گشتمان یەکسان نین

1گشتمان یەکسان نین

هۆنراوە و خوێندنەوەی: نەوا موکرجی

کوردی خۆشەویست، وەرە پێت بڵێم دوو وتەی پێویست،

کوردی خۆشەویست، وەرە پێت بڵێم دوو وتەی پێویست،

کە پێت دەوترێت: «چییە نیشتمان؟ وەک یەک واین گشتمان،

هەموومان یەکین، گشتمان یەکسانین،

جیاوازیی نییە، هەموو ئینسانین،

جیاوازیی نییە کورد بیت، ئەڵمان بیت،

عارەب بیت، تورک بیت، گرنگ: ئینسان بیت!

کورد و ئەمریکی و فەڕەنسی و ئیسپان

گشت نەتەوەکان وەکو یەک وەهان،

فارسین، ئەفغانین، گەر ئاخێوەری هەر کام زمانین،

گشتمان مرۆڤین، گشتمان یەکسانین».

تۆزێ هۆشت بێ، یەکسەر مەخڵەتێ.

لە پێناو ئەودا یەکسەر مەسووتێ!

تۆ و ئەو یەکسان نین، وەکو یەک وا نین،

تۆ و من بێکەسین، بێ پشتیوانین،

وان مافی نەتەوەییان هەیە،

مافی ژیاری و چاندییان هەیە،

هەر یەکێک لەوان دەوڵەتی هەیە،

چەک و ئابووری و سەروەریی هەیە،

لە نێو جیهانا نوێنەریان هەیە،

لە لای خەڵکی تر خەمخۆریان هەیە،

لە دەوڵەتیانا خۆیان سەروەرن،

خاوەنی پارە و جاش و نۆکەرن،

هەموو مافێکیان گشت پارێزراون،

قەوارەکانیان توند دامەزراون،

ئەو سەنگەری خۆی قایم کردووە،

لە ژین بەشی بە زیاوە بردووە،

هەر یەکێک لەوان خاوەن دەوڵەتە،

ئەتۆی نەگبەتیش دڵت پێنج لەتە!

ئەو داگیرکەر، تۆ داگیرکراویت،

ئەو تێهەڵدەر، تۆ تێهەڵدراویت،

تیایاندا هەیە لە دەوڵەتێکیش زیاتری هەیە

عەرەب ٢٢ دەوڵەتی هەیە،

تۆ سەربەخۆ نیت، تۆ هیچت نییە،

پارەی گیرفانت لە بۆ خۆت نییە،

کە لەو دەقەومێت

وێڕای ٢٢ دەوڵەتەکەی خۆی،

گشت دەوڵەتانی جیهانیش دەبێت

هەڵوێستی خۆیان لەسەر ئەو هەبێت،

بەڵام تۆی داماو، ئەتۆی بەشخوراو،

تۆی دەربەدەر و لە زێد دەرکراو،

کە لێت دەقەومێ و لێت دەقەومێنرێت،

نیشتمانەکەت لێ دەفڕێنرێت،

دەربەدەر دەکرێیت، بە نۆکەر دەبرێیت،

بشمێنیتەوە ژێردەستە دەکرێیت،

کە دەپرژێنرێت ئەو سەر و مێشکەت،

خۆت و منداڵی سەر لانکە بێشکەت،

دەخنکێنرێن، دەسووتێنرێن،

بە گاز و چەکی هاوتوخمەکانت،

بە کیمیاییەکەی هاوچینەکانت،

بە شامووشەکی هاودینەکانت،

شار و شارۆچکە و دێت وێران دەکرێ،

بەرهەمی وارت بە تاڵان دەبرێ،

شوێنەوارانت لە نێو دەبررێن،

زمان و زار و وشەت دەکوژرێن،

کۆرپەت بە مووشەک،

گەنجت بە فیشەک،

یەکیەک دەکوژرێن،

شارانت بە چەک،

بە بۆمبا و هاژەک،

دەڕووخێنرێن،

نە هاودینەکەت، نە هاوچینەکەت،

هاوتوخم و هاونازانمچییەکەت،

ئەو جیهانەی خۆت پیای هەڵواسیوە،

لەبەر وان کوردت هیچ نەناسیوە،

کەسیان ناتبینن، ناتخوێننەوە،

باست لە باسان دەشارنەوە،

لە هەرچی تیڤی و ڕۆژنامەکانە،

لە هەرچی مێدیا و هەواڵەکانە،

جێی مەرگی تۆیان تیا نابێتەوە،
تۆش هەر برینت دەکولێتەوە،

کەس خەمت ناخوات، کەس باست ناکات،

کەس لەبەر تۆ خۆی پیاوخراپ ناکات،

«گشتمان مرۆڤین» یەک فلس ناکات،

جیهانبازییەکەت بە فریات ناگات.

بۆیە مەخڵەتێ و خۆت مەخڵەتێنە،

لەبەر بێگانە دڵی هاوخوێنی خۆت مەڕەنجێنە.

چارەی دەردت هەر سەربەخۆییە، هەر ڕزگارییە،

دەنا ژیانت هەر بێگارییە،

بێ ئەوە بەشت هەر پاشکۆییە،

سووکی و چرووکی و بێ شکۆییە.

بێدەوڵەت گەدا و دەوڵەتدار شایە،

پێگەی ئەو دووانە کەی وەک یەک وایە؟

بۆیە مەخڵەتێ، ئەوان وەکو تۆ بێ هاوڕێ و سان نین،

قەت کۆیلە و سەردار هەردوو یەکسان نین.


  1. لە ١٨ی تەممووزی ٢٠٢٤ دەستم پێی کرد، لە ١٨ی ئابی ٢٠٢٤ تەواوم کرد. ↩︎

نۆن سوم کوالیس ئێرام بۆنای سوب ڕێنیۆ سینارایی

نۆن سوم کوالیس ئێرام بۆنای سوب ڕێنیۆ سینارایی[1]

ئاخ دوێنێ شەو، شەوی پێشوو، سێبەری تۆ کەوتە نێوان

لێوانی ئەو و منەوە، ئەی سینارا! هەناسەی تۆ

لە نێو شەراب و ماچەکان بەسەر گیانی مندا ڕژا؛

منیش خەستە و دەردەداری ئاواتێکی دێرینم بووم،

بەڵێ، منیش دەردەدار بووم، کڕنۆشم بە سەری خۆم برد:

من هەردەم بۆت بەئەمەگ بووم، ئەی سینارا! بە شێوەی خۆم.

گشت شەوەکە ترپەی گەرمی دڵی ئەوم لەسەر دڵم هەست پێ دەکرد،

هەموو شەو پڕ خۆشەویستی ڕاکشابوو و لە باوەشمدا نوستبوو؛

ماچەکانی دەمە سوورە کڕاوەکەی بێگومان شیرین و خۆش بوون؛

لێ من خەستە و دەردەداری ئاواتێکی دێرینم بووم،

کە ڕابووم و گزنگم دی ڕەنگی بۆرە:

من هەردەم بۆت بەئەمەگ بووم، ئەی سینارا! بە شێوەی خۆم.

زۆرم بیر چوو، ئەی سینارا! گشت بە با چوون،

گوڵەباخم فڕێ داوە، چەپک چەپک شاگەشکانە بە سەماوە تووڕم داون،

تا شلێری ڕەنگپەڕیوی لەدەستچووی تۆ لە یاد بکەم؛

لێ من خەستە و دەردەداری ئاواتێکی دێرینم بووم،

بەڵێ، گشت کات و ساتەکان، چونکە سەماکە درێژ بوو:

من هەردەم بۆت بەئەمەگ بووم، ئەی سینارا! بە شێوەی خۆم.

هاوارم کرد: با بێن، با بێن، موزیکی شێتانەتر و شەرابی مەستکەرتر با بێن،

لێ کە ئاهەنگ تەواو دەبوو و ڕووناکییەکان خامۆش دەکران،

جا سێبەرت دەکەوتەوە بەسەرمدا، ئەی سینارا! شەوەکە دەبوو بە هیی خۆت؛

هێشتا خەستە و دەردەداری ئاواتێکی دێرینم من،

بەڵێ، برسیم بۆ لێوی ئارەزووەکەم:

من هەردەم بۆت بەئەمەگ بووم، ئەی سینارا! بە شێوەی خۆم.


[1] نووسینی ئێرنست داوسن (١٨٦٧-١٩٠٠)، لە ٢١ی نیسانی ٢٠٢٢دا وەرمگێڕاوە. ناونیشانەکە لاتینییە، بە واتای «چیتر وەک جاران نەماوم کە لەژێر دەسەڵاتی سینارادا بووم» دێ، دێڕی سێیەمی هۆنراوەی یەکەمی چوارەم پەڕتووکی هۆنراوەکانی هۆراس (٦٥پ.ز.-٨ز.)ە. لە کۆپلەی سێیەمدا کە دەڵێ: «بە با چوون»، کە مەبەست لێی یادەوەری و سەردەمێکی زۆری ژیان و چێژی زۆر و خانمی تری زۆرە کە لە ژیانیدا تووڕی داون و ئێستا بە با چوون؛ ئەم ڕستەیە لە کوردیدا بە «بە با چوو»، «لەگەڵ بادا چوون»، «لەگەڵ بادا ڕۆیشت»، «ڕۆیشت له‌گه‌ڵ بایه»یش وەرگێڕراوە، مارگەرێت میتچڵ (١٩٠٠-١٩٤٩) بۆ ناونیشانی ڕۆمانە بەناوبانگەکەی خۆی بە کاری هێناوە Gone with the wind. ئەمەی خوارەوە دەقە ماکەکەی داوسن خۆیەتی:

Non sum qualis eram bonae sub regno Cynarae

Last night, ah, yesternight, betwixt her lips and mine,

There fell thy shadow, Cynara! Thy breath was shed

Upon my soul between the kisses and the wine;

And I was desolate and sick of an old passion,

Yea, I was desolate and bowed my head:

I have been faithful to thee, Cynara! In my fashion.

All night upon my heart I felt her warm heart beat,

Night-long within my arms in love and sleep she lay;

Surely the kisses of her bought red mouth were sweet;

But I was desolate and sick of an old passion,

When I awoke and found the dawn was grey:

I have been faithful to thee, Cynara! In my fashion.

I have forgot much, Cynara! Gone with the wind,

Flung roses, roses riotously with the throng,

Dancing, to put thy pale, lost lilies out of mind;

But I was desolate and sick of an old passion,

Yea, all the time, because the dance was long:

I have been faithful to thee, Cynara! In my fashion.

I cried for madder music and for stronger wine,

But when the feast is finished and the lamps expire,

Then falls thy shadow, Cynara! The night is thine;

And I am desolate and sick of an old passion,

Yea, hungry for the lips of my desire:

I have been faithful to thee, Cynara! In my fashion.

خۆشەویستی هەمیشەیی

خۆشەویستی هەمیشەیی[1]

لە هەرزەکاریمدا دەموت: «ئەو خانمانەی ناسیومن هەریەکەیان گوڵێک بوون و لە سەرەتادا ڕوواون، جا چرۆیان دەرکردووە، دواتر گوڵیان دەرکردووە، گەیشتوونەتە ئەوپەڕی جوانی و بۆنخۆشی، باخی ناخمیان ڕەنگاوڕەنگ و ڕازاوە و بۆنخۆش کردووە، منی باخەوانیش هەرگیز لە خزمەت و لە ئاودانیان کەمتەرخەمیم نەکردووە، کەچی پاشان وردەوردە سیس و ژاکاو بوونەتەوە و وشک بوون و هەڵوەریون. بەڵام ئێستا ئەوەی کە من وێڵم بۆی و دەمەوێ هانای بۆ بەرم: درەختێکی چواروەرزەیە، لەبەرئەوە ئەوینداری سنەوبەرم!»

بەڵام لە ئێستامدا دەڵێم: «کورتێتیی کات بەها بە هەموو شتێک دەدا، ئەگەر خۆشەویستی و تەمەن تاتایی بن ئەوا بەهایان نامێنێ؛ جگە لەوەی خۆشەویستی هەمیشەیی بوونی نییە. تۆ خۆت و بیر و ئاگاییت، هەست و سۆز و تەندروستیت، تەمەنیشت، تەنانەت توخمی مرۆڤیش هەر کاتییە و هەموو کاتین، کە خۆت هەمیشەیی نەبی، خۆشەویستیی تاتایی چی؟ ئیتر چ هەمیشەییەک؟ سنەوبەر خۆیشی کاتییە، بگەڕێوە سەر ئەوینی گوڵی کاتی، بە کاتدارییان بزانە، هەموو تیشکۆتیان بدەرێ، چونکە کە ڕۆی نایەتەوە».


[1] کۆپلەی یەکەمی لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ٢٠١١دا نووسراوە، لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠٢١دا کۆپلەی دووەمیم بۆ زیاد کرد.

سۆراخ

سۆراخ[1]

هەر کەس بەڵێنت دەداتێ گوایە ئایندەت دەداتێ: درۆ دەکا؛

چونکە لە هەبوون دەبەخشرێ نەک لە نەبوون؛

ئەوەی هەیەتی ناتداتێ، کە ئێستایە،

کەچی ئایندەت دەداتێ، کە نییەتی و کە ناشیبێ و هەرگیز نایە!

ئایندەت لە کوێ بۆ بێنم تا بتدەمێ؟ تاکە کات هەمبێ ئێستایە،

ئەو ئێستایەی کۆتاییەکەی بە مردنم نەبێ نایە.

وەرە ئێستامت بدەمێ، ئایندە بۆ فڕێدانە؛

تاتایی تراویلکەیە و بۆ ساویلکە فریودانە.

پەیمانی عەشقی بێپایان گەرچی بە ڕوواڵەت جوانە،

بەڵام لە ناوەرۆکیدا دەرگای زێڕینی زیندانە.

ئێستا تاکە ڕێی ئەوینە و ئەوین ئامانجی ژیانە،

منیش هەر ئێستا خۆشمەوێی، وەرە (ئێستا) نیشتمانە.

دڵداری دۆزی دونیایە، تاکە سامانم ئێستایە،

بە دەورتدا پەخشیان دەکەم، ئیتر بۆ ئارامیت نایە؟

خووی سۆراخی ئەوین تووڕ دە، ئەوین لە باوەشتدایە،

ڕابە و چاوت بکەرەوە، سۆزم لەبەر نیگاتدایە.

وەرە ئێستامت بدەمێ، ئایندە درۆیە و نایە؛

گەیشتووی بە سۆراخەکەت، ئیتر بۆ وێڵی بە دوایا؟


[1] سۆراخ هۆنراوەیەکی خۆمە، لە نێوان ٢٥ تا ٢٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا نووسراوە، لە ٩ی ئاداری ٢٠٢٢دا بە دەنگی خۆم تۆمارم کرد. ئەگەر کات هەبوو، حەز دەکەم ڕۆژێک بیکەم بە گۆرانی و هەندێ ئاوازیشم لە خەیاڵدایە بۆ گۆرانییەکەی، بەڵام دەرفەتی کارکردنم نییە تیایاندا. با ئێستا ئاوها بڵاو ببێتەوە، لەوانەیە سوودی بۆ کەسێک هەبێ.

تێبینی: بە هیچ شێوەیەک پێم خۆش نییە هیچ کەسێک بێ پرسی من بیکا بە گۆرانی.

چاوەڕێتم

چاوەڕێتم[1]

چاوەڕێتم، هەروەکو چۆن

نووسین چاوەڕێی پێنووسە،

شەپۆل چاوەڕێی هەوایە،

پیری چاوەڕێی تەمەنە،

بەستن چاوەڕێی سەرمایە.

چاوەڕێتم، هەروەکو چۆن

خەون چاوەڕێی نوستنە،

سەهۆڵ چاوەڕێی بەستنە،

چۆن ڕۆیشتن چاوەڕێی پێیە،

چۆن بیستن چاوەڕێی گوێیە

چاوەڕێتم، چاوەڕێتم.

چۆن باران چاوەڕێی هەورە،

چۆن تیشک چاوەڕێی خۆرە،

چۆن بینین چاوەڕێی چاوە،

هەڵم چاوەڕێی هەتاوە،

چۆن هەنگوین چاوەڕێی هەنگە،

گۆرانی چاوەڕێی دەنگە

چاوەڕێتم.

چاوەڕێم و چاوەڕێم و وەڕس نابم،

لەبەرئەوەی بێ بوونی تۆ

منیش نابم.


[1] لە ڕێکەوتی ١٠ی شوباتی ٢٠١١دا نووسراوە.

نۆتەی چاوەڕێتم

بنوو

بنوو[1]

هەبوو، نەبوو، هیچ کەس هاودەنگی کەس نەبوو،

پیاوێک هەبوو[2]، زۆر زۆر لە ژیانی بێزار بوو،

هیچی نەبوو پێی دڵخۆش بێ، تەنها مناڵەکەی نەبێ،

هەموو شەوێ بە گۆرانی ئەمەی دەوت:

«بنوو، بنوو، کۆرپەم بنوو، لەسەر سنگی بابە بنوو،

بنوو، بنوو، کۆرپەم بنوو، لەسەر دڵی بابە بنوو.

نەمئەزانی ڕۆژێ دادێ سنگم ئەبێتە جۆلانە،

بۆ فریشتەیەکی وەک تۆ شەوان دەبێتە هێلانە،

ئەی ئومێدە خنجیلەکەم، ئەی هاوڕێ ئێسکسووکەکەم،

بنوو، بنوو، بنوو، بنوو، لە خەونی بابەدا بنوو.

بناغەی هەستی شادمانیم تاڵێ قژی سەری تۆیە،

ئامانجی ئەم ژینە تاڵەم خەوێکی ئارامی تۆیە،

بنوو، بنوو، کۆرپەم بنوو، لە جەرگی بابەدا بنوو.

بنوو، بنوو، بنوو، بنوو، لە ئایندەی منا بنوو.

بنوو، بنوو، بنوو، بنوو، بنوو، بنوو، بنوو، بنوو»


[1] ساڵی ٢٠١٠ لەسەر وانەکانی میتۆدەکەی کۆنستەنتین ستانیسڵاڤسکی خۆم فێری نواندن دەکرد و ڕۆژێک لە ڕۆڵی باوکێکدا ڕاهێنانم دەکرد کە سەرجەم جومگەکانی ژیانی شکابێ، بەڵام تەنها مناڵەکەی ببێتە هۆی ئاسوودەیی ئەو و هیوای بۆ بگەڕێنێتەوە. ئەم ڕاهێنانە دەقی ئەم هۆنراوەیەی پێم نووسییەوە. پاشان کردم بە گۆرانی و موزیکم بۆی دانا، لە چەند ڕۆژێکدا نۆتەی گۆرانییەکەم تەواو کرد، پاککاریی کۆتاییم بۆی دەکرد، لە ناکاو بەرنامەکە هەڵەیەکی دا و داخرا و فایلەکەش نەما! هەموو کۆمپیوتەرەکەم گەڕام فایلەکە نەما! بەرنامەی مەیکمیوزیک فیناڵێ چاپێکی پاڵپشتی فایلی کارتێداکراوت لە شوێنێک بۆ دادەنێ، کە بە ئینگلی پێی دەڵێن باکئەپ، ئەوەش نەمابوو. سەرەتا نەمدەتوانی قبوڵی بکەم، دواتر کەوتمە گریانێکی بە کوڵ، چەندین سەعاتی پڕ لە وزەی خۆمم بەم گۆرانییە دابوو، نادادییەکی گەورە بوو کە ئاوها لە ناکاو نەمێنێ. ژیرییەکم نواند، ئەویش ئەوە بوو کەمێک دوای ئەوەی هێور بوومەوە، ئەوەی بیرم مابوو دووبارە نووسیمەوە، ئەوەشی بیرم نەمابوو ڕۆیشت. بەڵام دوای هەفتەیەکیش هەر بۆم تەواو نەکرا، لە ڕاستیدا مەزاجی کارکردنم لەو گۆرانییەدا کوژرا. لە ناوەڕاستی ٢٠١٥دا دەستم کردەوە بە کارکردن تیایدا، بەڵام لە سەرەتادا ئەزموونێکی قورس بوو، لە ناوەڕاستی کارکردندا قوڕگم پڕ دەبوو لە گریان و کارم بۆ نەدەکرا. بەڵام لە مانگی ٩ی ٢٠١٥وە هەموو ڕۆژێک کارم تێیدا کرد و بەڵێنم بە خۆم دا تەواوی بکەم و تۆماریشی بکەم. گۆرانییەکەم لە کۆتایی مانگی ١٠ی ٢٠١٥دا تەواو کرد و دابەشم کرد بۆ ئۆرکێسترا و ویستم لە ستودیۆ تۆماری بکەم، بەڵام نەکرا. لە کۆتایی مانگی ١٢ی ٢٠١٧ و هەفتەی یەکەمی مانگی ١ی ٢٠١٨دا گۆرانییەکەم لە ئۆرکێسترا و دەنگەوە کەم کردەوە بۆ تەنها پیانۆیەک و دەنگ، بەو هیوایەی لە ئایندەدا بتوانم تیایدا پڕۆڤە بکەم و خۆم تۆماری بکەم. لە مانگی ٨ی ٢٠١٩دا خۆم هەر لە ژوورەکەی خۆم بە دەنگ و ڕەنگ گۆرانییەکەم تۆمار کرد و لە کەناڵی تایبەتی خۆم لە یوتیوب بڵاوم کردەوە. هۆنراوەکە لە ٩ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا پاکنووس کراوە.

[2] وشەکانی «پیاوێک» و «بابە» وا نووسراون کە ئەگەر خانمێک گۆرانییەکەی بێژا بتوانێ بڵێ: «ژنێک»، «دایە».

نۆتە

نۆتەی گۆرانیی بنوو

نۆتەی گۆرانیی بنوو

نۆتەی گۆرانیی بنوو

وەرە بۆلام

وەرە بۆ لام[1]

وەرە بۆ لام،

بە بێ بەڵێن، بە بێ پلان،

بێ تووڕەبوون، بە بێ گریان.

تۆش وەکو من هەزار دیش زنجیر کراوی،

سەدان جار زویر کراوی.

لە ناخا نوقمی گریانی، بە ڕوخساریش پاڵەوانی.

تۆش وەکو من درۆ ئەکەی کە خۆت سەنگین پیشان ئەدەی.

لە پەیکەرێکا ڕووخاوی، نازانی مردووی یان ماوی.

وەرە بۆ لام،

ئەم تاجە نایلۆنەت لابە.

لە باوەشما بێئاگا بە.

وەرە لام و ڕازەکانت بدرکێنە.

وەرە و تێر بەکارمبێنە.

تۆش وەک منی، تەنیا و ونی، نازانی چۆن خۆت ئەبینی.

تۆش وەکو من پڕ گومانی، لەسەر لێواری نەمانی.

نازانی چۆن بەردەوام بی، ئەگەرچی تینووی ژیانی.

وەرە، هەردووکمان دۆڕاوی گەمەی گەلەگورگەکانین؛

دیل و دەردەداری عەشقی درۆیینەی دڵڕەقانین؛

وەرە بەسەر یەکا بگرین، بەسەر یەکا بتوێینەوە؛

هێزێک بدەینەوە بە یەک، یەکتر زیندوو بکەینەوە؛

وەرە بۆ لام.


[1] ئەمە یەکێکە لە پشوودرێژترین هۆنراوەکانم، بە چەندین پڕۆسەی جیاوازدا تێپەڕیوە. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ و سەرەتاکانی ٢٠١٥دا دەمەویست گۆرانییەک بنووسم ڕاشکاوییەکەی مرۆڤ بریندار بکا و پەردە لەسەر نهێنییەکانی ناخی «مرۆڤی باڵا» لابدا. داوام لە چەند کەسێکی تر کرد هۆنراوەیەک لەسەر ئەم بابەتە بنووسن و منیش بیکەم بە گۆرانی، بەڵام نەیاننووسی و ئەو پەرۆشییەی منیان بۆ خەیاڵەکە نەبوو. دواجار بڕیارم دا خۆم بینووسم، ئەمەی لێ دەرچوو. دوای تەواوبوونی هۆنراوەکەش کردم بە گۆرانی و لە مانگی تەممووزی ٢٠١٩دا لە کەناڵی خۆم لە یوتیوب بڵاوم کردەوە. هۆنراوەکە لە ڕێکەوتی ٣٠ی ئازاری ٢٠١٨دا تەواو کراوە، بەڵام لە زووترەوە کاری تێدا کراوە.

نۆتە

نۆتەی گۆرانیی وەرە بۆلام

نۆتەی گۆرانیی وەرە بۆلام
نۆتەی گۆرانیی وەرە بۆلام

جوانی

جوانی[1]

تۆ لە بەفر ئەچی، بەفری هاوین:

دەگمەنی، ڕەسەنی، زیوینی، شیرینی، قەشەنگی، شۆخوشەنگی.

ناسک و جوان، میهرەبان، سپیوسۆڵ، نەرمونۆڵ، شلومل، فێنکیی دڵ.

جوانی، جوانی، جوانی.

تۆ دەگمەنی، یاری منی، وریا و لەسەرخۆ و شەرمنی؛

وەفاداری، تۆزێ هاری، سەرنجڕاکێش و نازداری؛

زۆر بەنازی، مەکربازی، بەڵام لای من هەرە شازی؛

من شەیداتم، تۆی ئاواتم، گەر دەنگت نەبیستم ماتم؛

بۆت پەرۆشم، دڵبەجۆشم، بێ خۆشەویستیت نەخۆشم؛

من دەمەوێی، بۆ من ئەشێی، تاکو دەمرم، خۆشمئەوێی؛

جوانی، جوانی.

تۆ لە خۆر ئەچی، خۆری زستان:

کەم دیاری، نازداری، ڕوناکی، دڵپاکی، بەهەستی، خۆشەویستی.

وزەبەخش، هیوابەخش، بینینبڕ، گەرموگوڕ، زۆرزانی، خانومانی.

جوانی، جوانی، جوانی.

ئەی شایستە، تۆم پێویستە، خەونم هەر تۆی خۆشەویستە؛

خۆری من بە، سێبەرم بە، هەردەم یارمەتیدەرم بە؛

خۆشتبوێم، عاشق بە پێم، ئومێد بە بۆ دڵی پڕ سوێم؛

من شەیداتم، تۆی ئاواتم، گەر دەنگت نەبیستم ماتم؛

بۆت پەرۆشم، دڵبەجۆشم، بێ خۆشەویستیت نەخۆشم؛

من دەمەوێی، بۆ من ئەشێی، تاکو دەمرم، خۆشمئەوێی؛

جوانی، جوانی.


[1] لە زانکۆ عەڕووز و کێشی پەنجە و هۆنراوەی ئازادیشمان خوێندووە. وەک موزیکدانەر هەمیشە بە دوای هۆنراوەی گۆرانیی نوێدا وێڵم، هەمیشە بیرم لای ئەوەیە چۆن لە باوێتی خۆم ڕزگار بکەم؟ چۆن کارەکانم لە کاری تر نەچن؟ لە موزیکدا، دوای ئەزموونێکی درێژ، کۆمەڵێک تەکنیکم هەن کە بەردەوام بەکاریاندەهێنم و مۆرکی خۆم لە موزیکەکەم دەدەم، بەڵام بۆ ئەوەی توێژێکی تر لەم مۆرکە بە گۆرانییەکانیشم بدەم، ئەوا دەمزانی کە لە هۆنراوەکەوە پێویستم بە نوێگەرییەک هەیە، بۆیە جگە لە ڕووی بابەت و واتا و وشەسازییەوە، بیرم لە قاڵبی هۆنراوە کردەوە کە دەستکارییەکی بکەم. هۆنراوەکەم کۆپلەکۆپلە نووسی و هەر کۆپلەیەک کێشی تایبەت بە خۆی هەیە، کاتێک کۆی کۆپلەکان بە بابەتێکی نوێ دووبارە دەبنەوە، ئەوا کۆپلەکانی دووەم جار لەگەڵ کۆپلەکانی یەکەم جاردا هاوکێشن. هەر لەم چەشنە هۆنراوەی تریشم نووسیوە. دوای نووسینی ئەم هۆنراوەیە کردم بە گۆرانی. هۆنراوەکە لە ١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠١٢دا نووسراوە.

هەر لە بارەی جوانییەوە وتارێکم نووسیوە بە ناونیشانی جوانی و ئەزموونی ژیان، دەتوانیت بیخوێنیتەوە.