وتار و ڕاپۆرت

زێڕەکەی ڕاین

زێڕەکەی ڕاین

ئۆپێرای یەکەمە لە زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکانی ڕیچارد ڤاگنەر، یان ئەوەیە کە پێی دەڵێن: «پێشباس»ی سێ ئۆپێراکەی تر. ڤاگنەر پەردەی بۆ ئەم ئۆپێرایە دانەناوە، بەڵکو تەنها چوار دیمەنە. هەر لەبەر ئەمەیە کە هەندێ لە توێژەران دەڵێن: «زنجیرە ئۆپێرای موستیلەکەی نیبێلونگەکان لە ڕاستیدا سێ ئۆپێرای سەرەکی و پێشباسێکە، پێشباسەکە زێڕەکەی ڕاینە. بە بڕوای من هیچ جیاوازییەک نییە، ئەو ناونانەش گرنگ نییە، دەشێ ئۆپێرایەک پێشباس بێ بۆ ئۆپێرایەکی تر، ئەگەر ڤاڵکیرییەکە پێشباسی زیگفرید بێ، ئیتر بۆچی زێڕەکەی ڕاین پێشباسی ڤاڵکیرییەکە نەبێ؟ پاشان لە ڕووی فۆڕم و موزیکەوە لەوانی تر هیچ جیاواز نییە، ئەوە نەبێ کەمێک لەوانی تر کورتترە، ئەم ئۆپێرایە نزیکەی ١٧٠ خولەکە، ڤاڵکیرییەکە نزیکەی ٢٤٥ خولەکە، زیگفرید نزیکەی ٢٥٠ خولەکە، بوولێڵی خوداکان نزیکەی ٢٨٠ خولەکە. تەنها لەبەر کورتیی ماوە، کە لەچاو زۆربەی ئۆپێراکانی تری جیهاندا هێشتا هەر درێژ و بگرە لە زۆر ئۆپێرا درێژتریشە، پێی دەوترێ: «پێشباس»!

دیمەنی یەكەم

بەیانییەكی تاریکوڕوونە، لە دامێنێكی ڕوباری ڕایندا هەر سێ كچانی ڕاین: ڤوگلیندە و ڤێلگوندە و فلۆسهیلدە، خەریكی ڕابواردن و كاتبەسەربردنن، لە بیریان چووەتەوە کە دەبێ پارێزگاری لە پارچە زێڕێكی زۆر بەنرخ بكەن. ڤوگلیندە گۆرانی دەبێژێ. ئالبەریش، کە پیاوێکی قەزەمە، دەردەكەوێ و هەوڵ دەدا بە قسەی خۆش تاویان بدا، بەڵام ئەوان گاڵتەی پێ دەكەن و پێی دەڵێن: «زۆر ناشرینی» و ئەویش تووڕە دەبێ. کە خۆر هەڵدێ، كچەكان دەست دەكەن بە ستایشکردنی زێڕەكەیان، كە لەسەر بەردێكی نزیك لە خۆیانەوە دایانناوە، ئالبەریش سۆراخی زێڕەکە دەکا، ئەوانیش بۆی باس دەکەن كە باوكیان ڕایسپاردوون ئاگاداری ئەو زێڕە ببن، چونكە دەشێ ئەو زێڕە موستیلەیەكی جادوویی لێ دروست بكرێ، كە هەر کەسێک لە دەستی بكا دەبێتە فەرمانڕەوای هەموو زەوی، بەڵام بەو مەرجەی بە ئاشكرا نەفرەت لە ئەوین بكات. كچانی ڕاین هیچ ترس و گومانێكیان لەم قەزەمە نییە و لای ئەوان وایە ئەو تەنها بۆ ئاڵۆشبازی لە ئەمان نزیك بووەتەوە، بەڵام ئالبەریش لە ڕقی گاڵتەپێكردنەكەی ئەوان، بە ئاشكرا نەفرەت لە ئەوین دەكا و زێڕەکە دەدۆزێتەوە و دەیدزێ و بەپەلە ڕادەكا و دیار نامێنێ.

دیمەنی دووەم

ڤۆتان، كە پاشای خوداكانە، لەگەڵ فریكای ژنیدا لەسەر لوتكەی شاخێك نوستوون، فریكا ڕادەبێ و قەڵا نایابەكەیان دەبینێ، ڤۆتان هەڵدەستێنێ و قەڵا نوێكەی خۆیانی پیشان دەدا. دوو برای زەبەلاح، کە ناویان فافنەر و فازۆلتە، ئەم قەڵا نایابەیان دروست كردووە، ڤۆتانیش لە بری ئەم کارەیان بەڵێنی پێیان داوە كە ژنخوشکەکەی خۆییان پێ ببەخشێ، ژنخوشکەکەی ناوی فرەیایە. فریكا ئەم بڕیارەی بە دڵ نییە، بەڵام ڤۆتان بە متمانەوە دەڵێ: «پێویست ناكا فرەیا بە ئەوان بدەین، چونكە من لۆگەی هاوڕێمم ڕاسپاردووە هەموو جیهان بگەڕێ تا شتێكی تر بدۆزینەوە و لە بری فرەیا پێیان بدەین».

فرەیا بە هەڵەداوان خۆی دەگەیەنێتە ڤۆتان و فریكا، چونکە فافنەر و فازۆلت بە دوایەوەن، فازۆلت داوا لە ڤۆتان دەکا پاداشتی کارەکەیان، کە دروستکردن و تەواوکردنی قەڵاکە بوو، بداتەوە، چونكە نابێ گرێبەست و بەڵێن بشكێنرێ. لەم كاتەدا دۆنەر، کە خودای هەورەتریشقەیە و فرۆه، کە خودای بەهار و دڵخۆشییە، بۆ بەرگریكردن لە فرەیای خوشكیان دەگەنە لایان، بەڵام ڤۆتان كە خودای هەموو خوداکانە، دەیانوەستێنێ. ڤۆتان وەك خودای خوداكان ڕەفتار دەکا و وا پیشان دەدا كە باوەڕی بە شەڕ و فشار نییە، بەڵام چاوەڕێ دەکا لۆگە بگاتە لایان، بۆیە بەردەوام باسەكە دوا دەخا.

دواتر لۆگە دەردەكەوێ، پێیان دەڵێ: «پیاو ناتوانێ خوداوەندی خۆشەویستی بە هیچ شتێكی جیهان بگۆڕێتەوە، بەڵام من شتێكم دۆزیوەتەوە كە دوو برا زەبەلاحەكە لە بری فرەیا پێی ڕازی ببن، ئەویش ئەوەیە کە ئالبەریشی قەزەم نەفرەتی لە ئەوین كردووە و زێڕەكەی ڕاینی دزیوە و موستیلەیەكی هێزبەخش و جادوویی لێی دروست كردووە» دەمەتەقێیەكی زۆر دروست دەبێ و هەریەكە دەیەوێ پاساوێك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی موستیلەكە بۆ خۆی ببێ. فافنەر دەڵێ كە ئەوان دەستبەرداری فرەیا دەبن ئەگەر موستیلەكەیان بدرێتێ. پاشان دوو برا زەبەلاحەكە دەڕۆن و فرەیاش وەك بارمتە لەگەڵ خۆیاندا بە زۆرەملێ دەبەن.

فرەیا سێوێکی زێڕینی پێیە كە گەنجێتیی خوداكانی بۆ هەمیشە ڕاگرتووە، بەڵام كە وا ئێستا دوو برا زەبەلاحەكە فرەیا بە سێوەکەوە دەبەن و لەوان دووری دەخەنەوە، خوداکان وردەوردە پیر دەبن و هێزیان كەمتر دەبێتەوە، ڤۆتانیش چاری نامێنێ، بۆ گەڕاندنەوەی فرەیا، بڕیار دەدا لەگەڵ لۆگەدا داببەزن ‌بۆ سەر زەوی و موستیلەکە پەیدا بکەن.

دیمەنی سێیەم

ئالبەریش لە شوێنێکە بە ناوی نیبێلهایمەوە، بە واتای (شوێنی نیبێلەکان، یان نیبێلونگەکان) بەو هێزەی موستیلەكە پێی بەخشیوە، هەموو هۆزی نیبێلونگە قەزەمەكانی تری كردووە بە کۆیلەی خۆی و دەیپەرستن. بە زۆر وای لە میمێی برای خۆی كردووە كە کڵاوزرێیەکی جادوویی بۆ دروست بكا، میمێ ئاسنگەرێكی لێهاتوو و شارەزایە، بەو کڵاوزرێیە، بۆ سزادانی شوێنكەوتووەکانی دەتوانێ خۆی ون بكا، ئەم کڵاوزرێیە دەشتوانێ لە شێوەیەكەوە بۆ شێوەیەكی تر، یان لە فۆڕمی مرۆڤەوە بۆ فۆرمی هەر گیاندارێكی تر کە خۆی بییەوێ، بیگۆڕێ.

ڤۆتان و لۆگە دەگەنە سەر زەوی و میمێ دەبینن، میمێ پێیان دەڵێ كە: «ئالبەریش موستیلەكەی دروست كردووە و هەموو قەزەمەكانی خستووەتە ژێر فەرمانڕەوایی خۆیەوە»، ئالبەریش لەگەڵ کۆیلەكانیدا بۆ كۆكردنەوەی زێڕێکی زۆر دەگەڕێنەوە. كە تەواو دەبن، کۆیلەکان بەرەڵڵا دەکا و سەرنجی دەچێتە سەر دوو میوانەكە، بە شانازییەوە باسی پلانەكانی خۆییان بۆ دەکا کە نیازی وایە هەموو جیهان ژێردەستە بکا، هەروها باسی جادووی کڵاوزرێكەشیان بۆ دەکا، پێیان دەڵێ: «دەتوانم لە ڕێی ئەم کڵاوزرێیەوه خۆم بكەم بە ئەژدیها»، لۆگە وا خۆی دەردەخا كە بڕوای پێ ناكا، پێی دەڵێ: «ئەی باشە ناتوانی خۆت بكەی بە ئاژەڵێكی زۆر بچووك؟ بۆ نموونە، خۆت بكە بە بۆقێك» ئەویش کڵاوزرێكە لە سەر دەکا و خۆی دەکا بە بۆق، ئەوانیش خێرا دەیگرن و دەیبەستنەوە و لەگەڵ خۆیاندا بۆ ئاسمان بەرزی دەكەنەوە.

دیمەنی چوارەم

ڤۆتان و لۆگە، لەسەر لوتكەی چیایەك بە زۆر وا لە ئالبەریش دەكەن كە هەرچی سامانی هەیە بیانداتێ تا ئازادی بكەن. دەستی ڕاستی دەكەنەوە، ئەویش موستیلەكە بۆ بانگكردنی کۆیلەكانی و هێنانی قاسەی هەموو زێڕەكانی بە كار دەهێنێ، پاش بەخشینی زێڕەكانی داوای کڵاوزرێكەیان لێ دەکاتەوە، بەڵام لۆگە دەڵێ كە: «ئەوەش بەشێكە لە سامانەکەت»، ئینجا ڤۆتان داوا دەکا موستیلەكەشی بداتێ، بەڵام ئالبەریش نایدا، ڤۆتان بە زۆر لێی دەستێنێ و دەیخاتە پەنجەی خۆیەوە. ئالبەریش لە بەرانبەریاندا بێدەرەتان دەبێ و نەفرەتێك دەخاتە پاڵ موستیلەكە، تا ئەو كاتەی موستیلەكە بۆ خۆی دەگەڕێنرێتەوە. نەفرەتەكەی بەم شێوەیە دەکا: «هەر كەسێك خاوەنی ئەو موستیلەیە نییە حەزی لێ بكا و هەر كەسێكیش دەبێتە خاوەنی هەمیشە لە دوودڵی و دڵەڕاوكێدا بژی و لە كۆتاییدا خاوەنی داهاتووی موستیلەکە خاوەنە کۆنەکەی بکوژێ».

خوداكان دووبارە كۆ دەبنەوە و فافنەر و فازۆلت دێنەوە و فرەیایان لەگەڵدایە، هێشتا دوودڵن لە ئازادكردنی فرەیا. فازۆلت دووپاتی دەکاتەوە كە دەبێ ئەو زێڕەی پێیان دەبەخشرێ پڕ بە باڵای فرەیا بێ و دایبپۆشێ. زۆر لە ڤۆتان دەكرێ كە واز لە کڵاوزرێكە بهێنێ، هەرچەندە فازۆلت كونێكی بچكۆلەی لە زێڕە كۆكراوەكەدا هێشتووەتەوە و داوا لە ڤۆتان دەکا كە ئەو كونە بە موستیلەكە پڕ بكاتەوە. لۆگە هەموویان بیر دەخاتەوە كە موستیلەكە دەبێ بگەڕێنرێتەوە بۆ كچانی ڕاین، بەڵام ڤۆتان بە تووڕەییەوە دەڵێ كە موستیلەكە هیی خۆیەتی. دواجار دوو برا زەبەلاحەكە فرەیا دەگرن و دەیانەوێ بڕۆن، بەڵام ئەم جارە بۆ تاتایە نەگەڕێنەوە.

لە ناكاو ئێردا، كە خوداوەندی دانایی و زەوییە و لە ڤۆتان بەتەمەنترە، لە ژێر زەوییەكەوە پەیدا دەبێ. ڤۆتان لە مردنێكی زۆر نزیك ئاگادار دەکاتەوە، زۆری لێ دەکا كە موستیلە نەفرەتلێکراوەکە لە خۆی دوور بخاتەوە. ڤۆتان دەگاتە ئەو بڕیارەی موستیلەكە بە برا زەبەلاحەكان ببەخشێ، بانگیان دەکاتەوە و موستیلەكەیان دەداتێ، ئەوانیش فرەیا ئازاد دەكەن و دەست دەكەن بە دابەشكردنی سامانەكانیان، بەڵام لەسەر موستیلەكە قڕەقڕ دەكەوێتە نێوانیانەوە، هەر لەویادا فافنەر فازۆلت دەکوژێ. ڤۆتان لە نەفرەتە بەهێزەکەی ئالبەریش سەرسام دەبێ و بە تەواوی دەشڵەژێ. لۆگە دەڵێ كە: «ڤۆتان زۆر بەختەوەرە كە دوژمنەكانی لەسەر ئەو زێڕەی پێیانی بەخشیوە یەكتر دەكوژن».

لە كۆتاییدا خوداكان خۆیان ئامادە دەكەن بۆ چوونەناو قەڵا تازەكەیانەوە، دۆنەر فەرمان دەدا هەورەتریشقە هەوا پاك بكاتەوە، كە هەورەتریشقەكان تەواو دەبن فرۆه فەرمان دەدا پردێكی پەلكەڕەنگینە‌یی بێت تا ببێتە پردێک بۆیان و بەسەریدا بۆ قەڵا تازەكەیان بپەڕنەوە. ڤۆتان پێشیان دەكەوێ و قەڵاكە ناو دەنێ ڤالهالا، فریكا لێی دەپرسێ: «ئەو ناوە واتای چییە؟» ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ: «ئەو كاتە واتاكەی ئاشكرا دەبێ كە نەخشەكانم سەردەگرن».

لۆگە، كە دەزانێ كۆتایی خوداكان نزیك بووەتەوە، دوایان ناكەوێ و ناچێ بۆ ڤالهالا، لەو كاتەدا، دوور لەوەی خوداکان گوێیان لێ بێ، دان بەوەدا دەنێ و دەڵێ كە نیازی وایە دەسەڵاتی خوداكان لە ناو ببا. دوور لە ئەمانیش كچانی ڕاین بە دڵشکاوی و ستەملێکراوی و دڵتەنگییەوە دەڵێن کە: «خوداكان تەنها لە خەون و خەیاڵدا گەورەن!»

Related Articles

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

Back to top button