ئەی ڕەقیب و سروودی نیشتمانیی کوردستان

ئەی ڕەقیب و سروودی نیشتمانیی کوردستان1

ئەی ڕەقیب هێمایەکی بەرزی کوردستانە

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

سەدان ساڵە بە زانین و نەزانین، بە نیازی باش و خراپ، لە لایەن کورد و ناکوردەوە دژایەتیی کوردستان و هێما بەرزەکانی دەکرێت. دژایەتیی جوگرافیا و ئاڵای کوردستان، دژایەتیی کورد و سەرکردەکانی، دژایەتیی جلی کوردی و زمانی کوردی. تا دەگاتە دژایەتیی وێژە و هونەرمان، شار و دێمان، تەنانەت سروودی ئەی ڕەقیب، سروودی نەتەوەییمان.

هۆنراوەکەی نالی کە دەڵێت: «کەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆ کوردییە، خۆکردییە» بەڵگەی ئەوەیە لەو سەردەمەشدا دژایەتیی زمانی کوردی کراوە و بە زمانی وێژە دانەنراوە. بێگومان زمانی کوردی یەکێکە لە هێما بەرزەکانی کوردستان و کورد. کورد لە سەردەمی نالیشدا طەوطیزچیی لێ نەبڕاوە.

خۆری کوردستان ئاوا ناکرێت

ساڵانێک بوو کوردستان و کورد لە تەواوی ژینگەی ڕۆشنبیری و تۆڕی کۆمەڵایەتیی کوردستاندا دەرکرابوون. خۆدزینەوە لە کوردستان و کورد، گوێنەگرتن لە هونەری کوردی، ناونەنانی منداڵ بە ناوی کوردی، هەموو ئەمانە ببوون بە جۆرێک لە ڕۆشنبیری. کورد خۆی سەرقاڵ دەکرد بە هەموو شتێکی ناکوردی و ناکوردستانییەوە. قاوەخانە و چێشتخانە و بازاڕەکانمان تەنرابوون بە گۆرانیی عەرەبی و فارسی و تورکی.

بەڵام کوردستانپەروەران لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆتاییان بەم خۆنامۆکردنە هێنا. ئێستا کوردستان و کورد پایتەختی بابەتەکانی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن. گەرچی کێوێک پارە سەرف کرا بۆ ئەوەی نەوەی نوێمان حاشا لە کوردبوون و کوردستانیبوون بکەن، بەڵام پێچەوانەکەی دەرچوو. نەوەی نوێمان کوردستانیترین و کوردپەروەرترینن و ئومێدی گەورەیان لەسەر هەڵدەچنرێت.

دوژمنان هەموو ڕێیەکیان بە کار هێنا: چەند جۆرێکی ڕەتکراوەی ئیسلامیان بە کار هێنا بۆ ناشیرینکردنی دینی زۆرینەی کورد و دژایەتیی کوردستان. کۆمۆنیزم، سۆشیالیزم، ئێرانیزم، عێراقیزم، تورکیاییزم، سووریاییزم، ئوممەیزم، خەلافەتیزم، ئیخوانیزم، گلۆبالیزم، وۆکیزم، چەپیزم، جەندەریزم، عوسمانیزم، نیۆعوسمانیزم، زاگرۆسیزم، نێواندووڕووبارەکەییزم، ئۆپۆزسیۆنیزم، دژەسەرمایەداریزم، برایەتیی گەلانیزم… هەموو ئیزمێکیان بە کار هێنا بۆ بنکەنکردنی پڕۆژەی نیشتمانیی کوردستان. بەڵام کوردستان هەر سەربەرز مایەوە و بەهێزتر بوو.

هەوڵیان دا لە ڕێی جوانکردنی هەژاری و سەرسواڵکەرییەوە دژایەتیی کوردستان بکەن. ویستیان کورد لە هەژاری و نەداری و ڕسواییدا بهێڵنەوە، بۆ ئەوەی هەرگیز هێزی دارایی و ئابووریمان نەبێت. بەڵام کوردستان هەر سەربەرز مایەوە و بەهێزتر بوو.

ئێستاش لە ڕێی ترەوە دێنەوە. دەیانەوێت هێما بەرزەکانی کوردستان بە کار بهێنن بۆ دژایەتیی هێما بەرزەکانی کوردستان. بۆ نموونە ئاڵای کوردستان بۆ دژایەتیی سروودی ئەی ڕەقیب بە کار دەهێنن. بەڵام کوردستان هەر…

زنجیرەیەک ڤیدیۆم لە بارەی ئەی ڕەقیب و باسوخواسی لابردن و هێشتنەوەی و سروودی نەتەوەیی و نیشتمانی ئامادە کردووە. بەم ڤیدیۆیەوە ٢٠ ڤیدیۆن. بە یارمەتیی ئێوە دەیانکەین بە چاوی نەیارانی ئەی ڕەقیبدا، بە دوژمنانی ئەی ڕەقیبدا، بە ڕەقیبانی ئەی ڕەقیبدا. لەگەڵم بن، شوێنی هەژمارەکەم بکەون، هەموو دووشەممە و پێنجشەممەیەک ڤیدیۆیەک لەم بارەیەوە بڵاو دەکەمەوە. بە هیوای سوود و چێژ.

هۆنراوەی ئەی ڕەقیب

کێشی ئەی ڕەقیب

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ئەی ڕەقیب، وەک هەر سروودێکی تر، بەشێکی هۆنراوەیە، بەشەکەی تری ئاوازە. ئێستا باسی هۆنراوەکە دەکەم. لە ڤیدیۆی چواردەیەمدا باسی ئاوازەکەی دەکەم.

هۆنراوەکە بە کێشی عەرووزی نووسراوە. کێشی عەرووزی جۆرێک کێشی هۆنراوەییە. هۆنەرە کۆنەکانمان وەک مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی و نالی و سالم و کوردی بەم کێشە نووسیویانە. مامۆستا گۆران بەم کێشە و بە کێشی پەنجەیی کوردییش هۆنراوەی نووسیوە. بێسارانی و مەولەوی تەنها بە کێشی پەنجەیی نووسیویانە.

کێشە عەرووزییەکان بەسەر جۆری گشتیدا دابەش دەبن. هەر جۆرێکیان پێیان دەوترێت «بەحر». هەر بەحرێکیش چەشنی جیاوازی هەیە.

هۆنراوەی ئەی ڕەقیب بە دیاریکراوی بەحری ڕەمەل-ە. بە دیاریکراوتریش ڕەمەلی شەشیی کورتکراوە (ڕەمەل موسەددەس مەقسوور). واتە بە هەردوو دێڕێک شەش پێیان هەیە. پێی کۆتایی هەر دێڕێک بڕگەیەکی لێ کورت کراوەتەوە. دەبێت بە فاعیلاتون فاعیلاتون فاعیلان2. مامۆستا عەزیز گەردی بەم جۆرە دەستنیشانی کردووە.

واتە لە ڕووی کێشەوە سەر بە هەمان جیهانی هۆنراوەی کۆنی کوردییە. کە هەندێک کەس پێی دەڵێن هۆنراوەی کلاسیکیی کوردی.

دەستکاریی عەرووز ئاسان نییە

ئەم زانیارییە لەبەر ئەوە گرنگە چونکە پێمان دەڵێت ئاسان هۆنراوەکە دەستکاری ناکرێت. چونکە دەستکاریی کێشی عەرووزی ئاسان نییە. هەر پیتێک زیاد بکرێت یان لاببرێت کێشەکە لەنگ دەبێت.

جا بۆیە کە هەندێک کەس داوا دەکەن هەندێک لە وشەکانی بگۆڕێن، ڕەنگە نەزانن کە دەستکارییەکەی ئاسان نابێت. دەستکاریش بکرێت چیتر هۆنراوەکە هی دڵدار نامێنێت.

من ناڵێم دەستکاریی هۆنراوەی عەرووزی نەکراوە. کراون. بەڵام ئەو دەستکارییانەی سەرکەوتوو بوون، پسپۆڕی کێش، واتە کێشناس کردوونی. بۆ نموونە هۆنراوەی گۆرانیی هیوا مەگریی خاتوو مەرزییە فەریقی، کە هی مامۆستا گۆرانە و بە کێشی عەرووز نووسراوە، دەستکاری کراوە.

خاتوو مەرزییە دەڵێت:

چییە کۆرپەم؟ چ سیڕڕێکە وەها مەحکوومی گریانی،
کە تۆ هێشتا لە خەم ناگەی؟ لە مەعنای گریە نازانی؟
ئەگەر وەک دایکە حەسرەت دیدەکەت ڕەنجت بچێژایە،
زەمان گەردی ئەمەلتی گشت بە دەم باوە بپێژایە؛

لە دەقەکەی مامۆستا گۆراندا دەڵێت:

چییە تو خوا؟ چ سیڕڕێکە وەها مەحکوومی گریانی،
کە تۆ هێشتا لە خەم ناگەی؟ لە مەعنای گریە نازانی؟
ئەگەر وەک باوکە حەسرەت دیدەکەت زەهرت بچێژایە،
زەمان گەردی ئەمەلتی گشت بە دەم باوە بپێژایە؛

یان خاتوو مەرزییە دەڵێت:

بە چی دیارە کە چی لەو تەختی ناوچاوانە نووسراوە؟

لە دەقەکەی مامۆستا گۆراندا دەڵێت:

بە چی مەعلووم کە چی لەو تەختی ناوچاوانە نووسراوە؟

وشە گۆڕاوەکان کێشەکە لەنگ ناکەن. بەمەشدا دیارە ئەو کەسەی دەستکاریی هۆنراوەکەی کردووە کێشناس بووە.

پاشان دەستکاریی ئەی ڕەقیب پێویست نییە. دواتر ئەمە ڕوون دەکەمەوە کە بۆچی وایە.

ناوەرۆکی هۆنراوەی ئەی ڕەقیب

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

بەشی هەرە زۆری ئەی ڕەقیب لە ڕووی ناوەرۆکەوە بەسەر کوردستاندا نییە، بەڵکو بەسەر کورددایە. واتە بەسەر نیشتماندا نییە، کە کوردستانە؛ بەڵکو بەسەر نەتەوەدایە، کە کوردە. تەنانەت یەک جاریش ناوی «کوردستان»ی تێدا نییە.

کە بەسەر نەتەوەی کوردیشدایە، بەسەر بەرگریی نەتەوەکەدایە، نەک هەموو شتێکی کورد، کە بێگومان ئەوە مەحاڵە لە هۆنراوەیەکی کورتدا باسی هەموو شتێکی کورد بکرێت.

ئەی ڕەقیب بە دیاریکراوی دەڵێت: هەر ماوینەتەوە. ڕابردوومان خوێناوییە و ستەممان لێ کراوە، بەڵام شۆڕشمان کردووە. ئێمەی کورد لە ڕووی مێژووییەوە لە ئیمپراتۆرێتیی میدیا و کەیخوسرەوی پاشاوە هاتووین. نیشتمان دین و ئاینمانە. هەر زیندووین و نەمردووین و ئاڵاشمان بڵندە. زۆر ئازامان لێ کوژراوە. بەڵام هێشتا ئامادەین بۆ بەرگری و خوێن دەدەین.

چوار ڤیدیۆی ئەم زنجیرەیەم تەرخان کردووە بۆ باسی «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان»، بۆیە ئەو ڕستەیە لەم بەشەدا دەپەڕێنم.

نەتەوە لە سەدان ڕووەوە سەیر دەکرێت. ئەی ڕەقیب لە چەند ڕووێکی سنوردارەوە سەیری نەتەوەی کورد دەکات. ئەوانیش مانەوە و مێژوو و گیانی بەرگری و گیانی خۆبەختکردنن.

لا مارسەییێز

سروودی دەیان وڵات هەن کە ئاوها باس لە دۆخێکی بەرگری دەکەن. بۆ نموونە سروودی نەتەوەیی و نیشتمانیی فەڕەنسا، کە ناوی لا مارسەییێز-ە، لە گەرمەی جەنگدا دانراوە و تا ئێستاش نەگۆڕاوە. واتە هەڵگری گوتاری مانەوەی سەربازیی کاتی جەنگە. دەڵێت:

بۆ جەنگ، بۆ جەنگ، ئەی هاووڵاتییان.

لەشکرەکانتان پێک بهێنن،

بە ڕێ کەون، بە ڕێ کەون،

با خوێنی پیس کێڵگەکانمان بۆ ئاو بدات.

واتە با بە خوێنی پیسی دوژمنان ئاوی ڕەز و کێڵگەکانمان بدەین. بە نەوتراوی واتە خوێنی دوژمن پیسە و خوێنی فەڕەنسییەکان پاکە. زۆربەی هەرە زۆری کوردان هەرگیز وا بیریان نەکردووەتەوە کە خوێنی خۆیان پاکترە و خوێنی نەتەوەی تر پیسە. خوێن هەر خوێنە، ئەوەی پیس دەبێت زەینە.

بۆیە نموونەی سروودی فەڕەنسام هێنایەوە، چونکە:

١. لە ساڵی ١٧٩٢دا نووسراوە. واتە ٢٣٤ ساڵ لەمەوبەر.

٢. ئەویش لە چەند ڕووێکی زۆر سنووردارەوە لە نەتەوەکە دەڕوانێت.

٣. دەربڕینی تا ڕادەیەک ڕەگەزپەرستانەی تێدایە و نەگۆڕاوە.

٤. لە دۆخی جەنگ و بەرگری و هێرشدا نووسراوە و نەگۆڕاوە.

٥. فەڕەنسا بە دروشمی ئازادی، یەکسانی، برایەتی دەنازێت. کەچی دەشێت سروودەکەی بە پێچەوانەی ئەوەوە لێک بدرێتەوە. دیارە ئەوان مەبەستیان لە ئازادی و یەکسانی و برایەتیی تەنها نێو فەڕەنسییەکانە. نەک لەگەڵ جیهان.

لە ڕووی نەتەوەییشەوە هەر تێبینیم لەسەر لا مارسەییێز هەیە، بەڵام ئەوە لە ڤیدیۆیەکی تردا باس دەکەم.

وشەی ڕەقیب بە واتای خوا نییە

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

هەندێک کەسی چەواشەکار وا بڵاوی دەکەنەوە کە گوایە مەبەست لە وشەی «ڕەقیب» خودایە. بەڵام ئەمە درۆیەکی گەورەیە و بۆ تێکدانی ناوماڵی کوردستانە.

ڕەقیب خودا نییە، مرۆڤە، ئەڕڕەقیب خودایە. جەلال خودا نییە، مرۆڤە، ئەججەلال خودایە. ڕەشید خودا نییە، مرۆڤە، ئەڕڕەشید خودایە. ڕەحمان خودا نییە، مرۆڤە، ئەڕڕەحمان خودایە. بەسیر خودا نییە، مرۆڤە، ئەلبەسیر خودایە. موئمین خودا نییە، مرۆڤە، ئەلموئمین خودایە.

هەموو ئەو ناوانە ئاوەڵناون. بەسیر واتە بینا، ئەوەی دەبینێت. ئێ زۆربەی مرۆڤان بینان و دەبینن. هەر ئێستا تۆ خەریکیت ئەم نووسینەم دەبینیت. بەڵام بینەرە مەزنەکە خودایە کە هەموو شتێک دەبینێت. سەمیع واتە بیسا، ئەوەی دەبیستێت. ئێ زۆربەی مرۆڤان بیسان و دەبیستن. هەر ئێستا تۆ خەریکیت دەنگی چواردەورت دەبیستیت. بەڵام بیسەرە مەزنەکە خودایە کە هەموو شتێک دەبیستێت. ڕەحمان واتە بەبەزەیی. ئێ زۆربەی مرۆڤان بەزەییان بەرانبەر ئەوانی دی هەیە. هەر ئێستا تۆ ڕەنگە بەزەییت پێمدا بێتەوە کە تەمەنمان تەرخان دەکەین بۆ ئەوەی کورد تێبگەیەنین دەوڵەت و سەروەری و ئاڵا و سروود و زمان و نیشتمانپەروەری گرنگن! بەڵام بەبەزەییە مەزنەکە خودایە کە بەزەییەکەی لە هی هەمووان مەزنترە.

تەنانەت ئەم دیاردەیە لە زمانی ئینگلیشدا هەیە. ئەگەر بڵێیت هم him، واتە ئەوی نێر (وی). بەڵام ئەگەر ئێچی سەرەتا بە پیتی گەورە بنووسیت Him، واتە خودا. ئەڵبەت لە ئینگلیدا ئەمە لە نووسیندا دەردەکەوێت.

ڕەقیب چاودێرە

ڕەقیب واتە ئاگادار، چاودێر، نیگاوان. بێگومان ئەگەر دوژمن بە سەرتەوە ئاگادار و چاودێر و نیگاوان بێت، بەدکارە. بەڵام ئەگەر دڵسۆزت بە سەرتەوە ئاگادار و چاودێر و نیگاوان بێت لە سوودی تۆیە و بۆ پاراستنی تۆیە.

ڕەقیب لە وێژەی کوردیدا بە واتای دوژمنی هەمیشە چاوتێبڕ بە کار هاتووە. بۆ نموونە من دەمەوێت لەگەڵ یاری خۆم دڵداری بکەم، بەڵام ژنەکەی دراوسێیان هەمیشە لە بەردەرگا چاودێرە. کیلۆیەک تێکەڵەی لالەنگی و پرتەقاڵت لە زەرفێکدا پێبێت و بە لایدا بڕۆیت، دەزانێت چەند دانەیان لالەنگین و چەند دانەیان پرتەقاڵن. بۆیە ڕەقیبی من و یارە. ئێمەش حەزمان بە چارەی نییە. ئەگەرچی دەشبێت ددان بەوەدا بنێین کە توانایەکی مەزنی هەیە کە دەتوانێت هەر بە چاو لالەنگی و پرتەقاڵی ناو زەرفی دەستت جیا بکاتەوە.

ئەو کەسەی ڕەقیب و ئەڕڕەقیب تێکەڵ دەکات، یان عەرەبی نازانێت، یان دەیزانێت و بە ناوی خواوە درۆ دەکات بۆ تێکدانی کورد و کوردستان، یان ئاکاری نییە و دوژمنی کوردستانە. عەرەبینەزانینی خەڵک بە کار دەهێنێت بۆ ڕقبوونەوە لە کورد و کوردستان و هێما بەرزەکانی.

ئەی ڕەقیب پێش و پاش دڵدار

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ئەی ڕەقیب پێش دڵدار

زۆر کەس وا دەزانن دڵدار یەکەم کەس بووە وشەی «ڕەقیب»ی بە کار هێنابێت. بەڵام وا نییە، مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی زۆر پێش ئەو وشەکەیان بە کار هێناوە. بۆ نموونە ئەحمەدی خانی لە مەموزیندا دەڵێت:

گەر قیسمێ موحیبب و گەر حەبیبن

ئەلبەتتە ب دوژمن و رەقیبن

بەڵام نەک تەنها وشەی ڕەقیب، بەڵکو دەستەواژەی «ئەی ڕەقیب»یش لە وێژەی کوردیدا دەگەڕێتەوە بۆ زۆر پێش دڵدار. سالم نزیکەی سەد ساڵ بەر لە دڵدار لە چەندین شوێندا «ئەی ڕەقیب»ی بە کار هێناوە. بۆ نموونە وتوویە:

دەک ڕەقیب تووشی بەڵایێ بی، نەجاتت قەت نەبێ

مانیعی وەسڵی حەیاتم تۆی، حەیاتت قەت نەبێ

ئەی ڕەقیب بیمارە دڵ تیکرار دوعای ئەووەڵ دەکا

دەک بە زنجیرێ کەوی ڕەببی نەجاتت قەت نەبێ.

دەی خۆ سالم مەبەستی خودا نییە کە تووشی بەڵایەک بێت هەرگیز ڕزگاری نەبێت. هەر سالم لە جێیەکی تریشدا وتوویە:

ئەی ڕەقیب با تۆ لەگەڵ من زوڵمی فیرعەونی بکەی

سەرزەمین قوتت دەدا وەک گەنجی قاروون عاقیبەت.

ئێ خۆ سالم مەبەستی لەوە نییە سەرزەمین خودا وەک گەنجی قاروون قووت دەدات.

مستەفا بەگی کوردی بەر لە دڵدار وتوویە:

ئەی ڕەقیب! وێڵم لە دەستت لێرە بۆ لێم ناگەڕێی؟

باوکە کوژتەت نیم ئەرێ هەی بەدمەزەب چیت لێم دەوێ؟

حەمدی بەگی ساحێبقڕان بەر لە دڵدار وتوویە:

بەس بڕێژە خوێنی ناحەق ئەی ڕەقیب لەم بەردەرە

کۆیی یارە قەت بووە بکرێتە دەشتی کەربەلا

ئەی ڕەقیب بۆ چاری دەردم ئیحتیاجم کەوتە تۆ

ئێستە هەر گاور ئەنووسێ نوشتە بۆ شێخ و مەلا.

هۆنەری تریش بەر لە دڵدار ئەی ڕەقیبیان بە کار هێناوە، وەک تاهیر بەگی جاف، مەلا مستەفای عاسی. تاهیر بەگ وتوویە:

لێم گەڕێن تەنهانشینی کونجی خەم بم ئەی ڕەقیب

دەردەکەی من دەردی ئەشقە و زۆر گران و سارییە.

مەلا مستەفای عاسی وتوویە:

بۆچی کوێر نابی لە تاوان ئەی ڕەقیبی سەگ سیفەت

چونکە سەگ مەرگی چە فایدە زیندەگانیت تا بە کەی.

ئەی ڕەقیب پاش دڵدار

تەنانەت هۆنەرانی کوردی دوای دڵداریش هەر ئەی ڕەقیبیان لە هۆنراوەکانیاندا بە کار هێناوە، بۆ نموونە سەید کامیلی ئیمامی وتوویە:

ئەمن خۆ کۆشی خۆم پڕ کردووە، هەڵناگرێ چیدی

جەهەننەم! ئەی ڕەقیبی بەدمەزەب، تۆش کۆشی خۆت دانێ.

سامی عەوداڵ وتوویە:

ئەی ڕەقیبانی نەزانا بەسیە فیتنە و تۆبە کەن

چوونکی بێ چارەن کە عاشق زوڵمە هێندەی لۆمە کەن

ئیشی دیوانی هەتاکەی ئەی ڕەقیبی سەگ سیفەت

هێسک لەبەر حەیوان دە بەسیە جۆ لەبەر سەگ ڕۆ مەکەن.

مەلا عەبدوڕڕەحمانی ڕاجی و ویساڵیش هەر ئەی ڕەقیبیان بە کار هێناوە. ڕاجی وتوویە:

ئەی ڕەقیب، تۆ کونجڕێک پەیدا بکە

تەیری گول ئاشق بە داری ژەقنەمووت

ویساڵی وتوویە:

وەختێ ئەمنی دی بە عەوری زوڵفی ڕووی پۆشی لە من

ئەی ڕەقیب خوا بتگرێ گەر وەک منت لەو یارە کرد

ئەی ڕەقیب هاتی وەکوو ئیبلیس ویساڵیت دەرپەڕان

بۆ بە بێ جورم و گونەهـ لەو لەززەتەت ئاوارە کرد؟

ئەو هۆنەرانەی ناویانم هێنا هەموویان موسوڵمان بوون و خۆیان مەلایەتییان خوێندووە. بەڵام ئیتر ئەوەیە ئیسلامییەکانی ئەمڕۆ موسوڵمانە هەرە باشەکانمان بە کافر دەزانن. ئەم موسوڵمانانە لە سوودی کورد و کوردستان بوون، بۆیە بە دوژمنی خۆیانیان دەزانن.

ڕەخنە لە ئەی ڕەقیب

ئایا ئەی ڕەقیب لە ڕووی ڕێزمانەوە کێشەی هەیە؟

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

هەندێک کەس ڕەخنە لە سروودی ئەی ڕەقیب دەگرن و بێڕێزیی پێ دەکەن. پاساوەکەشیان ئەوەیە کە گوایە ئەی ڕەقیب لە ڕووی ڕێزمانییەوە کێشەی تێدایە. بەڵام ئەو قسەیە ڕاست نییە. ڕێزمان کەرەستەیەکە لە بەردەم هۆنەردا. لە هۆنراوەدا هۆنەر ڕێزمان تێک دەدات و ئەوەشە هونەرێتیی هۆنراوە بەرز دەکاتەوە. واتە ڕێزمان ئامرازی هونەراندنی هۆنەرە.

ڕێزمان واتە ڕستەسازی (سینتاکس)، وشەسازی (مۆرفۆلۆجی)، دەنگناسی (فۆنۆلۆجی)، واتاسازی (سیمانتیک). کاتێک یەکێک دەڵێت: «ئەی ڕەقیب لە ڕووی ڕێزمانەوە کێشەی تێدایە»، دەشبێت ڕوونی بکاتەوە لە چ شوێنێکی ڕێزماندا کێشەی تێدایە. چونکە ڕەخنە هەمیشە دیاریکراو و تایبەتە و گشتی نییە. دەبێت ڕوون بیت، بە دیاریکراوی چ جێیەک کێشەی هەیە؟ دەنا ڕەخنەت نەگرتووە.

ئەگەر کێشەکە ڕستەسازییە، ئەوا لە هۆنراوەدا ڕستە ژێردەستەی کێشە. واتە هۆنراوە لە ڕووی ڕستەسازییەوە ڕەخنەی لێ ناگیرێت. ئەمە نەک تەنها بۆ زمانی کوردی، بەڵکو بۆ زمانی تریش ڕاستە. هۆنراوە هەمیشە ڕستەسازی وەک کەرەستە و ئامراز بە کار دەهێنێت بۆ هونەراندنی هۆنراوەکە. هەندێک جاریش لەبەر کێش وا دەکات. دواتر بە تایبەت باسی ئەمە دەکەم.

ئەگەر کێشەکە وشەسازییە، دەنگناسییە، واتاسازییە، ئەوا دەبێت ڕەخنەگرەکە بە وردی پێمان بڵێت چ جێیەکی نێو هۆنراوەکە لەو ڕووانەوە کێشەدارە. ئەگەر بەکارهێنانی وشەی عەرەبی و بێگانەیە، ئەوا یەکێک لە ڤیدیۆکانم بۆ ئەو بابەتە تەرخان کردووە. سەبارەت بە دەنگناسییش: خۆم تا ئێستا هیچ ڕەخنەیەکی دەنگناسییانەم لەسەر ئەی ڕەقیب نەبیستووە. ئەوە نەبێت دەوترێت وشە عەرەبییەکان لە ڕووی دەنگەوە لەگەڵ وشە کوردییەکاندا نەگونجاون.

زۆرترین ئەو ڕەخنانەی لە ئەی ڕەقیب گیراون دەکەونە بواری واتاسازییەوە. هەندێک لە ئیسلامییەکان کێشەیان لەگەڵ وشەی ڕەقیبدا هەیە. لەوەدا هەڵەن و لە دوو ڤیدیۆی ڕابردوودا ڕوونم کردەوە. هەندێکیان کێشەیان لەگەڵ ئەو ڕستەیەدا هەیە کە دەڵێت «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان». دوایی ئەمەش ڕوون دەکەمەوە.

جا پرسیاری ئەوە دروست دەبێت کە ئایا ئەی ڕەقیب لە ڕووی ڕێزمانەوە ڕەخنەی لێ دەگیرێت؟ وەڵامەکە ئەوەیە کە بەڵێ، بەڵام ئەگەر خۆت بزانیت ڕێزمان چییە و مەبەستت چییە. پاشان لە ڕێزماندا بۆمان ڕوون بکەیتەوە کێشەکە چییە.

تەنها بێگەردانمان خۆش دەوێت؟

پاشان گریمان ئەی ڕەقیب لە ڕووی ڕێزمانەوە کێشەی هەیە. خۆ ئێمە ئەی ڕەقیبمان لەبەر ئەوە خۆش ناوێت کە لە ڕووی ڕێزمانەوە بێگەردە. یان لە ڕووی مووسیکەوە لە شاکارێکی بێتهۆڤن هونەریترە. نەخێر، ئێمە ئەی ڕەقیبمان خۆش دەوێت چونکە دەنگمان بووە لە کاتی بێدەنگکردنماندا، لە کاتی سەرکوتکردنماندا، لە کاتی قاتوقڕکردنماندا.

چۆن منداڵی خۆمان لەبەر ئەوە خۆش ناوێت کە جوانترین و بێگەردترین و ڕێکوپێکترین بوونەوەری دونیایە، بەڵکو لەبەر ئەوە خۆشمان دەوێت هەڵگری پارچەیەکە لە گیانمان. ئەی ڕەقیبیش وایە، با هەزار خەوشی هەبێت، بەڵام ملیارێک پارچەی ئاوێنەی شکاوی مێژوو و یادەوەریمانی هەڵگرتووە. ئازارمانی هەڵگرتووە. شکۆمانی هەڵگرتووە.

ڕستەی هۆنراوە ژێردەستەی کێشە

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ڕستەسازی ئەو لقەی ڕێزمانە کە لە جێی وشە و دەستەواژەی نێو ڕستە دەکۆڵێتەوە و ڕستە ساز دەکات. واتە لەوە دەکۆڵێتەوە کە بکەر (یان کارا) لە کوێدایە، بەرکار لە کوێدایە، کار لە کوێدایە.

ڕەخنەگرتن لە هۆنراوە لە ڕووی ڕستەسازییەوە بێواتایە. چونکە لە وێژەدا بە گشتی و لە هۆنراوەدا بە تایبەتی ڕستە کەرەستەیە، زۆربەی جار بە مەبەست و هەندێک جار بە ناچاری دەشکێنرێت.

لەو هۆنراوانەی کێشی عەرووز بە کار دەهێنن دیاردەی شکاندنی ڕستە هەر زۆر ئاساییە و زۆر جار ناچارییە. بۆ نموونە ئەحمەد هەردی لە پێنجخشتەکییەکەیدا لەسەر هۆنراوەکەی شێخ نووریی شێخ ساڵح وتوویە:

قەت نەدەی ئازاری گیانی مەست و بێدارانی شەو.

ئەو ڕستەیە شکێنراوە. ڕستەسازییە دروستەکە ئەوەیە بوترێت: قەت ئازاری مەست و بێدارانی شەو نەدەیت.

بۆ نموونەیەکی تر، سالم وتوویە:

ئومێدی دڵ نەماوە تا حەشر ئازادی قەیدت بێ

تەلیسمی بابلە، جانا! مەگەر چاهی زەنەخدانت؟!

حەشر عەرەبییە، واتە ڕۆژی دوایی. قەید عەرەبییە، واتە کۆت؛ لێرەدا مەبەست لە قژی یارە کە سالمی پێ پێبەست بووە. تەلیسم بە ڕەچەڵەک وشەیەکی گریکییە، لە تێلێسما-ەوە هاتووە. ئەو واتایەی وەرگرتووە کە هەر شتێکە توانای جادوویی هەبێت. لە زمانی ئینگلیدا بووە بە تالیزمان talisman. دەوترێت گوایە لە سەردەمی بابلی کۆندا جادووگەری زۆر باو بووە. وا دیارە تەلیسمی بابل بە واتای جادووی بابلییە. یان گوایە بەردێک بووە کە جادووگەرەکانی بابل بە کاریان هێناوە. چاهـ واتە چاڵ. زەنەخدان واتە چەناگە.

ئەو ڕستەیە بە کوردیی ئەمڕۆ واتە: دڵ تا ڕۆژی دوایی ئومێدی نەماوە لە کۆتوبەندی قژت ڕزگاری بێت. مەگەر چاڵی چەناگەت جادووی بابلە، گیانە؟!

واتە ڕستەسازیی ئەو دوو دێڕە شکێنراوە. ڕستەسازییە دروستەکە بەم جۆرەیە: دڵ تا حەشر ئومێدی نەماوە ئازادی قەیدت بێ. مەگەر چاهی زەنەخدانت تەلیسمی بابلە، جانا؟!

کێش ڕستەی هۆنراوە دەشکێنێت

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکان کە وا دەکات لە ڕووی ڕستەسازییەوە ڕەخنە لە هۆنراوە نەگیرێت ئەوەیە کە کێش زۆر جار هۆنەرەکە ناچار دەکات وشەیەک لە جێیەکدا دابنێت کە کێشەکە تێک نەدات. بۆیە لەم پڕۆسەیەدا ڕستەسازی دەکرێت بە قوربانی.

لە زمانەکانی تریشدا ئەم دیاردەیە هەیە. بە درێژایی مێژوو ئەوەندە ڕستە لە پێناو کێشی هۆنراوەدا شکێنراوە، کە وای لێ هاتووە ڕستەی شکاو لە زەینی زۆربەی خەڵکدا وەک ڕستەیەکی وێژەیی خۆی بنوێنێت. بۆیە زۆربەی کات ئەو دێڕەی لە ڕووی ڕستەسازییەوە شکێنراوە وێژەییتر دەردەکەوێت وەک لەو ڕستەیەی لە ڕووی ڕستەسازییەوە دروستە.

لە کوێ بڵێیت: «هاتەوە یادم شەوێکی قەندیل3»، لە کوێ بڵێیت: «شەوێکی قەندیلم هاتەوە یاد». لە کوێ بڵێیت: «سووتا ڕەواقی خانەیی سەبرم4»، لە کوێ بڵێیت: «ڕەواقی خانەی سەبرم سووتا». لە کوێ بڵێیت: «کوێر بووە هەر وەکو یەعقووب بە خودا دیدە لە بۆت5»، لە کوێ بڵێیت: «بە خودا دیدە هەر وەکو یەعقووب لە بۆت کوێر بووە».

کێش وا دەکات هەندێک جار یاسای نێو خودی دەقیش بشکێنرێت. ئەمە لە زمانەکانی تریشدا هەر وایە.

بۆ نموونە شێکسپیر لە شانۆنامەی هاملێتدا کەسێتییەکی هەیە بە ناوی پاشا هاملێت (هاملێتی باوک). ئەم پاشایە کوژراوە و خێوەکەی (سەهویر) دوای مردن گەڕاوەتەوە بۆ لای کوڕەکەی، کە ئەویش هەر ناوی هاملێت-ە (هاملێتی کوڕ). بە ئینگلیی ئەو سەردەمە بە خێو (یان سەهویر) وتراوە گۆست ghost. تەنانەت شێکسپیر خۆی بە کەسێتییەکەی دەڵێت گۆست. کەچی هەندێک جار لەبەر کێش ناچار بووە وشەی گۆست بە کار نەهێنێت و بنووسێت سپیریت spirit. وەک لەو دێڕە بەناوبانگەدا کە خێوەکە بانگی کوڕەکەی دەکات، دەڵێت: «من گیانی باوکتم». I am thy father’s spirit. (ھاملێت ١: ٥، ٩)

من و کاک ڕێبوار قارەمانی لە وەرگێڕانی هاملێتدا ئەم دوو وشەیەمان جیا کردووەتەوە. سەهویر-مان بەرانبەر گۆست داناوە؛ گیان-مان بەرانبەر سپیریت داناوە.

بە کورتی: لە وێژەدا بە گشتی و لە هۆنراوەدا بە تایبەتی، ئاساییترین دیاردە ئەوەیە ڕستە بشکێنرێت. بۆیە لە ڕووی ڕستەسازییەوە ڕەخنە لە هۆنراوە ناگیرێت. ئاوهاش لە ڕووی ڕستەسازییەوە ڕەخنە لە ئەی ڕەقیب ناگیرێت.

ڕستەی هۆنراوە ژێردەستەی ڕەوانبێژییە

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

وەک چۆن ڕستەی هۆنراوە ژێردەستەی کێشە، ژێردەستەی ڕەوانبێژیشە. ئێستا ڕوونی دەکەمەوە چۆن.

لە هۆنراوەدا پێکاری ڕەوانبێژی بە کار دەهێنرێت. پێکار واتە ئەو شتەی کاری پێ دەکەیت، هاوواتای ئامراز-ە. پێکاری ڕەوانبێژی کار لە ڕستە دەکات.

پێکاری سڕینەوە

بۆ نموونە پێکارێکی ڕەوانبێژی هەیە کە پیتێک یان زیاتر لە وشەیەک دەسڕێتەوە. بە کوردی بەم پێکارە دەڵێین سڕینەوە. بە ئینگلی پێی دەوترێت کاتالێکتیک catalectic؛ بە عەرەبی حەزف.

بۆ نموونە نالی لە هۆنراوەیەکدا وتوویە:

مەمخەرە هاوییەیی هەولی فیراق،

دەستی من دامەنی تۆ ڕۆژی قیا.

ئەو «قیا»یە واتە قیامەت. بەڵام «-مەت»ەکەی لێ سڕاوەتەوە. هەموومان دەزانین واتە لە قیامەتدا دەستم دامێنت. بەڵام نالی پێکاری سڕینەوەی لەسەر وشەکە جێبەجێ کردووە.

کەسم نەدیوە لە چیرۆک و ڕۆماندا سڕینەوەی بە کار هێنابێت. بەڵام خۆم لە دێڕێکی چیرۆکی لاقەکردنی دیاسدا، کە خۆم نووسیومە، ئەم پێکارەم بە کار هێناوە. دڵم نەهاتووە وشەی «مردن» بەرانبەر کەسێتییە سەرەکییەکەی چیرۆکەکە بە کار بهێنم. چونکە تەمەنی تەنها سێزدە ساڵە و شایستەی ئەوە نییە بیخەمە سەر ڕێی مەرگ. بۆیە، وەک هاوسۆزییەک، نیوەی وشەکەم لابردووە و کردوومە بە «مر».

زۆر کەس کە ئەم وشەیەیان خوێندبووەوە وایان زانیبوو هەڵەی چاپە. بەڵام بە مەبەست نیوەی وشەکەم نەنووسیوە. تەواوی ئەو ڕستەیەی چیرۆکەکە دەڵێت: «خۆزگە پێویستت بە پاساوی دانایی نەبووایە تا دڵخۆش بیت و خۆت بە سرووشتی تا ڕۆژی مر هەر دڵخۆش و گەش بوویتایە».

پێکاری ڕیزتێکدان

نموونەی تری پێکاری ڕەوانبێژیمان هەیە کە ڕاستەوخۆ دەستکاریی ڕستە دەکەن. یەکێک لەوانە بە کوردی پێی دەڵێین ڕیزتێکدان. بە گریکی و ئینگلی پێی دەڵێن ئەناسترۆفی. بە مەبەست ڕیزبەندیی ڕستە تێک دەدەیت، وەک:

چییە گوارە گوناهی، وا بە نەستەق

بە گوێ هەڵتاوەسیوە سەر موعەللەق؟6

لێرەدا بە ئاشکرا دیارە کە ڕستە دروستەکە ئەوەیە بڵێت: «گوناهی گوارە چییە وا بە نەستەق بە گوێتدا بە سەر هەڵتواسیوە؟»

پێکاری نیل

پێکارێکی ڕەوانبێژیی تر هەیە بە کوردی پێی دەڵێین نیل. بە گریکی دەبێت بە زیوگما. نیل (یان نیر) «دارێکە دەخرێتە سەر ملی دوو گا یان دوو وڵاخی تر بۆ جووتپێکردن». پێکارە ڕەوانبێژییەکەش کارێکی هاوشێوە دەکات. بەم پێکارە دەتوانیت دوو ڕستە بە یەک کار جووت بکەیت.

خۆم یەکێکم لەو کەسانەی لە نووسیندا ئەمە زۆر بە کار دەهێنم. هەر لە چیرۆکی لاقەکردنی دیاسدا چەندین جار ئەمەم بە کار هێناوە. بۆ نموونە:

دەرگای پەیوەندیی ماڵەکەیان و ھەستی ئازادیی منداڵەکانیشی داخست.

لێرەدا یەک کار بۆ دوو ڕستە دانراوە. ڕستەسازییە دروستەکە وەهایە: «دەرگای پەیوەندیی ماڵەکەیانی داخست. دەرگای ھەستی ئازادیی منداڵەکانیشی داخست».

دوو ڕستەم بە یەک کار بەستەوە.

کەواتە لەبەر کێش و ڕەوانبێژی و شتی تریش، لە ڕووی ڕستەسازییەوە ڕەخنە لە ئەی ڕەقیب ناگیرێت.

ڕەخنە لە ئەی ڕەقیب لە ڕووی وشەسازییەوە

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

یەکێک لەو ڕەخنانەی لە سروودی ئەی ڕەقیب و زۆرێک لە هۆنراوە کۆنەکانی کوردی دەگیرێت ئەوەیە کە وشەی عەرەبیی زۆریان تێدایە. ئەم قسەیە بە گشتی ڕاستە. بەڵام بۆ ئەی ڕەقیب کەمتر ڕاستە. چونکە سروودی ئەی ڕەقیب وشەی عەرەبیی زۆر کەم تێدایە، بە دیاریکراوی تەنها سێ وشەی عەرەبیی تێدایە، ئەوانیش ئەم سێ وشەیەن: ڕەقیب، قەوم، حازر.

بوونی وشەی بێگانەی زۆر لە هۆنراوەی کۆندا هۆی زۆرە، لەوانە:

  • هەژموونی دینی ئیسلام: زمانی پەڕتووکە پیرۆزەکانی ئیسلام عەرەبی بوون.
  • نووسەران مەلا و کەسی دینی بوون: تەواوی ئەو کەسانەی لە کۆندا بە کوردی نووسیویانە مەلا و کەسانی دینی بوون. لە حوجرە و مزگەوتەکاندا بە عەرەبی خوێندوویانە.
  • زمانی حوکمڕانی: زمانی حوکمڕانییە جۆراوجۆرەکانی دەوروبەری نووسەران یان عەرەبی بووە، یان عەرەبی دەسەڵاتێکی زۆری هەبووە تیایاندا. بۆ نموونە تورکیی عوسمانی نیوەی عەرەبی بووە.
  • هێشتا بیری پاراوکردنی زمان سەری هەڵنەدابوو: بیری پاراوکردن و پاککردنەوەی زمان لە وشەی بێگانە بیرێکی نوێیە. تەنانەت خودی قورئان چەندین وشەی ناعەرەبیی تێدایە. واتە قورئان خۆی عەرەبیی پاراو نییە. بۆ نموونە وشەکانی ئەساتیر، کە کۆی ئوستوورەیە، وشەی دین، قیستاس، ئینجیل… هیچیان عەرەبی نین. لە سەردەمی دڵداردا هزری پاراوکردنی زمانی کوردی ئەوپەڕی تەمەنی ٢٥ ساڵ بووە. ئێستا دوای سەد ساڵ هێشتا بە دەیان ڕۆشنبیرمان هەن کە لەگەڵ پاراوکردنی زمانی کوردیدا نین، جا وەرە حەفتا و پێنج ساڵ لەمەوبەر!
  • بەکارهێنانی زمانی زیاتر نیشانەی دەسەڵاتی نووسەر بووە: بەکارهێنانی وشەی بێگانە لە وێژەی کۆنی کوردیدا نیشانەی دەسەڵاتداری و پایەبەرزیی نووسەرەکە بووە. شکانەوەی دەسەڵات بەسەر زمانی زۆردا بە یەکێک لە پێوەرەکانی ڕۆشنبیری دانراوە. بۆیە زمانی تایبەتی وێژەیی پڕ بووە لە وشەی بێگانە. نالی بە ئاشکرا دەڵێت: «فارس و کورد و عەرەب هەر سێم بە دەفتەر گرتووە».
  • پاراستنی نەریتی مەزنان: لە وێژەی کۆنی کوردستان و جیهانیشدا، هۆنەرە نوێکان بە شوێن پێی مەزنانی پێش خۆیاندا ڕۆیشتوون. نوێکان لەپڕ و ناکاو لە مەزنانیان لانەداوە، بەڵکو بەرەبەرە لە ڕێی مەزنان لایانداوە. بەکارهێنانی وشە بێگانەکانی پێش خۆیان جۆرێک لە ڕێزدانان بووە بۆ مەزنانی پێشوو. جگە لەوەی وشە بێگانە بەکارهاتووەکان بەڵگەی خوێندەواریی نەوەی نوێ بوون لە وێژەی پێش خۆیاندا.
  • کێش هۆنەری ناچار کردووە: کە لە سرووشتی کێشی عەرووزی تێدەگەیت، تێدەگەیت کە هەندێک جار ناتوانیت بە ئازادی وشەیەک لە جێیەک دابنێیت، چونکە کێشەکە لەنگ دەکات. بۆیە هەندێک جار پەنا براوەتە بەر وشەیەکی بێگانە کە لەگەڵ کێشەکەدا هاتووەتەوە.

بە کورتی: سەربارکردنی زمانی هۆنراوە بە وشەی بێگانە لە وێژەی کۆنی کوردیدا دیاردەیەکی ئاسایی بووە. ئێمە ناتوانین بە پێوەرەکانی ئەمڕۆ ڕابردوو بپێوین.

ڕەخنە لە ئەی ڕەقیب لە ڕووی واتاسازییەوە: «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان» زیاتر لە واتایەکی هەیە

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ئیسلامییەکان بە دیاریکراوی دژی ئەو دێڕەی ئەی ڕەقیبن کە دەڵێت: «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان». بە پاساوی ئەوەی دەڵێن: «دینی ئێمە ئیسلامە». بەڵام ئەوان چەند لایەکیان لەو دێڕەدا لێک نەداوەتەوە. لە لایەک ئەو دێڕە دوو پێکاری ڕەوانبێژیی لەسەرە. لە لایەکی تر دێڕەکە ئاماژەیە بە لکێنێکی دەوڵەتی. با ئێستا باسی دوو پێکارە ڕەوانبێژییەکە بکەم.

پێکاری یەکەم چوواندنە بە لابردنی ئامرازی چوواندن. بۆ نموونە دەڵێم: «مانگەکەم هات». لە بری ئەوەی بڵێم «یارەکەم، کە دەڵێیت مانگە، هات». واتە ئەو دێڕە دەڵێت: هەر نیشتمانە وەک دین و ئاینمانە. بەڵام وەک-ەکە لابراوە. لەبەر کێشی هۆنراوەکەش جێگۆڕکێ بە ڕستەسازییە دروستەکەی کراوە.

پێکاری دووەم زێدەڕۆییە، کە بە گریکی پێی دەوترێت هووپەربۆلێ و بە ئینگلی پێی دەوترێت هایپەربۆلی hyperbole. بۆ نموونە دەڵێم: «قسە نەکەم کەروێشکێکم دەبێت»، یان «فڵان کەس دین و ئیمانمە»، یان «ئەوەندەم برسییە گایەک دەخۆم». بێگومان نە کەروێشکت دەبێت و نە کەس دەبێتە دین و ئیمانت و نە گایەکیشت پێ دەخورێت.

لە ڤیدیۆی داهاتوودا باسی لایەنی لکێنی دەوڵەتی دەکەم لەو دێڕەدا. ئێستا لەسەر وشەی دین دەوەستم.

دین وەک لکێنەوە

وشەی دین بە زمانی لاتینی ڕیلیگیۆ-یە. ڕیلیگیۆ (کە لە ئینگلیدا بووە بە ڕیلیجن religion) وشەیەکی داڕێژراوە. لە پێشگری ڕی- و لیگ و پاشگری -یۆ پێک هاتووە.

پێشگری ڕی- بەرانبەر پاشگری -ەوە-ی کوردی دەوەستێتەوە و واتە دووبارەبوونەوە. وەک چۆن دەڵێیت: کردن، کردنەوە. بردن، بردنەوە. لیگ، کە بنجی وشەی ڕیلیگیۆ-یە، هەر لکانی کوردییە و لەگەڵ وشەی لکان-ی کوردیدا هاوڕیشەن. لیگ، لکان. پاشگری -یۆ لە زمانی لاتینیدا ناو دەسازێنێت. واتە ئەوەی هەمووان دووبارە بە یەکەوە دەلکێنێتەوە. ڕیلیگیۆ واتە لکێنەوە.

ڕیشەی وشەکە تێڕوانینێکی زۆر گرنگمان لەسەر خودی دین پێ دەدات. پێمان دەڵێت کە مرۆڤ، لانیکەم لاتینەکان، چۆن سەیری دینیان کردووە و دین بە چی تێگەیشتوون.

وشەی یاساش، کە بە لاتینی لێکس-ە، هەر هەمان ڕیشەی لکان و ڕیلیگیۆی هەیە. هەر لێکس-ی لاتینییە لە کۆتاییدا چووەتە زمانی ئینگلییەوە و بووە بە لۆ law بە واتای یاسا. واتە لۆ-ی ئینگلی و لکانی کوردی لە ڕیشەدا هەمان وشەن. بە واتای وشە بێت، یاسا واتە لکێن. چونکە دوو هاووڵاتی بە یاسا پێکەوە دەلکێن.

لێکسی لاتینی بە ڕاستەوخۆش چووەتە زمانی ئینگلییەوە و وشەکانی لیگەڵ legal و لێجیسلەیشن legislation و لیجیتیمت legitimate-ی دروست کردووە. لیگەڵ واتە یاسایی؛ لێجیسلەیشن واتە یاسای دەرچوو؛ لیجیتیمت واتە ڕەوا.

واتە یاسا ئەوەیە هاووڵاتییانی شوێنێک پێکەوە دەلکێنێت؛ دین ئەوەیە دیسان پێکەوە دەیانلکێنێت. یاسا لکێنە، دین لکێنەوەیە. واتە دەشێت مرۆڤی شارستانیی نێو وڵاتێک لە لکێنێک زیاتری هەبێت بە یەکترەوە.

دینی تاک و دینی دەوڵەت

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

جاران هەموو دەوڵەتێک دینی هەبووە. ئەم دینە دینی دەوڵەتە. بۆ نموونە عوسمانییەکان دینیان ئیسلام بووە. ئەمە واتای ئەوە نییە کە هەموو تاکێکی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی ئیسلام بووە. مەسیحی و جوو و دینی تریش هەبوون. بەڵام دینی دەوڵەتی عوسمانی ئیسلام بووە.

ئێستا ئینگلتەرا یەکێکە لەو وڵاتانەی دینی دەوڵەتی هەیە، کە ئەویش مەسیحیی پڕۆتستانتییە، کە بە ئەنگلیکان ناسراوە. ئەمە بەو واتایە نایەت موسوڵمانی تێدا نییە. لایەک لە لەندەن موسوڵمانن، بەڵام دینی دەوڵەت پڕۆتستانتییە.

کورد نەتەوەیەکی فرەدینە. کوردی ئێزدیمان هەیە، کوردی زەردەشتیمان هەیە، کوردی جوومان هەیە، مەسیحی، موسوڵمان بە سوننە و شیعەوە، یارسان… کوردی خاوەندینی تریشمان هەیە. جگە لەوەی کوردی بێدین و بێباوەڕیشمان هەیە. هیچ کامێک لەم کوردانەمان لێ زیاد نییە و هەموویان دانەی دانەبڕاوی کوردستانن. ئەوەی هەموو ئەمانە پێکەوە دەبەستێتەوە نیشتمانە.

ئێمە دەمانەوێت بەو جۆرە کوردستانمان بونیاد بنێین کە لەگەڵ چاندی کوردستاندا دەگونجێت. نامانەوێت لاسایی تورک و عەرەب و فارس بکەینەوە لە فاشیزم و سەپاندن و سەرکوتکردندا. نامانەوێت کوردستان بە وێرانبوویی دروست بکەین. ناشمانەوێت نموونەیەکی حوکمڕانی لە ڕۆژئاوا بخوازین تەنها لەبەر ئەوەی مۆدەی ئەوەیە. ئێمە پانتۆڵ ناکڕین تا ئەوەیان بکڕین کە ئێستا مۆدەیەتی. ئێمە دەمانەوێت ببینە نموونە بۆ جیهانیش.

خۆشبەختانە ئەزموونی دەوڵەتانمان دیوە. دەتوانین هەڵەکانیان دووبارە نەکەینەوە. هەم دەوڵەتی دینیی وەک ئێران و ئەفغانستانمان دیوە؛ هەم دەوڵەتی دونیایی وەک ئەمریکا و فەڕەنسامان دیوە. دیومانە کاتێک حوکمڕانی بە ناوی دینەوە دەکرێت چ کارەساتێکی لێ دەکەوێتەوە و چۆن دەوڵەتی دینی وا دەکات هەمووان قێزیان لە دینەکە بێتەوە و لێی هەڵبێن.

نیشتمان لکێنە

دین لەسەر ئاستی تاک لکێنی مرۆڤ و خودای خۆیەتی. بەڵام لەسەر ئاستی دەوڵەت لکێنی هەموو تاکەکانە. ڕەنگە دینێک بتوانێت تاکەکانی دەوڵەتێکی تر پێکەوە بلکێنێت (کە لەمە بەدگومانم). بەڵام بێگومان ئەمە بۆ کورد ڕاست نییە. هیچ دینێکی ئاسمانی نەیتوانیوە و ناتوانێت هەموو کورد پێکەوە بلکێنێت، بەڵکو دینەکان ئێمەیان لە یەک ترازاندووە. بەڵام نیشتمان دەتوانێت هەموومان پێکەوە بلکێنێت.

کوردستان لکێنی کەسەکانی ناویەتی. ئەمە بە واتای ئەوە نییە کوردستان ببێتە جێگرەوەی خودای تاکەکەسی. هەرگیز، بەڵکو دەبێتە بەندی هاووڵاتییانی کوردستان. بۆیە دین و ئاین لەو دێڕەی ئەی ڕەقیبدا هەم واتە دینی دەوڵەت، هەم واتە ئەوەی کوردستانییان پێکەوە دەلکێنێت. کە هەر دەشبێت نیشتمان بێت. دەنا شەڕی ناوخۆ ڕوو دەدات.

بۆیە من وا لەو دێڕە تێدەگەم کە «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان» ئاماژە نییە بە دینی ئاسمانیمان وەک تاک، بەڵکو دینمانە بە واتای لکێنی دونیایی.

ئەرکی دینی و دەوڵەتی

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا

            لە هەر سێ ئینجیلی مەتا و مەرقۆس و لۆقادا (مەتا ٢٢: ٢١؛ مەرقۆس ١٢: ١٧؛ لۆقا ٢٠: ٢٥) چیرۆکێکی عیسا هەیە کە ئێجگار گرنگە. کۆمەڵێک دەچنە لای عیسا، لێی دەپرسن: «ئایا سەرانە (یان باج) بدەین بە قەیسەر؟». چونکە عیسا خەڵکی شانشینی یەهوودیا بووە و یەهوودیاش لە سەردەمی عیسادا داگیرگەیەکی ڕۆمییەکان بووە. عیسا پێیان دەڵێت: «هی قەیسەر بدەنە قەیسەر، هی خوداش بدەنە خودا».

            ئەم وتەیەی عیسا وەک دەقی پشتڕاستکەرەوەی جیاکردنەوەی ئەرکی تاک بەرانبەر دەوڵەت و ئەرکی تاک بەرانبەر خودا دەبینرێت. وەک چۆن ئەرکت لەسەر شانە بەرانبەر خێزانەکەت، ئەرکیشت لەسەر شانە بەرانبەر نیشتمانەکەت. ئەرکیشت لەسەر شانە بەرانبەر خودای خۆت.

بوونە جیاوازەکانمان

ڕاستە ئێمە دانە دانە تاکین، بەڵام هەر یەکێکمان زیاتر لە بوونێکمان هەیە. لانیکەم هەر یەکێکمان چوار بوونمان هەیە:

١. بوونێکی تاکی: واتە خۆمان لەسەر ئاستی تاک.

٢. بوونێکی کۆیی خێزانی: واتە بوونمان لەسەر ئاستی خێزانەکانمان.

٣. بوونێکی کۆیی کۆمەڵگەیی: واتە بوونمان لەسەر ئاستی کۆمەڵگاکەمان.

٤. بوونێکی کۆیی دەوڵەتی: ئەمیان بوونی نیشتمانیمانە.

واتە لانیکەم بوونێکی تاکی و سێ بوونی کۆییمان هەن.

لەسەر ئاستی تاک و خێزانی و کۆمەڵگاییش دەتوانین خاوەنی دینی ئاسمانیی خۆمان بین. بەڵام لەسەر ئاستی دەوڵەتی، بە هۆی سرووشتی کوردستانەوە، کە لە زۆربەی دینەکانی تێدایە، دەبێت بوونێکی زەمینی کۆمان بکاتەوە. کە ئەویش نیشتمانە.

بۆ نموونە ئەندامەکانی نێو تیپێکی تۆپتۆپێن لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەشی تیپەکە کۆ دەبنەوە. واتە تیپەکە دەبێتە پڕۆژەی هاوبەشی هەموو تاکەکانی ناوی، نەک دین. تیپەکە لکێنی هەموو ئەندامەکانە. دەکرێت هەر یەکێک لەو تاکانە دینی خۆیان هەبێت و ئەوپەڕی ڕێزیشیان لێ بگیرێت. بەڵام ئەوەی لەو بوونە کۆییەی ئەو تیپەدا کۆیان دەکاتەوە تیپەکەیە، نەک دینەکەیان لەسەر ئاستی تاک.

ئاوهاش دەکرێت تاکەکانی نێو نیشتمانێک لەسەر بنەمای پڕۆژەی هاوبەشی نیشتمانەکە کۆ ببنەوە. واتە نیشتمانەکە ببێتە لکێنی تاکەکان. دڵدار بەم لکێنە نیشتمانییەی وتووە دین. دین بە واتای لکێنەوەی هەمووان لەسەر ئاستی نیشتمان، نەک بە واتای کۆسووڕی پەرستنی تاک و خودای خۆی لەسەر ئاستی تاک و خێزان و کۆمەڵگا.

دین بە واتای لکێنەوەی هەمووان لەسەر ئاستی نیشتمان، نیشتمانە. دین بە واتای کۆسووڕی پەرستنی تاک و خوای خۆی لەسەر ئاستی تاک و خێزان و کۆمەڵگا، دینەکەتە. هەر دینێکیت، پیرۆزت بێت و ئەوپەڕی ڕێزی لێ دەگرین. بەڵام تۆ تاکە کەس نیت لە کوردستان. نابێت بوونی تاکیی خۆت بکەیت بە دوژمنی بوونە نیشتمانییەکەت.

دینی تاک و ئاسمانی کە بوو بە دینی نیشتمانی پیس دەبێت. بۆیە باشترە دینی ئاسمانیی بوونی تاکیی خۆت و دینی زەمینیی بوونی کۆیی خۆت تێکەڵ نەکەیت، دەنا زەمینییەکە ئاسمانییەکە پیس دەکات. ئەمە جگە لەوەی لە ئەندامەکانی تری نیشتمانەکەت دەتترازێنێت.

دینی ئاسمانی هی تاک و کۆمەڵە، بەڵام لکێن و بەستەری من و تۆ کوردستانە. کەواتە کوردستان لکێنەوەمانە. کوردستان کۆمان دەکاتەوە. کوردستان دەمانکاتە یەک. بۆیە: دینمان، ئاینمان هەر کوردستان.

دوژمنایەتی و دۆستایەتیی تۆ و ئەی ڕەقیب بە دەست خۆتە

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

دڵدار خۆی خەڵکی کۆیە بووە. هاوڕێی مەسیحیی خەڵکی هەرمۆتەی هەبووە. زوو بەر ئەو پرسیارە کەوتووە کە چ شتێک دڵدارێکی موسوڵمانی مەلازادە و هاوڕێ مەسیحییەکەی پێکەوە دەبەستێتەوە؟ بێگومان دەبێت نیشتمان بێت. دەنا ئەگەر دینی تاکەکەسی بێت، ئەوا لە یەکیان دەترازێنێت. پێشم وایە هەر ئەوە بووەتە پاڵنەری ئەوەی بڵێت: «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان».

ئەگەر دڵدار دەقاودەقیش بە هەمان خوێندنەوەی من «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان»ی نەنووسیبێت، ئەوا من هەر وا ئەو دێڕە دەخوێنمەوە و لێی تێدەگەم. تەنانەت ئەگەر دڵدار مەبەستیشی لەو واتایە نەبووبێت. ئەم خوێندنەوەیەم لەبەر چەند هۆیەکە.

هۆیەکیان ئەوەیە ئەی ڕەقیب چیتر تەنها موڵکی دڵدار نییە. ئێمە پەیوەندییەکی گیانەکیمان لەگەڵی پەیدا کردووە. ڤیدیۆی نۆزدەیەمم بۆ ئەم پەیوەندییەی ئێمە و ئەی ڕەقیب تەرخان کردووە. هۆیەکی تریان ئەوەیە من بە دوای ئەوەدا دەگەڕێم لەگەڵ کوردستانییاندا بلکێمەوە، نەک بە دوای پاساودا بگەڕێم بۆ ئەوەی لێیان بترازێم و خۆمیان لێ جیا بکەمەوە.

ئەگەر ڕای ڕاشکاوی منتان دەوێت، باشتر بوو دڵدار ئەو وشەیەی بە کار نەهێنایە و پاساوی نەدایە بە دوژمنانی پڕۆژەی کوردستان دین بۆ دوژمنایەتیی کوردستان بە کار بهێنن. چونکە هەن لە شەڕ دەگەڕێن.

هەیە لە شەڕ دەگەڕێت، هەیە لە ئاشتی

بەڵام پێم وایە دڵدار نەشیوتایە «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان» ئیسلامییەکان هەر دژی دەبوون. خۆ ئاڵای کوردستان ناوی دینی نەهێناوە و ئیسلامییەکان دژین و بە سووکی دەبینن. خۆ جوگرافیای کوردستان ناوی دینی نەهێناوە و ئیسلامییەکان دژین و بە سووکی دەبینن. خۆ زمانی کوردی ناوی دینی نەهێناوە و ئیسلامییەکان دژین و بە سووکی دەبینن و عەرەبی دەخەنە شوێنی.

کە دەڵێم «ئیسلامی» بە هیچ شێوەیەک مەبەستم لە موسوڵمان نییە. لای من موسوڵمان و ئیسلامی دوو کەسی زۆر جیاوازن. تەنانەت پێچەوانەی یەکتریشن. ئیسلامی هەموو ئەو شتانەیە کە موسوڵمان نییە.

ئیسلامی پڕۆژەیەکی وارگێڕییە (واتە سیاسییە)، موسوڵمان ناوارگێڕییە (واتە ناسیاسییە). ئیسلامی ڕووکەشگەرایە، موسوڵمان ناخگەرایە. ئیسلامی دوژمنسازە، موسوڵمان دۆستسازە. ئیسلامی دژە نیشتمانە، موسوڵمان نیشتمانپەروەرە. ئیسلامی دوژمنپەروەرە، موسوڵمان دوژمنبەزێنە. ئیسلامی دژی هەموو شتێکی کوردییە، موسوڵمان لەگەڵ هەموو شتێکی کوردیدایە. ئیسلامی هیچ هاوسۆزییەکی مرۆڤانەی نییە، موسوڵمان هەموو گیانی هاوسۆزی و مرۆڤایەتییە.

یەک کوردی زەردەشتی، یەک کوردی مەسیحی، یەک کوردی جوو، یەک کوردی یارسان، یەک کوردی ئێزدی، تەنانەت کوردی موسوڵمانیش ئەوەندە لە دینەکەیان دوودڵ نەبوون و نین کە وا دێڕی «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان» لێک بدەنەوە کە نیشتمان دەکاتە ڕکابەری دینە ئاسمانییەکەیان. تەنها ئیسلامییەکانن ئەم دوژمنایەتییەیان دروست کردووە.

یەکێک مەبەستی لە دوژمنایەتی نەبێت، دوژمنایەتیشی بکەیت ئەو هەر دەیهێنێتەوە سەر ئاشتەوایی. ئەوەشی مەبەستی لە دوژمنایەتی بێت، هەزار جاریش دەستی ئاشتیی بۆ درێژ بکەیت هەر دەیکاتەوە بە دوژمنایەتی.

مووسیکی ئەی ڕەقیب

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

باسی «مووسیکی ئەی ڕەقیب» دوو لایەن دەگرێتەوە: یەکەمیان ئاوازەکەیەتی؛ دووەمیان مووسیکەکەیەتی. ئاوازی سروود ئەو بەشەیە کە مرۆڤەکان دەتوانن بێ ئامێری مووسیکیش بیبێژن. مووسیکیش ئەو بەشەیە کە ئامێرەکانی مووسیک دەیژەنن. من لێرە تەنها باسی ئاوازی ئەی ڕەقیب دەکەم.

ئاوازی پێداگری ئەی ڕەقیب

ئەی ڕەقیب ئاوازێکی سادە و ساکاری هەیە، بەڵام پڕ لە جۆشوخرۆش و گڕوتینە. لەبەر ئەوەی لەسەر ئەو جۆرە پەیژە مووسیکییە دانراوە کە لە مووسیکدا پێی دەڵێین «پەیژەی گەورە»، هەستی شانازی و ئەرێیی و شکۆ بە بیسەر دەدات. لە مووسیکناسیدا بە نزیکی هەمیشە ئەم جۆرە پەیژەیە بە مەبەست بە کار هاتووە بۆ ئاماژەدان بە سەرکەوتن7.

بۆ نموونە بێتهۆڤن بەم جۆرە پەیژەیە کۆتایی بە سیمفۆنیی پێنجەم و نۆیەمی هێناوە، کە تیلنیشانن بە سەرکەوتن. چایکۆڤسکی بەم جۆرە پەیژەیە کۆتایی بە سیمفۆنیی پێنجەمی هێناوە. لە نامەیەکی ساڵی ١٨٨٨یشدا نووسیویە: «کۆتایی سیمفۆنییەکە دەگۆڕێت بە سروودی سەرکەوتن». گوستاڤ ماهلەر بەم جۆرە پەیژەیە کۆتایی بە سیمفۆنیی دووەمی هێناوە. خۆیشی لەسەر نۆتەی سیمفۆنییەکەیی نووسیوە: «مەرگ دیار نەما… سەرکەوتن هی منە! دەژیم!».

ئۆستیناتۆ: پێداگر

لە مووسیکداناندا تەکنیکێک هەیە پێی دەوترێت ئۆستیناتۆ. ئۆستیناتۆ وشەیەکی ئیتالییە. واتە پێداگر، یان دووپاتەبووەوە، یان کەللەڕەق. چەندین وشەی تر لە زمانی ئینگلیدا هەن کە ڕیشەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ هەمان ئەم وشەیە، وەک وشەی ئۆبستینت obstinate واتە لاسار، یان کەللەڕەق. ئاوازی ئۆستیناتۆ، واتە ئاوازێکی پێداگر. واتە مووسیکەکە کۆپلەیەکی تێدایە، یان هەمووی کۆپلەیەکە کە چەندین جار دووبارە دەبێتەوە و خۆی ناگۆڕێت.

چەندین گۆرانیی کوردی هەن کە تەکنیکی پێداگرییان تێدایە. هەندێکیان هەموو گۆرانییەکە پێداگرە، وەک گۆرانیی لێ دینێی جوان حاجۆ؛ هەندێکیان دێڕێکیان تێدایە پێداگرە، وەک دێڕی «یادم کەن» لە گۆرانیی یادم کەن-ی نووری گەرمیانیدا. زۆربەی ئەو گۆرانییانەش کە بە بەزمی چەپڵە ناسراون لە هەورامان ئاوازی پێداگرن.

تەنانەت پێداگری لە هۆنراوەشدا هەیە. بۆ نموونە هۆنراوەی تۆم هەر لە بیرە-ی مامۆستا هێمن، ئەو دێڕەی دەڵێت: «ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لە بیرە» تەکنیکێکی پێداگرییە. کۆپلە دێت و دەڕوات، بەڵام دێڕە پێداگرەکە هەر دێتەوە.

جا بۆیە باسی پێداگرییم کرد لە مووسیکدا، چونکە سروودی ئەی ڕەقیب لە دوو کۆپلەی پێداگر پێک هاتووە: ئەو بەشەی دەڵێت ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی کوردزمان، یان دواتر: لاوی کورد هەڵسانە سەر پێ وەک دلێر… لەگەڵ ئەو بەشەی دەڵێت کەس نەڵێ کورد مردووە. هەردووکیان پێداگرن.

بە کورتی: ئاوازی ئەی ڕەقیب چ لە ڕووی پەیژەی مووسیکییەوە، چ لە ڕووی تەکنیکی مووسیکدانانەوە، لەگەڵ ناوەرۆکی هۆنراوەکەدا زۆر گونجاون.

ئاوازدانەری ئەی ڕەقیب کێیە؟

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ڕاجیایی هەیە لەسەر ئەوەی کێ ئاوازی سروودی ئەی ڕەقیبی داناوە. باسێکی کەم لەم بارەیەوە کراوە. سەیریش نییە، خەڵکەکەمان سەرقاڵی گۆرانیی فارسی و عەرەبی و تورکین. هەر وا دەبێت!

ڕۆژانە لانیکەم چل ملیۆن کەس ئەی ڕەقیب بە ئاوازی ئاوازدانەرێک دەڵێنەوە، کەچی بێزیان نەهاتووە بپرسن ئەرێ کێ ئەم ئاوازەی بۆمان دانا با یادێکی بکەینەوە.

شێخ حوسێن بەرزنجی

زۆربەی ڕاکان دەڵێن شێخ حوسێن بەرزنجی ئاوازی ئەی ڕەقیبی داناوە. لەسەر ئینتەرنێت زانیاریی زۆر کەم لە بارەیەوە هەیە. کەی لە دایک بووە؟ لە کوێ؟ دایک و باوکی کێ بوون؟ چیی خوێندووە؟ چیی کردووە؟ بەرهەمی تری چی هەبووە؟ ماڵی لە کوێ بووە؟ هاوڕێکانی کێ بوون؟ وێنەیەک؟ تابلۆیەک؟ پەیکەرێک؟ وتارێک؟ ڕاپۆرتێک؟ بەڵام خۆشبەختانە لە پەڕتووک و چاوپێکەوتندا شتێکم لە بارەیەوە دەست کەوت.

ناوی حوسێن شێخ عەبدولکەریم شێخ حوسێن بەرزنجییە. ساڵی ١٩١٩ لە گۆپتەپەی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە دایک بووە. خەڵکی قادر کەرەمن. زمانی کوردی و عەرەبی و فارسی و تورکی و ئینگلیی زانیوە. شارەزای گۆرانی و سروود بووە. برای شێخ مارف بەرزنجی بووە. حکومەتی مرۆڤکوژی عێراق ساڵی ١٩٥٩ دەستگیری کردووە و لە ٢٣ی حوزەیرانی ١٩٦٣ لەگەڵ شێخ مارفی برای و ٢٦ هاوڕێیدا لە سێدارەی داون8.

عەبدولخالق قوتب

ڕایەکی تر هەیە دەڵێت عەبدولخالق قوتب دانەری ئاوازی سروودی ئەی ڕەقیبە. بە گوێرەی ئەو زانیارییە سنووردارەی لەسەر ئینتەرنێت لە بارەی ئەم پیاوەوە هەیە: ساڵی ١٩٠٥ لە کۆیە لە دایک بووە. لەگەڵ دڵداردا خاڵۆزا و پوورزان. خانەی مامۆستایانی لە کەرکووک تەواو کردووە. ساڵی ٢٠٠٢ لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

بەڵگەمەندکردنی ئاوازدانەری ئەی ڕەقیب

لەم کەناڵی ئینستاگرامەم گرووپێکم بۆ یەکلاکردنەوەی دەستنیشانکردنی ئاوازدانەری ئەی ڕەقیب داناوە. ئەوەی دەیەوێت لەم بارەیەوە گفتوگۆ بکات و زانیاریمان بداتێ، تکایە بێتە ئەوێ. دواتر بەڵگەفیلمێکیش تۆمار دەکەین بە ناونیشانی دۆزینەوەی ئاوازدانەری ئەی ڕەقیب.

لە ڕاستەوە بۆ گەورە

دەوترێت سەرەتا ئاوازی ئەی ڕەقیب لەسەر پەیژەی ڕاست دانراوە. دواتر گواستراوەتەوە بۆ پەیژەی گەورە. ئەگەر ئەمە وا بێت، ئەوا ئەم گواستنەوەیە بڕیارێکی باش بووە، چونکە گشت ئامێرە مووسیکییەکان دەتوانن پەیژەی گەورە بژەنن، بەڵام گشتیان ناتوانن پەیژەی ڕاست بژەنن9. هەروەها لەسەر ڕەزمی ڕەو دانراوە. ڕەو واتە ڕۆیشتنی سەربازی (مارش). کە ئەمەیان تا ئێستا لە سروودەکەدا ماوەتەوە.

سروودی نەتەوەیی و سروودی نیشتمانی

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

پێویستە جیاوازی لە نێوان دوو جۆر سرووددا بکەین، ئەوانیش سروودی نەتەوەیی و سروودی نیشتمانین. نەتەوە و نیشتمان هەمان شت نین، جیاوازن. کوردستان نیشتمانە، کورد نەتەوەیە.

جیاوازیی سروودی نەتەوەیی و نیشتمانی لەوەدایە کە سروودی نیشتمانی بەسەر وڵات و دروشمەکانی و دونیابینی و ئایندەکەیدایە؛ سروودی نەتەوەیی بەسەر یەکێک لە نەتەوەکانی وڵاتێک و مێژوو و نەریت و ڕابردووەکەیدایە.

من نازانم داخۆ دڵدار جیاوازیی لە نێوان سروودی نەتەوەیی و نیشتمانیدا کردووە یان نا. نازانم ئایا بە کامی ئاگایی نەتەوەیی و نیشتمانی و بیری نەتەوەیی و نیشتمانییەوە هەر وشەیەکی نووسیوە یان نا. ناچارین لە دەقەکەوە لێی بڕوانین.

دەتوانین دوو دێڕی «دینمان، ئاینمان هەر نیشتمان» و «زیندووە و قەت نانەوێ ئاڵاکەمان» وەک بەڵگەی ئەوە بهێنینەوە کە نیشتمانیشی مەبەست بووە. بەڵام پێم وایە ئەی ڕەقیب زیاتر وەک سروودی نەتەوەیی خۆی دەنوێنێت تا نیشتمانی. چونکە بەشی زۆری سروودەکە ڕاستەوخۆ بەسەر نەتەوەی کورد و ئازایەتی و گیانفیدایی کورد و دێرینیی مێژووەکەیدایە.

بەڵام نکۆڵی لەوە ناکرێت کە سروودی ئەی ڕەقیب، ئەگەر سروودی نەتەوەییش بێت، بەڵام خۆی وەک سروودی نیشتمانی سەپاندووە. ئەمەش بە هۆی دۆخی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە بووە. هەرێمی کوردستان نە ئەوەیە وەک دەوڵەتێک سەربەخۆ بێت بۆ ئەوەی سروودی نیشتمانیی خۆیی هەبێت، نە ئەوەیە سەربەخۆ نەبێت بۆ ئەوەی هیچی نەبێت. لە بەرزەکی نێوان سەربەخۆیی و ناسەربەخۆییدایە. بۆیە شتەکانی تریشمان هەر وا لەو بەرزەکەدان.

لە جیهاندا نموونەمان هەیە کە نەتەوەیەک سروودێکی هەبووە، دوایی کە بە سەربەخۆیی گەیشتووە و بووە بە دەوڵەتیش، هەر سروودە نەتەوەییەکەی نەگۆڕیوە. بۆ نموونە سروودی فەڕەنسا، کە ناوی لا مارسەییێز-ە، سروودێکی نەتەوەییە و کراوە بە سروودی نیشتمانی. لە جێیەکی سروودەکەیاندا دەڵێت:

ئەم زنجیرە پیسە ئاسنینانە بۆ کێن؟

ئای بۆ ئێمەی فەڕەنسی،

ئای لەو سووکایەتییە!

دەبێت تووڕەییمان بورووژێنت.

سروودەکەشیان هەڵگری گوتاری مانەوەی سەربازیی کاتی جەنگە. بۆ نموونە لە جێیەکدا دەڵێت:

بۆ جەنگ، بۆ جەنگ، ئەی هاووڵاتییان.

لەشکرەکانتان پێک بهێنن،

بە ڕێ کەون، بە ڕێ کەون،

با خوێنی پیس کێڵگەکانمان بۆ ئاو بدات.

سروودی نیشتمانی چۆن بێت؟

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ئێستا باسی گۆڕینی ئەی ڕەقیب ناکەم، چونکە ڤیدیۆی کۆتاییم بۆ ئەوە تەرخان کردووە. بەڵکو باس لە سروودێکی نیشتمانیی نموونەیی دەکەم کە باشترە چۆن بێت.

دەقەکەی

باشترە دەقەکەی بەسەر کوردستاندا بێت. ئێستاییانەتر بێت. بە زمانی کۆن نەنووسرابێت و وشەی زمانی داگیرکەر و کوردیکوژی تێدا نەبێت. ڕوو لە ئایندە بێت و لە ئاڕگومێنتی مێژوو دەربچێت. تەنها هەڵگری گوتاری مانەوە نەبێت، بەڵکو هەڵگری گوتاری گەشە بێت. لە دۆخی جەنگدا نەبێت. ڕەنگدانەوەی ئاکاری بەرزی کورد و نەریتی ئاشتیخوازی و پێکەوەژیان و دادپەروەریمان بێت.

باشترە ئاماژە بە نەتەوەیەکی دیاریکراو نەکات، بەڵکو ئاماژە بە نەتەوەی کوردستانی بکات. ئیتر کورد، عەرەب، کلدانی، یان هەر کەسێک خۆی بە کوردستانی دەزانێت، دەیگرێتەوە. کێ خۆی بە کوردستانی نەزانێت نایگرێتەوە و هەموویان وەک دوژمن دەبینین. پێویستە نەتەوە و دەوڵەت لە پێش جیهانەوە دابنێت.

باشترە ڕەهەندی پەروەردەیی تیدا بێت. تاکەکانی نیشتمانەکە بە بەرپرسیارێتی ئەرکبار بکات و پڕۆژەیان بۆ بە جێ بهێڵێت. بۆ نموونە بەرپرسیارێتیی بەڕێوەبردنی کوردستان و جیهان. چونکە دەبێت بەئاکارترین جیهان بە ڕێوە ببات. منداڵ لە سروودەکەوە هەست بکات ئەرکی لەسەر شانە و پڕۆژەی هەیە و دەبێت بەرپرسیارێتیی خۆی و جیهان هەڵبگرێت. بۆ ئەوەی نەوەکانمان دابڕاو و پووچگەرا دەرنەچن.

دەبێت لە خۆشەویستیی کوردستانەوە نووسرابێت، نەک لە دژی خەڵکی تر. هەر شتێک لە دژدا بوو پووچە، چونکە مانەوەی بەندە بە مانەوەی دژەکەیەوە. کە دژەکە نەما، ئەویش نامێنێت. بەڵام ئێمە دەمانەوێت کوردستان هەمیشە بمێنێت، ئەگەریش نەیارەکانی نەمان. بۆیە نابێت سروودەکەمان لە دژ و وەڵامی خەڵکی تردا بێت. وەک: ئەی ڕەقیب و ئەی داگیرکەری دڵ پڕ لە قین.

نابێت خۆی سنووردار بکات. وەک ئەوەی: پەنجە بۆ مافی کەس نابەم و هیچ ناکەم و دادەنیشم. نەخێر. کە دراوسێکەت نەیزانی ماڵ بە ڕێوە ببات و ئاگری بەردایە ماڵی خۆی، دەبێت تۆ ماڵی خۆت و ئەویش بە ڕێوە ببەیت. چونکە گەڕەکەکەش بە سووتاندن دەدات و زیانی بۆ تۆ و خەڵکی تریش دەبێت.

نابێت لە خۆیەوە خاک لەسەر نەتەوەی تر تاپۆ بکات. نابێت ڕێ لە فرەوانبوونی کوردستان بگرێت. چونکە کەس خاکی نییە. خاک هی ئەوەیە کە دەیپارێزێت و بەرگریی لێ دەکات و دەتوانێت و دەزانێت بە ڕێوەی ببات.

مووسیک و ئاوازەکەی

دەبێت مووسیک و ئاوازەکەشی بەشی خۆی هونەری بێت. بەڵام ئاوازەکەی ئەوەندە ئاسان بێت کە هەموو کەس بتوانێت بیبێژێت. چونکە سروودی نیشتمانی هی هەموو کەسە. نابێت تەنها گۆرانیبێژی بەتوانا بتوانێت بیبێژێت. بەڵکو دەبێت منداڵ، گەنج، پیر، تەنانەت نەخۆشێکیش بتوانێت بیبێژێت. دەبێت گڕوتینی هەبێت و خەڵک لە وتنەوەیدا خەوی لێ نەکەوێت.

لە پەخشێکی ڕاستەوخۆمدا بە درێژی لەسەر هەموو ئەم خاڵانە دوواوم، بڕوانە پەخشی ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ لە کەناڵی یوتیوبەکەم.

لەم پەخشە ڕاستەوخۆیەدا بە درێژی باس لە سروودی نەتەوەیی و نیشتمانی دەکەم.

باسی ئەی ڕەقیب و دەرکەوتنی ئاکاری بەرزی کورد

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

لەبەر ئەوەی چاومان لە سەربەخۆیی کوردستانە، لە ئێستاوە بیر لە ئایندەکەی دەکەینەوە. ئەگەری زۆرترە کوردستانی سەربەخۆی سبەی تەنها وڵاتی کورد نەبێت، بەڵکو نەتەوەی تریشمان لەگەڵ بێت. لە ئێستاوە بیر لەوە دەکەینەوە ئەو نەتەوانە لە سروودی نیشتمانیماندا دەرنەکەین. دەکرێت سروودی نیشتمانیمان تەنها بەسەر کورددا نەبێت، بەڵکو بەسەر کوردستاندا بێت. واتە دەشێت کوردێکی کوردستانی بیت، عەرەبێکی کوردستانی بیت، کلدانییەکی کوردستانی بیت.

زۆر کورد لەم بابەتەدا هەستیارن و پێیان وایە دەبێت تەنها مامەڵە لەگەڵ کورددا بکرێت. بەڵام کوردستان پڕۆژەی هاوبەشە. هەندێک کورد هەن باوەڕیان بە پڕۆژە هاوبەشەکەمان نییە. کورد هەن لە ئێرانی ئێرانیترن، لە عێراقی عێراقیترن، لە سووریایی سووریاییترن، لە تورکیایی تورکیاییترن. ئێ ئەمانە با کوردیش بن، بەڵام دوژمنی پڕۆژەی کوردستانن. ناکرێت کوردێکی ناکوردستانی بخرێتە پێش ناکوردێکی کوردستانییەوە.

جیاوازیی کورد و داگیرکەرەکانی

بە ڕاستی دداننان بە بوون و مافی پێکهاتەی تردا یەکێکە لە چاکێتییەکان کە کورد بە سرووشتی هەیەتی. عەرەب ئەنفالی کردووین، کیمیابارانی کردووین، منداڵی سەر بێشکەی خنکاندووین، بەڵام ئێمە هەرگیز نەمانوتووە نەتەوەیەک نییە ناوی عەرەب بێت. لە بەرانبەردا ئێمە هیچمان لە عەرەب نەکردووە، ئەوان ساڵانێک نکۆڵییان لە بوونی ئێمە کردووە.

تورک کۆمەڵکوژی کردووین، فۆسفۆربارانی کردووین، کارێز و کانیمانی ژەهراوی کردووە، بەڵام ئێمە هەرگیز نەمانوتووە نەتەوەیەک نییە ناوی تورک بێت. لە بەرانبەردا ئێمە هیچمان لە تورک نەکردووە، ئەوان تا ئێستاش زۆرێکیان نکۆڵی لە بوونی ئێمە دەکەن.

فارس و ئێرانی جیهادیان لە دژمان کردووە، مووشەکبارانیان کردووین، منداڵی ساوامانیان کردووە بە ژێر داروپەردوودا، بەڵام ئێمە هەرگیز نەمانوتووە نەتەوەیەک نییە ناوی فارس بێت. لە بەرانبەردا ئێمە هیچمان لە فارس نەکردووە، ئەوان تا ئێستاش بە بەرنامە کورد لە نێو بۆتەی ئێراندا دەتوێننەوە.

کورد نکۆڵی لە بوونی کەس ناکات. هەر خودی بیرکردنەوە لەوەی سروودی نیشتمانییەکمان هەبێت کە تەنها ئاماژە بە کورد نەدات، لە بەرزیی ئاکاری کوردەوەیە. دەنا تەنانەت نەتەوەیەکی وەک فەڕەنسیش، کە بە دروشمی ئازادی، یەکسانی، برایەتییەوە دەنازێت، لە سروودەکەیاندا تەنها ئاماژەیان بە فەڕەنسی داوە. سروودەکەیان دەڵێت: «ئەم زنجیرە پیسە ئاسنینانە بۆ کێن؟ ئای بۆ ئێمەی فەڕەنسی».

خودی بیرکردنەوە و باسوخواسی گۆڕینی سروودی ئەی ڕەقیب لای کورد، کە هێشتا نەبووە بە دەوڵەت و سەربەخۆ نەبووە، واتە کاتی گۆڕینی سروودەکەشی نییە، ڕێک پێچەوانەی ئەو ترسەیە کە گلۆبالیست و ئینتەرناشناڵ و بزووتنەوە چەپە دژەدەوڵەتەکانی نێو کوردستان بڵاویان کردووەتەوە کە گوایە ئەگەر کورد دەوڵەتی هەبێت وەک تورک و عەرەب و فارس دەکات و ستەم لەوانی تر دەکات.

بیرکردنەوە لە گۆڕینی ئەی ڕەقیب ئەوپەڕی ئاکاربەرزیی کورد دەردەخات. ڕێک بەڵگەی ئەوەیە کە کورد لەوپەڕی دەسەڵاتیشدا هەمیشە بەئاکارە و ستەم لە کەس ناکات.

پەیوەندیی ئێمە و ئەی ڕەقیب

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

زۆربەی ئەو ڕەخنانەی لە ئەی ڕەقیب دەگیرێن قسەی پڕوپووچن و لە ڕقی کورد و کوردستان دەگیرێن. ئەگەرچی هەندێک لەو ڕەخنانە لە جێی خۆیاندان.

بۆ نموونە لە ڕووی تەکنیکی هۆنراوەوە تا ڕادەیەک کاڵوکرچە. ئاماژە بە گوتاری مانەوە دەدات. ئێمە نامانەوێت تەنها هەر بمێنینەوە، بەڵکو دەمانەوێت گەشە بکەین و ببینە سەرمەشقی جیهان. لە دژدایە، واتە ڕوو بە دوژمن دەدوێت: ئەی ڕەقیب!

بەڵام گریمان هەموو ڕەخنەکان ڕاست و دروستن و سروودەکە کەموکووڕە. تەنها لەبەر ئەوەی شتێک کەموکووڕە، واتای ئەوەی نییە کە ناشبێت لە قووڵایی دڵماندا بێت. بڕیار نییە تەنها شتی بێکێماسی لای مرۆڤ بەهادار بن.

بۆچی ئەی ڕەقیب؟

ئێمە پەیوەندییەکی قووڵ و ڕیشەداری گیانەکیمان لەگەڵ ئەی ڕەقیبدا هەیە، چونکە هەڵگری شکۆ و شکست و سەرکەوتن و کەوتن و ڕووناکی و تاریکیی خەباتی نەتەوەکەمانە. هاونشینی ملیۆنان خەندە و گریان و ساڕێژ و ئازار و شانازی و سەرگەردانیمان بووە. لە لێقەوماندا بە دەنگمانەوە هاتووە. گیانی بەرگریمان بووە لە کاتی چەوساندنەوەماندا.

ئەی ڕەقیب دەنگ و زمانی کوردە لە شەڕی مان و نەماندا. دەنگی کۆماری کوردستان، شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشی نوێی کوردستان، شۆڕشی گوڵان بووە. دەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، دەنگی هەرێمی ڕۆژاڤایە، دەنگی خەباتی باکوور و ڕۆژهەڵاتە.

لە ڕۆژی پڕ شکۆی دامەزراندنی کۆماری کوردستان و لە ڕۆژی پڕ لە فرمێسکی لەسێدارەدانی چوار ئەفسەرەکەی کۆماردا لەگەڵماندا بووە. لە ڕیزبەستنی منداڵی کورددا بەرەو ئەنفال و زیندەبەچاڵکردن لەگەڵماندا بووە. دوایین وتەی ئازیزانمان بووە بەر لە ڕەمیکردن و کوشتنیان. لە ژێر تۆپباران و خاپوورکردنی دێ و شارماندا هاوڕێمان بووە.

ئەی ڕەقیب چۆڵەچرایەک بووە سەدان هەزار خێرلەخۆنەدیوی کورد لە ژێر بارودۆخی سەخت و دژواردا دەستاودەست ڕادەستمانیان کردووە. خۆ دانانیشین بڵێین بۆچی فڵان شوێنی ئەم چۆڵەچرایە کونە و فیسار شوێنی قووپاوە و پەڵەی پێوەیە. ئەمە یادگاریی خەباتی پڕ لە بەسەرهاتی نەتەوەیەکی بەکەمینەکراو و ئەنفالکراو و تۆپبارانکراو و قەدەغەکراو و زیندەبەچاڵکراوە.

سروودەکە واتای تری پێدا هەڵواسراوە، بۆیە لامان بەوەجترە. مام و خاڵت ئەو سروودەیان وتووە پێش ئەوەی گوریسی قەنارەکەی ملیان بیانخنکێنێت. پوورت ژیانی خۆی خستووەتە مەترسییەوە ئەو سروودەت فێر بکات. قورسایی مێژوویی وای کردووە لای ئێمە بەهادارتر بێت.

کۆڵوانەکەی دایکت ئەگەر لە پەتک و گوریسیش ڕێسرابێت بەهای بۆ تۆ زیاترە، لە گیانت نزیکترە، چونکە کۆڵوانەکەی دایکتە. با کۆکۆشانێلیش نەبێت.

ڕەگی ئەی ڕەقیب لە قووڵایی بوونماندایە. تا ئێستاش کە گوێم لە ئاوازی ئەی ڕەقیب دەبێت دڵم پڕ دەبێت. دڵنیام لای زۆربەی کوردیش هەر وایە. من گومانم هەیە سروودێکی تر بتوانێت هێندە قووڵ ڕەگی لە دڵی هەر کوردێکدا دابکوتێت.

ئایا پێویستە ئەی ڕەقیب بگۆڕین؟

وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ئایا پێویستە ئەی ڕەقیب بگۆڕین؟ ئەگەر پێویستە، کەی؟ پێش ئەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، دەبێت بزانین کە خودی پرسیارەکە کێشەی تێدایە. مەبەست لە «بیگۆڕین» چییە؟ وەک چی بیگۆڕین؟ ئەی ڕەقیب سروودێکی نەتەوەییە. پێشتر باسم لە جیاوازیی سروودی نەتەوەیی و سروودی نیشتمانی کرد. ئەی ڕەقیب هەرگیز وەک سروودی نەتەوەیی ناگۆڕێت. بەڵام دەکرێت سروودی نیشتمانیی فەرمیی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ نەبێت.

واتە دەوڵەتی سەربەخۆی خاوەن سەروەریی تەواو پێویستی بە سروودی نیشتمانی هەیە. تا نەگەین بەوە، هێشتا هەر خەباتەکەمان خەباتی نەتەوەیە، نەک نیشتمانی. بۆیە تا خۆمان نیشتمانی خۆمان نەگرینە دەست، سروودی نیشتمانیشمان ناوێت.

ئەگەر کوردستانی سەربەخۆ دروست بوو، نەتەوەکانی تر لێی دەرچوون و خۆیان دەربەدەر کرد، ئەوا دەشێت هیچ کات ئەی ڕەقیب نەگۆڕێت. ئەگەر نەتەوەی تریش ویستیان لەو قەوارەیەی کوردستاندا بن، دەتوانین بیر لەوە بکەینەوە کە سروودەکەمان لە بری ئەوەی سروودی نەتەوەیی و نیشتمانی بێت، تەنها سروودی نیشتمانی بێت. واتە ئەی ڕەقیب نەبێت. بەڵام ئێمە هێشتا سەربەخۆ نین.

ئەی ڕەقیب ببێتە سروودی نیشتمانی یان نا، هیچ لە بەهاکەی کەم نابێتەوە. تا دونیا دونیایە سروودێکی نەتەوەیی کورد دەبێت و ڕەگی لە قووڵایی دڵی هەر کوردێکدا هەیە. هەموو کوردان دەتوانن هەر کاتێک لە هەر شوێنێکدا بێت بیڵێنەوە و بکەونە جۆش و خرۆش. پێشم وایە هەمیشە لە کاتی جەنگدا هەر ئەی ڕەقیبە کە زیاتر دێت بە هانامانەوە، وەک لە سروودێکی تر.

ڕای سەرۆک بارزانی لەسەر گۆڕینی ئەی ڕەقیب

تەنانەت خودی جەنابی سەرۆک کاک مەسعوود بارزانی پێش گشتپرسی باسی ئەمەی کردووە. بە دیاریکراوی لە کۆبوونەوەی ٢٢ی ئابی ٢٠١٧دا کە لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکانی کوردستاندا کۆ بووەوە، وتی:

«دەشمانەوێت سیستەمی داهاتووی ئێمە [وەک کوردستانی سەربەخۆ] سیستەمێکی فیدراڵی بێت. پارێزگای تازە دروست بکرێت. پێکهاتەکان دڵنیا بن. هەتا بیر لەوەش دەکەینەوە مەسەلەی سروودی ئەی ڕەقیبیش… ئەوە هی قۆناغێکی خەباتی ڕزگاریخوازی و ئەوانە [بوو]… هەتا لەو مەسائیلانەش پێداچوونەوە دەبێت بکرێتن. سروودی نیشتمانی دەبێت سروودێک بێت تەعبیر لە واقیعەکەی ئێستا بکات. ئاڵا دەبێت ئاڵایەک بێت تەمسیل لە واقیعی ئێستا بکات. مادەم ئێمە پێکەوەین. ئێمە کە داوا دەکەین لە پێکهاتەکان پێکەوە بین و دەنگ بدەن، دەبێت موتمەئینیش بن، دەبێت ڕازیش بن. فیعلەنیش دەبێت لە هەمو شتێکدا ئێمە شەریک بین. ئەوەی کە من مەبەستمە بیڵێم ئەوەیە خاسەتەن بە نیسبەت پێکهاتەکان، ئێوە بە چی ئیتمیئنان دەکەن؟ بە چی دڵتان تەتمین دەبێت کە بەڵێ شەریک دەبین پێکەوە، ئێمە پەیمانتان دەدەینێ کە ئیش دەکەین پێکەوە بۆ ئەوەی ئەو خواستەی ئێوە جێبەجێ ببێت. ئارەزوو ناکەن پێکەوە بین، ئێوە ئازادن هەر بڕیارێک دەدەن چارەنووسی خۆتان بە کەیفی خۆتانە. دەنگ بدەن ماڵتان ئاوا بێت. دەنگ نەدەن دیسان ئێوە ئازادن. من تەنها مەبەستم ئەوە بوو ئەم حەقائیقە بۆ ئێوە ڕوون بکەمەوە. ئەوەی ئیتر خۆتان خاوەن بڕیار بن. ئێمە حەز دەکەین پێکەوە بین. برا بین. پێکەوە بژیین. هەموو ڕێگایەکیش دەگرینە بەر بۆ ئەوەی ئەو خواستە جێبەجێ بکرێت و ئەو واقیعە دروست بکرێت لە کوردستان. ئەگەر شتێکی تر بزانن باشترە بۆ ئێوە، بۆ ئایندەی ئێوە، دیسان ئێمە پشتگیریتان دەکەین. قەت بەرگری لە ئارەزووی ئێوە ناکەین. زۆر سوپاستان دەکەین».

بە کورتی: دانەنانی ئەی ڕەقیب بە سروودی نیشتمانی پشت بە کۆمەڵێک مەرج دەبەستێت. دووانیان زۆر گرنگن، یەکەمیان: دەبێت کوردستانی سەربەخۆمان هەبێت. دووەمیان: پێکهاتەکانی تریش لەگەڵماندا بمێننەوە و خۆیان بە کوردستانی بزانن.

ئەوەی دەمێنێتەوە ئێستایە تا سەربەخۆیی کوردستان. کە توانیمان دایکی خۆمان بگۆڕین، دەشتوانین ئەی ڕەقیب وەک سروودی نەتەوەیی بگۆڕین.


  1. ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ دەستم کرد بە نووسینی. ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ تەواوم کرد. ↩︎
  2. ڕابەری کێشی عەرووزیی کوردی، عەزیز گەردی. بەرگی سێیەم. لا. ٢٥١. ↩︎
  3. هۆنراوەیەکی مەلا عەلییە. ↩︎
  4. هۆنراوەیەکی نالییە. ↩︎
  5. هۆنراوەیەکی مستەفا بەگی کوردییە. ↩︎
  6. هۆنراوەیەکی نالییە. ↩︎
  7. دەوترێت گوایە سەرەتا لەسەر پەیژەی ڕاست دانراوە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ پەیژەی گەورە. ↩︎
  8. دەوترێت شەماڵ سائیب یەکەم کەس بووە سروودی ئەی ڕەقیبی لەسەر قەوان تۆمار کردبێت. بەڵام هەندێک جار لە ڕاپۆرتی ڤیدیۆییدا دەنگەکە بە هەڵە بڵاو دەکرێتەوە. ئەو دەنگە بڵاو دەکرێتەوە کە قادر دیلان تۆماری کردووە، نەک شەماڵ سائیب. ئەوەی قادر دیلان ڕوونە کاری خۆیەتی. لە شێوازی گۆرانیی فریشتە (ڕوومەتی وەک گوڵی بێگەرد) نزیکە. ئامێرەکان فوویی مسیین. ئەو سەردەمە ئەو ئامێرە فووییە مسییانە لە کوردستان هەر نەبوون. ↩︎
  9. د. بەرزان یاسین. سۆسیۆلۆژی و مێژووی کۆمەڵایەتی موزیکی کوردی لەناو سەدەی بیستەمدا. حکومەتی هەرێمی کوردستان، ٢٠٢٤. سلێمانی. ↩︎

دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی

دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی1

ڕاپەڕینی ژینا لە مرۆڤپەرستی ڕایچڵەکاندم

ڕاپەڕینی ژینا لە مرۆڤپەرستی ڕایچڵەکاندم
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

پێش ٢٠٢٢ سەرسەختانە باوەڕم بە مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی هەبوو. دەموت: «زەوی نیشتمانی مرۆڤە!». ئەم قسە زلەشم دەکرد و حەفتەیەک سەرمای ئانتارکتیکا و سیبریا و گەرمای دۆڵی مەرگ و بورکینا فاسۆم نەدیبوو! پێم وا بوو ئەو جێیانەش هەر نیشتمانی منی مرۆڤن! پێم وا بوو من مرۆڤێکی گەورەم، چونکە نیشتمانەکەم گەورەیە، بیرەکەم گەورەیە، خەمەکەم گەورەیە!

ڕاپەڕینی ژینا لەم خەونە ڕایچڵەکاندم، بەڵام یەکسەر تێینەگەیاندم کە کێشەکە لە کوێدایە. واتە هەستم دەکرد وێژمانەکە کێشەیەکی تێدایە، بەڵام نەمدەتوانی دیاریی بکەم. بەرەبەرە بۆم ڕوون بووەوە کە ئەم بابەتی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتییە هەم جۆرێکە لە ئایدۆلۆژیا و دین، هەم جۆرێک نەخۆشی یان ناڕێکییەکی دەروونییە. ڕەنگە لە دەروونناسیدا پێناسەش کرابێت، بەڵام من نەیزانم و لێی بێئاگا بم.

جا لەبەر ئەوەی ئێستانان ئەم هزرە هەم بە نەخۆشی دەزانم، هەم بە دین، بۆیە دەتوانین لە تێهەڵکێشی دوو وشەکە وشەیەکی نوێی بۆ لێک بدەین و پێی بڵێین «دینەخۆشی». ئاوهاش: دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی.

مرۆڤپەرستی

گەرچی مرۆڤپەرستی وەک دین و ئایدۆلۆژیا و ناڕێکی دەناسێنم، بەڵام بۆ ئەوەی دادپەروەر بم و مافی پەیڕەوکارانی ئەم دینە نەخۆم و ناشیرینیان نەکەم، پێم وایە زۆربەی هەرە زۆریان بە مەبەست و بەدکارانە هەڵگری ئەم باوەڕە نین. واتە نەیانزانیوە کە دینێکی نوێیان دامەزراندووە و پەیڕەوی دەکەن. نەیانزانیوە ئەم باوەڕەیان کە دەیکەن بە چاوی هەموو کەسێکدا جادووێکی پووچە. بەڵکو جادووی باوەڕەکە فریوی داون.

کە بە ئەوانیش قسەیان لەسەر دەکەم، تەنها لەبەر ئەوەیە کە ئێستانان چیتر خۆم بە یەکێک لەوان نازانم. بەڵام منیش تەمەنێک هاوبیریان بووم. منیش کەم دروشمی مرۆڤپەرستانەم بڵاو نەکردووەتەوە و لە پەرەسەندنی ئەم هزرەدا دەستم هەبووە. ئەو کاتە پێم وا بوو ئێمە زۆر ناوازەین و هاوشێوەمان دەگمەنە. بەڵام ئێستا دەبینم زۆرێک لە ئێمەی کورد هەڵگری ئەم هزرەین، یان هەڵگری بووین.

ڕەنگە هەندێک لە ئێوەی گوێگریشم بێئاگا پەیڕەوکاری ئەم ئایدۆلۆژیایە بن و هێشتا پێتان نەزانیبێت. دەتوانیت بەوەدا تووشبوو بەم ئایدۆلۆژیایە بناسیتەوە کە بە نزیکەیی لە هەموو ڕستەیەکدا وشەکانی «مرۆڤ» و «مرۆڤبوون» و «مرۆڤایەتی» و «زەوی» بە کار دەهێنێت. ئەگەر خۆیشت وایت کەواتە پیرۆزە، خەڵاتەکەت بۆ دەرچوو.

لەبەر ئەوەی ئەم دینە وزەکەی لە وشەی زلی وەک مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی و زەوی و ئەم شتە زلانە وەردەگرێت، ئەو هەستە لای پەیڕەوکارانی دروست دەکات کە لەبەر ئەوەی دروشمی زلیان هەڵگرتووە، ئیتر ئەمانیش زل و گەورەن. لای ئەمان کورد و ئینگل و ئەڵمان بچووکن، چونکە ئەوان خەمەکانیان بە هێندەی وڵاتەکانیان بچووکن، بەڵام ئەمان خەمی مرۆڤایەتی و زەوییان هەڵگرتووە.

پەیرەوکارانی مرۆڤپەرستی چۆنن؟

پەیرەوکارانی مرۆڤپەرستی چۆنن؟
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

چۆن لە دیندا زیکر و مانترا و ویرد هەیە، بەردەوام وتەیەک دووبارە دەکەیتەوە، ئێمەی مرۆڤپەرستیش وشەکانی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتیمان دەخستە هەموو ڕستەیەکەوە. سەری زمان و بنی زمانمان ئەوە بوو کە دەمانوت: «زەوی نیشتمانی مرۆڤە!»، «مرۆڤبوون پێش هەموو شتێکە». هەر بۆ بەڵگە و نموونە سەیری وتاری هونەر و داهێنانی کوردی بکە کە خۆم نووسیومە.

کێ لە ئێمە حەز ناکات مەزن بێت؟ ئێ دینی مرۆڤپەرستییش هەر بە دوو ڕستە و چوار وشە تراویلکەی مەزنێتی بە پەیڕەوکارانی دەبەخشێت. بەو مشتە وشەیە دەبیتە مەزنترین مرۆڤ و لە دونیا ڕۆشنبیرتر دەبیت. لەپڕ هەمووان لە چاو تۆدا دەبنە گەمژە و تەسکبین و نەزان.

دینی مرۆڤپەرستی جگە لەوەی خۆتت لێ مەزن دەکات، لە هەموو بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەییش ڕزگارت دەکات. ئیتر کە خەمی جیهانت هەڵگرت، خەمی نەتەوەکەت دادەنێیت. یان خەمی نەتەوەکەت لە ژێر خەمی جیهاندا دەپلیشێتەوە. مرۆڤپەرستی پاساوت دەداتێ خۆت لە خزمەتی نەتەوەکەت بدزیتەوە. هەر کاتێک ڕووبەڕووی کێشەیەکی دیاریکراویان کردیتەوە، تۆ بە چەند ڕستەیەکی کڵێشەیی خۆتی لێ دەرباز دەکەیت.

چۆن کێشەی کورد چارە بکەین؟ وەڵام: ئێمە دەبێت مرۆڤ بین. مرۆڤبوون پێش هەموو شتێکە. چۆن کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیل چارە بکەین؟ وەڵام: ئێمە دەبێت مرۆڤ بین. مرۆڤبوون پێش هەموو شتێکە. چۆن لە تاقیکردنەوەی بیرکاریدا دەربچین؟ وەڵام: ئێمە دەبێت مرۆڤ بین. مرۆڤبوون پێش هەموو شتێکە.

مرۆڤپەرستی فێری پۆزی بێدەنگت دەکات!

جا با نهێنییەکی وردیشتان پێ بدەم: گەرچی پەیڕەوکارانی ئەم ئایدۆلۆژیایە خۆیان خاکەڕا و بێفیز و بێدەمار پیشان دەدەن، بەڵام پۆز و لەخۆباییبوون و خۆبەزلزانییەکی کڕ و کز و کپیان هەیە. لەمەودوا لێیان ورد ببنەوە، دەیبینن!

هۆی ئەم پۆزەشیان هەڵەیەکی بیرکردنەوەیە. مرۆڤپەرستەکان پێیان وایە مادەم دروشمی زلی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتییان هەڵگرتووە، کەواتە لە خێڵ و گەل و نەتەوەکان گەورەترن! مادەم بیر لە زەوی دەکەنەوە وەک نیشتمان، ئیتر ئەوانەی کوردستانیان پێ نیشتمانە و بۆیان گرنگە بچووکن. ئەم کەسانە ناوچەیی و ناوچەگەرا و ناوچەپەرستن. وەک مرۆڤپەرستەکان جیهانی نین!

ئەگەر نیشتمانی تۆ کوردستان بێت، ئەو هەموو زەوی بە هی خۆی دەزانێت. کەچی بیست وڵاتیشی لە زەوی نەدیوە. ڕەنگە لە وڵاتێکی ئەوروپا پەنابەر بێت! ئەگەر زمانی تۆ کوردی بێت، ئەو هەموو زمانەکانی جیهان بە هی خۆی دەزانێت. ئەوپەڕی دوو زمانی تر جگە لە کوردییەکی شەقوشڕ دەزانێت! ئەگەر هونەرمەندی تۆ ماملێ و زیرەک و خالقی بن، ئەو هەموو هونەرمەندانی جیهان بە هی خۆی دەزانێت. کەچی دە گۆرانیی جوان حاجۆ و لەیلا فەریقی و کیژانی ئیبراهیم خەیاتی نەبیستووە.

بە کورتی: مرۆڤپەرستەکان پێیان وایە کە ناوی شتی گەورەت هێنا، ئیتر خۆکردەییانە خۆیشت گەورە دەبیت!

بێزووی زل بەڵگەی تەسکیی دەسەڵاتە

بێزووی زل بەڵگەی تەسکیی دەسەڵاتە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

خوانەخواستە مەبەستم بێڕێزی نییە کە دەڵێم مرۆڤپەرستی جۆرێک نەخۆشی یان ناڕێکییەکی دەروونییە. بەڵکو لەبەر ئەوە وا دەڵێم کە پێم وایە ئەم هەموو پێداگرییەی هەڵگرانی ئەم هزرە لەسەر چەمکی زلی وەک مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی و زەوی بێزووکردنێکی دەروونییە بە شتی گەورەوە. بێزووکردنی زۆریش دیاردەیەکی ئاسایی نییە و ناڕێکییەکی کاتیی لەشە.

پێم وایە بێزووکردنی زۆر بە شتی زلەوە دەرئەنجامی ئارەزوو و دەسەڵات و هزرێکی چەپێنراو و بەستراوە و بەکۆیلەکراوە. هەر وەک کەسێک کە برسییەتی پێی وایە دەتوانێت هەموو خواردنی دونیا بخوات. کەسێک کە تینوویەتی پێی وایە دەتوانێت دەریایەک بخواتەوە. کەسێک کە دیلە بێزوو بە گەڕانی هەموو جیهانەوە دەکات.

بەڵام ئەوەی تێرە جیاوازیی نێوان دوو کولیچەی دروستکراوی دوو ئاشپەزی جیاواز تام دەکات. تێرئاو جیاوازیی نێوان دوو جام ئاو تام دەکات. ئەوەی بە ڕاستی ئازادە لە پێناو گەشت و گەڕاندا ماڵ لە خۆی تێک نادات. وەک سەگی پێسووتاو ئەم وڵاتە و ئەو وڵاتە ناکات. بەڵکو ئەگەرچی ئەگەر بۆی هەڵبکەوێت دەگەڕێت، بەڵام میچێک دروست دەکات خۆی و ئازیزانی لە ژێریدا بحەسێنەوە.

بۆیە دەتوانم بڵێم ئەم بێزووکردنە زۆرە بە مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی و زەوییەوە نەخۆشییەکە، یان ناڕێکییەکی دەروونییە و تووشی دیلی دەروونی و کۆیلەی دەروونی دەبێت. ڕەنگە بەرگرییەکی ناخۆئاگا بێت لە دۆخی کۆیلەبوون.

ئەم مەگیرانییە بە شتی زلەوە جگە لەوەی هەڵگرتنی بەردی زلە، کە نیشانەی نەهاویشتنیەتی، هاوکات کێشە بۆ هەڵگرانی هزرەکەش دروست دەکات. چون ڕەنگە بتوانیت گەڕەکەکەی خۆت ئاوەدان بکەیتەوە و بیکەیتە نیشتمانت، بەڵام بێگومان ناتوانیت هەموو زەوی ئاوەدان بکەیتەوە. لەبەر هۆیەکی سادە: تەمەن ڕێت نادات. کەواتە بۆ لە ماڵ و گەڕەکەکەی خۆتەوە دەست پێ ناکەیت؟

لە کورد و کوردستانەوە بۆ مرۆڤ و زەوی

لە کورد و کوردستانەوە بۆ مرۆڤ و زەوی
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

وا بزانم ژنی سەرۆکی پێشووی سووریا بوو جارێکیان لە بارەی کوردەوە پرسیاریان لێی کرد، دەقی وەڵامەکەیم نەدۆزییەوە و خۆیشم بە ڕێکی لە بیرم نەماوە، بەڵام شتێکی وەهای وت: «با ئێمە باس لە کۆمەڵێکی دیاریکراو نەکەین، بەڵکو باسی سووریا بکەین». واتە بە وشەیەکی خۆزلنوێن، کە لێرەدا وشەی «سووریا»یە، پرسی کورد و کوردستانی شاردەوە و دیزە بە دەرخۆنەی کرد.2

دوای ئەوەی باوەڕم بە دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی کز ببوو، لەگەڵ یەکێک لە ئازیزترینەکانم کەوتینە دەمەقاڵێ. ئەویش هەر وەک من دینەخۆشیی مرۆڤپەرستیی هەبوو. زۆر لێم تووڕە بوو کە من خەریکە دەبم بە ڕەگەزپەرست و وازم لە مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی هێناوە. بە داخەوە لەو کاتەوە نێوانمان ناخۆشە.

دواتر زۆر بیرم لە وتە و هەڵوێستەکانی کردەوە. ڕستە بە ڕستەیم هێنا تا بزانم کێشەکە لە کوێدایە. سەیرم کرد: هەی لەوە؟ خۆ زۆر ڕوون بوو! لە بەر چاواندا بوو، بۆ نەمدەدی؟ بۆیە ئێستا ئەم نهێنییە بە ئێوەش دەڵێم، تا بزانن دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی چەندە ڕووکەشێکی زل و ناوەرۆکێکی پووچی هەیە.

پەیڕەوکارانی مرۆڤپەرستی (مرۆڤپەرستەکان) ڕەگەزپەرستترینن!

مرۆڤپەرستەکان هیچ جیاوازییان لەگەڵ سەرسەختترین ڕەگەزپەرستەکانی وەک ئەڵمانی نازیدا نییە. هەمان شت دەڵێن، تەنها هەندێک وشەیان گۆڕیوە! ئەوان دەیانوت: «یەک خەڵک» (واتە ئاریاییەکان)، ئەمان دەڵێن: تەنها مرۆڤ! ئەوان دەیانوت: «یەک ئیمپراتۆرێتی» (واتە ئەڵمانیا)، ئەمان دەڵێن: تەنها زەوی! ئەوان دەیانوت: یەک ڕابەر، ئەمان دەڵێن: تەنها مرۆڤایەتی!

جا لە ژێر ئەم دروشمە زلانەدا پرسی نەتەوەیی کورد و کوردستان دەشێلن. هەر کە باسی کورد و کوردستانیان لەگەڵ دەکەیت، یەکسەر باز بە بابەتەکە هەڵدەدەن و دەکەونە باسی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی. ئەمە جگە لەوەی پێیان وایە تۆ لە ئامانجە مەزنەکەی ئەوان لاتداوە.

تۆش لەمەودوا لە وتەکانیان ورد بەوە. هەر بۆ تاقیکردنەوە لە ڕستەکانیاندا وشەی «مرۆڤ» بگۆڕە بە «تورک»، وشەی «مرۆڤایەتی» بگۆڕە بە «تورکیاییبوون»، وشەی «زەوی» بگۆڕە بە «تورکیا». ئینجا بۆت دەردەکەوێت کە مرۆڤپەرستەکان هیچ داهێنانێکیان نەکردووە. تەنها دروشمێکی ڕەگەزپەرستانەیان گۆڕیوە بە دروشمێکی تری ڕەگەزپەرستانە و خەیاڵی. دەڵێم خەیاڵی، چونکە تورکێکی ڕەگەزپەرست لانیکەم ڕەگەزێکی دروستکراویش بێت هەیەتی، دەوڵەتێکی ددانپێدانراوی هەیە، سەرۆکیشی هەیە.

ئێمەی کوردی مرۆڤپەرست بازنەیەکی زلمان بە دەوری زەویدا کێشاوە و دەڵێین: «ئەمە نیشتمانی ئێمەیە». لەو بەناونیشتمانەشدا بستێک خاکمان پێ ڕەوا نەبینراوە! ئەمە جگە لەوەی ئێمەی کورد بە پاسپۆرتی عێراقی و ئێرانی و سووریاییەوە، ئەگەر ئەو تڕەپاسپۆرتانەشمان پێ ڕەوا بینرابێت، بە هەزار شەڕەشەق دەتوانین سەردانی ئەوپەڕی ٤٠٪ی ئەو بازنەیە بکەین کە وەک نیشتمانی خۆمان کێشاومانە.

ئایا کورد ڕەگەزپەرستە؟

ئایا کورد ڕەگەزپەرستە؟
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

ڕەنگە لێرەدا یەکێک ڕەخنەی ئەوەم لێ بگرێت کە ئێمەی کوردستانپەروەرانیش هەمان قسەی ڕەگەزپەرستەکان دەکەین. دەڵێین: «کورد، کوردی، کوردستان. تەنها کوردستان خەمی ئێمەیە». وایە، ئەوە دروشمی ئێمەیە. بەڵام وێڕای هاوشێوەیی دروشمەکانمان، لە ناوەرۆکدا جیاوازن.

پێم وا نییە هیچ کوردێک نکۆڵی لە بوونی نەتەوەی تر کردبێت. مەگەر ئەو بەناونەتەوەیە بۆ کرمێکردنی گیانی کورد و لەباربردنی پڕۆژەی کوردستان بەردرابێتە کورد.

ئێمەی کوردستانی کێشەمان لەگەڵ عەرەبێکدا نییە کە لە سعودیە و ئیمارات لە ماڵی خۆیدا دانیشتووە و پیلان لە دژی کوردستان ناگێڕێت. ئێمە ڕێزمان بۆیان هەیە و هەر کاتێک وەک میوان هاتن بۆ کوردستان دەیانخەینە سەر سەر و سەر چاومان. ئێمە کێشەمان لەگەڵ ئەو عەرەبانەدایە کە عێراق و سووریا بەریاندەدەنە کوردستان و لەسەر خاکی کوردستان دەیانچێنن. هەروەها لەگەڵ فارس و تورکە هاوشێوەکانیانیش.

ئێمە پێمان وا نییە ڕووسێک، یاپانییەک، ئیتالییەک لە خوار کوردەوە بێت. بەڵام ئێمە تەنها خەمی کورد و کوردستان هەڵدەگرین، نەک خەمی ئەوان و دەوڵەتەکانیان. چونکە خۆمان کوردین و کوردەکەیە بێکەس و بێدەوڵەتە و دوا خراوە. بەڵام ماف لەوانیش ناسەنینەوە خەمی خۆیان و وڵاتی خۆیان بخۆن. ئەوان خەڵک و خاک و خەمی خۆیان، ئێمەش خەڵک و خاک و خەمی خۆمان.

ڕزگارکردنی جیهان ئەرکی دەوڵەتی بەهێزە

پاشان سەد و نەوەد و سێ دەوڵەت لە جیهاندا هەن. زۆربەیان زۆر هەنگاویان بڕیوە و بە سەدان ساڵ لە پێش ئێمەوەن. پشکی شێری خەمی مرۆڤایەتی دەکەوێتە سەر شانی ئەوان، نەک ئێمەی ستەملێکراو. منێک کە ناتوانم بە کەرکووکی خۆمدا هاتوچۆی سلێمانی و هەولێر بکەم. منێک کە ناتوانم بستێک لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ببینم. منێک کە ناوێرم لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستانەکەم نزیک ببمەوە.

ناچارکردنی نەتەوەیەکی بێدەوڵەت و بێدەسەڵات و بێدەرەتانی وەک کورد بە هەڵگرتنی خەمی جیهان زۆر ناڕەوایە. لە کاتێکدا لانیکەم سی دەوڵەتی پێشکەوتوو و زلهێز لە جیهاندا هەن. وەک وایە زیندانییەک ناچار بکەیت کۆشک و تەلار بۆ ئەو کەسانە دروست بکات کە ئەمیان زیندانی کردووە. لە کاتێکدا ئەو زیندانییە بە ستەم زیندانی کراوە و تاوانێکی نەبووە.

مەبەست لە «مرۆڤ» چییە؟

مەبەست لە «مرۆڤ» چییە؟
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

چاکێتی و بەدێتی

لە سەردەمی گریکی دێرینەوە باس لە چەند بەهایەکی بەرز و نزمی مرۆڤ دەکرێت. بۆ بەها بەرزەکان وشەی چاکێتی بە کار دەهێنم، بۆ بەها نزمەکان وشەی بەدێتی بە کار دەهێنم.

وشەی چاکێتی بەرانبەر ئەوە بە کار دەهێنم کە ئینگل پێی دەڵێت ڤێرچیو؛ بە لاتینی ویرتوو، بە عەرەبی فەزیلەت، بە گریکی ئارێتی. کاک فارووق ڕەفیق وشەی نایابیی پێ باشە، بەڵام ئێمە (من و کاک ڕێبوار قارەمانی) چاکێتیمان پێ دروستترە. وشەی بەدێتی بەرانبەر ئەوە بە کار دەهێنم کە ئینگل پێی دەڵێت ڤایس؛ بە لاتینی ویتیوم، بە عەرەبی ڕەزیلەت، بە گریکی کاکییا.

چاکێتی و بەدێتییەکان بە گوێرەی ڕوانگەی کەس و قوتابخانە جیاوازەکان جیاوازن. بەڵام لە کۆنەوە چەند تایبەتمەندێتییەک وەک چاکێتی و بەدێتی دەستنیشان کراون. چاکێتییەکان پێک هاتوون لە بەمشووری، دادپەروەری، ئازایەتی، بێفیزی، میهرەبانی، ئارامی، خۆگرتنەوە، بەخشندەیی، کۆشش، داوێنپاکی. بەدێتییەکانیش پێک هاتوون لە هەڵەشەیی، نادادپەروەری، ترسنۆکی، لووتبەرزی، تەماکاری، قیناویبوون، زێدەڕەوی، ئیرەیی، تەممەڵی، داوێنپیسی.

خۆگرتنەوە پێچەوانەی زێدەڕەوییە. بکەرەکەی دەبێت بە خۆگرەوە. خۆگرتنەوە واتە خۆگرتنەوە لە زێدەڕەوی لە نەوس و وتن و کردار.

مرۆڤی نێو «مرۆڤایەتی» مرۆڤێکی چاکی خەیاڵییە

جا بۆیە ئاماژە بە چاکێتی و بەدێتییەکان دەدەم، چونکە پەیوەندییان بە بابەتی مرۆڤایەتییەوە هەیە. مرۆڤایەتی چ وەک وشەیەکی نێو زمان، چ وەک چەمک لە خەیاڵماندا، لەسەر «مرۆڤ» بونیاد نراوە. وشەکە پێک هاتووە لە مرۆڤ+ایەتی. مرۆڤ لە وشەکە دەربهێنە تەنها پاشگری –ایەتی دەمێنێتەوە. چەمکەکەش لەسەر بنەمای نموونەی مرۆڤێکی نموونەیی خەیاڵی دروست کراوە کە خاوەنی چاکێتییەکانە و دژی بەدێتییەکانە.

واتە کە دەوترێت مرۆڤ و مرۆڤایەتی، وا گریمانە دەکەین کە لە مێشکی بیسەردا مرۆڤێکی نموونەیی دەردەکەوێت کە بەمشوورە، دادپەروەرە، ئازایە، بێفیزە، میهرەبانە، ئارامە، خۆگرەوەیە، بەخشندەیە، کۆششکارە، داوێنپاکە. هەڵەشە نییە، نادادپەروەر نییە، ترسنۆک نییە، لووتبەرز نییە، تەماکار نییە، قیناوی نییە، زێدەڕەوکار نییە، ئیرەبەر نییە، تەممەڵ نییە، داوێنپیس نییە (وەکو من. بێچاوێنی بم!).

بێگومان ئەمە مرۆڤێکی نموونەیی و خەیاڵییە. زۆر بە دەگمەن مرۆڤی وا لە کەتوار و دونیادا هەن. واتە هەموو چاکێتییەکانی هەبێت و بەدێتییەکانی نەبێت و بەردەوامیش وا بێت، چون مرۆڤ دەگۆڕێت. زۆربەی مرۆڤانی زەوی هەندێکیان لە هەردووکیان هەیە و بە گوێرەی کاتیش دەگۆڕێن. واتە دەشێت کەسێک زۆرێکی چاکێتییەکان و هەندێکی بەدێتییەکانی هەبێت، یان زۆرێکی بەدێتییەکان و هەندێکی چاکێتییەکان.

کەواتە کە دەڵێین «مرۆڤ» و «مرۆڤبوون» گریمانە لەسەر هەندێک بەهای هەڵبژاردە دەکەین، نەک هەموو بەهایەکی مرۆڤ. چونکە لە ڕاستیدا بەدێتییەکانیش لە ئاسمانەوە نەکەوتوونەتە خوارەوە، ئەوانیش هەر تایبەتمەندێتیی مرۆڤن. بەڵام بە هەر هۆیەک بێت ئەمانە بە ڕەفتاری مرۆڤ، یان مرۆڤی چاک نازانین. کەچی لانیکەم نیوەی مرۆڤانی سەر زەوی هەندێک یان هەموو بەدێتییەکانیان هەیە.

ئایا ئەوەی مرۆڤپەرستەکان دەیکەن مرۆڤایەتییە؟

ئایا ئەوەی مرۆڤپەرستەکان دەیکەن مرۆڤایەتییە؟
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

کە ڕەخنە لە دینەخۆشیی مرۆڤپەرستی دەگرم، وە نەبێت من دژی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بم. نەخێر، بە هیچ شێوەیەک دژی چاکێتییەکان نیم. بە ڕاستیش پێم وایە کە چاکێتییەکان بەهای باڵان بۆ مرۆڤ و ئەوە دەهێنن بە درێژایی تەمەنمان هەوڵیان بۆ بدەین و وا بین. خۆم یەکێکم لەو کەسانەی کە ئەوەندەی بۆم بکرێت ژیانم ئاوێتەی ئەم چاکێتییانە کردووە و دەکەم.

بەڵام دەبێت بزانین ئەو «مرۆڤ»ەی لە «مرۆڤبوون» و «مرۆڤایەتی»دا هەیە لە ڕاستیدا نموونەیەکی خەیاڵیی هەڵبژاردەی مرۆڤە. پاشان کە ورد دەبیتەوە، دەبینیت ئەوەی مرۆڤپەرستەکان بانگەشەی دەکەن لەم بەهایانەوە دوورن. مرۆڤپەرستەکان ناچار کراون کۆمەڵێک بەهای خراپ هەڵبگرن کە بەرگی بەهای باشیان لە بەردایە، واتە لە ڕاستییدا بەدێتیین و وەک چاکێتی خۆیان دەنوێنن.

چۆن بەدێتیمان لێ کراوە بە چاکێتی؟

ناکرێت ڕاستەوخۆ بە چوار دەوڵەت و ناڕاستەوخۆ بە دەیان دەوڵەت شکۆت بشکێنن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە بێفیزم». ئەوەی تۆ لەوێدا بێفیزی نییە، بەڵکو شکۆشکاوی و ترسنۆکییە. بێفیزی و شکۆشکاوی و ئازایەتی و ترسنۆکی جیان.

ناکرێت ڕاستەوخۆ بە چوار دەوڵەت و ناڕاستەوخۆ بە دەیان دەوڵەت مافی بوونت لێ بستێنن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە میهرەبانم». ئەوەی تۆ لەوێدا میهرەبانی نییە، بەڵکو هاوکاریی تاوانکارە و نادادپەروەرییە. ئەم بەناومیهرەبانییەت خەریکە تاوانکاران تاوانکارتر دەکات. بۆیە نابێت ڕێی تاوانکار خۆش بکەیت، بەڵکو دەبێت بەرهەڵستیی بکەیت.

ناکرێت ڕاستەوخۆ بە چوار دەوڵەت و ناڕاستەوخۆ بە دەیان دەوڵەت ئاسایش و ئارامییت بشێوێنن و برسییت بکەن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە ئارامم». ئەوەی تۆ لەوێدا ئارامی نییە، بەڵکو سەرشۆڕییە. ئارامی و سەرشۆڕی جیان.

ناکرێت هەر ئەو لایەنانە خاک و هەموو سامانێکت ببەن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە خۆگرەوەم». ئەوەی تۆ لەوێدا خۆگرتنەوە نییە، بەڵکو نابووتبوونە. خۆگرتنەوە و نابووتبوون جیان. ئەگەر لە بەرانبەر ئەم لێبردنەشدا خۆت بە بەخشندە دەزانیت و دەڵێیت: «شانازی دەکەم کە بەخشندەم». ئەوا بزانە کە ئەوەی تۆ لەوێدا بەخشندەیی نییە، بەڵکو سەرانەدانە. بەخشندەیی و سەرانەدان جیان.

ناکرێت بەری ڕەنجت بخۆن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە کۆششکارم» یان «شانازی دەکەم بەمشوورم». ئەوەی تۆ لەوێدا کۆشش نییە، بەڵکو ڕەنجبەباچوونە. کۆشش و ڕەنجبەباچوون جیان. بەمشووری نییە، پووچێتییە.

ناکرێت هەموو ڕۆژێک لاقەت بکەن، کەچی بڵێیت: «شانازی دەکەم کە داوێنپاکم». بێگومان من ناڵێم کە ئەوەی لاقە دەکرێت دەبێت بە داوێنپیس. بەڵکو دەڵێم یەکێک هەموو ڕۆژێک بە ویست و پێی خۆی بچێتەوە بۆ لای لاقەکەرەکەی تا لاقەی بکات، چیتر داوێنپاک نییە، بەڵکو هەم خۆی داوێنپیسە، هەم وای کردووە لاقەکەرەکانیشی داوێنپیس بن.

شکۆی مرۆڤبوونمان لە کوردستاندایە

شکۆی مرۆڤبوونمان لە کوردستاندایە
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

مرۆڤپەرستەکان هەمیشە بابەتی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی دەهێننە پێش هەموو باسێکی نەتەوەییەوە. بە تایبەتی بەرانبەر ئێمەی ناسیۆنالیست وەک تاکە پەناگە و پاڵگە بە کاری دەهێنن. گوایە ئێمە دژی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتین. گریمانەیەکیان کردووە کە مرۆڤ لە لایەکە و کورد لە لایەکی ترە. بەڵام ئەمە یەکەم هەڵەیانە، چونکە کوردیش هەر مرۆڤە.

هەڵەیەکی تریان لە خودی جۆرێتیی «مرۆڤ» و «مرۆڤبوون»ەکەیانە. پێم وا نییە جۆرێتیی مرۆڤایەتییەکەی خۆیانیان پشکنیبێت. وەک چۆن مرۆڤی نێو «مرۆڤایەتی» مرۆڤێکی خەیاڵییە، ئاوهاش کە دەڵێیت برایەتی، تۆ برایەکی نموونەییت لە خەیاڵتدا داناوە. بە گشتی ئەم برا خەیاڵییە کەسێکی باشە و مافی تۆ ناخوات و دەستدرێژی ناکاتە سەرت. برایەکە هەموو چاکێتییەکانی تێدایە و دژی هەموو بەدێتییەکانە.

بەڵام بە ملیار برا هەن لە جیهاندا وا نین. پاشان ئەو کەسانەی مرۆڤپەرستەکان داوامان لێ دەکەن ببین بە برایان و لەگەڵیاندا مرۆڤ بین برا نین و مرۆڤ نین. ئەوان دەمانسڕنەوە. مرۆڤێک مرۆڤ بێت مرۆڤ ناسڕێتەوە. کەچی مرۆڤپەرستەکان هەمیشە ئێمەی کوردی مرۆڤدۆستیان ناچار کردووە لەگەڵ نامرۆڤ و بکوژ و داگیرکەردا برا و مرۆڤ بین!

مرۆڤپەرستی کارگەی بەرهەمهێنانی بەدکارە

لە ڕاستیدا ئەم بەناومرۆڤبوونەی ئێمە ئەوانی کردووە بەو دڕندە و بەدکار و تاوانکارە. ئەگەر تۆ بزانیت کەسێک دێت بتکوژێت و تۆ دەرگای بۆ بکەیتەوە، بتەوێت و نەتەوێت دەبیتە هاوبەشی تاوانەکەی ئەو! چونکە تۆ ئاسانکارییت لە تاوانەکەیدا کردووە. ئەمە جگە لەوەی دەشبیتە قوربانیی دەستی ئەو. واتە هەم قوربانییت، هەم هاوبەشی تاوان.

کەواتە ئەرکی سەر شانی کوردە وەک مرۆڤی چاک کە بە پاساوی مرۆڤبوون و برایەتی هاوکاریی تاوانکاران نەکات و نەبێتە هاوبەشی تاوان. لە خۆوە نییە کە مرۆڤ هەزاران ساڵە سزا و پاداشتی داناوە. ئەگەر دەتەوێت دادپەروەری هەبێت، شکۆ هەبێت، بەهای باڵا هەبێت، دەبێت سزاشت هەبێت بۆ ئەوانەی ئەمانە لە نێو دەبەن.

ئەوە کورد نییە کە مرۆڤ نییە و شکۆی مرۆڤ ناهێڵێت و دژایەتیی چاکێتییەکان دەکات، بەڵکو نەیارانی کورد و کوردستانن. بۆیە ئەرکی مرۆڤی چاک ئەوەیە مرۆڤی خراپ لە خراپی ڕابگرێت، نەک بێدەنگی لە خراپەکارییەکانیان بکات و بڵێت: «با من بە چاکی بمرم و دونیا بۆ ئەو خراپە بە جێ بهێڵم».

مرۆڤبوونی کورد لە ژێر هەڕەشەدایە. ئەگەر بمانەوێت شکۆی مرۆڤبوون و مرۆڤایەتیمان بپارێزین، ئەوا دەبێت ئەو دەستانە بشکێنین کە لە مرۆڤبوونمان دەخەن و دەمانسڕنەوە. سەدان ساڵە دوژمنانی کورد کورد دەسڕنەوە و دەیتوێننەوە. خاکمان داگیر دەکەن و دەمانکەن بە تورک و عەرەب و فارس. دەوڵەتی سەروەریداری کوردستان ئەم تاوانکارییە ڕادەگرێت و شکۆی کورد بەرز ڕادەگرێت. دەبێت بە هەر ڕێیەکە دەوڵەتی کوردستان دابمەزرێنین.

مرۆڤ واتە دەوڵەتدار

مرۆڤ واتە دەوڵەتدار
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

مرۆڤ بۆ ئەوەی مرۆڤ بێت دەبێت شکۆی هەبێت. دەوڵەتیش شائامرازی شکۆدانە بە مرۆڤ. هیچ ژێردەستەیەک شکۆی نییە، شکۆشی هەبێت شکۆکەی پارێزراو نییە و لیستۆکی دەستی نەتەوەی سەردەستە.

نرخی خوێن

ئیسرائیلییەک کە دەکوژرێت دەوڵەتەکەی هەزار کەس لە بەرانبەریدا دەکوژێتەوە. ئاوها نرخی خوێن و شکۆی مرۆڤی خۆی دیاری دەکات. ئەمریکییەک بکوژرێت ئەمریکا دەوڵەتێک لە بەرانبەریدا لە نێو دەبات. دەوڵەتەکە ئاوها شکۆی مرۆڤەکەی خۆی بەرز ڕادەگرێت. بەڵام عێراق بە بەر چاوی جیهانەوە سەدان هەزار کوردی کوشت و خوێنێکمان لە بری وەرنەگرت، چونکە دەوڵەتمان نەبوو.

مرۆڤی ئەم سەردەمە ئەگەر دەوڵەتی نەبێت، نەک تەنها شکۆی مرۆڤبوونی شڵۆقە، تەنانەت لە دۆخی ئاوارتەدا هەر بوونیشی ڕەت دەکرێتەوە. بۆ نموونە کە عێراق و ئێران دەجەنگان هەردوو لایان کوردیان بە کوشت دەدا. دەبوو کورد جەنگێک بکات کە نە هی ئەوە، نە بۆ ئەوە، نە لە دژی ئەوە. دەی دەوڵەتت هەبێت ناچار نابیت جەنگێک بکەیت کە هی تۆ نییە.

دەوڵەتت نەبێت کۆیلەی ئەوی تریت

ئێستا تورکیا و ئێران و عێراق لە دژی ئیسرائیل بجەنگن، بەشێکی بە کورد دەکەن. دەی کوردێک مرۆڤ بێت بۆ داگیرکەرەکەی خۆی ناجەنگێت، بەڵکو لە دژی دەجەنگێت.

بۆ نموونەیەکی تر: عەرەبی عێراق پارە بۆ ئێران سپی دەکەنەوە. وڵاتە زلهێزەکان لە بەرانبەردا سزای هەموو خەڵکی نێو عێراق دەدەن، بە کوردیشەوە. تۆی کورد گشت کارە سەرهێڵییەکانت دەوەستن، چونکە دەوڵەتت نییە. عێراقیش دەوڵەتی تۆ نییە و هەموو دونیا ئەوە دەزانێت. دەوڵەتت هەبووایە شکۆت دەبوو و باجی تاوانی دوژمنەکەتت نەدەدا.

مرۆڤێک لە هیچ کوێیەک نەتوانێت ناسنامەی خاکی دێرینی باوان و دایانی خۆی هەڵبگرێت و ناچار بێت بڵێت: «عێراقیم، ئێرانیم، تورکیاییم، سووریاییم»، هەموو ڕۆژێک لە ژێر میهر و سۆزی مووشەک و فڕۆکەی جەنگی و درۆن و فیشەکی داگیرکەرەکانیدا بێت، لە زێدی خۆیدا کاری دەست نەکەوێت، لە شاری خۆیدا ناچار بکرێت بە زمانی داگیرکەرەکەی کار بکات و بنووسێت و بخوێنێت و بخوێنێتەوە، هەر دوو سێ ساڵ جارێک دەربەدەر ببێت و ئاوارە و پەنابەری وڵاتان بێت… ئەمە کەی نموونەیە بۆ مرۆڤێکی شکۆمەند کە بمانەوێت کورد بەم جۆرە بمێنێتەوە؟

لەم سەردەمەدا ئەگەر بمانەوێت کورد بکەینەوە بە مرۆڤ، دەبێت هەر یەکەمان لە لای خۆیەوە هەموو هەوڵی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان بێت. بێگومان دوژمنانیش ناهێڵن بە ئاسانی دەوڵەت دابمەزرێنیت. بۆیە هەر ڕێیەک دەگیرێتە بەر بۆ دروستکردنی دەوڵەت، ڕەوایە.

مرۆڤایەتی بێ کورد و کوردستان نابێت

مرۆڤایەتی بێ کورد و کوردستان نابێت
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

کورد مرۆڤە. ئاوهاش دانەیەکی دانەبڕاوە لە دانەکانی مرۆڤایەتی. ئەگەر مرۆڤایەتیت دەوێت، دەبێت کوردیش وەک نەتەوەکانی تری سەر زەوی ماف و خاک و دەوڵەت و سەروەری و هێز و چەک و ئاسایشی خۆیی هەبێت. ئەمانەن دەتوانن مرۆڤبوونی کورد بپارێزن. دەنا کورد بێ ماف و خاک و دەوڵەت و سەروەری و هێز و چەک و ئاسایش پەڕۆی دەستی داگیرکەرە.

ئەگەر مرۆڤایەتی باڵەخانەیەک بێت، ئەوا مرۆڤ پایەکانیەتی. ئەگەر مرۆڤایەتی گەڕەکێک بێت، ئەوا مرۆڤ ماڵەکانیەتی. مرۆڤایەتی بە مرۆڤ دروست دەبێت. ناتوانیت باڵەخانەت هەبێت بێ ئەوەی پایەت هەبێت. ناتوانیت گەڕەکت هەبێت بێ ئەوەی ماڵت هەبێت. مەگەر تەنها بە شێوەی ڕامانەیی (تیۆری) و خەیاڵی بتوانیت. ئێمەش لە ڕامانە و خەیاڵدا ناژین، بەڵکو لە کەتواردا دەژیین.

مرۆڤی لەبەهاکەوتوو مرۆڤ نییە!

ئەو نموونەی مرۆڤەی مرۆڤپەرستەکان بانگەشەی بۆ دەکەن کێشەدارە و مرۆڤێکی لەبەهاکەوتووە. کەواتە مرۆڤایەتییەکەشیان کێشەدارە. چونکە کە پێکهێنەکەت ژەهراوی بوو، ئەوەی لەویش پێکی دەهێنیت هەر ژەهراوی دەبێت. کوردە مرۆڤپەرستەکان هەوڵ دەدەن باڵەخانەکە دروست بکەن، ئینجا پایەکانی بۆ دابنێن. گەڕەکەکە دروست بکەن ئینجا ماڵەکانی بۆ دابنێن. ئەمەش ڕوو نادات.

تۆی کورد مرۆڤێکیت ستەمت لێ دەکرێت، دەچەوسێنرێیتەوە، لە نێو دەبرێیت. وەک مرۆڤێکی ئەمریکی و ئەڵمانی و چینی نیت. ناکرێت تۆ وەک مرۆڤێکی بێدەوڵەت و شکۆشکێنراو و سەرشۆڕکراو و نابووتکراو و سەرانەلێسەنراو و ڕەنجبەباچوو و ناچارکراو بە هاوکاریی تاوانکار و لاقەکەر خۆت بە مرۆڤێک بچووێنیت کە هەموو ئەوانەی هەن کە لە تۆ زەوت کراون.

بۆ ئەوەی کورد وەک مرۆڤ بمێنێتەوە و وەک ئاژەڵی بێلانە هەر ڕۆژەی نەکەوێتە ژێر میهر و سۆزی دەوڵەتێکی پڕ نامرۆڤەوە، ئەوا دەبێت دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی و سەروەریی هەبێت. بێدەوڵەتی بۆمانی دەرخستووە کە کوردی بێدەوڵەت بە ئاستەم دەتوانێت مرۆڤێکی خاوەن چاکێتی بێت. دروستکردنی ئەم دەوڵەتەش دەبێتە هەڕەشە بۆ نامرۆڤەکان، چونکە تاوانەکانیان لەسەر قورس دەکەین.

بۆ ئەوەی بە مرۆڤایەتیی پڕ لە چاکێتی بگەین، دەبێت مرۆڤەکانمان یەکسان بن. نەک کورد خاکی داگیر بکرێت و پەرتەوازە و دەربەدەر و ئەنفال و کیمیاباران و زیندەبەچاڵ بکرێت و لە سێدارە بدرێت، کەچی بمانەوێت مرۆڤایەتی زیانی پێ نەگات.

مرۆڤ خۆی بە تەنیا ڕەگەزێک نییە، بەڵکو ناوێکی گشتییە. مرۆڤ لە نەتەوە و گەل و خێڵ و خێزان و تاکەکان پێک هاتووە. ناکرێت نزیکەی سەد ملیۆن کورد هەمیشە لە ژێر میهر و سۆزی فڕۆکەی جەنگیی داگیرکەرەکانیدا بن و مرۆڤایەتییەکی بێگەردت هەبێت.

بۆیە مرۆڤایەتی بێ سەربەرزی و سەربەخۆیی کورد و کوردستان نەخۆش و ناتەواوە. ئەگەر خۆتانتان پێ مرۆڤە دەبێت خەمی نەتەوە و دەوڵەتەکەی خۆتانتان هەبێت کە کوردستانە.

کۆتایی

کۆتایی
وێنەی ڤیدیۆی ئەم بەشە

گەرچی وشەکانی مرۆڤ و مرۆڤبوون و مرۆڤایەتی جوانن، ڕستەی «زەوی نیشتمانی مرۆڤە!» جوانکیلەیە، دروشمی «مرۆڤبوون پێش هەموو شتێکە» زەریفە، بەڵام ئاگادار بن، دوژمن لە نێو ئەم هەنگوینانەدا ژەهری بۆ کورد و کوردستان شاردووەتەوە! مرۆڤبوون وشەیەکە بۆ شاردنەوە و لەنێوبردنی پرسی کورد. مرۆڤایەتی وشەیەکە بۆ شاردنەوە و لەنێوبردنی پرسی کوردبوون و کوردستانیبوون. زەوی وشەیەکە بۆ شاردنەوە و لەنێوبردنی پرسی کوردستان.

بیرکردنەوە لە شتی گەورە ناتکات بە ڕۆشنبیر و بیرمەند و مرۆڤی گەورە. بیرکردنەوە لە شتی بچووکیش ناتکات بە ڕۆشنبیر و بیرمەند و مرۆڤی بچووک. پەندێکی ئینگلی هەیە دەڵێت: «خودا لە نێو وردەکاریدایە». واتە وردەکاریی نایاب و تۆکمە شتی مەزن و سەرکەوتوو چێ دەکات. مرۆڤ بێ کورد، مرۆڤایەتی بێ کوردبوون، زەوی بێ کوردستان، ناوی زل و دێی وێرانن.


  1. ٤ی تەممووزی ٢٠٢٥ دەستم پێی کرد. ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٥ تەواوم کرد. ↩︎
  2. لەم بارەیەوە وتارێکی تریشم نووسیوە بە ناونیشانی: تاکتیکی ڕەگەزپەرستی: شاردنەوە لەژێر ناوی زلدا و بە دەنگی خۆم خوێندوومەتەوە و لە کەناڵی تیلیگرامەکەمدا هەیە. ↩︎

پشتیوانی لە زمانی کوردی

پشتیوانی لە زمانی کوردی1

ئینگلەکان و شکۆ

هەندێک کەس دەڵێن: «مادەم ئینگلی(زی) ئەوەندە زمانێکی دەوڵەمەند و گەورە و بەشکۆیە، کەواتە با کوردی لابدەین و هەموومان ئینگلی(زی) فێر ببین». (تێبینی: من پێم دروستترە بوترێت ئینگلی، نەک ئینگلیزی، لەسەریشیم نووسیوە، دەتوانن بیخوێننەوە). بەهەرحاڵ، بەڵام داخۆ ئایا زمانی ئینگلی هەمیشە ئەم شکۆیەی هەبووە؟ یان داخۆ ئەگەر شکۆی هەیە، ئەم شکۆیەی لە کوێوە هێناوە؟

خێزانە خانەدان و ناوخاسەکانی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپا وەک نیشانەیەک بۆ خانەدانێتی و ناوخاسییان، دەسەڵات ئاڕمێکی پێیان دەدا تا پێی بناسرێنەوە. بەم ئاڕمە دەوترێت: کۆت ئۆف ئاڕمس (coat of arms) و بە کوردی ئێمە بە «خانەداننیشان» وەریدەگێڕین.

جا خانەوادەی ویلیەم شێکسپیر (ڕەنگە بە هاندانی ویلیەم-ی گەورەنووسەر بووبێت کە جۆن-ی باوکی هەوڵی بەدەستهێنانی ئەم خانەداننیشانەی داوە)، کە شانازیی زمانی ئینگلییە و لای زۆربەی شارەزایان بە مەزنترین نووسەری زمانەکەیان دادەنرێت، ئەم خانەداننیشانەیان وەرگرتووە.

لە ژێر خانەداننیشانەکەدا نووسراوە: نۆن سانز درۆیکت non sanz droit، کە بە زمانی فەڕەنسیی کۆن نووسراوە و بە واتای شتێکی وەک: «بێماف نین» دێت.

مەبەستم ئەوەیە ئینگلەکانی ئەوسا زمانی فەڕەنسیی کۆنیان لا شکۆمەند بووە، نەک ئینگلی. بە جۆرێک کە ئامادە بوون دروشمی سەر ئاڕمی مەزنترین نووسەرەکەیان بە ئینگلی نەبێت، بەڵکو بە فەڕەنسیی کۆن بێت.

پاشان ئینگلەکان وردەوردە بە جۆرێک شکۆ دەدەن بە زمانەکەی خۆیان، کە ئێستا تەنها زانینی ئینگلی ملیۆنان هەلی کار دەڕەخسێنێت. ئێمەی کوردیش دەتوانین کارێکی هاوشێوە بۆ زمانی کوردی بکەین. بەڵام سەدان ساڵی تر نەوە و نەوەی نەوەکانمان لە بەری پشتیوانی و هەڵوێست و ڕەنجی ئێمە دەخۆن.

چی نرخ و شکۆ دەدات؟

ڕاستە دەرەوەی خۆت کاریگەریی لەسەر نرخ و بەها و شکۆی ئەو شتانە دروست دەکات کە تۆ هەتن. بە نموونە: دەکرێت نەتەوەکانی تر وا بکەن ئەوەی تۆ هەتە بێنرخ و بێبەها و بێشکۆی بکەن. بەڵام هەڵوێستی تۆ زۆر گرنگە لە گۆڕینی ئەم هەڕەشەیەدا. چون مرۆڤ خۆیشی دەتوانێت بەشدار بێت لە پێدانی بەها و نرخ و شکۆ بەوەی هەیەتی، ئەگەریش هەموو جیهان لە دژی کار بکەن. بەڵام هەر ئەو مرۆڤەش دەتوانێت لەگەڵ دەستە دەرەکییەکەدا بەها و نرخ و شکۆ لەوانە بستێنێتەوە کە هەنی و هەڕاج و هەرزانفرۆشیان بکات.

هەر ئێمەش وەک نەتەوەی کورد دەتوانین شکۆ و نرخ بدەین بە زمانمان، یان لێی بستێنینەوە. واتە یان پشتیوانیی لێ بکەین، یان هەرزانفرۆش و هەڕاجی بکەین. جا ئەگەر بێویست و بێهەڵوێست بین، ئەوا بە دەستی خۆمان زمانەکەمان دەکوژین. بەڵام ئەگەر لێهاتوو و بەتەنگەوەهاتوو بین، ئەوا ڕەنگە بتوانین کارێک بکەین ڕۆژێک لە ڕۆژان جگە لە خۆمان، هەموو جیهان بە زمانی ئێمە بدوێن. ئەمە لە خۆیەوە دروست نابێت، ئەمە بەرهەمی ئەو هەڵوێست و ویستە دەبێت کە تۆ ئەمڕۆ دەیانگریتە بەر.

ئەگەر ئێمەی کورد لە هەموو شوێنێکدا لە پشت زمانی خۆمانەوە بوەستین و داکۆکیی لێ بکەین، ئەوا لە سەد ساڵی داهاتوودا زمانەکەمان دەبێت بە زمانێکی ڕکابەری زمانە پڕئاخێوەرەکانی جیهان. وای لێ دێت تاکی کورد، تەنها بە زانینی زمانەکە بتوانێت هەلی کاری دەست بکەوێت و زمانەکە ببێتە سەرچاوەی دارایی بۆ نەوەکانمان. هەروەها نە عەرەبی و نە هیچ زمانێکی تر لە ئایندەدا ناتوانن شوێن بە کوردی لەق بکەن و ئاخێوەرەکانی برسی بکەن و ناچاریان بکەن ئەگەر زمانی داگیرکەر نەزانن، ئیتر کاریان دەست نەکەوێت. بەڵام ئەمە بە هەرەوەزی و کۆڵنەدان دەکرێت.

ئاخێوەرانی زمانی کوردی دەتوانن شکۆ بە زمانی کوردی بدەن

زمانی ئینگلی شکۆی لەوێوە هێناوە کە ئاخێوەرەکانی کەم نەیاننرخاندووە و لە پشتی وەستاون. کە هیندستانیان داگیر کردووە، ئەمان سەد هەزار کەسێک بوون، ئەوان ملیۆنان کەس بوون، بەڵام وتوویانە: «دەبێت ئەم ملیۆنان خەڵکە بە زمانی ئێمە بدوێن!». ئەمە پشتیوانییە. عەرەبەکان کە هاتن ئەم ناوچانەیان داگیر کرد، خۆ ئەوان گوایە بۆ بڵاوکردنەوەی پەیامی خودا هاتبوون و باشتر بوو بە زمانی ئێمە بدوێن تا پەیامەکەمان تێبگەیەنن، کەچی لەوێدا لە پشت زمانی خۆیان وەستان و وتیان: «دەبێت هەموو ئەم داگیرکراوانە بە زمانی ئێمە بدوێن». کورد بوونایە دەیانوت: «بە زمانی ئەوان دەدوێین، بۆ ئەوەی تێبگەن!». یان «بە زمانی ئەوان دەدوێین، چون ئەوان زۆرترن!». گەرچی زۆربەی کوردان لە بەرانبەر کەمینەشدا هەر زمانی خۆیان دەگۆڕن!

ڕەنگە عەرەب و ئینگلەکان خۆیشیان وێنای ئەوەیان نەکردبێت کە بە پشتیوانییەکەیان زمانەکانیان وەها ڕەگ دابکوتن. بەڵگەش هەیە بۆ ئەمە: زمانی فەڕەنسی لای ئینگلەکان ئەوەندە زمانێکی شکۆمەند بووە، کە تا ئێستاش بە ئینگلی بە زمانی فەرمی دەڵێن: «لینگوا فڕانکا». لینگوا فڕانکا دەستەواژەیەکی ئیتالییە، بە واتای: «زمانی فەڕەنسی» دێت! فەرهەنگی کۆلینز نموونەی ڕستەیەکت دەداتێ کە دەڵێت: «English is rapidly becoming the lingua franca of Asia»، واتە: «ئینگلی وا بە خێرایی دەبێت بە زمانی فەڕەنسیی ئاسیا!». ئەم دەربڕینە هەر نوکتەیە! وەکو ئەوە وایە بڵێیت: دووشەممان هەینیمانە! لەبەر ئەوەی تۆ وشەت نەبێت بۆ پشوو!

پەیوەندیی نێوان شکۆ و متمانە پەیوەندییەکی سەیرە، متمانە شکۆ دروست دەکات و شکۆش متمانە دروست دەکات، یەکتر تەواو دەکەن. دەکرێت دروستیش بکرێن، بۆیە زۆر گرنگە متمانەت بە خۆت و زمانەکەت هەبێت، شکۆیشی پێ بدەیت، تا دواتر هەردووکیانی لێ بدوریتەوە.

کەوتووەتە سەر ئێمە

هەندێک کەس دەڵێن کە زمانی کوردی کەموکووڕە و بە کەڵک نایەت. بەڵام پێم وایە کەموکووڕییەکە لە زمانی کوردیدا نییە، بەڵکو لە ئێمەی ئاخێوەرەکانیدایە. بۆ نموونە فارس، بەو زمانەی ناوی ناوە فارسی، کە نەوەد لە سەدی عەرەبی و کوردییە و ئەوەی تری تێکەڵەی زمانی ترە، زڕەزمانێکی دروست کردووە و بەسەر هەموو نەتەوە داگیرکراوەکانیدای سەپاندووە. ئێمەش زمانێکی مەزن و نایابمان هەیە و فڕێمان داوە!

بابەتەکە گەورە و بچووکیی زمانەکە نییە، بەڵکو ئەوەیە کە ئێمە دەتوانین چی لەم زمانە دروست بکەین. واتە بابەتەکە ویست و هەڵوێست و دەستڕەنگینیمانە لە بەرانبەر بێویستی و بێهەڵوێستی و دەستمردووییماندا.

خۆشبەختانە ویست و هەڵوێست و دەستڕەنگینی شتگەلێکن دەکرێت فێریان ببین. وەنەبێت نەشمانبووبن، هەمانبوون، بەڵام لە زۆرێکماندا کز بوون، چون زۆربەمان خۆمانمان لە بیر براوەتەوە، خۆمانمان لێ ون کراوە. هەموو دونیا دەبینین، خۆمان نەبێت، کێشە و ستەمدیدەیی هەموو دونیا دەبینین، هی خۆمان نەبێت. دەشتوانین بە شانازییەوە لە زمانی هەموو دونیادا قاڵ بین، هی خۆمان نەبێت!

بەڵام دەکرێت لەمەودوا ئاوڕ لە خۆمان بدەینەوە و خۆمان ببینین. دڵنیاتان دەکەم ئەگەر متمانەمان بە خۆمان هەبێت، زمانێکی زۆر مەزنمان لەبەردەمدایە و دەتوانین کاری زۆر گەورەی پێ بکەین.

بەڵام دەبێت ئەمڕۆ زمانی کوردی هەڵببژێرین و بڕیار بدەین هەموو شت بە زمانی کوردی بکەین. ئەو کاتە ئەگەر زمانەکە کەموکووڕییشی تێدا بێت دەتوانین ڕووبەڕوویان ببینەوە و چارەیان بکەین. بەڵام گەر ئێمە کوردی هەڵنەبژێرین، ئەوا ڕووبەڕووی کەموکووڕییەکانیشی نابینەوە و خۆمان لە هەموو چارەیەک دەدزینەوە و دەبینە پاشکۆی نەتەوەیەکی تر.

ئایا زمانی کوردی کەموکووڕە؟

تا شتێک بە کار نەهێنیت ڕووبەڕووی کەموکووڕی و کێشەکانیشی نابیتەوە. گەر نەژییت، چۆن ڕووبەڕووی کێشەکانی ژیان دەبیتەوە و چارەیان دەکەیت؟ زمانیش وایە. هەر زمانێک بە هۆی بەکارهێنانەوە ڕۆژانە ڕووبەڕووی ئاستەنگەکان دەبێتەوە و ئاخێوەرەکانی کێشەکانی چارە دەکەن، ئەوەی نییەتی بۆی دادەڕێژن، یان لێکیدەدەن، یان بۆی دەخوازن. هەموو ڕۆژێک بیر و شتی نوێ دێنە جیهانەوە، زمانیش هەوڵ دەدات جێی ئەم بیر و شتە نوێیانە لە خۆیدا بکاتەوە.

بۆ نموونە: هەمووی سەد و سی و هەشت ساڵە ئوتومبێل هەیە. عەرەب وشەی سەییارە-یان بۆی داناوە، کە وشەیەکی زۆر کۆنە و بە واتای گەڕۆک دێت، تەنانەت لە قورئاندا هەیە: «وَجَاءَتْ سَيَّارَةٌ فَأَرْسَلُواْ وَارِدَهُمْ فَأَدْلَى دَلْوَهُ» (یوسف: ١٩). ئینگلەکانیش هەمان شتیان کردووە، وشەی کاڕ car-یان بۆی داناوە کە هاوڕیشەی وشەی کاروان-ە، زۆر پێش ئوتومبێل بۆ گالیسکە بە کار هاتووە. شێکسپیریش وشەکەی بە کار هێناوە2.

واتە عەرەب و ئینگل وشەیەکی کۆنیان بۆ داهێنانێکی نوێ داناوە. کەچی ئەگەر کورد ناوی گەڕۆک-ی لە ئوتومبێل نابا، کە ڕەفیق حیلمی ناویەتی، هەر کوردەکەی خۆمان سەرکۆنەی دەکردین کە کوردی زمانێکی لاوازە. بەڵام بێ هیچ پرسیارێک لە عەرەبی و ئینگلیی پەسەند دەکەین و بە زمانەکانیان سەرسام دەبین، بەڵام ئەوەی خۆمانمان پێ کەمە.

ئەو کەسانەی وا دەڵێن هەڵەن لەبەر، یەکەم: خۆیان هیچ هەوڵێکی ئەوتۆیان لەگەڵ زمانی کوردیدا نەداوە و هەموو جێیەکی زمانەکەیان تاقی نەکردووەتەوە تا گەیشتبن بەو دەرئەنجامە. دووەم: بێ پرسیار خۆیان بۆ وشەی زمانی تر دەدەن بە دەستەوە و پەسەندی دەکەن، بەڵام بۆ هی زمانی خۆیان وا نین.

بۆ زمانێکی تر نەبێت؟

ڕەنگە بپرسیت: «بۆ کوردی بێت؟ بۆ زمانێکی تر نەبێت؟ خۆ هەمان کار دەکات». لەبەر ئەوەی وەک نەتەوە هیچ شکۆیەکت نابێت. دەتوانین شکۆکە لای عەرەب و فارس و تورک و ئینگلەوە بهێنین بۆ کورد و کوردستان.

بۆ کوردی بێت؟ چون کوردی هی خۆمانە، هەزاران ساڵ باوان و دایانمان بەم زمانەوە ماندوو بوون و بیریان پێ کردووەتەوە و پاراستوویانە، ئەرکمانە درێژە بەو پاراستنە بدەین و گەشەی پێ بدەین. زمانەکەمان تێڕوانینگەیەکی مێژوو و گەشەمانە. گرنگترین پایەی نەتەوایەتییمانە. ئەگەر زمانی کوردی نەمێنێت، کوردبوون و کوردستانیبوون بێپایە دەبن.

ئەم زمانە توانا و ویست و بڕیار و هەڵوێستی ڕابەرایەتیی ئێمە دەخاتە بەر تاقیکردنەوە. بەڵام زمانی نەتەوەی تر تەنها توانای شوێنکەوتەییمان دەخاتە بەر تاقیکردنەوە. چون ئێمە لە کوردیدا خاوەن و ڕابەر و پێشەواین، بەڵام بۆ زمانانی تر تەنها فێربووێکین.

وەک ئەوە وایە بڵێیت: «خۆ جامی جیهانی هەیە، قەیچێکە با ئەرجەنتین بیباتەوە!». ئەی بۆ تۆ نەیبەیتەوە؟ مێژوو تۆمار دەکەیت؛ متمانە بۆ خەڵکەکەت دەگەڕێنیتەوە؛ شکۆ بە هاووڵاتییانت دەدەیت؛ دەستت دەبێت لە دروستکردنی جیهاندا و هەر وا بینەرانە سەیر ناکەیت یەکێکی تر ژیان بەو جۆرە بنەخشێنێت کە خۆی دەیەوێت.

خۆ ڕاستە، ئێمەش نەبین پێشبڕکێکان هەر دەکرێن و خەڵکانی تر هەر تیایاندا بەشدار دەبن. بەڵام بۆ منداڵەکەی تۆ نەبێت کە دەیباتەوە؟ بەڵام بۆ ئەو بردنەوە و شکۆیە کارێکی درێژ و پشتیوانییەکی بەردەوامی چەند نەوەیەک پێویستە.

زمانی کوردی توانستەکەی هەیە

هەندێک کەس پێیان وایە زمانی کوردی زمانێکی لاوازە و کەڵکی ئەوەی نییە ببێتە زمانی کار، یان زمانی زانست. یان زمانەکە بەشی بیرکردنەوەکانیان ناکات. بەڵام ئەمە هیچ ڕاست نییە. زمانی کوردیش وەک هەر زمانێکی تر توانای داڕشتن و لێکدان و خواستنی وشەی هەیە.

کۆڕی زانیاریی کورد لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی پێشوودا هەزاران وشەی نوێیان هێنایە نێو کوردییەوە و دەیان هەزار منداڵ بەو وشە نوێیانە زانستیان خوێند. خۆم یەکێکم لەوانە. ئەگەر ئێستاش وشەیەکمان لە بەرانبەر زاراوەیەکی زانستیدا نەبێت، ئەگەر بڕیارمان دابێت بە کوردی بدوێین و بخوێنین، ئەوا بە ناچاری وشەیەکی نوێی یان بۆ دروست دەکەین، یان بۆی دادەڕێژین، یان لێکیدەدەین. یان لە خراپترین باردا: دەیخوازین.

پێم وایە بابەتەکە یان خۆبەکەمزانینە، یان نەزانینە. دەنا زمانی کوردی تەنها لەو هەزار وشەیە پێک نەهاتووە کە زۆربەی کوردە کوردینەزانەکان ئەوەندەی لێ دەزانن. ئەگەر هەر ئەوەندەش بێت، کە ئەوەندە نییە، دەتوانین فراوانتری بکەین و توانای داهێنانمان تاقی بکەینەوە. چون زمانەکە بەشی پێویست کەرەستەی پێکهاتنی نوێی پێمان داوە.

ئینگلیش لە سکی دایکیەوە (ئەگەر دایکی هەبووبێت و دایکی دووگیان بووبێت) وشە و زاراوەی بۆ زانستەکان نەبووە. بەڵکو ڕۆژێک وشەیان بۆیان دیاری کردووە. ئینگلی لانیکەم ٨٠٪ی وشەکانی لە گریکی و لاتینی خواستووە و هیچیان هی خۆی نین. بەڵام زۆر کورد کە یان ئینگلی نازانن، یان تەنها لە ئاستی ڕووکەشدا دەیزانن، وا دەزانن وشەکان ئینگلین و لەوەتەی دونیا هەیە هەن. لە کاتێکدا وا نییە. سەدان هەزار وشەی ئینگلی لە نێو فەرهەنگدا دەبینین کە چ ڕۆژێک بە دیاریکراوی دروست کراون، یان خوازراون.

زمان تێڕوانینگەیە و دەبێت بپارێزرێت

کە دەڵێم: «زمانەکەمان تێڕوانینگەیەکی مێژوو و گەشەمانە»، لە خۆمەوە وا ناڵێم. لە ڕاستیدا زمان تێڕوانینگەیەکە بۆ تێگەیشتنی زۆر بواری تریش. بۆ نموونە: کە لە زمانی کوردی دەڕوانیت و دەبینیت لە بیست تا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو بە هەزاران وشەی کوردیی پاراو یان دروست کراون، یان هی کۆن زیندوو کراونەتەوە، لەمەوە تێدەگەین کە لەو سەردەمەدا هۆشیارییەکی نەتەوەیی لە نێو کورددا بڵاو بووەتەوە کە لە زماندا ڕەنگی داوەتەوە. واتە ئەگەر مێژووش ون ببێت، زمانەکە ئاماژە و درکە و تیلنیشانت پێ دەدات بەوەی چی لەو سەردەمەدا گوزەراوە.

یان: کە عەرەب وشەی «سیاسە» بە کار دەهێنێت، کە وشەیەکی ئاژەڵدارییە و واتە ڕامکردنی حوشتر و ئەسپ و ئاژەڵ. لەمەوە تێدەگەیت کە ئەو لە بنەوەڕا تێڕوانینی بۆ ئەو بوارە ئەوەیە کە وەک ئاژەڵ ڕەشمە لە ملی خەڵک بکات و ڕامیان بکات. لە ڕاستیشدا لە کرداری زۆربەیاندا، بە تایبەتی بەرانبەر بە کورد، ئەمە ڕەنگی داوەتەوە. بەڵام دەبینیت گریکەکان وشەی پۆلیتیکی-یان بۆی داناوە بە واتای شارداری. لەمەوە تێدەگەیت کە لای ئەوان بوارەکە واتە هونەری بونیادنانی شار و شارستانێتی. لێرەدا زمان ئەوەت بۆ دەردەخات کە ئەم دوو نەتەوەیە چۆن لە بوارەکە تێگەیشتوون. هەر لەم ڕووەوەیە کە من خوازیارم وشەی ڕامیاری، کە وەرگێڕراوی سیاسە و پەتلەملکردنە عەرەبییەکەیە، لە کوردیدا بە کار نەیەت و ببێت بە وارگێڕی، بە واتای هونەری بەڕێوەبردنی وار. وار بە واتای وڵات.

دەبینیت، زمان دەتوانێت ببێتە پەنجەرەیەک، تێڕوانینگەیەک کە لێیەوە شتی تر ببینیت. بۆیە ئەگەر تەنها بۆ پاراستنی ئەم تێڕوانینگەیەش بووە، دەبێت هەموو زارەکانی کوردی بپارێزین.

زمان وەک سەرچاوەی داهات

ئەگەر وەبەرهێنان لە زماندا بکەین و پشتیوانیی لێ بکەین، سبەی دەبێتە سەرچاوەی داهات بۆ نەوەکانی دواترمان. وەک چۆن ئینگلی سەرچاوەی داهاتە بۆ نەوەکانی ئینگلەکان: ساڵانە بە ملیاران دۆلار بە زمانی ئینگلی پەیدا دەکرێت: بە تاقیکردنەوەی تۆیفڵ و ئایەڵتز، بە فێرکردنی خەڵکی تر، بە نووسین و هونەر و گۆرانی و زانست و زانیاری بە زمانی ئینگلی.

کە ئینگلێک چەندین جار لە ئێمە زیاتر هەلی کاری هەیە، لە خۆوە نییە، ڕاستە بەشێکی لە ئەنجامی هێزی ئابوورییەوەیە، بەڵام کرۆکەکە لە ئەنجامی ئەو پشتیوانی و داکۆکییەی ئینگلەکانە بۆ زمانەکەیان. چون مەرج نییە تەنها هێزی ئابوورییەکەت زمانەکەت بکات بە زمانی سەرەکیی جیهان، بەڵکو ئاگایی پێویستە. کورد دەستسڕ دروست، چپس دروست دەکات، بە کوردی لەسەریان نانووسێت! چون ئاگاییە نەتەوەیی و چاندی و زمانییەکەی نییە.

پشتیوانی و داکۆکی پشوودرێژیی دەوێت، باوەڕێکیشی دەوێت بەوەی کە نەتەوەکەت دەتوانێت پێشبکەوێت و هەر لەم دۆخەدا نەمێنێتەوە. ڕاستە ئەمڕۆ ناتوانین جیهان داگیر بکەین، بەڵام خۆ دەتوانین لە پشت زمانەکەمان بوەستین و شکۆ و هێزی جەماوەریی پێ بدەین. دەزانین بەم حاڵەی ئەمڕۆی نەتەوەکەمانەوە کوردی نابێت بە زمانی سەرەکیی جیهان. بەڵام کێ نازانێت لە سەدان ساڵی ئایندەدا کورد ئەوەندە بەهێز نابێت کە بتوانێت جیهان بە ڕێوە ببات؟ ئێمە بە هیوای ئەو ڕۆژە زمانەکەمان بۆ نەوەکانی داهاتوو ئامادە دەکەین تا بیکەن بە زمانی سەرەکیی جیهان. دەبێت خۆمان نرخ بۆ زمانمان دابنێین، نابێت چاوەڕێی نەتەوەکانی تر بین. باوەڕت بێت و کاری بۆ بکە، ڕەنگە بێتە دی. نەشهاتە دی، چیت لە دەست چووە؟ سەربەرزیت بەرانبەر نەتەوە و نەوەکانی داهاتووی نەتەوەکەت.

ئاخر لێمان تێناگەن!

ئەم هەوڵدانە زۆرەی ئێمەی کورد بۆ پەیامناردن و تێگەیاندنی نەیارەکانمانم زۆر لا سەیرە. پێم وایە ئێمە ئەمەندە دەمێکە پەیام دەنێرین و هەوڵی تێگەیاندنی ئەوانی تر دەدەین، کە شوێنی خۆمان لە بیر چووەتەوە و چیتر نازانین دەمانەوێت ئەوان لە چی تێبگەیەنین! زۆر گرنگی بەوە دەدەین خەڵکانی تر لێمان تێبگەن. کابرا هاتووەتە شارەکەمانەوە و داگیری کردووە، بەڵام ئێمە بۆ ئەوەی ئەو لێمان زویر نەبێت، یەکسەر زمانی خۆمانی بۆ دەگۆڕین و بۆی دەکەین بە قوربانی. لە کاتێکدا داگیرکەرەکەمان خۆی تەنها فێری وەڵامی «چۆنی»ی کوردی نەکردووە و بێزی نایەت وشەیەک کوردی بڵێت!

ئێمە هەر خەریکین زمانی خۆمان دەکەین بە قوربانیی «تێگەیشتن»ی دوژمنەکانمان. لە کاتێکدا هەرگیز دوژمنەکانمان لە ئێمە تێنەگەیشتوون، تێشگەیشتبن دۆخمانیان بۆ گرنگ نەبووە!

تێگەیشتن لە ویستەوە دێت. من زمانی لاتینی و ئیتالی نازانم، بەڵام ویستی تێگەیشتنم لە وێرگیلیۆس و دانتێ هەیە، بۆیە خۆم فێری لاتینی و ئیتالی دەکەم. داگیرکەرەکانمان ویستی تێگەیشتنیان لە ئێمە نییە.

پێت وایە فارس و عەرەب و تورک نازانن نەتەوەکەتیان داگیر کردووە؟ خاکتیان داگیر کردووە؟ سەرچاوەی سرووشتیی خاکی تۆ بە تاڵان دەبەن؟ نازانن کە زمانەکەت دەکوژن؟ پێویستە پێیان بڵێین: «مەکە، بەقوربان»؟ زۆر چاک دەزانن، بەڵام هەر دەیکەن. ئەگەر نەشزانن، بۆیان گرنگ نییە. بۆیە بە بڕوای من ئەو هەموو وزەیەی ئێمە تەرخانمان کردووە بۆ تێگەیاندنی نەیارەکانمان زۆربەی بە فیڕۆ دەچێت. دەکرێت ئەو وزەیە، یان بەشێکی، بۆ جێیەکی تر تەرخان بکەین. ناڵێم تێگەیاندنیان گرنگ نییە، بەڵکو دەڵێم زۆر خەریکی ئەم شتەین. ئێمە دەبێت ویستی سەربەخۆییمان هەبێت لە هەموو ڕووێکەوە، کار بۆ شکۆمەندکردنی خۆمان بکەین. ئەوان تێناگەن، کێشەی خۆیانە، سەدان ساڵە تێنەگەیشتوون، با هەر تێنەگەن.


  1. کۆی ئەم کورتەنووسینانەم بۆ مەبەستی ڕیل (کورتەوڤیدیۆ)ی ئینستاگرام نووسیوە. لە نزیکی ١٠ی تەممووزی ٢٠٢٤ەوە خەریک بووم تا ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤ و هەر دەیانم بە ڤیدیۆ تۆمار کرد. ↩︎
  2. تیتوس ئەندرۆنیکوس، هێنریی پێنجەم، یەکەم هێنریی شەشەم، سێیەم هێنریی شەشەم، ڕیچاردی سێیەم، خەونی شەوێکی چلەی هاوین، ئەنتۆنیۆس و کلیۆپاترا، سیمبێلین، دوو خانەدانەکەی ڤێرۆنا. ↩︎

ئەلفوبێی هاوبەش

ئەلفوبێی هاوبەش1

سەرچاوەی فرەیی ئەلفوبێ

کە لە کۆتایی نەوەدەکانەوە ئینتەرنێت بە جیهاندا بڵاو بووەوە و کوردستانی گرتەوە، ئەو پیتانەی نەدەخوێندەوە کە پێیان دەڵێین پیتە ئارامی یان کەنعانی یان عەرەبییەکان، کە کوردییش بە گۆڕاوێکی ئەو پیتانە دەنووسرێت. بەڵکو تەنها ئەلفوبێی لاتینیی دەخوێندەوە. بۆیە زۆربەی نەتەوەکان لە چات و نامەدا ناچار بوون جۆرە ئەلفوبێیەک دابهێنن کە بە پیتە لاتینییەکان دەنووسرا. ئێمەی کوردیش ئەم ئەلفوبێیەمان بە کار هێنا و پێمان دەوت: «کوردیی لاتینی». بەڵام لەو ئەلفوبێ لاتینییە چەسپاوەی بۆ جێگرەوەی ئەلفوبێی ئارامی دانراوە جودایە، واتە ئێمە بە دوو جۆر ئەلفوبێ دەڵێین «لاتینی»، یەکێکیان لاتینیی چاتە، ئەوی تریان ئەلفوبێیەکی چەسپاوی لاتینییە، کە ئێستانان زیاتر کورمانجیی پێ دەنووسرێت. لەگەڵ ئەم ڤیدیۆیەدا نموونەی هەر سێ ئەلفوبێکەتان بۆ دادەنێم.

نابێت هەر یەکەی بە ئەلفوبێیەکی جیاواز بنووسێت!

فرەئەلفوبێیی زیانێکی گەورەی لە زمانی کوردی و ئامادەییەکەی لەسەر ئینتەرنێت داوە. بۆیە تکاتان لێ دەکەم با وەکو ئەرکێکی نیشتمانی بەرانبەر زمانمان، بە تەواوی دەستبەرداری ئەلفوبێی لاتینیی چاتە کۆنەکە ببین و ساڵی ٢٠٢٤ بکەین بە دوایین ساڵ کە بەو ئەلفوبێ زیانبەخشە نووسیومانە. تاکئەلفوبێیی زۆر گرنگە بۆ یەکخستنی نەتەوەییمان، هەروەها بۆ پەرەدان بە ئامادەیی زمانی کوردی لەسەر ئینتەرنێتیش هەر گرنگە.

هەر ماوەیەکە و ڕادێیت

کە سەرەتا لەو ئەلفوبێیەوە دێیتە سەر ئەلفوبێ چەسپاوەکە بڕێک خاو دەبیت. بەڵام دڵنیا بە ئەوەندە ناخایەنێت کە خێرا دەبیت و ڕادێیت، خۆم وام کردووە و ڕاهاتووم. هەر کەسێکی نزیکیشت بەو ئەلفوبێیە بۆی نووسیت بە ڕێزەوە تکای لێ بکە کە بە ئەلفوبێ یەکگرتووە چەسپاوەکە بنووسێت.

تکایە وەک ئەرکێکی نیشتمانی بەشدار بە لە تاکئەلفوبێییدا.

نموونەی ئەلفوبێ جیاوازەکان:

ئەمە ئەلفوبێی یەکگرتووی چەسپاوی کوردییە، کە پێی دەوترێت «ئەلفوبێی ئارامی»، یان «ئەلفوبێی عەرەبی». وا دیارە عەرەبەکان لە ئارامییان وەرگرتبێت و ئەوانیش لە کەنعانییان وەرگرتبێت و دەستکارییان کردبێت و لەگەڵ زمانەکانی خۆیاندا گونجاندبێتیان. ئێمەش لە عەرەبییەوە وەرمانگرتووە و لەگەڵ کوردیدا گونجاندوومانە. بە ڕای من باشترین و دروستترین ڕێنووسە و ملیاران دێڕ نووسینمان بەم ئەلفوبێیە هەیە. بۆیە پێویستە بهێڵرێتەوە و تەنها ئەمەش بە کار بهێنرێت، چون بە ڕاستی هیچ پێویست نییە بگۆڕرێت و کۆڵێک پارەی زیادە لە خۆڕا بە فیڕۆ بدەین.

Ama alfueby latiniy chata ka pewista ba zutrin kat kotayi pe bhenret w nahelret. Barhamy saratay internet bu, belam zyani zori dawa. tkaya ba kari mahena. Har kas bam alfubeya namay bom nardbet walamim nadawatawa, chunka ba bereziy dazanm. Handek kas zhmarashyan tekali krdwa, bo nmuna danusn 7ayaman 4u!

‘eme ‘elfubêy latînîy çespawe ke ‘êstanan zyatr kurmancîy pê denûsrêt. Min wek Newa legeļ ‘em ‘elfubêyeş nîm, çun ta ’êsta hîç ařgûmêntêkî başim nebîstwe bo pêwîstbûnî. Beļam hêşta her lew latînîy çate baştire.


  1. لە ١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٤دا نووسیومە، لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

فینالێ: دەمەوێت ببم بە…

فینالێ: دەمەوێت ببم بە…1

لە منداڵییدا تەنها یەک ئاواتم هەبوو، ئەویش ئەوە بوو ببم بە گۆرانیبێژ. پێم وا بوو بۆ ئەوە لە دایک بووم ببم بە گۆرانیبێژ. داخەکەم هیچ تۆمارێکی دەنگی و ڤیدیۆیی ئەو سەردەمەم نەماوە تا لە هۆشی ئێستامەوە لە خۆمی ئەو کاتە بڕوانم و بزانم چەندێک شیاویی ئەوەم تێدا بووە ببم بە گۆرانیبێژ. بەڵام بە گوێرەی هەستی خۆم بووبێت، کە چێژێکی ئێجگار زۆرم لە گۆرانیبێژی دەدی، هەروەها بە گوێرەی کاردانەوەی مامۆستا و هاوپۆلەکانی قوتابخانەی سەرەتاییم بێت، کە ڕەنگە بە هەڵەش لە یادمدا مابێتنەوە، هەست دەکەم لە گۆرانیدا باش بووبێتم. هەر زووش خولیای فێربوونی موزیکم بۆ دروست بوو. دیارە بە هۆی کاک کارزانی برام و هاوڕێکانیەوە موزیک بە ماڵی ئێمە نامۆ نەبوو.

لە منداڵییمەوە موزیک بە ماڵی ئێمە نامۆ نەبووە.
لە منداڵییمەوە موزیک بە ماڵی ئێمە نامۆ نەبووە.

ڕۆژی منداڵانی جیهان

کاک کارزانی برام ماوەیەک بردمیە نێو کۆڕی تیپی هونەری منداڵانەوە. لە دوو سێ پڕۆڤەدا بەشداریم کرد و لەگەڵ منداڵانی تردا گۆرانیی منداڵانم دەبێژا. لە ١ی حوزەیرانێکدا، کە باش بە بیرم نایەت هی ساڵی ١٩٩٧ بوو یان ١٩٩٨ بوو، بردمانیانە سەر پشتی لۆرییەک و بە شاڕێی سالمدا گێڕایانین. نازانم ئایا پشتی لۆرییەکە بچووک بوو، یان ئێمەی گۆرانیبێژانی نێو کۆڕەکە ئەوەندە زۆر بووین، چون من لە سەرپەڕ بووم و بە هەزار شەڕەشەق جێم دەبووەوە. پێشتر بۆ یەک جاریش بووبێت نەچووبوومە سەر پشتی لۆری. ئامادەکارانی ئەو ئاهەنگەش هیچ پڕۆڤەیەکیان لەسەر پشتی لۆری بە ئێمە نەکردبوو. ئێستا دەزانم کە هیچ مەرجێکی سەلامەتی لە ئاهەنگەکەماندا نەبوو.

لۆریی چی؟ هەر تایەیەکی دوو ئەوەندەی من دەبوو. ئاگام لە چواردەوری خۆم نەمابوو، زۆریش نەدەپرژامە سەر گۆرانییەکان، تاکە ئامانجم ببوو بەوەی لەسەر لۆرییەکە نەکەومە خوارەوە. سەرئەنجامیش: من کەروێشکێکی پەم پەم پەم پام، خرپنم، پەرەرەرەرەرەرەم، وریا و گوێقوت و پەم پەم پەم شڵپ. لە لۆری کەوتمە خوارەوە. لەو قەرەباڵغییەدا کەس پێمی نەزانی کەوتووم، ئەوەندەش کەسێکی دیار و ناسراو نەبووم کە بە نەمانم کەس هەست بە نەمانم بکات و جێم دیار بێت، هەر جێم نەبوو تا ئەگەر ڕۆیشتم دیار بێت!

وێنەیەکی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد، تا ڕادەیەک دیمەنێکی هاوشێوەی نمایشی ڕۆژی منداڵانی جیهانی ئەو ساڵە پیشان دەدات.
وێنەیەکی دروستکراو بە ژیریی دەستکرد، تا ڕادەیەک دیمەنێکی هاوشێوەی نمایشی ڕۆژی منداڵانی جیهانی ئەو ساڵە پیشان دەدات.

کەس لەسەر تۆ ناوەستێت!

سەرەتا کە کەوتم وام دەزانی هەمووان ئاگایان لێم دەبێت و دەوەستن و ڕێم دەدەن بچمەوە نێو کۆڕەکە. من کەوتووم، دەبێت جیهان لەسەرم بوەستێت تا هەڵدەستمەوە، من منداڵم و ئەمڕۆ ڕۆژی منداڵانی جیهانە و پەیامی ئاشتییمان بۆ هەموو جیهان پێیە. بەڵام لۆری هەر دەڕۆیشت و خەڵکەکەش هەر سەیری منداڵەکانی خۆیان و ئەوانی تریان دەکرد و هیچ چاوێک منی کەوتوو و بەجێماوی نەدەدی. خودی دیاردەکەش لای خەڵک ئەوەندە سەیر بوو کە کەس سەرنجی وردەکارییەکەی نەدەدا. باش بە بیرم نایەت، بەڵام لە یادەوەریمدا ئاهەنگەکە بۆ من لێرەدا تەواو بوو. پێشم وا بێت گەڕامەوە بۆ ماڵەوە، چون ماڵمان لە شوێنی کەوتنەکەمەوە نزیک بوو. ئەو کەوتنە کۆتایی پەیوەندیی من و تیپی هونەری منداڵان بوو.

ویستم ببم بە ژەنیاری عوود

پاشان لە نەورۆزی ١٩٩٩دا کامکارەکان هاتن بۆ سلێمانی و لە ٢٥ی مارس و ڕۆژانی دواییدا کۆنسێرتیان پێشکەش کرد. بە هۆی کاک کارزانی برامەوە توانیم (وا بزانم) دوو ڕۆژ بچم بۆ کۆنسێرتەکەیان. سەرلەنوێ خولیای گۆرانی و موزیک تیامدا بزووتەوە. نەمدەتوانی بیر لەوە نەکەمەوە کە دەشێت ڕۆژێک منیش کۆنسێرتێکی وا بکەم و گۆرانی بۆ خەڵک ببێژم و خەڵک بێن بە دیارمەوە دابنیشن. بێ هۆیەکی دیاریکراو، لە نێو هەموو کامکارەکاندا شەیدای ئەرسەلان کامکار بووم و حەزم دەکرد منیش وەک ئەو عوود بژەنم.

ئینجا لە براکەم پاڕامەوە فێری موزیکم بکات. ئەویش بردمیە لای مامۆستا عادل حەمەکەریم، ماڵی هەمیشە ئاوەدان بێت، ئەو هاوینە چوومە فێرگەکەی مامۆستا عادل و چەند وانەیەکی سەرەتایی عوودی پێم دا. بەڵام زۆری نەبرد لە یاریی تۆپتۆپێنی کۆڵاندا دەستم درزی برد و مانگێک لە گەچیان گرت. ئەمە ناچاری کردم لە پڕۆڤە داببڕێم.

پاشانیش خۆرگیرانی گەورەی ١١ی ئابی ١٩٩٩ ڕووی دا، کە مانگێک بوو بە تاسووقەوە خۆمانمان بۆی ئامادە کردبوو. داخەکەم، ئەو دیاردەیەی زۆر تامەزرۆی بووم، خۆم بە باشی نەمدی. ئەو ڕۆژە تووشی هەوبوونی ڕیخۆڵەکوێرە بووم و بەیانی تا ئێوارە دەمناڵاند و دووقەد ببووم. کە لە دوانیوەڕۆدا بە تەواوی لێم دیاریی دا، بەپەلە بە بەڕازیلییەکی تەکسی بردمیان بۆ خەستەخانە و نەشتەرگەریم بۆ کرا. نەشتەرگەرییەک بە نرخی لەدەستدانی بینینی خۆرگیران. پاش هەڵستانەوەم لە نەشتەرگەرییش چیتر نەچوومەوە بۆ خولی فێربوونی موزیک. هەرگیزیش ڕووبەڕوو سوپاسی مامۆستا عادلم نەکرد لە بەرانبەر ئەو هەوڵانەدا کە لەگەڵمدا دانی. بەڵام ئێستا خوازیارم بەم دێڕانە سوپاسگوزاریی خۆمی پێشکەش بکەم کە ئەگەرچی زۆر کەم یەکترمان دیوە، بەڵام یەکێک بووە لە کەسە میهرەبانەکان لەگەڵمدا، کە لەو سەردەمەدا خەڵکی میهرەبان لەگەڵ منداڵدا زۆر دەگمەن بوون.

قەیرانی ئاوات

ئاواتی گۆرانیبێژی و موزیک لە ناخمدا هەر مابوون، بەڵام دەستی دەرەکی وردەوردە ئەم ئاواتەی تێمدا خستە قەیرانەوە. ئەو کاتە نەمدەزانی پیشەی گۆرانیبێژی گرێدراوی ئەوەندە قەدەغە و بڤە و مەکە و حەرام و نادروست و بێهوودەیی و نابێت و نابووتی و بێپارەیی و بێڕێزی و بێشکۆیی و سووکایەتییە. بەڵام دەستە دەرەکییەکان هەموو ئەم واتا لاوەکییانەیان بە ئاواتی گۆرانیبێژییمدا هەڵواسی. بۆیە وردەوردە لە هەرزەکاریمدا ئاواتەکەم بە تەواوی کەوتە قەیرانەوە. خۆیشم نەمدەزانی دەمەوێت ببم بە چی.

خێزانەکەم پیشەی پارێزەرییان بە باڵای ئایندەمدا دوریبوو. ئەم و ئەویش پیشە و خولیای «ڕێکوپێک»ی تریان بۆم پێشنیار کردبوو و ئایندەی منیان بە زۆر لێ مارە کردبوو. لە ئەویندارێک دەچووم کە گراوییەکەی لە دەست دابێت و لەگەڵ هەزاران یاری تردا دەستلەملان بێت و هەر ئەو گراوییەی لە خەیاڵدا بێت کە لە دەستی داوە. شەو تا بەیان دەستلەملانی ئاواتێک بووم کە هی خۆم نەبوو. لێ من خەستە و دەردەداری ئاواتێکی دێرینم بووم!2 چەند ساڵێک لە نێو زریانی ئەم وێڵییەدا گێژوخول و تەپاوتلم دا.

تا ساوا و منداڵیت تێر فێری ئش ئش ئشەکەت دەکەن و هەڵتدەپەڕێنن و هانت دەدەن گۆرانی ببێژیت، چونکە قشتیت. هەر پاش چەند ساڵێک بە شەق هەموو ئەم هاندانانەت لێ دەردەهێننەوە و ناهێڵن بە لای موزیک و گۆرانی و سەمادا بچیت. کە لە شوێنێکیش شتێک دەڵێیت یەکسەر دەکێشن بە ناوی دەمتدا و دەڵێن: «بێدەنگ بە!».

ترۆپکی قەیرانی ئاوات

ساڵی ٢٠٠٦ گەیشتبوومە ترۆپکی قەیرانی ئاوات و ئامانج. ڕۆژبەڕۆژ زیاتر هەستم بە بێنرخیی خۆم و کاتەکانم و ئایندەم دەکرد. ڕۆژبەڕۆژ زیاتر هەستم دەکرد ئایندەم بارێکی قورسە بەسەر شانمەوە، چون ئایندەیەکم دەبێت کە خۆم حەزی پێ ناکەم. تا ڕۆژێکی هاوینی ئەو ساڵە کە بە تەنیا سەرەوگێڕ لە بێهوودەیدا پاڵکەوتبووم، بیرم لەوە دەکردەوە ببم بە چی؟ لەناکاو کەوتمە نێو پەڕتووکەکانی کاک کارزانی برام و پەڕتووکێکم لەسەر ژیانی لودڤیگ ڤان بێتهۆڤن دۆزییەوە. وردەوردە ئەم پەڕتووکەم خوێندەوە. دواتر زۆر بە خراپی وەریشمگێڕا و لەگەڵ هەندێک پەڕتووکی تردا تێکەڵاوم کرد. داخەکەم بڵاویش کرایەوە، کە ئێستا تەنها بینینی بەرگی پەڕتووکەکە لە تەوقی سەر تا پەنجەی پێ شەرمەزارم دەکات.

گرنگیی ژیاننامەی بێتهۆڤن بۆ من لەوەدا بوو کە لە لایەک دووبارە خولیای موزیکی تێمدا گەشاندەوە، لە لایەکی تریش تا ڕادەیەک لە نزیکەوە هەندێک شت لەسەر بلیمەتانی موزیک فێر بووم. لە هەموویان سەیرتر ئەوە بوو کە زۆرینەیان پیانۆژەن بوون، کە من خولیام بۆی نەبوو.

ئەو هاوینە بڕیار ئازاد-ی هاوڕێی پێشووی قوتابخانەمم دی. ئەو ئەو کاتە چووبووە پەیمانگای هونەرە جوانەکان، بەشی موزیک. لێیم پرسی: «بۆچی باخ، مۆتسارت، بێتهۆڤن، شۆپان، چایکۆڤسکی… تد. هەموو ئەمانە ژەنیاری پیانۆ بوون؟». وەڵامی دامەوە و وتی: «فێربوونی پیانۆ بۆ موزیکدانان ئێجگار گرنگە و بە ئاسانی فێری تێکەڵکردنی دەنگت دەکات، کە هاوکارێکی باشە بۆ زانستی هاڕمۆنی و ئەمانە». ئینجا سی دیی بەرنامەیەکی کۆمپیوتەری پێم دا، بەرنامەیەک بوو، ناوی: «فینالێ» بوو. وتی: «دەتوانیت بەم بەرنامەیە نۆتە بنووسیتەوە».

فینالێ

فینالێ وشەیەکی ئیتالییە، بە واتای «کۆتایی» دێت. بەڵام هەر وا بە ئیتالی هاتووەتە نێو زاراوەکانی موزیکەوە، بە واتای کۆتایی ژەندن دێت، ئەو بەشەی پێش ئەوەی بیسەران چەپڵە لێبدەن. بۆ نموونە بە دوایین بەشی سیمفۆنی دەوترێت «فینالێ».

جا من ئەم بەرنامەیەم لەسەر لاپتۆپەکەم دابەزاند (بە کراککراوی: واتە پارەم بە کۆمپانیای دروستکەرەکەی نەدابوو). ئینجا لە خۆمەوە دەستم کرد بە نووسینەوەی نۆتە. ئەم بەرنامەیە بوو بە ئالوودەییم و ڕۆژی وا هەبوو چواردە کاژێر بێ دابڕان لەسەر ئەم بەرنامەیە خەریکی نووسینەوەی نۆتە بووم. پاشان وەکو پڕۆڤەی فێربوونی نۆتە، نۆتەی موزیکدانەرە گەورەکانی وەک فڕانز لیست و بێتهۆڤن و شۆپان و ئەمانەم دەهێنا و سەرلەنوێ بەم بەرنامەیە نۆتەکانیانم دەنووسییەوە. بەرنامەکە دەیتوانی نۆتەکە بخوێنێتەوە و بە دەنگیش دەریانبکاتەوە. لەم گەشتەدا فێری زۆر شت بووم. هەر ئاوها فێری نووسین و خوێندنەوەی نۆتە بووم. پاشتریش لە مانگی تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا کەوتمە فێربوونی پیانۆ. لەو کاتەوە تا ئێستا ڕەنگە هەزاران کاژێرم لەسەر ئەم بەرنامەیە بە سەر بردبێت و هەزاران موزیکی خۆم و موزیکدانەری ترم نووسیوەتەوە، کە زۆربەیان تەواو نەکراون.

ئەم بەرنامەیە چەند جارێک لەژێر دەستمدا تووشی کێشە هاتووە و «کراش»ی کردووە و بەری ڕەنجی چەند ڕۆژەم بە فیڕۆ چووە. یەکێک لەوانە یەکەم دانانی گۆرانیی بنوو بوو، کە لە ماڵپەڕەکەمدا لەسەریم نووسیوە و ئێستا گۆرانییەکە لە کەناڵی یوتیوبەکەمدا هەیە. بۆیە لە ساڵی ٢٠١٢دا بەرنامەکەم کڕی و لەو کاتەشەوە دوو ساڵ جارێک دەرکردە نوێترەکەیم دەکڕی. سەدان موزیکم بەم بەرنامەیە و بەرنامەی گاریتان-ی هاوەڵی بەرهەم هێناوە، لەوانە: سەمای جنۆکەکان و گۆرانیی جوانی، کە لە کەناڵی یوتیوبەکەمدا هەن.

ماڵئاوا فینالێ

سێشەممە، ٢٧ی ئابی ٢٠٢٤ کۆمپانیای مەیکمیوزیک، کە خاوەنی بەرنامەی فینالێیە، ڕایانگەیاند کە کۆتاییان بە بەرهەمهێنانی فینالێ هێنا. ئەو کەسانەی پێشتر بەرنامەکەیان بە کار دەهێنا هەر لایان کار دەکات، بەڵام بەرنامەکە چیتر کۆتایی هاتووە و پەرەی پێ نادرێت. ئەم هەواڵە هەژدە ساڵ بەکارهێنانی بەرنامەکە و ژیانی موزیکیی خۆمی هێنایەوە بیرم. سوپاسی هاوڕێم بڕیار ئازاد دەکەم کە ئەم بەرنامەیەی پێم ناساند. سوپاسی کۆمپانیای مەیکمیوزیکیش دەکەم و داوای لێبوردنیشیان لێ دەکەم کە چەندین ساڵ بەرنامەکەیانم بە کار هێناوە بێ ئەوەی پارەکەی بدەم.

ئاواتەکەم و لادرانم لە ڕێی ئاواتەکەم بەرەو زۆر جێیان بردم. ویستم ببمە گۆرانیبێژی ئۆپێرا، ئینجا پیانۆژەنی کۆنسێرت. دواجار کۆلێژی زمانم تەواو کرد، چون لە دوای موزیک حەزم لە وێژە و زمان بوو. ئینجا ویستم ببمە سینەماکار. ئەمە جگە لەوەی بۆ بژێویی ژیانیش شتێکی تر لە کۆمپیوتەر و کارگێڕی و بەڕێوەبردنی پڕۆژە فێر بووم. چەند گۆرانییەکم داناوە و بێژاومن و بڵاوم کردوونەتەوە، هەندێکیشم بڵاو نەکردووەتەوە. وا شەش ساڵیشە کاری وەرگێڕان دەکەم و دەنووسم. بووشمەتە داکۆکیکار لە زمان و چاند و ناسنامەی کوردی و خۆم وەک بەرگریکارێک لە داگیرکاریی زمانی و چاندی و سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوایەتیی کورد دەبینم.

گۆرانیۆس

لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە چیرۆکەکانی هۆنوسیاسم نووسی (کە هێشتا تەواوم نەکردوون)، ناسناوی «گۆرانیۆس»م لە هۆنوس نا. هۆنوس کەسێتیی ناوەندیی هەموو چیرۆکەکانە و کەموزۆر وێنەی وێژەیی خۆمە. لەبەر ئەوەش ئەو ناسناوەم لێی نا کە ئەگەر هۆنوس لە سەردەمی گریکی کۆندا ژیابا، ناو دەنرا: «گۆرانیۆس»، چون دەبوو بە خودای گۆرانی. ئێستاشی پێوە بێت، ئەگەر لە دونیایەکی بێگەردتردا بوومایە ئاوەزم بە هەندێک هەڕەشە نەشکایە، بێگومان تاکە ئاواتم گۆرانی و موزیک دەبوو. حەزم دەکرد هەموو شەوێک گۆرانیم بۆ خەڵک ببێژایە و موزیکم بۆیان ژەندبا و هەر لەوێشدا مردبام و هەر لەوێشدا نێژرابام. ئێستاش هەزاران گۆرانی لە ناو مندا هەن و چاوەڕێن هەلومەرج بڕەخسێت و دەریانبکەم. هەر گۆرانیبێژێک دەبینم حەز دەکەم باوەشی پێدا بکەم و ماچی بکەم، چون هەست دەکەم ئەو بە ئاواتی من گەیشتووە و لەو ژیانەدا دەژی کە من دەمەویست.

بەڵام بەرگری!

بەڵام ئێستانان دەرک بە زۆر هەڕەشە دەکەم لەسەر نەتەوەکەم. چەند وێژمانێکی کوشندە لە نێو هاوخوێنەکانمدا بڵاو بوونەتەوە کە بەرەبەرە لە ڕووی زمان و چاندەوە کورد لە ناو دەبەن. وێڕای ئەوەی وا لە ڕووی جوگرافیشەوە خەریکە لە ناو دەچین و بێئاگاکان چەپڵە بۆ ئەم لەناوچوونە لێدەدەن.

پێم وایە ئێمەی کورد بەم چەند وێژمانە کوشندەیەی ئێستا هەڵمانگرتوون، وەک منی سەر لۆرییەکە، کە بە هەزار شەڕەشەق لەسەر سەکۆی جیهان (و لۆرییەکە) جێمان بووەتەوە، شڵپ دەکەوینە خوار و هەر وەک منیش نە لۆری لەسەرمان دەوەستێت، نە چاوێکیش دەمانبینێت، نە موزیکیش لە سەرمان دەوەستێت تا گۆرانییەکەمان تەواو بکەین. با تا بەیانی پەیامی ئاشتیمان هەڵگرتبێت و دەنگمان زوڵاڵ بێت و بەهرەدار بین! ئەو چەند وێژمانەیشی پێم وایە مەترسین بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەییمان پێکهاتوون لە: وێژمانی جیهانبازی، هەموومان مرۆڤین، هەموومان براین، بێلایەنی، بڕوابوون بەوەی گورگ و مەڕ پێکەوە ئاو بخۆنەوە، گرنگیدان بە هونەر و کار و بازاڕی و زانستی ڕووت بێ ئەوەی بزانین بۆچیمانن و چۆن لە ناومان دەبەن. ئێستانان ئەم وێژمانانە زەینی زۆرێک لە هاوخوێنەکانمیان تەواو داگیر کردووە.

فینالێ: ئێستا دەمەوێت…

فینالێ (لە کۆتاییدا: کە خۆم دژی ئەم دەربڕینەم، بەڵام بۆ مەبەستە ڕەوانبێژییەکەی بە کاری دەبەم): دەمەوێت دەستم هەبێت لە دەربازکردنی کوردان لەم بەنجانەی بەرەبەرە تێکەڵ بە خوێنیان دەکرێن. دەمەوێت دەستم هەبێت لە هێشتنەوە و بووژاندنەوەی بوونی زمانی و چاندی و نەریتیی کورددا. ئامانجمە مێز بە ڕووی مێژوودا ئاوەژوو بکەمەوە و ئەم جارە کورد و کوردستان بکەمە ناوەندی دونیا. یان لانیکەم دەستم هەبێت لەو ڕێڕێژی و ڕەنگڕێژییەدا. نابێت مرۆڤ لە نێوان خۆی و بکوژیدا بێلایەن بێت، شتێک نییە ناوی بێلایەنی بێت. بێلایەنی تەنها ڕێ بۆ لایەنی زۆردار خۆش دەکات زۆرلێکراو لە ناو ببات. بێلایەنی ئەوپەڕی لایەنگرتنی خراپەیە لە دونیادا. بۆیە دەمەوێت ببم بە (یەکێک لە) ڕێڕێژ و ڕەنگڕێژی سەربەخۆیی زەینیی کوردان. کورد لە نەخۆشیی ئەم بیرە کوشندانەی داگیرکەران دەرباز بکەم. ئەوەی پێم وایە مەترسیی گەورەیە لەسەر داگیرکاریی مێشکمان لە ناوی ببەم، یان لانیکەم کەمی بکەمەوە.

خوازیارم سەد ساڵ بە تەندروستییەوە (کە شتی وا ڕوو نادات) بژیم بۆ گەیشتن بەم ئاواتەم. ئاواتم سەندنەوەی کوردستانی هەرە گەورە و سەندنەوەی تۆڵەی هەموو ئەو ستەمانەیە کە لێمان کراون. ئاواتمە کورد لەو کوردستانەدا سەروەر بێت و دەسەڵاتی هەبێت و بەهێز بێت. ببێتە زلهێزی جیهان و تاکەکانی لە نێو خۆیاندا هەست بکەن ڕێز و شکۆیان هەیە. لە دیدی خۆیانەوە بڕواننە دونیا، ئەمان بە خەڵک بڵێن گوێ لە چی بگرن و نەگرن، نەک داگیرکەر پێیان بڵێت گوێ لە چی بگرن و نەگرن. لە لاشەوە هەر وا لابەلا خەریکی موزیک و گۆرانی دەبم، چون پێم وایە ئەو دووانە وزەی زەینییم پێ دەدەن بۆ ئاواتەکانم.


  1. لە ٢٩ی ئابی ٢٠٢٤دا نووسیومە. ↩︎
  2. [2] ئەمە دێڕێکی هۆنراوەی نۆن سوم کوالیس ئێرام بۆنای سوب ڕێنیۆ سینارایی-ی ئێرنست داوسن-ە. ↩︎

ئایا سنوور بۆ چێژبینین دادەنرێت؟

ئایا سنوور بۆ چێژبینین دادەنرێت؟[1]

ئایا پرسیوتە بۆچی زۆر لە خەڵکی کوردی نابیستیت بڵێت: «بەیانیان دوگمەبەندی باشکۆککراوی یۆهان سێباستیان باخ زۆر خۆشە»؟ لە کاتێکدا ئەم بەرهەمە (کە لە خوارەوە بەستەری یوتیوبەکەیم داناوە) یەکێکە لە نایابترین کارەکان کە هەرگیزاوهەرگیز لە مێژووی موزیکدا دانرابێت. چەند جار گوێی لێ بگریتەوە هێشتا هەر شتت پێ دەبەخشێت. جگە لە پێگەکەشی لە بواری موزیکدا کە بە یەکێک لە شاکارەکانی هونەری موزیک دادەنرێت و کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر تەواوی مێژووی موزیکی کلاسیک و جیهانیش هەیە.

دوگمەبەندی باشکۆککراوی یۆهان سێباستیان باخ-ە بە ژەندنی سڤیەتۆسلاڤ ڕیختەر، کە یەکێک بوو لە باشترین پیانۆژەنەکانی سەدەی ڕابردووی هەموو جیهان

ئەی ئینیۆ مۆریکۆنێ؟

یان نابیستیت زۆر لە کوردان بڵێن: «بەیانیان جۆش گرۆبان و ئەندریا بۆچێللی خۆشن». یان بچیتە یەکێک لەو قاوەخانانەی خۆیانیان ناو ناوە کافتریا یان برێکفاست و بە خواردن دەڵێن فوود و بە خواردنەوە دەڵێن درینک، خستبێتیانە سەر موزیکە نایابەکانی ئینیۆ مۆریکۆنێ. ئەگەر گلەییت لە موزیکەکەی مۆریکۆنێ هەبوو پێت بڵێن: «ئەمە موزیکی ئینیۆ مۆریکۆنێیە. یەکێک بوو لە بەتواناترین موزیکدانەرەکانی جیهان. بە نزیکی بە کوالیتیی موزیکی کلاسیک موزیکی بۆ فیلم دادەنا. ناوبانگ و چێژی زۆربەی موزیکەکانی تەنانەت لەو فیلمانەش زیاترن کە موزیکەکانی خۆی بۆیان داناوە! واتە هەندێک فیلم هەن بە هۆی موزیکەکەی ئەوەوەیە خەڵک تەماشایان دەکات. واتە موزیکەکەی مۆریکۆنێ دەبێت بە ناونیشان بۆ فیلمەکە!».

ئەی یەڤگینی کیسین؟

یان نابیستیت یەکێک بڵێت: «فڵان ڕۆژ بە دیار یەڤگینی کیسینی پیانۆژەنەوە دانیشتبووم، پڕۆڤەی لە کۆنشەرتۆی سێیەمی پیانۆی ڕاخمانینۆڤدا دەکرد. بە ڕاستی دەستی دەتوت ڕووبارە و بەسەر دوگمەکانی ئەو پیانۆیەدا لێشاو دەبات. لەو کاتەدا ژەنیارەکە هێندە چووبووە نێو موزیکەکەوە کە دەرزیت پیایدا بکردایە خوێنی لێ نەدەهات!».

کەچی هەمان ئەم قسانە بۆ موزیک و ژەنیاری نەتەوەکانی چواردەوری خۆمان دەکرێن. پرسیوتە بۆچی وایە؟ داخۆ لە خۆوەیە؟ داخۆ موزیکی نەتەوەکانی دراوسێمان هێندە لە موزیکی نەتەوەکانی جیهان مەزنترن وا هێندە پارێزەر و پەرستار و بەرگریکاریان لە نێو کورددا هەیە؟

پێت وایە بە ڕێکەوت حەزت لە چڵکاوی دراوسێیە؟

ئایا پێت وایە ئەمە تەنها ڕێکەوتە؟ پێت وایە بە ڕێکەوت چێژ لە فڵان دەبینیت، بەڵام ئامادە نیت تەنانەت ئەوە تاقی بکەیتەوە بزانیت چێژ لە موزیکی نەتەوەیەکی دوورتر دەبینیت یان نا؟ پێت وایە ئەم چێژبینینەت لە هونەری نەتەوە دراوسێکەت ڕێکەوتە و لە خۆوەیە؟ لە کاتێکدا سەدان ساڵ حوکمتی کردووە.

یان لەوانەیە لەبەر ئەوە بووبێت کە لەسەر مێزی خوانی چێژبینین لە هونەر کۆمەڵێک بژاردەی کەمت خراوەتە پێش و هەمووشیان بەرهەمی نەتەوەکانی چواردەورت بوون. ڕیکلامی زل لە پشت هەر کامێکیانەوە کراوە و وەکو کاڵایەک دەرخواردت دراون. ئێستا تۆش بە کامی دڵتەوە گوێیان لێ دەگریت و چێژیان لێ دەبینیت و خۆتیان تێدا دەدۆزیتەوە. پێت وایە تۆ بە ویست و ئارەزووی خۆت ئەوانت هەڵبژاردووە، یان ئەو بژاردانەت ئەوەندە بەچێژن کە خۆیان تۆیان پەلکێش کردووە بۆ خۆیان.

نەخێر، ئەو شتە زلە نییە!

ئەگەر یەکێکیش بوێرێت بڵێت: «فڵان گۆرانیبێژی فڵان نەتەوەی دراوسێ (بۆ نموونە فەیرووز) کە هەموو بەیانییەک ڕادیۆ و تەلەفیزیۆنەکانمان و قاوەخانە و ئوتومبێل و ماڵەکانمانی داگیر کردووە و بەسەریاندا سەپێنراوە، ئەوەندە مەزنیش نییە کە بەو شێوەیە دەپەرسترێت!» یەکسەر یەکێکت لێ قوت دەبێتەوە و دەڵێت: «تۆ ڕەگەزپەرستیت! چێژبینین سنووری بۆ دانانرێت! ئێوە خۆتان لە هەموو شتێکدا هەڵدەقورتێنن و ئازادییە تاکەکەسییەکان پێشێل دەکەن».

نەتەوەکانی تر مەزنیان نییە؟

کەچی بە دەگمەن نەبێت، کەس لەمانە نابینین بە ئازادییە تاکەکەسییەکانیان و چێژە بێسنوورەکانیانەوە چێژ لە موزیکێکی یاپانی ببینن! بە دەم ڕەزمێکی ئەفەریقییەوە سەمایەکی ئەفەریقییانە بکەن. بە دەم ئامێرێکی ژێداری چینییەوە ملیان بابدەن و ڕیکلامی خۆڕایی بۆ بکەن. وەک ئەوەی بۆ نەتەوەکانی دراوسێی خۆمانی دەکەن.

تۆ ئاراستە کراویت و ئاگات لێی نییە

لە ڕاستیدا چێژبینینی خەڵکان ئاراستە دەکرێت و نەخشەی بۆ دادەنرێت و کاریشی بۆ دەکرێت. کەم تا زۆریش بەر دەگرێت و ئەنجامیشی دەبێت. خودی ئەوەی زۆربەی کورد چێژ لە موزیکی نەتەوەکانی دراوسێی دەبینێت و بە هەمان قەبارە و مەندیی ئەو نەتەوانەی دراوسێ چێژ لە موزیکی نەتەوەی تر نابینێت، بەڵگەی ئەوەیە کە لە ڕاستیدا چێژبینین ئاراستە دەکرێت و ڕێی بۆ دیاری دەکرێت و سنووریشی بۆ دادەنرێت.

بەڵام چۆن ئەمە لە مێشکداگیرکراوەکانمان تێبگەیەنین کە لە ڕاستیدا موزیک یەکێکە لە گرنگترین کەرەستەکانی پڕوپاگەندە و داگیرکردنی مێشک و بیر، بێ ئەوەی هاوزمانەکانمان یەکسەر بە «فاشیست» و «ڕەگەزپەرست» و «تەسکبین» لە قەڵەممان بدەن؟ چۆن ئەمەیان تێبگەیەنین؟


[1] لە ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٣دا نووسیومە؛ لە ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە.

هۆنوسیاس: لاقەکردنی دیاس

هۆنوسیاس: لاقەکردنی دیاس[1]

وەرە ھەی خەمۆک دەردت چارە کەم،

ئاسوودەیی لە دڵت مارە کەم،

ڕۆشنی بکەم دەروونی تارت،

لەسەرت سووک کەم قورسایی بارت،

گومانەکانت بۆ بخنکێنم،

چێژی ژیانت پێ بناسێنم،

ڕزگارت کەم لە جەللادپەروەران،

بتگەیەنم بە گەشیی ناخ و گیان،

ھەڵەی گوتاری کۆنخوازان دەرخەم،

تا دەرتبێنم لەناو جغزی خەم،

ببم بە کەست لە بێکەسیتدا،

ئەو دەستە ببڕم کە گورزی لێت دا،

وەک پیرەمەگروون بۆستم لە پشتت،

شیری ھاودەنگی بخەمە مشتت،

بەرد بشڵەقێنیت بە بەردەوامی،

ڕۆژێک دێت ورد بێت سەرتاپای گیانی،

سا خەمۆک وەرە، خەمانت ورد کەم

ناخی ترساوت بۆ مانت گورد کەم.

ھۆشیاریی ھۆنوس لە لایەک بە دەمامک و دەستکێشەوە، دوور، زۆر دوور لە ئاپۆرایەکی بێ دەمامک و دەستکێش، لە باخچەی بەردەم قەڵای ھەولێر دانیشتبوو. مێدیاچیی کەناڵێکی دینزا خۆی و کامێرامانەکەی بەرەوڕووی ھاتن، ھۆشیاریی ھۆنوس ھەر لە دوورەوە کە وای زانی بۆ چاوپێکەوتنی ئەو دێن، یەکسەر بە ئاماژەی نا، مەیەن، نەخێر دەستی بۆیان ھەڵبڕی و وتی: «بەڕێزان، مەیەن، من چاوپێکەوتن ناکەم و لێدووانیش نادەم، تکایە»، بەڵام ئەوان بێ ھیچ کاردانەوەیەک، وەک بڵێیت ھەر نەشیاندیبێت، بەرەوڕووی ھاووڵاتییەک چوون و چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کرد. پرسیارەکان لەو جۆرانە بوون کە لە سەرەتادا پێشەکییان ھەیە و ئامادەت دەکەن بۆ وەڵامی یان پەسەندکردن، یان پەسەندکردن، چونکە ھەر لە خودی پرسیارەکەدا تەڵەیەکی گوتاری ھەیە کە وات لێ دەکات نەتوانیت پەسەندنەکردن ھەڵببژێریت. لە ھاووڵاتییەکەی پرسی: «ئایا ئا ئەم ڤایرۆسە بچووک بچووکە بچووکە، کە ھیچ بە چاو نابینرێت، بەڵگەی مەزنی و گەورەیی و دەسەڵاتداریی خودا نییە؟ نەیسەلماند کە خودا چەند مەزنە؟ چەند بەتوانایە؟ چەند بەدەسەڵاتە؟ ئەھا! تۆ بڕوانە، بە یەک شتی بچووک بچووک بچووک، کە بە چاو نابینرێت، ئەو ھەموو مرۆڤە گەورە گەورە گەورەیەی پەک خست و جیھانی بە گیر ھێنا. ئایا خودا نەیسەلماند کە دەتوانێت بە ڤایرۆسێکی بچووک مرۆڤ لە ناو ببات؟ بۆیە باش نییە مرۆڤ خۆی بە گەورەتر لە خودا بزانێت و ھەر باشە بۆ لای خودا بگەڕێتەوە؟ وا نییە؟» ھاووڵاتییەکە ڕاستەوخۆ لەگەڵ مێدیاچییەکەدا کۆک بوو و یەکسەر قسەکانی سەلماند و کەوتە درێژکردنەوەی پرسیارەکە، تەنھا بێ ئامرازی پرسینەکان.

ھۆشیاریی ھۆنوس لە لایەکی تر لە نێو کۆمەڵێک نێرینەی گردبووەوەدا بوو کە لە پێش ھاوێنەی ھەمان کەناڵی دینیی پێشوودا کۆ ببوونەوە، دەیانوت: «دەبێت دین و کولتوورمان بپارێزین، کولتووری کوردی موسوڵمان جوانترین کولتوورە، نابێت دەست بۆ پیرۆزییەکان و بەھا باڵاکان ببرێت؛ خێزان بناغەی کۆمەڵگاکەمانە و نابێت شیرازەکەی ھەڵبوەشێنرێتەوە و بنکۆڵ بکرێت، بەڵکو دەبێت ھەر پتەو بێت. دین و کولتوور و پیرۆزییەکان و بەھا باڵاکانمان ھێڵی سوورن و شوناسی ئێمەن. ئەو خەڵکانەی دەیانەوێت پیرۆزی و بەھا باڵاکانمان نەھێڵن دەیانەوێت بێڕەوشتی بڵاو بکەنەوە و خێزانە جوانەکانمان لە ناو ببەن و تووشی سەرگەردانی و نامۆییمان بکەن».

دین

والی

ژنکوشتن

مەلا

نەریت.

لە دیدی کەسێکدا کە ڕۆ نەچێتە بنج و بناوانی وتەکانەوە، ئەم مرۆڤانە سوور و پەیامدار و تۆکمە دەردەکەون و وتەکانیشیان زۆر لە ڕاست و دڵسۆزانە دەچن. بەڵام شێوە و باسی مێدیاچییەکە و ھاوکۆکیی ھاووڵاتییەکە و ئاپۆرای ئەو نێرینانەی کۆمەڵ ببوون و لێدوانیان دەدا یادی ھۆنوسیان بردەوە بۆ سەردەمێک کە تازە پێی دەنایە تەمەنی ھەرزەکارییەوە لە گەڕەکی خۆیان. بۆ ئێوە و ھۆنوسانی تر ھۆنوس کەوتە گێڕانەوە:

خەیاڵ و پەسنی ھەژاران لە بارەی دەوڵەمەندەکانەوە وەک گیرفانیان پڕ لە ئەسپێ و گەمژانەن، خەیاڵی ھەژاران لە بارەی دەوڵەمەندانەوە ھێندە پڕە لە بەتاڵی، کە دەڵێن «فڵان کەس ئەوەندە دەوڵەمەندە، حسابی خۆی نازانێت!» وا دەزانن دەوڵەمەند ئاگای لە پارەکانی خۆی نییە. بەڵام ئەم قسەیە ھیچ ڕاست نییە، ھیچ کەس دەوڵەمەند نابێت بەوەی ئاگای لە حسابی خۆی نەبێت، بە پێچەوانەوە، دەوڵەمەند تەنھا ئاگای لە پارە و سامانەکانیەتی بۆیە دەوڵەمەندە، ھەرگیز کەس بە دەستبڵاوی و بێباکی لە پارە دەوڵەمەند نابێت. بازرگان بۆیە دەوڵەمەندە، چونکە ئاگای لە فلس بە فلسیەتی. مامۆستا زامەندیش لەم یاسا چەسپاوە بەدەر نییە.

مامۆستا زامەند پیاوێکی پەنجا و پێنج ساڵە بوو، دوور نەبوو ماڵیان، یان ڕاستتر، کۆشکەکەیان لە ماڵی ئێمەوە. ئایۆ خانی ژنی، کە ژنی ماڵەوە بوو، خانمێکی سەلار و دەستڕەنگین و ڕوو و گفتشیرین بوو، سی ساڵ بوو ژن و مێرد بوون و بەری ئەم ھاوسەرگیرییەش چوار منداڵ بوو: دوو کوڕ و دوو کچ. زامەند خاوەنی چەند کارگەیەک بوو، ماوەیەک بوو ھەستی بە کەمبوونەوەی پارەکانی گیرفانی کردبوو. گومانی سەرەتای بۆ ھاوکارەکانی خۆی چوو لە شوێنی کارەکەی، بە تایبەتی چەند کەسێک کە دەھاتنە ژوورەکەی ئەو. ئینجا بۆ نا؟ ئەوان کەسی دوورن و باکیان لە دزی لەو نییە، بە تایبەت کە دەزانن مامۆستا زامەند پارەیەکی زۆری نوستووی ھەیە و لە نزیکەوە ئاگایان لە قازانجەکانیەتی، بۆیە باکیان نابێت جارجار چنگێک لە پارە بێدارەکانی گیرفانی بدەن. بەڵام پاش ماوەیەک سەرنجدانی ورد و بێدەنگی مامۆستا زامەند، ئاماژەکان بۆ ماڵەوەی خۆی دەچوون، چونکە لە شوێنی کارەکەی پارەکانی گیرفانی کەم نەدەبوونەوە، بەڵکو لە ماڵەوە: لە نێو ژن و کچ و کوڕ و خزم و دراوسێکانی خۆیدا. ھەرچەند پارەکانی گیرفانی کەم دەبوونەوە، متمانەیشی بە چواردەور و گفتوگۆکانی لەگەڵیاندا. سەرەتا کەسی لە بەدگومانی ڕیزپەڕ نەدەکرد، پێی وا بوو کەس لە سەروو تیشکی تاریکی ژانبەخشی بەدگومانییەوە نییە.

لە ڕاستیدا ماڵی مامۆستا زامەند پەیوەندییەکی زۆر کەمیان لەگەڵ دراوسێ و خزمەکانی خۆشیاندا ھەبوو، ھۆیەکی بەھێزی ئەم لاوازیی پەیوەندییەش سەرقاڵیی ھەمیشەیی مامۆستا زامەند و کوڕ و کچە گەورەکەی بوو بە کارەکانیانەوە. دوو منداڵەکەی تریشی لە قوتابخانەی ناوەندی بوون و ئایۆ خانیش تەنھا فریا دەکەوت بە تەنگ کاروبارەکانی کۆشکە گەورەکەیانەوە بچێت و خواردن بۆ منداڵەکان ئامادە بکات، کە بە فەرمانی دێرینی پێشێلنەکراوی مامۆستا زامەند، دەبوو ھەمووان ھەموو شێوێک لە ماڵەوە نان بخۆن. مامۆستا زامەند ماوەیەک بوو زیاتر لە جاران لە کاروباری ماڵەوەی لە ژنەکەی دەپرسی: «ئەمڕۆ کێ ھات؟ کێ بە نیازە بێت؟ پێشوازی لە کەس مەکەن خۆمی لێ نەبم» و «برام، برات، خوشکم، خوشکت، ئامۆزا، خاڵۆزا، برازا، خوشکەزا… کەس، کەس، بۆی نییە بێ پرسی من بێتە ئەم ماڵە» و ئاوھا. پاشان ئەم لێپێچینەوەیەی خەستتر کردەوە و بڕیاری دا پەیوەندیی خۆی و خێزانەکەی لەگەڵ ھەموو کەسێکدا ببڕێت، ئەگەر بڕیار وا بێت ئەو پەیوەندییە لە ماڵی ئەواندا بێت، بۆیە دەرگای پەیوەندیی ماڵەکەیان و ھەستی ئازادیی منداڵەکانیشی داخست. لەو ماوەیەدا ھەر خزمێک، یان دراوسێیەک بیانویستایە سەردانیان بکەن، مامۆستا زامەند بێ پێدانی ھۆی دیاریکراو میوانداریی ڕەت دەکردەوە، ئاوھاش پەیوەندییەکانی ماڵەکەی و گومانەکانی خۆی تەواو سنووردار دەکرد. لەم ماوەیەدا ئایۆ خانی ژنی زۆر سەرزەنشتی دەکرد و لە تەلەفۆنەکاندا لەگەڵ خزم و کەسوکار و دراوسێدا ھەر فریای ئەوە دەکەوت ئەم ڕەفتارانەی زامەند پینە بکات و پاساو بھێنێتەوە کە بۆچی زامەند وەھا لە ڕووی خەڵکاندا گیر بووە. بەڵام پاش ماوەیەک بەسەر ئەم ھەموو شەتەکدانی دەرگا و کونی پەیوەندییانەشدا ھێشتا ھەر پارەکانی گیرفانی کەم دەبوونەوە، بۆیە ئەگەرچی بەوە ڕەوییەوە کە خزم و دراوسێ نین کە دزییەکە دەکەن، بەڵام خۆزگە و کاشکای دەخواست ئەوان بوونایە، چونکە ئێستا زانی کە ھەر دەبێت یەکێک بێت لەناو خودی ماڵەکەدا. ئایۆیە؟ نەخێر؛ دارایە؟ دەتوانێت لە کارگە دزیی گەورەترم لێ بکات؛ دیدەنە؟ نەخێر؛ کەواتە دەبێت یان دونیا بێت، یان دیاسە. باشە ئەمانە بە تەمەنی سیانزە ساڵی بۆ و چۆن فێری ئەمە بوون؟

دارا کوڕی نۆبەرەی مامۆستا دزیلێکراو و دزیلێکراوژن بوو، تەمەنی بیست و ھەشت ساڵ بوو، جێگری باوکی بوو لە کارگەکانیدا؛ دیدەن چوار ساڵ لە دارا منداڵتر بوو، دوو ساڵ بوو زانکۆی تەواو کردبوو و ژمێریاری سەرەکی و متمانەپێکراوی ھەموو کارگەکانی باوکی بوو؛ دونیا و دیاسیش کە کچ و کوڕێکی دووانە بوون، پاشەبەرەی باوک و دایکەکە بوون و سیانزە ساڵان بوون و ئەو ساڵە یەکەم ساڵی قوتابخانەی ناوەندییان بوو.

جگە لە سەربانە ھەراو و فراوانەکەیان، پێنج ژووری نوستن و ھۆڵێکی گەورەی دانیشتن و موبەق و ژوورێکی گەنجینە بەشە سەرەکییەکانی ماڵە دوو قاتەکەی مامۆستا زامەند بوون: دەرگایەکی ئاسنی یەک پارچە زەخرەفە دەرگای دەرەوە بوو، واتە لەمدیوەوە ئەودیو دەبینرا، حەوشەیەکی باریک ھەبوو، بە چەند پلیکانەیەک سەردەکەوتیتە بەر دەرگایەکی داری زەخرەفە، کە ئەوە دەرگای چوونە ژوورەوە بوو. لەودیو دەرگاکەوە جێیەکی بچووکی لەپێکردنی پێڵاو بوو، دوای ئەویش موبەق بوو کە پەنجەرە فراوانەکەی بەسەر کۆڵاندا دەیڕوانی و ئاسنبەندی پەنجەرەکەش ھەر زەخرەفە بوو. لە موبەقەکەوە دەچوویتە نێو ھۆڵێکی گەورەی دانیشتن کە بەسەر ھەموو ژوورەکانی ماڵەکە و پلیکانەکانی قاتی سەرەوەشدا دەیڕوانی، کەس نەیدەتوانی بچێتە موبەق یان ژوورەوە و دەرەوەی ئەو ماڵە بێ ئەوەی بە ھۆڵەکەدا تێبپەڕێت. ھەردوو ژووری نووستنی کچەکان و ژووری نووستنەکەی دیاسیش لە قاتی سەرەوە بوون، لە خوارەوەش ژووری نووستنێک ھی ئایۆ خان و مامۆستا زامەند بوو، ژوورێکی نووستنی تریش ھی دارا بوو. لە نێوان دەرگای موبەقەکە و ھۆڵی دانیشتنەکەدا، لامپێکی وەستاو ھەبوو، بە تەنیشتیشیەوە لە نێو ئەسکەملێکی بەرزی بە نایلۆنی ڕەنگاوڕەنگ پێچراو تەلەفۆنێکی عێڕاقیی بادەرداری جەرگی دانرابوو، لەژێریدا ژمارەنامەیەکی بێبەرگی پەڕەپەڕە دانرابوو کە سووچەکانی ژێرەوەی زۆربەی لاپەڕەکانی نوشتابوونەوە. بە تەنیشت ئەسکەملەکەشەوە قەنەفەیەکی تاک بۆ تەلەفۆنکردن دانرابوو.

ئێوارەیەک کە مامۆستا زامەند ھاتەوە بۆ ماڵ و لەگەڵ ژن و منداڵەکانیدا شێویان خوارد، بە دزییەوە دەستی بۆ گیرفانی برد و پارەکانی گیرفانی دەرکێشا تا بەسەر فەرشی ژێر مێزی نانخواردنەکەی ناوەڕاستی موبەقەکەیاندا بڵاو ببنەوە، کە پارەکانی بڵاو بوونەوە، پاروویەکی تری لە خواردنەکەی دا تا وا پیشان بدات کە ئاگای لە پارەکانی نییە کە کەوتن. ئەوان کە گوێیان لە دەنگی پارەکان بوو ھەموویان تەماشای ژێر مێزەکەیان کرد و ئایۆ خان و دونیا ئاماژەیان بۆ پارەکان کرد، بەڵام مامۆستا زامەند بێباکانە بە دونیای وت، کە بەتەنیشت دیاسەوە دانیشتبوو: «ئا بۆم ھەڵبگرەوە کچی خۆم». دونیا ھەڵستا و فەرمایشتەکەی باوکی جێبەجێ کرد، باوکیشیان لەژێر چاوەوە تەماشای منداڵەکانی تری دەکرد کە ھەموویان بە دەم جووینەوە تەماشای ژێر مێزەکەیان دەکرد، جگە لە دیاس، کە یەکسەر لە جووین وەستا و داڵغەیەکی کورت لێی دا و بە ڕووکەش خۆی لە ڕووداوە سەرەکییەکە دزییەوە. مامۆستا زامەند بە بێدەنگی، زۆر بە بێدەنگی، کپ، کڕ، مات، ئەمەی بە نیشانەیەکی بەدووم لە قەڵەم دا، بەڵام بۆ نیوچرکەش نەیھێشت کەس بزانێت بیر لە چی دەکاتەوە. ئێستا ڕوون دیارە دیاس ئەو توانا مەزنەی ھەیبوو لە شاردنەوەی ھەستەکانی لە کێوە بە میراتی بۆی ماوەتەوە. باوکەش کە بەخشەری ئەم توانایە بووە بۆ کوڕە بچووکەکەی، ئێستا بە بێدەنگی ئەم نھێنییەی خوێندەوە. دونیا پارەکانی کۆ کردەوە و ویستی بیداتەوە بە باوکی، بەڵام باوکی کەمێک ناوقەدی خۆی ھەڵبڕی و وتی: «بیانخەوە گیرفانم، لە کاتی نانخواردندا دەست لە پارە نادەم، لە کاتی دەستدان لە پارەشدا نان ناخۆم». دونیاش پارەکانی بۆی خستەوە گیرفانی و ویستی دابنیشێتەوە، بەڵام باوکی پێی وت: «نەء، بچۆ دەستت بشۆ و ئینجا وەرەوە نانەکەت تەواو بکە». دونیاش وای کرد و باوکەش ھەر ڕوخساری ئەوانی تر و بە تایبەتتر دیاسی دەپشکنی.

زیاتر لە شەش مانگ بوو دیاس پێکەنین و خەندەیەکیش لە ڕووی ھەڵنەدەھات، ھەمووان سەرنجی ئەم گۆڕانی خوو و ڕەفتارەی دیاسیان دابوو، بەڵام ھۆکەیان بۆ ئەوە گەڕاندبووەوە کە یەکەم ساڵی خوێندنگای ناوەندییەتی و قوتابخانەی گۆڕیوە و لە ھاوڕێکانی سەرەتایی دابڕاوە و ئەو ساڵی خوێندنەش، کە بەرەبەرە بەرەو سەری ساڵ دەچوو، نمرەکانی ھیچ باش نەبوون. سەرزەنشت و سەرکۆنەی ھەمووانیش خراپتری بە سەر ھێنابوو. ھاوکات دونیا، کە خوشکە دووانەکەی بوو، ھیچ نمرەیەکی لە خوار نەوەد و پێنج لە سەد نەبوو، ئەمەش سەرلەنوێ ببووە فشار لەسەر دیاس.

ئەو ئێوارە تارە لەسەر مێزی نانخواردنەکەیان بۆ چرکەیەک، نیو چرکە، چارەکە چرکەیەک، یان زۆر کەمتریش لەوە، دیاس، کە دواتر دەزانین چەندە بەزیو و ڕووخاو بوو، چەندە خاپوور و داگیرکراو بوو، دیاسی پارچەپارچەی ناو زەریای شکۆشکاوی و شەرمەزاری و تۆقین، بەوپەڕی تاڵاو و زووخاوەوە، لە زەریا تاریکەکەی خەمۆکییەکەیدا، تارمایی بزەیەکی تاڵ کەوتە سەر لێوەکانی کە گریان لە بزەکەی ھیوابەخشتر بوو، کە شیوەن لە بزەکەی شیرینتر بوو.

مامۆستا زامەندی پشکنەر، کە لە دوای سەرنجدانی لەو نیمچەبزەیەی دیاس ھیچی تری نەوت، دوای تەواوکردنی خواردنەکەی بە دیاسی وت: «کوڕم، لەوسەری ھۆڵەکە پێخەفەکەم بۆ ڕابخە، لەوێ دەنووم. با ئەمشەو پشوویەک بە ئایۆ خانی دایکتان بدەم و بە پرخەپرخ بێزاری نەکەم»، ئینجا ڕووی کردە ژنەکەی و وتی: «ئەوە وەک سوپاسێکی کردارەکی ل وەربگرە لە بەرانبەر ئەم خواردنە خۆشەی بۆمانت لێناوە». لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگی ڕابردوودا، کە بۆی دەرکەوتبوو ماوەیەکە پارەی لێ دەدزرێت، ئەوە یەکەم جار بوو قسەیەکی کەمێک شیرین ئاراستەی ھاوسەرەکەی بکات، کە تەنھا تەماشایەکی بێدەنگ و دوای کەمێکیش بزەیەکی تەنکی لە ئایۆ خان وەرگرت. دیاس وەڵامی دایەوە و وتی: «…ەرشاو، باببە».

زامەند پانتۆڵەکەی داکەند و بە پارەکانی ناویەوە لەسەر ئەو تاکە قەنەفەیە پشووی پێ دا و گڵۆپەکانی تری ماڵەکەی کوژاندەوە و تەنھا ئەو لامپەی سەر تەلەفۆنەکەی داگیرساند، تا پانتۆڵ و پارەکە ڕووناک بن، سووچێکی پارەکانیشی لە گیرفانی پانتۆڵەکەیەوە دەرکرد تا زوو نێچیرەکەی تامیتامی بدات و بۆ ڕاکێشان و دەرھێنانیش ئاسان بێت.

زوو ئەو ئێوارەیە بە شەو گەیەنرا و مامۆستا زامەند لەوسەری ھۆڵی دانیشتنەکە و لەسەر پێخەفە ڕاخراوەکەی نوست و ھەر زوو دەستی کرد بە پرخەپرخ. ماڵ جگە لە پرخەپرخی زامەند خامۆش بوو. پاش کەمێک و دیاس ھات و کە سووچی پارە دەرھاتووەکەی بینی، بە دزییەوە پڕچنگێکی لێ دزی کە خۆیشی نەیژمارد، بێدەنگ بەرەو موبەقەکە و لەوێوە بەرەو دەرگای دەرەوە چوو. مامۆستا زامەند کە لە درزی بەتانییەوە بە دەم پرخەپرخەوە ئاگای لێبوو، ھەڵستا و چوو لە پەنجەرەی موبەقەکەوە تەماشای دیاسی کرد کە دەرگای حەوشەکەی بە دزییەوە کردەوە و چووە کۆڵان. مامۆستا زامەند بە دزییەوە شوێن دیاس کەوت و بینیی کە دیاس چووە کۆڵانی پشتەوە و بەردەرگای ماڵێک، کە ماڵی مەلایەک بوو، کە ئەگەرچی مەلاکە خۆی لەناو خەڵکدا بە مرۆڤێکی باش ناسرابوو، بەڵام کوڕێکی ھەبوو کە ناوبانگی زڕاوی لە ھەموو جێیەک بیسترابوو، ئەم کوڕە ناوی حەمەڕەحمە بوو و مامۆستا زامەندیش ئەم ناوزڕاوییەی ئەوی بیستبوو، بەڵام لەوە زیاتر نا.

حەمەڕەحمە ھاتە دەر و تەماشای ئەملا و ئەولای کرد و بە دزییەوە تەماشای ژوورەوەی ماڵی خۆیانی کرد و دیاسی بە پەل ڕاکێشایە ژوورەوە، مامۆستا زامەندیش لە سەرسووچی کۆڵانەکەوە بە دزییەوە ھەر تەماشای دەکرد و چاوەڕێی دەکرد. بایەکی نیان، کە ڕوون نەبوو بای یارە یان نەیار، پێچەوانەی پێشبینەکان، ئەم ڕابردووی دەدی و دەیگێڕایەوە، بە گوێی مامۆستا زامەنددا ھەڵیکرد و دەیوت: «بوووو… بوووو…». مامۆستا زامەند لە مێشکی خۆیدا دەیپرسی «چی بوو؟» بەڵام بای ڕابوردبێژ تەنھا دەیوت: «بوووو». بای بووڵێ بیری زامەندی بادەدا و لوول دەدا و ھەست و بیر و وشەی گڕینی لێک دەڕست و دەھۆنییەوە، تاریکایی بەر سۆمای چاویشی وەک خوێی سەر زام سوێی بەم ڕستنە ترسناکەی بیری زامەند دەدا.

پاش دە خولەکێک، کە من بە ئێوە دەڵێم دە خولەک، ئەگینا لای مامۆستا زامەند کات و ناکات و جێ و ناجێ لێک ئاڵابوون، دیاس ھاتە دەر و لە پشتیشیەوە حەمەڕەحمە بە بزەیەکی ئاسوودەییەوە بزێکی پێوە کرد و لە دواوە تیشێرتەکەی دیاسی دادایەوە کە چرچولۆچ ببوو و بەرز ببووەوە. دیاس خۆی ڕێکخستەوە و بەرەو ماڵەوە ھاتەوە.

مامۆستا زامەند گەڕایەوە ماڵەوە و لە ھۆڵەکە گڵۆپی لامپە وەستاوەکەی کوژاندەوە و چاوەڕێی کوڕەکەی کرد. دیاس ھێواش و بە خاوی دەرگای حەوشەی داخستەوە و ھاتە ژوورەوە و بە دزییەوە دەرگای ژوورەوەشی داخستەوە، ھەر لە موبەقەکە ویستی بێتە ھۆڵەکە و لەوێوە بەرەو پلیکانەکانی سەرەوە بەرەو ژوورەکەی خۆی بڕوات، بەڵام بینیی کە تاریکە و گڵۆپی لامپەکە کوژاوەتەوە و پرخەی باوکیشی نەماوە، بۆ کەمێک لە تاریکییەکەدا بێدەنگ و خامۆش ڕاوەستا تا بیلبیلەی گەورەتر ببێت و ڕووناکیی زیاتر وەربگرێت و بە کەشی تاریکیی ژوورەکە ڕابێت و شت زیاتر ببینێت، تا کەس، بە تایبەتی باوکی، لە خەو ھەڵنەستێنێت. لەناکاو دەنگێکی گڕ، تێکەڵ بە ناڵەی دڵێکی شکاو و تووڕە، ھات و لە کوڕەکەی پرسی:

– لە کوێ بوویت؟

دیاسی زنۆقچوو و زارەترەک ڕاستەوخۆ میزی کرد بە خۆیدا و وشک لەبەردەم باوکیدا ڕاوەستا. تاریکییەکە میزەکەی بۆ شاردەوە و مامۆستا زامەند ھێشتا میزەکەی نەدیبوو. دیاس بە دەنگێکی لەرزیوەوە یەکسەر و خێرا و بە کورتی وتی: «خۆڵ!» مامۆستا زامەند وتی: «کەواتە با بچین خۆڵەکە لەناو تەنەکەکەدا ببینین».

مامۆستا زامەند گڵۆپی موبەقەکەی داگیرساند، لە دوورەوە پەڵەیەکی بە تەواوی پێشی پانتۆڵەکەی کوڕەکەیەوە بینی و تێگەیشت کە میزی بە خۆیدا کردووە. دڵشکاو، تووڕە، بەسۆز، بەئارام، بێئارام… یەک چێشتی مجێور بوو لە ھەستی تێکەڵاو، بەڵام بۆ زانینی تەواوی چیرۆکەکەی دیاسی کوڕی ناچار بوو ئارامییەکەی بە گەڕ بخات. بە کوڕە بەپەیکەربووە دامێنتەڕەکەی وت: «ڕاست ناکەیت، وانا؟» دیاس ھیچی بۆ نەوترا و وەڵامێکی بۆ نەدرایەوە. مامۆستا زامەند نەرمتر پرسی: «پارەکەت برد بۆ کوڕی مەلاکە، وانا؟» دیاس لە وەڵام مەرەخەس بوو، نەیدەوێرا و نەیدەزانی ورتە بکات. مامۆستا زامەند کە بینی پڕۆژەی لێپێچینەوەکەی بەرەو سەرگرتن دەڕوات، سەنگینتر و ئارامتر بووەوە و وردەوردە زیاتری پرسی تا زانیاریی زیاتر بە دەست بھێنێت، پرسی: «ھیچی پارەکەت بۆ خۆت ھەڵنەگرت، وانا؟»

جووڵە چی بوو دیاس نەیکرد، بەڵام بێجووڵەیی و زنۆقچووییەکەی نیشانەی پەسەندکردنەکەی بوون. کەمێک میز لە دامێنی پانتۆڵەکەی دیاسەوە بۆ سەر فەرشەکەی موبەق داچۆڕا، مامۆستا زامەند پەنجەی بۆ بەر دیوی ناوەوەی دەرگا دارەکە ڕاکێشا تا دیاس بچێت بۆ ئەوێ و وتی: «ئەوێ» و لەوە زیاتری نەوت. لە ئەوێ پەڕاوێزی فەرشەکەی موبەق تەواو دەبوو و کاشییە خاڵخاڵییەکانی زەوییەکە وەک دڵە کونکونەکەی ھەردووکیان لەژێر پێ و پێڵاو و سۆلەکاندا لە تاریکیدا بە ڕاخراوی دیار بوون، دیاسیش وەھای کرد و چووە ئەوێ، کە جێی لەپێکردنی پێڵاوەکان بوو، لە خواریشەوە دڵۆپ دڵۆپ میز لە پانتۆڵەکەیەوە دادەچۆڕا، کە گەرمیی میزەکە کەمێک ئۆخژنی بە قاچە لەرزیوەکانی دیاس دا. باوکە پاش ماتی و بێدەنگییەکی کەڕکەر بە خاوی و تا ڕادەیەک دۆستانە وتی: «بریا پارەکە بۆ خۆت بووایە» ئینجا وەستا و لە ناو خۆیدا بە خۆیی وت: «ئەو کات تەنھا دەموت پەروەردەکەم ھەڵە بووە و کوڕەکەم دز دەرچووە. بەڵام دوژمن ھەیە و کوڕەکەمی لە دژمان بە کار ھێناوە»، ئینجا وچانێکی دا بەم وتەیەی ناخی و بە دیاسی وت: «بۆچی بۆیت برد؟» ھیچ وەڵامێک لە زاری دیاسەوە دەرنەچوو. سۆزی باوکێتی و ھۆشیاری و دانایی تەمەن وردەوردە بەسەر مامۆستا زامەنددا زاڵتر دەبوون، سێبەری ھەندێک بیری چاک لەسەر ناخە تایکبووەکەی نیشتنەوە، واتە سەرەتا بیرە چاکەکان خۆیان لە ناخیدا دەرنەخست، بەڵکو سێبەرەکانیان پێش خۆیان گەیشتن. ئەم گۆڕانی ناخە وەک سۆزێکی میھرەبانانە خۆیان لەسەر ڕوخساری ئاشکرا کرد و دیاسیش ئەم سۆزەی سەر ڕووی باوکی بە حونجە خوێندەوە. لە دیاسی پرسی: «شتی لێ کردوویت و ھەڕەشەی لێ کردوویت ھیچ نەڵێیت؟» دیاس پاش وچانێک بێدەنگیی ئاوساو بە وەڵامێکی جەرگبڕ سەری بە بەڵێ لەرزاند. زامەند ھەناسەیەکی قووڵی ئاوێتە بە تەنکە ھەنسکێکی ھەڵکێشا و دایەوە، بێدەنگ و بێ جووڵە مایەوە، ھەر تەماشای دەموچاوی ئەبڵەقی کوڕەکەی دەکرد، کە زەق و بێدەنگ لە ڕوخساری باوکیدا بە دوای ئاکام و وەڵامی ئەم لێقەومانەدا دەگەڕا. باوکیشی پاش ماوەیەک ڕامان لەو پەیکەری ڕوخسارەی کوڕەکەی، کە تێگەیشت ھێشتا کوڕەکەی لە دەست نەداوە، پێی وت: «پانتۆڵەکەت دابکەنە و بیدە بەسەر ئەو میزەی ژێرتدا». دیاس ھەر نەجووڵا، بەڵام کەمێک شل بوو. باوکە ئاماژەیەکی پەلەکردنی تێوە ژەند تا میزەکە بەرەو فەرشەکەی موبەق ڕۆ نەچێت. دیاس پانتۆڵەکەی داکەند و بەسەر میزەکەیدا دا. مامۆستا زامەند چەند پەڵە تەڕییەکی بە پشتی دەرپێکەی کوڕەکەیەوە دی، بە ناسۆرێکی گەورەوە چاوی لە دیمەنەکەی نووقاند و ڕووی وەرگێڕا، پاشان سەری لە دەستی چەپیدا شاردەوە. دیاس میزەکەی بە پانتۆڵەکەی وشک کردەوە. مامۆستا زامەند وتی: «پانتۆڵەکەت بە جێ بھێڵە و بڕۆ بۆ گەرماوەکە و خۆت بشۆ». دیاس فەرمانەکەی باوکی جێبەجێ کرد.

مامۆستا زامەندی بە زام زەمەند، کتلییەکی پڕئاوی خستە سەر ئاگر تا بکوڵێت، پێڵاو و سۆلە ژێرمیزاوییەکانی کۆ کردەوە و ھەر بە پانتۆڵەکەی دیاس بنەکانیانی سڕی و لە سووچێکدا بە تەک یەکدا لە جێمیزەکەی دوور خستنەوە. پەڕۆی زەویسڕینەکەی لە سەتڵێکدا دۆزییەوە و زەوییە میزاوییەکەی بەر دەرگاکەی سڕی. خاولییەکی دەموچاویشی ھێنا و کە ئاوەکە کەوتە کوڵ، کەمێکی بەسەر فەرشەکەدا ڕشت، لەو جێیەی پەڵە میزەکەی دیاسی لەسەر بوو، خاولییەکەشی توند ھێنا بەسەر فەرشەکەدا و تا ئاستی تەنھا شێداربوون وشکی کردەوە.

ئەو کاتانەی سلێمانی، بە نزیکی ھەموو ماڵێک، دەوڵەمەند و ھەژار، گەرماوەکەیان بۆ کەسی باڵا ئەوپەڕی مەتر و شەست سانتیمەتر دروست کرابوو، لەناو ئەم گەرماوە میچ نزم و قۆقزییەدا تانکییەک ھەبوو کە لەژێریدا توونێک ھەبوو کە یان بە دار، یان بە غاز، یان بە نەوت گەرم دەکرا، بەم گەرمکردنەیان دەوت: داخستن و دەیانوت: «گەرماو داخراوە» و زۆربەی جاریش گەرماو لە ڕۆژانی پێنجشەممەدا دادەخرا، ھەندێک جار دەرودراوسێش دەھاتن و لەوێ خۆیان دەشوشت. بەلۆعەیەکیش ڕاستەوخۆ لەسەر ئەم تانکییە داخراوە بوو کە زۆربەی کات دڵۆپەی دەکرد. لە تەک ئەو بەلۆعەیە بەلۆعەیەکی تر ھەبوو کە ھی ئاوی تانکیی سەربان بوو، بەلۆعەیەکی تریش ھی ئاوی نیشتمانی بوو، ئەمیان ھەر وەک بیری سەربەخۆیی و ئازادیی نیشتمان، لە زۆربەی گەرماوی ماڵەکانی شاردا لەوانی تر دوورتر و تەریک و تەنیا بوو، لە کاتێکدا دوو بەلۆعەکەی تر لە یەک نزیکتر بوون. ھەندێک لە گەرماوەکان لە تەنیشتەوە دووشێک یان تەلەفۆنی دووشێکی تێدابوو، کەچی وەک بڵێیت ھەموو دانیشتووانی شار ڕێککەوتنێکی نھێنییان لە بارەی ئەو دووشانەوە کردبێت، کەس بە کاری نەدەھێنان و ھەمووان یەکەم و دواھەمین ھەڵبژاردەیان تەنھاوتەنھا تەشت و جامەکە بوو. لە ھەموو ماڵێکدا ژوورێک پرسیار و لانیکەم ئوستورەیەک ھەبوو و درابووە پاڵ دووشەکە و گەرماوکردن بە شەوی درەنگ. دووشەکە لە ماڵێکدا بۆرییەکەی پچڕابوو، کەسیش نەیدەزانی بۆچی فڕێی نادەن یان چاکی ناکەن؛ لە ماڵێکی تردا بۆرییەکەی نەبەسترابوو، کەسیش نەیدەزانی بۆچی نایبەستن؛ لە ماڵێکی تردا بۆریی دووشەکە خرابووە ناو دیوارەکەوە و بە گەچ یان چیمەنتۆ داپۆشرابوو، بۆریش لەناو گەچ یان چیەنتۆکەدا شکابوو، یان خوار ببوو، ھێزیش نەبوو چاکی بکاتەوە. لە ماڵێکی تردا ڕاستەوخۆ لەسەر ئاوی بۆیلەر دانرابوو، کە لە زۆر ماڵدا پێیان دەوت گیزەر. بۆیلەریش یان پێنج ساڵ بوو بە ھەورەتریشقەیەکی مەزن سووتابوو، کە لەم کاتانەدا دەیانوت: «لە ھەورەتریشقە گەورەکەی ئەو ساڵەوە سووتاوە!» لە شوێنێکی وا ناقۆڵاش دانرابوو کە کەسی نەدەگەیشتێ، یان شۆرتی تێدابوو، یان کارەبا نەبوو ھەڵیبکات. دووشەکە لە ماڵێکی تردا لەسەر تانکییەکی زیادەی سەربان بەسترابوو کە یان ئاوی تێدا نەبوو، یان کون بوو، یان ناوەوەی ژەنگی ھەڵھێنابوو، یان پشیلەی تێدا تۆپیبوو.

دیاس چووە گەرماوەکە و بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا تەلەفۆنی دووشەکەی بە کار ھێنا. لە ناخیدا بۆشاییەکی تەواو چۆڵوھۆڵ بوو. بەلۆعەی تەلەفۆنی دووشەکەی کردەوە و ئاو لە دووشەکەوە وەک فرمێسکی بەکوڵی قووڵایی ناخی خۆی داچۆڕا: فرمێسک بۆ منداڵییەکی لەدەستچوو، بۆ بێتاوانییەکی زەوتکراو و خنکێنراو، بۆ خۆشییەکی کوژراو، بۆ تەنیاییەکی کوشندە و بەئازار. چۆڕ چۆڕ ئاو بەسەریدا دادەچۆڕا و وەک ڕۆبۆتێکی لەکارکەوتوو بێ جووڵە لەژێر بارانی دووشەکەدا وەستا، ئاو بە سەر سەر و لەشە داگیرکراوەکەیدا دادەچۆڕا. ئەگەرچی گەرماوەکەیان بچووک بوو و ھەر چوار دیوار و زەوی و میچە تاقییەکەی لە بینایی چاوەوە نزیک بوون، بەڵام نیگای دیاس لە سووچێکی گەرماوەکە گیر بوو و زۆر زۆر دوورتر لە دیوارەکە دەیڕوانی و ھیچی نەدەدی. بۆ یەکەم جار لە ژیانیدا ھەستێکی ئێجگار ھەستپێنەکراو و نوێ سەرتاپای ناخە پیشخواردووەکەی گرتەوە. لە ڕاستیدا ئەم ھەستە دژەھەست بوو، چونکە نە دەیدەتوانی بیر لە ھیچ شتێک بکاتەوە، نە دەیتوانی ھەست بە ھیچ شتێک بکات، نە دەیتوانی بترسێت، نە دەیتوانی دڵی خۆش بێت، نە خەم بخوات، نە بتۆقێت. دەڵێن لە نێوان زیندووێتی و مردووێتیدا تاڵە ژێیەکی باریک ھەیە، ئەو ژێیە ویستی ژیانکردنە و بە ھێزێکی موگناتیسیی جادوویی مێشک دەژەنرێت و دەلەرێتەوە. لەرەی ئەو ژێیەیە کە مرۆڤ لەگەڵ ژیاندا کۆک دەکات و وا دەکات مرۆڤ ئەوکات بێ ویستی خۆی بەرەو ژیان ھەنگاو بنێت. بەڵام دیاس ئەم ژێیەی لە لەرەلەر کەوتبوو، گەرچی ھێشتا خۆی نەمردبوو، بەڵام لەگەڵ مردووەکاندا ڕەنگ بوو تاکە جیاوازیی ئەوە بێت مردووەکان لەو ئاسوودەتر بوون. چۆڕ چۆڕ ئاو بەسەریدا دادەچۆڕا و ئەویش بێباک؛ چۆڕ چۆڕ ئاو: ئەویش بێھەست؛ چۆڕ چۆڕ ئاو: بێویست؛ چۆڕ چۆڕ ئاو: خامۆش؛ چۆڕ چۆڕ: تەنیایی. ئاسکێکی سەربڕاو بوو کە سەری خۆی خستبووە سەر پشتی یان بە پەلەکانی خۆی لەگەڵ خۆیدا ڕایدەکێشا. ماڵ: زیندانی ناخ، زیندانی لەش: دەر؛ بیر و ھۆش و مێشک زیندانیی ھەر بەر.

دەشت و چۆڵ و چیام بڕی

تۆم ھەر نەدی.

زەریاکانم بە ھەناسەی گڕتێبەربووم

کرد بە ھەڵم و، چیم تیا نەدین.

خەمبار، ماندوو، دڵ پڕ ئازار

لە خەمی ھەژاران و

برینی جەستەی زامداران

ورد بوومەوە

ھەموو تێکڕا پێم پێکەنین:

«بەختەوەری؟!

ئەوەی بە شوێنیا ئەگەڕێی

منداڵێ بوو بە ساوایی سەریان بڕی.»[2]

ھاودەنگێك، ھاوەڵێک، ھاوڕێیەک، کەسێک نەبوو ئەم زام و ڕێش و برین و کۆڤانەی ئەم شکۆشکێنراوە زیندانییە بە وتەی دانایی ساڕێژ بکات و پێی بڵێت: خۆزگە پێویستت بە پاساوی دانایی نەبووایە تا دڵخۆش بیت و خۆت بە سروشتی تا ڕۆژی مر ھەر دڵخۆش و گەش بوویتایە. داخەکەم، ڕووداوەکانی ژیانت زووتر ناچاریان کردیت پێویستت بە وتەی دانایی بێت.

ئاو ساردوسڕ بوو، لێ پەیکەرە داگیرکراوەکەی لەشی دیاس ھەستی پێی نەدەکرد و لەژێریدا ڕاوەستابوو. ئەگەرچی ھەزاران ساڵە مرۆڤ ئاوی وەک میتافۆڕی پاکبوونەوە لە تاوان و گوناھ بە کار ھێناوە، بەڵام دیاس لەژێر بارانی دووشەکەدا چاک دەیزانی ھیچ ئاوێکی ژیان نییە ھەستکردن بە تاوان و خەمۆکی و تەنیایی و بێکەسی و شکۆشکانی ئەوی پێ پاک ببێتەوە. نەشیدەزانی تاکە پەناگا ئاگایی و ھۆش و بیرە و ھیچی تر. ئیتر ئەو ھەستەی لە دەست دابوو کە ئایا پاک بووەتەوە یان نا، تا بزانێت کۆتایی بە گەرماوەکەی بھێنێت یان نا، بۆیە ھەر وا سڕ سڕ لەژێر دووشەکەدا بوو. باوکی لە دیوی ساردی حەمامەکەوە بانگی کرد: «دیاس، تەواو؟» دیاس دووشەکەی گرتەوە، ھەر بەلۆعەکەی بادەدایەوە تا کڵۆمبوون و بەلۆعە دیسان دەکرایەوە، ڕێک وەک گریانی ناخی، ھەرچەند ھەوڵی دەدا بگاتە کۆتاییھێنان بە گریانی ناخ، بەڵام گریان دیسان دەستی پێ دەکردەوە. ھەرچەند بەلۆعەی دەگرتەوە، بەڵام لەو جێیەی دەبوو ئاوەکە بگیرایەتەوە، سەرلەنوێ دەستی پێ دەکردەوە و دووشەکە بەردەبووەوە. دەنگی باوکی ھات و پرسی: «دووشەکەت بەرداوەتەوە؟» دیاس وەڵامی دایەوە: «بەڵڵێ»، باوکی وتی: «ناگیرێتەوە. قفڵەکانی ژێرەوە بگرەوە»، دیاس وای کرد. پاشان باوکی وتی: «خاولییەکەی خۆمم بۆ کردوویت بە پشتی دەرگاکەوە»، دیاس دەرگای کردەوە و بە خاولییەکەی باوکی خۆی وشک کردەوە کە لەوەی خۆی قورستر و درێژتریش بوو، بۆیە دامێنەکەی کەوتە ناو ئاوی کۆبووەوەی سەر زەویی گەرماوەکە. دیاس ھاتە دەرەوە و بەرەوڕووی باوکی، کە لەوسەری ڕێڕەوی بەردەم گەرماوەکەدا چاوڕێی دەکرد، ھەر وەک ناخە گریاو و خوێنلێچۆڕاوەکەی تکتک ئاو بە دامێنی خاولییەکەی باوکیدا دادەچۆڕا. باوکی ویستی پێی بڵێت: «لەمڕۆ بە دواوە لە ماڵ ناچیتە دەرەوە تا خۆم پێت دەڵێم کەی بۆت ھەیە بچیتە دەرەوە و پەیوەندی بە کەسەوە ناکەیت»، بەڵام بۆی دەرکەوت کە ئەم فەرمانە و فەرمانی بەندکردن ھەمان شتن، جگە لەوەی ئەمە ھیچ لە کێشەکە چارە ناکات، بیریشی کردەوە کە پێشوەخت بیر لەو شتانە بکاتەوە کە دەیانڵێت و گەمژانە قسە فڕێ نەدات، بۆیە بیری لە شتێکی تر کردەوە، ڕەنگە سۆراخی شتێک بکات کە ئەم ماوەیە دیاس خۆی پێوە سەرقاڵ بکات، بەڵام جارێ، کە وا کوڕەکەی دی لەناو ئەشکەوتی خاولییەکەی باوکیدا ھەڵدەلەرزێت: دەبێت جل لەبەر بکات. بۆیە وتی: «بچۆ جل لە بەر بکە». پاشان بیری کردەوە چیرۆکەکە لە دەمی منداڵەکەیەوە ببیستێت و پێش ڕووداو نەکەوێت و تێبگات چی بووە و تەنھا لێکدانەوە و ڕاڤەی خۆی نەکاتە بڕیارگە و دادوەر بۆ ئەوەی دیویەتی و کەمێک لەمەوبەریش بە ھێمایەکی سەرلەرزاندن لە سەری کوڕەکەیەوە بینی، بۆیە وتی: «سێ خولەکی تر دێمە ژوورەکەت».

دیاس فەرمایشتەکەی باوکی جێبەجێ کرد. پاشان باوکی بۆ یەکەم جار دوای ماوەیەکی زۆر درێژ سەردانی ژووری کوڕەکەی کرد، ژوور: وەک ناخی ھەردووکیان شێواو، ھەر شتە و لە شوێنێک. زامەند بۆ چەند چرکەیەک، نزیکی خولەکێک، ژوورەکەی بێ جووڵە و ھەر بە چاو پشکنی، تاکەکەی تری قەنەفەی تەلەفۆنەکەی خوارەوەی بینی کە جلی چرچ و پەڕتووک و خاولی بەسەریدا باریبوو و شارابووەوە. ھەموو شتەکانی لابرد و لەسەر قەنەفەکە دانیشت، سەنگینانە و ھێورانە و میھرەبانانە پاش ھەڵکێشان و دانەوەی ھەناسەیەکی قووڵ، بۆ چەند خولەکێک سەری لە دەستی چەپیدا شاردەوە و چاوی نووقاند. دیاسیش بێدەنگ و بێنقە جارجار لاتیرێکی دەگرتە باوکی، باوکی لەوە دەچوو نوستبێت، باوکی نەنوستبوو، باوکی لە ڕامانێکی قووڵدا بوو. باوکی پاش چەند خولەکێک بێدەنگییەکەی نێوان خۆی و کوڕەکەی کارزانانە لەراندەوە بێ ئەوەی بیشڵەقێنێت، بەڵام بە ھیچ شێوەیەک سەری لە دەستیدا دەرنەکرد و چاوی نەکردەوە، وتی:

– ئێمە لێمان قەوماوە، منیش ھێندەی تۆ لەم کێشەیەدا تێوە گلاوم. ددانی پێدا دەنێم کە ڕەنگە کەمتەرخەمیی من ھۆیەک بووبێت، بەڵام ئەگەر زوو کارێک نەکەین زیاتریش تێوە دەگلێین. ئەو کوڕە کە ئێستا تۆ بۆ پارەکێشانەوە لە من بە کار دەھێنێت، سبەینێ شتی گەورەتریش دەکات. ئەمە کێشەیە، ئەمە کێشەیە، شتێکی ئاسایی نییە، پەیوەندیی نێوان تۆ و ئەو نابێت بەو شێوەیە بێت، ئەم کێشەیەش دەبوو زووتر چارە کرابا، بەڵام من نەمزانیبوو بەم ئاراستەیە و بەم مەندییەیە، وام زانی تەنھا دۆستێکم پارە لە گیرفانم دەردەھێنێت و بۆ خۆشیی خۆی بە کاری دەھێنێت. بەڵام ھێشتاش لەوانەیە درەنگ نەبێت بۆ چارە، بەڵام بۆ ئەو مەبەستە دەبێت تۆ یارمەتیم بدەیت. یارمەتیی تۆش تەنھاوتەنھا بەوەیە لەگەڵمدا ڕاستگۆ بیت و ھەموو ئەم چیرۆکەم وەک خۆی و بێ پەڕاندنی ھیچ وردەکارییەک لە یەکەم چرکەوە تا ئەمشەو بۆ بگێڕیتەوە.

پڕ بێئارامی و دوودڵی بوو بێدەنگییەکەی ژوورەکەی لە ئامێز گرت، دیاس دڕدۆنگ بوو چیرۆکەکە بگێڕێتەوە، باوکی لەسەر لێواری ئارامی و بێئارامی چاوەڕێی دەکرد.

چاوەڕێتم، ھەر وەکو چۆن

نووسین چاوەڕێی پێنووسە،

شەپۆل چاوەڕێی ھەوایە،

پیری چاوەڕێی تەمەنە،

بەستن چاوەڕێی سەرمایە.[3]

لە کوێوە دەست پێ بکەم؟ چۆن لە بارەی ئەو ھەموو ھەڕەشە و داونانەوە و ڕێلێگرتن و ناوزڕاندن و سەرشۆڕکردنی ناو منداڵانی گەڕەک و ھاوڕێکان و خەندەلێبڕێن و چێژلێوشککردن و سووکایەتی و بێڕێزی و ئازاردان و لاقەکردن و دزیپێکردن و بچووککردنەوانەوە بدوێم کە حەمەڕەحمە لە بەرانبەرماندا کردوونی. دیاس (یان ھۆنوس: ھۆناس دیوس) بە ئاسانی زمانی گۆی نەدەکرد، دەنگ و پیتەکانی تێکەڵ دەکرد، وتی: «ڕەحەمەحمە… حەمڕەحەمە… شەڕەھەی مێل کرد. سەرەتای… زۆر… واتە سێیەم جگەر… وشکەفرۆش پینپۆن… بەڕێبەر… کوڕێک زیاتر کاک …ێز…»

ئێستاتان باش، من ھۆنوسی سێیەمم، کە پێم دەوترێت ھۆنوسی فریشتە، ببوورن، ھۆنوسی ماک لە ئێستای گێڕانەوەکەدا ھێندە لەگەڵ دیاسدا ھاوسۆز و ھاوخەم بووە کە ھەست دەکەم تەواو لەگەڵ دیاسدا ھاوزا و ھاوکەس بوون و لێک جیا ناکرێنەوە، بۆیە لێرەدا دەبێت چاکەیەک لەگەڵ خوێنەری خۆشەویستدا بکەم کە لە بری دیاس و ھۆنوسی ماک من چیرۆکەکە بگێڕمەوە، چون دیاس ھێشتا ھەرزەکارێکە و لە گێڕانەوەی چیرۆکیشدا زۆر خراپە، جگە لە ھۆی دەروونی، لەبەر ئەوەشە کە ھیچ پڕۆڤەیەکی لە گێڕانەوەدا نەکردووە، ھیچ ھاوڕێیەکی نەبووە چیرۆکیان بۆ بگێڕێتەوە تا زیاتر فێر ببێت گێڕانەوە چۆنە، بۆیە لە گێڕەرەوەی خۆشەویستتان ببوورن، کە دەبێت بچمە لەشی دیاسەوە و تا ڕادەیەکیش سەربەستیی خۆم بھێڵمەوە کە بتوانم چیرۆکەکە بگێڕمەوە، بۆیە بمبەخشن کە لە بری ئەو چیرۆکەکەیتان بۆ بگێڕمەوە، لێرە بە دواوە من: ھۆنوسی سێیەم، بریکاری دیاسم بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو.

سەرەتای ساڵی خوێندنی ئەمساڵ، واتە ١٩٩٩-٢٠٠٠ کە چوومە پۆلی یەکەمی ناوەندی، زۆرێک لە کوڕەکانی پۆلەکانی دواتر، واتە پۆلی دووەم و سێیەمی ناوەندی، جگەرەیان دەکێشا. لەوبەر قوتابخانەکەمان دوکانێکی وشکەفرۆشی لێبوو، لە پشتیەوە مێزێکی پینگپۆنگی ھەبوو، ھەموو کوڕان لەوێ کۆ دەبووینەوە و جگەرەکێشەکانیش لەوێ جگەرەیان دەکێشا. خاوەن دوکانەکە بەڕێوەبەری تێنەدەگەیاند و کێشەی لەگەڵ کەسدا نەبوو جگەرە بکێشن.

کوڕێک لە جگەرەکێشەکان، زۆر جوان جگەرەی دەکێشا. تەمەنی زۆرتر بوو و زیاتر لە خوێندن مابووەوە، پێیان دەوت کاک و ڕێزی لێ دەگیرا، کەپڵی کچی ھەبوو، ھەرگیزیش باسی کەپڵ و شتی نەدەکرد، وەک ئەوانی تر نەبوو، کەم دەدووا، کەم دەردەکەوت، ڕاکەڕاکی نەدەکرد، نەیدەقیژاند، کە قسەی دەکرد بە نزمترین تۆنی دەنگی دەدووا، پەلەی نەبوو خۆی بسەلمێنێت. دەیانوت پشتێنی ڕەشی لە کۆنگفوودا ھەیە، بەڵام ھەرگیز ھیچ شەڕێکم لێی نەدیوە، بەڵام دەیانوت بۆی نییە شەڕ بکات و بەڵێننامەی ئاسایشی پڕ کردووەتەوە کە لە یەک کاتدا بۆی نییە شەڕ لەگەڵ پێنج کەس کەمتر بکات. مەچەک و بازووی زۆر پتەو دیار بوون، بەڵام ھەرگیزیش ئازاری کەسی نەدەدا. کە مژی لە جگەرەکەی دەدا ھەستت بە دوکەڵی جگەرەکەی دەکرد تا پەنجەگەورەی قاچی دەڕوات. زۆر بە دەگمەن و جاروبار یاریی پینگپۆنگی دەکرد، کەس لێی نەدەبردەوە، دەیانوت مەدالیای زێڕی باشترین یاریزانی پینگپۆنگی عێڕاقی ھەیە. ئەگەرچی ئەویش ھەروەکو ئێمە کراسی سپی و پانتۆڵی ڕەشی بۆ قوتابخانە دەپۆشی، بەڵام جلەکانی ئەو فیت بە بەری بوون، دەتوت لە بەریدا دورراون و ئوتوو کراون. دوو قۆپچەی سنگی دەکردەوە و شانی کراسەکەی دانەدەچەقی. ھەستت نەدەکرد ڕقی لە کەس بێت، ھەستت نەدەکرد کەسی خۆش بوێت. کە لە دوکانەکە دەردەچوو دەموچاو و دەستی دەشوشت و بۆنیشی لە خۆی دەدا، تەنانەت شووشەیەک بۆنی گرانبەھای لای خاوەن دوکانەکە دانابوو، کە دەچووە دەرەوە لە خۆی دەدا. پاکەتێک بنێشتی لە گیرفاندا بوو، دەیکردەوە و سووچێک بنێشتی لێ دەردەھێنا و دەیخوارد. ئێمە وا نەبووین، سێ بنێشتی بۆبیمان پێکەوە دەخوارد و دەممان دەئاوسا و دوای سێ خولەک شەویلگەمان دەئێشا. لە ناخی ناخمەوە حەزم دەکرد منیش وەک ئەو جوان بم، ڕێزم لێ بگیرێت و پێم بڵێن کاک، کە قسەم کرد ھەڵەشەییم تێدا نەبێت، کە قۆپچەی سنگی کراسەکەمم کردەوە شانی کراسەکەم دانەچەقێت. ڕۆژێک بە خۆمم وت: من لەوەتەی ھەم ھەر لە دوورەوە تەماشای ئەو کوڕە دەکەم، با بچم لێی نزیک ببمەوە، بزانم بۆنی چۆنە!

دوو کوڕ یاریی پینگپۆنگیان دەکرد و ئەویش ورد و بێدەنگ تەماشای دەکردن، بە دەم تەماشاکردنی یاریی پینگپۆنگەوە وردەوردە چوومە تەنیشتیەوە، لە تەنیشتیەوە دانیشتبووم و بە چاوێک تەماشای یاریی پینگپۆنگم دەکرد و بە چاوەکەی ترم تەماشای ئەوم دەکرد. داخۆ چی بخوات وا سەنگینە؟ داخۆ بیر لە چی بکاتەوە؟ لەو کاتەدا کوڕێکی منداڵکار کە لە پۆلی ئێمە بوو، بە ھەڵەداوان ھاتە ژوورەوە و بە بەردەمی ئێمەدا ڕۆی بێ ئەوەی ئاگای لە ھەنگاوەکانی بێت، قاچی لە قاچی کوڕە بەکاریزماکە گیر بوو و بە دەمدا کەوت، کوڕە بەکاریزماکە وەک بڵێیت مێشێک بە لایدا بڕوات، ئەوەندە ڕکێفی کاردانەوەکانی خۆی دەکرد، بە بزەیەکەوە تەماشای کوڕەی کرد و ھیچی نەوت، قاچی خۆی ڕاکێشایەوە لای خۆی و قاچی خستە سەر قاچ و شوێن پێڵاوە خۆڵاوییەکانی کوڕە منداڵکارەکەی بە پەلەپیتکە بە پانتۆڵە ڕەشە ئوتووکراوە فیتبەبەرەکەیەوە تەکاند. پێڵاوەکانی گرانبەھا نەبوون، بەڵام لە پاکیدا بریقەیان دەھات، ئەویشی بە کلینێکسێک سڕی. دیار بوو بەھای ھەموو شتێکی دەزانی و ڕێزی ھەموو شتێکی دەگرت. پاشان قاچەکەی تریشی بۆ جێخۆڵی پێڵاو پشکنی و بە چوار پەنجەی ئەویشی تەکاند، ئینجا زۆر بە ھێوری دەستی برد بۆ گیرفانی و پاکەتەکەی دەرھێنا، جگەرەی کرێڤنی دەکێشا، کەس کرێڤنی نەدەکێشا ئەو نەبێت، جگەرەیەکی دەرھێنا و تەماشایەکی کردم و بە بزەیەکی زۆر شیرین و ڕێزەوە جگەرەیەکی پێشکەشم کرد، نەمزانی لێی وەربگرم، یان نا. من جگەرە ناکێشم، بەڵام ھەر لە خۆمەوە ھەستم کرد ئەگەر جگەرەکەی لێ وەرنەگرم بێڕێز دەردەکەوم، لە ڕاستیدا وەرگرتنی جگەرە لەم مرۆڤە مەزنە ھەلێکی زێڕین بوو بۆ ئەوەی ببم بە ھاوڕێی. جگەرەم لێی وەرگرت، ئەوە یەکەم جار بوو دەست بدەم لە جگەرەوە. یەکسەر بە دەستێکی چەرخێکی داگیرساند و بە دەستەکەی تری چنگێکی بە دەوری ئاگرەکەیدا چەماندەوە تا ئاگرەکە جووڵە نەکات و ھێنایە لای سەرمەوە. بیرم کردەوە: ھەرگیز جگەرەم نەکێشاوە چی بکەم داینەگیرسێنم ئەو جگەرە پێشکەش کرد ڕێز گرت بە گەورەی دانام دەسەلمێنم لە ئاست ئەو ڕێز نیم وەریش بگرم نازانم بیکێشم ئابروو خۆم دەبەم خۆم قەرەقۆزی ھەمووان. ئاگرە ستەمکارەکەش ئارامیی لێ بڕیم و بواری بیرکردنەوەی زیاتری نەدام، دەبوو خێرا بڕیار بدەم. جگەرەکەم بە خێرایی برد بۆ دەمم و بە دەممەوە بۆ ئاگرەکەم برد، چەرخەکەی کوژاندەوە و تەماشایەکی کردم و بزەیەکی شیرینی کرد و وتی:

– بە پێچەوانەوەیە، دیاس!

ھھھھھھئئئئئئ! ناوم دەزانێت ناوم چۆن لە کوێوە دەزانێت ناوم دیاسە؟ لە خۆشیی بیستنی ناوی خۆم لە زاری ئەوەوە نەمزانی چی دەڵێت و لێم پرسییەوە:

– چی؟

دەستی بۆ جگەرەکەی دەمم ڕاکێشا و منیش تەماشای جگەرەکەم کرد بە سەری تووتنەکەی لە دەممدایە و سەری فلتەرەکەیم بۆ ئاگرەکە درێژ کردبوو. بەپەلە ھەڵەکەم ڕاست کردەوە، کەمێک تووتنی سوێر چووە دەممەوە و تفاندمەوە، ئەم جارە چەرخەکەی بە ھەمان شێوە داگیرساندەوە و لە دەممی نزیک کردەوە و منیش جگەرەکەم خستە بەردەمی، بەڵام نەمدەزانی دەبێت مژی لێ بدەیت تا دابگیرسێت. وتی:

– مژی لێ بدە، دەڵێیت یەکەم جارتە جگەرە دەکێشیت!

مژم لێی دا و جگەرە داگیرسا و دوکەڵ چووە قوڕگ و لووت و چاومەوە و فرمێسک لە چاومەوە دەرھات و کەوتمە کۆکین، جگەرەم لە دەست کەوتە خوارەوە و کەوتە کۆشمەوە و پانتۆڵەکەم سووتا و ھەڵستام و بە دەم کۆکەوە کەوتمە سەما و جگەرەکە کەوتە سەر زەوییەکە، ئەو خێرا جگەرەی ھەڵگرتەوە و منیش بە دەستێک چاوم دەسڕی و بە دەستەکەی تر سووتووەکەم بە پانتۆڵەکەمەوە دەتەکاند و ھەر دەشکۆکیم، بەڵام پانتۆڵەکەم قەڵبەیەکی سووتاویی تێ کەوت. سەرم لێ ھاتەوە یەک و خەریک بوو خۆمم لە بیر بچێتەوە، بەڵام ئەو پەلمی گرت و بە خێرایی داینیشاندمەوە و ھیچی نەوت، بەڵام تەماشایەکی سڕی تێم گرت کە ڕوخسارە سەنگینەکەی یەکسەر ھێوری کردمەوە و دانیشتمەوە. جگەرەکە کوژابووەوە، خۆی دایگیرساندەوە و دایەوە دەستم، بە دوودڵی و نەزانانە جگەرەکەم لە دەستی وەرگرت، وەک منداڵێک لە بەردەم بەڕێوەبەری قوتابخانەکەیدا تەماشام بۆی ھەڵبڕی و ھیچم نەدەوت و بەو ھیوایە بووم خۆی لە ڕوخسارمدا ناخم بخوێنێتەوە. ڕێک واش بوو، تەماشایەکی کردم و لە ڕوخسارمدا قسەکانی ناخمی خوێندەوە و پرسی: «تا ئێستا جگەرەت نەکێشاوە؟» درۆ بکە، درۆ بکە، درۆ بکە، نەخێر، ڕاست. بە دەنگێکی زۆر بێتاوانانەوە وتم: «نەء». بزەیەکی کرد و دەستی ھێنا بۆ ئەوەی جگەرەکەیم لێ وەربگرێتەوە و وتی: «دەی قەیناکە، بمدەوە، خۆم دەیکێشم». دەستبەرداری جگەرەکە بووم، لێمی وەرگرت و تەکاندی و بردی بۆ دەمی و مژێکی قووڵی لێی دا و کەوتەوە تەماشاکردنی یاریی پینگپۆنگەکە. من ئاگام لە یاریی پینگپۆنگ نەمابوو و ھەر زەقزەق تەماشای ئەوم دەکرد لەسەر لا، لەسەر لاش ھەر سەنگین دیاربوو.

سەد جارم وت قەسەم دەخۆم

ژەھریش بە دەست تۆ بێ دەیخۆم.

پرسیم: «کاک دیاکۆ، تۆ زۆر جوان جگەرە – دەتوانیت فێری جگەرەکێشانم بکەیت؟» تەماشایەکی کردم و بە نیوبزەوە بێدەنگ ڕوخسارمی پێوا، پاش ئیستێک وتی: «دەتوانم، بەڵام نامەوێت». وتم: «حەز دەکەم فێر ببم». پرسی:

– بۆچی؟

– زۆر جوانە.

– چی؟

– جگەرەکێشان.

– ئاخر دوایی فێر دەبیت.

– قەیناکە!

کەمێک بێدەنگ بوو و وتی: «بۆنی ھەناسەت ناخۆش دەبێت، بۆنی پەنجەت ناخۆش دەبێت، ددانت زەرد دەبێت، کە دەچیتە شوێنانەوە خەڵک بۆنت دەکەن و زۆرێک خەڵکان بۆنتیان پێ ناخۆش دەبێت. دەکۆکیت، دەقرخێنیت، بەڵغەمت بۆ دروست دەکات، ھەمیشە لایەکی گیرفانت دەئاوسێنێت و زەق لە پانتۆڵەکەتدا دیارە و جل لە بەرتدا جوان ناوەستێت، ئەمە جگە لەوەی زۆر ئەستەم دەبێت بتوانیت وازی لێ بھێنیت».

کەمێک بیرم لە تۆنی قسەکانی کردەوە، نەک پەیامی قسەکانی، بەڵام من ئەوینداری سەنگینییەکەی ئەو بووم و تەندروستیی خۆمم لا گرنگ نەبوو، ئەوەندەش لە قسەکانی تێگەیشتم کە دەڵێت: خراپە، بۆیە وتم: «قەیناکە». کەمێکی تر ڕوخسارمی پێوا و وتی: «لە ماڵەوە کێشەت بۆ دروست دەبێت، لە قوتابخانەش پێوەی بگیرێیت دەرتدەکەن». یەکسەر وتم: «پاکەت ھەڵناگرم، تەنھا دێم لێرە دەیکێشم». وتی: «ھەر دوو سێ ڕۆژ خەڵکان جگەرەت دەدەنێ، زۆر داوای جگەرە لە خەڵک بکەیت سووک دەبیت و خەڵک ڕقیان لێت دەبێت، لەوانەشە قسەی ناخۆشت پێ بڵێن، پێت دەڵێن لاکێش، ناچار دەبیت خۆت جگەرە بکڕیت و ھاکا زانیت دەیکەیت بە پاکەت». من ھەر وتم: «جگەرەیەکم تۆ فێر بکە بیکێشم چۆن، دواتر بیری لێ دەکەمەوە».

کاک دیاکۆ بە چەند خولەکێک فێری جگەرەکێشانی کردم، یەکەم جگەرەم لەژێر چاودێریی ئەودا کێشا. ھەستێکی زۆر سەیرم ھەبوو، ھەستم دەکرد لە قۆناغێکی ژیانمەوە دەچمە قۆناغێکی نوێ و ئیتر منداڵ نەماوم. بۆنی پەنجەکانمم دەکرد؛ ھاڵاوی دەمم بە ڕووی لەپی دەستمدا دەدایەوە تا بزانم بۆنی چی لە دەمم دێت؛ تەماشای دووکەڵی سەری جگەرەکەم دەکرد و بەراوردم دەکرد لەگەڵ ئەو دووکەڵەی کە لە دەممەوە دەیدەمەوە؛ تەماشای دووکەڵەکەم دەکرد بزانم تا کوێ بەرز دەبێتەوە… سەیر سەیر سەیر! وەک دووکەڵی ھەموو جگەرەکێشێکی ترە! منیش دەتوانم لەمەودوا دووکەڵی خۆمم ھەبێت! ھەر وا بە بێدەنگی چەند مژێکم لەو جگەرەیەم دا کە پاکیزەیی سیمم پێی بەخشی. زووزوو بە بزەوە تەماشای کاک دیاکۆم دەکرد و ئەویش تەماشایەکی دەکردم و ڕووی دەکردەوە یاریی پینگپۆنگەکە. ئینجا من ھەوڵم دەدا بە شێوەی جیاواز جگەرەکە بگرم: بە دوو پەنجەی دۆشاومژە و براگەورە، ئینجا بە ناوەڕاستی نێوان ھەمان دوو پەنجە، ئینجا بە پەنا پەردەی نێوان ھەمان دوو پەنجە. ئینجا یەکەم سووتووی جگەرەکەم وردەوردە زۆر بوو، ئینجا تەماشایەکی کاک دیاکۆم کرد، ئینجا ئەویش فێری کردم چۆن بیتەکێنم، ئینجا چەند جارێک پیشانی دام چۆن بە ھەمان دەست پەلەپیتکە لە جگەرەکە بدەم و بە دەستیشمەوە بێت. ئینجا ئەو کەوتەوە تەماشاکردنی یارییەکە، ئینجا منیش جگەرەم بە نێوان پەنجەکانی براگەورە و براتووتە گرت: بە سەری نێوانیان، ئینجا بە نێوەندی نێوانیان، ئینجا بە بنی نێوانیان، ئینجا بە کەڵەموست و دۆشاومژە بە مقاشی و بە بازنەیی، ئینجا ھەمان تاقیکردنەوە بە دەستی چەپ، ئینجا سەرنجم لە جگەرەکە دەدا کە چۆن وردەوردە دەسووتێت و بچووک دەبێتەوە، ئینجا لە گەوەی دووکەڵە ھەڵکشاوەکەی. ئینجا لە دەرەوە و ناوەوەی خۆمەوە وێنای خۆمم دەکرد کە لە جێی جیاواز جیاواز جگەرە دەکێشم: لەناو قوتابخانە، ماڵەوە، سەربان، بە دەم ڕێوە لەسەر جادە، بە پاڵکەوتوویی لە پێخەفەکەمدا، بە شەو کە خاڵێکی داگیرساوی سوور بە دەست و نزیک دەموچاوم گەشتر دەبێتەوە کە مژی لێ دەدەم و… جگەرەکەم لێرەدا گەیشت بە نزیکی نووسراوی کرێڤنی تەک فلتەرەکە، نەمدەزانی داخۆ ئەو نووسراوە دەکێشرێت یان دەبێت لەوێدا فڕێی بدەیت، لە کاک دیاکۆم پرسی، ئەو بە سانایی پێی وتم کە ئاساییە بکێشرێت. پاشان فێری کردم چۆن جگەرە بکوژێنمەوە، منیش لاسایی ئەوم کردەوە و جگەرەم کوژاندەوە. بینین و تەرازووی لەشم وەکو پێش جگەرەکێشانەکە نەبوو، ھەستم دەکرد کەمێک گێژ و وڕ و سڕم. کاک دیاکۆ وتی: «ئەگەر کەمێک گێژ بوویت ئاساییە، ھی ئەوەیە کە جگەرەی یەکەمتە، ڕۆژانەش جگەرەی یەکەم کەمێک ئەو کاریگەرییەی دەبێت، بەڵام ئەوانی تر کەمتر». پاشان ئارامم لێ بڕا، دەمەویست بچم ھەموو شار بگەڕێم بزانم شار پێش جگەرەکێشانم و دوای جگەرەکێشانم چ جیاوازییەکی ھەیە.

لە قوتابخانەوە بە پێ بەرەو ماڵ ھاتمەوە و لە ڕێ سەیری ھەموو شتێکم دەکرد، وەک بڵێیت یەکەم جارم بێت بیانبینم، دیمەنی ھەموو شتێک بە نوێیی خۆیان دەکردەوە بە بیناییمدا. تەماشای ناو چاوی ھەموو کەسێکم دەکرد تا تیایاندا بخوێنمەوە کە ئایا دەزانن من چیتر کەسەکەی جاران نەماوم کە جگەرەم نەکێشابوو، یان نا؟ تەنانەت دەنگی باڵندە و ئوتومبێلیش لە بیستنمدا لە ڕۆژانی پێشوو جیاواز بوون. لە سەرەتای ڕێدا دەستم بە قەڵبەی پانتۆڵەکەمەوە گرتبوو تا بیشارمەوە، بەڵام بە ھۆی فڕینی بیرم بۆ شاری دوای جگەرەکێشان، قەڵبەم لە بیر کرد و بە ئازادی بە ڕێدا دەڕۆیشتم، قەڵبەی لەبیرکراویش قەڵبەزەی ھەوا و تیشکی ئازادیی بە قەڵبەز بە ڕووی ڕانمدا ڕۆ دەکرد.

گەیشتمە سەر سووچی ماڵی خۆمان کە لەوێ دوکانێکی وشکەفرۆشی لێبوو، باوک و کوڕێک دوکانەکەیان بە ڕێوە دەبرد. لە پێش دوکانەکەدا ئەو کوڕەی دراوسێمان وەستابوو کە ناوی حەمەڕەحمەیە، چیرۆکی ئەم ناوە لێکدراوەی ڕوون نەبوو، ھەندێک کەس دەیانوت ناوی محەممەد-ە و پێی دەڵێن حەمە؛ ھەندێک کەس دەیانوت ناوی ڕەحمان-ە و حەمەیەکی خۆشەویستییان بۆی زیاد کردووە و ڕەحمانەکەش کورتکراوەتەوە بۆ ڕەحمە، بەڵام کە یەکێک بە: «کاک ڕەحمان» یان «کاک محەممەد» بانگی بکردایە کەمێک ھەڵدەچوو و دەیوت: «ناوم حەمەڕەحمەیە». ھەندێکی تر دەیانوت پووری ناوی ڕەحمە خان بووە و لە خۆشەویستیی ئەو ئەو ڕەحمەیەی بە خۆیەوە کردووە، بەڵام ئەمەش لەوە نەدەچوو وا بێت. بەھەرحاڵ، پێم وا نەبوو خۆی لەسەر پێناس ناوی حەمەڕەحمە بووبێت. من ھەمیشە لە مێشکی منداڵانەی خۆمدا ناوەکەیم وەکو ئەسپ و عەرەبانە دەھاتە خەیاڵ، چونکە لە دوو بەش پێکھاتبوون و ئەسپ و عەرەبانەش لە دوو بەش پێکھاتوون: حەمە: ئەسپ؛ ڕەحمە: عەرەبانە! ئیتر ھەرچەند خۆیم دەبینی بزەیەکم دەکرد و بیری ئەو ئەسپ و عەرەبانەیەی خەیاڵمم دەکەوتەوە. کە بە بەردەمیدا ڕۆیشتم سەیرم دەکرد و بزەم دەکرد، وەک منداڵێک کە دەبێت ڕێز لە گەورە بگرێت، چونکە حەمەڕەحمە دە ساڵ لە من گەورەتر بوو، دەستێکم بۆی ھەڵبڕی و سڵاوم لێی کرد، بەڵام لە دەمم دەرچوو و وتم: «کاک ئەسپ و عەرەبانە چۆنیت؟» یەکسەر شاڵاوی بۆم ھێنا و ھاتە بەردەمم، وەک کێوێک بەری ڕووناکیی لێم گرت، تووڕە بوو و وتی: «ئەسپ و عەرەبانە چییە؟» من ئەبڵەق تەماشام بۆی ھەڵبڕیبوو، نەمدەزانی چۆن لەم کەتنەی خۆم خۆم دەرباز بکەم. یەکێک لە ھەستە ناخۆشەکان لە دونیادا ئەوەیە کە بیرێکی نھێنیی ناو مێشکی خۆت لە زاری کەسێکی دییەوە ببیستیت. ھەرگیز نەمدەویست ئەسپ و عەرەبانەکەم لە ھیچ زارێکەوە ببیستم، بەڵام ئێستا بیستم، لە زاری کێشەوە؟ لە زاری تاکە کەس کە نەدەبوو بیبیستێت! من ھەر وا ئەبڵەق مابوومەوە، ئەو دیسان پرسیاری ھەڕەشاویی خۆی تێمەوە ژەند: «ئەسپ و عەرەبانە چییە؟» وتم: «ئە-ەسپ… ھیچ…» یەکسەر وتی: «ئەوە جگەرەت کێشاوە؟ ئەوە پانتۆڵەکەتت بە جگەرە سووتاندووە؟» ئیتر من تەواو پەکم کەوت، تا ئەو چرکەیە ئازادییەکەم تەنھا لە خەیاڵی خۆمدا بوو، نەک لەسەر زاری خەڵک. ئەبڵەق ڕاوەستابووم، نەمدەزانی درۆ بکەم یان ڕاست، پێم وتراوە دەبێت ھەمیشە ڕاست بکەیت، خودا ڕاستانی خۆش دەوێت، خودا لە پشتی ڕاستان دەوەستێت. بۆیە پاڕانەوەئاسا بە ھێواشی پێیم وت: «بە ماڵەوەمان مەڵێ». ئەویش بێدەنگ بوو، چاوی بز بووەوە، پاش کەمێک بزەیەکی کرد، بێدەنگ چاوی تێم زەقاند! بە خۆمم دەوت: تەنھا ئەم جارە ڕزگارم ببێت، لە ژیانمدا جگەرەیەکی تر ناکێشمەوە و بێفەرمانیی ماڵەوە ناکەم. زیاتر لە خولەکێک ھەر وا بێدەنگ ماینەوە، من بۆ ئەوم ھەڵڕوانیبوو و ئەو بۆ من داڕوانیبوو و چاومان لە چاوی یەک گیر ببوو، ئینجا ئەو وتی: «باشە قەیناکە، بەڵام لەمەودوا لە قسەم دەربچیت…» من یەکسەر وتم: «بەسەرچاو» دیسان کەمێکی تر ھەر وا بە چاولێکئاڵاوی ماینەوە، پاشان وتی: «باشە، بڕۆ ماڵەوە». منیش ڕێک ملی ڕێی ماڵەوەم گرتە بەر، ئینجا ئەو بە دەنگێکی خاوەندارییەوە وتی: «نەچیت بە ھیچ لایەکدا، چاوم لێتە!» ئاوڕم بۆی دایەوە و وتم: «بەسەرچاو» و ملی ڕێی ماڵەوەم گرتەوە و تا دەرگا دارینەکەی ژوورەوەشم دوای خۆم داخست ھەر نەموێرا ئاوڕی تر بدەمەوە و تەماشای ھیچ شتێکی تر بکەم جگە لە بەرپێیەکانم.

حەمەڕەحمە کوڕێکی قەڵەوی بەخۆ بوو، کەمێک باڵای کورت بوو. لەگەڵ ئەوەی زۆر قسەی جەفەنگی و پێکەنیناویی دەکرد و چیرۆکی زۆر سەیروسەمەرەی دەگێڕایەوە، بەڵام ناوبانگی بە بەرباد و شەللاتی و چەقۆوەشێن و لاقەچی و سەرسەری ڕۆیشتبوو، خۆیشی مەکینەی پڕوپاگەندەی سەرەکیی پشت ئەم ناوبانگە خراپەی خۆی بوو، چونکە بۆ مانۆڕی دەسەڵاتەکەی بە ئەنقەست دڕندەیی و بێبەزەییەتیی خۆی لە چیرۆکەکانیدا زەق دەکردەوە و بڵاو دەکردەوە و حەزی بەوە بوو خەڵکان لێی بتۆقن، ئەم گێڕانەوانەشی کاری خۆیان کردبوو و زۆر منداڵی گەڕەکی تۆقاندبوو. زۆربەی شەوان یان سەرخۆش بوو، یان خەریکی شەڕ بوو، یان ھەردووکیان پێکەوە، واتە سەرخۆشیش بوو و شەڕیشی دەکرد، یان لە کۆڵان لەناو ھەموواندا دادەنیشت و قسەی بۆیان دەکرد. زۆر جاران ھاتوچۆی مزگەوتیشی دەکرد. ھەندێک جار لە سیلەی کۆڵانیش دادەنیشت و بە دەنگی بەرز لەبەر خۆیەوە قورئانی دەخوێند. (تێبینی: دوور لە ھەموو دژی و لایەنگرییەک، بە ڕاستی دەنگی بۆ خوێندنی قورئان خۆش بوو، چاکیشی دەخوێند، ئەگەرچی لەوە نەدەچوو لە ژیانیدا قورئانی خوێندبێتەوە، بەڵکو بە بیستن زۆر ئایەت و سوورەتی ئەزبەر کردبوو، بە تایبەتی زۆربەی سوورەتی یوسفی لە بەر بوو و لاسایی دەنگی وەلید ئیبراھیمی دەکردەوە و دەیخوێند). زۆر جار کە پارەی پێ نەدەما، نیوەڕوان خۆی دەکرد بە پرسەی ئەم و ئەودا لە پرسەخانەی مزگەوت و لە پاڵ مەلای قورئانخوێنی پرسەدا دادەنیشت و مایکرۆفۆنی لێی وەردەگرت و کەمێک قورئانی دەخوێند، ئینجا دەچوو سەرەخۆشیی خۆی لە پرسەباران دەکرد و داوای کرێی قورئانخوێندنی لێیان دەکرد، ئەوانیش لەبەرئەوەی ڕووزەردی بەردەم میوان و کەسوکار و ناسیاو نەبن، شتێکیان دەکرد بە باخەڵیدا تا لە کۆڵیان ببێتەوە. بەڵام لە ھەر جێیەک بووایە و لە کاتی شەڕدا نەبووایە، لە مزگەوت یان کۆڵان یان کازینۆکەی نزیک ماڵمان، بە دەیان کەس لێی کۆ دەبوونەوە و ئەویش چیرۆک و بەسەرھاتی سەیروسەمەرە و ھەندێک جار ترسناکیشی بۆیان دەگێڕایەوە، ئەوانیش یان ئەبڵەق بە دیار چیرۆکە ترسناکەکانیەوە دەمانەوە، یان قاقا بە چیرۆکە جەفەنگییەکانی پێدەکەنین. بەڵای ھەموو گەڕەک و ناوچەکەش بوو، دەیانوت کە پۆلیسیش دەرەقەتی نایەن. قسە ھەبوو گوایە باوکی حاشای لێ کردووە، بەڵام ھێشتاش ھەر لەو ماڵەی باوکیدا دەژیا.

ماڵی حەمەڕەحمە و کۆشکەکەی مامۆستا زامەند بە شەفتوولی پشتیان بە پشتی یەکەوە بوو. لە بیرتان دێت کە باسی تەلەفۆنەکەی ماڵی مامۆستا زامەندم کرد وتم ژمارەنامەیەک لە پەنا ئەم تەلەفۆنەدا ھەبوو؟ بەڵێ، ئەو ساڵانە ھەر ماڵێک ھێڵی تەلەفۆنی ھەبووایە ژمارەنامەیەکیشیان وەردەگرت کە ژمارە و ناوی سیانیی خاوەنی ھێڵی تەلەفۆنی ھەموو بەشداربووانی تێدابوو. ھەر ئەم پەڕتووکە بوو سەرەتا دیاسی تووشی ئەم ھەموو دەردەسەرییە کرد.

حەمەڕەحمە ڕاوی ھەموو جۆرە کەسێکی دەکرد بۆی لوابا، ھەوڵیشی بۆ ڕاوی ھەموو کەسێک دەدا، لە کاتێکدا یەکێکی ڕاو دەکرد، دانی بۆ یەکێکی تریش ڕۆ دەکرد و یەکێکی تری دەخستە نیشانە لاوەکییەکەیەوە تا ڕاوی بکات. ئەو نیوەڕۆیە کە نھێنییەکی دیاس کەوتە لای حەمەڕەحمە، وەکو وا بوو ھەنگوینی لە کونەداردا دۆزیبێتەوە. چونکە ئەو نھێنییە کلیلێکی زێڕینی بەدبەکارھێنان و گەف بوو. بۆیە دوای ئەو سڵاوە شوومە و ئەو ڕاستییە ھەڵەیەی لە زاری دیاس پژا، حەمەڕەحمە دیاسی خستە ناوەڕاستی نیشانە سەرەکییەکەیەوە و تەمای زیاتری لێی بڕی و خۆی بۆ مەڵاس دا و چاوی لێ جێگیر کرد و وەک تیمساح ھەموو جموجووڵێکی ماڵەکەیانی بە بێدەنگی تۆمار دەکرد.

ڕۆژێک ھەموو ئەندامانی ماڵی مامۆستا زامەند چوونە دەرەوە، دیاس نەبێت. حەمەڕەحمەش ئاگای لێبوو، تەلەفۆنی بۆ ماڵی دیاس کرد، کە پێشتر ژمارەکەی ماڵیانی لە ژمارەنامەکەوە دەرکردبوو، بە ناوی یاریدەرەکەی باوکیەوە پێی وت: «باوکت دەڵێت ھەر ئێستا دیاس بچێتە سەربان و تەماشای تانکییەکان بکات بزانێت چەند ئاویان تێدایە، چاوەڕێت دەکەم، وەرەوە و پێم بڵێوە». دیاسیش بەسەرچاوی کرد و چووە سەربان، حەمەڕەحمەش ڕاستەوخۆ بیستۆکی تەلەفۆنی داخستەوە و بە پلایسێکەوە چووە بان و بەسەر دیواری نزمی نێوانیان بازی ھەڵدا و چووە بانەکەی ماڵی دیاس و بەپەلە وایەری تەلەفۆنەکەیانی قرتاند تا نەتوانێت تەلەفۆن بۆ ھیچ جێیەک بکات، ئینجا لای دیواری ھەورەبانەکەیانەوە خۆی حەشار دا. دیاس دەرگای ھەورەبانەکەی کردەوە و چوو تەماشای تانکییەکانی کرد، لەم نێوەندەدا حەمەڕەحمە بەپەلە لە دەرگا کراوەکەی دوای دیاسەوە خۆی کرد بە ھەورەبانەکەیاندا و لەوێوە لە پشت دەرگاکەدا خۆی حەشار دا. پاش ئەوەی دیاس تەماشای تانکییەکانی کرد و گەڕایەوە، ھەر کە دەرگای ھەورەبانەکەی داخست: حەمەڕەحمە قوت بووەوە، ئاگاداری کردەوە کە ئەگەر فززە بکات ھەمووان تێدەگەیەنێت کە دیاس جگەرە دەکێشێت و بە حەمەڕەحمەی وتووە ئەسپوعەرەبانە! ئاوھا دیاسی ناچار کرد خۆی بۆ ویستەکانی حەمەڕەحمە بدات بە دەستەوە و مل کەچ بکات، ئەویش زەفەری پێی برد. ئەم ڕووداوەش لاپەڕەی یەکەمی شکۆشکاندنی ئەو منداڵە بەستەزمانە بوو کە ھەزاران خەونی ڕەنگاوڕەنگی ھەبوو، لێ حەمەڕەحمە ھەمووی لێ ڕەش کرد.

دوای ئەو ڕووداوەش بە دەگمەن ھەبوو حەمەڕەحمە ڕۆژ بپەڕێنێت و لە دیاس نەپەڕێت. بە نزیکی ھەموو ڕۆژێک لاقەی دەکرد، تەنانەت ھەڕەشەکە گەیشتە ئەوەی کە پێی وت: «بە چاک یان خراپ ئەم باسوخواسی لاقەکردنە ببیستمەوە دەتکوژم!» کەچی خۆی بە ھەموو کوڕانی تری گەڕەکی دەوت و بە شانازییەوە باسی دەکرد و کردبووی بە نوکتە و پێکەنین و منداڵانی گەڕەکیش بە دەم قسەکانیەوە پێدەکەنین. بەڵام پەیامی نھێنیی ئەم گاڵتەجاڕییە زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو، ئەویش چاوترساندنی کوڕانی تری گەڕەک بوو، ئەگەر ڕۆژێک تەمای لە ھەر کەسێکی تر گیر کرد و وەک پڵنگ ھێرشی ھێنایە سەر ھەر کامێکیان، با بزانن، وەک دیاسی بە سەر دەھێنێت، چونکە کەس لە حەمەڕەحمە پاڵەوانتر نییە!

حەمەڕەحمە کە سەرەتا جگەرەکێشان و «بێڕێزی»یەکەی دیاسی کردبووە چەکی ھەڕەشە بۆ لاقەکردن، ھەر زوو لاقەکردنەکەی کردە چەکی ھەڕەشە تا وا لە دیاس بکات دزی لە باوکی بکات و پارەی بۆ بھێنێت. بۆیە دیاس ناچار بوو پارچەپارچەی ئابرووی شکاو و ئاسایشی داڕماو و شکۆ و ڕێزی بەگەردبووی خۆی بە پارەی دزراوی باوکی سەودا بکات. تا چەند ڕۆژێک، یان ھەندێک جار چەند سەعاتێک، کە ئەم ماوەیە پەیوەست بوو بە میھر و بەزەیی و مەزاجی ئەو چرکەیەی حەمەڕەحمەوە، ئەم میرنشینە بەباچووەی ئابروو و ئاسایش و ڕێزە درۆیینەیەی خۆی بۆ خۆی بکڕێتەوە. دیاس خۆیشی دڵی بە ھیچیان خۆش نەبوو. لە ڕاستیدا لە ماوەی ئەو شەش مانگەی حەمەڕەحمە دیاسی لاقە دەکرد، دیاس وردەوردە وای لێ ھات بە ھیچ شتێک دڵی خۆش نەدەبوو. دیاس لە مەزنترین چێژی منداڵی بێبەش کرا، ئەویش چێژی بێتاوانی و بێشەرمی و ئازادی و نابەرپرسیارێتی و پێکەنین و ھاوڕێیەتیی بێ ئایدۆلۆژیا و چێژبینین لە بێئاگایی بوو.

لە درێژەی ئەم گێڕانەوەیەدا، کە بە زاری دیاس زۆر درێژەی کێشا و بە زاری منی ھۆنوسی سێیەم کەمتر، بۆ مامۆستا زامەند دەرکەوت کە گریمانەکەی ڕاست دەرچوو کە دیاس ئەم پارەیە بۆ ئەوە دەدزێت کە ڕێز و ئاسایشی خۆی لای حەمەڕەحمە بکڕێتەوە. ھەرچەند دیاس پارەی دزراوی باوکی بە حەمەڕەحمە دەدا، حەمەڕەحمە بە دڵخۆشییەوە دەیوت:

– تا منت ھەبم ناھێڵم کەس پەنجەت بۆ ببات! لووتی ئەوە دەقرتێنم بە جۆرێک تەماشات بکات. بەڵام وای لە حاڵت گەر پارەم بۆ نەھێنیت!

دیاس ڕۆژبەڕۆژ لەناو خۆیدا بچووکتر و بچووکتر دەبووەوە، تا وای لێ ھاتبوو تەنانەت لە ناخیشیدا نەیدەتوانی بە «من» بیر بکاتەوە و بەشێکی گەورە لێی جیا ببووەوە و بە «تۆ» لەگەڵیدا دەدوا و «من»یش لە ناخیدا بچووککراوە و سەرشۆڕ لە بێرکمی دادگایی ئەم کۆمەڵگا جەللادە جەللادپەروەرە بەکەسکراوەی ناخیدا ڕاوەستابوو. ھەندێک جار دیاس نەیدەزانی کە ئەوە کۆمەڵگا جەللادپەروەرەکەیە کە سەرکۆنەی دەکات یان ھەر خودی حەمەڕەحمە خۆیەتی؟ حەمەڕەحمە، تیشکی خۆری لە ئاسمانی ناخیدا لێ بڕیبوو و ئاسمانی لێ داگیر کردبوو و دەیوت: «شار لە بەر ناوی مندا دەلەرزێت، کێم بوێت لاقی دەخەمە جێی دەستی، ھەر کەس لە فەرمانم دەربچێت ڕیخی دەرخوارد دەدەم و بنی پێی دەسووتێنم، تۆ چیت؟ چۆن لە ئاست مندا لە خۆت بایی دەبیت؟ یان ھەر بە خەیاڵیش بیر لەوە دەکەیتەوە تۆ جگە لە گەردی بەر کەوشم زیاتر بیت؟» کۆمەڵگا جەللادپەروەرەکە، ھەر وەک چۆن ھەمان شتیش بە کوردستان دەڵێن لە بەراورد لەگەڵ دوژمنەکانیدا، بەم گەردیلە سەرشۆڕکراوەی بەر پێی دەوت: «تۆ بێکەسیت، ئەو کەسدار؛ تۆ بێڕێزیت، ئەو ڕێزدار، بە زەبری ھێز ڕێز و پێز و پێگەی خۆی بە دەست ھێناوە؛ تۆ بێورەیت، ئەو بەورە؛ تۆ بچووکیت، ئەو گەورە؛ تۆ داگیرکراو، ئەو داگیرکەر؛ ئەو سەروەر و تۆ نۆکەر!» ئەی ناخ، ئەی ناخ، ئەی ناخ، دیاس دۆستی وەک تۆی ھەبێت دوژمنی بۆ چییە؟

لەناو منداڵان و نەوجەوانانی کۆڵاندا قاوەقاوی ئەوە بڵاو ببووەوە کە دیاس پارە لە باوکی دەدزێت و بۆ حەمەڕەحمەی دەبات و ئەویش چیی بوێت پێی دەکات. ئیتر شتی تریشیان خستبووە سەر چیرۆکەکە و دەیانوت: «تەنانەت ھەڕەشەی لە دوو خوشکەکەشی کردووە کە وا لەوانیش دەکات». یەکێکی تر دەیوت: «کوڕە وا لە خوشکەکانیشی دەکات!» ئەو ماوەیەش لە لایەک بە ھۆی باری خراپی دەروونیی دیاس خۆیەوە، لەگەڵ بە ھۆی پچڕاندنی ھەموو پەیوەندییەکەوە بە فەرمانی مامۆستا زامەند، ماڵەکەیان، ئەگەرچی لە ڕاستیدا کۆشکێک بوو، بەڵام لە دیدی منداڵانی گەڕەکدا وەک کۆشکێکی بەجێھێڵراو، یان ئاشی لەئاوکەوتوو دەردەکەوت. چۆلەکە و کۆتریش کە بەسەر ماڵەکەیاندا دەفڕین بێدەنگ دەبوون و نەیاندەجریواند و نەیاندەگماند. لە پشت ئەو دەرگای حەوشە نەخشاوی و دیوار و پەنجەرە و ئاسنبەندە زەخرەفاوییانەی ئەو ماڵە گرانبەھایەدا، خامۆشییەکی کەڕکەر و خەمێکی کپکراو و ئازارێکی بێدەنگکراو پەنگیان خواردبووەوە. منی ھۆنوسی گێڕەرەوەتان زۆر ڕۆژ بە بەردەرگای ماڵەکەیاندا دەڕۆیشتم و لەو ماڵە ورد دەبوومەوە: بۆچی ھیچ جموجوڵێکی تێدا نییە؟ بۆچی تێکەڵاویی کەس ناکەن؟ بۆچی خۆیان لە ھەموو کەس بە دوور دەگرن؟ کە جارجار یەکێکیان وەک کسپەی ئەستێرەی کشاو دەردەکەوێت و دەڕوات، سەر بۆ کەس بەرز ناکاتەوە. جاران دیاس چاکوچۆنییەکی دەکرد، ئێستا ئەوەش ناکات. حەمەڕەحمەش ئەمەی بە دڵە و بە نیشانەی سەرکەوتنی خۆی دەزانێت! ئیتر منداڵانی گەڕەکیش کە جارجار دیاس، یان دوو خوشکەکەییان دەدی کە ھەرگیز تەماشای کەسیان نەدەکرد، تا تێدەپەڕین بە بێدەنگی چاویان تێیان دەزەقاند و تەماشایان دەکردن، ئەم خۆبەدوورگرتنەشیان بە بەڵگەی ڕاستینەیی چیرۆکەکەی حەمەڕەحمە دادەنا و بێدەنگ بێدەنگ خۆیان دابووە پاڵ حەمەڕەحمە و لایەنگری ئەو بوون لە دژی ستەملێکراوێک، ھەمووان سەرشۆڕ سەرشۆڕ بە دەوری حەمەڕەحمەدا کۆ دەبوونەوە و بە ساناترین قسەی ئەو قاقایان لێدەدا! جیھانەکەی دیاسیش ڕۆژبەڕۆژ تەسکتر و تەسکتر دەکرایەوە و چیتر ھاوڕێیەتیی کەسی نەدەکرد و کەسیش ھاوڕێیەتیی ئەوی نەدەکرد، تێکەڵاوی ھیچ منداڵێکی تری گەڕەک نەدەبوو، کەس نەیدەزانی لە کوێوە بۆ قوتابخانە دەچێت، خۆی لە ھەموو جۆرە تێکەڵاوییەک دەدزییەوە. ئەگەر بۆ کارێک یان پێویستییەک بچووایەتە دەرەوە، سەری خۆی دادەخست و ھەر واش دەگەڕایەوە ماڵی خۆیان. دەکموژێت، دەکوژێت، من ئەو دەکوژێت… باببە.

ئێوە، ئەی گوێگر و خوێنەرانی ئەم چیرۆکە، لە بری دیاس بوونایە چتان دەکرد؟ لە بری مامۆستا زامەند بوونایە چتان دەکرد؟

مامۆستا زامەند لەگەڵ بیستنی ئەم چیرۆکەدا یەکبینە بە خۆی دەوت: ئارامی… ئارامی… ئارامی… پاش ماوەیەکی درێژ، ئێجگار درێژی بێدەنگی، ھەڵستا و بە ئارامی، زۆر بە ئارامی بە کوڕەکەی وت:

– لەمەودوا دەتبەینە بەردەرگای قوتابخانە و دەتھێنینەوە. بنوو. خۆت داپۆشە.

دیاس ئەو شەوەش وەک سەدان شەوی ڕابردوو نەیدەتوانی بنوێت، تاریکستانەکەی ناو ناخی پرشنگمژ و ڕۆشنمژ و گەشیمژیان پەرش دەکرد. تەنانەت نەیدەتوانی ھاوسۆزی خۆیشی بێت و کەمێک بۆ حاڵی خۆی بگری. ھەموو چرکەیەک کە لە ناخی خۆیدا ڕوخساری باوکی بە بیر دەھاتەوە ژانەکەی نوێ دەبووەوە بەوەی کە خیانەتی لە باوکی خۆی کردووە؛ ھەموو چرکەیەک کە پارەی بە بیر دەھاتەوە ئازار دڵی دەگوشی، چونکە پارە شتێک بوو ئەم لە باوکی خۆی، باوکی خۆی، ئەو پیاوەی تەماشای بۆی ھەڵدەڕوانی، دەیدزی و ھەوڵی دەدا شکۆی شکاوی خۆی لای داگیرکەرێک بەو پارە دزراوە بکڕێتەوە. ھەر جووڵەیەکی کردبا دیسان برینەکانی دەکولانەوە، چونکە قولانج بە قولانجی لەشی موڵکی خۆی نەمابوون و ئێستا داگیر کرابوون و ناچار کرابوو بیانخاتە خزمەتی ئاڵۆشییەکەی حەمەڕەحمەوە. کە شوێنێکی لەشی بخورایە، یان کەمێک بئێشایە، حەزی دەکرد لێی بکاتەوە و چیتر ئەو بەشەی لەشی پێوە نەبێت، چونکە ئەو خوران یان ئێشانە ئەو جێیەی لەشی بیر دەخستەوە لە پەیوەندیی نێوان خۆی و داگیرکەرەکەیدا، بەشداریی ئەو جێیەی لەشی لە تاوان و شکۆشکانەکاندا بە بیر دەھێنایەوە، ئەمەش سەرتاپای ناخی دیسان و دیسان و دیسان لە ژاندا دەخوساند. جارجار دەیەویست بچێت و خۆی بخاتە ئامێزی باوکیەوە و تێر بەکوڵ بگری، بەڵام بیری دەکردەوە کە باوکیشی ھەر پیاوێکە و لەشی بەر لەشی دەکەوێت و لەم بەرکەوتنی لەشەدا سەرلەنوێ حەمەڕەحمەی بیر دەکەوێتەوە، بۆیە لە ناخیدا دەترسا کە پەنجەیەکیشی بەر باوکی، یان ھەر کەسێکی تر بکەوێت، چونکە بەرکەوتن واتە لاقە! دەیەویست بچێتە ئامێزی دایکیەوە، بەڵام سەرلەنوێ بیری دەکردەوە کە ئەو ئامێزە بیری ئامێزەکانی حەمەڕەحمەی دەخاتەوە، جگەلەوەی دایکی ژنی ئەو پیاوە بوو کە ئەم دزیی لێی دەکرد و پارەکانی ئەوی بۆ حەمەڕەحمە دەبرد و سەرلەنوێ کۆڤانی ناخ توێیەکی جەرگی دادەپڵۆخاند. پاڵکەوتن پاڵکەوتنی ناو ئامێزی ئەوی بیر دەخستەوە؛ ھەڵستان ھەڵستانی ئەوی بیر دەخستەوە؛ ڕۆیشتن ڕۆیشتنی ئەوی بیر دەخستەوە؛ دەنگی ھەناسە دەنگی ھەناسەی ئەوی بیر دەخستەوە. دیاس بیر و لەشی خۆی لێ تەوق بوو، توانرابا بیر و لەشی فڕێ دەدا، یان دەیدا بە ھەر کەسێک تا چیتر بۆی نەھێنێتەوە. ئەم دەردە ھەر ساڕێژ نەدەبوو و نەدەبوو و نەدەبوو. بە سەرووی دەروازەی دۆزەخەکەی ناخیدا ئەم وتەیە ھەڵکۆڵرابوو: «ئەو تاوان، من گوناھ، ئەو گوناھ، من تاوان؛ تاوانی گوناھم گوناھی تاوانم». بیری دەکردەوە ئێستا سیانزە ساڵە، ئەگەر تەمەنی حەفتا ساڵ بێت پەنجا و حەوت ساڵی تر لەم زەریای ژانەدا دەژی! ھەشتا ساڵ بێت: شەست و حەوت؛ پەنجا: سی و حەوت. ھەردەم و ھەمیشە و تاتا و بێکۆتا و بێپایان ژیان لە ژاندا. نەیدەتوانی وێنای ژیانێک بکات بێ ئەم زەریای ژانەی ناخی، بێ ئەوەی لەو ژیانەدا ئەم کەمێک شکۆ و ڕێزی ھەبێت. تینوو و گەرووسووتاوی یەک چۆڕ ڕێز و شکۆ بوو، بەڵام حەمەڕەحمە ئەم کانییەی لێ وشک کرد. تەنانەت گریانیشی بۆ حاڵی خۆی نەدەھات، چونکە پێی وا بوو مرۆڤ بۆ شتێک دەگری کەمێک ھاوسۆز بێت لەگەڵی و کەمێک ڕێزی لای ھەبێت، ئەم کە ئێستا ھیچ ڕێز و شکۆیەکی نەمابوو، بۆ چی بگری؟ بۆ کێ بگری؟ چۆن بگری؟

خەمۆک ھۆ وەرە، وەرە ھەی خەمۆک

خەمۆکی و خەمت بخەمە سەر چۆک

گەرچی ھیچ دڵخۆشی و دڵگەشی و ئاسوودەییەک ناگات بە دڵخۆشی و دڵگەشی و ئاسوودەیی سروشتی، بەڵام خۆ سروشت ھەموو کات دڵخۆشی و دڵگەشی و ئاسوودەیی نادات بە ھەموو کەس بۆیە لەناو سروشتێکدا کە زۆربەی کات بەزەیی پێماندا نایەت ناچارین ڕێی تر بدۆزینەوە تا ھەلی دڵخۆشی و دڵگەشی و ئاسوودەییمان زیاتر بکەین. لە لایەک پێویستە ئەوەی کۆنە و سەدان جار تاقی کراوەتەوە و ھەر دەرکەوتووە کە دڵخۆش و دڵگەش و ئاسوودەمان ناکات تووڕیان بدەین؛ لە لایەکی تر پێویستە بە ھەموو ئەو یاسا و نەریتە سەپێنراو و بەزۆرپیرۆزکراوانەدا بچینەوە کە ڕێی فڕاندنی دڵخۆشی و دڵگەشی و ئاسوودەیی خۆش دەکەن و دەبنە پایەی ستەم و ھەڵخڵەتاندن و تۆقاندنی تاک. لە لایەکی تر پێویستمان بە پەروەردەیەکی نوێیە، پەروەردەیەک تاکی تێگەیشتوو و ھاوسۆز و بەرھەمھێن و ژیاندۆست بەرھەم بھێنێت، کە لە ئێستادا بژین، نەک لە سەدان و ھەزاران ساڵ لەمەوبەردا بژین. بەڵێ، دیاس، خۆزگە پێویستت بە پاساوی دانایی نەبووایە تا دڵخۆش و دڵگەش و ئاسوودە بیت و خۆت بە سروشتی تا مر ھەر دڵخۆش و گەش بوویتایە. بەڵام گوێ بگرە: تۆ لەشت نیت، تۆ ناوبانگ و وێنەت نیت، تۆ ئێستات نیت، تۆ دوێنێت نیت، تۆ سبەینێشت نابیت. ڕاستە، ئەو لەشتی داگیر کردووە، ناوبانگ و وێنەتی داگیر کردووە، ئێستا و دوێنێتی داگیر کردووە، لەوانەیە سبەینێشت داگیر بکات، تەنانەت چواردەوری ماڵیشتانی داگیر کردووە و ھاکا زانیت ماڵەکەشتانی داگیر کرد. بەڵام، بەڵام، بەڵام ناتوانێت ئاگایی و ھۆش و بیرت داگیر بکات، ئاگایی و ھۆش و بیرت ھی خۆتن، ھەر بە ئاگایی و ھۆش و بیریش ژیان دەگۆڕێت.

تۆ لەشت نیت، لەشتت ھەڵنەبژاردووە و ھی تۆ نییە، ئەگەر ھی تۆ بووایە ھەر لە سەرەتاوە خۆت ھەڵتدەبژارد. ھەر شتێک بێ ویستی خۆت بۆیان ھەڵبژاردبێتیت، ئەو شتە ھی تۆ نییە، تا ئەو چرکەیەی خۆت بڕیار دەدەیت بیکەیت بە ھی خۆت، نەک ئەوانی تر بڕیار بدەن بیکەن بە ھی تۆ و تۆش بە قسەیان بکەیت و شوێن قسەکەیان بکەویت. بۆیە پێویست ناکات بۆ لەدەستچوونی شتێک، کە ھی تۆ نییە و پێناسەی تەواوی تۆ ناکات، ئاوھا ببەزێیت. پێویستیش ناکات مرۆڤ کۆی ژیانی ببەخشێت بە شتێک کە ھی خۆی نییە. بەشێکی پێ ببەخشە، نەک ھەموو، ئەو بەشەش تا کەمتر بێت باشترە. لەش بەشێکی ئێجگار کەمی شوناسی تۆ ھەڵدەگرێت، ئەگەر لەشت ھی تۆ بووایە، بیر بکەوە، ملیۆنان خەڵک لەسەر ئەم زەوییە ھەر لە لەدایکبوونەوە لە لەشێکی نەخۆشدان، ئایا خۆیان ئەو لەشەیان ھەڵبژاردبوو؟ ئەگەر خۆیان ھەڵیانبژاردووە، بۆچی ئەو لەشە نەخۆشەیان ھەڵبژاردووە لە کاتێکدا بە ملیۆنان لەشی دروست ھەن؟ ملیۆنان کەس لەسەر ئەم زەوییە ڕەنگی پێستیان بە جۆرێکە کە تەنھاوتەنھا لەسەر ئەو ڕەنگی پێستە سزا دەدران و بە کۆیلە دەکران، وەک ڕەشپێستەکان، ئایا خۆیان ڕەنگی پێستی خۆیانیان ھەڵبژاردووە؟ یان لە لەدایکبوونیانەوە پێستیان وایە؟ تۆ لە لەشت مەزنتریت، تۆ ئەو ئاگایی و ھۆش و بیرەیت کە لە پشتی لەشتەوەیە: ئاگایی و ھۆش و بیر: ئاھۆبی. ئەگەرچی ئاگایی و ھۆش و بیریشت ھەر بە دەستی خۆت ھەڵتنەبژاردووە و خەڵکانێک ھەن دەژین و دەمرن و ھۆشیار و ئاگادار و بەبیر نابن، بەڵام ئەوێ باشترین و قووڵترین جێی شوناسی تۆیە، لەوێ دەتوانیت ئازاد بیت، لەوێ دەتوانیت ڕەنگڕێژی بۆ ئازادیی لەش و نەتەوەکەت و جیھانیش بکەیت. ئەگەر بڕیار دەدەیت یەکێک لەو شتانە ھەڵببژێریت کە بە ڕێکەوت بەرتکەوتوون، ئاگایی و ھۆش و بیرت ھەڵببژێرە. ئەم لەشەت پێکار و پارچەیەکی لکاوە بە ئاگایی و ھۆش و بیرتەوە، دەتوانیت ئاگایی و ھۆش و بیرتی پێ دەوڵەمەندتر بکەیت، واتە لەشت بخەیتە خزمەتی ئاگایی و ھۆش و بیرتەوە، یان دەتوانیت ئاگایی و ھۆش و بیرتی بۆ تەرخان بکەیت، واتە ئاگایی و ھۆش و بیرت بکەیتە خزمەتکار و کۆیلەی لەشت؛ ئەوەی دووەم ھەڵمەبژێرە. لەشی تۆ بەندیخانەی بوونی خۆتە. سەدان جار ھەبووە ویستووتە لە یەک کاتدا لە سەد شوێن بیت، بەڵام نەتتوانیوە: کە منداڵتر بوویت ئەم خۆزگەیەت تۆختر بوو، حەزت دەکرد لای دایەش بیت، چونکە خۆشت دەوێت، لای بابەش بیت، چونکە ئەویشت خۆش دەوێت، لە کۆڵانیش بیت و یاری بکەیت، چونکە ئەوێش، دوور لە ئێستا، خۆش بوو. بەڵام لەشت ھەرگیز ناھێڵێت ئەوە بە دی بھێنیت، چونکە بە بۆنەی لەشتەوە دەبێت لە یەک کاتدا لە یەک شوێن بیت. بیر بکەوە، ھەزاران جار لە ھۆشی خۆتدا فڕیویت، چوویتەتە ڕابردووەوە و چوویتەتە داھاتووەوە، بەڵام لەشت لە ئێستای ھەمیشەییدا بەندی کردوویت. بە ھۆش چوویت بۆ ڕۆژھەڵات، بۆ ڕۆژئاوا، بۆ باشوور، بۆ باکوور، چوویتەتە ناو گەردیلەی بەفرەوە، چوویتەتە ناو گەرمیی ئاگرەوە، بەڵام لەشت ناھێڵێت لە ئێرەی ھەمیشەیی زیاتر بۆ ھیچ کوێیەک بچیت. سەدان جار بە ھۆشت گەڕاویتەتەوە بۆ ئەو ڕۆژەی سڵاوت لە دەست دەرچوو و دەستەواژەی ئەسپوعەرەبانەت لە زار دەرچوو، یان چوویتە سەربان و تانکییەکانت پشکنی و تووشی یەکەم کارەساتی شکۆشکاندنت بوویت، خۆزگەت دەخواست بگەڕێیتەوە و بزانیت کە ئەوە دەستپێکی ئەم ڕۆژە ڕەشەت بوو، فێڵێک بوو بۆ فریودانت، دەتویست ھەلێکی ترت ھەبووایە کە بتتوانیایە خۆت دەرباز بکردایە. ئەگەر لەم لەشەتدا نەبوویتایە، دەتتوانی ڕاستەوخۆ لەژێر دەستی ھەموو کەسێک خۆت ڕزگار بکەیت و پێیان پێبکەنیت؛ دەتتوانی بچیتە ڕۆژی دواتر، یان وڵاتێکی تر یان سەد وڵاتی تر لە یەک کاتدا، یان ھەموو جیھان و گەردوونەکان لە یەک کاتدا؛ ھێز نەدەبوو تۆ بخاتە ژێر زاڵێتیی خۆیەوە. بۆیە تۆ لەشت نیت، تۆ ئاگایی و ھۆش و بیرتیت: تۆ ئاھۆبیتیت. تۆ لەشت داگیر کراوە نەک ئاھۆبیت. ڕەنگە ئێستا پێی نەزانیت، بەڵام ئاھۆبیت ھی خۆتن و داگیر ناکرێن، مەگەر بە دەستی خۆت بیاندەیت بە داگیرکەرەکەت، بۆیە ئاھۆبیت بە ھیچ کەس مەدە، ڕۆژێک دێت لەشت ئازاد دەبێت، بەڵام کە لێگەڕایت ئاھۆبیت داگیر بکرێت، ئەوکات ھەرگیز ھەست بە ئاسوودەیی دەروون ناکەیت. دەشێت ڕۆژێک بێت مرۆڤ لەشی خۆی وەک کراسێکی کۆنەساڵ دابکەنێت و بتوانێت ئاھۆبیی خۆی بخاتە لەشێکی ترەوە، ئەو کاتە زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە تۆ لەشت نیت و لەشت پێکاری بەردەستی ئاھۆبیتە.

تۆ ناوبانگ و وێنەت نیت، تۆ لە ناوبانگ و وێنەکەت مەزنتریت. ئەگەر ناوبانگت ھی تۆ بووایە ئەوا ڕووداوێکی نەویستراوی تۆ ئاوھا ڕکێفی ناوبانگتی نەدەکرد، خۆت لە ھەڵبژاردنی ناوبانگەکەتدا دەستت دەبوو. ئەگەر ناوبانگت ھی تۆ بووایە ئاوھ’ەک گۆشتی ئاسکێکی کوژراو بە دەم بەچکە کەمتیارەکانی گەڕەکەوە ھەپڕوون بە ھەپروون نەدەکرا، دەستێکت دەبوو لە پارێزگاریکردن لێی. بەڵام ئەم ناوبانگە زڕاوەی تۆ ئێستا بۆ زۆربەی کەسانی تر بووە بە قەڵغانێک و لە پشتیدا ئابرووی چووی خۆیان دەشارنەوە. ھەمووان دەزانن ھاوبەشی تاوانن، بەڵام کاتێک باس دێتە سەر باسی تاوان، ھەمووان قەڵغانەکانیان بەرز دەکەنەوە کە چیرۆکەکەی تۆیە، تۆی بەستەزمان، بۆیە سەرنجی ھەمووان دەچێتە لای تۆ و کەس باسی پیسی و بێئابروویی و دڕندەیی و ژەھراوێتی و ستەمکاری و زۆرداری و بەرەڵڵاییەکانی ئەوان ناکات. کەس باسی دەستدرێژییەکانی ئەوان ناکات، چونکە بە ھەموویان تۆیان بەرز کردووەتەوە بۆ لوتکەی خۆیان و تۆ ئێستا بوویت بە لوتکەی شاخەکە و لە ھەموو چاوەکانەوە دیاریت. بەڵام کەس تەماشا ناکات لەژێر ئەم لوتکە دیارەدا چ بنارێکی مەزن ژەھر و ستەم و دەستدرێژی و دڕندەیی و بێئابروویی و بەرەڵڵایی و گەمژەیی ھەیە کە ھەموویان لەژێر تۆی لوتکەدا خۆیان شاردووەتەوە. ستەمکاریی مرۆڤی سەرەتایی ئەم سەردەمە ئەوەیە ھەمووان بەپەلەن لە پەنجەڕاکێشان بۆ نەنگیی ئەوانی تر، بەڵام کەسیان ناوێرن و زات ناکەن بۆ چرکەیەکیش پەنجە بۆ خۆیان ڕابکێشن. بەکتریایەک لە چاوی تۆدا دەبینن و کاریتەیەک لە چاوی خۆیاندا نابینن. دیاس گیان، وێنەی تۆ دەمێکە لە دەستی تۆ دەرچووە و حەمەڕەحمە بە ویستی خۆی دەینەخشێنێت و تەفروتونای دەکات و منداڵانی گەڕەکیش لە پشتیەوە بوودەڵەیی و ترسنۆکی و سەرشۆڕی و ملکەچی و نەزانی و ستەم و بێئابروویی خۆیان دەشارنەوە. تۆ لە ھەر شوێنێک بیت، چەندین خەڵکی تر دەبینیت کە ھەمان ئەو بیرۆکەیەیان ھەیە کە منداڵانی گەڕەکەکەت ھەیانە، ملیۆنان کەس لەم جیھانەدا ھەن لە پشت چیرۆکی شکۆشکاندنی قوربانییەکەوە خۆیان و بوودەڵەیی و تاوانەکانی خۆیان دەشارنەوە و دەکەونە سەرکۆنەی قوربانی، لە بری ئەوەی تاوانکار تاوانبار بکەن، ھەر بۆیەش ڕقیان لەو سۆزانییانەیە کە بە ئاشکرا لە خۆشیخانەکاندا کار دەکەن، چونکە خۆیان بە دزییەوە کەموزۆر ھەمان کار دەکەن، بەڵام لەشبازییە نھێنییەکەی خۆیان لەژێر لەشبازییە ئاشکراکەی سۆزانییەکەدا دەشارنەوە. حیزبە ڕامیارییەکان ڕقیان لە دزە، چونکە دزەکان بە ئاشکرا دزی دەکەن و حیزبەکان بە نھێنی دزی دەکەن و ھەمووان دزییە شاراوەکانی خۆیان لەژێر دزییە ئاشکراکانی دزەکاندا دەشارنەوە. سەرۆکەکان دژی بکوژەکانن، چونکە بکوژەکان بە ئاشکرا مرۆڤ دەکوژن، سەرۆکەکان بە نھێنی دەیانکوژن و ھەموو کوشتنە نھێنییەکانی خۆیان لە پشت ھەواڵی بکوژە ئاشکراکاندا دەشارنەوە. ھەر نەوجەوانە ھاوتەمەنەکانت نین وەھا بوودەڵەن، بەڵکو گەورەکان پشکی شێریان بەردەکەوێت لەوەی کە قێزەونییە نھێنییەکانی خۆیان لەپاڵ قێزەونییە ئاشکراکانی ئەوانی تردا دەشارنەوە. لە ڕاستیدا گەورەکان منداڵەکانیان وا فێر کردووە، چونکە منداڵ و نەوجەوان خۆیان لە کوێ بیروباوەڕی وەھا بھێنن ئەگەر کۆمەڵ فێریان نەکەن؟ سەرۆکی وڵات ھەن وان، سەرمایەداری گەورە، ڕابەری دینی، ئەندازیار، ھونەرکار، پزیشک، دەرمانفرۆش…تد. ناوبانگ و وێنەت شتێکن خەڵکان بە ڕێژەیی لێی دەڕوانن. ھەر تۆ نیت، بەڵکو بە ملیۆنان خەڵک ھەن وەک تۆ بێ ویستی خۆیان ناوبانگیان لە دەست چووە. کەسانێکی وەک کوڕ و کچانی گەڕەکی خۆت ھەن کە بە سووک تەماشای ناوبانگت دەکەن، بەڵام ڕۆژێک دێت کەسێکی وەک ھۆنوس چیرۆکەکەت دەنووسێتەوە و دەگێڕێتەوە و وێنە و ناوبانگت لە گۆشە و پەنجەرەیەکی ترەوە دەبینێت و بۆ ئەوانی تری نمایش دەکات و ستەمی کۆمەڵگاکەیان پیشان دەداتەوە تا فێریان بکات سنوور بۆ دەستدرێژی دابنێن و بە پاساوی وشەی زل زل و پاراستی نەریتی کۆنی بەزۆرپیرۆزکراو نەبنە ستەمکار. زۆر جار ڕێک دەکەوێت ناوبانگت لەو سەردەمەی تۆی تێدایت، بە ناشیرین دەبینرێت، بەڵام لە سەردەمێکی تردا بە بێگەردترین ناوبانگ دەبینرێت، چونکە ھەر سەردەمە و کۆمەڵێک پێوەری جیاوازی خۆی ھەیە بۆ کەسایەتی. سێ ھەزار ساڵ پێش ئێستا کەسی بازوودار لە بیرمەند ڕێزدارتر بووە و لە کۆمەڵگادا کەسایەتییەکی بەرزتری ھەبووە، چونکە ئەو کاتە مرۆڤ زیاتر پێویستی بە بازوو بووە وەک لە مێشکی، بۆیە ئەگەر کەسێک لە منداڵییەوە نەخۆشیی ئیفلیجیی ھەبووایە ھیچ ڕێزێکی نەبوو و ھەندێک کۆمەڵگا ھەر ئەو منداڵە ئیفلیجانەشیان فڕێ داوە. ئێستاش ھەر لای زۆر کەسی سەرەتایی کۆیلەی کار ھەر وایە، بەڵام ھەندێک کەس ھەن لە ئەمڕۆماندا ڕێز لە بیرمەند دەگرن. ئۆف، بمبوورە ئەم نموونەیەیانم ھەڵە بوو، چونکە لەو ڕووەوە پێش نەکەوتووین! ھێشتا ھەر بە بازوومانەوە دەنازین، ئەگەرچی ئێستا بازووی یەکێکی ترمان بە کرێ گرتووە و لە بری بازووی خۆمان بە کاری دەھێنین، بەڵام بازووی خۆمان و بازووی بەکرێگیراومان ھەر بازوون. ئێستاش وڵاتەکان لە بری بازووەکەی جاران چەکی جۆراوجۆر و چەکی ئەتۆم دروست دەکەن بۆ کڕینەوەی ڕێز و پلەوپایەی خۆیان. تەنانەت لە زۆر زماندا وشەی بازوو و وشەی چەک و جەنگ ھاوواتان و ھەمان بنجیان ھەیە، وەک ئاڕم و ئاڕمی لە ئینگلیدا. بۆیە بمبوورە، لەو نموونەیەدا ھەڵە بووم و نەک پێش نەکەوتووین، بەڵکو لەوەیاندا دوا کەوتووین. بەڵام بێینەوە سەر پێوەرە جیاوازەکانی سەردەمە جیاوازەکان بۆ کەسایەتی: لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، بە ھەزاران کەسی مەزن ھەن کە لە ڕۆژی خۆیاندا بە کەم تەماشا کراون، بەردباران کراون، سزا دراون، تەنانەت کوژراویشن، بەڵام دواتر بە بەھایان زانراوە و ئەو ڕێزەیان لێ گیراوە کە شایستەی بوون. ئەگەرچی ھەندێکیان زیاتریش لەو ڕێزەیان لێ گیراوە کە شایستەی بوون و ئیتر بوون بە نەفرەت و بەڵا بە کۆڵی مرۆڤایەتییەوە، بەڵام مەبەستەکەم ئەوەیە زۆر جار پێگەی کەسێتیت پێش یان پاش سەردەمی خۆت دەکەوێت. تۆش ڕەنگە ڕۆژێک بێت و خەڵکان ستایشت بکەن و ئەو ڕێزەت بۆ بگەڕێننەوە کە لێت زەوت کرا، ئەو ڕێزەی لە کاتی تیرۆری شکۆکەت و دوای ئەو کاتەش ھەر شایستەی بوویت. ڕەنگە ڕۆژێک بێت ئاسوودەیی دەروونت ھێند فراوان بێت کە تەنانەت بتوانیت لە دوژمنەکەشت، بەڵێ لە دوژمنەکەشت، لەو سەرسەرییە بەربادەش ببووریت و لێی خۆش بیت. ڕۆژێک بێت حەمەڕەحمە و ھاوبیرانی بە شەرمەزاری و پەشیمانییەوە باوەش بە گەردی بەر پێتدا بکەن و تۆش کە لە ھەموو کەس زیاتر لە دەروونی وردوخاشبوو تێدەگەیت، با ھی دوژمنیشت بێت، دەستی میھرەبانیت بھێنیت بەسەر سەریدا و پێی بڵێیت: «ھەڵستە و مێشکە پەشیمان و پیشخواردووەکەت ھەڵبگرەوە، ئەگەر تۆ گەیشتیتە ئەو پلەیەی لە خۆت ببووریت، بزانە کە منیش لێت دەبوورم. ڕاستە تۆ منداڵیی منت دزی، شکۆی منت دزی، ئابروو و وێنە و دڵخۆشی و لەشی منت دزی، بەڵام نەتتوانی ھیچیان بکەیت بە ھی خۆت؛ ئەو ھەموو کاتەت لە من دزی کە دەمتوانی تیایاندا ئاسوودە ببم، بەڵام سوودت لە یەک چرکەیان نەدی، نەتتوانی یەک چرکەی دزراوم ببەیت، نەتتوانی یەک چرکەی تەمەنی جوانیم بکەیت بە ڕوخساری قێزەونتەوە». بۆیە ئیتر دەستبەرداری ئەم پیشخواردنەوەیەت بە، تۆ لەو وێنە و ناوبانگە مەزنتریت کە وا دەزانیت ھی تۆیە و لە ڕاستیدا ئەوە وێنەی تۆیە بە پێنووسی ئەوان، نەک بە پێنووسی خۆت. ئاھۆبی دەتوانێت بەسەر ئەو وێنە کێشراوەت و ناوبانگەتدا زاڵ بێت.

تۆ تەنھا دوێنێت نیت، تەنھا ئێستات نیت و تەنھا داھاتووش نابیت؛ تۆ باووباپیرانت نیت، درێژکراوەی خەونی کەس نیت. با ئەوانیش تۆیان بۆ پێویستی و ویستی خۆیان ھێنابێت، چونکە زۆر دایک و باوک منداڵەکانیان بۆ ویست و خەونی خۆیان دەھێننە دونیاوە، ھەندێکیان ئەوەندە ستەمکارن تەنانەت بۆ خزمەتی خۆشیان دەیانھێننە دونیاوە، دەڵێن: «بۆیە منداڵم ھێناوەتە دونیاوە، تا کە پیر بووم خزمەتم بکەن!» زۆربەی خەڵکیش ھەر لە منداڵییەوە ئەم بیرۆکەیەیان بێ پرسیار وەرگرتووە و بە ڕاستیان زانیوە و تا پیربوونیان لەسەری دەژین و ئەم بیرۆکەیە دەگوێزنەوە بۆ نەوەی دوای خۆیشیان. بەڵام ئەم بیرۆکەیە کوێی ڕاستە؟ ئەی ئەوانەی منداڵیان نابێت؟ ئەی ئەوانەی منداڵی کەمئەندامیان دەبێت؟ ئەی ئەگەر پیر نەبوویت و ھەر بە گەنجی مردیت؟ ئەو کات منداڵەکانت خزمەتی کێ بکەن؟ ئەی ئەوانەی منداڵەکانیان بە گەنجی لە دەست دەدەن؟ بۆیە لەوانەیە دایکوباوکت ویستیان لە تۆ ھەبووبێت، بەڵام تۆ ئەوان نیت، تۆ باپیرت نیت، باوانت کۆتێکن لە ملتدا، دوێنێ کۆتێکە لە ملی ئەمڕۆتدا. نەکەیت خۆت بکەیت بە ھیچ کەسێکی پێش خۆت، بە باوکت، بە باپیرت، بە باوکی باپیرت، چونکە جیھان باوکتی دیوە، باپیرتی دیوە، تۆی نەدیوە، تۆ تۆیت و دەتوانیت خۆت بیت و کەسی تر نەبیت. ھەوڵدانت بۆ درێژکردنەوەی بوونی ھەر کەسێکی تر، بە تایبەتی کەسانێک کە لە ڕابردوودا ژیاون، پڕۆژەیەکی شکستخواردووە و بەو جۆرە ژیانەت ژیانی خۆت و خەڵکانی چواردەوری ئێستات دەکەیت بە دۆزەخ. ئەگەر باوک و دایکت تۆیان ھێناوەتە دونیاوە بۆ ئەوەی ببیت بە وێنەی لەبەرگیراوەی ئەوان، ئەوە ئازادن لەو باوەڕە، بەڵام نەکەیت تۆش بچیتە سەر ئەو باوەڕە، تۆ ئەوان نیت، مەیانسڕەوە، نکۆڵییان لێ مەکە، ڕقت لێیان نەبێت، تەنانەت خۆشیشت بوێن، بەڵام بزانە تۆ ئەوان نیت و تۆ تۆیت. تۆ ڕابردوو نیت، تۆ باوانت نیت، ئەگەر تۆ باوکت بیت، کەواتە بە ھەمان پێوەر دەبێت باوکیشت باپیرت بێت، باپیریشت بابە گەورەت بێت، ھەر بە ھەمان ئەو پێوەر و پێودانگە کەواتە تۆ بابە ھەرەگەورەتیت کە خۆشت نازانیت کێیە کە ھەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە؛ با زیاتریش بڕۆین، کەواتە تۆ ھەر ئەو ئەیپەیت کە لێوەی پەرەت سەندووە، بۆیە دەبێت وەک ئەو ئەیپەش ڕەفتار بکەیت کە وردەوردە بوو بە مرۆڤ، دەبێت لەو ئەیپەشەوە بڕۆیت بۆ ئەو بەکتریایەی سەرەتا لێوەی پەرەت سەندووە. ئەگەر باوەڕیشت بە دینێک ھەیە، وەک دینە ئیبراھیمییەکان، ئەوا دەبێت وەک یەکەم کەس ڕەفتار بکەیت کە دروست کرا، واتە ئەگەر ئادەمیت، فەرموو گەڵای ھەنجیر بکە بە ئەندامی زاووزێتەوە! تۆ ھیچ ناچار نیت ھیچ کەسێکی تر بیت جگە لە خۆت، ئەگەر ئابرووی تۆ بچێت ئابرووی باوکت ناچێت، ئەگەر ئابرووی باوکت بچێت ئابرووی تۆ ناچێت. تۆ نە خوشکەکەتیت، نە دایکتیت، نە باوکتیت، نە براکەتیت، نە کەسی تریت، تۆ ھیچ کەسێکی تر نیت جگە لە خۆت. بەشێکی گەورەی ھەموو ئەم خەمانەی تۆ پیشیان پێ دەخۆیتەوە ئەوەیە کە جگە لە شکانی شکۆ و ئابروو و کەسێتیت، شکۆ و ئابروو و کەسێتیی باوان و خێوت شکاندووە؛ خێو بە واتای دایک و باوک یان سەرپەرشتیاری منداڵ، نەک دێو و درنج. تۆ خۆت بە و لێبگەڕێ ئەوانی تریش خۆیان بن، تۆ بۆ خزمەتی کەس نەھاتوویت، کەسیش با بۆ خزمەتی تۆ نەیەت؛ تۆ بۆ درێژکردنەوەی خەونی کەس نەھاتوویت، کەسیش ناچار مەکە خەونی تۆ درێژ بکاتەوە؛ تۆ بۆ ویستی کەس نەھاتوویت، کەسیش ناچار مەکە ویستی تۆ بە دی بھێنن. پاشان بۆچی خزمەتکردنی تۆ لە ھەستکردن بە جێبەجێکردنی ئەرکێکەوە بێت و لە خۆشەویستی و میھرەبانیدا نەبێت؟ بۆچی دەرفەتی ئەوە بۆ منداڵەکەت ناڕەخسێنیت کە وا ھەست بکات مرۆڤێکی میھرەبان و بەئەمەگە کە خزمەتت دەکات، نەک وەک ئەوەی ئەرکی سەر شانیەتی ئەوە بکات و ئەگەر نەیکات یان بۆی نەکرێت بیکات دەبێت ھەست بە تاوان بکات؟ تاکە دوو ھۆ بۆ خزمەتی خەڵکانی دی دەبێت میھرەبانی و خۆشەویستی بن، نەک ئەرک و زۆر، کەس ئەرکی لەسەر نییە خزمەتی کەس بکات ئەگەر لە پاڵنەری میھرەبانییەوە نەبێت. خۆشەویستی ئەرک نییە، دەشێت ئەرک خۆشەویستی بێت، چونکە خۆشەویستی جیھانێکە کە ئەرکی تێدا جێ دەبێتەوە، بەڵام ئەرک شتێکی بچووکە و مەزنێتیی خۆشەویستیی تێدا جێ نابێتەوە. ئەم بیرۆکەیەی ئەو باوک و دایکانە دەبێتە گەورەترین ڕێگر لەبەردەم منداڵەکانیاندا. سەیرترەکە ئەوەیە کە ھەندێک لەو باوک و دایکانەی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیەیان ھەیە بووشن بە دوژمنی منداڵەکانیان و لێیان دەدەن و شکۆیان دەشکێنن، کەچی ھەر داوای خزمەتیشیان لێ دەکەن! ئەم بیرۆکە بیرلێنەکراوەیەی کە منداڵ دەھێنرێتە دونیاوە بۆ ئەوەی ببن بە کۆیلەی خێویان، یەکێکی ترە لەو ھۆکارانەی مرۆڤی ئەمڕۆی ناچار کردووە لە دوێنێدا بژین و چێژ لە میھرەبانی و خۆشەویستیی خۆیان وەرنەگرن.

تۆ تەنھا ئێستات نیت؛ ئێستات، ھەر وەک دوێنێت، تەنھا وێنەیەکی ئەلبوومی ھەمیشەیی تۆیە، بۆیە ئەلبوومی ھەمیشەیی خۆت تەنھا بە وێنەیەکی ئێستات سەودا مەکە و تەنھا بە ئێستات مەینەخشێنە، جێی نەخشاندن بۆ ڕۆژی تریشت بھێڵەوە. ڕەنگە ڕۆژێک بێت گاڵتەت بەم خەمۆکییەی ئەمڕۆت بێت، ئەو ڕۆژەش دێت ئەگەر ئاھۆبیت بە گەڕ بخەیتەوە و چیتر نەھێڵیت ڕووداوەکانی چواردەورت و لەشت و ناوبانگت و وێنەکەت و دوێنێت ڕکێفی ئاھۆبیت بکەن. ھەر لەسەر ھەمان پێڕەو، تۆ تەنھا سبەینێشت نیت، سبەینێ بۆ سبەینێ لێبگەڕێ، دوێنێش بۆ دوێنێ؛ منداڵەکانت بۆ خۆیان و باوانیشت بۆ خۆیان. ئەگەر وەھا خۆت بکەیتە کۆیلەی کات و ڕووداوە بێپایانەکانی کات، ئەوا کات بەم جۆرە دەبێتە کۆتێک بە پێتەوە، تا درێژتر ببێتەوە ترسناکتر دەبێت و زیاترت دەبەستێتەوە و زنجیرت دەکات، بۆیە بە سەریدا زاڵ بە، چیتر مەھێڵە زنجیری کات پێتەوە درێژتر ببێتەوە، چونکە دواتر زیاترت پێویست دەبێت بۆ خۆدەربازکردن.

خۆبوونت و زانینت بەوەی کە خۆتیت، یەکێکە لە مەزنترین چێژەکانی ژیان، بەڵام خۆبوونت ئەوەش ناگەیەنێت کە بە زۆر وا لە خۆت بکەیت ھەموو ئەو شتانە بیت کە باووباپیرانت و کەسوکارت نین. چونکە ئەگەرچی ئێمە زۆر نەریت و خووی خراپمان لە نەوەکانی ڕابردووەوە بۆ گوازراوەتەوە، بەڵام ھەموو یەکێک لەم نەریت و خووانە زیانبەخش و خراپ نین، بۆ نموونە میھرەبانی نەریتێکی خراپ نییە، ھاوسۆزی نەریتێکی خراپ نییە، خۆشەویستیی نیشتمان، ئەگەر بۆشت نەگوازرابێتەوە ھەر نەریتێکی خراپ نییە. بۆیە با خۆبوونت نەبێتە ھۆیەک کە نەریتە باشەکانی ڕابردووش بسڕێتەوە: ئەوان میھرەبان بن و تۆ بکوژ بیت بەو پاساوەی دەتەوێت خۆت بیت و وەک ئەوانی تر نەبیت؛ ئەوان نیشتمانیان خۆش بوێت و تۆ ڕقت لە نیشتمان بێت بەو پاساوەی دەتەوێت بیسەلمێنیت تۆ ئەوانی تر نیت؛ نەخێر ئەم جۆرە ڕەتکردنەوەیە باش نییە. لەگەڵ ئەوەی کە خۆبوونت شتێکی چاکە، بەڵام ھەندێک شت ھەن شایستەن لەگەڵ چواردەورەکەتدا بەشیان بکەیت، خۆشەویستیی نیشتمان و دەوڵەتەکەت و ھەوڵدان بۆ سەربەرزکردنی لە نێو نیشتمان و دەوڵەتەکانی تردا یەکێکە لە باشترین کارەکان. لە کاتێکدا زۆربەی خەڵکی جیھان نیشتمان و دەوڵەتیان ھەیە و تۆ دەوڵەتت نییە و سەروەری خاکی خۆت نیت، ئەگەرچی ئێستانان ھەندێک کەس بە پاساوی جۆراوجۆر دەیانەوێت بیرۆکەی نیشتمانەکەشت لە مێشک دەربھێنن، ئەمە یەکێکە لە نەریت و خوو و کارە خراپەکان. ئەو کەسانەی بیرۆکەی نیشتمان و دەوڵەت ڕەت دەکەنەوە خۆیان لەسەر نیشتمانی دەوڵەتێکی تر دانیشتوون و ئەو قسانە دەکەن، ئەگەر پێویست ناکات نیشتمان و دەوڵەت ھەبێت، کەواتە با نیشتمان و دەوڵەتەکانی تر، کە ھەیانە، پێشمان بکەون و کۆتایی بە دەوڵەتەکانیان بھێنن. بەڵام لە ڕاستیدا ھەر ئەو دەوڵەتانەی ئەوان لەسەری دانیشتوون کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بێشکۆیی من و تۆی لە نیشتمان و دەوڵەت بێبەریکراو ھەیە. بۆیە لێرەدا شیاو نییە بڵێیت من خۆمم و نامەوێت لە ئەوانی تر بچم، نیشتمان و دەوڵەتمان ناوێت! نیشتمانت خۆش بوێت، ھاونیشتمانییانت خۆش بوێت و با ئەم خۆشەویستییە ببێتە خاڵێکی ھاوبەش کە تۆ و ئەوانی دی کۆ بکاتەوە. ئەگەر بیرێکی بەسوودت بۆ نەتەوەکەت پێیە ببە بە ڕابەریان و لە پاڵ نەتەوەی خۆتدا بوەستە، ئەگەر بە لەشیش بۆت نەکرا بە ئاھۆبی لەگەڵ نەتەوەتدا بە. با ھەر یەکەمان بە تامێکی جیاوازی خۆشەویستی خزمەتی نیشتمان بکەین و ھەر کەسە و لە لای خۆیەوە خۆی چاک بکات نیشتمان چاک دەبێت، لەوێوە جیھانیش چاک دەبێت. جیھان تەنھا لەبەر ئەوە شوێنێکی ناخۆشە، چونکە ھەموو خەڵکان تەنھا ئەوانی تر چاک دەکەن و ئاگایان لە خۆیان نەماوە.

خوێنەر و گوێگری بەڕێزی ئەم چیرۆکە خەمناکە، لە ئێستادا گێڕانەوەی ماوەی ئەم چیرۆکە و ئەو وانانەی دەشێت فێرمان بکەن بە ھۆنوسی ماک دەسپێرمەوە و وەک گێڕەرەوەی سەرەکیی چیرۆکەکە لە خزمەتتان مەرەخەس دەبم، پێشتر ئەو چوو لەولاوە گریا و ئێستا تەواو ژیر بووەتەوە، ھۆنوسی دووەمیش سەیرە کە بێدەنگ دانیشتووە و تەماشامان دەکات، نازانم چۆنە نەکەوتووەتە دژایەتیمان. بۆیە من لای ئێوەم خۆش و گێڕانەوە بۆ ماک بە جێ دەھێڵم.

ھۆنوسی ماک کەوتەوە گێڕانەوە و وتی:

ھیچ لە بارەی بێپەروەردەیی حەمەڕەحمەوە ناڵێم، بەڵام با بێینەوە سەر گوتاری ئەو مێدیاچییەی لە سەرەتای ئەم چیرۆکەدا بانگەشەی ھێزی خودای دەکرد و یادگەی ئێمەیان بردەوە بۆ ئەو ساڵانەی ڕابردوو؛ ھەروەھا با بێینەوە سەر گوتاری ئەو نێرانەی کۆ ببوونەوە و بانگەشەی پاراستنی دین و کولتوور و پیرۆزییەکان و بەھا باڵاکان و شیرازەی خێزانیان دەکرد و دەیانوت «کولتووری کوردی جوانترین کولتوورە» و «خێزان بناغەی کۆمەڵگایە و ھێڵی سوورە و شوناسمانە» و دژەکانی خۆیانیان بەوە تۆمەتبار دەکرد کە «دەیانەوێت بێڕەوشتی بڵاو بکەنەوە و خێزانە جوانەکانمان لە ناو ببەن و تووشی سەرگەردانی و نامۆییمان بکەن». ھەندێک کەناڵی مێدیایی، بە تایبەتی مێدیای دینزاکان، بڵندگۆ بەم جۆرە وتانە دەدەن کە لە ڕاستیدا لە وتەی ڕاست و چاک دەچن و وا دەردەکەوێت کە ئەم قسانە لە بەرژەوەندیماندا بن و وتەی بەسوود بن، ئەگەر لێیان نەکۆڵینەوە و ھەر وا ڕووکەش وەریانبگرین! گەرچی مێژوو و ئەزموونێکی درێژ لە پشت ئەم وتانەوە وەستاوە، کە ئەم مێژووە درێژە ھەزاران قوتابخانەی بۆ بڵێرەوە جیاجیاکانی ئەم ھەمان وتانە کردووەتەوە و پەیامەکانیانی بۆیان کردووە بە وێردی سەر زوبانیان، تا گەیشتووە بەوەی بڵێرەوەکانی ئەم دروشمە زلانە کۆمەڵێک وتە دووبارە دەکەنەوە کە وا دیارە خۆیشیان نازانن واتایان چییە و دەیانەوێت لە ناکاو چاوسوورکردنەوە و خۆگیڤکردنەوە و گردبوونەوە و نەڕاندن و تووڕەبوون واتایەک بدات بە وتە ھەڵە و بێواتا و زیانبەخش و بێسەرەوبەرەکانیان، واتە وا دیارە ئەم بڵێرەوانە باوەڕیان بە ھاوکێشەیەک ھەیە کە دەڵێت:

وتەی ھەڵە و بێواتا و بێسوود + خۆگیڤکردنەوە و گەرمبوون و نەڕەنەڕ

= وتەی ڕاست و واتادار و بەسوود

لێرە بە دواوە بۆ ئاسانکاریی گەیاندنی پەیامەکەم، بڵێرەوەی ئەم پەیامانە ناو دەنێم: زلبەھاییەکان، لەبەرئەوەی بەھاکانیان ئێجگار زۆروبۆر و زل و قەبەن کە ھەموو بۆشاییەکانی ژیانمانیان داگیر کردووە و مرۆڤ وای لێ ھاتووە ناتوانێت بجووڵێتەوە، ھەر چۆنێک بجووڵێیتەوە بەھایەکی زل و قەبە و باڵا دەخەیتە خوارەوە و دەشکێنیت.

من پێم وایە کەمینەیەک لە ڕابەرەکانی ئەم زلبەھاییانەی ئەم وتانە بە شوێنکەوتەکانیان دەڵێنەوە و دەڵێنەوە نیازی خراپیان ھەبێت و بە زانیاری و وتەی ھەڵە و چەواشە بیانەوێت ترسی خەڵک بە دەست بھێنن تا خەڵکی ترساو و چەواشەکراو ئاراستە بکەن بۆ ھەڵگرتنی ئەو بیروبۆچوونەی خۆیان دەیانەوێت و کوردستان بۆ ھەمیشە بکەن بە کلکی سەرشۆڕ و بەزۆرپێوەلکاوی ئەو دەوڵەتە سەرکوتکەرانەی دژی دەوڵەتی کوردستان و سەربەخۆیی و سەربەرزیی کوردانن. بەڵام پێشم وایە زۆرینەی ئەوانەی وتەکان دەڵێنەوە و دەڵێنەوە دڵسۆزی پاڵنەریان بێت و وا تێگەیشتبن کە وتەکانیان ڕاستن، بەڵام نەچووبنە بنج و بناوانی ھەڵەی گوتارەکانیانەوە و ڕابەرەکانیان ترسەکانیانی بە کار ھێنابێت. ھەر شتی لەو جۆرەش ڕوو دەدات کاتێک پەیام و وتەی سوواوی خەڵکانێکی تر لە کۆڵ دەنێیت و دووبارە و سەدبارەیان دەکەیتەوە. بەڵێ، لە ڕاستیدا پەیامەکە ھی ئەم بڵێرەوانە نییە و پەیامەکە لە کۆڵیان نراوە و خۆیشیان نازانن داکۆکی لە چی دەکەن، داکۆکی لە وێنەیەکی نەخشێنراوی ئاکار دەکەن لەسەر ھەورێک، ئەم وێنەی سەر ھەورەیان لا بووەتە ئاکاری ڕاستینە، بە وتەی پەڕتووکانێک، کە زۆرینەشیان نەیانخوێندوونەتەوە گەرم بوون.

یەکەم ھەڵەی گوتاری ئەم زلبەھاییە بەڕێزانە ئەوەیە کە پێیان وایە «کۆمەڵگای کوردی» واتە ئەوان و ھەر کەسێک ئەوان بە دڵیان نەبوو واتە لە «کۆمەڵگای کوردی»دا نییە، واتە خۆیان کردووە بە خاوەنی کۆمەڵگا و پێیان وایە دەبێت ئەو خەڵکانەی لە ھەمان سنووری بە زۆر و ستەم کێشراوی جوگرافیای نزیک ئەوان دەژین، ڕێکاوڕێک ھەڵگری ئەو وێنەی سەر ھەورە بن کە بە ئاکار بە زلبەھاییەکان فرۆشراوە و ئەوانیش بە ئێمەی دەفرۆشنەوە. پێیان وایە ئەوان ماکی کوردێتین و ھەر کەسێک وەک ئەوان بیری نەکردەوە ئیتر لە کوردبوون دەرچووە و چووەتە دەرەوە و بە «ئێمە»ەکەی ئەوان نامۆیە، کە لای ئەوان «ئێمە» و «کوردستان» و «ڕاستی» و تەنانەت «جیھان»یش یەک شتن! واتە کاتێک دەڵێن ئێمە مەبەستیان کوردستانیشە، مەبەستیان ھەموو ڕاستێتییەکە و پێیان وایە ڕاستیی ڕەھان، پێشیان وایە ھەموو جیھان ئەوانن و خۆر و مانگ و ھەموو گەردوون و گەردوونەکانی تریش، ئەگەر ھەبن، بە دەوری ئەواندا دەسووڕێنەوە! ئەمە یەکەم ھەڵەیانە، ئەو کەسانە باشترە ئەم تاپۆ خەیاڵییەی کۆمەڵگای کوردی لەسەر خۆیان لابدەن، چونکە ئەوانەشی وەک ئەوان بیر ناکەنەوە و لەسەر باوەڕەکەی ئەوان نین ھەر کوردن و لە کۆمەڵگاکەدان و کۆمەڵگاکە چەنێک ھی ئەم زلبەھاییانەیە، ئەوەندەش ھی ئەوانی ترە. ھەر لێرەشەوە کاتێک دەڵێن: «دەبێت دینمان بپارێزین»، کەس نەیوتووە دینی خۆت مەپارێزە، دینی خۆت بپارێزە و خەریکی پەرستشی خۆت بە، بەڵام دینی تۆ دینی ھەموو خەڵک نییە و بۆت نییە بە زۆر دینی خۆت بەسەر ئەوانی تردا بسەپێنیت، وەک چۆن نابێت ئەوانی تریش دین و باوەڕی خۆیان بەسەر تۆدا بسەپێنن. تۆ خەمی خۆت بخۆ و دەست وەرمەدە ژیانی ئەوانی ترەوە و بژی و لێبگەڕێ خەڵکی تریش بژین.

ئینجا ئێستا پێویستە لە وشەی «کولتوور» تێبگەین، تا بزانین زلبەھاییەکان مەبەستیان لە وشەی «کولتوور» چییە کە زووزوو لە نێو ھەموو ڕستەیەکی دروشماوییاندا دەیھاونە نێو بیستنی خەڵکانەوە. وشەی کولتوور لە چاوگی کۆلێرێی زمانی لاتینییەوە چووەتە ئینگلی و زۆرێک لە زمانەکانی تری ئەوروپاوە، ئێمەش لە ئینگلییەکە، یان لە ھی زمانەکانی تری ئەوروپامان خواستووە، یان لە عەرەبییەکەیمان خواستووە، کە لای ئەوان ثەقافەیە، کولتوور ڕاستەوخۆ بە واتای کێڵان و چاککردن و برەودان و پەرەپێدان و چاندنی زەوی دێت؛ کۆلێرە لاتینییەکە و کێلانە کوردییەکە وا دیارە ھاوبنج بن و لە ھەمان وشەوە پەرەیان سەندبێت. واتە کولتوور لە بنەچەدا وشەیەکی کشتوکاڵییە. لە کوردیدا پێی دەڵێین چاند نەک کولتوور یان کلتوور یان کەلتوور یان کەڵچەر. چونکە ئەگەر شتەکەمان ھەبووایە، دیارە وشەیەکیشمان دەبوو بۆی، کە ھەمانە، بەڵام خودی بەکارھێنانی وشەی کولتوور لە بری چاند وامان بۆ دەردەخات کە ئەو کەسانەی ئەو وشەیە بە کار دەھێنن ئاگایان لەوە نییە کە وشەمان بۆی ھەیە و شتەکە خۆیشیمان ھەبووە و ھەیە. کەواتە چاند (کولتوور) خوازەییانە (مەجازییانە) بە واتای کێڵان و چاککردن و برەودان و پەرەپێدان و چاندنی مێشک و توانا و ڕەفتار و چێژ و ئەو شتانە دێت، واتە برەودان و باشترکردنە بە فێرکردن و ڕاھێنان.

ھەڵەیەکی زەقی زلبەھاییەکان ئەوەیە وشەی چاند (کە خۆیان بە کولتوور ناوی دەبەن) لەگەڵ وشەی نەریتدا بە ئاڵۆسکاوی لە بری یەک بە کار دەھێنن. واتە ھەندێک جار کە دەڵێن چاند مەبەستیان لە نەریتە. چاند و نەریت دوو شتی جیان. نەریت وشە کوردییەکەیە، بەڵام ھەندێک کەس وشە ئینگلییەکەی بۆ بە کار دەھێنن کە ترادیشنە، یان فەڕەنسییەکەی بۆ بە کار دەھێنن کە ترادیسیۆنە، یان عەرەبییەکەی بە کار دەھێنن کە تەقلیدە و کۆکەی تەقالیدە. من لە بری ھەموویان تەنھا کوردییەکە بە کار دەھێنم کە نەریتەکەیە. فەرھەنگی ئۆکسفۆرد بەم شێوەیە پێناسەی نەریت دەکات: «کردەی گواستنەوە یان ڕادەستکردنە، یان کرۆکی ئەوەیە کە لە یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر یان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر ڕادەست کراوە؛ لەوانە: گواستنەوەی دەربڕین، باوەڕ، یاسا، خوو و ڕەفتار، یان شتی لەو شێوەیە، بە تایبەتی بە شێوەی زارەکی، یان تەنھا کردارەکییانە، نەک بە شێوەی نووسراو». چاند زیاتر سەروکاری لەگەڵ ھونەرەکاندا ھەیە، بەڵام نەریت زیاتر سەروکاری لەگەڵ دین و بڕوادا ھەیە؛ بەرھەمەکانی ئەحمەدی خانی و مەولا مستەفای بێسارانی و مستەفا بەگی کوردی و گۆران و شێرکۆ بێکەس و گۆرانییەکانی سەید عەلی ئەسغەر و حەسەن زیرەک و مەزھەری خالقی و تابلۆکانی سالار مەجید و ئیسماعیل خەیات دەچنە نێو چاندی کوردەوە، لە کاتێکدا ڕەشبەڵەک و سەردولکە و ھەرەوەزی لە دروێنە و ھەڵپەڕکێ و یادکردنەوەی نەورۆز و میھرەگان و یەڵدا و پۆشینی جلی کوردی و فەقیانە و یارییەکانی وەک ھەللووکێن و سێڕیسکێن و چاڵچاڵێن و چاوشارکێ و گەنمگرتیجۆبڕا و ئەوانە دەچنە نێو نەریتی کوردەوە. زۆربەی ھەرەزۆری نەریتی کۆمەڵگاکان لە یەک جودان، بۆ نموونە ئەوە نەریتی کۆمەڵە کەسێکە لە کوردستان کە لە کاتی مانگگیراندا تەپڵ لێدەدەن، گوایە مانگەکە بەو تەپڵە بەردەبێت، بەڵام لە نێو کۆمەڵگایەکی تردا لە کاتی مانگگیراندا مرۆڤ کراوە بە قوربانی و سەربڕراوە، چونکە پێیان وا بووە مانگگیران جۆرە سزایەکی خوداکانە بۆ سەریان و مانگ بە بەقوربانیکردنی مرۆڤێک بەردەبێت؛ بودیکا خانم، کە دایکی نووسەری ئەم دێڕانەیە، زۆر جار لە کاتی مانگگیراندا دەگری، چونکە پێی وایە مانگ لەو کاتەدا ئازاری ھەیە! لە کاتێکدا مانگ نە بە کوشتنی مرۆڤ بەردەبێت، نە بە تەپڵلێدان، نە ئازاریشی ھەیە تا بۆی بگریت! ئەوە نەریتە کە لە ژاپۆن شمشێر بە دوو دەست پێشکەش دەکرێت، بەڵام لە نێو کورددا چەقۆ یان مقەست دادەنرێت و ڕاستەوخۆ نادرێتە دەست کەسی بەرانبەر. ئەوە نەریتە لای عەرەبەکان دە کەس لە نێو یەک سینیدا بە دەست نان دەخۆن، لە کاتێکدا لە نێو کۆمەڵگایەکی تردا ھەر یەکە و قاپی خواردنی خۆی جیا دەکاتەوە. ئەوە نەریتە کە لە ماڵی زۆربەی زۆری موسوڵمانە کوردەکاندا بەیانیانی جەژنی ڕەمەزان و قوربان برنج و قەیسی لێدەنرێت، بەڵام لە ماڵی زۆرێک لە کوردە ناموسوڵمانەکان و تەنانەت ماڵی موسوڵمانی ھەندێک نەتەوەی تریشدا بەیانیان لەو جۆرە چێشتە ناخۆن. ئەوە نەریتە کە لە ژن بدەیت و کە پێت وا بوو گوێڕایەڵیی تۆی نێر ناکات بیکوژیت، لە کاتێکدا لە کۆمەڵگایەکی تردا وا ناکرێت. ئەوە نەریتە منداڵ بە زللە و شەق و دار و لێدان فێری شتانێک دەکرێت کە ھەرگیز لە ژیانیدا پێویستی پێیان نابێت و لە کۆمەڵگایەکی تردا منداڵ وا فێر ناکرێت.

چاندی کورد ھەمووی جوان و بەسوود و چێژبەخش و ڕۆشنبیرکەر نییە، بەڵکو بە دەیان پەڕتووکمان ھەن کە یان بۆمانیان وەرگێڕاوە، یان بەناوزاناکانمان بۆمانیان نووسیوە کە پڕن لە درۆ و چەواشەی مێژوویی و دەستکاریی مێژوو بە بەرژەوەندیی لایەنێک و پڕن لەو باسانەی چۆن ژن بکرێتە کۆیلەی ئاڵۆشەکانی نێری بڕوادار و چ جۆرێکی تڕ دەستنوێژ دەشکێنێت و چ جۆرێکی نایشکێنێت و ئەم جۆرە بەرە گەنیوانەی تر. ھەموو نەریتێکی کوردیش ھەر جوان نییە، دوژمنایەتی، ژنبەژن، ژنکوشتن، مارەبەجاش، لەژندان، شەڕەگەڕەک، خەتەنەی کچ، لەمنداڵدان، خۆکردن بە کەمئەندام تەنھا بۆ وەرگرتنی مووچەی سۆشیال و کارنەکردن، دەستڕێژی ناو ئاھەنگ، تەقەی خۆشی و ناخۆشی، خوێنبەخوێن، منداڵبازی، شکاندنی سیفۆنی تەوالێت، نەگرتنەوەی ئاو، خیانەتکردن لە نیشتمان و ھاونیشتمانییان و دەیان نەریتی تر ھیچیان جوان نین و شایستەی پاراستن نین و چیتر پێویست نییە ئەم پۆخڵەواتانە ببنە شوناسمان و لێمان بکرێن بە شوناس و پیرۆز بکرێن. نووسەرێکی کورد ھەیە ناوی نەوا موکرجییە، وتارێکی ھەیە بە ناوی لایکی برەودان و لەو وتارەدا لیستێکی درێژتری لەم نەریتە بۆگەنانە ڕیز کردووە، کە من لەوێوە ھەندێکم لێیان ھێنا، دەتوانن بچن بیبیستن یان بیخوێننەوە، بەڵام بەڕێزیان بە ھەڵە وشەی «کەلتوور»یان لە بری «نەریت» بە کار ھێناوە. نەریت بنەمایەکی بەھێزی نییە و تەنھا لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر ڕادەست دەکرێت و زۆربەی جار کەس پرسیار لە باش و خراپیی ئەم نەریتانە ناکات، کاتێکیش یەکێک دێت و دەیانخاتە ژێر پرسیارەوە، دەیانی وەک زلبەھاییەکان دێن و سەنگەری لێ دەگرن و بە پاساوی ئەوەی کە کەسی پرسیارکەر کۆمەڵگاکەیان تێکدەدات و شیرازەی خێزانە شکستخواردووەکانیان دادەڕمێنێت و ئەم جۆرە قسە پووچانە دژایەتیی دەکەن و نەریتە ناشیرینەکان دەپارێزن و دژایەتیی نەریتە جوانەکان دەکەن. وەک دەبینرێت، خەرمانی چاند کاری ئێجگار نایابی وەک مەم و زینی خانیی تێدایە، بەڵام پەڕتووکی زۆر بۆگەنی ھەندێک لە لایەنە زلبەھاییەکانیشی تێدایە کە پڕن لە درۆی شاخداری مێژوویی. خەرمانی نەریتیش کردەی ئێجگار نایابی وەک ھەڵپەڕکێ و نەورۆزی تێدایە، بەڵام ئەو نەریتە خراپانەشی تێدایە کە ھەندێکیانمان ڕیز کرد: لە نەریتماندا شکۆ و نیشتمانپەروەریی قازی محەممەدی تێدایە و سەرشۆڕی و خیانەتی جاشەکانیشی تێدایە؛ بلیمەتیی کۆچەر بیرکاری تێدایە و دەبەنگیی منیشی تێدایە کە ھەمیشە لە وانەی بیرکاریدا دەکەوتم.

بۆیە کاتێک چاند (کە زلبەھاییەکان پێی دەڵێن کولتوور)، لەگەڵ نەریتدا بە گشتی پیرۆز دەکرێن، واتە کۆی ھەموو ئەو بەرھەمانە و ئەو کردانە پیرۆز دەکرێن: ھەم ژنکوشتن پیرۆز دەکرێت، ھەم ژن و بارانی شێرکۆ بێکەس، ھەم داگیرکردنی موڵکی خەڵک پیرۆز دەکرێت، ھەم داگیرکردنی تاریکیی بەختیار عەلی. بۆیە لە لایەک ھەڵەی گوتاری زلبەھاییەکان لێرەدا ئەوەیە کە ئەوان بە ئاشکرا بژاری ئەو چاند و نەریتە ناکەن کە لە خەڵکیان پیرۆز کردووە، لە لایەکی تر کاتێک باس لە چاند یان نەریت دەکەن، خۆیان بە نھێنی و لەناو خۆیاندا ھەندێکیان لێ بژار کردووە و مەبەستیان ھەندێکە لەو نەریت و چاندانە، نەک ھەمووی. ئەگینا کاتێک دێن و بەرگری لە بڕوای خۆیان دەکەن و بڕوای دینی خۆیان بەسەر ھەموو کورددا گشتاندووە، خۆ بڕوا لە باوان و دایانەوە بۆ نەوەکان داچۆڕاوە و ڕاستەوڕاست دەچێتە ژێر پێناسەی نەریتەوە، واتە باوەڕی خەڵک نەریتە، ئەگەر ئەم نەریتە پیرۆزە و دەبوو نەگۆڕایە، کەواتە بۆچی کوردانتان ناچار کرد دەستبەرداری دینی باوان و دایانیان بن کە زەردەشتی بوو؟ زلبەھاییەکانمان نەدی بێن و بڵێن نابێت مرۆڤ دینی باوان و دایانی بگۆڕێت کاتێک باسی ھەر دینێکی تری جگە لە دینی خۆیان دەکەن. باوەڕھێنان بە حیزبێکی دەسەڵاتدار، یان بێدەسەڵات، ڕاستەوڕاست دەکەوێتە ژێر پێناسەی نەریتەوە؛ ئەی بۆچی زلبەھاییەکان نەھاتن و بڵێن نابێت کەس بڕوای بە حیزبەکان بگۆڕێت و داکۆکی بکەن لەسەر ھێشتنەوەی باوەڕی خەڵکان بە سەرکردەکانیان و حیزبەکانیان؟ خۆیان ڕۆژبەڕۆژ خەریکی باڵباڵێنن لە نێو حیزبەکانی خۆیاندا و بەم ڕۆژگارە نەریتەکانی خۆیان دەشکێنن و باوەڕ بە خۆیان لە دەست دەدەن و بچووکتر و بچووکتر دەبنەوە و یەکتر تەکفیر دەکەن، کەچی داوا لە ئێمە دەکەن نەریت بپارێزین! يَا أَيُّھا الَّذِينَ آمَنُوا لِمَ تَقُولُونَ مَا لَا تَفْعَلُونَ، ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە، بۆچی ئەوە دەڵێن کە نایکەن؟ بەڵام ئەوە دەڵێن کە نایکەن، چونکە خودی ئەوەی بانگەشەی بۆ دەکەن و لە خەڵکی زل دەکەن بنەمایەکی فشەڵ و پووچی ھەیە. بەڵێ، نەریت بنەمایەکی فشەڵی ھەیە و زوو لە بەردەم گۆڕانکارییەکاندا چۆک دادەدات: ھەزاران ساڵ بوو نەبوونی تەلەفۆن یەکێک بوو لە نەریتەکانی کۆمەڵگای کوردی و تەنانەت ھی ھەموو جیھانیش، بەڵام ئەم نەریتە ھەزاران ساڵەییە لەبەردەم ھەبوونی تەلەفۆنی گەڕۆکدا، واتە مۆبایل، ملی کەچ کرد و ئێستانان بە دەگمەن کەسێک ھەیە ئەم تەلەفۆنە گەڕۆکەی پێ نەبێت. بەڵام زلبەھاییەکانمان نەدی بێن و بڵێن: نابێت تەلەفۆنی گەڕۆک ھەڵبگیرێت، چونکە لە کولتوور و نەریتی بەرز و جوانماندا نەبووە و پێغەمبەری نازدارمان تەلەفۆنی گەڕۆکی پێ نەبووە، بۆیە نابێت ئێمەش ھەڵیبگرین! نەبوونی تەلەفیزیۆن نەریت بوو، بەڵام نەریتەکە چۆکی دادا و ئێستا زۆربەی خەڵک تەلەفیزیۆنێکیان لە گیرفاندایە؛ زلبەھاییەکانمان نەدی بڵێن نابێت لەگەڵ خۆتاندا تەلەفیزیۆن ھەڵبگرن، چونکە دژی نەریتەکانمانە. بە ھەزاران ساڵ کۆمەڵگای کورد و عەرەب و ھەموو جیھانیش لە بەردەم ڤایرۆس و بەکتریایەکی نەبینراودا دەیانناڵاند و پۆلپۆل دەمردن و ھەر نەشیاندەزانی کە نەخۆشی و مردنەکانیان پەیوەندیی بە جۆرە تەنێکی بچووک بچووک بچووکەوە ھەیە کە بە چاوی ئاسایی نابینرێت و ئەم تەنە بە-چاوی-ئاسایی-نەبینراوە تەمەنی تەندروستیی درێژ درێژ درێژی مرۆڤان کورت کورت کورت دەکاتەوە و خەڵکی گەورە گەورە گەورەی تەنانەت وەک خودی پێغەمبەریش دەکوژێت. بەڵێ، ھەر ئەو ڤایرۆسەی ئێستانان زلبەھاییەکان وەک بەڵگەی دەسەڵاتی خودا پێناسەی دەکەن. کە لە سەد و حەفتا ساڵی ڕابردوودا زانست وردەوردە بەکتریا و ڤایرۆسی دۆزییەوە و دەرمانی لە دژیان دروست کرد، زلبەھاییەکانمان نەدی بێن و بڵێن: نابێت زانست لە دژی ناتەندروستیمان کار بکات و ئێمە بە عەشقەوە دەچین بەرەوپیری مەرگەوە لە کاتی بوونی شێرپەنجە و مایەسیری و شەکرە و کۆلێرا و خوێنەچۆڕێ و فشاری خوێن و سیل و باداری و فەرەنگی و ھەوبوون و ئاھۆ و ئاوڵەدا، چونکە دەرمانی دژەڤایرۆس و دژەبەکتریا لە نەریتماندا نییە. نەخێر و سەدان جار نەخێر، ئێستا زۆرێک لە زلبەھاییەکان خۆیان پزیشکن و خەستەخانەیان ھەیە و دینەکەیان بۆ فرۆشی خەستەخانەکەیان و خەستەخانەکەشیان بۆ کارنامەی حیزبە بەدینڕووکەشکراوەکانیان بە کار دەھێنن. ھا لە کوێن زلبەھاییەکان؟ کەی دژایەتیی ڤایرۆس لە نەریت و چاندی ئێوەدا ھەبووە؟ بۆ ناچنەوە سەر چارەوەرگرتن بە خوێندنی دم و ویردێک بەسەر خۆتاندا؟ زلبەھاییەکانمان نەدی لە کاتی نەبارینی باراندا بووکەبەبارانێ ھەڵدەن، ئێستانان ھەندێکیان وازیان لە بووکەبەبارانێ ھێناوە، کە ئەوە خۆی دژایەتیی نەریتی باوان و دایانمانە، ھەندێکی تریان کە نەریتی دینیی داگیرکەرەکەیانیان وەرگرتووە، کە ئەمەش ھەر ھەڵگەڕانەوەیە لە نەریتی باوان و دایانیان، دەچن نوێژەبەبارانێ دەکەن، لە کاتێکدا نە نوێژەبەبارانێ و نە بووکەبەبارانێ باران نابارێنن! ھونەر و موزیک و گۆرانییەکانمان ڕاستەوڕاست دەچنە ژێر چەتری چاندی کوردەوە، بەڵام ڕۆژ نییە زۆرێک لە زلبەھاییەکان گاڵتە بە ھونەر و وێژەمان نەکەن و ھەوڵ بۆ قەدەغەکردنی نەدەن. ئەی کوان بۆ بەرگری لە چاندە جوانەکەتان؟ یان خۆتان گوتەنی کولتوورە جوانەکەتان؟ بانگەشەی دادپەروەربوون دەچێتە ژێر چەتری نەریتەوە، کەچی کە دێتە سەر مافی خانمان زلبەھاییەکان ھەموو یەکدەنگ دژی ھەموو سەروەری و سەربەخۆیی و مافێکی ڕەوای خانمانن و تا ئێستاش وەک نەریتە بۆگەنەکەی کۆنیان ژن وەک موڵکی تایبەتی نێر تەماشا دەکەن. کوان بۆ دادپەروەری بۆ خانمان؟ یان مەبەستتان لە دادپەروەری تەنھا بۆ ئەو نێرانەیە کە وەک خۆتان بیر ناکەنەوە؟

ھەموو نەریتەکان، ھەموو بەرەکانی چاند جوان و باش و سوودبەخش نین. زلبەھاییەکان خۆیشیان لەگەڵ ئەمەدا کۆکن، بەڵام بە ئاشکرا نایدرکێنن و وشەکان بۆ چەواشەکردنی خەڵک بە کار دەھێنن، دەیانەوێت بە وشەی قەبە و زل خەڵکی ساویلکە بترسێنن و ھەڵبخڵەتێنن و لەژێر دەستەواژەی بەھای باڵا و چەتری چاندی بەزۆرپیرۆزکراودا ڕەوایەتی بدەن بە ژنکوشتن و لاقەکردن و لێدان و شکۆشکاندن و ھێشتنەوەی دەسەڵات و زاڵێتیی داگیرکەری کورد بەسەر کورد و سەپاندنی دین و ھەموو جۆرە تاوانێکی تر. پیرۆزکردنی ھەموو نەریتەکان و ھەموو چاند پێکەوە وا دەکات ستەم و بەدکاری و کارە خراپەکانی ناویشیان برەویان پێ بدرێت. بۆیە دەستی ئەو کەسانە خۆش بێت کە نەریتی بەد بنکۆڵ دەکەن، کە چاندی سەپێنراوی داگیرکەرانمان بنبڕ دەکەن و بژاری ئەم چاند و نەریتانە دەکەن و ئەوانە فڕێ دەدەن کە لەگەڵ کۆمەڵگای ئەمڕۆ و ژیانی ئەمڕۆی جیھانماندا ناگونجێن و ڕێ لە ھەنگاونانمان دەگرن بەرەو ئایندەیەکی پڕ لە شکۆ و سەروەری. دەستی ئەوانەش خۆش نەبێت کە دژی ھەموو نەریت و چاندێک دەوەستنەوە کە لەگەڵ کۆمەڵگای داگیرکەرەکانی ھەزاران ساڵ بەر لە ئێستاماندا ناگونجێن.

کاتێکیش دەڵێن: «کولتووری کوردی موسوڵمان جوانترین کولتوورە»، دەبێت لەوە تێبگەین ١. لەو ڕستەیەدا وشەی کولتوورەکە بە ھەڵە بە کار ھاتووە؛ وەک خرایە ڕوو: نە ھەموو چاندەکە، نە ھەموو نەریتەکە جوان و باش و بەسوود نین، تەنانەت ھەندێکیان زیانبەخشیشن؛ ٢. کە دەڵێت: «کوردی موسوڵمان» دەبێت ئەوە بزانین کە سەدان ھەزار کوردی ناموسوڵمان ھەن و کوردیشن، ئیسلامییە سیاسییەکان بۆیان نییە کوردبوون تەنھا لەسەر خۆیان تاپۆ بکەن، ئەمە جگە لەوەی لەناو موسوڵمانەکانیشدا سەدان تاقمی جیاجیا ھەن و ھەموویان نەریت و چاندی یەکتریان پێ پەسەند نییە و ھەندێکیان ئەوانی تریان پێ کافرە، بۆیە کە دەڵێت: «موسوڵمان»، مەبەستی کام جۆرەی موسوڵمانە؟ سوننەکان؟ شیعەکان؟ سۆفییەکان؟ قورئانییەکان؟ شیعەی دوانزە ئیمامی؟ عەلەوی؟ زەیدی؟ ئیسماعیلی؟ جەعفەری؟ نزاری؟ سوننەی شافیعی؟ حەنەفی؟ سەلەفی؟ سەلەفیی جیھادی؟ حەنبەلی؟ مالیکی؟ سۆفیی نەقشبەندی؟ قادری؟ موسوڵمانی نەریتیی کوردی وەک نەنک و باپیرانمان؟ کامەیانە ڕێک کولتوورەکەی زۆر جوانە؟ باشتر وایە کە لەناو خۆیاندا ڕێک کەوتن، ئەو کات بڕۆن بە خەڵکانی تر بڵێن؛ ٣. کە دەوترێت «جوانترین کولتوورە» بە چ پێوەرێک و لە دیدی کێوە جوانترینە؟ لە دیدی سەربڕێکەوە سەربڕین جوانترین نەریتە، لە دیدی من و ھۆنوسی سێیەمەوە سەربڕین یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکان و قێزەونە و دەبێت سزای گەورەی لەسەر بێت؛ ٤. دەبێت خوێنەر و بیسەر بزانن جوانی شتێکی ڕێژەییە و لە دیدی یەکێکەوە بۆ یەکێکی تر دەگۆڕێت، ئەوەی لای کەسێک جوانە، لای یەکێکی تر جوان نییە؛ «جوانترین کولتوور»ی لای یەکێک، «جوانترین کولتوور»ی لای ئەوی دی نییە، ڕەنگە لای ئەو کەسەی تر قێزەونیش بێت؛ ٥. دیسان، کە دەوترێت «جوانترین کولتوورە»، ئەمە لەگەڵ چاندی کوێی تردا بەراورد کراوە و دەرکەوتووە «جوانترین»یانە؟ لەگەڵ چاندی ھیندستان و ژاپۆن و ڕوسیا و مەکسیک و ئەرژەنتین و ئوستورالیا و چین و کۆی ھەموو کۆمەڵگاکانی تردا بەراورد کراوە ئینجا گەیشتوون بەم دەرئەنجامە؟ یان تەنھا قسەیەکی گیرفانە و ھەر وا فڕێ دراوە؟ بۆیە ئەو ڕستەیەی دەڵێت: «کولتووری کوردی موسوڵمان جوانترین کولتوورە» ڕاست نییە و قسەیەکی ھەڵەیە. کوۆد ئێرات دێمۆنستراندوم.

ھۆنوسی دووەم پرسی: «ئێ وا چاندەکەش جوان نەبوو، بەڵام خۆ ناکرێت ھەر کەسێک ھەڵبستێت و دەست بۆ پیرۆزییەکان ببات، من پێم وایە لەمەدا ئەوان ڕاستن. بۆ ئەمەیان چی دەڵێیت؟» ھۆنوسی ماک پرسی: «کام پیرۆزی؟» ھۆنوسی دووەم وتی: «کام پیرۆزی چییە؟ ھەموو پیرۆزییەکان». ھۆنوسی ماک وتی: «ئەو قسەیە ھەڵەیە». ھۆنوسی دووەم وتی: «نا، چۆن ھەڵەیە؟ زۆر ئاسانە تێی بگەیت، دەست بۆ پیرۆزییەکان مەبەن و ھەمووان بە ئاشتی دەژین، ئەمە بۆ ھەڵەیە؟» ھۆنوسی ماک وتی: «ئەو قسەیە ھەڵەیە، لەبەرئەوەی لەسەر بنەمای گریمانەیەک کراوە کە مرۆڤەکان ھەموویان وەکو قتووی پیپسی وەکو یەکن و وێنەی لەبەرگیراوەی یەکن و ھەموویان لەناو سندوقدا دانراون و ئاوھا لە کۆمپانیایەکەوە دەرکراون، ھەمان باڵا و ھەمان ڕەنگ و ھەمان ڕووکەشیان ھەیە، ھەمان ماددەیان تێدایە و ھەمان دین و ھەمان بڕوا و ھەمان زمان و ھەمان پیرۆزییان ھەیە. ئەم گریمانەیە ھە-ڵە-یە، چونکە ئەگەرچی مرۆڤان بە گشتی زۆر خاڵی ھاوبەشیان ھەیە، چ لە ڕووکەش و چ لە ناخدا، بەڵام ھەم لە ڕووکەشدا جیاوازیی زۆر و بەرچاویان ھەیە، ھەم لە ناخیشدا جیاوازیی زۆر و بەرچاویان ھەیە: بە ئاقاری مێژووی جیادا تێپەڕیون، لە توانای لەش و بیرکردنەوەدا جیان، ئازارەکانیان جیان، خەمەکانیان جیان، شادییەکانیان جیان، بڕواکانیان جیان و پیرۆزییەکانیشیان جیان. ھەموو ئەوەی بۆ مام بەکر پیرۆزن بۆ مام پەترۆس پیرۆز نین، بە پێچەوانەشەوە ھەموو ئەوەی بۆ مام پەترۆس پیرۆزن بۆ مام بەکر پیرۆز نین. لە دونیای کۆندا کە خەڵکان لە دێیەکی بچکۆلەدا ژیاون کەمێک ڕێی تێ چووە کە دێکە پاکتاو بکەن و تەنھا لایەنێکیانی تێدا بژین، بەڵام لە دونیای ئەمڕۆدا کە دونیا گەورەتر بووە و بەریەککەوتن زیاتر بووە و تا بێت زیاتریش دەبێت، پیرۆزییەکان لە یەک دەدەن و شۆرت دەکەن». ھۆنوسی دووەم وتی: «من وتم پیرۆزییەکان، واتە ھی ھەمووان، با پیرۆزیی ھەمووان ڕەچاو بکرێت و دەستیان بۆ نەبرێت». ھۆنوسی ماک وتی: «موسوڵمانێک کە ڕۆژانە پێنج جار ھاوار دەکات: ھیچ خودایەک نییە جگە لە ئەڵڵا، خودی ئەم دەربڕینە دەستبردنە بۆ پیرۆزییەکانی کاسۆلیکێک، لای کاسۆلیک عیساش خودایە و گیانی پیرۆزیش خودایە و باوکی ئاسمانیش ھەر خودایە. ھەردوو لاشیان دەستیان بۆ پیرۆزییەکانی زەردەشتییەکان بردووە کە ئەمیان دەڵێت ئەڵڵا خودایە و ئەوی تریان دەڵێت باوک و کوڕ و گیانی پیرۆز خودان، چونکە لای زەردەشتی ئاھورا مەزدا خودایە، زەردەشتی دەستی بۆ پیرۆزیی ھەردوو لایان بردووە کە پێی وایە ئاھورا مەزدا خودایە. بۆیە دانووی ھەموو پیرۆزییەکان پێکەوە ناکوڵێت و ناخرێنە یەک قتووەوە، چونکە پیرۆزییەکان خۆیان یەکتر پووچەڵ دەکەنەوە و دەست بۆ یەکتر دەبەن. بۆیە کە دەوترێت نابێت دەست بۆ پیرۆزییەکان ببرێت، دەبێت بپرسیت: کام پیرۆزی؟ پیرۆزیی کێ؟ ئینجا بۆچی؟ بە گوێرەی ئەو لایەن و کەسەی وەڵامیشت دەداتەوە وەڵامی جیاواز و دژبەیەکت دەست دەکەوێت، ھەر لەناو موسوڵماناندا ھەموو پیرۆزییەکانی سوننە و شیعە ھەمان پیرۆزی نین، ھەندێک لە پیرۆزییەکانیان دژ بە یەکتر دەوەستنەوە و شەڕی گەورەیان لێ دەکەوێتەوە و بە درێژایی مێژووش ئەم جیاوازیی پیرۆزییانە شەڕی گەورەیان لێ کەوتووەتەوە؛ ھەموو پیرۆزییەکانی سوننە و سۆفی ھەمان پیرۆزی نین، ھەندێک لە پیرۆزییەکانیان دژ بە یەکتر دەوەستنەوە و شەڕی گەورەیان لێ دەکەوێتەوە و کار بەوە دەگات کەسێکی وەکو حەللاجی لەسەر بکوژرێت؛ ھەر ئاوھاش بۆ جیاوازیی پیرۆزییەکانی قورئانییەکان و سەلەفییەکان و لق و لقۆچکەکانی تری ھەمان دین، چ جای ئەوەی بگات بە پیرۆزیی ھەموویان لە بەرانبەر پیرۆزیی مەسیحییەکدا، کە پیرۆزییەکانی لقە جیاوازەکانی مەسیحییەکانیش ھەندێکیان دژ بە یەکتر دەوەستنەوە. بۆیە وەڵامەکان بە گوێرەی ئەو کەسەی وەڵام دەداتەوە جیاواز و دژبەیەک دەبن، چونکە خودی پیرۆزییەکان خۆیان دژ بە یەکن. ئەوە ھەر باسی ئێزدی و کاکەیی و زەردەشتی و جوو و سابیئەی مەندائییەکان ھەر ناکەین، باسی ئەو ھەزاران بوودییانەش ناکەین کە لە ئێستادا لە کوردستان دەژین و کار دەکەن». ھۆنوسی دووەم وتی: «ئێ با ھەمووان بچنە سەر یەک دین»، ھۆنوسی ماک وتی: «ئەی سێ ھەزار و پێنج سەد ساڵە مرۆڤایەتی خەریکی چییە و بەردەوام شکست دەھێنێت؟ جووەکان دەیانویست ھەموو دونیا بکەن بە جوو و خۆیان لقی جیایان لێ بووەوە و بوون بە یەھودا و ئیسرائیل؛ مەسیحییەکان دەیانویست ھەموو دونیا بکەن بە مەسیحی و خۆیان لقی جیایان لێ بووەوە و بوون بە ئۆرتۆدۆکس و کاسۆلیک و پڕۆتستانت و دونیایەک لقی تر؛ ئیسلامەکان دەیانویست ھەموو دونیا بکەن بە ئیسلام و خۆیان لقی جیایان لێ بووەوە و بوون بە شیعە و سوننە و سۆفی و دونیایەک لق و لقۆچکەی تر؛ شیوعییەکان دەیانویست ھەموو دونیا بکەن بە شیوعی و خۆیان لقی جیایان لێ بووەوە و بوون بە چین و کۆریای باکوور و سۆڤێت و سۆڤێتیش بوو بە ڕوسیا و ئۆکرانیا و بیلاڕوسیا و ئوزبەکستان و کازاخستان و چەند وڵاتێکی تر. جا دوای سێ ھەزار و پێنج سەد ساڵ ھێشتا وانەیەکمان وەرنەگرتووە و ھێشتا دەمانەوێت درێژە بەم سووڕانەوەی ناو جغزە داخراوە بدەین. ئەوە ھیچ ھەرگیز ھەموو دونیا نابێتە یەک دین، ئەگەر بشبێتە یەک دین، ھەزار لقی جیاوازی لێ دەبێتەوە و ئەمە خەونی ئەرخەوانییە، بەڵام گریمان ھەموومان بەمە قایل بووین کە ببینە یەک دین، ئەو دینە کامە بێت؟ تۆ ئامادەیت ببیت بە بوودی؟ بە زەردەشتی؟ بە مەسیحی؟» ھۆنوسی دووەم وتی: «بۆ ھەمووان نەبنە موسوڵمان وەک دواھەمین دین؟» ھۆنوسی ماک وتی: «ئیسلام دواھەمین دین نییە، مۆرمۆنییەکان دواھەمین دینن و تا ئێستاش پێغەمبەریان ھەیە، دەبیتە مۆرمۆنی وەک دواھەمین دین؟» ھۆنوسی دووەم وتی: «نەخێر، چونکە بە مۆرمۆنی نەژیاوم» ھۆنوسی ماک وتی: «ئێ دە مۆرمۆنییەکیش وەک بەڕێزت بە موسوڵمانی نەژیاوە! بۆچی ناتوانیت ئەوەی بۆ خۆت بە ڕاستی دەزانیت بۆ خەڵکی تریش بە ڕاستی بزانیت؟» ھۆنوسی دووەم وتی: «لەبەرئەوەی تازە ئەم ناوچەیە بوون بە موسوڵمان، باشترە ھەر بە موسوڵمانی بمێننەوە»، ھۆنوسی ماک وتی: «باسی ئەوە ناکەم کە ئەو زۆرینە موسوڵمانەی تۆ ئاماژەیان پێ دەدەیت لەناو خۆیاندا زۆربەیان یەکتریان پێ کافرە؛ باسی ئەوەش ناکەم کە لە ڕاستیدا زۆرێکی ئەم ناوچەیە موسوڵمان نین و ناوێرن بڕوای خۆیان دەرببڕن لە ترسی ھەڕەشە و کوشت و کوشتار؛ بەڵام ھەر قسەکەت پەسەند دەکەم، گریمان ھەموو بوونە موسوڵمان، دەبنە سوننە یان شیعە یان سۆفی؟ کام جۆرەی سوننە؟ کام جۆرەی شیعە؟ کام جۆرەی سۆفی؟ پاشان گریمان ھەمووان چوونە سەر یەک پەیڕەو، ئایا ئەمە دژی ئەو بانگەشەیەی پێشوو ناوەستێتەوە کە زلبەھاییەکان دەڵێن: دەبێت چاند و نەریتمان بپارێزین؟ کە تۆ دینی خۆتت گۆڕی نەریتی خۆت دەگۆڕیت و چیتر نایپارێزیت. دەبینیت، ناتوانیت لە یەک کاتدا پارووەکە بشخۆیت و لە بەردەمیشتدا بێت، یان دەبێت پارووەکە لە بەردەمتدا بێت، یان دەبێت خواردبێتت. واتە بەوەی ھەمووان بخەینە سەر دینێک و لەو دینەشدا بیانخەینە سەر ھەمان پەیڕەو، ئێمە خۆمان دەکەوینە ئەو تاوانەی کە زلبەھاییەکان بانگەشەی بۆ دەکەن کە ھەم دەست بۆ ھەندێک پیرۆزیی ئەوانی دی دەبەین لە پێناو سەپاندنی پیرۆزییەکانی خۆماندا، ھەم دەبینە ھۆی ئەوەی زۆرێک لە خەڵکان نەریتی باوان و دایانیان بسڕنەوە و نەیھێڵن. گریمان واشمان کرد، بۆچی وا بکەین؟ دیسان و دیسان، چی وا دەکات یەکێک لە پیرۆزییەکان لە پیرۆزییەکانی ئەوانی تر پیرۆزتر بێت؟ بۆچی پیرۆزییەکانی بوودییەک لە پیرۆزییەکانی تۆ پیرۆزتر بکرێن و بۆچی ئەوانەی تۆ لەوانەی ئەو پیرۆزتر بکرێن؟ مەگەر ھەردوو لاتان ھەڵگری نەریتی باوان و دایانتان نین؟ دەبینیت؟ پیرۆزییەکان یەک شت نین و مرۆڤان ھەموو ڕێک نەکەوتوون لەسەر ئەوەی چی پیرۆزە و چی پیرۆز نییە. کێشەکەش ئەوەیە کاتێک پیرۆزیی ھەمووان پێکەوە پیرۆز بکرێن، کەواتە نابێت کەس قسە بکات، چونکە ھەرچۆنێک قسە بکەیت دژی پیرۆزیی کەسێکی تر دەوەستیتەوە. بۆیە ئەگەر ئەو قسەیە جێبەجێ بکرێت کە دەست بۆ پیرۆزییەکان نەبرێت، دەبێت ھەموو دینەکان پێکەوە بێدەنگ بن و ھەڵبوەشێنرێنەوە، چونکە ڕۆژ نییە دینەکان لە فێرکارییەکانیاندا دژی پیرۆزییەکانی ئەوانی دی نەدوێن! سەیرە، سەیرە و ھەزار جار سەیرە کە ئەم دروشمە ھی دینییەکان و ھەندێک لەو لایەنە زلبەھاییانەیە کە پشیپشیی درۆیینە دەکەن بۆ دینییەکان و دروشمەکە ھی بێدین و بێخوداکان نییە! دەبوو ھی بێخوداکان بووایە ئەم دروشمە، ئەم دروشمە ئەوەندەی لە دژی دین و زلبەھاییەکانە، ئەوەندە لە دژی ئازادیخوازاندا نییە! کوۆد ئێرات دێمۆنستراندوم».

ھۆنوسی دووەم وتی: «تۆ بە ھەمان شێوە دەتەوێت بڵێیت بەھا باڵاکانیش ناخرێنە ناو یەک قتووەوە؟» ھۆنوسی ماک وتی: «بۆ ئەویش دیسان ھەمان پرسیاری کرۆکی دێتەوە بەر ڕێمان: بەھای باڵای کێ؟ بەھای باڵای لایەنێک بەھای باڵای لایەنەکەی تر نییە، بۆیە دیسان بەھا باڵاکان لەگەڵ یەکتردا شۆرت دەکەن». ھۆنوسی دووەم وتی: «ئەی ناکرێت بەھایەکی باڵامان ھەبێت؟ یەک دانەش؟» ھۆنوسی ماک وتی: «دەستەواژەی بەھای باڵا ئێجگار زل و خۆدەرخەرانە و فشەکەرانەیە، ئینجا ھەندێک لە زلبەھاییەکان زۆر نیازی پیسیان لە پشتیدا شاردووەتەوە، بۆیە بەو دەستەواژەیە، کە ڕۆژانە وەکو نەقیزەیەک لە دروشم دەکرێت بە کونی لووتی خەڵکاندا، نا و نەخێر، ڕقم لەو دەستەواژەیە ھەڵستاوە. بەڵام دەکرێت لەسەر ئاستی تاک و تەنانەت لەسەر ئاستی تاقم تاقمیش شتێکی لەو جۆرەمان ھەبێت، بەڵام ئاسان نییە ھەموومان لەسەر ھەمان شتان ڕێک بکەوین. لای خۆمەوە تەندروستی و ئاسایش و پاراستنی ھاونیشتمانییانی کوردستان و نیشتمان خۆی و ژینگەکەی و زمان و سامانی چاند، واتە موزیک و تابلۆ و گۆرانی و وێژە و نووسراوەکانمان و مێژوومان سامانی نیشتمانیمانن و کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر مانەوەمان ھەیە و شتێکی باشە بیانپارێزین و بە نەوەکانی ئایندەیان ڕاسپێرین؛ کە دەڵێم ھاونیشتمانییان وەک ھەندێک کەس تەنھا مەبەستم لە نێرە لاسارەکان نییە، مەبەستم لە خانمانیشە بە یەکسانی لەگەڵ پیاواندا؛ منداڵەکانمان فێری زمانە کوردییەکان بکەین و بە کوردستانیان ئاشنا بکەین و لەسەر خۆشەویستیی نیشتمان و پاکڕاگرتنی و خۆشەویستی و ڕێزی ھاونەتەوەمان ڕابھێنین زۆر باشە. ئێمە بۆیە یەکتر دەکوژین چونکە ڕێز لە یەکتر ناگرین، کە ڕێزی یەکمان لابوو یەک ناکوژین. ھەر یەکە و لە لای خۆیەوە و بەو بوارانەی تیایاندا دەستڕەنگین و لێزانە، بە تایبەت بواری زانست و وێژە و ھونەر و زمان خزمەتی نیشتمان بکات زۆر نایابە؛ بۆ من ئەمانە لە گرنگترینی ئەرکەکانی مرۆڤن بەرانبەر ھاونیشتمانییان. بەڵام زۆرێک لەوانەی زلبەھاییەکان پێیان دەڵێن بەھای باڵا بەڵای باڵان. بەپیرۆزکردنی ھەر شتێک، بە تایبەت ئەو شتانەی ناویان لێی ناوە بەھای باڵا و ھێڵی سوور، لێدان و کردنەوەی دەرگای داڕمانی سبەینێیە. خێزان و ھەر لە شا تا گەدا دەخرێتە سەر ڕێی بوون بە خودا بە پێدانی پیرۆزی؛ خێزان و ھەر لە شا تا گەدا دڕندە لە کۆمەڵ بەردەدا بە پێدانی پیرۆزی؛ خێزان و ھەر لە شا تا گەدا دەبنە جەللاد سەد لە سەدا بە پێدانی پیرۆزی».

بەڵا، بەھا، بەڵاھا، بەھاڵا: بەبەھاڵا.

ھۆنوسی دووەم پرسی: «لای تۆ خێزان بەھای باڵا نییە؟» ھۆنوسی ماک وتی: «یەکێک نەزانێت ھەموو ئەوانەی خێزان پێکدەھێنن پڕۆفیسۆر و زانا و دانان و چارەی شێرپەنجەیان دۆزیوەتەوە!» ھۆنوسی دووەم پرسی: «مەبەستت؟» ھۆنوسی ماک وتی: «مەبەستم ئەوەیە ئامارێکی خێزانەکانی کوردستان بگریت، لانیکەم ھەشتا لە سەدیان خەڵکانێکن یان لەبەر ھەڵستانی زەوق و خۆڕەحەتکردن خێزانیان پێکھێناوە، کە ئەوە ناشیرینترین و قێزەونترین و گەمژانەترین پاساو و ھۆیە بۆ پێکەوەنانی خێزان؛ یان لەتاو بۆڵەبۆڵ و خۆھەڵقورتاندنی بەردەوام و بەرگەنەگیراوی دایک و باوک و برا و خوشک و مام و خاڵ و کەسوکار ڕایانکردووە، واتە زیندانێکیان بە جێ ھێشتووە بۆ زیندانێکی تر؛ یان پارەیەکیان پێبووە و نەیانزانیوە چیی لێ بکەن، خێزانیان پێ پێکھێناوە؛ یان ھەموو ئەم ھۆیانە پێکەوە، یان چەند دانەیەکیان پێکەوە. ئیتر خێزانێک زەوقھەڵستان پێکی ھێنابێت بەھای باڵایە یان بەھای ئێرەق و ڕەپە؟ خێزانێک زەوقھەڵستان پێکی ھێنابێت نەک بەھای باڵا نییە، بەڵکو شایستەی ھیچ ڕێزێکیش نییە، تا ئەو کاتەی بە خۆیدا دەچێتەوە و خۆی چاک دەکات. خێزانێک بۆ ئەوە بونیاد نرابێت کە نێرە لاسارەکەی منداڵی گەڕەک و پوور و پوورزا و خوشکی خۆی و خاڵۆژن و خاڵۆزای و ئامۆژن و ئامۆزای خۆی لاقە نەکات، ئادەی پێم بڵێ ئەمە چۆن چۆنی شتێکی پیرۆزە؟» ھۆنوسی دووەم وتی: «ئێ ئەو نێرە لاسارە، خۆت گوتەنی، دەست لە لاقەکردنی خوشک و پووری خۆی ھەڵدەگرێت و ئێستا لەگەڵ ژنی خۆیدا دەبێت، ئەمە بۆ خراپە؟» ھۆنوسی ماک وتی: «یەکەم خراپەی ئەوەیە کە ئەو خانمەی وەک بووک خوازراوە، وەک مرۆڤ دانەنراوە، بەڵکو وەک کەرەستەیەکی تێرکردنی ئاڵۆش و نیشاندنەوەی بەھای ئێرەقی نێرە لاسارەکە تەماشا کراوە، ئەمە جگە لەوەی وەک موڵکێک تەماشا کراوە؛ خراپەیەکی تری لەوەدایە ئەوە ھۆیەکی باش نییە بۆ بونیادنانی خێزان، دوای ئەوەی نێرەی لاسار وەکو گا پەڕی و زەوقی نیشتەوە، ئێستا چی؟ ئەم کەسە چ پڕۆژەیەکی پێیە بۆ بونیادنانی خێزان؟ چۆن پەروەردەی منداڵ دەکات؟ چۆن دەبێتە دراوسێیەکی باش؟ چۆن دەبێتە باوکێکی باش؟» ھۆنوسی دووەم وتی: «بەڵام بتەوێت و نەتەوێت خێزان بناغەی کۆمەڵگایە، بۆیە ھەر شتێک لە گرنگیی بەردەکەوێت» ھۆنوسی ماک وتی: «نەخێر وا نییە، خێزان بناغەی کۆمەڵگا نییە، تاک بناغەی کۆمەڵگایە، تاک نەبێت خێزانیش و کۆمەڵگاش نابن. بۆیە ئەو قسەیە ڕاست نییە و ھەر دروشمێکی ناڕاستی تری زلبەھاییەکانە». ھۆنووسی دووەم وتی: «واتە تۆ دەتەوێت بڵێیت با شیرازەی خێزان ھەڵبوەشێتەوە؟ خێزان نەمێنێت؟» ھۆنوسی ماک وتی: «نەخێر، من قسەی وا ناکەم، بەڵام ھەموو خێزانێک شایستەی ئەوە نییە پەیکەری زێڕینی بۆ دروست بکرێت، خێزانی زەوقنیشان زەوقنیشان ئەسمەر حاڵم پەرێشان شایستەی ئەو خەرمانە پیرۆزییە نییە کە بە دەوریدا کێشراوە. داخۆ زلبەھاییەکان کە بانگەشەی پتەویی خێزان و بەھای باڵا دەکەن و پێیان وایە خێزان بەرزترین بەھایە، بیرێکیان لەم جۆرە خێزانانە کردووەتەوە؟ داخۆ کەسانی وەکو حەمەڕەحمە و سەدانی وەک ئەو، ئەو ھەزاران بکوژەی ساڵانە ناویان دەبیستین، ئەو ھەموو شەقوەشێن و بەڵتەچییانەی بە خوێنی سەری زۆربەی خەڵکان تینوون، بەرھەمی کوێن؟ مەگەر ھەر بەرھەمی ئەو خێزانانە نین کە بە زۆر پیرۆز کراون؟ شوێنکەوتنی وشەی زل و زلکراو کارێکی زۆر ھەڵەیە، کۆکردنەوەی گشت جۆراوجۆرێتیی خێزانە جیاوازەکان و ئەو ڕووداوانەی لەناویاندا ڕوویان داوە، لەژێر ناوی خێزاندا بچووککردنەوەی بابەتەکەیە و بە نزیکی زۆربەی ھەرەزۆری بچووککردنەوەکانیش مەترسیدارن. زلبەھاییەکان و ھەندێک لایەنی ڕامیاری کە پشیپشییان بۆ دەکەن بۆ ئەوە شتێک لەژێر یەک ناودا بچووک دەکەنەوە، تا ھەوڵ بدەن جیھان بەسەر دوو بەشدا دابەش بکەن: ئەوانەی لەگەڵ خێزاندان، لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵ خێزاندا نین، ئینجا ئەوانەی لەگەڵ خێزاندا نین دوژمنن و دەبێت لە ناو ببرێن و ئاوھا جەنگێک ھەڵدەگیرسێنن کە بە ڕشتنی خوێنی ھاوزمانانمان کۆتایی پێ دێت، ئەمە جگە لەوەی جەنگەکە بنەمایەکی فشە و درۆ و چەواشەی ھەیە. حەمەڕەحمە بەرھەمی یەکێکە لەو خێزانانەی بە زۆر پیرۆز دەکرێن و وا دەکرێت نەوێریت باسیان بکەیت! بەڵێ، حەمەڕەحمە بەرھەمی خێزانێکە، کە نەک تەنھا خێزانێکی ھەڵنەوەشاوەیە بەڵکو گەورەی خێزانەکە یەکێکە لە دڵسۆزترین خوداپەرستەکان و مەلایە و خەڵکان دەستی ماچ دەکەن، بەڵام کوڕێکی وەکو حەمەڕەحمەی لێوە ھاتووە. بۆیە گرنگیدان بە وشەی خێزان بێ ئەوەی ئەو پایانە دەستنیشان بکرێن کە خێزانێک بە تەندروستی ڕادەگرن، چەواشەکارییە و ھەڵخڵەتاندنی خەڵکە بە وشەیەک، کە خۆی لە خۆیدا ھیچ واتایەکی نییە، تەنھا بۆ مەبەستی دوژمنسازی پەرەی پێ دراوە. سەرنجیش بدە، زلبەھاییەکان خۆیان کردووە بە خاوەنی خێزان و وا لە خەڵک دەگەیەنن کە ئەوان پارێزەری خێزانن و ئەوانی تر دەیانەوێت خێزان ھەڵبوەشێتەوە و دەیانەوێت بەرەڵڵایی بڵاو بکەنەوە! ئەم چەواشەکارییە دوژمنسازییە. لێرەدا زلبەھاییەکان و لایەنە ختووکەدەرەکانیان کە خۆیان کردووە بە گوندەی گەڕەکی پاراستنی ڕەوشت و بەھای باڵا و خێزان، ھەوڵ دەدەن دوژمنێک ساز بدەن تا دڵسۆزیی خۆیان لەسەر ئەم دوژمنانە مانۆڕ بکەن و وا خۆیان پیشان بدەن کە ئەوان ڕزگارکەری نەتەوەن و لەناوبەری دوژمنەکانی نەتەوەن، لە کاتێکدا یان نەزانن، یان چەواشەکارن، یان ھەردووکیانن پێکەوە و تەنھا خەریکی دروشمبازین و خەڵکی داماو بە وشەی زلکراو ھەڵدەخڵەتێنن و دەیانتۆقێنن و ھانیان دەدەن بە گژ کەسانێکدا بچنەوە کە بە ڕاستی و دوور لە خۆخڵەتاندن و خەڵکخڵەتاندن و چەواشەکاری لە خەمی نەتەوەیەکدان و ئەوانیش ئامانجیان ئەوەیە خێزان بپارێزرێت». ھۆنوسی دووەم وتی: «ئێ ئەوە نییە تۆش دەڵێیت با خێزان بپارێزرێت؟» ھۆنوسی ماک وتی: «بێگومان! بێگومان! بەڵام چ جۆرە خێزانێک؟ خێزانێک کە منداڵێکی بەسوود بۆ کۆمەڵگا بەرھەم دەھێنێت، نەک خێزانێک کە بەڵتەچی و شەقوەشێن و جەللاد و خوشککوژ و ژنکوژ و باوککوژ و دایککوژ و براکوژ و ھاوزمانکوژ بەرھەم دەھێنێت. خێزانێک نا کە دەبێتە جاشی بێگانە و سەرکوتکەر و سەرشۆڕکەری ھاونیشتمانییانی خۆی. ئەو خێزانانە، یان ڕاستتر: ئەو کارگەی تاوانکارییانە ھەر بۆ ئەوە باشن لە بنەوە بنکۆڵ بکرێن و ھەڵبوەشێنرێنەوە و ھەر قەدەغەش بکرێت مرۆڤ بەو شێوەیە خێزان دروست بکات. بانگەشەی ئەوەی کە شیرازەی ئەم خێزانانە دەبێت ھەر پتەو بن، واتە با ستەم ھەر پتەو بێت، با نەزانینی ئەوەی چی دەکەیت و چی ناکەیت ھەر پتەو بێت، با کوشتن و لاقەکردن و بەکەنیزکردنی ژن ھەر پتەو بێت، با مەکینەی چاپکردنی قوربانی ھەر پتەو بێت. ھۆ خەڵکینە! ئەگەر شوێن ئەو دروشمبازانە دەکەون کە ھاوار دەکەن بەھای باڵا و خۆشیان نازانن نە بەھا چییە و نە باڵا چییە، ھاوار دەکەن شیرازەی خێزان و شیرازەی کۆمەڵگا و نە دەزانن شیرازە چییە و نە دەزانن خێزان چییە و نە دەزانن کۆمەڵگا چییە، ئایندەیەکی شووم، ئێجگار شووم و بەدووم چاوەڕێی گشتمان دەکات، ئەگەر دوای وتەی کەسێک دەکەون کە خۆی نازانێت باسی چی دەکات، ئەوا خۆتان ئامادە بکەن بۆ کارەسات. ئەگەر دوای ئەو وتانە دەکەویت خۆت ئامادە بکە، سبەینێ حەمەڕەحمەیەکت لێ قوت ببێتەوە و چەقۆیەک بکات بە ملتدا، منداڵەکانت لاقە بکات، ھەمووانیش سەرکۆنەی تۆی قوربانی بکەن کە بۆچی منداڵەکانت لە ماڵ ناردووەتە دەرەوە تا حەمەڕەحمە لاقەیان بکات. نەخێر، نەتەوە کارگەی تاوانی ناوێت، خێزانێکی بەسوودی بەرھەمداری دەوێت. بوونی بڤە و کخە و ھێڵی سووری زۆر لە ھەر کۆمەڵگایەکدا نیشانە و بەڵگەی ئاشکرا و زەقی دیکتاتۆری و دواکەوتوویی و ناتێگەیشتوویی سەرکردە و ڕابەران و کەسێتییە دیار و کاریگەرەکانی ئەو کۆمەڵگایەیە، دەرخەری ئەوەیە کە ئەو کۆمەڵگایە بە ڕانەبەرایەتیی ئەو بەقوڕدابەرانەی خۆیانیان پێ ڕابەر و سەرکردە و کەسێتییە دیارەکانی ئەو کۆمەڵگایەیە ناتوانن جیاوازی پەسەند بکەن و وڵاتەکە بەرەو یەکڕەنگی دەبەن و یەکڕەنگیش ھەمیشە کارەسات دەنێتەوە و ستەمکار و زۆردار زۆر دەکات و ستەملێکراو و زۆرلێکراو زۆر دەکات. بوونی بڤە و کخە و ھێڵی سووری زۆر لە ھەر کۆمەڵگایەکدا نیشانە و بەڵگەی ئاشکرا و زەقی ئەوەیە کە دەسەڵاتی ئەو کۆمەڵگایە لە زمانی خەڵکەکەی تێناگات و خەڵکەکەش لە زمانی دەسەڵاتەکەیان تێناگەن و پەیوەندییەکی ڕێکوپێکیان نییە، ھاوکات خەڵکەکەش لە نێو خۆیاندا لە زمانی یەکتر تێناگەن و کۆمەڵە گایەکیان خۆیان کردووە بە باوکێکی زۆردار و گەمژەی کۆمەڵەکەی تر و وەک منداڵی ساوا تەماشایان دەکەن و ماف بە خۆیان دەدەن ھەرچی بێڕێزی ھەیە بەو منداڵانەی بکەن کە بە منداڵی خۆشیانیان نازانن و ئامادەن سەریشیان ببڕن! بەڵێ، بوونی بڤە و کخە و ھێڵی سووری زۆر نیشانە و بەڵگەی ئاشکرا و زەقی ئەوەیە پەیوەندیی نێوان ئەو کۆمەڵگایە لەگەڵ خۆیان و پەیوەندیی دەسەڵاتەکەش پێیانەوە وەک ھی نێوان باوکێکی زۆردار و گەمژە و منداڵێکی ساوا وایە، بۆیە باوکە زۆردارە گەمژەکە بڤە و کخە زۆر دەکات، لە کاتێکدا باوکێتی کاری دەسەڵات و کەسێتییە دیارەکانی کۆمەڵگا نییە تا بە پاساوی باوکێتییەکەیانەوە دایکی خەڵک لاقە بکەن، بەڵکو کاری دەسەڵات بەڕێوەبردنە و بەڕێوەبردن و لاقەکردن دوو شتی جیان، یەکێکیان چاکەیە، ئەوی تریان تاوانە. بوونی بڤە و کخە و ھێڵی سووری زۆر لە ھەر کۆمەڵگایەکدا نیشانە و بەڵگەی ئاشکرا و زەقی ئەوەیە دەسەڵاتی ئەو کۆمەڵگایە ناتوانێت لە کێشە تێبگات و بکۆڵێتەوە و بە دروستی چارەی کێشەکان بکات، ئەگەر کێشە بن، ئەگەر کێشە بن! نەک دەسەڵات و گاگەلەکەی ژێری ھەندێک دیاردەی زۆر سرووشتی ناو بنێن کێشە و خۆیانی لەسەر بلەوەڕێنن و ئەم دیاردە سرووشتییانە بکەن بە فیلکەی دوژمنایەتی و بە دەوریدا بسووڕێنەوە و خەڵکەکەش ناچار بکەن بە دەوری ئەم فیلکە ناپێویستەدا بسووڕێنەوە. بەڵێ، بڤە و کخە و ھێڵی سووری زۆر نیشانەی ئەوەن دەسەڵات ناتوانێت لە کێشە تێبگات و بکۆڵێتەوە و بە دروستی چارەی کێشەکان بکات، ئەگەر کێشە بن، بەڵکو دەسەڵات ھەوڵ دەدات بە تۆپزی و گایی و نێرەکەرانە ڕووبەڕووی دونیای ئەمڕۆ و دیاردەکانی ببێتەوە، ئەم تێنەگەیشتن و تۆپزیزم گاییزم و نێرەکەریزمەش لە دەسەڵاتەوە بۆ کۆمەڵە گاکەی ناو کۆمەڵگاکە داچۆڕاوە و ئەوانیش لە کێشە تێناگەن و ناتوانن بکۆڵنەوە و چارە بکەن و بە جووت دەکەونە جووتە لە خەڵکی دونیای ئەمڕۆ و ئەم ھەموو بڤ و کخ و ھێڵی سوورە زۆرە دادەنێن و ئامادەن تا دونیا دونیایە پەیوەندیی نێوان خۆیان و ئەوانی دی ھەر لەو ئاستی گفتوگۆی نێوان باوکە زۆردار و گەمژەیە و منداڵە ساواکەدا بھێڵنەوە و بە شەق کۆمەڵێک درۆی پیرۆزکراو بە ناوچەوانی ئەوانی ترەوە ھەڵبواسن و ناوی بنێن شوناس. شوناس بە شەق دروست ناکرێت، شوناسێک بە شەق بە خەڵکەوە بنووسێنرێت بە شەق لێدەکرێتەوە، ھەر وەک چۆن کە بە شەق ئێمەی کورد دەکرێین بە عەرەب بە شەقیش ئەو عەرەببوونە لە خۆمان دەکەینەوە، کە بە شەق ئێمەی کورد دەکرێین بە تورک بە شەقیش ئەو تورکبوونە لە خۆمان دەکەینەوە؛ کە بە شەق ئێمەی کورد دەکرێین بە ئێرانی بە شەقیش ئەو ئێرانیبوونە لە خۆمان دەکەینەوە. ئەگەر مێژوو شتێکی سەلماندبێت ئەوەیە کە شەق ئەگەرچی بەکاریش بێت، بەڵام زۆر درێژمەودا بەکار نابێت و لەبەر ویستی مرۆڤدا ھەر چۆک دادەدات، ھەر مل شۆڕ دەکات، ھەر خۆ دەچەمێنێت.

ھەمووان بۆ چەند ساتێک بێدەنگ بوون، ھیچ نەوترا. ھۆنوسی سێیەم ئاوازی پاڤان بۆ شازادێکی مردووی ڕاڤێلی لەبەر خۆیەوە دەھماند:

ھم… ھمھمھم ھم… ھمھمھمھم ھم،

ھم… ھمھمھم ھم… ھم ھم… ھمھمھم ھم… ھم ھم… ھمھمھم ھم…

ھمھمھم ھم…

ھم… ھم…

ھم… ھمھمھم ھم ھم ھم ھم ھم…

ھۆنوسی ماک بە ھۆنوسی سێیەمی وت: «دەمخۆش»، ئینجا بە ھێوری بە ھۆنوسی دووەمی وت: «وەک دەبینیت، کە دەوترێت گوایە ئەو کەسانەی دەیانەوێت پیرۆزی و بەھا باڵاکانمان نەھێڵن دەیانەوێت بێڕەوشتی بڵاو بکەنەوە، بانگەشەیەکی ھەڵەیە، ئینجا ئەوانەی ئەو جۆرە بانگەشانە دەکەن یان نازانن کە ھەڵەن و بانگەشەکەش دەکەن، کە لەم کاتەدا ھەڵەن و باشترە خۆیان ڕاست بکەنەوە، یان دەزانن ھەڵەن، بەڵام سوورن لەسەر ھەڵەی خۆیان، کە لەم کاتەدا چەواشەکارن و کۆمەڵگایەکی دروستیش لەسەر بنەمای چەواشەکاری و درۆ و فێڵ بونیاد نانرێت. بۆیە ھەر ئەم جۆرە درۆ و بانگەشە چەواشانە دەبنە ھۆی داڕمانی خێزانەکان و خۆیان گوتەنی: خێزانە جوانەکانمان لە ناو دەبەن و تووشی سەرگەردانی و نامۆییمان دەکەن. کەواتە ئەوانەی خۆیان کردووە بە پارێزەر و پارێزکار و سەرۆکمان لە ڕاستیدا لە ئێستادا خۆیان دوژمنەکەن بە کۆمەڵگاکە و نەتەوەکە. ڕەنگە ھەڵخڵەتابن و پارەی داگیرکەرانمان لاسیانی دابێت کە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم جۆرە ژەھرە بەسەرچووانە دەیاندەنێ تا ئێمە بە شەڕی ئاکار و بێئاکارییەوە سەرقاڵ بکەن و ئەوانیش ھەر سەروەرمان بن و ببنە گەورەمان و بە کارمان بھێنن. ئەوان لەولاوە تا بێت دەوڵەتەکانیان بەھێزتر و بەھێزتر دەکەن و خاک داگیر دەکەن و ئەم ھەرێمەی ئێمەشیان بەم شەڕی ناوگەڵەوە خەریک کردووە و خۆمانیان بەرداوەتە خۆمان، خۆیان کار بۆ شوناسی نەتەوەیی خۆیان دەکەن و ئێمە سەرقاڵ دەکەن بە شوناسی لق و لقۆچکەی دینییەوە. بۆیە با بە کورتی بەسەر ھەموو بەرپەرچەکانمدا بچمەوە: ١. کۆمەڵگا تەنھا یەکسان نییە بەو زلبەھاییانە؛ ٢. دینی خۆت بپارێزە و بەسەر ئەوانی تردا مەیسەپێنە؛ ٣. چاند تەنھا لە کارەکانی تۆ پێک نەھاتووە و چاندی نەتەوەیەک یەکسان نییە بە تەنھا چاندی تۆ؛ ٤. ھەموو نەریتێک باش و چاک و جوان نین، ھەندێک نەریت ھەن تا بڵێیت قێزەونن؛ ٥. پیرۆزییەکانی تۆ پیرۆزییەکانی ئەوانی تر نین و پیرۆزییەکانی ئەوانی تر پیرۆزییەکانی تۆ نین، بە زۆر پیرۆزیی خۆت بەسەر ئەوانی تردا مەسەپێنە بۆ ئەوەی بۆت وردوخاش نەکرێت؛ ٦. شتێک نییە ناوی بەھای باڵا بێت، مەگەر خۆت ناوت لە کۆمەڵێک پۆخڵەواتی خۆت نابێت بەھای باڵا، بۆیە بە وشە و دەستەواژەی زل ھەوڵ مەدە خۆت و خەڵک بەچەترسێن بکەیت؛ ٧. خێزانێک بە شەق پێکەوە لکێنرابێت ھەر بۆ ئەوە باشە ھەڵبوەشێنرێتەوە، خێزانێک لاقەچی و بکوژ و تیرۆریست بەرھەم بھێنێت نەک تەنھا بۆ ھەڵوەشانەوە باشە، بەڵکو بۆ ئەوە باشە بخرێتە زێرابەوە؛ ٨. خێزان بناغەی کۆمەڵگا نییە، بەڵکو تاک بناغەی کۆمەڵگایە، تاک نەبێت خێزان نابێت، بۆیە لەسەر بناغەی فشە شتی ڕشت بونیاد نانرێت؛ ٩. خێزانێک سوودی بۆ کۆمەڵگا ھەبێت چاکە ھەڵنەوەشێتەوە، بەڵام بە گشتی ئەم خێزانانە ئەو خێزانانە نین کە تیرۆریست و لاقەچی بەرھەم دەھێنن؛ ١٠. ئەوانەی دژی بیروبۆچوونە بنەمافشەکانی زلبەھاییەکانن بێئاکار نین، بەڵکو تێڕوانینێکی جیاوازیان ھەیە بۆ چەمکەکە، ئەوان پێیان وا نییە کە دەبێت ئاکار بە شەق و زللە و مست و لاچاوشینکردنەوە و کوشتن بپارێزرێت، ئەوان پێیان وایە ئاکار ئەوە نییە خەڵک لاقە بکەیت و لاقەکەر بەرھەم بھێنیت و ئەمەشمان بە سەروەری پێ بفرۆشیتەوە. پێیان وایە ھەڵەیە ھەزار جار پەنجە بە ھەمان ئەو دوگمەیەکدا بنێیتەوە کە ماڵەکەت کاول دەکات و تۆ ھەر سوور بیت لەسەر ئەوەی بۆ جاری ھەزار و یەکەمینیش پەنجەی پێدا بنێیتەوە و چاوەڕێی دەرئەنجامێكی جیاواز بیت».

لەم چیرۆکی لاقەکردنەی دیاسەوە پێویستە لە بارەی تاوانباری و بێتاوانییەوە بپرسین: ئایا کاتێک دیاس ناچار کراوە بێ ویستی خۆی و لەژێر گوشاری ھەڕەشە و تۆقاندنی حەمەڕەحمەدا چەند کارێک بکات، ئایا دیاس تاوانبارە یان چاکەکار؟ چونکە بێگومان بە ویستی حەمەڕەحمە بێت، ئەو کارانەی دیاس کردوونی بۆ حەمەڕەحمە کاری چاک بوون، چونکە چوونەتە بەرژەوەندیی حەمەڕەحمەوە و ویستەکانی ئەویان تێراو کردووە و لە ڕێی ئەم کارانەوە تەواو دیاسیان ملکەچ و سەرشۆڕ کردووە. ئێستا دیاس لە ڕووانگەی حەمەڕەحمەوە چاکەکارە! بەڵام ئایا لە ڕووانگەی تۆی بیسەر و خوێنەری ئەم چیرۆکەوە دیاس چاکەکارە؟ دەبوو ھەر وا ژیابا؟ تۆ بوویتایە ھەر دەتویست وا ژیابایت؟ کە حەمەڕەحمە پێی وتیت دەبێت ڕقت لە کێ بێت تۆ ڕقت لێی بێت، کە حەمەڕەحمە پێی وتیت دەبێت کێ تاڵان بکەیت تۆ تاڵانی بکەیت، کە حەمەڕەحمە پێی وتیت خۆت بچەمێنەوە، خۆت بچەمێنیتەوە. ئایا دیاس لێبووکێکی دەستی حەمەڕەحمە نییە؟ پێت وایە ئەگەر دیاس خراپی کرد، کەواتە حەمەڕەحمە خراپی کرد، چونکە ئەو ھەڵیدەسووڕاند؟ پێت وایە ئەگەر دیاس باش بووبێت، ئەوا حەمەڕەحمە باشە، چونکە ئەو ھەڵیدەسووڕاند؟ بەو پێیەی دیاس تەواو بێبەرییە لە ھەموو ئەوانەی بە سەریدا دەھێنرێت؟ لەم قسانەوە دەتوانین بچینەوە بۆ سەر ئەو کەناڵە دینزایەی لە سەرەتای ئەم چیرۆکەدا کابرای بەردەم قەڵای ھەولێری بە گیر ھێنابوو و پێی دەوت: «ئایا ئەم ڤایرۆسە بچووکە بەڵگەی مەزنی و گەورەیی و دەسەڵاتداریی و بەتوانایی خودا نییە؟ بۆیە باش نییە مرۆڤ خۆی بە گەورەتر لە خودا بزانێت و ھەر باشە بۆ لای خودا بگەڕێتەوە؟ وا نییە؟» پێویستە لێرەدا بە بیرکردنەوەکانماندا بچینەوە، ئایا ھەڕەشە و تۆقاندن و لێترسان پاڵنەرێکی باشە بۆ خوداپەرستی و دڵسۆزی؟ ئەگەر خراپەیەک لەژێر گوشاری تۆقاندندا بکەیت، تۆ دەبیتە بەرپرسیاری سەرەکیی ئەو خراپەیە؟ ئەگەر چاکەیەک لەژێر گوشاری تۆقاندندا بکەیت، تۆ دەبیتە بەرپرسیاری سەرەکیی ئەو چاکەیە؟ چ دڵێکت بەو چاکەیەت خۆشە کە لەژێر فشاری تۆقاندندا پێت کراوە؟ بۆ خۆت بیری لێ بکەوە: چاکەیەک بە سەرشۆڕی پێت کرابێت، ڕەوایە بە چاکەی تۆ دابنرێت؟ خراپەیەک بە سەرشۆڕی پێت کرابێت، ڕەوایە بە خراپەی تۆ دابنرێت؟ ویستێک بە تۆقاندن و لە ناچاریدا بۆت دروست کرابێت، ڕەوایە بە ویستی تۆ دابنرێت؟ دەتوانیت لافی ئەوە لێبدەیت کە چاکەکەی بە زۆر پێت کراوە چاکەی خۆتە و شکۆکەی لەسەر تۆ ھەژمار بکرێت؟ خراپەکەی کە بە زۆر پێت کراوە خراپەی خۆتە و گوناھەکەی لەسەر تۆ ھەژمار بکرێت؟ ویستەکەی کە بە زۆر بۆت دروست کراوە ویستی خۆتە و لەسەر تۆ ھەژمار بکرێت؟ بە تایبەتی کاتێک ئەوەی سەرکوتت دەکات دەسەڵاتی دەیان و سەدان ھێندە لە تۆ زیاتر بێت. ئایا ملکەچبوونی دیاس بۆ ویستی دڕندانەی حەمەڕەحمە بە ویستی خۆی بوو؟ خۆی دڵی بەوە خۆش بوو؟ ئایا ئەو کارانەی لای حەمەرەحمە وەکو چاکە پێناسە دەکران، چونکە بێگومان بۆ تێرکردنی ئارەزووەکانی حەمەڕەحمە چاک بوون، ئایا ئەو کارانە بە ڕاستی لای تۆش ھەر چاکن؟ لای خودی دیاس خۆی چاکن؟ دەتوانین لەسەر دیاسی بژمێرین و ئەوی پێ تاوانبار بکەین؟ کە تۆقاندن دێت، ویست لەوێ دەمێنێت؟ ئایا ئەم لاقەکردنە بەڵگەی مەزنی و گەورەیی و دەسەڵاتداریی حەمەڕەحمەیە؟ سەلماندی کە حەمەڕەحمە چەند مەزنە؟ چەند بەتوانایە؟ چەند بەدەسەڵاتە؟… ئایا حەمەڕەحمە سەلماندی کە دەتوانێت بە لاقەکردنێک دیاس و ھاوشێوەکانی لە ناو ببات؟ بۆیە باش نییە دیاس خۆی بە گەورەتر لە حەمەڕەحمە بزانێت و ھەر باشە بۆ لای حەمەڕەحمە بگەڕێتەوە؟ وایە؟ ڕێزێک لەسەر بنەمای تۆقین و ترس بونیاد نرابێت ڕێزە؟ ھەوڵدان بۆ دەستەمۆکردن بە تۆقاندن شارستانییە؟ خۆشەویستییەک لەسەر بنەمای تۆقاندن بێت خۆشەویستییە؟ خودایەک گەر گەردوونی لە نەبوونەوە ھێنابێتە بوون، پێت وایە دڵی بەم سەرشۆڕییەی دروستکراوەکانی خۆی و ئەو ھەموو تۆقاندنە خۆش بێت کە لە زاری ئەو کەسانەوە دێتە دەر کە خۆیان کردووە بە پارێزەری ئەو لەسەر زەوی؟

پاش ئەوەی مامۆستا زامەند شەوشادی لە کوڕە داگیرکراوەکەی کرد، بەسەر پلیکانەکاندا داگەڕا و چووەوە نێو پێخەفەکەی خۆی، ھیچ ھیوایەکیشی نەبوو کە خەوی لێ دەکەوێتەوە. لە نێو پێخەفەکەیدا ھەرچەندی کرد بە ئاسانی خەوی لێ نەدەکەوت، چیرۆکەکەی دووبارە دەکردەوە و دووبارە و یەکبینە لە شەپۆلی ھۆشی خۆیدا دەیوت: ئارامی… ئارامی… ئارامی… ھەڵەشەیی دۆستی ھەڵە و ئارامی دۆستی ڕاستە؛ ھەڵەشەیی دۆستی گەمژەیی و ئارامی دۆستی داناییە. ھەموو شت تەواو نەبووە، ئەمە کۆتایی دونیا نییە، ئەو ھێشتا کوڕتە، تۆ ھێشتا باوکیت، ئەویش ھێشتا دوژمن! ئەو وتانەی لە ناخی مامۆستا زامەنددا یەکەم جار سێبەرەکەیان گەیشت، ئێستا و دوای بیستنی ئەم چیرۆکانە بە ڕوونتر خۆیان لە ناخیدا دەرخست: تۆ باوکیت، خاوەنی بڕیاریت، لە ئەرکی باوکێتی خۆت نادزیتەوە، ڕۆڵەکانت، نە کچەکانت و نە کوڕەکانت لە کاتی تەنگانە و لێقەوماندا بە جێ ناھێڵیت تا شکۆیەکی باغەیی و ساختە بخەیتە سەرت. تۆ کەسی یەکەم و کۆتایی منداڵەکانتیت، تۆ ئەو ڕێیەیت کە منداڵەکانت بە سەریدا دەڕۆن. مرۆڤی مەزن تووشی بڕیاری مەزن دەبێت و کێشە لە کۆڵ خۆی ناکاتەوە و لێناگەڕێت کێشەکانی کەڵەکە بن، تۆ باوکیت، نەخەڵەتابیت وا بزانیت دووراودوور ئەم منداڵانە دەناسیت، باوک لە کاتی تەنگانەدا فریای منداڵەکانی دەکەوێت و باوکێتییەکەی دەردەکەوێت، ئەگینا پەیداکردنی پاروو بە زۆربەی ھەرەزۆری خەڵکان دەکرێت. لە تەمەنی منداڵێکتدا تەنھا دوو سێ جار ھەلی درەوشانەوەی باوکێتی دەڕەخسێت، ئەم ھەلە لە دەست خۆت نەدەیت، منداڵەکەت قوربانییە، نەکەیت پشتی بەدکارەکە بگریت لە دژی قوربانییەکە، نەکەیت سەرکۆنەی قوربانییەکە بکەیت، ئەم منداڵە جگە لەوەی قوربانییە، منداڵی خۆشتە. تۆ کە سێ تەمەنی ئەوت ھەیە و ئەزموونی تەمەنێکی پڕ لە ڕووداوت ھەیە ئینجا وا بیر دەکەیتەوە و دڵنیا نیت چی ڕاستە بیکەیت و نازانیت چی بکەیت و پێویستت بە تێڕامانی زیاترە، دەبێت ئەو لەو تەمەن و ئەزموونە کەمەدا چۆن بیر بکاتەوە و بڕیاری ڕاست بدات؟ داخۆ بڕیاری ڕاست چییە؟ بڕیاری ڕاست… بڕیاری ڕاست… داخۆ بەزیو بەزیو لە کۆشش کۆڵ دەدەم؟ ناتوانم ئەو خوێڕییە لەسەر ڕێی کوڕەکەم لابدەم؟ بێگومان کۆمەڵگا دەیانەوێت بە بێدەنگی ئەمە تێبپەڕێت و لە دژی من دەوەستنەوە لە بری ئەوەی لە دژی ئەو بن، کوڕە بەستەزمانەکەم سەرکۆنە دەکەن.

لە دوورەوە تیشکێک، وەک بڵێیت ئەلەندی تازەھەڵھاتووە و کراوەتە بەری زەنوێری شاخێک لە بڕیاری قورس و سەخت، بە ڕۆشنی لە پێش چاوی ناخیدا گەشایەوە، تیشکی سەر لوتکەکە نووسرابوو: «باوکێتی». بەڵێ، باوکێتی، تۆ باوکیت، دەچیتە ناو دۆزەخەوە و منداڵەکانت ڕزگار دەکەیت، نەک منداڵەکانت بە دۆزەخ بسپێریت، تۆ باوکیت، گەر پێویستی کرد، دەبیتە دوژمنی ھەموو دونیا تا منداڵەکەت لەو کێشانە ڕزگار بکەیت کە تێی کەوتووە. کاری لەپێشینەی تۆی باوک ئەوە نییە خەڵکانێک کە خۆیان لێیان نەقەوماوە لە دوورەوە پێت بڵێن: «چاکی کرد، منداڵەکەی کوشت» و کێشە لە کۆڵ خۆت بکەیتەوە و ببیتە بکوژ، بکوژی کێش؟ منداڵی خۆت! جەرگی خۆت! کە ھیچ شتێک لەوە سەرشۆڕیتر و ڕسواییتر و قێزەونتر نییە دەستت بچێتە جەرگی خۆت، ئەوەی ڕۆژێک لە ڕۆژان نیگای بۆت ھەڵڕوانیوە و وەکو کێوی پشت خۆی تەماشای کردوویت، ئێستا ئەو پەیمانی نەنوسراو و نەوتراو و واژۆنەکراوی باوکێتییە بشکێنیت. نەخێر، پەیمانی باوکێتی لای باوک دوولایەنە نییە، یەکلایەنەیە، لە تۆوە بۆ ئەوە، ئەگەر منداڵیشت پەیمانەکەی شکاند، تۆ لای خۆتەوە پەیمانەکە ناشکێنیت. تۆ باوکیت، ھیچ ھێزێک ئەو ڕاستییە ناگۆڕێت. باوکێتی ئەو تیشکە پرشنگدارەیە کە بەسەر لوتکەی ھەردێکی ئێجگار بڵند و سەخت و بنارتاریکی بڕیاری سەختدا ورشەی دێت. بەرگری لە منداڵەکەم دەکەم. نەخێر، نەک تەنھا ئەوە، بەڵکو دەبێت مێزەکە بە ڕووی کوڕەمەلاکەدا ھەڵبگەڕێنمەوە! دوژمن، دوژمنانە دوژمنایەتیی دوژمنەکەت بکەیت یان نەکەیت، بە دوژمنایەتیی ئەو خوازیار بیت یان خوازنەیار، ھەر دەبێت بزانیت کێ دۆستە و کێ دوژمنە. بۆیە فەرموو، دژێتییەکەت با بێت. ئەم ترسە بەستووە دەسووتێنم. گەر نیازتە لە دەست تۆڵەم ھەڵبێیت. گەر ئەو ئاسمانی ناخمانی داگیر کردووە و کردوویەتی بە سێبەر، کەواتە لە سێبەردا لەگەڵی دەجەنگم!

خۆری تازەھەڵھاتووی ئەو ڕۆژە دڵگیرەی بەھار گشت سەربان و نیوەی گەڕەک و درەخت و گەڵا زۆروزەبەندە بەھارەییەکانی بەردەم خانووەکانی شاری گرتەوە و وەک زێڕاو گشت جێیەکی ڕووپۆش کرد. لە زماکەکەی ناو ماڵی مامۆستا زامەندیشدا تاریکییەکان قەتیس مابوون و بە کۆتی خەم بەسترابوونەوە. تارمایی ئایۆ خان لای پێخەفەکەی زامەندەوە دەجووڵایەوە و بە ھێمنی زامەندی لە خەوی قووڵی تێرنەبوو ھەڵستاند، زامەند کەمێک خۆی کێشایەوە و وتی: «بەیانیت باش» و وەڵام درایەوە، ماوەیەک لە پێخەفەکەیدا مایەوە و پاش چەند چرکەیەک گەڕایەوە نێو ئەو بیرانەی دوێنێ شەو کردبوونیەوە، ئێستا سۆمای بەر ڕێی ڕووناکتر خۆی دەنوواند. پاش کەمێک ئایۆ خان داوای لێی کرد منداڵەکانی تریش ھەڵبستێنێت. زامەند چووە سەرەوە و بە ھێمنی لە دەرگای ژوورەکەی دیدەنی کچی دا، کە دیدەن ڕێی پێ دا، درزێکی دەرگاکەی کردەوە و وتی: «ھەڵستە، پێش ئەوەی خۆت بگۆڕیت بە بێدەنگی وەرە خوارەوە، کارم پێتە»، پاشان ھاتە خوارەوە و چەند جارێک بە ھێمنی لە دەرگای ژوورەکەی دارای کوڕی دا، کە دارا دەرگای کردەوە پێی وت: «بێدەنگ وەرە» و ئاماژەی بۆ ئایۆش کرد، ھێنانی مامۆستا زامەند ئایۆی ژنی و دارای نۆبەرە و دیدەنی کچی بۆ ژووری نووستنەکەی خۆی و دەرگای لە دوایان پێوە دا و داوای کرد ھەر سێکیان دابنیشن و لە نزیکیان دانیشت. شەش چاوی پشکنەر و بپرس و خەواڵوو تێی چەقیبوون، پاش وچانێکی بێدەنگیی درێژ بە ھێمنی وتی: «نھێنییەک ھەیە، جگە لە ئێمە نابێت کەس بیبیستێت. بەڵێنم دەوێت ھیچ شتێک ناڵێن و ناکەن ڕاوێژم پێ نەکەن. بەڵێن دەدەن؟» ئایۆ بێئارامانە وتی: «زامەند چییە بیڵێ، دڵم بەربووەوە بەم بەیانییە»، دارا و دیدەن تەماشای دایکیان کرد و ھیچیان نەوت، مامۆستا زامەند دووبارە وتی: «بەڵێن…»، دیدەن وتی: «بەڵێن دەدەم»، داراش بە دوایدا: «بەڵێن دەدەم»، ئایۆ خان وتی: «بەڵێن بێت… دەی چییە؟» مامۆستا زامەند وتی: «سوێند بخۆن بە کوردستان»، دیدەن وتی: «بەڵێن بێت، بە کوردستان، ھیچ لای کەس نادرکێنم و ھیچ شتێک ناکەم ڕاوێژی تۆی لەسەر نەبێت»، داراش ئەوەندەی بۆی کرا وتەکانی دیدەنی خوشکی دووبارە کردەوە، زامەند تەماشای لە چاوی پرسھاوێژی ئایۆ بڕی و بێدەنگ بوو، دواجار ئایۆ ملی دا و ئەویش سوێند و بەڵێنەکەی دووبارە کردەوە، کە زامەند لێیان ئەرخەیان بوو، وتی: «نابێت ئەم ماڵە چۆڵ بکرێت، دەرگای سەربان بە تەنیا نەکەنەوە. دەبێت ئاگامان لە دیاس و دونیا بێت، خۆمان بیانبەین بۆ قوتابخانە و بیانھێنینەوە. دراوسێیەکمان ھەیە…» لێرەدا ھەناسەیەکی قووڵی ھەڵمژی و ساتێک وچان وتەکانی ونجڕونجڕ کرد، «لە… دوژمن… دیاس… پارە…» ھەر سێ بیسەرەکەی سەرسام و خرۆشاوتر کرد، ئایۆ بە شپرزەییەکی نوێبووەوەترەوە پرسی: «چی؟ دراوسێ و دوژمن و دیاس چی؟» مامۆستا زامەند پاش وچانێکی تر وتی: «دراوسێیەک… لە دیاس دەدات و پارەی منی پێ دەدزێت»، یەکسەر پرسییان: «کێیە؟» زامەند پشوویەکی وەرگرت، بیرێکی کردەوە ئەگەر یەکسەر پێیان بڵێت کێیە ڕەنگە بە دوایدا بچن و قسە لەگەڵ کەسوکاریدا بکەن و لای دراوسێیەکی تر باسی بکەن، ھەروەھا ئەگەری ئەوەشی دانا کە ڕەنگە خەڵکی تریش لەم تاوانەدا بەشدار بن، بۆیە زانی ئەگەر بە تەنیا ناوێک بڵێت، ئەوا ڕەنگە ئەوان کەسانی تر لە گومان ڕیزپەڕ بکەن، بۆیە گۆمی دوودڵییەکەی ئەوانی قووڵتر کردەوە تا گومانەکانیان وایان لێ بکات خۆیان بە کەس نەڵێن، بۆیە وتی: «با دەربکەوێت، ئەوکات شتان ئاسان دەبن»، پاش وچانێک درێژەی دایە و وتی: «ئێوە تەنھا ئاگاتان لە خۆیان و دەوروبەریان بێت»، پاش کەمێک بیری کەوتەوە بڵێت: «ڕەنگە ئەو یەکە پەلاماری دونیاش بدات. ئێوە گەورەی ئەوانن، لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن، گەورەیی بە واتای کەڵەگایی نایەت، سەرزەنشتیان نەکەن و ئێوەش ببن بە زەواڵ». پاش وچانێکی تر بە دارای وت: «بەیانیان ھەردووکیان دەبەیت و لە بەردەرگای قوتابخانە دایاندەگریت»، ئینجا ڕووی کردە دیدەن و وتی: «تۆش نیوەڕوان و ئێواران تا ناو ماڵەوە دەیانھێنیتەوە». پاشان ڕووی کردە ھاوژینەکەی و وتی: «ئایۆ، نە دیاس، نە دونیا بۆ ھیچ کوێیەک نانێریت، ئەگەر خۆڵیشت پێیان ڕشت لە پشتیانەوە دەوەستیت و چاودێرییان دەکەیت»، پاشان بە ھەمووانی وت: «ماڵ چۆڵ ناکرێت، بۆ ھیچ جێیەکی زیادە ناچن، لەمەودوا ڕێ بدەن خزم بێت، بەڵام دەبێت ھەمووان لە یەک ژوور بن و چاوتان لە یەکتر بێت». پاشان ھەڵستایە سەر پێ و وتی: «تا چارەی دەکەین… تا چارەی دەکەین… کە زیاترم زانی پێتان دەڵێم، ئێوەش سەرنجی ھەر شتێکی نامۆتان دا پێم بڵێن»، پاشان تا دەرگاکە ڕۆیشت و ئاوڕی بۆیان دایەوە و وتی: «سوپاس، ئینجا بەیانیتان باش! خۆتان ئامادە بکەن و ئەو دووانەی تریش ھەڵبستێنن، با نان بخۆین».

پاش نانخواردن ئەوان منداڵەکانیان گەیاندە قوتابخانە و خۆیشیان چوونە سەر کارەکانیان، مامۆستا زامەند چوو بۆ بازاڕ و چەند قفڵێکی کڕی و ھاتەوە ماڵەوە و تانکییەکانی سەربانی بە قفڵ داخست، لە ترسی ئەوەی نەکا حەمەڕەحمە ئاوی ماڵەکەیان ژەھراوی بکات، دەرگای سەربانیشی بە قفڵ داخست و داینا کە چووە خوارەوە کلیلەکان بداتە دەست ئایۆ خان، بەڵام جارێ نەچووە خوارەوە، بەڵکو چووە ژوورەکەی دیاس و پاش بیرکردنەوەیەکی درێژ و ھاتوچۆ بە ژوورەکەدا وەک ئەوەی پڕۆڤە بۆ پێشکەشکردنی ئەم وتارە بکات لە نێو دادگا، یان لەسەر کەناڵی تەلەفیزیۆن، یان ڕادیۆ، یان لە پێش ئاپۆرایەکی ھەزاران کەسی، وتی: «من حەمەڕەحمە تۆمەتبار دەکەم بە دەستدرێژی بۆ سەر کوڕەکەم، کە تەمەنی تەنھا سیانزە ساڵانە، تۆمەتباری دەکەم بەوەی ھەڕەشەی کوشتنی لە کوڕەکەم کردووە، تۆمەتباری دەکەم بەوەی کوڕەکەمی ناچار کردووە دزی لە من بکات. تۆمەتباری دەکەم بە ھەوڵدان بۆ شکاندنی شکۆی من و کوڕەکەم و تەواوی ئەندامانی خێزانەکەم. داواکارم حەمەڕەحمە و ھاوتوخمەکانی لە ڕەگ و ڕیشەوە لەم کۆمەڵگایەی ئێمە ھەڵبکێشرێن. ھەر کەس و لایەنێکیش دەبێتە ھۆی بەرھەمھێنانی دڕندە و تاوانکاری لەم چەشنە، ئەوانیش دەستیان لەم تاوانانەدا ھەیە. حەمەڕەحمە کە خۆی تاوانکارەکەیە، دەبێت سزای ئەم تاوانانەی وەربگرێت و جارێکی تر بەرنەدرێتە کۆمەڵگا، ئیتر بە کوشتنە، بە بەندکردنە، یان بە ھەر جۆرێکی تری سزای سەختە، کەسی وەھا نابێت لەناو کۆمەڵگادا بێت».

لێرەدا ھۆنوسی ماک تەواوکردنی وتارەکەی گرتە ئەستۆی خۆی و درێژەی پێ دا و وتی: «ئەو پەروەردەیەی کە کەسی وەک حەمەڕەحمە بەرھەم دەھێنێت دەستی لەم تاوانەدا ھەیە و دەبێت بخرێتە ژێر پرسیار و بگۆڕرێت. ئەو خێزانانەی دڕندەی وەک حەمەڕەحمە بەرھەم دەھێنن دەبێت ھەڵبوەشێنرێنەوە. ئەو لایەنانەی سەرکۆنەی ئێمەی قوربانی دەکەن کە گۆشتمان خستووەتە بەردەمی سەگ و گلەیی دەکەین کە بۆچی خواردوویەتی، ئەوانە ھاوبەشی ئەم تاوانانەن کە حەمەڕەحمە دەیانکات و درێژە بەم نەریتی لاقەکردن و دەستدرێژییە دەدەن. ئەوانەی پێیان وایە حەمەڕەحمە قوربانیی پەروەردەیەکی ھەڵەیە، دیسانەوە دێنەوە سەر ھەمان ئەو مەبەستەی ئێمە کە پێمان وایە ئەو پەروەردەیەی بەدئاکاری وەھا بەرھەم دەھێنێت دەبێت بخرێتە ژێر پرسیار و بگۆڕرێت. ئەوانەی پێیان وایە حەمەڕەحمە قوربانیی خێزانێکی خراپە، دیسانەوە دێنەوە سەر ھەمان ئەو مەبەستەی ئێمە کە پێمان وایە ئەو خێزانەی دەستدرێژیکەری وەھا بەرھەم دەھێنێت دەبێت ھەڵبوەشێنرێتەوە. ئەوانەی پێیان وایە حەمەڕەحمە قوربانیی چاندێکی ھەڵە و خراپە، دیسانەوە دێنەوە سەر ھەمان ئەو مەبەستەی ئێمە کە پێمان وایە ئەو چاندەی تاوانکاری وەھا بەرھەم دەھێنێت دەبێت بنکۆڵ بکرێت و لە ڕیشەوە ھەڵبکێشرێت و فڕێ بدرێتە ناو زێرابی مێژووەوە، کە ئەوێ جێی شایستەی خۆیەتی. ھەموو خێزانێک باش نین، ھەموو خێزانێک شایستەی ڕێز نین، ھەموو خێزانێک منداڵی بەسوود بۆ کۆمەڵگا بەرھەم ناھێنن، ئەگەر وا نییە، حەمەڕەحمە و ھاوشێوەکانی لە کوێوە ھاتوون؟ مەگەر ھەر لەو کارگەی مناڵخستنەوە پیرۆزکراوەوە نەھاتوون؟ ھەموو خێزانێک، بە تایبەتی ئەوانەی کارگەی بەرھەمھێنانی تاوانن، نەک شایستە نین وەک بەھای باڵا دابنرێن، بەڵکو شایستەن وەک بنی چاڵەتەرس دابنرێن. ئێمە شار دروست ناکەین بۆ ئەوەی خۆمان لە کونجی ژوورەوەی ماڵ بخزێنین و خۆمان بەند بکەین، نەخێر، ئێمە شار دروست دەکەین تا جێپێ و نشینگەی ژێر خۆمان فراوانتر بکەین. ئەگینا ئەگەر بڕیار وا بێت نەوێرین لە ماڵ بچینە دەر لە ترسی ئەوەی یەکێک لاقەمان نەکات، یەکێک بێڕێزیمان بەرانبەر نەکات، یەکێک مافەکانمان زەوت نەکات، ئیتر بۆچی نەچینەوە ناو سروشت و لەگەڵ شێر و پڵنگ و ورچ و کەمتیاردا بژین؟ بۆیە کاتێک کەسانێک دێن و بە ژنان و کوڕان و منداڵانمان دەڵێن: مەچنە دەرەوە تا لاقە نەکرێن، ئەمە خۆی بەڵگەی شکستی ئەو نەریتە پیرۆزکراوەیە کە ھەزاران ساڵە وەک کۆت لە ملمانیان ئاڵاندووە، بەڵگەی شکستی ئەو پەروەردەیەیە کە لە ڕاستیدا پێمان نەدراوە، بەڵام زلبەھاییەکان سوورن لەسەر ئەوەی پەروەردە کراوین، نەک تەنھا ئەوە، بەڵکو ئەم پەروەردەیەی کە نەکراوین جوانترین و بێگەردترین و نایابترین پەروەردەیە و ئاکاری بەرزی لێوە بەرھەم دێت! ئەم جۆرە پەیامە واتە ئێمە ئامادە نین ھیچ بگۆڕێین، ئێمە دڕندەین، ئێمە لاقەچین، ئێمە ئاڵۆشبازین، ئێمە سنووربەزێنین، ئێمە شکۆشکێنین، بەڵام تۆ مەیە دەرەوە و مەیە بەردەممان! وەک بڵێیت دەرەوە موڵکی ئەوانە و من و تۆ و دیاس بۆمان نییە دەرەوە ببینین! نەخێر، ئێمە شارمان بۆ ھەموومان دروست کردووە، وڵات بۆ ھەموومان دروست دەکەین نەک تەنھا بۆ ئاڵۆشباز و لاقەچییەکان و دەستوەشێنەکان و شکۆشکێنەکان. نەخێر، ئەگەر خۆتت پێ ناگیرێت کێشەی ئێمە نییە، کێشەی تۆیە، ئێمە نین کە بەدئاکار و بەدڕەفتارین کە دەمانەوێت بە ئازادی بە شاردا بسووڕێینەوە، بەڵکو تۆیت کە ھێندە بەدئاکار و بەدڕەفتاریت کە ناتوانیت لاقەی کەس نەکەیت! دەبێت ئەم جۆرە بیرکردنەوانە و ئەم جۆرە قسانە قەدەغە بکرێن، ئەم جۆرە قسانە برەودەرن بە ڕەفتارەکانی حەمەڕەحمە و ھەموو ئەو تاوان و دەستدرێژییانەی ڕۆژانە دەکرێنە سەر ھاووڵاتییان. تەنھا ئەو کەسە تاوانبار نییە کە دەستدرێژییەکە دەکات، بەڵکو ئەو کەسەش بە شێوەیەکی بەشەکی تاوانبارە کە وتە و وتار و قسەکانی دەچنە خزمەتی برەودان بەو دەستدرێژی و تاوانکارییانەوە. ڕەنگە زلبەھاییەکان بڵێن «چەم بێ چەقەڵ نابێت»، ئەمە جگە لەوەی پەروەردەکەیان دەخاتە ژێر پرسیارەوە، چونکە ئەو کاتە پەردوەردەکەیان بە چەم دەچووێنن، ئەگەر واش بێت، ئەوا ئەم چەمە چەقەڵی ئێجگار زۆری تێدایە، کە ڕاستترە بڵێن بووەتە چەمی چەقەڵان و چەقەڵ بە خوێنی سەری ھاونیشتمانییان تینووە.

ئەو کاتەی ئەم چیرۆکە ڕووی دا ھێشتا زۆری مابوو زلبەھاییەکان و بەھاباڵابازەکان و ئیسلامییە سیاسییەکان گەلەکۆمەکێ لە «ڕێکخراوەکان» بە گشتی و ڕێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی خانمان بە تایبەتی و خودی مافی خانمان بکەن و وەک تێکدەری شوناسە پڕ لاقەکردنەکەیان بیانناسێنن و دژایەتییان بکەن و پێیان وا بێت لێکۆڵینەوەی جێندەری دەبێتە ھۆی بێڕەوشتبوونی کۆمەڵگا، لە کاتێکدا سەرزەنشتکردنی قوربانییەکان، کە پیشەی ھەمیشەیی ئەوانە و چاوپۆشین لە ھەموو تاوان و بەدئاکارییەکانی خۆیان و چواردەورەکەیان وای کردووە کە ھەر لە بنەڕەتەوە ڕێکخراوی داکۆکیمان لە مافی خانمان و منداڵان ھەبێت. ئەم چیرۆکە و ھەزارانی وەک ئەم چیرۆکە زۆر پێش ئەوە ڕوویان دا کە ئیسلامییە سیاسییەکان و ئەوانەی مەراییان بۆ دەکەن لێکۆڵینەوەی جێندەری وەک ھاوڕەگەزخوازیش نا، بەڵکو وەک ھاوڕەگەزبازی و بێڕەوشتکردنی کۆمەڵگا و دوژمن پێناسە بکەن و ئاڵای بەھای باڵا و شیرازەی خێزان و کەلتوور و نەریتی جوانیان ھەڵبکەن و ھەموو تاوانەکانی بێپەروەردەیی و چاند و نەریتە خراپەکانی خۆیان بخەنە ملی ئەوانەی بە ڕاستی لە خەمی مافی ھاووڵاتییاندان و دەیانەوێت نیشتمانێکی ژیار دابمەزرێنن. نەخێر، ئەو کاتە ھیچ کامێک لەمانە نەبوون و ھێشتا کۆمەڵگاکە ھەر ئاوھا بوو. تۆی خوێنەر و بیسەر یادگەت بگەڕێ و ڕاستگۆ بە، لە کۆڵانەکەی ئێوەدا و پێش جیھادی پووچی دژەجێندەر و دژەژنی ئێستانانی زلبەھاییەکان، تۆ لەم چوار کەسە کامیان بوویت: وەک دیاس قوربانیی دەستی لاقەکەر و بەدئاکارێک بوویت کە ھەمووان بۆ ئەویان پۆشیوە و سەرزەنشتی تۆیان کردووە؛ یان وەک منداڵانی گەڕەکەکەی دیاس لایەنی تاوانکارەکەت گرتووە و سەرزەنشتی قوربانییەکەت کردووە، یان وەک ھۆنوسی ماک ھەموو جۆرە ماستاو و مەراییەکت کردووە تا ئاگرە سوورە لە خۆت دوور بێت و لە باشترین حاڵەتدا خۆتت تێنەگەیاندووە، تەنھا لەبەر ئەوەی لە تۆ دوور بووە؛ یان خۆت حەمەڕەحمەکە بوویت؟ تۆ کامیان بوویت؟ ئینجا ئێستا کە یادگەت گەڕایت، دووبارە زانیت کە ئێستانان زلبەھاییەکان بە چەواشە و درۆ ھەموو تاوانەکانی کۆمەڵگایان خستووەتە ملی ئەوانەی بۆ مافی شارستانی و مافی خانمان و منداڵان تێدەکۆشن، ھەست ناکەیت ھەڵخڵەتاویت، یان خۆت و خەڵک ھەڵدەخڵەتێنیت؟ ھەست ناکەیت ستەمکاریت و پێویستە داوای لێبوردن بکەیت و لەو دژایەتییە خۆڕاییەت پاشگەز ببیتەوە؟ ستەم مەکە، با ستەمت لێ نەکرێت؛ خەڵک مەکە بە قوربانی، با خۆت نەبیتەوە بە قوربانی؛ ئەو نەریت و چاندە مەپارێزە کە بەدکار و ستەمکار و قوربانی دروست دەکات، با خۆت نەبیتە یان بەدکار، یان ستەمکار، یان قوربانی.


[1] بەشێکیم لە ٦ تا ٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٠ نووسی، بەڵام تەواوم نەکرد، لە ١٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣وە تا ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٣ کارم تیایدا کرد و پیایدا چوومەوە و تەواوم کرد. لە ڕۆژانی ٧ و ٨ی شوباتی ٢٠٢٣دا ھەر بە مۆبایلەکەی خۆم خوێندنەوەیەکیم بە دەنگی خۆم بۆی تۆمار کرد و بۆ ھەندێک ھاوڕێم نارد تا سەرنج و تێبینیم بدەنێ، ھەندێکیان سەرنج و تێبینیی بەپێزیان پێم دا و ھەندێک ھەڵەی ڕێنووسیان بۆم ڕاست کردەوە، سوپاسیان دەکەم. لە ١٨-٢٣ی شوباتی ٢٠٢٣دا بە ئامێرێکی تۆمارکەری باشتر (زووم ئێچ ٦) ھەر لە ماڵی خۆمدا خوێندنەوەیەکی نوێترم لێی تۆمار کرد و ھەر خۆیشم مۆنتاژم کرد. بەشێکی تری ھۆنوسیاس بۆ درێژەپێدانی ئەم چیرۆکە تەرخان دەکەم، لەو بەشەدا زیاتر دەچمە سەر باسکردنی ماڵ و ژیانی حەمەڕەحمە و پاڵنەرەکانی پشت کردەوەکانی، ھەروەھا لەو بەشەدا ڕووبەڕووبوونەوەی دوو خێزانی ماڵی مامۆستا زامەند و حەمەڕەحمە ڕوو دەدات و لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە و دادگایی و ئەنجامی دادگاییەکەی حەمەڕەحمە دەخەمە ڕوو. جگە لەوەی درێژە بە گەنگەشەکردنی زیاتری ھەندێک لەم مژارانە دەدەم و ھەوڵ دەدەم ھەندێک لەو پێشنیارانەی لێرەدا خرانە ڕوو، لە گۆشەیەکی ترەوە بخەمە ژێر پرسیار و لێکۆڵینەوەوە، تا بزانین ئایا بە ئەنجامی نوێ دەگەین، یان نا؟ ~نەوا موکرجی

[2] ھۆنراوەی بەختەوەریی ژیلا حسەینی.

[3] چوار دێڕ لە ھۆنراوە و گۆرانیی چاوەڕێتمی نەوا موکرجی.

باش و خراپیی خستنەڕووی بەرهەم

باش و خراپیی خستنەڕووی بەرهەم1

خۆم ئالوودەی بەرهەمهێنانم

من خۆم بە کەسێکی بەرهەمدار دەزانم. نەک تەنها ئەوە، بەڵکو ئەوەندەی بتوانم بە یادم بێتەوە، لە منداڵییمەوە تووشی جۆرە ئالوودەییەک بووم بە بەرهەمدارییەوە. لە ٢٠٠٦یشەوە ئەم ئالوودەییەم خەستتر بووەتەوە. گرنگ ئەوەیە لە ڕۆژێکمدا، لە ڕابوونمەوە بۆ نووستم، هیچ نەبێت بەرهەمێکم هەبێت. ئیتر ئەگەر پێنج دێڕ نووسینیش بێت هەر ئاسوودەم دەکات و وەک بەرهەم دەیبینم.

خۆیشم فێری چەند بوارێکی جیاوازی بەرهەمداری کردووە، تا ئەگەر لە بوارێکدا تووشی ڕاوەستان بووم، لە بوارێکی تردا خەریک بم. کاتێکیش زیاتر لە حەفتەیەک، ئەوپەڕی دوو حەفتە تێبپەڕێت و بەرهەمێکم نەبێت، کە هەندێک جار شتی وا ڕوو دەدات، تووشی خەمۆکییەکی زۆر سەخت دەبم و بیر لە خۆکوشتن دەکەمەوە. لەم کاتەشدا هەر چۆنێک بێت شتێک بەرهەم دەهێنم. زۆربەی کاتیش ئەو بەرهەمە بڵاو ناکەمەوە. بەڵام هەندێک جار لە ماڵپەڕەکەم و ئێستاش کە وا فەیسبووکم داناوەتەوە، لە فەیسبووکیشدا دایدەنێم.

تەنانەت کە هیچ شتێکم بۆ ناکرێت، دەفتەرێکی تایبەتم هەیە تەنها بۆ خۆم، بیر و بۆچوونی شقڵیوپقڵیی خۆمی تێدا تۆمار دەکەم. باسی ڕۆژەکەم، یان شتێکی ئەو ڕۆژەم دەکەم بۆ لاپەڕەیەکی پاک. بۆیە ئەوەی لە پەرەگرافی داهاتووەوە دەیخوێنیتەوە سەرنجی منە وەک کەسێکی ئالوودەی بەرهەمداری و کەسێک کە، بە سوپاسەوە، ژیان هەلی ئەوەی پێم داوە ئەزموونێکی شازدە ساڵیم لە بەرهەمداریدا هەبێت. بابەتەکەش سەبارەت بە پرسی خستنەڕووی بەرهەمە.

ئایا خستنەڕووی بەرهەم نەخۆشییە؟ ئەوانە نەخۆشن کە داوا دەکەن بەرهەمەکانیان بخرێنە ڕوو؟

هاوڕای ئەو بەڕێزانە نیم کە پێیان وایە خستنەڕووی بەرهەم نەخۆشییە و ئەو کەسانەی داوای خستنەڕووی بەرهەمەکانیان دەکەن نەخۆشن. هەر وەک چۆن هاوڕای ئەوانەش نیم کە پێیان وایە بەرهەمی باش ئەوەیە خەڵک بە دوایدا دەگەڕێت. زۆربەی خەڵکان هەر نازانن کە بەرهەمی باش هەیە، تا ئەوان بۆی بگەڕێن. یان دەشێت ئەو بەرهەمەی لای بەڕێزێک باشە، لای ئەوان بەرهەمێکی باش نەبێت. یان لەو جۆرە نموونەیە بێت کە بە دوای زێڕدا دەگەڕێت، بەڵام ئەڵماسی دەست دەکەوێت، بەڵام نەیزانیوە بەهای ئەڵماسەکە چییە و چەندە و فڕێی داوە و کەوتووەتەوە گەڕان بە دوای زێڕەکەی خۆیدا. زۆر جاریش هەبووە کەسێک تەنەکەیەکی زەردکراوی دۆزیوەتەوە و وای زانیوە زێڕە. لێرەدا مەبەستەکە ئەوەیە کە تەنها دۆزینەوەی شتێک لای خەڵکان یەکسان نییە بە مەزنێتیی ئەوەی دۆزراوەتەوە.

بەرهەم هەر چییەک بێت بەرهەمە!

دواجار نووسین، هۆنراوە، گۆرانی، موزیک، تابلۆ، فیلم و ئاوها تا دوایی، بەرهەمن. وەک هەر بەرهەمێکی تر وان لەم دونیایەدا. بە ڕاستی بڵێم، لە ڕووی واتاییەوە هیچ جیاوازییەک نابینم لە نێوان جوتیارێکدا کە تەماتەیەک دەچێنێت و دەیدورێتەوە، لەگەڵ هونەرمەندێکدا کە تابلۆیەک دەکێشێت.

بەرهەم هەر شتێک بێت پێویستی بە خستنەڕوو هەیە. ئەو خستنەڕووەش پشت بە هەوڵی چواردەور دەبەستێت. هەندێک جاری کەم هەیە کە چواردەور خۆیان خۆڕسکانە ئەو خستنەڕووە بۆ بەرهەمانێک دەکەن. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو بەرهەمەی خۆڕسکانە خراوەتە ڕوو باشە، ئەوەشی خۆڕسکانە نەخراونەتە ڕوو خراپە.

دواجار زۆری و کەمیی ئامادەیی بەرهەمێک لە بازاڕدا بەڵگەی نایابی و خراپیی بەرهەمەکە نییە. بەڵام لە هەموو بارێکدا باشترە هەر بەرهەمێک کاری خستنەڕووی بۆ بکرێت تا بگاتە بەر دیدەی کەسانی تر.

خۆم (ئێستا) چوار ساڵی خۆمم داوەتە وەرگێڕانی پەڕتووکێک کە ڕەنگە چوار ساڵی تریشی مابێت. ئێ دە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەم پەڕتووکە کەسێک پێی ناساندووم، لە شوێنێکی تردا بینیم. ئەو پەڕتووکەم نەناسیایە دێڕێکیشیم لێ نەدەخوێندەوە، نەشمخوێندایەتەوە وەرمنەدەگێڕا، وەریشمنەگێڕایە کەسانێکی زۆر جوان و گرنگم نەدەناسی کە لە چەند مانگی ڕابردوودا ناسیومن.

پاشڕام بدەوە

یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی ئەو کەسانەی بەرهەمهێنن نەبوونی پاشڕایە (فیدباک). ئەمە بە پلەی سەرەکی کێشەی خۆمە و دەیان جار ئەم گلەییەم ئاراستەی کەسە نزیکەکانی خۆم کردووە. پاشڕا بە واتای تێڕوانین و ڕەخنە و سەرنجی بینەر و بیسەر و خوێنەری بەرهەمەکە دەڵێم.

کاتێک تۆ پاشڕات پێ نەگاتەوە کەموزۆر لە شوێنێکی چەسپاودا خول دەخۆیت. بەڵام سەرنجی کەسانی تر وا دەکەن لە هەندێک چەقبەستوویی ڕزگارت ببێت و بەرهەمەکەت لە دیدی ترەوە ببینیت. جا چەند دیدی تر زۆرتر بن، بۆ بەرهەمهێن باشترە. ئەم دیدە زۆرانەش سەرەیان نەگرتووە بۆ بەرهەمی هیچ بەرهەمهێنێک، بەڵکو دەبێت بەرهەمەکە بخرێتە بەر دیدەیان.

بە گشتی ئەو پاشڕایانەی دەدرێنەوە بە بەرهەمداران زۆربەی هەرە زۆری کاتەکان یەکێکە لەم دوو جۆرە: یان سووکایەتی و جنێو و گاڵتەپێکردن و قێزلێهاتنەوەیە. یان بە سادە و ساکاری دەوترێت: «دەستخۆش».

یان ئەم ماوەیەی ڕابردوو ئەم وشە ناشیرینەی تریش بووەتە باو، دەوترێت: «تایبەت بوو»، یان «تایبەتە». ئەگەرچی هێشتا دەستخۆشەکە لە سووکایەتییەکە کەمتر مەزاجت تێک دەدات، بەڵام هیچ کامێک لەو دوو جۆرە پاشڕایانە هیچ زانیارییەکی زۆر بە بەرهەمهێنەکە نادات. وتارێکی کورتیشم سەبارەت بە «تایبەت» نووسیوە بە ناونیشانی بێواتاترین پەسنی سەردەم.

هێڵی نێوان ڕا و دوژمنایەتی تەنکە!

دەبێت ئەوەش بڵێم کە لەو کەسانە تێدەگەم کە ڕا و سەرنجیان هەیە، بەڵام بە بەرهەمهێنەکەی نادەن. خۆم دەیان جار ڕا و سەرنجم لەسەر بەرهەمی کەسانی تر هەبووە، بەڵام ئەوەندە ترساوم لەوەی دڵی کەسەکە بریندار بکەم، یان لەوە دڵنیا نەبووم کە بەرهەمهێنەکە چۆن سەرنجەکانم وەردەگرێت، ناچار بێدەنگیم لێ کردووە و قسەم نەکردووە. بۆیە تێدەگەم لەوەی کە زۆر کەس ڕەخنە و پێشنیار و سەرنجیان هەیە، بەڵام نایدرکێنن، چونکە لە دوژمنداری دەترسن!

بەڵام خۆم تا ئەو کاتەی نەگاتە زۆرلەخۆکردن و هەوڵدان بۆ بەزۆرسووککردنی بەرهەمەکە و هەوڵدان بۆ شکاندنم، زۆربەی هەرە زۆری سەرنجەکانی بەرانبەرم بە هەند وەردەگرم. هەندێک جار نا! کە دواتر پێتان دەڵێم کەی. زۆر جار هەبووە کە بەرانبەرەکەم سەرنجێکی بە من وتووە زادەی ئەوە بووە کە خۆی لەو شوێنەی بەرهەمەکەم تێنەگەیشتووە. بەڵام تەنانەت ئەو تێنەگەیشتنەی ئەویش بۆ من زانیارییەکی گرنگە. چونکە وام لێ دەکات بچمەوە بە بەرهەمەکەمدا، بە تایبەتی ئەگەر نووسینێک بێت، هەوڵ دەدەم بزانم ئایا هۆی تێنەگەیشتنەکە لە هەڵەی منەوە بووە، یان بەرانبەرەکەم خۆی لێی تێنەگەیشتووە.

دوو نموونەی ڕەخنە لە نووسینی من

با بە نموونە پاشڕای دوو کەسی جیا بخەمە ڕوو کە لەسەر چیرۆکی میهرەبانەکان دراون. میهرەبانەکان بەشێکە لە  هۆنوسیاس، لە نووسینی خۆم و بە دەنگی خۆیشم لە یوتیوبەکەم بڵاوم کردووەتەوە. یەکێکە لە نزیکترین چیرۆکەکان لە هەست و سۆزی خۆمەوە. لە ڕاستیدا زۆربەی جار لە کاتی خوێندنەوەکەیدا دڵم پڕ دەبێت. لەو چیرۆکەدا هاوڕێیەکم پێی ڕاگەیاندبووم کە: هەڵەی خاڵبەندیی زۆرە و هەندێک جار تەنها وشەیەکم داناوە و خاڵێکم بە تەنیشتیەوە داناوە، کە نەبووەتە ڕستە. هەروەها ئاگاداری کردبووم کە هەڵەی ڕێنووسی زۆرە، بۆ نموونە هەندێک جار «هۆنوس» بە دوو (ن) نووسراوە و کراوە بە «هۆننوس».

لێرەدا من زۆر سوپاسی ڕەخنەگرەکەم کردووە کە ڕا و سەرنجی خۆی بە ڕاشکاوی خستووەتە ڕوو. بۆ خاڵبەندییەکە: لە نووسینی وێژەییدا مەرج نییە خاڵ تەنها لە کۆتایی ڕستەدا بێت، بەڵکو لە شەپۆلی هۆشدا هەندێک جار تەنانەت پیتێک یان دوو پیتیش بە خاڵ سنووردار دەکرێت. وەک: «مامی وتی: حیزبەکان. خخ. گوێگرەکە ڕووی وەرگێڕا.»، لەوێدا: ئەوەی دەڵێت: «مامی وتی» و ئەوەی دەڵێت: «گوێگرەکە ڕووی وەرگێڕا» گێڕەرەوەی چیرۆکەکەن. «خخ»ەکە لەوانەیە شەپۆلی هۆشی گوێگرەکە بێت. لە میهرەبانەکانیشدا نموونەی لەم چەشنە زۆرن. کە ئەو وشەیە، یان ئەو ڕستە تەواونەکراوە شەپۆلی هۆشی هۆنوسە.

سەبارەت بە ڕەخنەکەی تری کە «هۆننوس» هەڵەی چاپە، ئەڵبەت تێدەگەم کە بۆچی وا بزانێت کە هەڵەی چاپە، بەڵام هەڵەی چاپ نییە. لە جێیەکی جیاوازدا لەسەر وشەی «هۆن»م نووسیوە، کە ڕەگی «هۆنینەوە»یە. لەوێدا «هۆننوس» بە واتای ئەوە دێت کە وشەی هۆنراو دەنووسێتەوە، وەک «هۆنەر». بەڵام «هۆنەر» دەشێت بیانڵێت، «هۆنوس» هۆکە و «هۆننوس» هۆنەکە دەنووسێتەوە.

هەندێک جار ڕەخنە بونیادنەرە!

بەڵام کەسێکی تر لێی پرسیم کە لە چیرۆکەکەدا مەبەستم چییە لەوەی کە دەڵێم: «شەتەکێکی دا»؟ چونکە لە شوێنێکی چیرۆکەکەدا وا دەڵێت. ئەو بەڕێزە پرسیی: «چیی شەتەک دا؟». کە چوومە بنجوبناوانی پرسیارەکەی ئەوەوە، بۆم دەرکەوت من چەندێکە وشەی شەتەک بە هەڵە بە کار دەهێنم. شەتەک-م بە واتای جووڵەیەکی خێرا بە کار هێنابوو، کە شەتەک ئەو واتایەی نییە. ناشزانم بۆچی وام زانیوە ئەو واتایەی هەیە.

لەوەیاندا بۆم دەرکەوت من هەڵە بووم و لە نووسینەکەمدا چاکم کردەوە. بەڵام تا ئێستاش لە دەنگە تۆمارکراوەکەی ناو یوتیوب هەر هەڵەیە و بۆم چاک ناکرێت. بەڵام زوو بێت یان درەنگ، لە ئایندەدا خوێندنەوەیەکی تری ئەم چیرۆکەم تۆمار دەکەمەوە و بڵاوی دەکەمەوە. چونکە دوو سێ هەڵەی تریشی تێدایە کە چاکم کردوونەتەوە.

نەزانین کاتییە!

من بەو پێیەی لە بەرکارهێنانی وشەی ناباودا جەربەزەیی زۆر دەکەم، بۆیە زۆریش دەکەومە هەڵەوە. بەڵام دواجار وشە وەک ئوتومبێلێک دەبینم، زۆر جار دەبێت بیخەیتە کار و تاقیکردنەوە تا بزانیت بەرگەی ڕۆیشتن دەگرێت یان نا. چونکە ڕاستە من دەنووسم و وەردەگێڕم، بەڵام لە هەمان کاتیشدا تا ئەوەندەی بۆم بکرێت زمان تاقی دەکەمەوە. بە نزیکی ئەمەم کردووە بە خوو و خۆیشم سوودم زۆر لێی بینیوە.

لە بەرانبەر ئەو ڕەخنانەشدا، کاتێک کەسێک ڕەخنەیەک دەگرێت و دواجار دەردەکەوێت کە لە ئەنجامی پەیپێنەبردنی خۆی بووە، ئەوە ناگەیەنێت ئەو کەسە دەبەنگە و نەزانە، بەڵکو پەرلەیەک هەبووە و ئەو پێی نەکراوەتەوە. ئەگەر نەزانیش بێت، تەنها ئەو شتەی نەزانیوە، ئەوە ناگەیەنێت کە لە دونیادا هیچ شتێکی تر نازانێت. بۆیە هیچ شوورەیی نییە شتێک نەزانیت، هەموومان بە نەزانی دێینە دونیاوە و وردەوردە فێر دەبین. لای من نەزانین سرووشتێکی هەمیشەیی نییە، وەک ئەوەی زۆر کەس وا وێنای دەکەن و کە دەڵێن: «فڵان کەس نەزانە» مەبەستیان ئەوەیە لە لەدایکبوونیەوە تا هەزار ساڵی تریش هەر نەزان دەبێت. من ئەوە بە هەڵە دەزانم. نەزانین سرووشتێکی کاتیی هەیە، لە شوێنێکدا دەزانیت، ئیتر تەواو. من نەمزانیبوو تا ئێستا، بەڵام لە ئێستا بە دواوە دەیزانم، ئیتر کێشەکە چییە؟

هەندێک جاریش ڕەخنەگرەکە گەمژەیە

بەڵام جاری واش هەبووە ڕەخنەگرەکە بابەتەکەی نەزانیوە، پێشنیاری گۆڕانکارییەکی بۆم کردووە، کە بۆم ڕوون کردووەتەوە بۆچی پێشنیارەکەی ئەو جێبەجێ ناکەم، ئەو هەر سوور بووە لەسەر ئەوەی ئەوەی خۆی ڕاستەکەیە. بە نموونە، لە بارەی «تەپڵەسەری نەتاشراو»ەوە، کە لە لاپەڕەی یەکەمی ئەڵقەی یەکەمی ئولیسدا هەیە (بەرگی یەکەمی ئولیس و ڕاڤەکانی)، کەسێک سوو بوو لەسەر ئەوەی ئەوە بگۆڕم و بیکەم بە «قژی نەتاشراو»، پاش ئەوەی کە زۆر بۆم ڕوون کردەوە بۆچی «تەپڵەسەر»ە و «قژ» نییە، کە وشە ئینگلییەکەم بۆی هێنایەوە کە تۆنشەر – tonsureە، بەڵام ئەو هەر سوور بوو لەسەر ئەوەی من هەڵەکەم و دەبێت بیکەم بە «قژی نەتاشراو»، بێ ئەوەی هیچ پاساوێکی تری پێبێت، جگە لە تێگەیشتنی ئەو ساتەی خۆی. ئەم بەڕێزە تەنانەت وەرگێڕانەکەی ئولیسی بە خراپ دانابوو، یەکێک لە پاساوەکانیشی ئەم بابەتی تەپڵەسەرە بوو، کە بەخێرێ، ڕاڤەش کرابوو! بۆیە کاتێک ڕەخنە دەکەوێتە ئەم کۆڵانی کوتین و لێدان و ئەتککردنەوە، من بە هەندی وەرناگرم.

بەرهەم لە بازاڕدایە، نەک ئەشکەوت!

هەر چۆنێک بێت، پێناساندن کارێکی چەوت نییە، هەموو جیهان وا دەکات. قورئان و کتێبی پیرۆز بە سەدان ملیۆن دۆلاریان تێدا سەرف دەکرێت تا یەکبینە لە پێش چاو و گوێی بینەران و بیسەراندا بن و بخرێنە ڕوو. بە سەدان دەزگا لە جیهاندا یەکبینە خەریکی خستنەڕووی بەرهەمەکانی شێکسپیر و گۆتە و کێ و کێی ترن. هەمان شت بۆ بێتهۆڤن کراوە و بەردەوامیش دەکرێت، بۆ زۆربەی هەرە زۆری فیلمە ئەمەریکییەکان، بۆ ئەلبوومی هەر گۆرانیبێژێک و تا دوایی. بە ڕێکەوت نییە کە تۆ ناوی ئەوانت بیستووە و ناوی کەسێکی ترت نەبیستووە!

پێناساندن بۆ نووسەرە هەرە بەناوبانگەکانی جیهان دەکرێت. لە دەرئەنجامی ئەمەشدا بەرهەمهێنەکە جگە لە پاداشتی ماددی، کە تەواو شایستەی خۆیەتی بە دەستی بهێنێت لە بەرانبەر ماندووبوونەکانیدا، پاشڕا و ڕەخنە و سەرنجیشی پێ دەگاتەوە، کە وا دەکات بەرهەمهێنێکی چەقبەستوو نەبێت. هەروەها خەڵکانێکیش بە چواردەوریەوە کە کاری لەبازاڕنانەکەی بۆ دەکەن سوودی ماددیی لێ دەبینن. ئەمە جگە لەوەی ئەم خستنەڕووانە وا دەکەن کەسانی تر بە بوونی ئەو بەرهەمە بزانن، کە ڕەنگە بەرهەمێک ژیانی کەسێک بگۆڕێت. خستنەڕوو پەیوەندیی بە هونەری لەبازاڕنانەوە هەیە و لەبازاڕنانیش کارێکی چەوت نییە. دواجار خەڵکان لە بازاڕەکاندا شت دەکڕن و شوێنی ساغکردنەوەی بەرهەم بازاڕەکانە، نەک ئەشکەوتەکان!

ئاساییە (باشیشە!) بەرهەمەکەت ساغ بکرێتەوە

بۆچی ئاسایی بێت تەماتەفرۆشێک بە کۆڵاناندا بگەڕێت و هاوار بکات: «وەرنەوە بۆ تەماتە» و نەخۆشی نەبێت، بەڵام ئەگەر کەسێک کە خۆی تەرخان کردووە بۆ بەرهەمداری داوای نووسین لە کەسێک بکات پێی دەوترێت نەخۆشی؟ نووسەرێک ئەگەر داوا بکات پەرەگرافێک لەسەر پەڕتووکێکی بنووسرێت، کە ساڵێک پێوەی ماندوو بووە، ئەمە نەخۆشییە؟ بۆچی؟

پاشان هەر بەڕاست، ئێمەی کورد چیمان بۆ نووسەر و هونەرمەند و بەرهەمدارەکانمان کردووە؟ گۆرانیبێژێکی ئەمەریکی تەنها سمتی دەردەخات دەکرێت بە ملیاردێر، ئێمەش یەکبینە وەک بڵێیت بەرهەمدارەکانمان بە نانی خۆمان بە خێو دەکەین، بەردەوام سەرزەنشتیان دەکەین.

دواجار مرۆڤ ئازادە بەرهەمی کەسێکی تر ساغ دەکاتەوە یان نا، لەسەری دەنووسێت یان نا، بەڵام ئەوەی کە ئەو شتە نەخۆشی بێت، نەخێر وا نییە، نەخۆشی نییە. ئەگەر نەخۆشیش بێت، نەخۆش شایستەی ئەوە نییە سووک بکرێت و سەرزەنشت بکرێت، شایستەی ئەوە نییە قێزی لێ بکرێتەوە، بەڵکو نەخۆش شایستەی چارەیە.


  1. لە ١٦ و ١٧ی ئایاری ٢٠٢٢دا نووسیومە؛ لە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎

هونەر و داهێنانی کوردی

هونەر و داهێنانی کوردی1

چۆن وا بکەین هونەری کوردی نەشێوێت؟ چۆن برەوی پێ بدەین؟

باشە شیاوتر نییە پێشتر بپرسین کە خودی هونەری کوردی و داهێنانی کوردی کامەن و چین؟

من چواردە ساڵە خەریکی هونەرم. ئەگەرچی خولیای ترم زۆرە و تا ڕادەیەکیش ماخۆلانم هەیە، بەڵام هەمیشە هونەر چەقی خولگەکانم بووە و وەک هەسارەیەک بە دەوریدا سووڕاومەتەوە. ڕەنگە لە زۆربەتان زیاتر بەر پرس و دۆزی هونەری کوردی کەوتبم. چواردە ساڵە ئەم بابەتە لە سووچێکی مێشکمدا لە پڕۆسە و سۆراخدایە. دڵنیاشم لە زۆر پەنجەرەی ترەوە تەماشای ئەم بابەتەم نەکردووە و هێشتا کۆمەڵێک گۆشەنیگای جیاوازتر قەرزارم. بەڵام با ئەوەندەی خۆم دەیبینم لەگەڵتداندا بەشی بکەم. ئێوەش میهر بنوێنن و گۆشەنیگای خۆتانم لەگەڵدا بەش بکەن، تا بە هەموومان لە چەند گۆشەیەکی زیاترەوە بابەتەکە بپشکنین و بە ئامانجی نوێ بگەین.

هونەر سامانە

ئەوەندەی سەرنجم داوە، هەمیشە هونەری کوردی وەک سامان بینراوە. لە ڕاستیدا ئەمە چوواندنێکی زۆر چاکە و هەر ئەم چوواندنە یارمەتیمان دەدات باشتر لێی تێبگەین. بۆیە من هیچ دژی ئەوە نیم کە هونەر و داهێنانی کوردی وەک سامان ببینرێن. لێرە بە دواوە، بە فەرمانی گەل، هونەری کوردی بە سامان پێناسە کرا.

ئامانەتیی تۆ و سامانی هونەری کوردی

ئەگەر منداڵەکەت بهێنیت و پێی بڵێیت: ڕۆڵەی شیرینم، ئاگاداری سامانەکەم بە، لە ڕووی لۆجیکییەوە نابێت ئەو بزانێت سامانەکەت چییە و لە کوێیە و چەندە تا بتوانێت بیپارێزێت؟ کە تۆ نەتوت کامە سامانەکەتە و لە کوێدایە و چەندە، چۆن چاوەڕێی ئەو دەکەیت بیپارێزێت؟

کەواتە یەکەم کارمان دەستنیشانکردنی سامانەکە و شوێن و چییەتییەکەیەتی.

ئێستا گریمان سامانەکەمان دۆزییەوە چییە، ئەی پاراستنەکەی چۆن بێت؟ ئایا بە ڕاست پاراستنی سامان هەر تەنها ئەوەیە بە چەکێکەوە بە دیاریەوە بوەستیت و یەسیەم بکەیت؟ یان وردەوردە تێدەگەین سامانی سڕ و کڕ دانراو سامان نییە و بارگرانییەکە لەسەر شانمان؟ واتە بۆ پاراستنی سامان دەبێت بەشێکی بخەیتە گەڕ و بە کاری بهێنیت.

پاراستن و خستنەگەڕ

پاراستن تا ڕادەیەک وشەیەکی گۆیا و ڕوونە و تێدەگەین مەبەست لە چییە، لە خوارەوەش بە درێژی باسی دەکەم. بەڵام بۆ ڕوونکردنەوە: کاتێک دەڵێم خستنەگەڕ مەبەستم لە بەکارهێنانە. خستنەگەڕی سامان واتە کاراکردنی بەشێک یان هەموو ئەو سامانەی پارێزراوە.

بە ڕای من دەبوو وشەی گەڕووتن دابنرایە، لەسەر قاڵبی بزووتن. کردەکە خۆیشی هەر ئەوەیە، کە ئەو تەنە سڕە (لێرەدا سامانی سڕ) دەخەیتە گەڕ و بزووتن2.

پاراستن و خستنەگەڕ دوو دیوی هەمان پڕۆسەن. خستنەگەڕ لانیکەم بە دوو شێوەیە: چێژین (چەشتن، چێژبینین، یان چێژلێبینین)، لەگەڵ زیادکردن (چەندجارەکردن).

بۆ نموونە هەزار دۆلارت لە سووچێکی ماڵەوە داناوە، تا ئەم کاتە هەوڵت داوە بیپارێزیت. بەڵام سەد دۆلاری لێ بە کار دەهێنیت بۆ خۆشیی خۆت، ئەمە چێژینە. چوار سەد دۆلاری دەخەیتە کارەوە و دەیخەیتە گەڕ (گەڕ: گەڕان) و کارا و چالاکی دەکەیت، بە ئامانجی ئەوەی سامانی ترت بۆ بهێنێتەوە. ئەمەی دووەمیان زیادکردنە، یان چەندجارەکردنە.

ئامانجیش لە پاراستن و خستنەگەڕ خڕکردنەوەی سامانی نوێ و داهێنانی نوێیە.

یەکەم: پاراستنی سامان

جەنگی سەرەکیی دوژمنانی کورد لەگەڵ کورددا جەنگی چاندییە. بوونی کورد وەک گەلێکی چاندمەند و شارستان کێشەی دوژمنانە.

من بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەو تێڕوانینەدا کۆک نیم کە نەتەوەبوون تەنها بۆ ئابووریی سەربەخۆ تەسک دەکاتەوە. بەڵکو زمان و چاند و دونیابینی هێڵی جیاکەرەوەی نەتەوەن.

نەتەوەی خاوەنزمان، کە کورد یەکێکە لەوان، بیروبۆچوون و وێژە و هونەری نووسراو و دەربڕاوی خۆی هەیە. کوردیش لەمە بێبەش نییە، گۆرانی و هۆنراوە و بەیت و لاوک و چیرۆکمان بە کوردی هەیە و کەس ناتوانێت نکۆڵییان لێ بکات. ئەگەرچی هەندێک گونشێلی بێگانە زۆر حەز دەکەن ئەم سامانانە کەمبەها لە قەڵەم بدەن، بەڵام ئەوانە تیرۆژ دەبێژنەوە.

بێگومان کورد چاندی هەیە و بێگومانیش دەبێت چاندەکەی بپارێزێت. بەڵام لێرەدا تێنەگەیشتنێک هەیە: چاند واتە ڕابردوو، نەک ئەمڕۆ!3 یەکێک لە شوێنە سەرەکییەکانی تێنەگەیشتنەکەمان ئێرەیە، کە کەمێکی تر زیاتر ڕوون دەبێتەوە.

هەر شتێک بە زمانی کوردی و لە لایەن کوردەوە کرابێت، بە ناشیرین و جوانەوە، دەبێت بپارێزرێت، چونکە بەشێکن لە خەرمانی چاندی نەتەوەکەمان.

ئەی ئەوانەی پێشتر؟

لێرەدا پرسی دووەم سەر هەڵدەدات: ئەی ئەوانەی پێشتر؟ چونکە گەلان دێن و دەڕۆن، زەوی و پاوان (تێریتۆری teritory) دەمێننەوە.

بەشێک لەو خاکەی ئێستا ئێمە لەسەری دەژیین، ڕۆژێک لە ڕۆژان سەلجووقی، میدیایی، حیتی، میتانی، ڕۆمی، ئیلخانی، مەنگۆلی، هەخامەنشینی، گریکی، ساسانی، ئاشووری و چەندانی تری لەسەر ژیاوە. ئیتر بە داگیرکەری بووبێت یان بە ڕەسەنی. هەر یەکێک لەمانە شوێنەواری خۆی بە جێ هێشتووە. بۆیە دەبێت هەموو ئەم بارمتە ژیارییانەش بپارێزین، ئەگەریش بە دڵمان نەبن. گەر دەتەوێت ئایندە بەرانبەرت میهرەبان بێت، تۆش بەرانبەر مێژوو میهرەبان بە!

دووەم: خستنەگەڕ

چێژین

ناوی خۆی بە خۆیەوەیەتی: سامانی هەموو جیهان هی تۆ بێت، کە کراسێکی جوانی پێ نەکڕیت لە بەرتدا بێت، بۆ چیت چاکە؟ شەربەتێکی پێ نەخۆیتەوە بۆ چیت چاکە؟ بۆ منداڵەکەت؟ ئێ ئەوکات ئەویش یان هەموویت بۆ دەخوات و هەڵدەستێتە سەر پێ و دەکەوێتە سەر جادە، یان وەک تۆ ئەویش بۆ منداڵەکەی دادەنێت. منداڵەکەی ئەویش بۆ منداڵەکەی و ئاوها تا دێت هەر یەکە و بۆ یەکێکی تر دەژی. لە کۆتاییشدا کەس ناژی! بۆیە ئەو سامانەی هەتە دەبێت بەشێکی لە خۆشی و چێژی خۆت و چواردەورتدا بخەیتە گەڕ.

هەمان پرسیاریش سەبارەت بە هونەر هەیە. هەزار ساڵ عەلی مەردان و محەمەدی ماملێ و تاهیر تۆفیق و شەماڵ سائیب و مەزهەری خالقی و کاروان عوسمان و حەسەن زیرەکت هەبێت، کە چێژیان لێ وەرنەگریت، بۆ چیت چاکن لە سووچێکدا هەڵیانبگریت؟

بۆیە بەرنامەیەکی چاکە کە سوود لە سامانەکەت وەربگیرێت بە مەبەستی چێژین. چون چێژین ئەو جێیەیە کە ڕاستەوخۆ سامانەکە بەر خەڵک دەکەوێت. نە لە پاراستندا و نە لە زیادکردندا بەرهەم بەر خەڵک ناکەوێت. بۆیە دەبێت پەیوەندیی نێوان سامان و خاوەنسامان بە زیندوویی بهێڵرێتەوە، ئەویش لە ڕێی چێژینەوە.

بەختەوەریت و نەتزانیوە!

بیر بکەوە: لویسی شانزە و ناپۆلیۆن بۆناپارت و شا ڤیکتۆریا و چەندان کەسی زۆر پلەبەرزتر و ناودارتری جیهان ئەو تەنتەنەیەی تۆی ئەمڕۆیان نەبووە کە هەر لێی بەگلەییت!

هەر زۆر دوور لەمەوپێش نا، بەڵکو سەد و پەنجا ساڵ لەمەوبەر گەر حەزت لە گۆرانییەک بووایە دەبووایە بچوویتایە بگەڕایتایە بزانیت کەی کۆنسێرتێک دەکرێت ئەو گۆرانییەی تێدا نمایش دەکرێت و بلیتت ببڕیایە و چاوەڕێی ئەو ڕۆژەت بکردایە، پلانی ئەو ڕۆژەت دابنایە کە هیچی ترت نییە بیکەیت و نزات بکردایە شتێکی بەد لەو ڕۆژەدا ڕوو نەدات. لە کۆنسێرتەکەشدا یەک جار گۆرانییەکەت دەبیست. مەگەر زۆر زۆر دوای گوشاری چەپڵەڕێزانی زۆر گۆرانیبێژت ناچار بکردایە دووبارەی بکردایەتەوە.

دە ئێستا هەر دوای خوێندنەوەی ئەم نووسینە دەتوانیت ئامادەی کۆنسێرتێک ببیت. هەر ئەمڕۆ دەتوانیت سەد جار لەسەر یەک گوێ لە یەک گۆرانی بگریتەوە. هەر ئەمڕۆ دەتوانیت ئامادەی دوو ئۆپێرا ببیت.

بۆیە چی ڕێی لێت گرتووە چێژ لەوە ببینیت کە هەتە؟ کەس ناڵێت کە نوێ هات ئیتر نابێت کۆنەکان بمێنن، بەڵکو نوێ و کۆن هەموو دەچنە ڕیزی یەک. زۆر کەسی ژیر و ئاوەزمەند دەبینم بە کامی تێگەیشتنی خۆیانەوە وا دەزانن کە گۆرانیبێژێکی نوێ هات ئیتر حەسەن زیرەک دەسڕێتەوە! هێز نییە حەسەن زیرەک لە ناو ببات. بۆیە با دەستبەرداری ئەم دڵەڕاوکێ بێبنەمایانە بین.

زیادکردن (چەندجارەکردن)

ئەگەرچی لە سامانداریدا چەندجارەکردن یان زیادکردن واتە هەوڵدان بۆ ئەوەی بەوەی هەتە هی تر پەیدا بکەیت، بەڵام باشتر وایە هەر بە چەمکە گشتگیرەکەی سامان بڕۆین و ورد نەبینەوە بۆ نموونەکانی سامان.

بۆ ئەوەی لێم تێبگەن، نموونەی سامانی نەختینەیی دەهێنمەوە: ئەگەر تۆ سەد هەزار دۆلارت هەبێت، وەک ساماندارێک ئەرکەکەت ئەوەیە زیاتری بکەیت. بۆ نموونە بیکەیت بە دوو سەد هەزار دۆلار. ئەو سامانەی تر کە دێت، لە ڕووی چییەتییەوە هەر هەمان ئەوەیە کە هەتە، تەنها لە ژمارەدا زیاترە، ئەگینا پارەکە هەمان شتە لەگەڵ ئەوەی خۆت هەتە. لە جیهانی سامانداریدا ئەمە کێشە نییە، بەڵام ئەگەر لەگەڵ هونەردا بەراوردی بکەین: ئەو هونەرەی پێشتر هەتبووە، ئەگەر ئێستا هەمان شت دووبارە بکەیتەوە و بیکەیت بە دوو دانە، یەکێکیان زیادەیە، چونکە دەوڵەمەندی نەکردوویت. چونکە ئەی کوا داهێنان؟ کوا بونیادنان لەسەر ڕابردوو؟

کەواتە هونەر لە داهێنان و بونیادناندا لەگەڵ ساماندا جیاوازە. پارچە زەوییەکت هەبێت و بیکەیت بە دووان کێشە نییە، بەڵام بێیتەوە هەمان گۆرانیی سەد ساڵ لەمەوبەر دووبارە بکەیتەوە هیچ داهێنانێکی تێدا نییە. ئەگەر کاتی خۆی بە ئەمەگەوە لە گۆرانییەکەت بڕوانیایە کە هەتبوو و چاک بتپاراستایە، ئێستا پێویستت بە نوێکردنەوەی نەدەبوو! وەکو نوێشت کردەوە دەبوو نوێکارییەکت بکردایە، یان وەک ڕەگەزێکی داهێنان بۆ کارێکی نوێت بە کار بهێنایە.

ئەڵبەت هەمان وتە ئێستاش دەگرێتەوە، ئەوەی ئێستاش دەکرێت، دەبێت ڕۆژێک لە ڕۆژان نەوەکانی ئایندە بیپارێزن. بۆیە نوێکردنەوە بە مەبەستی چێژبینینی ڕووت نەبێت یان نوێکارییەک بۆ دەوڵەمەندترکردنی خەرمانی چاندی نەتەوەکە، هیچ واتایەکی تری نییە و بۆ پڕۆسەی بەردەوامیدان بە هونەر بەس نییە.

دەبێتە هی کێ و چۆن؟

دەتوانیت بڵێیت کام هۆنراوەیە کوردییە و کامە عەرەبییە. تەنانەت هۆنراوەیەکی نالی کە هەر بەو ئەلفوبێ کۆنە نووسراوە کە عەرەبی و فارسی و تەنانەت تورکیشی پێ نووسراوە، دەتوانیت جیای بکەیتەوە و بزانیت کە کوردییە. بەڵام کاتێک بە تایبەتی دێیتە سەر موزیک، چۆن دەستنیشانی دەکەیت؟ چۆن بزانین چی کوردییە؟ چ دەنگێک کوردییە و چ دەنگێک کوردی نییە؟

وەڵامی ئەم پرسیارە تا ڕادەیەک لە گۆرانیدا ئاسانترە. لەبەر زمانی بێژانەکە، کە کوردی بوو، ئیتر کوردییە! بەڵام ئەی لە موزیکی ڕووتدا؟ تەنها بەوەی ئامێر و پێکاری ژەندنەکە لە کورددا باو بووە، ئیتر کوردییە؟ لەبەر ئەوەی ژەنیارەکە کورد بوو، ئیتر کوردییە؟ ئەی ئەگەر پیانۆژەنێکی کوردی ساڵی ١٩٠٠ موزیکێکی یۆهان سێباستیان باخی ژەندبوو کە لە ١٧٥٠دا مردووە و ئەڵمانە؟ ئێستا ئەو موزیکە ئەڵەمانییە یان کوردییە؟

چۆن دەزانیت کوردییە؟

چۆن دەزانیت موزیکێک کوردییە؟ تەماشای پاسپۆرتەکەی دەکەیت؟ بەوەی جامانەی بە سەرەوەیە؟

لێرەدا دەبێت باسی چێژی پەسەندکراو و تەکنیکی دووبارەبووەوە بکەین. ئەوەی لای زۆر کەس بە کوردی دادەنرێت، لەبەر ئەوەیە کە ڕێژەیەکی زۆری کورد، بە تایبەتی نەوەکانی پێشوو، چێژی لێ دەبینن.

بۆچی بە کوردیی دەزانن؟ چونکە دەمێکە ڕەگەزێک لە ڕەگەزە پێکهێنەکانی موزیکەکە لەناو کورددا دووبارە دەکرێتەوە. واتە تەنها بەوەدا دەزانرێت کوردییە کە بە جۆرێک لە جۆرەکان دووبارەکەرەوەی بەشێکی کەم یان زۆری ئەوانەی کۆن بووە. بەڵام ئەگەر هەر کۆنەکان دووبارە بکەینەوە، ئەی کوا داهێنان؟

گریمان تێکەڵکردنی شێوازی موزیکی ١٩٨٠ لەگەڵ شێوازی موزیکی ١٩٠٠ لەپڕ پێناسەی داهێنانی بۆ کرا و لەناو کورددا بە داهێنان لە قەڵەم درا، ئەی بیست ساڵی تر چی بکەین کە ئیتر هەموو نۆ سەد و هەشتاکان و نۆ سەدەکان تێکەڵ کران؟ چونکە ئیتر ئەم جۆرە داهێنانە (لەسەر بنەمای تێکەڵکردن) سنووری هەیە و ڕۆژێک تەواو دەبێت.

گۆمەکە تا بێت قووڵتر دەبێتەوە!

ئێستا دەبینیت؟ بەرەبەرە وەڵامی ئەم پرسیارە قورستر و قورستر دەبێت.

ئەڵبەت ئەم هەموو قسانە ناکەم بۆ ئەوەی شتێکتان بۆ ڕوون نەکەمەوە. ئەوەی زۆربەی هاووڵاتییان تێیگەیشتوون کە پێناسەی هونەری ڕەسەنی کوردی دەکات، پێک هاتووە لە: دووبارەکردنەوەی کۆمەڵێک تەکنیک کە پێشتر زۆر باو بوون و بە کار هێنراون. ئەوەندە ئەو تەکنیکانە دووبارە کراونەتەوە کە چوونەتە یادگەی چێژ و یادگەی مێژوویی هەموومانەوە.

ئەم بیردۆزە بە هەمان شێوەی بیردۆزەکەی پاڤلۆڤ کار دەکات. تەکنیکێک یان زیاتر لە تەکنیکێک لە کات و کاری جیاجیادا ئەوەندە دووبارە دەکەیتەوە کە وردەوردە مۆرکی تۆ وەردەگرێت. ئەگەر یەکێک لەم سەردەمەدا بە شێوازی سێوە گۆرانی ببێژێت، تۆ هەر لە خۆتەوە لە من بە کورددتری دەزانیت، چونکە نازانیت و ناتوانیت شێوازی من دیاری بکەیت. زۆربەی موزیکدانەرە مەزنەکان ئەم ڕاستییەی شێوازناسی دەزانن، بۆیە موزیکەکانیان مۆرکی خۆیانیان پێوەیە.

سێ نموونەی تەکنیک

سێ نموونەی تەکنیکی دەهێنمەوە. ئەگەر لە زاراوەکان (وشەی تایبەت) تێنەگەیشتیت کێشە نابێت، تەنها لە پەیامەکە تێبگەیت بەسە:

نموونەی یەکەم: چۆن مۆتسارت لە ژەندنی تاکەوە دێتەوە بۆ تیپ؟

بۆ بەرچاوڕوونی (زانیاریی تەکنیکی):

کۆنچێرتۆ: concerto، لە موزیکی کلاسیکی ڕۆژئاواییدا ژانرێکی موزیکە، ئامێرێک (یان زیاتر) لەگەڵ تیپێکدا دەژەنێت. تیشکی سەرەکی لەسەر ئامێرە تاکەکەیە، نەک تیپەکە. واتە زۆرترین قورسایی موزیک بەر ئەو ئامێرە دەکەوێت.

کادێنزا: cadenza، لە جێیەکی کۆنچێرتۆدا هەموو تیپەکە لە ژەندن دەوەستن و تەنها ژەنیارە تاکەکە دەژەنێت، بەم جێیە دەوترێت کادێنزا. پاش ئەوەی ژەنیار لە تاکژەنیی (کادێنزا) خۆی تەواو دەبێت، تیپ بانگ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی دیسان لەگەڵ ژەنیارەکەدا بژەنن.

تریل (یان ترێل): trill، (لەراندنەوە) ژەندنی دوو تۆنی تەکیەکی موزیکە بە خێرایی. بۆ نموونە چەند جارێک لەسەر یەک تۆنی دۆ و ڕێ بژەنیت، واتە تریل دەکەیت.

بێینەوە سەر نموونەکە

مۆتسارت لە کادێنزای کۆنچێرتۆکانیدا (ئەگەر هەڵە نەبم) هەمیشە بە تریل ئۆرکێسترا بانگ دەکاتەوە. واتە ژەنیارە تاکەکە لە کۆتایی موزیکە تاکژەنییەکەی خۆیدا بۆ ماوەیەکی درێژ تریل دەکات، بەرەبەرە تیپەکە بە ژەندن دێنەوە نێو موزیکەکە.

ئەگەر مۆتسارت یەک کۆنچێرتۆی هەبووایە، بە ڕێکەوت لەو کۆنچێرتۆیەدا بە تریل ئۆرکێسترای بانگ بکردایەتەوە، ئەمە نەدەبووە شێوازی مۆرکی مۆتسارت، چونکە شێواز لە دووبارەبوونەوەوە دەچەسپێت و دەناسرێتەوە.

نموونەی دووەم: چۆن بێتهۆڤن پەیژە دەگۆڕێت؟ (یەکێک لە ڕێگاکانی)

بۆ بەرچاوڕوونی (زانیاریی تەکنیکی):

پەیژە (مەقام): زنجیرە تۆنێکی دیاریکراوی دواییەکن، سەرەتا و کۆتاییان هەیە، موزیکیان لەسەر دەژەنرێت. هەر یەکێک لە تۆنەکان دەبن بە پلەیەکی پەیژەکە. بۆ نموونە دۆ، ڕێ، می فا، سۆل، لا سی، دۆ.

پەیژەگۆڕکێ: کردەی گۆڕینی پەیژەیەکی موزیکە بۆ پەیژەیەکی تر.

کۆرد: بە ئینگلی chord، سێ تۆنی جیاواز یان زیاتری موزیکن پێکەوە بژەنرێن. ئەم سێ تۆنە جیاوازە گونجاندنێکی دەنگیی دروست دەکەن. خودی وشەی کۆرد – chord لە ئەکۆرد – accordەوە ھاتووە بە واتای گونجان.

دیمینیشت: ناوی کۆردێکی موزیکە، لەم پلانەی پەیژە پێک دێت: تۆنی یەکەم، تۆنی سێیەمی گڕۆک (بیمۆل)، تۆنی پێنجەمی گڕۆک، تۆنی شەشەم.

بێینەوە سەر نموونەکە

بێتهۆڤن زۆربەی جار لە پەیژەگۆڕکێدا یەکەم هەنگاو کۆردێکی دیمینیشت دەهێنێت. دووەم هەنگاو نیوتۆنی پلەیەکیان دادەگرێت. سێیەم هەنگاو پەیژە دەگۆڕێت، بەڵام ئەم پەیژە نوێیە پەیژەیەکە کە ئەو تۆنە داگیراوەی هەنگاوی دووەم پێنجەمین تۆنی بێت و تۆنی زاڵی بێت.

ئەگەر بێتهۆڤن تەنها جارێک ئەمەی بە کار بهێنایە، نەدەبووە مۆرکی بێتهۆڤن.

نموونەی سێیەم: شۆپان چۆن ڕەزم بە کار دەهێنێت؟ (یەکێک لە ڕێگاکانی)

شۆپان زۆر جار فرەڕەزمی لە نێوان دەستی ڕاست و دەستی چەپی پیانۆکەیدا بە کار دەهێنێت. ئەمە بووەتە یەکێک لەو مۆرکانەی شۆپانی پێ دەناسرێتەوە.

جادووەکە لە دووبارەکردنەوەدایە!

کەواتە ئێستا تێدەگەین جادوو و نهێنیی مۆرک و شێواز دووبارەکردنەوەی تەکنیکێک یان زیاترە.

ئەی کەواتە چ شتێکی ئەوەندە دووبارە کردووەتەوە کە ئێستا بووە بە مۆرکی خۆی؟ پاشان کە زانیمان شتێکی ئەوەندە دووبارە کردبێتەوە، ئایا شیاوە ئەوەندەی تریش هەر دووبارەی بکەینەوە؟ ئەگەر بڕیار وایە هەر دووبارەی بکەینەوە، کەواتە تا کەی هەر وا بکەین؟

ئازادی و نوێگەری؟4

گریمان لەو ڕەگەزانەی باووباپیرانمان پێی ئاشنا بوون، قاڵبێکمان بۆ هونەری کوردی داڕشت. ئێستا کە قاڵبمان بۆ موزیکی کوردی داڕشت، ئایا هەست بە کۆتوبەندەکە دەکەیت؟ ئایا هەست دەکەیت لەگەڵ هەموو هەڵبژاردەیەکی نوێدا و کۆتێکی تر دەخرێتە قاچی هونەرمەندەکەوە؟ ئێ باشە ئەو هونەرمەندە دەتوانێت یەکەم جار ئەوەت بداتێ… ئەی دووەم و سێیەم و چوارەم؟ ئەی کە سبەی خۆی مرد، خوێندکارەکانی هەر هەمان چێشتت بۆ گەرم بکەنەوە؟ وەڕەس نابیت؟ ئایا ئەرکی هونەر هەر ئەوەیە کۆنت بۆ دووبارە بکاتەوە؟ کەواتە بۆچی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن و مۆبایلەکانمان فڕێ نەدەین؟ خۆ هونەرمەندە نوێکانمان دەتوانن هونەرە کۆنەکانمان بۆ دووبارە بکەنەوە!

ئەڵبەت ئاگادارم کە چرکە بە چرکە و دێڕ بە دێڕ زیاتر وەڵامتان لەسەر قورستر دەکەم و زیاتر ناچارتان دەکەم بە هەموو بیروبۆچوونەکانتاندا بچنەوە. ئەم وروژاندنەی مێشکیشتانم لەم چرکەیەدا پێ خۆشە، چونکە چەندین ساڵە کەس مێشکمان ناوروژێنێت. بە تایبەتی ئەوەی لەم بوارەدا دەیبیستین کۆمەڵێک قسە و باوەڕی ئۆتۆماتیکین کە بوون بە دۆگما. کەسیش نازانێت خودی دۆگماکە چییە. داشنەنیشتووین بە کامی باوەڕەوە بڵێین: با وەک منداڵێک بێین و سەرلەنوێ لە سەرەتاوە فێر ببینەوە، چونکە ئەوەی دەمانزانی بەشی نیوەی ڕێکەمانی نەکرد.

لە ڕاستیدا لە موزیکی ڕووتدا بەر ئەو ڕاستییە دەکەویت کە موزیک سنووری نییە. زانستیش سەلماندوویەتی، چونکە موزیک بەرهەمی فیزیایە، فیزیاش سنووری نییە. هەموو مۆرکەکانیش پەیوەستن بە تاکەکەسەوە، نەک بە گەلێکی دیاریکراوەوە.

من بە هۆی چواردە ساڵ ئەزموونی موزیکەوە، بێگومان لە کەسێکی ئاسایی زیاترم بیستووە و مەودای چێژم ئاڵۆزتر و فراوانتر بووە. ئەگەر هەموو نەتەوەی کورد وەک من بوونایە، ئەو کاتە ڕازیکردنمان بە بەرهەمی هونەریی هونەرمەندانی تر سەختتر دەبوو و بەردەوام داوای کاری نوێتر و نوێگەرترمان لە هونەرمەندان دەکرد. بەڵام کاتێک چێژی هونەریی نەتەوەیەک تەنها بۆ زۆرینەی ئەو نەتەوەیە تەسک دەکەیتەوە، ئەو کاتە ناچاریت سازش لەسەر زۆر ڕەگەزی مەزنی هونەر بکەیت لە پێناوی ئەوەی زۆرینەی خەڵک لە هونەرەکە ڕازی ببن. ئەو کاتەش ئەو پرسیارە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە: خۆ زۆرینەی خەڵک بە پیاکێشان بە سەتڵەماستێک ڕازییە، ئیتر بۆچی خۆمان ماندوو بکەین و بە دوای نوێتردا بگەڕێین؟

دەشێت نەتەوەی کورد هەموو پێکەوە چێژ لە تەکنیکێکی دووبارەی موزیک وەربگرن و لەخۆوە بە کوردی پێناسەی بکەن، بێ ئەوەی موزیکەکە یەک وشەی کوردیی تێدا بێت. بەڵام ئایا تەنها لەبەر ئەوەی شتێک زۆر لێرە دووبارە دەکرێتەوە، دەبێت بە موڵکی تۆ؟ ئەگەر دەبێت بە موڵکی تۆ، ئەی ئەگەر بەیانی نەتەوەیەکی تر خوویان دایە ئەو دووبارەکردنەوەیەی تۆ؟ بچین بجەنگین؟5

هونەر پڕۆسەیەکی تاکەکەسییە6. سنوور کاری مرۆڤە و وەک خەریکە لێم تێدەگەن من دژی هەموو سنوورێکم، چونکە ئەگەر باوەش بە سنووردا بکەم سرووشت دڵم دەشکێنێت. بۆیە ڕۆژبەڕۆژ خۆم ڕادەهێنم لەگەڵ سرووشتدا هەماهەنگ ببم7.

هەموو دووبارەکردنەوەیەک و شێواز و مۆرکی موزیکی گەلان هی سەردەمانی پێشوون، ئەو کاتەی پەیوەندیی گەلان وەک ئەمڕۆ نەبووە. هەر یەکێک لە گەلەکانی سەر زەوی سووچێکی فیزیایان لە موزیکدا دۆزیوەتەوە و زیاتر تیشکیان خستووەتە سەر. بۆیەش دووبارەیان کردووەتەوە چونکە لەوە زیاتریان لێ نەزانیوە و زیاتریان نەدیوە8. بەڵام لەگەڵ زۆربوونی پێکار و کەرەستەی دروستکردن و تێکەڵاوبوونی زیاتری جیهاندا بەرهەمی جیاوازتر دروست دەبن.

ڕۆژێک لە ڕۆژان لەم دەڤەرەدا کەس نەیزانیوە گونجانکاری (هاڕمۆنی) بکات: دوو ژەنیار کە دانیشتوون ئاوێنەی یەک بوون و دووبارەی یەکیان کردووەتەوە، کە ئێستاش زۆر جار لە موزیکی کاڵوکرچدا هەمان دیاردە بە دی دەکرێت. ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئەوروپا کەس نەیزانیوە لە نێوان نیوتۆندا چارەکەتۆنیش هەیە و دەشێت بە کار بهێنرێت. ڕۆژێک لە ڕۆژان چ لەم دەڤەرەش و چ لە ئەوروپاش پەی بەو هەموو ڕەزمە جیاوازانەی ئەفەریقا نەبراوە.

سەردەمی نوێی جیهانی9

بە بڕوای من هونەرمەندی نوێی سەردەمی مرۆڤی نوێ ئەرکی ئەوەیە لە هونەری هەموو گەلێک بخوازێت و هونەری جیهانیی نوێ بسازێنێت. خۆبەستنەوە بەوەی تاهیر تۆفیق چیی کردووە بۆ ئەوەی تۆش تا ماویت دووبارەی بکەیتەوە بەفیڕۆدانی هەلی خۆبوونتە.

هەموو هەوڵدان بۆ دووبارەکردنەوەیەک سەربارێک دەسازێنێت. هەموو خۆبەستنەوەیەک بە چێژی پەسەندکراوی ناوچەکەتەوە گوریسێکی زبرە و لە مل و قاچی خۆتی دەئاڵێنیت. ئەگەر گەلەکەشت داوای لێت کرد، تۆ مەیکە. ئەوان تۆی نوێ بە چەکی کۆن سڕ دەکەن، چونکە زۆربەی مرۆڤ بە سرووشت حەزی لەوە نییە لە بەردەم شتی نوێدا تاقی بکرێتەوە.

تۆ مرۆڤ و هونەرمەندی ئەمڕۆیت، نەک هی دوێنێ. سبەیش هونەرمەندی خۆی دەبێت. تۆ ئەرکی ئەمڕۆت جێبەجێ بکە، هونەر زۆر لەوە گەورەترە بە سنووری گەلانەوە ببەسترێتەوە10: چۆن خۆر، مانگ، ئاسمان، ئەستێرە، با، هەوا، ڕووناکی…تد. بۆ هەموو مرۆڤەکانە بە یەکسانی، ئاوها موزیک و هونەریش هی هەموو کەسێکە بە یەکسانی. کە هونەرت بۆ تەنها یەک گەل تەسک کردەوە، ئەو کاتە دەبێت پۆلیسیشی بۆ دابنێیت.

ڕێک ئەوەشە کە ئێستا ڕووی داوە. ئەوەندەی پۆلیسی هونەر هەن، ئەوەندە هونەرمەند نین. ئەم پۆلیسانە خۆیشیان نازانن پارێزگاری لە چی دەکەن. ئەرکیان ئەوەیە لە هەر شتێک تێنەگەیشتن دایبپڵۆسن، تەنانەت چێژیش لەم داپڵۆسینە وەردەگرن.

ئەم پۆلیسانە ئەوەندە چێژ لە داپڵۆسین دەبینن و وا بە داپڵۆسین و سەرکۆنەوە ئالوودە بوون کە وای لێ هاتووە لە بیریان چووەتەوە بۆچی وا دەکەن! هەر بۆ نموونە: پار لە ڕۆژێکی دیاریکراودا گۆرانیبێژێک گۆرانییەکی بڵاو کردەوە کە لەپڕ هەموو فەیسبووک کەوتنە سەرزەنشت و جنێودان پێی. زۆربەی برادەرەکانم تەنانەت مافی کوردبوونیشیان لێی سەندەوە. کەچی هەمان ڕۆژ نەریمان بابان گۆرانییەکی نوێی بڵاو کردەوە، کەسێک باسی نەکرد!

ئێستا ئەگەر شتێکی تریش بڵێم دەڵێن ئەم هەموو لەوچەلەوچەی لەبەر خۆی کرد، بۆیە باسی ئەوە ناکەم کە خۆم لە هەمان ئەو ڕۆژەدا گۆرانیی وەرە بۆ لامم بڵاو کردەوە کە بەرهەمی چوار ساڵ کار و سیانزە ساڵ ئەزموونی موزیک و ساڵێک پڕۆڤەم بوو.

هونەر و داهێنانی مرۆڤ و سەردەمی نوێ11

تەنها خۆت مەبەستەوە بە شێوازی باوی تەنها یەک گەلەوە12. فێری شێوازە باوەکانی گەلەکەت بە، ئەگەر فێریان نەبیت هەڵەیت، کاریشیان تێدا بکە، بەڵام با هەموو کارەکانت تەنها لەو شێوازە سنووردارەدا نەبێت. با کارەکانت تەنها ئەرەبێسک نەبن، با تەنها بەلەدی نەبن، با تەنها کلاسیک نەبن، تەنانەت لەناو یەک کاردا با تەنها یەک شێواز نەبن.

هونەری هەموو گەلان پێکارێکن بۆ تۆ تا هونەرە نوێکەتیان پێ بونیاد بنێیت. هونەر لە جیهانی نوێدا دەبێت بەرەو جیهانیبوون هەنگاو بنێت. دەبێت هونەری نوێ سنووری گەل ببەزێنێت. دەبێت هونەری نوێ مرۆڤی گەلان فێری ئاشتی و هەماهەنگی بکات. خەمتان نەبێت، ئەوەی پێشوو پارێزراوە و لە ناوی نابەین، بەڵام مێژوو مێژووە و ئێستاش ئێستایە. هەر سەردەمە و هونەر و هونەرمەند و شێوازی خۆی.

داهێنان هیچ نییە جگە لە دۆزینەوەی شتێک کە پێشتر نەدۆزرابووەوە. تەنها ڕێگاشت بۆ دۆزینەوەی نوێ ئەوەیە بزانیت پێشتر چی دۆزراوەتەوە. بۆیە لە ڕابردوو بکۆڵەوە، کە ڕابردووەکەتت دی و زانیت چی نەکراوە، ئەو کاتە پردەکانت بسووتێنە و بەرەو ئایندە هەنگاو بنێ. بۆ یادکردنەوە و خۆشەویستی نەبێت بۆ دواوە نەگەڕێیتەوە، تۆ مرۆڤی دواوە نیت، تۆ هونەرمەندی دواوە نیت، تۆ هونەرمەندی سەردەمی خۆتیت. سەردەمی تۆش سەردەمی ئاوێزانبوونی جیهانە. ئێستا یاپان دوو کلیک لێتەوە دوورە، چی دەستی گرتوویت؟ هەموو گوریسەکانی کەلتوور و ڕەگەزپەرستی و سنووربازی لە قاچ و ملت بکەوە و بەرەو پێش بڕۆ. ئەگەر هێشتا لە ڕابردووەکەشت تێنەگەیشتوویت، لە ئێستا زووتر نییە لە ڕابردوو بکۆڵیتەوە، تا یەک و دوو و سێ نەدۆزیتەوە و نەزانیت هەن، ناتوانیت چوار بدۆزیتەوە.

هەموو هەوڵدانێک بۆ پاراستنی کەلتووری گەلەکەت شتێکی باشە. چێژبینینیشت لە هونەری گەلەکەت کارێکی تەندروست و پێویستە. بەڵام گوریسی ڕابردوو لە قاچ و ملی هونەرمەندەکانتان لێبکەنەوە، هونەرمەند دەبێت ئازاد بێت تا داهێنان بکات. ڕابردوو ڕابردووە، تا بۆتان دەکرێت تێیبگەن و لێوەی فێر ببن و پێی ئاشنا ببن، بەڵام تیایدا مەژین. چیتر کۆتوبەند لە هونەر و هونەرمەندەکانتان لێبکەنەوە و بە چەکوشی کۆن پەیکەری نوێ مەڕووخێنن.

ئێستا سەردەمێکی ترە و لەگەڵیدا ئاشت ببنەوە. گەڕان بە جیهاندا کارێکی خراپ نییە. دەرگاکان واڵا بکەن. ئەگەر لە شتێک تێنەگەیشتن کێشە نییە، بەڵام بە تێنەگەیشتن یەکسەر مەکەونە گەلەکۆمەکێکردن. ئێمە لە سایەی دەسەڵاتێکی بێکەلتووری سەر زەویی دایکی شارستانێتییەکانەوە هەموومان پەڕەوازەین و سەرلێشێواوین، بۆیە ئاساییە گەر جارجار هەڵە بکەین، ئاساییە ڕێ ون بکەین، ئێوەش کەمێک دەستبەرداری داپڵۆسین ببن تا جارجار ئاگادار بن کە هەر لەسەر ئەو شەقامەی یەکێکتان بە تۆمەتی ناشیرینی فەلاقە دەکرد، چەندین جوان تێپەڕ بوون و ئێوە لێیان بێئاگا بوون. ڕەنگە ئەگەر ئاوڕتان لێیان بدایەتەوە و گرنگیتان پێیان بدانایە زیاتریان بۆ بکردنایە و زیاتر هان بدرانایە.


  1. لە ٢٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا نووسیومە. لە ٤ی شوباتی ٢٠٢٢، ١-٥ی ئاداری ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ئەو کاتەی ئەم وتارەم نووسی تا ڕادەیەک هەڵگری بیری چەپ و جۆرێکی تەسەوف بووم. ئێستانان بڕێک لە تێڕوانینم گۆڕاوە. لە دوایین پێداچوونەوەدا وتارێکم بە ناونیشانی پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی نووسی، تا ڕادەیەک بەرپەرچی بەشێکی ئەم وتارەم داوەتەوە. لەوانەیە لە ئایندەدا زیاتریشی لە بارەوە بنووسم. ↩︎
  2. تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): ئەم وشەیە و ئەم پەرەگرافەم لە پێداچوونەوەدا زیاد کرد. ↩︎
  3. تێبینی (٥ی ئاداری ٢٠٢٥): نەخێر وا نییە، چاند پڕۆسەیەکی بەردەوامە. ئەوەی ئەمڕۆش دەکرێت هەر ئەمڕۆ دەبێت بە چاند. ↩︎
  4. تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): ئەگەرچی ئەم بەشەی وتارەکە وتەی جوانی تێدایە و هەندێک لە وتەکانیش ڕاستن، بەڵام کێشەشی تێدایە و لەگەڵ هەندێک لە هەڵهێنجانەکاندا نەماوم. لە ئایندەدا لە وتارێکی نوێدا قسەی لەسەر دەکەم. هونەری کوردی فرەچەشنییەکی زۆر لەوە زیاتری تێدایە کە لە کاتی نووسینی ئەم وتارەدا (٢٠٢٠) وێنام دەکرد. ئەو کاتە پێم وا بوو کە ڕێی داهێنان لەسەر بنەمای موزیکی کوردی تەسکە، بەڵام ئێستا پێم وایە ڕێی داهێنان لەسەر بنەمای موزیکی کوردی ئێجگار فراوان و فرەچەشنە. ↩︎
  5. وەڵام (١ی ئاداری ٢٠٢٥): بەڵێ، دەبێتە موڵکی نەتەوەکەت. بەڵێ، دەشبێت بایی ئەوەندە ئەو تەکنیکە بە خۆتەوە ببەستیتەوە کە ڕێ لە نەتەوەکانی تر بگریت ئاسان داگیری بکەن، بێ ئەوەی سوودی بۆ تۆ هەبێت. ↩︎
  6. تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): بێگومان ئەم وتەیە ڕاستە. هونەر کاری تاکەکەسییە. بەڵام تاکەکانیش ئەندامی کۆمەڵگا و نەتەوەکەن. ئاوها کە تاکەکان نامێنن هونەری تاکەکان دەبنە موڵکی نەتەوەکە. بۆیە لە کۆتاییدا هونەری تاکەکەسیش دەبێت بە هونەری نەتەوەکە. ئەوەی ئەمڕۆ هی منە، سبەی دەبێتە موڵکی کورد و کوردستان. ↩︎
  7. تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): ئەو کاتەی ئەم وتارەم نووسی کاریگەریی وێژمانی تەسەوفم لەسەر بوو. ئەم وتانەشم لە بارەی بێسنووری و شتەوە ڕەنگدانەوەی ئەو وێژمانەن لە هزرمدا. بەڵام لە ڕاستیدا سنوور تەنها کاری مرۆڤ نییە و دژی سرووشت نییە، سنوور بەشێکە لە سرووشت. زەوی خۆی سنووردارە، هەوا سنووری هەیە و لە جێیەکدا نامێنێت، کۆمەڵەی خۆر سنووری هەیە، دەریا سنووری هەیە. پاشان ئەگەر سنووریش نەبێت، هەر ئەم ئاڕگیومێنتە ڕاست نییە، چونکە بڵێیت و نەڵێیت مرۆڤ سنووری کێشاوە و دەوڵەتیان لەسەر بنەمای ئەم سنوورانە بونیاد ناوە و شتەکە بووە بە کەتوار و نەتەوەکان لەسەر بنەمای ئەو سنوورانە کار دەکەن. ئەو سنوورانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ژیان و بەرهەم و مەرگی ملیاران کەس هەیە. بە نکۆڵیکردن لێیان هیچ چارە نابێت. تەنانەت بە نکۆڵیکردن لە سنوورەکان نەتەوەکەت دوا دەکەوێت، چون تازە تووشمان بووە بەو ڕکابەرییانەی لەسەر بنەمای ئەو سنوورانە هەن. ↩︎
  8. تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): ئەم وتەیەش هەر لە تێڕوانینێکی نادروستەوە هاتووە. ئەم وتەیە گریمانەی ئەوە دەکات کە بەرهەمی نەتەوەکان (بۆ نموونە کورد) کەمە و فرەچەشنیی زۆری نییە. بەڵام وا نییە. ↩︎
  9.  تێبینی (١ی ئاداری ٢٠٢٥): کێشەم لەگەڵ ئەم بەشەی وتارەکەمدا زۆرە. ئەو کاتە باوەڕم بە جیهانیبوون و شت هەبوو، ئەمڕۆ تێڕوانینم گۆڕاوە و پێم وایە ئەو کاتە هەڵە بووم. بەشی زۆری وتاری پەیوەندیی هونەر و وارگێڕی بەرپەرچی ئەم بەشەی ئەم وتارەمە. ↩︎
  10. تێبینی (٢ی ئاداری ٢٠٢٥): ڕێک ئەم ڕستەیە یەکێکە لەو ڕستانەی ئێستانان کێشەی زۆرم لەگەڵی هەیە. لە وتاری پەیوەندیی هونەر و وارگێڕیدا ڕوونم کردووەتەوە کە ئەم وتەیە هەڵەیە. ↩︎
  11. تێبینی (٥ی ئاداری ٢٠٢٥): هاوڕای بەشێکی ئەم بەشەش نەماوم. پێم وایە هەندێک تێڕوانینی هەڵەی تێدایە. هەندێک لەم کێشانەی لێرە خراونەتە ڕوو کێشەی وارگێڕیین، لەوێشەوە چارە دەکرێن، نەک لە هونەرەوە. شوێنێکیش نییە ناوی جیهانستان بێت، هەموو زەوی وڵات وڵاتە. ئەمە کاریگەریی وتەکانی ئۆشۆ (بەگوان ڕاجنیش) بووە لەسەر وتەکانم، کە ئێستانان پێم وایە هەڵە بووە و ئەوەی دەیڵێت لە خەیاڵدا ڕاستە، نەک کەتوار. هەر خودی دەستەواژەی «مرۆڤی نوێ» دەستەواژەیەکی ئۆشۆیە و ئەو کاتە باوەڕم پێی هەبوو، بەڵام ئێستا پێم وایە ئەو شتە ڕەنگە هەرگیز لەم دونیایەدا نەیەتە دی و بە دەردی ئێمەی کوردەوە نایەت. ئەوەش خەیاڵە و ڕاست نییە کە دەڵێم: «سەردەمی تۆش سەردەمی ئاوێزانبوونی جیهانە»، جیهان بە هیچ شێوەیەک ئاوێزانی یەک نەبووە. شیاوترە بڵێم پێویستە پێکار و کەرەستەی هونەری لە شوێنانی ترەوە بهێنین و هونەری خۆمانی پێ دەوڵەمەندتر و ئاوەدانتر بکەین. ئەگەر جیهانیش خۆی لە بەرهەمە نوێکان و کۆنەکانماندا دۆزییەوە ئەوە باشتر. پاشان بابەتی خۆشەویستیی نیشتمان و چاندی خۆت ڕەگەزپەرستی نییە، ئەمەش بیرێکی چەپانەی گەمژانەیە کە هەمبووە، هەموو خۆبوونێکم بە ڕەگەزپەرستی وەرگرتووە. ↩︎
  12. تێبینی (٥ی ئاداری ٢٠٢٥): دیسان بڕێک لە تێڕوانینم گۆڕاوە. پێم وایە ئەو وتەیەی دەڵێت: «خۆت مەبەستەوە بە شێوازی باوی تەنها یەک گەلەوە» قسەی زۆر هەڵدەگرێت. بەڵام ئەو قسانە هەڵدەگرم بۆ وتارێک لە ئایندەدا دەینووسم. بە کورتی: ئەم وتەیەش دیسان لەو تێگەیشتنەوە هاتووە کە هونەری کوردیی بە تەسک بینیوە. ↩︎

ئایا موزیک گرنگە؟

ئایا موزیک گرنگە؟[1]

بەستێنی نووسینی ئەم وتارە

(خاتوو شەهێن سابیر لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا بابەتێکی نووسیوە بە ناونیشانی ئایا موزیک گرنگە؟ مامۆستا سەڵاح ڕەئوف (وا بزانم) لە ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا وەڵامی داوەتەوە. من لە تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا هەردوو بابەتەکەم دی و خوێندمنەوە. حەزم کرد لە گفتوگۆکەدا بە وتارێک بەشدار ببم، بۆیە ئەم وتارەم نووسی.)

وتارەکە

سوپاس بۆ ئێوە و مامۆستا سەڵاح ڕەئوفیش بۆ ئەم باسە.

موزیک یان مۆسیقا؟

سەبارەت بە ناوی موزیک یان مۆسیقا: لێکۆڵینەوەیەکی زمانناسییم نووسیوە بە ناونیشانی موزیک یان مۆسیقا ؟ دەتوانن بیخوێننەوە.

تێری و داهێنان

سەبارەت بە «تێری و داهێنان»: ئەڵبەت نازانم لە کوێی نووسینەکەتدا ڕاستەوخۆ باسی تێری و داهێنانت وروژاندووە، بەڵام هەر لەگەڵ مامۆستا سەڵاحدا هاوڕام. زیندووێتی بەسە بۆ داهێنان. بە بڕوای کۆنکرێتییم بۆ کاری داهێنان چۆنێتیی کات لە چۆنێتیی ورگ گرنگترە. چۆنێتی مەبەستم لە کوالیتییە. تەنها ژینگەیەکی کەمێک بێدەنگ و بێ دڵەڕاوکێ و بێ هاتوهاوار و بێ سەردانی لەناکاو و بێ ڕووداوی نەخوازراوی ناپێویست ڕەخسابێت، من شاکاری هونەرییت دەدەمێ. چونکە مەندێتیی هونەر پەیوەندیی بە ڕامان و زنجیرەی تێڕامان و بیرکردنەوەوە هەیە، ئەمانەش پێویستیان بە کاتێکی هێور و ئاشتییانە هەیە.

دوو تایبەتمەندێتیی خراپی خەڵکانی کۆمەڵگا هەن کە بۆ هونەرمەندێتی خراپن، یەکەم: مرۆڤ بە سرووشت بوونەوەرێکی دەمەوەر و فەرتەنەچییە. دووەم: مرۆڤ بە سرووشت حەز دەکات خەڵکانی تر پەلکێشی بابەت و پڕۆژەکانی خۆی بکات. تەماشاکردنێکی فەیسبووکیش بەسە بۆ سەلماندنی ئەم دوو ڕاستییە. هەموو کەسێک داوات لێ دەکات لە کەمپینەکەیدا بەشدار بیت.

چۆن کەشی داهێنان ساز بکرێت؟

بەڵام خۆشبەختانە بۆ سازاندنی کاتی پڕ ئاشتی و سنووردارکردنی خەڵک هەندێک تەکنیک هەن. خودی هونەر-مەند/کارەکان دەتوانن بیسازێنن، بەشێکی بەرچاو کاتی باش دەگوزەرێنێت. دەبێت تا ڕادەیەک لە زۆر خەڵک دوور بکەویتەوە. خۆم لە ساڵێکدا دوو سێ مانگ فەیسبووکم کراوەتەوە و زۆربەی هاوڕێکانمم ئەنفەڵەو کردووە. تەلەفۆنی دەستییم هەمیشە بێدەنگ و بێجووڵەیە. دەرگا لە کەس ناکەمەوە ئەگەر پێشتر لەسەر یەکبینین ڕێک نەکەوتبین، با پێم بڵێت کەسێکی خۆپەرست و خراپم. وەڵامی زۆر نامە و چات و چۆنی و چاکیش نادەمەوە. تا بۆیشم بکرێت خەڵک کەم دەبینم. بە نزیکی هیچ ڕۆژێک نییە خۆم لە پڕۆژە و پلانی خەڵکانی چواردەورم دەرنەهێنم.

کابرای دراوسێت سەیرانێکی ساز کردووە و لە خۆیەوە پۆستی کەبابچیی بێ پرسی خۆت پێت بەخشیوە. برادەرێکی ترت بە دەستییەکەی کورتەفیلمێک دەکات، یەکسەر تۆی داناوە موزیکەکەی بۆ دابنێیت. دراوسێکەتان کەوانتەری کڕیوە، دایناوە تۆ لە حەماڵییەکەدا یارمەتیی بدەیت. هەموو ئەمانە ئاسوودەیی و کاتی تێڕامان دەکوژن و دەبێت لێیان دوور بیت.

زۆر جار کە چواردەورم بە کاری ناپێویست دەمتەنن، بۆ توانج دەڵێم: «دەزانن بۆچی بێتهۆڤن لە موزیکدا باش بووە؟ چونکە خەریکی موزیک بووە!» مەبەستم ئەوەیە تۆ دەبێت خەریکی بوارەکە بیت بۆ ئەوەی تیایدا پێش بکەویت. زۆربەی موزیککارانی ئێمە خەریکی بوارەکەیان نین، یان کۆمەڵگا چاوەڕێی کاری تری جگە لە موزیکی لێ دەکات.

کەی کاتی موزیکە؟

سەبارەت بە ڕۆژ و کاتی موزیک: لای من هەموو ڕۆژێک ڕۆژی موزیکە، هەموو کاتێک کاتی موزیکە و هەموو کاتێک موزیک گرنگە. لە ئەفەریقا ئاوی خواردنەوە نییە، بەڵام موزیک ناوەستێت! هیچ ڕۆژێک نییە جگە لە کاژێرەکانی پڕۆڤەی خۆم دوو بۆ پێنج کاژێر گوێ لە موزیک نەگرم.

سەبارەت بە ڕۆژی موزیک

٢١ی حوزەیرانی ٢٠٠٩، یادکردنەوەی ڕۆژی موزیک.

سەبارەت بە ڕۆژی موزیک کە ٢١ی حوزەیران بێت: ڕەنگە بۆ وڵاتێکی وەک فەڕەنسا کاتێکی گونجاو بێت، بەڵام ئەو ڕۆژە لە کوردستاندا زۆر گەرمە. جارێک لە ژیانمدا (وا بزانم ٢٠٠٩ بوو) لە بەردەم ڕێکخراوی ئازادیی لاوانی سلێمانیدا پیانۆم ژەند و بە تەنیا ئەو یادەم کردەوە، سێ ڕۆژ نەخۆش کەوتم ئەوەندە خۆر لێی دام. هەتاوی ڕۆژەکە زیانی بە ئامێرەکەشم گەیاند. هۆڕنی کۆستەر و پیکاب و لوورەی ئوتومبێلی پۆلیس و فریاکەوتن و ڕادیۆی گرمەگرمکەری زیادکراوی تەکسیگێڕەکان و ڤڕەی مەکینەی ئەو هەموو ئوتومبێلە و بانگدانی نەشازی بانگنەبێژە دەنگنەشازەکانی مزگەوتەکان بەردەوام ڕستی ژەندنەکەمیان دەپچڕاند. هەموو ئەمانە جگە لە حیلکەحیلکی پیادەکان.

کەواتە کاتەکەمان تەسک دەکاتەوە بۆ شەو دوای بانگی خەوتنان. شەویش پێویستی بە ڕووناکی و کارەبا و وایەر و وایەرکاری و بڵندگۆکاری و ئامادەکاری و بێدەنگکاری هەیە، ئەم ئامادەکارییانەش کاری ژەنیار نین. من هەموو ڕۆژێک بە خەڵک دەڵێم: «پیانۆت بۆ دەژەنم، بەڵام پیانۆت بۆ بار ناکەم! من پیانۆبارکەر نیم! ئامێرەکەم زۆر قورسە و زۆر گرانبەهایە و گواستنەوەشی زۆر ئەستەمە. پێشم خۆش نییە ئامێری خۆم بۆ هیچ بۆنەیەکی تۆ بە کار بهێنم! چونکە کە ئامێرەکەم تێکدەچێت تۆ پێم پێدەکەنیت، بەڵام من کۆستم دەکەوێت».

کەواتە دەبێت کۆمەڵە کەسێکی باش هەبن کە لە هونەرمەندەکان و کات و ڕێکخستن تێبگەن و بتوانن ئەم ئامادەکارییانە بکەن. واتە ئۆباڵەکە تەنها لە ئەستۆی ژەنیارەکاندا نییە. شیاوترە ڕۆژەکەش بخرێتە کاتێکی فێنکترەوە.

سەبارەت بە ئەرکدان بە هونەر

سەبارەت بە مۆنۆپۆلی و بەکارهێنانی موزیک و ئەرکپێدان: من هەرگیز دژی ئەرکپێدان نیم. ئەرک پەرۆشیی زیندووێتی بە مرۆڤ دەدات. بەڵگەش ئەوەیە هەزاران کەس دەبینیت پیشەی زۆر وەڕسکەر و ناخۆش و قورسیان هەیە، کە دەیانبینیت لە خۆت دەپرسیت: دەبێت ژیانی ئەم کەسە چ بەهایەکی بۆی هەبێت وا ئەم کارانە دەکات؟ چی ڕێی لێی گرتووە خۆی بکوژێت؟ کە ڕۆ دەچیتە هۆی ئەوەی بۆچی وا خۆیان ماندوو دەکەن، دەبینیت کە ئەرکێکیان لەسەر شان گرتووە، یان بۆ منداڵەکانیان، یان بۆ دایک و باوکیان، یان برا و خوشکیان، یان خۆشەویست… تد.، ئەرک کرۆکی هاندانە.

هونەر بۆ هونەر نییە!

من دژی ئەوانەم کە دەڵێن گوایە هونەر بۆ هونەرە! هونەر بۆ هونەر نییە، دەبێت هونەر لە ژیانی ڕۆژانەدا ئەرکی هەبێت. ئەم ئەرکپێدانە دەبێت لە لایەن کۆمەڵێک کەسی وشیار و دەوڵەتمەدار و ئاگادارەوە دابین بکرێت. هونەر زۆر شتی مەزن دەکات ئەگەر مێشکێکی باش لە پشتیەوە هەبێت. دەشێت لە جیهانی ئەمڕۆدا حکومەت هونەر ئاراستە بکات، بەڵام ئەم ئاراستەکردنە لیژنەیەکی وشیار و دووربین و ستراتیژی دەوێت. هاوکات گەلێکی کەمێک وشیارکراوەشی دەوێت. چونکە میللەتیش سەری ئەوسەری هاوکێشەکەن.

بۆ نموونە لە ڕێنیسانسی ئەوروپا پێش پاشاکان هەندێک دەوڵەمەند و خانەدان هونەریان ئاراستە کردووە. یەکێکی وەکو لۆرێنزۆ دێ مێدیچی، کە خانەدانێکی دەوڵەمەندی فلۆرێنسا بووە، پاڵپشتی دارایی زۆر هونەرمەندی گەورەی کردووە و یەکێک بووە لە جووڵێنەرە مەزنەکانی ڕێنیسانس.

پەروەردەی خەڵکیش کاریگەریی هەیە

لەم ڕۆژانەدا بەڵگەفیلمێکم سەبارەت بە هۆڵی ئۆرکێسترای هامبورگ بینی، نزیکەی ٩٥٤ ملیۆن دۆلاری موڵکی گشتیی تێدا سەرف کراوە، بەڵام خەڵک نەیانکردووە بە هاتوهاوار و نەهاتوونەتە سەر جادە و بیڕووخێنن. کەمپینی لە دژ ساز نەدراوە، حەرام نەکراوە، مەلا لە میحرابەوە لە دژی نەیقیڕاندووە، لە فەیسبووک تفی بۆ کۆ نەکراوەتەوە. بە پێچەوانەوە پێوەی شانازن. پێش ئاراستەکردنی هونەر دەبێت میللەتێکی ئامادەی گۆڕانکاری خۆشە بکرێت.

لە هەرێمی کوردستاندا پێنج هەزار و دوو سەد مزگەوت دروست بکە کەس ناڵێت مەکە، بەڵام هۆڵێکی ئۆرکێسترا دروست بکە قیامەت هەڵدەستێت. پێنج هەزار و دوو سەد مەلا مووچە وەربگرن بەرانبەر گێڕانەوەی چیرۆکی چەقۆکەی ئیبراهیم بۆ سەر ملی ئیسماعیل کەس قسە ناکات، بەڵام ئەگەر نەوەد موزیکژەن لە ئۆرکێسترایەکدا کۆ بکرێنەوە کەبائیر و ئەشڕاطوسساعە ڕوو دەدەن!

مەبەست لێرەدا ئەوەیە هونەرمەندان سەربازانی گۆڕەپانەکەن، لە پشت ئەم سەربازانەوە دەبێت ئاراستەکەرێک هەبێت، ناکرێت شکستی سوپاکە تەنها بخرێتە ملی سەربازەکان، بەڵکو پشکی شێری شکست بەر پلاندانەر و ستراتیژکارەکان دەکەوێت.

ئەی چار؟

هونەر دەبێت ژیرانە پلانی بۆ دابنرێت و ئاراستە بکرێت. هونەرمەندان بە سرووشت کەسانی پەڕەوازەن، لە کۆمەڵگایەکی وەک ئەمەی ئێمەدا ئەوەندەی تر پەڕەوازە خراون. نابێت ئەم پەڕەوازە پەڕەوازەخراوانە سەرپشک بکرێن خۆیان داهێنان بکەن! ناکرێت ئایندەی هونەریی گەلێکی زیندوو پشت بە کۆمەڵێک پەڕەوازەی پەڕەوازەخراو ببەستێت کە ڕۆژانە لە پێنج هەزار و دوو سەد پێگەوە مژدەی دۆزەخیان پێ دەدرێت.

هەر با ڕاشکاو بم: ئەگەر پیانۆیەک بهێنمە سەر جادە، کە نایهێنم، لەوە دەترسم کەسانی بارگاوی بە بیری تیرۆریستی بمکوژن، یان پۆلیس و ئاسایش بمگرن! یان چ گەرەنتییەک هەیە خۆم یان ئامێرەکەم پارێزراو دەبین؟

گلەیی لە ئێمەومانان مەکەن، ئێمە سەربازین، ئامادەین، بەڵام بێ ستراتیژێتی خۆمان بە کوشت نادەین.

لەگەڵ ڕێزمدا. دووبارە سوپاس بۆ هەردووکتان.


[1] لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩دا نووسیومە. لە ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ و ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە.

بۆ بینینی وتارەکەی خاتوو شەهێن سابیر لێرەدا کلیک بکە.

بۆ بینینی وەڵامەکەی مامۆستا سەڵاح ڕەئوف لێرەدا کلیک بکە.

دەسەڵات و مرۆڤ

دەسەڵات و مرۆڤ1

سەربردەی ڕاکردنی بەیانییەک

هەندێک جار بەیانییان دەچم بۆ ڕاکردن.

  • بۆچی؟ قەرزاریت؟

مەبەستم وەرزشە. لەولا ماڵی خۆمانەوە تا گڵەزەردە دەشتاییەکی فراوانە و لەوێ ڕادەکەم. هەندێک جار تووشی بەزمی سەیر دەبم. بەیانییەک زۆر ڕامکرد و کەمێک وەستام و لە ئاسمان ڕامام. مانگ چواردە بوو و هێشتا بە ئاسمانەوە مابوو، بە دەستییەکەم وێنەیەکی خۆم و مانگم گرت و کەوتمەوە ڕێ.

لەو ناوەدا بنکەیەکی لێیە، نازانم هی چییە، بەڵام هەندێک یاساوڵ بە جلی سەربازییەوە دەبینم. بە جۆرێتیی باڵەخانە داڕماو و کۆنەکەیان و جلوبەرگی سەربازە هەژار-دیارەکانیاندا بێت، وا دیارە شوێنێکی ئەوەندە ستراتیژی نییە.

دوای ئەوەی وێنەکەم گرت و گەڕامەوە، یەکێک لەو یاساوڵانە چاوەڕێی گەڕانەوەمی دەکرد و لەسەر ڕێ بۆم وەستابوو. هەر کە نزیک بوومەوە و زانیم نیازی وایە قسەم لەگەڵدا بکات، بیستۆکم لە گوێ دەرهێنا و موزیکەکەم وەستاند و وەستام.

ڕووبەڕووبوونەوەم لەگەڵ یاساوڵێکدا

یاساوڵەکە یەکسەر پرسیی:

– کاکە، ئەوە چی بوو لەوێ مۆبایلت دەرهێنا؟ وێنەت گرت؟

وەڵامیم دایەوە و وتم:

– بەڵێ.

وتی:

– کاکە قەدەغەیە!

منیش پرسیم:

– چی؟

وتی:

– وێنەگرتن.

پرسیم:

– بۆچی؟

وتی:

– کاکە ئەمە پەیوەندیی بە ئاسایشەوە هەیە، خۆت دەزانیت ئێستا شەڕ هەیە و داعش هەیە و تیرۆریست هەیە…

ئیتر ئاوها پەیامی قسەکەی تەواو نەکرد و چاوەڕێی دەکرد من خۆم وتەکانی ئەو لە مێشکی خۆمدا تەواو بکەم و لێی تێبگەم. پێیم وت:

– قوربان، ئەگەر سەرنجێکی شێوەم بدەیت کە بە شۆرت و کالە و تیشێرتێکەوەم و بیستۆکێکم لە گوێدایە و ڕادەکەم، پێم وا بێت هەموو کەس بمبینێت دەزانێت کە بۆ وەرزش هاتووم. ئینجا قوربان تەماشایەکم بکە، لە تیرۆریست دەچم؟ لە داعش دەچم؟

یاساوڵەکە وەڵامی دامەوە و وتی:

– نا، کاکە، مەبەستم ئەوە نەبوو کە تۆ تیرۆریستیت.

وتم:

– قوربان، یان من کوردییەکەم باش نییە، یان مەبەستت ئەوە بوو.

دیسان دووپاتی کردەوە و وتی:

– نا، کاکە، من ویستم بڵێم وێنەگرتن لەوێدا قەدەغەیە.

وتم:

– قوربان گیان، وێنەیەکی مانگ و خۆمم گرت، جا ئەگەر هەر کامێک لە مانگ یان من موڵکی بەڕێزتین ئەوا پێم بڵێ با داوای لێبوردنت لێ بکەم و هەر ئێستاش وێنەکان بسڕمەوە.

یاساوڵەکە وتی:

– نا، کاکە، بەڵام ئێمە پێمان وتراوە کە وێنەگرتن لەو دەشتاییەدا قەدەغەیە.

کەمێک وەستام و بیرێکم کردەوە بە شێوەیەکی تر پەیامەکەم بگەیەنم. وتم:

– قوربان، ئا ئەویا دەبینیت؟

لەگەڵ وتنی ئەم قسەیە و لەمسەر بۆ ئەوسەری مەودوای بینینی هەردووکمان دەستم ڕاکێشا. یاساوڵەکەش وتی:

– بەڵێ دەیبینم.

وتم:

– قوربان، ئەوە پانزە دۆنمی هی منە، من هەر لەناو زەویی خۆمدا وێنەم گرتووە!

یاساوڵەکە بێدەنگ بوو، تەماشایەکی منی کرد و تەماشای دەشتاییەکەی کرد. زانیم ئێستا چیتر ئەو دەشتاییە وەک کەمێک لەوەوبەر نابینێتەوە. هەرچەند تەماشای دەکات بیر لەوە دەکاتەوە بۆچی دەبێت ئەوە موڵکی من بێت و ئەو یاساوڵ بێت؟

یاساوڵەکە بێدەنگ بوو، منیش بێدەنگییەکەم قۆستەوە بۆ ئەوەی کەمێکی تر دۆخی دەروونە ورووژاوەکەی هێور بکەمەوە. وتم:

– ئەوەش ماڵمانە لەو شوقانەداین، هەر کێشەیەکیش بە بۆنەی منەوە ڕووی دا وەرن هەر بە مشتەکۆڵە بمبەن بۆ ئاسایش.

یاساوڵەکە هەر بێدەنگ بوو. ئینجا بڕیارم دا لێی بگەڕێم تا درێژە بە بەیانییەکەی بدات. لێم پرسی:

– قوربان، خزمەتێکت پێویست نییە؟

وەڵامی دامەوە و وتی:

– نا براکەم.

بە ڕێزەوە پێم وت:

– ڕێزت هەیە، بەیانییەکی خۆش.

بیستۆکم لە گوێ کردەوە و موزیکەکەم داگیرساندەوە و کەوتمەوە ڕاکردنی خۆم.

ئەمڕۆ بەرهەمی دوێنێیە!

من کەسێکی ئاژەڵدۆست نیم. ڕاستت بوێت، کاتی خۆی لە مزگەوتدا فێریان کردم کە ئەگەر ژنێک بە لامدا تێپەڕی و قاچی ڕووت بوو من بە شرینقە تێزاب بکەم بە قاچیدا. لە دینداریدا ئێرە خاڵی وەرچەرخانی بیری من بوو.

باشە بۆچی تێزاب بە قاچی خەڵکدا بکەم؟ جلوبەرگ و شێوازی پۆشینی خەڵک کەی پەیوەندیی بە منەوە هەیە؟ باشە تێزاب پرژاندن بە قاچی خەڵکدا حوکمدان و سزادان نییە؟ ئەی ناڵێن خودا هەیە و خۆی لێپرسینەوە دەکات و لە ئێمە زاناتر و داناترە و بە لێزانیی خۆی سزای خەڵکان دەدات یان پاداشتیان دەداتەوە؟ ئەی کەواتە من کێم لە خۆمەوە لەسەر زەوی ڕۆڵی خودا ببینم و سزای ژنێک بدەم؟ من چوزانم ئەو ژنە کێیە و چییە و چیرۆک و نهێنی و بیروبۆچوون و نیازەکانی چین؟ من بۆچی ببم بە خودا؟

ئەو کاتە پێم وا بوو ئەمە خۆهەڵقورتاندنە لە کاری خودادا، خودا لە من باشتر دەزانێت کێ سزا دەدات و کێش پاداشت دەکات، باشتر وایە لێبگەڕێم خۆم و خەڵک بە ئاشتی بژین و لێپرسینەوەش بۆ خودا بە جێ بهێڵم.

خۆشبەختانە هەرگیز کاری وام نەکرد. وردەوردەش باوەڕم لاواز دەبوو. چونکە ئەم پرسیارانەم منیان خستە نێو پرسیاری ترەوە بەرانبەر بە لایەنە لاواز و نالۆژیکی و دژیەکەکانی تری دین کە لە منداڵیماندا زەفەرمان پێ برابوو و لە مێشکماندا وەک باوەڕی کوێرانە چەسپێنرابوون.

باوەڕم لاواز بوو

ئەگەر چاوی ماڵەوەم لەسەر نەبووایە نوێژم نەدەکرد. ئەگەر ئاگادار نەبوونایە بە بێ دەستنوێژ نوێژم دەکرد. ئەگەر دایکم لە ژوورەکەی ئەودیوەوە پێی بوتمایە: «نوێژ بکە»، ڕیکعاتم لە نوێژەکە کەم دەکردەوە. هیچ سوورەت و ئایەتێکم نەدەخوێند. هەر وەکو فاتیحای پرسەگێڕان تا بیست و پێنجم دەبژارد و ئەڵلاهوئەکبەر. ئاوا نوێژەکەم تەواو دەکرد.

تا ڕۆژێک وتم ئەمەی من دەیکەم خۆخڵەتاندنە! بڕیارم دا نوێژ نەکەم. ئینجا ماڵەوە لێیان پرسیم:

– نەوا بۆچی ناچیت بۆ نوێژ؟

وەڵامم دانەوە و وتم:

– چونکە نایکەم!

ئینجا ئەوان بە سەرسامییەوە وەک بڵێیت هەرگیز خۆیان بۆ وەڵامی وەها ئامادە نەکردبێت و هەرگیز ئەوەیان بە هەڵبژاردە نەزانیبێت کە شتێک هەیە ناوی نوێژنەکردنە، بە سەرسامییەوە پرسییان:

– چییییییی؟

منیش بۆ ئەوەی لە کورتی بیبڕمەوە، پێم وتن:

– گوێ بگرن، یەک کەس پێم نەڵێت نوێژ بکە و مەیکە، تێگەیشتن؟ چیتر لە کەسی قبوڵ ناکەم ئامۆژگاریم بکات و ڕێم بۆ دابنێت. من لەمەودوا خۆم ڕێی ژیانی خۆم دەگرم. دەشچمە گۆڕی خۆمەوە.

دوای ئەمەش لەگەڵ هەموو بانگێکدا بیریان دەخستمەوە کە کاتی نوێژە. وەک بڵێیت بانگەکە دەنگەکەی ڕۆژەڕۆیەک ناڕوات و لەگەڵ هەموو هاوارێکی مەلادا ماڵەکەمان نالەرێتەوە! منیش یەکبەیەکی ئەم ئاگادارییانەم پشگوێ دەخست. دوای چەند مانگێک دووبارەبوونەوەی ئەم باسە ناخۆشە، ئیتر پێمیان نەوتەوە چی دەکەم و چی ناکەم.

مەبەستم پاشخانی خۆمە

مەبەستم نەبوو باسی خاڵی وەرچەرخانی دینداریم بکەم، بەڵام لەبەر ئەوەی باسی بابەتێکی هەستیارم کرد، بۆیە درێژەم پێی دا. ئەوەی مەبەستم بوو باسی بکەم ئەو پەروەردە جوانکیلەیە بوو کە من هەمبووە. ئێمە فێر کرابووین ڕقمان لە هەموو ئاژەڵێکی تر بێت، بە تایبەتی ئەو جۆرەی ئاژەڵ کە پێی دەڵێن مرۆڤ! تا ئێستاش ناتوانم ئاژەڵم هەبێت، ناتوانم پشیلەیەک بە خێو بکەم. تەنانەت کاتێک هاوڕێیەک سەگێکی پێبێت هەوڵ دەدەم دوور بکەومەوە تا سەگەکە بە لامدا نەیەت.

ئەمە گرێیەکی منداڵییە و تا ئێستا بۆم نەکراوەتەوە. هەوڵیشم داوە ئەم گرێیە بکەمەوە، وەک لەو وێنەیەدا دەیبینن کە نازانم چۆن دەست بدەمە ئەو پشیلە بەستەزمانە!2 ئاژەڵدۆست نیم، بەڵام دوژمنیشیان نیم. لە هەموو ژیانمدا بەردێکم نەگرتووەتە پشیلەیەک و شانازیشم پێوەی.

ئەم وێنەیە لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٢دا گیراوە.

دەسەڵاتە گاڵتینەکەمان مەرگی ئەوانی دەهێنا

شەوێک منداڵانی گەڕەک کۆ بوونەوە و بۆقێکیان بە زیندوویی سووتاند. ئەو قیڕەقیڕەی ئەو بۆقە داماوە لە ئاویلکەدا دەیکرد تا ئێستاش لە مێشکمدا دەزرنگێتەوە. ئەو کاتە کە منداڵیش بووم، لەو دۆزەخەدا بەشداریم نەکرد کە بۆ بۆقەکەیان ڕاخست. کە گەورەش بووم ئەو دێڕەی بایۆنی بۆریسثێنسم خوێندەوە کە دەڵێت:

«هەرچەندە منداڵەکان بۆ خۆشی و گاڵتە بەردیان دەگرتە بۆقەکان، کەچی بۆقەکان بە گاڵتە و خۆشییەوە نەدەمردن، بەڵکو بە جۆشەوە دەمردن».

چونکە ئەو وێنەیە لە منداڵیی خۆمدا هەبوو، زۆر سەرنجمی ڕاکێشا.

لە ماڵەوەم دەدزی بۆ پشیلە

کە منداڵ بووین پشیلەیەک فێری ماڵمان ببوو، من و براکەم ویستمان ماڵیی بکەین، بەڵام دایکم نەیهێشت. دواتر هەموو خزمان دەیانوت:

– کاکە پشیلەی چی؟! هەر ئەمەمان مابوو! بابە پشیلە پیسە، سپڵەیە!

ئێمەش بە دزییەوە گۆشتمان بە پشیلەکە دەدا و خزمەتیمان دەکرد. ڕۆژێک ئاشکرا بووین و چینێکی چاک سەرزەنشت کراین. ئیتر هەرگیز پشیلەمان ڕانەگرتەوە.

سەربردەی ڕاکردنی بەیانییەکی تر

ئینجا سەگ سرووشتێکی زۆر کەرانەی هەیە، هەر کە دەبینێت تۆ ڕادەکەیت، ئەویش بە دواتدا ڕادەکات! ئێ من قەرزارم ڕادەکەم، تۆ چی؟

من بۆ ڕاکردن گوێ لە جووڵەی چوارەمی سیمفۆنیی حەوتی بێتهۆڤن دەگرم، ڕەزمەکەی بۆ نەرمەڕاکردن زۆر گونجاوە، کاتەکەشی بەشی فەڕڕەیەکی تەواوی ڕاکردن دەکات. دەتوانیت خۆیشت تاقیی بکەیتەوە.

جووڵەی چوارەمی سیمفۆنیی حەوتەمی بێتهۆڤن بۆ ڕاکردنی بەیانیان زۆر گونجاوە

بەیانییەک سەگەلێکی زۆر گەلەکۆمەکییان کردبوو. بەسەر موزیکەکەی گوێمدا گوێم لە دەنگی سەگ بوو، بیستۆکم لابرد، تووتکەیەکی زۆر جوان، ئەوپەڕی تەمەنی بیست ڕۆژ دەبوو، دوام کەوتبوو. وەڕینەکەی زۆر هەتەرانە وەرگرتبوو، دەتوت بۆ مزگەوتی دەکات! خەریک بوو قوڕگی دەردەهات. منیش بۆی وەستام و کەمێک قسەم لەگەڵی کرد، ئەویش نەرمونیان بووەوە و لێم نزیک بووەوە. بڕیارم دا واز لە ڕەزمی ڕاکردنەکەم بهێنم و کەمێک کاتی لەگەڵ بە سەر ببەم.

نیو کاژێرێک لەگەڵ تووتکەکەدا یاریم کرد. ئەوەندە ماندوو بوو کە لێم دوور کەوتەوە و دانیشت. سەرنجم دا ئەو تووتکە بچکۆلە نازدارە هەردوو گوێی بڕابوو. زۆر پێم ناخۆش بوو. باشە دەبێت چ ویژدانێک دەستی چووبێتە ئەو تووتکە بچکۆلە و بێدەسەڵاتە؟ نێوان خۆمان بێت، ئەوە تا ئێستاش لە دڵمدا دەرنەچووە بۆیە ئەم نووسینەشم نووسی.

دەسەڵات، دەسەڵات، دەسەڵات!

مرۆڤی پەروەردەنەکراو، یان مرۆڤی بەدپەروەردەکراو بوونەوەرێکی ترسناکە. کە دایبابان لە منداڵییەوە بە خراپی دەسەڵات بە کار دەهێنن و لە بەردەم منداڵەکانیاندا مانۆڕی دەکەن لێکەوتەی ترسناکی دەبێت. بۆ نموونە کە لێیان دەدەن، سزای لەشییان دەدەن.

منداڵەکانیش کە چاوی ئەوانیان بەسەرەوە نەبێت هەمان ڕەفتار لەگەڵ خوار خۆیاندا دەنوێنن. بۆیە کاتێک ئەم جۆرە مرۆڤانە دەسەڵاتیان بەسەر شتێکدا دەشکێتەوە ئەتکی دەکەن. ئەگینا ئەگەر وا نییە، کاکی گوێبڕ فەرموو گوێی شێرێک ببڕە، یان تۆ چاک دەزانیت کە ئەم تووتکە داماوە هیچ دەسەڵاتی نییە، بۆیە دەتەوێت دەسەڵاتی خۆتی بەسەردا مانۆڕ بکەیت. ئەگەر بزانیت کەسێک داماوە و شەڕ نازانێت تێی هەڵدەدەیت. دە پاڵەوان ئەگەر ڕاست دەکەیت فەرموو پەلاماری پشتێنڕەشێکی کۆنگفو بدە.

پەروەردەی ئەو جۆرە مرۆڤانە دووچاری هەڵگرتنی دروشمێکی ترسناکی کردوون، ئەویش ئەوەیە کە گەر دەسەڵاتم بەسەریدا شکایەوە ئەتکی دەکەم، گەر نەشکایەوە مەرایی دەکەم.

تا ئەو دروشمە و ئەو جۆرە ڕەفتارانە چارە نەکرێن نابێت چاوەڕێی حکومەت و دەسەڵاتێکی باشتر بکرێت. چونکە حکومەت و دەسەڵاتیش هەر لە دوو کەسی تری وەک تۆ دروست بووە. بۆ چاککردنی حکومەت و دەسەڵات، یەکەم جار خۆت چاک بکە.


  1. لە ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠١٥دا نووسیومە. لە کاتژمێر ٦ی بەیانیی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٤دا لەگەڵ یاساوڵەکەدا گفتوگۆکەمان کرد. لە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥دا پیایدا چوومەتەوە. ↩︎
  2. ئێستانان نێوانم لەگەڵ ئاژەڵدا زۆر باشترە. ئێستانان چەند پشیلەیەکم هەن. بەڵام لەبەر ئەوەی لەگەڵ دایکم دەژیم، پێی خۆش نییە بیانهێنمەوە بۆ ماڵەوە. خۆشبەختانە ئەم گرێ دەروونییانەم کردووەتەوە (شوباتی ٢٠٢٥). ↩︎