
ئۆدیسێفس1
ناوە جۆراوجۆرەکانی ئۆدیسێفس و ئولیس
ئۆدیسێفس (یان: یولیسێز، یولیسیز، یولیسێس، یولیسیس، یولیکس، یولیکسێس، یولیکسیز، یولیکسیس، ئالیس، ئالیسز، ئولیسێز، ئولیکسێس، ئۆدیسیۆس، ئۆلیتێفس، ئۆلیتێوس، ئۆلیتیۆس، ئۆلیسێفس، ئۆلیسێوس، ئۆلیسیۆس، ئۆدیس، ئۆلیس، ئولیکسیس، ئولیسیس، ئودوسێوس، ئولوسێوس، ئولیکس، ئۆلیکس، ئولیس، ئۆدیسێوس، ئۆدیسێیس)، بە ئینگلی Odysseus، Odyseus، Ulysses، Ulixes.
ناوی ئولیس و گۆڕاوە جۆراوجۆرەکانی (یولیسێز، یولیسیز، یولیسێس، یولیسیس، یولیکس…) زیاتر لاتینین، بەڵام ناوی ئۆدیسێفس و گۆڕاوەکانی زیاتر گریکین. واتە ئولیسی لاتینی هەمان ئۆدیسێفسی گریکییە.
ئۆدیسێفس یەکێکە لە پاڵەوانە سەرەکییەکانی گریک لە جەنگی ترۆیادا.
بنەچە و خێزانی ئۆدیسێفس
هۆمیرۆس دەڵێت: کوڕەزای ئارکیسیۆس و کوڕی لایەرتیس و ئەنتیکلیا (ئەنتیکلیا: بێناو)ی کچی ئافتۆلیکۆس بووە. برای کتیمێنی بووە. مێردی پینێلۆپیا-ی کچی ئیکاریۆس بووە. لە پینێلۆپیا کوڕێکی هەبووە بە ناوی تیلێماخۆس. دەشڵێت ناوی ئۆدیسێفس بە واتای تووڕە دێت.
گێڕانەوەیەکی دواتر هەیە دەڵێت: ئۆدیسێفس کوڕی سیسیفۆس و ئەنتیکلیا بووە. کە ئەنتیکلیا لە سیسیفۆس دووگیان بووە، ئینجا شووی بە لایەرتیس کردووە. یان دوای ئەوەی گەیشتووە بە ئیتاکی، ئینجا ئەوی بووە، یان کە بە ڕێوە بووە بەرەو ئەوێ.
گێڕانەوەی دواتریش هەیە دەڵێت ئۆدیسێفس لە پینێلۆپیا جگە لە تیلێماخۆس، بووەتە باوکی ئارکێسیلاوس یان پۆلیپۆرثی. لە کیرکی-ش بووەتە باوکی ئاگریۆس (کێوی) و لاتینۆس و تیلێگۆنۆس (دوورەزاو: ئەوەی لە دوور زاوە، یان لە دایک بووە) و کاسیفۆنی (براکوژ) بووە. لە کالیپسۆ-ش باوکی نافسیثۆس و نافسینۆس، یان ئافسۆن و تیلێگۆنۆس و تیلێداموس بووە. لە ئێڤیپی-ش (ئێڤیپی: جوانەمایین) باوکی لیۆنتۆفرۆن و دۆریکلۆس یان ئێڤریالۆس بووە.
گێڕانەوەیەکی ئیتالی هەیە دەڵێت ئۆدیسێفس لە کیرکی باوکی ڕۆمۆس (یان ڕێموس: برای ڕۆمولوس، کە شاری ڕۆمای بونیاد ناوە) و ئانتیاس و ئاردیاس بووە.
گێڕانەوەیەک هەیە دەڵێت گوایە تیرێنییەکان بە نانوس بانگیان کردووە.
مێرمنداڵیی ئۆدیسێفس
کە ئۆدیسێفس مێرمنداڵ بووە، چووەتە لای ئافتۆلیکۆس-ی باپیری، واتە باوکی دایکی. لە نزیک بناری شاخی پارناسۆس خەریکی ڕاو بووە. بەڵام ورچێک پەلاماری داوە و ئەژنۆی بریندار کردووە. دواتر ئێڤریکلیا-ی کۆنەدایەنیشی هەر بەم جێزامەدا ناسیویەتیەوە.
بە سامان و دیاریی زۆرەوە لە کۆشکەکەی باپیریەوە گەڕاوەتەوە بۆ ئیتاکی. هەر لەو تەمەنە کەمەوە بە ئازایەتی و زانیاریی گەڕیدەیی و دەریاوانی و ڕەوانبێژی و توانای دانوستان ناسراوە.
توانای دانوستان
جارێک مێسینییەکان هەندێک مەڕیان لە ئیتاکی دزیوە. لایەرتیس-ی باوکی ناردوویە بۆ مێسینی تا داوای قەرەبوویان لێ بکاتەوە. لەوێ ئیفیتۆس-ی دیوە و ئەویش بە دوای ئەو ئەسپانەدا گەڕاوە کە لێی دزراون. ئیفیتۆس تیروکەوانە بەناوبانگەکەی ئێڤریتۆس-ی پێ داوە. ئۆدیسێفس تەنها لە ئیتاکی ئەم تیروکەوانەی بە کار هێناوە، چون پێی وا بووە گەنجینەیەکی زۆر لەوە بەنرخترە کە لە مەیدانی جەنگدا بە کار بێت. تیروکەوانەکە ئەوەندەش توند و قورس بووە کە ئەو کاتەی لە گەشتی گەڕانەوەکەیدا بووە، هیچ کامێک لە خوازبێنیکەرانی پینێلۆپیا نەیانتوانیوە هەڵیبگرن. چونکە دوای جەنگی ترۆیا، دە ساڵ بە ڕێی گەڕانەوەوە بووە و زۆربەی خەڵکی شارەکەی وایان زانیوە مردووە، بۆیە پەنجا خوازبێنکیەر چوونەتە داوای پینێلۆپیا و لە ماڵەکەی ئەودا ڕایانبواردووە.
جارێک چووە بۆ ئێفیرا (یان ثێسپرۆتی) بۆ لای ئیلۆسی کوڕی مەرمەرۆس، داوای ژەهری لێ کردووە بۆ نووکی تیرەکەی. بەڵام ئیلۆس پێی نەداوە. دواتر ئۆدیسێفس لە ئەنخیالۆس-ی تافۆس پەیدای کردووە.
خوازبێنیی ئێلێن
بە گوێرەی چەند گێڕانەوەیەک ئۆدیسێفس لە گەنجیدا چووە بۆ سپارتا بۆ خوازبێنیی ئێلێن (هێلێن). ئێلێن چەند خوازبێنیکەرێکی تریشی هەبووە. ئامۆژگاریی تینداریۆس-ی شای سپارتای کردووە خوازبێنیکەرەکان ناچار بکات بەڵێن بدەن بە هەموویان بەرگری لە زاوای هەڵبژێرراو بکەن و نەهێڵن لەسەر ئێلێن بێڕێزیی پێ بکرێت. تینداریۆس بۆ ئەوەی سوپاسگوزاریی خۆیی پیشان بدات، داوای لە ئیکاریۆس-ی برای کردووە پینێلۆپیای کچی بدات بە ئەو و ببێت بە ژنی.
بەڵام بە گوێرەی گێڕانەوەیەکی تر ئۆدیسێفس لە کێبەرکێیەکی ڕاکردندا بەسەر ڕکابەرەکانیدا زاڵ بووە و بەوە پینێلۆپیای بە دەست هێناوە، بەڵام هۆمیرۆس باسی هیچ لەمانە ناکات.
ئامادەکردن بۆ جەنگی ترۆیا
ئاگامێمنۆن
هۆمیرۆس دەڵێت ئاگامێمنۆن لە ئیتاکی سەردانی ئۆدیسێفسی کردووە. زۆر بە قورسی دایکەفاندووە (قایلی کردووە) پێشڕەویی گریکەکان بکات بۆ جەنگ لە دژی ترۆیا. گێڕانەوەی تر هەیە دەڵێت مێنێلاوس و ئاگامێمنۆن هاتوون بۆ لای. پالامیدیس-یش بە تایبەتتر وای لێ کردووە بچێتە نێو سوپای گریکەکانەوە.
پالامیدیس
کە پالامیدیس هاتووە بۆ ئیتاکی، ئۆدیسێفس وا خۆی پیشان داوە کە شێتە، کەرێک و گایەکی لە نیرە داوە بۆ ئەوەی جووت بکەن، ئینجا کەوتووەتە چاندنی خوێ. پالامیدیسیش بۆ ئەوەی تاقیی بکاتەوە، تیلێماخۆسی ساوای خستووەتە بەردەم جووتەکە، ئۆدیسێفس چیتر نەیتوانیوە خۆی شێت پیشان بدات، خێرا جووتەکەی وەستاندووە. ناچار بووە ئەو بەڵێنە بە جێ بهێنێت کە لە کاتی خوازبێنیی ئێلێندا دابووی. دەوترێت گوایە لەبەر ئەم ڕووداوە بووە کە ڕقی لە پالامیدیس بووە.
ئەخیلیفس
کە وازی لە نمایشی شێتێتی هێناوە بڕیاری داوە ئەخیلیفس بدۆزێتەوە، چونکە کالخاس پێشگۆیی ئەوەی کردبوو کە ترۆیا بێ یارمەتیی ئەخیلیفس ناکەوێت. ئەو کاتە ئەخیلیفس لە نێو کچەکانی شا لیکۆمیدیس-دا خۆی شاردبووەوە.
دوایین هەوڵی ئاشتی
ئۆدیسێفس و مێنێلاوس (لە گێڕانەوەیەکی تردا پالامیدیسیش) پێش هەڵگیرسانی جەنگی ترۆیا چوون بۆ ترۆیا تا ترۆییەکان دابکەفێنن ئێلێن و گەنجینەکانی بگەڕێننەوە. لە ترۆیا پێشوازییەکی شایستەیان لێ کراوە، بەڵام پاریس ئێلێنی نەداونەتەوە.
جەنگی ترۆیا
کە گریکەکان لە بەندەری ئاڤلیس کۆ بوونەتەوە، ئۆدیسێفس بە دوانزە کەشتییەوە پەیوەندیی پێیانەوە کردووە. ئەو پیاوانەی لەگەڵی بوون خەڵکی کێفالۆنیا، ئیتاکی، نیریتۆس، کرۆکیلیۆن، زاکینثۆس، سامۆس و کەناری ئیپیرۆس بوون.
کە ئاگامێمنۆن ئامادە نەبووە ئیفیگێنیا بکاتە قوربانیی ئارتەمیس و گریکەکانیش لە تەنگانەدا بوون، ئۆدیسێفس خۆی وا پیشان داوە تووڕەیە و هەڕەشەی گەڕانەوەی کردووە بۆ زێدی خۆی. بەڵام چووە بۆ میکینی و بە چەند دەهۆیەک کلیتێمنیسترای هان داوە ئیفیگێنیا بۆ ئاڤلیس بنێرێت. لە کاتی گەشتەکەی بۆ ترۆیا چووە بۆ لێسڤۆس و لەگەڵ فیلۆمیلیدیس-ی شای دوورگەکە جەنگاوە و بەزاندوویەتی. لە گێڕانەوەیەکی تردا ئۆدیسێفس و دیۆمیدیس بە پیلان کوشتوویانە.
لە کاتی گەمارۆی ترۆیادا خۆی وەک جەنگاوەرێکی ئازا و بەجەرگ سەلماندووە. زیاتریش وەک سیخوڕێکی زۆرزان و دانوستانکارێکی ڕەوانبێژ و دووربین خۆی سەلماندووە. ئۆدیسێفس لە زۆر بەسەرهاتی جیاجیادا بەم توانایانەی خزمەتی گەورەی گریکەکانی کردووە. لە جەنگەکەشدا زۆر ترۆیایی ناوداری کوشتووە.
ئۆدیسێفس و ئایاسی تێلامۆنی دوای مەرگی ئەخیلیفس کەوتنە کێبەرکێ بۆ بەدەستهێنانی زرێکەی ئەخیلیفس. لە کۆتاییدا ئۆدیسێفس بە دەستی هێنا.
دەوترێت هەر ئەو بووە کە نەخشەی ئەسپە دارینەکەی داناوە. خۆیشی یەکێک بووە لەو پاڵەوانانەی لە نێویدا خۆی شاردووەتەوە. ئەو و مێنێلاوس یەکەم دوو کەس بوون کە لە ئەسپەکە دەرچوون و بەرەو ماڵی دییفۆڤۆس چوون و کوشتوویانە.
گوایە یەکێک بووە لەوانەی پالادیۆن-ی هەڵگرتووە. پالادیۆن پەیکەرێکی دارینی دێرینی پالاس ئەثینا بووە، گوایە پارێزراویی ترۆیا و ڕۆما لەسەر ئەو پەیکەرە بەند بووە.
ئۆدیسە (ئۆدیسی)
بەشی هەرە باسکراوی چیرۆکی ژیانی ئۆدیسێفس سەربوردەکانی وێڵیی دوای وێرانکردنی ترۆیا و گەیشتنەوەی بە زێدی خۆی بوون. هۆمیرۆس ئەم چیرۆکەی گێڕاوەتەوە و بە ناوی خۆیەوە ناوی لێ نراوە ئۆدیسە Odyssey.
دوای گرتنی ترۆیا، بەشێک لە گریکەکان گەڕاونەتەوە، بەشێکیشیان لەگەڵ ئاگامێمنۆن لە پشت کەناری ترۆیا ماونەتەوە. ئۆدیسێفس سەرەتا لەگەڵ ئەوانەدا بووە کە ڕۆیشتوون، بەڵام تا تێنێدۆس ڕۆیشتووە و گەڕاوەتەوە لای ئاگامێمنۆن. دوای ئەوە دیسان بەرەو زێدی خۆی گەڕاوەتەوە.
لە وڵاتی کیکۆنەکان
تۆفان ڕێی گەڕانەوەی لێ گرتووە و هاویشتوویەتیە کەناری ئیسمارۆس لە تراکیا، کە شارۆچکەی کیکۆن-ەکان بووە و لە باکووری دوورگەی لیمنۆس بووە. ئۆدیسێفس و هاوەڵەکانی خەڵکەکەیان کوشتووە و شارەکەیان تاڵان کردووە. بەڵام هاوەڵەکانی ئامادە نەبوون شارەکە بە جێ بهێڵن. کیکۆنەکانیش داوای یارمەتییان لە دراوسێکان کردووە و هاتوونەتەوە و پەلاماریان داون و زیانی زۆریان لێ داون و حەفتا و دوو کەسیان لە هاوەڵەکانی کوشتووە.
لە وڵاتی لۆتۆسخۆران
بای شەماڵ لە وڵاتی کیکۆنەکانەوە بەرەو مالێیا و لۆتۆفاگی-ی بردوون لەسەر کەناری لیبیا. لۆتۆفاگی واتە لۆتۆسخۆران.
هەندێک لە هاوەڵەکانی زۆر ئارەزووی تامی لۆتۆسیان کردووە، بە جۆرێک کە ویستوویانە هەر لەوێ بمێننەوە. بەڵام ئۆدیسێفس زۆری لێیان کردووە بگەڕێنەوە نێو کەشتییەکانیان و درێژە بە گەشتی گەڕانەوەکەیان بدەن.
بە ڕۆژێک گەیشتوونەتە دوورگەی بزن لە باکووری وڵاتی لۆتۆسخۆران. لەوێ یازدە کەشتیی بە جێ هێشتووە و بە کەشتییەک بەرەو دوورگەکەی تەنیشتی ڕۆیشتووە، کە دوورگەی کیکلۆپس-ەکان (تاکچاوەکان) بووە.
لە وڵاتی تاکچاوەکان (کیکلۆپسەکان)
وڵاتی تاکچاوەکان واتە وڵاتی کیکلۆپسەکان. ئەم وڵاتە لە کەناری ڕۆژئاوای سیسیلیا بووە. لەوێ خۆی و دوازدە دانە لە هاوەڵەکانی چوونەتە نێو ئەشکەوتی پۆلیفیمۆس-ی کیکلۆپس. پۆلیفیمۆس واتە فرەدەنگ، فرە بەناوبانگ، یان فرە بەستە و بەیت. پۆلیفیمۆس کوڕی پۆسیدۆن و ثۆسا بووە.
ئەم زەبەلاحە یەک بە یەک شەش دانەی لە هاوەڵەکانی خواردووە. ئۆدیسێفس و شەش هاوەڵەکەی تری وەک بەندی لە ئەشکەوتەکەدا هێشتووەتەوە. بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت، زەبەلاحەکەی بە شەراب سەرخۆش کردووە و بە ڕمێکی داخ تاکە چاوەکەی کوێر کردووە. پاشان لەگەڵ هاوەڵەکانیدا خۆیان لە ژێر لەشی کۆمەڵێک مەڕدا شاردووەتەوە. کە کیکلۆپسەکە ڕێی بەم مەڕانە داوە لە ئەشکەوتەکەی دەربچن، خۆی و شەش هاوەڵەکەشی ڕزگاریان بووە.
ئۆدیسێفس و هاوەڵەکانی هەندێک لەو مەڕانەش دەبەن و دەگەنەوە کەشتییەکەیان. کیکلۆپسەکە لە پۆسیدۆن-ی باوکی پاڕاوەتەوە تۆڵەی لێ بستێنێت. پۆسیدۆنیش، کە خوای دەریا و زەریایە، لەگەڵ ئەم پاڵەوانەدا دەکەوێتە دوژمنایەتییەکی ڕقئەستوورانەوە.
هەندێک گێڕەرەوەی تر پێیان وایە پۆسیدۆن لەسەر مەرگی پالامیدیس ڕقی لە ئۆدیسێفس هەڵستاوە.
لە وڵاتی ئیۆلیا
پاشان ئۆدیسێفس گەیشتووەتە دوورگەی ئیۆلیا. ڕەنگە ئەم دوورگەیە لە باشووری سیسیلیا بووبێت. ئیۆلۆس شا و بەڕێوەبەری ئەم دوورگەیە بووە. مانگێک لەوێ ماوەتەوە و گوایە کەوتووەتە ئەوینی پۆلیمێلا-ی کچی ئیۆلۆسەوە.
زێفس (زیۆس/زێوس) ئیۆلۆسی کردووە بە «پاسەوانی با»، بۆیە کە ئۆدیسێفس لای ئەو ڕۆیشتووە، ئیۆلۆس ھەموو با خراپەکانی لە توورەکەیەکدا گرتووە و داویەتی بە ئۆدیسێفس و ئەویش لە کەشتییەکەیدا ھەڵیگرتووە. بەڵام ھەر کە ئیتاکییان لێ دەرکەوتووە، لەسەر سوکانی کەشتییەکە وەنەوزی داوە، ھاوەڵەکانیشی گومانی ئەوەیان لێ کردووە کە لەوانەیە گەوھەرێکی زۆر بە نرخی لە توورەکەکەیدا شاردبێتەوە، بۆیە کردوویانەتەوە. باکان بەرەڵا بوون و کەشتییەکە گەڕاوەتەوە بۆ ئیۆلیا.
ئیۆلۆس ڕقی هەڵستاوە و ئیتر یارمەتیی نەداوە و دووری خستووەتەوە، بەو پاساوەی کە خوا پیرۆزەکان ڕقیان لە ئۆدیسێفسە.
لە وڵاتی لێستریگۆنییە مرۆڤخۆرەکان
پاش گەشتێکی شەش ڕۆژە لە ئیۆلیاوە گەیشتووەتە تیلێپیلۆس، شاری لامۆس. ئەنتیفاتیس شای ئەم وڵاتە بووە، خەڵکەکەشی پێیان وتراوە لێستریگۆنییە مرۆڤخۆرەکان. ڕەنگە ئەم شوێنە لە باكووری سیسیلیا بووبێت. ئۆدیسێفس بە تەنها یەک کەشتییەکەوە لێیان دەرباز بووە.
لە وڵاتی ئەیایا-ی کیرکی
ئینجا چارەنووس بردوویەتیە دوورگەی ئەیایا لە ڕۆژئاوا. ئەیایا دوورگەی کیرکی-ی جادووباز بووە. هەندێک لە هاوەڵەکانی ناردووە بۆ ئەوەی بزانن دوورگەکە چییە، بەڵام کیرکی کردوونی بە بەراز، تەنها ئێڤریلۆخۆس دەربازی بووە. ئەم هەواڵە ناخۆشەی بە ئۆدیسێفس گەیاندووە، ئەویش دەستوبرد بەرەو هاوکاریی هاوەڵەکانی ڕۆیشتووە. بەڵام ئێرمیس هاتووە بۆ لای و پێی وتووە بە چی و چۆن خۆی لە توانای جادووی کیرکی بپارێزێت. ئینجا توانیویە هاوڕێکانی ڕزگار بکات و وا بکات کیرکی دیسان بیانکاتەوە بە مرۆڤ.
ئینجا کیرکی زۆر میواندۆستانە میواندارییانی کردووە. ئۆدیسێفس لێی پاڕاوەتەوە بۆ ئەوەی ڕێی بدات بڕوات، کیرکیش ئامۆژگاریی کردووە سەرێک لە هادیس (جیهانی ژێرەوە) بدات و ڕاوێژ بە تاپۆی تیریسیاس-ی پێشبین بکات.
لە هادیس (جیهانی ژێرەوە)
ئۆدیسێفس بەرەو ڕۆژئاوا ڕۆیشتووە و بەسەر ڕووباری ئۆکیانۆس-دا پەڕیوەتەوە و گەیشتووەتە وڵاتی کیمێرییەکان لەوبەرەوە، کە هیلیۆس (خۆر) لەوێ هەڵنایەت. ئینجا گەیشتووەتە هادیس.
لە بارەی چۆنێتیی گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی ڕاوێژی بە تیریسیاس کردووە. تیریسیاس لەو مەترسی و سەختییانە ئاگاداری کردووەتەوە کە بە هۆی قینی پۆسیدۆنەوە تووشیان دێت. هیواشی پێی داوە کە ئەگەر ئۆدیسێفس و هاوەڵەکانی لە تریناکیا دەست لە گاگەلەکەی هیلیۆس نەدەن، ئەوا ئاکامیان باش دەکەوێتەوە.
هەر لە هادیس تاپۆکەی دایکیشی دەبینێت و لەگەڵی دەدوێت. ئەو کاتە نەیزانیبوو دایکی مردووە.
پاشان گەڕاوەتەوە بۆ ئەیایا و کیرکی دیسان میواندارییانی کردووە. ئاگاداری کردوونەتەوە لەو مەترسییانەی چاوەڕێیان دەکات و شێوازی خۆدەربازکردنی پێیان وتووە. بایەکی لەگەڵیان ناردووە و باکە بردوونی بۆ دوورگەی سیرین-ەکان.
بە لای سیرینەکاندا
وڵاتی سیرینەکان شوێنێکی نزیک ڕۆژئاوای ئیتالیا بووە. سیرینەکان لەسەر کەنارەکە دانیشتوون، بە دەنگە خۆشەکەیان هەموو ئەوانەیان بە لای خۆیاندا ڕاکێشاوە کە بە لایاندا تێپەڕیون، ئینجا لە ناویان بردوون. ئۆدیسێفس بۆ ئەوەی لەو مەترسییە ڕزگاری ببێت، مۆمی خستووەتە نێو گوێی هاوەڵەکانیەوە و خۆیشی بە دەگی کەشتییەکەیەوە گیر کردووە تا دوور دەکەوێتەوە و لە گۆرانیی فریودەری سیرینەکان ڕزگاری دەبێت.
بە نێوان سکیلا و کاریڤدیسدا
ئینجا کەشتییەکەی بە نێوان سکیلا و کاریڤدیسدا لێخوڕیوە. سکیلا و کاریڤدیس دوو گابەردی نێوان تریناکیا و ئیتالیا بوون. دێوێک لەسەر گابەردی سکیلا ژیاوە و هەر بە ناوی سکیلا ناسراوە.
کە کەشتییەکە بە نێوانیاندا تێپەڕیوە، سکیلای دێو هاتووەتە دەرەوە و شەش لە هاوەڵەکانی ئۆدیسێفسی خواردووە.
لە دوورگەکەی هیلیۆس (خۆر)
بە نێوان سکیلا و کاریڤدیسدا ڕزگاری بووە و لەوێوە چووە بۆ تریناکیا-ی دوورگەی هیلیۆس. هیلیۆس گاگەلە پیرۆزەکەی خۆی لەو دوورگەیە داناوە. ئامۆژگارییەکەی تیریسیاس و کیرکیی لە بیر بووە و ویستوویە بڕوات و خۆی لە گاگەلەکە بە دوور بگرێت، بەڵام هاوەڵەکانی ناچاریان کردووە کەشتییەکە ڕابگرێت و داببەزن. ئۆدیسێفس بەڵێنیان لێ وەردەگرێت دەست لە هیچ کامێک لە گاگەلەکە نەدەن. بەڵام بە هۆی تۆفانەوە لە دوورگەکە ماونەتەوە و برسییان بووە، بۆیە کاتێک دەنوێت، هاوەڵەکانی باشترین گاکانیان کوشتووە.
چەند ڕۆژێک پاش خۆشکردنەوەی تۆفانەکە کەوتوونەتەوە ڕێ. بەڵام تۆفانێکی تر هاتووە و زێفسیش بە هەورەتریشقەیەک کەشتییەکەیانی تێک شکاندووە. هەموویان خنکاون و تەنها ئۆدیسێفس ماوەتەوە. بە هۆی دەگ و تەختەیەکەوە خۆی ڕزگار کردووە. با بەرەو سکیلا و کاریڤدیس بردوویەتی، بەڵام بە لێزانیی خۆی خۆی لە مەترسییەکە دەرباز کردووە.
لە ئۆگیگیا-ی کالیپسۆ
پاش دە ڕۆژ گەیشتووەتە دوورگەی ئۆگیگیا. کالیپسۆ-ی نیمف لەم دوورگەیە ژیاوە و لەگەڵی میهرەبان بووە. خوازیار بووە بیخوازێت و بەڵێنی پێ داوە ئەگەر بە وێ دابکەفێت، ئەوا نەمری و گەنجیی تاتایی پێ دەبەخشێت و وا دەکات ئیتاکیی لە بیر بچێتەوە. بەڵام ئۆدیسێفس ناتوانێت تاسەی بۆ زێدی خۆی لە بیر بکات.
ئەثینا، کە هەمیشە ئەم پاڵەوانە دڵخوازەی خۆیی پاراستووە، لە زێفس پاڕاوەتەوە وا بکات وێڕای قینی پۆسیدۆن، ئۆدیسێفس بگەڕێتەوە دوورگەکەی خۆی و تۆڵە لە خوازبێنیکەرەکانی پینێلۆپیا بکاتەوە. زێفس ئێرمیسی بۆ لای کالیپسۆ ناردووە و فەرمانی زێفسی پێ ڕاگەیاندووە کە ڕێی پێ بدات بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی. نیمفەکەش گوێڕایەڵ بووە.
کالیپسۆ ئۆدیسێفسی فێر کردووە چۆن کەڵەکێک بۆ خۆی دروست بکات. پاش هەشت ساڵ پێکەوەبوونیان، بە سواری ئەو کەڵەکە دوورگەکەی بە جێ هێشتووە.
لە وڵاتی سخێریا
ئۆدیسێفس بە هەژدە ڕۆژ گەیشتووەتە نزیک سخێریا، کە دوورگەی فایاکیاییەکان بووە. پۆسیدۆن تۆفانێکی ناردووە و کەڵەکەکەی تێک شکاندووە. بە یارمەتیی لێفکۆثیا و ئەثینا، بە مەلە گەیشتووەتە سخێریا و بە شەکەتی لەسەر کەناری ئەوێ نووستووە.
پاشان بە دەنگی چەند کچێک ڕابووە، یەکێکیان نافسیکا-ی کچی شا ئەلکینۆس و ئاریتی-یە. نافسیکا ڕێی کۆشکەکەی باوکیی پیشان داوە. ئۆدیسێفسیش چووەتە کۆشکەکە و لەوێ ڕێزی لێ گیراوە و کردوویانە بە جەژن و ئاهەنگ.
بەزمگێڕێک بە ناوی دیمۆدۆکۆس لە بارەی کەوتنی ترۆیاوە گۆرانیی چڕیوە. ئەمە وای کردووە ئۆدیسێفس دەست بکات بە گریان. کە لێیان پرسیوە: «بۆچی دەگریێیت؟» تەواوی چیرۆکەکەی بۆیان گێڕاوەتەوە. فایاکیاییەکانیش ڕێزیان لێی گرتووە و بە کەشتییەک ناردوویانەتەوە بۆ زێدی خۆی و هەندێکیان لەگەڵیدا ڕۆیشتوون.
شەوێک کەشتییەکەیان گەیشتووەتە کەناری ئیتاکی، ئۆدیسێفس نووستووە، فایاکیاییەکان بە نووستوویی دایانگرتووە و خستوویانەتە سەر کەنارەکە و بە جێیان هێشتووە.
گەیشتنەوە بە ئیتاکی
ئەو کاتەی ئۆدیسێفس گەیشتووەتە سەر کەناری زێدی خۆی، بیست ساڵ بووە لە ئیتاکی دوور بووە: دە ساڵی جەنگی ترۆیا و دە ساڵی گەڕانەوە. بۆیە کە ڕابووە زێدەکەی خۆی نەناسیوەتەوە. ئەثینا لە هەوری پێچاوە بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە. کەوتووەتە شیوەن بۆ چارەنووسەکەی. ئەثینا پێی وتووە لە کوێیە و ئامۆژگاریی کردووە چۆن تۆڵە لە دوژمنەکانی نێو ماڵەکەی بکاتەوە.
ئەو ماوەیەی ئۆدیسێفس لە ماڵ نەبووە لایەرتیس-ی باوکی خەفەت و پیری کەفتەکاریان کردووە و دەربەدەر بووە. ئەنتیکلیا-ی دایکیشی لە داخدا مردووە. تیلێماخۆس-ی کوڕی گەورە بووە و بووە بە پیاو. پینێلۆپیای ژنیشی خوازبێنیی چەند خوازبێنیکەرێکی لاساری دوورگەکانی دراوسێیانی ڕەت کردووەتەوە. لە سێ ساڵی ڕابردووشدا زیاتر لە سەد خانەدانی خەڵکی ئیتاکی، سامی، دولیخیۆن، زاکینثۆس، هاتوونەتە خوازبێنیی پینێلۆپیا و وەک ماڵی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ هەموو شتەکانی ماڵەکەدا کردووە.
ئەثینا پێی باش بووە ئۆدیسێفس نەناسرێتەوە بۆ ئەوەی تۆڵە لەم پیاوە لاسارانە بکاتەوە، بۆیە دایگۆڕیوە بۆ پیاوێکی سواڵکەری ناشیرین و دزێو. ئێڤمەیۆس-ی شوانی بەرازیش، کە خزمەتکارێکی دڵسۆزی ماڵەکەی ئۆدیسێفس بووە، میهرەبانانە پێشوازیی لەم سواڵکەرە کردووە. ئەو ماوەیە لەگەڵ ئێڤمەیۆسدا ماوەتەوە. هاوکات تیلێماخۆس-ی کوڕی لە سپارتا و پیلۆس-ەوە گەڕاوەتەوە، کە بۆ ئەوە چووبوو بۆ ئەوێ تا زانیاری لە بارەی باوکیەوە بە دەست بهێنێت.
تۆڵە
ئۆدیسێفس خۆی بە کوڕەکەی ناساندووە و پێکەوە نەخشەی تۆڵەسەندنەوەیان داڕشتووە. لەگەڵ تیلێماخۆس و ئێڤمەیۆسدا لە شێوەی سواڵکەردا چووەتە شار و ماڵی خۆی. بەڵام مێلانثیۆس-ی شوان و خوازبێنیکەرەکان سووکایەتییان پێی کردووە، تەنانەت هەوڵیشیان داوە تیلێماخۆس بکوژن. سەگە پیرەکەی ناسیویەتیەوە. ئێڤریکلیا-ی کۆنەدایەنیشی بە برینەکەی ئەژنۆیدا ناسیویەتیەوە. پینێلۆپیاش میهرەبانانە پێشوازیی لێ کردووە.
ئینجا نەخشەی تۆڵەسەندنەوەکەیان جێبەجێ کردووە. سەرەتا پینێلۆپیایان داکەفاندووە بەڵێن بدات شوو بەو کەسە بکات کە دەتوانێت تیروکەوانەکەی ئۆدیسێفس هەڵبگرێت و خوازبێنیکەرەکانی تری پێ بکوژێت. لەبەر ئەوەی هیچ کامێک لە خوازبێنیکەرەکان نەیانتوانیوە بە تیروکەوانەکەی ئەو تیر بهاون، یان هەڵیبگرن. ئینجا پاش ئەوەی فەرمان دراوە هەموو دەرگاکان دابخرێن، خۆی تیروکەوانی هەڵگرتووە و یەک یەک خوازبێنیکەرەکانی پێکاوە. کوڕەکەی و ئەثینا و هەندێک خزمەتکاری دڵسۆزیش یارمەتییان داوە و پێکەوە هەموو خوازبێنیکەرەکان و خزمەتکارە بێئەمەگەکانیشیان کوشتووە. تەنها بەزمگێڕ و مێدۆن-ی جاڕچی ناکوژرێن.
ئینجا خۆی بە پینێلۆپیا ناساندووە و چووە باوکە پیرەکەی بینیوە. هەواڵی کوژرانی خوازبێنیکەرەکان بە هەموو شاردا بڵاو بووەتەوە و خزم و کەسوکارەکانیان لە دژی ئۆدیسێفس هەڵستاون. بەڵام ئەثینا لە شێوەی مێنتۆر-ی کوڕی ئەلکیمۆس-دا خۆی پیشان داوە و خەڵک و پاڵەوانە دڵخوازەکەی خۆیی ئاشت کردووەتەوە.
کەسێتیی ئۆدیسێفس
ئۆدیسێفس لە بەیتەکەی هۆمیرۆسدا وەک پیاوێکی ژیر و دووربین و زۆرزان و داهێنەر و ڕەوانبێژ وێنا کراوە. هاوکات جەنگاوەرێکی ئازا و بوێر و خۆڕاگریش بووە. هیچ کارەسات و بەدبەختییەک نەیتوانیوە بەسەر ئازایەتییەکەیدا زاڵ ببێت.
بەڵام هەندێک هۆنەری دواتر، وەک ئۆڤید و وێرگیلیوس، بە پیاوێکی ترسنۆک و فێڵباز و سەیر پەسنی دەکەن.
دوای ئۆدیسە
هۆمیرۆس هیچمان لە بارەی سەردەمی دواتری ژیانیەوە پێ ناڵێت، پێشبینییەکەی تیریسیاس نەبێت، کە بەڵێنی پێ دەدات پیرییەکی دەوڵەمەندانەی دەبێت و مەرگێکی نیان دێتە ڕێی. بەڵام نووسەرانی دواتر گێڕانەوەی جودامان دەدەنێ. بە گوێرەی یەکێکیان: کیرکی تیلێگۆنۆس-ی کوڕی خۆی و ئۆدیسێفس دەنێرێت بە شوێن باوکیدا بگەڕێت. زریانێک بەرەو کەناری ئیتاکیی دەبات، بەڵام لەوێ دەست دەکات بە تاڵانی. ئۆدیسێفس و تیلێماخۆس پەلاماری دەدەن، بەڵام تیلێگۆنۆس ئۆدیسێفس دەکوژێت. پاشان لاشەکەی دەبرێت بۆ ئەیایا.
بە گوێرەی گێڕانەوەیەکی تر: هەر کە لاشەی ئۆدیسێفس دەگاتە تیرێن، کیرکی زیندووی دەکاتەوە. دواتریش لەسەر شاخی پێرگی دەسووتێنرێت.
ئۆدیسێفس لە شێوەکاریدا
ئۆدیسێفس لە هونەری شێوەکاریدا زۆر جار وەک مەلەوانێک پیشان دراوە کە کڵاوێکی نیمچە هێلکەیی لە سەردایە.
ئۆدیسێفس و ئۆدیسیۆس و ئولیس و یولیسیس
لە زمانە ھیندۆ-ئەوروپاییەکاندا ھەر لە کۆنەوە تا ئێستا پیتەکانی ل و د زۆر جاران لە بری یەک بە کار ھاتوون و بە کار دێن. جگە لەوەی ھێمای ل و د لە ڕێنووسی گریکیدا زۆر لە یەک دەچن. ھەر بۆیە ناوەکە بە چەندین گۆڕاو دەبینین.
لە زمانی گریکیشدا -ۆس یان -وس پاشگرێکە کە دوو کار دەکات، یەکەمیان: ئەوەیە کە دەچێتە سەر کۆتایی ناوی نێرینە. ئەگەرچی ھەندێک جار دەشچێتە سەر ناوی مێینە، بەڵام زۆربەی جاران ناوی نێرینە دەسازێنێت، وەک تیلێماخۆس، ھۆمیرۆس…تد.. دووەمیان: ئەوەیە کە ئاوەڵناو دەسازێنێت، وەک ئۆمۆرفۆس بە واتای قۆز، میکرۆس بە واتای بچووک. بۆیە ناوی ئۆدیسێفس بێ -ۆسەکە و ناوگری –ی-، دەبێت بە ئۆدیس، یان ئۆلیس.
کە ڕۆمییەکان دوو بەیتی ئیلیاس و ئۆدیسە (ئیلیاد/ ئەلیادە) وەردەگێڕن بۆ زمانی لاتینی، ئیتر ناوی ئۆدیسێفس بە تەواوەتی بە ئولیکسیس یان ئولیسیس دەناسرێت.
ماڕکۆس فابیوس کوینتیلیان (٣٥-٩٥) لە بەشی چوارەمی بەرگی یەکەمی پەڕتووکە دانسقەکەیدا، کە ناوی ئینستیتوتیۆ ئۆراتۆریایە، بە نموونە ئاماژە بە دوو گۆڕانی لاتینیی ناوی ئودوسێوس دەدات کە بە شێوەی زارەکییانەی لاتینی بووە بە ئولوسێوس یان ئولیکسێس.
ئەم ناوە لە زمانی ئینگلیی ئەمڕۆدا بە یولیسیس Ulysses چەسپێنراوە.
ئولیسی جەیمز جۆیس
جەیمز جۆیس (١٨٨٢-١٩٤١) ڕۆمانێکی بە ناونیشانی ئولیس یان یولیسیس نووسیوە. ئەو وشە ئینگلییەکەی بە کار هێناوە کە لە لاتینییەوە هاتووە. بە درێژی لە بارەی ئەم ڕۆمانەوەم نووسیوە. خودی ڕۆمانەکەشم بە هەزاران ڕاڤەوە وەرگێڕاوە بۆ کوردی. دەتوانیت لێرەوە دایبگریت.
- فەرهەنگێکی نوێی ژیننامە و ئوستوورە و جوگرافیای کلاسیکی گریکی و ڕۆمی، دانانی چارلز ئانتۆن و ویلیەم سمیث، [نیویۆڕک، ١٨٨٤]. وەرگێڕانی نەوا موکرجی. لا. ٩١٦-٩١٩ ↩︎