە. بەڵام بێ هیچ پرسیارێک لە عەرەبی و ئینگلیی پەسەند دەکەین و بە زمانەکانیان سەرسام دەبین، بەڵام ئەوەی خۆمانمان پێ کەمە.
ئەو کەسانەی وا دەڵێن هەڵەن لەبەر، یەکەم: خۆیان هیچ هەوڵێکی ئەوتۆیان لەگەڵ زمانی کوردیدا نەداوە و هەموو جێیەکی زمانەکەیان تاقی نەکردووەتەوە تا گەیشتبن بەو دەرئەنجامە. دووەم: بێ پرسیار خۆیان بۆ وشەی زمانی تر دەدەن بە دەستەوە و پەسەندی دەکەن، بەڵام بۆ هی زمانی خۆیان وا نین.
بۆ زمانێکی تر نەبێت؟
ڕەنگە بپرسیت: «بۆ کوردی بێت؟ بۆ زمانێکی تر نەبێت؟ خۆ هەمان کار دەکات». لەبەر ئەوەی وەک نەتەوە هیچ شکۆیەکت نابێت. دەتوانین شکۆکە لای عەرەب و فارس و تورک و ئینگلەوە بهێنین بۆ کورد و کوردستان.
بۆ کوردی بێت؟ چون کوردی هی خۆمانە، هەزاران ساڵ باوان و دایانمان بەم زمانەوە ماندوو بوون و بیریان پێ کردووەتەوە و پاراستوویانە، ئەرکمانە درێژە بەو پاراستنە بدەین و گەشەی پێ بدەین. زمانەکەمان تێڕوانینگەیەکی مێژوو و گەشەمانە. گرنگترین پایەی نەتەوایەتییمانە. ئەگەر زمانی کوردی نەمێنێت، کوردبوون و کوردستانیبوون بێپایە دەبن.
ئەم زمانە توانا و ویست و بڕیار و هەڵوێستی ڕابەرایەتیی ئێمە دەخاتە بەر تاقیکردنەوە. بەڵام زمانی نەتەوەی تر تەنها توانای شوێنکەوتەییمان دەخاتە بەر تاقیکردنەوە. چون ئێمە لە کوردیدا خاوەن و ڕابەر و پێشەواین، بەڵام بۆ زمانانی تر تەنها فێربووێکین.
وەک ئەوە وایە بڵێیت: «خۆ جامی جیهانی هەیە، قەیچێکە با ئەرجەنتین بیباتەوە!». ئەی بۆ تۆ نەیبەیتەوە؟ مێژوو تۆمار دەکەیت؛ متمانە بۆ خەڵکەکەت دەگەڕێنیتەوە؛ شکۆ بە هاووڵاتییانت دەدەیت؛ دەستت دەبێت لە دروستکردنی جیهاندا و هەر وا بینەرانە سەیر ناکەیت یەکێکی تر ژیان بەو جۆرە بنەخشێنێت کە خۆی دەیەوێت.
خۆ ڕاستە، ئێمەش نەبین پێشبڕکێکان هەر دەکرێن و خەڵکانی تر هەر تیایاندا بەشدار دەبن. بەڵام بۆ منداڵەکەی تۆ نەبێت کە دەیباتەوە؟ بەڵام بۆ ئەو بردنەوە و شکۆیە کارێکی درێژ و پشتیوانییەکی بەردەوامی چەند نەوەیەک پێویستە.
زمانی کوردی توانستەکەی هەیە
هەندێک کەس پێیان وایە زمانی کوردی زمانێکی لاوازە و کەڵکی ئەوەی نییە ببێتە زمانی کار، یان زمانی زانست. یان زمانەکە بەشی بیرکردنەوەکانیان ناکات. بەڵام ئەمە هیچ ڕاست نییە. زمانی کوردیش وەک هەر زمانێکی تر توانای داڕشتن و لێکدان و خواستنی وشەی هەیە.
کۆڕی زانیاریی کورد لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی پێشوودا هەزاران وشەی نوێیان هێنایە نێو کوردییەوە و دەیان هەزار منداڵ بەو وشە نوێیانە زانستیان خوێند. خۆم یەکێکم لەوانە. ئەگەر ئێستاش وشەیەکمان لە بەرانبەر زاراوەیەکی زانستیدا نەبێت، ئەگەر بڕیارمان دابێت بە کوردی بدوێین و بخوێنین، ئەوا بە ناچاری وشەیەکی نوێی یان بۆ دروست دەکەین، یان بۆی دادەڕێژین، یان لێکیدەدەین. یان لە خراپترین باردا: دەیخوازین.
پێم وایە بابەتەکە یان خۆبەکەمزانینە، یان نەزانینە. دەنا زمانی کوردی تەنها لەو هەزار وشەیە پێک نەهاتووە کە زۆربەی کوردە کوردینەزانەکان ئەوەندەی لێ دەزانن. ئەگەر هەر ئەوەندەش بێت، کە ئەوەندە نییە، دەتوانین فراوانتری بکەین و توانای داهێنانمان تاقی بکەینەوە. چون زمانەکە بەشی پێویست کەرەستەی پێکهاتنی نوێی پێمان داوە.
ئینگلیش لە سکی دایکیەوە (ئەگەر دایکی هەبووبێت و دایکی دووگیان بووبێت) وشە و زاراوەی بۆ زانستەکان نەبووە. بەڵکو ڕۆژێک وشەیان بۆیان دیاری کردووە. ئینگلی لانیکەم ٨٠٪ی وشەکانی لە گریکی و لاتینی خواستووە و هیچیان هی خۆی نین. بەڵام زۆر کورد کە یان ئینگلی نازانن، یان تەنها لە ئاستی ڕووکەشدا دەیزانن، وا دەزانن وشەکان ئینگلین و لەوەتەی دونیا هەیە هەن. لە کاتێکدا وا نییە. سەدان هەزار وشەی ئینگلی لە نێو فەرهەنگدا دەبینین کە چ ڕۆژێک بە دیاریکراوی دروست کراون، یان خوازراون.
زمان تێڕوانینگەیە و دەبێت بپارێزرێت
کە دەڵێم: «زمانەکەمان تێڕوانینگەیەکی مێژوو و گەشەمانە»، لە خۆمەوە وا ناڵێم. لە ڕاستیدا زمان تێڕوانینگەیەکە بۆ تێگەیشتنی زۆر بواری تریش. بۆ نموونە: کە لە زمانی کوردی دەڕوانیت و دەبینیت لە بیست تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بە هەزاران وشەی کوردیی پاراو یان دروست کراون، یان هی کۆن زیندوو کراونەتەوە، لەمەوە تێدەگەین کە لەو سەردەمەدا هۆشیارییەکی نەتەوەیی لە نێو کورددا بڵاو بووەتەوە کە لە زماندا ڕەنگی داوەتەوە. واتە ئەگەر مێژووش ون ببێت، زمانەکە ئاماژە و درکە و تیلنیشانت پێ دەدات بەوەی چی لەو سەردەمەدا گوزەراوە.
یان: کە عەرەب وشەی «سیاسە» بە کار دەهێنێت، کە وشەیەکی ئاژەڵدارییە و واتە ڕامکردنی حوشتر و ئەسپ و ئاژەڵ. لەمەوە تێدەگەیت کە ئەو لە بنەوەڕا تێڕوانینی بۆ ئەو بوارە ئەوەیە کە وەک ئاژەڵ ڕەشمە لە ملی خەڵک بکات و ڕامیان بکات. لە ڕاستیشدا لە کرداری زۆربەیاندا، بە تایبەتی بەرانبەر بە کورد، ئەمە ڕەنگی داوەتەوە. بەڵام دەبینیت گریکەکان وشەی پۆلیتیکی-یان بۆی داناوە بە واتای شارداری. لەمەوە تێدەگەیت کە لای ئەوان بوارەکە واتە هونەری بونیادنانی شار و شارستانێتی. لێرەدا زمان ئەوەت بۆ دەردەخات کە ئەم دوو نەتەوەیە چۆن لە بوارەکە تێگەیشتوون. هەر لەم ڕووەوەیە کە من خوازیارم وشەی ڕامیاری، کە وەرگێڕراوی سیاسە و پەتلەملکردنە عەرەبییەکەیە، لە کوردیدا بە کار نەیەت و ببێت بە وارگێڕی، بە واتای هونەری بەڕێوەبردنی وار. وار بە واتای وڵات.
دەبینیت، زمان دەتوانێت ببێتە پەنجەرەیەک، تێڕوانینگەیەک کە لێیەوە شتی تر ببینیت. بۆیە ئەگەر تەنها بۆ پاراستنی ئەم تێڕوانینگەیەش بووە، دەبێت هەموو زارەکانی کوردی بپارێزین.
زمان وەک سەرچاوەی داهات
ئەگەر وەبەرهێنان لە زماندا بکەین و پشتیوانیی لێ بکەین، سبەی دەبێتە سەرچاوەی داهات بۆ نەوەکانی دواترمان. وەک چۆن ئینگلی سەرچاوەی داهاتە بۆ نەوەکانی ئینگلەکان: ساڵانە بە ملیاران دۆلار بە زمانی ئینگلی پەیدا دەکرێت: بە تاقیکردنەوەی تۆیفڵ و ئایەڵتز، بە فێرکردنی خەڵکی تر، بە نووسین و هونەر و گۆرانی و زانست و زانیاری بە زمانی ئینگلی.
کە ئینگلێک چەندین جار لە ئێمە زیاتر هەلی کاری هەیە، لە خۆوە نییە، ڕاستە بەشێکی لە ئەنجامی هێزی ئابوورییەوەیە، بەڵام کرۆکەکە لە ئەنجامی ئەو پشتیوانی و داکۆکییەی ئینگلەکانە بۆ زمانەکەیان. چون مەرج نییە تەنها هێزی ئابوورییەکەت زمانەکەت بکات بە زمانی سەرەکیی جیهان، بەڵکو ئاگایی پێویستە. کورد دەستسڕ دروست، چپس دروست دەکات، بە کوردی لەسەریان نانووسێت! چون ئاگاییە نەتەوەیی و چاندی و زمانییەکەی نییە.
پشتیوانی و داکۆکی پشوودرێژیی دەوێت، باوەڕێکیشی دەوێت بەوەی کە نەتەوەکەت دەتوانێت پێشبکەوێت و هەر لەم دۆخەدا نەمێنێتەوە. ڕاستە ئەمڕۆ ناتوانین جیهان داگیر بکەین، بەڵام خۆ دەتوانین لە پشت زمانەکەمان بوەستین و شکۆ و هێزی جەماوەریی پێ بدەین. دەزانین بەم حاڵەی ئەمڕۆی نەتەوەکەمانەوە کوردی نابێت بە زمانی سەرەکیی جیهان. بەڵام کێ نازانێت لە سەدان ساڵی ئایندەدا کورد ئەوەندە بەهێز نابێت کە بتوانێت جیهان بە ڕێوە ببات؟ ئێمە بە هیوای ئەو ڕۆژە زمانەکەمان بۆ نەوەکانی داهاتوو ئامادە دەکەین تا بیکەن بە زمانی سەرەکیی جیهان. دەبێت خۆمان نرخ بۆ زمانمان دابنێین، نابێت چاوەڕێی نەتەوەکانی تر بین. باوەڕت بێت و کاری بۆ بکە، ڕەنگە بێتە دی. نەشهاتە دی، چیت لە دەست چووە؟ سەربەرزیت بەرانبەر نەتەوە و نەوەکانی داهاتووی نەتەوەکەت.
ئاخر لێمان تێناگەن!
ئەم هەوڵدانە زۆرەی ئێمەی کورد بۆ پەیامناردن و تێگەیاندنی نەیارەکانمانم زۆر لا سەیرە. پێم وایە ئێمە ئەمەندە دەمێکە پەیام دەنێرین و هەوڵی تێگەیاندنی ئەوانی تر دەدەین، کە شوێنی خۆمان لە بیر چووەتەوە و چیتر نازانین دەمانەوێت ئەوان لە چی تێبگەیەنین! زۆر گرنگی بەوە دەدەین خەڵکانی تر لێمان تێبگەن. کابرا هاتووەتە شارەکەمانەوە و داگیری کردووە، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی ئەو لێمان زویر نەبێت، یەکسەر زمانی خۆمانی بۆ دەگۆڕین و بۆی دەکەین بە قوربانی. لە کاتێکدا داگیرکەرەکەمان خۆی تەنها فێری وەڵامی «چۆنی»ی کوردی نەکردووە و بێزی نایەت وشەیەک کوردی بڵێت!
ئێمە هەر خەریکین زمانی خۆمان دەکەین بە قوربانیی «تێگەیشتن»ی دوژمنەکانمان. لە کاتێکدا هەرگیز دوژمنەکانمان لە ئێمە تێنەگەیشتوون، تێشگەیشتبن دۆخمانیان بۆ گرنگ نەبووە!
تێگەیشتن لە ویستەوە دێت. من زمانی لاتینی و ئیتالی نازانم، بەڵام ویستی تێگەیشتنم لە وێرگیلیۆس و دانتێ هەیە، بۆیە خۆم فێری لاتینی و ئیتالی دەکەم. داگیرکەرەکانمان ویستی تێگەیشتنیان لە ئێمە نییە.
پێت وایە فارس و عەرەب و تورک نازانن نەتەوەکەتیان داگیر کردووە؟ خاکتیان داگیر کردووە؟ سەرچاوەی سرووشتیی خاکی تۆ بە تاڵان دەبەن؟ نازانن کە زمانەکەت دەکوژن؟ پێویستە پێیان بڵێین: «مەکە، بەقوربان»؟ زۆر چاک دەزانن، بەڵام هەر دەیکەن. ئەگەر نەشزانن، بۆیان گرنگ نییە. بۆیە بە بڕوای من ئەو هەموو وزەیەی ئێمە تەرخانمان کردووە بۆ تێگەیاندنی نەیارەکانمان زۆربەی بە فیڕۆ دەچێت. دەکرێت ئەو وزەیە، یان بەشێکی، بۆ جێیەکی تر تەرخان بکەین. ناڵێم تێگەیاندنیان گرنگ نییە، بەڵکو دەڵێم زۆر خەریکی ئەم شتەین. ئێمە دەبێت ویستی سەربەخۆییمان هەبێت لە هەموو ڕووێکەوە، کار بۆ شکۆمەندکردنی خۆمان بکەین. ئەوان تێناگەن، کێشەی خۆیانە، سەدان ساڵە تێنەگەیشتوون، با هەر تێنەگەن.
- کۆی ئەم کورتەنووسینانەم بۆ مەبەستی ڕیل (کورتەوڤیدیۆ)ی ئینستاگرام نووسیوە. لە نزیکی ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٤ەوە خەریک بووم تا ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤ و هەر دەیانم بە ڤیدیۆ تۆمار کرد. ↩︎
- تیتوس ئەندرۆنیکوس، هێنریی پێنجەم، یەکەم هێنریی شەشەم، سێیەم هێنریی شەشەم، ڕیچاردی سێیەم، خەونی شەوێکی چلەی هاوین، ئەنتۆنیۆس و کلیۆپاترا، سیمبێلین، دوو خانەدانەکەی ڤێرۆنا. ↩︎